هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێم دەست بە دابەشکردنی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران دەکات و سبەینێ پێنجشەممە 25ی تشرینی دووەم، مووچەی وەزارەتی تەندروستی دابەشدەکرێت. وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی نوێی دابەشکردنی مووچەی راگەیاند و تیایدا هاتووە: رۆژی پێنجشهممه 25ی تشرینی دووهمی 2021، وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەت، مووچەی ئهم مانگه بە هەمان میکانیزمی پێشوو و بەبێ لێبڕین وەردەگرن. وەزارەتی دارایی هێشتا لیستی سەرجەم وەزارەتەکانی بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان لیستی مووچە هاوشێوەی مانگەکانی دیکە دەبێت و ناگۆڕدرێت. ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم، لە مانگی تەمموزدا لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عیراقەوە بڕیاری لەسەردرا، کە وەک سولفەیەکی مانگانە بۆ هەرێمی بنێرێت و وەک مووچە بە هاوتای داهاتەکانی وەزارەتی دارایی بەسەر مووچەخۆراندا دابەشبکرێت.
سەركۆ جەمال لەكۆی هەشت هەزار كۆچبەری عێراقی 430 كەسیان گەڕاونەتەوەو هەزار كەسی دیكەش ناویان تۆمار كردووە تا بەفرۆكەی عێراقی بێبەرانبەر بگەڕێنەوە، بیلاروسیاش ئامادە نییە ڤیزا بداتە ئەندامانی لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستان. نزیكەی دوو مانگانە هەزاران كۆچبەری كوردو عێراقی لەهەوڵدابوون لەبیلاروسیاوە بپەڕنەوە بۆ پۆڵەنداو لەوێوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، بەڵام پۆڵندا رێوشوێنی توندی گرتووەتەبەر و رێگا نادەن كۆچەبەران بپەڕنەوە. هەریەك لەحكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان داوای گەڕانەوەی كۆچبەرانیان كردووەو لەئێستادا بەغدا فرۆكە دەنێرێتە بیلاروسیا بۆ گەڕانەوەی كۆچبەران. لەئێستادا ئەو كۆچبەرانەی هەوڵی پەڕینەوە دەدەن لەلایەن پۆلیسی بیلاروسیا دەستگیر دەكرێن و 50 كەس 50 كەس رەوانەی كەمپێكیان دەكەن لەوڵاتی لیتوانیا. دانیال عەلی، گەنجێكی كۆچبەری كوردەو زیاتر لەسێ مانگە لەشاری میسك پایتەختەی بیلاروسیایە، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لەئێستادا زیاتر لەهەزار كۆچبەر ناویان تۆمار كردووە بۆ ئەوەی بەفرۆكەی بێبەرانبەر بگەڕێنەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، منیش وەك كۆچبەرێكی كورد ناوی خۆم تۆماركردووە». دانیال تەمەن 24 ساڵ جەختی لەوەشكردەوە كە كەشوهەوا زۆر سارد بووەو پۆلیسی پۆڵەندا رێگەنادات كۆچبەران بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی دیكەی ئەوروپا، وتیشی:» پۆلیسی بیلاروسیا هەر كۆچبەرێك دەستگیربكات 50 كەس 50 كەس رەوانەیان دەكەن بۆ كەمپێكی پەنابەران لەوڵاتی لیتوانیا». هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە هەر كۆچبەرێك كەهەوڵی داوە لەڕێگەی بیلاروسیا بپەڕێتەوەو لەئێستادا كە رێگای دەرچوون نییە خەرجی هەر كۆچبەرێك لەنێوان شەش بۆ حەوت هەزار دۆلاردا بووە، كە خەرجییەكانی مانەوە زۆر گرانە لەبیلاروسیا. بەپێی ئامارێكی دەزگای لوتكە نزیكەی هەشت هەزار كۆچبەری عێراقی لەبیلاروسیان كە زۆرینەیان كوردن و تائێستاش نزیكەی 430 كۆچبەریان گەڕاونەتەوە. ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»ئەو رێژەیەی گەڕاونەتەوە بۆ عێراق زۆر كەمن لەچاو ئەو رێژە زۆرەی كۆچبەران كە چوونەتە بیلاروسیا، تائێستاش زیاتر لە هەزار كۆچبەری دیكە خۆیان نوسیووە بگەڕێنەوە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان». هەروەها سەرۆكی دەزگای لوتكە دەشڵێت: قورسە بتوانرێت بزانرێت چەند كۆچبەری عێراقی و كورد چوونەتە بیلاروسیا لەئەمساڵدا چونكە ماوەیەكی زۆرە هاووڵاتیان بەڕێگەی ڤیزای گەشتیاری دەستیان بەوەكردووە رووبكەنە ئەو وڵاتە و پێش لێشاوەكەش ژمارەیەكی زۆریان گەیشتوونەتە ئەوروپا. بەپێی ئامارێكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا لە هەرێم، لەماوەی 11 مانگی 2021 دا، 28 هەزار لەهاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كۆچیان كردووە و 34 هاووڵاتیش لەسنورەكانی بێلاروسیا و پۆڵەندا گیانیان لەدەستداوە. كۆچبەران چیرۆكەكانیان دەگێڕنەوە چەند كۆچبەرێك ئەوە دەخەنەڕوو سەرەرای ناڕەحەتییەكان و خەرجكردنی پارەیەكی زۆر هێشتا پێیان وایە كۆچكردنیان بۆ ئەوە بووە بگەنە وڵاتێكی ئارام تا بەخۆشی تێیدا ژیان بگوزەرێنن. هەردی مەجید، یەكێك لەو كۆچبەرانەی لەهەرێمی كوردستانەوە روویكردووەتە بیلاروسیا بۆ هاوڵاتی قسەیكردو ئاماژەی بەوەكرد كە بۆ دەربازبوون لەدۆخی هەرێم روومكردووەتە بیلاروسیا وەك دەروازەیەك بۆ ئەوەی لێوەی بگەمە ئەوروپا، نزیكەی چوار هەزار دۆلاری خەرجكردووە تا گەیشتووەتە بیلاروسیا، وتیشی:» دوای ئەوەی پۆڵەندا رێگەی نەداین لەسنووری جەنگەڵەكانەوە بچینە خاكەكەیانەوە، بەشێك لەكۆچبەران لەلایەن بیلاروسیاوە خراونەتە كەمپەوە و بەشێكی دیكەشیان چوونەتە شوقە و هۆتێلەوە لەمینسك و شارەكانی دیكە». «ئێستا كۆچبەران لەدۆخێكی نائومێدیدان و پارەیەكی زۆریان لەدەستداوە، بەشێكی كۆچبەرانیش گەڕانەوە بۆ عێراق، نرخی مانەوە لەهۆتێل و شوقەكانیش زۆر زیادیكردووە بۆ یەك شەو دەگاتە 40 دۆلاری ئەمریكی، چونكە زۆربەی كۆچبەران چوونەتە هۆتێل و شوقەكان بەهۆی ساردی كەشی بیلاروسیا»، هەردی وای وت. هەردی باسی لەوەشكرد كە ئەو كەمپەی بیلاروسیا دروستیكردووە هیچ كەسێك ناتوانێت بەبێ پرسی پۆلیس و سەربازی بچێتە دەرەوە و نزیكەی دوو هەزار كەسیشی تێدایە. كەمال عەلی خێزانەكەی و دوو منداڵی لەڕێگەی توركیاوە رەوانەی بیلاروسیا كردووە تا بگەن بە ئەوروپا، وتیشی:» خێزانم و كچە نەخۆشەكەم و دایكیم نارد بۆ بیلاروسیا، لێرە ڤیزای توركیامان بڕی و لەوێشەوە ڤیزای بیلاروسیایان بۆ بڕین، بۆ ڤیزای بیلاروسیا نەفەری 36 وەرەقەم داوە جگە لەوەی ڤیزای بیلاروسیام بۆ بڕین. كەمال عەلی، دەشڵێت:»یەكێك لەمناڵەكانم كە لەگەڵ دایكیدایە لە بیلاروسیا نەخۆشە و پێویستی بەوەیە مۆخی بۆ بچێندرێت ئەوەش لێرە چارەسەری نیە، بۆیە پارەیەكی زۆرم خەرجكرد لەپێناو ئەوەی بگەنە ئەوروپا، دوای ئەوەی كە دەریش نەچوون بەناچاری پێم وتوون بگەڕێنەوە، بەوهۆیەشەوە زیاتر لە 16 هەزار دۆلارم لەدەستداوە». كەمال ئەوەشی دووپاتكردەوە كە هەر مامەڵەیەك هەبێت لەبەرخاتری منداڵەكەشی بێت ئامادەیە ئەمجارە لەگەڵ ژن و دوو منداڵەكەی رێگای ئەوروپا بگرێتەوەبەر. بیلارووسیا ڤیزای نەدا بەلیژنەكەی پەرلەمانی كوردستان پەرلەمانی كوردستان لەسەرەتای ئەم مانگەدا بڕیاریدا لیژنەیەك بنێرێتە هەریەك لەلیتوانیا و پۆڵەندا تا لەدۆخی كۆچبەران بكۆڵنەوە، بەڵام جێگری سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكان و رەوەندی كوردستانی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» چاوەڕێی ڤیزای پۆڵەندا دەكەن». كاروان عەبدولرەحمان، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەیوەندیەكان و رەوەندی كوردی، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئەوەی خستەڕوو كە یاداشتێكیان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە یەكێك لەیاداشتەكان بۆ ئەوەبوو سەردانی لیتوانیا بكەن و دۆخی كۆچبەران ببینین، تا لیژنەكە بچێتە یۆنانیش كە ژمارەیەكی زۆر تەرمی كۆچبەرانی كورد لەو وڵاتەیە و دۆخی كۆچبەرانی ئەو وڵاتەش بپرسن. هەروەها باسی لەوەشكرد بیلاروسیا پێشوازی لەلیژنەی هەرێمی كوردستان و هیچ وڵاتێكی دیكەی دیموكراسی ناكات، وتیشی:»بەرنامەكە بەوشێوەیە بوو كە لیژنەكە بچێتە پۆڵەندا تا لەدۆخی كۆچبەران بكۆڵێتەوە و هاوكارییان بكات و دواتریش بچێتە لیتوانیا و پاشانیش لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا كۆببینەوە و گفتوگۆی دۆخی كۆچبەران بكەین». یەكێتی ئەوروپا بیلاروسیای تۆمەتباركردووە بەوەی هەزاران كۆچبەری هێناوە و رەوانەی سنووری نێوان وڵاتەكەو یەكێتی ئەوروپای كردووە تا بپەڕنەوە بۆ یەكێتییەكە، ئەوەش وەكو وەڵامێكی بۆ سزاكانی یەكێتییەكە بەسەر بیلاروسیا، لە بەرامبەردا مینسك رەتی دەكاتەوە بە مەبەست قەیرانەكەی دروستكردبێت.
هاوڵاتی سەرۆکی رەوتی حیکمە رایگەیاند:" پێداگری دەکەین لەسەر مافی خۆپێشاندەران بۆ خۆپێشاندانی هێمنانە بۆ داوای مافە رەواکانیان". ئەمڕۆ چوارشهممه 24ی تشرینی دووهمی 2021، عەمار حەکیم رایگەیاند:" رووداوی دڵتەزێن لە پارێزگای سلێمانی خۆشەویست روو دەدەن کە هاوڕایە لەگەڵ داواکارییەکانی قوتابیانی زانکۆ و تووندوتیژی لێ کەوتووەتەوە لە نێوان خۆپێشانداندەران و هێزە ئەمنییەکان". لە بەشێکی دیکەی تویتەکەدا، عەمار حەکیم دەڵێت، "داوا لە کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە چاو لە داواکارییەکانی خۆپێشاندەران بکەن و ئەمن و ئاسایش بۆ خۆپێشاندەران دەستەبەر بکەن". ماوەی چەند رۆژێکە لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان خوێندکاران بۆ داواکردنی دەرماڵەی خوێندن خۆپێشاندان دەکەن، عەمار حەکیم لە تویتێکدا پشتگیریی خۆپێشاندەران دەکات و هاوکات داواش دەکات، "داوا لە هەموو لایەک دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و خۆپێشاندانێکی ئاشتییانە بکەن". دەرماڵەی خوێندن دوای قەیرانە داراییەکانی 2014 بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران بڕدرا. خوێندکارانیش داوا دەکەن کە دەست بە دابەشکردنەوەی بکرێت. لە خۆپێشاندانەکاندا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان دروستبوو، لەو بارەوە
هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند بڕیاردراوە بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخانبکرێت بۆ چارەسەری گرفتی خوێندکاران. عەبدولسەلام دۆمەڵەمەڕی، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیجی فەیسبووکی خۆی رایگەیاند، "لەسەر فەرمانی بەڕێز مەسرور بارزانی، بودجەیەکی تایبەت بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا تەرخان کرا، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی بەشەناوخۆییەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و ھاوکاریکردنی قوتابیان و خوێندکارانی کەمدەرامەت". ماوەی چوار رۆژە بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان خۆپێشاندان دەکەن و داوای خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندن دەکەن. بڕی دەرماڵە بۆ خوێندکارانی دەرەوەی ئەو شارەی کە دەوامییان تێدا دەکرد، ئەگەر بەشەناخۆییان وەرنەگرتایە 100 هەزار دینار، ئەگەر بەشەناوخۆییشیان وەرگرتایە 60 هەزار دینار بوو، هەروەها بۆ ئەو خوێندکارانەی کە لە شارەکانی خۆیان دەوامیان دەکرد 40 هەزار دینار بوو.
ئارا ئیبراهیم خۆپیشداندانەكانی خوێندكارانی سلێمانی بەردەوامە بۆ دابینكردنی دەرماڵەكانیان كە لەساڵی 2014وە بڕیاری حكومەتی هەرێم راگیراوە، سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا پشتیوانی داواكاری خوێندكاران دەكات. سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوە دووپات دەكاتەوە كە وەزارەتەكەیان داوای فەرمی لەئەنجومەنی وەزیران كردووە دەرماڵە بۆ خوێندكاران دابین بكات بۆ ئەمساڵیش بڕەكەی ئاشكرا دەكات كە پێویستیان بە 70 ملیار دینار دەبێت. خۆپیشاندان و گردبوونەوەی خوێندكاران ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە بۆ دابینكردنی دەرماڵە بۆ خوێندنی ساڵی 2021 بۆ 2022، بۆ ئەو مەبەستەش دوێنێ سێشەمە خۆپیشاندانەكان گرژی تێكەوت و خوێندكاران چەندین شەقامی سەرەكی لەسلێمانی داخست و مەڵبەندی 1ی رێكخستنی یەكێتی ئاگری تێبەردرا. دوێنێ سێشەممە گرژییەكان لەنێوان هێزە ئەمنییەكان و خوێندكارانی خۆپیشاندەردا زیاتر پەرەی سەند و چەندین خوێندكار بریندار كران و لەلایەن چەند كەسێكی هێزە ئەمنییەكان بە»شەق» لێیان دراو لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتەی ڤیدیۆییەكەی بڵاوكراوەتەوە. هاوكات، بەپێی گرتە ڤیدیۆییەكان بەشێك لەخۆپیشاندەران راوی دوو پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكان دەنێن و دواتر گەمارۆیان دەدەن و لێیان دەدەن. خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی لەڕێگەی بڵندگۆوە ئەو پەیامەیان لەسەرەتاوە راگەیاندووە كە خۆپیشاندانی مەدەنی دەكەن و هەركەسێك گرژی دروستكردووە خەڵكانی دیكە تێكەڵاویان بووە، بۆ ئەو مەبەستەش لەڕێگەی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانییەوە دوێنێ سێشەممە 23ی تشرینی یەكەم نووسراو ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا كراوە. ئەندامێكی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە بەتەواوی پشتیوانی لەداوای خوێندكارانی زانكۆ دەكەن بۆ دابین كردنی دەرماڵەكانیان. دكتۆرە ئیبتسام ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»دوێنێ سێشەممە وەكو ئەندامانی ئەنجومەنی زانكۆ چووینە ناو خوێندكارانی زانكۆ وتمان گوێتان لێدەگرین و وتیان یەك داواكاریمان هەیە بۆ دابینكردنی دەرماڵەو ببنە نوێنەرمان، ئێمەش نووسراومان كردووە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەوەی داواكارییەكەیان بۆ جێبەجێ بكرێت». ناوبراو باسی لەوەشكرد لەساڵانی رابردووشدا وەكو زانكۆی سلێمانی داوایان ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا كردووە بۆ دابینكردنی دەرماڵەی خوێندكاران، ئێستاش ئەوە دووپاتدەكەینەوە كە شایستە داراییەكانیان پێبدرێت و بە زووترین كات پێیان بدرێت تا دۆخەكە ئارام ببێتەوە. دكتۆرە ئیبتسام ئیسماعیل ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو داواكارییانەی خوێندكاران مافێكی رەوای خۆیانە كە ئەرك لەسەر كەسوكاریشیان كەمدەكرێتەوە لەم دۆخەدا، وتیشی:»خوێندكاری زانكۆ تووێژێكی رۆشنبیری ئەم وڵاتەن پێیان راگەیەندراوە كە بەشێوەی مەدەنی داواكانتان بگەیەنن، بۆ خۆم وەك شایەتحاڵێك لەنێویاندا بووم بە بڵندگۆ داوایان دەكرد كە ئەوانەی رێ لەخەڵك دەگرن خوێندكاری زانكۆ نین». ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی زانكۆی سلێمانی پێشیوابوو كە دابینكردنی دەرماڵە لەتوانای حكومەتی هەرێمدایەو خوێندكاران نەوەی ئەم وڵاتەن، وتیشی:»پێویستە حكومەتی هەرێم خۆیان بەبەرپرس بزانن بەرانبەر بەخوێندكاران كە بەدابینكردنی مانگانەی 100 هەزار یان 60 هەزار دینار جوڵەیەكی خێراش دەكەوێتە بازاڕەوە كە بڕەكەی كەمەو خێرا خەرج دەكرێت و خزمەتی گشتی پێدەكرێت». سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە لەگەڵ داواكاری دابینكردنی دەرماڵەی خوێندكارانن و بۆ ئەمساڵیش بڕی 70 ملیار دیناریان پێویستە. دكتۆر توانا نەجەف، سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتیوت:» سەد لەسەد ئەمە ئیشی ئێمەیە و داوای بكەین، ئێمە ساڵانە لەپرۆژەی بودجەدا دەرماڵەی خوێندكاران دادەنێین، لیژنەمان هەیەو لەوێ جێگیری دەكەین، كە دەچێتە ئەنجومەنی وەزیران لەوێ كۆمەڵێك شت لادەبرێت، بۆ نموونە پێشتر بۆ ساڵی رابردوو داوامان كرد كە 35 ملیار دینار تەرخان بكرێت بۆ دەرماڵە قبوڵ نەكرا بەهۆی بارودۆخی داراییەوە». ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد بەهۆی زیادبوونی ژمارەی خوێندكارانەوە بۆ ساڵی 2021 بۆ 2022 بۆ دەرماڵەی خوێندكاران پێویستیان بە 70 ملیار دینارە. توانا نەجەف باسی لەوەشكرد لەبەرواری 1ی ئەیلولی ئەمساڵ بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران، بەشێك لەداهاتی وەزارەت، بۆ نموونە دیوانی وەزارەت دەتوانێت بەڕێژەی لەسەدا 45% ئەو داهاتەی هەمانە بۆ پێداویستییەكانی قرتاسییەو سووتەمەنی و كەلوپەل و ئامێر، بەڵام بۆ سەرجەم زانكۆكان لەسەدا 70% داهاتەكەیان بۆ دەگەڕێتەوە ئەوەش نووسراوە بۆچی خەرج بكرێت كە بۆ پاككردنەوەی بەشە ناوخۆییەكان و سووتەمەنی پێداویستییەكانی زانكۆكان خەرج دەكرێتەوە. سەرۆكی دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی لەوەشكردەوە كە هیچ ساڵێك داهاتی هەموو وەزارەتەكەیان نەگەیشتووەتە 70 ملیار دینار بەهەموو زانكۆكانی هەرێمی كوردستانەوە تا بوترێت لەداهاتی وەزارەت دەرماڵە بۆ خوێندكاران دابین بكرێت، وتیشی:» بەهیچ شێوەیەك داهاتی وەزارەت تەخزییەی ئەوە ناكات بۆ دەرماڵە تەرخان بكرێت». هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە وەزیری خوێندنی باڵا لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم پێكەوەو هاوتا ئەو پرسە لەئەنجومەنی وەزیران تاووتوێ دەكەن تا حكومەتی هەرێم بڕیاری لەسەر بدات. ئەندامێكی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» دەرماڵەی خوێندكاران ئەوەندە زۆر نییە تا بارگرانی گەورە لەسەر حكومەتی هەرێم دابنێت». موسلیم عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» ئێمە لەگەڵ ئەوەداین حكومەتی هەرێم كێشەی خوێندكاران چارەسەر بكات و دەرماڵەیان بۆ بگەڕێنێتەوە كە بەهۆی قەیرانی دارایی لەئەنجومەنی وەزیران لەساڵی 2014 وە راگیراوە، چونكە ئێستا دۆخی دارایی حكومەت باشتر بووەو نرخی نەوت بەرزبووەتەوەو داهاتەكان زیادیان كردووە». ناوبراو باسی لەوەشكرد لەڕێگەی 37 پەرلەمانتارەوە یاداشتیان داوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان تا بەئامادەبوونی هەردوو وەزیری خوێندنی باڵاو وەزیری دارایی گفتوگۆ لەوبارەیەوە بكەن و بڕیار لەسەر گێڕانەوەی دەرماڵەی خوێندكاران و قوتابیان بدرێت. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی خستەڕوو كە حكومەتی هەرێم دەتوانێت لەڕێگەی داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بەشێك لەدەرماڵەكان بۆ خوێندكاران دابین بكات و ئەوی تری حكومەتی هەرێم دابینی بكات تا پرۆسەی خوێندن بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەبچێت.
هاوڵاتی ئهندامێكى پهرلهمانى كوردستان ڕایگهیاند:" لەبەرامبەر گرێبەستنی دانانی كامێرای چاودێری و تیژرەوی كۆمپانیایەك 403 ئوتۆمبێل بۆ بەرپرسانی حكومەت دەكرێت". عهلى حهمهساڵح ئهندامى پهرلهمانى كوردستان لهكۆنگرهیهكى ڕۆژنامهوانیدا ڕایگهیاند: "گرێبهستى پێدانى كامێراكانى چاودێریى لهگهڵ كهسێك كراوه بهناوى فهرحان عهبدولكهریم حهسیب كه 225 كامێراى چاودێرى لهسلێمانى دادهنێت بهسیستمى (پۆینت تو پۆینت) واته نێوان دوو كامێرا كاتهكهى لهسهر شۆفێر ئهژماردهكات". دهشڵێت:"ئهم كۆمپانیایه ئامادهبوه 403 ئۆتۆمبێلى مۆدێل 2021و 2022 بۆ وهزارهتى ناوخۆ بكڕێتو 145 ئۆتۆمبَیل لهجۆرى ڕاڤ فۆرو 258 ئۆتۆمبێل لهجۆرى پیك ئاب مسیۆبۆشین". وتیشى:"مهحاڵه كهسێك بێته دهرهوهو لهو كامێرایانه نهدات ئهگهر مانگانه یهكجار هاوڵاتى سهرپێچى بكات ئهوا داهاتى مانگانه 38ملیار دهبێتو كۆمپانیا تهنها 53ملیار خهرجدهكاتو بهدوومانگ كۆمپانیا قازانجى خۆى دهستدهكهوێتهوهو تا 15 ساڵ له 80% داهاتهكه بۆ ئهم كۆمپانیانهیه دهبێتو جێگرى سهرۆكى حكومهت دهتوانێت ئهمه ڕابگرێتو سزا نابێت بدرێته كهرتى تایبهت".
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتى ئاسایشى پارێزگاى سلێمانى ڕایگهیاند:" ئهوكهسهى له خوێندكارهكه دهدات لهسهر فهرمانى قوباد تاڵهبانى جێگرى سهرۆكى حكومهتى ههرێم دهستبهسهركراوه. دهقى ڕاگهیهندراوى ئاسایشى پارێزگاى سلێمانى" لەکاتێکدا خوێندکاران وەک مافێکی رەوای خۆیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بەمەبەستی خستنەڕووی چەند داواکاریەک و هێزە ئەمنییەكانیش وەك ھەمیشە ئەركی سەرشانی خۆیان جێبەجێ دەكرد لە پارێزگاری و پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندەران، بەداخەوە چەند کەس و لایەنێک بۆ مەرامی سیاسی نارەوای خۆیان لەرێی چەند کەسێکی گومان لێکراوەوە هەوڵیاندا ئاراستەی خۆپیشاندان و داخوازی خوێندکاران بەلارێدا بەرن بەرەو توندو تیژی و تێکدانی ئارامی شاری سلێمانی لە رێگەی پەلاماردانی بارەگا حکومی و حیزبیەکان و رێگری و ئاستەنگ درووست کردن بۆ هاتووچۆی هاولاتیان و پەلاماردان و ئازاردانی کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان و سوکایەتی كردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا چەند کەسێک بەشێوەی بەرنامە دارێژراو پەلاماری مەفرەزەیەکی ئەمنی دەدەن و لە کاردانەوەی بەرگریکردن لەخۆو دەست گیرکردنی کەسەکان، جێگەی داخە کارمەندێک کاردانەوەی توندی دەبێت و ئازاری یەکێک لەو کەسانە دەدات. ئێمە وەک بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لەکاتێکدا دووپاتی دەكەینەوە بەردەوامین لەسەر بەرپاكردنی ئاسایش بۆ سەرجەم هاولاتیان بە خۆپیشاندەرانیشەوە، لەهەمان کاتدا نیگەرانی خۆمان دەردەبرین بەرامبەر هەموو توندوتیژیەک. ھەرلێرەشەوە بە سەرجەم ھاوڵاتییانی شارەکەمان رادەگەیەنین؛ سەبارەت بە رەفتاری ئەو کارمەندە لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرێوەبەرایەتیمان دەست بەجێ هەستا بە دەستبەسەر کردن و ئەنجامدانی کاری یاسایی لەگەڵ ئەو كەسە، وەلێرەوە رایدەگەیەنین وەک بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڕێگە بە هیچ ئەفسەرو کارمەندێک نادرێت کاردانەوەی توند و دوور لە یاسا لەگەڵ خۆپیشاندەران ئەنجام بدەن. ھەروەھا ئاگاداری خوێندکاران دەکەین كە ئێمە پاڵپشت و پشتیوانی داوا رەواکانیانین و لەهەمان کاتدا داواکارین خوێندكارانی خۆشەویست زیاتر چاوکراوەو بەئاگابن و ڕێگە نەدەن کەسانێک بۆ مەرام و بەرژەوەندی سیاسی خۆیان داواو خواستی خوێندکاران بقۆزنەوە و ئاراستەی خۆپیشاندانی هێمنانەیان بگۆرن بۆ ئاژاوە و تێکدانی ئاسایش و ئارامی شاری سلێمانی و سەرجەم هاولاتیان. ڕاگهیهندراوهكهى ئاسایشى سلێمانى له كاتێكدایه كه دوێنێ كۆمهڵێك كارمهندى هێزه ئهمنیهكان بهبهرگى سهربازیهوه كهسێك دهستگیردهكهن و لێیدهدهن كهسێكى تر كه بهرگى مهدهنى پۆشیوه شهقێك له ڕوخسارى دهستگیركراوهكه دهدات و دواتر بڵاوكرایهوه ئهوكهسه كارمهندى هێزهكانى ئاسایشى سلێمانیه.
هاوڵاتی بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبێتەوە، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە پرسی خۆپیشاندانەکانى خوێندکاران و خەرجکردنى دەرماڵەکانیان و چەند تەوەرێکی تری گرنگ تاوتوێ دەکرێت. ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دوواییانەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم کۆدەبێتەوە و باس لە پرسی دەرماڵەکانیان دەکرێت. شەوی ڕابردووش خوێندكارانی ناڕازی، لە ڕاگەیەنراوێكدا چەند داواکارییەکیان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کرد کە تیایدا (١٢) داواکاری لە خۆگرتبوو. داواکارییەکانی خوێندکارانی ناڕازی بەم شێوەیەیە: ١- دابینكردنی دەرماڵەی ١٥٠ ھەزار دینار بۆ خوێندكاران (زانكۆلاین، پارالێل، ئێواران). ٢- بڕینی دەستی حزب لە زانكۆ و پەیمانگاكان. ٣- كاراكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بۆ باشتركردنی بژێوی خانەوادەكان. ٤- دامەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان. ٥- دامەزراندنی وانەبێژان. ٦- دەستكردن بە دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان. ٧- كەمكردنەوەی كورسی خوێندنی بەپارە بۆ ٥٪ لە زانكۆ حكومیەكان . ٨- باشكردنی دۆخی بەشە ناوخۆییەكانی ھەموو زانكۆكان. ٩- تێگەیشتن لەوەی ئەم جیلە شكۆ لەلای واتە خزمەتكردن و ھیچ ھێزێك ناتوانێ رایبگرێ و چوونە سەرجادەی بێ ئەنجام نابێ. ١٠- بەدادگایی گەیاندنی ئەو ھێزە ئەمنیانەی، كە ھێرشیان كردە سەر خوێندكاران. ١١- لابردنی باج و رسومات لە خوێندكاران لەكاتی وەرگیران و دەرچوونیان. ١٢- دەست بە جێ ئازادكردنی خوێندكارە دەستگیركراوەكان.
هاوڵاتی ژمارەیەک مامۆستای ئایینی لەبەیاننامەیەکدا كه ئاراستهی هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسیان كردوه، رایدهگهیهنن: "نیشتیمانی کارەکەتان بەرپرسیایەتیە لەڕۆژی دوایی، لەدونیاش پشتگیری زاڵم و ستەم کارەکان مەکەن". ئەمڕۆ چوارشهممه 24ی تشرینی دووهمی 2021، لهبهیاننامهیهكدا، ژمارهیهك لهمامۆستایانی ئاینی رایانگهیاندوه: "ئاگاداری ڕوداوەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستانین، ئاماژەی زۆر ترسناک لەسەر ڕەوشی ئێستای هەرێمەکەمان هەیە، قات و قوڕی و نەبونی موچەو کۆمەڵێک گرفتی خزمەتگوزاری ڕوی لەخەڵک و جەماوەر کردوە، خەڵکی بێزارو بێ تاقەت کردوە، ئەمەش بۆتە هۆکار گەنجان وڵات بەچی دێڵن و لەسنورو بەحرەکان دەمرن". دەقی بەیاننامەکە:... بسم الله الرحمن ارحیم پێغەمبەر ( صلی اللە علیە وسلم)، دەفەرموێت؛(إِنَّ الْمَلائِكَهَ ڵتَچَعُ أَجْنِحَتَهَا لِگَالِبِ الْعِلْمِ ڕچًا بِمَا ێصْنَعُ). بۆ بەڕێزان؛ - سەرۆکی هەرێمی کوردستان - سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان - سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان - وەزیری خویندنی باڵاو تویژینەوەی زانستی. - دەسەڵاتدارانی سیاسی لەهەرێمی کوردستان. سەرتا سڵاو بەڕێزان ئێمە وەک زانایانی ئایینی دڵسۆزی خەڵک و میللەت، ئاگاداری ڕوداوەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستانین، ئاماژەی زۆر ترسناک لەسەر ڕەوشی ئێستای هەرێمەکەمان هەیە، قات و قوڕی و نەبونی موچەو کۆمەڵێک گرفتی خزمەتگوزاری ڕوی لەخەڵک و جەماوەر کردوە، خەڵکی بێزارو بێ تاقەت کردوە، ئەمەش بۆتە هۆکار گەنجان وڵات بەچی دێڵن و لەسنورو بەحرەکان دەمرن ، باری ژیانی قوتابیان زۆر قورس بوەو خەرێکە وڵات لەڕوی سومعەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زۆر لەکەدار بوە، ئەمەش کارەساتە وڵاتێک ئەم هەموو سەروەت و نەوت و کەرستەی خاوەی هەبێت خەڵک و قوتابی لەبرسان و بێ کاری کۆچ بکات شوینی حەوانەوەی و بەشەناوخۆییەکانی کەمترین خزمەتگوزری نەبێ، بۆیە ئێمە وەک مامۆستایانی ئایینی ئەم داواکاریانە دەخەینە بەر دەستی بەرپرسان و جەماورو قوتابیانی خۆشەویست؛ ١- قوتابیانی خۆشەویست داواکاریەکانتان ڕاست و ڕەوایە بۆیە داوا لەبەڕێزتان دەکەین مەهێڵن داواکاریەکانتان بەلاڕێدا بڕوات و توندو تێژی لێ بکەوێتەوەو مافەکانتان لەدەست بدەن. ٢- هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و بەرگری نیشتیمانی کارەکەتان بەرپرسیایەتیە لەڕۆژی دوایی، لەدونیاش پشتگیری زاڵم و ستەم کارەکان مەکەن، چونکە خودا دەفەرموێت ( ۆڵا تَرْكَنُوا إِڵى اڵّژِینَ ڤَڵمُوا فَتَمَسَّكُمُ النَّارُ )، منداڵەکانت بەپارەی حەرام پەروەردە مەکە. لێدان و شەق وەشاندن و ئیهانە کردنی خەڵک و میللەتی خۆت تاوانەو پەڵەیەکی ڕەشی مێژوییە. ٣- داوا لەهەر سێ سەرۆکایەتیەکە دەکەین بەزۆترین کات بێنە سەر خەت و مافی تەواو ی خزمەتگوزاری قوتابیان دابین بکەن ، زیاتر لەوە زۆر لە قوتابیان نەکەن باوەزعەکە لەدەست نەچێت ،دوای تەواوی پرۆسەکە لەدەست بدەن. پێغەمبەر صلی الله علیه وسلم، "اللهم من ولی من أمر أمتی شیئاً فشق علیهم فشقق علیه، ومن ولی من أمر أمتی شیئاً فرفق بهم فأرفق به" کۆمەڵێک لەمامۆستایانی ئایینی هەرێمی کوردستان بەشێکیان لەخواروە ناومان هاتوەو بەشێکیانیش لەڕێی گەیشتنی بەیاننامەکە ناویان تۆمار دەکەن. ناوەکان 1- مامۆستا مەلا محمود فقی ٢- مامۆستا نادر کانی کوردەیی ٣- مامۆستا شیرزاد عبدالوهاب. ٤- مامۆستا عبدالخالق روناکی ٥- مامۆستا زرار گرتکی ٦- مامۆستا ادریس کاریتانی ٧- مامۆستا خالد کەردی. ٨- مامۆستا نامیق هەنارەیی ٩- مامۆستا سڵیم شوشکەیی ١٠- مامۆستا عمر جاف. ١١- مامۆستا هێمن شارستێنی ١٢- مامۆستا عمر شارستێنی ١٣- مامۆستا نازم عسمان خەتیب. ١٤- مامۆستا عداللە غوڕغوڕەیی ١٥- مامۆستا خیراللە حسن. ١٦- مامۆستا بەڵێن ڕانیەیی ١٧- مامۆستا عبدالفتاح ناوبەرگەیی. ١٨- مامۆستا صدالردین بالیسانی ١٩- مامۆستا فتح اللە کانی مازویی ٢٠- مامۆستا عبدالستار حاجیاوە ٢١- ملا ابوبکر کانی تویی ٢٢- ملا عوسمان کانی کوردەیی. ۲۳- ملا هاشم عبدالله ٢٤- زیرەک مغدید ٢٥- ملا شیمال کمال سورچی ٢٦- ملا انس عبداللە ٢٧- ملا یوسف سلیمان ٢٨-ملا حسین علی احمد ٢٩- ملا ازاد جوهر ٣٠- ملا سلیمان کریم ٣١- ملا یعقوب بکر ٣٢- ملا ابراهیم کریم ٣٣- ملا سباح خدر ٣٤- ملا مقسود اکرم
هاوڵاتی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند:" ئێران بەتەواوەتی سەرچاوە ئاوییەکانی گرتووەتەوە و ئاستی بەردانەوەی ئاو لەو وڵاتەوە بۆ عێراق گەیشتووەتە سفر. مەھدی رەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، ئێران بەتەواوەتی سەرچاوە ئاوییەکانی لە عێراق گرتووەتەوە و ئاستی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق لەو وڵاتەوە گەیشتووەتە سفر. ئاماژەی بەوەشدا، تورکیا تەواوی زانیارییەکانی لەبارەی بەنداوەکانییەوە رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی کردووە. وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئێران تەواوی ئاوەکانی گرتووەتەوە و ئامادەنەبوو زیانەکان لەگەڵ عێراق بەش بکات. باسی لەوەشکرد، لەناو پارێزگاکاندا بە پلەی یەکەم پارێزگای واست زەرەرمەندە. ھاوکات، لەبارەی پابەندبوونی ھەریەک لە ئێران و تورکیا بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنەکانی نێوان ھەر سێ وڵات لەبارەی بەردانەوەی رێژەی ئاو، مەھدی رەشید حەمدانی ئاشکرای کرد، ئێران و تورکیا سەرجەم رێککەوتنامە و پەیماننامەکانیان پێشێل کردووە و پێیەوەپابەند نەبوون. ئەمە لەکاتێدایە، سەرەڕای وشکەساڵی و کەمبارانی و دابەزینی ئاستی ئاوی سەرزەوی، ھەریەک لە ئێران و تورکیا بەردەوامن لە دروستکردنی بەنداوەکان و پرۆژەکانیان لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانەی دێنە ناو خاکی عێراقەوە، بەمەش کێشەکانی ئاو و دابەشکردنی لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا چووەتەقۆناغێکی نوێوە و بەرەو ئاڵۆزتربوون ھەنگاوی ناوە. پێشبیندەکرێت لە چەند ساڵی داھاتوودا کێشەی ئاو ببێتە یەکێک لە کێشە سەرکییەکانی نێوان عێراق و ئێران و تورکیا.
هاوڵاتی عەلی حەمە ساڵح رایگەیاند، جێگری سەرۆکوەزیران "لە وەڵامی داواکاری مندا، پێی راگەیاندم: 'ئەو کەسەی بەشەق لە سەری خوێندکارەکە دەدات دەستگیردەکرێت و رامسپاردوون'." لە خۆپێشاندانی ئەمڕۆی خوێندکاران لە سلێمانی گرژی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران دروستبوو، لە یەکێک لەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت کە کەسێک بە شەق لە سەری خۆپێشاندەرێک دەدات. عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری کوردستان لە پۆستێکی فەیسبووکدا داوای بەداوداچوون و لێپێچینەوەی لەو کەسە کرد کە شەقی لە خوێندکارەکە داوە، و دوای چەند کاژێرێک رایگەیاند کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بەڵێنی داوە کە کەسەکە دەستگیربکەن. هەر لەبارەی ئەو رووداوەوە هێزەکانی لیوای یەکی پاراستنی سلێمانی کە لە کاتی خۆپێشاندانەکان رێگرییان لە خۆپێشاندەران دەکرد، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەیان بەوە دا، ئەو کەسە سەر بە هێزەکانی ئەوان نییە و "ئهوه رهفتارى هێزى ئێمه نییه". لەلایەکی دیکەوە پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی تووندوتیژیی دژی خۆپێشاندەران رایگەیاند، "بەتووندی ئیدانەی هەر تووندوتیژییەک دەکەین. لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بە لێکۆڵینەوە و دۆزینەی ئەو کەسانەی بەدەر لە هەر بنەمایەکی مافەکانی مرۆڤ و دوور لە هەر بڕیار و راسپاردن و دیسپلینێکی سەربازیی رووبەڕووی خۆپێشاندەر و هاووڵاتیانی مەدەنیی بوونەتەوە". ئەمڕۆ سێشەممە 23-11-2021 بۆ سێیەم رۆژی بە دوای یەک خۆپێشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە بەشێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و خوێندکاران داوای دابەشکردنی دەرماڵەی خوێندن دەکەن. لە خۆپێشاندانی ئەمڕۆ خوێندکاران ژمارەیەک رێگەی سەرەکییان داخست و هەوڵیاندا بەرەو ناو سەنتەری سلێمانی بڕۆن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ و ئۆتۆمبێلی ئاوڕژێن هەوڵیاندا بڵاوە بە خۆپێشاندەران بکەن. دواتر خۆپێشاندەران چوونە بەردەم مەڵبەندی یەکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی و چەند پەنجەرەیەکیان شکاند و یەکێک لە ژوورەکانی بەشی خوارەوەش سووتێنرا، بەڵام بەزوویی ئاگرەکە کۆنترڵکرا و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆش بەهۆی گرژییەکانەوە بەشێوەیەکی کاتی شەقامی سالم لە سلێمانی داخرا.
هاوڵاتی مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی سوێد کۆبوونەوە و لەبارەی رەوشی کۆچبەرانی سنووری نێوان بێلاڕوسیا-پۆڵەندا گفتوگۆیان کرد. ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووهمی 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوێد کرد. مەسرور بارزانی لە تویتەری خۆی خۆشحاڵیی بە بینینی ئان لیندێ دەربڕی و رایگەیاند، "تاوتوێی رەوشی کۆچبەرانمان لەسەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپا کرد و هانی بەهاناوەچوونی خێزانە گیرخواردووەکانم دا". هەروەها دەشڵێت، "دەزانم پەیوەندیی بەهێز لەنێو گەلەکانماندا هەیە و سوێد ماڵێک بووە بۆ زۆر خەڵکی ئێمە لە کاتە سەختەکانی مێژووماندا". بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی سوێد، ئاماژەی بە دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتەکەی و رۆڵی گرنگ و دیاری رەوەندی کورد لە سوێد کردووە و بە رێز و پێزانینەوە، "رۆڵی پێشمەرگەی کوردستانی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاند". ئان لیندا لە تویتەری خۆی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، لەبارەی هەلە بازرگانییەکانی نێوان سوێد و هەرێمی کوردستان، دۆخی ئاسایش، کۆچکردن و مافەکانی مرۆڤ گفتوگۆیان کردووە. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی حکومەتدا هاتووە، مەسرور بارزانی وێڕای سوپاسکردنی سوێد بۆ پشتیوانی لە پێشمەرگە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، باسی لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارکردن بە ئاراستەی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات کرد. دۆخی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەرانی سنووری بێلاڕوسیا و پۆڵەندا، تەوەرانی دیکەی دیدارەکە بوون.
هاوڵاتی وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی دەڵێت، پشتیوانی داوای خوێندکاران دەکەن کە داوای گەڕانەوەی شکۆ بۆ زانکۆ و خەرجکردنی دەرماڵە دەکەن، دەشڵێت، "ئەمە داوایەکی بچوکە لەچاو ئەو هەموو گەندەڵییەی کە لە کۆمەڵێک بواردا هەیە". ئەمرۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2021، محەمەد حەکیم وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت، "کۆمەڵی دادگەریی پشتیوانی داوای رەوای قوتابیان و خوێندکاران دەکات، کە داوای گێڕانەوەی شکۆ بۆ زانکۆ و خەرجکردنی دەرماڵە و دابینکردنی خزمەتگوزایی بۆ بەشە ناوخۆییەکانیان دەکەن". ئاماژەی بەوەشکردووە، "داواکارییەکانیان مافی رەوای خۆیانه و ئەرکی حکومەتە کە جێبەجێی بکات، لەچاو ئەو ھەموو گەندەڵی و نادادی و بەھەدەردانی ماڵی گشتی لە کۆمەڵێک بواری پوچدا، کە زۆرێکی لە زەرەری گشتی و سوودی کەسیدا خۆی دەبینێتەوە، داوایەکی بچووک و سادەیە". محەمەد حەکیم راشیگەیاندووە، "ئەگەر ئەم دەسەڵاتەش نیگەرانە لە کۆچی بەلێشاوی گەنج و لاوی کوردستان، کە بووەتە لەکەیەک بەسەر حکومەتەوە لە وڵاتانی ئەورپا و دەرەوە، ئەوا با بەزوویی بەدەم داواکاریی رەوای قوتابیان و خوێندکارانەوە بچێت". باسی لەوەشکردووە، "ئێمە بە ھەموو شێوەیەک توندوتیژی بەرامبەر بە قوتابیان و خوێندکاران ئیدانه دهكهین و بەلاڕێدابردنی خۆپێشاندانەکان خزمەت بە داوا رەوای قوتابیان ناکات". ماوەى سێ رۆژە خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان بۆ داواکردنى پێدانى دەرماڵە گردبوونەوە و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دوێنێ بۆ بڵاوەپێکردنى خوێندکاران هێزە ئەمنییەکان دارى کارەبایى و گازى فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا و بەو هۆیەوە چەند خوێندکارێک بریندار بوون، ئەمرۆش نارەزایەتیەکانیان توندوتیژی لێ کەوتەوە.
هاوڵاتی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی ڕایگەیاند: "لەبەر پاراستنی گیانی خوێندکاران و لەسەر داواکاری بەشێک لە کەسوکاری خوێندکاران، بڕیاریدا بە وەستانی خوێندنی خوێندکاران بۆ دوو ڕۆژ ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووهمی 2021، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لەبەر پاراستنی گیانی خوێندکاران بڕیاریانداوە بە وەستانی خوێندنی خوێندکاران بۆ ماوەی دوو رۆژ 24 و 25-11-2021 لە سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی سلێمانی و گەڕانەوەی خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکان". دەقی راگەیاندراوەكە:... ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی لە کۆبوونەوەی خۆیدا بەپێی ئەو دەسەڵاتەی کە پێیدراوە بەپێی ماددەی سیانزەم/ بڕگەی یەکەم/ خاڵی ٩ لە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەبەر پاراستنی گیانی خوێندکاران و لەسەر داواکاری بەشێک لە کەسوکاری خوێندکاران، بڕیاریدا بە وەستانی خوێندنی خوێندکاران بۆ دوو ڕۆژ ( ٢٤ و ٢٥-١١-٢٠٢١) لە سەرجەم کۆلێژەکانی زانکۆی سلێمانی و گەڕانەوەی خوێندکارانی بەشەناوخۆییەکان.
هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میکیلێ کامێرۆتا، کۆنسوڵی نوێی ئیتاڵیا لە هەولێر کۆبووەوە،سوپاس و پێزانينى بۆ پشتيواني سهربازيى ئيتاڵيا له ههرێمى كوردستان له شهڕى دژى داعش و يارمهتيدانيان بۆ پێشمهرگه بهتايبهتى له رووى مهشق و راهێنانهوه و هاوكارييه مرۆييهكانى بۆ ئاواره و پهنابهران دووپاتكردووتەوە. ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووهمی 2021، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ میکیلێ کامێرۆتا، کۆنسوڵی نوێی ئیتاڵیا لە هەولێر کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانينى بۆ پشتيوانيى سهربازيى ئيتاڵيا له ههرێمى كوردستان له شهڕى دژى داعش و يارمهتيدانيان بۆ پێشمهرگه بهتايبهتى له رووى مهشق و راهێنانهوه و هاوكارييه مرۆييهكانى بۆ ئاواره و پهنابهران دووپاتكردووتەوە. هەر بەپێی راگەیێندراوەکە کۆنسوڵی نوێی ئيتاڵيا بەبۆنەی دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵيى خۆى نيشان داوە و هيواى خواستووە بتوانێت برهو به پهيوهندييهكانى وڵاتهكهى لهگهڵ ههرێمى كوردستان بدات بهتايبهتى له بوارهكانى بازرگانى، ئابوورى، كولتوورى و پهروهردهييدا، ههروهها سوپاس و پێزانينى ئيتاڵياى بۆ رۆڵى ههرێمى كوردستان له بهرهنگاربوونهى داعشدا دهربڕى. لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخى بڵاوبوونهى ڤايرۆسى كۆرۆنا و پهتاى کۆرۆنا، كارى تيمه ئيتاڵييهكان له پارێزگاكانى ههرێمى كوردستان له بوارى شوێنهواردا، ئهگهرى كردنهوهى بهشى زمانى ئيتاڵى له زانكۆكانى ههرێمى كوردستان و گهشتى راستهوخۆى ئاسمانى له ئيتاڵياوه بۆ ههرێمى كوردستان، دۆخى عێراق و ناوچهكه بهگشتى و چهند پرسێكى جێى بايهخى هاوبهش تاوتوێکران.