هاوڵاتی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان عەیبەیەکە و باوەڕناکەم هیچ لایەنێک بیەوێت بەرپرسیاریەتی بخاتەسەر شانی خۆی، بۆیە دەبێت هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت". ئەمڕۆ سێشەممە 23ی تشرینی دووه‌می 2021، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" سەرۆکایەتی پەرلەمان لەم کاتەدا هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە بۆ نزیک کردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، چونکە "دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان عەیبەیەکە و باوەڕناکەم هیچ لایەنێک بیەوێت بەرپرسیاریەتی بخاتەسەر شانی خۆی، بۆیە دەبێت هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت". هێمن هەورامی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ئێمە پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەکەین و ناکرێت هەڵبژاردن دوابخرێت، هەروەها بەباشی دەزانین هەڵبژاردنەکە بەچاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان و بەسوود وەرگرتن لە توانا تەکنیکییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجام بدرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکایەتی پەرلەمان کار دەکات بۆ نزیک کردنەوەی بۆچوونی لایەنەکان سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکان و کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم، لەم بوارەشدا پێکهێنانەوەی کۆمسیۆن لەنوێنەری لایەنەکان، دادوەران یان کەسانی سەربەخۆ هەموویان پەسەندکراون، بەو مەرجەی لایەنەکان لەسەر ئەم بابەتە بگەنە سازان و رێککەوتن. جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕو، بابەتی کەمکردنەوەی کورسی پێکهاتەکان ناکۆکە لەگەڵ دوو یاسای بەرکار لەهەرێمی کوردستان ئەوانیش یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان و یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانە کە داوا دەکات مافی پێکهاتەکان لەکۆمسیۆن گەرەنتی بکرێت.
هاوڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی عێراق کۆدەبێتەوە، 15 وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنەکە گوێ لە راپۆرتی جێنین یانس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەگرن و تێیدا چەندین بابەت دەخرێنەڕوو، لەوانەش: - گفتوگۆ لەسەر دوایین پێشهاتەکانی عێراق - رێگەکانی هاوکاریکردنی عێراق لە سەقامگیرکردنی بارودۆخی سیاسی - پێشكێشکردنی راوێژ بە عێراق بۆ هێورکردنەوەی شەقامە تووڕەکەی - تاوتوێکردنی هێرشی گرووپە چەکدارەکان و چۆنیەتی نزیککردنەوەی لایەنە جیاجیاکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ. ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی عێراق بە خاڵێكی وەرچەرخانی هەستیاردا تێدەپەڕێت کە داهاتووی ئەو وڵاتە بە ئاراستەیەکی نادیاردا دەبات. چەند هەفتەیەکیشە لە بەشێک لە شارەکانی عێراق خۆپێشاندانی بەشێک لە لایەنە شیعەکان دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەکرێت. هەینیی رابردوو خۆپێشاندەران تەنانەت داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانیان دەکرد.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، داوا لە هاووڵاتییانی دەکات گەشت بۆ ئەو وڵاتە نەکەن. ئەگەریش هە گەشتەکەتان کرد، وەسیەتنامە بنووسن. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە 22-11-2021 لە رێگەی ئیمەیڵێکەوە داوا لە هاووڵاتییانی دەکات لەبەر چەند هۆکارێک سەردانی عێراق نەکەن. وەک لە ئیمەیڵەکەدا هاتووە: "بەهۆی تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری، ئاڵۆزی سیڤیل، پەتای کۆڤید-19 و توانا سنووردارەکانی ئەو وڵاتە لە پاراستن و پاڵپشتیکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکی، سەردانی عێراق مەکەن". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ئیمەیڵەکەدا بە روونی داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی دەکات ئەوانەیان کە نیازیان هەیە سەردانی عێراق بکەن، بەر لە گەشتکردنیان ئاگاداری چەند خاڵێک بن و چەند هەنگاو و رێکارێک بگرنەبەر و پلانی تایبەتیشی بۆ ئامادە بکەن. لە ئیمەیڵەکدا هاتووە: "ئەگەر بڕیارتدا سەردانی عێراق بکەیت، ئەوا دەبێت چەند کارێك بکەی، ئەوانیش: بە وردی تەماشای ماڵپەڕی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، تایبەت بە پەتای کۆڤید-19 بکە؛ چاوێک بە ماڵپەڕی ئاژانسی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی تایبەت بە "گەشتکردن و کۆڤید-19"دا بخشێنەوە؛ تەماشای ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تایبەت بە گەشتکردن بۆ ناوچە زۆر مەترسیدارەکان بکەن". لە چوارچێوەی ئەو پێشنیازانەی کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا خستوونییەتە بەردەم هاووڵاتییەکانی "ئامادەکردنی وەسیەتنامەیە" لەلایەن گەشتیارەوە. هەروەها دەستنیشانکردنی ناوی ئەو کەسانەی، کە لەدوای گەشتیارەکە مافی وەرگرتنی پارەی "دڵنیایی تەندروستی" هەیە. داواش دەکات گەشتیارەکە بەر لە رۆیشتنی بۆ عێراق "پارێزەرێك بکاتە بریکاری خۆی" بۆ راپەڕاندنی کار و ئەرکەکانی تایبەت بە وەسیەتنامەکەی. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت پێویستە لەسەر ئەو کەسەی، کە نیازی هەیە سەردانی عێراق بکات لەگەڵ کەسانی نزیک لەخۆی تاوتوێی بابەتی گرنگیدان و لەخۆگرتنی منداڵەکانی، ئاژەڵە ماڵییەکان، موڵک و سامان و کەلوپەلی تایبەت بکات، هەروەها لەبارەی چۆنیەتی رێکخستنی رێوڕەسمی پرسەی گەشتیار لە ئەگەری مردنی لە عێراق. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات: "بەڵگەی گرنگ، زانیاری و ژمارەی تەلەفۆنی هەندێک دامەزراوە و کەسانی پەیوەندیدار لە ئەمریکا رادەستی کەسانی نزیکی خۆیان بکات تاوەکو لە ئەگەری دواکەوتنیان لە گەڕانەوە لە عێراقەوە بۆ ئەمریکا، کەسانی نزیک لێی کار و ئەرکەکانی راپەڕێنن. هەر لە ئیمەیڵەکەدا داوا لە ئەمریکییەکان کراوە بەر لە گەشتکردنیان بۆ عێراق پلانی تایبەت بە دابینکردنی ئاسایشی خۆیان لەنێو عێراقدا ئامادە بکەن، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کارمەندانی کەسی گەشتیار (ئەگەر کارمەندی لەژێر دەستدا هەبێت) یاخود بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو لایەن و دامەزراوە عێراقییەی کە بڕیارە گەشتیاری ئەمریکی سەردانی بکات، یان "بیر لە راوێژکردن لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئاسایش بکرێتەوە بۆ چۆنیەتی دابینکردنی ئاسایش لە شوێنە مەترسیدارەکان". وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات خۆیان بە دوور بگرن لە ناوچەکانی خۆپیشاندان و بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، ئەگەر بەشێوەیەکی کت‌وپڕ و چاوەڕێنەکراو کەوتنە نێو قەرەباڵخی یان خۆپیشاندانەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها داوا لە هاووڵاتییانی دەکات ناوی خۆیان لە "بەرنامەی زیرەک تایبەت بە گەشتیاران" تۆماربکەن، تاوەکو دوا زانیاری و هۆشیارکردنەوەکانی وەزارەتی دەرەوەیان بەدەستبگات و وەزارەتیش ئاگاداری شوێنی گەشتیاران ببێت. داواش لە گەشتیارانی ئەمریکی بۆ عێراق دەکات بەردەوام چاویان لەسەر فەیسبووک و تویتەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بێت و بە وریاییەوە راپۆرتی وەزارەتەکە تایبەت بە "تاوان و ئاسایش"ی عێراق بخوێننەوە، سەرجەم ئەو ئەمریکییانەی کە گەشت بۆ دەرەوەی ئەمریکا دەکەن پلانێكی تایبەت بە بارودۆخە نائاسایی و نەخوازراوەکانیان هەبێت
هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی له په‌یامێكدا بۆ خوێندكارانی خۆپیشانده‌ر له سنوری پارێزگای سلێمانی رایگه‌یاند به‌ڵگه‌ی ته‌واویان لایه چه‌ند كه‌سێك كه "خوێندكار نین" به چه‌قۆ و بۆكس خه‌نجه‌ر هێرشیانكردوه‌ته‌سه‌ر هێزی چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كان. له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا، پۆلیسی سلێمانی ده‌ڵێت: ماوه‌ی دوو ڕۆژه خوێندكارانی زانكۆ گردبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی ئه‌نجام ده‌ده‌ن بۆ داواكردنی ده‌رماڵه، وه‌ك ئه‌ركی سه‌رشانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس بۆ پاراستنی گیانی خوێندكاره‌كانمان و هێمنی‌و ئاسایشی خۆپیشاندانه‌كه به‌رده‌وام بووین له‌پارێزگاری لێ كردنیان. راشیگه‌یاندوه كه هه‌ندێك له ئاماده‌بووانی خۆپیشاندانه‌كه كه به‌پێی زانیارییه‌كانی به‌ده‌ست ئێمه گه‌یشتوه‌و به‌ڵگه‌ی ته‌واومان لایه كه خوێندكار نین، ده‌ستیانكرد به به‌رد هاویشتن به‌ئاراسته‌ی هێزی چالاكی مه‌ده‌نی‌و هێرشكردنه سه‌ریان به چه‌قۆو بۆكس خه‌نجه‌ر، ده‌رئه‌نجامی ئه‌م كاره گرژی‌و ئاڵۆزیی دروست بوو چه‌ند ئه‌فسه‌رو كارمه‌ندێك و چه‌ند خوێندكارێك بریندار بوون به به‌ردو دار، برینداره‌كان چاره‌سه‌ری پزیشكیان بۆ ئه‌نجامدراوه‌و باری ته‌ندروستیان جێگیره. ده‌شڵێت وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیس ده‌رگامان كراوه‌یه بۆ خوشك‌و برا خوێندكاره‌كانمان بۆ هه‌ر تێبینی‌و گله‌یی‌و گازه‌نده‌یه‌ك له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان. پۆلیسی داوای له لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان كدروه به‌ده‌م داواكاریی‌و دابینكردنی ده‌رماڵه‌ی خوێندكارانه‌وه بچن، داوایه‌كیشی ئاراسته‌ی خوێندكاران كردوه و رایگه‌یاندوه "داوا له‌خوشك‌و برا خوێنكاره‌كانمان ده‌كه‌ین كه گردبونه‌وه‌و كۆبونه‌وه‌كانیان به‌شێوازی هێمنانه‌و شارستانیانه ئه‌نجام بده‌ن‌و نه‌هێڵن خه‌ڵكانی گومان‌لێكراو چالاكییه شارستانییه‌كه‌یان لێ تێكبده‌ن."
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "هیچ نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لە ڕێگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە له ساڵی 2021 نەھاتووە بۆ وەزارەتی دارایی تایبەت بە دەرماڵەی خوێندكاران". ئەمرۆ دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، "پێش 2014 دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه له په‌رله‌مانه‌وه تخصيصات بۆ دەرماڵەی خوێندكاران دانراوه و هه‌ر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوه خه‌رجكراوه‌و به هیچ جۆرێك نه‌هاتۆته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و په‌یوه‌ندی به داراییه‌وه نییه". ئەوەلە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تشرینی دووەمی 2021، لەهەریەک لە شارەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین، بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، گردبوونەوەی نارەزایەتیان بۆ نەگەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندن ئەنجامدا. ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە سەبارەت بە "دەرماڵەی خوێندكاران" یەكەم: ب بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە(1018) لە بەرواری 11/2/2014 بەهۆی قەیرانی داراییەوەخەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران ڕاگیراوە. دووەم: پێش ٢٠١٤ دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه له په‌رله‌مانه‌وه تخصيصات بۆ دەرماڵەی خوێندكاران دانراوه و هه‌ر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوه خه‌رجكراوه‌و به هیچ جۆرێك نه‌هاتۆته‌وه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و په‌یوه‌ندی به داراییه‌وه نییه. سێهەم: هیچ نووسراوێكی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی لە ڕێگای ئەنجومەنی وەزیرانەوە له ساڵی ٢٠٢١ نەھاتووە بۆ وەزارەتی دارایی تایبەت بە دەرماڵەی خوێندكاران .
هاوڵاتی پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند:" ئێمە وەک پارێزگای سلێمانی؛ پشتیوانیی لە داوا ڕەواکانتان دەکەین و دژی هەر توندوتیژیی و بەریەککەوتنێکین لە هەر لایەکەوە بێت". ئەمڕۆ دووشه‌ممه 22ی تشرینی دووه‌می 2021، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "ئێمە وەک پارێزگای سلێمانی؛ پشتیوانیی لە داوا ڕەواکانتان دەکەین و دژی هەر توندوتیژیی و بەریەککەوتنێکین لە هەر لایەکەوە بێت، پەیام و داواکارییەکانی ئێوەمان گەیاندۆتە وەزیری خوێندنی باڵا‌و توێژینەوەی زانستیی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەخوازین بەزوترین کات وەڵامی داوا ڕەواکانتان بدرێتەوە، پاراستنی ئارامیی و سەقامگیریی ئەرکی هەموومانەو پارێزەری هەر چالاکیی و ڕێگایەکی مەدەنیانە دەبین کە بە ئاشتیانە گوزارشت لە داخوازییەکان بکات". ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌خوێندكارانى زانكۆ‌و په‌یمانگه‌كان له‌سلێمانى خۆپیشاندانى ناڕه‌زاییان ئه‌نجامداو داواى خه‌رجكردنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌و دابینكردنى به‌شه ناوخۆییان كرد، دواتر هێزه ئه‌منیه‌كان به‌گازى فرمێسك ڕێژ ڕوبه‌ڕویان بونه‌وه.
شاناز حەسەن جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى ناوخۆ و ئاسایش له په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت:" ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى یاداشت و پێشنیاره‌کانى په‌رله‌مانتاران ناکاته به‌رنامه‌ى کاره‌وه و ته‌نیا ئه‌و یاسایانه هه‌موارده‌کاته‌وه که حکومه‌ت داواى لێده‌کات، واتا ته‌نها ئیش بۆ حکومه‌ت ده‌کات". باڵانبۆ محه‌مه‌د، جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى ناوخۆ و ئاسایش له په‌رله‌مانى کوردستان و ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت:" ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مان هه‌قه ناوبنرێت خولى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاسا، چونکه ته‌نیا ئه‌و یاسایانه‌ى حکومه‌ت داواى هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌کات ده‌خرێنه به‌رنامه‌ى کاره‌وه و یاداشتى ئێمه‌ى په‌رله‌مانتار که په‌یوه‌ندى ڕاسته‌وخۆى به ژیانى خه‌ڵکه‌وه هه‌یه پشتگوێده‌خرێن". ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که ته‌وه‌ره‌کان و یاداشتى په‌رله‌مانتاران تایبه‌تن به ژیانى ڕۆژانه‌ى خه‌ڵکه‌وه، بۆیه حکومه‌ت ڕه‌زامه‌ندیان له‌سه‌ر نادات و په‌رله‌مانیش به‌داخه‌وه ناتوانێت بیخاته به‌رنامه‌ى دانیشتنه‌کانه‌وه. باڵانبۆ محه‌مه‌د، وتیشى:" له‌هه‌موو دنیا حکومه‌ت مۆڵه‌ت له په‌رله‌مان وه‌رده‌گرێت و ته‌نیا لاى ئێمه په‌رله‌مان ده‌بێت مۆڵه‌تى دیاریکردنى هه‌ر ته‌وه‌رێکى دانیشته‌کان له حکومه‌ت وه‌ربگرێت". هاوکات په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کێتى پێشیوابوو له‌هه‌رێمى کوردستاندا کێشه‌ى جێبه‌جێنه‌کردنى یاسایان هه‌یه، نمونه‌ى یاساى چه‌کى باسکرد که له‌ساڵى 2003 ده‌رچووه و هه‌مو بڕگه‌کانى ته‌واو ڕونکراوه‌ته‌وه و ڕێگرى له‌هه‌ڵگرتنى چه‌کى بێ مۆڵه‌ت ده‌کات ده‌توانرێت به‌و پێیه هه‌موو ڕێکاره‌کان بگیرێته‌به‌ر. ناوبراو وتیشی:" پرسیار له حکومه‌ت ده‌که‌م ئه‌م چه‌کانه له‌کوێوه دێن، ئایا خۆیان نایهێنن، بۆیه که خۆیان چه‌ک ده‌هێنن ئه‌م سه‌رقاڵکردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان و میلله‌تى بۆ چییه، ئه‌وان که مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بێت دیارده‌ى تاوان زۆر بووه، به یه‌ک رۆژى ڕوداوه‌کانى هاتوچۆ به قه‌ت یه‌ک مانگى حاڵه‌ته‌کانى چه‌ک خه‌ڵکى پێى ده‌مرێت ئایا په‌نایان برده به‌ر چاککردنى ڕێگاوبانه‌کان، بۆیه با حکومه‌ت وه‌ڵامبداته‌وه چاککردنى ڕێگاوبانه‌کان گرنگه یان یاسایى چه‌ک. ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیى په‌رله‌مان به‌رنامه‌ى کارى دانیشتنى ژماره (٧)ى ئاسایى خولى پایزه‌ى ساڵى سێیه‌م له خولى پێنجه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان، بۆ ڕۆژى سێشه‌ممه 23ى تشرینى دووه‌مى 2021 دیاریکرد و سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانى بانگهێشتى دانیشتنه‌که ده‌کات. به‌رنامه‌ى کارى کۆبوونه‌وه‌که‌ى په‌رله‌مانى کوردستان به‌مشێوه‌یه‌یه: یه‌که‌م: خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌م بۆ ئه‌م پێشنیاز و پڕۆژه‌یاسایانه‌ى خواره‌وه، پشت به‌ستن به حوکمى بڕگه‌ى (دووه‌م و پێنجه‌م)ى مادده‌ى (٧٨) و مادده‌ى (٧٩) و بڕگه‌ى (یه‌که‌م)ى مادده‌ى (٨٣) له په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان: ١ . پێشنیازه‌یاساى (به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به خێزان و ئافره‌ت له هه‌رێمى کوردستان-عێراق). ٢ . پێشنیازه‌یاساى (هه‌موارى یاساى سه‌لماندن ژماره ١٠٧ى ساڵى ١٩٧٩و هه‌مواره‌کانى له هه‌رێمى کوردستان) ٣ . پرۆژه‌یاساى چه‌ک له هه‌رێمى کوردستان-عێراق. دووه‌م: ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى (هه‌موارى یاساى بزربووه‌کان له هه‌ڵمه‌ته‌کانى له‌ناوبردنى به‌کۆمه‌ڵى گه‌لى کوردستانى عێراق، ژماره (٣)ى ساڵى ١٩٩٩) به‌پێى حوکمى مادده‌کانى (٩٠، ٩١، ٩٣، ٩٦، ٩٧) له په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان. سێیه‌م: خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پڕۆژه‌یاساى (کۆمپانیا ئه‌منییه تایبه‌ته‌کان له هه‌رێمى کوردستان-عێراق) به‌پێى حوکمى مادده‌کانى (٨٧، ٨٨، ٨٩) له په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان.
هاوڵاتی ڕێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند:" ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناکشێتەوە". ئەمڕۆ دووشه‌ممه 22ی تشرینی دووه‌می 2021، برێت مەکگۆرک ڕێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدیداری مەنامە لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق‌و سوریا په‌یامێكى ڕ‌ونى ڕاگەیاندو وتى:"زۆر پرسیار لەبارەی کشانەوەی ئەمریکاوە دەکرێت، دەمەوێت بەڕونی پێتان بڵێم، ئەمریکا بۆ هیچ شوێنێک ناچێت‌و لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ناکشێتەوە". مەکگۆرک وتیشی:"ئەگەر ئێران تاقیمان بکاتەوە، هێزی سەربازی دژیان بەکاردەهێنین". مەکگۆرک هەڕەشەکانی توندتر کردەوەو وتی:"ئەگەر تاقی بکرێینەوە، بەرگری لەخەڵکی خۆمان دەکەین؛ ئەگەر پێویستبوو هێزی سەربازی بەکاردەهێنین، ئەگەر پێویستی بەهێزی سەربازی کرد ئەوا یەکلاییکەرەوە دەبێت، ناچینە نێو شەڕی تۆڵەسەندنەوە لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی سەر بەئێران، ئەوانیش ئەوە دەزانن کە ئەگەر وەڵامیان بدەینەوە، ئەوا یەکلاکەرەوە دەبێت"
هاوڵاتی بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند:" رێگە بە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی هەر بڕە پارەیەک دەدرێت لە 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی زیاتر بێت و لە 20 هەزار دۆلار کەمتر بێت، جا ئەو پارەیە هەر دراوێکی دیکەش بێت، بەو مەرجەی خاوەنەکەی ئاشکرای بکات کە ئەو بڕە پارەیەی پێیە و بەڵگە پێشکێش بکات لەبارەی مەبەست لە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی. ئەگەریش بەڵگەی سەلمێنەر نەبن دەبێت گەشتیارەکە بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە کە لە ماوەی 30 رۆژدا لە رۆژی ئاشکراکردنی بڕە پارەکە بەڵگەکان پێشکێش دەکات". ئەمڕۆ دووشه‌ممه 22ی تشرینی دووه‌می 2021، بانکی ناوەندیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت ئەو رێکارانە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی پارەیە لە سنوورەکانی عێراق و قۆستنەوەیەتی بۆ سپیکردنەوە "یان دابینکردنی پارە بۆ تیرۆر". ئاماژەی بەوەش کردووە، دەبێت هەموو گەشیاران پێی پابەندبن. لە راگەیێندراوەکدا ئەوەشی روونکردووەتەوە، ئەو رێکارانە بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆری ژمارە (39)ی ساڵی 2015 دەرکراون. بانکی ناوەندیی عێراق رۆژی یەکشەممە 21-11-2021 ئەو رێنوێنییانەی لە ماڵپەڕی خۆی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا دەڵێت، رێگە بە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی هەر بڕە پارەیەک دەدرێت لە 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی کەمتر بێت، بەبێ ئەوەی خاوەن پارەکە ئاشکرای بکات کە ئەو بڕە پارەی پێیە، جا ئەو پارەیە بە هەر دراوێکی دیکەش بێت. لە خاڵێکی دیکەشدا ئەوە خراوەتەڕوو، رێگە بە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی هەر بڕە پارەیەک دەدرێت لە 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی زیاتر بێت و لە 20 هەزار دۆلار کەمتر بێت، جا ئەو پارەیە هەر دراوێکی دیکەش بێت، بەو مەرجەی خاوەنەکەی ئاشکرای بکات کە ئەو بڕە پارەیەی پێیە و بەڵگە پێشکێش بکات لەبارەی مەبەست لە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی. ئەگەریش بەڵگەی سەلمێنەر نەبن دەبێت گەشتیارەکە بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە کە لە ماوەی 30 رۆژدا لە رۆژی ئاشکراکردنی بڕە پارەکە بەڵگەکان پێشکێش دەکات. بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، رێگە بە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی هیچ بڕە پارەیەک نادرێت لە 20 هەزار دۆلاری ئەمریکی زیاتر بێت، جا ئەو پارەیە بە هەر دراوێکی دیکەش بێت، بەڵکو دەبێت هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی ئەو بڕە پارەیە تەنیا لە رێگەی دەزگا داراییەکانەوە بێت. رونیشیکردووەتەوە، رێگە بە هێنانەژوورەوە و بردنەدەرەوەی هیچ بڕە پارەیەک نادرێت لە یەک ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر بێت، بە دراوی دیناری عێراقی بێت، ئەگەرچی خاوەنەکەی ئاشکراشی بکات کە ئەو بڕە پارەیەی پێیە، بڕە پارەکەش دەستی بەسەردا دەگیرێت و رێکارە یاساییەکان بەرامبەری دەگیرێنەبەر. هەروەها بەردە دەگمەنەکان و کانزا بەهادارەکان ئەگەر بەهایان زیاتر لە 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی بێت، دەبێت ئاشکرا بکرێن. لە دوایین خاڵیشدا بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، ئامرازە داراییەکان کە دەکرێت مامەڵەیان پێوە بکرێت لەلایەن هەڵگرەکەیەوە، یان بگوازرێنەوە لەنێو یان دەرەوەی عێراق لە رێگەی کەسێکەوە یان پۆستە و کارگۆ، کە بەهایان دەگاتە سەرووی 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی، دەبێت ئاشکرا بکرێن.
هاوڵاتی سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له مافی رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند:" سەرهەڵدانەوەی رواڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران و خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەبنە هۆكاری پشێوی، نەك خۆپیشاندانی مەدەنی ئاشتیخوازانەی خوێنكارانی زانكۆ كە داوای لانی كەمی مافەكانیان دەكەن. ئەمڕۆ دووشەممە 22ی تشرینی دووهەمی 2021، لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەشێك لە خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان، گردبوونەوەی نارەزایەتیان ئەنجامدا. لەم چوارچێوەدا لەبەردەم زانكۆی سلێمانی، بەشێك لە خوێنكاران گردبووەنەوەیەكیان رێكخست، شەقامی سەرەكی شاریان داخست، داوای دەرماڵەكانیان دەكرد كە ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه راگیراوه. سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكی له مافی رۆژنامه‌نووسان له راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند: هیچ دڵنیاكردنەوەیەكی رەسمی بۆ ئەو داخوازیانە رانەگەیه‌نراوە، به‌ڵام هێزە ئەمنییەكان داری كارەبایی و گازی فرمێسكڕێژیان بەرامبەر بە خوێندكاران بەكارهێناوە، بەو هۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێك و میدیاكارێك ئازاریان پێگەیشتووە. سەنتەری میترۆ ده‌ڵێت: "هەموو رواڵەتێكی توندوتیژی رەتدەكەینەوە پێمان وایە سەرهەڵدانەوەی رواڵەتەكانی توندوتیژی بەرامبەر بە میدیاكاران و خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هۆكاری پشێوین، نەك خۆپیشاندانی مەدەنی ئاشتیخوازانەی خوێنكارانی زانكۆ كە داوای لانی كەمی مافەكانیان دەكەن".
هاوڵاتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنساوە دۆخی کۆچبەرانی سەر سنوری و پۆڵەندا و مانەوەی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تاووتوێ کرد رێککەوتن کە تیمێکی تەکنیکی لە پاریسەوە سەردانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بکات. لەبارەی دۆخی کۆچبەرانەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و جان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هاوڕابوون کە "ئەوان بوونەتە قوربانیی دەستی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان و گەمەیەکی سیاسی". بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە گەڕانەوەی سەدان کۆچبەر بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق داوە و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی دەربڕیوە بۆ هەر هاریکاری و هەماهەنگییەکی پێویست لەپێناو گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کۆچبەرانەی ماون. مەسرور بارزانی داوایشی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کردووە "رۆڵی خۆیان لە گەیاندنی فریاگوزاری بەو کۆچبەرانەی لە سنووری بێلاڕووس - پۆڵەندا گیریانخواردووە، بگێڕێت". وەکو لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، "وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە پێزانینەوە باسی لەو رێکارانە کردووە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گیراونەتەبەر بەرامبەر ئەو تاوانبارانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە بەپەلە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا هەماهەنگییان کرد و هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیان دا". سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە تیمێکی تەکنیکی لە پاریسەوە سەردانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بکات بۆ بەدواداچوون و گرتنەبەری رێکاری پێویست. هەردوولاش هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەنێوان هەردوولادا.
هاوڵاتی سەرۆکی بێلاڕوسیا رایگەیاند:"ئامادەکاری دەکەن بۆ رێکخستنی گەشتێکی دیکەی ئاسمانی لە کۆتایی ئەم مانگەدا بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران. ئەلێکساندەر لوکاشێنکۆ، سەرۆکی بێلاڕوسیا رایگەیاند:" نایەوێت وڵاتەکەی لەگەڵ پۆڵەندا بەهۆی پرسی کۆچبەرانەوە تووشی پێکدادان ببێت، کە پێدەچێت سەربکێشێت بۆ جەنگ. سەرۆکی بێلاڕووس ئاماژەی بەوەش کردووە، پەیوەست بە پرسی کۆچبەران، چاوەڕێی وەڵامی یەکێتیی ئەوروپان بۆ وەرگرتنی 2000 کۆچبەر، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەکردوون، دەشڵێت، "ئێمە دەبێت داوا لە ئەڵمانیا بکەین کۆچبەران وەربگرن". لوکاشێنکۆ ئەوەی خستووەتەڕوو کە پێویستە پۆڵەندا بیر لە چۆنێتی گفتوگۆکردن لەگەڵ رووسیا و چین بکاتەوە ئەگەر رێگەی شەمەندەفەری سنوورەکەی دابخات، دەشڵێت "ئەوان چین و رووسیا تووندن و بە خێرایی وەڵامی پۆڵەندییەکان دەدەنەوە". هەر لەوبارەیەوە سەرۆکی بێلاڕووس گوتووشیەتی، "هەڕەشەکانی پۆڵەندا بۆ داخستنی رێگەی شەمەندەفەر، بێلاڕووس دەتوانێت کاردانەوەی پێچەوانەی هەبێت و پێویست بەوە بکات کە رێگەکەی بگوازێتەوە بۆ ئۆکراینا". پێشتر لوکاشێنکۆ لەبارەی دەرەنجامەکانی هەڕەشەکان لە دژی وڵاتەکەی، هۆشداریی دایە سیاسییەکانی پۆڵەندا لە داخستنی سنووری ئەو وڵاتە و گوتیشی، "ئەگەر دەتانەوێت ئەو کارە بکەن، کەوایە بیکەن. ئەگەر پێتانوایە کە ئەوە چارەسەرێکی باشترە، کەوایە بەردەوامبن". وڵاتانی رۆژئاوا بێلاڕووس بەوە تۆمەتباردەکەن کە کۆچبەرانیان بردووەتە سەر سنوورەکانی ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا سنووری پۆڵەندا و لیتوانیا و بەڵێنی پەڕینەوەی ئاسانیان بۆ نێو خاکی یەکێتییەکە پێداون. بێلاڕووسیش ئەوە رەتدەکاتەوە و رەخنە لە یەکێتیی ئەوروپا دەگرێت کە کۆچبەران وەرناگرێت. سەرۆکی بێلاڕووس باسی لەوەش کرد، "ئەنگێلا مێرکل راوێژکاری ئەڵمانیا بەڵێنی پێداوم کە تاوتوێی کێسەی کۆچبەران لە ئاستی یەکێتیی ئەوروپا دەکات، بەڵام نەیانکردووە".
هاوڵاتی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى گرژییه‌كانى ئه‌مڕۆى سلێمانى په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه و رایگەیاند:" له‌یه‌كه‌م هه‌فته‌ى ده‌ستبه‌كاربونم ئه‌و داواكاریه‌م به‌رزكرده‌وه‌و داوا له‌خوێندكارانیش ده‌كه‌م یاداشتێك به‌رزبكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى دیكه ئیشى له‌سه‌ر بكه‌ینه‌وه". ئەمڕۆ دووشه‌ممه 22ی تشرینی دووه‌می 2021، ئارام محه‌مه‌د وه‌زیرى خوێندنى باڵا‌و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌تى هه‌رێم له‌په‌یامێكدا بۆ خوێندكاران‌و گرژییه‌كان ڕایگه‌یاند، "داوام له‌د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر كرد هه‌وڵبده‌ن به‌هێمنى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خوێندكاران بكرێت‌و توندوتیژیان له‌دژ به‌كارنه‌هێنرێت، چونكه داواكاریه‌كانیان ڕه‌وایه‌و مافى خۆیانه". وتیشى:"چه‌ندجارێك له‌كۆبونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران باسى ده‌رماڵه‌مان كردوه، داواكاریشم ناردوه بۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران‌و له‌وێشه‌وه ڕه‌وانه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی كراوه، به‌ڵام به‌چه‌ند هۆكارێك داواكاریه‌كه جێبه‌جێنه‌كراوه". وه‌زیرى خوێندنى باڵا ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه، "هیوادارم خۆپیشاندانى خوێندكاران نه‌بێته ئه‌وه‌ى بڵێن ئێمه بیرمان خستنه‌وه، نا به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه خه‌مێكى گه‌وره‌ى من بوه‌و چه‌ندجارێكى دیكه‌ش ئه‌و هه‌وڵه‌م داوه، به‌ڵام داوایان لێده‌كه‌م یاداشتێك بنوسن‌و له‌ڕێگه‌ى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆ‌و پارێزگاره‌وه بۆ ئێمه‌ى به‌رزبكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رچى زوه له‌سه‌ر مافه‌كانیان بێینه ده‌نگ". ئه‌وه‌شى وت:"تائێستا هیچ داواكاریه‌كى خوێندكاران نه‌گه‌یشتۆته من‌و داوایان لێده‌كه‌م هه‌رچى زوه یاداشتێكم بۆ بنوسن، چونكه له‌یه‌كه‌م هه‌فته‌ى ده‌ستبه‌كاربونم وه‌ك وه‌زیرى خوێندنى باڵا‌و توێژینه‌وه‌ى زانستى حكومه‌ت كارم له‌سه‌ر ئه‌وه كردوه‌و به‌مافێكى ڕه‌وام زانیوه". ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌خوێندكارانى زانكۆ‌و په‌یمانگه‌كان له‌سلێمانى خۆپیشاندانى ناڕه‌زاییان ئه‌نجامداو داواى خه‌رجكردنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌و دابینكردنى به‌شه ناوخۆییان كرد، دواتر هێزه ئه‌منیه‌كان به‌گازى فرمێسك ڕێژ ڕوبه‌ڕویان بونه‌وه.
شاناز حەسەن به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ئاوی سلێمانی رایگەیاند:" بەهۆی شكانی ئەو بۆری ئاوەوە لە سەدا 70 گەڕەكەكانی ناو شاری سلێمانی بۆ ماوەیەكی نادیار بێ ئاو دەبن". ئەمشەو بۆری سه‌ره‌كی ئاوی دوكان – سلێمانی شكاو به‌وهۆیه‌وه ئاسته‌نگی هاتوچۆ بۆ شۆفێران درووستبوو لەئەمڕۆدا زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كانی سلێمانی بێ ئاودەبن. ئامانج جه‌لال، به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی ئاوی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:" بەهۆی بڕانی کارەبای لەناکاو لە هێڵی دوی ئاوی دوکان سلێمانی بوەهۆی شکانی بۆری پڕۆژەکە. وتیشی: "بەو هۆیەوە بۆ ماوەی زیاتر لە 24 كاتژمێر دابەشکردنی ئاو لە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری سلێمانی و تەواوی گەڕەکەکانی ناوچەی قڕگە و قەزاو ناحیەکانی شۆڕش و چەمچەماڵ و تەکێ و بازیان و گۆپاڵە و پیرەمەگروون دەوەستێت". باسی له‌وه‌شكرد: لە ئێستادا تیمەکانی بەڕێوه‌بەرایەتیمان سەرقاڵی چاکردنی بۆریەکه‌ن، بۆ ئەوەی بەزووترین کات ئاو بگاتەوە بە هاوڵاتیان بەڵام نازانین كەی دەتوانن بۆریەكە چاك بكرێت دابەشكردنی ئاو دەست پێبكاتەوە. له لایه‌كی دیكه‌وه زۆربه‌ی گه‌ڕه‌كه‌كانی سلێمانی ماوه‌ی 10 رۆژه دابه‌شكردنی ئاویان راگیراوه، به‌هۆی پاككردنه‌وه‌ی بۆرییه‌كانیان، ئامانج جه‌لال باسی له‌وه‌شكرد، بڕیاربوو ئه‌و گه‌ڕه‌كانه ئه‌مشه‌و ئاویان بۆ به‌ربدرێته‌وه، به‌ڵام دابه‌شكردنه‌كه كێشه‌ی تێكه‌وت به‌هۆی شكانی بۆری سه‌ره‌كییه‌وه. ئەمەش لەكاتێكدایە ئەمساڵ بەهۆی وشكەساڵیەوە كێشەی كەمئاوی بۆ زۆربەی گەڕەكەكانی شاری سلێمانی دروست بووە و زۆربەی ماڵان بە تەنكەر ئاوی پێویستیان دابین كردووە.
هاوڵاتی موقتەدا سەدر رایگەیاند:" نابێ دەستوەردان لە کاری دادوەری و دادگا بکرێت لە پرسی پەسندکردنی ئەنجامەکان کە کەسانێک دەیانەوێ بیانگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن رکابەریی گەورەترین فراکسیۆن بکەن بەمەبەستی رێگرتن لە حکومەتی زۆرینە کە نیگەرانبوون لە ئاماژەکانی دەرکەوتنی". ئەمڕۆ دووشه‌ممه 22ی تشرینی دووه‌می 2021، موقتەدا سەدر لە هەژماری خۆیدا لە تویتەر رایگەیاند: "ئێمە بەوپەڕی شانازیی و سەربەرزییەوە دەڵێین، کاری کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بە هەموو وردەکارییەکەوە بێگەرد و ورد و پیشەگەرانەیە؛ بۆیە دەستوەردان لە کاری کۆمسیۆن رەتدەکەینەوە؛ هاوکات جەختدەکەینەوە لە سەلامەتیی کارمەندانی کۆمسیۆن". رێبەری رەوتی سەدر راشیگەیاند: "هەموو گوشارە سیاسی و ئەمنییەکان کە دەخرێنەسەر کۆمیسیۆن لە یەکەم رۆژی کارکردنییەوە تاوەکو ئەمڕۆ رەتدەکەینەوە؛ بە شکۆ و رێزەوە پاڵپشتیی لە هەڵوێستە پیشەیی و بێگەردەکانی کۆمسیۆن دەکەم؛ بۆیە سوپاسی هەموو ئەندامانی کۆمسیۆن دەکەم، بەتایبەت برامان دادوەر جەلیل عەدنان خەلەف (سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق)". رێبەری رەوتی سەدر لە تویتەکەیدا هۆشداریش دەدات کە: "نابێ دەستوەردان لە کاری دادوەری و دادگا بکرێت لە پرسی پەسندکردنی ئەنجامەکان کە کەسانێک دەیانەوێ بیانگۆڕن بۆ ئەوەی بتوانن رکابەریی گەورەترین فراکسیۆن بکەن بەمەبەستی رێگرتن لە حکومەتی زۆرینە کە نیگەرانبوون لە ئاماژەکانی دەرکەوتنی". سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی تانەکان کە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دراون، عیماد جەمیل، ئەندامی فەرمانگەی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمیسیۆن ئەمڕۆ دووشەممە 22-11-2021 ئەنجامی تانە پێشکێشکراوەکان رادەگەیەنێت کە ژمارەیان 1436 تانەیە؛ لە دوو رۆژی داهاتوودا پرۆسەی بە دەست جیاکردنەوەی دەنگەکانی وێستگە تانەلێدراوەکان بەڕێوەدەچێت؛ دواتر ئەنجامەکە رەوانەی دەستەی دادوەریی دەکرێت و پاشان ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بە فەرمی رادەگەیەنین". عیماد جەمیل گوتیشی: "بڕیارە ئەمڕۆ ئاماژە بۆ ئەو پارێزگایانە بکرێت کە گۆڕانکاریی بەسەر کورسییەکانیان دێت؛ بۆیە رەنگە ناوی ئەو کەسانە رابگەیەندرێت کە تانەیان پێشکێش کردووە، بەڵام ناوی ئەو بەربژێرانە راناگەیەندرێت کە سەرکەوتوون لە ئەنجامی گۆڕانکارییەکان بەهۆی ئەو تانانە، چونکە راگەیاندنی ناوەکان لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی دەبێت". بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 بەڕێوەچوو؛ رەوتی سەدر 73 کورسی پەرلەمان، هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی 37 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 33 کورسی، یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 16 کورسی ، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا 33 کورسیان بەدەستهێناوە؛ هاوپەیمانیی فەتح کە لە خولی پێشووی پەرلەمان 47 کورسی هەبوو لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا 15 کورسی بەدەستهێناوە، هاوکات سەربەخۆکان زیاتر لە 35 کورسییان لە 329 کورسییەکەی پەرلەمان بردەوە.