هاوڵاتى فیدراسیۆنى سهراسهرى پهنابهرانى عێراقى رایگهیاند، ماوهیهکه کهسانێک بهناوى جۆراجۆرهوه خهریکى فریودانى خهڵکن که پارهیان لێ وهردهگرن که دهیان بهن بۆ کهنهدا، ئهو کهسانهى ئهم کاره دهکهن بهشێکیان خۆیان لهکهنهدان و بهشێکى دیکهشیان لهتورکیاو عێراقدان. فیدراسیۆنى سهراسهرى پهنابهرانى عێراقى راگهیهندراوێکى بڵاوکردهوه و رایگهیاند، "ماوهیهکه کهسانى نهفس نزم بهناوى جۆراجۆرهوه خهریکى فریودانى خهڵکین که پارهیان لێ وهردهگرن که دهیان بهن بۆ کهنهدا، ئهو کهسانهى ئهم کاره دهکهن بهشێکیان خۆیان لهکهنهدان و بهشێکى دیکهشیان لهتورکیاو عێراق وڵاتانى دیکهن که خهڵک له رێگهى پهیج وئهکاونت و گروپهکانى فهیسبوکهوه فریو دهدهن که گوایه ڤیزهیان بۆ وهردهگرن بهناوى خوێندن و بهناوى ئیش و رێگاى جۆراجۆرى دیکهوه". ههروهها ئاماژهى بهوهشکردوه، ئهوان رایگشتى رادهگهیهنن ئهوانه "کهسانى نهفس نزم و دورن له کارى یاساییهوه" بهناوى خهڵک هێنان بۆ کهنهدا پارهیهکى خهیاڵیان لێوهردهگرن و دواتریش ئهو کهسانه ناتوانن بگهن به کهنهداو پارهکهیان دهخۆن، "لێره دهمانهوێت پێتان رابگهیهنین هێنان بۆ کهنهدا لهرێگهى ئهم خهڵکه نهفس نزمهوه ئهسڵ وئهساسى نیه و تهنها ئهوهیه پارهکهتان دهخۆن، ئێمه لهنزیکهوه ئاگادارى هاتنى پهنابهر و کۆچ بهرانین بۆ کهنهدا". فیدراسیۆنى سهراسهرى پهنابهرانى عێراقى ئهم رێگایانهى بڵاوکردوهتهوه که هاوڵاتیان دهتوانن بگهنه کهنهدا یهکهم: رێگاکانى کۆچ کردن وهک سهرمایه گوزارى و خوێندن و ئیش کردن و خانهواده ھهر ھهموویان زۆربه روونى لهسهر سایتى وهزارهتى کۆچ و پهنابهران دانراوه به زۆربهى زمانهکان دوهم: Immigration and citizenship رێگاى دوهمیش ھاتنى پهنابهرانه. ساڵانه وڵاتى کهنهدا نزیکهى ده ھهزار کهس دهھێنێت بۆ کهنهدا لهرێگاى ئۆفیسهکانى نهتهوه یهکگرتوهکان که له وڵاتانى جۆراو جۆر بنکهیان ھهیه وه بهشێکى تر که زیاتر له ئێستا دا خهڵکى پهنابهر پێى دهگاته کهنهدا وه ژمارهیان نزیک بۆتهوه به 20 ھهزار پهنابهر به پێى ئامارى 2019 ئهم رێگایهش ناوى سپانسۆرى تایبهته که به چهند شێوهیهک پێکھاتون. سێیهم: رێکخراو گروپى کۆمهڵایهتى که لهلایان حکومهتى کهنهداوه رێگهیان پێ دراوه دهتوانن پهنابهر سپانسۆر بکهن که له ووڵاتى دوهمهوه خۆى به رێکخراوى نهتهوه یهکگرتوهکانهوه ناساند بێت و وهک پهنابهر ناو نوس کرابێت یان به پهنابهرى قبول کرابێت ئهم جار ئهو رێکخراوانه دهتوانن دهست به کارهکانیان بکهن به پشتیوانى کهس و کاریان یان رێکخراوه کۆمهلایهتیهکان نمونهى ئهمهش وهک فدراسیۆنى سهراسهرى پهنابهرانى عێراقی. چوارهم: پهنابهر دهتوانێت لهرێگهى رێکخراوه کۆمهڵایهتیهکان یان گروپى پێنچ کهسى سپانسۆر بکرێت به مهرجێک قبوڵى رێکخراوى نهتهوه یهکگرتوهکانى ھهبێت له وولاتى دوهم. پێنجهم: پهنابهر دهتوانێت له رێگهى چهندین رێکخراوى ترى کهنهدى کارى سپانسۆرى بۆ بکهن له بهر وهزعێکى تایبهتى که پهنابهر تێیدا ڕایکردوه وهکو کهیسى مناڵان و ژنانى تایبهت که له ژێر ھهرهشه دان به تایبهت لهو وڵاتهى دوهمیش که ژیان دهکهن که ئهمه نسبهتهکهى زۆر کهمه.
هاوڵاتى پهرلهمانى کوردستان هاووڵاتییانى ههرێمى کوردستان ئاگاداردهکاتهوه که بۆ خۆپاڵاوتن بۆ سهرۆکى دهستهى سهربهخۆى مافى مرۆڤ دهتوانن (CV)ى خۆیان پێشکهش بهبهڕێوهبهرایهتیى کاروبارى پهرلهمان بکهن. پهرلهمانى کوردستان له نوسراوێکدا بڵاویکردهوه، پاڵپشت به بڕگهى (دووهم و سێیهم) له ماددهى (پێنجهم)ى یاساى دهستهى سهربهخۆى مافى مرۆڤ ژماره (4)ى ساڵى 2010، ئاگادارى هاوڵاتیان دهکاتهوه بهمهبهستى خۆپاڵاوتن بۆ سهرۆکى دهستهى سهربهخۆى مافى مرۆڤ دهتوانن سى ڤى خۆیان پێشکهش به بهڕێوهبهرایهتى کاروبارى پهرلهمان و لیژنهکان بکهن لهماوهى 15 رۆژدا. ههروهها بهپێى مهرجهکانى پهرلهمانى کوردستان، دهبێت ئهو کهسهى سى ڤى پێشکهش دهکات هاوڵاتى ههرێمى کوردستان بێت و لێى نیشتهجێ بێت، لانیکهم بڕوانامهى سهرهتایى زانکۆیى ههبێت و له بوارهکانى مافهکانى مرۆڤ شارهزاو لێهاتوو بێت. هاوکات، بهپێ مهرجهکان: "دهبێت خوڕهوشتى باش بێت و بهتاوانێک یان کهتنێکى ئابڕوبهر حکوم نهدرابێت، هاوکات بهشدارى لهو تاوانهدا نهکردبێت که دهسهڵاته داپڵۆسیێنهرهکان ئهنجامیان دابێت".
هاوڵاتى سهرۆکایهتى دیوانى ئهنجوومهنى وهزیرانى حکومهتى ههرێمى کوردستان له نووسراوێکى رهسمیدا، که ئاراستهى وهزارهتى کارهباى کردووه، به رێژهى 15% له قهرزى کارهباى هاوبهشانى کارهبا تا 1/11/2020 خۆشبووه. لهو نووسراوه فهرمییهى وهزارهتى کارهبادا هاتووه :" دوابهدواى بڕیارى ئهم سهرۆکایهتییه، ژماره (51) له 5/5/2020، رهزامهندى درا لهسهر درێژکردنهوهى ماوهى لێخۆشبوون له قهرزى کارهبا به بڕى (%15) له هاوبهشانى کارهبا، تا بهروارى (1/11/2020) بۆ ئاگادارى و کارى پێویست". نووسراوه رهسمییهکهى سهرۆکایهتى دیوان، واژووى ئومێد سهباح، سهرۆکى دیوانى ئهنجوومهنى وهزیرانى بهسهرهوهیه دوێنێ دووشهممه (31/8/2020) به ژماره (4816) دهرچووه. بهرپرسانى وهزارهتى کارهباى حکومهتى ههرێم، چهندینجار ئاماژهیان بهوه کردووه دهیان ملیار دینارى هاوبهشانى کهرهبا، نهگهڕاوهتهوه بۆ وهزارهتى کارهبا.
هاوڵاتى نهوتى خاو له بازارهکانى جیهاندا بهبهرزى ماوهتهوهو بۆ ههر بهرمیلێک نهوتى برێنت نزیکهى 46 دۆلاره. ئهمڕۆ سێشهممه 1ى ئهیلولى 2020 نرخى یهک بهرمیل نهوتى خاوى برێنت به 45 دۆلارو 93 سهنت مامهڵهى پێوه دهکرێت. ههروهها یهک بهرمیل نهوتى خاوى ئهمهریکا(تهکساس) به 43 دۆلارو 21 سهنت مامهڵهى پێوه دهکرێت. هاوکات یهک بهرمیل نهوتى خاوى ئۆپێک پڵهس به 45 دۆلارو 74 سهنت مامهڵهى پێوه دهکرێت. دۆزینهوهى ڤاکسینى دژه پهتاى کۆرۆنا و ململانێکانى چین و ئهمهریکا نرخى نهوتى خاوى بهرز کردووهتهوه. چاودێرانى بازارى نهوتى خاو ئاماژه بهوه دهدهن تا کۆتایى مانگى ئهیلول نرخى نهوتى خاو دهگاته 50 دۆلار.
هاوڵاتى بهڕێوهبهرایهتى کهشناسى و بومهلهرزهزانى ههرێمى کوردستان رهوشى کهشوههوا و پلهکانى گهرماى ئهمڕۆ سێشهممه و سبهینێ چوارشهممهى پارێزگاکانى راگهیاند، بهپێى پێشبینییهکان ئهگهری بارینى نمه باران له ناوچه شاخاویهکان ههیه. کهشناسى ههرێم کهشوههواى ئهمڕۆ و سبهینێى پارێزگاکانى "ههولێر، سلێمانی، دهۆک، کهرکوک"هوه ئهم زانیاریانهى خستهروو:
ھاوڵاتی، دیمەن ئیسماعیل دەیان کارگەی چەوو لم لەسەر رووباری سیروان لەناوچەی گەرمیان بوونەتە هۆکارى وێرانبوونى رووبارەکە، ئەگەرچی بەرپرسانی ناوچەکە وەکو سەرچاوەیەکی داھات سەیری دەکەن، بەڵام ژینگەپارێزی دەڵێت بەشێوەی «نازانستی» دەردەھێنرێن. بەرپرسانی ناوچەکە ھۆکاری مانەوەی کانەکان لەسەر رووبارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە بەلابردنى غەسالەکان یان دوورخستنەوەیان، زیانى ئابورى هەیە، دەڵین ئەو کارە دەبێتەهۆى گرانبوونى چەوو لم. ماوەی چەند رۆژێکە دەنگی ناڕەزایەتی لەناوچەکە دروستبووە لەسەر شێوازی دەرھێنانی کانزاکانی چەوو لم لەسەر رووبارەکە کەبوونەتە ھۆی گۆڕینی ئاڕاستەی ئاوی رووبارەکەو بڕینەوەی دارو کۆچکردنی باڵندەکان. دەنگە ناڕەزایەتیەکان داوادەکەن ناوچەکە بکرێت بەگەشتوگوزارو ژینەگەکەی بپاریزرێت و سەوزاییەکانی تێکنەدرێت. بۆ ئەم مەبەستە کەمپینێک لەناوچەکە راگەیانراوە. چالاکوان ئەیاد محەمەد دانیشتووى کەلارەو لەو کەمپینەدا بەشدارە بە هاوڵاتى وت «غەسالەکان رووباری سیروانیان وێرانکردووە، پابەندى رێنماییەکان نابن، ئەمە لەلایەک، لەلایەکى تریشەوە دارەکان بڕاونەتەوە کاریگەرى خراپى دروستکردووە، رووبارى سیروانیان بەرەو لەناوچوون بردووە». وتیشى «داوامان لەلایەنى پەیوەندیدار کردووە بۆ لابردنى غەسالەکان، دووربخرێنەوە بۆ شوێنێکى تر، ئەگەر زیادەڕەوى دەکەن سزاى قورس بدرێن، هەروەها یاساکان توندتر بکرێتەوە». ھەروەھا وتی «ئەمە زۆرى تێناچێت بۆ حکومەت، نازانین بۆ سزایەکى ئەوتۆ نادرێن، یاسا رێگەنادات یان بەرپرس و کەسى گەورە لەپشتیانەوەیە؟». سەرچاوەکانی رووبارى سیروان لە باشورو رۆژھەڵاتی کوردستانەوە ھەڵدەقوڵێن، ئەو بەشەى لەعێراقە درێژییەکەى نزیکەى (٤٢٠) کیلۆمەترەو بەناوچەی گەرمیاندا تێدەپەڕێت و لەخواروی بەغدا دەڕژێتە رووبارى دیجلە. عەبدولموتەلیب رەفعەت، بەڕێوەبەر لەبەڕێوەبەرایەتى ژینگەو سەرچاوەکانى ئاو لەگەرمیان بۆ هاوڵاتى وتى «ئەگەر ئەم رووبارە لەشوێنێکى تر بوایە دەکرایە شوێنێکى گەشتوگوزار، زۆرى غەسالەکان لەو شوێنە بوونەتە هۆى کۆچکردنى بەشێکى زۆرى زیندەوەران، جۆرى ئاوەکەشى تێکداوەو کاریگەرى لەسەر تەندروستى مرۆڤ هەیە، کەمى سەوزاییش لەلایەکەوە کەڕێژەى سەوزایى زۆر کەمە 5%ە» بەپێى ئامارى بەڕێوەبەرایەتى نەوت و کانزاکانى گەرمیان لەدەربەندیخانەوە تاوەکو باشوری کەلار (٢٧) کارگەى چەوو لم لەسەر رووبارەکە هەیە، مۆڵەتى یاساییان هەیەو کاردەکەن. یادگار فەتاح، بەڕێوەبەرى نەوت و کانزاکانى گەرمیان بۆ هاوڵاتى وتى «بەهەموو شێوەیەک پشتگیرى هەموو جۆرە کەمپینێک دەکەین بۆ پاراستنى رووبارى سیروان، ئەگەر لەدەرەوەى سنوورى خۆیان کاربکەن یان بڕێکى زۆر مەواد هەڵگرن، بەپێى یاساى رێکخستنى وەبەرهێنانى کانزایى، سزا دەدرێن». ھەموو کانێک مۆڵەتى یاسایى پێدەدرێت بەو مەرجەی چەند فەرمانگەیەک رەزامەندی لەسەر دەربڕن، کەئەوانیش بریتین لەبەڕێوەبەرایەتیەکانی دارستان و پاوان، ئیدارەى گەرمیان، قایمقامیەت، ژینگەو سەرچاوەکانى ئاو، شارەوانى، نەوت و کانزاکان. ھەندێک لەوانەی مۆڵەتیان وەرگرتووە دارەکان دەبڕنەوە یان گڕی تیبەردەدەن، بۆ ئەوەی رووبەرێکی زۆر چەوو لم دەربێنێت. یادگار فەتاح وتى «ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لەساڵى رابردووەوە لیژنەکەمان (٣٢) کانى چەوو لمیان سزاداوە، بەپێى یاسا کاریان نەکردووە، کارى بڕینەوەى دارو تێکدانى ژینگەى رووبارى سیروانیش لایەنى تر هەریەکەو یاساى خۆیان بەسەردا جێبەجێ بکەن». بەپێى یاساکان لەنەوت و کانزاکاندا ئەو چاڵانەى هەڵدەکەندرێت، دەبێت بەڕێژەى 50% پڕبکرێنەوە، ئەگەرچى رووبارەکە چاڵى زۆرى تێدایەو بەشێکیان کۆنن تاوەکو ئێستا پڕ نەکراونەتەوە. بەوتەى ئەو بەڕێوەبەرە لابردنى غەسالەکان یان دوورخستنەوەیان، زیانى ئابورى هەیە، دەبێتەهۆى گرانبوونى چەوو لم لەشوێنەکانى تر چوار قات دەفرۆشرێت. دورەید سەلیم، وتەبێژى ژینگەپارێزى گەرمیان بۆ هاوڵاتى وتى «ئێمە سەرچاوەیەکى سروشتیمان هەیە، خۆى لەچەوو لم دەبینێتەوە، بەشێوەیەکى نازانستى دەردەهێندرێت، ئەم میکانیزمە مەترسى هەیە، پەیوەندى بەلایەنى پەیوەندیدار هەیە، دەبێت هەر کەسەو لەلایەن خۆیەوە، هەوڵى بۆبدات تاوەکو ئەم تێکدانە راگرێن». وتیشى «ئەم زیادەڕەوییە بەردەوامە تاوەکو ئێستاش، نووسراوى فەرمیمان ئاراستەى ئیدارەى گەرمیان کردووە، هەندێک خاڵمان خستۆتە بەرچاو، بەشێکى تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، لە ١٤/٦ەوە لایەنى پەیوەندیدار بەم بابەتە ئاگادارکردۆتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کۆبوونەوە نەکراوە». بەپێى ئامارى دەستەى ژینگە لەگەرمیان رێژەى سەوزایى 5%ە کە بەپێى ستانداردى جیهان پێویستە ١٥% کەمتر نەبێت. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان وتی «سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان دەسەڵاتی تەواوەتی پێبەخشیوین تاڕێوشوێنی پێویست بگرینەبەر لەگەڵ ئەو شوێن و کەسانە کەزیادەڕۆیی دەکەن». یادگار فەتاح باسی لەوەشکرد لەسەر راسپاردەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، سەردانی مەیدانییان بۆ سەر رووباری سیروان کردووەو دوو کارگەی چەوولم-یان سزاداوە. وتیشی «بڕیاریشمانداوە بەتوندترین شێوە سزای دارایی بۆ ئەو زیادەڕۆکارانە بنووسین، بەجۆرێک لەبەرامبەر هەر مەترێک زیادەڕۆییدا پارەی سێ مەتریان لەسەر بژمێرین». بڕیارە کۆبوونەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی گەرمیان «لەنزیکترین» کاتدا ئەنجامبدرێت سەبارەت بەو کێشەیە، ئەوەش بەپێی وتەی هونەر مەحمود عەزیز بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی گەرمیان. هونەر مەحمود وتی «گرنگە شێوازو میکانیزمی پێدانی مۆڵەت و کارکردن بگۆڕدرێت، بەشێوەیەک بێت لەبەرژەوەندی خەڵک و رووبارەکە بێت». رووباری سیروان لەزنجیرە چیاکانی زاگرۆس لەڕۆژھەڵاتی کوردستانەوە لەنزیک شاری سنەوە ھەڵدەقوڵێت، پاشان لەنێوان ھەورامانەوە دێتە باشووری کوردستان، چەند جۆگەیەکی تریش لەناو ھەرێمی کوردستانەوە دەڕژێنە رووبارەکە، دواتر لەباشووری شاری بەغدادی پایتەختی عێراقەوە دەڕژێتە رووباری دیجلەوە. سیروان درێژییەکەی لەھەردوو دیوی کوردستان و عێراقدا دەگاتە (٤٤٥) کم. چەندین شاری دەکەونە سەر لەوانە دەربەندیخان، کەلار، باعقوبە. دوو بەنداوی لەسەر دروستکراوە کە بەو هۆیەشەوە دوو دەریاچەی دروستکردووە دەریاچەی دەربەندیخان و دەریاچەی حەمرینن. ئاوی رووبارەکە بۆ ئاودێری و راوەماسی بەکاردەھێنرێت سەرەڕای دەرھێنانی چەوو لم تێیدا، بەڵام وەکو گەشتوگوزار تائێستا سوودی لێ نەبینراوە.
ھاوڵاتی نزیکەی سێ ساڵە قسەو باسێکی زۆر هەیە لەسەر دیارنەمانی (27) ملیارو هەندێک جار (36) ملیار دۆلار لەخەزێنەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەشێک لەبەرپرسانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە؛ زۆربەی ئەو دۆلارانەی لەخەزێنەی حکومەتەوە بەبەهای (4200) تمەن بۆ هەر دۆلارێک، بەناوی بازرگانی و هاوردەکردنەوە بەکارهێنراوە بەقاچاخ لەبازاڕەکانی سلێمانی لەهەرێمی کوردستان کڕین و فرۆشتنی پێوەکراوە. جەواد کەریمی قدوسی، پەرلەمانتاری سەر بەفراکسیۆنی محافزکاران لەپەرلەمانی ئێران لەدانیشتنێکی تایبەت بەدۆخی ئابوریی وڵاتەکەی رایگەیاند؛ ساڵێ (2017) بەبڕیاری حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران (36) ملیار و یەک ملیۆن دۆلار لەخەزێنەی حکومەت کەوتووەتە دەست چەند باندێکی قاچاخچی و ماددە هۆشبەرەکان و لەڕێگەی ئەوانەوە ئەو پارەیە گەیەنراوەتە شاری سلێمانی لەهەرێمی کوردستان کە لەژێر دەسەڵاتی ئەمەریکاو سعودیەدایەو دوای ئەوەش نزیکەی (80) تۆن زێڕی ئێران بەهەمانشێوە رەوانەی چەند وڵاتێک لەناوچەکە کرا کەزۆربەی چووەتە هەرێمی کوردستان. جەواد کەریمی قدوسی پەرلەمانتارەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران جەختی لەوەکردووەتە دوای بەقاچاخبردنی دۆلارەکانی ئێران بۆ سلێمانی و زۆربەی زێڕەکەشی بۆهەرێمی کوردستان و چەند وڵاتێکی دراوسێ، کتوپڕ بەهای هەر دۆلارێک لەئێران گەیشتە (18) هەزار تمەن لەو سەردەمەداو ئێستاش بووە بە (23) هەزار تمەن و رۆحانیش بەو کارەی کەهەرەسی بەبەهای دراوی وڵاتەکەی هێنا، خۆی کردە پاڵەوانی چارەسەری قەیرانەکان لەکاتێکدا ئەو پاڵەوانی هەرەسی ئابوری و ماڵوێرانکردنی خەڵکی ئێران بوو. بۆچی زێڕی ئێران بەقاچاخ دێتە هەرێمی کورستان جگە لەو پەرلەمانتارە، میدیاکانی ئێران زۆر جار هەواڵی باقاچاخبردنی زێرو ئاڵتونیان لەوڵاتەکەیانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوەو رۆژنامەی (دنیای ئیقتیساد) لەئێران لەبابەتێکی تایبەت بە بەقاچاخبردنی زێڕی وڵاتەکەی روونیکردووەتەوە فرۆشتنی زێڕی ئێران لەوڵاتانی دەوروبەرو دراوسێ بەراورد بەفرۆشتنی لەناوخۆی وڵاتەکەدا (10%) سودی زیاترە، بۆیە هەندێک بازرگان پەنا بۆ بەقاچاخبردنی زێڕی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان دەبەن. دۆلارە دیارنەماوەکان بوونەتە بابەتی سەرەکیی رۆژنامەوانی لەئێران رۆژنامەی (مەردۆم سالاری) سەر بە ریفۆرمخوازان لەژمارەی (5201)ی رۆژی پێنجشەممە (26/7/2020) لەمانشێتی سەرەکیی لاپەڕەی یەکەمدا نووسیویەتی گومان هەیە لەسەر بەقاچاخبردنی (27) ملیار دۆلار بۆ شاری سلێمانی کەحکومەت بۆ مەبەستی هەناردەکردنی بازرگان و کۆمپانیاکان بەنرخی هەر دۆلارێک (4200) تمەن تەرخانی کردبوو. رۆژنامەی (مەردۆم ساڵاری) سەر بەحزبی مەردۆم سالاری و باڵی ریفۆرمخواز لەئێران لەمانشێتی سەرەکیی لاپەڕەی یەکەمدا نوسیویەتی (گومان هەیە لە بەقاچاخبردنی دۆلار لەئێرانەوە بۆ سلێمانی لەعێراق)و لەدرێژەی راپۆرتەکەیدا هاتووە؛ بەهای هەر دۆلارێک لەئێران گەیشتووەتە (24) هەزار تمەن و ئەمەش چەند هۆکارێکی سەرەکیی هەیە کە بەوتەی زۆربەی دۆلار فرۆشەکانی تاران و بازاڕی (فیردەوسی )، بڕێکی زۆری دراوی دۆلاری ئێران بەقاچاخ رەوانەی بازاڕەکانی دۆلار لەشاری سلێمانی دەکرێت، چونکە فرۆشتنی ئەو دۆلارانە بەراورد بەبازاڕی ناوخۆی ئێران قازانجێکی زیاتر دەکات و ئەمەش وایکردووە بازرگانە ئێرانییەکان کەدۆلاری هەرزانتری حکومیی بۆ مەبەستی بازرگانیی وەردەگرن، رەوانەی ئەو بازاڕانە بکەن و بەشێکیش لەو دۆلارانە بۆ ئێران و حکومەت ناگەڕێنرێتەوە. رۆژنامەکە روونیکردووەتەوە رەوانەکردنی دۆلاری ئێران بۆ سلێمانی کاریگەریی زۆری لەسەر بەرزبوونەوەی نرخ و کەمبوونەوەی رێژەی دۆلار لەبازاڕەکانی تاراندا هەبووە، بەڵام هەموو هۆکاری بەرزبوونەوەی دۆلار بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە، چونکە لەلایەکی دیکەوە حکومەت داوای گەڕانەوەی نزیکەی (20) ملیار دۆلاری خەزێنەی وڵاتەکەی لەسەرمایەداران و کۆمپانیاکان دەکات کەپێشتر بەنرخێکی هەرزان رادەستی کردبوون و ئەوانیش بەناچاری پەنا بۆ بازاڕەکان دەبەن بۆ کڕینی دۆلارو گەڕاندنەوەی قەرزەکانیان بەحکومەت. وەڵامی حکومەت بۆ دیارنەمانی دۆلارەکانی عەبدولناسر هیمەتی، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی ئێران بەبێ ئاماژەدان بەبڕی دیارنەمانی دۆلارەکە بەمیدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ حکومەت بەمەبەستی ئاسانکاریی و بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی کاڵا بۆ بازرگان و خاوەن کۆمپانیاکان، دۆلاری بەنرخی (4200) تمەن دیاری کردووەو لەو چوارچێوەیەدا (27) ملیار دۆلار رادەستی ژمارەیەک خاوەن کۆمپانیاو بازرگانەکان کراوە بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی دۆلار ئەو کەس و کۆمپانیایانە نەیانتوانیوە پارەکان لەکاتی دیاریکراودا بگەڕێننەوە خەزێنەی حکومەت و لەبەرامبەردا دەزگای داد دۆسیەی بۆ هەزارو (200) سەرپێچیکار کردووەتەوە و نزیکەی (420) کەس فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و لەئێستادا (250) کەسیان دەستگیرکراون کە تەنها (70) کەسیان بازرگانن و تەنانەت تۆماتبار هەیە تەنها کارتی بازرگانیی بەناوی ئەوەوە دەرکراوەو دۆلاری حکومی پێوەرگیراوە، بەڵام بۆ خۆی بێماڵ و حاڵەو لەسەر شەقامەکان دەخەوێت. هیمەتی روونیکردووەتەوە ژمارەیەک کەس و لایەن هەستاون بەتۆمارکردنی ناوی کەسانی نزیک و ناسراوی خۆیان وەک بازرگان و لەبەرامبەر بڕێک پارەدا کارت و پێناسەی بازرگانییان بۆ دەرکردوون، بەو ناوەوە دۆلاری (4200) تمەنیی حکومەتیان وەرگرتووەو روونیش نەبووەتەوە کە ئەو پارەو دۆلارەیان بەچ مەبەستیک بەکارهێناوە. محافزکاران بیانو بۆ دیارنەمانی ئەو پارانە دەدۆزنەوە رۆژنامەی (کەیهان) کە سەر بەباڵی توندڕەوی محافزکارانە لەچەند هەواڵ و راپۆرتی رۆژنامەوانیدا نووسیویەتی: لەڕاستیدا ئەو بڕە پارەو دۆلارەی کەچارەنووسی نادیارە تەنها (7) ملیار دۆلارە لەکاتێکدا حکومەت دەڵێت (27) ملیار دۆلاری بۆ بازرگان و کۆمپانیاکانی تایبەت بەهەناردەکردن تەرخان کردووە. هاوکات عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاین لەگەڵ کابینەی حکومەت بەسەرۆکایەتی حەسەن رۆحانی رایگەیاند؛ دیارنەمانی ئەو پارانە رەنگە هۆکارو پاساوێکی لۆژیکی لەپشتەوە بێت، بەڵام دەبێت حکومەت رێگریی بکات لەخەرجکردنی ئەو پارانە بەمەبەستی کڕینی خانوو زەوی لەوڵاتانی دەرەوە، ئەم قسەیەی خامنەیی بەجۆرێک هاوسەنگیی راگرتن لەنێوان حکومەت و ئەو لایەنانە لەقەڵەم دەدرێت کە رەخنە لەیەکتر دەگرن سەبارەت بەدیارنەمانی پارەکانی حکومەت. خامنەیی پێشتریش رایگەیاندبوو، بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە رەنگە بازرگانەکان نەیانتوانی بێت ئەو دۆلارانەی کە بەنرخێکی هەرزان لەحکومەتیان وەرگرتووە بەگەڕێننەوەو بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بۆ زیاتر لە (20) هەزار تمەن بۆ هەر دۆلارێک هۆکارێکی سەرەکیی ئەو بابەتە بووە. ئێرانییەکان زۆرترین زەوی و خانوو لەتورکیا دەکڕن گومان دەکرێت بەشێک لەو پارانە بەمەبەستی کڕینی خانوو زەوی لەتورکیا بەکارهاتبێت و رۆژنامەی (شەرق) کە رۆژنامەیەکی نیمچە ئەهلی و نزیک لەڕیفۆرمخوازانە بەناونیشانی (پارەکانی ئێران بەرەو تورکیا) راپۆرتێکی سەبارەت بەکڕینی (13) هەزارو (35) زەوی و خانوو لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە لەتورکیا بڵاوکردووەتەوەو ئاماژەی بەوە کردووە کەتەنها لەماوەی چوارساڵدا ئەو ژمارەیە لەکڕینی زەوی لەتورکیا روویداوەو هاوکات لەو ماوەیەدا ئێرانییەکان دوو هەزارو (721) کۆمپانیایان لەو وڵاتە دامەزراندووە، بەتۆمارکردنی ئەم ژمارانە پێش عێراقییەکان کەوتوونەتەوە لەکڕینی ماڵ و موڵک و دامەزراندنی کۆمپانیا لەتورکیا. رەزا کازمی، بەڕێوەبەری ژووری بازرگانیی پارێزگای تەورێز لەئێران بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە؛ تورکیا کۆمەڵێک یاساو رێسای بۆ وەرگرتنی ناسنامەی ئەو وڵاتە داناوە، کەهەر کەسێک دەتوانێ بە(250) هەزار دۆلار ببێتە هاوڵاتیی ئەو وڵاتە، ئەمەش وایکردووە سەرمایەکانی ئێران بەلێشاو بەرەو تورکیا بڕۆن. بازرگانە قەرزارەکان بوونە هۆی بەرزبوونەوەی دۆلار زۆربەی میدیاکانی ئێران لەکاتی بەرزبوونەوەی هەر دۆلارێکی ئەمەریکی بۆ (25) هەزار تمەن بڵاویانکردووەتەوە، چونکە بانکی ناوەندیی دوا مۆڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی دۆلارەکانی حکومەت بۆ بازرگانە قەرزارەکان دەستنیشان کردووە، ئەو بازرگانانە بەناچاری پەنایان بۆ کڕینی دۆلار لەبازاری ئازاد بردووەو کڕینی دۆلارێکی زۆر لەلایەن ئەوانە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی دۆلار لەئێران. هەواڵی دژبەیەک و ناڕون لەدەزگاو دامەزراوەکانی حکومەت حەمید زادبوم، جێگری وەزیرو سەرۆکی گشتی دامەزراوەی گەشەی بازرگانیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئیران (ئیرنا) رایگەیاند؛ تەنها نزیکەی (9.5%)ی بازرگانە هەناردەکارەکانی وڵاتەکە پابەندی بەڵێنەکانیان بوون بۆ گەڕانەوەی دۆلارەکانی حکومەت و لەماوەی ساڵێکدا نزیکەی (15) ملیارو (500) ملیۆن دۆلار گەڕێنراوەتەوە خەزێنەی حکومەت، کە بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی (21) هەزارو (184) بازرگان و کۆمپانیا لەماوەی ساڵێکدا لەئێران تۆمار کراوەو ژمارەی پێناسەی بازرگانیی لەوڵاتەکەی زۆر زیاتر لەژمارەی قەرزارەکان و تەنها (14)هەزارو (900) بازرگان و کۆمپانیا کەخاوەنی پێناسی بازرگانین پابەندی بەڵێنەکانیان بوون و نزیکەی (12) هەزار کەسیش کە هەریەکەیان کەمتر لە (150) هەزار دۆلاری حکومییان وەرگرتووە پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون و پارەکانیان نەگەڕاندووەتەوەو بەئەگەری زۆر پێناس و کارتی بازرگانییەکانیان بۆ هەمیشە بەتاڵ دەکرێتەوە. لەلایەکی دیکەوە محەمەد رەزا یەزدی، فەرماندەی سوپای (محەمەد رەسوڵەڵا)ی تاران سەر بەسوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەکەسێکی توندڕەوی باڵی محافزکار دەناسرێت رایگەیاندووە؛ لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا (80) هەزار ملیار تمەن لەسیستمی حکومیدا دزی کراوە کەدەکاتە سێ ملیارو (500) ملیۆن دۆلار، ئەمەش بەراورد بەبودجەی وڵاتەکەو بوونی (120) هەزار بەڕێوەبەرو چەند ملیۆن کارمەند ژمارەکە زۆر نییە، ئەگەرچی دزینی ریاڵێکیش لەخەزێنەی حکومەت و خەڵک زۆرە. لێدوانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران گومان لەسەر بڕی قەرزەکان دروستدەکات، پێدەچێت بڕی ئەو دۆلارەی نەگەڕێندراوەتەوە بۆ حکومەت زۆر زیاتر بێت لەو دوو ژمارەیەی کەزیاترین جار لەلایەن حکومەت و میدیاکانەوە وەک پارەی دیارنەماو یان پارەی بەقاچاخبراو بڵاوکراونەتەوە ئەویش بریتین لە(36) ملیارو (27) ملیار دۆلار، واتە دەتوانرێت بەپشتبەستن بەو لێدوانانە پارە دیارنەماوەکانی کۆماری ئیسلامی ئیران بەزیاتر لە (63) ملیار دۆلار بخەمڵێنرێت. برامان برایی کیسەمان جیایی هەندێک لەمیدیای ئۆپۆزسیۆن و نەیاری کۆماری ئیسلامی بڵاویانکردووەتەوە دوو باڵی محافزکارو ریفۆرمخواز هەریەکەو بەجۆرێک دەیەوێت قەیرانە ئابورییەکەی وڵاتەکەیان لەبەرژەوندیی خۆیان بقۆزنەوەو بەکەمترین زیان سەرکەوتن بۆ خۆیان و بەناوی خۆیانەوە تۆماربکەن، بۆیە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەڕێگەی سیستمی بانکی و دامەزراوەکانی خۆیەوە دوور لەچاوی حکومەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان خەریکی بەقاچاخبردن و فرۆشتنی بەرهەم و داهاتەو ئەمەش وایکردووە زۆر جار هەرێمی کوردستان و عێراق و ئەفغانستان و تورکیا بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنێت لەبەرامبەردا تیمی حکومەت بەسەرۆکایەتی رۆحانی دەیەوێت بەبەرزبوونەوەی بەهای دۆلارو زیادکردنی هەناردەکردنی بەرهەمە نانەوتییەکان قەرەبووی کورتهینانی بودجەی وڵاتەکەی بکات کەبەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووە، کەهەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی ئەو دوو باڵە سەرەکییەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەریەکەیان بە رێ و رێبازی خۆیان و بەسیستیمی برامان برایی و کیسەمان جیایی شێوازی خۆیان بۆ تێپەڕاندن و دەربازبوونی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و زیادکردنی داهاتەکانیان گرتووەتەبەر.
ھاوڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵاو تووێژینەوەی زانستی بڕیار لەسەر خوێندنی ئاوێتە دەدات بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەجۆرێک هەندێک لەڕۆژەکان بەئۆنلاین بێت و هەندێک رۆژیش خوێندکار ئامادەبێت لەزانکۆکان. دوای هاتنی شەپۆلی ڤایرۆسی کۆرۆناو داخستنی دەوامی فەرمی لەگشت دامودەزگا حکومییەکان و شوێنە گشتی و تایبەتەکان لەهەرێمی کوردستان، بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پرۆسەی خوێندن وەستێندرا، پاشان بەسیستەمی ئەلیکترۆنی بەردەوامی بەخوێندنی ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ درا، وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ساڵی نوێ سیستمی ئاوێتە پەیڕەودەکات. ئەم سیستمە جێگەی خۆشحاڵی هەندێ لەخوێندکارانە، بەوپێیە بەدەرفەتیکی دەزانن سوود لەکاتەکانیان وەرگرن بۆ کاری دیکە، بەڵام هەندێکیان سیستمەکەیان پی باش نیە، چونکە لەلایەک پێی رانەهاتوون، لەلایەکی تریشەوە پێویستیان بەئینتەرنێتی خێراو بەردەوامە کە رەنگە بۆ هەموویان دەستنەدات بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لەکاتیکدا هەندێک شوینی دوورە دەست ئینتەرنێتی پێنەگەیشتووە. سۆلاف گۆران، خوێندکاری زانکۆیە بە ھاوڵاتی وت «خوێندنی ئۆنڵاینم ١٠٠% پێ باشە، چونکە دەتوانم کاریش بکەم، نزیکەی دوو ساڵ دەبێت لەبەر خوێندنەکەم نەمتوانیوە کاربکەم و هیچ جێگایەک کارم پێنادات کەدەزانێت خوێندکارم، هەمووان دەزانین بارودۆخی ئابوری وڵاتەکەمان باش نیە، بۆیە نابێت پشت بەو موچەیە ببەسترێت کە چەند مانگ جارێک دێت، دەبێت خۆمان هەوڵبدەین کاربکەین». سۆلاف پێیوایە خوێندنی ئۆنلاین دەبێتە دەرفەتێک بۆ کارکردنی و دەڵێت «گەنجان زیاتر دەرفەتی کارکردنیان دەبێت لەتەنیشتی خوێندنەکەیان، چونکە رۆژانە کاتژمێرێک یان دوو کاتژمێر خوێندن بەئۆنلاین هیچ لەکاتی من ناگرێت گەر کارێکی قورسیشم هەبێت». وتیشی «رەنگە بەتەواوی تێنەگەم، بەڵام خراپیش نابێت گەر مامۆستاکان بەهەمان شێوەی ناو کڵاس وانە بڵێنەوەو گرنگی بەبابەتەکان بدەن». بەپێچەوانەی سۆلاف، سارا ئەحمەد پێیوایە ئەم سیستەمە «زیانی» دەبێت و ناتوانێت بەباشی وانەکان تێبگات، سارا وتی «من هەرگیز ناتوانم بەم سیستەمە خوێندن بکەم چونکە رانەهاتووم، هەموو کاتێک هێڵی ئینتەرنێتم نیەو لەڕووشم نایات بچمە ماڵی کەسێک داوای ئینتەرنێت بکەم «. وتیشی «بارودۆخی خێزانەکەم باش نیە تابتوانن ئینتەرنێت بۆ من دابین بکەن، هەروەها ناتوانم لەکاتی پێویستدا پرسیار لەمامۆستاکەم بکەم». بەرپرسانی خوێندنی باڵاو زانکۆکان دەڵێن پێویستە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ بارودۆخە تەندروستیەکەداو رێگایەک بدۆزنەوە هەم لەگەڵ خوێندکارو هەم لەگەڵ توانای زانکۆکانی کوردستان بگونجێت، بۆیە سیستمی ئاوێتەیان هەڵبژاژدوە. رەزا حەسەن، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەلێدوانێکیدا بە ھاوڵاتی وت «ئێمە تووشی حاڵەتێکی نائاسایی بووین لەجیهان و کوردستانیش بەتایبەتی وە لەناویاندا زانکۆکان کەتووشی حاڵەتێک بوون پێویستە خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا، بۆ ئەم مەبەستە پێویستە ئێمە رێگایەک بدۆزینەوە هەم لەگەڵ خوێندکار، هەم لەگەڵ توانای زانکۆکانی کوردستان بگونجێت، ئێمە بۆ ساڵی داهاتوو لەبەرنامەماندایە لەماوەیەکی کەمدا کە رێگەیەک بێت ئۆنلاین بێت و خوێندکار وانەکانی بەئۆنلاین بخوێنێت». وتیشی «چەند سیستەمێکی جیهانی هەیە کەزۆربەی زانکۆکانی کوردستان لەسەر ئەو سیستەمە دەڕۆن، پێمان وایە ئەو خوێندنە سەرکەوتوو دەبێت، چونکە تەجروبەی پێشترمان هەیەو پێشتر کردوومانە بەئەلیکترۆنی، هەموو خوێندکارێک لەگەڵ مامۆستاکەی و بەشەکەیدا ئیمەیلی هەیە، دەتوانین بەشێوەی ئەلیکترۆنی بخوێنین، بەڵام کێشەمان لەگەڵ وانە پڕاکتیکییەکاندایە، ئەو وانانەی پێویستە لەتاقیگەدا بخوێندرێت». سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد هەوڵدەدەین بەرنامەیەک دابنێین بەئەلیکترۆنی وانە بەخوێندکار بدرێت و لەهەمان کاتیشدا وانە پراکتیکییەکان بخوێندرێت لەهەفتەیەکدا، بەلایەنی کەمەوە جارێک وانەی پراکتیکی بخوێنن بەپێی رێنماییە تەندروستیەکان. وتیشی «رەنگە خۆشمان لەم رێگایە رازی نەبین، بەڵام ناچارین رێگەیەک هەڵبژێرین کە لەهەموو رێگاکانی تر باشتر بێت، راستە لەوانەیە هەندێ خوێندکار کێشەی هەبێت، بەڵام هیوادارین ئەم بارودۆخە بەزوویی تێپەڕێنین». لەم بارەیەوە وتەبێژی خوێندنی باڵا عەباس ئەکرەم بە ھاوڵاتی وت «هەتا ئێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندنی ساڵی تازەو هێشتا لەگفتوگۆداین». ئەگەرچی سیستمی ئۆنلاین سیستمێکی تازەیە بۆ خوێندکار، بەڵام بەشێک لەخوێندکارەکان بەسیستمێکی گونجاوی دەزانن. بەڵام هەندێک مامۆستا پێیان وایە هیچ شتیک ناتوانێ ببێتە جیێگرەوەی ناو پۆل. ئاشتی حەمە ساڵح، مامۆستای زانکۆی سلێمانی سەبارەت بەسیستمی ئۆنلاین بە ھاوڵاتی وت «هیچ شتێک ناتوانێت جێگرەوەی ناوپۆل بێت، چونکە لەپۆلدا داتاشۆ هەیە، پەیوەندی راستەوخۆت هەیە لەگەڵ خوێندکاردا، دەزانیت کاردانەوەیان چیە بۆ وانەکە، بەتایبەتی لەوانە پڕاکتیکییەکاندا، تەعاروف یەکێکە لەبنەما سەرەکییەکان بۆ ئەوەی بەرامبەر گوێت لێبگرێت و لێت تێبگات». وتیشی «لە سیستمی ئۆنلاین ئەم شتانە زەحمەتە و بۆ کۆمەڵگای ئێمە قورسە، چونکە رانەهاتوین، من بەڕێگایەکی ناچاری دادەنێم بۆ زانست، چونکە پڕۆسەیەکە زۆر قورسە بەئۆنلاین بکرێت، هیوادارم بتوانرێت سەرکەوتوو بێت، ئەگەر بەدەرەجەیەکی بەرزیش نەبێت با لە ١٠٠% نەبێت، لە ٥٠% بێت، بەڵام چارەنووسی خوێندکار بە فیڕۆ نەڕوات». وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی شەممەی رابردوو رایگەیاند بەڕەچاوکردنى بارودۆخى تەندروستى هەرێمى کوردستان، لەکۆبوونەوەکەدا چەندین پێشنیاز بۆ ئەنجومەنى وەزیران بەرزکرایەوە بەمەبەستى پەسەندکردنیان، کەبریتین لە: یەکەم: خوێندنى ساڵى نوێى ئەکادیمى لە 1/9 دەستپێدەکات و پێویستە ساڵى ئەکادیمى لە 30/6 کۆتایی پێبێت. دووەم: لەنێوان 20/9 تاوەکو 4/10 پرۆسەى خوێندن لەزانکۆو پەیمانگەکانی هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات، بەشێوەیەک زانکۆکان سەرپشکن و دەسەڵاتیان پێدەدرێت لەنێوان ئەم دوو رێکەوتە رۆژێک بۆ دەستپێکردنى خوێندنى ساڵى 2020-2021 دەستنیشان بکەن. سێیەم: سیستمى خوێندن بۆ ساڵى خوێندنى 2020-2021 بریتییە لەخوێندنى ئاوێتە واتە لەیەک کاتدا لەڕێگەی ئۆنلاین و هەروەها ئامادەبوونی خویندکار لە هۆڵەکانی خوێندن ئەنجامدەدرێت. چوارەم: خوێندنى وانە پراکتیکییەکان و تاقیکردنەوەى کۆرسەکان و کۆتایى ساڵ و تەتبیقاتى ناو نەخۆشخانەو تاقیگەکان و وانە تیۆرییە سەرەکییەکان لەناو کامپەس دەخوێنرێت، بەو واتایەى زۆربەى خوێندنى ساڵى نوێ لەناو کامپەس دەبێت. پێنجەم: ماوەى نێوان 1/9 تاوەکو 4/10 ئەو ماوەیە بۆ راهێنانى مامۆستایان بەکاردەهێنرێت، یاخود رێکخستنەوەى ساڵنامەى زانکۆو قەرەبووکردنەوەى وانە فەوتاوەکان. شەشەم: هیچ کۆرسێکى خوێندن لەزانکۆو پەیمانگەکان نابێت لە (15) هەفتە کەمتربێت. حەوتەم: بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆرۆنا، تەنها بۆ ئەمساڵى خوێندنى (2020-2021) لەنێوان زانکۆکانى هەرێمی کوردستان سیستمى میواندارى دەکرێتەوە، ئەویش لەنێوان بەش و سیستمى هاوشێوەدا دەبێت. هەشتەم: بۆ خوێندنى ئاوێتە، هەر زانکۆیەک ئەو پلاتفۆرمە ستانداردانەى خوێندن بەکاردەهێنێت کەیونسکۆ راسپاردەى دەکات. نۆیەم: لە 11/10/2020 پرۆسەى خوێندنى باڵا/ ماستەرو دکتۆرا دەستپێدەکات. وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژە بەوەدەدات، کۆى ئەم پێشنیازانەو چەندین پێشنیازى دیکەى پەیوەست بەپرۆسەى ساڵى نوێى خوێندن تاووتوێکران و دەخرێـتە بەردەم ئەنجومەنى وەزیران بەمەبەستى تاووتوێکردن و پەسەندکردنیان
هاوڵاتى پرۆژەیاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق کەهێشتا سەرۆک کۆمار پەسەندی نەکردووە؛ بووەتە جێگەی مشتومڕێکی زۆر لای هێزە سیاسییەکان چونکە ئەو شێوازەی پێشتر پارتەکان دەیانگرتەبەر بۆ بەدەستهێنانی کورسی ئێستا گۆڕاوە. رۆژی ٢٤ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەکەشێکی پڕگرژیدا دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای نوێی هەڵبژاردنەکاندا، پڕۆژەکە هەنێک گۆڕانکاری گەورەی کردووە، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە (329) کورسییەوە کەمکردووەتەوە بۆ (٢٥١) کورسی، بازنەی هەڵبژاردنەکانیشی لەئاستی پارێزگاوە بۆ ئاستی قەزا بچووک کردووەتەوە. بەڵام حزبەکان ناکۆن لەسەری و بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا شێوازی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق یەکلابکرێتەوە، هەر ئەمەش وایکرد دوێنێ هەریەکە لەیەکێتی و پارتی کۆبوونەوەیەک لەسەر ئەم باسە سازبکەن، لەکاتێکدا لەسەر چەنین کێشەو قەیرانی نێوانیاندا نەیانتوانیوە کۆبوونەوە سازبکەن بەهۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانیان لەمساڵدا. خەسرەو گۆران، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە وتی «لەگەڵ یەکێتی لەسەر ئاستی دەزگای هەڵبژاردنەکان کۆبوونەوەیەکمان ئەنجامدا بۆ هەماهەنگیی زیاتر لەبارەی یاسای نوێی هەڵبژاردنی عێراق، بڕیاردرا لەداهاتوودا دانیشتنی خولیمان هەبێت و هەماهەنگیشمان هەبێت، تا لەبارەی کۆمسیۆن و یاساکانی تایبەت بەهەڵبژاردن لەعێراق هەماهەنگ بین». راشیگەیاند لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆبوونەوە ئەنجامدەدەن بۆ ئەوەی یەکهەڵوێست بن و زەرەر بە دەنگدەری کورد نەدرێت لەناوچە کوردستانییەکان. گۆڕانکارییە گەورەکە چیە؟ بەپێی پڕۆژەیاساکە، بازنەی هەڵبژاردن لەپارێزگاوە بچووک دەکرێتەوە بۆ قەزاکان و هەر پارێزگایەک کەپێشتر یەک بازنەی هەڵبژاردن بوو، ئێستا دەبێتە چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن، لەنێو هەر بازنەیەکیشدا هەر کاندیدێک زۆرترین دەنگی هێنا دەبێتە براوە. بەپێی پرۆژەیاساکە هەر قەزایەک (100) هەزارکەسی تێدابێت دەبێتە بازنەیەکی سەربەخۆ، ئەگەر لەوەش کەمتربێ دەخرێتە سەر قەزایەکی تر، ئەوکات هیچ پارێزگایەک بەیەک بازنە هەژمار ناکرێت. ئەگەری هەیە لەناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان ژمارەیەک دەنگی کورد لەقەزاکاندا بفەوتێت و نەگاتە کورسی، چونکە دەنگی تەواوی پارێزگاکە کۆناکرێتەوە بۆ لیستەکان، بەڵکو دەنگی هەر بازنەیەک حساب دەکرێت و کاندیدی بەهێزیش رۆڵی دەبێت، ئەمەش لەکەرکوک ئەگەری هەیە کورد کورسییەکانی کەم بکات، ئەمەش چەند رێگەیەک هەیە بۆ چارەسەرکردن و قەرەبوکردنەوەی. ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگی قەزاکەی بەدەستهێناوە کورسی دەبات و بەپێی ریزبەندی دێتە خوارەوە، لەیاسای پێشتردا لیست دەنگەکانی حساب دەکران و بەپێی دەنگەکانی کورسی بەردەکەوت و بەپێی زۆرترین دەنگی نێو لیستەکەی خۆی کاندیدی دەردەچوو، بەڵام بەپێی ئەم یاسایە بەهێزی کاندید رۆڵێکی جددی هەیە و ئەمەش هەلێک دەڕەخسێنێ تا لیستی نوێ و کەسایەتی بەهێز چانسی بردنەوەی کورسییان هەبێ، ئەم جۆرە سیستەمەی هەڵبژاردن زۆر وردەو سەلیقەیەکی زۆری دەوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا. حزبە بچوکەکان دەبنە ژێر پێوە ئەو حزبانەی لەپارێزگایەکدا لاوازن و بەتەواوی پارێزگاکە جا توانیویانە کورسییەک یان دوو کورسی ببەنەوە، ئێستا ناتوانن چونکە دەنگی پارێزگاکە کۆنابنەوە بۆ لیستەکەی و لەهەر قەزایەکدا کەبازنەیەکی ئینتیخابیە، دەنگەکان دەفەوتێن و ناگەنە بەدەستهێنانی کورسی، بۆ نموونە پارتی لەپارێزگای سلێمانی گەر دوو کورسی پەرلەمانی عێراقی هەبووبێ بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ٢٠١٨، لەئەنجامی کۆبوونەوەی دەنگەکانی هەڵەبجە و پێنجوێن و شارەزوورو راپەڕین و گەرمیان کە یەک بازنە بووە بەشاری سلێمانیشەوە، ئێستا دەنگی قەزاکان ناگەڕێنەوە بۆ مەرکەزی سلێمانی کەبازنەیەکەو بەمەش ئەگەری بەدەستهێنانی کورسی لاوازدەبێت، ئەمە بۆ یەکێتیش تەواوەو ناتوانێت لەسنوری زەرد هیچ کورسییەک بەدەستبهێنێت، مەگەر بەدروستکردنی هاوپەیمانێتی. ئەگەرچی لەناو هەرێمی کوردستاندا زیان بەپارتە بچووکەکان دەکەوێت بەهۆی پڕۆژەکەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەریەکە لەیەکێتی و پارتی دەترسن دەنگیان لەناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان بفەوتێت. ئەوان دەڵێن یاساکه زیانی بۆ کورد زۆرهو چهندین کورسی پهرلهمانیی لهدهستدهدەن. کورد تێبینی لهسهر ماددهکانی 41 و 42ی یاساکه ههیه کهباس لهپاککردنهوهی تۆماری دهنگدهران دهکات بهتایبهتی لهدوای ساڵی 2003وه، کهئهمهش زیان لهو دهنگدهرانه دهدات که لهناوچه دابڕێنراوهکان راگوێزراونو دواتر گهڕاونهتهوه سهر زێدی خۆیان. بۆ حزبە بچوکەکان مەترسییەکە قورسترە، چونکە بەهۆی بچوکی قەبارەیانەوە لەهیچ بازنەیەکی بچوکی قەزاییدا ناتوانن دەنگ بهێنن کەبگاتە کورسیەک و دەنگی قەزاکانیشیان بۆ کۆنابێتەوە، تەنها ئەو لیستانە زیانمەند نابن کە چڕی دەنگدەرانیان لەناوچەیەکدا زۆر بەهێزە، بۆ نموونە هێزێک لەناو مەرکەزی سلێمانی بەهێزبێت و چڕی دەنگدەرانی لەو بازنەیەن یان هێزێکی تر رەنگە لەهەڵەبجە ژمارەیەکی باش دەنگی هەبێت، ئەمە وادەکات هەندیک هێز بتوانن دەنگی وەرگرتنی کورسی بەدەستبهێنن، بەڵام یەکێکی تر لەفلتەرەکان و کێشەکانی بەردەم هێزەکان، ماددەی شانزەیە، کە لەنێو بازنەکانیدا تاک رۆڵی تێدا هەیە، واتە کاندیدی تێدا کردۆتە سەنتەر. هێزە بچوکەکان ناچارن هاوپەیمانی پێکبێنن پڕۆژەکە پشتی بەبازنەی بچوک بەستووە، ئەگەر کادنیدێک بەهێز نەبێت ناتوانێت سەرکەوێت، بۆیە ئەو حزبانەی جەماوەریان لاوازە کاندیدەکانیان لەبازنەیەکی بچوکی (100) هەزاز کەسیدا ناتوانن سەرکەون بەهۆی لاوازی حزبەکانیانەوە لەڕووی جەماوەرییەوە، بۆیە رەنگە بیرۆکەی هاوپەیمانێتی بێتە ئاراوە. بۆ نموونە دەکرێت حزبە ئیسلامییەکان (یەکگرتوو، کۆمەڵ، بزوتنەوە هاوپەیمانیی پێکبێنن و رێکبکەون و هەر کەسەو لەقەزایەک کاندیدێک دابنێن پێکەوەودەنگی پێبدەن، چونکە رەنگە لەقەزایەکی (100) هەزار کەسیدا کەسیان نەتوانن دەنگی پێویست بەدەستبێن، بۆیە دەتوانن قەزاکان لەنێوان کاندیدەکانی خۆیاندا دابەش بکەن. بۆ نموونە لەقەزایەکی پارێزگای سلێمانی بۆئەوەی هێزەکانی تری دەرەوەی یەکێتی دەنگ بهێنن دەبێت پێکەوە رێکبکەون لەسەر چەند کاندیدێک و دەنگەکانی هەموویانی بۆ کۆبکەنەوە تابتوانن بگەنە کورسی پەرلەمانی، بەهەمان شێوە لەقەزایەکی سنوری هەولێر یان دهۆک دەبێت هێزەکانی دەرەوەی پارتی ببنە تیمێک بۆ ئەوەی لەسەر کاندید رێککەون و دەنگی بدەنێ تاهەموو کورسییەکان نەچنەوە گیرفانی پارتی. بۆیە ئەم یاسای هەڵبژاردنە گۆڕانکاری لەداڕشتنەوەی پەیوەندی هێزەکان دەکات و جارێکیتر هێزەکان رێکدەخاتەوە و هاوەپەیمانی نوێ دروستدەبێت و کێبڕکێکاری بەهێز دەبێت، جگە لەوەی چانسی دەرچوونی خەڵکی بەهێز زۆر دەکات و وادەکات هێزەکان ناچاربن کەسە بەهێزو خاوەن پێگەکان کاندید بکەن. جا ئەگەر کاندیدەکە کەسێکی کۆمەڵایەتی بێ یان سیاسی هەر کەسێکی گشتی بێت. کێشەی گەورەی ئەم جۆرە سیستەمانە ئەوەیە کەئاستی رۆشنبیری دەنگدەر زۆر رۆڵی تێدا دەبینێت و رۆڵی ناوچەگەری و عەشیرەت تێیدا زەق دەبێتەوەو حزب تێیدا لاواز دەبێت. پارتی: ئێمە لەگەڵ یەک بازنەیین بۆ هەموو عێراق خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی دوێنێیان لەگەڵ یەکێتی رایگەیاند هەوڵدەدەن بۆ دەستکاریکردنی پرۆژەکە بەجۆرێک ببێتە یەک بازنەیی. خەسرەو گۆران وتی «بەگوێرەی یاسای نوێی هەڵبژاردن هەر پارێزگایەک بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردندا دابەشدەکرێت، بەڵام بۆ ئێمەی کورد هەڵبژاردن یەک بازنەبێت باشترە نەک فرەبازنەیی، واتە عێراق هەمووی یەک بازنە بێت هاوشێوەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، ئەگەر بۆمان بکرێت ئێمە یەکبازنەیی جێبەجێ دەکەین». وتیشی «لەیەکەم هەڵبژاردنی عێراقدا لەساڵی ٢٠٠٥ سیستەمی یەکبازنەیی جێبەجێکرا، هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دەنگی کورد پەرت نابێت بەتایبەتی دەنگی کورد لەناوچەکانی کۆت و عەمارەو بەغداو دیالە بەفیڕۆناچێت، بەپێچەوانەوە فرەبازنەیی کاریگەری لەسەر دەنگی کورد دەبێت». روونیشیکردەوە، لەیەکەم هەڵبژاردندا لەبەرئەوەی یەک بازنە بوو، دەنگی کورد هەموو گەڕایەوە بۆ لیستە کوردییەکان و توانیمان (٨٠) کورسی بەدەستبهێنین، بەڵام ئێستا کەمتر لە (٦٠) کورسیمان هەیە، واتە (٢٠) کورسی کەمیان کردووە، جیاوازییەکەش بۆ یاسای هەڵبژاردن دەگەڕێتەوە. «فرەبازنەیی چەسپاوە و ناتوانرێت گۆڕانکاری تێدابکرێت» پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، بڕگەی فرەبازنەیی لەناو یاسای نوێی هەڵبژاردنەکاندا چەسپاوەو ناتوانرێت گۆڕانکاری تێدا بکرێت. فازڵ فەتلاوی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتی کە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پارتە سیاسییەکان پابەندن بەوەی بەخێرایی پاشکۆی یاسای هەڵبژاردنەکان تێپەڕێنن، کە پەیوەستە بەبازنەکانی هەڵبژاردنەوە، بۆ ئەوەش یەکەمین دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوینەران تایبەت دەکرێت بەتێپەڕاندنی ئەو پاشکۆیەی یاسای هەڵبژاردنەکان. بەقسەی فەتلاوی بڕگەی فرەبازنەیی لەناو یاسای نوێی هەڵبژاردنەکاندا چەسپاوەو گەڕانەوەی بۆ نییەو ئەوەشی راگەیاند، ناشکرێت هەر پارێزگایەک بکرێتە بازنەیەکی هەڵبژاردن، بەوپێیەی پەرلەمان دەنگی لەسەر ئەوە داوە، کە دەبێت بازنەی هەڵبژاردن لە ئاستی پارێزگا کەمتر بێت. تائێستا کوتلە سیاسییەکان لەسەر تێپەڕاندنی یاسای دادگای فیدراڵی رێکنەکەوتوون، کەئەویش یەکێکە لەپێویستییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، بەوپێیەی دادگای فیدراڵی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن پەسەند دەکات. کەمکردنەوەی رۆڵی ئافرەت، کێشەی سەرژمێری و مەترسییەکانی ساختەکاریی شێوازی دابەشکردن بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی ئەو قەزایە دیاری دەکرێت کەسەرژمێرییان تیدانەکراوە، لەکاتێکدا پشت بەژمارەی دانیشتوانی پارێزگایەک بەشێوەیەکی هەڕەمەکی دەبەسترێت. هەروەها بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە زۆربەی قەزاکان بێ نوێنەری ئافرەت دەبن، تەنیا لەسەر ئاستی پارێزگا نوێنەری ئافرەت دەبێت ئەمەش پێچەوانەی مادەی (٤٩)، بەندی چوارەم لەدەستور دەکات، کەدەڵێت (یاسای هەڵبژاردن رێژەی ٢٥% بۆ بەشداریکردنی ئافرەتان دیاریکردووە. دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن بەم شێوازەی کەئێستا هەیە کە لەسەر بنەمای قەزا دابەشکراوە، ئەمەش دەرفەتی گەورەی ساختەکاری تێدا ئەنجامدەدرێت بەتایبەتی ئەو شوێنانەی هەژموونی حزب و گروپ و مەزهەب زاڵە. چونکە لەناو بازنەی بچوکدا ساختەکاری زۆر ئاسانترە لەبازنەی فراوان، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی هەژموونی حزب و مەزهب زاڵە. گرفتە یاساییەکان لەلایەکی ترەوە سنووری قەزاو ناحیەکان یەکلایی نەبووەتەوە، بۆ نموونە هەندێک ناوچە لەوەزارەتی پلانداناندا ناحیەیە، بەڵام لەوەزارەتی بازرگانیدا لەلیستی قەزادایە، ئەمەش گرفتی زۆر بۆ خودی یاساکە دروستدەکات و ئەستەمە لەم قۆناغەدا سەرکەوتووبێت. حزبە شیعە دەستەڵاتدارەکان لەڕێگەی یاسایەکی لەم جۆرە دەیانەوێت بازنەکان کۆنترۆڵ بکەن، بەتایبەتی ئەگەر هەر کاندیدێک سەربەچینێکی مامناوەندو خوارتر بێت چۆن دەتوانێت بچێتە نێو ئەم پرۆسەیە (هەڵبژاردن)، جگە لەوە ئەمە کوژاندنەوەی حزبە بچوکەکانە، بەگشتی گەورەترین زیان بەکیانە سیاسییە بچوکەکان دەکەوێت، لەبەرئەوەی ئەو کیانە بچوکانە ناتوانن لەسەر ئاستی فرەبازنەیی و قەزاکان دەنگ کۆبکەنەوەو ناتوانن یەک کورسی پەرلەمانیش بەدەستبهێنن، چونکە جەماوەرو دەنگەکانیان پەرشوبڵاوە. ئەگەر قەزایەک لە (١٠٠) هەزار دەنگدەر کەمتر بوو، ئەوە دەخرێتە سەر قەزایەکی دیکە کەدەنگەکانیان لە (١٠٠) هەزارو پتر بێت، ئینجا بازنەی هەڵبژاردنەکە دیاریدەکرێت. ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تەنیا سێ بژاردەی لەبەردەمدایە بۆ چارەسەکردنی کەموکوڕییەکانی یاسایەکە، لەوانە کۆکردنەوەی قەزاو ناحیەکان لەفەرمانگەی هەڵبژاردنێک واتە چەند قەزاو ناحیەیەک بکرێنە یەک فەرمانگە، بەمەرجێک رەچاوی کورسی کۆتا بۆ ئافرەتان بکرێت، بژاردەی دووەم ئەوەیە کە کار بۆ لکاندنی بازنەی هەڵبژاردن بکرێت تاڕادەی نزمترین ئاست بۆ هەر بازنەیەک چوار کاندید هەبن کە سێ کاندید رەگەزی نێر بێت و یەک کاندیدیش رەگەزی مێ بێت . بژاردەی کۆتایی گەڕانەوەیە بۆ سیستمی بازنەیی پارێزگاکان کێبڕکێ لەنێوان کاندیدەکان لەسەر بنەمای بەرزترین ئاستی رێژەی دەنگەکان، کە ئەمەیان گونجاوترینە بۆ ئێستای رەوشی عێراق . ململانێکان لەسەر زیاتر لە (80) قەزاو ناحیە لەسنوری پارێزگا جیاوازەکان بوونی هەیە و تائێستا یەکلایی نەکراوەتەوە، کەچۆن دەکرێن بەبازنەی هەڵبژاردن. ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ئەگەر سیستمی فرەبازنەیی بێت لەسەر ئاستی قەزاکان پەیڕەو بکرێت، ئەوە کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان زیانێکی گەورەی بەردەکەوێت و لەهەندێ شوێن و ناوچەدا کورسی پەرلەمانی لەدەستدەدات. بەشی زۆری سنووری چەندین قەزا لەناوچە کێشەلەسەرەکان دیاری نەکراوەو قەزا هەیە بەشێکی لەسەر هەرێمی کوردستانە و بەشێکیان کەوتوونەتە سنووری پارێزگای دیکە. بۆ نموونە قەزای دوز لێکێندراوە بەپارێزگای سەڵاحەدین لەکاتێکدا زۆربەی ناحیەکانی سەر بەپارێزگای کەرکوکن، مەخموریش بەهەمان شێوە لەڕووی کارگێرییەوە دابەشبووە. بەپێی ماددەی (١٥) هەموارکراو لەیاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق، پارێزگاکان لەیەک بازنەییەوە کرانە فرەبازنە، ئەویش بەپێی ژمارەی دانیشتوانی ئەو پارێزگایە و قەزاکانی دەبێت. بۆ نموونە شاری کەرکوک وەربگرین بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە: (١٢) کورسی دیاری کراوە ژمارەی دانیشتوانی: ١,٦٣٩,٩٥٣ پێکدێت لە ٤ قەزا هەریەک لە: ١- قەزای ناوەند (کەرکوک) ژمارەی دانیشتوانی (١,١٦٨,٦٩١) ٢- قەزای حەویجە ژماری دانیشتوانی (٣٠١,٠١٠) ٣-قەزای داقوق ژمارەی دانیشتوانی (٩٧,٦١٥) ٤-قەزای دبس ژمارەی دانیشتوانی (٧٢,٦٣٧) وەک لەیاساکەدا هاتووە دەبێت ژمارەی دانیشتوانی هەر قەزایەک سەرووی (١٠٠) هەزار کەس بێت، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەو رێژەیە تەواو نەکات دەچێتە سەر قەزایەکی دیکە، چونکە بۆ پڕکرنەوەی هەر کورسییەک پێوستی بە (١٣٦,٦٦٣) دەنگدەرە، ئەمەش لەحاڵەتی دەنگدانی ١٠٠٪ بەپێچەانەوە رێژەکە دادەبەزێ بەپێی ژمارەی دەنگدەر . کەواتە رێژەی کورسییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە دەبێت بۆ هەر قەزایەک: قەزای ناوەند (کەرکوک) : (٨,٥٥) قەزای حەویجە : (٢,٢٠) قەزای داقوق : (٠,٧١) قەزای دبس : (٠,٥٣) هەروەها ماددەی (15و 16)ی پرۆژەیاساکە زیان بەکورد دەگەیەنێت لەناوچە کێشەلەسەرەکان و هەروەها زیان بەهێزە بچوکەکانی ناوخۆی هەریم دەگەیەنێت، چونکە ماددەکە باس لەفرە بازنەیی بچوک دەکات، بەجۆرێک هەر قەزایەک (100) هەزارکەسی تێدابێت دەبێتە بازنەیەکی سەربەخۆ، ئەگەر لەوەش کەمتربێ دەخرێتە سەر قەزایەکی تر، ئەوکات هیچ پارێزگایەک بەیەک بازنە هەژمار ناکرێت. دەقی ماددەی 15 لەیاسای هەڵبژاردنی عێراق کەزۆرترین مشتومڕی لەسەرە ١- بازنەکانی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای فرەیی دابەشدەکرێن، لەهەر بازنەیەکدا بچوکترین بازنەی هەڵبژاردن قەزا دەبێت. ٢-ئەگەر ژمارەی دانیشتوانی قەزا کەمتر بوو لە (100000) سەد هەزار کەس ، ئەوا لەگەڵ نزیکتر قەزای هاوسێی دەکرێت بە یەک بازنەی هەڵبژاردن. ٣- پاڵێوراوەکانی هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای کەسی (فەردی) پێشکەش دەکرێن ، نەک لەسەر بنەمای لیست. ٤- لەهەر بازنەیەکی هەڵبژاردن پاڵێوراو کەسێکە کەزۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە.
هاوڵاتى سهرۆکى حکومهتى ههرێم بههاورێیهى وهزیرى ئاوهدانکردنهوه ڕێگهى خێراى ههولێر- دهۆک و شهقامى 150 مهترى شارى ههولێر بهسهرکردهوهو رایگهیاند:" ئهولهویهتى کابینهى نۆیهم بنیاتنانى ژێرخانێکى بههێزى ئابووریى و باشترکردنى ڕێگاوبانهکانى ههرێمى کوردستانه". ئهمڕۆ دووشهمه 31ى ئابى 2020 مهسرور بارزانى سهرۆکى حکومهتى ههرێمى کوردستان، سهردانى پڕۆژهى ڕێگهى خێراى ههولێر-دهۆک ( گۆپاڵ) ى کرد. سهرۆکى حکومهت به ئامادهبوونى دانا عهبدولکهریم وهزیرى ئاوهدانکردنهوه و نیشتهجێکردن، له نزیکهوه جێبهجێکردنى پڕۆژهکهى بهسهرکردهوه که پڕۆژهیهکى ستراتیجییه و ئاسانکارییهکى زۆر بۆ هاتووچۆى نێوان ههولێر - دهۆک و ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان ههرێمى کوردستان و تورکیا دهکات و به پێى ستانداردى ڕێگهوبانیى نێودهوڵهتى ئهنجام دهدرێت. بودجهى تهرخانکراو بۆ پڕۆژهکه ( 157 ) ملیۆن دۆلاره که ئێستا له قۆناغى کۆتاییدایه و بڕیاره له کۆتایى ئهمساڵ تهواو ببێت. دواتر مهسرور بارزانى سهرۆکى حکومهت قۆناغى یهکهمى پڕۆژهى شهقامى خێراى (150 ) مهترى شارى ههولێرى بهسهرکردهوه که درێژییهکهى 10 کیلۆمهتر دهبێت و بهشى یهکهمى له قۆناغى کۆتاییدایه و بودجهى ئهم بهشهى 131 ملیۆن دۆلار دهبێت. مهسرور بارزانى رایگهیاند:"خۆشحاڵم که ئهم پڕۆژه گرنگ و ستراتیجیانه له لایهن دهست و بازووى ناوخۆیى و کۆمپانیاکانى ههرێمى کوردستانهوه ئهنجام دهدرێن". ههروهها راشیگهیاند:" یهکێک له کاره له پێشینهکانى کابینهى نۆیهمى حکومهتى ههرێمى کوردستان ، بنیاتنانى ژێرخانێکى بههێزى ئابووریى و باشترکردنى ڕێگاوبانهکانى ههرێمى کوردستانه" .
هاوڵاتى وهزارهتى تهندروستیى حکومهتى ههرێمى کوردستان ئامارى 24 کاژێرى رابردووى تایبهت به ڤایرۆسى کۆرۆناى بڵاوکردهوه و رایگهیاند، 591 تووشبووى نوێى کۆرۆنا دهستنیشانکراون، 25 تووشبوو گیانیان لهدهستداوه و 370 تووشبوو چاکبوونهتهوه. بهپێى ئامارى وهزارهتى تهندروستی، له 24 کاژێرى رابردوودا پێنج ههزار و 211 پشکنینى تایبهت به ڤایرۆسى کۆرۆنا کراون، ئهنجامى پشکنینى 591 پشکنین پۆزهتیڤ بوون، که بهپێى پارێزگاکان بهمشێوهیه: 243 له دهۆک، 169 له ههولێر، 149 له سلێمانى و 30 له ههڵهبجه. دهقى راگهیێندراوى وهزارهتى تهندروستیى حکومهتى ههرێمى کوردستان: ڕاگهیاندراوى (٢٤) کاتژمێرى تایبهت به نهخۆشى ڤایرۆسى کۆڕۆناى نوێ COVID19 ژماره (١٨٧) ١. کهرهنتین: (هیچ هاوڵاتیهکى نوێ کهرهنتین نهکراوه) ٤١ هاوڵاتى له کهرهنتینن له ١ شوێنى جیاواز له پارێزگاى دهۆک ماونهتهوه. ٢. پشکنین: (٥٢١١ پشکنینى نوێ) (1777 ههولێر)، (٧٠٤ سلێمانی، ١٨٤ گهرمیان)، (٢٤٨١ دهۆک)، (٦٥ ههڵهبجه) ٣. تووشبوو: (٥٩١ تووشبووى نوێ) (١٦٩ ههولێر) (١١٥ سلێمانی، ٣٤ گهرمیان) (٢٤٣ دهۆک) (٣٠ ههڵهبجه) ٤. چاکبوون: (٣٧٠ چاکبوون) (٢٥٥ ههولێر) (٥٢ سلێمانی، ٤٣ گهرمیان) (٢٠ ههڵهبجه) ٥. مردن: (٢٥ مردن) (٩ ههولێر) (١٢ سلێمانی، ١ ڕاپهڕین) (٣ دهۆک) ئامارى گشتی: کهڕهنتین هاوڵاتى ٢١٨٧١ (٢١٨٣٠ دهرچوو) پشکنین ٣١٣٨٥٠ (١٢٥٦٧٤ ههولێر، ٨٧٩٥٠ سلێمانی، ٩٧٣١٩ دهۆک، ٢٩٠٧ ههڵهبجه) تووشبوون ٢٨٧٥٢ (١١٨٠٠ ههولێر، ١١٩٢٠ سلێمانی، ٤١٣٧ دهۆک، ٨٩٥ ههڵهبجه) چاکبوون ١٨٠٤٩ (٧٦٨٠ ههولێر، ٨١١٤ سلێمانی، ١٤٤٥ دهۆک، ٨١٠ ههڵهبجه) لهژێر چارهسهر ٩٦٢٩ (٣٧١٢ ههولێر، ٣٢٠٦ سلێمانی، ٢٦٤٣ دهۆک، ٦٨ ههڵهبجه) مردن ١٠٧٤ (٤٠٨ ههولێر، ٦٠٠ سلێمانی، ٤٩ دهۆک ، ١٧ ههڵهبجه) بۆ زانیارى زیاتر سهردانى داشبۆردى حکومهتى ههرێمى کوردستان بکهن لهم لینکه (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/). وێڕاى دهستخۆشى بۆ پزیشکان و کارمهندانى تهندروستى و ههموو تیمهکانى پزیشکى که له ئهرکدان، جارێکى تر داوا دهکهین هاووڵاتیان پابهندبن به ڕێنماییهکانى تهندروستى و دورکهوتنهوه له شوێنى قهڵهبالغ و دانانى ماسک و دهستکێش، وه لهکاتى پێویستدا پهیوهندى بکهن به هێڵى گهرمى ژماره (١٢٢). وهزارهتى تهندروستی حکومهتى ههرێمى کوردستان
سازدانی: ماردین نورەدین ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت لەبەرئەوەی سوتەمەنی پێویست نیە ناتوانن هەموو یەکەکانی کارەبای هەرێم کارپێبکەن، بەوهۆیەشەوە نزیکەی دوو هەزار مێگاوات یەکەی کارەبایان وەستاوە. ئومێد ئەحمەد لەم چاوپێکەوتنەی هاوڵاتى دا باس لەکارەکانی وەزارەتی کارەباو پیدانی کاتژمیرەکانی کارەبا دەکات، لەگەڵ چەند هەنگاویک کەگرتویانەتە بەر. یەکێک لەو هەنگاوانەی کەباسی دەکات گۆڕینی بەکارهێنانی گازوایلە بۆ غازی سروشتی، کە ئەمە خەرجی لەسەر وەزارەتی کارەبا کەمکردۆتەوە. وتیشی: «خەرجیەکانی گازوایل دەگاتە پێنج بۆ حەوت ئەوەندەی گازی سروشتی، ئەمە لەکاتێکدا غاز کەمتر ژینگە پیسدەکات و کەمتر کار لەتەمەنی یەکەکانیش دەکات». هاوڵاتى: چاکسازییەکانی وەزارەتی کارەبا کەی دەستیپێکردووەو گەیشتۆتە چ قۆناغێک؟ ئومێد ئەحمەد: وەزارەتی کارەباش وەک یەکێ لەوەزارەتە گرنگەکانی حکومەتی هەرێم دەستیکردووە بەجێبەجێکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی، لەسەر ئاستی کارگێڕی پێداچوونەوەی لایەنی خزمەت، لایەنی راژە، لایەنی پلەو ئیمتیازاتی دارایی و کارگێڕی کەدراوە بەکارمەندەکان هەموو ئەوانە پێداچوونەوەی بۆ کراوەتەوە، فەرمانگە بەفەرمانگە خەریکن و لەسەروبەندی کۆتاییەکەیدان کەهەمووی بەرزدەکرێتەوە بۆ وەزارەت، وەزارەت بەدەوری خۆی دەیدا بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەک لایەنی هەیکەلی وەزارەتەکان تواناکان لەسەر ئاستی کەشوهەوای لەبار لەکاتی لەبار بەپێی پسپۆڕی و بەپێی شەهادە، ئەوانە هەمووی پێداچوونەوەی بۆ کراوەتەوەو دەکرێتەوە بە بەردوەوامی هەتا دەگاتە قۆناغی کۆتایی. لەسەر ئاستی تەکنیکیش وەک گۆڕینی سیستمی کارپێکردنی یەکەکان لەگازوایلەوە کەخەرجیەکی زۆری ویستووە، بۆ غازی سروشتی، بەهەماهەنگی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی، بۆ ئەوەی بتوانین چاکسازیی لەخەرجییەکان و باشترکردنی رەوشی تەکنیکی و دارایی وەزارەت بکەین، دوای ئەو هەنگاوانە رەنگدانەوەیەکی پۆزەتیڤی دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی ئیشەکان، وەزارەتەکانی تریش خەریکن، ئەمە قۆناغێکی باش حکومەت دەباتە پێشەوە کەکۆمەڵێک لەلایەنی گەندەڵی لەبابەتی زیادە خەرجی و بابەتی چاککردنی بەڕێوەبردن کەخزمەتگوزارییەکانی پێ دەچێتە پێشەوە، هەموو ئەمانە ئێستا ئێمە لەوەزارەت خەریکین و هیوادارین بەپاڵپشتی هەموو لایەک بگەینە ئەنجامێکی باش. هاوڵاتى: بەهۆی ئەو هەنگاوانەوە چەند مێگاوات کارەبا زیادیکردووە؟ ئومێد ئەحمەد: بەدڵنیایی لەلایەنە تەکنیکیەکە کەئەوە لایەنێکی دیاری ئەو پڕۆسەیەیە کە باسمکرد، ئێمە لەماوەی رابردوو سەرەڕای قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەوەستاوین، نەک هەر پارێزگاریمان کردووە لەتوانای بەرهەم و تۆڕەکەو خزمەتگوزارییەکانی کارەبا لەو کاتەدا، بەڵکو بەرەوپێشەوە بردوومانە، لەپڕۆسەیەکی کەموێنەدا توانیومانە بەفرۆکەیەکی تایبەت لەکۆریاوە تیمی کۆرییەکان بێنین بۆ بەگەڕخستنەوەی وێستگەی خەباتی هەڵمی بەتوانای (300) مێگاوات، ئێستا لەکاردایە، هەروەها لەپیلانی پێش هاویندا لەگەڵ داناغاز تەنسیقمان کرد بۆ زیادکردنی بەرهەمی غاز کەتوانیمان بەو هۆیـەوە (200-250) مێگاوات کارەبا زیادبکەین، لەگەڵ وێستگەی کۆرمۆرو کێڵگەی خورمەڵە هەمان کارمان کرد کەتوانیمان لەوێش بەنزیکی (200-250) مێگاوات زیاد بکەین، هەموو ئەمانە لەگەڵ ئەو چاکسازییانە، لەگەڵ ئەو پارەیەی کەحکومەت خەرجی کرد بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنان، هەرچی زووە ئیشوکاری چاکسازیی لەیەکەکاندا کراو بەسوپاسەوە ئەو پارەیە دابینکراو خۆشحاڵانە دەرەنجامی هەبوو، کەئەمە هەمووی کردیە نزیکی (850) مێگاوات. توانای بەرهەم لەهەرێمی کوردستان زیادیکرد، کە لەماوەیەکی زۆر باشدا ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ قەیرانەکاندا، توانیمان بەو هۆیەوە کاتەکانی پێدانی کارەبا لەدوو سەخترین کاتەکانی مانگی گەرمای ساڵەکەدا کە بەبەراورد لەگەڵ ساڵی پاریشدا زیاد بکەین. هاوڵاتى: زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا بەهۆی چاکسازییەوە بووە یان زیادکردنی ژمارەی وێستگەکان؟ ئومێد ئەحمەد: گۆڕینی گازوایل بۆ گازی سروشتی ئەوە بۆ خۆی چاکسازییە، پڕۆسێسە و پلانە، ئەوە ریفۆرمێکی گەورەیە لەنێو بەڕێوەبردنی ئیدارەی وزەدا، ئەگەر هەمان ئەو یەکانەی مێگاواتەکە ئێستا کاری پێدەکەیت بەگازوایل کاری پێبکەیت خەرجییەکانی دەگاتە پێنج ئەوەندە بۆ حەوت ئەوەندە، ئەمە لەکاتێکدا غاز کەمتر ژینگە پیس دەکات و کەمتر کار لەتەمەنی یەکەکان دەکات. هاوڵاتى: لەکاتێکدا هەر باسی پێدانی 20-21 کاتژمێر کارەبا دەکرێت ئایا لەپلاندا هەیە موەلیدەی ئەهلی بەتەواوی نەمێنێت؟ ئومێد ئەحمەد: دیدی وەزارەت خۆی ئەوەیە ئێمە شتێکمان هەیە لەوەزارەت پێی دەوترێ ماستەرپلان، ئەگەر سەیری بکەین قۆناغەکانی ئەوەندە جوان دیارە رەنگە کەسێکی تەکنیکی زیاتر تێبگات، پڕۆژە دوو شتی پێویستە پارەو کات، ئەگەر پارەکە هەبێت و کاتەکەت لەبەردەست بێت، کەواتە ئێمە لەساڵێکدا دەتوانین ئەم دەست بەم قۆناغە بکەین لەساڵی داهاتوو، هەمیشە ئامانجێک هەیە لەوەزارەتی کارەبا پێی دەڵێن کارەبای (24) کاتژمێری و کارەبای یەدەگ، ئێمە لەڕووی ژێرخانی بەرهەمەوە نزیکی شەش هەزارو (٧٠٠) مێگاوات بەرهەممان هەیە، بەڵام کەسوتەمەنیەکە بەداخەوە لەگەڵیدا بەهاوشان نەهاتووە، ئەوە ئەوەیە کە لەو دوانەدا بگەیتە ئەو بەرهەمە، لەکاتێکدا کەقەیران هاتووەو گرفت دروست بووە کەوایکردووە پڕۆژەکانمان رابوەستێت لەوێستگەکانی گۆڕین، هێڵەکانی گواستنەوە، ئیشوکاری چاکسازیی، نەبوونی سوتەمەنی دروستدەکات و رامان دەوەستێنێت، لەدواجاردا ئێمە رانەوەستاوین بەپێی ئەو ئیمکانیەتەی کەهەیەو توانا ئەقڵیەکانی وەزارەتی کارەباو توانا مرۆییەکانی و خەمخۆری و دڵسۆزی و جوامێری ستافەکە کەبابەکەیان بردووە بەڕێوەو کارمەندانی چاکسازیی و ئێشکگری وێستگەکان، هەموو ئەمانە بەدەستێک خزمەتگوزاریەکەمان پێشکەش کردووە ئەوەی کەهەبووە، ئەوەی تریش بەدەستێکی تر بیرمان کردووەتەوە کەئەمە زیادبکەین، بۆیە وەزارەتی کارەبا ئامانجەکەی پێدانی کارەبای (24) کاتژمێرییە، کە کارەبا بوو بە (24) کاتژمێر دەتوانین کۆنتڕۆڵی خواست بکەین، ئێمە ئێستا لەناو دەستپێکردنەکەداین، وەزارەت بەسیاسەتە تازەکەی لەکابینەی نۆ بەم ستافەی کەهەیەو بەو توانایەی کەهەیە کار لەسەر زیادکردنی بەرهەم و کۆنترۆڵکردنی خواست و کەمکردنەوەی سەرپپێچیەکان دەکات بۆ بەیەکگەیاندنی خواست و بەرهەم لەخاڵێکدا کاتێک ئەو دووانە بەیەک گەیشتن ئۆتۆماتیکی کارەبا دەبێت بە(٢٤) کاتژمێر. هاوڵاتى: بڕیارە حکومەت لەڕێگەی کەرتی تایبەت کارەبا بدات بەموسڵ ئەم پڕۆژە گەیشتووە بە چی؟ ئەم پڕۆژەیە کار لەکەمکردنەوەی کارەبای ناوخۆی هەرێم ناکات؟ ئومێد ئەحمەد: لەڕابردووشدا ئەم تەنسیق و تەعامولە هەبووە، رۆژگارێک ئێمەش کارەبامان لەوان وەرگرتووە، رۆژگارێکیش هەیە ئێمە کارەبا دەدەین بەوان، ئێمە سەرباری قەیرانەکان ئەمساڵ دۆخی کارەبا بازدانێکی نەوعی بوو توانیمان تواناکانی کارەبا بەرزبکەینەوە و ژێرخانەکەمان شەش هەزارو (٧٠٠)ە، بەڵام لەبەرئەوەی سوتەمەنی پێویست نیە ناتوانین هەمووی ئیش پێبکەین، هەروەها نزیکی (2000) دوو هەزار مێگاوات یەکەمان راوەستاوە، حکومەتی عێراقی لەڕابردوودا ئەوەی کردووە ماوەیەک راوەستا، جارێکی دیکە پێشنیاریان کردەوە وتیان ئەو یەکانەی ئێوە کەڕاوەستاوە سوتەمەنی بۆ دابیندەکەین و کارەباکەی دەبەین، ئێمە لاریمان نەبوو لەمە، تەنیا ئەوە نەبێت کاریگەری نەبێت لەسەر بەرنامەی پێدانی کارەبای هاووڵاتیان و بەهیچ شێوەیەک کاریگەری نەبێت لەسەر تۆڕی کارەبای هەرێم، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەگەر ئێمە مەرجێکمان هەبێت بڵێین دەبێ یەکەیەک لەوێ ئیش بکات و دانەیەک لەوێ، لەپێناوی تۆڕی بەرژەوەندی کارەبای هەرێمە. هاوڵاتى: پێشتر پێشنیازی ئەوە کراوە کارەبا بدرێتە کەرتی تایبەت لەڕووی دابەشکردنەوە؟ ئومێد ئەحمەد: ئەوە شتێکی سروشتی و ئاساییە، رەنگە لەحکومەتی هەرێم یان لەهەرێمی کوردستان وەک سێکتەری کارەبا، رەنگە لەدواوە بین بەبەراورد لەگەڵ دنیا، ژێرخانی کارەبا لای کەرتی تایبەتە، ئێمە تا ئەم دەقەیە بەس وەبەرهێنەرەکان نەبێت کە محەتەی کارەبایان دروستکردووەو کارەبایان لێدەکڕین کەرتی تایبەتەو هیچ شتێکی دیکەمان نییە، بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت سودی زۆرەو لەدنیاشدا پیادە کراوە کەبریتیە لەوەی تۆ لەڕووی توانای دارایی، مرۆیی و ئیداری حوکمەت ئیمکانیەتی نیە ئەمانەی هەبێت، لەدەرەوە دەیهێنێت بەڕێکەوتنێک، بەئەقدێک بەشداری پێدەکات لەبەڕێوەبردنی سیستمەکە لەئیدارەدانی، ئەمە بەکۆمەڵێک مەرجی تایبەتمەند کەئامادەکراوە ئێستا لە کۆتاییەکیدایە کە بەشێوەیەکی وا دارێژراوە زۆرترین قازانجی هاووڵاتی تێدا بێت لەڕووی دارایی، ئاستی خزمەتگوزارییەکان، خێرا بەڕێوەچونی ئیشوکارەکان لەکۆکردنەوەی داهات، لەبەرژەوەندی حکومەت، هەموو ئەمانە لەنێو ئەو دۆکۆمێنتەیشنەدا هەیە. هاوڵاتى: لەکاتێکدا باسی پێوەری زیرەک دەکرێ بۆ پێدانی کارەبای 21 کاتژمێری بۆچی ناوچە هەیە کەکارەبای 16 کاتژمێرە؟ ئومێد ئەحمەد: لەهەرێمی کوردستان یەک ناوچەش نیە نەک بە (١٦) کاتژمێر بەفەرقی یەک کاتژمێر کارەبای کەمتر بێت، مەگەر محاویلەیەک کێشەی هەبێت و سوتابێت مرۆڤیش هەر نەخۆش دەکەوێت و دەچێتە نەخۆشخانە. هاوڵاتى: دابەشکردنی کارەبا لەشارەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر چ بنەمایەکە؟ ئایا جیاوازی لەدابەشکردن هەیە لەنێوان شارەکان؟ ئومێد ئەحمەد: لەماوەی رابردوودا پێدانی کاتەکانی کارەبا هەتا 2015 سەنگی مەحەک بوو، واتا لەزاخۆ ئەگەر (20) کاتژمێر کارەبا هەبووبێت، دەبووایە هەمان کاتژمێر لەهەولێرو سلێمانیش هەبێت، بەڵام لەدواییدا لەساڵی 2016 لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی ئەوکات کەبڕوایان وابوو هەر شارێک بەو سەعاتە کارەباییەی کەهەیەتی لەگەڵ شارەکانی تردا یەکسانە، چ رێژەیەکی بەرکەوتووە ئەو رێژەیەی بدەنێ خۆی چاکسازیی دەکات لەنێو سیستەمەکەی خۆیدا و یاریپێکردن و سەرپێچی ناهێڵێت، ونبوون بگێڕێتەوە، کاتەکانی پێدانی کارەبا سەربخات، لەدوای ئەوکاتەوە ئێمە تێستێکمان کرد بۆ هەرێمی کوردستان کەدەرەنجامی تێستەکە سەلماندی هەر شارێک بەم رێژە دیاریکراوە دەبێت کارەبای پێبدرێت، ئەمە تا ئەم دەقەیە ئەمە پیادە دەکرێت، ئەگەرچی ئەوەی ئێمە چەند جارێکی دیکە تێست کراوەتەوە تێستەکە بەعەدالەت وەک خۆی جێبەجێ دەکەین، بەڵام نایشارینەوە لەهەر کاتێکی تردا هەر رێگەیەکی زانستی تر هەبێت لەناوەندە ئەکادیمیەکان، لەزانکۆکان و لەخەڵکی پسپۆڕ هاوکارمان بێت بۆ ئەوەی رێژەی خواستی شارێک دەربێنین بەڕێژەی دانیشتوان، ئێستا بەڕێژەی دانیشتوان جاری واهەیە لەم تێستە ئاماژەی پێنەکراوە، ئەمە چۆن، چونکە شەرت نیە تاکێکی سلێمانی بەقەد تاکێکی هەولێر کارەبا بەکاربهێنێت یان رەنگە تاکێکی دهۆکی کارەبا جیاواز بەکاربهێنێت، ئەمە وەک بەکارهێنانی تاک، بەڵام وەکو دەرهێنانی خواستی شارێک ئێمە بەو رێگا زانستییەی کە هەمانبووە لەوەزارەتی کارەبا بەوپەڕی عەدالەتی و دادپەروەرییەوە جێبەجێمان کردووە، ئەگەر لەداهاتووشدا رێگەیەکی زانستی و ناوەندێکی زانستی هاوکارمان بوو، پێمان بڵێن ئەم رێگە زانستییە هەیە کەخواستی پێدەربهێنێت، ئێمە بەخۆشحاڵییەوە ئەگەر هەموو لایەک رازی بوون پێی جێبەجێی دەکەین.
هاوڵاتى، فرانس پرێس کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی داوای لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووه بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی یهعروبییەو رێدان بەهاوکاری پزیشکیی پێویست. (رێکخراوهی کۆمهکی مرۆیی کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی) داوای لەنەتەوەیەکگرتووەکان کرد بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی سنووری بەرەو باکوری خۆرهەڵاتی سوریا (رۆژاڤا) بۆ زیادکردنی ئهو پێداویستییە پزیشکیانهی لهکهمبوونهوهدان لەمیانهی زیادبوونی حاڵەتەکانی تووشبووندا بەڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19). دەروازەی سنووریی یەعروبییە، کەدەکەوێتە نێوان سوریاو عێراق، لەکانونی دووەمدا داخرا دوای ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەژێر فشاری روسیادا دەنگیدا، ئەمەش بووەهۆی کورتهێنانی هاوکاری بۆ ئهو ههرێمه سورییەی ژێردەسەڵاتی کوردەکان. رژێمی سوریا بەپشتیوانی روسیا ئەو هاوکاریانەی دابەشدەکرێن لەڕێی دەروازە سنوورییەکانەوە بەبێ رەزامەندی ئەوان؛ وەک «پێشێلکاریی» بۆ سەر سەروەرییەکەی دەبینێت. کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی رایگەیاند «کۆمیتەکە داوای لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی یەعروبییە بهڕووی هاوکارییەکاندا بۆ رێگریکردن لەبڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید-19.» سەرۆکی کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی، دەیڤد میلیباند وتی راگرتنەکە، لەتەمموزدا نوێکرایەوە، «کە ملیۆنان کەسی بهبێ دەرمانی پێویست و کەرەستە تەندروستییەکان هێشتۆتەوە لەناوەڕاستی ئەو پەتایەدا». دەسەڵاتە کوردییەکە (478) حاڵەتی تووشبوونی بە کۆڤید-19 لەناوچەکە تۆمارکرد، لهنێویاندا (28) حاڵەتی گیانلەدەستدان، بەڵام کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی رایگهیاند که ژمارەکان لەبەرزبوونەوەدان بەهۆی کەمیی رێژەی پشکنینهوه بۆ ڤایرۆسەکە. گروپە مرۆییەکە رایگهیاند که راگرتنە چەند مانگییەکەی دەروازەی یەعروبییە بۆته هۆی بەربەستدانان بۆ خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەناوچەکە، کەتەنیا (13) هەناسەدەری دەستکردو رێژەیەکی کەمی کەرەستەی خۆپارێزیی لێیە. کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی بەتایبەتی نیگەرانی دۆخی کەمپی هۆل بوو لهپارێزگای حەسەکە. کۆمیتەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی رایگهیاند کهناوەندی جیاکردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکەمپەکە دووچاری کەمیی کەرەستەی خۆپارێزی و «ژمارەیەکی کەم وێستگەی دەستشووشتن، قەرەباڵغیی قەرەوێڵەکان و سنوورداربوونی توانای ستافەکە» بووەوە. نەتەوەیەکگرتووەکان لەم مانگەدا رایگەیاند کە سێ کارمەندی تەندروستی لەهۆل تووشی ڤایرۆسەکە بوون، دەسەڵاتی کوردیش پێنجشەممە حاڵەتێکی دیکەی تووشبوونی لەوێ راگەیاند. سەرچاوەیەکی پزیشکی لە هۆل وتی دواهەمین حاڵەتی تووشبوون یەکەمین بوو لەنێو دانیشتوانهکهدا. گروپە مرۆییەکان هۆشدارییاندا لەبڵاوبوونەوەیەکی بەرفراوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەباکوری خۆرهەڵاتی سوریا کە ئهو قەیرانه مرۆییهی ههیه هێندهی دی سهختتر دهکات، لهنێویاندا کورتهێنانی ئاوو خواردن و دەرمان. چوار هەفتە لەمەوبەر بەڕێوەبەرییە خۆسەرییەکەی باکورو خۆرهەڵاتی سوریا قەدەغەکردنی هاتوچۆی تەواوی لەناوچەی جەزیرە راگەیاند بۆ رێگریکردن و هێواشکردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) دوای ئەوەی ژمارەیەکی زۆری تووشبوون تۆمارکران. بەڕێوەبەرییەکە داخستنی تەواوی دامەزراوەکانی راگەیاند، جگە لەوانەی خزمەتگوزاری پزیشکی و لۆجستی دابیندەکەن. جەمیل عەبد چالاکوانێکی دێرەزوور، وتی رێوشوێنەکان پێویستن بەوپێیەی ناوچەی جەزیرە پەیوەندیی راستەوخۆی هەیە بەناوچەکانی دێرەزوورهوه کە لەژێر کۆنتڕۆڵی رژێمدان. عەبد وتی «رژێم شەفاف نەبووە سەبارەت بەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتیدا، کە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاویان لە رێژەی حاڵەتەکانی تووشبووندا بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی میلیشیاکانی سەر بەسوپای پاسدارانیان لێ جێگیرن». وتیشی «ئەندامانی ئەو میلیشیایانە دێنە ناوەوەو دەچنە دەرەوەی خاکی سوریا بەبێ ئەوەی بەپشکنینی تەندروستیدا تێپەڕببن.» ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە چەند حاڵەتێکی تووشبوون لەمدواییەدا لەڕیزەکانیاندا تۆمارکراوه. وتیشی «هێشتا هەر بەردەوامن لەتێکەڵبوونیان بەمەدەنییەکان لەبازاڕو بۆنە ئایینیەکاندا، کەبهردهوام بەڕێوەدەچن.» عەبد وتی ئەمە بۆتەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لای مەدەنییەکان کەئەوانیش تێکهڵ بهخێزان و ناسیاوەکانیان دهبن لەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرییە خۆسەرییەکەدان. وتی داخستن و تووندکردنی چاودێری لهدەروازە سنوورییەکان بڕیارێکی دروستە بۆ پاراستنی مەدەنییەکان. عەبد وتی چاوەڕواندەکات «لەداهاتوودا کارەساتێک ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رژێم بگرێتەوە بەهۆی گوێپێنەدانی رژێم و رێگری لهئاشکرابوونی زانیارییەکان». بەرپرسانی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەت، (999) حاڵەتی توشبوونیان راگەیاندووە کە (48) لهوانه مردوون، بەڵام وەزارەتی تەندروستی ئەم هەفتەیە دانی بەوەدا نا کە «توانای پشکنینی بەرفراوانیان لەپارێزگاکان» نییە. لە 30ی تەمموز تا 6ی ئاب، وەزارەتی تەندروستی سوریا زیاتر لە (260) حاڵەتی تووشبوونی بەڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرد. وەزارەتەکە دانی پێدانا «ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بڵاوبۆتەوە»و رایگەیاند کەتەنیا (25) هەزار قەرەوێڵەی نەخۆشخانە لەناوچەکانی ژێردەسەڵاتی حکومەت لهبەردەستدان. بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، لەدیمەشق دکتۆرەکان رایانگەیاند کە دامەزراوە گشتییەکان پڕبوون و ناتوانن نەخۆشی دیکە وەربگرن. سەرۆکی خوێندنگهی پزیشکی لهزانکۆی دیمەشق، دکتۆر نبوغ عەوا وتی «ئەمە زۆر ترسناکە.» عهوا بەپهیجێکی فەیسبووکی تایبهت بهتەندروستی، کهگۆڕانکارییەکان لەسەر حاڵەتەکانی تووشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەوڵاتەکەیاندا بڵاودەکاتهوه، وت «زۆربەی خەڵک دەچنە نەخۆشخانە حکومییەکان بەڵام بەداخەوە هەموو شوێنەکان پڕن.» وتی «ئەو نەخۆشانەی لەدۆخێکی خراپدان ناخرێنە بەشی چاودێریی چڕەوە تا لانیکهم نەخۆشێکی تر نەمرێت.» لەحوزەیراندا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند کە «نیگەرانە» لهبڵاوبوونەوەی کۆڤید-19 لەسوریاو ئاماژەیکرد بە «خراپی ژێرخان و لاوازی سیستمی تەندروستی کە بەهۆی بارگرژییەکانەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە».
لاڤین مەحمود سەرۆکی دیوانی وەزارەتی تەندروستی هۆشیاری دەداتە هاوڵاتیان کەهێشتا کۆرۆنا لە «قۆناغێکی مەترسیدایە» و داوادەکات هاووڵاتیان پابەند بن بەڕێنماییەکانەوەو خۆیان بپارێزن. شەش مانگ تێدەپەڕێت بەسەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەهەریمی کوردستان، لەو ماوەیەدا زیاتر لە (1000) کەس گیانیان لەدەستداوەو نزیکەی (29) هەزار توشبووش تۆمارکراون، ئەوەش لەکاتیدایە هێشتا کیرڤی توشبوون لەهەندی ناوچە روو لەهەڵکشانە. بەرپرسانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لەوەی کەئەگەری هەیە ژمارەی مردن بەکۆرۆنا لەپایزدا زیاتربێت و لەئەگەری سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەمیش قەدەغەی هاتوچۆ رادەگەیەننەوە وەکو مانگەکانی رابردوو. د.خاڵس قادر، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی تەندروستی لەلێدوانێکیدا بەهاوڵاتى وت «هاتنی وەرزی پایز لەبەرئەوەی وەرزی ئەنفلۆنزایە، ئەنفلۆزای وەرزیی، زیاتر لەوەرزی پایزدا دەستپێدەکات، لەپاش مانگی (١٠)وە، هەر لەلای ئێمە نا لەوڵاتانی تریش ترسیان هەیە کە لەهەمان کاتدا کۆرۆنا کۆنتڕۆل نەبووە و ئەنفلۆنزاش دەستپێبکات ئەگەری هەیە لەیەک کاتدا تووشی هەردوو پەتاکە ببێت، ئەمە وادەکات ژمارەی تووشبوون زیاد ببێت و ئەگەریش هەیە ژمارەی مردنیش زیادبێت». هەروەها وتی «ئەفلۆنزاش خەڵک دەکوژێت، ئەو ژمارە زۆرە وادەکات رێژەی مردن زیادبێت و بارگرانی زیاتر لەسەر نەخۆشخانەکان دروستببێت، ئەوەیە مەترسیەکە، چونکە تائێستا کۆرۆنا کۆتانی نەهاتووەو چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە». بەپێی دوا ئاماری وەزەراتی تەندروستی هەرێم تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە لەهەرێمی کوردستان دەستنیشانکراون گەیشتووەتە (28) هەزار و (161) کەس، (17) هەزارو (679) کەسیان چاکبوونەتەوەو هەزارو (49) کەسیان گیانیان لەدەستداوە. سەبارەت بەگیانلەدەستدان د.خالس قادر وتی «هۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدان لەماوەی دوو مانگی رابردوو بەهۆی کۆرۆناوە بووە، تەنانەت ئەوانەشی تووشی کۆرۆنا بوون و نەخۆشی تریان هەیە هۆکاری مردنەکەیان کۆرۆنا بووە نەک نەخۆشییە درێژخایەنەکە». ئاماژەی بەوەشکرد»ئەوانەشی کەدەڵێن لەکۆرۆنا ناترسین ئەوە ناهۆشیارییە، نەزانیە، زۆربەی ئەوانە کە تووش دەبن زۆر دەترسن کاتێک تووشی دەبن لەئەنجامی ترس تووشی دڵتەنگی بوونە، زۆر بەخراپی باری دەوونییان تێکدەچێت، ئێمە وەک وەزارەت زیاتر پشت دەبەستین بەجێبەجێکردنی رێنماییەکان، دەبێت هەموو لایەک هاوکاربین تا نەهێڵین ژمارەکە زۆرتر بێت بۆئەوەی دەرەقەتی بێین و بتوانین لەنەخۆشخانەکان چارەسەری بکەین». ئەگەرچی چەند ڤاکسینێک لەقۆناغی تاقیکردنەوەدان و وڵاتانی جیهان چاویان لەسەر ئەو ڤاکسینانەیە تاکو بەکاریبهێنن دژ بەڤایرۆسەکە بەمەبەستی خۆپارێزی لەتوشبوون. بەڵام هەرێمی کوردستان پەیوەستە بەهەر بڕیارێک عێراق بیدات سەبارەت بەکڕینی ڤاکسینەکان. د.خاڵس وتی «ئێمە ناتوانین بەسەربەخۆ چاودێری ڤاکسینەکان بکەین، رەنگە هەر ئەو وڵاتە ئامادە نەبێت، لەبەرئەوە ڤاکسینەکە کەدروستدەکرێت کەمە، داواکاریی زۆر لەسەرەو بۆ هەموو ڤاکسینەکان شتێکی مەرکەزییە، ئێمە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ لەسەر خەتین، چونکە کڕینی ڤاکسین شتێکی مەرکەزییە لەبەرئەوەی تائێستاش نەسەلمێندراوە ئەو ڤاکسینانە کاریگەرییان هەیە، ئامادەنەکراون بۆ فرۆشتن تاوڵاتانی تر دەستیان پێبگات بیکڕن». سەبارەت بەبەکارهێنانی پلازمای کەسانی توشبوو و بەکارهێنانی وەکو چارەسەر، وتی»رێژەیەکی تەواومان لەبەردەست نیە بۆ ئەوەی بزانین پلازما رێژەی مردنی چەند کەمکردۆتەوە، چونکە تائێستا هیچ توێژینەوەیەکمان لەسەری نەکردووە، بەڵام کاریگەری باشی هەبووە، نەخۆش هەبووە کەپلازمامان پێداوە سودی لێ نەبینیوە، بەڵام هەشبووە سودی هەبووە بۆی، ئەو پلازمایە لەپڕۆتۆکۆڵی چارەسەریماندا هەیە، ئەوانەی تووشی ڤایرۆسەکە دەبن لەڕێژەی مامناوەند یان توندن، ئەوانە پلازمایان بۆ بەکاردێت». وەزارەتی تەندروستی لەئیستادا بەرنامەی قەدەغەی هاتوچۆی نیە، د.خاڵس وتی «ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین بزانین شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا هەڵدەداتەوە یان نا، ئەگەر سەرهەڵبدات بەچ شێوەیەکە، ئەگەر بەقورسی سەریهەڵدایەوە ئەوە قەدەغەی هاتوچۆ رادەگەیەنین». لەچەند هەفتەی رابردوودا وەزارەتی تەندروستی نرخی چارەسەرکردنی نەخۆشی کۆرۆنای لەنەخۆشخانە تایبەتەکان راگەیاند کەکاردانەوەیەکی زۆری خەڵکی لێکەوتەوە، چونکە بۆ نرخی هەر شەوێک مانەوە زیاتر لە (500) بۆ هەزارو (500) دۆلارە. ئەو بڕیارەش لەلایەن د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستییەوە بەفەرمانێکی وزاری دەرکرا کەتێیدا باس لەوەدەکات نرخەکان رێکدەخاتەوە لەو نەخۆشخانانەی کە خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بەکۆرۆنا بۆ نەخۆش جێبەجێدەکەن. د.خاڵس وتی « بۆ کۆنتڕۆڵی نرخ ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ پەرلەمان کردووەو بریارماندا بەکەمکردنەوەی نرخەکان لە ٥٠%، هەروەها ئەگەر ئێمە لەنەخۆشخانەکانی خۆمان جێگە نەماو ناردمان بۆ نەخۆشخانەی تایبەت؛ دەبێت بەخۆڕایی بێت، هەرکەسێکیش سەرپێچی بکات لەنەخۆشخانەی تایبەت ئێمە ئیجرائاتی لەگەل دەکەین».
شاناز حهسهن فهرمانبهرانى ههرێمى کوردستان مهرجى قورس بۆ حکومهتى ههرێم دادهنێن لهبارهى موچه پاشهکهوتکراوهکان و موچهى مانگانهى ئێستایان که (30) رۆژ جارێک پێیان بدرێت بهبێ لێبڕین. لهماوهى ساڵانى 2015 چوار موچهو 2016 موچه بهپاشهکهوتهوه دراوه، لهساڵى 2017دا (11) مانگى بهپاشکهوت موچه دابهشکراوهو یهک مانگى بهتهواوى نهدراوهته فهرمانبهران، لهساڵى 2018 (11) مانگى بهپاشهکهوت موچه دراو تهنها یهک مانگى موچهى تهواو دابهشکرا. ههروهها کابینەی ئێستا پلانی هەیە چوار مانگ موچە پاشەکەوت بکات و بیخاتە ئەستۆی کابینەی پێشوو، بهڵام هێشتا لهلایهن حکومهتى ههرێم و وهزارهتى داراییهوه بڕیارى کۆتایى لهسهر نهدراوه. فهرمانبهرانى ههرێمى کوردستان داوایهکى راشکاوانهیان لهحکومهتى ههرێم دهوێت لهسهر چارهنووسى موچه پاشهکهوتکراوهکان و موچهى مانگانه. ئارام رهحیم، تهمهن (36) ساڵ کارمهند لهدهستهى گهشتوگوزارى سلێمانى لهلێدوانێکدا به هاوڵاتى وت « ئێستا ههر بهقسهى خۆش و کۆبوونهوهى ئۆنلاین موچه نادهن و دهیبڕن، ئهى دوو مانگهکهى 2020 چۆن تهسفیهى حساب دهکهن لهگهڵ بهغدا؟! ئهى ئهو لێبڕینه چۆن قهرهبوو دهکهنهوهو ناوى لێدهنێن چی، لێبڕینى عهنتهری؟ «. ئارام رهحیم پێشیوایه شکستى حکومڕانى پهیوهندى به فهرمانبهرانهوه نییهو دهبێت حکومهتى ههرێم خۆى چارهسهرى موچه پاشهکهوتکراوهکان بکات و (30) رۆژ جارێک موچه بداته فهرمانبهران و دواینهخات. ههروهها خێڵان عهبدول، پیشهى مامۆستایه، لهلێدوانێکدا به هاوڵاتى وت» حهوت ساڵه موچهخۆرى حکومهتم تائێستا خێرم لهپارهکهى نهبینیوه، چونکه کاتێک وهریدهگرین زیاتر لهموچهکهمان قهرز کردووه«. ئهو مامۆستایه پێشیوابوو بێپلانى حکومهتى ههرێم وایکردووه موچهخۆر ئاگاى لهدهوام و کارى خۆى نهبێت. خێڵان عهبدول، لهبارهى گفتوگۆى بهغداو ههرێم کهمانگانه لهئێستادا (320) ملیار دینار رهوانهى حکومهتى ههرێم دهکرێت و بڕیاره رێککهوتن به نووسراو بکرێت، وتى» خهڵک ئهوهى ماوهتهوهو دانیشتووه چاوهڕوانى ئهم رێککهوتنهیه، ئهگینا وهک ساڵهکانى 2014 بۆ 2015 بهلێشاو خهڵک ماڵ و خانوو دهفرۆشێت و کۆچ دهکات تا رزگاری بێت لهم وڵاته پڕ لهگهندهڵییه«. سیروان حهسهن، (11) ساڵه فهرمانبهره لهوهزارهتى ناوخۆ وتى» راسته ئێمه تائێستا موچهى مانگى نیسانمان وهرگرتووه، بهڵام ئێستا بارودۆخى فهرمانبهر و موچهخۆر زۆر خراپه، بۆیه به ئهوه رازین وهک بهغداى لێبکرێت، بهڵام پێویسته گرهنتى ههبێت، که دواى دوو مانگ وهک خۆى لێنهکهنهوه و نهبڕێت». سیروان حهسهن ئهوهشى دووپاتیکردهوه« پێویسته لهسهر حکومهتى ههرێم روونکردنهوه بدات لهسهر ئهو موچه پاشهکهوتکراوانهو بۆ راى گشتى بڵاویبکاتهوه که چی لێدێت و چۆن دهدرێتهوه«. سهرچاوهیهک لهوهزارهتى دارایى بۆ هاوڵاتى ئاماژهى بهوهکرد دواى رێککهوتن لهگهڵ حکومهتى عێراق، پێویسته مووچهى چوار مانگى 2019 بهپاشهکهوت ههژماربکرێت و مووچهى ههر مانگێک بۆ ئهو مانگه ناوزهند بکرێت. بهپێى ئهو رێککهوتنهى لهنێوان حکومهتى ههرێمى کوردستان و حکومهتى عێراق کراوه، لهههرێمى کوردستان دهبێت پاکانهى حیسابات بکرێت و مانگه مووچهى ههرێم لهگهڵ مانگانهى مووچهى بهغدا رێکبخرێت، سهرچاوهکهى وهزارهتى دارایى باسى لهوهشکرد که« ئهو چوار مانگهى لهساڵى 2019 لهلایهن کابینهى پێشووهوه مووچه نهدراوه، بهکردهوه پاشهکهوت کراوه«. ههرێمى کوردستان نزیکهى (27) ملیار دۆلار قهرزارهو لهدواى دهستبهکاربوونى کابینهى نۆیهمى حکومهتى ههرێمى کوردستان، مانگانه مووچهى دابهشکردووه و تائێستا دوانزه مووچهى داوه. سهرۆکى لیژنهى دارایى لهپهرلهمانى کوردستان دهڵێت:» حکومهتى ههرێم لهئێستادا ناتوانێت موچه لهکاتى خۆیدا دابهشبکات و لێبڕینى دوو مانگى رابردوو نایاسایی بووه«. زیاد جهبار، سهرۆکى فراکسیۆنى یهکێتى لهپهرلهمانى کوردستان، لهلێدوانێکدا به هاوڵاتى وت» ئێمه وهک پهرلهمان بهردهوام وتوومانه ئهو لێبڕینه نایاساییهو لهناو پهرلهمانیش پرسیارمان لهوه کردووهو بهڕاپۆرتى لیژنهى دارایى ئهوهمان پیشانداوه کهئهو لیبڕینه نایاساییه، پێویسته وهزیرى دارایى و حکومهتیش بهڕاپۆرت وهڵاممان بداتهوه«. سهرۆکى لیژنهى دارایى حکومهت ناتوانێت لهکاتى خۆیدا مووچه دابهش بکات جهختى لهوهشکردهوه« بهداخهوه ئهو پرسهى بڕینى موچهى فهرمانبهران نههاتووەته پهرلهمان و بۆیه لێبڕینهکهشى ئێمه ئاگادار نهبووین». سهرۆکى فراکسیۆنى یهکێتى وتی: وهک لیژنهى دارایی داوایان لهحکومهت کردووه وهڵامى ههبێت بۆ پرسهکانى لێبڕینی موچهو موچه پاشهکهوتکراوهکان. زیاد جهبار ئهوهشى وت که«تهمهنا دهکهم حکومهت بتوانێت ههموو مانگێک لهکاتى خۆیدا موچه بدات، بهڵام ناتوانێت، چونکه وا شتهکانى تێکداوه نازانرێت چی دهکات و چۆن موچه دابین دهکات». زیاد جهبار جهختى لهوهشکردهوه، تائێستا حکومهت هیچ بڕیارێکى بهڕهسمى رانهگهیاندووه بۆ رێکخستنهوهى موچه وهک بهغداو نازانرێت چى دهکرێت.
