هاوڵاتى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:"هه‌رێمى کوردستان نه‌ک 17%ى به‌شه بودجه‌ى گشتى له عێراق وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵکو که‌متر له 5%ى بودجه‌ى گشتى عێراقى پێدراوه. مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌میانه‌ى دیدارێکى ته‌له‌فزیۆنیدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک که‌ناڵى عێراقى و عه‌ره‌بى رایگه‌یاند:" هه‌رێمى کوردستان نه‌ک 17%ى به‌شه بودجه‌ى گشتى له عێراق وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵکو که‌متر له 5%ى بودجه‌ى گشتى عێراقى پێدراوه، به‌ڵام به‌م به‌شه که‌مه‌ش هه‌رێمى کوردستانى بوژانده‌وه "پێویسته بپرسین عێراق چى له‌و 95%ى بودجه‌ى ساڵانه‌ى کردووه؟". هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی، ڕه‌خنه‌ى له حکومه‌ته‌کانى پێشووى عێراق گرت به‌وه‌ى نه‌ک 17%ى به‌شه بودجه‌یان نه‌داوه‌ته هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵکو به شێوه‌یه‌کى نایاسایى به‌شه بودجه‌ى هه‌رێمیان بۆ 12.6% که‌م کردووه‌ته‌وه" دواتریش له ڕاستیدا که‌متر له 5%ى بودجه‌ى عێراقیان بۆ هه‌رێمى کوردستان ده‌نارد، چونکه هه‌ر له بنه‌ماوه 45%ى بودجه‌که‌یان به ناوى خه‌رجیى سیادییه‌وه بۆ خۆیان ده‌برد". سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه به‌وه ده‌دات که "بێویژدانییه که بڵێن هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر حیسابى ناوچه‌کانى تر‌ى عێراق بوژاوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ى واش ده‌ڵێ با په‌له بکات له ئه‌نجامدانى سه‌رژمێریى دانیشتوان، تا بابه‌ته‌که ڕوون بێته‌وه". سه‌باره‌ت به‌هێرشى ڕێکخراوى چه‌کدارانى له 2014 و هه‌ڵوێستى حکومه‌تى به‌غدا له‌و کاته‌دا، مه‌سرور بارزانى روونیکرده‌وه "کاتێک داعش له سنوورى به‌غدا نزیک ده‌بووه‌وه، هێزه‌کانى پێشمه‌رگه له‌به‌ره‌کانى شه‌ڕدا بۆ یه‌که‌مجار شکۆ و ئه‌فسانه‌ى داعشیان تێکشکاند، ئه‌مه‌ش بووه هه‌لێک تا سوپاى عێراق ڕیزه‌کانى خۆى ڕێک بخاته‌وه و ده‌ست به هێرشى پێچه‌وانه بکات به‌رانبه‌ر داعش. که‌چى حکومه‌تى عێراق یارمه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى نه‌دا له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش، ڕێگریشى ده‌کرد له‌وه‌ى یارمه‌تییه سه‌ربازییه‌کان بگاته ده‌ست پێشمه‌رگه".
هاوڵاتى نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:" هێشتا عێراق و هه‌رێمى کوردستان پێویستیان به پاڵپشتى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تییه"، و ده‌شڵێت:"فه‌ره‌نسا له زۆر وێستگه و قۆناغى دژوار‌دا پشتگیرى له هه‌رێمى کوردستان کردووه". که‌مێک له‌مه‌وبه‌ر نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ فلۆره‌نس پارلی، وه‌زیرى به‌رگرى فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، "سه‌ردانى وه‌زیرى به‌رگریى فره‌نسا له‌کاتێکى هه‌ستیاردایه که هێشتا عێراق و هه‌رێمى کوردستان پێویستیان به پشتگیر و هاوپه‌یمانێتى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه، وه‌ک چۆن پێویستمان به پشتیوانى سیاسى و ئابورییشه، فه‌ره‌نسا ئه‌ندامێکى کاریگه‌رى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیه بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى تیرۆر، پشتیوانى و هاوکارى زۆرى پێشکه‌ش به عێراق و هه‌رێمى کوردستان کردوه". ناوبراو راشیگه‌یاند:" به‌پێزانین و بایه‌خه‌وه له سه‌ردانى وه‌زیرى به‌رگریى فه‌ره‌نسا ده‌ڕوانین، که له‌مکاته هه‌ستیاره‌دا نیشانه‌ى پشتیوانى ئه‌و وڵاته‌یه بۆ عێراق و هه‌رێمى کوردستان، فره‌نسا له زۆر وێستگه و قۆناغى دژوار‌دا پشتگیرى له هه‌رێمى کوردستان کردووه، په‌یوه‌ندى له مێژینه هه‌ردولا پێکه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، هه‌ر له سه‌رده‌مى ئه‌نفالى ساڵى 1986 تا ڕاپه‌ڕینى 1991 و ئازادى عێراق و دواى ئه‌وه‌ش". نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، هه‌میشه فه‌ره‌نسا مامه‌ڵه‌یه‌ى دۆستانه‌و نزیکى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستاندا کردووه، گه‌لى کوردستان به‌هه‌مو پێکهاته‌کانیه‌وه هه‌رگیز ئه‌و پشتگیریه‌ى پاریس له بیرناکات، وتیشى:"حه‌زده‌که‌م دوباره سوپاسى هه‌ڵوێستى سه‌رۆک ماکرۆن بکه‌م، که له ئاڵۆزییه‌کانى پایزى 2017 ده‌ستپێشخه‌رى کرد و گه‌مارۆى سیاسى و دیپلۆماسى له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان شکاند و هاوکارمان بوو له ئارامکردنه‌وه‌ى دۆخه‌که‌و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى دایالۆگ و لێکتێگه‌یشتنى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدڕاڵى عێراق". هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد، له‌کاتى شه‌ڕى داعش‌یش وێڕاى پشتگیر و هاوکارى سه‌ربازى و ئه‌منی، یارمه‌تى مرۆیشى پێکه‌ش به ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌مو پێکهاته ئاینى و نه‌ته‌وه‌کان کرد، به‌تایبه‌ت پشتگیریان بۆ خوشک و برایانى مه‌سیحى و ئێزدی، هه‌رێمى کوردستانیش په‌رۆشى په‌ره‌پێدانى زیاتره له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و ده‌رگاى هه‌رێم بۆ کۆمپانیا فره‌نسیه‌کان له‌سه‌ر پشته. هه‌ر له کۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا وه‌زیرى به‌رگریى فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند، ئامانجى سه‌ردانه‌که‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى کوردستان دوپاتکردنه‌وه‌ى پشتیوانیه‌کانى وڵاته‌که‌یه‌تى که روبه‌ڕوى چه‌ندین ئاڵنگارى بونه‌ته‌وه و ئه‌وان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى کوردستاندان. راشیگه‌یاند:" له شه‌ڕى دژى داعشدا پاڵپشتى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ن و وڵاته‌که‌م شانازى ده‌کات که له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا شه‌ڕى داعش ده‌کات بۆ ماوه‌ى شه‌ش ساڵه‌و هاوکاریه‌کانیان له چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى بۆ شه‌ڕى داعش به‌رده‌وام ده‌بێت".
هاوڵاتى ئاڵا تاڵه‌بانی، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى و په‌رله‌مانتارى عێراق پشکنینى له به‌غدا کردووه‌و ده‌رکه‌وتووه توشى کۆرۆنا بووه. ئاڵا تاڵه‌بانی، له لاپه‌ڕه‌ى خۆى له فه‌یسبوک ئاشکرایکرد:" ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، له به‌غدا پکشنینم ئه‌نجامداوه‌و ده‌رکه‌وتوه توشى کۆرۆنا بووم". ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌شڵێت:"له‌سه‌ر هه‌موومان نوسراوه که ئه‌م ئازاره بچێژین و به دڵنیاییه‌وه پێکه‌وه تێیده‌په‌ڕێنین و به به‌هێزتر ده‌گه‌ڕێینه‌وه".
هاوڵاتى وه‌زیرى به‌رگریى فه‌ره‌نسا گه‌یشته هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێمى کوردستان کۆده‌بێته‌وه و تاوتوێى ده‌ستێوه‌ردانه‌کانى تورکیا ده‌کات. فلۆرانس پارلی، وه‌زیرى به‌رگریى فه‌ره‌نسا، ئێواره‌ى دوێنێ گه‌یشته به‌غدا و ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى عێراق کۆبووه‌وه. ئێستاش گه‌یشته فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێرو بڕیاره له‌دواى پشوویه‌کى کورت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى هه‌رێمى کوردستان کۆببێته‌وه. نوسینگه‌ى راگه‌یاندنى فلۆرانس پارلى ئاشکراى کردبوو له کۆبوونه‌وه‌کانیدا پارلی، بابه‌تى "ده‌ستوه‌ردانه‌کانى تورکیا" له خاکى عێراق تاوتوێ ده‌کات، به‌تایبه‌تى هێرشه‌کانى ئه‌م دواییه‌ى تورکیا له‌دژى پارتى کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که) له‌سه‌ر خاکى هه‌رێمى کوردستان.
هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند که له‌ماوه‌ى 24 کاتژمێرى رابردوودا (409) که‌سى نوێ توشى کۆرۆنا بوون و 19 که‌سى دیکه گیانیان له‌ده‌ستداوه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه که له‌ماوه‌ى 24 کاتژمێرى رابردوودا 400 که‌سى تووش بوو به‌ته‌واوى چاکبونه‌ته‌وه. ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم: ڕاگه‌یاندراوى (٢٤) کاتژمێرى تایبه‌ت به نه‌خۆشى ڤایرۆسى کۆڕۆناى نوێ COVID19 ژماره (١٨٣) ١. که‌ره‌نتین: (هیچ هاوڵاتى نوێ که‌ره‌نتین نه‌کراون) ١٠٩ هاوڵاتى له که‌ره‌نتینن له ٣ شوێنى جیاواز له پارێزگاى دهۆک ماونه‌ته‌وه. ٢. پشکنین: (٤١٥٥ پشکنینى نوێ) (١١٧٠ هه‌ولێر)، (٦٠٢ سلێمانی، ١٠٥ گه‌رمیان)، (٢٢٤٨ دهۆک), (٣٠ هه‌ڵه‌بجه) ٣. تووشبوو: (٤٠٩ تووشبووى نوێ) (٢٢٠ هه‌ولێر) (٨٢ سلێمانی، ٢١ گه‌رمیان) (٧٨ دهۆک) (٨ هه‌ڵه‌بجه) ٤. چاکبوون: (٤٠٠ چاکبوون) (٢٩٦ هه‌ولێر) (٢٤ سلێمانی، ٣٢ گه‌رمیان) (٣٩ دهۆک) (٩ هه‌ڵه‌بجه) ٥. مردن: (١٩ مردن) (١١ هه‌ولێر) (٤ سلێمانی) (٤ دهۆک) ئامارى گشتی: که‌ڕه‌نتین هاوڵاتى ٢١٨٣١ (٢١٧٢٢ ده‌رچوو) پشکنین ٢٩٤٧١٦ (١٢٠٠٣٢ هه‌ولێر، ٨٤٨١١ سلێمانی، ٨٧٠٩٦ دهۆک، ٢٧٧٧ هه‌ڵه‌بجه) تووشبوون ٢٦٨٠١ (١١٠٩٠ هه‌ولێر، ١١٣٨٢ سلێمانی، ٣٤٩٣ دهۆک، ٨٣٦ هه‌ڵه‌بجه) چاکبوون ١٦٢٤٣ (٦٦٤٥ هه‌ولێر، ٧٨٧١ سلێمانی، ٩٨١ دهۆک، ٧٤٦ هه‌ڵه‌بجه) له‌ژێر چاره‌سه‌ر ٩٥٧٧ (٤٠٨١ هه‌ولێر، ٢٩٤٥ سلێمانی، ٢٤٧٧ دهۆک، ٧٤ هه‌ڵه‌بجه) مردن ٩٨١ (٣٦٤ هه‌ولێر، ٥٦٦ سلێمانی، ٣٥ دهۆک ، ١٦ هه‌ڵه‌بجه) بۆ زانیارى زیاتر سه‌ردانى داشبۆردى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن له‌م لینکه (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/). وێڕاى ده‌ستخۆشى بۆ پزیشکان و کارمه‌ندانى ته‌ندروستى و هه‌موو تیمه‌کانى پزیشکى که له ئه‌رکدان، جارێکى تر داوا ده‌که‌ین هاووڵاتیان پابه‌ندبن به ڕێنماییه‌کانى ته‌ندروستى و دورکه‌وتنه‌وه له شوێنى قه‌ڵه‌بالغ و دانانى ماسک و ده‌ستکێش، وه له‌کاتى پێویستدا په‌یوه‌ندى بکه‌ن به هێڵى گه‌رمى ژماره (١٢٢). وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ٢٧ى ئاب ٢٠٢٠
هاوڵاتى ئه‌ندامێکی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند که" به ئیعترافى حکومه‌تى هه‌رێم زیاتر له 650 هه‌زار مووچه‌خۆرى بندیوار هه‌یه"، ده‌شڵێت:" هه‌ر تاکێکى هه‌رێمى کوردستان پێنج هه‌زار دۆلار قه‌رزاره". جه‌لال جه‌وهه‌ر، ئه‌ندامى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌وتارێکدا باس له‌وه ده‌کات که "له هه‌رێم نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار مووچه‌خۆر هه‌یه، به ته‌قدیر نزیکى یه‌ک ملیۆن و چوارسه‌د ھه‌زارى له میلاکاتى ھه‌رێم زیاده و بۆ ئامانجى که‌سیه‌تى و حیزبى دامه‌زراون". ئه‌و ئه‌ندامه‌ى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت: " له‌م یه‌ک ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زاره، به ئیعترافى حکومه‌تى هه‌رێم زیاتر له شه‌شسه‌د و په‌نجا هه‌زار مووچه‌خۆرى بندیوارن". جه‌لال جه‌وهه‌ر باس له‌وه‌ش ده‌کات که به‌پێى زانیارى وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێمى کوردستان (27) ملیار دۆلار قه‌رزاره، گه‌ر ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێمى کوردستان، (5،000،000) پێنج ملیۆن که‌س بێت، به‌و پێیه، هه‌ر تاکێکى کۆمه‌ڵ زیاتر له (5000) پێنج هه‌زار دۆلار قه‌رزى ده‌که‌وێته سه‌ر. ده‌قى وتاره‌که‌ى جه‌لال جه‌وهه‌ر: ململانێى زلهێزه‌کان و مه‌ترسى و لێکه‌وته‌کانى له‌سه‌ر کوردستانى عێراق به‌شى یه‌که‌م: به‌هۆى شوێنى گرنگ و پێ بایه‌خى کوردستان له ڕووى ئابوری، وسیاسی، وبه‌هۆى داگیرکردنى کوردستان و چه‌وساندنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یی، و به حوکمى جوگرافیاى سیاسى کوردستان، که ده‌که‌وێته نێوان ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کانى ناوچه‌که، کوردستان به‌سه‌دان ساڵه بووه به ناوه‌ندى ململانێى و شه‌ڕى نێوان کورد و ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌که له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کى تریشه‌وه بووه به ناوه‌ندى ململانێى و شه‌ڕى زلهێزه‌کانى دونیا‌و ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌که. له‌دواى خه‌باتێکى دوور‌و درێژى سیاسى و جه‌ماوه‌رى و چه‌کدارى له کوردستانى عێراق، و قوربانییه‌کى زۆرى گیانی، ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی،... هه‌رێمێکى سیاسى و ده‌ستورى هاتۆته به‌رهه‌م، له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراقى فیدراڵ‌دا، به ناوى هه‌رێمى کوردستان- عێراق. ئه‌م هه‌رێمه له ماوه‌ى (29) ساڵى حوکمڕانى خۆیدا، ئارامى وسه‌قامگیرى ته‌واوى به‌خۆیه‌وه نه‌بینیوه، چ به‌هۆى ململانێى و شه‌ێ هێزو لایه‌نه چه‌کداره‌کان (پارتى و یه‌کێتی) له‌ناوخۆى هه‌رێمى کوردستان، چ به‌هۆى سیاسه‌تى پاوانخوازى ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کانى دونیا‌و ناوچه‌که. ئه‌مرۆش هه‌رێمى کوردستان و عێراق و ناوچه‌که که‌وتۆته به‌رده‌م ئه‌گه‌رى گۆڕانکاری، و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی، به‌هۆى ئه‌گه‌رى شه‌ڕو ململانێى توندى نێوان زلهێزه‌کانى دونیا‌و ناوچه‌که له لایه‌ک، وله لایه‌کى تریشه‌وه به‌هۆى شه‌ڕى جوڵانه‌وه‌ى چه‌کدارى له کوردستان له دژى ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌که، و مه‌ترسى دروستبونى شه‌ڕى کورد و کورد، وهه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ى شه‌ڕى ناوخۆ له هه‌رێمى کوردستان. لێره‌دا هه‌وڵ ئه‌ده‌ین به کورتى باسى به‌شێک له هه‌ڕه‌شه‌کانى ناوخۆیى و ده‌ره‌کى سه‌ر هه‌رێمى کوردستان و کوردستانى عێراق بکه‌ین : یه‌که‌م : هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیه‌کانى ناوخۆى هه‌رێمى کوردستان ١- هه‌ڕه‌شه‌ى گه‌نده‌ڵى له سه‌ر هه‌رێمى کوردستان گه‌نده‌ڵى سیاسی، یاسایی، ئابوری، دارایی، کۆمه‌لایه‌تی،فه‌رهه‌نگی، کارگێری، ئه‌منى وسه‌ربازی،... زۆر به فراوانى ته‌شه‌نه‌ى کردووه و شۆێ بۆته‌وه بۆ ناو هه‌موو جومگه وده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌کانى هه‌رێم، ته‌نانه‌ت وه‌ک درم به‌شێک له چین و توێژه‌کانى کۆمه‌ڵگاشى گرتووه‌ته‌وه. له‌به‌رئه‌وه، ئه‌مڕۆ گه‌نده‌ڵى له هه‌رێمى کوردستان بووه به ھه‌ڕه‌شه‌یه‌کى گه‌وره وترسناک له‌سه‌ر ژیانى سیاسی، ئابورى ودارایی، کۆمه‌ڵایه‌تی، رۆشنبیرى وئاسایشى ووڵات و میلله‌ته‌که‌مان. بۆ به‌رچاوروونى زیاتر له‌سه‌ر ھه‌ڵکشان وپه‌ره‌سه‌ندنى گه‌نده‌ڵى ومه‌ترسیه‌کانى له‌ھه‌رێم، لێره‌دا به کورتى ئاماژه به به‌شێک له بواره‌کانى گه‌نده‌ڵى ئه‌ده‌ین، و له‌م چه‌ند خاڵه‌دا کورتیان ده‌که‌ینه: گه‌نده‌ڵى سیاسی - هه‌رێمى کوردستان، هه‌رێمێکى ده‌ستورى و یاساییه به‌پێى ماده‌کانى (117، 118 119،) له ده‌ستورى عێراق، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له ئارادایه هه‌رێمه‌که، هه‌رێمێکى یه‌کگرتوو نیه، هه‌رێمه‌که تا ڕاده‌یه‌کى زۆر، شوێنه‌وارى دوو ئیداره‌یى زۆر به زه‌قى پێوه دیاره، و به‌ته‌واوى له ژێر ده‌سه‌ڵاتى حیزبدایه، وله‌لایه‌ن حیزبه‌وه ئیداره ئه‌درێن. - ساخته وته‌زویر وده‌سکاریکردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستان، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان له ھه‌ڵبژاردنه‌کانى ساڵانى رابردوو، بووه به که‌لتورى لایه‌نه چه‌کداره‌کانى ھه‌رێم و عێراق، له‌به‌ر ئه‌وه گه‌نده‌ڵى له ھه‌ڵبژاردنه‌کاندا، بووه به دایکى هه‌موو گه‌نده‌ڵییه‌کان له هه‌رێمى کوردستان و عێراق. - شه‌ڕى ناوخۆ و لێکه‌وته سیاسیه‌کانی، و ئه‌و شێوازه له هه‌ڵبژاردنه‌کان، بوون به ڕێگر له‌به‌رده‌م دروست بوونى دام و ده‌زگاى نیشتمانى له هه‌رێمى کوردستان. له‌به‌رئه‌وه له ئێستادا، له هه‌رێمى کوردستان حکومه‌تى نیشتمانی، هێزى چه‌کدارى نیشتمانی، ئابوورى نیشتمانی، په‌روه‌رده‌و خوێندنى نیشتمانى و په‌یوه‌ندى نیشتمانى ته‌واو و ڕاسه‌قینه‌مان نیه، هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوانه‌ى ھه‌یه، له‌لایه‌ن حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه هه‌ڵده‌سوڕێن، وبۆ به‌رژه‌وه‌ندى هێزو لایه‌نه چه‌کداره‌کان ئاڕاسته ده‌کرێن. ئه‌نجام : هه‌رێمى کوردستان به‌م جۆره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌یه، نه هه‌رێمێکى ده‌ستورى ته‌واوه، و نه هه‌رێمێکى سیاسى و یه‌کگرتووى ته‌واوه، له سایه‌ى شه‌ڕو ململانێى هێزو لایه‌نه چه‌کداره‌کان له کوردستانى عێراق، ونه ھه‌رێمێکى شه‌رعى ویاسایى ته‌واوه به ھۆى ئه‌و ھه‌موو ساخته وته‌زویره‌ى ده‌کرێ له ھه‌ڵبژاردنه‌کاندا. گه‌نده‌ڵى یاسایی له سه‌رده‌مى دوو- ئیداره‌ییدا، هه‌ردوو ئیداره (هه‌ولێر، سلێمانی) کۆمه‌ڵێک یاسا و بڕیاریان ده‌رکرد، زیاتر مۆرک و به‌رژه‌وه‌ندى حیزبى پێوه‌یه.دواتریش هه‌ر یاسا‌و بڕیارێکیش ده‌رکرا بێت، جێبه‌جێ نه‌کراوه گه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندى هه‌ردوو لا نه‌بوو بێت، بۆ نموونه : 1/ له ساڵى (2007)ه‌وه یاساى ژماره (22) ی، ساڵى (2007) ى نه‌وت و گازى هه‌رێمى کوردستان ده‌رچووه، (13) ساڵه ئه‌و یاسایه هه‌یه، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ دام و ده‌زگاکانى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌کان دروست نه‌کراوه به ته‌واوی، بگره به‌شى هه‌ره زۆرى ئه‌و وه‌زاره‌ته بوونى نیه، و کار‌و به‌رنامه‌کانیشیان دیار وشه‌فاف نیه بۆ په‌رله‌مان و حکومه‌ت و جه‌ماوه‌ر. 2/ له ساڵى (2014)ه‌وه، یاساى ژماره (5)ی، ساڵى (2014)ى پێدانى بودجه‌ى حیزبه‌کان ده‌رچووه، به‌ڵام کارى پێنه‌کراوه، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه، حیزبه‌کانى تر‌ى کوردستان چاویان له ده‌ستى پارتى و یه‌کێتى بێت. 3/ له ساڵى (2015)ه‌وه، یاساى ژماره (2)ى ساڵى (2015)ی، سندوقى کوردستان بۆ داهاته نه‌وتى و گازییه‌کان ده‌رچووه، به‌ڵام نه دامه‌زراوه‌کانى دروست کراوه، نه ده‌سته‌که‌ش پێکهاتووه. 4/ له ساڵى (2013)ه‌وه، یاساى ژماره (3)ی، ساڵى (2013)ی، کێبڕکێ و قه‌ده‌غه کردنى قۆرخ کارى له هه‌رێمى کوردستان ده‌رچووه و هه‌یه، به‌ڵام کارى پێناکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ردوولا درێژه به قۆرخکارى بده‌ن. 5/ ژماره‌یه‌ک یاسا هه‌یه، به نیوه ناچڵى کارى پێده‌کرێت، وه‌ک یاساى ژماره (34)ى ساڵى (1986)ى فرۆشتن و به‌کرێدانى موڵکى ده‌وڵه‌ت، یاساى کارگێڕى دارایى فیدرالى ژماره (6)ى ساڵى (2019).بێگومان نمونه‌ى یاساى وبڕیارى له‌م جۆره زۆرن. گه‌نده‌ڵى ئابورى و دارایی گه‌نده‌ڵى ئابورى و دارایى و لێکه‌وته‌کانی، ڕووبه‌رێکى زۆر و پان و به‌رین و فراوان و به‌رچاو ده‌گرێته‌وه، له گه‌نده‌ڵى گشتی. له‌به‌رئه‌وه به کورتى ئاماژه ئه‌ده‌ین، به هێڵه گشتییه‌کانى ئه‌م بواره : 1/ پاوانکردن و ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنى دامه‌زراو و پرۆژه پیشه‌سازیه‌کان، وسه‌رچاوه سه‌ره‌کیه‌کانى داهات، له نه‌وت و غاز و گومرگ له‌لایه‌ن پارتى و یه‌کێتیه‌وه. 2/ داگیرکردن و ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنى زه‌وى و کارگه و پرۆژه‌کانى حکومه‌ت، به نرخى زۆر ره‌مزی، له لایه‌ن کۆمپانیاکانى نۆکان، قه‌یوان، کار‌و ستێر،... 3/ قۆرخ کردنى پرۆژه جۆراو جۆره‌کانى پیشه‌سازی، بازرگانی، گواستنه‌وه و گه‌یاندن، بیناو نیشته‌جێکردن ڕێگاوبان، نه‌خۆشخانه و ده‌رمان، په‌روه‌رده وزانکۆ، سوته‌مه‌نی، وه‌به‌رهێنان، سیکیوریتی،... له‌لایه‌ن کۆمپانیاکانى کارگروپ و ستێرگروپ، نۆکان گروپ و قه‌یوان گروپ، وده‌سه‌ڵاتدارانى ھه‌ردوولا. 4/ پشتگوێ خستنى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى گونده‌کانى کوردستان، و بواره‌کانى کشتوکاڵ و ئاودێرى و ئاژه‌ڵدارى له هه‌رێم، و به تاڵانبردنى زه‌وى کشتوکاڵى له هه‌رێم، به‌ناوى جۆراوجۆر و ئامانجى تایبه‌ت. 5/ له بوارى داراییشدا: دامه‌زراندن له هه‌رێم له‌سه‌ر بنه‌ماى میلاک، و پێویستى هه‌رێم و دامه‌زراوه‌کانى نه‌بووه : - له هه‌رێم نزیکی(1،500،000) یه‌ک ملیۆن و پێنچ سه‌د هه‌زار موچه خۆر هه‌یه، به ته‌قدیر نزیکى یه‌ک ملیون چوارسه‌د ھه‌زارى له میلاکاتى ھه‌رێم زیاده، وبۆ ئامانجى که‌سیه‌تى وحیزبى دامه‌زراون. - له‌م یه‌ک ملیۆن و پێنچ سه‌د هه‌زاره، به ئیعترافى حکومه‌تى هه‌رێم زیاتر له (650،000) شه‌ش سه‌دو په‌نجا هه‌زار موچه خۆرى بندیواره، و موچه‌ى مانگانه‌یان نزیکى چوارسه‌دو په‌نجا ملیۆن دۆلاره. - خه‌رجى دارایى بۆ دامه‌زراوه‌کانى هه‌رێم : به ته‌قدیر زیاتر له یه‌ک له‌سه‌ر سێى خه‌رجى دارایى ئه‌و دامه‌زراوانه زیاده‌یه وبه‌ھه‌ده‌ر ده‌چێ، چونکه بۆ رازیکردن و ئامانجى حیزبى و که‌سى دروست کراوه، بێگومان ئه‌ویش مانگانه خه‌رجیه‌کى زۆرى دارایى لێده‌کرێت. 6/ لێکه‌وته‌کانى گه‌نده‌ڵى و ئابوورى : - به‌پێى زانیارى وه‌زاره‌تى دارایى هه‌رێمى کوردستان (27) ملیار دۆلار قه‌رزاره، گه‌ر ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێمى کوردستان، (5،000،000) پێنج ملیۆن که‌س بێت، به‌و پێیه، هه‌ر تاکێکى کۆمه‌ڵ زیاتر له (5000) پێنج هه‌زار دۆلار قه‌رزى ده‌که‌وێته سه‌ر. - به‌رزبونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى هه‌ژارى له کوردستان، به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو،... به‌رزبونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى بێ کارى له کوردستان،.. به‌رزبونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، و ڕێژه‌ى تاوانى کوشتن و دزین،... به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستى بێ بڕوایى جه‌ماوه‌ر به ھه‌رێم وده‌سه‌ڵاته‌کان وپرسى کورد، ودابه‌زینى ئاستى ئینتماووه‌لائیان بۆ خاک و نه‌ته‌وه، له به‌رامبه‌ر ئه‌و ھه‌موو زوڵم وبێدادیه‌ى ھه‌یه له کوردستان به‌ھۆى ئه‌و گه‌نده‌ڵیه به‌ربڵاوه‌ى زیانى ھه‌مه‌لایه‌نه‌ى به ھه‌موو تاکێکى کۆمه‌ڵگا گه‌یاندوه. دابه‌زینى ئاستى په‌روه‌رده‌و خوێندن، به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو ،له قوتابخانه وپه‌یمانگا وزانکۆکان،... - پشتگوێ خستنى بوارى ته‌ندروستى به گشتی، ودابه‌زینى ئاستى خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستى له دۆخى ئێستادا، که په‌تاى ڤایرۆسى کۆرۆنا به فراوانى بڵاوبۆته‌و له عێراق وھه‌رێم وناوچه‌که وجیھان. - کێشه‌ى هه‌میشه‌یى کاره‌با، ئاو، له زیاد بوندایه له زۆربه‌ى هه‌ره زۆرى شار‌و شارۆچکه‌و گونده‌کان. گه‌نده‌ڵى کارگێری - دروست کردنى دامه‌زراوه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، و دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌ر و کارمه‌نده‌کانى له‌سه‌ر بنچینه‌ى پێویستى و میلاکاتى ھه‌رێمى کوردستان نه‌بووه. - زیاتر له (1/3) داموده‌زگاکانى هه‌رێم، ئه‌وانه‌ى ئه‌که‌وێته خواره‌وه‌ى هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌که (یاسا دانان،جێبه‌جێکردن، دادوه‌ریی)، داموده‌زگاى زیادن، ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم دروستیان کردووه، بۆ رازى کردن و کڕینى ده‌نگ، وبه‌ده‌ست هێنانى پشتگیرى دانیشتوان، و بۆ ئامانج وده‌ستکه‌وتى حیزبی. له هه‌رێمى کوردستان به ده‌یان ده‌سته و به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى و فه‌رمانگه، و قه‌زاو ناحیه و یه‌که‌ى ئیدارى به‌بێ پلان دروست کراوه، که تێچووى دروست کردن، و خه‌رجى ساڵانه‌ى به سه‌دان ملیار دیناره. - له هه‌رێمى کوردستان، نزیکى یه‌ک ملیۆن و نیو موچه خۆر هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م هه‌رێمه سه‌رله‌به‌رى به سه‌د هه‌زار فه‌رمانبه‌رو کارمه‌ندى کارا به‌ڕێوه ده‌چێت، که خه‌رجى وموچه‌ى مانگانه‌ى ئه‌م ژماره زۆره له موچه خۆر، نزیکى یه‌ک هه‌زار ملیار دیناره. - به حیزبى کردنى داموده‌زگاکانى هه‌رێم، هه‌ر له به‌ڕێوه‌به‌رى قوتابخانه، و فه‌رمانگه، ڕاگرى کۆلێجه‌کان، سه‌رۆکى زانکۆکان،...، له لایه‌ن حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه داده‌نرێت، و ده‌ست تێوه‌ردانى تێدا ده‌کرێت. - سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌مانه‌ش، دیارده‌کانى به‌رتیل (به‌رتیل دان و وه‌رگرتن)، مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت، خزمایه‌تى و حیزبایه‌تی، به شێوازێکى زۆر فراوان بڵاو بۆته‌وه له‌ناو سه‌رجه‌م دام‌و ده‌زگاکانى هه‌رێمى کوردستان. سیاسه‌تى کارگێرى له هه‌رێمى کوردستان، فه‌وزاو پاشاگه‌ردانى به‌رهه‌مهێنا، له جێگاى سه‌روه‌رى یاسا و کارى دامه‌زراوه‌یی، له هه‌رێمى کوردستان فه‌وزا به جۆرێک باڵا ده‌سته له داگیرکردن و ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنى داهاته‌کانى نه‌وت و غاز‌و گومرگ، هیچ ده‌زگایه‌کى چاودێرى ھه‌رێم (په‌رله‌مان، داواکارى گشتی، نه‌زاهه، دیوانى چاودێرى دارایی) ناتوانێت کۆنترۆڵى بکات، له لایه‌کى تریشه‌وه، سیاسه‌تى کارگێرى سوپایه‌کى زۆر گه‌وره‌و پێ خه‌رجى دروست کردوه له موچه خۆرى مه‌ده‌نى وسه‌ربازی، و به شێوه‌یه‌ک بارى ئابورى و دارایى هه‌رێمى ئه‌وه‌نده‌ى تر گرانکردووه. ئه‌م هه‌ڵاوسانه له کارگێڕى وله هه‌ردوو بوارى کارى شارستانى و سه‌ربازی، ده‌زگاکانى هه‌رێمى ئیفلیج کرد،به‌م جۆره سیاسه‌تى گارگێڕى شکستى ته‌واوى هێنا له به‌ڕێوه‌بردنى هه‌رێم و دامه‌زراوه‌کان. سه‌ره‌نجام کورتهێنان له بودجه‌ى گشتى ساڵانه دروست ده‌کات، وته‌نانه‌ت یه‌کێک له هۆکاره‌کانى خۆدزینه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم له ئاماده‌کردنى بودجه‌ى گشتى ساڵانه(له چه‌ند ساڵى رابردوو)، ئه‌و فه‌وزاو هه‌ڵاوسان و کورتهێنانه‌یه له موازه‌نه، که ئه‌وه‌ش بۆ خۆى یه‌کێکه له گه‌نده‌ڵیه قه‌به و گه‌وره‌کانى هه‌رێمى کوردستان. دیاره گه‌نده‌ڵى له هه‌رێمى کوردستان، په‌یوه‌ندییه‌کى ڕاسته‌وخۆ و به‌هێزى هه‌یه به گه‌نده‌ڵى عێراقه‌وه، ده‌وڵه‌تى عێراقیش زیاتر له (15) ساڵه یه‌کێکه له ده‌وڵه‌ته هه‌ره گه‌نده‌ڵ و فاشیله‌کانى جیھان. له عێراق، به هه‌رێمى کوردستانیشه‌وه گه‌نده‌ڵى به شێوازێکى ڕێکخراو به‌ڕێوه‌ده‌چێت، و ڕه‌گ و ڕیشه‌ى قوڵ و ته‌واوى داکوتاوه له ناو هه‌موو جومگه‌کانى عێراق و هه‌رێمى کوردستان. له‌مه‌ش زیاتر، گه‌نده‌ڵى له عێراق و هه‌رێمى کورستان ڕایه‌ڵه و په‌یوه‌ندى زۆر به‌هێزى هه‌یه له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵى و گه‌نده‌ڵکارانى ده‌وڵه‌تان، به مانایه‌کى تر گه‌نده‌ڵى له هه‌رێمى کوردستان و عێراق به تۆرێکى زۆر به‌هێزى گه‌نده‌ڵى نێوده‌وڵه‌تییه‌وه گرێدراوه. بۆیه گه‌نده‌ڵى له عێراق و هه‌رێمى کوردستان به جۆرێک ده‌وڵه‌ت و هه‌رێمى کۆنتڕۆڵ کردووه، به هیچ ده‌زگایه‌ک چاودێرى ناکرێت، چونکه به‌شێکى ده‌زگاکانى چاودێریش بوون به به‌شێک له سیستمى گه‌نده‌ڵی. گومانى تێدا نیه که بنچینه‌و دایکى هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌کانیش له عێراق و هه‌رێم، ساخته‌و ته‌زویر و ده‌ستکارى کردنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌کانه، که له‌لایه‌ن حیزب و لایه‌نه چه‌کداره‌کانى عێراق و هه‌رێمى کوردستانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت. چاره‌سه‌رى ته‌ندروستیش بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا، ته‌نیا ئه‌وه‌یه سه‌رچاوه‌ى گه‌نده‌ڵى وشک بکه‌ین، ئه‌ویش به‌م هه‌نگاوانه:- 1- له عێراق ئامار‌و سه‌رژمێرییه‌کى بێگه‌رد ئه‌نجامبدرێ، به‌سه‌رپه‌رشتى ڕاسته‌وخۆى نێوده‌وڵه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ى کۆتایى بێت به‌لیستى ناوى مردو و په‌ناھه‌نده‌کانى ده‌ره‌وه وئاواره‌کانى ناوخۆ، وئاواره‌کانى رۆژئاوا له ھه‌رێم، که‌لایه‌نه چه‌کدار وده‌سه‌ڵاتداره‌کانى عێراق ھه‌رێم بۆ ته‌زویر سودى لێوه‌رده‌گرن. 2- پێکهێنانى کۆمیسیۆنێکى سه‌ربه‌خۆ راسته‌قینه له عێراق وھه‌رێمى کوردستان و به سه‌رپه‌رشتى ڕاسته‌وخۆى نێوده‌وڵه‌تی. 3- هه‌موارکردنه‌وه‌ى هه‌ردوو یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان و کۆمیسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌کان له عێراق وھه‌رێمى کوردستان. به‌م جۆره ده‌کرێت په‌رله‌مانێکى نیشتیمانى ھه‌ڵبژێرین له ئاستى عێراق وھه‌رێم، وبکرێن به بنچینه بۆ دروستکردنى وپێکھێنانى حکومه‌تێکى نیشتیمانى ره‌شید له ھه‌ردوو ئاستدا، که پرنسیپه‌کانى دادپه‌روه‌ری، یه‌کسانی، شه‌فافیه‌ت، نه‌زاھه‌ت، ھاوبه‌شی، لێپرسینه‌وه وروبه‌روبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی، توانا وپسپۆرى وشاره‌زایى جێبه‌جێ بکات. جلال جوهر عزیز
ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق ده‌ڵێت:" رێژه‌ى له‌سه‌دا 12.67 له پڕۆژه‌ى بودجه‌دا بۆ کورد لابراوه‌و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى نه‌وت به‌رانبه‌ر بودجه‌یه‌ک رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌کات". شیروان میرزا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌فراکسیۆنى یه‌کێتى له په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" له‌دواى سه‌رده‌مى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆک وه‌زیرانى پێشووترى عێراق رێژه‌ى له‌سه‌دا 12.67 له‌پڕۆژه‌ى بودجه‌دا لابراوه بۆ کورد‌و ئه‌مجاره حکومه‌تى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى نه‌وت و خاڵه گومرگییه‌کان رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێمدا ده‌کات و جارێکى دیکه رێژه بۆ کورد ناخرێته‌وه پڕۆژه بودجه". ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى له‌نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق ئه‌نجامدراوه بۆ ئه‌م چه‌ند مانگه‌ى ئه‌مساڵ بووه‌ته بناغه‌یه‌ک بۆ رێککه‌وتنى ساڵى داهاتوو، وتیشى:" حکومه‌تى هه‌رێم خه‌رجیی و پێداویستییه‌کانى 2021ى خۆى ئاماده ده‌کات و له‌گاتى گفتوگۆى پڕۆژه بودجه‌ى عێراق له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کات". شیروان میرزا باسى له‌وه‌شکرد، که له‌ناوه‌راستى مانگى 10 دا پڕۆژه بودجه‌ى 2021ى عێراق ده‌گاته په‌رله‌مان و له‌ئێستادا لاى حکومه‌ته‌که‌ى مسته‌فا کازمى کارى له‌سه‌ر ده‌کرێت تا ئاماده بکرێت. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى لیژنه‌ى دارایى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که به‌ستنه‌وه‌ى ده‌روازه سنورییه‌کانى هه‌رێم به ده‌روازه سنورییه‌کانى عێراقه‌وه رێککه‌وتنى نێوان هه‌ردوو حکومه‌تى هه‌رێم و عێراقه بۆ هه‌ردوولا به‌پێى ده‌ستور وا باشتره و لێکتێگه‌یشتنى باشترى لێ ده‌که‌وێته‌وه.
هاوڵاتى نرخى نه‌وت له بازاڕه‌کانى جیهان به‌رزبووه‌وه و هه‌ر به‌رمیلێک نه‌وت له سه‌روو 45 دۆلاره‌وه مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌کرێت. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 27ى ئابى 2020، نرخى به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى برێنت 46 دۆلار و 14 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌کرێت. هه‌روه‌ها له ئێستادا نرخى به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(ته‌کساس) له بازاڕه‌کانى جیهان به 43 دۆلار و 32 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ده‌کرێت. هاوکات له‌ئێستادا به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به 46 دۆلار‌و سێ سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت.
هاوڵاتى ده‌سته‌ی ده‌روازه سنوورییه‌کانی عێراق بڕیاریدا ده‌روازه سنورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان به ده‌روازه‌کانى عێراقه‌وه ببه‌سترێنه‌وه و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاسایشى فڕۆکه‌خانه‌کان له فڕۆکه‌خانه‌کانی هه‌رێم ده‌ستبه‌کار بن. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 27ى ئابى 2020 ده‌سته‌ی ده‌روازه سنوورییه‌کانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که عومه‌ر وائیلى سه‌رۆکى ده‌سته‌ى ده‌روازه سنورییه‌کانى عێراق سه‌رۆکایه‌تى کۆبونه‌وه‌یه‌کى ده‌سته‌که‌ى کرد، که نوێنه‌رى وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌و پارێزگا په‌یوه‌ندیداره‌کان به کارى ده‌روازه سنورییه‌کان تیایدا ئاماده‌بوون. له راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئاماژه به‌وه ده‌دات که له کۆبونه‌وه‌که‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێک کراوه، له‌وانه فه‌رمانى دیوانیى ژماره (83)ى تایبه‌ت به نوێکردنه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانى پارێزگاریکردنى له فڕۆکه‌خانه‌کان، که ده‌رچووه "بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌کارکردن بکه‌ن له هه‌ردوو فڕۆکه‌خانه‌ى هه‌ولێرو سلێمانى له هه‌رێمى کوردستان که تا ئێستا ئه‌م بڕیاره جێبه‌جێ نه‌کراوه و حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ڵامى نه‌داوه‌ته‌وه بۆ کاراکردنى و کارمه‌ندى پێویستى نییه". ئه‌وه‌خراوه‌ته‌روو ئه‌ندامانى ده‌سته‌که رێککه‌وتن له‌سه‌ر پێویستى پابه‌ندبوونى هه‌رێمى کوردستان به بڕیارى ژماره (13)ى ساڵى 2019 که له یه‌کێک له بڕگه‌کانیدا ده‌ڵێ ده‌بێت ده‌روازه سنورییه‌کانى هه‌رێم ببه‌سترێنه‌وه به ده‌روازه‌کانى حکومه‌تى فیدراڵه‌وه و ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییانه هه‌ڵوه‌شێندرێنه‌وه که له‌سه‌ره‌وه باسکراون و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى نوێ دروستبکرێن تایبه‌ت به ئاسایشى فڕۆکه‌خانه‌کان.
هاوڵاتى قایمقامى سه‌یدسادق ده‌ڵێت:" نه‌بوونى خزمه‌تگوزارییه‌کان هاوڵاتیانى بێزار‌و تووره کردووه"، بۆیه داوا ده‌کات بودجه‌یان بۆ خه‌رج بکرێت تا خزمه‌تگوزارییه‌کان بگه‌یه‌ننه هاوڵاتیان. دیارى ره‌فیق قائیمقامى سه‌ید سادق ئه‌مڕۆ چوار شه‌ممه ٢٦ى ئاب له رێگاى نامه‌یه‌که‌وه که ئاراسته‌ى پارێزگارى سلێمانى کردووه هۆشدارى له‌سه‌ر تووڕه‌یى خه‌ڵکى شاره‌که له‌به‌رکه‌مى خزمه‌تگوزارییه‌کان ده‌دات به حکومه‌ت و چه‌ند داواکارییه‌کیشى خستۆته‌ڕو. له‌و نامه‌یه‌دا که کۆپییه‌کى بۆ "هاوڵاتى" نێردراوه، قائیمقامى ئه‌و شارۆچکه‌یه داواى یه‌ک ملیار دینارى موازه‌نه‌ى ساڵى 2019-ى بۆ شاره‌که کردوه که له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه بڕیارى له‌سه‌ردراوه. هه‌روه‌ها له نامه‌که‌دا داوا ده‌کات به خه‌رجکردنى سولفه‌ى ئه‌و کۆمپانیایانه‌ى کارى قیرتاو و کۆنکرێتى شاره‌که‌یان کردوه و له‌ساڵى 2014-ه‌وه به‌بیانوى قه‌یرانى دارایى پرۆژه‌کانیان راگیراوه. دیارى ره‌فیق داوا له پارێزگارى سلێمانى ده‌کات له رێگاى شاره‌وانییه‌کانى سلێمانیه‌وه کارى چه‌وڕێژکردنى کۆڵانه‌کان پێش هاتنى وه‌رزى بارانبارین ئه‌نجام بدرێت.
هاوڵاتى وته‌بێژى فه‌رمیى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگه‌یاند به‌م نزیکانه واده‌ى کۆبوونه‌وه‌ى حزبه‌که‌ى له‌گه‌ڵ شاندى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان ئاشکرا ده‌کرێت. مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژى فه‌رمیى پارتى رایگه‌یاند، گفتوگۆکانى پارتى و یه‌کێتى بۆ هێورکردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان، به‌ردوامن. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" له کۆبوونه‌وه‌کانى رابردوودا، گفتوگۆ له‌باره‌ى رێککه‌وتنى پێشترى هه‌ردوولا بۆ پێکهێنانى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کراوه". وته‌بێژى فه‌رمیى پارتى به ئاماژه‌کردن به‌وه‌ى رێککه‌وتنى پارتى و یه‌کێتى ده‌بێته هۆى به‌رقه‌راریى سیاسى و ئابوورى له هه‌رێمى کوردستان و چاره‌سه‌ربوونى کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، رایگه‌یاند، به‌م نزیکانه واده‌ى و شوێنى کۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى پارتى و یه‌کێتى ئاشکرا ده‌کرێت.
ئارا ئیبراهیم ئه‌مساڵ له‌عێراقدا 202 هه‌زار که‌س خانه‌نشین ده‌کرێن و بۆ ساڵى داهاتوو 68 هه‌زار که‌سى دیکه، په‌رله‌مانتارێکى لیژنه‌ى دارایى ده‌ڵێت:" تا ئێستا پڕۆژه یاساى بودجه‌ى 2021ى عێراق نه‌هاتووه‌ته لیژنه‌ى دارایى، به‌ڵام له‌مساڵدا 202 هه‌زار که‌س خانه‌نشین ده‌بن و بۆ ساڵى داهاتوو 68 هه‌زار که‌سى دیکه‌ش خانه‌نشین ده‌کرێن". ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که جوڵه‌ى میلاکاتى فه‌رمانبه‌ران به‌پێى پڕۆژه یاساى بودجه ئه‌نجام ده‌درێت دواى ئه‌وه‌ى ده‌بێته یاسا، وتیشى:" بڕیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر که‌سى دیکه بکرێنه شوێنى ئه‌وانه‌ى خانه‌نشین ده‌کرێت واتا فه‌رمانبه‌رى نوێ دابمه‌زرێندرێت". ناوبراو وتیشى:" ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق رێکبکه‌وێت بۆ ساڵى داهاتوو، ئه‌وا به‌پێى ئیستحقاقى له‌سه‌دا 12.67 پله‌ى نوێى وه‌زیفى بۆ داده‌مه‌زرێت، به‌ڵام حکومه‌تى عێراق ناتوانێت به ئیلزامى بیکاته سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم"، به‌ڵام "حکومه‌تى هه‌رێم له‌لاى حکومه‌تى عێراق 682 هه‌زار فه‌رمانبه‌رى هه‌یه، ئه‌وکات ژماره‌که‌یان بۆ زیاد ده‌که‌ن به‌پێى رێژه‌ى له‌سه‌دا 12.67که پشکى کورده". ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى ناجى سه‌عیدی، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له فراکسیۆنى سائیرون ئه‌وه‌ى رایگه‌یاندووه که زیاتر له 230 هه‌زار که‌س به‌پێى پڕۆژه یاساى بودجه‌ى ساڵى 2021 داده‌مه‌زرێن، ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ئه‌وه‌ى ره‌تکرده‌وه‌و وتى:" تا ئێستا پڕۆژه یاساکه نه‌گه‌یشتووه‌ته لیژنه‌ى دارایى، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى فراکسیۆنى سائیروون باسى ئه‌وه‌ى کردووه که ناکرێت ئه‌و هه‌موو که‌سه خانه‌نشین بکرێت، به‌ڵکو هه‌ندێکیان خانه‌نشینیان دوابخرێت". ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که تا ئێستا هیچ ژماره‌یه‌ک دیارى نه‌کراوه بۆ دامه‌زراندن له سه‌ر پڕۆژه بودجه‌ى ساڵى داهاتوو.
ھاوڵاتی بۆمبێک لە بە کاروانێکی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) تەقییەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لە نزیک گوندی شاقولی سەر بە شارەدێی بەرتللە لە رۆژهەڵاتی مووسڵ، تەقیوەتەوە. عەقید مازن بەرێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەکانی پۆلیسی نەینەوا راگەیاند، بۆمبێک بە کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی رێکخراوی فاودا تەقیوەتەوە بەهۆیەوە دوو کارمەندی عێراقی بریندار بوون کە لەگەڵ رێکخراوەکە کاری دەکرد. باسی لەوەشکرد پێدەچێت بۆمبەکە پاشماوەی تقەمەنیەکانی داعش بێت کە لەسەر رێگەی سەرەکی نێوان ھەولێر و موسڵدا تەقیوەتەوە
هاوڵاتى سه‌رۆکى تورکیا دووباره هه‌ڕه‌شه له یۆنان ده‌کاته‌وه‌و ئه‌مجاره هه‌ڕه‌شه‌ى وێرانکاریى له‌و وڵاته کرد. له‌گه‌ڵ زیادبوونى گرژیى نێوان تورکیا و یۆنان، له نوێترین لێدوانی‌دا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆکى تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ى وێرانکاریى له یۆنان کرد رایگه‌یاند: "که وتمان شتێک ده‌که‌ین، ده‌یکه‌ین، ئاماده‌شین باجه‌که‌ى بده‌ین". ئه‌ردۆغان دووپاتیکرده‌وه تورکیا ده‌ستبه‌ردارى مافه‌کانى خۆى له ده‌ریاى ئیجه و هه‌ردوو ده‌ریاى ره‌ش و ناوه‌ڕاست نابێت و ئه‌وه‌ى پێویست بکات به رێگه‌ى سه‌ربازى و سیاسى ده‌یکات تا ئه‌و مافانه به‌ده‌ست بهێنێته‌وه. ئه‌ردۆغان وتیشى "تورکیا وڵاتێک نییه بتوانرێت ئارامیى و دانبه‌خۆداگرتنى تاقى بکرێته‌وه و له‌مه‌ودوا دوو دڵ نابین له گرتنه‌به‌رى هه‌ر رێوشوێنێک بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کانمان". له 24ى ئابدا ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند تورکیا غازى سروشتیى له ده‌ریاى ره‌ش دۆزیوه‌ته‌وه که بڕه‌که‌ى به 320 ملیار مه‌تر دووجار مه‌زه‌نده ده‌کرێت.
هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند که 463 که‌س تووش بوون و 14 که‌سى دیکه گیانیان له‌ده‌ستداوه. ده‌قى راگه‌یه‌ندراوى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى: ڕاگه‌یاندراوى (٢٤) کاتژمێرى تایبه‌ت به نه‌خۆشى ڤایرۆسى کۆڕۆناى نوێ COVID19 ژماره (١٨٢) ١. که‌ره‌نتین: (هیچ هاوڵاتى نوێ که‌ره‌نتین نه‌کراون) ١٠٩ هاوڵاتى له که‌ره‌نتینن له ٣ شوێنى جیاواز له پارێزگاى دهۆک ماونه‌ته‌وه. ٢. پشکنین: (٤١٩٩ پشکنینى نوێ) (١٢٠٨ هه‌ولێر)، (٥٠١ سلێمانی، ١٤٥ گه‌رمیان)، (٢٢٩٨ دهۆک)، (٤٧ هه‌ڵه‌بجه) ٣. تووشبوو: (٤٦٣ تووشبووى نوێ) (٢٦٤ هه‌ولێر) (٦١ سلێمانی، ٢٤ گه‌رمیان) (٩٠ دهۆک) (٢٤ هه‌ڵه‌بجه) ٤. چاکبوون: (٣٤٩ چاکبوون) (٢٨٠ هه‌ولێر) (٢٠ سلێمانی، ٣٣ گه‌رمیان) (١٦ هه‌ڵه‌بجه) ٥. مردن: (١٤ مردن) (٨ هه‌ولێر) (٥ سلێمانی) (١ گه‌رمیان) ئامارى گشتی: که‌ڕه‌نتین هاوڵاتى ٢١٨٣١ (٢١٧٢٢ ده‌رچوو) پشکنین ٢٩٠٥٦١ (١١٨٨٦٢ هه‌ولێر، ٨٤١٠٤ سلێمانی، ٨٤٨٤٨ دهۆک، ٢٧٤٧ هه‌ڵه‌بجه) تووشبوون ٢٦٣٩٢ (١٠٨٧٠ هه‌ولێر، ١١٢٧٩ سلێمانی، ٣٤١٥ دهۆک، ٨٢٨ هه‌ڵه‌بجه) چاکبوون ١٥٨٤٣ (٦٣٤٩ هه‌ولێر، ٧٨١٥ سلێمانی، ٩٤٢ دهۆک، ٧٣٧ هه‌ڵه‌بجه) له‌ژێر چاره‌سه‌ر ٩٥٨٧ (٤١٦٨ هه‌ولێر، ٢٩٠٢ سلێمانی، ٢٤٤٢ دهۆک، ٧٥ هه‌ڵه‌بجه) مردن ٩٦٢ (٣٥٣ هه‌ولێر، ٥٦٢ سلێمانی، ٣١ دهۆک ، ١٦ هه‌ڵه‌بجه) بۆ زانیارى زیاتر سه‌ردانى داشبۆردى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن له‌م لینکه (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/). وێڕاى ده‌ستخۆشى بۆ پزیشکان و کارمه‌ندانى ته‌ندروستى و هه‌موو تیمه‌کانى پزیشکى که له ئه‌رکدان، جارێکى تر داوا ده‌که‌ین هاووڵاتیان پابه‌ندبن به ڕێنماییه‌کانى ته‌ندروستى و دورکه‌وتنه‌وه له شوێنى قه‌ڵه‌بالغ و دانانى ماسک و ده‌ستکێش، وه له‌کاتى پێویستدا په‌یوه‌ندى بکه‌ن به هێڵى گه‌رمى ژماره (١٢٢). وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ٢٦ى ئاب ٢٠٢٠
