‌هاوڵاتى   ئێران، بەهۆی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ، نزیکەی (42) ساڵە لەژێر کۆمەڵێک گەمارۆی ئابوری و سەربازیی نێودەڵەتیدایە کەزۆربەی هۆکاری سەرەکییەکانیشی بۆ نەیاربوونی سیستمی حوکمڕانیی ئەو وڵاتە دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا ناتوانرێت تەنها ئەمەریکا تۆمەتبار کرێت بەهۆکاری دۆخی خراپی ئێستای ئێران لەئاستی ناوخۆی وڵاتەکەیان لەکاتێکدا هەردوو باڵی ریفۆرمخوازو محافزکار گیرۆدەی لەدەستدانی متمانەی خەڵک بوون، چونکە بەرهەمی کۆماری ئیسلامی بۆ دانیشتوانی ئەو وڵاتە بووەتە دۆلاری (25) هەزار تمەنی و بێکاریی (13) ملیۆن کەس و بەپێی راپۆرتێکی ناوەندی ئامارو زانیارییەکانی ئێران، حکومەت بۆ رێگریی لەهەژاری نزیکەی (50) دۆلاری خستووەتە سەر هەژماری بانکیی (60) ملیۆن لەدانیشتوانی ئێران لەکاتێکدا ژمارەی گشتی خەڵکی ئێران (80) ملیۆن کەسە، بەزمانێکی دیکە زیاتر لە (75%)ی ئەو وڵاتە لەچینی هەژار پێکدێت. کۆماری ئیسلامی لەساڵی (1978) بەدروشمی نا بۆ رۆژهەڵات نا بۆ رۆژئاوا، بەڵێ بۆ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دوای رووخانی سیستمی پاشایەتی لەئێران کۆڵەکە و بناغەی کۆمارێکی بەناو ئیسلامی دامەزراندو دوای ماوەیەک لەدەسەڵات بووە خاوەنی دوو باڵ کەپێناچێت کۆماری ئیسلامی بەرەو کەناری ئارام بەرن، باڵی ریفۆرمخوازو محافزکار کە لەهەناوی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لەدایک بوون، بەپێی پێناسەیەکی کورت باڵی ریفۆرمخواز کە محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری (16)ساڵ پێش ئێستای لە دوو خولی چوار ساڵەدا بەدەستەوە بوو رۆڵی پێشەنگ دەبینێت لەکاتێکدا هەموو چالاکییەکی میدیایی و رێکخراوەیی لێ قەدەغە کراوە،  جگەلەوەش زۆربەی سەرکردە و پێشەنگەکانیان لەچوارچێوەی سەرکوتی بزوتنەوەی سەوزدا لەزیندانن و یان لەماڵەکانیاندا دەستبەسەر کراون،   لەبەرامبەردا باڵی محافزکار کەخۆیان بەخاوەنی راستەقینەی کۆمارەکەو لەسەر رێبازی (روحەڵڵا خومەینی) دامەزرێنەرو رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەزانن و لەئێستاداو دوای مەرگی خومەینی ئەوان (عەلی خامنەیی)، رێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی و یەکێک لەدامەزرێنەرانی سەرەکیی کۆمارەکە بەپێشەنگ و سەرۆکی خۆیان دەزانن. دوو باڵەکەی کۆماری ئیسلامی حاشا لەدۆخی خراپی خۆیان ناکەن ئەحمەد تەوەکولی کە سەر بەباڵی محافزکارەو ئەندامی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەو پێشتر بەڕکابەری سەرەکی (عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسنجانی) و  محمەد خاتەمی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری لە دوو خوڵی هەڵبژاردنەکانی پێشووتری سەرۆک کۆماریی ناسراوە، رایگەیاندوە؛ شێوازی ئیدارەدان و بەڕێوبردنی کۆماری ئیسلامی ئێران بووەتە هۆی ناشیرینکردنی ناوی (ئیسلام)، ئەم لێدوانە دەنگدانەوەی زۆری لەمیدیاکانی ئەو وڵاتە لێکەوتەوە، هاوکات رۆژنامەی (سەدای ئیسڵاحات) کە سەر بەحزبی ریفۆرمخوازی (ئیسڵاحات)ە لەسەروتارێکی هەفتەی رابردوویدا بڵاویکردەوە ریفۆرمخوازان هیچ هیوایەکیان بۆ سەرکەوتن لەهەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک کۆماری نەبێت، چونکە کەموکوڕییەکانی رابردووی ئەو لایەنە بووەتە هۆی بێهیوابوون و دەبێت باجی پشتیوانیکردن لەحکومەتەکەی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بدەن، هەموو ئەمانەش ئاماژەن کەدۆخی کۆماری ئیسلامی بەمحافزکارو ریفۆرمخوازەوە باش نییەو کۆڵەکەکانی لەئاستی ناوخۆدا کەوتووەتە لەرزین و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ رازیکردنی لایەنگرانیان. لەلایەکی دیکەوە محەمەد عەلی ئەبتەحی، وتەبێژی نوسینگەی حکومەتی سەردەمی خاتەمی رایگەیاندوە؛ حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەخراپترین دۆخی خولی سەرۆک کۆماریی لەمێژووی کۆماری ئیسلامیدایەو سەرەڕای قەیرانە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان زیاترین هێرشی دەکرێتەسەر، تەنانەت ئەو هێرشانە بەراورد ناکرێت بەسەردەمی محەمەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووتر کە لایەن بەرامبەر بەیاساو رێسا خستبوویە ژێر گوشارەوەو بەرەنگاری دەبوونەوە، لەئێستادا زۆر بەتوندی و لەڕێگەی سۆسیال میدیاوە بێڕێزیی بە رۆحانی دەکرێت و تەنانەت پەرلەمانیش کەزۆرینەیان محافزکارن بەهۆشداریی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر رۆحانی راگرتووە، بۆیە ساڵی کۆتایی خولی سەرۆک کۆماریی رۆحانی قورسترین سەردەم دەبێت لەمێژووی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. پیاوی دیپلۆماسی دەرەوە دەبێتە فریادڕەسی ناوخۆ؟ هەرچەندە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کە بەپیاوی یەکەمی دیپلۆماسی لەوڵاتەکەی لەقەڵەمدەدرێت، رەتیکردووەتەوە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی وڵاتەکەی بپاڵێوێت، بەڵام بەپێی خوێندنەوەکان؛ باشترین بژاردەی باڵە میانڕەوەکانی نێو محافزکاران و ریفۆرمخوازانە بۆ بوون بەسەرۆک کۆمار، چونکە سەرەڕای ئەوەی بەڕوونی رایگەیاندووە سەر بەهیچ باڵێکی سیاسیی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە بەڵام لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ریفۆرمخوازان و میانڕەوەکانەوە پشتیوانیی لێدەکرێت و لەبەرامبەردا تەنها باڵی توندڕەوی نێو محافزکاران دژایەتیی توندی ئەو دەکەن لەکاتێکدا ئەو باڵە هیچ کاندیدێکی بۆ سەرۆک کۆماریی نییە و  ئەمەش رێگر نابێت بۆ سەرکەوتنی زەریف لەهەڵبژاردنەکاندا، بۆیە بەئەگەری بەهێز سەرەڕای ئەوەی زەریف خۆی خوازیاری بەشداریی لەو پڕۆسەیەدا نییە، کۆدەنگیی هەیە بۆ ئەوەی وەک کاندیدێکی بەهێز پۆستی سەرۆک کۆماری لەئێران دەستنیشان بکرێت و رەنگە ئەوەش ببێتەهۆی گەرموگوڕتربوونی هەڵمەتی بانگەشەکان و زیادبوونی ئاستی بەشدارایی خەڵک لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئەو وڵاتە کەنزیکەی (10) مانگی ماوە بۆ بەڕێوەچوونی . حکومەت دەیەوێت پشکی نەوت رادەستی خەڵک بکرێت دوای دوو هەفتە لەچاوەڕوانی، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند هەواڵێکی خۆشی بۆ هاوڵاتییان و ئابوریی وڵاتەکەی پێیەو ئاشکرای کرد کەحکومەت بەپێی پلانێک پشکی پاڵاوگەکانی نەوت بەبەهای (190) هەزار ملیار تمەن کەدەکاتە نزیکەی سێ ملیارو (800) هەزار دۆلار بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشدەکات و لەگەڵ لێدوانەکەی رۆحانی بەهای هەر دۆلارێکی ئەمەریکی لە (25) هەزار تمەنەوە بۆ (21) هەزار تمەن و کەمتریش دابەزی، بەڵام پلانەکەی حکومەت لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە راگیراو ژمارەیەک لەپسپۆرو شارەزایانی ئابوریش ئاماژەیان بەوەکرد کەفرۆشتنی ئەو پشکانە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرمایەداران گەمە بەنرخی ئەو پشکانەوە بکەن و چینی هەژار زیاترین زیانیان بەربکەوێت و نادادپەروەریی لەدابەشکاریی داهاتی ئێراندا زیاتر بێت. لەلایەکی دیکەوە، بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران بەمیدیای وڵاتەکەی وتووە: بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە داهاتی نەوتی ئێران لە (108) ملیار دۆلارەوە بۆ (8) ملیار دۆلار دابەزیوە. دیارنەمانی (27) ملیار دۆلار زۆربەی میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتە کە (27) ملیار دۆلار کە لەلایەن حکومەتەوە بەبەهای هەر دۆلارێک بەچوار هەزارو (200) تمەن بۆ ژمارەیەک بازرگان و خاوەن کۆمپانیا بەمەبەستی هاوردەکردن و بازرگانیی دابینکراوە چارەنووسی نادیارەو حکومەتیش حاشای لەڕاستیی ئەو هەواڵە نەکردووە و عەبدولناسر هیمەتی، بەڕێوەبەری بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندوە؛ هەزارو (200) دۆسیەی تایبەت بە نەگەڕانەوەی ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی حکومەت کراوەتەوەو نزیکەی (445) تۆمەتباریش دەستگیرکراون، لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لەمیدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە ئەو دۆلارانە بەقاچاخ رەوانەی بازاڕەکانی شاری سلێمانی لەهەرێمی کوردستان کراوەو لەوێ کڕین و فرۆشتنی پێوەدەکرێت و قازانجەکەی دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکانی بازاڕو بازرگانەکانی ئێران و زیانەکەشی لەسەر شانی خەڵکی ئێران دەبێت. گەڕانەوەی سیستمی بەشەخۆراک دوای (30) ساڵ ژمارەیەک لەبەرپرسانی ئێران لەباڵی محافزکار داوای گەڕاندنەوەی سیستمی دابەشکردنی بەشەخۆراک (کۆپن) لەوڵاتەکەیان دەکەن و لەبەرامبەردا حکومەت نایەوێت جارێکی دیکە ئەو سیستمە بەکاربهێنرێت، چونکە بەوتەی ئیسحاق جیهانگیری، جێگری سەرۆک کۆماری ئێران « نزیکەی (30) ساڵ بەسەر سیستمی دابەشکردنی خۆراک بە (کۆپن)دا تێدەپەڕێت و دۆخی جەنگی هەشت ساڵە لەگەڵ عێراق وای کردبوو کەحکومەت پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک بەو شێوەیە دابەشبکات ئەگەرچی دۆخی ئابوریی ئێستای ئێران زۆر قورسترە لەسەردەمی شەڕی ئێران و عێراق، بەڵام حکومەت دژی گەڕانەوەی ئەو سیستمەیە. لەلایەکی دیکەوە شارەزایانی بواری ئابوریی ئێران پێیان وایە دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە لەسەردەمی جەنگی ئێران و عێراق قورسترە، چونکە لەو سەردەمەدا ئێران دەیتوانی نەوت بفرۆشێت، بەڵام لەئێستادا زۆربەی داهاتە نەوتییەکانی بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا لەدەستداوەو بێپلانیی (30) ساڵی رابردوو بووەتە هۆی ئەوەی زۆرترین خەڵکی ئێران بکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە. کۆرۆناو هەرەسی کۆمەڵایەتی ئێران بەپێی نوێترین زانیارییەکانی ناوەندی ئامار لەئێران تەنها بەهۆی دۆخی تایبەت بەکۆرۆناوە نزیکەی شەش ملیۆن کەس کارەکانیان لەدەستداوەو بێکار بوون و ئاستی بێکاریی لەئێران گەیشتووەتە (14%) کە لەو رێژەیەش زیاتر لە (30%) بێکاربووەکان خاوەن بڕوانامەی بەرزن، هەر ئەمساڵ بەهۆی دۆخی خراپی بژێوی و داهاتەوە، نزیکەی (13) ملیۆن کەس نەیانتوانیوە پڕۆسەی هاوسەرگیریی ئەنجامبدەن کەنیوەی زیاتریان بەبێکار ئەژماردەکرێن، لەبەرامبەردا حکومەت بڕی سێ هەزار ملیار تمەنی بۆ قەرەبووی بێکاریی تەرخان کردووە، سەرەڕای ئەمانە حکومەت نرخی هەر شەوێک مانەوەی توشبووانی کۆرۆنای لەنەخۆشخانە حکومییەکان لە (100) دۆلار بۆ (200) دۆلار دیاری کردووە کە لەنەخۆشخانە ئەهلییەکان ئەو نرخانە دوو هێندەیەو هاوکات هەموو جۆرە دەرمانێکی هاوردە نرخەکانیان بۆ (15) هێندە بەرز بووەتەوە کەئەمەش بارگرانییەکی دیکەیە لەسەر شانی خەڵکێک کەزۆرینەیان داهاتی مانگێکی کارکردنیان لە (100) دۆلار بۆ (200) دۆلارە، هەموو ئەمانەو قەیرانە ئابورییەکانی رابردوو وای کردووە کۆمەڵێک دیاردە سەرهەڵبدات وەک بەکرێدانی منداڵدان و فرۆشنی تۆوی هێلکەدان بەنرخێکی زۆر کەم کەناگاتە (50) دۆلار لەمانگێکدا. رۆژنامەی (شەرق) لەئێران راپۆرتێکی سەبارەت بەو ژنانە بڵاوکردووەتەوە کە بەهۆی دۆخی خراپی ئابورییەوە هێلکەی هێلکەدانەکانیان دەفرۆشن و منداڵدانی خۆیان بەکرێدەدەن، شەرق نووسیویەتی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەئێران پڕبووە لە ریکلامی بەکرێدانی منداڵدان و فرۆشتنی هێلکە بۆ منداڵبوون لەکاتێکدا قوربانیانی ئەم بازرگانییە زۆربەیان ژنانی گەنجن و هەندیکجاریش جگە لەوەی لەفرۆشتنی تۆوی هێلکەدانەکانیان هیچیان دەستناکەوێت بگرە بەهۆی ئەوەی زۆربەی تۆوی هێلکەکانیان دەردەهێنرێت تووشی نەخۆشی دەبن و دەبنە قوربانیی. ئەو رۆژنامەیە لەگەڵ ژمارەیەک لەو ژنانە قسەی کردووەو بەوتەی ژنەکان ئەوان لەبەرامبەر فرۆشتنی هێلکەکانیان سێ ملیۆن تمەن و لەبەرامبەر بەکرێدانی منداڵانیان مانگانە (800) هەزار تمەنی ئێرانی وەک (نەفەقە) وەردەگرن. داخستنی (71) میدیاو بڵاوکراوە لەسەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژنامەی (ئیعتیماد) کەنزیکە لەڕیفۆرمخوازان، سەبارەت بەدۆخی خراپی میدیاو رۆژنامە و گۆڤارەکان لەژێر سایەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئاشکرای کردووە؛ لەماوەی (42) ساڵ دەسەڵات و حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیدا (71) رۆژنامەو گۆڤارو میدیا داخراون و هەر بڵاوکراوەیەک کەژمارەی بڵاوکردنەوەی رۆژانە بێت ئەگەری داخستنی زیاتری لەسەرە لەکاتێکدا دروشمی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئازادی و ئازادیی رادەربڕین)  بووە، بەڵام ئێستا پێچەوانەکەی بەدیدەکرێت. گرەو لەسەر رێککەوتن لەگەڵ ئەمەریکا «محافزکاران نایەنەوێت ئەمەریکاو ئێران رێککەون» ئەگەرچی رۆژی هەینی رابردوو پێشنووسی سەپاندنی سزای نوێی تایبەت بەچەک و کەرەستەی سەربازیی لەلایەن ئەمەریکاوە دژ بەکۆماری ئیسلامی ئێران  لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگی پێویستی نەهێناو تەنها ئەمەریکا و کۆماری دۆمێنیکەن دەنگیان بۆ پێشنوسەکەداو نوێنەری (13) وڵات بەدەنگی پووچەڵ یان سپی بەشداریی پڕۆسەی دەنگدانەکەیان کرد، بەڵام ئەمەریکا سوورە لەسەر سەپاندنی سزای نوێ و بەکارهێنانی سیستمی (پەلەپیتکە)و (سناپبەک) واتا گەڕانەوە بۆ سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران کەپێش رێککەوتنی ئەتۆمیی لەساڵی (2015) بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپابوو، لەبەرامبەردا پەرلەمانی ئێران کەزۆرینەی لەدەست محافزکاراندایە بڕیارە پڕۆژەیاسایەک بخاتە دەنگدانەوە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دوای (72) سەعات لەئەگەری بەکارهێنانی سیستمی (پەلەپیتکە) و (سناپبەک) لەلایەن ئەمەریکاوە، داوای کشانەوەی تەواوەتی لەڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە بکات. مشتی پۆڵاینی ئەمەریکا بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەستنیشانکردنی ئیلیۆت ئەبرامز، نوێنەری نوێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە بەیەکێک لەهۆکارەکانی توندبوونەوەی هەڵوێستی واشنتۆن لەدژی تاران لەقەڵەمدەدەرێت، چونکە ئەبرامز رۆڵی لەچەند رووداوێکی گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە کەبریتین لە رووداوەکانی (ئێران کۆنترا، مەک فارلین، جەنگی عێراق)، ئەو کەکەسێکی توندڕەوەو بڕوای بەکاردانەوەی سەربازیی زۆرەو پێشتر بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لەدژی ڤەنزوێلا بووە، (100) رۆژی لەبەردەمدایە تابتوانێت ئامانجی خۆی لەدژایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بپێکێت، ئەو بەپیاوی مشتی پۆڵاینی وڵاتەکەی بەرامبەر وڵاتانی دەرەوە ناسراوە. ئەبرامز بڕوای بەدیپلۆماسی لەگەڵ ئێران نییەو بەپێی ئەوەی لەڕابردوودا روویدا و بەئاشکرا دژایەتی پەیامی ئاشتیی وڵاتەکەی لەساڵی (2003) و (2007) لەگەڵ ئێران کردووە، چاوەڕێ دەکرێت کۆشکی سپی کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر گوشارێکی زیاترەوە. چارەنووسی ئەو کۆمارەی کۆڵەکەکانی دەلەرزێت ئەوەی بەدیدەکرێت کۆماری ئیسلامی ئێران گیرۆدەی کۆمەڵێک قەیرانی ناوخۆیی بووە کەبەرهەمی دوو باڵە سەرەکییەکەیەتی لەشێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان و ململانێکانیان بۆ مانەوە لەدەسەڵات، هاوکات فشارە نێودەوڵەتییەکانیش بەپێشەنگایەتی ئەمەریکا تەنگی بەکۆمارە ئیسلامییەکەی ئێران هەڵچنیوە، بەڵام هەموو ئەمانەش نەیتوانیوە ئۆپۆزسیۆنێکی راستەقینە بێنێتە ئاراوە بۆ رووخانی ئەو کۆمارە، پێدەچێت تەنها ئەنجامی فشارەکانی ئەمەریکاو ململانێی دوو باڵی سەرەکیی لەئێران چارەنووسی کۆماری ئیسلامی ئێران یەکلایی بکەنەوە.

ھاوڵاتی بەراورد بە شەش مانگی رابردوو بۆیەکەمجار  ھەرێمی کوردستان لە یەک رۆژدا 27 مردنی بە کۆرۆنا تۆمارکرد، بەوەش کۆی گشتی مردوانی کۆرۆنا گەیشتە ٩٣٠ کەس. لە 24 کاتژمیری رابردوودا ١٢ کەس لە هەولێر و 11 لە سلێمانی و سێ کەس لە دھۆک و کەسێک لە راپەڕین گیانیان لە دەستداوە.   ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە (١٨٠) ١. کەرەنتین: (هیچ هاوڵاتیەکی نوێ کەرەنتین نەکراوە) ١٠٩ هاوڵاتی لە کەرەنتینن لە ٣ شوێنی جیاواز لە پارێزگای دهۆك ماونەتەوە. ٢. پشکنین: (٤٦٩٩ پشکنینی نوێ) (٩٦٢ هەولێر)، (٧٠١ سلێمانی، ١٧٨ گەرمیان)، (٥٠ هەڵەبجە)، (٢٨٠٨ دهۆك) ٣. تووشبوو: (٤٥٨ تووشبووی نوێ) (١٢٧ هەولێر) (٩١ سلێمانی، ٢٨ گەرمیان) (١٩٩ دهۆك) (١٣ هەڵەبجە) ٤. چاکبوون: (٢٩٧ چاکبوون) (٢٢٢ هەولێر) (٢١ سلێمانی ، ٢٩ گەرمیان) (٢٥ هەڵەبجە) ٥. مردن: (٢٧ مردن) (١٢ هەولێر) (١١ سلێمانی) (١ ڕاپەڕین) (٣ دهۆك) ئاماری گشتی: کەڕەنتین هاوڵاتی ٢١٨٣١ (٢١٧٢٢ دەرچوو) پشکنین ٢٨١٤٣٤ (١١٦٠٦٩ هەولێر، ٨٢٧٣٢ سلێمانی، ٧٩٩٨٣ دهۆك، ٢٦٥٠ هەڵەبجە) تووشبوون ٢٥٢٥٢ (١٠٢٦٣ هەولێر، ١١٠٧٠ سلێمانی، ٣١٣١ دهۆك، ٧٨٨ هەڵەبجە) چاکبوون ١٥١٨٢ (٥٨٤٣ هەولێر، ٧٦٩٤ سلێمانی، ٩٤٢ دهۆك، ٧٠٣ هەڵەبجە) لەژێر چارەسەر ٩١٤٠ (٤٠٨١ هەولێر، ٢٨٢٧ سلێمانی، ٢١٦٣ دهۆك، ٦٩ هەڵەبجە) مردن ٩٣٠ (٣٣٩ هەولێر، ٥٤٩ سلێمانی، ٢٦ دهۆك ، ١٦ هەڵەبجە) بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/). وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جارێکی تر داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و دەستکێش، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢). وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٢٤ی ئاب ٢٠٢٠

شاناز حه‌سه‌ن نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب له‌ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق روو له‌پارێزگاکانى هه‌ولێرو سلێمانى و دهۆک ده‌که‌ن بۆ کڕینى شه‌وقەو خانوو و تێیدا نیشته‌جێ ده‌بن به‌پێى یاسا رێگه‌پێدراون. به‌رپرسانى کارگێڕى هه‌رێمى کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن که‌نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب زۆرترین کڕیارى موڵک (خانوو و شوقه‌ن) و به‌پێى یاسا رێگه‌یان پێده‌درێت دواى کڕینى بکرێت به‌ناویانه‌وه‌و وه‌به‌رهێنه‌رێک ده‌ڵێت:»هێنانه‌وه‌وه‌ى سه‌رمایه‌ بۆ ناو هه‌رێم جوڵه‌ى ئابوورى دروستده‌کات». به‌پێى ئاماره‌ نافه‌رمییه‌کان، له‌سه‌دا 21ى دانیشتوانى پارێزگاکانى هه‌ولێرو دهۆک و سلێمانى له‌نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب پێکهاتوون و به‌شێکیان له‌پێش شه‌ڕى داعش و هه‌ندێکیان دواى ساڵى 2017 روویان له‌هه‌رێمى کوردستان کردووه‌ بۆ نیشته‌جێبوون. پارێزگارى سلێمانى ده‌ڵێت:»به‌پێى ده‌ستورى عێراقى دیاریکراوه‌ که‌هه‌ر هه‌ڵگرێکى ره‌گه‌زنامه‌ى عێراقى مافى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌به‌سره‌وه‌ تازاخۆ موڵک و ماڵ به‌ناوى خۆیه‌وە بکات».         هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، پارێزگارى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به ‌‌هاوڵاتى وت:» له‌ماوه‌ى رابردوودا به‌هۆى شه‌ڕى داعش و هاتنى زۆرى ئاواره‌کان، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بێته‌ گۆڕینى دیمۆگرافى، وه‌ک ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى به‌بڕیار ئه‌وه‌مان راگرت، به‌ڵام به‌هۆى ته‌واوبوونى شه‌ڕى داعش و ئه‌و هاتنه‌ به‌لێشاوه‌ى ئاواره‌کان ته‌واو بووه‌، بۆیه‌ ئه‌و مه‌ترسییانه‌ى له‌سه‌ر لایه‌نى گۆڕینى دیمۆگرافى سه‌ر هه‌رێمى کوردستان نه‌ماون و حاڵه‌تێکى ئاسایى و یاساییه‌و ده‌ستورى و سروشتییه‌ که‌خه‌ڵکى عه‌ره‌ب موڵک له‌هه‌ر شوێنێکى هه‌رێمدا بیه‌وێت بیکڕێت». پارێزگارى سلێمانى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ له‌دواى ئازادکردنى پارێزگاکانى عێراقه‌وه‌ دووباره‌ ئه‌و بڕیاره‌ نه‌ماوه‌و ئێستا ده‌توانرێت به‌شێوه‌یه‌کى ئاسایى هاوڵاتیان به‌پێى خواستى خۆیان موڵک بکڕن. هه‌روه‌ها نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامى هه‌ولێر، له‌لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتى باسى له‌وه‌کرد له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ رێگه‌پێدراوه‌ هه‌ر هاوڵاتییه‌کى عێراقى موڵکى هه‌بێت له‌هه‌ر شوێنێک که‌خۆى بیه‌وێت و خواستى له‌سه‌ربێت. قایمقامى هه‌ولێر وتیشى:»له‌ئێستادا له‌هه‌موو پارێزگاکان عه‌ره‌ب هه‌یه‌و موڵکى کڕیوه‌ و ئێستا له‌زۆربه‌ى بازاڕه‌کان کڕیاریان عه‌ره‌بن و ژماره‌یه‌کى زۆر پێکده‌هێنن». به‌پێى ستانداردى نێوده‌وڵه‌تى یه‌ک ملیۆن دۆلار بێته‌ عێراق و هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ (40) که‌س بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ ده‌خاته‌سه‌ر کار. وه‌به‌رهێنه‌رێکى دورستکردنى یه‌که‌ى نیشته‌جێبوون له‌پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت:»بڕیارێکى زۆر باشه‌ عه‌ره‌ب موڵک بکرێت به‌ناویانه‌وه‌، چونکه‌ سه‌رمایه‌ ده‌هێننه‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌و جوڵه‌ى ئابوورى دروستده‌کات». ئه‌ندازیار کامیل حه‌مه‌شه‌ریف  خاوه‌نى کۆمپانیاى نه‌خشه‌ له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت» بڕیارى تاپۆکردنى موڵک به‌ناوى عه‌ره‌به‌وه‌ له‌هه‌رێمى کوردستان بڕیارێکى زۆر باشه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌رمایه‌ ده‌هێننه‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌و جوڵه‌ى ئابوورى له‌هه‌موو سێکته‌ره‌کاندا دروستده‌کات، عه‌ره‌ب که‌خانوو یا شوقه‌یه‌ک ده‌کڕێت خۆ نایدات به‌کۆڵیداو بیباته‌وه‌و هیچ مه‌ترسییه‌کى نییه‌«. ناوبراو نموونه‌ى ئه‌وه‌ى هێنایه‌وه‌ ئه‌گه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رێک به‌به‌هاى (10) ملیۆن دۆلار شوقه‌و خانوو بفرۆشێت ده‌توانێت (400) که‌س بۆ ماوه‌ى یه‌ک ساڵ بخاته‌سه‌ر کار، وتیشى:» ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ لاى ئێمه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا ناگرین، به‌ڵکو سوڕى جوڵه‌ى بازاڕى پێ به‌هێز ده‌که‌ین، ئێمه‌ دژى ئه‌وه‌ین سه‌رمایه‌ى ئه‌م هه‌رێمى کوردستانه‌ بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، به‌ڵکو پێویسته‌ له‌ناوخۆدا بمێنێته‌وه‌ وه‌به‌رهێنان و پڕۆژه‌ى پێبکرێت». به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى راگه‌یاندن له‌وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزارى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ی روونکردنه‌وه‌ شێوازى (به‌ناوکردن)ی شوقه‌و خانوو په‌یوه‌ندى به‌ئیداره‌ى پارێزگاکانه‌وه‌ هه‌یه‌. کوردۆ عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى راگه‌یاندن له‌وه‌زاره‌تى شاره‌وانى له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت»به‌پێى یاسا هه‌یه‌و ده‌کرێت هه‌ر هاوڵاتییه‌کى عێراقى له‌هه‌ر شوێنێک بیه‌وێت زه‌وى و موڵک بکڕێت و ببێته‌ خاوه‌نى سه‌که‌نى خۆى». به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى راگه‌یاندن وتیشى» شێوازى ته‌حویلکردنه‌که‌ى و زه‌مانه‌که‌ى په‌یوه‌ندى به‌ئیداره‌ى پارێزگاکانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌وێوه‌ رێوشوێنه‌کان دیاریده‌کرێت، واته‌ به‌پێى سیستمى ئیدارى پارێزگاکه‌ جیاوازى هه‌یه‌ و به‌ڵام له‌هه‌موو ئه‌گه‌رێکدا پێویستى به‌که‌فیل هه‌یه‌ بۆ هه‌ر که‌سێکى  ده‌ره‌وه‌ى دانیشتووى پارێزگاکه‌ى خۆى». به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى راگه‌یاندن له‌وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار پێشیوابوو ئه‌و رێگه‌پێدانه‌ پێویستى به‌پێداچوونه‌وه‌یه‌، وتیشى:» نیوه‌ى موڵکى هه‌ولێرو سلێمانى ده‌بێته‌ موڵکى عه‌ره‌ب و وایانلێدێت ناڕۆنه‌وه‌ و وه‌ک که‌رکوکى لێدێت». بێجگه‌ له‌پارێزگاکانى هه‌رێمى کوردستان، له‌ئێستادا نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب و تورکمان له‌پارێزگاى که‌رکوک و ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان، خه‌ریکى کڕینى موڵکن. عه‌مید سه‌رحه‌د قادر، به‌ڕێوه‌به‌رى پێشووى پۆلیسى قه‌زاو ناحیه‌کان له‌چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى، جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ به‌به‌رنامه‌ تورکمان و عه‌ره‌ب خه‌ریکى کڕینه‌وه‌ى موڵکى کورده‌کانن.

سوارە محەمەد لە ١١ی ئابدا فڕۆکەکانی سوپای تورکیا لەناوچەى برادۆست هێرشێکی ئاسمانییان ئەنجامدا. لەو هێرشەدا فەرماندەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بەناوەکانی زوبێر حالی و محەمەد رەشید و گەریلایەک، کە ٢٧ ساڵ بوو گەریلاو فەرماندە بوو بەناوی عەگید کارزان شەهید بوون. وەک دەزانرێت داوی هێرشەکەی تورکیا، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق هەندێک جموجوڵ و هەوڵیان دەستپێکرد لەناوچەکانی حەفتانین، لەمەتینا و هەروەها لەمدواییەشدا لە برادۆست هەوڵیاندا لەهەندێک شوێندا خۆیان جێگیر بکەن. لە راستیدا ئەو هێزەی سنوور بە هاندان و داوای پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو کارە دەکات. پارتی بەوە دەیەوێت بە ناوی پاراستنی سنوور، هێزەکانی عێراق و گەریلا رووبەڕووی یەکتر بکاتەوە. رووداوەکەى ناوچەى برادۆستیش لەو چوارچێوەیەدا بوو. لەو ناوچەیەدا لە مانگی تەممووزەوە رۆژەڤێکی بەو جۆرە لە گۆڕێیە و بە دنەدانی پارتی لە نێوان گەریلا و هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقدا ئاڵۆزی روودەدەن. بۆ ئەوەى کۆتایی بەو ئاڵۆزییە بێت، لە نێوان هێزەکانی گەریلاو هێزەکانی عێراق و پارتی لە ٧ و ٨ی ئابدا دوو چاوپێکەوتن ئەنجامدرا. لەو چاوپێکەوتنانەدا هێزەکانی عێراق لەلایەن زوبێر حالی و محەمەد رەشیدەوە نوێنەرایەتی دەکران. لەو چاوپێکەوتنانەدا پێشمەرگەکانی پارتیش بەشداربوون. لەئەنجامی ئەو چاوپێکەوتنانەدا هێزەکانی عێراق دەیانخواست لە چوارچێوەی هەستیارییەکانی گەریلادا بجوڵێنەوە. یانی مافیان بەگەریلا دەدا و حەزی رێککەوتن لەلایاندا بەهێز بوو. بەڵام هێزەکانی پارتی هەوڵیاندەدا ناکۆکییەکان قوڵتر بکەنەوەو هێزەکانی عێراق و گەریلا رووبەڕووی یەکتر بکەنەوە. کاتێک بینیان ئەو ئەنجامەى کە ئەوان دەیانەوێت بۆیان بەدی نایەت، خۆیان لەچاوپێکەوتنەکان کشاندەوەو وتیان «ئێمە خۆمان راستەوخۆ ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ دەکەین». ئیدی چاوپێکەوتن لەنێوان هێزەکانی سنووری عێراق و گەریلادا بەردەوام دەبێت و ئەو چاوپێکەوتنانە بەبەرچاوی هێزەکانی پارتییەوە ئەنجام دەدران. ئەو رووداوەی ١١ی ئابیش بەو شێوەیە پێکهات. ئەو شوێنەى چاوپێکەوتنەکەى تیادا ئەنجامدرا لەسەرەتادا فڕۆکەى چاودێری لەو ناوچەیەدا نەبوو، بەڵام کاتێک چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەوان ئەنجامدەدرێت لەناکاو فڕۆکەى چاودێری دێتە ئاسمانی ناوچەکەو دوای ماوەیەکى کورت لێیان دەدا. بەو شێوەیەش هەرسێ فەرماندەکە شەهید دەبن. دەبێت بپرسین، هێرشەکەی تورکیا بۆ لەکاتی چاوپێکەوتنەکاندا کە پارتی تیایاندا بەشداربوو رووی نەدا، بەڵام بۆ دواتر ئەو هێرشە روویدا؟ باشە بۆ لەناکاو فڕۆکەى چاودێری دەچێتە ئاسمانی ناوچەى کۆبوونەوەکەو چۆن ئەو زانیارییەى پێدرا؟ باشە لەو رووداوەدا هەروەک لەزۆرێک لە رووداوەکانی تردا بینراوە، رۆڵی پارتی تیادایە یان نا؟ هەر خۆی لەزینی وەرتێشدا هەمان شت روویدابوو. سێ گەریلای ئازادی دوای ئەوەى لەلای پێشمەرگەکانی پارتی دەگەڕێنەوە، لەهێرشکی ئاسمانیدا شەهیدکران. دواتر دەرکەوت سیخوڕییان بەسەرەوە کراوە. دوای رووداوەکەى برادۆست، ئەوەى پارتی دەیخواست بەدینەهات، هێزەکانی عێراق و گەریلا بەریەک نەکەوتن. وا دیاریشە عێراق وەک ئەوەى کە پارتی دەیەوێت ناجوڵێتەوە. لە راستیدا عێراق لەبەرامبەر هەوڵە داگیرکەرییەکان بۆ سەر خاکی باشوور و عێراق و پەلهاوێشتنەکانی دەوڵەتی فاشیستیی تورک بووەتە خاوەنی هەڵوێستێکى بەهێزتر. بەڵام ئەوەى بۆ کوردان زۆر شومە، ئەوەیە کە پارتی و تورکیا لەچوارچێوەی پاکتاوکردنی بزووتنەوەى ئازادی (پەکەکە)دا رێککەوتوون. دواى ئەوەى بە سەرپەرشتیاریی دەوڵەتی تورک ئەنجامی ریفراندۆم هەڵوەشێنرایەوە پارتی بەهەموو شێوەیەک خۆی لەتورکیا نزیک کردۆتەوە. سوپای تورکیا کاتێک هێرشی کردە سەر عەفرین، بەپاساوی ئەوەی «پەکەکە لەوێیە» بە ئەرێکردنی هێزەکانی سەر بەپارتی ئەو کارەی کرد. هەمان شتیش لەکاتی هێرش بۆ سەر سەرێکانی و گرێسپی دووبارە بووەوە. هێرشەکانی سەر مەخمور و شەنگالیش بەو شێوەیە ئەنجامدران. هەر خۆی لەخۆیدا هەموو ئەو هێرشانەى دەکرێنە سەر خاکی باشوور بەو شێوەیە ئەنجامدەدرێن. پارتی دەڵێت «لەبەر ئەوەى پەکەکە لەو شوێنانەیە، ئەو هێرشانەیان تیادا ئەنجامدەدرێت». بەو شێوەیە رەوایی بەهێرشە قڕکەرەکانی تورکیا دەدات و قڕکردنەکە پەردەپۆش دەکات. پارتی تاوەکو ئێستا لەبارەی قڕکردنەکانی تورکیاوە یەک قسەى نەکردووە. هەر خۆی وەک هێزێکی کوردیش هەرگیزاو هەرگیز باسی باکوور ناکات. باکووری لەمێژە لەبەرچاوی خۆی لاداوە. هیچ بەرپرسیارییەک لەبەرامبەر باکووری کوردستاندا لەئەستۆ ناگرێت. وەک بڵێیت، لەباکووری کوردستان سیاسەتی قڕکردن و سڕینەوە بەڕێوەناچێت. بەڵام ئەوە لەکاتێکدایە دەوڵەتی تورک لەباکووری کوردستان قڕکردن و سڕینەوە ئەنجامدەدات و بەهەموو شێوەیەک هێرش ئەنجام دەدات. ئەگەر تورکیا لەباکوور قڕکەر نەبوایە، پێویستیی هێرشکردنە سەر پارچەکانی تر لەگۆڕێدا نەدەما. وادیارە پارتیش نەک هێرشە قڕکەرەکانی دەوڵەتی فاشیستیی تورک نەک تەنها لەباشوور، لە رۆژئاوا، لەمەخمور و لەشەنگال رەوا دەکات، بەڵکو هاوکات هەمان سیاسەتی قڕکردن بۆسەر باکووری کوردستان قبوڵ دەکات. تەنانەت مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی بڵێت، دەوڵەتی قڕکەر زۆرترین بوێری لەوەوە وەردەگرێت. تورکیا لەلایەکەوە ئەو هێرشانە دەکاتە سەر کوردان و لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ پارتیدا لە پەیوەندیدایەو بەو شێوەیە رای گشتی فریودەدات و دەڵێت «من دوژمنی کوردان نیم، من دوژمنی پەکەکەم». ئەوە لە کاتێکدایە هەموو کەس ئەوە دەزانێت، کە راستییەکە بەو شێوەیە نییە. راستییەکە ئەوەیە، کە لەساڵی ١٩٢٤ەوە تاوەکو ئێستا، دەوڵەتی تورک لەبارەی کوردانەوە تەنها بیر لە قڕکردن و سڕینەوە دەکاتەوە. هەموو هەوڵەکانیشی بۆ ئەوەیە. تورکیا لە کاتی شێخ سەعیدی پیراندا قڕکەر بوو، لە کاتی دۆڵی زیلانیشدا قڕکەر بوو، لەکاتی بەرخودانی دێرسیمیشدا قڕکەر بوو، لەکاتی بزووتنەوەى ئازادیشدا قڕکەر بوو. لەکاتی عەفرینشیدا قڕکەر بوو. لەکاتی سەرێکانی و گرێ سپیشدا قڕکەر بوو. لە کاتی داگیرکردنی باشووری کوردستانیشدا قڕکەر بوو. ئەوە راستییەکەیە. بۆ ئەوەش دەبێت پارتی ئیدی دەست لەسیاسەتی پاراستن و بەرگریکردن لەو دەوڵەتە قڕکەرە هەڵبگرێت!.

  ‌هاوڵاتى-تایبه‌ت تیمى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌رپرسانى پارتیان له‌ناو کابینه‌ى نۆیه‌م ئاگادارکردووه‌ته‌وه‌ که‌بڕینى موچه‌ فشارى جه‌ماوه‌ریى له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌که‌یان دروستبووه‌و پارتیش به‌ڵێنى داوه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن موچه‌ى مانگى نیسان لێى نه‌بردرێت. به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى ‌هاوڵاتى، تیمى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌حکومه‌تى هه‌رێم که‌مسته‌فاى سه‌ید قادر، جێگرى سه‌رۆکى هه‌رێم سه‌رپه‌رشتى ده‌کات، دواى کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ رێکخه‌رو ئه‌ندامانى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌که‌ داواى لێکراوه‌ ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نێت به‌پارتى دیموکراتى کوردستان. به‌رپرسێکى گۆڕان له‌حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان که‌نه‌یویست ناوى بهێندرێت، به‌ ‌هاوڵاتى وت» دانا عه‌بدولکه‌ریم وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى حکومه‌ت له‌و لیژنه‌ى هه‌ماهه‌نگیانه‌دایه‌ زائیده‌ن کاک مسته‌فاى سه‌ید قادر جێگرى یه‌که‌مى سه‌رۆکى هه‌رێم ئه‌و په‌یامه‌یان به‌پارتى دیموکراتى کوردستان گه‌یاندووه‌و به‌ڵێنیانداوه‌ هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن موچه‌ى مانگى نیسان لێبڕینى تێدا نه‌بێت بۆ فه‌رمانبه‌رانى ئاسایى، به‌ڵام ره‌نگه‌ بۆ پله‌ تایبه‌ته‌کان له‌سه‌دا 50ى موچه‌ ببڕن». هاوکات، ئه‌و به‌رپرسه‌ى گۆڕان جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ سه‌رچاوه‌کانى داهات باشتر بووه‌ به‌تایبه‌ت دواى ناردنى 320 ملیار دینار له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه‌ و به‌«ئینسافه‌وه‌ ئه‌وه‌ باس ده‌که‌م که‌ تیمى پارتیش له‌حکومه‌ت له‌گه‌ڵ لێبڕینى موچه‌دا نییه‌«. به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى ‌هاوڵاتى که‌ له‌ناو حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ستیکه‌وتووه‌، دابه‌شکردنى موچه‌ى مانگى نیسان دواناخرێت و له‌دواى 9ى ئه‌یلوله‌وه‌ ده‌ست به‌دابه‌شکردنى ده‌کرێت. له‌مباره‌یەوه‌، دانا عه‌بدولکه‌ریم، وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردنى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت»ئێمه‌ رێککه‌وتنمان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق کردووه‌ ، ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌ره‌ که‌ مانگى داهاتوو به‌بێ لێبڕین موچه‌ دابه‌شبکرێت». ناوبراو پێشیوابوو دۆزینه‌وه‌ى ڤاکسینى کۆرۆناو که‌مبوونه‌وه‌ى تووشبوانى کۆرۆنا ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى گه‌شه‌ى ئابوورى زیادبکاته‌وه‌و داواکارى له‌سه‌ر نه‌وت زیاد بکات، «ئه‌وه‌ش  به‌شێوه‌ى راسته‌وخۆ کاریگه‌رى له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌کانى داهات له‌هه‌رێمى کوردستان و عێراق به‌شێوه‌یه‌کى گشتى ده‌بێت، ئومێدمان هه‌یه‌ به‌بێ هیچ (گونجاندنێک) که‌ئێمه‌ له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وا ناومان هێناوه‌، موچه‌ دابه‌ش بکه‌ین».

  ئارا ئیبراهیم   دواى بڕینى له‌سه‌دا 21ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بۆ دووه‌مجار له‌لایه‌ن کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌، ئۆرگانه‌کانى گۆڕان ده‌بن به‌ دووبه‌ شه‌وه‌و هه‌ندێکیان داواى جێهێشتنى حکومه‌ت له‌ بزوتنه‌وه‌که‌یان ده‌که‌ن. فراکسیۆنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  خاوه‌نى 12 کورسیه‌ له‌په‌رله‌مان، بۆچوونه‌کانیان له‌باره‌ى کشانه‌وه‌و مانه‌وه‌ له‌حکومه‌ت بووه‌ به‌ دوو به‌شه‌وه‌و بڕیاره‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ کۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجامبده‌ن و هه‌ڵوێستى خۆیان رابگه‌یه‌نن. شیرین ئه‌مین، ئه‌ندامى فراکسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت»ئێمه‌ وه‌ک فراکسیۆنى گۆڕان، کۆبوونه‌وه‌ى خۆمان ده‌که‌ین و راى خۆمان ده‌رده‌بڕین و بڕیارى کۆتایى ده‌درێت، بۆ خۆم له‌م دۆخه‌ى ئێستادا به‌تایبه‌تیش که‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ حکومه‌ت نه‌ک شه‌ش مانگ ساڵێک کافى بوو بۆ حکومڕانى». ناوبراو وتیشى:» بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ به‌شدارى له‌حکومه‌ت (13) خاڵى تایبه‌ته‌ به‌ خاڵه‌ گشتییه‌کان و  پرۆژه‌ى چاکسازى و هه‌موو ئه‌مانه‌ بایى ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ بڵێین که‌ کارێک کرابێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و جێبه‌جێکردنى پرۆژه‌ى چاکسازى، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م حکومه‌ته‌  رۆژ به‌ڕۆژ زیاتر خه‌ڵک برسى تر ده‌کات و خه‌ڵک ده‌چه‌وسێنرێته‌وه‌ و چه‌ند رێگایه‌ک هه‌بوو که‌ ده‌یتوانى به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ و پاکسازى بکات». ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى گۆڕان، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌  که‌ « درکم به‌ ئه‌وه‌ کردووه‌ له‌م کابینه‌یه‌ زیاتر هه‌نگاو بۆ دیکتاتۆرى نێردراوه‌و که‌سانى رۆژنامه‌نووس و خۆپیشانده‌ر که‌ته‌نیا نیه‌تیان خۆپیشاندان بووه‌ ده‌ستگیرکراون، رۆژنامه‌نووسمان هه‌یه‌ که‌ زیاتر له‌ (50) رۆژه‌ له‌زینداندایه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى فه‌رمانى دادگا هه‌بێت بۆ ده‌ستگیرکردنى، ئه‌مانه‌ هه‌موو ده‌لاله‌ت له‌ئه‌وه‌ ده‌که‌ن ئه‌م حکومه‌ته‌ به‌پێچه‌وانه‌ى کارنامه‌که‌یه‌وه‌ حکومڕانى کردووه‌ وجێگه‌ى ئومێد نیه‌«. ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى فراکسیۆنى گۆڕان له‌پرسى کشانه‌وه‌و مانه‌وه‌ بوون به‌دوو به‌شه‌وه‌، شیرین ئه‌مین وتى:»پێشبینى ده‌کرێت که‌ ببێته‌ دوو به‌ش، من خۆم یه‌کێک ده‌بم له‌وه‌ى که‌ دواى کۆبوونه‌وه‌ى فراکسیۆن گۆڕان به‌رده‌وام بێت له‌م هه‌ڵوێسته‌ى ئێستاى و نه‌کشێته‌وه‌ له‌حکومه‌ت هه‌ڵوێستم ده‌بێت، به‌هه‌ر رێگایه‌ک بێت به‌فه‌رمى رایده‌گه‌یه‌نم و بڕیارى خۆم ده‌ده‌م». ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى گۆڕان جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ له‌و نێوه‌ندەى رێککه‌وتنى پارتى و گۆڕان  یه‌کێک له‌و خاڵانه‌ ئه‌وه‌ بووه‌ موچه‌ له‌کانى خۆیدا دابه‌ش بکرێت و ده‌ست له‌پاشه‌که‌وت هه‌ڵگیرێت که‌ «به‌داخه‌وه‌ له‌پاشه‌که‌وت خراپتر  کراوه‌ و قوتى خه‌ڵک و موچه‌خۆران ده‌بڕدرێت، که‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆى خاڵێکه‌ پێویسته‌ هه‌ڵوێسته‌ى له‌سه‌ر بکرێت، به‌داخه‌وه‌ گه‌یشتووینه‌ دۆخێک که‌خه‌ڵک ژیانى ناوێت». سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت ئه‌م هه‌فته‌یه‌ کۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن وه‌ک فراکسیۆن. عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان وتى: «ئێمه‌ کۆبوونه‌وه‌ى فراکسیۆنمان به‌رده‌وامه‌ هه‌فتانه‌و ئه‌و پرسه‌ش په‌یوه‌ندى به‌بزوتنه‌وه‌که‌وه‌ هه‌یه‌«. تیمى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌حکومه‌تى هه‌رێم  ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن پرسى به‌شدارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌حکومه‌ت گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت و ده‌شڵێت:» پڕۆسه‌ى چاکسازى له‌هه‌رێمدا به‌رده‌وام ئیشى تێدا ده‌کرێت». دانا عه‌بدولکه‌ریم، وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن له‌لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتى، باسى له‌وه‌کرد  هێشتا  له‌قۆناغى گفتوگۆدایه‌و  په‌یوه‌ندى به‌ئۆرگانه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌، وتیشى:» ئه‌و پرسه‌ له‌هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانه‌وه‌ ده‌بێت سه‌یرى بابه‌ته‌که‌ بکرێت». ناوبراو وتى:» به‌شدارى گۆڕان بۆ چاکسازى بووه‌و ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ش  راسته‌، له‌وانه‌یه‌ به‌و خێراییه‌ چاکسازیى نه‌کرابێت، به‌ڵام پڕۆسه‌ى چاکسازى له‌هه‌رێمدا به‌رده‌وام ئیشى تێدا ده‌کرێت». به‌پێى ده‌ستورى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، پرسى مانه‌وه‌و کشانه‌وه‌ له‌حکومه‌ت جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کات و ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، به‌ڵام زۆرینه‌ى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌که‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ن له‌ناو حکومه‌تدا.

هاوڵاتى ‌دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکى ئه‌مریکا رایگه‌یاند به‌کارهێنانى پلازما بۆ توشبوانى کۆرۆنا چاره‌سه‌ره‌. دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆکى ئه‌مریکا، له‌ تویتێکدا رایگه‌یاند:" چاره‌سه‌رێکى به‌هێزمان بۆ توشوانى کۆرۆنا دۆزیوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌کارهێنانى پلازمایه‌ که‌ چاره‌سه‌رێکى گونجاو سه‌لامه‌ت و سه‌رکه‌وتووه‌ و رێژه‌ى له‌سه‌دا 35% تووشبوان له‌ مردن رزگار ده‌کات". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" به‌ربه‌سته‌کانى به‌رده‌م دۆزینه‌وه‌ى ڤاکسینى کۆرۆنا لاده‌به‌ین". له‌ کۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا وه‌زیرى ته‌ندروستى و به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى خۆراک و ده‌رمانى ئه‌مریکاش ئاماده‌ى بوون.  

هاوڵاتى جێگرى سه‌‌رۆکى ئه‌‌نجومه‌‌نى وه‌‌زیران رایگه‌‌یاند، پڕۆژه‌ى گه‌شتیارى دوکان ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ هه‌لى کار ده‌ڕه‌خسێنێت و ده‌‌بێته‌‌هۆى گه‌شه‌کردنى که‌رتى گه‌‌شتوگوزار، خاوه‌نى فاروق گروپ ئاماده‌یى ده‌ستپێکردنى پێدانى قه‌ره‌بووى دارایى به‌و هاوڵاتییانه‌‌دا که‌ زه‌ویه‌کانییان ده‌که‌ونه‌ پڕۆژه‌که‌وه‌. پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌‌ک شه‌‌ممه‌‌ 23ى ئابى 2020، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، له‌ ڕێگه‌ى ڤیدیۆ کۆنفرانسه‌وه‌، سه‌رپه‌رشتى کۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌ى باڵاى پڕۆژه‌ى گه‌شتیارى دوکانى کرد، که‌ پڕۆژه‌یه‌کى گه‌شتیارى ستراتیجییه‌‌ و ده‌‌که‌‌وێته‌‌ قه‌‌زاى دوکانى سه‌‌ر به‌‌ پارێزگاى سلێمانی. له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا، که‌‌ فاروقى مه‌لا مسته‌فا خاوه‌نى کۆمپانیاکانى فاروق گروپ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان، به‌شداربون گفتوگۆکرا له‌باره‌ى چۆنییه‌تى به‌ڕێکردنى رێکاره‌ یاسایى و کارگێڕییه‌کان بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت له‌ماوه‌ى داهاتودا ده‌ستبکرێت به‌ جێبه‌جێکردنى ئه‌و پڕۆژه‌ ستراتیجییه‌ نیشتمانییه‌. جێگرى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ئاماژه‌ى به‌ گرنگى ئه‌و پڕۆژه‌ ستراتیجییه‌ کرد که‌ هه‌ر له‌ قۆناغه‌کانى سه‌ره‌تایى ده‌ستپێکردنى  ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ هه‌لى کار ده‌ڕه‌خسێنێت  قوباد تاڵه‌بانى، ئاماژه‌ى به‌ گرنگى ئه‌و پڕۆژه‌ ستراتیجییه‌ کرد که‌ هه‌ر له‌ قۆناغه‌کانى سه‌ره‌تایى ده‌ستپێکردنى  ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ هه‌لى کار ده‌ڕه‌خسێنێت و دواتر ده‌بێته‌ هۆکارى جموجوڵێکى بازرگانى گه‌وره‌ له‌‌ هه‌رێمى کوردستان به‌گشتی. هاوکات، قوباد تاڵه‌بانى وتیشى " ئێمه‌ له‌ حکومه‌‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌ین بۆ هه‌موو ئاسانکارییه‌ک بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پڕۆژه‌ گرنگه‌ سه‌رپێبخه‌ین که‌ له‌لایه‌ک سودى راسته‌وخۆى بۆ هاوڵاتییان ده‌بێت و له‌لایه‌کى تریش ده‌بێته‌ ئامرازێک بۆ گه‌شه‌کردن و پته‌وکردنى ژێرخانى ئابورى له‌ هه‌رێمى کوردستان". خاوه‌نى کۆمپانیاکانى فاروق گروپ ئاماده‌یى ده‌ربڕى بۆ ده‌ستپێکردنى پێدانى قه‌ره‌بوى دارایى به‌و ھاوڵاتییانه‌‌ى که‌ زه‌ویه‌کانییان ده‌که‌وونه‌ چوارچیوه‌ى پلان و سنورى زه‌وى پڕۆژه‌که‌ و دواتریش ده‌ستبکرێت به‌ پڕۆژه‌که‌ لاى فاروق مه‌لا مسته‌فا، خاوه‌نى کۆمپانیاکانى فاروق گروپ ئاماده‌یى ده‌ربڕى بۆ ده‌ستپێکردنى پێدانى قه‌ره‌بوى دارایى به‌و ھاوڵاتییانه‌‌ى که‌ زه‌ویه‌کانییان ده‌که‌وونه‌ چوارچیوه‌ى پلان و سنورى زه‌وى پڕۆژه‌که‌ و دواتریش ده‌ستبکرێت به‌ پڕۆژه‌که‌. ھه‌‌روه‌‌ھا بڕیاردرا کۆبونه‌وه‌کان به‌رده‌وامییان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاسانکارى زیاتر بکرێت و له‌ ئاینده‌یه‌کى نزیکدا قۆناغه‌کانى ده‌ستپێکردنى پڕۆژه‌که‌ بکه‌ونه‌ سه‌رپێ. دواتر بۆ ‌ده‌‌ستپکردنى ئه‌‌م پڕۆژه‌‌یه‌‌ حکومه‌‌تى ھه‌‌رێم و گروپى کۆمپانیاکانى فاروق، به‌‌ھاوبه‌‌شی، کۆمپانیایه‌‌کى جێبه‌‌جێکار پێکده‌ھێنن.  

هاوڵاتى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم کۆبونه‌وه‌یه‌کى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا ئه‌نجامدراو بڕیارى پله‌ به‌رزکردنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌یدا که‌ ماوه‌یه‌کى زۆره‌ راگرابوو. ده‌قى به‌یاننامه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم: ئه‌مرۆ یه‌کشه‌ممه‌ ٢٣/٨/٢٠٢٠ مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى ھه‌رێمى کوردستان به‌ ئاماده‌بوونى قوباد تاله‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت،  سه‌رپه‌رشتى کۆبوونه‌وه‌یه‌کى تایبه‌ت به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ کرد و ژماره‌یه‌ک بابه‌تى په‌یوه‌ست به‌ وه‌زاره‌ت و دۆخى پێشمه‌رگه‌یان تاووتوێ کرد. له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا جه‌خت له‌ سه‌ر پرۆسه‌ى چاکسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و یه‌کخستنى ھێزى پێشمه‌رگه‌ کرایه‌وه‌ و دواھه‌نگاوه‌کانى ئه‌م بواره‌ تاووتوێ کران و پێداگرى له‌ سه‌ر خێراترکردنى پرۆسه‌ى چاکسازى له‌ ناو ھێزى پێشمه‌رگه‌ کرایه‌وه‌. ھه‌روه‌ھا گفتوگۆ ده‌رباره‌ى پرسى پله‌به‌رزکردنه‌وه‌ى پله‌دارانى ھێزى پێشمه‌رگه‌ کرا که‌ چه‌ند سالێکه‌ وه‌ستاوه‌ ، بڕیاردرا  پله‌به‌رزکردنى ھێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ ساڵى ٢٠١٧ جێبه‌جێ بکرێت و پله‌به‌رزکردنه‌کانى ٢٠١٨ و ٢٠١٩ و ساڵه‌کانى داھاتووش ، به‌ پێى میکانیزمى نوێ و دواى وردبوونه‌وه‌ى زیاتر بڕیارى پێویستى له‌باره‌وه‌ بدرێت.  

هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندرووستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، ئامارى 24 کاتژمێرى رابردووى بڵاوکرده‌وه‌ که‌ 17 که‌سى دیکه‌ به‌ کۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و 523 که‌سى دیکه‌ تووشى په‌تاکه‌ بوون. له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌ 28 هاووڵاتى دیکه‌ که‌ره‌نتین کراوون و 3 هه‌زار و 731 پشکنینى دیکه‌ کراوون و له‌و ژماره‌یه‌ش، 523 که‌س تووشى کۆرۆنا بوون و194یان له‌ هه‌ولێر، 189 له‌ دهۆک، 98 له‌ سلێمانى و 31 له‌ گه‌رمیان و 11شیان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ن. هه‌روه‌ها هاتووه‌: 857 که‌س چاکبوونه‌ته‌وه‌، که‌ 575یان له‌ سلێمانی، 215یان هه‌ولێر و 36یان له‌ گه‌رمیانن. هاوکات 17 که‌سى دیکه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ که‌ 10 که‌س له‌ هه‌ولێر، شه‌ش که‌س له‌ سلێمانی، یه‌ک که‌س له‌ هه‌ڵه‌بجه‌.  

هاوڵاتى ‌ژماره‌یه‌ک ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ نوسراوێکدا داواى بانگهێشتکردنى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، جێگرى و وه‌زیرى دارایى و ئابورى ده‌که‌ن بۆ بڕیارى سه‌رله‌نوێ بڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان. ژماره‌یه‌ک ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌ نوسراوێکدا که‌ ئاڕاسته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستانیان کردوه‌، ئاماژه‌یان به‌وه‌کردوه‌، "پاڵپشت به‌ هه‌ردو بڕگه‌ى 68 و 69ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان داواى دانیشتنێکى تایبه‌ت به‌ پرساندنى سه‌رۆک، جێگر و وه‌زیرى دارایى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ین، بۆ بڕیارى سه‌رله‌نوێ بڕینى موچه‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان که‌ له‌ 17-8-2020 بڕیاره‌که‌ دراوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى پاڵپشت بێت به‌هیچ یاسا و بڕیارێکى په‌رله‌مانى کوردستان". هه‌روه‌ها داواى روونکردنه‌وه‌ ده‌که‌ن له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ى کابینه‌ى نۆیه‌م که‌ موچه‌ى مانگى شوبات و ئازار له‌سه‌دا 21ى موچه‌ له‌ فه‌رمانبه‌ران بڕدراوه‌ و ده‌شڵێن:" شه‌فافیه‌ت نیه‌ له‌ داهاته‌کانى ناوخۆ و خاڵه‌ گومرگییه‌کان و نرخى نه‌وتیش له‌ بازاڕه‌کاندا به‌رزبوه‌ته‌وه‌ و حکومه‌تى عێراقیش بڕى 320 ملیار دینارى ره‌وانه‌ کردووه‌".

هاوڵاتى به‌رپرسى لقى 12ى پارتى له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ رایگه‌یاند، شه‌وى رابردو ژماره‌یه‌ک که‌س به‌ چه‌که‌وه‌ هێرشیانکردوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گه‌که‌یان و له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌کانى باره‌گاش وه‌ڵامیان دراوه‌ته‌وه‌و ته‌قه‌یان به‌سه‌ردا کردوون و ده‌شڵێت:"ئه‌وه‌ى دوێنێ رویدا هێرشى چه‌کدارى بو بۆسه‌ر فه‌رمانگه‌کانى حکومه‌ت و باره‌گاى پارتى نه‌ک خۆپیشاندان". به‌سام عه‌لی، به‌رپرس لقى 12ى پارتى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ کۆنفرانسێکى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، کاتژمێر 11:15 خوله‌کى شه‌وى رابردوو هێرشکراوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گاکه‌یان و له‌سه‌ره‌تادا دانیان به‌خۆداگرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى کێشه‌که‌ گه‌وره‌تر نه‌بێت، به‌ڵام "کاتژمێر 12:00 له‌چوارلاوه‌ دوباره‌ ته‌قه‌مان لێکراوه‌ته‌وه‌ و له‌و کاته‌دا پاسه‌وانه‌کانى باره‌گاش به‌مه‌به‌ستى بڵاوه‌کردن ته‌قه‌یان به‌سه‌ر خۆپیشانده‌راندا کردوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ که‌سێک بریندارببێت". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، ته‌نها باره‌گاى پارتى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ کراوه‌ته‌ ئامانج، له‌کاتێکدا "پارتى له‌م پارێزگایه‌دا هیچ ده‌سه‌ڵاتێکى ئیدارى له‌ژێرده‌ستدا نیه‌ و له‌زۆرێک له‌ حاڵه‌ته‌کانیشدا گه‌یه‌نه‌رى داخوازییه‌کانى شاره‌که‌ بون به‌ به‌رزترین ده‌سه‌ڵاتى بڕیاردانى هه‌رێمى کوردستان".  

  هاوڵاتى هێزه‌کانى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژبه‌ رێکخراوى تیرۆرستیى داعش که‌ ئه‌مریکا فه‌رمانده‌یى ده‌کات، بنکه‌کانى مه‌شق و راهێنانى خۆى له‌ سه‌ربازگه‌ى تاجى له‌ به‌غدا راده‌ستى عێراق کرده‌وه‌. ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 23ى ئاب، هێزه‌کانى "ورى پۆڵایین" له‌ناو هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیى دژبه‌ رێکخراوى تیرۆرستیى داعش له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا راگه‌یاند که‌ بنکه‌ى تایبه‌ت به‌ خۆى له‌ سه‌ربازگه‌ى تاجى له‌ باکورى به‌غدا راده‌ستى هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى عێراق کردووه‌ته‌وه‌. هه‌روه‌ها ئاشکراشیکردوه‌ که‌ کۆى ئه‌و که‌لوپه‌ل و بنکه‌یه‌ى راده‌ستى عێراق کردووه‌ته‌وه‌، به‌هاکه‌ى ده‌گاته‌ 347 ملیۆن دۆلار.

هاوڵاتى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌باره‌ى خۆپیشاندانه‌کانده‌وه‌ رایگه‌یاند خۆپیشاندانى ئاشتییانه‌ مافى هاووڵاتییانه‌ و سووتاندنى موڵکى گشتى ده‌چێته‌ خانه‌ى تاوانه‌وه‌. ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌که‌: *له‌ په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنیدا له‌ گه‌ڵ پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بارودۆخى پارێزگاکه‌ تاوتووێ ده‌کات*     • سه‌رۆکى حکومه‌ت :  ئه‌نجامدانى خۆپێشاندان به‌ شێوه‌یه‌کى ئاشتیانه‌ و شارستانیانه‌ مافى هاووڵاتییانه‌ ، به‌ڵام سووتاندن و تێکدانى موڵک و ماڵى گشتى و هاووڵاتییان ، ده‌چێته‌ خانه‌ى تاوان و پێویسته‌ ڕێکارى یاسایى به‌رامبه‌ر ئه‌نجامده‌رانى بگیرێته‌به‌ر.   ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌ 2020/8/23 مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌ په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنیدا له‌ گه‌ڵ ئازاد تۆفیق پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌، بارودۆخى ده‌ڤه‌ره‌که‌ى له‌ ڕووى ته‌ندروستى و خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ تاووتوێ کرد.    سه‌رۆکى حکومه‌ت نیگه‌رانیى قووڵى خۆى به‌رامبه‌ر ئه‌و ئاژاوه‌ و پشێوى و هێرشکردنه‌ سه‌ر داموده‌زگاکانى حکومى و موڵک و ماڵى گشتى و هاووڵاتییان ده‌ربڕى که‌ دوێنێ هه‌ندێک که‌س له‌ ژێر ناوى خوپێشاندانه‌وه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و چه‌ند ناوچه‌یه‌کى دیکه‌ ئه‌نجامیاندا.  سه‌رۆکى حکومه‌ت ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ ئه‌نجامدانى خۆپێشاندان به‌ شێوه‌یه‌کى ئاشتیانه‌ و شارستانیانه‌ مافى هاووڵاتییانه‌ ، به‌ڵام سووتاندن و تێکدانى موڵک و ماڵى گشتى و هاووڵاتییان ، ده‌چێته‌ خانه‌ى تاوان و پێویسته‌ ڕێکارى یاسایى به‌رامبه‌ر ئه‌نجامده‌رانى بگیرێته‌به‌ر .   له‌ ته‌وه‌رێکى دیکه‌ى په‌یوه‌ندییه‌که‌دا ، گفتوگۆ ده‌رباره‌ى دوو پڕۆژه‌ى گرنگ له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ کرا که‌ یه‌کێکیان پڕۆژه‌ى پردى (تووه‌قوت)ه‌ که‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و نیشته‌جێکردن ئه‌نجام ده‌ده‌رێت ، هه‌روه‌ها (ناوچه‌ى پیشه‌سازى خۆراک) که‌ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان ئه‌نجامى ده‌دات . هه‌ردوو پڕۆژه‌که‌ش له‌ قۆناخى کۆتایى ئاماده‌کارییدان  و له‌ ماوه‌یه‌کى نزیکدا دواى رێکاره‌ ئیدارییه‌کان،  به‌ردى بناغه‌ى ھه‌ردوو پڕۆژه‌که‌ داده‌نرێت.  دۆخى ته‌ندروستى سنوورى پارێزگاکه‌ و هه‌نگاوه‌کانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤاپرۆسى کۆرۆنا، لایه‌نێکى دیکه‌ى گفتوگۆى په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌ بوون .   رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌باره‌ى خۆپیشاندانه‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌ و سووتاندنى بیناى حکومى له‌و شاره‌ له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنیى له‌گه‌ڵ پارێزگارى ئه‌و شاره‌دا کرد و رایگه‌یاند، مه‌سروور بارزانى له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌دا ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌، پێویسته‌ رێکارى یاسایى به‌رامبه‌ر به‌و که‌سانه‌ بگیرێته‌به‌ر که‌ موڵک و ماڵى گشتییان سووتاندووه‌ و تێکداوه‌.

هاوڵاتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى که‌شناسى و بومه‌له‌رزه‌زانى هه‌رێمى کوردستان ره‌وشى که‌شوهه‌وا و پله‌کانى گه‌رماى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ و سبه‌ینێ یه‌کشه‌ممه‌ى پارێزگاکانى راگه‌یاند. که‌شناسیى هه‌رێم رایگه‌یاند "ئه‌مڕۆ پله‌کانی گه‌رما که‌مێک نزمتر ده‌بێت، به‌ڵام سبه‌ی ده‌ست ده‌کات به‌ به‌رزبوونه‌وه‌".  هه‌روه‌ها ناوچه‌ شاخاویه‌کانی سنووری پارێزگای دهۆک ئه‌گه‌ری باران بارینی هه‌یه‌ تا کاتژمێر 12ی نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه‌.