کاکەلاو عەبدولا ئەو فرۆکە بۆمبهاوێژەی زۆرترین خزمەتی هەیە لەسوپای ئەمریکادا گەیەندرایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوەک «پەیامێک بۆ ئێران» لێکدەدرێتەوە. ناوەندی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند گەشتێکی تاقیکردنەوەی دوور مەودایان بەفڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی B-52 کردووە لەشەممەی رابردوودا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەمەبەستی « ساردکردنەوەی کردەی شەڕەنگێزانەو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن و هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا». سوپای ئەمریکا باسی لەوە نەکردووە کەئایا ئەو فڕۆکە جەنگییانە چوون بۆ کام وڵات و ناوچانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاند لەبنکەی ئاسمانی مینۆت لە نۆرس داکۆتاوە فڕیون. فرۆکەی جەنگی B-52 فرۆکەیەکی دوورمەودای بۆمبهاوێژە کە لەتوانایدایە (٣٢) هەزار کیلۆگرام چەک هەڵبگرێت لەبۆمبی ناو‌کی، موشەکی کروزی و هەروەها چەندین جۆری بۆمبی تر جگە لەوەی دەتوانێت زیاتر لە (١٤) هەزار کم ببڕێت بەبێ پڕکردنەوەی سووتەمەنی. ساڵی ١٩٤٦ دەستکراوە بەدیزاینکردنی لەلایەن کۆمپانیای بۆینگی ئەمریکی و یەکەم فڕینی لەساڵی ١٩٥٢ بووەو لە ١٩٥٥ چووەتە بواری خزمەتەوە لەسوپای ئەمریکاو تائێستاش بەردەوامە کە لەوکاتەوە (٧٤٤) دانەی لێ دروستکراوە. نرخی هەر دانەیەکی لەنێوان (٦١-٧٤) ملیۆن دۆلارەو بەپێی ئامارێکی حوزەیرانی ٢٠١٩، (٥٨) دانە لە خزمەتدان و (١٨) دانەش لەیەدەگدان جگە لەوەی کە (١٢) دانە لەکۆگای درێژخایەندان. B-52 فرۆکەیەکی زۆر زەبەلاحەو درێژییەکەی (٤٧) مەترەو پانییەکەشی (٥٦) مەترە و دەتوانێت (١٥) هەزار مەتر بەرزببێتەوە، کێشی (٨٣) هەزار (٢٥٩) کیلۆگرامەو لەکاتی هەستانیشدا دەبێت بە (٢٢٠) هەزار کیلۆگرام و ئەوپەڕی خێرایی دەگاتە هەزارو (٤٠) کم لەکاتژمێرێکدا. ئامانج لەدروستکردنی هەڵگرتنی چەکی ناو‌کی بووە لەسەردەمی جەنگی سارددا بۆ ئەرکی ساردککردنەوەی هەوڵەکانی یەکێتی سۆڤیەت، بەڵام بەردەوام بووە لەخزمەت و لەجەنگی ڤێتنام، جەنگی کەنداو، هەروەها جەنگی ئەفغانستان بەشداری کردووە، زۆرترین خزمەتی هەیە زیاتر لەهەر فرۆکەیەکی جەنگی لەسوپای وڵاتانی جیهاندا. بەهۆی ئەدایەکی باڵادەست لەبەرزاییەکی زۆر بەخیراییەکی زۆر باشەوەو هەروەها بەهۆی تێچوویەکی کەمی کارپێکردنییەوە، سوپای ئەمریکا لەخزمەتدا هێشتویەتییەوە سەرەڕای ئەوەی فرۆکەی پێشکەوتووتر دروستکراون. سوپای ئەمریکا لەساڵی ٢٠١٠، (٧٥٠) ملیۆنی بۆ (١٠) ساڵ لەپاڵپشتی و تازەکردنەوەی فرۆکەکەدا تەرخان کرد‌و بەنیازە تاساڵی ٢٠٥٠ لەخزمەتدا بیهڵێتەوە. ئەم هەنگاوەی واشنتن بە «پەیامێک بۆ ئێران» لێکدەدرێتەوە لەلایەن چەند میدیایەکی ئەمریکاوە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بڵاوبووەوە دۆناڵد ترەمپ داوای بژاردەی هێرشی کردووە بۆ سەر ئێران، بەڵام دواتر پەشیمان بووەتەوە. رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی هەفتەی رابردوو لەزاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە سەرۆکی ئەمریکا لەکۆبوونەوەیەکی باڵای ئیدارەکەیدا کەوەزیری دەرەوەو وەزیری بەرگری بەوەکالەت ئامادەی بوون داوای کردووە بژاردە سەربازییەکانی بۆ هێرش کردنەسەر ئێران بخەنەڕوو، ئەوەش دوای ئەوەی ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند ئێران (١٢) ئەوەندەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی رێگەپێدراوی لەکۆگایەکیدا هەیە. لەکۆبوونەوەکەدا مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پۆ‌مپێیۆ، وەزیری دەرەوە، هەروەها کریستۆفەر میلەر، وەزیری بەرگری بەوەکالەت بەشداربوون و چەند سیناریۆیەکیان خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ تا هێرش بکاتەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. «ئەو داوای بژاردەیەکی لێکردن، ئەوانیش چەند سیناریۆیەکیان خستە بەردەمی، بەڵام دواتر بڕیاریدا کە بەردەوام نەبێت»، بەرپرسەکە ئەمەی بە نیویۆرک تایمز وت.
هاوڵاتى سێ کچی کورد لەیەک هەفتەدا سی خەڵاتی جیهانییان وەرگرت، کەئەوانیش هەریەکە لە سارا عومەرو زێڕین گەردی لەباشوورو زارا دۆغان لەباکوری کوردستانن. خەڵاتی ئەمساڵی ‹لاوراڵ›ی ئەدەبی لەدانیمارک درا بە سارا عومەر تەمەن (33) ساڵ، کە خەڵکی سلێمانییەو دانیشتووی دانیمارکە، هەروەها خەڵاتی ئەمساڵی کاریگەری جیهانی بۆ مافەکانی مرۆڤ درایە زێڕین گەردی لەباشووری کوردستان. زارا دۆغانیش خەڵاتی کارۆڵ رامای ئیتاڵی لەبواری هونەردا بردەوەو بووە سێیەم کچی کورد کە خەڵاتی جیهانی بەرز وەرگرن تەنها لەیەک هەفتەدا. هەریەکە لەزاراو سارا ئەوە یەکەم جاریان نییە کەخەڵاتی جیهانی دەبەنەوە. چیرۆکی زارا دۆغان چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشە، ماوەی سێ ساڵە لەزیندانەکانی تورکیا ژیان دەگوزەرێنێت، تورکیا بەهۆی چەند تابلۆیەکەوە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکەی داوەتە پاڵ زاراو زیندانی کردووە. زارا دەڵێت لەزینداندا دوو رێگام لەپێش بوو: یان تەسلیم بوون یان بەرخۆدان... رێگای بەرخۆدانم هەڵبژارد. چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکەی زارا لێرەوە دەستپێدەکات: زارا بەنهێنی لەزیندان بەردەوامبووە لەکێشانی تابلۆکانی و بەقاچاغیش تابلۆکانی ناردۆتە دەرەوەی زیندان. زارا لەزینداندا هیچ کەرەستەیەکی بۆ کێشانی تابلۆکانی دەستنەکەوتووە، ناچار جلی کۆن و موقەباو پەڕەی رۆژنامەی وەک گراوند بەکارهێناوە. گیاوگۆڵ، سوتەکی جگەرە و توێکڵی هەنار، گەڵای خاس و تۆزی قاوەو تەنانەت خوێنی سوڕی مانگانەی بۆ رەنگەکان بەکارهێناوە. سەرەنجام زارا وانەیەکی تری «بەرخۆدان ژیانە»ی پێگوتین. زارا خۆی زیندانیی بوو و تابلۆکانی بەئازادی لەهۆڵەکانی هونەر لەئەوروپا و ئەمریکا ئازار‌و مەینەتییەکانی زاراو نەتەوەکەی دەگایەندە هەزاران کەس. زارا لەزیندانەوە تەسلیم نەبوو و بووە براوەی خەڵاتی کارڵ رامای ئیتاڵیی.. زارا دۆغان ماوەی سێ ساڵە لە زیندانەکانی تورکیادایە و بەتۆمەتی بانگەشە و پشتیوانی بۆ پەکەکە، ئەوەش دوای ئەوەهات کە تابلۆیەکی لەسەر رووداوەکانی نوسەیبین لە12ی تەمموزی 2016دا کێشا کە تیایدا هێرشەکانی تورکیای بۆسەر خەڵکی ناوچەکە دەگێڕایەوە. بەگوێرەی لێدوانێکی بۆ ئاژانسی فرانس 24 بەشێوەی نووسراو، وتوویەتی تابلۆکانم لێرە لەسەر تی‌شێرت و خاولی دەکێشم و سەرین و کەتان و زەرف و کاغەزی جگەرە بەکاردەهێنم. ئەو وتووشیەتی، فڵچەی بۆیەکانی لەقژی هاوڕێکانی دروستکراوەو توێکڵی پەتاتە، تەماتەو چا توێکڵی هەنارو تۆزی قاوە بەکاردەهێنێت و هەندێک جار بە «جوانترین رەنگ» ی خۆی کە خوێنی سوڕی مانگانەیەتی وێنەکانی دەکێشێت. ئێستا زارای تەمەن (30) ساڵان، لەزیندانەوە، براوەی خەڵاتی کارڵ رامای ئیتاڵییە، یەکەم زیندانی سیاسییە کە بەهۆی کێشانی وێنەکێشانەوە دەستبەسەر دەکرێت، بەڵام لەجیاتی ئەوەی بەرەو نائومێدی بچێت، زیاتر داهێنەرو کارکەر بووە.. هونەرمەندەکە بەئاژانسە فەرەنسیەکەی وتووە، بەهاوکاری و هاوڕێی زیندانیەکانی تابلۆکانی ئامادە کردووە کە هەر شتێک زانیبێتیان رەنگی دەبێت لەخواردنە بەجێماوەکەیان بۆیان هێناوە، لەکاتی کارکردن‌دا بەدەوریدا کۆبوونەتەوە و هانیانداوە. زارا دۆغان لەنامەکانیدا لەزیندانەوە بۆ هاوڕێکەی ناز ئۆکەی کە رۆژنامەوان بووە بەرهەمەکانی ناردووەتە دەرەوەو چەند چیرۆک و کارێکیشی لەو رێیەوە بەزمانی فەرەنسی بڵاکردووەتەوە. زارا دۆغان لەساڵی 1989 لەئامەد لەدایکبووە. دەرچووی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی دیجلەیە. لەکاتی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆدا زارا دۆغان لەشەقامەکانی شارۆچکەی نسێبین لەمێردینی باکووری کوردستان تابلۆی لەسەر دیوارەکان دەکێشاو بەهۆیەوە تۆمەتی ئەندامبوون لەپەکەکەی خرایەپاڵ. رۆژی 23ی تەممووزی 2016 لەمێردین دەستگیرکراو رۆژی 9ی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ ئازادکرا، دوای بێتاوانبوونی لەو تۆمەتانەی خرابوونە پاڵی، لەمانگی حوزەیرانی 2017دا بەتۆمەتی ئەندامبوون و پرۆپاگەندەکردن بۆ پەکەکە بۆ ماوەی (33) مانگ لەگرتووخانەی سزا قورسەکانی ئامەد دەستبەسەر کراو رۆژی 24ی شوباتی 2019 ئازادکرا. زارا درێژەی بەکارە هونەرییەکانی دا‌و تابلۆکانی لە مۆزەخانەی سانتا گیولیا بیچ (Santa Giulia Beach) نمایشکرا و بووە مایەی سەرنجی زۆر هونەرمەندان و هونەردۆستانی ئیتاڵیا. زارا لەماوەی دوو ساڵدا خەڵاتێکی هونەریی لەئیستەنبووڵ و شەش خەڵاتی دیکەی هونەریی لەئیتاڵیا بەدەستهێنا. هەر لەچەند رۆژی رابردوودا، سارا عومەر، لەوپەڕی باکوری دونیا، لەوڵاتی دانیمارک و زێڕین گەردیش لەوپەڕی باشوری دونیا، لەوڵاتی نیوزلەندا دوو خەڵاتی باڵا وەردەگرن. خاتو سارا خەڵاتی ‹لاورەڵ›ی زێڕێنی پێدەبەخشرێت، کە بەرزترین خەڵاتی دانیمارکە لەبواری ئەدەبداو ساڵانە بەو نووسەرانە دەدرێت کە خاوەنی پڕفرۆش‌ترین و نایابترین کتێبن. زێڕین گەردیش خەڵاتی کاریگەری جیهانی پێدەبەخشرێت، کەساڵانە لەلایەن YPO بەیەکێک لەو گەنجە رابەرانە دەدرێت کە لەبواری مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهاندا کاریگەرییان هەیە. ئارام رەفعەت، نووسەر، لەوبارەیەوە دەڵێت ئەو کچانە پێمان دەڵێن «ئەگەر تاکی کورد هەلی بۆ بڕەخسێت لە تاکی نەتەوەکانی تر باڵاتر نەبێت، کەمتر نییە. ئەگەر دەسەڵاتیش دەرفەتێک بەو مرۆڤە جوانانە نادات، با ئێمەی هاووڵاتی رێز لە بەهرەو جوانییەکانیان بگرین». سالی رابردووش سارا عومەر، نووسەرو رۆشنبیر‌و پارێزەری مافی مرۆڤ لەوڵاتی دانیمارک، خەلاتی ژنی ساڵی پێبەخشرا. خه‌ڵاتی ژنی ساڵ لە دانیمارک ده‌درێت به‌و ژنانه‌ی که له‌ناو ژنه‌کانی تردا کاره‌کانیان به‌شێوازێکی رێچکه‌شکێن دیاره، ئەویش له‌وڵاتی دانیمارک و ئهسکهندهناڤیاو زۆربه‌ی به‌شه‌کانی تری جیهان کار بۆ مافه‌کانی ژن و منداڵ و مرۆڤ ده‌کات. سارا عومەر، دەڵێت «کار بۆ شکاندنی تابۆکان ده‌که‌م، هه‌ر له‌و تابۆیانه‌وه که دین و پیاوسالاری دروستی کردوون هه‌تا ئه‌و تابۆیانه‌ی که‌کراون به‌کولتورو هه‌ندێک ژن له‌به‌ر وشه‌ی عه‌یبه به‌توندی ده‌ستی پێیانه‌وه گرتووه.» سارا عومەر تەمەنی (33) ساڵە و خەڵکی سلێمانیەو ساڵی 2017 رۆمانی مردوشۆری بڵاوبووەوە و لەجیهاندا دەنگدانەوەی هەبوو.
ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود فۆتۆ: سامان مەجید ژمارەیەک پەرلەمانتاری کورد لەبەغدا کەبانگەشەی گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەن بۆسەر بەغدا، تۆمەتباردەکرێن بە «ختووکەدانی ئازارەکانی مووچەخۆران» بەمەبەستی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چونکە هەوڵەکەیان پاڵپشتی یاسایی نییە، ئەوەش بەبڕوای لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و شارەزایانی یاسایی. ماوەی چەند مانگێکە هەوڵێک هەیە لەلایەن چەند پەرلەمانتارێکی کوردەوە لەبەغدا کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخرێتە سەر حکومەتی عێراق، ئەوەش لەسەر داواکاری فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازیی بوو کە بەیاداشتیک دابوویانە نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراق و دواتر لەناو پەرلەمانتاراندا (138) ئیمزا بۆ پاڵپشتی کۆکرایەوە. گروپێک بەناوی (کەمپینی واژۆ بۆ گوستنەوەی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران) خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن لەسەر ئەو هەوڵەو دەڵێن «شەرەفی» بنیاتنانی بەردی بناغەی بڕۆژەکە بەر ئەوان دەکەوێت و مژدەی ئەوە دەدەن کەپرۆژەکەیان خەریکە دەگاتە ئەنجام، بەڵام لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق و شارەزایانی دەستوور باس لەگرفتە یاساییەکانی هەوڵەکە دەکەن و هەندێکیشیان پەرلەمانتارانی پاڵپشتیکاری پڕۆژەکە تۆمەتباردەکەن بەهەوڵی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کەبڕیارە لەحوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت. دڵشاد عەبدولڕەحمان، سیاسەتمەدارو وەزیری پێشووتری پەروەردە لەهەرێمی کوردستان وتی «بەداخەوە هەندێک لەپەرلەمانتارانی کورد دەیانەوێت مووچەی فەرمانبەران بکەنە توێشوو بۆ وەرگرتنی پۆست لەپەرلەمانی عێراق و هەروەها دەیانەوێت بانگەشەیەک بکەن بۆ هەڵبژاردنیان بۆ خولی داهاتووی پەرلەمان و ئەوەش بێویژدانییەو ختووکەدانی ئازارەکانی مووچەخۆرانە، بۆیە پەرلەمانتارانیش دەزانن کە سەرناگرێت.» وتیشی «تەنها رێگە بۆ گەڕانەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، فشار خستنەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا.» هەریەکە لەپەرلەمانتاران غالب محەمەد، رێبوار کەریم ، ئەحمەد حاجی رەشید، سەرکەوت شەمسەدین رایانگەیاند بە هاوبەشی هاورێکانیان لەکوتلە جیاوازەکانی عێراق توانیمان گواستنەوەی مووچەی فەرمانبەران پشتیوانی زۆرینەی هەرە زۆری فراکسیۆنە عێراقییەکانی بۆ بەدەستبهێنین و بەیاسا دەچەسپێنرێت لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان». بەهار مەحمود، پەڕلەمانتاری لیژنەی یاسایی لەلێدوانێکیدا بە ھاوڵاتی وت «هەوڵی چەند پەرلەمانتارێکی هاوڕێمان بەرز دەنرخێنین، ئەوان بەنیەتی باش ئەو هەوڵەدەدەن، بۆ ئەوەی قازانج بەموچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگەیەندرێت، بەڵام لەڕووی دەستورییەوە بەپێی ماددەی (١٢١ و ١١٧)ی دەستور سێ دەسەڵاتەکەی هەرێمی کوردستان دانیان پێدانراوە». وتیشی « لەڕووی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نیە بڕیاری لەو شێوەیە دەربکات بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەت، چونکە لەیاسای بودجەشدا پەرلەمان دەسەڵاتی زیادکردنی بودجەی نیە، بەڵکو تەنها توانای گواستنەوەی هەیە لەنێوان فەسڵ و ماددەکاندا، هەر پڕۆژە یاسایەک کەپاڵپشتی دارایی بوێت، دەبێت پەرلەمان پرس بەحکومەت بکات، یان پڕۆژەکە خۆی لەحکومەتەوە هاتبێت یان پەرلەمان رای حکومەت وەربگرێت و حکومەت رازی بێت.» بەهار مەحمود هەروەها وتی «بەڕای من حکومەت رازی نابێت، بەبێ رادەستکردنی داهاتەکانی هەرێم... بڕواناکەم هەوڵێکی لەم جۆرە ئەنجامی هەبێت». ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی یاسایی باشترین چارەسەر بەوە دەزانێت کە فشار بخرێتەسەر حکومەتی هەرێم کە پابەندبێت بەیاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی بۆ ئەوەی لەبودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی تێدا بچەسپێنین. یاسای کورتهێنانی بودجە کە رێگە دەدات حکومەتی عێراق قەرزبکات بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە لە 12ی ئەم مانگەدا لە پەرلەمانی عێراق بەبێ کورد دەنگی لەسەر درا، یاساکە هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە رادەستکردنی نەوت، ئەوەش کیشەیەکی چەند ساڵەی نیوان هەردوولایەو چارەسەر نەکراوە. ئەو پەرلەمانتارانەی کە واژۆیان کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بگوازرێتەوە سەر بەغدا، دەڵێن هەرێم ئامادە نیە لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت بۆیە ئەو بژاردەیەیان پی باشە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغداوە بێت. چەند پەرلەمانتارێکی کورد کە پاڵپشتی پڕۆژەکە دەکەن دەڵێن تائێستا (١٣٨) هەزار ئیمزایان کۆکردۆتەوەو بەردەوامیش دەبن تاهەوڵەکەیان دەکرێتە یاسا. رێبوار کەریم، پەرلەمانتاری عێراق یەکێکە لەپاڵپشتیکارانی پڕۆژەکە، لەلێدوانێکیدا بە ھاوڵاتی وت «ئێمە ئیمزای پێویستمان بەزیادەوە بۆ کۆکردۆتەوە ئاڕاستەی لیژنەی تایبەتمەند کراوە بۆ ئەوەی بکرێت بەبڕیارو بەیاسا یەکێک بێت لەڕێگە چارەسەرەکانی مووچەی فەرمانبەران». وتیشی « ئێمە کارێک دەکەین بەغدا دان بەهەموو مووچەخۆرانی هەرێمدا بنێت، تائێستا خۆشبەختانە رێگریی گەورە نیە، ئێمە دەمانەوێت رێگرییەکان لابەرین، ئەگەرهاتوو سەربگرێت لەساڵی داهاتووەوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەخرێتەسەر عێراق.» بەڵام بەبڕوای شارەزایانی یاسایی هەوڵی ئەو پەرلەمانتارانە یاسایی نیەو پێیانوایە کە گەشبینیدان بە فەرمانبەران دەبێتەهۆی نائومێدکردنیان، لەدواجاردا کاتێک کە دەبینن پڕۆژەکە سەرناگرێت. حاکم شێخ لەتیف پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و شارەزای دەستوورو یاسا وتی «بۆ ئەوەی مووچەخۆران دڵخۆش نەکرێن و دواتریش تووشی نائومێدی زیاتر نەکرێنەوە، سەرەتا دەبێ ئەوە بزانن کە پەرلەمان دەسەڵاتی بڕیاردانی خەرجکردنی پارەی نیەو ناتوانێ هیچ بڕە خەرجیەکی ئیزافی بەدەر لەوەی لەو بودجەیەی بڕیاری لەسەردراوە، زیاد بکات یان حکومەت ناچار بکات بەو خەرجییە». وتیشی «هەر جۆرە خەرجیەکی زیادە دەبێ پرۆژەکە لەڕێی حوکمەتەوە پێشکەش بکرێ یان بە رەزامەندی حکومەت بێت، ئەگەرنا پابەندی بۆ حکومەت دروست ناکات». ئەگەرچی پەرلەمانتارە کوردکان دەڵێن هەوڵەکەیان دەکەن بەیاسا، بەڵام حاکم شێخ لەتیف وتی «ئەگەر بەیاساش دەربچێت بێ رەزامەندی حکومەت هیچ بەهای نابێ و دەتوانێ پابەند نەبێت پێوەی، چونکە لەدەسەڵاتی پەرلەمان نیە». وتیشی «پەرلەمانی عێراق بێ رەزامەندی حکومەت لەم بابەتەدا تەنها یەک دەسەڵاتی هەیە، ئەویش ئەوەیە بەدەرکردنی بڕیارێکی نامولزەم بۆ حکومەتی عێراق کە لەچوارچێوەی یاسای بودجەو ئیدارەی مالی چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە، هەر ئەوەندەو زیاتر نا». لەگەڵ ئەوەی شارەزایانی یاسایی دەڵێن هەوڵەکە سەرناگرێت بەڵام گروپێک بەناوی ‹ کەمپینی واژۆ بۆ گوستنەوەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران، خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن و دەڵێن پڕۆژەکەیان خەریکە دەگاتە ئەنجام. پێش ئەوەی پڕۆژەکە بچێتە پەرلەمانی عێراق ئەم گروپە ئیمزایان کۆکردۆتەوە. بەپێی راگەیەنراوێکی گروپەکە کەدوێنێ یەکشەممە بڵاویان کردەوە، دەڵێن «ئەو پرۆژەیەی ئێمە شەرەفی بنیاتنانی بەردی بنەغەکەیمان پێدەبڕێت خەریکە دەگاتە ئەنجام». گروپەکە لە ١٣/٥/٢٠٢٠ کەمپینی واژۆ کۆکردنەوەیان دەستپێکردو دەڵێن توانیویانە زیاتر لە (١٥٧) هەزار واژۆ کۆبکەنەوە لەسەرجەم شار‌و شارۆچکەکانی کوردستان بۆ پشتگیریی پرۆژەکە. گروپەکە لەو راگەیەندراوەدا دەڵێن «ئەوانەی پشتیوانی‌یان لەسەرکەوتنی ئەم پرۆژەیە کردووە، لە دهاتوودا حەق وایە ناویان بەزێڕ بنووسرێتەوە، چونکە لەوەتەی حکومەتی عێراق دروست بووەتەوە دوای رژێمی سەدام ، هیچ پرۆژەیەک هێندەی ئەم پرۆژەیە خزمەت بەخەڵک و فەرمانبەرانی هەرێم ناکات». بەڵام عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان و بەرپرسی پێشووی ژووری ئابوری بزووتنەوەی گۆڕان بەدووری دەزانێت هەوڵەکە سەربگرێت و دەڵێت ئەوەی ئەو باسی دەکات رەنگە بە خواستی زۆرینەی مووچەخۆران نەبێت، بەڵام پێیوایە ئەوە «واقیعە». عەلی حەمەساڵح وتی «تاوەکو ئەم ساتە کازمی باشترین دۆستی پارتی و یەکێتیە، نەک هەڵوێستێکی وا؛ ئامادەنیە لێدوانێکیش بدات دژی گەندەڵی بەرپرسانی هەرێم، چ جای بیەوێت دەسەڵاتیان لێوەربگرێت». وتیشی «تاوەکو ئەم ساتە کازمی تەنیا نمایش دەکات، بپرسن دوای چوونی بۆ باشماخ و ئیبراهیم خەلیل چی روویدا؟ گەندەڵی و قاچاخی زیادی کرد». ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان داوای رێگەچارەیەکی تر دەکات، ئەویش ئەوەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گەرەنتی بکرێت لەبودجەی ٢٠٢١ و لەبەرامبەریشدا هەرێم ئامادەبێت (٢٥٠) هەزار بەرمیل نەوتی لێوەربگیرێت و ٥٠٪ ی داهاتە فیدڕاڵییەکان بدات». عەلی حەمە ساڵح وتی «ئەمریکاو هێزە نێودەوڵەتیەکانیش لەگەڵ ئەم بژاردەیەن.» هەروەها وتی «پاشان با هەڵمەتێکی گەورە دژی ئەم قاچاخچێتی و گەندەڵییەی ناوخۆ بەرپابکەین، من خۆم بەهەموو توانام بۆ ئەم ئامانجە کاردەکەم».
ھاوڵاتی، ماردین نورەدین لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت «گەندەڵی» زۆر هەیە لەسەرچاوەی داهاتەکانی هەرێم و چاکسازییکردن لەو بوارەش تەنها لەسەر وەرەقە ماوەتەوەو بەکرداری هیچ نەکراوە. زیاد جەبار سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابوری لەپەرلەمانی کوردستان بە ھاوڵاتی وت «حکومەت دەبێت دەست بەرێت بۆ سەرچاوەکانی داهات و چاکسازی تێدابکات، چونکە سەچاوەکانی داهات بەهەدەردان، گەندەڵی، زۆر زۆری تێدایە». یاسای چاکسازی لەهەرێمی کوردستان حکومەت دەست واڵا دەکات کە سەرچاوەکانی داهات زیاد بکات و خەرجی کەم بکاتەوەو بندیوارەکان ببڕێت، بەڵام حکومەت بە نیازە لەبڕینی دەرماڵەکانەوە دەستپێبکات. زیاد جەبار وتی «حکومەت دەبێت لەسەرچاوەکانی داهاتدا هەوڵی چاکسازیی بدات، ئەوە یاساکەی بۆ دەرچووە، یاساکەی بۆ جێبەجێ دەبێت، ئەوەی کەئێستا ماوەتەوە، بەڵام چاکسازیکردن لەسەرچاوەی داهاتدا تەنها لەکۆبوونەوەکان لەسەر وەرەقەیەکە بەعەمەلی هیچ نەکراوە». حکومەت راپۆرتێکی ناردووەتە پەرلەمان تێیدا تایبەت بەپێداچوونەوەی دەرماڵەکان، کەتێیدا ئەوەی روونکردۆتەوە حکومەت بەنیازە لە (23) جۆری دەرماڵە، (20) یان دەستکاری بکات، ئەوانەی کە دەستکاری ناکرێن دەرماڵەکانی بڕوانامەو منداڵ و هاوسەرن. راپۆرتەکەی حکومەت پشتی بەو گڵۆپە سەوزەی پەرلەمان بەستووە کە لەپرۆژەیاسای چاکسازیدا دەسەڵاتی دا بەحکومەت دەستکاری دەرماڵەکان بکات. لەنێوان ئەو دەرماڵانەی کە باسکراوە دەستکاری بکرێت، (150) هەزار دینار دەرماڵەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پەروەردەی تیدایە، هەروەها (100) هەزار دیناری ئەو مامۆستایانەی کە پلەکانیان لەپلە شەش بەرەو سەرەوەیە. دەرماڵەکان 56%ی کۆی مووچە پێکدێنن و هەر فەرمانبەرێک 44%ی موچەی بنەڕەتیە، حکومەت لە رێگەی دەستکاریکردنی دەرماڵەکانەوە دەیەوێت بەیەکجاری فشاری مووچەخۆران لەسەر خۆی کەمبکاتەوە لەبری لێبڕین و پاشەکەوت، دەرماڵەکان دەستکاری بکات. وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی دەرماڵەکانی ئامادە کردووەو بۆ لیژنەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی بەرزکراوەتەوە، هەروەها بەڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتەکان و رای بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتەکان و فەرمانگە جیاوازەکانی دەربارەی جۆر‌و بڕی دەرماڵەکان وەرگرتووە بەنووسراویان بۆ ئەنجومه نى وەزیران بەرزکراوەتەوه. سەبارەت بەپرسی بڕینی (23) جۆر دەرماڵە، زیاد جەبار وتی «هێشتا جێبەجێنەکراوە، حکومەت دەبێت رێنمایی و تەعلیماتی پێ دەربکات بۆ ئەوەی کام دەرماڵانەیە، بەڵام تاکو ئێستا هەر قسەیە دەکرێت هێشتا نەبووەتە بڕیار ئەوە». وتیشی «ئەم دەرماڵانە بەشێکی حکومەت وا قسەی لەسەر ئەمە ئەکات کە ناعەدالەتی تیایەو پێویستی بەڕێکخستنەوەیە، بەڵام من نازانم حکومەت نیازی چۆنەو چۆن دەیەوێ رێکیبخاتەوە، تاوەکو ئیشی لەسەر نەکات ئێمەش هیچ قسەیەکمان نیە لەسەری». هەروەها وتی «ئەگەر ئیشی لەسەر کرد ئەوە لەو کاتەددا ئێمە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و چاودێری دەکەین بزانین کامەی بە ناهەق دەکرێت قسەمان دەبێت لەسەری و پرسیارمان دەبێت لەسەری، کە دەیبڕێت یان نایبڕێت تاکو ئێستا هیچ شتێکی وانییە».
ھاوڵاتی، شاناز حه‌سه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا رایگەیاند ئامێرى پشکنینى ڤایرۆسى سارسیان نییه‌و ئەو هەواڵەش کە بڵاویانکردۆتەوە لەسەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لەسلێمانی «به‌په‌له« بووەو هیچ تووشبوویەکی ئەو ڤایرۆسەیان نیە. چالاک قه‌شانى، به‌ڕێوەبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى ده‌زگاى ته‌ندروستى پێشمه‌رگه‌و به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا تایبه‌ت به‌کۆرۆنا، له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «پشکنین بۆ سامپڵى هه‌ندێک له‌و نه‌خۆشخانه کرا کهگومانى کۆرۆنایان لێکرابوو، له‌پشکنینه‌کاندا ده‌رکه‌وتووه که‌کۆرۆنا نیه به‌ڵام ڤایرۆسێکى دیکه‌یه، به‌ڵام دڵنیا نه‌کراوه‌ته‌وه که کۆرۆنا نیه‌و سارسه، واته هه‌واڵه‌که به‌په‌له بڵاوکراوه‌ته‌وه‌و هیچ نه‌خۆشێک کهتووشبووى سارس بێت، لێره تۆمار نه‌کراوه«. وتیشى» گروپى تر‌ى ڤایرۆس هه‌ن که‌سه‌ر به‌گروپى کۆرۆنان و ئه‌وانه‌ى ئێستا هه‌ر ئه‌و جۆره ڤایرۆسانه‌ن و یان ئه‌نفلۆنزاى وه‌رزین که له‌م وه‌رزانه‌دا زیاتر بڵاوده‌کرێنه‌وه«. ئەو پزیشەکە وتی نیشانه‌کانى ڤایرۆسه‌کانى دیکه‌و ڤایرۆسى سارس-یش، زۆر له‌یه‌که‌وه نزیکن و هاوشێوه‌ى یه‌کترن، چونکه هه‌موویان سه‌ر به‌و گروپه‌ن، بۆیه خۆپاراستن له‌کۆرۆنا وه‌ک خۆپاراستنه له‌هه‌موو ڤایرۆسه‌کانى دیکه. چه‌ند ساڵێکه ڤایرۆسى سارس نه‌ماوه له‌هیچ وڵاتێک‌دا و به‌تایبه‌ت له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست تۆمار نه‌کراوه. دکتۆر چالاک وتیشى» مه‌ترسى مردن به‌ڤایرۆسى سارس زۆر زیاتره لهکۆرۆناو ڤایرۆسه‌کانى دیکه«. نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا که تایبه‌ته به تووشبووانى کۆرۆنا له‌ئێستادا (48) نه‌خۆشى تێدایه‌و هه‌موویان له‌ژێر ئۆکسجیندان و (12) نه‌خۆشیان له‌ژێر ئامێرى هه‌ناسه‌دانى ده‌ستکردان و بارى ته‌ندروستییان ناجێگیره. له‌سه‌ره‌تاى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا زۆر جه‌خت له‌وه ده‌کرایه‌وه، که له‌وه‌رزى گه‌رمادا ڤایرۆسى کۆرۆنا که‌مده‌بێته‌وه‌و به‌هاتنى وه‌رزى سه‌رما ژماره‌ى تووشبوون زیاد ده‌کات. به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا ئه‌وه‌شى وت «به‌پێى هاتنى وه‌رزى سه‌رما که‌پێشبینى ده‌کرا بارودۆخه‌که زۆر خراپتر بێت، به‌ڵام به‌خۆشحاڵییه‌وه ئێستا تووشبوون به‌ره‌و که‌مبوونه‌وه ده‌چێت». وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێم له‌سه‌ر ده‌نگۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى سارس SARS که‌گوایە له‌نه‌خۆشخانه‌ى ئاسا له‌شارى سلێمانى ده‌ستنیشانکراوه، وتی « تائێستا هیچ به‌ڵگه‌یه‌کى په‌سندکراو نییه بۆ بوونى ڤایرۆسى سارس له‌سلێمانی». ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند «به‌پێویستى ده‌زانین بۆ به‌رچاوى هاووڵاتیان روونبکه‌ینه‌وه تائێستا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک و به‌ڵگه‌یه‌کى په‌سندکراو نیه بۆ بوونى ئه‌م ڤایرۆسه، چونکه پڕۆسه‌ى پشکنینى تاقیگه بۆ چه‌ندین جۆرى ڤایرۆس ئه‌نجامده‌درێت و چه‌ندین جۆرى ڤایرۆسى سارس هه‌یه که له‌گه‌ڵ جۆره‌کانى ڤایرۆسى کۆرۆنا و ڤایرۆسه‌کانى ئه‌نفله‌وه‌نزا له‌هه‌مان خێزان ئه‌ژمار ده‌کرێت». هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که هاووڵاتیان دڵنیاده‌که‌نه‌وه که‌پێویست به‌شڵه‌ژان ناکات و تیمى پسپۆڕیى وه‌زاره‌ت له‌گه‌ڵ تیمه‌کانى ته‌ندروستی، به‌دواداچوونى زیاتر بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌م گومانه ده‌کات و ته‌نها وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى تاکه سه‌رچاوه‌ى فه‌رمى راگه‌یاندن ده‌بێت. دوو رۆژ به‌ر له‌ئێستا ده‌زگاى ته‌ندروستى پێشمه‌رگه له‌ڕاگه‌یه‌نراوێکدا ئه‌وه‌ى ئاشکرا کرد «له‌تاقیگه‌ى مۆلیکوله‌رى نه‌خۆشخانه‌ى ئاسـا لهپشکنینه نوێکاندا بۆ گومان‌لێکراوان به‌په‌تاى کۆرۆنا، بۆمان ده‌رکه‌وتووه که له‌ئێستادا جگه له‌ڤایرۆسى کۆرۆنـا، ڤایرۆسى سارس که به Severe Acute Respiratory Syndrome (SARS) ناسراوه له‌ناو هاووڵاتیاندا بڵاو بووەته‌وه«. راگه‌یه‌نراوه‌که ئاماژه‌ى به‌وه‌کردبوو، کەدەبێت به‌شێوازێکى گونجاو مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره ڤایرۆسه بکرێت و جیابکرێته‌وه له SARS-Cov2 که به‌کۆڤید ناسراوه. هاوکات به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ده‌زگاى ته‌ندروستى پێشمه‌رگه رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆى گومانى کارمه‌ندێک له‌سه‌ر نه‌خۆشییه‌ک هه‌ڵایه‌کى گه‌وره دروستکرا، که به‌داخه‌وه هه‌ندێک که‌س له‌بوارى پزیشکى به‌بێ هۆ که‌وتنه په‌لامارى شه‌خسى و ناوهێنان و تانه‌دان له‌خۆمان و ده‌زگاکه‌مان. شه‌ماڵ جه‌بار یاوه‌ر ، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى ده‌زگاى ته‌ندروستى پێشمه‌رگه له‌نووسینێکدا به‌ناونیشانى (په‌لامارى که‌سایه‌تیمان بۆ؟ ) ده‌ڵێت ”ئێمه له‌شه‌ڕى داعش سه‌رمه‌شق و له‌شه‌ڕى کۆرۆناش که‌جگه لههاوکارى هاوسه‌رۆکان و یه‌کێتى و هه‌ڤاڵ قوباد‌و خێرخوازان هیچ بودجه‌یه‌کى کۆرۆنامان بۆ نه‌هاتووه‌و به‌شێک له‌بودجه‌ى ئاسایشمان بڕاوه‌و هه‌ر کۆڵمان نه‌داو سه‌رمه‌شق بووین . راشیگه‌یاندووه، ئێمه خه‌ڵکى کوردستان و به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ى نه‌خۆشخانه‌کانى ده‌زگاى ته‌ندروستى لێیه ده‌که‌ینه حاکم و شایه‌د، له‌پاى ئه‌وه‌ى بێ به‌رامبه‌ر و بێ مه‌به‌ست خزمه‌ت ده‌که‌ین، که ماڵ نیه که‌سێکى یا خزمێکى لاى ئێمه بێ به‌رامبه‌ر خزمه‌ت نه‌کرابێت و خه‌ڵک ئه‌و شاهیدیهمان بۆ ده‌دات.
کاکەلاو عەبدوڵا ژمارەیەکی زۆری ڤاکسینە نوێیەکە تائێستا لەلایەن وڵاتە دەوڵەمەندەکانەوە کڕدراون لەکاتێکدا ژمارەیەکی کەم دەمێنێتەوە بۆ وڵاتە تازەپێگەشتووەکان کە لەهەر (١٠) کەسێک نۆ کەس رزگار دەکات لەتووشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوێکی بەریتانی، چەند وڵاتێکی زلهێز زیاتر لەیەک ملیار دانە ڤاکسینە ئەڵمانی-ئەمریکیەکەیان کڕیوە، کە تەنها لەسەدا ١٤٪ی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن. لەدووشەممەی رابردوودا کۆمپانیای فایزەری ئەمریکی و بایۆنتێکی ئەڵمانی رایانگەیاند ڤاکیسنەکەیان لەقۆناغی سێ و کۆتاییدایەو لەسەدا ٩٠٪ کاریگەریی هەیە. فایزەر رایگەیاند زیاد لە یەک ملیار دانە دروستدەکەن تاکۆتایی ٢٠٢١ و دابەشکردنیش دەکەوێتە کۆتای ئەمساڵەوە. تا ئێستا دیار نییە نرخی ڤاکسینەکە چەند دەبێت لەبازاڕەکاندا، بەڵام بەپێی ئەو رێکەوتنانەی کراوە لەگەڵ کۆمپانیاکەدا نرخەکەی لەهەر وڵاتێک‌دا دەگۆڕێت. تائێستا چەند وڵات کڕیویانە؟ بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی (گڵۆباڵ جەستس ناو)ی بەریتانی، تائێستا لەسەدا ٨٠٪ی ڤاکسینەکە لەلایەن حکومەتە زەبەلاحەکانی جیهانەوە کڕدراون کەزیاترە لە یەک ملیار دانە. چەند مامەڵەیەکی گەورە کراوە لەلایەن ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا، هەروەها چەند وڵاتێکی ترەوە، ئەمریکا لەمانگی تەمموزی ئەمساڵ رێککەوتنی لەگەڵ فایزەر ئەنجامدا لەحاڵەتی سەرکەوتنی ڤاکسینەکە بەکڕینی (١٠٠) ملیۆن دانەو بژاردەی کڕینی (٥٠٠) ملیۆن دانەی تر. یەکێتی ئەوروپاش، کە پێکهاتووە لە (٢٧) وڵات، کڕینی (٢٠٠) ملیۆن دانەی یەکلاییکردووەتەوە لەگەڵ بژاردەی کڕینی (١٠٠) ملیۆنی تردا، لەکاتێکدا بەریتانیا تائێستا (٤٠) ملیۆنی لەمامەڵەکەدا بۆ خۆی مسۆگەر کردووە. لەشەممەی رابردوودا ئیسرائیل رایگەیاند گرێبەستێکی کردووە لەگەڵ کۆمپانیای فایزەر بۆ کڕینی هەشت ملیۆن دانە بۆ نزیکەی نۆ ملیۆن لەدانیشتوانەکەی. بەهۆی کڕینی پێشوەختەی ئەم وڵاتانەوە، هەلێکی کەم ماوەتەوە بۆ زۆربەی وڵاتەکانی تر کەبتوانن ڤاکسینەکە دەستبخەن. «پێدەچێت لەچەند هەفتەی داهاتوودا فایزەر کۆمەڵێک دانە بخاتە بەردەم وڵاتە تازە پێگەشتووەکان، بەڵام بەئەگەرێکی زۆرەوە ئەم ژمارەیە بەشێکی کەم دەبێت لەوەی بەرهەمدەهێنرێت»، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەمە کراوە. چەنێک بەرهەم دەهێنرێت؟ ئەم ڤاکسینە ئاماژەیەکی بەرچاوو گرنگە لەشەڕی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە تائێستا بووەتە هۆی مردنی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس و ئابووری جیهانی داڕووخاندووە. ئەم ڤاکسینە جۆرێکی نوێیە و پێی دەوترێت ڤاکسینی (RNA) کە راهێنان بەسیستەمی بەرگری مرۆڤ دەکات تادژی ڤایرۆسەکە بجەنگێت. ڤاکسینەکە بەشێکی بچوکی کۆدی جیناتی ڤایرۆسەکەی تێدایەو ئەمەش وادەکات بەشێکی ڤایرۆسەکە لەجەستەدا دروست ببێت کە سیستەمی بەرگری وەک تەنێکی دەرەکی دەیناسێتەوەو هێرشی دەکاتەسەر. بەپێی راگەیاندراوی هەردوو کۆمپانیای بەرهەمهێن، تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢١ زیاتر لە یەک ملیار‌و (٣٥) ملیۆن دانە بەرهەمدەهێنن و سەرەتای دەستپێکی دابەشکردنی ڤاکسینەکە دەکەوێتە کۆتایی ساڵەوە لەمانگی کانونی یەکەم. نرخەکەی چەند دەبێت؟ بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەکان، نرخی ڤاکسینەکە لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام هەوڵدەدەن نرخەکەی لەخوار «ئاستی ئاسایی مارکێتەکان» دابنێن. «چاوەڕوان دەکەم جیاوازی هەبێت لەنرخدا لەناوچە جیاوازەکانی جیهاندا»، رایان ریچاردسن، بەرپرسی بەشی ستراتیجی کۆمپانیای بایۆنتێک وای وت. چۆنیەتی بەکارهێنانی ڤاکسینەکە بەجۆرێکە دەبێت هەر کەسێک دوو جار بەکاری بهێنێت و ماوەی هەریەکێکیان سێ هەفتە بێت، بەو پێیەش هەموو کەسێک دوو دانەی پێویستە. بەپێی گرێبەستەکەی ئەمریکا کە لەگەڵ فایزەر ئیمزای کردووە، بۆ هەر ڤاکسینێک (١٩.٥) دۆلار دیاریکراوە، بەوپێیەش ئەمریکا دەبێت یەک ملیار و (٩٥٠) ملیۆن دۆلار بدات بۆ وەدەستخستنی (١٠٠) ملیۆن ڤاکسینەکە کە لەگرێبەستکەدا هاتووە. لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەهەینی رابردوو، مۆنسیف سلۆوی راوێژکاری باڵای حکومەتی ئەمریکا لەپرۆگرامی ڤاکسینی کۆرۆنا رایگەیاند ئیدارەی ترەمپ هیوای وایە (٢٠) ملیۆن هاووڵاتی دەرزی ڤاکسینی لێبدرێت لەمانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ و نزیکەی (٢٥) ملیۆن کەسی تر بۆ هەر مانگێک لەمانگەکانی ساڵی نوێ. بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی ڤاکسینەکە لەخوار (١٩.٥) دۆلارەوە دەبێت بۆ وڵاتە ئەوروپییەکان. بەرپرسێکی باڵای ئەوروپی کە بەشداربووە لەمامەڵەکانی یەکێتی ئەوروپاو کۆمپانیای بەرهەمهێن بە رۆیتەرزی راگەیاندووە نرخی ڤاکسینەکە بۆ وڵاتانی ئەوروپی لەخوار (١٩.٥) دۆلارەوە دەبێت، ئەمەش بەشێکی لەبەرئەوەی یەکێتی ئەوروپاو ئەڵمانیا هاوکاری داراییان تەرخانکردبوو بۆ بەرهمهێنانی ڤاکسینەکە. بەپێی راپۆرتێکی فاینانشڵ تایمز، ئەڵمانیا لەمانگی ئەیلولی ئەمساڵ (٣٧٥) ملیۆن یۆرۆی داوە بە بایۆنتێک لەمیانی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکە. بەرپرسە ئەوروپییەکە ئەوەی ئاشکراکردووە یەکێتی ئەوروپا رێککەوتووە لەسەر نرخێک کە لە (٢٠) دۆلارەوە نزیکترە وەک لە (١٠) دۆلار بۆ هەر دانەیەک، بەبێ ئەوەی نرخە دیاریکراوەکە ئاشکرابکات. کاریگەری ڤاکسینەکە هەردوو کۆمپانیای بەرهەمهێن لە دووشەممەی رابردوودا رایانگەیاند ڤاکسینەکە لەسەدا ٩٠٪ کاریگەری دەبێت و ئەو کەسەی وەریدەگرێت بەڕێژەیەکی بەرچاو بەدوور دەبێت لەڤایرۆسی کۆرۆنا. فایزەر و بایۆنتێک لەهەرسێ قۆناغی دروستکردندا ڤاکسینەکەیان لەسەر (٤٣) هەزار (٥٠٠) کەس تاقیکردووەتەوەو بەڕێژەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بووە، بێ هیچ سەرهەڵدانی کێشەیەکی بەرچاو لەتەندروستی بەشداربوواندا. رێکخراوی تەندروستی جیهانی رێژەی لەسەدا ٥٠٪ی دیاریکردووە بۆ کاریگەربوونی هەر ڤاکسینێک تاقبوڵ بکرێت و بەکاربهێنرێت. فایزەر و بایۆنتێک هێشتا قۆناغی تاقیکاری سێیان تەواو نەکردووە کەکۆتا قۆناغە، بۆیە مەترسی ئەوە هەیە رێژەی کاریگەربوونی دابەزێت، بەڵام زانایان پێیانوایە کاریگەرییەکەی لەکاتی بەکارهێنانیشدا زۆر لەسەروو لەسەدا ٥٠٪ەوە دەبێت، لەکاتێکدا ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا تەنها لەسەدا ٤٠-٦٠٪ کاریگەرە. ئوغور شاهین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بایۆنتێک لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی رایگەیاند ڤاکیسنەکە لەتوانایدا هەیە ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی پێبهێنێت کەجیهانی تووشی کارەسات کرد لەساڵی ٢٠٢٠دا. «ئەگەر پرسیارەکە ئەوەبێت کەئایا دەتوانین ئەم پەتا جیهانییە بوەستێنین بەم ڤاکسینە، ئەوا وەڵامەکەم بەڵێ دەبێت، چونکە پێموایە تەنها پارێزگاری لەتووشبوونی نیشانە دیاریش کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت»، شاهین وای وت. لایەنە نەزانراوەکانی چین؟ ڤاکسینەکە چەند لایەنێکی نەزانراوی هەیە، لەوانە کەنازانرێ ئاخۆ پارێزگاری هەمیشەیی دەبەخشێت یاخود وەک ڤاکسینی ئەنفلەوەنزا دەبێت هەموو ساڵێک بەکاربهێنرێت. هەروەها ئەوەش نازانرێت ئاخۆ ڤاکسینەکە رێگری دەکات لەگرتن و بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە یان تەنها ناهێڵێت نەخۆش بکەویت، جگە لەوەی هێشتا دیار نییە ڤاکسینەکە چەنێک تۆکمەیە بۆ گروپە جیاوازەکانی تەمەن. لایەنێکی خراپی ڤاکسینەکە ئەوەیە دەبێت لەپلەی گەرمی ناقس ٨٠ (-٨٠) هەڵبگیرێت، کەئەمەش کارێکی سەختە لەکاتی دابەشکردن و گواستنەوەی بەرهەمەکە، هەروەها هەڵگرتنیشی لەچەند وڵاتێکی تازەپێگەشتوودا. ئایا ڤاکسینی تر هەیە وەک ئەمە مژدەبەخش بێت؟ نزیکەی (١٦) ڤاکسین هەن لەجیهاندا کەقۆناغی باشیان بڕیوە و چەند ڤاکسینێک لەوانە لە قۆناغی کۆتاییدان و بڕیارە بەمزووانە داتاکانیان بخەنەڕوو. چوارشەممەی رابردوو روسیا رایگەیاند ڤاکسینی سپەتنیک-٥ لەقۆناغی دووەمدا لەسەدا ٩٢٪ کاریگەری هەبووە کە لەسەر (١٦) هەزار کەس تاقیکراوەتەوەو بەمزووانەش قۆناغی سێ دەستپێدەکات بەبەشداری (٤٠) هەزار کەس لە (٢٩) کیلینیکی پزیشکی لەسەرتاسەری مۆسکۆ. ڤاکسینە روسییەکە جۆرێکی ستانداردەو پێویستی بەوە نییە لەپلەی گەرمی زۆر نزمدا هەڵبگیرێت، ڤاکسینەکە جۆرێکی مردوو یان بێهیزکراوی ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدایەو دەکرێتە جەستەوە تادواتر سیستەمی بەرگری بیناسێتەوەو بەئاسانی رووبەڕووی بوەستێتەوە. ڤاکسینەکەی کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکیش لەقۆناغی کۆتاییدایەو بڕیارە بەمزووانە داتاکانی لەسەر ڤاکسینەکە بخاتەڕوو کە لەهەمان جۆری ڤاکسیەنەکەی فایزەرو بایۆنتێکە. هەروەها ڤاکسینەکەی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای ئەسترازینکا هیوابەخشەو بڕیارە لەچەند هەفتەی داهاتوودا داتاکانیان ئاشکرا بکەن
هاوڵاتى بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی ئاماژەکانی سەرکەوتنی جۆو بایدن لەئەمەریکا بووەمایەی خۆشحاڵیی بەرپەرسانی حکومەتی ئێران بەتایبەت ئەوانەی سەر بەمیانڕەوەکانن و نزیکن لەباڵی ریفۆرمخواز، چونکە ئەوان چاوەڕوانن بەهاتنی بایدن، (250) ملیار دۆلار قەرەبووی زیانی کشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) وەگرن و هاوکات زیاتر لە (40) ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران بگەڕێننەوە خەزێنەی وڵاتەکەیان، لەکاتێکدا هەندێک شارەزای ئابوریی ئاشکرایان کردووە زیاتر لە (150) ملیار دۆلاری ئێران لەبانکەکانی جیهاندا بلۆک کراوە. بەوپێیە ئێران بەتەمایە بەهاتنی بایدن (390) ملیار دۆلاری دەستبکەوێت، کەئەمەش زیاتر بەخەونێکی بەدینەهاتوو لەقەڵەمدەدرێت و هاوکات بەرپرسانی ئێران جەختیان کردووەتەوە تا چارەنووسی تا زیانی (250) ملیار دۆلاری وڵاتەکەیان لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا روون نەبێتەوە ئامادەنین دانوستان لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی نوێی ئەمەریکا بکەن و بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەش بەهای هەر دۆلارێکی لەناوخۆی ئێران‌دا جارێکی دیکە بۆ (28)هەزار تمەن بەرزکردەوە، کە پێشتر بەهۆی سەرکەوتنی بایدنەوە بەهای هەر دۆلارێک بۆ (22) هەزار تمەن دابەزیبوو. وڵاتان بەهۆی ئەمەریکاوە قەرزەکانی ئێران نادەنەوە (40) ملیار دۆلار داهاتی هەناردەی کاڵاو کارەباو غاز‌و نەوتی ئێران لەلایەن ژمارەیەک وڵاتەوە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بلۆک کراوەو تەنها وڵاتی عێراق وەڵامی ئەرێنیی بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکانی لەبەرامبەر کاڵادا بۆ ئێران هەبووە. پێگەی ئەلیکرۆنیی راگەیاندنی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە لەدوایین کۆبوونەی کابینەی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کە لەگەڵ تیمی هاوئاهەنگیی دارایی بووە، پێداگریی کردووە کە لەزووترین کاتدا هەوڵی گەڕاندنەوەی (40) ملیار دۆلاری وڵاتەکەی بدەن کە «چین بە (20) ملیار دۆلار، هندستان (7) ملیار دۆلار، کۆریای باشور(8.5) ملیار دۆلار، عێراق (4) بۆ (5) ملیار دۆلار، ژاپۆن (1.5) ملیار دۆلار» زۆرترین پارەی ئێران قەرزارن و دەبێت بانکی ناوەندی و وەزارەتی دەرەوە هەماهەنگیی پێویست بکەن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارانە. پێگەی رۆحانی روونیکردووەتەوە: رۆژانە بڕی قەرزەکانی عێراق زیاد دەکات، چونکە هەناردەکردنی غاز‌و کارەبای ئێران بۆ ئەو وڵاتە بەردەوامە، بەڵام تەنها بەرپرسانی بەغدا بەڵێنیان داوە کەقەرزی وڵاتەکەیان بەسیستمی کاڵا لەبەرامبەر هاوردەکردنی کارەباو غاز لەئێران بدەنەوە، چونکە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە، بەغدا ناتوانێت ئاڵوگۆڕی دراو‌و پارە لەگەڵ تاران بکات. فرۆشی نەوت خەمی سەرەکیی ئێران (50%)ی بودجەی ئێران لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دابیندەکرێت و پێشتر داهاتی ساڵانەی گەیشتووەتە (108) ملیار دۆلار، بەڵام لەساڵی (2012) بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەوە سزا بەسەر کەرتی نەوت و غازی ئێران‌دا سەپاو ساڵی (2017) بەهۆی کشانەوەی واشنتۆن لەڕێککەوتنی ئەتۆمیی لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، داهاتی نەوتی ئێران بووەتە (8) ملیار دۆلار لەساڵێکداو ئەو وڵاتەی خستە لێواری هەرەسهێنانی ئابورییەوە، بۆیە دوای سەرکەوتنی بایدن زۆربەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەنوێترین لێدوانەکانیاندا گەڕانەوە بۆ بازاڕی جیهانیی نەوت بەخەمی سەرەکیی وڵاتەکەیان دەزانن. ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران (ئیلنا) بڵاویکردووەتەوە؛ لەگەڵ دەستبەکاربوونی بایدن وەک سەرۆکی ئەمەریکا، ئێران هەوڵدەدات بەهەر جۆرێک بووە رۆژانە تا نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکات، چونکە بایدن دەیەوێت لەچوارچێوەی پاراستنی ژینگەی وڵاتەکەیدا رێگەنەدات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەئەمەریکا زیاد بکات و هاوکات رێگەش لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بگرێت، بۆیە بۆ ئەم مەبەستە رەنگە لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی رێگە بەئێران بدات ئاستی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی بۆ نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا بەرزبکاتەوە. بەرپرسانی ئێران جەختیان لەوە کردەووەتە، ئەگەر تەنانەت نرخی نەوت بۆ (20) دۆلار دابەزێت کە لەو کاتەدا سعودیەو عێراق قازانج لەنەوتەکەیان ناکەن، ئێران سوورە لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، بۆیە بایدن دەتوانێت ئاسانکاریی بۆ ئەو مەبەستە بکات. بایدن‌و بەرنامەی ئەتۆمی و موشەکیی ئێران ئەرۆن کیاک یەکێک لە راوێژکارەکانی جۆو بایدن بە رۆژنامەی (جیرۆسەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی راگەیاندووە؛ سیاسەتەکانی ترەمپ بووەتە هۆی ئەوەی رێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ (10) هێندەی رابردوو بەرزببێتەوە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ تەلئەبیب و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لەناوچەکەداو دەتوانێ ببێتە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ تێکچوونی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە بایدن هەموو هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بەرنامەی موشەکیی و ئەتۆمیی ئێران تاساڵی (2025) بەتەواوەتی سنوردار بکات و رێگە لەگەشەکردنی بگرێت، تەنانەت ئەگەر بەگەڕانەوەی واشنتۆن بێت بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1). بایدن وەک ئۆباما نییە پێگەی (ناشناڵ نیوز) نووسیویەتی لەسیاسەتی دەرەوەدا جۆو بایدن وەک باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا نییە، چونکە رای گشتیی ئەمەریکا دژی شەڕی ئەفغانستان و عێراق بوو، بەڵام بایدنی سەر بەدیموکراتەکان پشتیوانی لەو جەنگە کرد‌و تەنانەت هانی جۆرج بۆشی، سەر بەکۆمارییەکان و سەرۆکی ئەوکاتی وڵاتەکەی دەدا کەهێزی سەربازیی زیاتر رەوانەی عێراق بکات و تائێستا بڕوای بەدەستوەردانی راستەوخۆی وڵاتەکەی لەو وڵاتانەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیەو تەنانەت بۆ رێگریی لەباڵادەستبوونی ئێران دڵنیایی دەداتە وڵاتانی عەرەبی کەنداو بەتایبەت ئیمارات و سعودیەو هەر لەسەر ئەو بنەمایە دانوستانی ئاشکرا لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، لەکاتێکدا ئۆباما بەنهێنی دانوستانی لەگەڵ تاران کرد‌و هیچ دڵنیاییەکی نەدایە وڵاتانی عەرەبی. بایدن و ترەمپ لەچەقی ململانێکانی ئێران بەچاوخشاندنێک بە رۆژنامەو میدیاکانی ئێران لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، دەردەکەوێت کە دوو لایەنی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران واتە باڵی محافزکارو ریفۆرمخواز بەبەردەوامیی رووماڵی ئەو هەڵمەتانەو هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایان دەکردو لەگەڵ دەرکەوتنی ئاماژەکانی سەرکەوتنی بایدن دۆلار لەئێران دابەزینی بەخۆیەوە دەبینی و لەگەڵ ناڕەزایەتی ترەمپ لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش دۆلار لەئێران دووبارە بەرز بووەوە، بۆیە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا گەورەترین کاریگەریی لەسەر سیاسەت و ئابوریی ئێران هەیە، چونکە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لەو وڵاتەش نزیکەی هەشت مانگی ماوەو سەرکەوتنی دیموکرات یان کۆماریی لەئەمەریکا کاریگەریی لەسەر پێگەی محافزکارو ریفۆرمخواز لەئێران هەیە. رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) کە سەر بەحکومەتی ئێرانەو نزیکە لە ریفۆرمخوازانەوە، سەبارەت بەهەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک کۆماریی لەوڵاتەکەی نووسیویەتی: محافزکاران لەئێستاوە پۆستە وەزارییەکانیان لەحکومەتی داهاتوودا دابەش کردووەو دەیانەوێت بەبەشداریی کەمی خەڵک، هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی پەرلەمان سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەوان تەنها مەحمودی ئەحمەدی نەژادیان هەیە کە لەمێژوودا بووبێتە سەرۆک کۆمار‌و دواتر پاساوو بیانویان بۆ هێنایەوە، کەئەو لەمحافزکاران نییە، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەن سوود لەهەموو ئامرازێک ببینن بۆ ئەوەی کلیلی حکومەت وەربگرن، بەڵام ترەمپ لەقەی لە بەختی محافزکاران دا، چونکە ئەوان بەتەما بوون بەسەرکەوتنی ترەمپ خەڵکی ئێران بێهیوا ببێت و لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کەمترین ئاستی بەشداریی هەبێت، بۆ ئەوە براوەی بەشداریی کەمی خەڵک لەهەڵبژاردنەکاندا بن. هاوکات رۆژنامەی (شەرق)ی ئێران کەنزیک لە ریفۆرمخوازانە، دوای سەرکەوتنی بایدن لەسەر وتاری خۆیدا نووسیبوی: لەئێستاد ئاماژەکانی گەڕانەوەی ریفۆرمخوازان بۆ گۆڕەپانی سیاسەت و هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لەئێراندا بەرچاوەو گومان دەکرێت پشتیوانیی لەکاندیدبوونی محەمەد جەواد زەریف بکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماریی لەئێران، چونکە سەرکەوتنی جۆو بایدن هیوای بۆ گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) گەڕاندووەتەوەو ئەمە وادەکات بوار بۆ ریفۆرمخوازان خۆش ببێت کەحکومەتێکی ئەهلی گفتوگۆودانوستان لەداهاتووی ئێران‌دا پێکبهێنن و بۆ ئەم مەبەستەش پیاوی ژمارە یەکی دیپلۆماسیی ئێران باشترین بژاردەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی بەپشتیوانیی ریفۆرمخوازان. محافزکارانی ئێران لەدیموکراتەکان تووڕەن رۆژنامەی (جەوان) سەر بەمحافزکاران سەبارەت بەسەرکەوتنی بایدن لەهەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا نووسیویەتی: تا ئێستاش کەسانێک لەئێران هەن کەهەر شەپۆلێکی سیاسیی ئەمەریکا دەیانجوڵێنێت و باسی مانگی هەنگوینی نێوان تاران و واشنتۆن دەکەن، بەڵام ئەگەر لەمێژووی (40) ساڵ و تەنانەت پێشتری پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت گەورەترین سزا‌و رووداوە ناخۆشەکان لەسەردەمی ئیدارەی دیموکراتەکاندا بەسەر ئێران‌دا سەپێنراوەو دیموکراتەکان دەستێکی پۆڵایینن لەدەستکێشێکی قوماشدا. لەسەردەمی جیمی کارتەر، بیل کلینتۆن، باراک ئۆباما کە سەرۆکە دیموکراتەکانی ئەمەریکا بوون، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئەمەریکا قەدەغە کراو دواتر بازرگانیی لەگەڵ ئێران هەڵوەشێنرایەوەو لەدوایین پێشهاتدا ئۆباما سوودی لە بلۆککردنی پارەکانی ئێران کرد‌و دواتر شەپۆلێک سزای بەسەر تاران‌دا سەپاند بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە رێککەوتنی ئەتۆمیی بکات. هاوکات رۆژنامەی (کەیهان) کە سەر بەتوندڕەوەکانی محافزکارانە، نووسیویەتی: دوژمنایەتی ئەمەریکا لەدژی ئێران لەسەردەمی ترەمپدا دەستیپێنەکردووە تا لەسەردەمی بایدندا کۆتایی پێبێت، بەڵام بەرپرسانی ئێران کەپێشتر دەیانوت رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) بەهۆی کشانەوەی ئەمەریکاوە هیچ دەستکەوتێکی نەبووە، ئێستا‌و لەگەڵ سەرکەوتنی جۆو بایدن وەک سەرۆکی کۆشکی سپی، پەیام و لێدوانی پێچەوانەی رابردوو بڵاودەکەنەوەو تەنانەت حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەو ئیسحاق جیهانگیریی، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمار‌و عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەت کە بەرپرسانی دیاری وڵات و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، هاتنی بایدنیان بەئەرێنی وەسف کردووەو هیوایان لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتۆن لەسەر دەستی بایدن هەڵچنیوە کەزۆر جێگەی گومانە. بایدن و پیاوی دیپلۆماسیی ئێران میدیاکانی ئێران تۆمارێکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە، کەتێیدا محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کە بەپیاوی یەکەمی دیپلۆماسیی ئێران دەناسرێت، دەڵێت: لەو سەردەمەی لەبارەگای سەرەکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەئەمەریکا کارم کردووە، پەیوەندییم لەگەڵ چەند سیناتۆرێکی ئەمەریکی هەبوو، جۆو بایدن یەکێک لەو سیناتۆرانە بوو کە پەیوەندیی باشم هەبوو لەگەڵی، بەڵام ئەو ئێستا بەشێکە لەحوکمڕانیی وڵاتەکەی. ئەم وتانەی زەریف بووە هۆی لێکدانەوەی جیاوازی میدیا‌و رۆژنامە و شارەزا سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران و چەند ئەگەرێکیان بۆ خۆکاندیدکردنی جەواد زەریف لەهەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری ئێران خستووەتەڕوو، چونکە ئەگەرچی زەریف خۆی بەباڵی میانڕەو دەزانێت، بەڵام بەبەردەوامی لەلایەن ریفۆرمخوازانەوە بەرگریی لێکراوەو ئەمە وایکردووە ریفۆرمخوازان کەپێشتر بەهۆی شکستیان لەهەڵبژادنەکانی ئەمساڵی پەرلەمانی وڵاتەکەیان هیچ هەوڵێکیان بۆ بەشداریی لەهەڵبژادنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی (2021) نەدەدا، بەسەرکەوتنی بایدن لەئەمەریکا کەوتوونەتە خۆیان و دەیانەوێت پشتیوانیی لەکاندیدێک بکەن کەتوانای گفتوگۆ‌و دیپلۆماسیی زۆری هەبێت، بۆ ئەوەی رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن بکات و بۆ ئەم مەبەستەش جەواد زەریف وەک کۆنەدۆست و هاوڕێی بایدن باشترین بژاردەیە بۆ ریفۆرمخوازان. چەند ئاماژەیەکی دیکە هەیە کەدەردەکەوێت زەریف بەئەگەری بەهێز ببێتە کاندیدی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماریی لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، چونکە ئەو لەگەڵ سەرکەوتنی بایدن دەستی بەپەیام و تویت بۆ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت سعودیە کرد‌و لەهەفتەیەکدا دوو پەیامی ئاراستەی سعودیە کرد‌و لەتویتێکدا نووسیی: ترەمپ (70) رۆژی دیکە دەڕوات، بەڵام ئێمە دەمێنینەوەو گرەوکردن لەسەر بیانییەکان بۆ دابینکردنی ئاسایش قومارێکی گونجاو نییە، بۆیە دەستی دۆستایەتیمان بۆ دانوستان و گفوتگۆ بەرەو دراوسێکانمان رادەکێشین. تویتەکانی زەریف دوای سەرکەوتنی بایدن، ئاماژەیە بەوەی پێداگریی لەگفتوگۆ لەگەڵ سعودیە دەکات، چونکە دۆناڵد ترەمپ ئەو وڵاتەی هاندا بەکڕینی چەک بەمەبەستی دوژمنایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران. هەموو ئەم پەیام و ئاماژانە دەریدەخەن زەریف دەیەوێت وەک سەرۆک کۆمار بەردەوام بێت لەحوکمڕانیی وڵاتەکەی، بۆیە بایدن بووەتە مایەی خێر‌و کردنەوەی گرێی بەختی ئەو بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی داهاتوی ئێران و تەنانەت حەسەن رۆحانی کە لەکۆتایی دوو خولی سەرۆک کۆمارییەکەیدا هەوڵدەدات جارێکی دیکە رێککەوتنی ئەتۆمیی زیندوو بکاتەوە، چونکە بەڵێنی رێککەوتنی ئەتۆمیی دوو خول رۆحانیی لەپۆستەکەیدا هێشتەوەو لەئێستادا بەهۆی شکستی ئەو رێککەوتنەوە ئاستی خۆشەویستی و پێگەی سیاسیی لەلای خەڵک و بەرپرسانی ئێران دابەزیوە، بۆیە وتوویەتی» لەگەڵ گۆڕانکاریی ئیدارەی ئەمەریکا هیچ هەل و دەرفەتێک بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەدەستنادەین بۆ ئەوەی دۆخی ئابوریی وڵاتەکەمان ببوژێنینەوە
شاناز حه‌سه‌ن بەپێی بەدواداچوونێکی هاوڵاتی و تووێژینەوەیەکی زانستی دەرکەوتووە زیادەڕۆیی ژمارەیەک لەبەنزینخانەکان بووەتە هۆی مەترسی بۆسەر ژیانی هاووڵاتیان بەهۆی زیادەڕۆییەکانیانەوە، پسپۆڕانی ژینگەش دەڵێن «بەرتیل» وەرگیراوە بۆ ئەوەی سەرپێچی بکەن. له‌ناو شارى سلێمانى چه‌ندین به‌نزینخانه هه‌ن که رێگه‌پێدراو نین و ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌کات وه‌ک لایه‌نێکى چاودێریى ده‌یانده‌نه داواکارى گشتى. که‌ریم عه‌لى، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، ئاماژه به‌وه ده‌دات زۆر به‌نزینخانه له‌ناو شارى سلێمانیدا هه‌یه مۆڵه‌تى کردنه‌وه‌یان به‌ته‌واوى رێگه‌پێدراو نیه، یاخود له‌نزیک ماڵ و سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌وه کراونه‌ته‌وه‌و له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دان وه‌ک لایه‌نى چاودێرىکردن بیانده‌نه داواکارى گشتى. ناوبراو له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «پێدانى مۆڵه‌تى به‌نزینخانه‌کان، پێویستى به‌مۆڵه‌تى زۆر شوێنى ئیدارى هه‌یه وه‌ک شاره‌وانى و ژینگه‌و ئاوى ژێرزه‌وى و زۆر لایه‌نى دیکه، که هه‌موویان پێکه‌وه مۆڵه‌ته‌که بۆ کردنه‌وه‌ى به‌نزینخانه‌که تۆمارده‌که‌ن». هه‌رکه‌سێک یان بازرگانێک له‌کاتى کردنه‌وه‌ى به‌نزینخانه‌یه‌ک پێویستى به‌وه‌رگرتنى مۆڵه‌ته، ئه‌و مۆڵه‌ته پێویسته له‌هه‌ژده شوێنى ئیدارى ناو پارێزگاکان وه‌ربگرێت، هه‌ریه‌ک له‌و شوێنانه‌ش وه‌ک شاره‌وانى و ژینگه و ئاوى ژێرزه‌وى و سووته‌مه‌نى، که هه‌ریه‌که‌یان رێنمایى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه. که‌ریم عه‌لى وتى «به‌داخه‌وه له‌ناو شارى سلێمانى هه‌ندێک له‌لایه‌نه‌کان ره‌چاوى ئه‌وه ناکه‌ن بۆ دروستکردنى به‌نزینخانه‌کان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان مۆڵه‌تى کردنه‌وه‌شیان نیه له‌ناو سلێمانیدا». ئه‌ندامى لیژنه‌ى وزه له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد تائێستا زیاتر له شه‌ش ناوى به‌نزینخانه‌یان لایه که هه‌ریه‌که‌ى به‌هۆکارێک سه‌رپێچیان کردووه‌و وتى»به‌نزینخانه هه‌یه مۆڵه‌ته‌که‌ى بۆ دانانى یه‌ک په‌مپى به‌نزین و په‌مپێکى گاز له‌و شوێنه وه‌رگرتووه، دواتر وێستگه‌یه‌کى سووته‌مه‌نى ته‌واوى تێدا کردووەته‌وه«. که‌ریم عه‌لى وتی «ئێمه تائێستا زۆرجار لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارمان ئاگادارکردووەته‌وه‌و ئێستاش له‌هه‌وڵداین به‌شێک له‌و به‌نزینخانانه له‌ڕێگه‌ى سکاڵاوه ببەینه لاى داواکارى گشتى». وتیشی «ئه‌وانه‌ى ئێمه سکاڵایان له‌باره‌وه ده‌جوڵێنین جۆراوجۆرن، هه‌یانه مۆڵه‌تیان نیه، یان رێنمایى ئاوى پێشێلکردووه‌و یان ژینگه یاخود شاره‌وانى ره‌زامه‌ندى نه‌داوه، یان له‌نزیک ماڵانن و پێشێلى رێنماییه جۆراوجۆره‌کان کراوه«. له‌کۆتایى ساڵى 2018وه پێدانى مۆڵه‌تى به‌نزینخانه به‌فه‌رمانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران راگیراوه، بەڵام هیچ ریگرییەک نەکراوە لەسەر ئەو زیادەڕۆییانەی کە هەندێک لەنزینخانەکان دەیکەن. هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر، پارێزگارى سلێمانى به‌هاوڵاتى وت «ئێمه یه‌که‌م شوێن که پرسى پێده‌که‌ین شاره‌وانییه، که ئه‌وان زانییان به‌پێى ماسته‌رپلان ئه‌و زه‌ویه ده‌شێت ببێت به به‌نزینخانه ئه‌وکات ره‌زامه‌ندیى لایه‌نه‌کانى دیکه وه‌رده‌گرێت که (18) شوێنه و ئه‌وکات ده‌توانێت ره‌زامه‌ندیى مۆڵه‌تى به‌نزینخانه وه‌ربگرێت». وتیشی «ئه‌و مۆڵه‌ته بۆ ماوه‌ى ساڵێکه، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رکات پابه‌ندى ئه‌و مه‌رجانه نه‌بوو به‌نزینخانه‌که‌ى دابخرێت». بەبڕوای پسپۆڕێکی ژینگە ئەوەی وایکردووە ببێتە هۆی سەرپێچیکردنی هەندێک لەنزینخانەکان «وەرگرتنی بەرتیلە» لەلایەن هەندێک لەدەسەڵاتدارانەوە کە چاوپۆشی لە سەرپێچییەکان دەکەن ئەمە جگە لەوەی هەندێک لەو بەنزینخانانە هی بەرپرسەکانن. دکتۆر ساڵح، پسپۆڕى ژینگه، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «به‌داخه‌وه له‌ئێستادا بوونى هه‌ر پرۆژه‌یه‌کى وه‌به‌رهێنان و دروستکردنى بیناو کارگه‌یه‌ک به به‌رتیل و واسته کاره‌کانیان بۆ به‌ڕێده‌که‌ن و گوێ نادرێت به‌مه‌رجه ژینگه‌ییه‌کان که‌ئه‌مه‌یه هه‌را گه‌وره‌که‌ى بۆ پیسبوونى خاک و ئاو دروستکردووه«. دکتۆر ساڵح وتی «ئه‌و پاشماوانه‌ى له‌به‌نزینخانه‌یه‌ک ژینگه‌ى پێ پیسده‌کرێت، کاریگه‌ریه‌که‌ى بۆ چه‌ندین ساڵ ده‌مێنێته‌وه، هه‌م بۆ خه‌ڵکه‌که‌ى و بۆ خاکه‌که‌شى، که چه‌نده‌ها مه‌تر زه‌وى و خاک پیسده‌کات و مادده خاکییه به‌سووده‌کانى تیدا ده‌کوژێت، که‌زۆربه‌یان دووباره زیندوو نابنه‌وه«. له‌باره‌ى باشترین چاره‌سه‌ریه‌کانیشه‌وه پێشنیارى کرد دروستکردنى به‌نزینخانه‌کان له‌ده‌ره‌وه‌ى شاره‌کان و دووربن له‌سه‌رچاوه‌کانى ئاوه‌وه و پاشماوه‌کانیان خه‌زانى زۆر تایبه‌تیان بۆ ئاماده بکرێت که کاریگه‌رى بۆ خاک و ئاو نه‌بێت و له‌شوێنى تایبه‌تیدا هه‌ڵبگیرێت و زۆربه‌ى به‌کاربهێنرێته‌وه وتی «به‌داخه‌وه ئه‌مه زۆر که‌مه لاى ئێمه«. هەروەها وتى «به‌داخه‌وه لاى ئێمه ته‌نیا سوود لهسهرچاوهى یه‌که‌م وه‌رده‌گیرێت و کارگه‌کانیشمان نه‌گه‌یشتوونه‌ته قۆناغێک پاشماوه‌کان دووباره به‌کاربهێنرێنه‌وه، که ئه‌مه به‌شێکى زۆرى کێشه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کات». به‌پێى تووێژینه‌وه‌یه‌کی زانستی خوێندکارێکی خوێندنی باڵا که ده‌ست هاوڵاتى که‌وتووه، دروستکردنى به‌نزینخانه له‌نزیک ماڵان و نزیک سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌وه زیانێکى زۆرى بۆ ئاووهه‌واى ئه‌و ناوچه‌یه‌و ئاوى ژێرزه‌وى و پیسکردنى ژینگه هه‌یه. لە تووێژینەوەکەدا باسی ژمارەیەک بەنزینخانە کراوە کە چۆن لە نزیک ماڵان و شوێنی گشتی دروستکراوە بەجۆرێک زیانی تەندروستی بۆ سەر هاووڵاتیان دەبێت. تەنانەت لە تووێژینەوەکەدا باسی بەنزینخانەیەکی کۆنی سلێمانی دەکات کە ئێستا شوێنەکەی کراوە بە مۆڵێکی بازگانی کە چۆن دوای دەیان ساڵ هێشتا زیانی بۆ ژینگەی دەوروبەری خۆی هەیە بەو پێیەی بەنزینخانەکان بۆ چەندین مەتر زیان بە زەوی و تەنانەت ئاوی ژێر زەویش دەگەیەنن. تووێژینەوەکە چەند پیشنیارێکی کردووە بۆ ئەوەی بەنزینخانەکان نەبنە شوێنێک بۆ پیسکردنی ژینگەی دەوروبەری و زیانی تەندروستیان نەبێت لەسەر هاووڵاتیان. پێشنیاره‌کان: بۆ ئه‌وه‌ى کۆنترۆڵ و چاودێرى بڵاوبوونه‌وه‌ى پیسبوون بکرێت به‌هۆى وێستگه‌ى به‌نزینخانه و سووته‌مه‌نیه‌کان و کارگه‌ى به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌کانه‌وه، پێویسته میکانیزمێکى یاسایى دابڕێژرێت، که پیسبوونى ژینگه‌یى به‌مادده‌ى هایدرۆکاربۆن رێکبخات و که‌مى بکاته‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته ئه‌م خاڵانه‌ى خواره‌وه به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت: 1.پێویسته یاسایه‌کى تایبه‌ت به‌دیزاینێکى گونجاوه‌وه دابنرێت، که‌تایبه‌ت بێت به‌هه‌ڵگرتنى سووته‌مه‌نى له‌به‌نزینخانه‌و گه‌نجینه‌ى تایبه‌تدا، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ڕێگرى بکات له‌ئه‌گه‌رى پیسبوونى خاک و ئاوى ژێرزه‌وى. 2.هه‌ڵبژاردنى گونجاوترین شوێن بۆ وێستگه‌ى به‌نزینخانه‌و پاڵاوگه‌ى نه‌وت، هه‌ر گه‌نجینه‌یه‌کى سووته‌مه‌نى، هه‌ر کارگه‌یه‌ک و شوێنى فڕێدانى خۆڵ و خاشاکیان هه‌ر شتێکى تر که ئه‌گه‌رى پیسبوون بۆ سه‌ر خاک و ئاوى ژێرزه‌وى دروست بکات، له‌م حاڵه‌ته‌شدا پێویسته هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ مه‌ترسى ئەو پیسبوونه و ناوچه‌یه بکرێت به‌پێى ستاندارده جیهانىیهکان یان به‌سوودوه‌رگرتن له‌هه‌ڵسه‌نگاندنى ناوچه‌که له‌ڕووى لاوازییان بۆ مادده پیسێنه‌ره‌کان VULNERABILITY Assessment به به‌کارهێنانى یه‌کێک له‌ڕێگه‌کانى لاوازى چینه‌کانى زه‌وى وه‌کو (DRADTIC (GIS) به‌به‌کارهێنانى (Method 3.هه‌موو خه‌زانێکى هه‌ڵگرتنى سووته‌مه‌نى پێویسته بخرێته ناو خه‌زانێکى تره‌وه، به‌مه‌رجێک خه‌زانى دووه‌م تواناى هه‌ڵگرتنى (110%)ى قه‌باره‌ى خه‌زانى یه‌که‌مى هه‌بێت. 4.خه‌زانێکى هه‌ڵگرتنى سووته‌مه‌نى پێویسته نزیک نه‌بێت یان نه‌که‌وێته سه‌ر خه‌زانى ئاوى ژێرزه‌وى له‌جۆرى درز‌و که‌لێنى، هه‌روه‌ها له‌حاڵه‌تى بوونى خه‌زانى ده‌نکۆڵه‌یى پێویسته دوورى ئاستى ئاوى ژێرزه‌وى له‌ڕووى زه‌وییه‌وه به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت. 5.پێویسته له‌و شوێنانه‌ى که خه‌زانى سووته‌مه‌نى لێیه، له‌لایه‌ن لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارى ئه‌و خه‌زانه‌وه رۆژانه تۆمارى بڕى هاتوو و ده‌رچووى سووته‌مه‌نى له‌و خه‌زانه‌دا تۆمار بکرێت به‌مه‌به‌ستى زانینى ئه‌گه‌رى لێچوونى سووته‌مه‌نى و چونه ناو خاک و ئاوى ژێرزه‌وییه‌وه. 6.نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پاشه‌ڕۆ نه‌وتییه‌کان بڕژێنرێته ناو سیسته‌مى ئاوه‌رۆى شاره‌وه، به‌ڵکو ده‌بێت له‌خه‌زانى تایبه‌تدا کۆبکرێته‌وه و له‌شوێنى تایبه‌تدا هه‌ڵبگیرێت پاشان به‌کاربهێنرێته‌وه. 7.پێشنیار ده‌که‌ین که‌خه‌زانى سووته‌مه‌نى له‌م ناوچه مه‌ترسیدارانه‌دا دانه‌نرێت: * له‌دوورى (250)م له‌کانى و کارێزو بیرى ئاوه‌وه. *له‌دورى (500)م له‌هه‌ر سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاوه‌وه.
شاناز حه‌سه‌ن ته‌ندروستى هه‌رێم رایگەیاند لەنەخۆشخانەکاندا کێشەیان هه‌یه لەوەرگرتنی تووشبوو له‌به‌شى چاودێریى ورددا، کە ئەوەش ئەو نەخۆشانەن زۆرترین ئەگەری مردنیان هەیە. وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاماژه به‌وه‌ده‌دات له‌ئێستادا نه‌خۆشخانه‌کان تواناى وەرگرتنى نه‌خۆشیان هه‌یه، به‌ڵام کێشه‌یان له‌به‌شى وه‌رگرتنى چاودێریى چڕدایه که‌شوێنیان بۆ تووشبوو نه‌ماوه. ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «نه‌خۆشخانه‌کانى هه‌رێم تواناى وه‌رگرتنى تووشبوویان هه‌یه‌و به‌رده‌وام تووشبووش وه‌رده‌گرن به‌تایبه‌ت مامناوه‌ند، به‌ڵام کێشه‌مان له‌به‌شى چاودێریى چڕدایه، که تواناى وه‌رگرتنى تووشبوومان که‌مه«. روونیشیکرده‌وه «ئێستا بۆ تووشبووى توند، واته ئه‌و که‌سانه‌ى که به‌چڕى تووشى ڤایرۆسه‌که بوون کێشه‌مان زۆره، بۆیه به‌رده‌وام رێنمایى ده‌که‌ین که‌خه‌ڵک پێویسته خۆى بپارێزێت». له‌سه‌ره‌تاى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا زۆر جه‌خت له‌وه ده‌کرایه‌وە مه‌ترسى تووشبوون و گیانله‌ده‌ستدان به‌ڤایرۆسه‌که له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه زیاتره که به‌ته‌مه‌نن و نه‌خۆشیى درێژخایه‌نیان هه‌یه، به‌ڵام له‌ئێستادا رێژەى تووشبوون له‌ناو گه‌نجاندا روو له‌به‌رزبوونه‌وه‌یه. دکتۆر داهات حه‌وێزى، به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى جمهورى سلێمانى تایبه‌ت به کۆرۆنا، بڵاویکردۆته‌وه‌و نووسیویه‌تى»له‌سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆنا وامانده‌زانى کۆرۆنا ته‌نها کاریگه‌رى له‌سه‌ر که‌سانى به‌ساڵاچوو ده‌کات، به‌ڵام ئێستا وا دیارنیه، رۆژانه تووشبووی گه‌نج گیرۆده‌ى په‌تاکه ده‌بن و به‌داخه‌وه هه‌ندێکیان گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن». به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى جمهورى سلێمانى ئه‌و هۆکارانه‌ش باسده‌کات که‌زیاتر گه‌نجان تووشى کۆرۆنا ده‌کات و ده‌ڵێت «هه‌ندێک له‌و تووشبووه گه‌نجانه خۆیان نه‌خۆشیى درێژخایه‌نیان هه‌یه وه‌کو شه‌کره و زه‌خت و نه‌خۆشى دڵ و شێرپه‌نجه‌کان، به‌مه‌ش نه‌خۆشییه‌که‌یان له‌سه‌ر قورس‌تر ده‌بێت». ئه‌م پزیشکه جه‌ختیش له‌وه ده‌کاته‌وه کە سترێس و دڵه‌ڕاوکێ و تۆقین له‌کۆرۆنا هۆکارێکى زۆر دیاره له‌گه‌نجان. وتی «چونکه سترێس هۆڕمۆنى کۆرتیزۆڵ زیادده‌کات که‌به‌رگرى له‌ش داده‌به‌زێنێ، ترسى له‌ڕاده‌به‌ده‌ر خوێن خه‌ست ده‌کاته‌وه و رێژه‌ى دى دایمه‌ر (D DIMER) له‌خوێندا زیادده‌کات، که‌مه‌ترسى جه‌ڵته‌ى سییه‌کان زیاد ده‌کات». دکتۆر داهات، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شده‌کات «زۆرێک له‌و گه‌نجانه دواى تووشبوونیان به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا خۆیان فه‌رامۆش ده‌که‌ن و دره‌نگ دێن بۆ نه‌خۆشخانه، به‌مه‌ش هه‌وکردنه‌که زیاتر ته‌شه‌نه ده‌کات و ئیتر سوود له‌پلازماو چاره‌سه‌ره تایبه‌ته‌کانى کۆرۆنا نابینن». داهات حه‌وێزى ئه‌وه‌شى دووپاتکردووەته‌وه«پڕبوونى نه‌خۆشخانه حکومییه‌کان و نه‌مانى شوێن له‌به‌شى چاودێریى ورد هۆکارێکى گرنگه که ناتوانین ژیانى گه‌نجان رزگار بکه‌ین». تائێستا زیاتر لە (90) هەزار که‌س له‌هه‌رێمى کوردستان تووشى کۆرۆنا بوون، (52) هه‌زار و (282) که‌س چاکبوونه‌ته‌وه و (31) هه‌زار و (475) که‌س له‌ژێر چاره‌سه‌ردان و دوو هه‌زارو (843) که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ئارا ئیبراهیم هه‌رێمی کوردستان به‌مزووانه خۆى یه‌کلاییده‌کاته‌وه نه‌وت بداته به‌غدا، ئەمەش دوای ئەەی بەغدا فشاری نوێی دارایی خستەسەر ھەرێم لەیاسای کورتھێنانی بودجە کەتێیدا ھەرێم بێبەش دەکات لەقەرزە وەرگیراوەکان ئەگەر نەوت رادەست نەکات. هه‌رێمى کوردستان له‌ماوه‌ى ئه‌مساڵدا رۆژانه (420) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه کردووه‌و حکومەتی عێراق نایەوێت لەو قەرزەی عێراق دەیکات بەشی ھەرێم بدات بەبێ ئەوەی بەشێکی ئەو نەوتە رادەستنەکات. تێپه‌ڕاندنى یاساى قه‌رز له‌چوار رۆژى رابردوودا له‌په‌رله‌مانى عێراق جوڵه‌ى له‌نێو سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستاندا دروستکردووه‌و به‌رده‌وام ده‌ڵێن ئاماده‌ن نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکەن. دوێنێ یه‌کشه‌ممه کۆبوونه‌وه‌ى سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجامدراو ناوه‌رۆکى کۆبوونه‌وه‌که له‌لایه‌ن نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان خرایه‌ڕوو. نێچیرڤان بارزانى: ئاماده‌ین نه‌وت راده‌ست بکه‌ین دوێنێ کۆبوونه‌وه‌ى سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجامدراو دواى کۆبوونه‌وه‌که نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا وتى:» سیاسییه‌کانى عێراق شکستیان هێناوه له‌به‌ڕێوه‌بردندا، بڕیاربوو ناردنى (320) ملیار دینارى مانگانه بۆ هه‌رێم به‌رده‌وام بێت تا په‌سه‌ندکردنى پرۆژه بودجه‌ى 2021». نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان وتیشى:» ده‌بێت بپرسین هه‌رێمى کوردستان به‌شێکه له‌عێراق یان نا، موچه‌خۆران به‌شێکه یان نا، به‌ڕاستى یاساى قه‌رز زۆر نیگه‌رانى کردین و موفاجه‌ئه بووه بۆ ئێمه«. سه‌رۆکى هه‌رێم باسى له‌وه‌شکرد ئه‌م یاسایه به‌و شێوه‌یه‌ى ئێستا پێچه‌وانه‌ى پره‌نسیپ ته‌وازن و ته‌وافوق و شه‌راکه‌ت بووه که‌کورد به‌شداربووه له‌بنیاتنانه‌وه‌ى عێراق له‌ساڵى 2003 تائێستا. نێچیرڤان بارزانى راشیگه‌یاند:»ره‌نگه هێزه سیاسییه‌کان پێیانوابێت که به‌ده‌رکردنى ئه‌و یاسایه سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێناوه، به‌ڵام هێزه سیاسییه‌کان گه‌وره‌ترین شکستى خۆیان سه‌لماندووه له‌به‌ڕێوه‌بردنى عێراقدا». سه‌رۆکى هه‌رێم ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌به‌رده‌وامى ته‌ئکیدییان کردووه‌ته‌وه که ئاماده رێکبکه‌ون له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وت، وتیشى:» بڕیاربوو (320) ملیار دینار مانگانه به‌رده‌وام بێت تاکاتى په‌سه‌ندکردنى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021، ئێمه وتوومانه ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا رێکبکه‌وین له‌سه‌ر نه‌وت و شایسته داراییه‌کان». هاوکات، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه کهوهفدێکى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌چێته به‌غداو گفتوگۆ له‌باره‌ى یاساى قه‌رز ده‌که‌ن و دڵنیاییدا بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا. نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که رێکنه‌که‌وتنى هه‌رێم و عێراق په‌یوه‌ندى به رێککه‌وتنى (50) ساڵه‌ى نێوان هه‌رێم و تورکیا‌و گرێبه‌ستى هه‌رێم و رۆسنه‌فته‌وه نییه‌و وتیشى:»رێکنه‌که‌وتنى هه‌رێم و عێراق په‌یوه‌ندى به رێککه‌وتنى (50) ساڵه‌ى تورکیا‌و هه‌رێم له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وت له‌لایه‌ک و گرێبه‌ستى نێوان کۆمپانیاى رۆسنهفتى روسى و هه‌رێمه‌وه هه‌بێت، رایگه‌یاند:» ئێمه چه‌ند جارێک باسمان کردووه، به‌ڵام به‌غدا وتوویانه نه‌وته‌که‌ى خۆتان بفرۆشن و ئێمه ته‌ده‌خولى ئه‌و رێکه‌وتنانه ناکه‌ین». په‌رله‌مانتارێکى پارتى: هه‌رێم رۆژانه 420 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هه‌نارده کردووه له‌مساڵدا دانا جه‌زا، ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌تێکڕا رۆژانه (420) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى له‌ڕێگه‌ى بۆرییه‌وه هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه کردووه، ئه‌وه‌ش به‌پێى زانیارییه‌کانى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى که به‌ئێمه وتراوه له‌په‌رله‌مانى عێراق». ناوبراو وتیشى:» به‌ڵام پێویسته بزانین له‌سه‌دا 35%ی داهاتى نه‌وتى هه‌رێم بۆ کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان ده‌ڕوات و له‌هه‌ر به‌رمیلێک سێ دۆلار بۆ خه‌رجى ره‌وانه‌کردنى نه‌وت به بۆرییه‌که‌دا ده‌ڕوات و نرخى نه‌وتى هه‌رێمیش به‌راورد به‌عێراق حه‌وت دۆلار که‌متر ده‌فرۆشرێت له‌بازاڕدا». ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى پارتى ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد دابڕان له‌نێوان هه‌رێم و عێراقدا روونادات له‌سه‌ر یاساى قه‌رزو به‌گفتوگۆو دانوساندن ده‌توانن کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن، وتیشى:» ئێمه له‌پڕۆسه‌یه‌کى سیاسى درێژخایه‌نداین له‌گه‌ڵ عێراق و دابڕان له‌سه‌ر ده‌رکردنى یاساى قه‌رز روونادات، به‌ڵکو ده‌توانرێت کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت، چونکه هه‌رێم هه‌موو کات ئاماده‌بووه نه‌وت راده‌ست بکات له‌سه‌رده‌مى کابینه‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى رێککه‌وتن کرا، به‌ڵام حکومه‌ت هه‌ڵوه‌شایه‌وه ئه‌وه خه‌تاى هه‌رێمى تێدا نه‌بووه«. هاوکات ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو حکومه‌تى هه‌رێم رێککه‌وتنى کردووه بۆ مانگه‌کانى (8 و 9 و 10)ى ئه‌مساڵ، یاساى قه‌رز له 12ى 11 ده‌رکراوه‌و «هه‌رێم مافى خۆیه‌تى داواى (320) ملیار دینارى مانگى 10ی ئه‌مساڵ بکات». دانا جه‌زا جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که پێویسته به‌م زووانه کێشه‌کانى نێوان هه‌رێم و عێراق یه‌کلابکرێته‌وه‌و رێککه‌وتن بکرێت، ئه‌وه‌ش له‌قازانجى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى هه‌رێمدایه، وتیشى:» ئه‌گه‌ر هه‌رێم رۆژانه (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ست بکات و رێککه‌وتن بکرێت، پێویسته (850) ملیار دینارى مانگانه ره‌وانه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم بکرێت». په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى: ده‌بێت له‌م چه‌ند رۆژه‌دا هه‌رێم یه‌کلاببێته‌وه نه‌وت راده‌ست ده‌کات یان نا شیروان میرزا، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى باسى له‌وه‌کرد کێشه‌ى سه‌ره‌کى هه‌رێم له‌دۆسیه‌ى نه‌وتدا ئه‌وه‌یه که‌سه‌رجه‌م گرێبه‌سته‌کانى بههاوبهشییهو کێڵگه‌ى نه‌وت هه‌یه له‌سه‌دا 50% یا له‌سه‌دا 40% بۆ کۆمپانیا نهوتییهکهیەو ئه‌وه‌ش کێشه‌ى شایسته داراییه‌کانى بۆ هه‌رێم دروستکردووه. هه‌روه‌ها وتیشى:» هه‌رێمى کوردستان ده‌بێت له‌م چه‌ند رۆژه‌دا بچێته به‌غداو له‌گه‌ڵ مسته‌فا کازمى و کۆمپانیاى سۆمۆو وه‌زیرى نه‌وت کۆبوونه‌وه ئه‌نجامبدات و به‌ڕوونى پێیان بڵێن ئێمه ئه‌وه‌نده خه‌رجى شایسته داراییه‌کانى کۆمپانیاکانى نه‌وتمان له‌سه‌ره‌و ئه‌وه‌نده نه‌وته‌ش بۆ به‌کارهێنانى ناوخۆیى ده‌ڕوات، ئه‌وه‌نه بڕه نه‌وته‌شمان بۆ ده‌مێنێته‌وه، ئه‌وکات سۆمۆ دیارى ده‌کات چه‌ند نه‌وت له‌هه‌رێم وه‌ربگرن». شیروان میرزا هێماى بۆ ئه‌وه‌شکرد که به‌پێى یاساى به‌ڕێوه‌بردنى دارایى پێویسته هه‌رێم نه‌وت و داهاته نانه‌وتییه فیدراڵییه‌کان کهدهروازه سنورییه‌کان و فڕۆکه‌خانه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کارتى نیشتمانى و جنسییه‌و پاسپۆرته نیوه‌ى بردێته‌وه به به‌غداو نیوه‌که‌ى دیکه‌ى له‌گه‌ڵ داهاتى ناوخۆى هه‌رێم و ئه‌و بڕه نه‌وته‌ى ده‌مێنێته‌وه هه‌رێم داهاته‌که‌ى بۆ خۆى به‌کارده‌هێنێت. په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کێتى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که حکومه‌تى هه‌رێم پێویسته وه‌فدێکى بڕیاربه‌ده‌ست ره‌وانه‌ى به‌غدا بکات و له‌گه‌ڵ مسته‌فا کازمى و وه‌زیرى نه‌وت و کۆمپانیاى سۆمۆ دانیشتن بکات و دواى یه‌ک رۆژ که هاته‌وه له‌به‌غدا نه‌وت بداته به‌غدا، وتیشى:» ئه‌گه‌ر ئێستا ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر نه‌کرێت بۆ پڕۆژه بودجه‌ى 2021 دیسان تووشى کێشه ده‌بینه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا». ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى به‌غدا بۆ مانگى 10ى ئه‌مساڵ به‌پێى رێکه‌وتنه‌که‌ى 15ى ئابى نێوان مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق و مه‌سرور بارزانى ده‌توانرێت بۆ یه‌ک جارى دیکه (320) ملیار دیناره‌که بنێردرێت، شیروان میرزا به‌دوورى زانى و وتى:» ده‌رکردنى یاساى قه‌رز هه‌موو رێککه‌وتنه‌کانى دیکه‌ى هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه‌و سزاى تێدایه بۆ سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ئه‌گه‌ر بڕیارێکى له‌و جۆره بدات». په‌رله‌مانتارێکى یه‌کگرتوو: ئاماده‌یى بۆ راده‌ستکردنى نه‌وت پێویستى به‌کرداره جه‌مال کۆچه‌ر، ئه‌ندامى فراکسیۆنى یه‌کگرتوو له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌هاوڵاتى وت:» ئاماده‌بوونى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بۆ راده‌ستکردنى نه‌وت کیفایه‌ت نییه که هه‌ر بڵێن نه‌وت راده‌ست ده‌که‌ین، به‌ڵام به‌کردار راده‌ستى نه‌که‌ن و پێویستى به‌هه‌نگاوى عه‌مه‌لییه که‌به‌رجه‌سته‌ى ئه‌و قسانه بکه‌ن». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد باشترین چاره‌سه‌ر بۆ حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌یه که به‌مزووانه وه‌فدێک ره‌وانه‌ى به‌غدا بکات، له‌یه‌ک دانیشتن‌دا له‌گه‌ڵ مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق و وه‌زیرى نه‌وت و کۆمپانیاى سۆمۆدا بڕیار بدات ئه‌وه‌نده نه‌وتى رۆژانه ته‌سلیم ده‌که‌ین و چه‌ند بودجه‌مان بۆ ده‌نێرن» ئه‌مه چاره‌سه‌رى کێشه‌که‌ى نێوان هه‌رێم و عێراق ده‌کات، نه‌ک ته‌نها بڵێن ئاماده‌ین نه‌وت راده‌ست بکه‌ین». جه‌مال کۆچه‌ر پێشیوابوو ده‌کرێت حکومه‌تى هه‌رێم نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و ئه‌مریکاو به‌ریتانیا وه‌ک لایه‌نى سێیه‌م به‌شداربن له‌گفتوگۆکانى نێوان هه‌رێم و عێراق و پێیان بڵێن که ئێمه کێشه‌ى نان و خاکمان هه‌یه« ناکرێت هه‌ر یاسایه‌ک به‌زۆرینه تێبپه‌ڕێندرێت، خۆ هه‌ر موازه‌نه‌و بودجه نییه، سبه‌ینێ یاساى دیکه له‌په‌رله‌مان گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌کرێت، پێویسته کێشه‌کان یه‌کلابکه‌نه‌وه به‌مزووانه نه‌وت راده‌ست ده‌که‌ن یان نا». «یاساى قه‌رز له‌م مانگه‌دا په‌سه‌ند کراوه‌و هه‌رێمى کوردستان ئه‌و مافه‌ى هه‌یه داواى (320) ملیار دینارى مانگى 10 بکات»، په‌رله‌مانتاره‌که‌ى یه‌کگرتوو واى وت. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌کگرتوو ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه ئه‌گەر حکومه‌تى هه‌رێم نیوه‌ى داهاته فیدڕاڵییه‌کان بداته‌وه به‌به‌غداو رۆژانه (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات مانگانه (600) بۆ (800) ملیار دینار ره‌وانه‌ى هه‌رێم ده‌کرێت.
مووچەی هەشت هەزار کەس کە هەشت ملیار دینارە داوا دەکریت بخرێتە سەر بەغدا ئەوەش مەترسییە لەسەر ئەوەی یادی رۆژی ئاڵای کوردستان ساڵانە لەقوتابخانەکان قەدەغە بکرێت ھاوڵاتی، ماردین نورەدین نزیکەی ھەشت ھەزار مامۆستا‌و فەرمانبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک دووچاری چەندین نەھامەتی بوونەتەوە لەناوچەیەکی جێناکۆکی نێوان ھەرێم و بەغدا کە دیارترینیان قەیرانە داراییەکەی ھەرێمە کە زیاتر لەشەش ساڵە بەرۆکی گرتوون. ئەوەی بارگرانی مامۆستایانی خوێندنی کوردی زیاتر کردووە ئەوەیە کەھەندێک لەھاوپیشەکانیان لەخوێندنی کوردی سەر بەبەغدان لەگەڵ مامۆستایانی خوێندنی عەرەبی موچەی تەواو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەردەگرن، بەشەکەی تریان ئەوانیش دەبێت چاوەێی ھەواڵی مووچەبن کە کەی لەھەولێرەوە پێیان دەگات. پەروین فاتیح بەڕێوبەری سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لەکەرکوک بە هاوڵاتی وت «مامۆستایان و فەرمانبەران داوایان کردووە موچەکانیان بگوازرێتەوە سەر ناوەند نەک خوێندنیان، بە پێی ئەوەی پارێزگای کەرکوک یەکێکی ترە لە پارێزگاکانی عێراق، بۆیە داوایان لێدەکەن مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت وەک تاکێکی دانیشتووی کەرکوک کەئەوانەی موچەکانیان سەر بە بەغدایە». لەناو قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی مامستا هەیە میلاکیان سەر بە بەغدایە، واتا موچەکانیان لەسەر بەغدا وەردەگیرێت، پەروین فاتیح وتی «هەمان مامۆستای ئێمە خوێندنی کوردی لەو قوتابخانەیە بە سێ مانگ جارێ، بە دوو مانگ جارێ موچەکەی بەو شێوەیەیە، بۆ خۆشتان دەزانن تا چوار ساڵ روبعە موچەیەکیان وەرەگرت». وتیشی «لە ڕووی دەرونییشەوە کاری کردۆتەسەر دەروونی مامۆستاکان کە ناتوانن بەپێی پێویست بژێوی ژیان پەیدا بکەن لەم شارە، شارەکە خۆی پڕە لە نەهامەتی، پڕە لەمەسەلەی ئەمنی، ئیستقراری ئەمنی نیە، کۆمەڵێ کێشە کە هەیە لە کەرکوکدا رەنگە تاکێکی سلێمانی، هەولێر، هەرێمی کوردستان بەرگەی ئەو نەهامەتییە نەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەرگەی هەموو نەهامەتیەکانیان گرتووە». ھەروەھا وتی «تاکە داوایان کە مافێکی سروشتی خۆیانە موچەکانیان بۆ دابین بکرێت لەڕێگەی عێراقەوە، کە ئەمە خۆی بۆ خۆی مافێکی یاسایی تاکە لەهەر شارێکدا، دەبێت حکومەتی ئەو شارە بژێوی ژیانی ئەو تاکە دابین بکات». مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لەکەرکوک بۆ چەندین جاری تر گردبوونەتەوەو داوایانکردووە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان رەزامەندیی نیشانبدەن بەگواستنەوەی راژەکانیان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراق. دوایین گردبوونەوە ھەفتەی رابردوو سازکرا لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە کەرکوک، کەتێیدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سێ داواکارییان خستەڕوو. یەکەم داواکاری ئەو مامۆستا‌و فەرمانبەرانەی خوێندنی کوردی، گواستنەوەی راژەکانیانە لەحکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەر حکومەتی عێراق، ئەوەش لەپێناو ئەوەی مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن. حکومەتی هەرێم لەئێستادا دوو مانگ جارێک مووچەیەک دابەشدەکات، ئەوەش بەلێبڕینی (21 – 18%)ی مووچەکانیان. لەخاڵی دووەمی داواکارییەکانیان، تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەتە لەبودجەی ساڵی (2020)ی عێراق بۆ مووچەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لەکەرکوک، بەشێوەیەک هاوتای مامۆستایانی هەردوو خوێندنی عەرەبی و تورکمانی بێت، ئەوەش هەر بەپێی راگەیەنراوێکی گردبوونەوەکە، کەتێیدا هاتووە، ئێمەش وەکو هەموو هاوپیشەکانمان دەمانەوێت لەکات و ساتی خۆیداو بێ دواکەوتن مووچەکانمان وەربگرین. پەروین فاتیح وتی»ئێمە وەک خوێندنی کوردی زیاتر لەحەوت هەزار و (800) مامۆستا‌و فەرمانبەرمان ھەیە، لەسەرپەرشتیار و فەرمانبەری دیوانی پەروەردە و پیشەی تر، کە داوای ئەوەیان کردووە راژەکانیان لەهەرێمەوە بگوازرێتەوە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بەخوێندنی کوردی بدەن لەم شارە، مووچەکانیان بەگشتی شەش ملیار دینارە». مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی، داوا لەوەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵێنەکەی بێنێتەدی و رێکارە ئیدارییەکانیان بۆ جێبەجێبکات، کە خۆی لەبەرزکردنەوەی داواکارییەکانمان بۆ حکومەتی عێراق دەبینێتەوە، ئەوەشیان وەکو داواکاری سێیەمیان دیاریکردووە. لەپارێزگای کەرکوک و ناوچەکانی تری جێناکۆک، تەواوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی عەرەبی و تورکمانی راژەکانیان سەر بەحکومەتی عیراقەو لەکاتی خۆیدا مووچە وەردەگرن، جگە لەم دوو مانگە نەبێت، کەچەند رۆژێک دواکەوتووە. لانیکەم نزیکەی هەشت هەزار مامۆستا‌و فەرمانبەری پەروەردەی سەر بەخوێندنی کوردی لەکەرکوک و ناوچەکانی تری جێناکۆک راژەکانیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەو لەساڵی (2014)ەوە مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا پێ‌نادرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی مووچەکانیان بەبڕیاری حکومەت پاشەکەوت کراوەو بەشێکی تریان لێبڕاوە. تەنیا لەمساڵدا ئەو مامۆستا‌و فەرمانبەرانە دەیان جاری تر بۆ هەمان داواکاری کۆبوونەتەوەو هێشتا هیچ ئەنجامێکی هەوڵەکانیان دیار نییە. پەروین فاتیج وتی «ئەوەی ئێستا زۆر بۆتە بەربەست لەبەردەم ئەم گوستنەوەیە، دارایی و حکومەتی عێراقیش بۆ خۆی لەقەیراندایە، ئەمە وایکردووە کە ئەم کەیسەی ئێمە بەشێوازێکی بەستراو بمێنێتەوە، تائێستا ئەمە هۆکارە، هۆکارێکی دیکەش بووە بەنیگەرانی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە نایانەوێ کەیسی خوێندنی کوردی رادەستی بەغدا بکرێت». وتیشی «تا ئێستا بەغدا ئەقڵیەتی شۆڤێنی تێدا بەردەوامە کەڕەنگە ئێمە ئەو ئازادیەی کەئێستا هەمانە لەخوێندنی کوردی هەموو بابەت و بۆنەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە، رەنگە نەتوانین ئەوکاتە ئەو بۆنەو یادانە بکەینەوە، بۆ نموونە ئێمە 17/12ی هەموو ساڵێک یادی ئاڵای کوردستان دەکەینەوە، لەخوێندنی کوردی رەنگە کە گواستنەوەمان بۆ بکرێتەسەر بەغدا هەندێ شتمان لێ قەدەغەبکرێت».
شاناز حه‌سه‌ن ته‌ندروستى هه‌رێم رایگەیاند لەنەخۆشخانەکاندا کێشەیان هه‌یه لەوەرگرتنی تووشبوو له‌به‌شى چاودێریى ورددا، کە ئەوەش ئەو نەخۆشانەن زۆرترین ئەگەری مردنیان هەیە. وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ئاماژه به‌وه‌ده‌دات له‌ئێستادا نه‌خۆشخانه‌کان تواناى وەرگرتنى نه‌خۆشیان هه‌یه، به‌ڵام کێشه‌یان له‌به‌شى وه‌رگرتنى چاودێریى چڕدایه که‌شوێنیان بۆ تووشبوو نه‌ماوه. ئاسۆ حه‌وێزى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «نه‌خۆشخانه‌کانى هه‌رێم تواناى وه‌رگرتنى تووشبوویان هه‌یه‌و به‌رده‌وام تووشبووش وه‌رده‌گرن به‌تایبه‌ت مامناوه‌ند، به‌ڵام کێشه‌مان له‌به‌شى چاودێریى چڕدایه، که تواناى وه‌رگرتنى تووشبوومان که‌مه«. روونیشیکرده‌وه «ئێستا بۆ تووشبووى توند، واته ئه‌و که‌سانه‌ى که به‌چڕى تووشى ڤایرۆسه‌که بوون کێشه‌مان زۆره، بۆیه به‌رده‌وام رێنمایى ده‌که‌ین که‌خه‌ڵک پێویسته خۆى بپارێزێت». له‌سه‌ره‌تاى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا زۆر جه‌خت له‌وه ده‌کرایه‌وە مه‌ترسى تووشبوون و گیانله‌ده‌ستدان به‌ڤایرۆسه‌که له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه زیاتره که به‌ته‌مه‌نن و نه‌خۆشیى درێژخایه‌نیان هه‌یه، به‌ڵام له‌ئێستادا رێژەى تووشبوون له‌ناو گه‌نجاندا روو له‌به‌رزبوونه‌وه‌یه. دکتۆر داهات حه‌وێزى، به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى جمهورى سلێمانى تایبه‌ت به کۆرۆنا، بڵاویکردۆته‌وه‌و نووسیویه‌تى»له‌سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆنا وامانده‌زانى کۆرۆنا ته‌نها کاریگه‌رى له‌سه‌ر که‌سانى به‌ساڵاچوو ده‌کات، به‌ڵام ئێستا وا دیارنیه، رۆژانه تووشبووی گه‌نج گیرۆده‌ى په‌تاکه ده‌بن و به‌داخه‌وه هه‌ندێکیان گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن». به‌ڕێوه‌به‌رى نه‌خۆشخانه‌ى جمهورى سلێمانى ئه‌و هۆکارانه‌ش باسده‌کات که‌زیاتر گه‌نجان تووشى کۆرۆنا ده‌کات و ده‌ڵێت «هه‌ندێک له‌و تووشبووه گه‌نجانه خۆیان نه‌خۆشیى درێژخایه‌نیان هه‌یه وه‌کو شه‌کره و زه‌خت و نه‌خۆشى دڵ و شێرپه‌نجه‌کان، به‌مه‌ش نه‌خۆشییه‌که‌یان له‌سه‌ر قورس‌تر ده‌بێت». ئه‌م پزیشکه جه‌ختیش له‌وه ده‌کاته‌وه کە سترێس و دڵه‌ڕاوکێ و تۆقین له‌کۆرۆنا هۆکارێکى زۆر دیاره له‌گه‌نجان. وتی «چونکه سترێس هۆڕمۆنى کۆرتیزۆڵ زیادده‌کات که‌به‌رگرى له‌ش داده‌به‌زێنێ، ترسى له‌ڕاده‌به‌ده‌ر خوێن خه‌ست ده‌کاته‌وه و رێژه‌ى دى دایمه‌ر (D DIMER) له‌خوێندا زیادده‌کات، که‌مه‌ترسى جه‌ڵته‌ى سییه‌کان زیاد ده‌کات». دکتۆر داهات، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شده‌کات «زۆرێک له‌و گه‌نجانه دواى تووشبوونیان به‌ڤایرۆسى کۆرۆنا خۆیان فه‌رامۆش ده‌که‌ن و دره‌نگ دێن بۆ نه‌خۆشخانه، به‌مه‌ش هه‌وکردنه‌که زیاتر ته‌شه‌نه ده‌کات و ئیتر سوود له‌پلازماو چاره‌سه‌ره تایبه‌ته‌کانى کۆرۆنا نابینن». داهات حه‌وێزى ئه‌وه‌شى دووپاتکردووەته‌وه«پڕبوونى نه‌خۆشخانه حکومییه‌کان و نه‌مانى شوێن له‌به‌شى چاودێریى ورد هۆکارێکى گرنگه که ناتوانین ژیانى گه‌نجان رزگار بکه‌ین». تائێستا زیاتر لە (90) هەزار که‌س له‌هه‌رێمى کوردستان تووشى کۆرۆنا بوون، (52) هه‌زار و (282) که‌س چاکبوونه‌ته‌وه و (31) هه‌زار و (475) که‌س له‌ژێر چاره‌سه‌ردان و دوو هه‌زارو (843) که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه.
ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود ماوەی حەوت ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی سلێمانی وەکو پایتەختی رۆشنبیریی خەرج ناکات کە بڕەکەی ساڵانە (20) ملیار دینارە، بەڵام بەبڕوای کەسایەتییە رۆشنبیریەکانی شارەکە لەوکاتەوەی نازناوەکە بەشارەکە بەخشراوە لەڕووی هونەری و کلتورییەوە بایەخی پێنەدراوە. شەممەی رابردوو (٢٣٦) ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانیدا تێپەڕی، کەهاوکاتە لەگەڵ تەشەنەسەندنی کۆرۆنا، وەزیری رۆشنبیریش رایدەگەیەنێت کە پەتاکە کاریگەری هەبووە لەسەر سستبوونی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بەپایتەختکردنی رۆشنبیریی، بەڵام لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمان دەڵێت دابیننەکردنی بودجە بەهۆی قەیرانی دارایی هەنگاوەکانی سست کردووە. پەرلەمانی کوردستان لەساڵی 2012 نازناوی پایتەختی رۆشنبیریی بەشارەکە بەخشی، بەپێی بڕیارەکە دەبوو حکومەت ساڵانە (20) ملیار دینار بۆ سێکتەرەکانی رۆشنبیریی سلێمانی تەرخان بکات، بەڵام تەنها یەک جار ئەو پارەیە تەرخان کراوەو دواتر راگیراوە بەپاساوی قەیرانی دارایی. حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی نەبوونی بودجەی بە تاکە هۆکار دانا بۆ جێبەجێنەکردنی هەنگاوەکانی بەرەوپێشبردنی ژێرخانی پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی لەگەڵ کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا. حەمەی حەمە سەعید بە هاوڵاتی وت «هیچ ململانێیەکی سیاسی نەبۆتە هۆی وەستانی هەنگاوەکان، تەنها قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا کاریگەرییان هەبووە». یەکێک لەو هەنگاوانەی کە رۆشنبیرانی سلێمانی نیگەران کرد لەچەند هەفتەی رابردوودا بڕیارێکی وەزارەتی رۆشنبیریی بوو کە پێدانی ژمارەی سپاردنی کتێبی کرد بەناوەندیی، کە پێشیتر رۆشنبیران لە سلێمانییەوە ژمارەی سپاردنیان وەردەگرت، بەڵام ئێستا تەنها لەوەزارەتەوە ژمارەکە دەدرێت. هەندێک لە ڕۆشنبیران داوایان کرد بڕیارەکە بەلبگرێت بەڵام وەزیری ڕۆشنبیری وتی «ژمارەی سپاردن جێبەجێبوەو بەو شێوەیە نەبووە کە شەقام لێی تێگەشتوە، بەڵکو کارئاسانی کراوە بۆ ژمارەی سپاردن زووتر ئەکرێت و پێشخراوە، هەڵەبجەو گەرمیانیش ژمارەی سپاردنیان بۆ ئەکرێت». یەکەمجار لەساڵی 2013 ئەنجومەنی وەزیران (20) ملیار دیناری بۆ ژێرخانی پایتەختی رۆشنبیری تەرخان کرد، بەڵام دواتر بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی سلێمانی تۆمەتبار کرا بەخەرجنەکردنی پارەکە بۆژێرخانی رۆشنبیری شارەکە، بۆیە پەرلەمانی کوردستان لە 15/9/2019 لیژنەیەکی بەدواداچوونی پێکهێنا. لیژنەکە راپۆرتێکیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئامادە کرد‌و ئەنجامەکەی لە (١١) خاڵدا باس‌کراو تیایدا وترا بەشێکی زۆر پارەکە بۆ بووژانەوەی ژێرخانی رۆشنبیری سلێمانی خەرجنەکراوە، بەڵام بۆ چالاکی رۆشنبیری و هونەر خەرجکراوە، لەکاتێکدا لەساڵی 2013 حکومەت جگە لەو (20) ملیارە بودجەی دیکەی هەبووە بۆ چالاکی هونەری و رۆشنبیری. سەلمە فاتیح، سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری کۆمەڵگەی مەدەنی هۆکاری خەرجکردنی پارەکە بۆ تەنها یەکجار بۆ قەیرانی دارایی گەڕاندەوە. سەلمە فاتیح بە هاوڵاتی وت « تەنها یەک جار ئەو پارەیە بۆ سلێمانی سەرفکراوەو دواتر کەوتینە ناو قەیرانی داراییەوە، ئێمە ئێستا وەک خۆمان لە لیژنەی رۆشنبیری دەمانەوێت جارێکی تر راپۆرتێکی یاسایی لەسەر ئەو بابەتە بنووسین بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت لە بودجە جێگەی بۆ بکاتەوە». هەروەها وتی «بەڵام بارودۆخی دارایی بەو جۆرەیەو بودجەش نەهاتۆتە پەرلەمان تا ئێمە بتوانین جێگەی ئەمە بکەینەوە بە پێی یاسا، بۆیە ناچارین داوا لەحکومەت بکەین ساڵانە (٢٠) ملیار دینار بۆ پایتەختی رۆشنبیری بنێرێت بۆ بووژاندنەوەی کەرتی رۆشنبیری لەسلێمانی». باسی لەوەشکرد کە خەرجنەکردنی ئەو پارەیەو قەیرانی دارایی و کۆرۆنا کاریگەرییان لەسەر چالاکییەکانی پایتەختی رۆشنبیری هەبووە. سەلمە فاتیح وتی «چالاکی بەپارە دەکرێت ... کۆرۆناش کاریگەری لەسەر هەموو سێکتەرەکان هەبووە، ئەولەویەتی لە پێشتر بۆ خەڵک لەئێستادا زروفی خوێندن و خوێندکارە، بێگومان دۆخەکە کاریگەریی هەبووە لەسەر چالاکی هونەری و رۆشنبیری». پارێزگاری سلێمانی باسلەوەدەکات کە هەنگاوەکانی بووژاندنەوەی ژێرخانی رۆشنبیریی سلێمانی پەیوەستە بە لیژنەیەک لەوەزارەتی رۆشنبیری و راستەوخۆ پەیوەندی بەپارێزگای سلێمانییەوە نیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵیت لای خۆیانەوە نەوەستاون لەبەرەوپێشبردنی رۆشنبیریی شارەکە. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە هاوڵاتی وت «ئەوەی ئێمە کارمان لەسەر کردووەو لە کۆرۆناشدا چالاکی زۆر گەورەو نێودەوڵەتیمان کردووە لەسەر ئاستی هەموو دنیا کارمان کردووە، ژووری داهێنەری ئەدەبی یونسکۆلەپارێزگای سلێمانی لە ٣١/١٠/٢٠١٩ کە بووین بەشاری داهێنەری ئەدەبی لە یونسکۆ، تائێستا چالاکییەکانمان بەردەوامە، لەپەیجی رەسمی پارێزگادا هەموو چالاکییەکانی ئەمساڵ تەنها ناونیشانەکانیان بڵاوکراوەتەوەو لە کارەکانمان بەردەوامین». هاوڵاتی لەگەڵ ژمارەیەک نووسەرو وەرگێڕو ئەدیبی شارەکەوە کرد، ئەوان نیگەرانی خۆیان لە دۆخەکە دەربڕی و بە «چەقبەستوو» ناویان برد‌و هەندێکیان وتیان هیچ قسەیەک ناکەن، چونکە پێیان وابوو گوێیان لێ ناگیرێت. ئەنوەر قەرەداغی، میوزیکژەنێکی دیاری شاری سلێمانییە بە هاوڵاتی وت «لەو رۆژەوە ناوی سلێمانیان ناوە شاری رۆشنبیری، دەبوو زۆر پڕۆژەی رۆشنبیریی و هونەری و کلتووری جێبەجێ بکرێت، بەڵام نەکراوە». وتیشی «دەبوایە پڕۆژەی گەورە بۆ شارەکە جێبەجێ بکرایە، بەجۆرێک چاوی دراوسێکانی لەسەربێت و بڕواننە کوردستان کە چالاکی وا جوانی تیادا دەکرێت، تا لەم رێگەیەوە کوردستان ببێتە ناوەندێکی رۆشنبیریی وا کە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ بگوازرێتەوە، بەتایبەتی شاری سلێمانی کە شاری رۆشنبیری و ئەدەب و هونەرە، بەڵام لەم رووەوە هیچ شتێک نەکراوە». هەروەها وتی «ئەگەر هەندێ پڕۆژەی بچوک کرابێت، ئەوە پێوەرو شایستەی ئەم ناوە گەورەیە نیە... پڕۆژە پیشکەشدەکرێت بەڵام ئەنجامەکەی هیچی دیار نییە». زیاتر وتی «خۆم دەیان پڕۆژەی هونەریم بەدەستەوەیە بیکەم، بەڵام نازانم پەنا بۆ کێ بەرم، بڵێم ئەم ئیشانەم بۆ تەواو بکە، بەڵام هەندێ شتی بچووک دەچێتە بەردەستیان بەملیۆنەهای بۆ خەرج دەکەن». شاری سلێمانی لە 14ی تشرینی دووەمی 1784 لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابان دامەزراوەو کراوەتە پایتەختی میرنشینی بابان، ئیبراهیم پاشا شارەکەی بەناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە بەهۆی چالاکییە بەردەوامە رۆشنبیرییەکانیەوە لەڕابردوودا نازناوی «پایتەختی رۆشنبیری»پێدراوە.
هاوڵاتى پیاوە «خەوالوەکە» کە ئەو نازناوە بوو دۆناڵد ترەمپ لە جۆبایدنی رکابەری نا، دواجار ترەمپی لە هەڵبژانردەکانی سێشەممەی رابردوودا خست. بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لە مانگی 1ی ساڵی دهاتوو دەچێتە کۆشکی سپی. شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و دۆسیەی کوردە جۆ بایدن یەکێک بووە لە سیناتۆرە دەگمەنەکانی پارتی دیموکرات کە پشتگیری (بۆشی کوڕ)ی کرد بۆ روخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی (2003) هەروەها خاوەنی پڕۆژەی دابەشکردنی عێراقە بۆ سێ هەرێم و یەکێک لە هەڵوێستە مێژوویەکانی (بایدن) بەرامبەر بەکورد ئەوکاتە بوو کە وتی «بەتەنها شاخەکان هاوڕێی کورد نین بەڵکو ئێمەش هاوڕێی کوردین». زیاتر لە ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە، ئەویش دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی نێوان (تره‌مپ و ئه‌ردۆغان) بوو کاتێک تره‌مپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئه‌ردۆغان هەڵکرد تاکو پڕۆسەی داگیرکارییەکە ئەنجام بدات. بەڵام ئەم هەڵوێستەی تره‌مپ هەردوو پارتەکەی ئه‌مه‌ریکا و کۆنگرێس و میدیا و شەقامی ئه‌مه‌ریکای تووڕە کرد و ئەم هەڵوێستەی تره‌مپ شەرمەزارکرا، لەبەرامبەردا جۆ بایدن وتی «ئێمە هەرگیز وەک تره‌مپ پشت لەکورد ناکەین». بە گوێرەی ماددەی دووی دەستوری ئه‌مه‌ریکا (سنوری دەسەڵاتی سەرۆک) زۆر فراوانە، واتە بە گۆڕانی سەرۆک سیاسەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریکاش دەگۆڕێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت بە گۆڕانی سەرۆکی ئه‌مه‌ریکا هاوکێشەی (باڵانسی هێز) لەم ناوچەیە بگۆڕێت، بەتایبەت لە نێوان هەردوو جەمسەری (شیعە و سووننە)دادوای سەرکەوتنی (بایدن و دیموکراتەکان) چاوەڕواندەکرێت ئێران گەشە بکات و رێککەوتنی ئەتۆمی (5+1) زیندووبکرێتەوە. لەبەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا پاشەکشە بکات، چونکە پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ (رۆژڤاو سووریا و لیبیا و هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان) بایدنی تەواو نیگەران کردووە. لە چاوپێکەوتنی بایدن لەگەڵ (نیویورک تایمزدا بایدن وتی «ئەگەر ببم بە سەرۆکی ئه‌مه‌ریکا، هاوکاری ئۆپۆزیسیونی تورکیا دەکەم بۆ رووخاندنی دیکتاتۆر ئه‌ردۆغان». لەسەر ئاستی کەسی (بایدن) شارەزاتر و ئاشناترە لە (تره‌مپ) بەرامبەر بە دۆزی کورد، بەڵام لەسەر ئاستی حزبی (کۆمارییەکان) زیاتر لە (دیموکراتەکان) دۆستی کوردن، ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو هەردوو حزب هەڵوێستی (ئەرێنی و نەرێنیان) بەرامبەر بە دۆزی کورد هەبووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە هەمیشە بەرژەوەندییەکانی ئه‌مه‌ریکا بنەمای داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریکا بوون. لەمنداڵێکی شەرمنەوە بۆ گرنگترین پۆستی جیهان بایدن لەسەرەتاکانی ژیانییەوە، بە تێکۆشان و سەرکەوتن بەسەر تەنگژەکاندا هاتووە، ئەو منداڵێکی زمانگیراوی ویلایەتی بێنسلڤانیا بوو، کە زۆرجار لە نێو خەڵکدا شەرمی دەکرد، بەڵام هەوڵە کەسییەکانی وایانکرد بەسەر ئەو کەموکورتییە کەسییەدا زاڵ ببێت و نموونەی ئەو سیاسییە بێت، کە دەیەوێ جارێکی دیکە کەسایەتی و فیکر و هەڵوێستەکانی ‹جۆن کینێدی› سیوپێنجەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دووبارە بکاتەوە. جۆن هندریکسۆن کە نووسەرە دەڵێت منداڵیی بایدن وەک ئەوەی خۆی باسیکردووە، بەوەستانەوە لەبەردەم ئاوێنەکەدا دەستپێدەکات. ئەو نوسەرە دەڵێت «جۆ بایدن، چەندین کاژێمر لەبەردەم ئاوێنەکەی ماڵەوەدا دەوەستا، وشەکانی دووبارە دەکردەوە و مەشقی لەسەر دەکردن». بایدن هەندێکجار بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی خێرا لە راستکردنەوەی زمانی خۆیدا، پەنای بۆ دانانی زیخ لە ناو دەمیدا دەبرد، کارێک کە سووربوونی زۆری ئەوی ویست، تاوەکو لە کۆتاییدا سەرکەوتنی تێدا بەدەست بهێنێت و ئەو کەموکورتییەی سرووشتی پێیبەخشیبوو، راستی بکاتەوە. هەندێکجاریش بەدەنگی بەرز رستەکانی ناو کتێبەکانی قوتابخانەی دەگوتەوە و لەبەری دەکردن، بۆ ئەوەی دواتر بەدەنگی بەرز و بەبێ ناڕێکی، لە بەرامبەر منداڵەکانی دیکەی پۆلدا، بیانڵێتەوە. بایدن بەسەر زمان قورسییەکەیدا سەرکەوت، هەرچەندە دواتریش هەر وەک کێشەیەک لە ژیانیدا مایەوە، ئەو توانی خۆی لە گەنجێکی لەدایکبووی ماڵباتێکی چینی ناوەندەوە، بکاتە گەنجێکی خۆشەویست لای هاوپۆلەکانی، ئەمەش بەهۆی زیرەکییەکەی و دڵباشی و قۆزییەکەیەوە. ئەوە رێگەخۆشکەری گەورەبوو بۆ ئەوەی ئاراستەی سیاسەت وەربگرێت، لە کاتێکدا هێشتا لە قۆناخی ناوەندی بوو. کابوسەکەی ئەردۆغان جۆو بایدن بەوە ناسراوە دژی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپە، بەتایبەتتر سیاسەتی دەرەوەی کەبڕیاری داوە لەکاتی بەسەرۆک بوونی زۆربەی بڕیارەکانی هەڵبوەشێنێتەوە سەبارەت بەئێران، چین، هەروەها رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بایدن لەبازنەی سیاسی وڵاتیشدا بەوە جیا دەکرێتەوە دژی سیاسەتی ناوخۆ‌و دەرەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیایە و پاڵپشتێکی گەورەی کوردەکانە، ئەمەش ئەنقەرەی خستووەتە دۆخێکی ناهەموارەوەو دژایەتییەکی توندی دەکات. جۆو بایدن، کەجێگری پێشووی سەرۆکی وڵاتیش بووە لەسەردەمی باراک ئۆبامادا پاڵپشتێکی گەورەی کورد بووە لەباکور، رۆژئاوا، هەروەها باشوری کوردستان. «من حەزم بەچارەی کوردەکان نییە»، ئەمە وتەی دۆناڵد ترەمپە لەکتێبە نوێیەکەی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، بەڵام جۆو بایدن بەوە جیادەکرێتەوە دژی ئەمەیەو هاوڕێی کوردەکانە. میدیاکانی تورکیا زۆر لەمێژە بە «دوژمنی تورکیا» و «پرۆ کورد»ی لە قەڵەمدەدەن. لەماوەی کارکردنی لەئەنجومەنی پیران و هەشت ساڵی کارکردنی وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بایدن گرنگی تایبەتی داوە بەکورد، بەتایبەتیتر لەسەرەتاوە بەکوردانی هەرێمی کوردستان و دواتر کوردانی تورکیا‌و سوریا. بایدن یەکێک بووە لەو سیاسەتمەدارانەی ئەمریکا لەئەنجومەنی پیران وەک سیناتۆر پشتگیری خۆی بۆ ئازادکردنی عێراق دەربڕی لەساڵی ٢٠٠٢ و تێیدا بەڵگەی ستەمکاری سەدام حوسەین، سەرۆکی ئەوکاتی عێراقی، هێنایەوە دژی کورد. لەدانیشتنێکی ئەنجومەنەکەدا بایدن باسی لەوە کرد سەدام «بەشێوەیەکی بێبەزەییانە خەڵکی عێراقی سەرکوت کردووە – کوردەکان لەباکور، پاشان شیعەکان لەباشور، دواتریش دووبارە کوردەکان». پڕۆژەی درووست‌کردنی سێ هەرێم تەنانەت بایدن دوای رووخانی رژێمەکەی سەددام و هاتنە ناوەوەی ئەمریکا پرۆژەیەکی پێشکەشکرد بۆ ئەنجومەنی پیران کە عێراقی دابەشدەکرد بۆ سێ هەرێمی کورد، شیعە، سوننە. بیرۆکەی دروستکردنی سێ هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ و بەپێی پرۆژەکە «هەرێمەکانی کورد، سوننە، شیعە هەریەکێکیان بەرپرس دەبن لەیاسا ناوخۆییەکان، ئیدارە، هەروەها ئاسایشی خۆیان. حکومەتی ناوەندی کۆنترۆڵی بەرگری سنور، کاروبارەکانی دەرەوە، هەروەها داهاتەکانی نەوت دەکات»، بەمەش هەرێمی فیدڕاڵی دروست دەبێت. پرۆژەکەی بایدن لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە لەساڵی ٢٠٠٧ پەسەندکرا بەدەنگی (٧٥) سیناتۆر، بەڵام ئیدارەی جۆرج بوش، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، رەتیکردەوە چونکە زۆربەی بەرپرسانی ئەمریکا یەکپارچەیی خاکی عێراقیان دەویست. بۆبی گۆش، ستوننوسی پێگەی بلومبێرگی ئەمریکی پیش دەرچوونی بایدن لەوتارێکیدا باسی لەوەکرد لەحاڵەتی دەرچوونی بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆ تورکیا. «ئەم پرۆژەیە لەئەنجامدا دەوڵەتێکی کوردی دروستدەکرد لەسنوری باشوری رۆژهەڵاتی تورکیادا کە نەفرەتییە بۆ تورکیا، چونکە پەیوەندی دوژمنکارانەشی هەیە لەگەڵ کوردەکانی خۆیدا. سەرۆکێکی ئەمریکی کەپشتگیری ناشیۆنالیزمی کوردی بکات دەبێتە سەرئێشەیەکی جددی نەک هەر بۆ تورکیا بەڵکو بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی کوردی تێیدایە وەک عێراق، تورکیا، سوریا.» جۆو بایدن بۆ کوردانی رۆژئاواش هاوکارو پشتگیرێکی باشە. لەسەروبەندی پڕچەککردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەسەرکردایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەڵ (یەپەگە) لەلایەن ئەمریکاوە دژی داعش، بایدن کەئەوکات جێگیری باراک ئۆبامای سەرۆک بوو، رەتیکردەوە لەچەندین دانیشتن‌دا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا یەپەگە بەتیرۆریست ناوببات. بایدن یەکێک بوو لەوانەی لەساڵی ٢٠١٥ پشتگیری بۆ پڕچەککردنی کوردەکانی سوریا دەربڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی کە ئەمە مەترسییەکی جددی بوو بۆ تورکیا، بەو هۆیەشەوە ئەنقەرە نیگەرانی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕی و پەیوەندییەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە گرژی تێکەوت. تەنانەت لەکاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا ساڵی رابردوو بەفەرمانی ترەمپ، بایدن نیگەرانی خۆی دەربڕی و وتی کەسەرۆکی ئەمریکا «کوردەکانی فرۆشت.» لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایدا لەباکوری سوریا کە رێیخۆشکرد بۆ تورکیا تا هێرش بکاتەسەر هاوپەیمانەکەی ئەمریکا لەجەنگی دژی داعش، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە). «ئەو هێزە کورد‌و عەرەبە ئازایانە [هەسەدە] باجێکی قورسیاندا بەقوربانیکردنی (١٠) هەزار جەنگاوەر کەچی ترەمپ هەموویانی فرۆشت»، بایدن دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەمەی وت. ئەیکان ئەردەمیر، پەرلەماناتارێکی پێشووی تورکیا و فیلیپ کۆوالسکی، توێژەر لە رێکخراوی بەرگری لەدیموکراسی لەوتارێکی هاوبەشیاندا بۆ پێگەی ناشناڵ ئینترێست باس لەوەدەکەن بایدن دەبێتە سەرۆکێکی «پرۆ کورد» و بۆ ئەمەش دەبێت پەیوەندی لەگەڵ ئەنقەرە دووبارە دابرێژێتەوە. «ئەگەر بایدن سوور بێت لەسەر پشتگیریکردنی کوردەکان، دەبێت پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی واشنتن لەگەڵ ئەنقەرە، بەغداد، هەروەها دیمەشق ئاراستە بکاتەوە. بۆ سەرکەوتنی ئەمەش دەبێت بایدن ئەنقەرەو بەغداد قایل بکات وەک هاوبەشێک لێی بڕوانن کە لەتوانایدابێت کێشەکانی کوردیان بۆ چارەسەربکات نەک وەک کوردپەرستێک تەماشای بکەن کەدەبێت سنوردار بکرێت تاماوەی سەرۆکایەتی تەواو دەبێت». رێبازێکی نوێ لەبەرامبەر ئەردۆغان جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بەوە ناسراوە کەقسەی دڵی خۆی دەکات بەتایبەتی دژی تورکیا‌و رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی وڵاتەکە. لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سەرنووسەرانی نیویۆرک تایمز کەهەفتەی رابردوو تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری تەنی، جۆو بایدن ئەردۆغان بەکەسێکی «ئۆتۆکرات - دیکتاتۆر» ناودەبات. چاوپێکەوتنەکە مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٩و بایدن دەڵێت کە «زۆر نیگەرانە» لە رێبازی ئەردۆغان لەبەرامبەر کورد‌و هەماهەنگی سەربازیی لەگەڵ روسیا جگە لەوەی پشتگیری خۆی دەردەبڕێت بۆ سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا «ئەوەی من پێموایە دەبێت بیکەین گرتنی رێبازێکی جیاوازە لەبەرامبەر ئەو [ئەردۆغان] تا لای روون بێت، ئێمە پاڵپشتی سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکەین». بایدن وتیشی دەبێت ئەردۆغان «باجی ئەوانە بدات» و جەختیشی لەوە کردەوە دەبێت واشنتن سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان بەهێز بکات «تا بتوانن رووبەڕووی ئەردۆغان بوەستنەوەو تێکی بشکێنن. نەک لەڕێی کودەتاوە بەڵکو لەڕێی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە». لەگفتۆگەیەکدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز بایدن باس لەوەش دەکات هەڵوێستێکی توندتری دەبوو بەرامبەر سەرۆکی تورکیا سەبارەت بەهێرشکردنەسەر کوردەکان لەسوریا بەپێچەوانەی ترەمپەوە کە رێی بۆ چۆڵکرد. «ئەگەر من بومایە دوایین شت بمکردبا ملدان بوو بۆ ئەو سەبارەت بەکوردەکان. بەدڵنیاییەوە ئەوە دواین شت دەبوو». وتەکانی بایدن تووڕەیی لەنێوخۆی تورکیا هەڵگیرساندو ئیبراهیم کالین، وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا، لەوەڵامدا لەتویتەری فەرمی خۆی نووسی، «رۆژانی فەرمان کردن بەسەر تورکیا بەسەرچووە، بەڵام ئەگەر پێتوایە هێشتاش دەتوانیت ئەوا فەرموو. باجەکەی دەدەیت». لەبارەی دوودڵی و ترسی ئەنقەرەوە سەبارەت بەدەرچوونی جۆو بایدن لەهەڵبژاردنەکانی سێی تشرینی یەکەمدا گۆش نووسیویەتی: «تورکیا هۆکاری خۆی هەیە نیگەران بێت لەئەگەری سەرکەوتنی بایدن. ئەمە نەک هەر ئەو پەیوەندییە نزیکەی ئەردۆغان کۆتایی پێدەهێنێت کە لەگەڵ ترەمپ دروستیکردووە، بەڵکو پێویستیشی بەوەیە مامەڵە لەگەڵ کەسێک بکات کە بۆچوونەکانی زۆر دژی ئەوانەی خۆیین». گۆش جەخت لەوەش دەکاتەوە هۆکارە شاراوەکەی تووڕەیی تورکیا بەرامبەر بایدن هاوسۆزیەتی بۆ کورد. «هاوخەمییە لەمێژینەکەی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ کورد لەعێراق و سوریا دەبێتە گەورەترین پەرێشانی بۆ ئەنقەرە ئەگەر ببێتە سەرۆک». ئەوەش دەخاتەڕوو کۆشکی سپی بایدن «ئەو مامەڵە تایبەتە ناکات لەگەڵ ئەردۆغان کە چاوەڕێی دەکات» و پێشتر دۆناڵد ترەمپ بۆی دەکرد
به‌دواداچوون: نوورى بێخاڵى – کهویارى شه‌هید عومه‌ر یه‌که‌م گۆڕى به‌کۆمه‌ڵى ژنان! پرۆسه‌ى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕێکى به کۆمه‌ڵى ژنانى ئێزدى له شنگال، ڕووفاتى نزیکه‌ى ٨٠ ژنى کوردى ئێزدى تێدایه. ڕۆژى شه‌ممه ٢٤ى ئۆکتۆبه‌رى ٢٠٢٠، هه‌ڵدرایه‌وه. ته‌واوى قوربانییه‌کان خه‌ڵکى گوندى (کۆجۆ)ن و ته‌مه‌نیان له سه‌روو ٤٠ ساڵانه‌وه‌یه. ئه‌م گۆڕه به کۆمه‌ڵه، یه‌کێکه له کۆى ٨٣ گۆڕى به کۆمه‌ڵى ئێزدییه‌کان، که تا ئێستا ١٧یان هه‌ڵدراونه‌ته‌وه و ڕووفاتى ٣٤٥ که‌س ده‌رهێندراون و پشکنینى (دى ئێن ئه‌ی)ان بۆ کراوه. هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌که، له ڕێوڕه‌سمێکدا بوو به ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق، نوێنه‌رى وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوانى هه‌رێمى کوردستان، نوێنه‌رى ده‌سته‌ى لێکۆڵینه‌وه له به‌ڵگه‌نامه‌کانى تاوانى شنگال له هه‌رێمى کوردستان و ژماره‌یه‌ک له که‌سوکارى قوربانیان. له‌هۆڵه‌نداوه بۆ شنگال حوسێن قاسم (ڕاوێژکارى ئه‌نجوومه‌نى ڕۆحانى و میرى ئێزدیان)، که دانیشتووى هۆڵه‌ندایه و شاره‌زایى و ئه‌زموونێکى زۆرى له‌گه‌ڵ که‌یسى کۆمه‌ڵکوژییه‌کان هه‌یه و ماوه‌یه‌کى زۆر له دادگاى نێوده‌وڵه‌تیى تاوانه‌کان له لاهاى کارى کردووه، ئه‌و ساته‌وه‌خته له ناو جه‌رگه‌ى ڕووداوه‌کان بووه و بۆ ماوه‌ى هه‌شت ڕۆژ له چیاى شنگال به برسێتى و تینوێتیى ماوه‌ته‌وه. ئه‌و باس له‌وه ده‌کات که ڕۆژى ١٣ى ئابى ٢٠١٤ له باڵه‌خانه‌ى پارێزگاى دهۆک، به سه‌رپه‌رشتیى نێچیرڤان بارزانى (سه‌رۆکى پێشووى حکوومه‌ت)، کۆبوونه‌وه‌یه‌کى فراوان، به ئاماده‌بوونى سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و که‌سایه‌تییه ئایینى و کۆمه‌ڵایه‌تییه دیاره‌کانى ئێزدى به‌ڕێوه چوو و ئه‌ویش تیایدا ئاماده بووه و له‌وێ په‌رۆشى و خه‌مخۆرى و جیددییهتى سه‌رۆکى ئه‌و کاتى حکوومه‌تى بۆ خاوه‌ندارێتی کردن له ئێش و ئازارى ئێزدییه‌کان بینیوه و ده‌ڵێت: «به ئامانجى بهجیهانیکردنى دۆسییه‌که، به‌پێى ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، داواى کرد به‌په‌له لیژنه‌یه‌ک پێکبهێنرێت». قاسم ئاماژه به‌وه ده‌کات، به هۆى سووربوونى سه‌رۆکى کابینه‌ى هه‌شته‌مى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، هه‌ر چوار ڕۆژ دواى کۆبوونه‌وه‌که، واته له ١٧ى ئاب و به مه‌به‌ستى به‌دواداچوونى دۆسییه‌که، لیژنه‌که پێکهێنراوه و ناوى نراوه (لیژنه‌ى باڵاى به‌جینۆساید ناساندنى ئێزدى و پێکهاته‌کان). وه‌زیرى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان سه‌رپه‌رشتى لیژنه‌که‌ى کردووه و وه‌زیرى کار و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى و سێ که‌سى تر، وه‌ک ئه‌ندامى لیژنه‌که دیاریکراون، که بۆ خۆیشى وه‌ک پسپۆڕى تاوانى نێوده‌وڵه‌تی، یه‌کێک بووه له ئه‌ندامه‌کان و هاوکات بووه‌ته وته‌بێژى لیژنه‌که. هه‌نگاوه‌کان خێراتر ده‌کرێن لیژنه‌که هه‌ر زوو ده‌ست به کاره‌کانى ده‌کات و ڕێوشوێنى پێویست ده‌گرێته‌به‌ر، بۆ ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ى سه‌رۆکى حکوومه‌ت، سه‌نته‌رێک بۆ لێکۆڵینه‌وه و به‌دواداچوون و کۆکردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌کان له دهۆک پێک دێنێت، به‌و پێیه‌ى پارێزگاکه له شوێنى تاوان نزیک بووه و ئه‌وکاته‌ش زیاتر له ٣٥٠ هه‌زار ئاواره‌ى شنگال و ده‌وروبه‌ری، ڕوویان له‌وێ کردبوو. له‌و سه‌نته‌ره‌دا که دادوه‌ر، داواکارى گشتی، تیمى لێکۆڵینه‌وه هه‌بوون، ده‌ست به تۆمارکردنى سکاڵا و ئیفاده‌ى قوربانییه‌کانى (شنگال، به‌عشیقه و به‌حزانێ) و ژماره‌یه‌کى زۆرى شایه‌تحاڵه‌کانى ئه‌و تاوانه دژه مرۆییه کرا، به‌مه‌ش هه‌زاران دۆسییه به به‌ڵگه و دۆکیۆمێنته‌وه بۆ دادگا ئاماده کران. لیژنه‌که ده‌چێته لاهای دواى کۆکردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌کان، له‌سه‌ر ڕاسپارده و به پاڵپشتى ته‌واوى سه‌رۆکى کابینه‌ى هه‌شته‌م، لیژنه‌که ڕۆژى ٢٠ى ئۆکتۆبه‌رى ٢٠١٤ سه‌ردانى دادگاى تاوانى نێوده‌وڵه‌تییان له لاهاى کرد. له‌و سه‌ردانه‌یاندا چوار کۆنووسى لێکۆڵینه‌وه، هه‌گبه‌یه‌کى پڕ له به‌ڵگه، دۆکیۆمێنت، ڤیدیۆ و فۆتۆى شایه‌تحاڵه‌کانیان برد و قسه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى دادگاکه کرد. دواى ئه‌وه لیژنه‌که له به‌لجیکا له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ک له وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و وڵاته و په‌رله‌مانى ئه‌وڕوپا کۆبوونه‌وه و له سویسراش سه‌ردانى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و ڕێکخراوى مافه‌کانى مرۆڤیان کرد و نموونه‌ى به‌ڵگه‌کانیان پێدان. هورمز له باره‌ى ئه‌نجامى ئه‌و سه‌ردانانه‌یان ڕوونى ده‌کاته‌وه، بۆ هه‌ر شوێنێک که چوون، هه‌گبه‌ى به‌ڵگه‌کانیان داونه‌تێ و گفتوگۆى تێروته‌سه‌لیان له‌سه‌ر ورده‌کاریى جینۆسایده‌که کردووه و داواى پشتیوانی‌یان لێکردوون، بۆ ئه‌وه‌ى که‌یسه‌که به نێوده‌وڵه‌تى بکرێت، به‌ڵام کاردانه‌وه‌کان جیا بوونه و وتى «دادگاى لاهاى له وه‌ڵامى داواکه‌ى ئێمه‌دا گوتیان، ئێمه ناتوانین که‌یسه‌که وه‌ربگرین، چونکه عێراق له‌و دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌دا ئه‌ندام نییه، له حاڵه‌تێکدا کار له‌سه‌ر ئه‌و که‌یسه ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر عێراق بۆ خۆى و به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمى ئه‌و داوایه‌مان لێ بکات». عێراق ڕێگر بوو، نه‌هاته ژێر بار دواى به‌دواداچوونى لیژنه‌که و وه‌رگرتنه‌وه‌ى وه‌ڵامى نێوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، سه‌رۆکى حکوومه‌ت هورمز ڕاده‌سپێرێت نامه‌یه‌کى فه‌رمى به زمانى عه‌ره‌بی، به ته‌واوى ورده‌کارییه‌کان و به ناوى لیژنه‌که ئاراسته‌ى (حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆکى پێشووى حکوومه‌تى عێراق) بکات و جه‌ختیشى له‌سه‌ر ئه‌وه کردووه‌ته‌وه، که هه‌موو هه‌وڵێک له‌گه‌ڵ عێراق ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى له‌م ڕووه‌وه کارئاسانى و هاوکارى لیژنه‌که بکات و نامه‌یه‌کى فه‌رمى ئاراسته‌ى دادگاى لاهاى بکات. که‌چى حکوومه‌تى عێراق به‌پیر نامه‌که‌وه نه‌هاتووه. دواجار له میانى گفتوگۆ و کۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌که له‌گه‌ڵ باڵیۆزانى عێراق له هۆڵه‌ندا و سویسرا، گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، که عێراق خۆى نایه‌وێت جینۆسایدى ئێزدییه‌کان وه‌ک تاوانى نێوده‌وڵه‌تى بناسێندرێت، به‌ڵکو ویستوویه‌تى وه‌ک تاوانێکى ناوخۆ و به گوێره‌ى یاساى تیرۆر مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بکرێت. هورمز له‌م ڕووه‌وه ده‌ڵێت: «به هه‌موو پێوه‌ره یاساییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، ته‌نانه‌ت به‌پێى هه‌موو به‌ڵگه دۆکیۆمێنته‌کانى لیژنه‌که‌مان، که به ستانداردى نێوده‌وڵه‌تى ئامادا کرابوون، ئه‌وه‌ى ده‌رهه‌ق به ئێزدییه‌کان کرا، جینۆسایده. که‌چى چونکه عێراق ئه‌ندامى دادگاى لاهاى نییه، هه‌روه‌رها ئه‌و تاوانه‌ى دژى ئێزدییه‌کان کرا له یاساکانى سزادانى عێراقى جێى نابێته‌وه، ئاسته‌نگ بۆ کاره‌کانمان دروست بوو. ئه‌وان ده‌یانویست وه‌ک تاوانه‌که‌ى (سه‌ربازگه‌ى سپایکه‌ر) مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ که‌یسى ئێزدییه‌کان بکرێت، به‌ڵام ئه‌مه دوو شتى جیاوازن. به‌وپێیه‌ى هیچ کرده‌یه‌کى تیرۆریستى ناچێته خانه‌ى جینۆساید، به‌ڵام تیرۆر به‌شێکى ناو هه‌موو پرۆسه‌کانى جینۆسایدکردنه، که‌واته ناکرێ جینۆسایدى ئێزدییه‌کان و ڕووداوه تیرۆرستییه‌کانى دیکه‌ى داعش له عێراق، بخرێنه تاى یه‌ک ته‌رازوو». پێشتریش هه‌رێمى کوردستان، کێشه‌ى له‌گه‌ڵ دادگاکانى عێراق و جینۆسایدکردنى کورد له‌سه‌ر ده‌ستى حکوومه‌ته‌کانى عێراق هه‌بوو و سه‌رۆکى ئه‌وکاتى حکوومه‌تى هه‌رێم پێی وابوو دادگاى باڵاى تاوانه‌کانى عێراق، به‌گوێره‌ى ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کار ناکات. بۆیه ئه‌گه‌رچى ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژیى بارزانییه‌کانى وه‌ک جینۆساید ناساند، به‌ڵام که‌سوکارى قوربانییه‌کان هیچ سوودێکیان له‌م بڕیاره نه‌بینی، به‌تایبه‌تى له خاڵى قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ى که‌سوکارى ئه‌نفالکراوه‌کان، که هێشتا حکوومه‌تى عێراق نه‌چووه‌ته ژێر بارى هه‌ڵگرتنى ئه‌و به‌رپرسیارێتییه یاسایى و ئه‌خلاقییه، به‌وپێیه‌ى میراتگرى حکوومه‌ته‌کانى پێش خۆیه‌تی، چونکه ئه‌وه‌ى له عێراقدا دژى کورد کراوه، ده‌وڵه‌ت کردوویه‌تی، نه‌ک حکوومه‌ت. بۆیه ئه‌و حکوومه‌ته و بۆ ئایینده‌ش هه‌ر ده‌که‌وێته ژێر بارى ئه‌و به‌رپرسیارێتییه. به‌تایبه‌تى که تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و به‌تایبه‌تى جینۆساید به تێپه‌ڕینى کات و گۆڕ‌انى حکوومه‌ته‌کان به‌سه‌ر ناچێت و که‌یسێکى هه‌میشه کراوه‌یه، تا کاتى چاره‌سه‌رکردنی. هورمز ده‌ڵێت: «له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ئێستاشى له‌گه‌ڵدا بێت، سه‌رۆکى هه‌رێم سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که به‌پێى ستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى په‌یوه‌ست به که‌یسه‌کانى جینۆساید، پێویسته حکوومه‌تى عێراقى داواى لێبووردنى فه‌رمى له که‌سوکارى قوربانییه‌کان بکات، قه‌ره‌بووى ماددى و مه‌عنه‌ویان بکاته‌وه و ناوچه زیان لێکه‌وتووه‌کانیان ئاوه‌دان بکاته‌وه«. گۆڕستانى دایکان! دواى ڕزگارکردنى شنگال له‌سه‌ر ده‌ستى هێزى پێشمه‌رگه‌ى کوردستان، له ته‌ک کارى ئه‌ندامێتى و وتهبێژیى (لیژنه‌ى باڵاى به‌جینۆساید ناساندنى ئێزدى و پێکهاته‌کان)، هورمز کراوه‌ته سه‌رپه‌رشتیارى دۆسیه‌ى گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کان. هه‌ر له‌گه‌ڵ ڕزگارکردنى شنگال خۆى و تیمه‌که‌ى به هه‌ماهه‌نگى لیژنه‌ى ناوبراو سه‌ردانى ناوچه‌که‌یان کردووه و له‌سه‌ر بنه‌ماى لێدوانى شایه‌تحاڵه‌کان، سۆراخى گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کانیان کردووه و ڕوونى ده‌کاته‌وه، که گۆڕى به کۆمه‌ڵى ئه‌و ژنه ئێزدییانه، ئه‌وه‌ى به (گۆڕستانى دایکان) ناسرا، یه‌که‌م گۆڕى به کۆمه‌ڵ بووه که دۆزیویانه‌ته‌وه. واته ئه‌و گۆڕه‌ى ئێستا کار له هه‌ڵدانه‌وه‌ى ده‌کرێت، له سه‌ره‌تاى گه‌ڕان و پشکنینه‌کانیان دۆزیویانه‌ته‌وه. له باره‌ى گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌که‌وه سه‌رنجێکى ورد ده‌خاته ڕوو و ده‌ڵێت «ته‌مه‌نى ئه‌و قوربانییانه نا، به‌ڵکوو ژماره‌کانیان گرنگه، چونکه پێش هه‌ر شتێک ئه‌وان مرۆڤن. کۆمه‌ڵکوژکردنى ئه‌و ژنانه، لووتکه‌ى دڕنده‌یى داعشمان بۆ ده‌رده‌خات، به‌وپێیه‌ى تیرۆریستانى داعش به‌بیانووى ئه‌وه‌ى نه‌یانتوانیوه وه‌ک کاڵایه‌کى سێکسى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه به تهمهنانهوه بکه‌ن و وه‌ک که‌نیزه و کۆیله له بازاڕه‌کاندا بازرگانیان پێوه بکه‌ن، بۆیه کوشتویانن، که به‌مه‌ش هێنده‌ى تر نیازى دوژمنکارى و دڕندانه‌ى خۆیان سه‌لماند، به‌وه‌ى به هه‌ر جۆرێک بێت، ئێزدییه‌کان قڕ بکرێن، ئیدى بۆ ئه‌وان ڕه‌نگ و ڕه‌گه‌ز و ته‌مه‌ن گرنگ نه‌بووه«. هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌کاربوونى وه‌ک سه‌رپه‌رشتى دۆسیه‌ى گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کان، له‌سه‌ر ڕاسپارده و به چاودێریى ڕاسته‌وخۆى سه‌رۆکى کابینه‌ى هه‌شته‌مى حکوومه‌ت، هورمز په‌یوه‌ندى به (لیژنه‌ى باڵاى کاروبارى ونبووه‌کان – ICNP) ده‌کات و ڕێککه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ى کاریان له‌گه‌ڵدا بکه‌ن. ICNP لیژنه‌یه‌کى نێوده‌وڵه‌تیى پڕۆفیشناڵى بوارى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کانه و ئه‌رکى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کانى یوگوسلافیاش ئه‌وان جێبه‌جێیان کرد. ناوبراو بایه‌خى به‌شدارى پێکردنى ئه‌و لیژنه‌یه له پرۆسه‌که‌دا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، که جگه له لایه‌نى ئه‌زموون و پڕۆفیشناڵی، هه‌ر گۆڕێکى به کۆمه‌ڵ ئه‌و لیژنه‌یه کارى تێدا بکات، دادگاى نێوده‌وڵه‌تیى تاوانه‌کان ددان به کاره‌کانیدا ده‌نێت. ئه‌و پسپۆرهى گۆڕه به‌کۆمه‌ڵ و تاوانه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان جه‌خت ده‌کاته‌وه، که هه‌موو ئه‌و کارانه‌ى له‌م ڕووه‌وه کراون و ده‌کرێن، هه‌ر له ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنه نێوده‌وڵه‌تییه، تا هاتنیان و دابینکردنى پێداویستییه‌کانى مانه‌وه و کاره‌کانیان، ته‌نانه‌ت پرۆسه‌کانى به دۆکیۆمێنتکردنى ئه‌و گۆڕه به کۆمه‌ڵانه، که له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى جوگرافى (جى پى ئێس)ه‌کانیان دیاریکراوه و بۆ ناسینه‌وه‌ى شوێنه‌کانیان پێویستییان به شایه‌تحاڵى ڕزگاربوو هه‌بوو. سه‌رپه‌رشتیارى دۆسیه‌ى گۆڕه به کۆمه‌ڵه‌کانى ئێزدییه‌کان ئاماژه به‌وه ده‌کات، که دواى ئه‌وه‌ى هیچ هه‌وڵێک نه‌ما له‌گه‌ڵ به‌غدا و ICC و ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى جیهانى نه‌یدات. نه‌خشه‌ڕێگایه‌کى بۆ مامه‌ڵه‌یه‌کى جیاواز له‌گه‌ڵ دۆسییه‌که دانا و خستیه به‌ر ده‌ستى لیژنه‌که‌مان، به‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵICC بکه‌ین و ئه‌گه‌ریش ئه‌و دادگایه ئه‌رکه‌که‌ى نه‌گرته ئه‌ستۆ، ئه‌وا کار بۆ دروستکردنى دادگایه‌کى تێکه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى بکرێت. دواجار و له ئه‌نجامى ئه‌و هه‌وڵانه، تیمى تایبه‌تى نێوده‌وڵه‌تیى شاره‌زایانى جینۆساید، ئه‌وانه‌ى ئه‌زموونیان له‌گه‌ڵ دۆسییه‌کانى ڕواندا و یوگوسلافیا هه‌بوو، هاتنه هه‌رێمى کوردستان و له‌گه‌ڵ تیمه‌کانى ئێمه سه‌ردانى گۆڕه‌کانیان کرد و ئه‌وه‌ى پێویست بوو کرا. دواتریش هه‌ر به هۆى ئه‌م ڕژدبوون و پێداگرییه‌ى ئه‌و و له‌سه‌ر داواى عێراق، ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش بڕیارى ٢٣٧٩ى له ساڵى ٢٠١٧ ى ده‌رکرد، که تایبه‌ت بوو به پێکهێنانى لیژنه‌ى (تیمى باڵاى لێکۆڵینه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ یارمه‌تیدانى کۆکردنه‌وه‌ى به‌ڵگه و دادگاییکردنى داعش) به سه‌رپه‌رشتیى (که‌ریم ئه‌سعه‌د خان - ڕاوێژکارى ئه‌میندارى گشتى نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان). ئه‌رکى ئه‌و تیمه نێوده‌وڵه‌تییه که تایبه‌تمه‌نده به لێکۆڵینه‌وه له تاوانه‌کانى داعش، بریتییه له کارکردن له‌سه‌ر تاوانه‌کانى جه‌نگ، جینۆساید و تاوانه‌کانى دژى مرۆڤایه‌تی. تیمه‌که، که به هاوکارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌ر یه‌که له (CNP، ده‌زگاى شه‌هیدانى حکوومه‌تى عێراقی، وه‌زاره‌تى کاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان له حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان) ده‌ستى به کاره‌کانى کردووه.