هاوڵاتی سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ بە ئاماژەدان بەوەی کە ناتۆ بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لەو جەنگەی رووسیا لە دژی هەڵی گیرساندووە، رایگەیاند: "ئەگەر رووسیا سەرکەوتوو بێت، ئاشتی یەکجارەکی بەدی نایەت". یانس ستۆڵتێنبێرگ لە میانی کۆڕبەندی "Aspen-German Marshall Fund" لە بوخارێست رایگەیاند کە لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی رووسیا ئامادەکارییەکانی باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ زیادیان کردووە و ژمارەی گرووپە جەنگییەکان لە چوارەوە کراون بە هەشت. سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەند ناتۆ و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لایەن نین لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، بەڵام ناتۆ بە جۆرێک پشتیوانی لە ئۆکراینا دەکات کە پێشتر هاوشێوەی نەبیندراوە و گوتی: "سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەزانێت لە جەنگەکەدا لە دۆڕاندان، بۆیە ستەمکارییەکانیان زیاتر کردوون و هێرش دەکەنە سەر شارەکان و ژێرخانی مەدەنی لە ئۆکراینا". ناوبراو پتەوی پەیوەندییەکانی نێوان ناتۆ و ئۆکراینای بۆ پێشتر لە جەنگ گێڕاندەوە و گوتی: "ئەگەر رووسیا سەرکەوتوو بێت، ئاشتی یەکجارەکی بەدی نایەت. ناتۆ بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لەو جەنگەی رووسیا لە دژی هەڵی گیرساندووە و لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا پاشەکشە ناکات".

هاوڵاتی خاوەنی نویێ تویتەرلە تویتێکدا ڕایگەیاند کە کۆمپانیای ئەپڵ  زۆرینەی کارە بازرگانی و ڕیکلامەکانی لە تویتەر راگرتووە و ئەو کۆمپانیایەی بەوەستان دژی ئازادی ڕادەربڕین تۆمەتبارکرد. ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای تێسلا و سپەیس ئێکس و خاوەنی نوێی کۆمپانیای تویتەر باسی لەوەکرد، کۆمپانیای ئەپڵ هەڕەشەیان لێدەکات بەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لەناو مۆبایلەکانی دەسڕێتەوە.  گوتیشی "رەنگە ئەوان دژی ئازادی رادەربڕین بن، ئێستاش ئەپڵ دەیەوێت بە یەکجاری تویتەر لەناو ئەپ ستۆرەکەی بسڕێتەوە" ئەوەشیخستەڕوو، تاوەکو ئێستاش نازانن هۆکار چییە کۆمپانیای ئەپڵ ئەو هەڵەمەتەی لە دژیان دەستپێکردووە. ئەمەشلەکاتێکدایە رۆژی 27ی مانگی ڕابردوو، ئیلۆن مەسک دەوڵەمەندترین مرۆڤی جیهان بەشێوەیەکی فەرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری بە 44 ملیار دۆلار کڕی، لەو کاتەشەوە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی مەسکەوە لە تۆڕەکەدا، تویتەر بەدۆخێکی ناجێگریدا تێدەپەڕێت.

هاوڵاتی سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە وڵاتەکەی لە بواری بازرگانیدا رووی لە بازاڕی نوێ کردووە، گوتی: "بازرگانی نێودەوڵەتیی لە قەیراندایە. رووسیا بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ بازاڕە نوێیەکان، رێوشوێنی فراوان دەگرێتە بەر". سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرکۆماری کازاخستان، قاسم جۆمەرت تۆکایەڤ بەیەکەوە لە کۆشکی کرملین بەشێوەی ئۆنلاین بەشدارییان لە کۆڕبەندی ناوچەیی رووسیا و کازاخستاندا کرد کە لە شاری ئۆرنبۆرگ-ی رووسیا بەڕێوەچوو. ڤلادیمیر پوتین بە ئاماژەدان بەوەی کە رووسیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین وەبەرهێنان لە ئابووریی کازاخستاندا دەکات، گوتی: "قەبارەی وەبەرهێنانەکانمان لە کازاخستان گەیشتووەتە نزیکەی ١٧ ملیار دۆلار. زیاتر لە ٣٠ پڕۆژەی وەبەرهێنانی هاوبەش لە بوارە سەرەکییەکانی ئابووریدا ئەنجام دەدرێت". سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین جەختی لەوە کردەوە لەگەڵ کازاخستان گفتوگۆیان لەبارەی ئەو هەنگاوانە کردووە کە بە ئاراستەی پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە و لۆجستی هاوبەش گرتوویانەتە بەر و گوتی: "هەروەها هەوڵی ‌هەڵگرتنی ئەو سنووردارکردنانە دەدەین کە کاریگەرییان لەسەر بازرگانی و وەبەرهێنان هەیە. ئەمە بە تایبەتی لەئێستادا گرنگە. بازرگانی نێودەوڵەتیی لە قەیراندایە. رووسیا بۆ هاوردەکردن و هەناردەکردنی بەرهەمەکانی بۆ بازاڕە نوێیەکان رێوشوێنی فراوان دەگرێتە بەر". دوای گوتارەکانیان لە کۆڕبەندەکەدا، پوتین و تۆکایەڤ لە کۆشکی کرملین دەستیان بە کوبوونەوەی دووقۆڵی کرد.

هاوڵاتی دەسەڵاتدارانی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمریكا ئەو نامەیەیان بڵاوكردەوە كە ئەنجامدەری هێرشەكەی ئەو شارە لەدوای خۆی بەجێهێشتووە دوای ئەوەی بەهۆی تەقەكردن لەبەردەم سۆپەرماركێتێكدا 6 كەسی كوشت و دواتر خۆشی كوشت. ئەنجامدەری ئەو هێرشە ناوی ئەندری بینگ و تەمەنی 31 ساڵ بوو و لەمۆبایلەكەیدا نامەیەكی بەجێهێشتووە كە هۆكاری هێرشەكەی ئاشكرادەكات. لەو نامەیەدا ئەو هێرشبەرە ڕایگەیاندووە ڕووبەڕووی گێچەڵ پێكردن بۆتەوە لەشوێنی كاركردنی لەلایەن چەند كەسانێكەوە كەئاستی زیرەكیان لاوازبووە و ژیرنەبوون و داوای لێخۆشبوونی لەخودا كردووە. ئەنجامدەری هێرشەكەی ڤێرجینیا داوای لێبوردنی كردووە لەهەمووان بەرامبەر ڕەفتارەكانی و ئاماژەی بەوەكردووەی پلانی دانەناوە بۆ ئەو هێرشە بەڵام كاروبارەكان ڕوویانداوە وەك ئەوەی شەیتان كۆنترۆڵی كردبێت.  

هاوڵاتی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە پەتای کۆلێرا لە کوێت تۆمارکرا و توشبووەکە لە دەرەوەی وڵاتەوە گەڕاوەتەوە بۆ وڵاتەکەوە. بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی قبس، وەزارەتی تەندروستیی کوێت لە راگەندراوێکدا تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرای راگەیاندووە. لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە هاووڵاتییەکی کوێتی کە لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ گەڕاوەتەوە، دوای پشکنین دەرکەوت هەڵگری پەتای کۆلێرایە. ناوی ئەو وڵاتەی هاووڵاتيیەکە لێیگەڕاوەتەوە نەخراوەتەڕوو، بەڵام باس لەوە کراوە کە توشبووەکە لە نەخۆشخانە کەرەنتینە کراوە و دەست بە چارەسەرکردنی کراوە. هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا هۆشداریی دراوە لە سەردانکردنی ئەو وڵاتانەی کۆلێرایان تێدا بڵاوبووەتەوە و، داواش لەو کەسانە کراوە کە سەردانی ئەو وڵاتانەیان کردووە ئەگەر لە ماوەی حەوت رۆژدا نیشانەکانی وەک تای بەرز و سکچوون تێیاندا دەرکەوت، سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستیی بکەن.

هاوڵاتی ئەڵمانیا گۆڕانکاری لە یاساکانی پێدانی رەگەزنامەدا دەکات و کۆچبەران بە سێ ساڵ دەتوانن ببنە خاوەنی پاسپۆرتی ئەڵمانی. رۆژنامەی بیڵد لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا کار لەسەر رەشنووسە یاسایەک دەکات، کە رێگە بەو بیانییانە دەدات کە لە ئەڵمانیا نیشتەجێن، لە جیاتی هەشت ساڵ، دوای پێنج ساڵ داوای رەگەزنامە بکەن، هەروەها ئەوانەشی کە پاسپۆرتی وڵاتێکی دیکەیان هەیە بە هەمانشێوە دەتوانن داوا بکەن. بەپێی راپۆرتەکە، ئەو منداڵانەی لە ئەڵمانیا لە دایک و باوکێکی بیانی لە دایکبوون، ئەگەر دایکەکە یان باوکەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دانیشتووی ئەڵمانیا بووبێت ئەوا راستەوخۆ رەگەزنامەیان پێدەدرێت. ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر کۆچبەران و کەسانی بیانی داواکاری رێوشوێنەکانی تایبەت بە پەنابەرانیان تەواوکردبێت، تەنیا دوای سێ ساڵ دەتوانن داوای پاسپۆرتی ئەڵمانی بکەن. هەر بەپێی چاکسازییەکان، ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەروو 67 ساڵەوەیە، چیتر پێویست ناکات تاقیکردنەوەی زمانی ئەڵمانی بە نووسراو بکەن، تەنیا هەڵسەنگاندنی زارەکی بەس دەبێت بۆ بە دەستهێنانی مافی هاووڵاتیبوون. جێگەیباسە وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، هێشتا گفتوگۆ لەسەر ئەو پێشنیازانە دەکەن، "تا ئێستا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە."

هاوڵاتی میدیایەکی فەڕەنسی ئاشکرای دەکات ئەو چەکە ساچمەییانەی کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەرکوتی خەڵک و خۆپیشاندەران بەکاری دەهێنن، لە وڵاتانی ئەوروپا بەرهەم دەهێنرێت. تەلەفیزیۆنی فڕانس 24 لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردوە ئەو چەکە ساچمەییانە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەکاردەهێنرێن دروستکراوی فەڕەنسا و ئیتاڵیایە و لە ساڵی 2011 گەیشتوەتە دەست هێزە ئەمنییەکانی ئێران. لە راپۆرتی ئەو تەلەفیزۆنەدا هاتوە؛ لە نۆ شاری ئێرانەوە وێنەی ئەو گوللـە ساچمەییانەیان بۆ ئەوروپا ناردەوە کە دەیسەلمێنێت ئەو گوللـە بەکارهێنراوانە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، دروستکراوی وڵاتانی ئەوروپایە. بە پێی راپۆرتەکە زۆربەی ئەو گوللـە ساچمەییانە ناوی (چدیت) لەسەریان تۆمار کراوە کە لە دو کارگەی ئیتاڵیا و فەڕەنسا دروست دەکرێن. پێشتر 270 پزیشیک و پسپۆڕی چاو لە ئێران بە بەیاننامەیەک هۆشدارییان داوە لەبەکارهێنانی چەکی ساچمەیی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دژی خۆپیشاندەران چونکە ئەو چەکە زیانی زۆری بە چاوی خۆپیشاندەران گەیاندوە. ئەو پزیشکانە ئاشکرایان کردوە لە ماوەی خۆپیشاندانەکاندا 580 کەس رویان لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چاو کردوە و لەو ژمارەیەش هەندێکیان چاوێک یان هەر دو چاویان لەدەستداوە و تەنانەت پزیشکان ناچاربون بە تەواوەتی چاوی ژمارەیەک کەس دەربکەن بۆ ئەوەی روبەڕوی هەوکردن نەبنەوە.

هاوڵاتی پرۆژەیەکی شیعریی فەرەنسی بەناوی (ژینابەندان؛ ژن ژیان ئازادی) بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران دروست دەكرێت. پرۆژەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد و بۆ ماوەی مانگ و نیوێک زیاتر لە ٣٠ شیعر بۆ ژن ژیان ئازادی نووسراون. شیعرەکان بەشێکیان وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی. زانیاری زیاتر لەسەر پرۆژەكە بخوێنەرەوە؛ ژینابەندان ژن ژیان ئازادی ‏#Jinamahsaamini پرۆژەیەکی شیعریی فرەنسییە بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران بە دەستپێشخەریی نەزەند بەگیخانی و نیکۆل باریێر   "ژینابەندان: ژن ژیان ئازادی" پرۆژەیەکی شیعریی فڕەنسییە بۆ پشتیوانی لە ژنانی کوردستان و ئێران دروست کراوە. پرۆژەکە بە دەستپێشخەریی شاعیری کورد لە فڕەنسا نەزەند بەگیخانی و هاوکاریی شاعیری فڕەنسی نیکۆل باریێر دەستی پێکردووە. لە سەرەتادا هەردوو شاعیر باگەوازێکییان لە فرەنسا ئاراستە شاعیرانی فرەنسی و فرانکۆفۆن کرد، داوایان کرد هەر شاعیرێک شیعرێ بنووسێ و پێشکەشی ئەم پڕۆژەیەی بکات بۆ پشتیوانیکردنی ژنانی کوردستان و ئێران دژی چەوسانەوە و بۆ ئازادی و رزگاری. پرۆژەکە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد و بۆ ماوەی مانگ و نیوێک زیاتر لە ٣٠ شیعر بۆ ژن ژیان ئازادی نووسراون. شیعرەکان بەشێکیان وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی. پرۆژەکە بە دوو شێوە بڵاودەکرێنەوە: یەکەمیان لە ڤیدیۆیەک کە ١٠ شیعری لەخۆی گرتووە و بە ژێرنووسی کوردی لە ماوەی ١٠ دەقیقە پەخش دەکرێت. ئەم بەشەی پڕۆژەکە لە ٢٥ ی تشرینی دووەم، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەت، بڵاودەکرێتەوە. بەشی دووەمی پڕۆژەکە لە کتێبێکی شیعری بە زمانی فرەنسی، لە دەزگای هارماتان، بەشی میللەت و کولتور و ئەدەبیاتی رۆژهەڵات، کە شاعیر نەزەند بەگیخانی سەرپەرشتی دەکات، چاپ دەکرێت. لەو کتێبەدا نەزەند بەگیخانی و نیکۆل باریێر پێشەکییەک دەنووسن کە باس لە رەگ و دەستەواژەی "ژینابەندان " و دروشمی "ژن ژیان ئازادی " کە لە بزووتنەوەی سیاسی کوردییەوە سەریهەڵداوە، دەکات. لەم پێشەکییەدا باس لە بارودۆخی کورد و ژنان لە کوردستان و ئێران دەکەن. باس لەو چەوساندنەوە هەمەجۆرانە دەکەن کە لە رووی نەتەوەیی و ئایینی و جێندەرییەوە لە وڵاتی ئێران لەسەر دەستی سیاسەتمەدارانی ئیسلامی و فارسی و پیاوسالاری بەرەوڕووی دەبنەوە. ژنان بە گشتی لە ئێران بەرەوڕووی چەوساندنەوەی پیاوسالاری و توندڕەویی ئیسلامی سیاسی دەبنەوە، بەڵام ژنانی کوردستان زۆر زیاتر لە ژنانی فارس دەچەوسێنرێنەوە و چەوساندنەوەکان  تێکهەڵکێشن و دۆخی نەتەوەیی و بێ دەوڵەتی و پەراوێزخراوی و دابڕان لەخۆدەگرن. ژینابەندان کە سەرناوی پرۆژەکەیە، وشەیەکی لێکدراوە لە ناوی ژینا (مەهسا ئەمینی) و بەندان پێكهاتووە. بەندان لە وشەی خەنەبەندان-ەوە وەرگیراوە کە ئاهەنگی کۆتایی ژیانی کچانە و چوونە ناو قۆناغێکی نوێیە لە ژیانی ژنان.  لە دوای مەرگی ژینا، مێژووی ژنان لە کوردستان و ئێران ئێستا دوو قۆناغ لەخۆی دەگرێت: قۆناغی پێش ژینا و دوای مەرگی ژینا. بە دروشمی "ژن ژیان ئازادی " پڕۆژەکە ستایش لە ئاهەنگی شۆڕشێک دەنێ کە بە خوێن رەنگکراوە، وەک خەنەبەندان و کۆتایی سەردەمێک و سەرەتای ئازادییە.  

هاوڵاتی رێکخراوی یونیسێف سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، منداڵان لەسەدا ٤٠ی تووشبووانی کۆلێرا لە هایتی پێکدەهێنن. بەڕێوەبەری نووسینگەی پرۆگرامە فریاگوزاریەکانی رێکخراوی یونیسێف، مانوێل فۆنتێن لە کۆتایی سەردانەکەی بۆ هایتی کە چوار رۆژی خایاند، رایگەیاند: "کۆلێرا و بەدخۆراکی هۆکاری زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدانی منداڵانن لە هایتی". گوتیشی: "لە هەر پێنج تووشبووی کۆلێرا لە هایتی، دوو تووشبوو کە دەکاتە لەسەدا ٤٠ منداڵن". بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەر ١٠ تووشبووی کۆلێرا لە هایتی، نۆ حاڵەت لەو ناوچانە تۆماردەکرێن کە منداڵان تیایدا بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن. ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها گوتی: "لە هایتی لەئێستادا، سێ مەترسی لەسەر ژیانی منداڵان هەیە کە بریتین لە بەدخۆراکی، کۆلێرا و توندوتیژی چەکداریی". بەڕێوەبەری نووسینگەی پرۆگرامە فریاگوزاریەکانی یونیسێف، مانوێل فۆنتێن لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا، سکچوونی توند و رشانەوە منداڵ وشک و لاواز دەکات تا ئەو رادەیەی کە رەنگە پێش پێدانی چارەسەری پزیشکی پێویست گیان لەدەست بدەن". فۆنتەین گوتیشی: "کۆلێرا و بەدخۆراکی تێکەڵەیەکی کوشندەن، یەکێکیان دەبێتە هۆکاری تووشبوون بەوەی دیکە". لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا لە هایتی لە دووی تشرینی یەکەمەوە، وەزارەتی تەندروستیی هاتیی کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ١١ ملیۆن کەسە، ٢٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان و زیاتر لە ١٠ هەزار و ٦٠٠ حاڵەتی تووشبوونی تۆمارکردووە. قەیران و ئاژاوە لە هایتی لە چەند هەفتەی رابردوودا توندتر بووەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی گەمارۆی باندە تاوانکارەکان بووە هۆی کەمیی خۆراک، ئاو و سووتەمەنی لە کاتێکدا وڵاتەکە رووبەڕووی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە (کۆلێرا ) بووەتەوە.

هاوڵاتی کەناڵی تەلەڤیزیۆنی ئیخبارییەی سعوودی بڵاویكرده‌وه‌،لە سعوودیە دوو کەس بەهۆی باران بارینی بەخوڕەوە گیانیان لەدەستدا و گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی جیددە خۆرئاوای وڵاتەکە راگیرا. هاوکات بەهۆی باران بەخوڕەوە چەندین رێگا و تونێلی ناوچەی مەککەی پیرۆز داخراون. گوتەبێژی دامەزراوەی بەرگریی شارستانی لە ناوچەی مەککەی پیرۆز، محەمەد قارنی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ئیخبارییە ئاماژەی بەوە کرد، لە جیددە دوو کەس بەهۆی بارانی بەخوڕەوە گیانیان لەدەستداوە. محەمەد قارنی داوای لە هاووڵاتییانیش کرد لە دۆخێکی زۆر پێویستدا نه‌بێت له‌ ماڵ نەچنە دەرەوە. کەناڵی ئیخبارییە، زانیاری ژێرئاوکەوتنی چەند گەڕەکێکی شاری جیددەی بڵاو کردەوە و ئەوەی راگەیاند کە دەوامی خوێندنگاکان وه‌ستێندراوه‌ و گەشتی فڕۆکەکان راگیراوە.

تایبەت بە هاوڵاتی کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی تشرینی دووەم، لەسەر پێشنیاری ئەڵمانیا و ئایسلەندا لە جنێڤ بەڕێوەچوو. مەبەست لەم کۆبونەوەیە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکە کە لەلایەن ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپاوە ئامادەکراوە، کە تیایدا داوا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت، کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پێکبهێنرێت. بەگوێرەی رەشنووسی بڕیارنامەکە کە دوێنێ لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ پەسەندکرا، پێویستە لێکۆڵینەوەکە "ڕەهەندە جێندەرییەکانی پێشێلکارییەکان" لەخۆبگرێت. دەقەکە داوا لە لێکۆڵەران دەکات بەڵگەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە کۆبکەنەوە، ، شیکاری بکەن و بیپارێزن بۆ لێپێچینەوە لە داهاتوودا. لە سەرەتای ئەم دیدارەدا، ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران لە ئێران بە "ئەنقەست" وەسف کرد. هەروەها بە ئیدانەکردنی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بەم توندوتیژیانە بهێنرێت و ئاماژەی بە دەستگیرکردنی ١٤ هەزار خۆپیشاندەر کرد کە منداڵیشیان تێدایە و وتی، دۆخێکی شۆکهێنەرە. تورک ئاماژەی به وەکرد که لە ناڕەزایەتیەکاندا زیاتر له ٤٠٠ که س کوژراون کە زیاتر له ٥٠ کەسیان منداڵن و وتی: هێزە ئەمنیەکان گولەی راستەقینە، تاپڕ، دەمانچەیان بەکارهێناوە و دەبێت توندوتیژی کۆتایی بهێندرێت. دوای تورک، جاوید ڕەحمان ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "کەمینەکانی وەک بەلوچ و کورد لە توندوتیژیەکاندا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. ئێستا زیندانەکان پڕن لە هەموو ئەو کەسانەی کە خەون بە ئایندەیەکی باشترەوە بۆ ئێران دەبینن، لانیکەم سزای لەسێدارەدان بەسەر شەش کەسدا سەپێنراوە". ریپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: کوشتن، بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا لە ئاستێکی بەرزدا ئەنجام دەدرێن و بۆیە پێویستە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، میکانیزمێکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ سەبارەت بە ئێران پێکبهێنێت. جاوید ڕەحمان سەبارەت بە ئەدای سیستەمی دادوەری ئێران ئاماژەی بەوەکرد: دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە بری ئەوەی دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بێت و هاوڵاتیانیش مافەکانی خۆیان تێیدا ببیننەوە، وەک دەزگایەکی سەرکوتکەر مامەڵە دەکات. ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش، دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی بە دەرفەتێک بۆ "بەرزکردنەوەی دەنگی خەڵکی ئێران بۆ مافەکانیان" زانی و وتی، ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن ئاڵای خۆیان لە دژی ئەو نادادپەروەری و لێدان و تەقەکردنە بەرز بکەنەوە کە رژێمی ئێران دەیەوێت بەهۆیەوە ناڕەزایەتیەکان کۆتایی پێبهێنێت. بێربۆک وتی: ئەوانەی بەرپرسیارن لە توندوتیژی لە ئێران بەرامبەر بە ژنان، پیاوان و منداڵان کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان کردووە، دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت." نوێنەری ئەمریکاش کۆبونەوەکەدا وتی: هەموومان بە ترسەوە سەیری رووداوەکانی ئێران دەکەین، بەڵام ئەوەی دەیبینین سنووردارە بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە سەپێنراوە. داواکارییەکانی گەلی ئێران زۆر سادەن: دەرفەتێکە بۆ قسەکردن و گوێگرتن”. ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئاشکراکردنی ئەو راستیانەی لە ناوخۆی ئێراندا ڕوودەدەن و پشتیوانی لە داواکارییەکانی گەلی ئێران بۆ دادپەروەری و لێپرسینەوە بکەین. لە بەشی پەیوەندیدار بە رێکخراوە ناحکومییەکان، مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، ڕایگەیاند کە ئێران یەکێکە لە گەورەترین ئەو وڵاتانەی کە لەسێدارەدانی تێدا ئەنجام دەدرێت و هۆشداریی لە "لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران" دا و وتیشی: دەسەڵاتدارانی ئێران بە سەرۆک کۆماری وڵاتیشەوە، مێژوویەکی دوور و درێژیان لەم بابەتەدا هەیە. بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتی ڕێگریکردن لەم کارەی لە ئەستۆیە”. رەها بەحرەینی، نوێنەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی باس لە راستیەکان دەکات. کوشتنی منداڵ راستی نییە. قسەکانی کۆمیسیاری تایبەت، پشتڕاست دەکەینەوە. ئێمە داوای میکانیزمی لێپرسینەوە دەکەین کە دەبوو لە مێژە پێکبهێنرایە." نوێنەرانی هەندێک وڵاتی ئامادەبووی کۆبوونەوەکەش، رەخنەیان لە ڕێبازی توندی لایەنگرانی دەرکردنی بڕیارنامەی دژ بە ئێران گرت و هۆشدارییان دا لە کەڵک وەرگرتن لە پرسی مافەکانی مرۆڤ، بۆ گوشارخستنە سەر وڵاتانی دیکە. خەدیجە کەریمی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری نێودەوڵەتیی نوسینگەی جێگری سەرۆک کۆماری بۆ پرسی ژنان و بنەماڵە، لە کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤدا ڕایگەیاند: بانگەشە و هاوسۆزی ئەڵمانیا، کە چەکی کیمیایی بۆ ڕژێمی سەدام دابین کردووە بۆ ئەوەی لە دژی گەلی ئێران بەکاری بهێنێت ، بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠هەزار کەس، دوورە راستی و دووڕووییە. نوێنەری زیمبابۆی بڕیارنامەکەی دژی ئێران، وەک کردەوەیەکی توند و بێبنەما لەقەڵەمدا و وڵاتانی رۆژئاوای تۆمەتبار کرد. هەروەها باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ڤەنزوێلا، لە میانەی کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئێران، وتی: هیچ پاساوێک بۆ ئەنجامدانی کۆبونەیەوەکی لەو شێوەیە نییە. لە رووداوەکانی ئەم دواییەدا شایەدی هەڵمەتێکی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی ئێران بووین. ئەو بەرپرسەی ڤەنزوێلا، سازدانی کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەبارەت بە ئێران بە درێژەی چالاکییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە لە پێشێلکردنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان لەقەڵەمدا. باڵیۆز و نوێنەری چین لە کۆبونەوەکەدا وتی: ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ شاهیدی زیادبوونی چالاکییە سیاسییەکان و گرژییەکانە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە. راشیگەیاند، چین پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆبونەوە تایبەتە ناکات. ئەم گەمارۆیانە کە زیانی گەورە بە خەڵکی ئێران دەگەیەنن، دەبێت ڕابگیرێن. نوێنەری کۆریای باکور یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە دەربڕێ. جەختیشی لەوە کردەوە: ئێمە بە تەواوی دژی هەر بڕیارێکین کە لە ئەنجامدا سەروەری وڵاتان پێشێل بکات و بەکارهێنانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤیش لەم پرسەدا شەرمەزار دەکەین. نوێنەری روسیاش وتی: ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە هیچ پەیوەندییەکیان بە مافی مرۆڤەوە نییە و کاریگەری پێچەوانەی لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی مافەکانی مرۆڤ هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد: ئامانجی ڕێکخەرانی ئەم کۆبوونەوەیە بە بیانووی مافی مرۆڤ، فشارخستنە سەر حکومەتە سەربەخۆکانە. بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بەبێ ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی ئێران لە بنەڕەتدا ناشەرعییە و ڕۆڵی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدانی لێکۆلینەوە نییە. بەرپرسە روسیەکە ئاماژەی بەوەدا، مۆسکۆ دەیەوێت دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران ڕابگرێت و دۆخی ئەو وڵاتە ناسەقامگیر بکات.

هاوڵاتی  سەرۆکی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکانیان، ١٤ هەزار کەس لە سەرتاسەری ئێران دەستگیرکراون، بێ ئەوەی ئاماژە بە ئاماری کوشتن و بریندارەکان بکات. ڤۆڵکەر تورک لە دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران قسەی کرد و وتی،" بەگوێرەی ئامارەکانمان، ١٤هەزار کەس لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا دەستگیرکراون کە منداڵیشیان تێدایە، ئەمە ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەرە." حەفتەی رابردوو، ئەڵمانیا و ئایسلەندا داوایان کردبوو، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی ئێران کۆبێتەوە، ئەمڕۆش ٤٤ دەوڵەتی جیهان بەشداریان لە کۆبونەوەکەدا کردووە. هاوکات ئانالینا بایربۆک وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دوێنێ چوارشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەم، حکومەتی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، گرتن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران ئیدانە کرد. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وتی، " ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت دەنگی خۆی بۆ مافی خەڵکی ئێران بەرز بکاتەوە. ئەندامانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، دەتوانن هەڵوێستێک لە دژی ئەو نادادپەروەریە دەرببڕن کە رژێمی ئێران بەڕێوەیی دەبات بە مەبەستی دەنگی ناڕازی”. هەروەها داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد، دەنگ بە بڕیارنامەیەک بدەن، سەبارەت بە دروستکردنی میکانیزمێکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ. جێگەی باسە نزیکەی ٧٠ رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران بەردەوامە. هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە دەستگیرکردنی ١٤ هەزار کەس دەکات، بەڵام، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران، دەڵێن، نزیکەی ١٨ هەزار کەس دەستگیرکراون.

هاوڵاتی گروپی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا کە لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری چەپ و دیموکراتی وڵاتانی ئەوروپا پێک دێت، داوای راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای کرد. گروپی دۆستایەتی کورد کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەوروپا، لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا ئەنجامدا. لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا، ئەندرێس شیدەر وتەبێژی گروپی سۆسیال دیموکراتی نەمسا ، نیکۆلاج ویلامسۆن جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی چەپ و ڕێکخەری گروپی دۆستایەتی کورد ، فرانسوا ئەلفۆنسی ئەندامی فراکسیۆنی گروپی ئەوروپای ئازاد، ئەڤین ئینجیر لە فراکسیۆنی سۆسیال دیموکرات ، کاترین لانگسیپێن ئەندامی فراکسیۆنی سەوز بەشداریان کرد. ئەندرێس شیدەر وتەبێژی گروپی سۆسیال دیموکراتی نەمسا هێرشی تورکیا و ئێرانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان ئیدانە کرد و داوای لە سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا و دامودەزگاکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا کرد، لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران و تورکیا بۆسەر کورد، بێدەنگ نەبن. نیکۆلاج ویلامسۆن جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی چەپ و ڕێکخەری گروپی دۆستایەتی کوردیش، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای وەک لێدانی گورزێک لە شەڕی دژی داعش پێناسە کرد و داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، سزای ئابوری و سیاسی بەسەر تورکیادا بسەپێنێت. ئەڤین ئینجیر لە فراکسیۆنی سۆسیال دیموکرات، داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی جددی بنێت و بەرگری لە کورد بکەن. ئەوەش لەکاتێکدا کە چوار رۆژە، بە بەردەوامی سوپای تورکیا هێرش دەکاتە سەر خاکی رۆژئاوای کوردستان و وڵاتانی زلهێزی جیهان، بە جددی داوایان لە تورکیا نەکردووە کە کۆتایی بە هێرشەکان بهێنێت.

هاوڵاتی وەزیری دەروەی بەریتانیا نیگەرانی خۆی لەسەر پەرەپێدانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەربڕی ڕایگەیاند ئێران دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هاوڕێ و هاوپەیمانەکانمان. جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، ئێران پەرە بە پرۆگرامی ئەتۆمیی دەدات و ئەوەش بەڵگەیە بۆ ئەو مەترسییەی رژێمی ئێران لەسەر ئاسایشی جیهان دروستیکردووە، و"ئێران هەرگیز نابێت دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی". ڕونیشیکردەوە،رژێمێک هاووڵاتییانی لە وڵاتەکەی بچەوسێنێتەوە، بەدڵنیاییەوە لەدەرەوەش دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هاوڕێ و هاوپەیمانەکانمان. ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کاتێکدایە  ئێران رایگەیاندووە، لە بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ دەستیان بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی %60 کردووە.  

هاوڵاتی دوو تەقینەوە لە نزیک وێستگەیەکی پاس لە سەنتەری شاری قودس (ئورشەلیم) روویاندا و نزیکەی 15 کەس برینداربوون. بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2022، دوو تەقینەوە لە وێستگەیەکی پاس لە سەنتەری شاری قودس (ئورشەلیم) روویاندا. بەرپرسانی ئەمنی و پزیشکی لە ئۆرشەلیم ڕایانگەیاند، لە دوو تەقینەوەی جیادا کە دوو وێستگەی پاسیان کردە ئامانج، 15 کەس برینداربوون. یەکەم تەقینەوە کاژێر 07:00 بە کاتی قودس (ئورشەلیم)، روویداوە؛ دووەمیش لە هەمان شوێن کاژێر 07:30 خولەک بە کاتی قودس (ئورشەلیم) روویداوە ئەو نەخۆشخانەیانەی چارەسەری بریندارەکان دەکات ئاشکرایکرد، تەقینەوەی یەکەم 12 کەسی بریندارکردووە کە دووانیان باری تەندروستییان ناجێگیرە و، تەقینەوەی دووەم لە وێستگەیەکی دیکە روویداوە و سێ برینداری لێکەوتووەتەوە. بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، تەقینەوەکان لە رێگەی بۆمبی چێندراوەوە بوون کە لە وێستگەکە لەنێو جانتایەکدا دانراون، بەڵام هێشتا پۆلیسی ئیسرائیلی ئەو راپۆرتانەی پشتڕاستنەکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.