تایبەت بە هاوڵاتی کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی تشرینی دووەم، لەسەر پێشنیاری ئەڵمانیا و ئایسلەندا لە جنێڤ بەڕێوەچوو. مەبەست لەم کۆبونەوەیە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکە کە لەلایەن ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپاوە ئامادەکراوە، کە تیایدا داوا لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ دەکرێت، کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆ بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران پێکبهێنرێت. بەگوێرەی رەشنووسی بڕیارنامەکە کە دوێنێ لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ پەسەندکرا، پێویستە لێکۆڵینەوەکە "ڕەهەندە جێندەرییەکانی پێشێلکارییەکان" لەخۆبگرێت. دەقەکە داوا لە لێکۆڵەران دەکات بەڵگەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە کۆبکەنەوە، ، شیکاری بکەن و بیپارێزن بۆ لێپێچینەوە لە داهاتوودا. لە سەرەتای ئەم دیدارەدا، ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران لە ئێران بە "ئەنقەست" وەسف کرد. هەروەها بە ئیدانەکردنی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بەم توندوتیژیانە بهێنرێت و ئاماژەی بە دەستگیرکردنی ١٤ هەزار خۆپیشاندەر کرد کە منداڵیشیان تێدایە و وتی، دۆخێکی شۆکهێنەرە. تورک ئاماژەی به وەکرد که لە ناڕەزایەتیەکاندا زیاتر له ٤٠٠ که س کوژراون کە زیاتر له ٥٠ کەسیان منداڵن و وتی: هێزە ئەمنیەکان گولەی راستەقینە، تاپڕ، دەمانچەیان بەکارهێناوە و دەبێت توندوتیژی کۆتایی بهێندرێت. دوای تورک، جاوید ڕەحمان ریپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران وتارێکی پێشکەش کرد و وتی: "کەمینەکانی وەک بەلوچ و کورد لە توندوتیژیەکاندا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. ئێستا زیندانەکان پڕن لە هەموو ئەو کەسانەی کە خەون بە ئایندەیەکی باشترەوە بۆ ئێران دەبینن، لانیکەم سزای لەسێدارەدان بەسەر شەش کەسدا سەپێنراوە". ریپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند: کوشتن، بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجەدان و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا لە ئاستێکی بەرزدا ئەنجام دەدرێن و بۆیە پێویستە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، میکانیزمێکی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ سەبارەت بە ئێران پێکبهێنێت. جاوید ڕەحمان سەبارەت بە ئەدای سیستەمی دادوەری ئێران ئاماژەی بەوەکرد: دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە بری ئەوەی دامەزراوەیەکی سەربەخۆ بێت و هاوڵاتیانیش مافەکانی خۆیان تێیدا ببیننەوە، وەک دەزگایەکی سەرکوتکەر مامەڵە دەکات. ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش، دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی بە دەرفەتێک بۆ "بەرزکردنەوەی دەنگی خەڵکی ئێران بۆ مافەکانیان" زانی و وتی، ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن ئاڵای خۆیان لە دژی ئەو نادادپەروەری و لێدان و تەقەکردنە بەرز بکەنەوە کە رژێمی ئێران دەیەوێت بەهۆیەوە ناڕەزایەتیەکان کۆتایی پێبهێنێت. بێربۆک وتی: ئەوانەی بەرپرسیارن لە توندوتیژی لە ئێران بەرامبەر بە ژنان، پیاوان و منداڵان کە بە شێوەیەکی ئاشتیانە خۆپیشاندانیان کردووە، دەبێ لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت." نوێنەری ئەمریکاش کۆبونەوەکەدا وتی: هەموومان بە ترسەوە سەیری رووداوەکانی ئێران دەکەین، بەڵام ئەوەی دەیبینین سنووردارە بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکان کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە سەپێنراوە. داواکارییەکانی گەلی ئێران زۆر سادەن: دەرفەتێکە بۆ قسەکردن و گوێگرتن”. ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە هەموو هەوڵێک بدەین بۆ ئاشکراکردنی ئەو راستیانەی لە ناوخۆی ئێراندا ڕوودەدەن و پشتیوانی لە داواکارییەکانی گەلی ئێران بۆ دادپەروەری و لێپرسینەوە بکەین. لە بەشی پەیوەندیدار بە رێکخراوە ناحکومییەکان، مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، ڕایگەیاند کە ئێران یەکێکە لە گەورەترین ئەو وڵاتانەی کە لەسێدارەدانی تێدا ئەنجام دەدرێت و هۆشداریی لە "لەسێدارەدانی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەران" دا و وتیشی: دەسەڵاتدارانی ئێران بە سەرۆک کۆماری وڵاتیشەوە، مێژوویەکی دوور و درێژیان لەم بابەتەدا هەیە. بۆیە نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیارێتی ڕێگریکردن لەم کارەی لە ئەستۆیە”. رەها بەحرەینی، نوێنەری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی باس لە راستیەکان دەکات. کوشتنی منداڵ راستی نییە. قسەکانی کۆمیسیاری تایبەت، پشتڕاست دەکەینەوە. ئێمە داوای میکانیزمی لێپرسینەوە دەکەین کە دەبوو لە مێژە پێکبهێنرایە." نوێنەرانی هەندێک وڵاتی ئامادەبووی کۆبوونەوەکەش، رەخنەیان لە ڕێبازی توندی لایەنگرانی دەرکردنی بڕیارنامەی دژ بە ئێران گرت و هۆشدارییان دا لە کەڵک وەرگرتن لە پرسی مافەکانی مرۆڤ، بۆ گوشارخستنە سەر وڵاتانی دیکە. خەدیجە کەریمی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری نێودەوڵەتیی نوسینگەی جێگری سەرۆک کۆماری بۆ پرسی ژنان و بنەماڵە، لە کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤدا ڕایگەیاند: بانگەشە و هاوسۆزی ئەڵمانیا، کە چەکی کیمیایی بۆ ڕژێمی سەدام دابین کردووە بۆ ئەوەی لە دژی گەلی ئێران بەکاری بهێنێت ، بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی زیاتر لە ١٠٠هەزار کەس، دوورە راستی و دووڕووییە. نوێنەری زیمبابۆی بڕیارنامەکەی دژی ئێران، وەک کردەوەیەکی توند و بێبنەما لەقەڵەمدا و وڵاتانی رۆژئاوای تۆمەتبار کرد. هەروەها باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ڤەنزوێلا، لە میانەی کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئێران، وتی: هیچ پاساوێک بۆ ئەنجامدانی کۆبونەیەوەکی لەو شێوەیە نییە. لە رووداوەکانی ئەم دواییەدا شایەدی هەڵمەتێکی میدیایی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی ئێران بووین. ئەو بەرپرسەی ڤەنزوێلا، سازدانی کۆبونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەبارەت بە ئێران بە درێژەی چالاکییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە لە پێشێلکردنی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان لەقەڵەمدا. باڵیۆز و نوێنەری چین لە کۆبونەوەکەدا وتی: ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ شاهیدی زیادبوونی چالاکییە سیاسییەکان و گرژییەکانە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لێدەکەوێتەوە. راشیگەیاند، چین پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆبونەوە تایبەتە ناکات. ئەم گەمارۆیانە کە زیانی گەورە بە خەڵکی ئێران دەگەیەنن، دەبێت ڕابگیرێن. نوێنەری کۆریای باکور یەکێک بوو لەو کەسانەی کە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆدا نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکە دەربڕێ. جەختیشی لەوە کردەوە: ئێمە بە تەواوی دژی هەر بڕیارێکین کە لە ئەنجامدا سەروەری وڵاتان پێشێل بکات و بەکارهێنانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤیش لەم پرسەدا شەرمەزار دەکەین. نوێنەری روسیاش وتی: ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە هیچ پەیوەندییەکیان بە مافی مرۆڤەوە نییە و کاریگەری پێچەوانەی لەسەر بەرەوپێشەوەچوونی مافەکانی مرۆڤ هەیە. ئاماژەی بەوەشکرد: ئامانجی ڕێکخەرانی ئەم کۆبوونەوەیە بە بیانووی مافی مرۆڤ، فشارخستنە سەر حکومەتە سەربەخۆکانە. بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بەبێ ڕەزامەندی دەسەڵاتدارانی ئێران لە بنەڕەتدا ناشەرعییە و ڕۆڵی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدانی لێکۆلینەوە نییە. بەرپرسە روسیەکە ئاماژەی بەوەدا، مۆسکۆ دەیەوێت دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئێران ڕابگرێت و دۆخی ئەو وڵاتە ناسەقامگیر بکات.

هاوڵاتی  سەرۆکی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارەکانیان، ١٤ هەزار کەس لە سەرتاسەری ئێران دەستگیرکراون، بێ ئەوەی ئاماژە بە ئاماری کوشتن و بریندارەکان بکات. ڤۆڵکەر تورک لە دانیشتنی تایبەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران قسەی کرد و وتی،" بەگوێرەی ئامارەکانمان، ١٤هەزار کەس لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکانی ئێراندا دەستگیرکراون کە منداڵیشیان تێدایە، ئەمە ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەرە." حەفتەی رابردوو، ئەڵمانیا و ئایسلەندا داوایان کردبوو، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی ئێران کۆبێتەوە، ئەمڕۆش ٤٤ دەوڵەتی جیهان بەشداریان لە کۆبونەوەکەدا کردووە. هاوکات ئانالینا بایربۆک وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دوێنێ چوارشەممە ٢٣ی تشرینی یەکەم، حکومەتی ئێرانی بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، گرتن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران ئیدانە کرد. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی وتی، " ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت دەنگی خۆی بۆ مافی خەڵکی ئێران بەرز بکاتەوە. ئەندامانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ، دەتوانن هەڵوێستێک لە دژی ئەو نادادپەروەریە دەرببڕن کە رژێمی ئێران بەڕێوەیی دەبات بە مەبەستی دەنگی ناڕازی”. هەروەها داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کرد، دەنگ بە بڕیارنامەیەک بدەن، سەبارەت بە دروستکردنی میکانیزمێکی سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ. جێگەی باسە نزیکەی ٧٠ رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ئێران بەردەوامە. هەرچەندە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە دەستگیرکردنی ١٤ هەزار کەس دەکات، بەڵام، رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤی ئێران، دەڵێن، نزیکەی ١٨ هەزار کەس دەستگیرکراون.

هاوڵاتی گروپی دۆستایەتی کورد لە پەرلەمانی ئەوروپا کە لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری چەپ و دیموکراتی وڵاتانی ئەوروپا پێک دێت، داوای راگرتنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای کرد. گروپی دۆستایەتی کورد کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لە باڵەخانەی پەرلەمانی ئەوروپا، لە شاری ستراسبۆرگی فەڕەنسا ئەنجامدا. لە کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەکەدا، ئەندرێس شیدەر وتەبێژی گروپی سۆسیال دیموکراتی نەمسا ، نیکۆلاج ویلامسۆن جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی چەپ و ڕێکخەری گروپی دۆستایەتی کورد ، فرانسوا ئەلفۆنسی ئەندامی فراکسیۆنی گروپی ئەوروپای ئازاد، ئەڤین ئینجیر لە فراکسیۆنی سۆسیال دیموکرات ، کاترین لانگسیپێن ئەندامی فراکسیۆنی سەوز بەشداریان کرد. ئەندرێس شیدەر وتەبێژی گروپی سۆسیال دیموکراتی نەمسا هێرشی تورکیا و ئێرانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان ئیدانە کرد و داوای لە سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا و دامودەزگاکانی دیکەی یەکێتی ئەوروپا کرد، لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی ئێران و تورکیا بۆسەر کورد، بێدەنگ نەبن. نیکۆلاج ویلامسۆن جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی چەپ و ڕێکخەری گروپی دۆستایەتی کوردیش، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای وەک لێدانی گورزێک لە شەڕی دژی داعش پێناسە کرد و داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد، ئەگەر هێرشەکان بەردەوام بن، سزای ئابوری و سیاسی بەسەر تورکیادا بسەپێنێت. ئەڤین ئینجیر لە فراکسیۆنی سۆسیال دیموکرات، داوای لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی جددی بنێت و بەرگری لە کورد بکەن. ئەوەش لەکاتێکدا کە چوار رۆژە، بە بەردەوامی سوپای تورکیا هێرش دەکاتە سەر خاکی رۆژئاوای کوردستان و وڵاتانی زلهێزی جیهان، بە جددی داوایان لە تورکیا نەکردووە کە کۆتایی بە هێرشەکان بهێنێت.

هاوڵاتی وەزیری دەروەی بەریتانیا نیگەرانی خۆی لەسەر پەرەپێدانی پڕۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەربڕی ڕایگەیاند ئێران دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هاوڕێ و هاوپەیمانەکانمان. جەیمس کلێڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، ئێران پەرە بە پرۆگرامی ئەتۆمیی دەدات و ئەوەش بەڵگەیە بۆ ئەو مەترسییەی رژێمی ئێران لەسەر ئاسایشی جیهان دروستیکردووە، و"ئێران هەرگیز نابێت دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی". ڕونیشیکردەوە،رژێمێک هاووڵاتییانی لە وڵاتەکەی بچەوسێنێتەوە، بەدڵنیاییەوە لەدەرەوەش دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هاوڕێ و هاوپەیمانەکانمان. ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کاتێکدایە  ئێران رایگەیاندووە، لە بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ دەستیان بە پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی %60 کردووە.  

هاوڵاتی دوو تەقینەوە لە نزیک وێستگەیەکی پاس لە سەنتەری شاری قودس (ئورشەلیم) روویاندا و نزیکەی 15 کەس برینداربوون. بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2022، دوو تەقینەوە لە وێستگەیەکی پاس لە سەنتەری شاری قودس (ئورشەلیم) روویاندا. بەرپرسانی ئەمنی و پزیشکی لە ئۆرشەلیم ڕایانگەیاند، لە دوو تەقینەوەی جیادا کە دوو وێستگەی پاسیان کردە ئامانج، 15 کەس برینداربوون. یەکەم تەقینەوە کاژێر 07:00 بە کاتی قودس (ئورشەلیم)، روویداوە؛ دووەمیش لە هەمان شوێن کاژێر 07:30 خولەک بە کاتی قودس (ئورشەلیم) روویداوە ئەو نەخۆشخانەیانەی چارەسەری بریندارەکان دەکات ئاشکرایکرد، تەقینەوەی یەکەم 12 کەسی بریندارکردووە کە دووانیان باری تەندروستییان ناجێگیرە و، تەقینەوەی دووەم لە وێستگەیەکی دیکە روویداوە و سێ برینداری لێکەوتووەتەوە. بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، تەقینەوەکان لە رێگەی بۆمبی چێندراوەوە بوون کە لە وێستگەکە لەنێو جانتایەکدا دانراون، بەڵام هێشتا پۆلیسی ئیسرائیلی ئەو راپۆرتانەی پشتڕاستنەکردووەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.  

هاوڵاتی روسیا لەبەرانبەر ئۆپەراسیۆنی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی رۆژئاوای کوردستان هاتە دەنگ و داوای لە ئەنقەرە کرد کە خۆی لە بەکارهێنانی هێزی زۆری سەربازی بەدوور بگریت. ئاژانسی هەواڵی ڕیای روسی رایگەیاند، ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا لە سوریا ئاماژەی بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کردووە و داوای لە دەوڵەتی تورکیا کردووە، خۆی لە فراوانکردنی گرژیەکان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و ناوچەکە بەدوور بگرێت و وتی، " بەرلە هێرشەکە روسیا بەهیچ شێوەیەک ئاگادار نەکراوەتەوە." ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ دەشڵێت، روسیا هەوڵ دەدات، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، کێشەی کورد بەشێوەیەکی ئاشتیانە چارەسەر بکرێت. داواشی کرد، هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان بکشێنەوە و هەوڵی سەقامگیرکردنی ئارامی لە ناوچەکەدا بدەن. کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەوی 19ی تشرینی دووەم، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا، لەژێر ناوی ئۆپەراسیۆنی 'چنگ – شمشێر' هێرشێکی ئاسمانی فراوانیان لەدژی چەند شار و ناوچەیەکی رۆژئاوا و هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و بەگوێرەی ئاماری هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هێرشە ئاسمانیەکاندا، ١٣ هاوڵاتی مەدەنی و ٦ شەڕڤان شەهید بوون و ٢٠ سەربازی حکومەتی سوریاش کوژراون. هەروەها، بە دەیان کەسیش بریندار بوون.

هاوڵاتی تەواوی گەنجینەکانی توت عنخ ئاموون کە دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی لە ١٩٢٢ دۆزرانەوە نۆژەن دەکرێنەوە دواتر لە مۆزەخانەی گەورەی میسر کۆ دەکرێنەوە. لە ئێستادا کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تەواوی پارچەکانی گەنجینەکانی توت عنخ ئاموون دەستی پێ کردووە کە زۆربەیان لە مۆزەخانەی قاهیرە، بەشێکی دیکەیشیان لە مۆزەخانەکانی شەرم ئەلشێخ و هورگادا نمایش کراون، دەستی پێ کردووە. دواتر تەواوی گەنجینەکانی توت عنخ ئاموون لە مۆزەخانەی گەورەی میسر کۆ دەکرێنەوە. چاوەڕێ دەکرێت گواستنەوەی کەلوپەلەکان کە هێشتا بەروارەکەی دیار نییە، تاکو کۆتایی ئەمساڵ بگوازرێنەوە بۆ مۆزەخانەی گەورەی میسر. وەزیری گەشتیاری و شوێنەوارە مێژوویییەکانی میسر، ئەحمەد عیسا لە ٥ی تشرینی دووەم رایگەیاند کە بەبۆنەی نزیکبوونەوەی ١٠٠ ساڵەی دۆزینەوەی تەرمی توت عنخ ئاموون "لەم نزیکانە کەلوپەل و گەنجینەکان دەگوازرێنەوە". ئەحمەد عیسا بە ئاماژەدان بەوەی کە توت عنخ ئاموون ئەفسانەئاسا بووە لە میسر، سەرنجی خستبووە سەر ئەوەی کە تەواوی گەنجینەکەی دەگوازرێتەوە بۆ مۆزەخانەی گەورەی میسر کە تازە کراوەتەوە. شوێنەوارناسی بەریتانی و میسریناس، هاوارد کارتەر لە ١٩٢٢ گۆڕی توت عنخ ئاموون لە دۆڵی پاشاکان لە شاری لوکسۆر لە میسر دۆزییەوە. دۆزینەوەی گۆڕەکە بووە "گەورەترین دۆزینەوەی شوێنەوارناسی لە سەدەی ٢٠". لەنێو گەنجینەکانی توت عنخ ئامووندا کە لە ١٣٣٢ پ. ز. بۆ ١٣٢٣ پ. ز. لە کۆتایی ١٨ هەمین خانەدانی فیرعەونەکان فەرمانڕەوا بووە، زیاتر لە پێنج هەزار کەلوپەل و پێداویستی جۆراوجۆری وەک دارەمەیتی ئاڵتون، دەمامکی ئاڵتون، تەخت، کەڕەنا، پەرداخ، مەی و خۆراک هەن.

هاوڵاتی کەمێک بەر لە ئێستا، مەراسیمی دەستپێکردنی مۆندیالی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد و یەکەم یاریش بە یاری نێوان قەتەڕ و ئیکوادۆر دەستپێدەکات و مۆدنیال؛ ١٨ی مانگی داهاتوو کۆتاییدێت. ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 20-11-2022 ئاهەنگی کردنەوەی یارییەکانی جامی جیهانی لە یاریگەی ئەلبەیت لە قەتەر بەڕێوەچوو و دواتریش یەکەم یاری لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی قەتەر و ئیکوادۆر ئەنجامدرا.  لە ئاهەنگەکەدا کە 60 هەزار هاندەر ئامادەبوون، گرووپی بی تی ئێس و مۆرگان فریمان، ئەکتەر و نووسەری بەنێوبانگی جیهانی بەشداربوون.  فیفا پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، پەیامی رێوڕەسمەکە بانگهێشتکردنی هەموو لایەکە بۆ هاتن بۆ قەتەر و کۆکردنەوەی هەموو گەلانی جیهان و زاڵبوون بەسەر جیاوازییەکاندا لە روانگەی مرۆڤایەتییەوە. یارییەکانی مۆندیالی ٢٠٢٢ نزیکەی مانگێک دەخایەنێت بە شێوەیەک کە ئەمشەو دەستپێدەکات و یاری کۆتاییش لە ١٨ی مانگی ١٢ی داهاتوودا لە یاریگای لوسێل بەڕێوەدەچێت. لە مۆندیالی ٢٠٢٢دا، ٣٠ هەڵبژاردە بەشدارییان کردووە کە پشکی شێر بەر کیشوەری ئەوروپا کەوتووە و تا کۆتایی پاڵەوانێتیەکەش ٦٤ یاری ئەنجامدەدرێن.

هاوڵاتی رێکخراوی یونسێفی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماری منداڵە کوژراو و بریندارەکانی ئەمساڵی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا  بڵاوکردەوە. یونسێف لەبارەی رۆژی چەسپاندنی مافەکانی منداڵان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمساڵ نزیکەی ٥٨٠ منداڵ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بەھۆی ململانێ و شەڕ و توندوتیژییەوە کوژراون.کە ئەمەش  دەکاتە تێکڕای ١٠ منداڵ لە ھەر ھەفتەیەکدا . دەشڵێت، "لەو ژمارەیە ٦٥ منداڵایان عێراقین". ئاماژەی بەوەشداوە، منداڵانی ناوچەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا رووبەڕووی زیادبوونی توندوتیژی دەبنەوە و بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی توندوتیژی نێو کۆمەڵگەکان و نائارامی سیاسی، تەقینەوەی بۆمب و پاشماوەکانی جەنگ کە ژمارەیەک وڵاتی گرتووەتەوە، لەوانەش ئێران، عێراق، لیبیا، سوودان، سوریا و یەمەن، ھەروەھا ململانێی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکانیش. راگەیەنراوەکەی یوسنێف باسی لەوەشکردووە، لە عێراق تەقینەوەی بۆمب و پاشماوەکانی جەنگ و ململانێکانی رابردوو ھەڕەشە و مەترسین بۆسەر منداڵان، بە جۆرێک تەنیا ئەمساڵ ٦٥ منداڵ بەو ھۆیەوە کوژراون یان برینداربوون. جێگەی باسە ،رۆژانە لە بازاڕ، ناوچەکانی پیشەسازی، کارگە و دوکانەکاندا، چەندین منداڵ دەبینرێت کە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوەن و خەریکی کارکردنن بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، زۆرێک لەوانەش بەھۆی کارکردنەوە لە خوێندن دابڕاون.  

هاوڵاتی ئاژانسی ئەتۆمیی بڕیارێک لە دژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران پەسند دەکات، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی بڕیارێکی دژی ئێران پەسند کرد و رایگەیان بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئەو وڵاتە جێی گومانە. ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجومەنی بڕیاردەری ئاژانسی نێودەڵەتیی وزەی ئەتۆمیی بە 26 دەنگ لە کۆی 35 دەنگی ئەو ئەنجومەنە بڕیارێکی دژی بەرنامە ئەتۆمییەکی ئێران پەسند کرد و رایگەیاند؛ ئەو وڵاتە دەبێت رونکردنەوە بدات لە سێ ویستگەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی کە یۆرانیۆمی پتێنراوی بە رێژەیەکی زۆر تێدا دۆزراوەتەوە. تەنها وڵاتی چین و روسیا دژی بڕیارەکەی ئەنجومەنەکە بون و میخائیل ئۆلیانۆڤ، نوێنەری روسیا لە ئەنجومەنی بڕیاردەری ئاژانس رایگەیاندوە؛ لە دیدی مۆسکۆوە ئەو هەنگاوە ئەرێنیی نییە. ئەمە دوەم بڕیاری ئەنجومەنەکەیە لە دژی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ماوەی پێنج مانگدا و یەکێکێکیش لە مەرجەکانی ئێران بۆ گەڕانەوەی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی، لابردنی ئەو سێ گومانەبو کە لەسەر وێستگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە هەیە. بە پێی رێککەوتنی ئەتۆمیی، ئێران بۆی هەیە ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی لە ژێر چاودێریی ئاژانسی ئەتۆمیدا لە (5%) زیاتر بێت بەڵام لە ئێستادا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ (60%) بەرز بوەتەوە و هاوکات لە سێ وێستگەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەدا پێشتر ئاسەواری یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەیەکی نایاسایی دۆزراوەتەوە

هاوڵاتی کۆمارییەکانی ئەمریکا زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەیان مسۆگەرکرد و کۆنگرێسیان دابەشکرد. ئەوەش وادەکات لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا، زەحمەتی بۆ بڕیارەکانی ئیدارەی بایدن دروست ببێت. ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بەکاتی واشنتن کە دەکاتە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە بەکاتی هەولێر، کۆمارییەکان کورسییەکی دیکەیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بردەوە و بوونە خاوەنی 218 کورسیی کە ئەوەش ژمارەی پێویست بوو بۆ ئەوەی پارتێک ببێتە خاوەن زۆرینە لە ئەنجوومەنە 435 کورسییەکە. ئەوەش بووە هۆی دابەشبوونی کۆنگرێس لەدوای دوو ساڵ کە پێشتر هەریەکە لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست دیموکراتەکانەوەبوون.  هەر پڕۆژەیاسایەک کە لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە پێشنیاز دەکرێت، دەبێت لەلایەن هەریەکە لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە کە بەیەکەوە کۆنگرێس پێکدەهێنن، دەنگی لەسەر بدرێت و پەسندبکرێت، ئەوەش وادەکات بۆ ئیدارەی بایدن زەحمەت بێت هەر بڕیارێکی بوێت، وەکو دوو ساڵی پێشتر بە ئاسانی تێی بپەڕێنێت. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەدوای بردنەوەی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەلایەن کۆمارییەکانەوە، پیرۆزبایی لە پارتەکە کرد و گوتی کە ئامادەیە بۆ ئەوەی کاریان لەگەڵدا بکات.  تاوەکو ئێستا حەوت کورسی ماوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران یەکلایی بکرێنەوە. هەرچی ئەنجوومەنی پیرانە، لە کۆی 100 کورسی، 99 یان یەکلایی بوونەتەوە؛ دیموکراتەکان 50 کورسییان هەیە و کۆمارییەکان 49 کورسییان هەیە. تەنیا کورسیی ویلایەتی جۆرجیا ماوە کە شتێکی ئەوتۆ لە هاوسەنگییەکە ناگۆڕێت، چونکە دەنگی کامالا هاریسی جێگری سەرۆکی ئەمریکاش بۆ دیموکراتەکان هەژمار دەکرێت.  ئەندامە نوێیەکان لە هەریەکە لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیران لە کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو دەستبەکار دەبن. 

کاوە ڕەش بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێی هەمواركراو، بەریتانیا ساڵانە هەشت ملیۆن پاوەند زیاتر دەدات بەفەرەنسا، بۆ ئەوەی هەوڵبدات ڕێگری لەپەناخوازانی نایاسایی بكات، کەهەوڵی پەڕینەوە دەدەن بە بەلەمی بچووک، لەدەربەندیی ئینگلیزیدا.  هاوکات ئەفسەران و پۆلیسی بەریتانیا بۆ لەمەودوا دەتوانن چاودێری دەورییەکانی ناو فەرەنساش بکەن و بۆیەكەم جاریشە دوای دەرچونی بەریتانیا لەیەكییەتی ئەوروپا، ئەفسەرانی بەریتانیا دەگەڕێنەوە سەرخاكی فەڕەنساو هاوشانی  سنورپارێزەكانی فەڕەنسا ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش پێك دێنن.  لەلایەكی دیكەوەش لەماوەی پێنج مانگی داهاتوودا  ژمارە سنورپارێزەكانی فەڕەنسا، لەنزیکەی ٢٥٠ کەسەوە،  بۆ ٣٥٠ کەس زیاد دەكرێن. لەبارەی ئەو ڕێكەوتنە نوێیەش  سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ڕیشی سوناک دەڵێ  "متمانە"ی هەیە کەدەتوانرێت لەو ڕێگایەوە، ژمارەی پەڕینەوەی پەناخوازی نایاسایی بێتە خوارەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەش، هۆشداریدا لەوەی كەئەمە تاكە شتێك نییە کە بتوانێت دۆخەکە بەتەواوی چاك بكات، گوتی ئێمە چاوەڕێی بەڵێن و  هاوکاری زیاترین لەگەڵ فەرەنسا لەچەند مانگی داهاتوو تائەنجامەكەی ببینین. لەبەرمبەردا سەرۆكی حیزبی ئۆپۆزیسۆن، لەپارلەمانی بەریتانیا  سێرکیر ستارمەر،  كەسەرۆکی پارتی کرێکارانە، ڕێکەوتنەكەی بە هەنگاوێکی بچووک بەئاراستەیەکی دروست ناوبردوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش گوتی;  پێویستە كەهەردوو حوكمەتی پاریس و لەندەن،  هەنگاوی مەزنتر بهاون بۆ ڕێگری لەكۆچی نایاسایی و بەرەنگاربوونەوەی تۆڕی قاچاخچیەتی كردن بەمرۆڤەوە. حکومەتی پارێزگاران لەئێستادا، لەژێر فشارێكی زۆردایە  بۆڕێگریی  یاخود، كەمكردنەوەی پەڕینەوەی كۆچبەران لەدەربەندی ئینگلیزیدا، کەئەمساڵ بۆ ئاستێکی وەها بەرزبۆتەوە ژمارەی پێوانەیی تۆماركردوە.  بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تەنها لەئەمساڵدا، تائێستا زیاتر لە 40 هەزار پەناخوازی نایاسایی بەبەلەمی بچووک پەڕینەوە، کەتەنیا لەم کۆتایی هەفتەیەدا، هەزار و 800 کەس گەیشتون.    بەپێی ڕێککەوتنە نوێیەکە، کەسوێلا براڤەرمان، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لەپاریس، لەگەڵ هاوتا فەڕەنسایەكەی واژۆ کردووە، ئەمساڵ بەریتانیا 63 ملیۆن پاوەند دەداتە فەرەنسا، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو 55 ملیۆن پاوەند بووە. بەپێی ڕێكەوتنی نێوان ئەو دوو ووڵاتە، ئەو پارەیە بۆ خەرجی ئەمانەی لای خوارەوە  بەكاردێت:  لەوانە دابینكردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئامێری بینینی شەوانە و جێگیركردنی سی سی تی ڤی، لەبەندەرەكانی فەرەنسا بۆ ڕێگریكردن لەهەوڵدان و پەڕینەوە لەبەندەرانەوە.  لەگەڵ ئەوەش پارەكە بۆ كڕینی سەگی تایبەت و ڕاهێنراو خەرج دەكرێ، بۆدۆزینەوەو ناسینەوەی ئەو كەسانەی هەوڵ دەدەن  لەبەندەرەکاندا بەبارهەڵگر بچنە ناو بەریتانیا. ئەوەی زیاتر پێداگیری لێكراوەتەوە، بونی چاودێرو ئەفسەرانی بەریتانیا دەبێ لەژوورەکانی کۆنترۆڵەوە لەسەر خاكی فەرەنسا، كەبەهاوبەشی ئەفسەرانی فەرەنسی لە ژوورەکانی کۆنترۆڵ و ئۆپراسیۆن جێگیر دەکرێن، بۆ ئەوەی یارمەتیدەرو ئاگاداری یەکتری بكەنەوە، لەجموجۆڵی كۆچبەران.  وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، سوێلا براڤەرمان، دەربارەی ئەو ڕێكەوتنە بەپەرلەمانتارانی ڕاگەیاندووە، ئەو ڕێكەوتنامەیە هەنگاوێكی باشە بۆ هاوکاری قووڵترو زیاتر لەداهاتوودا لەگەڵ فەڕەنسا.  ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر پێمان وابێت ئەم ڕێککەوتنە بە تەنیا کێشەکە چارەسەر دەکات؟  ئەوە ڕەنگە ڕاست نەبێت، بەڵام هانی هەمووان دەدەم پشتگیری لەو ڕێككەوتنە بکەن کەئێمە واژوومان كردوە، بۆ ئەوەی بتوانین لەداهاتوودا زیاتر ڕێگری لەكۆچی نایاسایی بكەین. بەشێك لەچاودێران دەڵێن، بەریتانیا پێویستە بەدوای ڕێكەوتنامەیەكی گەورەتردا بگەڕێ لەسەر ئاستی كیشوەری ئەوروپا، بۆ ڕێگریكردن و مامەڵەكردن لەگەڵ كۆچی نایاسایی. هەرچەندە دوای برێكزێت بەریتانیا بەشێك نیە لەسیستەمی كۆچی یەكییەتی ئەوروپا،بەڵام دەشێ  بەشێك نەبێ لەسیاسەتە ناڕێكەكانی كۆچبەری یەكییەتی ئەوروپا. سەرۆكی پارتی كرێكارانی بەریتانیا سێر کیر ستارمەر، دەڵێ پێشوازی لەو ڕێكەوتنامەیە دەكەم، بەڵام زۆر شتی دیكەش هەیە کەپێویستە ئەنجام بدرێت. ناوبراو بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندوە; پێویستمان بەدەزگای تاوانی نیشتمانی هەیە، کەلەپێش هەموانەوە کار بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کەسانەی کەقاچاخچیەتی دەكەن بەخەڵكەوە.  هەروەها ڕەخنەی لەمامەڵەکردن لەگەڵ داواکاریەكانی مافی پەنابەری لەبەریتانیا گرت و ئاماژەی بەوەكردوە، زۆربەی خەڵک "شۆک" دەبن، كاتێك ئامارە فەرمییەکان، دەریدەخەن تەنها 4%ی داواکارییەکانی پەنابەریی لەلایەن ئەو کۆچبەرانەی کەساڵی ڕابردوو  پەڕیونەتەوە، مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە.  فرانک دێرسین، سەرۆکی شارەوانی (تێتێگێم) لەنزیک شارۆچکەی دانکیغ ی نزیك بەندەری فەڕەنسا، بەڕادیۆی بی بی سی ٤ی ڕاگەیاندوە، زۆربوونی پەڕینەوەکان لەمساڵدا دەگەڕێتەوە بۆ بوونی سنورێكی كەنارەئاویی ١٧٥ كیلۆمەتری، كەئەمەش پێویستی بەژمارەیەكی ئێجگار زۆر پۆلیس و خەرجی زۆرە، سەرەڕای ئەوەش لەئێستادا پۆلیسێكی زۆر چاودێری و ئەو سنورە دەكەن، بەڵام ئەو ناوچەیەش بۆ خۆدزینەوە و خۆ عەشاردان ئاسانە. لەلایەكی دیكەوە هۆكاری زیادبون و بەرزبونەوەی ئەو ژمارە زۆرەی پەڕینەوە لەئەمساڵدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاووڵاتییە ئەلبانیانەی کە ئەو بەندەرە بۆ پەڕینەوەی نایاسایی بەكاردەهێنن.  تەنها ئەم ساڵ و تائێستا ١٢ هەزار ئەلبانی، بەبەکارهێنانی بەلەمی بچووک، گەیشتوونەتە بەریتانیا، لە کاتێکدا لەساڵی ٢٠٢٠دا تەنها ٥٠ کەسی ئەلبانی پەڕیونەتەوە. بەپێی  ئاماری وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ڕۆژانە خەرجی و تتێچوی شوێنی مانەوەی پەناخوازان لەو ووڵاتە دەگاتە ٧ملیۆن پاوەند،بۆ جێگیرکردنی پەناخوازان لەهۆتێلەکاندا.   دوایین ئاماری حکومەتیش بۆ ئەم ساڵ تاکۆتایی مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ دەریخستووە کە ١٠٣ هەزار كەیسی داواکاری پەناهەندەیی لەچاوەڕوانی بڕیاری یەكلای كردنەوە دان.  خاتوو براڤەرمان پێشتر دانی بەوەداناوە کەسیستەمی پەناخوازی ووڵاتەكەی شكستی هێناوە بۆیە لەهەوڵی ڕاستكردنەوەو پێداچونەوەدان تێدا. سەرۆك وەزیرانیش، سوناک دەڵێ، کەداواکارییەکانی مافی پەنابەری لەووڵاتەكەی وەك پێویست و خێرا ناڕوات بەڕێوە.

هاوڵاتی نەتەوەیەکگرتوەکان هۆشداریی دەداتە ئێران بۆ سەپاندنی سزای سێدارە دژی خۆپیشاندەران نەتەوەیەکگرتوەکان لە بەیاننامەیەکدا داوای لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد ئەو هەزاران کەسی بەهۆی ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکراون بە زوترین کات ئازاد بکات. نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەر بە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە بەیاننامەیەکدا داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی کرد و هۆشداریی دا لەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران خۆپیشاندەران لەسێدارە بدات. جێرمی لارنس، وتەبێژی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان رۆژی سێشەممە داوای لە دەسەڵاتی ئێران کرد کە دەستبەرداری ئەو تۆمەتانە بێت کە دەیانخاتە پاڵ خۆپیشاندەران و بەو هۆیەشەوە سزای توندیان بەسەردا دەسەپێنێت. لارنس هۆشدارایی داوە لەوەی کە دەسەڵاتی ئێران تەنها دەتوانێت لە بەرامبەر تاوانی قورس بە پێوەر و یاسا نێودەوڵەتییەکان سزای سیدارە بەسەر تاوانباراندا بسەپێنێت و خۆپیشاندەران و کەسانی ناڕەزایی بە هیچ جۆرێک بە تاوانکار ئەژمار ناکرێن. ئەو وتوشیەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە جیاتی کراونە و خوڵقاندنی کەشێک بۆ دەربڕینی ئاشتیانەی ناڕەزایەتییەکان بوەتە هۆکارێک بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژیی و کوژرانی خۆپیشاندەران. بە پێی دوایین ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە 15 هەزار کەس لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون و تا ئێستا دوای سزادانی سێ هەزار کەسیان کراوە و سزای سێدارەش بەسەر 20 کەسدا سەپێنراوە و سێ گەنجی کورد مەترسی سێدارەدانیان لەسەرە.

هاوڵاتی هێزەکانی ئەمریکا دەستیان بەسەر 70 تۆن سوتەمەنیی تایبەت بە موشەکدا گرت کە بڕیاربو بۆ یەمەن بگوازرێتەوە. رۆژی سێشەممە هێزە دەریاییەکانی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویان کردەوە؛ دەستیان بەسەر بڕێک سوتەمەنیی موشەکدا گرتوە کە سوتەمەنیی 10 موشەکی بالیستی دابین دەکات. لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سوتەمەنییەکە لە کەنداوی عۆمان دەستی بەسەردا گیراوە کە بڕیاربوە بۆ یەمەن بگوازرێتەوە. هێزەکانی ئەمریکا رونیان کردوەتەوە بۆ ماوەیەی یەک هەفتە چاودێریی ئەو سوتەمەنییەیان کردوە و دواتر کە دڵنیابونەتەوە بڕیارە بەرەو یەمەن رەوانە بکرێت، دەستیان بەسەردا گرتوە. بە وتەی یەکێک لە فەرماندەکانی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە، سوتەمەنییەکە لە لایەن ئێرانەوە رەوانەی چەکدارانی حوسی لە یەمەن کراوە بە مەبەستی بەکارهێنانی لە موشەکە بالیستییەکانی ئەو چەکدارانە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئێران بە بەردەوامی لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو تۆمەتبار دەکرێت بە ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ حوسییەکان لە یەمەن

هاوڵاتی یەنس ستۆلتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، وۆپکی هۆیکسترا و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، کاژسا ئۆلۆنگرێن لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان داو سەبارەت بە هەڵوێستی ناتۆ لە بەرامبەر ئەگەری دەستپێکردنی دانوستان لە نێوان ئۆکراینا و رووسیا گوتی: "دەمانەوێت لە گۆڕەپاندا پاڵپشتیی ئۆکراینا بکەین بۆ ئەوەی لەسەر مێزی دانوستان بەهێز بێت. ئەگەر ئەو مەرجانە درووستبێت کە ئۆکراینا قبوڵییەتی ئەوا پاڵپشتی دەکەین". سکرتێری گشتیی ناتۆ، ئاماژەی بەوە کرد کە کشانەوەی هێڵی بەرگریی رووسیا لە خێرسۆن بۆ لای چەپی رووباری دنیپرۆ سەرکەوتنێکی مەیدانییە بۆ ئۆکراینا و ستراتیژیی بەردەوامیدان بەو پاڵپشتییەی کە بە ئۆکراینایان داوە بەهێز کردووە. یەنس ستۆلتنبێرگ، باسی لەوە کرد کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین کاتێک کە ئۆکراینای داگیر کردووە دوو هەڵەی گەورەی ئەنجامداوە و راشیگەیاند یەکێک لەو هەڵە ستراتیژییانە ئازایی ئۆکراینییەکان و پەیوەستبوونیانە بە وڵاتەکەیان و ئەوەی دیکەش بەهەند وەرنەگتنی پاڵپشتیی ناتۆ و یەکێتی ئەورووپایە بۆ ئۆکراینا. سکرتێری گشتیی ناتۆ، گوتی: "ئەگەر سوپای رووسیا لە هەندێک ناوچە کشابێتەوە ئەوا هێشتا بە سوپایەکی قەرەباڵەغەوە رووبەرێکی زۆر گەورەی ئۆکراینای کۆنتڕۆڵ کردووە". ستۆلتنبێرگ، ئاشکرای کرد کە پوتین دەیەوێت لە وەرزی زستاندا ئۆکراینا بخاتە دۆخێکی سەختەوە و گوتی: "زستان لە پێشماندایە، رووسیا دەیەوێت ئۆکراینا رەق بکاتەوە". ستۆلتنبێرگ، گوتیشی: "زۆربەی جەنگەکان لە سەر مێزی دانوستان کۆتایی پێدێت بەڵام ئەوانەی سەر مێزەکە بە تەواوەتی بە سەرکەوتنەکانی گۆرەپانی جەنگەوە بەستراوەتەوە" و جەختی لەوە کردەوە کە سوپای ئۆکراینا هەرچەند جەنگەکە ببەنەوە ئەوەندە لە دانوستانەکان دەستیان بەهێزتر دەبێت. یەنس ستۆلتنبێرگ، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانان سەبارەت بە ئایا ئۆکراینا دەرفەتێکی باشی دەستکەوتووە بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ رووسیا، گوتی: "ئۆکراینییەکان باجی جەنگەکە دەدەنەوە. لەبەر ئەم هۆکارە ئۆکراینییەکان بڕیار دەدەن کەی و لە چی مەرجێکدا دانوستانەکان دەست پێدەکات". ستۆلتنبێرگ، گوتیشی: " ئەگەر ئەو مەرجانە درووستبێت کە ئۆکراینا قبوڵییەتی ئەوە پاڵپشتی دەکەین. ئەوەی لەسەر ئێمەیە دەستکەوتەکانی ئۆکراینا زیادبکەین".