هاوڵاتی توركیا بەشێوەیەكی رانەگەیەنراو و پێش كۆبوونەوەی سێقۆڵی تاران، هێرشەكانی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان چڕكردووەتەوە بەنهێنی دەستی كردووە بەگواستنەوەی چەك و كەرەستەی سەربازیی بۆ ئەو ناوچانەی كە مەبەستییەتی كۆنتڕۆڵی بكات. ئەنقەرە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە گڵۆپی سەوزی ئێران و روسیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ لەباكوری سوریا بەدەستبهێنێت بەشێوازێكی دیكە هەوڵی بەدیهێنانی مەبەست و ئامانجەكانی لە رۆژئاوای كورستان دەدات بەتایبەت كە شەفاعەتەكەی ئەردۆغان بۆ ئێران دژی پەكەكە و پەژاك سەری نەگرت. ئەردۆغان لەتاران رایگەیاند:» پەكەكە و پەژاك و یەپەگەو پەیەدە دوژمنی هاوبەشی ئێران و توركیان، بۆیە پێویستە هەماهەنگیی زیاتر هەبێت لەنێوان ئەنقەرەو تاران بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو هێزانە، بەڵام سەرۆك كۆمارو رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران دژایەتیی ئاشكرای خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی توركیا راگەیاند. توركیا لەساڵانی رابردوودا بەدروستكردنی هەزارو 400 كیلۆمەتر دیواری كۆنكرێت لەسنورەكانی نێوان باكوری كوردستان لەگەڵ رۆژئاواو رۆژهەڵاتی كوردستان هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجێكی سەرەكەییە بەدەر لەهێرشكردنە سەر پەكەكە ئەویش دابڕینی زیاتری خاكی كوردە. لەبەرامبەردا ئێران بەهۆی ئەوەی سیاسەت و ئامانجی خۆی هەیە لەناوچەكەدا بەپێی پلانەكانی ئەنقەرە هەڵسوكەوت ناكات، بەڵام دواجار ئەویش بەردی خۆی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسنگ دەدات بەتایبەت كە ئەو دوو وڵاتە دوو ركابەری دێرینن لەناوچەكەو بەشێكی سەرەكیی ململانێكانیشیان لەسەر خاك و خەڵكی كوردە. داواكاریی سەرەكیی ئەردۆغان لەتاران رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لەحەوتەمین كۆبوونەوەی لوتكەی سەركردەكانی گفتوگۆی ئەستانە كە (20/7/202) لە تاران-ی پایتەختی ئێران بەڕێوەچوو، رایگەیاند:» پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پەژاك) و پارتی یەكیتی دیموكراتی (پەیەدە) و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و لایەنگران و ئەندامانی گروپی فەتحوڵڵا گویلەن (فەتۆ) كێشەی سەرەكیی توركیاو ئێرانن، بۆیە دەبێت ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە بەهاوبەشیی كار بكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. ئەردۆغان لەكۆنگرە هاوبەشەكەی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران سەرجەم ئەو رێكخراوانەی بەتیرۆریست ناوبردو وتی:» ئەو رێكخراوانە بەهەوڵی توركیا خراونەتە لیستی تیرۆری وڵاتانی پەیمانی باكوری ئەتڵەسی (ناتۆ) چونكە لەهەر وڵاتێك بن زیان بەو وڵاتانە دەگەیەنن». سەرۆك كۆماری توركیا جەختی لەوە كردەوە یەكێك لەسەرەكیترین ئامانجەكانی حەوتەمین كۆبوونەوەی لوتكەی سەرۆكەكانی گفتوگۆكانی ئەستانە واتە تاران و ئەنقەرەو روسیا، رووبەڕووبوونەوەی ئەو لایەنانەیە كە ئەو بەتیرۆریست ناوی هێناون. ئەردۆغان هەر لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەدا لەگەڵ رەئیسی وتی:» توركیا پلانی هەیە بۆ بەرزكردنەوە ئاستی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران بەتایبەت لەبوارەكانی (سیاسیی، سەربازیی، بازرگانی، كەلتوریی) و پێداگریی لەوەش كرد كە توركیا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەنگاوی گەورەی لە رووی ئابوریی و بەرگرییەوە ناوەو ئەوەش دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی پەیوەندییە سەربازیی و پیشەسازییەكانی بەرگریی لەگەڵ ئێران. ئەو ئاشكرای كرد بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاستی بازرگانیی نێوان توركیاو ئێران بۆ حەوت ملیارو 500 ملیۆن دۆلار دابەزیوە، بەڵام ئەنقەرەو تاران پلانیان هەیە ئاڵوگۆڕی بازرگانییەكانیان بۆ 30 ملیار دۆلار لەساڵێكدا بەرزبكەنەوە. ئەوەی زۆر مایەی سەرنج بوو لەلێدوانە رۆژنامەوانییەكەی ئەردۆغان لەگەل رەئیسی، ئەوە بوو كە ئەو جەختی لەوە كردەوە توركیا لەبواری پیشەسازیی سەربازیدا پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوەو پێویستە ئەنقەرەو تاران لەبواری سەربازیدا هەماهەنگتربن زیاتر لە رابردوو هاوكاریی یەكتر بكەن. شكستی ئەردۆغان لەحەوتەمین كۆبوونەوەی سێ كوچكە ئەردۆغان لەوتارەكەیدا لە كۆبوونەوەی لوتكەی سێ وڵاتی روسیا و توركیا و ئێران كە بەسێ كوچكە ناودەهێنرێن رایگەیاند:» پێویستە توركیا بەئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی سەربازیی بەقوڵایی 30 كیلۆمەتر لەخاكی سوریا مەترسییەكانی سەر ئەنقەرە بڕەوێنێتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەیدا پوتن و رەئیسی هەردووكیان بەسەر زارەكی ئاسایشی توركیایان بەگرنگ و مافی خۆی وەسف كرد هیچ یەك لەو دو وڵاتە بەئاشكرا باسی رەوایەتیی ئۆپەراسیۆنەكەیان نەكرد». لەلایەكی دیكەوە عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران لەكاتی كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان رایگەیاند:» ئەنجامدانی هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لە سوریا و باكوری ئەو وڵاتە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی تەنانەت توركیا دەگەیەنێت كە وتەكەی خامنەیش دژایەتییەكی ئاشكرای ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی بوو كە ئەردۆغان چاوەڕوانی گڵۆپی سەوزی لە لایەن روسیا و ئێرانەوە دەكرد». رۆژنامەی (عەرەبیە جەدید)ی قەتەر-ی بڵاوی كردووەتەوە؛ ئێران و روسیا بەئاشكرا دژی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی توركیا لەناوچەكانی باكوری سوریاو رۆژئاوای كوردستان وەستاونەتەوە، بۆیە توركیا دەیەوێت بەشێوازێكی دیكە و لەرێگەی گروپە چەكدارە سورییەكانی نەیاری رژێم و هاوپەیمانی توركیا، هێرشەكان ئەنجام بدات. هاوكات لەگەڵ ئەو زانیارییەی رۆژنامەكە، میدیای (نۆرس پرێس) لەرۆژئاوای كوردستان لەزاری بەرپرسانی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاوی كردووەتەوە سوپای توركیا لەدوای كۆبوونەوەی سێ كوچكە لەتاران پێچەوانەی ئۆپەراسیۆنەكانی پێشووی، بە نهێنی چەكی قورس و زرێپۆش بۆ ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی توندڕەو لەناوچەكانی باكوری سوریا دەگوازێتەوە. گومان دەكرێت توركیا ئۆپەراسیۆنەكەی بەشێویەكی رانەگەیەنراوو بەدەستی هێزە چەكدارە توندڕەوەكانی سوریا لەدژی كۆبانی و منبج و عەین عیسا لەرۆژئاوای كوردستان دەستپێبكات و هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی رێگای (ئێم 4) بدات بۆ ئەوەی كانتۆنی كۆبانێ و كانتۆنی جزیرە لەیەكتر داببڕێت. ئێران لەئەدەنە تا سێ كوچكە ئێران كە پێشتریش لەساڵی 1998 بەهەوڵەكانی بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆن و جەنگی توركیا لەدژی سوریا ئەزموونی لەگەڵ ئەنكەرە هەیە خەمی سەرەكیی ئەوەیە كە خاكی سوریا كە بەسەنگەری سەرەكیی جەنگ لەدژی ئیسرائیل ناو دەبات و رەنگە پێگەی كورد لەسوریا بۆ تاران جێی بایەخێكی ئەوتۆ نەبێت چونكە هەنگاوەكانی ئێران بوو كە پەیمانی ئەدەنەی لەساڵی 1998 لێكەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی توركیا بەپێی خاڵەكانی ئەو پەیماننامەیە مافی ئەوەی پێبدرێت پێنج كیلۆمەتر بچێتە خاكی رۆژئاوای كوردستان. توركیا لەساڵی 1996 هۆشداریی دەداتە رژێمی سوریا كە ئەگەر پەكەكە بەسەركردایەتیی عەبدوڵا ئۆجەلان لەخاكی رۆژئاوای كوردستان و سوریا دەرنەكرێت ئەوا هێرش دەكاتە سەر ئەو ناوچانە بەبێ گەڕانەوە بۆ رەزامەدنیی دیمەش، دوای نزیكەی دوو ساڵ سوپای توركیا بەتانك و زرێپۆش چووە سنورەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەوەش وای كرد ئێران وەفدێكی وەزارەتی دەرەوە لەساڵی 1987 رەوانەی دیمەشق و دواتر ئەنقەرە بكات تا بەنێوەندگیریی رێگە لەسەرهەڵدانی جەنگی دوو وڵاتەكە بگرێت. دواجار 20ی ئۆكتۆبەری ساڵی 1988 رێككەوتنێك لەنێوان توركیاو سوریا لەشاری ئەدەنە لەباكوری كوردستان واژۆ كرا كە بەپێی رێككەوتنەكە دیمەشق لەسەر داوای ئەنقەرە پەكەكە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەم دەدات و عەبدوڵا ئۆجەلانیش لەرۆژئاوای كوردستان دەركراو ئەگەر توركیا هەركات لەسنورەكانی سوریاوە هەڕەشەی لەسەر بێت ئەوا سوپای ئەو وڵاتە دەتوانێت بە قوڵایی پێنج كیلۆمەتر بچێتە خاكی سوریا. ئێران لەو سەردەمە هاوشانی وڵاتی میسر رۆڵی بەرچاوی بینی لە رێككەوتنەكەدا و لەساڵی 2019 جارێكی دیكە مۆسكۆو تاران پێشنیاریان بەتوركیا كرد لەجیاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بگەڕێتەوە بۆ خاڵەكانی رێككەوتنی ئەدەنە، بەڵام دواجار توركیا بە بێگوێدان بەپێشنیارو گۆڕانكارییە 10 خاڵییەكەی ئەو رێككەوتنە، هێرشی كردەسەر رۆژئاوای كوردستان و داگیركردنی گرێسپی و سەرێكانیی لێكەوتەوە. توركیا لەساڵی 2017 و لەگەڵ یەكەم كۆبوونەوەی لوتكەی ئەستانە یان سێ كوچكە پێداگریی كردووە كە بەقوڵایی 32 كیلۆمەترو بەدرێژایی زیاتر لە 800 كیلۆمەتر بچێتە خاكی سوریا و رۆژئاوای كوردستان بەڵام لە رێككەوتنی ئەدەنە لەساڵی 1998 و دواتر لە 2019 پێنج كیلۆمەتر دیاریی كراوە بۆ ئەوەی سوپای ئەو وڵاتە بتوانێت ئەو سنورانە ببەزێنێت. پەكەكەو ئێران ئێران هاوشانی توركیا پەكەكە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی لەقەڵەمدا، بەڵام بەبەردەوامیی دەیەوێت وەك دوژمنێكی سەرەكیی ركابەرەكەی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو رێكخراوە بەرامبەر بەخۆی هەستیار نەكاتەوەو رەنگە هەرئەوەش وای لەئێران كردبێت لەدوای 1998 تا نزیكەی ساڵی 2004 نەیویستبێت هەستیارییەكی توند لەگەڵ رێكخراوەكە دروست بكات بەتایبەت كەدەزانێت رێكخستنەكانی پەكەكە لەقوڵایی بەشێكی بەرچاو لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بوونیان هەیەو پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) وەك بەشێك لەو هێزە لەقەڵەم دەدات. لەم سۆنگەیەوە بەریەككەوتنی پەكەكەو هێزە سەربازییەكانی ئێران لەئاستێكی بەرفراواندا هاوشێوەی شەڕ لەگەڵ توركیا نەبووە، ئەگەرچی لەماوەی ساڵانی رابردوودا دەیان ئەندام و لایەنگری پەكەكە و پژاك لەلایەن ئێرانەوە دەستگیركراون و ژمارەیەكیشیان لەسێدارە دراون بەڵام پێناچێت تاران پێی ناخۆش بێت هێزێكی لەو شێوەیە گورز لەتوركیای ركابەری بوەشێنێت ئەمەش وا دەكات تاران لەسنورێكی دیاریكراودا خۆی دووربگرێت لەهەستیاریی و بەریەككەوتن لەدژی پەكەكە. دیواری كۆنكرێتی توركیا دژی كورد سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی توركیا وتوویەتی :»لە كۆتاییەكانی ساڵی 2021ەوە سەرقاڵی دروستكردنی دیواری كۆنكرێتن لە سنورەكانی نێوان وڵاتەكەی و ئێران». ئەو بەمیدیای فەرمیی توركیای راگەیاندووە» پێویست بوو 144 كیلۆمەتر لەخاڵی سنوریی نێوان باكوری كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان بەدیواری كۆنكرێت بكرێت لەپێناو پاراستنی وڵاتەكە لەهەڕەشەی گروپە چەكدارەكان و زیانی قاچاخچییەكان». سۆیلۆ وتوویەتی:»توركیا هاوشێوەی ئەو دیوارەی لەسنورەكانی وڵاتەكە لەگەڵ ئێران دروستی كردووە لەسنورەكانی جۆرجیاو ئەرمینیا لەگەڵ توركیاش هەمان دیواری كۆنكرێتی دروست دەكات و بەسیستمی ئەلیكترۆنیی و بەوردیی ئەو سنورانە چاودێریی دەكرێن». سنوری نێوان ئێران و توركیا 535 كیلۆمەترە كە زۆرینەی ئەو هێڵە سنورییە دەكەوێتە نێوان باكور و رۆژهەڵاتی كوردستان و بڕیارە 341 بنكەی پاسەوانیی تێدا جێگیر بكرێت و بەپێی پلانەكەی توركیا، سەرجەم ئەو سنورانە تاكۆتایی ساڵی 2023 دەكرێتە دیواری كۆنكرێت. میدیای فەرمیی ئێران بڵاوی كردوەتەوە لێدانی خەندەق و دیواری كۆنكرێتیی لەلایەن توركیاوە بووەتە هۆی دروستبونی لافاوو تێكدانی تۆپۆگرافیای ناوچەكەو بەهۆیە ژمارەیەكی زۆر لەڕەشەوڵاخ و مەڕو ماڵاتی ناوچەكانی ماكۆ لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لەناوچوون و جگە لەو زیانانەش ئەو سەرچاوە ئاوییانەی كە لەباكوری كوردستانەوە بەرەو رۆژهەڵات هاتووە و یان پێچەوانە، رێڕەوەكەیان تێكدراوە. توركیا نزیكەی 916 كیلومەتر سنوری هەیە لەگەڵ سوریا ئەویش زۆربەی دەكەوێتە ناوچەكانی نێوان رۆژئاوای كوردستان و باكوری كوردستان و تائێستا 837 كیلۆمەتر لەو سنورانە لەلایەن توركیا كراوە بەدیواری كۆنكرێت و تەلبەند كراون كەهاوكات بەسیستمی ئەلیكترۆنی و كامێرا چاودێریی ورد دەكرێت. دیواری كۆنكرێت چەكی توركیا دژی كورد وەزارەتی بەرگریی توركیا بڵاوی كردووەتەوە بودجە وەزارەتەكە لەساڵی 2021 نزیكەی (69) ملیارد لیرەی توركی بووە كە بەنرخی ئەو سەردەمە دەكاتە 135 ملیار دۆلار لەكاتێكدا لەو ساڵەدا تەنها یەك ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەناوچەكانی نێوان باكوری كوردستان و هەرێمی كوردستان لەدژی پەكەكە ئەنجام داوە. وەزارەتی بەرگریی رایگەیاندووە ئەو بڕە لەبودجەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆو سنورەكانی وڵاتەكە تەرخان كراوە و بڕی دوو ملیارد لیرەش لەبواری «پاراستنی ئاشتیی» لەوڵاتانی لوبنان و بۆسنیاو هێرزەگۆڤین و ئەفغانستان خەرج كراوە. بەچاوخشاندنێكی سەرەكیی دەردەكەوێت وەزارەتی بەرگریی توركیا لەو ساڵەدا زیاترین مەودای سنورەكانی لەگەڵ رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان كردووە بەدیواری كۆنكرێت كەسەرجەم درێژییەكەی ئەو سنوورانە دەگاتە زیاتر لەهەزار و 450 كیلۆمەتر. توركیا بەبیانوی پاراستنی وڵاتەكەی بە دروستكردنی سنوری كۆنكرێت كورد لەسێ پارچەی كوردستان زیاتر تووشی دابڕان دەكات و ئەوەش بەئامانجی بەدیهێنانی پلانەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لەئێستا زیاتر بەرۆكی رۆژئاوای كوردستان و داوتریش هەرێمی كوردستانی گرتووە.
هاوڵاتی ١٠٢ پەرلەمانتار لە پارتە جیاوازەكانی فەرەنسا دەڵێن:" شەڕانگێزییەكانی ئەردۆغان هەڕەشە لە سەقامگیریی خۆهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی ئەوروپا دەكات و داوا دەكەن، ئاسمانی باكوری سوریا بە ڕووی توركیادا دابخرێت". بە سەرۆكایەتیی سیناتۆر لۆرێنس كۆهێن ئەندامی حزبی كۆمۆنیستی فەرەنسا ١٠٢ پەرلەمانتار لە پارتە جیاوازەكانی فەرەنسا بەیاننامەیەكی هاوبەشیان لەسەر هەڕەشە و داگیركاریی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر باكور و خۆرهەڵاتی سوریا بڵاوكردەوە. رایانگەیاند:" دوای هەڵگیرسانی شەڕی ڕوسیا لە دژی ئۆكرانیا، ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا سوود لە بارودۆخی ئاڵۆزی جیهان و بێدەنگی میدیا نێونەتەوەیەكان وەرگرتوە و پلانی داناوە هێرش بكاتە سەر كورد لە باكوری سوریا". پەرلەمانتارانی فەرەنسا ئاماژە بۆ ئەوەشدەكەن:" لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا سەرەڕای خراپی بارودۆخی جەنگ، گەلی كورد، عەرەب، ئاشووری- كلدانی، ئەرمەنی و هەموو گەلانی دیكە پێكەوە دەژین و هەوڵ دەدەن سیستمێكی دیمكرایتك، فمینیست و ژینگەپارێزی دابمەزرێنن، ئەوان بە دیالۆگ بۆ بەرقەراركردنی ئاشتی هەمیشەیی لە نێوان گەلان دا تێدەكۆشن". پەرلەمانتارانی فەرەنسا هێرشە داگیركارییەكانی ساڵی ٢٠١٩ی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر گرێ سپی و سەرێكانییان بەبیرهێنایەوەو ئاشكرایدەكەن: "چیتر نابێت وڵاتانی ڕۆژئاوا سەیری تاوانی جەنگ و پێشێلكارییەكانی سوپای تورك بكەن". ئەو پەرلەمانتارنەی فەرەنسا تەئكیددەكەنەوە: " كە تێكۆشانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لە دژی داعش لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە بە ئەرێنی هەڵسەنگێندرا"، هەروەك و داوایان لە دەوڵەتانی خۆئاوا و بە تایبەتی حكومەتی پاریس كرد: كە"ئەم دۆخە پەیوەندیی بە هەموومانەوە هەیە نەك هەندێك و دەبێت ئێمە ڕێگە بە سوپای ئەردۆغان نەدەین جارێكی تر هێرش بكاتە سەر هاوپەیمانە كوردەكانمان". باس لەوەشدەكەن:" ئێمە لە بیرمان ناچێت، كە هەزاران چەتەی جیهادیی لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریادا دەستگیركراون، قبوڵكردنی ئۆپەراسیۆنە نوێیەكەی ئەردۆغان بۆ داگیركەری لە دژی باكوری سوریا بە واتای ناسەقامگیركردنی ناوچەكە و دروستكردنی مەترسییەكی جدییە لەسەر ئاسایشی ئەوروپا". پەرلەمانتارانی فەرەنسا دەڵێن:" ئێمە وەك پەرلەمانتارانی خاوەن بۆچوونی سیاسیی جیاواز لە فەرەنسا، سیاسەتی شەڕانگێزانەی ئەردۆغان شەرمەزار دەكەین و داوا لە سەرۆك و بەرپرسانی ئەوروپا دەكەین، كە خاوەن هەڵوێست بن". بەمەبەستی قەدەغەكردنی ئاسمانی باكوری سوریا و پاراستنی كوردانی سوریا لەئاستی نێودەوڵەتیدا ئەو ١٠٢ پەرلەمانتارەی فەرەنسا داوایان لەدەوڵەتە ئەندامەكانی یەكێتیی ئەوروپا و فەرەنسا كرد:" لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێوشوێنی پێویست بۆ چارەسەركردنی هەمیشەیی لە ناوچەكە بگرنە بەر". داواشیانكرد" قەوارە و كیانی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا لە ئاستی نێونەتەوەیدا دانی پیادا بنرێت و بناسرێت".
كاوە ڕەش دوای چەندین گەڕ لەهەڵبژاردن و دەنگدانی پارلەمانتارانی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتداری بەریتانیا، ئێستا تەنها دوو كاندید پێشبێڕكێ دەكەن بۆ گرتنەدەستی دەسەڵاتی بینای ژمارە١٠ ی سەرۆك وەزیران. هەردوو كاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی بەریتانیاو سەرۆكی پارتی پارێزگاران، بەڵێن دەدەن كەبەردەوام دەبن لەو پلانەی حكومەتی بەریتانیا بۆ ڕەوانەكردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا. بەپێی ڕێكەوتنامەی واژۆكراوی نێوان ڕوانداو بەریتانیا، لەئێستادا بڕی ١٢٠میلۆن پاوەندی لێ دراوەتە ڕواندە، بۆ حەوانەوەی ئەو پەناخوازانەی بەنایاسایی دەگەنە بەریتانیا. وەزیری خەزێنەی پێشوو، و وەكاندیدی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی بەریتانیا، ڕیشی سوناك، ڕایگەیاند: هەموو هەوڵێكی جدی خۆی دەخاتەگەڕ، بۆ جێبەجێ كردنی ئەو پلانەی حوكمەت، كەواژۆكراوە بۆ دیپۆرتكردنی پەناخوازان بۆ ئەفریقا. سوناك ئەماژە بەوەشدەدات، كەهەمووان دەزانن سیستەمی ئێستای پەناهەندەیی دەبێ ڕێكبخرێتەوەو سنورەكان كۆنتڕۆڵبكرێت و ناكرێ خەڵكی بەریتانیا، تەنها تەماشاكاربێت لەهاتنی بەلێشاوی بەلەمی چوپی پڕ لەپەناخوازی نایاسایی ، لەكاتێكدا پاسەوانەكانی سنورپارێز نەتوانن ڕێگری بكەن و تەنها تەماشاكاربن بەهۆی بڕیارەكانی دادگای وڵاتانی ئەورپا. سوناك دەڵێ، ئێمە دەبێ بزانین كێ پەناخوازی لێوەشاوەیەو پێویستی بەپاراستنی جدی هەیە، بۆ ئەوەی پێشوازی لێ بكەیەن نەك پەناخوازی ئابوری، ئەوانەی بەدوای هەلی كاردا دەگەڕێن و بەوڵاتانی دیكەی سەلامەتی ئەوروپادا دەپەڕنەوە بۆ ئێرە. لەخاڵێكی دیكەی كۆنتڕۆڵكردنی كۆچی نایاسایی ئاماژەوە بەوە دەدات: كەلەگەڵ گەیشتنی كۆچبەران بەبەلەم، ڕووبەڕووی سزای زیندانی كردن بكرێنەوە، و هەرشوێنێكیش دەرفەتی كاری بۆ پەناخوازێكی نایاسایی ڕەخساند، ڕووبەڕووی سزای زیندانی و پێژماردن دەبێتەوە. سوناك دەڵێ، ئەگەر وڵاتانی هەژار و دۆست ئەو كۆچبەرانە وەرنەگرنەوە كەئێمە بەلێوەشاوەیان نازانین، ئەوە هاوكارییە مرۆییەكانیان لێ دەبڕین، كەساڵانە لەبودجەی هاوكاری بیانی پێان دەدرێت و لەڕووی مامەڵەی فیزاو بازرگانی، بێ بەشیان دەكەین. سوناك، پلانێكی 10 خاڵی ئامادەكردوە، بۆ بەرتەسكردنەوەو ڕێگری لەكۆچ نایاسایی و بەوتەی ئەو، هاوتەبایە لەگەڵ چەمكەكانی پەیماننامەی مافی مرۆڤی ئەوروپا (ECHR). لەنوسیكدا لەڕۆژی یەكشەممەی تەلەگرافدا دەڵێ : "ئی سی ئاڕ ناتوانێت ڕێگە لەتوانای ئێمە بگرێت بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكانمان و نابێت ڕێگە بدەین دەست وەربداتە سیستەمی كۆچی ئێمەوە، چونكە هەستی گشتی بەریتانیا، پێویستی بە دەرمانێكی تەندروستە، بۆ ناو سیستەمەكە، وە ئەمە ئەو شتەیە كەپلانەكەم دەیكات. هەروەها ڕیشی سوناك، بەڵێن دەدات، كەئەو كۆچبەرانە بوەستێنێت كەبەڕێگای بەلەمە بچووكەكان لەفەرەنساوە دەگەنە بەریتانیاو دەڵێ، ئەولەویەتی دوای پێك هێنانی كابینەی نوێ، ڕێكخستنی دیدارێكە لەگەڵ، ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فەرەنسا بۆداڕشتنی پلانێكی تۆكمەی كۆنتڕۆڵكردنی سنور. هاوكات لیز تراس، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاو كاندیدی ڕكابەری ڕیشی سوناك، بۆ هەردوو پۆستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاو پارتی پارێزگارانیش دووپاتی دەكاتەوە، پابەند دەبێت بەپلانی ناردنی پەناخوازان بۆ ڕواندا و دەڵێت: دەخوازێت گۆڕانكاری لەبەشێكی پلانەكە بكات، بەزیادكردنی وڵاتانی دیكەش بۆ ناردنی پەناخوازی نایاسایی و پێی وایە، كاتی ئەوە هاتووە كەئەو سیستمە تێك شكاوەی ڕابردووی پەناهەندەیی ڕاست بكرێتەوە. لیز تروس راشیگەیاند: دەبێ خۆمان بڕیاربدەین چەند پەناخواز وەربگرین و چۆن كۆنتڕۆڵی تەواوی سنورەكانمان بكەین، چونكە ڕایگشتی گەلی بەریتانیا،چیدیكە قبوڵی هاتنی بەلێشاوی پەناخوازان بۆ ووڵاتەكەمان ناكەن بەناو وڵاتانی دیكەی سەلامەتی ئەوروپاوە بۆ خاكی ئێمە. خانمە لیز دەڵێ، لەئەگەری بونی بەسەرۆكوەزیران، هەوڵی تەواو دەدات بۆ ڕێگری كردنی (دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا) لەدەستوەردانی لەڕێگری كردنی بەردەوامەكانی بەریتانیا بۆ كۆنترۆڵكردنی سیاسەتی كۆچبەران. لەهەمانكاتدا هەوڵی هاتنەدەرەوە لەڕێكەوتنمای دادگای مافەكانی مرۆڤی ئەوروپا دەدەم. وەزیری دەرەوە وتییشی توانای هێزی سنورپارێز بەڕێژەی 20٪ زیاد دەكات و ئاستی كارمەندانی هێزی دەریایی سەرسنور، بۆ دوو هێندە بەرزدەكاتەوە لەكەناڵە ئێشكگرەكانی بەریتانیا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو سەیری هەموو بژاردەو تاكتیكە جیاوازەكانی دەكات، بۆ ڕێگریكردن لەپەڕینەوەی كۆچبەران بەشێوەیەكی نایاسایی. تەنانەت سەرباری گەڕانەوە بۆ تاكتیكی وەزیری ناوخۆ پریتی پاتێل، لەپلانی گەڕاندنەوەی بەلەمەكان بەرەو فەڕنسا، كەپێشتر توشی ئاڵانگاری یاسای كراوەتەوەو وەزیر بەجێیهێشتوە. لیز، دەڵێ، من لەوە تێدەگەم كەئەركی لەپێشینەی من بۆ خەڵك و وڵات، ئەوەیە كە دڵنیابینەوە سیستەمی كۆچبەرانمان دادپەروەرانەیە. ئەو كۆچە نایاساییەی كە ئێمە دەیبینین لەسەر كەناڵەكان ڕوودەدات، هەموو نادادپەروەرانەیەو زۆر مەترسیدارە. ڕاستكردنەوەی ئەو نادادپەرواریەش، یەكێكە لە ئەولەوییەتەكانی من بۆ كابینەی داهاتوو. لەگەڵ ئەوەش من وەك وەزیری دەرەوە، لەكارەكەمەوە ئەزمونم وەرگرتووە، دەزانم كەوڵاتانی زیاتر هەن دەخوازن كار لەگەڵ ئێمە بكەن بۆ توندوتۆڵكردن و ڕێگری لەكۆچی نایاسایی. وەئەگەر من ببمە سەرۆكوەزیران، لەژێر ڕێبەرایەتیی مندا ئەو هەوڵانە بەرەو پێشەوە دەڕۆن. لەلایەكی دیكەوەو بەپێی ئەو دانگدان و ڕاپرسیانەی ڕاگەیاندەكانی بەریتانیا، ئەنجامی دەدەن، تائێستا سوناك، وەك سەرۆك وەزیرانێكی باش پیشاندەدرێت و دەنگەكانی لەسەروی لیز تروسەوەیە. ئەوە لەكاتێكدا، لەڕاپرسییەكی نوێدا نیشانی دەدات كە 43٪ لەو باوەڕەدان، ڕیشی سوناك، دەبێتە سەرۆك وەزیران، بەبەراورد بە 36٪ پشتگیری لەوەزیری دەرەوە دەكەن. ئەندامانی پارتی پارێزگاران تاڕۆژی 2ی ئەیلولیان لەبەردەمە، بۆ ئەوەی لەنێوان ئەو دوو كاندیدە یەكیان هەڵبژێرن. ئەنجامی كۆتای لە ٥ی سێپتەمبەر ڕادەگەیەنرێت، لەگەڵ ئەوە پێشبینی دەكرێ ڕۆژێك دواتر كاندیدی سەركەوتووی سەرۆكی پارت و سەرۆكوەزیران، جێگەی بۆریس جۆنسن، بگرێتەوە لەبینای ژمارە١٠ی شەقامی داونینگ. تاو ئەو كاتەش بۆریس جۆنسن، لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی ووڵاتەكەی بەردەوام دەبێت.
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند:" ئەمریكا لەدروستكردنی حكومەتی نوێی عێراقیدا دەستوەرنادات". نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند: " وڵاتەكەی لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەكانیدا لەپەیوەندی بەردەوامدایە بەڵام لەدروستكردنی حكومەتی نوێی عێراقیدا دەستوەردان ناكات". وتیشی:"وڵاتەكەی هاوكاری لەگەڵ هەر حكومەتێكی عێراقیدا دەكات كە سەروەری و سیادەی خۆی و بەرژەوەندی گەلەكەی بپارێزێت". هاوكات داواشی لەلایەنە سیاسییەكان كرد، "دانبەخۆیاندا بگرن و پەنانەبەنە بەر توندوتیژی لەخۆپیشاندانەكاندا". نزیكەی 10 مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمان لەعێراقدا كراوە بەڵام تاوەكو ئێستا حكومەتی نوێ پێكنەهاتووە.
هاوڵاتی رووداوی تۆپبارانەكەی سوپاكەی ئەردۆغان بۆ سەر گوندی پەرەخێ لە زاخۆ توركیا دەباتە ئەنجومەنی ئاسایش، وەزیری دەرەوەی عێراق و جنین پلاسخارت راپۆرتی ورد لەوبارەیەوە دەخەنەڕوو و فوئاد حوسێن لەنیۆیۆرك رایگەیاند:» داوا دەكەین سوپای توركیا لەخاكی عێراقدا نەمێنێت و ئۆپەراسیۆنەكانی كۆتایی پێبێت». تۆپبارانی توركیا بۆ سەر ناوچەی گەشتیاری گوندی پەرەخێ لە 20ی تەمموزدا لەزاخۆ 9 كوژران و 31 برینداری لێكەوتەوە، كە خەڵكی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوون، ئەوەش توڕەیی بەرفراوانی شەقامی عێراقی بووەوە، لەشارە جیاجیاكان خۆپیشاندان دژی توركیا كراو وێنەی سوتانی ئاڵای ئەو وڵاتە لەلایەن خەڵكەوە لەبەردەم ناوەندی ڤیزای توركیا لەكەربەلا بڵابووەوە. لەبەغداد خۆپیشاندەران ئاڵای توركیایان لەسەر باڵیۆزخانەكەی هێنایەخوارەوە، هاوكات لە نەجەف و ناسریەو كەركوك خۆپیشاندان كراو دروشمی توند دژی رەجەب تەیب ئەردۆغان و حكومەتەكەی بەرزكرایەوە. بەغداد نزیكەی 216 سكاڵای پێشكەشی خودی حكومەتی ئەنقەرە كردووە، بەڵام وادیارە ئەنقەرە هیچی لەبەرچاو نەگرتووە، چونكە پێشلكاریەكانی بەرامبەر سەروەری خاكی عێراق و هێرشەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەردەوامەو تەنها لەماوەی چوار ساڵداو لەساڵی 2018ەوە توركیا 22 هەزارو 740 پێشێلكاری ئەنجامداوە، دوای هێرشەكەی بۆ ناوچە گەشتیارییەكەی زاخۆش بەردەوام بووە لەتۆپباران و بۆردومانكردنی خاكی هەرێم. وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كەهیچ رێككەوتنێكی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ ئەنقەرەدا نیەو توركیا ئامانجی فراوانخوازی هەیە لەپشتی ئەو هێرشانەی كە ئەنجامی دەدات. هاوكات فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەشاری نیویۆرك وتی:» هەفتەی رابردووی سەر هاوینەهەواری پەرەخی لەپارێزگای دهۆك 9 كەسی گەشتیار تێیدا شەهید بووەو 31 كەسی دیكە برینداربوون، لەناو شەهیدەكاندا منداڵی تەمەن یەك ساڵەی تێدایە». هەروەها وتیشی:» توركیا بەردەوام پێشێلكاری كردووەتە سەر خاكی عێراق و ئێمە وەك حكومەتی عێراق داوا لەئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەین بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە بكەن و هەڵوێستیان هەبێت». فوئاد حوسێن جەختی لەوەشكردەوە كە بۆ خۆی چووتە شوێنی رووداوەكەو شوێنی پێكدادانی پەكەكەو سوپای توركیا نییەو ناوچەی شەڕ نەبووە، ئەوە ئێمەی وەك حكومەتی عێراق نیگەران كردووەو وتیشی:» داوا لەسەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەم هەڵوێستی روون بەرانبەر حكومەتی توركیا دەرببڕن و كۆتایی بەئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و پێشێلكارییەكانی بۆ سەر خاكی عێراق بهێنێت». وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو كە توركیا رێز لەسەروەری خاكی عێراق ناگرێت و داوا دەكەین مامەڵەی دوژمنكارانەی توركیا كۆتایی پێبهێندرێت، وتیشی:» توركیا رێز لەداواكارییەكانی ئێمە ناگرێت، گرنگە ئەنجومەنی ئاسایش هەڵوێستی هەبێت، دەبێت ئاگار بن رێكەوتن لەگەڵ توركیادا نییە، ئەگەر توركیا باسی ئەوە بكات ئەوە بەهیچ شێوەیەك ئەوە راست نییە». ئاماژەی بەوەشكردووە، هەوڵەكانی توركیا بۆ نكۆڵیكردن لەوەی ئەو لەپشتی هێرشەكانی دهۆكەوەیە هیچ لەبارودۆخەكە ناگۆڕێت و وتووشیەتی، «ئێمە زانیاریی پێویستمان هەیە كەدڵنیایی دەدات لەبارەی ئەوەی توركیا دەستدرێژی كردووەتە سەر خاكەكەمان». هاوكات وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە توركیا بە بیانووی بوونی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هاتووەتە ناو خاكی عێراقەوەو پەكەكەش بەهەمان شێوە لەناو خاكی عێراقدا بوونیان هەیەو ئەوەش شتێكە كە مایەی قبوڵ نییە كە كێشەكانی توركیا لەناو خاكی عێراقدا یەكلایی بكرێنەوە. فوئاد حوسێن ئەوەشی دووپاتكردەوە لەناو ئەنجومەنی ئاسایش كە»گوشار بكرێت و ناچار بكرێت كۆتایی بە لەشكركێشییەكان بهێنێت، بوونی هێزەكانی توركیا لەسەر خاكی عێراق ناسەقامگیری دروستكردووە، خەڵكی عێراق چاوەڕێی هەڵوێستی ئەنجومەنی ئاسایش بێت بێت بەدەمییەوە». نكۆڵی توركیا ... گاڵتەی رەش نوێنەری توركیا لەئەنجومەنی ئاسایش باسی لەوەكرد لەماوەی چل ساڵی رابردوودا بەهۆی پێكدادانەكانیان لەگەڵ پەكەكەدا 40 هەزار سەربازیان كوژراون، هاوكات نیگەرانی خۆشی لەبارەی وتەكانی فوئاد حوسێن دەربڕی كە حكومەتی توركیای بەو رووداوەی زاخۆ تۆمەتبار كردووە. مەولود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لەبارەی هێرشەكەی گوندی پەرەخی رایگەیاند: «بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن هێزە چەكدارەكانمانەوە بەدەستمان گەیشتووە، هیچ هێرشێك دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لەدهۆك ئەنجام نەدراوەو هاوكات رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا وتی: هێرشەكەی هەفتەی رابردووی پارێزگای دهۆك پەكەكە ئەنجامیانداوە بەئامانجی زیانگەیاندن بەپەیوەنیەكانی توركیاو عێراق. لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەم نكۆڵیكردنەی توركیا لەهێرشەكەی سەر پارێزگای دهۆك بە «گاڵتەی رەش» وەسفی كردو رایگەیاند: دیبلۆماسیەتی عێراقی ئەم شێوازە لەوەڵامدانەوە قبوڵناكات. ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ش سەبارەت بەتۆپبارانەكەی زاخۆ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو دەڵێت:» هیچ هێزێكیان لەو ناوچەیە نیە و گردەكانی چواردەوری ئەو هاوینەهەوارەش سوپای توركیای لێیەو رووداوەكە پەیوەندی بەئێمەوە نیە. فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق جارێكی دیكە توركیای بەدرۆخستەوەو رایگەیاند:» ئێمە شارەزاو بەرپرسی سەربازیمان لەگەڵدایە دوای لێكۆڵینەوە گەیشتینە ئەو ئەنجامەی بۆردومانەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە». دوێنێ سێشەممە 26ی تەمموز، عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، گەیشتە زاخۆو سەردانی بارەگای فەوجی دووی لیوای یەكی پاسەوانی سنوور و لیوای یەك لەناوچەی باتوفە لەقەزای زاخۆی كرد راپۆرتێكیان لەبارەی دۆخی سنووریی عێراق و توركیا ئامادەكردووەو ئاڵای عێراقیان بەرانبەر ئاڵای توركیا بەرزكردەوەو وتیشی:» پلانی تەواو هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هێڵی سنوورەكە». ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش رۆژی شەممە 23/7/2022 بەئامادەبوونی هەردوو وەزیری بەرگری و دەرەوەو سەرۆك ئەركانی سوپاو جێگری پرۆسە هاوبەشەكان سەبارەت بەهێرشەكانی توركیا كۆبوەوەو رێوشوێنەكانی عێراق بەرامبەر رووداوەكە تاووتوێكرا. لەكۆبوونەوەكەدا سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان داوای كشانەوەی سوپای توركیا لەخاكی عێراق كرد، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتننامە ئەمنیەكان لەگەڵ وڵاتی توركیا. كاردانەوە لەسەر ئاستی كوردستان سەبارەت بەكاردانەوەی دەسەڵات و سەرۆكایەتیەكان و حزبەكانی هەرێم لەبارەی پەلامارەكەی توركیا بۆسەر ناوچەی گەشتیاری گوندی پەرەخێ، رووبەڕووی رەخنەی جددی دەبنەوەو لەسەر ئاستی نووسەران و خەڵك و هەڵوێستەكانیان بەلاواز وەسف دەكرێت، لەبەرامبەردا ئەگەر تێبینی كاردانەوەی سەركردە عێراقیەكان بكەین هەڵوێست و كاردانەوەكانی ئەوان روونتر و توندترە، هەر بۆ بیرهێنانەوە، موقتەدا سەدر هەرزوو هاتەجواب و رایگەیاند:» توركیا زیاتر بێ ئەدەب بووە»، وتیشی: «وەك هەنگاوی یەكەم پێشنیاز دەكەم، نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیا كەمبكرێتەوە، فرۆكەخانەو دەروازە زەمینییەكانی نێوان عێراق و توركیا دابخرێن». هاوكات، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح داوای لەحكومەتی عێراق كرد «سنوور لەگەڵ توركیا دابخات و كۆمپانیاكانی توركیا لەكاركردن بوەستێنێت».
سەركۆ جەمال لەشاری لۆزانی سویسرا 99 ساڵ لەمەوبەر 12 وڵات رێككەوتن لەسەر دابەشكردنی كورد بەسەر چوار دەوڵەتدا، كورد لەهەر چوارپارچەی كوردستان بەرنامەو پلان دادەنێت بۆ ئەوەی لەساڵی داهاتوودا ئەو رێكەوتنە شوومە هەڵبوەشێنرێتەوە. رێكەوتنی سیڤەر لە 10ی ئابی 1920 واژۆكرابوو كە بەفەرمی كوردیان وەك نەتەوە ناساند، بەڵام لە 20ی تشرینی دووەمی ساڵی 1922 كۆنگرەی لۆزان لەنێوان دەوڵەتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، یۆنان، رۆمانیا، سلۆڤینیا، سربیاو توركیا بەڕێوەچوو، جگە لەوەش وڵاتانی ئۆكرانیا و جۆرجیا و بولگاریا ئەندامی بەشداربووی كۆنگرەكە بوون. لەسەر پێشنیاری توركیا، لە 23ی نیسانی 1923دا، قۆناغی دووەمی كۆنگرەی لۆزان دەستی پێكرد، لەدانیشتنی دووەمی كۆنگرەكەدا گفتوگۆكان لەسەر دەوڵەتی عوسمانی بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوام بوون، لەئەنجامدا لە 24ی تەمموزی 1923 پەیمانی لوزان لەقەڵای ئۆشی «قەڵای مێژوویی شۆڕشگێڕانی سەدەی 13» لەلۆزانی سویسرا واژۆكرا لەنێوان شاندی توركیاو وڵاتانی هاوپەیمان. رێككەوتننامەی لۆزان 99 ساڵ بەسەریدا تێپەڕبووەو بەو هۆیەوە پرۆسەی جینۆسایدو لەناوبردنی كورد دەستیپێكردو وڵاتانیش چاویان لەسیاسەتەكانی كوشتنی كورد داخست. بەوتەی بەرپرسێكی باڵای یەكێتی ، ئێستا نەیارانی كورد تەكنیك و مامەڵەیان گۆڕاوە بەرامبەر كورد ستران عەبدوڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی وتی:» هەتا مەسەلەی كورد چارەسەر نەكرێت لەهەر پارچەیەك بەتایبەتمەندی خۆی و مافی چارەنووسی خۆی پیادە نەكات دەسكەوتەكانی هەر دەڵەمە دەبن و هەڕەشەی جۆراوجۆر هەر دەمێنێت». هەروەها ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەشی خستەڕوو:»توركیاو غەیری توركیاش خۆیان بۆ هەموو ئەگەرێك ئامادە كردووە، بەڵام زەحمەتە لۆزان ناونیشانی هەنگاوی داهاتوویان بێت، ئەم لۆزان و مۆزانانە بۆ ئەوان هەر دەسكەلایە بۆ هەژموون لای نەیارانی مەسەلەی كورد ناوەرۆكی هەژموون گرنگترە لەناوەكانی». هاوكات پێشیوابوو بۆ گەلی كوردیش هیچ چاری نییە، درێژەدان بەخەبات و سەرخستنی ئیرادەی رەوا و مافەكانی حزب و هێزەكان بۆ ئەم دروست بوون ئەگینا جەدوایان چییە؟». كەسایەتییەكی سیاسی ئیسلامی رێككەوتننامەی لۆزان بە « وێستگەیەك بۆ دەرخستنی سیما نائەخلاقییەكەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی» ناودەبات ئەبوبەكر كاروانی كەسایەتی دیاری ئیسلامی و سیاسی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»حوكمدانی چوارەمین نەتەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بەسەد ساڵ زیندانی لەنێو زیندانی قەوارە دوواكەوتووە نوێیەكانی ناوچەكەدا، لەگەڵ كاری قورس و ئەشكەنجەدان و سوكایەتیپێكردنێكی بەردەوام». كاروانی وتیشی:»لۆزان تەنها وێستگەیەكە بۆ دەرخستنی سیما نائەخلاقییەكەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناسیۆنالیزمە سەردەستەكانی ئەو دەوڵەتانەی كوردیان بەسەردا دابەشكراوە، بەرامبەر رۆڵەكانی ئەم میللەتەو مافەكانیان.» مامۆستایەكی زانكۆ پێیوابوو دەبێت كورد داوای جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی سیڤەر بكاتەوە. حەسەن ئەمین شێخانی، مامۆستای زانكۆو توێژەر لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەڕووی یاسایی و عورفی نێودەوڵەتی و رێكەوتننامەكاندا، لۆزان 99 ساڵی بەسەردا تێدەپەڕێ واتا ساڵی 2023 كۆتایی دێت، دەبێ كورد داوای جێبەجێكردنی رێكەوتنامەی سیڤەر بكات، چونكە بنەماو بنەڕەتی سەرەكیە بۆ رێكەوتننامە گشتیەكانی ناوچەكەداو زامنی پێكەوە ژیان و ئارامی ناوچەكەیە «. حەسەن ئەمین ئەوەشی روونكردەوە لە رێكەوتنامەی سیڤەردا لەماددەكانی 62، 63 ، 64 مافی ئەوەی داوە بەكورد كەوا لەڕاپرسیەكدا قەوارەو دەوڵەتی خۆیانیان هەبێت، وتیشی:» دەوڵەتی عوسمانی كەپایتەختەكەی ئیستانبوڵ بوو واژۆی كردو ئەو مافەی بەگەلی كورد دا، بەڵام رێكەوتنامەی لۆزان لەساڵی 1923 ئەتاتورك كە ئەنقەرەی كردبووە پایتەخت، توركە سیكویلارەكان واژۆیان كردو مافەكانی كوردیان پشتگوێ خست». ئەو مامۆستایەی زانكۆ جەختی لەوەشكردەوە كە پێویستە كورد داوا لە نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بكات بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنامەی سیڤەر.
هاوڵاتی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لەكۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند:" هێرشەكەی توركیا بۆسەر زاخۆ، كە بە ناوچەیەكی گەشتیاری ناسراوە، بێ باكییەكی شۆكهێنەرە بۆ گیانی خەڵكی سڤیل". جنین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لە وتارێكیدا لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی ئاسایشدا رایگەیاند" زۆر گرنگە هەموو هێرشەكان بۆسەر خاكی عێراق بوەستێن، ئەم پێشێلكارییانە نەك تەنیا بێباكانە گرژییە نێوخۆی و هەرێمییەكان زیاد دەكەن، بەڵكو هەروەكو بینیمان، دەبنە هۆكاری رووداوی تراژیدی مرۆیی گەورە". دەقی وتارەكەی جنین پلاسخارت: زۆر سوپاس بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی؛ زۆر سوپاس بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ خستنەڕووی دوایین زانیاری لەسەر هێرشی تراژیدی ئەم دواییەی سەر قەزای زاخۆ لە سنووری پارێزگای دهۆك كە گیانلەدەستدانی 9 كەسی سڤیل و برینداربوونی 33 كەسی دیكەی لێكەتەوە. لە دوایین وتارم لەبەردەم ئەم ئەنجوومەنە، چونكە ئەمە یەكەمجارم نییە كە تۆپباران و مووشەكباران بخەمەڕوو، هۆشداریمدا كە "ئەمە رێگەیەكی زۆر مەترسیداری بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەكانە، هەروەها رێگەیەكە كە زیاتر دەوڵەتی عێراق" لاوازدەكات. تاوەكو ئێستا ئەوەی دەیزانین ئەمەیە: دوای نیوەڕۆی 20ـی تەممووز، پێنج گولە تۆپ بەر هاوینەهەواری پەرەخ كەوتن. هاوینەهەوارەكە شوێنێكی گەشتیاریی ناسراوە. هەروەكو لەم كاتەی ساڵدا پێشبینی دەكرێت، لە گەشتیاران جمەی دەهات و منداڵیش لەوێ بوون. یەكەم تۆپباران بەر تەپۆڵكەیەك كەوت كە بەسەر پەرخەدا دەڕوانێت، بەڵام تۆپبارانی دووەم ناوجەرگەی هاوینەهەوارەكەی كردە ئامانج، هەروەكو وتم، 9 كەسی كوشت كە لەنێویاندا سێ منداڵ هەبوون، یەكێكیان منداڵێكی یەك ساڵان بوو؛ 33 كەسی دیكەی برینداركرد. 11 لە بریندارەكان نەشتەرگەریان بۆ كراوە و باری تەندروستی سێیان ناجێگیرە. راستەوخۆ دوای هێرشەكە، مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیران لیژنەیەكی پێكهێنا. هەر لە هەمان رۆژ، لیژنەكە سەردانی شوێنی هێرشەكەی كرد بۆ ئەوەی شوێنەكە بەچاوی خۆی ببینێت، بەڵگە كۆبكاتەوە و قسە لەگەڵ شایەتحاڵ و خەڵكی ئەوێ بكات. پشتئەستوور بە هەڵسەنگاندنی ئەو بەڵگانەی كۆكرانەوە، حكومەتی عێراق بە روونترین شێوە رووداوە تراژیدییەكەی خستە ئۆباڵی هێزە چەكدارییەكانی توركیا. لە هەمان كاتدا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند كە "توركیا دژی هەر جۆرە هێرشێكی بە ئامانجگرتنی خەڵكی سڤیلە و ئامادەشە هەموو هەنگاوێك بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان بگرێتەبەر" و داوای كرد "لە بەرپرسانی حكومەتی عێراق تاوەكو هیچ راگەیێندراوێك لەژێر هەژموونی قسە و باس و پڕوپاگەندەی رێكخراوی تیرۆریستی بڵاونەكاتەوە و هەروەها هاوئاهەنگی بكات لە ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی راستەقینەی ئەو رووداوە تراژیدییە." رۆژی دواتر، لە رێگەی تۆڕەكۆمەڵاتییەكانەوە باڵیۆزخانەی توركیا لە بەغدا رایگەیاند: "هاوخەمی بۆ برا عێراقییەكانمان دەردەبڕین كە لەسەردەستی رێكخراوی پەكەكەی تیرۆرست شەهیدكران." لە هەمان كاتدا، هەر لە 20ـی تەممووز، باڵی سەربازیی پەكەكە راگەیێندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا رەتیكردەوە لەو شوێنانە پێگەیان هەبووبێ و توركیای بە هێرشەكە تۆمەتباركرد. بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە وەڵامی ئەو هێرشە تراژیدییە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی لە هەمان رۆژدا ئەنجامدا. ئەنجوومەنەكە بە تووندی سەركۆنەی كرد و گوتی: "هێرشی دڕندانەی توركیا"، هەروەها رەتیكردەوە خاكی عێراق وەكو بنكەیەك بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و "یەكلاكردنەوەی ململانێكان بەكاربهێندرێت." لە راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی دەرەوە راسپێردرا راپۆرتێك لەبارەی "هێرشە دووبارەبووەكانی توركیا" بۆسەر عێراق ئامادەبكات و هەروەها باڵیۆزی توركیا بانگهێشتبكات و باڵیۆزی عێراقیش لە ئەنقەرە بانگبكاتەوە، بێ ئەوەی باڵیۆزێكی نوێ بنێردرێتە توركیا. وەزارەتی كاروباری دەرەوە ئاماژەی بەوەدا كە حكومەت"لە باڵاترین ئاستی دیپلۆماسی وەڵامی دەبێت،" لەنێویاندا لە رێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان. لە 21ـی تەممووز، سەركردەكانی عێراق لە هەموو پێكهاتەیەكی سیاسی كۆبوونەوەیەكیان لەسەر ئاستی باڵا ئەنجامدا و راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و سەركۆنەی "هێرشی توركیایان" كرد و "پشتگیرییان بۆ رێوشوێنی بەرزكردنەوەی سكاڵا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەربڕی." لە 23ـی تەممووز، سەرۆكوەزیران مستەفا كازمی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە. لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا لەدوای كۆبوونەوەكە، هەردوولا "سەركۆنەی تووندی هێرشەكانی توركیایان لەنێو خاكی عێراق" كرد. لە 23ـی تەممووز، ئەنجوومەنی نوێنەران كۆبووەوە بۆ تاوتوێكردنی ئەو رووداوە، ئەوەش بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری، سوپاسالار و هەروەها جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان. لە وتارەكەی لە بەردەم پەرلەمان، وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوەدا كە لە 2018وە 22700 پێشێلكاری توركیا دژی سەروەریی عێراق تۆماركراون؛ ئەو ئاماژەی بەوەش دا كە لە 2018ەوە وەزارەتی دەرەوە 296 یاداشتنامەی ناڕەزایی دژی "دەستوەردانی" توركیا پێشكەشكردووە. لە ماوەی كۆبوونەوەكەدا، لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمان پێشنیازیكرد هێزەكانی پەكەكە لە عێراق دەربكرێن، تەواوی هێزەكانی توركیا بكشێنەوە، هێزی فیدراڵیی عێراقی لەسەر سنوور لەگەڵ توركیا بڵاوبكرێتەوە، رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ توركیا هەڵبوەشێندرێنەوە ئەگەر هەبێت، هەروەها چاو بە بودجەی بەرگری بخشێندرێتەوە بۆ ئەوەی توانا سەربازییەكانی [عێراق] بەهێزبكرێت. لێرەوە، لەكاتێكدا هیچ كەسێك حەزی بە هەڵچوونی زیاتر نییە، عێراق داوادەكات توركیا لەتەواوی خاكی عێراق بكشێتەوە و دوای لێكۆڵینەوەیەكیش دەكات. بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەم هێرشە قێزەونە بۆ سەر ئەم شوێنە ناسراوە كە ناوچەیەكی گەشتیاری ناسراوە، بێ باكییەكی شۆكهێنەرە بۆ گیانی خەڵكی سڤیل و هەروەها بۆ ستانداردە قبووڵكراوەكانی نێودەوڵەتی پەیوەست بە یاسا مرۆییەكان و هەروەها مافەكانی مرۆڤ. لەكاتێكدا هەموو لایەنەكانی بەشدار لە هەر پێكدادانێك پێویستە هەموو رێوشوێنێكی كردەیی بگرنەبەر بۆ ئەوەی خۆیان لە زیانگەیاندن بە خەڵكی سڤیل لە هەموو كاتەكاندا بەدووربگرن، لەو هێرشەدا ئەمە لەبەرچاو نەگیرا. لە گفتوگۆكانی دوێنێمدا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق، ئەو جارێكی دیكە جەختی لە گرنگی لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف و تێروتەسەل كردەوە كە سەربەخۆیانە بێت و بە هاوبەشی بێت. ئەو وتی گرنگە كە كۆتایی بە گومانەكان و رەتكردنەوەكان، هەروەها تێنەگەیشتن و هەڵچوونی گرژییەكان بهێنین. لە هەمان كاتدا، من لەوە تێدەگەم كە توركیاش ئامادەیە بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق پرسەكە یەكلابكەنەوە تاوەكو بزانن رێك چی روویدا. بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، هەروەكو چەندین جار لە ساڵانی رابردوو وتوومە، عێراق وەك مافی خۆی رەتیدەكاتەوە وەكو گۆڕەپانێك بۆ ململانێ دەرەكی و هەرێمییەكان سەیربكرێت، بكرێتە گۆڕەپانێك كە تێیدا وڵاتانی دراوسێ یان هەر لایەنێكی دیكە، بەشێوەیەكی رۆتینی و بەپارێزبەندییەوە پێشێلی سەروەری و یەكپارچەیی خاكەكەی بكەن. لەڕاستیدا، زۆر گرنگە هەموو هێرشەكان بۆسەر خاكی عێراق بوەستێن. ئەم پێشێلكارییانە نەك تەنیا بێباكانە گرژییە نێوخۆیی و هەرێمییەكان زیاددەكەن، بەڵكو هەروەكو بینیمان، دەبنە هۆكاری رووداوی تراژیدی مرۆیی گەورە.
هاوڵاتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە شاری نیویۆرك سەبارەت بە هێرشەكانی توركیا، رایگەیاند: "توركیا هێرشەكەی بۆ سەر ناوچە گەشتیاریەكەی دهۆك ئەنجامداوەو توركیا ڕێز لە سەروەری خاكی عێراق ناگرێت". وتیشی: "هەفتەی ڕابردووی هێرشی توركیا بۆ سەر هاوینەهەواری پەرەخی لە پارێزگای دهۆك 9 گەشتیار شەهید بوون و 31 كەسی دیكە برینداربوون، لەناو شەهیدەكاندا منداڵی تەمەن یەك ساڵەی تێدایە". ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "توركیا بەردەوام پێشێلكاری بەرامبەر خاكی عێراق ئەنجامداوەو ئێمە وەك حكومەتی عێراق داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەین بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە بكەن و هەڵوێستیان هەبێت". فوئاد حوسێن جەختی لەوەشكردەوە كە بۆ خۆی چووتە شوێنی رووداوەكەو شوێنی پێكدادانی پەكەكەو سوپای توركیا نییەو ناوچەی شەڕ نەبووە، ئەوە ئێمەی وەك حكومەتی عێراق نیگەران كردووەو وتیشی:" داوا لە سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایش دەكەم هەڵوێستی روون بەرانبەر حكومەتی توركیا دەرببڕن و كۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و پێشێلكارییەكانی بۆ سەر خاكی عێراق بهێنێت". وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستەروو:" توركیا رێز لە داواكارییەكانی ئێمە ناگرێت، گرنگە ئەنجومەنی ئاسایش هەڵوێستی هەبێت، دەبێت ئاگار بن رێكەوتن لەگەڵ توركیادا نییە، ئەگەر توركیا باسی ئەوە بكات ئەوە بەهیچ شێوەیەك راست نییە". ئاماژەی بەوەشكردووە، هەوڵەكانی توركیا بۆ نكۆڵیكردن لەوەی ئەو لە پشتی هێرشەكانی دهۆكەوەیە هیچ لە بارودۆخەكە ناگۆڕێت و وتوشیەتی، "ئێمە زانیاریی پێویستمان هەیە كە دڵنیایی دەدات لەبارەی ئەوەی توركیا دەستدرێژیی كردووەتە سەر خاكەكەمان." فوئاد حوسێن داواشیكرد: " لەناو ئەنجومەنی ئاسایش گوشار بكرێت و توركیا ناچار بكرێت كۆتایی بە لەشكركێشییەكانی بهێنێت، و بوونی هێزەكانیشی لەسەر خاكی عێراق ناسەقامگیری دروستكردووە، خەڵكی عێراق چاوەرێی ئەنجومەنی ئاسایشە بێت بەدەمییەوە".
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوایكرد دەستبەجێ گرژییەكان لە باكووری سووریا كەمبكرێتەوە، و رایگەیاند: " گرنگە هەموو لایەنەكان رێز لە زۆنی ئاگربەست بگرن كە بۆ بەهێزكردنی سەقامگیرییە لە سوریا". نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: "داوادەكەین دەستەبەجێ گرژییەكان لە باكووری سووریا كەمبكرێتەوە و گرنگە هەموو لایەنەكان رێز لە زۆنی ئاگربەست بگرن كە بۆ بەهێزكردنی سەقامگیرییە لە سووریا". وتیشی: گرنگە هەموو لایەنەكان بە ئاراستەی گەیشتن بە رێككەوتن هەنگاوبنێن."
هاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: بۆ یەكەمجارە ئەنجومەنی ئاسایش بەیاننامەی لەو جۆرە بۆ ئیدانەكردنی هێرشەكەی سەر پارێزگای دهۆك دەربكات، هاوكات بڕیارە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەو جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە روداوەكە راپۆرت پێشكەش بكەن. ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت: بەیاننامەكەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئیدانەكردنی هێرشكردنە سەر سەروەریی عێراق لە چوارچێوەی زنجیرەی پێشێلكارییەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی عێراق، بۆ یەكەمجارە بەیاننامەی لەو جۆرە دەربكات. ئاشكراشیكرد: ناوەڕۆكی بەیاننامەكە پشتیوانی لەهەڵوێستی عێراق دەكات و ڕێوشوێنەكانی ڕەچاوكردنی هێرشكردنە سەر سەروەریی نیشتمانی دەخاتە چوارچێوەیەكی نوێوە. دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان ڕاگەیاندراوێكی سەبارەت بە هێرشەكەی هەفتەی ڕابردووی سەر هاوینەهەواری پەرەخی لە پارێزگای دهۆك بڵاوكردەوە، كە بەهۆیەوە 9 كەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 23 كەسی دیكەش برینداربوون. ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەو هێرشە دەكەن كە لە 20 ی حەوتی ساڵی 2022 دا لە پارێزگای دهوك ڕوویدا و بووە هۆی كوژرانی لانی كەم 9 هاوڵاتی مەدەنی كە لە نێویاندا منداڵیش هەن. ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پرسە و سەرەخۆشی خۆیان ئاڕاستەی كەسوكاری قوربانیان و حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانی عێراق دەكەن، و هیوای چاكبوونەوەی بەپەلە بۆ بریندارەكان دەخوازن، هەروەها پشتیوانی خۆیان دەردەبڕن بۆ لێكۆڵینەوەكانی لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە ئەنجام دەدرێن. هەر لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش هاتووە، كە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش هانی هەموو وڵاتانی ئەندامیان دا كە بە شێوەیەكی چالاك هاوكاری حكومەتی عێراق و بەرپرسانی پەیوەندیدار بكەن لە پشتیوانیكردن لە لێكۆڵینەوەكاندا. ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانی خۆیان بۆ سەربەخۆی و سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق و پرۆسەی دیموكراتی و ئاوەدانی عێراق دووپاتكردەوە.
هاوڵاتی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا پەیامێكی لەبارەی شەهیدبوونی سێ ژنە فەرماندە لە بۆردوومانێكی دەوڵەت توركدا لە ڕۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە كە" سەلوا ناسراو بە( ژیان) فەرماندەیەكی گرنگ و خاوەن پێگەی تایبەت بوو" ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی تەموزی 2022 فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا پەیامێكی لەبارەی شەهیدبوونی ژیان عەفرین، فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆر و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و هەردوو فەرماندە ڕۆژ و بارین بڵاوكردەوە. لە پەیامەكەدا هاتووە:" سەلوا ناسراو بە (ژیان) لەناو هێزەكانی هەسەدە-دا فەرماندەیەكی گرنگ و خاوەن پێگەی تایبەت بوو، كە توانیی پێشڕەویی هێزەكان بكات لە شەڕی دژ بە داعش و لەناوبردنی ئەو ئایدۆلۆژیی شەڕەنگێزە". ڕۆژی 22ی تەمموزی 2022 ژیان عەفرین، فەرماندەی هێزەكانی دژە تیرۆر و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و هەردوو فەرماندە ڕۆژ و بارین، لە بۆردوومانێكی دەوڵەتی توركدا لە نێوان قامیشلۆ-تەربەسپی شەهیدبوون. ئەمڕۆش مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕاگەیەندراوێكی لە تویتەری خۆی لەبارەی شەهیدبوونی ئەو سێ فەرماندەیەوە بڵاوكردەوە و جەختیكردەوەكە" پێویستە هاوپەیمانان هەوڵێكی زیاتر بدەن بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە، بێدەنگ نابین و تۆڵەی شەهیدەكانمان دەكەینەوە".
هاوڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەكاریی دەكات بۆ گۆڕانكاریی نوێ و ئەوەش لەگەشتی بایدن بۆ تەلئەبیب و پوتن بۆ تاران زیاتر خۆی دەنوێنێت، ئێرانیش پێی وایە هەموو پلانەكان بۆ كۆنترۆڵی ئەوەو هەنگاوێكە بۆ ملكەچبوونی بە رێككەوتنی ئەتۆمیی. سەرۆكی ئەمریكا بەڕاشكاوی لەگەڵ بەرپرسانی سعودیەو ژمارەیەك لەوڵاتانی كەنداو رایگەیاندووە؛ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ نەیارەكانی وڵاتەكەی چۆڵ ناكات و هەوڵ دەدات چەترێكی نوێ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگریی ئەو ناوچەیە دروست بكات. ئێران ئەو هەنگاوانەی ئەمریكا بەشكستخواردوو ناوبردووەو باس لەوە دەكرێت تاران زیاتر لەچوار سیناریۆی لەدژی پلانە نوێیەكانی واشنتۆن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئامادە كردووە كەزۆربەیان دەبنەهۆی ئاڵۆزیی و پێكدادان لەناوچەكە. ئێران دەتوانێت لەڕێگەی گروپە شیعەكانەوە، عێراق و هەرێمی كوردستان و لوبنان رووبەڕووی كێشەی گەورە بكاتەوەو لەبەرامبەردا ئەمریكا نایەوێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو چەند وڵاتە پێكدادانی سەربازیی رووبدات، لەهەمان كاتدا ئامانجیەتی لەچوارچێوی پلانێك بەناوی هاوسەنگیی لەدوورەوە رۆڵی ئێران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەمبكاتەوە. فشارە نوێیەكانی ئەمریكا لەدژی ئێران ئەمریكا دەیەوێت بەنزیككردنەوەی وڵاتانی عەرەبی، ئێران ناچار بكات بەگەڕانەوەو پابەندبوون بە رێككەوتنی ئەتۆمیی. ئێران لەساڵی رابردوودا ساردوسڕیی نێوان ئەمریكا لەگەڵ سعودیەو ئیمارات و میسر وەك دەستكەوتێكی گرنگ لەبەرژەوەندیی خۆی دەبینی و ئەوەش وایكردبوو ئاستی داواكارییەكانی تاران لەدانوستانەكانی ڤیەننا لەبەرامبەر واشنتۆن بەرز ببێتەوە. گەرمبوونەوەی پەیوەندییەكانی ریازو واشنتۆن دەبێتە هۆی كرانەوەی دەرگاكانی ئەمریكا بەڕووی سعودیە بۆ كڕین و هێنانی چەك و كەرەستەی سەربازیی نوێ كەدەبێتە چەترێك دژی ئێران كە لەسعودیەوە تا ئیسرائیل و زۆربەی وڵاتانی كەنداو دەگرێتە خۆی. بەبڕوای ئێران هاوتەریبوونی و هاوكاریی بۆماوەیی ئەمریكاو وڵاتانی عەرەبی، كارتە گرنگەكانی تاران لەگەمەی سیاسیی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەناودەبات، هەر لەم سۆنگەیەوە ئێران هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ شكستی نزیكبوونەوەی واشنتۆن و وڵاتانی عەرەبیی كەنداو. سیناریۆو كارتی فشارەكانی ئێران ئێران هەوڵ دەدات لەڕێگەی لۆبیكردن لەئەمریكا فشار بۆ ئیدارەی جۆو بایدن-ی سەرۆكی وڵاتەكە بهێنێت كە پەیوەندییەكانی واشنتۆن و ریاز لەوەی رابردوو تووندوتۆڵتر نەبێت، لەبەرامبەردا هەوڵی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بدات لەگەڵ تاران بەتایبەت كە (تەلەفیزیۆنی سی ئێن ئێن) و (رۆژنامەی واشنتۆن پۆست) و (رۆژنامەی نیویۆرك تایمز) زیاتر لەیەك ساڵە دژی ئەوە وەستاونەتەوە ئیدارەی بایدن پەیوەندییەكانی لەگەڵ ریاز ئاسایی بكاتەوە. ئەو میدیانەی ئەمریكا لەگەڵ گەشتەكەی ئەم دواییەی بایدن بۆ ئیسرائیل و دواتر سعودیە، رایانگەیاند پێویستە بایدن بەڵێنەكانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیی خۆی بهێنێتەدی كەبریتی بووە لەفشارخستنە سەر میسر و ئیمارات و بەحرەین و سزادانی سعودیە بووە سەبارەت بەپێشێلكارییەكانی ئەو وڵاتانە لەئاستی مافی مرۆڤدا. دوەم هەنگاو و كارتی ئێران ئەوەیە كە دەتوانێت ئاستی توندوتیژی و گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد بكات و ئەوەش رەنگە واشنتۆن ناچار بكات لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و مسۆگەركردنی ئاسایش لەو ناوچەیە ئاستی توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل و سعودیە كەم بكاتەوە. ئێران دەتوانێت بە هاندانی چەكدارانی شیعە لەعێراق توندوتیژییەكان و پێكدادانەكان بگەیەنێتە هەولێر بەتایبەت كە لەڕابردودا بە بیانوی بوونی هێزەكانی ئێسرائیل چەند شوێنێكی لەڕێگەی ئەو گروپانەوە موشەكباران كردووە و تەنانەت سوپای پاسدارانیش چەند جارێك موشەكبارانی هەولێری كردووە لەكاتێكدا ئەمریكا دژی دروستبوونی شەڕو ئاڵۆزییە لەخاكی عێراق و هەرێمی كوردستان. هاوكات ئێران لەڕێگەی حزبڵای لوبنان دەتوانێت هاندەربێت لە بەریەككەوتنی و شەڕی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لەسنورە ئاوییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتەو لەلایەكی دیكەوە تاران بەوروژاندنی چەكدارانی حوسی لەیەمەن دەكرێت ببێتە مایەی شكستی ئەو ئاگربەستەی كە زیاتر لەسێ مانگە بەدەستپێشخەریی نەتەوەیەكگرتووەكان و هەندێك وڵاتی رۆژئاوایی لەنێوان حوسییەكان و حكومەتی نزیك لەسعودیە لەوڵاتی یەمەن راگەیەنراوە. سیناریۆیەكی دیكە یان كارتی سێیەمی ئێران كەئاسانترین هەنگاوی ئەو وڵاتەیە دژی بەرەی ئەمریكا لەئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو، ئەوەیە كە تاران بەتەواوەتی بچێتە بەرەی مۆسكۆو پەكین لەكیشوەری ئاسیاو ببێت بە بەشێك لەو جەمسەرەی چین و روسیا كە لەجیهاندا بوژاندویانەتەوەو لە رووی ئابوریی و تەنانەت سەربازییەوە دژی ئەوروپاو ئەمریكا هەنگاو دەنێن. یەكلابوونەوەی تاران بۆ بەرەی چین و روسیا بەگەورەترین شكستی سیاسیی ئەوروپاو ئەمریكا لەقەڵەم دەدرێت بەتایبەت كە تاساڵی 1975 ئێران بەستراتیژیترین و گرنگرتین هاوپەیمانی ئەمریكاو رۆژئاوا دژی بلۆكی سۆڤیەتی لەو سەردەمەدا ئەژمار دەكرا . وەلید فارس، كە پێشتر یەكێك لە راوێژكارەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا بووە، رایگەیاندووە ئەگەری هەیە ئێران لەهەر سیناریۆو كارتی فشارێكی هەندێكی جێبەجێ بكات و ئەوەش هاوشێوەی یارییەكی شەترەنجە كە تاران شارەزایی تێیدا هەیە، بەڵام لەبەرامبەردا نەیارانی تارانیش بەباشیی فێری ئەو یارییە بوون كە لەئەنجامدا وا دەردەكەوێت هیچ گۆڕانكارییەكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (100%)و بەردەوام نییە. بایدن لەتەلئەبیب و پوتن لەتاران بەچاوخشاندنێكی خێرا بەمێژووی جەنگی سارد كە لەساڵی 1947 واتە دوای كۆتایی دووەم جەنگی جیهانی تاساڵی 1991 واتە رووخانی یەكێتی سۆڤیەتی جاران لەنێوان روسیاو ئەمریكا هەبوو، ئەوەی ئێستا لەگەشتەكەی بایدن لە (15/7/2022) بۆ ئیسرائیل و سعودیەو گەشتەكەی ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا لە (19/7/2022) بۆ تاران دەخوێندرێتەوە، تۆخكردنەوەی مێژووی جەنگی ساردە لەنێوان واشنتۆن و مۆسكۆ لەجیهان و بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەوەی ئێستا زیاتر جێگەی سەرنجە لەهەموو مێژووی جەنگی سارددا ئێران یا پشتیوان و هاوكاری ئەمریكا بووە یان بێلایەنیی لەو جەنگە دەربڕیوە، بۆیە ئەگەر ئەمجارە تاران بەرەی خۆی بەئاشكرا لەدژی واشنتۆن رابگەیەنێت جەنگی ساردی ئەمریكاو روسیا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە جەنگێكی گەرم و ئەگەری پێكدادانی نێوان هاوپەیمانەكانی ئەمریكا بەتایبەت ئیسرائیل لەدژی ئێران زیاددەكات. ئێران لەگۆڕانكاریی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رۆژنامەی (ئیبتیكار) سەر بە ریفۆرمخوازانی ئێران لەلاپەڕەی یەكەمیدا بەناونیشانی (دەستی بەتاڵی ئیسرائیل و پێشوازیی سارد لەسعودیە) نووسیویەتی: ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا 20 ساڵەو لەدوای روودانی 11ی سێبتەمبەری 2001 بەهێرشكردنە سەر ئەفغانستان و دواتر عێراق لەشكركێشییەكانی بۆ رۆژئاوای كیشوەری ئاسیا دەستپێكردووەو ئەو ناوچەیەی كردووە بە بنكەیەكی سەربازیی خۆی تەنها لەپێناو ئەوەیدا بتوانیت هەوڵەكانی ئێران كۆنتڕۆڵ بكات. «ئەمریكا لەم ساڵانەدا لەهیچ هەوڵێك دژی ئێران درێغی نەكردووە بۆ گۆڕانكاریی لەپلان و بەرنامەكانی هەر لەفشارو سزای ئابورییەوە بگرە تا بوونی سەربازیی لەچواردەوری سنورەكانی خاكی ئێران و كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس لەسوپای پاسداران بەڵام دوای 20 ساڵ خۆی ناچاربوو هەندێك وڵاتی ناوچەكە چۆڵ بكات، لەبەرامبەدا ئێران هیچ شوێنێكی چۆل نەكردووەو لەبواری سەربازیی و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا شوێن پێی خۆی پاراستووە.» رۆژنامەكە نووسیویەتی زۆربەی ئەو وڵاتانەی لەژێر كاریگەریی ئەمریكا لەڕابردوودا دژایەتی ئێرانیان كردووە لەئێستادا هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانیان لەگەڵ تاران دەدەن كە نموونەی ئەو گۆڕانكارییە لەوڵاتانی (توركیا، ئازەربایجان، پاكستان، ئیمارات، تاڵیبان لەئەفغانستان) هەروەها سعودیە بەنێوەندگیریی عێراق دوای شەش ساڵ لەهەوڵەكانی دژی ئێران لەئێستادا هەوڵی كەمكردنەوەی تەنگەژەو ناكۆكییەكان لەگەڵ تاران دەدات و هاوكات ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەندێك لەوڵاتانی عەرەبی لەگەڵ رژێمی سوریا دوای 10 ساڵ ئاماژەی سەركەوتنی سیاسەتەكانی ئێرانە لەو ناوچەیە. ئەمریكا لەدوورەوە كۆنترۆڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات لەئێستادا ئەمریكا لەچوارچێوەی بەرنامەیەك كە بەهاوسەنگیی لەڕێگەی دوورە (Offshore Balancing) ناوی دەهێنرێت دەیەوێت خەرجی و تێچووە سەربازییەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كەم بكاتەوە، چونكە بەوتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا، وڵاتەكەی لەماوەی 20 ساڵدا هەشت ترلیۆن دۆلاری بۆ رۆژئاوای ئاسیا خەرج كردووە. ئەمریكا پلانی هەیە لەڕێگەی وڵاتانی عەرەبی كەنداوەوە بەبێ تێچوویەكی زۆری سەربازیی جێبەجێكاری پلانی خۆی لەڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەستنیشان بكات، بۆیە لەهەنگاوەكانی یەكەمی ئەو پلانەدا هەوڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل دەدات. ئیسرائیل گرنگترین بەڕێوبەری پلانی هاوسەنگیی لەڕێگەی دوورەوەیە كە ئەمریكا خوازیارە بۆ كەمكردنەوەی خەرجییە سەربازییەكانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیكاتە پێشەنگ و پێشڕەوی وڵاتانی عەرەبیی كەنداو. ئێران لەبەرەی نەوت و وزەدا ئەگەرچی ئێران چوارەمین وڵاتی نەوتی و دووەم وڵاتە لەڕووی یەدەگی غاز لەجیهان، بەڵام پابەندبوونی ئەو وڵاتە بە رێكەوتنی ئەتۆمیی و سازش نەكردنی واشنتۆن بۆ تاران وای كردووە ئێران ئەو توانا سنوردارەی كە لەئێستادا هەیەتی بۆ بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و غاز بۆ وڵاتانی نەیاری ئەمریكا بەكاری بهێنێت. ئەمریكا لەساڵی 2018 توندترین سزای بەسەر كەرتی نەوتی ئێراندا سەپاندووە بەڵام بەواژۆكردنی گرێبەستێكی 25 ساڵە لەگەڵ چین كە بەهاكەی بە 400 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت هەناردەی نەوتەكەی لە 65 هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ چین گەیاندووەتە زیاتر لە 850 هەزار بەرمیل و دوور نییە ئەو بڕەش زیاتر بكات بەتایبەت كە ئەمریكا لەئێستادا دوای روسیا چین بەنەیاری سەرەكیی خۆی دەزانێت. هێرشەكانی روسیا بۆسەر ئۆكرانیا گورزێكی دیكەی بەرزبوونەوەی بەهای غازو نەوت لەجیهان و بەتایبەت لەئەوروپا بوو كەئەوەش پێگەی ئەمریكای لەئاستی نێودەوڵەتیدا لاواز كرد، چونكە نەیتوانیی نرخی نەوت كۆنتڕۆڵ بكات و بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز كردەوە لەكاتێكدا دەیتوانی بە رێككەوتن لەگەڵ ئێران رێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەجیهاندا بگرێت و هاوكات هەڵاوسانی ناوخۆیی ئەمریكا بەو هۆیە نەگاتە بەرزترین ئاستی 40 ساڵی رابردو كە بەپێی بانكی ناوەندیی ئاستی هەڵاوسانی ئابوریی ئەمریكا لەم مانگەدا 9.1% بووە. لەلایەكی دیكەوە ڤەنزوێلا كەسزاكانی ئەمریكا كەرتی نەوتەكەی رووبەڕووی كێشە كردووەتەوە وەك هاوپەیمانێكی بلۆكی چین و روسیا لەلایەن ئێرانەوە هاوكاریی دەكرێت و لەڕێگەی كەشتییەوە تائێستان بەملیۆنان بەرمیل نەوت و گاز لەئێرانەوە رەوانەی ڤەنزوێلا كراوە. ڤەنزوێلا كە لە رابردودا بە پێنجەم بەرهەمهێنی نەوت لەجیهاندا ئەژمار دەكرا بەهۆی سزاكانی ئەمریكا پیشەسازیی نەوتی وڵاتەكەی رووبەڕووی كێشە بووەتەوەو تەنها لەماوەی رابردوودا واشنتۆن بڕیاریدا بەهۆی جەنگی ئۆكرانیا بڕێكی زۆر كەم لەنەوتەكەی تەنها رەوانەی وڵاتانی ئەوروپا بكات. زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لەجیهاندا بەتایبەت ئێران و ڤەنزوێلا لە رووی سیاسەتی نەوتییەوە خۆیان بەچین و روسیا گرێداوەتەوە كەئەوەش بەرەی وزەی دوو نەیاری سەرەكیی ئەمریكا بەهێزتر دەكات مەگەر ئەوەیە كە واشنتۆن بیر لەكردنەوەی دەرگای فرۆشتنی نەوت و بەرهەمهێنانی سوتەمەنیی زیاتر بە رووی تاران و ڤەنزوێلادا بكاتەوە.
هاوڵاتی بڵاوبونەوەی پەتای ئاوڵەی مەیمون وای لە تەندروستی جیهانی كردووە كە باری نائاسایی رابگەیەنێت، بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش ئاشكرای كرد: " پەتایەكە لەناو ئەو پیاوانەدا زیاتر بڵاودەبێتەوە كە سێكس لەگەڵ پیاواندا دەكەن". تائێستا زیاتر لە 16 هەزار حاڵەتی تووشبوون بەپەتای ئاوڵەی مەیمون لەزیاتر لە 75 وڵاتدا تۆماركراوە، لەئەفریقاش پێنج كەس گیانیان لەدەستداوە. ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی تەموزی 2022، تیدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند:"بڵاوبونەوەی خێرای پەتای ئاوڵەی مەیمون حاڵەتێكی لەناكاوی تەندروستی جیهانی هێناوەتە ئاراوە كە لەبەرزترین ئاستی ئاگاداركردنەوەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیدایە". هەروەها راشیگەیاند:"ناونیشانە نوێیەكەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی (PHEIC) تەندروستی گشتی بۆ نیگەرانی نێودەوڵەتی لەناكاو بۆ دەستپێكردنی وەڵامێكی نێودەوڵەتی گونجاو داڕێژراوەو دەتوانێت بودجە دابینبكات بۆ هاوكاریكردن لەهاوبەشیكردنی ڤاكسینو چارەسەرییەكاندا". لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بەڕۆژنامەنوسانی وت"ئەندامانی لیژنەیەكی پسپۆڕ ڕۆژی پێنجشەممە كۆبونەتەوە بۆ تاووتوێكردنی ڕاسپاردەكان لەسەر بڕیارەكە، بەڵام 9 ئەندامیان دژی بڕیارەكە بوونو شەش ئەندامیان لەگەڵ بەیاننامەكەدا بوون". هاوكات، وتیشی:" هەرچەندە باری نائاسایی تەندروستی گشتیی ڕادەگەیەنم كە جێگەی نیگەرانی نێودەوڵەتییە، بەڵام بۆ ئێستا ئەمە پەتایەكە كە لەناو ئەو پیاوانەدا زیاتر بڵاودەبێتەوە كە سێكس لەگەڵ پیاواندا دەكەن، بەتایبەتی ئەوانەی چەندین هاوبەشی سێكسیان هەیە". لەبارەی مەترسیەكانی تووشبوون بەپەتای ئاوڵەی مەیمون وتویەتی:"لەڕێگەی بەركەوتنی نزیكەوە بڵاودەبێتەوەو ئەگەری ئەوەشی هەیە ببێتە هۆی نیشانەكانی هاوشێوەی ئەنفلۆنزاو برینەكانی پێستی پڕ لەچڵكو پیسی - لەئاستی جیهانیدا مامناوەندە، تەنها لەئەوروپا نەبێت كە ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی مەترسییەكەی بەبەرز زانیوە".
كاوە رەش- بەریتانیا چیرۆكی خێزانێكی كورد لەبەریتانیا، كچەكەیان لەژێر پاساوی (پاراستنی شەرەف) كوشتووە، هێشتا لەمیدیاكاندا باس دەكرێت، رۆژنامەی میترۆی بەریتانی، لەزاری خوشكی یەكێك لەقوربانیەكانەوە، چیرۆكێكی تاڵ دەگێڕێتەوە لەساڵڕۆژی یادەوەریی نیشتمانی قوربانیانی شەرەف پارێزیی لەبەریتانیا. پایزە مەلیك، ناوی خوازراوی ئەو كچە كوردەیە، كەخوشكی (بەناز مەحمود) بووە، ئەو خانمەی لەووڵاتی بەریتانیا، بەپاساوی پاراستنی شەرەفی خێزانەكەی، لەلایەن كەسوكارییەوە كوژراو دواتر جەستەشی شاردرایەوە. پایزە، باس لەچیرۆك و سەرگوزشتەی ژیانی تاڵی خۆی و خوشكەكەی (بەناز) دەكات و بەوە دەستپێدەكات كەدەڵێت، لەكوردستانی عێراق لەگەڵ خێزانەكەیان روویان كردۆتە بەریتانیا، وتی:»ئەوكاتەی تەمەنم شازدە ساڵان بوو، لەباشوری لەندەن دەژیان، كچە هەرزەكارێكی ئاسایی بووم و بەچێژەوە دەچوومە بەرخوێندن و ئارەزووی پۆستەرەكانی ئەستێرەی پۆپ، بریتنی سپیرس و وێستلایفم دەكرد، وێنەكانم بەدەرگای دۆڵابەكەم هەڵدەواسی، كتێبەكانی گۆسبۆمپم كۆدەكردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، بەپێچەوانەی زۆربەی هاوتەمەنە هەرزەكارەكانم، ناچاری هاوسەرگیری منداڵی كرام، لەلایەن خێزانەكەمەوە». خوشكەكەی بەناز دەشڵێت:» لەماڵی ئێمە بەردەوام ئاژاوەو درامای خێزانی هەبوو، تەنها دەتوانم وێنای ئەوە بكەم، كەدووەم گەنجترین كچ بووم، لەو پێنج كچەی تەنها لەهاوبەشی كردنی حەمامێكدا یەكسان بووین، سەرباری ئەمەش، دایك و باوكم، كەسانێكی زۆر توند بوون و بۆ زۆرشت، رێگەمان پێنەدەدرا». پایزە دەڵێت، بۆ نموونە نەیانتوانیوە «جلی رۆژئاوایی» لەبەر بكەن، یان لەگەڵ هاوڕێكانی دەرەوەی قوتابخانە گفتوگۆ بكەن، تەنانەت لەهەندێك باردا، هەڵبژاردن و رای خۆیان لەسەر شتەكان مەحاڵە بووە. »یەكێك لەبژاردەكانی خێزانەكەمان ئەوە بوو، كەبەچ كەسێك و چ كاتێك ئەوان دەخوازن، ئێمە دەتوانین شوو بكەین. هەرچەندە دایك و باوكم خۆیان پێشتر هاوسەرگیری زۆرەملێیان ئەنجام نەدابوو»، خوشكەكەی بەناز وای وت. بەپێی یاسای ئەوكاتە لەئینگلتەرا و وێڵز، تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری 18 ساڵان بوو و لەهەمان كاتدا، هەرزەكارانیش دەیانتوانی لە تەمەنی 16 ساڵیدا بەڕەزامەندی خۆیان و دایك و باوك ، هاوسەرگیری بكەن. بەڵام پایزە وتی:» لەخێزانێكی وەك ئێمە، رای كچەكان بەهەند وەرنەدەگیرا چونكە لەوكاتەدا كەگفتوگۆی هاوسەرگیری من دەكرا، لەگەڵ دایك و باوكم، من لەسەر جێگاكەم لەژوورێكی دیكە دانیشتبووم و پێیان وتم، كەپیاوێكی تەمەن 30 ساڵان، ناسیاوی باوكمەو دەیەوێت من شوو بەئەو بكەم. من هەرگیز ئەوم نەدەناسی، بەڵكو ئەوان، ئەویان دەناسی لەڕێگای بنەماڵەو دۆستایەتیەوە»دایك و باوكم دەیانەوێت هاوسەرگیری بكەم. بۆیە سەرم لێشێوابوو، خەیاڵم دەكردەوە، كەئاخۆ چ هەڵەیەكم ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی بەو شێوازە هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێكی تەواو نامۆ بكەم». یەك دوو هەفتە دواتر من (جۆرجم) بینی، (كە ناوی خوازراوی هاوسەرەكەمە) لەماڵی خۆمان، من لەتەنیشت دایكم و باوكیشم لەگەڵ ئەو بەرامبەرمان لەسەر قەنەفەكە دانیشتبوو. پێشتر لەلایەن دایك و باوكمەوە پێم وترابوو، كە پێویستە تەنها بەڕێزەوە سڵاو و بەخێرهاتنی بكەم، بەڵام دوای ئەوە قسە ناكەم. بۆیە دانیشتم و گوێم لە دایك و باوكم گرت، ئەوان وەسفی منیان وەك كچێكی باش دەكرد بۆ ئەو، پاشان منیان ناردە دەرەوە. پایزە درێژە بەچیرۆكەكەی دەدات دەگێڕێتەوە و دەڵێت:» یەكەم شت كەتێبینیم كرد لەو پیاوە، كەئەو زۆر لەمن بەتەمەنترە. ئەوەش لەڕووخسارو قژیدا دیاربوو. تەنانەت پۆشاك و شێوازی جلوبەرگی وەك یەكێك لە مامەكانم دەچوو. بیرمە كەهەستم بە ترس دەكرد لەوەی ئاخۆ ژیانم چۆن دەبێت لەگەڵ ئەم پیاوە. دوای ئەو یەكەم چاوپێكەوتنە، ئیدی گەورەكان بڕیاریاندا كەدوای چەند هەفتەیەكی دی ژووانی زەماوەندەكە سازدەدرێ. پایزە وتیشی:» یەكەم ساڵی چوونە كۆلێژم بوو، دەمویست بچمە چاپتەرێكی دیكەی ژیانە تازەكەی كۆلێژ، نەك شوكردن، بەڵام لەجێی ئەوەی ئاشنایەتی لەگەڵ هاوڕێ تازەكانم دروست بكەم، تووشی هاوسەرگیریان كردم». »لەڕۆژی زەماوەندەكەمدا، هیچ هەستێكم نەبوو، جگە لەترس. ئەوان جلی بوكێنیان بۆ هەڵبژاردبووم و دەم و چاویشیان بەچینێك ماكیاج داپۆشی بووم، لەبەرامبەر ئەندامانی خێزان و ئەو كەسانەی كە بەڕاستی نەمدەزانی كێن، دانیشتبوم و شووم بەكەسێكی نامۆ دەكرد!». »لەتەواوی رۆژی ئاهەنگ و زەماوەندو پێشوازی، هەستم بە نەخۆشی و سەرلێشێواوی دەكرد. تێنەگەیشتم كەبۆچی هەموو ئەم خەڵكانە نەیاندەتوانی ببینن، كەمن زۆر ناڕازیم و چی ڕوودەدات؟ بەڕاستی ئەو رۆژە هەستمكرد كەخیانەتم لێكراوە لەلایەن هەموو ئەو كەسانەی لەوێ ئامادەبوون». هەرچەندە دوای هاوسەرگیرمان جاربەجار بەردەوامیم دەدا بەكۆلێژ، بەڵام ئەوە هاوسەرەكەم بوو بڕیاری دەدا كەبچم یان نا چونكە هێندێك جار، بەهەفتە رێگری لێدەكردم لەخوێندن. لەهەمان كاتیشدا، دەبوو وەها خۆم نیشان بدەم، كەهاوسەرێكی باشم لەبەردەم ئەو هاوڕێیانەی كەدەیهێنانەوە ماڵەوە» بەڕاستی ژیانم زۆر سەخت بوو، لەگەڵ ئەوەش بەردەوام هەستم بەتەنیایی دەكرد، بەڵام پیاوەكەم دەیخواست كەببینە خێزان و دوای چەند مانگێك لەهاوسەرگیری، هەستم كرد دووگیانم». لەكاتی بینینی پەرستارەكەم، پێم راگەیاند:»دەمەوێت زگەكەم بۆ لەبار بەریت، چونكە لەڕاستیدا هیچ داهاتوویەكم لەگەڵ ئەو پیاوە بەدی نەدەكرد. ئەگەر منداڵیشم لێی ببوایە دەبوو درێژە بەهاوسەرگیریەكە بدەم و گیرۆدەی كێشەی زیاتر ببینەوە. كاتێكش بیرۆكەی لەباربردنی كۆرپەكەم بەمێردەكەم و خێزانەكەم راگەیاند، ئەوان هەوڵیان لەگەڵدام، منداڵەكەم هەبێت و گوتیان كەیارمەتیت دەدات مێردەكەم خۆش بووێت، بەڵام من پێم گوتن كەمن ناتوانم دایكێكی باشبم و منداڵەكەم بێ داهاتوو دەبێ، بۆیە ئەوان بەناچاری و دواجار رێگەیان پێدام بەلەبارچوونەكە». پایزە، لەدرێژەی سەرگوزشتەكەیدا دەڵێت:»هەموو رۆژێك كە لەخەو رادەبووم، ئومێدەواربووم كەژیانم جیاواز بێت، ئەوەی دەمویست، تەنها ئەوە بوو كەوەك هەموو هاوەڵەكانی دیم، درێژە بەخوێندن بدەم و بڕۆمە كۆلێژ، نەك هاوسەرگیری بكەم و ببمە ژنی ماڵەوەو بەرپرسیاریەتی بگرمە ئەستۆ، ئەو كاتەی كە لەیەكەم مانگی تەمەنی هەژدەساڵیدا بووم هاوسەرگیریەكەم، كەمتر لەدوو ساڵ بەردەوامی هەبوو. دواجار تەڵاقم وەرگرت، هەر لەو مانگەدا بوو، كاتێك خوشكەكەم (بەناز) لەژێر پاساوی (پاراستنی شەرەف) كوژرا. »مێردەكەم هەڕەشەی دەكرد، كەمنیش چارەنووسی بەنازی خوشكم دەبێت و دەكوژرێم. لەكاتی داواكردنی جیابوونەوەم خێزانەكەم رێگریان دەكردو هەوڵی گەڕانەوەیان دەدا لەگەڵم، بەڵام لەوكاتەوە تائێستا رووخساری ئەوم نەبینیوەتەوەو لەدەستی ئازاد بووم. هاوشێوەی منیش، بەنازی خوشكم، وەك هەرزەكارێكی تەمەن 17 ساڵان بەزۆر هاوسەرگیریان پێكردبوو. بەناز، لەهاوسەرگیریەكەیدا بەتەواوی لەكێشەو گیروگرفت دابوو، چەندین جار بەوێنەو بەڵگەوە، جێگای ئازارو ئەشكەنجەی برینەكانی وەك سكاڵا بەپۆلیس دابوو، بەڵام دواجار هیچ كەسێك نەیتوانی ژیانی ئەو لەكوشتن بپارێزێت». لەچەند مانگی كۆتایی ژیانی بەنازدا، زۆر بەخێرایی شتەكانی تێدا گۆڕا، هەر لەو ماوەیەدا، كەوتە داوی خۆشەویستی كەسێكی دیكەوە، كەدەیویست تێیدا دەست بەژیانێكی تازەبكات و تێیدا بەختەوەربێت، بەڵام هەرزوو لەلایەن ئەوانەی بەنازیان» بەبێ ئابڕوو بێشەرم دەزانی، كۆتایی بەهەموو خۆزگەكانی هێندرا». كاتێك لەجەنیوەری ٢٠٠٦ گەڕامەوە ماڵی باوكم و شەو پۆلیس لەدەرگای ماڵەوەیانداو باوكمیان دەستگیركرد. دواتر هەریەكە لەباوكم و مامم و دوو لەئامۆزاكانم بەتاوانی كوشتنی بەناز، سزای هەتا هەتایی دران. دوای نزیكەی سێ مانگیش، تەرمی بەناز، لەناو جانتایەك و لەژێر باخچەی ماڵێك، لەشاری بێرمینگهام دۆزرایەوە. »ئەوساتە، ناخۆشترین رۆژەكانی ژیانم بوو، كاتێك هەواڵی مەرگی خوشكەكەمم بیست، وام هەست دەكرد، كە لەناو ئاگردابم و بەزەحمەت هەناسەم بۆ دەدرا. نەم دەتوانی باوەڕبكەم و هێشتاش ناتوانم بڕوا بكەم چۆن روویدا». پایزە دەڵێ، ژیان بۆ من ئێستا تەحەدایەكی بەردەوامە. زۆر شت هەیە كە لەگەڵیدا بژیم و هێشتاش شۆكێكی زۆرم هەیە، بەڵام هەموو هەوڵێك بۆ ئەوە دەدەم، كەئەم ئەزموونە ئازاربەخشانەی ژیانم، بگۆڕم بۆ چالاكی وزە». خوشكەكەی بەناز دەشڵێت:» ئێستا چالاكوانێكی بواری بەرگریكردن لەمافەكانی ئافرەتانم و لەچەند رێكخراوێك كاردەكەم لەوانە، (ئای سی دەبلیو ئاڕ ئۆ) كەئەركەكانیان تەرخانكراوە بۆ پشتگیری كردن لەمێینەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا، لەبەریتانیا، لەمەترسی كوشتن و چەوساندنەوەیان لەژێر ناوی (شەرەف)، هاوسەرگیری منداڵان، هاوسەرگیری بەزۆرەملێ، خەتەنەكردن».
هاوڵاتی رووسیا و ئۆكرانیا رێككەوتنێكیان بە چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكان و توركیا واژۆ كرد سەبارەت بە دووبارە دەستپێكردنەوەی هەناردەی دانەوێڵە كە دەتوانێت قەیرانی خۆراكی لە جیهان چارەسەر بكات. بۆ كردنەوەی رێگەكانی گەیاندنی خۆراك و پەینی كشتوكاڵی لە نێو دەریای رەش، سێرگی شوێیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا و ئۆلیكساندر كوبراكۆڤ، وەزیری ژێرخانی ئۆكرانیا هەریەكەیان بە جودا رێككەوتنێكی هاوشێوەیان لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان و توركیادا واژۆكرد. بەرپرسانی ئۆكرانیا رایانگەیاند، بەهۆی ئەو شەڕە خوێناوییەی كە ماوەی پێنج مانگە لە نێوانیاندایە، نایانەوێت ناوی خۆیان لەسەر هەمان بەڵگەنامەی رووسیا دابنێن. دیپلۆماتەكان پێشبینی دەكەن تا ناوەڕاستی مانگی ئاب، بۆ یەكەمجار هەناردەی دانەوێڵە بە قەبارەی تەواوی خۆی بگاتە نێو دەریای رەش. لەكاتێكدا كە دوای چەند مانگێك لە دانوستاندن رێككەوتنەكە واژۆكرا، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان گوتی: "ئەمڕۆ ترووسكەیەك لە دەریای رەشەوە هەیە، ترووسكەیەكی هیوا، ترووسكەی ئەگەرەكان، ترووسكەیەكی بەهاناوەچوون." گۆتێرێز گوتیشی: رێككەوتنەكە "ئاسوودەیی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتووی لێواری مایەپووچبوون و خەڵكی بەشمەینەتی لێواری قاتوقڕی دەهێنێت." هاوكات ئەوەشی روونكردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان مەزەندە دەكات كە 47 ملیۆن كەسی دیكە لە ئەنجامی راستەوخۆی شەڕی ئۆكراینا رووبەڕووی "برسێتی تووند" بوونەتەوە. هاوكات، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند:"هیوادارم ئەو رێككەوتنە لە كۆتاییدا رێگە بۆ بەرپابوونی ئاشتی لە ئۆكراینادا خۆشبكات". شەڕەكە لە یەكێك لە بەپیتترین ناوچەكانی سەرانسەری ئەوروپا لەلایەن دوو لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی دانەوێڵە لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت. بەڵام كەشتییە جەنگییەكانی رووسیا و مینەكانی ئۆكرانیا بۆ رێگریكردن لە هێرشێكی وشكانی لەنێو دەریای رەشدا دانراون، بوونەتە رێگر لەبەردەم هەناردەكان، لە ئەنجامدا نزیكەی 25 ملیۆن تۆن گەنم و دانەوێڵەی دیكە لە بەندەر و سایلۆكاندا ماونەتەوە. بەرپرسانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێن، بەخێرایی بڕیاردرا، چونكە لابردنی مین لە ناوچەكەدا كاتێكی زۆری دەوێت بۆ ئەوەی مەترسییەكانی برسێتی كە لەسەر هەندێك لە هەژارترین ناوچەكانی جیهان درووستبوون، كەم ببنەوە. ئەو رێككەوتنەی كراوە، ژمارەیەك رێڕەوی سەلامەت دادەمەزرێنێت كە لە رێگەیانەوە كەشتییەكانی ئۆكراینا دەتوانن لە سێ بەندەری دیاریكراوی دەریای رەش لە ئۆدێسا و دەوروبەری بێنە ژوورەوە و دەربچن. هەروەها هەردوولا بەڵێنیان دا كە لە كاتی هاتووچۆدا هێرش نەكەنە سەر كەشتییەكان. میخایلۆ پۆدۆلیاك، راوێژكاری سەرۆكایەتی ئۆكرانیا هۆشداریدا كە هەر پێشێلكارییەكی رووسیا لە دژی رێككەوتنەكە یان هەر لەشكركێشییەكی بۆسەر دەوروبەری بەندەرەكانی ئۆكرانیا بە "وەڵامێكی سەربازی دەستبەجێ" وەڵام دەدرێتەوە. ناوەندێكی هاوبەشی فەرماندەیی و كۆنترۆڵكردن لە ئەستەنبوڵ دادەمەزرێت بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و دڵنیابوونەوە لە روونەدانی كێشە لە گواستنەوەی دانەوێڵەكان.