هاوڵاتی.. به‌پێی ڕاپۆرتێكی شیكاری كه ماڵپه‌ڕی CNN بڵاویكردوه‌ته‌وه، جه‌نگی ئۆكرانیا و روسیا كاریگه‌ری ئابووری له‌سه‌ر خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستكردووه. جه‌نگی ئۆكرانیا‌و روسیا چوار كاریگه‌ری به‌هێزی له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستكردووه. جه‌نگی ئۆكرانیا‌و روسیا پێده‌نێته مانگی حه‌وته‌مه‌وه‌و به گه‌وره‌ترین جه‌نگ داده‌نرێت له‌دوای ساڵی 1945 ه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌م جه‌نگه كاریگه‌ری له ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستكردوه. چوار كاریگه‌ری جه‌نگ له‌سه‌ر وڵاتان 1-هه‌نارده‌كارانی وزه داهاتیان له زیادبوندایه جه‌نگه‌كه بۆته هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت ئه‌مه‌ش بۆته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌ڵئاوسان و گرێبه‌ستی ئابووری له‌سه‌ر ئاستی جیهانی، به‌ڵام بۆ وڵاتانی وزه ده‌وڵه‌مه‌ندی كه‌نداوی فارس، مژده‌به‌خشه دوای دابه‌زینی هه‌شت ساڵه‌ی ئابووری به‌هۆی نزمی نرخی نه‌وت و كۆڤید-19 وه. سندوقی دراوی نێوده‌وڵه‌تی پێشبینی ده‌كات كه وڵاتانی هه‌نارده‌كاری نه‌وتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست 1.3 تریلیۆن دۆلاری زیاتر له داهاتی نه‌وت له‌چوار ساڵی داهاتوودا په‌یدا بكه‌ن . ئه‌مه بۆ یه‌كه‌مینجاره وڵاتانی كه‌نداو له ساڵی 2014ه‌وه بودجه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیاد ده‌بێت، هه‌روه‌ها پێشبینی ده‌كرێت گه‌شه‌ی ئابووری به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو خێراتر بێت، بۆ نمونه ئابووری سعودیه 9.9٪ زیادی كردووه، كه به‌رزترینه له 10 ساڵی رابردوودا. هه‌روه‌ها جه‌نگه‌كه ده‌رفه‌تی بۆ به‌رهه‌مهێنه‌رانی غاز ڕه‌خساندووه له ناوچه‌كه ، بۆ ده‌یان ساڵ وڵاتانی ئه‌وروپا له‌جیاتی ئه‌وه‌ی له وڵاتانی دووره‌وه له ڕێگه‌ی ده‌ریاوه هه‌نارده‌ی غاز بكه‌ن له ڕووسیاوه له ڕێگه‌ی بۆریه‌كانه‌وه غازیان هاورده كردوه، به‌ڵام له كاتێكدا ئه‌وروپا هه‌نارده‌ی غاز له روسیاوه كه‌مده‌كاته‌وه ، له ئێستادا به دوای هاوبه‌شی نوێ‌دا ده‌گه‌ڕێت بۆ كڕینی غاز، له‌به‌رامبه‌ردا وڵاتی قه‌ته‌ر بڕیاری داوه بۆ چوار ساڵی داهاتوو نیوه‌ی توانای غازی خۆی ببه‌خشێت به وڵاتانی ئه‌وروپا ،هه‌روه‌ها یه‌كێتی ئه‌وروپاش گرێبه‌ستی غازی له‌گه‌ڵ میسر و ئیسرائیل ئیمزاكردووه . ٢- وڵاته زلهێزه‌كان لاواز ده‌بن ده‌سه‌ڵاتداره به‌هێزه‌كانی ڕۆژئاوا كه پێشتر ڕه‌خنه‌ی توندیان له وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گرت، ئێستا پێویستیان پێیانه، سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بڕیاری دابوو كه سعودییه پشتگوێ بخات و بیكات به وڵاتێكی ده‌ركراو، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا جۆ بایدن له گه‌شتێكی گرنگی مانگی ڕابردوودا سه‌ردانی سعودیه‌ی كرد، ئه‌م هه‌نگاوه وه‌ك خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانێك بوو كه سه‌نگی ئابووری جیهانیدا ده‌گۆڕێت، بایدن به‌و هیوایه‌وه چوو كه سعودیه نه‌وتێكی زیاتر به‌رهه‌م بهێنێت تا یارمه‌تی ئه‌مه‌ریكا بدات له به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هه‌ڵئاوسانی ئابوری، به‌ڵام سعودیه ئه‌و داوایه‌ی ره‌تكردوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها جه‌نگه‌كه ڕێگه‌ی به ره‌جیب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆك كۆماری توركیا داوه كه خۆی وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی پێویست له رێكخستنی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌ربخات دوای ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی ئابوورییه‌كی قوڵ بوه‌ته‌وه‌و له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی داهاتوو نزیك ده‌بێته‌وه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه توركیا یاری دوو لایه‌نه ده‌كات له‌لایه‌ك په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ رۆوسیا هێشتوه‌ته‌وه، له‌لایه‌كی دیكه فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان به ئۆكراینا ده‌فرۆشێت و ته‌نانه‌ت نێوه‌ندگیری نێوان شه‌ڕه‌كه‌ش ده‌كات. 3- هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كان له گۆڕاندان له‌گه‌ڵ گۆڕانی ڕێگه بازرگانییه‌كان هاوپه‌یمانێتیه‌كانیش له گۆڕاندان . ڕاوێژكاری سه‌رۆكی ئیمارات ئه‌نوه‌ر گارگاش له مانگی نیساندا ڕایگه‌یاندبوو، شه‌ڕه‌كه سه‌لماندوویه‌تی كه چیتر ئه‌مه‌ریكا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی نییه له ڕێكخستنی هاوپه‌یمانێتییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و وتیشی، هاوپه‌یمانێتیه‌كان له گۆڕاندایه و"كاریگه‌ری وڵاتانی رۆژئاوا له‌سه‌ر رێكخستنی جیهانی له ڕۆژانی كۆتاییدایه" هه‌روه‌ها باڵیۆزی ئیمارات له ئه‌مریكا له سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا وتی، په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ واشنتۆن به تاقیكردنه‌وه‌دا تێپه‌ڕیوه، دوای ئه‌وه‌ی ئیمارات چووه پاڵ هیندستان و چین له ده‌نگ نه‌دان بۆ بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه ئه‌مریكا پشتگیری ده‌كرد، سه‌باره‌ت به جه‌نگه‌كه‌ی ئۆكرانیا. چین ده‌بێته جێگره‌وه هه‌روه‌ها سعودییه‌ش وڵاتی چین وه‌ك جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌مریكا داده‌نێت و هه‌ماهه‌نگی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ زیاتر كردووه‌و له‌لایه‌كێ دیكه‌شه‌وه بیر له‌فرۆشتنی نه‌وت ده‌كاته‌وه به‌چین. 4- قه‌یرانی خۆراك و هه‌ڵئاوسانی ئابوری گرژیی دروست ده‌كات جه‌نگه‌كه‌ی ئۆكرانیا‌و روسیا زۆربه‌ی جیهانی توشی قه‌یرانی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه كرد، به‌ڵام وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست زۆرترین زیانی له‌و باره‌یه‌وه به‌ركه‌وتووه . سێ یه‌كی دانه‌وێڵه‌ی جیهان له روسیا و ئۆكۆانیاوه به‌ده‌ستیان ده‌گه‌یشت، هه‌روه‌ها وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش بۆ زیاتر له نیوه‌ی هاورده‌كانیان پشت به‌و دوو وڵاته ده‌به‌ستن، كه ئه‌مه به تایبه‌ت گورزێكی توندی له لیبیا و لوبنان دا له هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه ، هه‌روه‌ها میسریش كه یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین هاورده‌ی دانه‌وێڵه‌ی هه‌یه له جیهاندا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه جه‌نگه‌كه باری ئابووری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی تێكداوه‌و هه‌ڵئاوسانی دروستكردوه‌و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كاڵاكان له‌عێراق و ئێران زۆر به‌روونی ده‌ركه‌وتووه.
هاوڵاتی بەرلەوەی دادگای فیدراڵی عێراق رۆژی سێشەممە بڕیاری خۆی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان یاخود هەڵنەوەشاندنەوەی بدات، رۆژی دووشەممە تویتێكی (كازم حائیری) مەرجەعی ئاینی سەدرییەكان و دواتریش تویتێكی موقتەدا سەدری رابەری رەوتی سەدر گڕیان لەتەواوی شەقامی عێراقی بەرداو دۆخی ئەمنی بەغداو زۆربەی شارەكانی باشووری عێراقیان گەیاندە ئەو خاڵەی كەچەندین مانگە سیاسییەكان و چاودێران هۆشداری لەبارەوە دەدەن و پێیان وایە هەر كەدۆخەكە لەدەست دەرچوو ئیدی گەڕانەوەی بۆ نییەو هەمووان بەیەكەوە دەسوتێنێت. كازم حوسەینی حائیری ساڵی 1938 لەكەربەلا لەدایكبووە، لەتەمەنی پێنج ساڵیدا لای باوكی دەستی بەخوێندنی ئاینیی كردووە‌و دواتر رووی لەشاری نەجەف كردووە بۆ تەواوكردنی خوێندن، ئەو یەكێك لەدیارترین خوێندكارەكانی سەید (محەمەد باقر سەدر)ی مامی موقتەدا سەدرە‌و ماوەیەكی دورودرێژ هاوەڵی بووەو لەشاری قوم نیشتەجێیە، كتوپڕ وازهێنانی خۆی لەمەرجەعییەتی سەدرییەكان راگەیاند. كازم حوسەینی حائیری لەڕاگەیەندراوێكدا وێرای وازهێنانی لەمەرجەعییەت، داوای لە «بڕواداران»ی كرد گوێڕایەڵی رابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی بن و وەك هێزێكی سەربەخۆ پاڵپشتی لەحەشدی شەعبی بكەن. هاوكات رایگەیاند: «هەركەسێك هەوڵی جیاكردنەوەی رۆڵەكانی مەزهەب بدات و بێ فەرمانی سەركردایەتی شەرعیی بكات لەڕاستییدا ئەو كەسە سەدری نییە، تەنانەت ئەگەر داواكاری ئەوەیش بكات». دوابەدوای ئەوە، موقتەدا سەدری لەبارەی وازهێنانی مەرجەعی شیعە، كازم حوسەینی حائیری تویتێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند «زۆر كەس لەنێویاندا بەڕێز حائیری وا هەست دەكەن كەئەم سەركردایەتییە بەهۆی كار‌و فەرمانی ئەوانەوە هاتووەتە ئاوارەوە، بەڵام نەخێر وانییە ئەم سەركردایەتییە بەپشتیوانی خوا‌و هەوڵی باوكم كە دەستی لەكاروباری عێراق و گەلەكەی وەرنەداوە، هاتووەتە ئاوارەوە». سەدر رایگەیاند كەسەرباری وازهێنانی كازم حائیری، بەڵام نەجەف بەردەوام بەگەورەترین بارەگای مەرجەعییەت دەمێنێتەوە. دوای وازهێنانی سەدر، خۆپیشاندەرانی لایەنگری سەدر لەناوچەی سەوز دۆخەكەیان ئاڵۆزكردو پەلاماری چەندین باڵەخانەی حكومییان دا‌و تەنانەت چوونە ناو كۆشكی كۆماریشەوە، لەئێستاشدا هەموو چاوەكان لەسەر (عەلی سیستانی)ی مەرجەعی گەورەی شیعەكانە كە لەشاری نەجەف نیشتەجێیە تا ئەو ئاگرەی كەهەڵگیرساوە بەفەتوایەك بیكوژێنێتەوە. بەبڕوای ئەو چاودێرانەی كەساڵانێكە چاودێری بڕیار‌و فەتواكانی سیستانی‌یان كردووە، هەرچەندە زۆرینەی عێراقییەكان و سەركردەی حزبە شیعییەكان چاویان لەوەیە (سیستانی) لەدوایین ساتدا دەستوەردان بكات، بەڵام ئاماژە بەوەدەكەن سیستانی نایەوێت هەڵوێستێك دەرببڕێت كەخزمەت بەلایەنێكی سیاسی بكات لەسەر حسابی لایەنێكی دیكە، چەند سەرچاوەیەكیش كەقسەیان بۆ رۆژنامەی (عەرەبی جەدید) كردووە دەڵێن: چەندین پەیام لەكەسایەتییە عێراقی و ئاینییە ئێرانییەكانەوە گەیشتوون بەسیستانی بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆی لەسەر رووداوەكانی ئێستا دەرببڕێت یاخود دەستپێشخەرییەك بكات، تەنانەت چەندین لایەنی نێودەوڵەتیش بەتایبەتی نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكان هەوڵیانداوە سیستانی هەڵوێستێك دەرببڕێت یاخود چاویان پێبكەوێت، بەڵام سیستانی رەتیكردووەتەوە كەس ببینێت. ئەوەی ئەم دۆخەی عێراقی درووستكردووە لەئێستادا رێكنەكەوتنە لەسەر درووستكردنی حكومەت و دووبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردنەكان و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئێستا، كەسەدرییەكان زۆر بەتوندی دەستیان بەداواكانیانەوە گرتووە، هەرچی لایەنی هەماهەنگیشە هەرچەندە كەمێك نەرمییان نواندووە لەبەرامبەر داواكانی سەدردا، بەڵام مەرجی قورسیان داناوە. توندوتیژییەكانیش كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێناوەتە سەر خەت و هەریەكە لەنەتەوەیەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاو بەریتانیاو كۆمكاری عەرەبی و دەیان وڵاتی دیكە داوای دەستبەجێ وەستاندنی هەموو توندوتیژییەك دەكەن. لەڕاگەیەندراوێكدا سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان «داوای ئارامی و دانبەخۆداگرتن دەكات و داوا لەهەموو لایەنەكان دەكات هەنگاوی دەستبەجێ بنێن بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و خۆیان لەتووندوتیژی بەدووربگرن.» هاوكات یەكێتیی ئەوروپا دەڵێت «دووپاتی دەكەینەوە كە پێویستە رێز لەهەموو یاساكان بگیرێت و سەلامەتیی دامودەزگاكان مسۆگەر بكرێت. پێویستە هەموو لایەنەكان لەپێناو كەمكردنەوەی گرژییەكان كاربكەن و بەگوێرەی دەستوور لەگفتوگۆی سیاسی‌دا بەشداربن، كەئەوە تاكە رێگەی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانە». لەلایەن خۆشیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە وەزارەتی دەرەوە سەركۆنەی گرژییەكانی عێراق دەكات و داوا لەهەموو لایەنێك دەكات دان بەخۆیاندا بگرن و بەدوای رێگەی چارەسەردا بگەڕێن. بەریتانیاش دەڵیت»داوا لەوانە دەكەین كە لەسەر شەقامەكانن، خۆیان بەدووربگرن لەتووندوتیژی و دەبێت خۆپێشاندانەكان ئاشتییانە بن، چونكە عێراقییەكان شیاوی ئەوە نین وڵاتەكەیان بەشەڕو تووندوتیژییەوە تێوەبگلێندرێت.» بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوكراونەتەوە دەیان كەس كوژراون و سەدانی تریش برینداربوون، هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە وابڕیاربوو رۆژی سێشەممە 30ی ئاب دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر هەڵوەشاندنەوە یاخود هەڵنەوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بدات، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزبوونی دۆخەكە، دادگاكە رایگەیاندووە بڕیارەكەی بۆ كاتێكی نادیار دواخستووەو بەمەش جارێكی تر چارەنووسی ئەو كێشەو گرفتانەی كەهەموو ئەم رووداوانەی لێكەوتووەتەوە دراوەتە دەست قەدەرو كەس نازانێت عێراق روو لەكوێ دەكات. لەتازەترین پەیامیشدا كە ئێوارەی سێشەممە بڵاویكردەوە، موقتەدا سەدر نیگەرانیی خۆی لەدۆخی ئێستای عێراق دەربڕی و رایگەیاند:»لەماوەی یەك كاتژمێردا خۆپیشاندەران نەكشێنەوە حاشایان لێدەكەم»، و وتیشی:»گەل دیلی گەندەڵی‌و تووندوتیژیە، بەڵام نەفرەت لەو شۆڕشەی بەتوندوتیژی بێت، ئەو شۆڕشەی توندوتیژی تێكەڵبوو شۆڕش نییە لەبنەڕەتدا، لەمەودوا ناڵێم شۆڕش»، و دەڵێت:»هیوادار بووە ناڕەزایەتیی ئاشتییانە هەبێت، نەك شۆڕشەكە بگاتە ئەم ئاستە، نەفرەت لەشۆڕشەكەتان». لەبارەی بڕیارەكەی خۆیشیەوە كەكشانەوەی لەپرۆسەی سیاسیی راگەیاند، موقتەدا سەدر وتی:»لەدوێنێوە من كشاومەتەوە لەڕووی شەرعەوە، چونكە مەرجەع وتی نابێت لەڕووی شەرعەوە دەستوەردان هەبێت، بۆیە من كشاومەتەوەو حەقم بەسیاسەتەوە نییەو هیچ كەسیش پرسیاری سیاسیم لێ نەكات». بەبڕوای زۆرێك لەوانەی لەدۆخی سیاسی عێراق شارەزان پێناچێت ئەمجارەش كشانەوەی سەدر یەكجارەكی بێت و هاوشێوەی جارانی پێشووتر كە پاشەكشەی دەكرد لەپرۆسەی سیاسی و دواتر دەگەڕایەوە ئەمجارەش بگەڕێتەوە. بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی «ئیندپێندنت»ی بەریتانی كە لەژێر ناوی «ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ كۆتاییهێنان بەقەیرانی سیاسیی عێراق دەستتێوەردان دەكات؟» ئاماژە بەوەكراوە ئەنجومەنی ئاسایش مافی ئەوەی هەیە بەپێی مادەكانی 24و 34و 39ی پەیماننامەی نەتەوەیەكگرتوەكان دەستتێوەردان لەكاروباری ناوخۆی عێراقدا بكات، بەوپێیەی ئەوەی روودەدات هەڕەشەیە لەسەر ئاشتیی‌و ئاسایشی نێودەوڵەتیی.لەگەڵ ئەوەشدا، چاودێران بەدوریدەزانن لەئایندەیەكی نزیكدا دەستپێشخەریی نێودەوڵەتیی یان هەوڵی بەنێودەوڵەتییكردنی قەیرانی عێراق هەبێت. رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: «كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەدەست عێراقەوە ماندوو بوەو نابێت چاوەڕێی ئەوە بكرێت بەقوڵی لەدیمەنی سیاسیی عێراقەوە بگلێت، بەتایبەت كە ماوەی 19 ساڵە قەیرانی سیاسیی عێراق بەردەوامەو بەردەوامیش قەیرانی نوێ سەرهەڵدەدات، ئەمەش وایكردووە عێراق لەكارە لەپێشینەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بێتە دەرەوە». لەئێستاداشدا دوابەدوای پەیامەكەی سەدر، دۆخی توندوتیژی و ئاڵۆزییەكان بەرەو خاوبوونەوە دەچن، بەڵام دۆخە سیاسییە گڕگرتووەكە پێناچێت بەم نزیكانە دوای 10 مانگ لەهەڵبژاردن كۆتایی پێبێت و لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن.
هاوڵاتی دوێنێ سێشه‌مه 30/08/2022 كاتژمێر 8:30 خوله‌كی ئێواره كه‌سێك به چه‌كی كلاشینكۆڤ نزیك ده‌بێته‌وه له كۆچبه‌رانی كه‌مپی دانیكخك و ده‌ست رێژی گوللـه به‌سه‌ر كۆچبه‌ران ده‌كات و له‌ئه‌نجامدا 9 كه‌س بریندار ده‌كات كه برینی دوانیان زۆر سه‌خته. به‌پێی زانیاری میدیاكانی فه‌ره‌نسا، له‌ئێستادا ئه‌و دوو كه‌سه‌ی برینه‌كانیان سه‌خته له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شاری لیلی باكوری فه‌ره‌نسا له ژێر چاودێرین ئه‌وانی تریش له نه‌خۆشخانه‌كانی شاری كالاس و دانكیخك. ئه‌م كه‌مپه ئه‌و كۆجبه‌رانه‌ی تێدا ده‌ژین كه‌له چاوه‌ڕوانیدان له ده‌رفه‌تێكدا خۆیان بگه‌یێنن به وڵاتی به‌ریتانیاو به‌شی هه‌ر زۆری ئه‌م كۆچبه‌رانه‌ش كوردی باشوری كوردستانن و پۆلیسی فه‌ره‌نسی له‌سه‌ر رووداوه‌كه سه‌قاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن و تائێستا توانباره‌كه ده‌ستگیر نه‌كراوه.
جۆ بایدن سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا داواکاری خۆ کاندید کردنەوەی بۆ هەڵبژاردنی 2024 پێشکەش کرد. جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە داواکاری خۆ کاندیدکردنەوەی بۆ خولێکی نوێی سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2024دا پێشکەشی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی فیدڕاڵی کرد. ڕۆژنامەی ئیندیپێندێنت لە راپۆرتێکيدا باسی لەوە کردوە، کە بایدن دووبارە داواکاری خۆ کاندید کردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆکی ئەمەریکا پێشکەش بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی فیدڕاڵی کردوە. پێشکەشکردنی داواکاری خۆ کاندید کردنەوەی لە کاتێکدایە کە بایدن خۆی ئامادە دەکات کە ڕۆژی پێنجشەممە وتارێکی گرنگ لە فیلادلفیا پێشکەش بکات . بە پێی زانیاریەکانی کۆشکی سپی، وتارەکەی بایدن دەربارەی چۆنیەتی سەرکەوتنیەتی بەسەر دۆناڵد ترەمپدا لەهەڵبژاردنی پێشووی ئەمەریکا و شەڕکردنی لە پێناو ئەمەریکادا دەبێت .
هاوڵاتی لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، سەرۆکۆماری ئێران رایگەیاند کە تەنھا لە رێگای گفتوگۆی نێوان سەرجەم رەوتە سیاسییەکانی عێراق، کێشەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر دەبن. ئاژانسی ھەواڵیی "ئیرنا" بڵاوی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ئیبراھیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە کە تەنھا لە رێگای گفتوگۆی نێوان سەرجەم رەوتە سیاسییەکانی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور و بە مەبەستی لێکتێگەیشتن سەبارەت بە پێک‌ھێنانی حکوومەتی نوێ، کێشەکانی ئەو وڵاتە چارەسەر دەبن و ئاماژەی بەوەیشداوە کە رۆڵی مەرجەعییەت لەوبارەیەوە زۆر گرنگە. راشیگەیاندووە، سەرکۆماری ئێران ئاماژەی بەوەیشداوە کە دەستپێشخەرییەکانی عێراق بۆ باشترکردنی ھاریکارییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بێ دەستوەردانی دەرەکیی، کاریگەر دەبن بۆ پتەوترکردنی ھەماھەنگییەکانی سەر ئاستی ھەرێمیی. باسی لەوەش کردووە کە ئیبراھیم رەئیسی ئەنجامدانی پێنج گەڕی گفتوگۆی نێوان ئێران و سعوودیە بە نێوەندگیری عێراق، بە سوودبەخش وەسف کردووە و جەختیشی کردووەتە لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ تەواوبوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی پێشوو، رێگا خۆش دەبێت بۆ پتەوترکردنی کارلێکەکان. ئەوەیشی خستووەتە روو کە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن ستایشی پاڵپشتییەکانی ئێرانی کردووە بۆ بەقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق، جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق بەردەوامە لە ھەوڵەکانی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە. جێگای ئاماژەیە دوێنێ دووشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بەسەردانێک گەیشتە ئێران.
هاوڵاتی له‌لێدوانێکی ڕۆژنامه‌نوسیدا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە کەرکوک رایگەیاند، لە قەزای داقوقی سەربە پارێزگای کەرکوک تیرۆریستێکیان کوشتووە و تیرۆریستێکی دیکەشیان بریندار کردووە. لەوبارەیەوە فەریقی یەکەم لیوا "عەلی فەریجی" ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه بە ئاژانسی فه‌رمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "هێزێکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانە ھاوبەشەکان لە کەرکوک توانیویەتی خۆکوژێک بکوژێت و یەکێکی دیکەش بریندار بکات لە زنجیرە چیا دۆلان لە قەزای داقوق. ھەروەک ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئۆپەراسیۆنەکە لەژێر چاودێری ئاوان ئەنجامدراوە. جێگای ئاماژه‌یه چه‌کدارانی داعش له‌سنوری که‌رکوک و سه‌لاحه‌دین و نه‌ینه‌وا ناوبه‌ناو هێرشده‌که‌نه سه‌ر هێزه ئه‌منییه‌کانی عێراق.
رۆژنامەی "ناشناڵ ئینتریست"ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، ئەگەر شەڕ لە نێوان ئەمریكا و روسیا بەرپا ببێت، تەنها جەنگی جیهانی سێیەم نابێت، بەڵكو واتای جەنگی كۆتایی جیهانە. رۆژنامەكە وتارێكی "جەیسن دیڤیدسن" مامۆستایی زانستە سیاسیەكانی زانكۆی "ماری واشنتن"ی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، زۆركەس لەوە دەترسن سیاسەتەكانی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە ئۆكرانیا ببێتە هۆی گرژی زیاتر، بەشێوەیەك لە كۆتاییدا ببێتە هۆی جەنگی جیهانی. رونیشیكردووەتەوە، لە سەدەی بیستەم تێڕوانینەكان بۆ بوونی هەڕەشە ئەمریكای هاندا بۆ تێوەگلان لە شەڕ، تاكە شتێك كە بەسەر دودڵی سیاسیەكاندا زاڵبوو بۆ ئەوەی تێچووی شەڕ دابین بكەن ئەوەبوو، هەستیان بەوە كردبوو كە ئەڵمانیای نازی و ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانی هەڕەشەبوون لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا. نوسەر پێشی وایە، روسیا هیچ رێوشوێنێكی لە ئۆكرانیا نەگرتووەتە بەر كە هەڕەشەبێت بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بۆیە ئەمریكا هۆكاری ئەوەی بەدەستەوە نییە كە سەركێشی بكات، دڵنیایە لەوەی كە واشنتن دژی روسیا جوڵە ناكات لە ئۆكرانیا. بەپێی وتارەكەی هەمان نوسەر، ئەمڕۆ شەڕ لەگەڵ روسیا تەنها سەركێشی نییە، بەڵكو واتای "شەڕی كۆتایی جیهان"ە، ئەوەش پێویستی بە پلەیەكی باڵای هۆشیارییە.
هاوڵاتی له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بۆ بەرەنگار بوونەوەی داعش ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی SDF لە کەمپی هۆل بە ئاگاداریی و پشتگیریی هاوپەیمانان بەڕێوە چووە. به‌پێی به‌یاننامه‌که هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بۆ شەڕی داعش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی کەمپی هۆل لەلایەن فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (ئاسایش) بە پاڵپشتی ئەوان ئەنجام درا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی و ڕێنمایی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزە ئەمنییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنی کەمپی هۆل. هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژه داعش له به‌یاننامه‌كه‌ی خۆیدا ڕاشیگه‌یاند: "ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و هێزه ئه‌منییه‌كانی ئیداره‌ی خۆسەر (ئاسایش) له كه‌مپی هۆل به پشتیوانیی ئێمه ئه‌نجام درا". هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه بۆ ڕێگری كردنه له گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش و پاراستنی ئاواره‌كانی ئه‌م كه‌مپه. هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژه داعش دووپاتی كرده‌وه كه به‌رده‌وام ده‌بێت له پاڵپشتی كردنی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده و هێزه ئاشتیپارێزەکان. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا چوار رۆژ پێش ئێستا بە ئامانجی شەڕی شانە نووستووەکانی داعش لە کەمپی هۆل دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کردووە، کە تا ئێستاش بەردەوامە.
هاوڵاتی ئیسرائیل له دوایین بۆردومانی له‌سوریا 9 باڵه‌خانه‌و هه‌زار مووشه‌كی سه‌ر به‌میلیشیاكانی وێران كرد. به گوێره‌ی روانگه سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، ته‌قینه‌وه‌كانی ئه‌مدوایه كه بۆ ماوه‌ی 6 كاتژمێر به‌رده‌وامی هه‌بوو له ئاكامی دوایین بۆردومانه ئاسمانییه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر ناوچه‌ی مه‌سیاف له گونده‌واره‌كانی حه‌مات له سووریا، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مووشه‌كه‌كانی زه‌وی ـ زه‌وی مه‌ودا مامناوه‌ند بوون كه له‌لایه‌ن ناوه‌ندی تۆژینه‌وه زانستییه‌كان و به‌سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌ره پسپۆڕه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێران دروستكراون، هه‌روه‌ها ته‌قینه‌وه‌ی ئه‌و مووشه‌كه ئێرانیانه كه له‌چه‌ند مانگی رابردوودا گوازرانه‌وه بۆ كۆگاكان. روانگه‌كه ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، مووشه‌كه ته‌قێندراوه‌كان كه بۆ ماوه‌ی زیاتر له ساڵێكه كۆده‌كرانه‌وه ژماره‌یان ده‌خه‌مڵێنرێن به زیاتر له هه‌زار مووشه‌ك. روانگه‌كه ئاماژه‌شی پێدا، میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران كار ده‌كه‌ن له‌سه‌ر په‌ره‌پێدان و دروستكردنی مووشه‌كه‌كانی زه‌وی ـ زه‌وی مه‌ودا مامناوه‌ند له گوندی زاوی و سه‌ربازگه‌ی ته‌لائیع له گوندی شێخ غه‌زبان له گونده‌واره‌كانی مه‌سیاف. هاوكات لای خۆشیه‌وه، رۆژنامه‌ی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" وێنه‌ی مانگه ده‌ستكرده‌كانی بڵاوكرده‌وه كه كۆمپانیای "Planet" گردتوویه‌تی و تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت به‌هۆی بۆردومانه‌كانی ئیسرائیل له رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو چه‌ند باڵه‌خانه‌یه‌ك له‌ناوه‌ندی تۆژینه‌وه زانستییه‌كان له‌بنكه‌یه‌كی چه‌ك له‌نزیك شاری مه‌سیاف ته‌واو وێران كراون و پێشبینی ده‌كرێت له‌و بۆردومانه لانیكه‌م 9 باڵه‌خانه وێران كرابن.
هاوڵاتی جێگری هاوسه‌رۆکی گشتی هه‌ده‌په ئاشکرای ده‌کات له‌مساڵدا له‌زیندانه‌کانی تورکیا ٤٧ که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه. سەرحەد ئەرەن جێگری ھاوسەرۆکی گشتی و بەرپرسی کۆمسیۆنی یاسا و مافەکانی مرۆڤی ھەدەپە ڕایگەیاند: بە ھۆی نەبوونی ھەلومەرجی چارەسەری تەندروستی لە زیندانەکان، حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان روودەدەن و ئاشکراشیکرد، لەمساڵدا ٤٧ کەس لە زیندانەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە. ئه‌و به‌رپرسه‌ی هه‌ده‌په داواشی لە وەزارەتی دادی تورکیا کرد دەستبەجێ ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ کۆتاییھێنان بە پێشێلکارییەکانی ناو زیندانەکان و وتی، دەبێت ژیانی ماددی و مەعنەوەی زیندانیان بپارێزرێت. جێگای ئاماژه‌یه هه‌ده‌په وه‌ک پارتێکی کوردی ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وام ڕه‌خنه له‌سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌تی تورکیا ده‌گرێت و له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابووردووشدا لێپرسراوی دۆسییه‌ی منداڵان له‌فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په) ڕایگه‌یاند، له‌سه‌ره‌تای هێرشه درۆنه‌كانی توركیاوه بۆسه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان 8 منداڵ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و 24 ی دیكه‌ش برینداربوون.
هاوڵاتی دوای ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك كۆچبه‌ر به زۆر له‌لایه‌ن یۆنانه‌وه ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه له قه‌راخ ئاوه‌كانی توركیا ڕزگار ده‌كرێن. كورده یه‌شار نوێنه‌ری ده‌زگای لوتكه له توركیا ڕایگه‌یاندووه: شه‌وی ڕابردوو تیمه‌كانی پۆلیسی كه‌ناراوه‌یه‌كانی توركیا 33 كۆچبه‌ری نایاسایی‌یان ڕزگاركردوه، كه له‌لایه‌ن وڵاتی یۆنانه‌وه به‌زۆر گه‌ڕێندرابوونه‌وه بۆ ئاوه‌كانی خاكی توركیا له ده‌ریای ئیجه. هه‌روه‌ها وتیشی: ئه‌و كۆچبه‌رانه له‌كه‌ناراوه‌كانی ناوچه‌ی چه‌شمێ له ڕۆژئاوای پارێزگای ئیزمیر ڕزگاركراون، كه له‌ناو دوو به‌له‌می ڕزگاركردندا بوون. باسی له‌وه‌ش كردووه: تیمه كه‌ناراوه‌كان دوای ته‌واوكردنی ڕێكاره یاساییه‌كان، كۆچبه‌ره‌كانیان ڕه‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆچبه‌رانی ناوچه‌ی موغلان كردووه جێگه‌ی باسه، به‌پێی ئاماره‌كانی ده‌زگای لوتكه، ڕێژه‌ی كۆچكردن له عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیكردووه، به‌شێوه‌یه‌ك له دوو مانگی ڕابردوودا كۆچكردن له عێراق و هه‌رێمی كوردستانه‌وه به ڕێژه‌ی ٣٥٪ بۆ ٤٠٪ زیادیكردووه.
هاوڵاتی به‌پێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری فایننشیاڵ تایمزی به‌ریتانی کە لەسەر پەرەسەندنی پیشەسازیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە سەربازییەکانی تورکیا بڵاوی کردووەتەوە، بەشێک لە کاریگەرییەکانی ئەم پیشەسازییە لەسەر شەڕی دژی پەکەکە و نفووزی تورکیای لە وڵاتانی دیکە لەوان لە عێراق تاوتوێ کردووە و ئاماژەی کردووه به بوونی زیاتر لە 30 بنکەی سەربازیی سوپا و میتی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق و خەمساردیی هەولێر و بەغدا لەمەڕ هێرشی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەو وڵاتە و هۆشداریی داوە لە فراوانبوونی نفووزی تورکیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق. گۆڤارەکه باس لە زیادبوونی پشتبەستنی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەجۆرێک کە لە ئێستادا زۆربەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا یان پەکەکە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەربازیی جۆری ئاڵاداری B2 ئەنجام دەدرێن. ئەم گۆڤارە لە زاری فوئاد حوسێن وەزیری کوردی دەرەوەی عێراقەوە دەڵێت کە تورکیا لە ئێستادا 33 بنکەی سەربازی و هەواڵگری لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە و لانیکەم 4000 هێزی سەربازی ئەم وڵاتە لە عێراق جێگیر کراون. بەرپرسێكی دیكەی سیاسیی عێراق كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، ئاماژە بەوە دەكات كە توركیا لە سەرتاسەری خاكی عێراقدا نفووزی هەیە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق نەیانتوانیوە كاردانەوەیەكی دروست نیشان بدەن بەرامبەر بە نفووزی بەرفراوانی توركیا لە عێراق و هەرێمی كوردستان ئەوەش بەهۆی ئەو ئاژاوە و بنبەستە سیاسییەی کە لە ئەنجامی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی عێراق سەری هەڵداوە. کاربەدەستانی کورد و حکوومەتی ناوەندی ڕایانگەیاندووە کە تورکیا پێش هێرشە ئاسمانییەکان بە دەگمەن بەرپرسە عێراقییەکان لەو هێرشانە ئاگادار دەکاتەوە. بابەتی هەرە گرنگ ئەوەیە کە زۆربەی قوربانیانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان خەڵکی مەدەنین. بەپێی راپۆرتی فایننشیاڵ تایمز، لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، تەنیا لە شارۆچکەی شیلادزێی هەرێمی کوردستان، لانیکەم 51 کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە گیانیان لەدەست داوە کە تەنیا 7 کەسیان ئەندامی پەکەکە بوون. دانیشتوانی دەڤەری شیلادزی بە فایننشیاڵ تایمزیان راگەیاندووە، زۆربەی کات، لە ترسی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا نا‌وێرن لە ماڵ بێنە دەر، هەروەها بەشێک لە جووتیارانی ناوچەکەش لە ترسی هێرشی تورکیا کێڵگەکانیان بەجێهێشتووە. جێگای ئاماژه‌یه چه‌ند ساڵێکه تورکیا به‌فڕۆکه‌ی بێفڕۆکه‌وان هێرشده‌کاته سه‌ر هاوڵاتیان و کادیرو گه‌ریلاکانی په‌که‌که له‌باشوری کوردستان و تا ئێستا به‌و هۆیه‌وه ژماره‌یه‌ک هاوڵاتی و گه‌ریلا شه‌هیدبوون.
هاوڵاتی له‌لێدوانێکی ڕۆنامه‌نوسیدا بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) ڕایگه‌یاند لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٩وە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵدا تاکو ئێستا شەش ملیۆن ٤٥٠ هەزار کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، ئاماژه‌شی به‌وه‌کرد که له‌م هه‌فته‌یه‌دا، بە تێپەڕاندنی یەک ملیۆن گیانلەدەستدان بە هۆی ڤایرۆسەکە لەسەرەتای ساڵەوە تا ئێستا، قۆناغێکی خەمناکمان تێپەڕاند. بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ژمارەی گیانلەدەستدانە سەرەڕای هەبوونی رێکارەکانی رێگرتن لە گیانلەدەستدان قبوڵکراو نییە و وتی: "داوا لە سەرجەم حکوومەتەکان دەکەین کە بە مەبەستی کوتانی لە سەدا ٧٠ی دانیشتووان ڤاکسین بە کارمەندانی تەندروستی، باساڵاچووان و ئەو کەسانەی کە لە گرووپی ژێر مەترسیدان، بدەن". بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باسی لەوەش کرد کە تاکو ئێستا ١٣٦ وڵات نەیانتوانیوە ئامانجی کوتانی لە سەدا ٧٠ی دانیشتووانیان تاکو کۆتایی مانگی حوزەیران بپێکنن و جەختی لەوەش کردەوە کە ٦٦ی ئەو وڵاتانە هێشتا نەیانتوانیوە تەنانەت لە سەدا ٤٠ی دانیشتووانەکانیان بکوتن. گێبرێیسوس ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو وڵاتانەی کە رێژەی کوتانی تێدا کەمە تادێت تواناکانی کوتانیان زیاد دەکەن و وتی: "دەبێت کاری زیاتر بکرێت. یەک لەسەر سێی دانیشتووانی جیهان، دوو لەسەر سێی کارمەندانی تەندروستی و سێ لەسەر چواری بەساڵاچووان هێشتا نەکوتراون". تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسوس داواکاری بۆ وڵاتانی ئەندامی رێکخراوەکە نوێ کردەوە کە تواناکانیان لە پشکنین و رێکخستنەوەی جێنەتیک کەم نەکەنەوە.
هاوڵاتی ئاماژەو ئەگەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی هاتووەتە ئاراوەو تەنها ماوەتەوە واشنتۆن بڕیاری كۆتایی لەسەر بابەتەكە بدات، ئەمریكاو ئێرانیش هەردولا خۆیان ئامادە دەكەن وەك یەكەم هەنگاو هەشت زیندانیی ئاڵوگۆڕ پێبكەن كەهاوشێوەیە لەگەڵ ئەو سیناریۆیەی ساڵی 2015 لەواژۆكردنی رێككەوتنی ئەتۆمیدا روویدا. ئاژانسی هەواڵی خوێندكارانی ئێران (ئیسنا) ئاشكرایكردووە چوار هاووڵاتی ئەمریكا لەئێران زیندانین و لەبەرامبەریشدا ئەمریكا چوار هاووڵاتی ئێرانی زیندانی كردووە كە بەزیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ئاڵ‌وگۆڕیان پێدەكرێت. زۆربەی بەرپرسانی واشنتۆن جەختیان لەوە كردووەتەوە ئاستی لێكتێگەیشتنەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا خێراتربووە بەڵام جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رێككەوتنێك واژۆ ناكات كەزیانی بۆ ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەكەی هەبێت. ئێران خۆی بۆ پارە بلۆككراوەكانی ئامادە دەكات كەناڵی (ئەلجەزیرە)ی قەتەری لەزاری ژمارەیەك بەرپرسی ئاگاداری پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی بڵاویكردووەتەوەوە: ئێران و وڵاتانی 5+1 لەزیندوكردنەوەی، رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی (2015) نزیكبوونەتەوە و تاران لەچەند داواكارییەك پاشگەزبووەتەوەو ئەمریكا گەشبینە بەوەی لەدوو هەفتەی داهاتوودا ئەو رێككەوتنە دوایین بڕیاری لەسەربدرێت. سەرچاوەكان ئاماژەیان بۆ ئەوەكردووە، بەپێی ئەو پێشنیارانەی ئەوروپا خستویەتیەڕوو بۆ لایەنەكان بەتایبەت بۆ واشنتۆن و تاران، لەچوار قۆناغداو لەماوەی 60 رۆژدا رێكاری نوێ بۆ زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لەلێدوانی ئەو بەرپرسانەی كەجەزیرە ناویانی ئاشكرانەكردووە هاتووە: لەگەڵ گەڕانەوەو پابەندبوونی تاران بە رێككەوتنی ئەتۆمی دەیان ملیار دۆلار لەپارە بلۆككراوەكانی ئێران لەبانكەكانی جیهان ئازاد دەكرێن. بەپێی پڕۆسەری زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەقۆناغی یەكەمدا سزا نێودەوڵەتییەكان و سزاكانی ئەمریكا لەسەر 17 بانكی ئێران و 150 دامەزراوەی ئابوریی و بازرگانیی ئەو وڵاتە هەڵدەگیرێت و ئاستەنگەكانی بەردەمیان لادەبرێن. ئەو قۆناغەش بەئازادكردنی حەوت بۆ هەشت ملیار دۆلار لە داهاتەكانی ئێران لەكۆریای باشور دەستپێدەكات. هەر لەو پڕۆسەیەدا ئاماژەی بەوەشكراوە ئێران دەبێت لەماوەی 120 رۆژدا رێگەی پێبدرێت كە 50 ملیۆن بەرمیل نەوت لەبازاڕەكانی جیهاندا بەشێوەی فەرمی بفرۆشێت و ئەمریكا دڵنیایی ئەوە بداتە ئەو وڵاتە كە رێگری لێناكرێت. لەلایەكی دیكەوە تۆمارێكی دەنگی عەلی باقری سەرۆكی تیمی دانوستانكاری ئەتۆمیی ئێران بڵاوبووەتەوە كە وتوویەتی: واشنتۆن رازیی بووە لەقۆناغی یەكەمدا سێ بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لەدژی تاران هەڵوەشێنێتەوەو ئەو بابەتە لەلایەن جۆ بایدن، سەرۆكی ئێستای ئەمریكاوە رادەگەیەنرێت. ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا لەپەیامێكدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر روونیكردووەتەوە كە واشنتۆن هیچ جۆرە باجێك بەتاران نادات و بەبەردەوامیش هەوڵدەدات ئێران توانای ئەوەی نەبێت بۆمبی ئەتۆم دروستبكات. بەرپرسێكی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریكا بەكەناڵی (سی ئێن ئێن)ی وڵاتەكەی راگەیاندووە؛ ئێران لەوەڵامی پێشنیارەكانی ئەوروپا كە رۆژی دووشەممە (15/8/2022) رادەستی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپای كردووە لەداواكارییەكی سەرەكی پاشگەزبووەتەوە و داوای نەكردووە سوپای پاسداران لەلیستی تیرۆری واشنتۆن دەربهێنرێت بۆیە بەوتەی ئەو بەرپرسە زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی زۆر نزیكە. دواكاریی و هەنگاوەكانی ئێران تاران لەوەڵامی پێشنیارەكەی ئەوروپا (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەریتانیا) داوای ئەوەی كردووە كەدەبێت ئەمریكا لەئەگەری دووبارە كشانەوە لە رێككەوتنی ئەتۆمی قەرەبوی ئێران بكاتەوەو ئەوە بەسەرەكیترین داواكاریی ئەو وڵاتە ئەژماردەكرێت لەبەرامبەر واشنتۆندا. لەپێشنیارە نوێیەكەی ئەوروپاو لەقۆناغی دەستپێكردنی پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی، دەبێت ئێران لەیەكەم هەنگاودا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەوێستگە ئەتۆمییەكانی كەمبكاتەوە و دەبێت هەنگاو بەهەنگاو پاشەكشە بكاتەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی. ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران پێش كشانەوەی ئەمریكا لە ساڵی 2018 تەنها نزیكەی 5% بووە لەكاتێكدا دوای كشانەوەكە لەچەند قۆناغێكدا پیتاندنی یۆرانیۆمەكەی گەیاندووەتەوە 60%. هاوكات دەبێت ئێران هەر لەچوارچێوەی ئەو پڕۆسەیەدا ژمارەیەك لەكورە ئەتۆمییەكانی كەدەوترێت زیاتر لەسێ هەزار دانەیە لەكاربخات چونكە تەنها دوو هەفتە بەر لەدەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكانی ڤیەننا، ئاژانسی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاند 500 كورەی ئەتۆمیی لەجۆری (ئار ئای 6)ی خستوەتەكار كە بەنوێترین نەوەی كورەی ئەتۆمیی ئەژمار دەكرێن. ئێران لە رابردوودا‌و لەچوارچێوەی رێككەوتنی ئەتۆمیدا رێگەپێدراوبوو بۆ بەكارهێنانی پێنج هەزارو 60 ئامێری سەنتریفیوژ یان كورەی ئەتۆمیی، بۆیە بەپێی پڕۆسەی رێككەوتنەكە دەبێت زۆربەی ئەو ئامێرانە رابگرێت كە لەدوای ساڵی 2018 بەمەبەستی پیتاندنی زیاتری یۆرانیۆم بەكاریهێناوە. روسیا گەشبین نییە روسیا كەیەكێك لەسەرەكیترین لایەنەكانی بەشداربووی رێككەوتنی ئەتۆمییە رایگەیاندووە زیندوكردنەوەی رێككەوتنەكە ئاڵۆزیی زۆری تێدایەو پێویستە هەموولایەك و بەتایبەت ئەمریكا پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەكان بن. میخائیل ئۆلیانۆڤ نوێنەری روسیا لەنەتەوەیەكگرتووەكان كەهاوكات سەرۆكی تیمی دانوستانكاری وڵاتەكەیەتی لە رێككەوتنی ئەتۆمیی لەنوێترین لێدوانی‌دا دەڵێت؛ ئەمریكا هۆكاری دواكەوتنی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمییە چونكە دەیەوێت هەندێك داواكاریی نایاسیی و لەدەرەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 بەسەر ئێران‌دا بسەپێنێت. ئۆلیانۆڤ ئاماژەی بەوەشكردوە: كە جگە لەپێشنیارەكانی ئەوروپا سێ رەشنووسی دیكە ماوە كەدەبێت لایەنكانی ناو رێككەوتنەكە كۆكبن لەسەری و داواتر واژۆی بكەن. بەبڕوای ئەو سەرەڕای ناكۆكییەكانی ئەمریكا لەگەڵ ئێران دەكرێت رۆژی سەرەتای مانگی سێپتەمبەر پڕۆسەی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی دەستپێبكات. ئەمریكا بڕیاری كۆتایی دەدات تائێستا هیچ بەرپرسێكی ئەمریكا بەئاشكراو بەناوهێنانی لەمیدیاكان روونی نەكردووەتەوە كەواشنتۆن لەچ كاتێكدا بڕیاری كۆتایی دەدات، بەڵام ئەوەی روونە بڕیاری كۆتایی زیندوكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی لای ئەمریكایەو گرەوی بەختی ئێرانیش هەر لەدەستی ئەو وڵاتەدایە.
هاوڵاتی دوای کەمکردنەوەی هەناردەی گازی شل لە ڕووسیاوە بۆ ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا، بەرلین بەنیازە دەست بە بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێگای خەڵووزەوە بکات، کۆمپانیا ئەڵمانییەکانیش نایشارنەوە، کە بڕینی گازی ڕووسیا لە وڵاتانى ئەوروپا كاریگەریی گەورە لەسەر كەمبوونەوەی بەرهەمی كارەبا دروست دەكات. کۆمپانیاى یونیبەرى ئەڵمانى لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: لە ڕۆژى ٢٩ى ئەم مانگەوە بەمەبەستى پڕکردنەوەی ئەو کەمووکورتیەی، کە بەهۆى برینی غازی ڕووسیاوە دروست بووە، وڵاتەکەمان دەست بە بەرهەمهێنانی كارەبا لەڕێگای خەڵووزەوە دەکات. کۆمپانیا ئەڵمانییەکە ئەوەشی نەشاردووەتەوە، کە بڕینی غازی ڕووسیا لە وڵاتانى ئەوروپا، كاریگەریی گەورە لەسەر كەمبوونەوەی بەرهەمی كارەبا لە ناوچەکەدا دروست دەكات. ڕۆژى ٢٧ى تەمموز کۆمپانیاى گازپرۆمى ڕووسى ڕایگەیاند، بڕی هەناردەکردنى گازی سروشتی وڵاتەکەمان بۆ ئەڵمانیا لە ڕێگەى بۆری گازی نۆرد ستریم ١ بۆ ٢٠٪ کەمدەکەینەوە. ڕۆژى ٢٥ى تەمموزیش کۆمپانیاى گازپرۆم ڕایگەیاند، کە لەمەودوا هەناردەکردنى غاز بۆ وڵاتانى ئەندامى یەکێتى ئەوروپا بەهۆى بوونى کێشەى تەکنیکى لە بۆرى ستریم-ى یەک بەڕێژەیەکى بەرچاو کەمدەکەینەوە. ئەمڕۆ کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی بڵاویکردەوە، هەناردەی غاز بۆ ئەوروپا لە رێگەی بۆری نۆرد ستریمەوە لەنێوان ڕۆژانى ٣١ ى ئەم مانگە تا ٢ ى مانگى داهاتوو بەهۆى کارکردن و نۆژەنکردنەوەى وێستگەی غازی ترێنت ٦٠ ڕادەگرین ڕووسیا دووەم گەورەترین وڵاتى بەرهەمهێنەری غاز و سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا، بەجۆرێک، ڕێژەى ١٧٪ ى بەرهەمی غازی جیهان، ڕێژەى ١٢٪ ى بەرهەمی نەوتی جیهان بەرهەم دێنێت .