هاوڵاتی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆچی نا یاسای حکومەتی نوێی ئیتاڵیا بەنیازە بیرۆکەی “گەمارۆی دەریایی” بخاتە بواری جێبەجی کردنەوە دەزگای لوتکە بۆ كاروباری پەنابەران ڕایگەیاند یەکێک لە بڕگەکانی پلانی پێنج ساڵەی حکومەتی ئیتاڵیا چارەسەرکردنی کێشەی کۆچی نایاساییە بۆ ئەو وڵاتە. هەروەها ڕونیشیکردەوە ئیتاڵیا بەنیازە بیرۆکەی “گەمارۆی دەریایی" بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە بە مەبەستی ڕاگرتنی کۆچی نایاسایی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە باسی لەوەشکرد، بەنیازن ئەو پێشنیازە لەسەر ئاستی ئەوروپا بخەنەڕوو و بە ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەوروپا جێبەجێی بکەن، واتا ئەم گەمارۆیە تەواوی ئەو ڕێگە ئاویانە دەگرێتەوە کە بەرەو ئەوروپا دەڕوات . ئەمەشلە کاتێکدایە دەستپێشخەری بۆ ئەم هەوڵە لە ١٨ی ئایاری ٢٠١٥ دەستیپێکرد، دوای چەند هەفتەیەک لە خنکانی زیاتر لە ٨٠٠ کۆچبەر، لە یەکێک لە کارەساتبارترین ڕووداوەکانی پەیوەست بە کۆچەوە لە مێژووی ئەم دواییەدا.
هاوڵاتی بەهۆی دوو تەقینەوەی دوا بەدوای یەک لە لە مۆگادیشۆی پایتەختی سۆماڵ زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیانلەدەستداو ٣٠٠ دیکەش بریندار بوون. لە پایتەختی سۆماڵ توقینەوەیەک لە بەردەم وەزارەتی پەروەردەی ئەو وڵاتەدا ڕوی دا ،دوای ئەوەی خەڵکی لە ڕوداوەکە کۆبونەوەو ئوتومبێلەکانی فریاکەوتن گەشتنە شوێنی ڕوداوەکە تەقینەوەی دووەم ڕوی داو بەم هۆیەوە زیاتر لە ١٠٠ کەس گیانیان لەدەستداو ٣٠٠ دیکەس بریندار بوون. هەروەها سەرۆکی ئەو وڵاتە حەسەن شێخ محەممەد ڕۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا ژمارەی کوژراوەکانی پشتڕاست کردەوە کاتێک سەردانی شوێنی تەقینەوەکانی دەرەوەی وەزارەتی پەروەردە لە مۆگادیشو کردو. هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە بەڵام پەنجەی تۆمەت بۆ رێکخراوی توندڕەوەی شەباب درێژدەکرێت کە سەر بە ئەلقائیدەن. ئەمەشلە کاتێکدایە گروپەکە لە ساڵی 2015دا هەڵیانکوتایە سەر وەزارەتی پەروەردە . لە ساڵی ٢٠١٧ دا دووبارە هێرشیان کردەوەو سەر هەمان شوێن لە ئەنجامی تەقینەوەیەک نزیکەی 500 کەس گیانیانلەدەستدا. جێگەی باسە هێرشەکە لە ڕۆژێکدا ڕوویدا کە سەرۆک و سەرۆک وەزیران و گەورەبەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی توندڕەویی گروپە توندرەوەکان، بەتایبەتی گرووپێکی سەر بە ئەلقاعیدە.
هاوڵاتی هاوردەکردنی نەوت و بەرهەمە پێترۆکیمیاییەکان بۆ تورکیا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا بەراورد بە مانگی ئابی ساڵی رابردوو، بە رێژەی لە سەدا ٥،٦ زیادی کردووە و گەیشتووەتە چوار ملیۆن و ٣٣٨ هەزار و ٢٤٢ تۆن. بەگوێرەی راپۆرتی "کەرتی بازاڕی نەوت" بۆ مانگی ئاب کە لەلایەن دەزگای رێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، هەناردەکردنی نەوتی خاو کە گرنگترین بەشی بەرهەمە نەوتییەکانە، بە رێژەی لە سەدا ٣،٠٤ زیادی کردووە و گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٩٤٢ هەزار و ٤٩٥ تۆن. لەم قۆناغەشدا هاوردەکردنی جۆرەکانی گازوایل بە رێژەی لە سەدا ٣،٥٣ کەمی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٢٨ هەزار و ٨٦٦ تۆن. بەشەکانی دیکەی بەرهەمە هاوردەکراوەکانیش تایبەتن بە سووتەمەنی جۆرەکانی فڕۆکە و کەشتی، بەنزین و جۆرەکانی رۆنی ئۆتۆمبێل. بەم شێوەیەش هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە مانگی ئابدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی لە سەدا ٥،٦ زیادی کردووە و گەیشتووەتە چوار ملیۆن و ٣٣٨ هەزار و ٢٤٢ تۆن. زۆرترین بڕی بەرهەمە نەوتییەکانیش کە یەک ملیۆن و ٨٠٢ هەزار تۆنە لە رووسیاوە هاوردە کراوە، دوای ئەویش عێراق بە یەک ملیۆن و ٩٩ هەزار تۆن لە ریزبەندی دووەمدا دێت و بە کازاخستان بە ٤٧٦ هەزار و ١٦١ تۆن لە پلەی سێیەمی ئەو وڵاتانەدایە کە تورکیا زۆرترین بەرهەمی نەوتی لێوە هاوردە کردوون. لە بەرامبەریشدا هەناردە کردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە تورکیاوە بە رێژەی سەدا ٥٧،٦ زیادی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٢٢٩ هەزار و ٥٨٥ تۆن. زۆرترین بەشی ئەو زیادبوونەش تایبەتە بە هەناردە کرندی سوتەمەنییەکانی فڕۆکە کە لە مانگی ئابدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو بە رێژەی سەدا ٦٠،٨ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٤٦٤ هەزار و ٨١٥ تۆن. هەر لەو قۆناغەشدا هەناردە کردنی سوتەمنییەکانی کەشتی بە رێژەی سەدا ٢٨،٠٦ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٠٦ هەزار و ٦٢٨ تۆن. بەهەمان شێوەش هەناردە کردنی جۆرەکانی بەنزین بە رێژەی سەدا ٤٠٢،٢ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٢٤٥ هەزار و ٢٠٥ تۆن. لە بەرامبەریشدا هەناردە کردنی جۆرەکانی ماتۆڕ بە رێژەی سەدا ٤١،٣ کەمی کردووە و گەیشتووەتە ٨٢ هەزار و ٦٩٦ تۆن.
هاوڵاتی ڕۆژی یەکشەممە مارێکی حەوت مەتری ژنێکی تەمەن ٥٤ ساڵ بە ناوی جاهران لە ئیندۆنیسیا دەخوات. بەپێی هەواڵەکانی سایتی دیتیکی ئیندۆنوسیا ، ئەو ژنە تەمەن 54 ساڵە کە ناوی جاهران بووە لە ڕێگەی چوون بۆ کارکردن دیار نەماوەو بێسەروشوێن بووە ، دوای ئەوەی مێردەکەی نەعلەکان و سەرپۆشێکی خێزانەکەی دەدۆزێتەوە پۆلیس ئاگادار دەکاتەوە لە دیار نەمانی هاوسەرەکەی. پاش لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە و گەران مارێکی جۆری پایسۆن کە ٧ مەتر درێژ بووە دۆزراوەتەوە،لە دوری ٥٠ مەتر لەو شوێنەی کەلوپەلەکانی تێدا دۆزراوەتەوە بە ئاوساوی دوای هەڵدڕانی ناوسکی تەرمی ژنەکەیان لەناو سکی مارەکەدا دەرهێناوە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمە یەکەم ڕوداو نییە کە تیایدا مارێک بەم شێوەیە کەسێک بخوات لەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠١٨ دا ژنێک لە کاتی کشتوکاڵ کردندا مارێکی ٧مەتری هێرشدەکاتە سەری و دەیخوات . ئیندۆنیسیا یەکێکە لەو ناوچانەی ژمارەیەکی زۆری جۆری ماری پایسۆنی گەورەی تیدا دەژی.
هاوڵاتی حکومەتی نوێی سوێد هەوڵی نزیکبوونەوە لە تورکیا و بوون بە ئەندامی ناتۆ دەدات، پەرلەمانتارێکی پێشووی سوێدیش دەڵێت، "ئەم حکومەتە هەموو کارێک دەکات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی ناتۆ، تەنانەت مەترسی ئەوەش هەیە یاساکان بگۆڕن بۆ ئەوەی لە بەرامبەر بوون بە ئەندامی ناتۆ ئەو کەسانە رادەست بکەنەوە کە تورکیا داوایان دەکات." رۆژی دووشەممە 17ی ئەم مانگە 2022، پەرلەمانی سوێد ئولف کریستەرشۆن، سەرۆکی پارتی مۆدێرەیت کۆنسێرڤەتیڤی سوێدی وەکو سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە هەڵبژارد، ئەمەش بۆ یەکەمجارە پەرلەمانی سوێد سەرکردەیەکی راستڕۆ کە لەلایەن پارتی دیموکراتی سوێدی راستڕۆی تووندئاژۆ پشتگیریی بکرێت و وەکو سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دیاریی بکات. گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن پارتێکی راستڕۆوە لە سوێد، نیگەرانی لای پەنابەران و کۆچبەرانی ئەو وڵاتە زیادکردووە. ئامینە کاکە باوە، پەرلەمانتاری پێشووی سوێد بە رووداوی گوت، حکومەتی نوێی سوێد زیاتر نەرمی بەرامبەر تورکیا دەنوێنێت بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ و گرتنەبەری رێوشوێن بەرامبەر ئەو کەسانەی تورکیا داوایان دەکاتەوە، هەر دوێنێ وەزیری نوێی ناوخۆی سوێد گوتوویەتی، 'دەبێت پەکەکە لە سوێد نەمێنێ.' بە گوتەی ئامینە کاکە باوە، "کێشەی سەرەکی حکومەتی نوێی سوێد لە بەرامبەر رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی تورکیا داوایان دەکات یاسایە، لەبەر ئەوەی راستڕۆکانی سوێد زۆرینەی پەرلەمانییان هەیە ترسی ئەوە هەیە یاساکانیش لە پەرلەمان هەموار بکەنەوە لە بەرژەوەندی خۆیان و تورکیا."
هاوڵاتی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) بڵاوی کردەوە کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٢٩ هەزار کۆچبەری نایاسایی لە رێگای گەیشتن بە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە. لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە دەریای ناوەڕاست کە رێڕەوێکە زۆرترین کات لەلایەن کۆچبەرانی نائاساییەوە بەکاردەهێندرێت، بووەتە گۆڕستان و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٢٩ هەزار کۆچبەر لەو رێگەی گەیشتن بە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا بوون. لە راپۆرتەکەدا، هەروەها باس لەوە کراوە کە لە کانوونی دووەمەوە تا ئێستا، دوو هەزار و ٨٣٦ کەس لەو کۆچبەرانەی بەنیازبوون لە کەناراوەکانی لیبیا و تونسەوە رووبکەنە ئیتاڵیا و ماڵتا بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکانیان یان لە تینوێتیدا گیانیان لەدەستداوە. لە ساڵی ٢٠٢١ەوە تا ئێستا، هەزار و ٥٠٠ کەس لە رێگای ئەفریقای باکوور-دوورگەکانی کەناریی کە ئەویش یەکێکە لە رێگاکانی گەیشتن بە ئەورووپا، گیانیان لەدەستداوە. توێژەران باس لەوە دەکەن کە چارەنووسی زۆرێک لەو بەلەمانەی ژێرئاو دەکەون نادیارە و ژمارەیەک لە کۆچبەران کە لەو رووداوانەدا گیانیان لەدەستداوە تۆمارنەکراون.
هاوڵاتی دوای دهستبهكاربوونی ریشی سوناک وەک 57ەمین سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ناوی ئهندامانی كابینهی حكومهتهكهی ئاشكراكرد. ئهمڕۆ سێشهممه (25ی تشرینی یهكهم/ئۆكتۆبهری 2022)، لە کاتی پێدانی یەکەم گوتەی وەک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕیشی سوناک گوتی "سەقامگیریی ئابووری و متمانە دەکەمە کرۆکی ئەجێندای ئەم حکومەتە، ئەمە واتا بڕیاری قورس بەڕێوەن." لە حکومەتەکەی سوناكدا، ههر یهكه له جێریمی ههنت بۆ پۆستی وهزیری داد، بێن واڵاس بۆ پۆستی وهزیری بهرگری، جهمیس كلێڤهرلی بۆ پۆستی وهزیری دهرهوه له شوێنی خۆیان دهمێننهوه وسوێلا بریڤەرمەن بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، دۆمینیك راب بۆ پۆستی وهزیری داد دهستنیشانكراون هەروەها نازم زەهاویش وەك وەزیری دەوڵەت، گیلیان کیگەن وەك وەزیری پەروەردە، گرانت شاپس وهك وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، تیرەیز کۆفی وهك وەزیری ژینگە و ستیڤ بارکلی وەک وەزیری تەندروستی دەستنیشانکراون. لەلایەکی دیکەوە پێنی مۆردنت، رکابەرەکەی ریشی سوناک بۆ پۆستی سەرۆکی پارتەکە، لە پۆستی خۆی وەك سەرۆکی پەرلەمانی بهریتانیا مایەوە. دوای دەستنیشانکردنی وەزیرەکان، پێویستە ئەندامانی کابینەکە لە پەرلەمانی وڵاتەکە ئامادەبن و سوێندی یاسایی بخۆن بۆ ئەوەی حکومەتەکە بە فەرمی دەستبەکاربێت. ریشی سوناک دەبێتە یەکەم سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای بە رەچەڵەک هیندی. سوناک سەرمایەدارێکی بانکی و دارایی لێهاتووە و هاوژینەکەی لەخۆی دەوڵەمەندترە.
هاوڵاتی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رایگەیاند ئەمریکا ڤیزەی بەو شاندەی رووسیا نەداوە کە دەیانەوێت بەشداربن لە کۆنفرانسی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) کە لە واشنتۆن بەڕێوەدەچێت. زاخارۆڤا، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) لە ٢٦-٢٨ی تشرینی یەکەم لە واشنتۆن کۆنفرانسی "وزەی ئەتۆمی لە سەدەی ٢١مدا" ئەنجامدەدات. ماریا زاخارۆڤا، ئاماژەی بەوە کرد شاندێکی رووسیا کە پێکهاتوون لە دامەزراوەی وزەی ئەتۆمییی دەوڵەت (Rosatom) و دامەزراوەی تەکنەلۆژیای ژینگەیی و پشکنینی ئەتۆمیی فیدڕاڵیی رووسیا (Rostehnadzor) پلانی بەشداری کردنیان لە کۆنفرانسەکە هەبووە و گوتی: "سەرەڕای ئەوەی داواکارییە پێویستەکانیان بەوشێوەیەی کە پێشبینی کراوە پێشکەش کردووە، ئەمریکا ڤیزەی بە شاندەکەی رووسیا نەداوە. بەمشێوەیە، بە جۆرێک کە بەهێچ شێوەیەک قبوڵ کراو نییە و بەبێ نیشاندانی هیچ پاساوێک رێگری لە رووسیا کراوە بەشداری لە چالاکییەکی گرنگی نێودەوڵەتی لە ژێر چاودێری IAEA بکات". گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەمریکا بەم کارەی یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێل کردووە. ماریا زاخارۆڤا، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو زانیارییانەی لەسەر "ئامادەکاری ئیستفزازیی" ئۆکراینا بۆ بەکارهێنانی "بۆمبی تیشکدەر" مایەی نیگەرانییە و گوتی: "ئامانجی کارێکی ئیستفزازیی ئاوا ترسناک روونە. تاوانبارکردنی رووسیایە بە بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵ کوژی. بەرپرسە ئۆکراینییەکان و کارەکتەرە خۆرئاواییەکان هیوایان ئەوەیە کە ئەمە بە هەڵمەتێکی گەورە لە دژی رووسیا بشکێتەوە، متمانەی هاوبەشەکانی بە رووسیا نەمێنێت و رێگا بۆ دابڕانی وڵاتەکەمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکاتەوە". زاخارۆڤا، بانگەشەی ئەوەشی کرد کە بەپێی ئەو زانیارییانەی بەدەستیان کەوتووە جێبەجێ کردنی ئەو پلانە دەستی پێکردووە و رایگەیاند کارگەیەکی چارەسەرکردنی کانزاکان لە شاری ژۆلتیە ڤۆدی و پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ئەتۆمی لە کیێڤ ئەرکی درووستکردنی "بۆمبی تیشکدەر"یان پێسپێردراوە. گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا گوتیشی: "داوا لە کاربەدەستانی کیێڤ و سپۆنسەرە خۆرئاواییەکانیان دەکەین واز لەو چالاکییانەیان بهێنن کە جیهان بەرەو کارەساتی ئەتۆمی پەلکێش دەکات و ژیانی مەدەنییە بێتاوانەکان دەخاتە مەترسییەوە. لەبەرچاو نەگرتنی هۆشدارییەکانی رووسیا لەسەر ئەم بابەتە سەرکێشییە. پەرەسەندنی رووداوەکان مەترسیدارە".
سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند؛ زانیاریی هەیە کە روسیا داوای دو هەزار دانە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێران کردوە. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (هائارێتز)ی ئێسرائیلی راگەیاندوە؛ روسیا دەیەوێت بە کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئێران هێرشەکانی دژی ئۆکرانیا چڕتر بکاتەوە. زێلێنسکی ئاشکرای کردوە؛ بە پێی ئەو زانیارییە نهێنی و هەواڵگریانەی بەدەست ئەو گەیشتوە روسیا داوای زیاتر لە دو هەزار فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری (شاهید)ی لە ئێران کردوە. سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کردوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بە بەردەوامی لە لایەن روسیاوە بەکاردەهێنرێن و لە ئاسمانی وڵاتەکەدا دەسوڕێنەوە و ژمارەیەکیش لەو فڕۆکانە خۆیان بە بنکە سەربازییەکان و ناوچە مەدەنییەکاندا دەتەقێننەوە. فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید کە دروستکراوی ئێرانە خۆی بە ئامانجەکانیدا دەتەقێنێتەوە و بە فڕۆکەی خۆکوژ ناودەهێنرێت.
ئەمریکا و روسیا چەکدارانی سەر بە تورکیا ناچار دەکەن لە ناوچەیەکی عەفرین بکشێنەوە گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا لە عەفرین 56 دیلیان بە چاودێریی تورکیا ئاڵوگۆڕ کرد و سوپای ئەو وڵاتەش کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بەدەستەوە دەگرێت. هەردو بەرەی گروپە چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا لە باکوری سوریا بە سەرپەرشتی سوپای تورکیا ئاڵوگۆڕی ژمارەیەک لە دیلەکانیان کرد سوپای تورکیا راستەوخۆ کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی عەفرین بەدەستەوە دەگرێت. ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بە چاودێریی سوپای تورکیا لە شارۆچکەی بەسوتەی دەوروبەری عەفرین هەریەکە لە دەستەی تەحریری شام و فەیلەقی(3)ی سوپای نیشتیمانی ئاڵوگۆڕی دیلەکانیان کرد. میدیاکانی نزیک لەو گروپە چەکدارانە بڵاویان کردوەتەوە 29 دیلی دەستەی تەحریری شام و 27 دیلی فەیلەقی(3) کە لە پێکدادانەکانی هەفتەی رابردو دیلکرابون، ئاڵوگۆڕاین پێکراوە. دوای ناڕەزایەتی روسیا و ئەمریکا لە هێرشەکەی دەستەی تەحریری شام بۆ سەر عەفرین و دەوروبەری، سوپای تورکیا دەستیکرد بە کۆنترۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانە. هێزە چەکدارەکانی تەحریری شام و هاوپەیمانەکانی تورکیا لەو ناوچانەی عەفرین کشانەوە و تەنها هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسیان تێیدا جێگیر کران و تورکیاش بڕیاری داوە راستەوخۆ دۆسیەی ئەمنیی ناوچەکە بەدەستەوە بگرێت.
هاوڵاتی بههۆی هێرشی فڕۆکه بێفڕۆکهوانهکانی ئێرانهوه بۆ سهر ئۆکراینا، یانەی شاختار دۆنێتسکی ئۆکراینی، داوای دوورخستنەوەی هەڵبژاردەی ئێران دەکات لە مۆندیالی 2022ـی قەتەر. راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن " یانەی شاختار بەفەرمی داواکارییەکی ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان کردووە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیال دووربخرێتەوە، هۆکاری داواکارییەکەشی ئەوەیە کە ئەوان پێیانوایە، ئێران هاوکاریی رووسیای کردووە لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا." یانەی شاختار دەڵێت " پێویستە هەڵبژاردەی ئۆکراینا لە جێگەی ئێران بەشداری لە مۆندیالدا بکات، لەکاتێکدا سەرکردەکانی ئێران کاتێکی خش بەسەردەبەن و سەیری یارییەکانی هەڵبژاردەکەیان دەکەن لە مۆندیالدا، ئۆکرایناش بەدەست هێرشی فرۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دەناڵێنێت، کە ئێران هاوکاریی رووسیای کردووە لە هێرشکردنە سەر ئۆکراینا و رۆڵی هەبووە لە کوشتنی خەڵکی بێ تاوان." شاختار دەڵێت " راهێنەرانی سەربازیی ئێران مەشقیان داوەتەوە بۆ فڕاندنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 250 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیانکردووەتەوە سەر ئۆکراینا و ئارامیی وڵاتەکەیان تێکداوە، بۆیە داوا لە فیفا دەکەین بەهۆی ئەم هەڵوێستەی ئێرانەوە، هەڵبژاردەکەیان لە مۆندیال دووربخرێتەوە و ئۆکراینا لە شوێنی ئەوان یاری بکات." رووسیا پێشتر لەلایەن هەردوو فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان و ئەوروپاوە سزادرا و رێگەی پێنەدرا بەشداری لە مۆندیال و هیچ چالاکییەکی سەر بە هەردوو فیدراسیۆنەکە بکات. چەند رۆژێک لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، فیفا هەڕەشەی دوورخستنەوەی ئێران لە مۆندیال دەکات، بەهۆی ئەوەی کە دەستوەردان لە وەرزشی وڵاتەکەدا هەیە و رێگە بە ئامادەبوونی خانمان نادات ئامادەی یارییەکان ببن.
هاوڵاتی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە ٢٤٢هەمین رۆژی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا پەیامێکی ڤیدیۆیی لە هەژماری خۆی لە تەلەگرام بڵاوکردەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی جەنگەکە کردو رایگەیاند رووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆسەر وڵاتەکەی و مەدەنییەکان دەکاتە ئامانج و گوتی، "پێویستە جیهان کاردانەوەیەکی توندی لەبەرامبەر ئەمەدا هەبێت". سەرۆکی ئۆکراینا، داکۆکی لەوە کرد کە رووسیا هەوڵ دەدات هاووڵاتییانی ئۆکرانیا لەناوببات و گوتی:"ژیان بۆ هەموو ئەو شوێنانە دەگەڕێنینەوە کە رووسیا مردن و رووخاندنی بۆ هێناوە. ئەمە بە تەواوەتی پەیوەندی بە ئۆکراینییەکانەوە هەیە. ئەو شوێنەی ئۆکراینای لێیە بە هیچ شێوەیەک ژیان ناوەستێت. بەڵام، رووسیا دەچێت بۆکوێ با بچێت، تەنها گۆڕی بەکۆمەڵ، کەمپی ئەشکەنجەدان، شار و گوندی خاپوورکراو، زەوی مینڕێژکراو، ژێرخانی رووخێنراو و کارەساتی سرووشتی لە دوای خۆیەوە بەجێدەهێڵێت". زێلێنسکی، باسی لەوەش کرد کە وەزیری بەرگریی رووسیا، ئەمڕۆ پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری بەرگریی چەند ولاتێک ئەنجامداوە و تاوتوێی بابەتی هەڕەشی چەکی ئەتۆمی کردووە. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ کەس باوەڕ بە رووسیا ناکات و گوتی: "رووسیا بوو کە لە بارەی کارەساتی تیشکدانەوەی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا ئیبتیزازی دەکرد. ئەمە رێڕەوی مووشەکەکانی رووسیایە بەتایبەتی بەسەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئۆکراینا". سەرۆکی ئۆکراینا، هێزەکانی رووسیای بە مینڕێژکردنی بەنداوی کاخۆفی ناوچەی خێرسۆن کە تازە ئازادیان کردووە و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لە ئۆکراینا تاوانبار کرد و گوتی: "لەو بڕوایەدام، ئیتر دەبێت جیهان تا دەتوانێت کاردانەوەی توند (لە دژی رووسیا) نیشان بدات".
هاوڵاتی میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردهوه هاووڵاتییەکی ئیسپانی کە ویستوویەتی بەپێ نزیکەی حەوت هەزار کیلۆمەتر ببڕێت و بۆ جامی جیهانیی تۆپی پێ بچێتە قەتەر، بەپێی میدیای ئیسپانیا لە سەرەتای ئەم مانگەوە لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران بێسەروشوێن بووە. بەگوێرەی میدیای ئیسپانیا، سانتیاگۆ سانچێز کۆگیدۆر، هەوادارێکی سەرسەختی تۆپی پێیە و ویستوویەتی بۆ مۆندیالی 2022 بەپێ لە ئیسپانیاوە بچێتە قەتەر، بەڵام لە دوای ئەوەی لە گوندێکی سەر سنووری هەرێمی کوردستان و ئێران دوا پەیامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە 2ی تشرینی یەکەم بڵاوکردووەتەوە، دواتر دیارنەماوە. کۆگیدۆر لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دەستی بە رۆیشتن کردووە و بەو هیوایە بووە تاوەکو کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە کە بڕیارە لە رۆژی 20ی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت، بگاتە قەتەر. بەڵام کەسوکار و هاوڕێکانی کۆگیدۆر و بە هەزاران فۆڵۆوەرەکانی لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ئاشکرایانکرد کە لە 2ی ئەم مانگەوە هیچ هەواڵێکی ئەو شاخەوانە ئیسپانییە نازانن، ئەمەش لەکاتێکدایە کۆگیدۆر بەردەوام وێنەی گەشتەکەی بڵاودەکردەوە. لە دوا پۆستیدا لە رۆژی 2ی تشرینی یەکەم، لە ئینستگرامەکەی، کۆگیدۆر وێنەی خۆی بڵاوکردووەتەوە لە گوندێکی هەرێمی کوردستان لە نزیک سنووری ئێران بووە و لەگەڵ منداڵانی گوندەکە یاریی تۆپی پێی کردووە و نانی لەگەڵ گوندنشینان خواردووە. هەروەها لەسەر یەکێک لە دوا وێنەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نووسیوویەتی "لە دوا گوندی باکووری عێراق، چیایەک لەگەڵ ئێران جیامان دەکاتەوە کە دوا وڵاتە پێش ئەوەی بگەمە قەتەر". هاوڕێیەکی ئەو شاخەوانە ئیسپانییە بە میدیای ئیسپانی راگەیاندووە، کۆگیدۆر بەردەوام شوێنی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردووەتەوە و دوا پەیامیشی بۆ هاوڕێکانی کاژێر 12؛30ی پاشنیوەڕۆی رۆژی 2ی تشرینی یەکەم بووە. لەوبارەیەوە، میگوێل بێرگادۆ، کە هاوڕێی کۆگیدۆر-ە، دەڵێت، "دواجار 1ی مانگ قسەم لەگەڵ کرد، ئەو لۆکەیشینی شوێنی مانەوەی خۆی بۆ ناردم کە هەرێمی کوردستان بوو، پێنج کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوور بوو". هاوڕێکانی نیگەرانی بێسەروشوێنبوونی کۆگیدۆری تەمەن 40 ساڵن، کە هیچ هەواڵێکی نییە و ترسیان هەیە هاوڕێکەیان لە ئێران دەستگیر کرابێت، کە ئێستا ئەو وڵاتە رووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی خۆپێشاندان بووەتەوە و بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوەکە مرۆییەکانیش، بە هەزاران کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. بێرگادۆی هاوڕێی ئەو شاخەوانە ئیسپانییە دەڵێت، "هەست دەکەم بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییەوە، ئەویان دەستگیر کردبێت، چونکە کەسێکی بیانییە. باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە ئێران دەڵێت هەندێک کەس بەهۆی وێنەگرتنی خۆپێشاندانەکانەوە دەستبەسەر کراون و رەنگە ئەویش بەو جۆرە بێت". هەروەها میدیای ئیسپانیا ئاشکرای کردووە باڵیۆزخانەی ئیسپانیا لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی لە گفتوگۆدان بۆ دۆزینەوەی کۆگیدۆر. ئەو شاخەوانە ئیسپانییە، لە رۆژی 8ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە شاری ئالکالا دێ هێنێرێس لە نێوەڕاستی ئیسپانیا دەستی بە گەشتەکەی کردووە.
زیاتر لە 50 هەزار کەس لە پایتەختی ئهڵمانیا دژی دەسەڵات لەو وڵاتە خۆپیشاندانیان کردو سەدانی ئۆکرانیش بە ئاڵای وڵاتەکەیان پشتیوانیان لە خۆپیشاندەران کرد. ئاژانسی فڕانس پرێس بڵاوی کردەوە؛ رۆژی شەممە هەزاران هاوڵاتیی کورد و ئێرانی لە شارەکانی دیکەی ئەوروپا و تەنانەت ئەمریکا و کەنەداش رویان لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کردوە. لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت هەزاران هاوڵاتیی بە ئاڵاکانی کوردستان و ئێران بەشدارییان لە رێپێوان و خۆپیشاندانەکەی بەرلین کردوە و تەنات ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییانی ئۆکرانیاش بە ئاڵای وڵاتەکەیان دروشمیان لە دژی دەسەڵاتی ئێران وتوە. بە پێی ئەو دیمەنانەی بڵاو کراوەتەوە رێپێوان و خۆپیشاندانەکەی بەرلین بە گەورەتین ناڕەزایەتیی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەژمار دەکرێت کە لە وڵاتانی ئەوروپا بەڕێوەچوە. لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی لە 200 شاری گەورەی ئەمریکا و کەنەدا و ئەوروپا ژاپۆن و کۆریای باشور خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران و سەرکوتی خۆپیشاندەران لە ناوخۆی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوە.
هاوڵاتی ڤۆلۆدیمەر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا دوێنێ ڕوسیای تۆمەتبارکرد بەپلانی تەقاندنەوەی بەنداوێکی سەرەکی لەوێستگەی کارەبایی هایدرۆئلکتریکی کاغوفکا لەناوچەی داگیرکراوی خەرسن ئۆبلاست لەباشووری ئۆکرانیا. زیلینسکی بە ئەنجومەنی ئەوروپای ڕاگەیاند: "ئەگەر ڕووسیا ئەم بەنداوە بتەقێننەوە، ئەوا لە زیاتر 80 شارۆچکە و ناوچە بە خەرسەنیشەوە لافاو ڕودەدات " گوتیشی "سەدان هەزار کەس دەبنە قوربانی " ئەمەش لە کاتێکدایە بە گوێرەی هەواڵی کیڤ ئیندیپێندێنت، هێزەکانی ڕووسیا خەرسەنیان جێهێشتووە، کە لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆدایە، بەرەو کەناری ڕۆژهەڵات دەڕۆن. هەروەها دوێنێ ڕوسیا ڕایگەیاند نزیکەی 15 هەزار دانیشتووی خەرسەن لەڕۆژئاواوەبۆ بانکی ڕۆژهەڵات ڕاگواستراون
