سێ رۆژە بەهای دۆلار لە ئێران بەرزبونەوەی بەردەوام بەخۆیە نرخی هەر دۆلارێک لە وڵاتە گەیشتە نزیکەی 39 هەزار تمەن ئەمڕۆ چوارشەممە بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی ئێران گەیشتە 38 هەزار و 700 تمەن و هاوکات بەهای زێڕیش بەرز بوەوە. میدیاکانی ئێران بڵاویان کردوەتەوە هۆکاری سەرەکیی دابەزینی بەهای تمەن لە بەرامبەر دۆلاردا سەپاندنی سزای نوێ دژی دەسەڵاتی تاران و کەمبونەوەی فرۆشتنی نەوتی ئێرانە لە بازاڕەکاندا. بە پێی راپۆرتە ئابورییەکان دراوی تمەن لە مێژوی دروستبونیەوە تا ئێستا زیاتر لە 95٪ی بەهاکەی بەرامبەر بە دۆلار لەدەست داوە . لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکان و خۆپشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینی نرخی هەر دۆلارێک لە ئێران نزیکەی 30 هەزار تمەن و بە گشتی لە سێ مانگدا بەهای هەر دۆلارێک لە وڵاتەکە نزیکەی نۆ هەزارتمەن بەرز بوەتەوە. پێشبینیی دەکرێت بە کاردانەوەی توندی دەسەڵاتی ئێران دژی خۆپیشاندەران و سەپاندنی سزای سێدارە، کاردانەوە و سزای نێودەوڵەتیی زیاتر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بگرێتەوە و بەهای تمەن بەشێویەکی بەرچاو بەردەوام بێت لە دابەزینی زیاتر.
ئێران لە حەوت مانگدا بە بەهای 34 ملیار دۆلار نەوتی فڕۆشتوە و تەنها پێنج ملیارد دۆلاری لە کۆی داهاتی نەوتی ساڵی رابردوی کەمتر بوە. ناوەندی زانیاریی وزەی ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ ئاستی فرۆشتنی نەوتی ئێران لە ئەمساڵدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردوە و ئەو وڵاتە توانیویەتی بە شێوازی جیاواز خۆی لە سزا نێودەوڵەتییەکان دەرباز بکات و نەوتەکەی لە بازاڕەکاندا ساخ بکاتەوە. بە پێی ئامارەکان ئێران لە ساڵی رابردودا کۆی فرۆشی نەوتەکەی لە بازاڕەکان 39 ملیارد دۆلار بوە لە کاتێکدا تەنها لە حەوت مانگی ئەمساڵدا 34 ملیارد دۆلار نەوتی فرۆشتوە. فرۆشی نەوتی ئێران لە ئەمساڵدا بەراور دبە ساڵی رابردو زیاتر لە 45٪ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە لە کاتێکدا داهاتی نەوتی ساڵی 2020ی وڵاتە تەنها 17 ملیارد دۆلار بوە. پێش کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 لە ساڵی 2018، داهاتی نەوتی ئێران لە 113 ملیارد دۆلار زیاتر بوە کە بەهۆی سزاکانی واشنتۆن دژی تاران فرۆشی نەوتی وڵاتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و نزیکەی 80 ملیارد دۆلار لە داهاتەکەی لەدەست داوە.
بەهای هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی تاران بۆ 38 هەزار تمەن بەرز دەبێتەوە و هاوشانی ئەویش بەهای یۆرۆ گەیشتە 40 هەزار تمەن. رۆژی دوشەممە لەگەڵ گرژبونەوەی دۆخی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی ئێران جارێکی دیکە بەهای دروای دۆلار بەرز دەبێتەوە و نرخی زیڕیش بەرزترین ئاستی خۆی لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتە تۆمار کرد. نرخی هەر لیرەیەکی زیڕ لە ئێران کە بە (ئیمامی) ناودەهێنریت لە 18 ملیۆن و 900 هەزار تمەن بۆ 19 ملیۆن و 200 هەزار تمەن بەرز بوە و بە گشتی نرخی زێر لە وڵاتەکە بەرزبونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. بە پێی راپۆرتێکی ئابوریی ناوخۆی ئێران تا ئێستا دراوی تمەن 95%ی بەهای خۆی بەرامبەر بە دراوی دۆلار لەدەستداوە. لە سەرەتای سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانەوە بەهای هەر دۆلارێک لە ئێران بە 30 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرا بەڵام دوای نزیکەی سێ مانگ لە بەردەوامبونی ناڕەزایەتییەکان هەر دۆلارێک هەشت هەزار تمەن بەرزبونەوەی تۆمار کردوە و لە ئێستادا هەر دۆلارێک لە بازاڕەکانی وڵاتەکەدا بە 38 هەزار تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێت.
هاوڵاتی دوای بەرزبوونەوەی بەهاری دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاریدا بڕی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکاندا زیاتر بکات. له ڕاگهیهندراوێكدا، بانكی ناوهندیی عێراق ئاشكرایكرد لهسهر فهرمانی سهرۆكوهزیران و به مهبهستی گێڕانهوهی سهقامگیریی نرخ و ڕێگریی له بهرزبوونهوهی زیاتری نرخی دۆلار، لهمڕۆوه خستنهبازاڕی دۆلار زیاد دهكات. بهپێی ئهوهی له ماڵپهڕی بانكی ناوهندییشدا هاتووه، ئهمڕۆ بانكهكه 140 ملیۆن و 70 ههزار و 601 دۆلار دهخاته بازاڕهوه كه بهراورد به دوێنێ نزیكهی 11 ههزار دۆلار جیاوازیی ههیه. ئەمەشلەکاتێکدایە دوای ئەوەی دوێنێ بهر له داخستنی بازاڕهكانی دراوی نێوخۆیی، نرخی ههر دۆلارێكی ئهمریكی له بهرانبهر دراوی عێراقی بۆ 1500 دینار بهرز بووهوه و هۆكاری ئهمهش بۆ كهمكردنهوهی فرۆشی دۆلار لهلایهن بانكی ناوهندییهوه دهگهڕێتهوه، به جۆرێك كه دوێنێ یهكشهممه، بانكی ناوهندیی تهنها 129 ملیۆن و 301 ههزار و 909 دۆلاری به 1460 دینار بۆ ههر دۆلارێك خستووهته بازاڕهوه. هەربۆیە دوای بەرزبووبوونەوەی بەهای دۆلار، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بانگهێشتی سەرۆکی بانکی ناوەندی کرد بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و داوای لێکرد بەزووترین کات دۆلاری زیاتر بخاتە ناو بازاڕەوە. دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراق بۆ فرۆشتنی دۆلاری زیاتر، ئەمڕۆ بههای دۆلاری ئهمریكی بهرامبهر بهدینار دابەزی و 100 دۆلار بهرامبهره به 149 ههزار و 400 دینار، بههای تمهنیش جێگیره و 100 دۆلار بهرامبهره به سێ ملیۆن و 600 ههزار تمهن.
ئاستی هەڵاوسانی ئابوری مانگی رابردوی تورکیادا 84٪ی تێپەراندوە و گروپێکی سەربەخۆش دەڵێت: ئاستی راستەقینەی هەڵاوسان لەو وڵاتەکە گەیشتوەتە 170٪. دەزگای ئاماری تورکیا کە سەر بە حکومەتی وڵاتەکەیە بڵاوی کردەوە لە مانگی رابردودا رێژەی هەڵاوسانی ئابوری گەیشتوەتە 84.39٪ کە بەراورد بە مانگەکانی پێشوتر، هەڵاوسان لەو وڵاتە بە رێژەی 2.88٪ بەرزبوەتەوە. لەبەرامبەردا گروپی ئەناگ کە پێکهاتوە لە ژمارەیەک کەسایەتی ئەکادیمی و ئابوریناس رایانگەیاندوە؛ لە مانگی رابردودا رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا 170٪بوە و بەراورد بە مانگی رابردوش بەرزبونەوەی هەڵاوسان 4.24٪بوە. لە لایەکی دیکەوە پەرلەمانی تورکیا دەستی بە گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023 دەکات و بڕیارە لە ماوەی 12 رۆژدا گفتوگۆکان لەبارەی کۆی پڕۆژەیاساکە ئەنجام بدرێن. بودجەکە خەرجییەکانی ساڵی 2023ی بە زیاتر لە 446 ملیار دۆلار خەمڵاندوە و داهاتەکانیش بریتین لە 381 ملیار دۆلار بەمشێوەیەش کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2023ی تورکیا زیاتر دەبێت لە 60 ملیار دۆلار. ئەمەش لەکاتێکدایە ئابوری تورکیا بە خراپترین دۆخی خۆیدا تێدەپەڕێت و تادێت رێژەی هەڵاوسان بەرزتر دەبێتەوە و بێکاریی و هەژاری لە وڵاتەکەش لە هەڵکشاندایە.
سەركۆ جەمال سێ هەفتەیە ناڕەزایەتییەكان لەسلێمانی و هەڵەبجە و سنووری ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین بۆ دەرماڵە و پلە بەرزركردنەوە سەریانهەڵداوەتەوە، خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكان داوای دەرماڵە دەكەن، لەلایەكی دیكەش مامۆستایان و فەرمانبەران داوای پلەبەرزكردنەوە دەكەن و هەڕەشەی بایكۆت و خۆپیشاندان دەكەن، بەنیازن بەهەمانشێوەی خانەنشینان لەدادگای فیدراڵی عێراق سكاڵا تۆمار بكەن، هاوكات مامۆستایانی وانەبێژ بەهۆی دانەمەزراندنیان ئەوانیش هەڕەشەی خۆپیشاندان و بایكۆت دەكەن، شێركۆ جەودەت دەڵێت: پێم وایە ئەم سنوورە بەبەرنامە قەیران و كێشەی بۆ دروستدەكرێت، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانیش رایدەگەیەنێت: «كێشەكە ئەوەیە هەموو دەسەڵاتەكان لەلای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەتەوەو بۆ هەموو پارە خەرجكردنێك دەبێت بگەڕێتەوە لای ئەو». زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی راگەیاند: «داهاتی سلێمانی بەهۆی خەرجكردنی بۆ مووچەی فەرمانبەران و ژمارەیەك لەسەرۆكایەتیەكان كەمدەكات، بۆیە زۆربەی كات كێشە بۆ پرۆژەكانی سلێمانی دروستدەبێت، دەرماڵەی خوێندكارانیش لەم سنورە حكومەتی هەرێم دەڵێت دەبێت لەسەر داهاتی ناوخۆ بێت لەكاتێكدا دەبوو هەموو دەرماڵەی خوێندكاران وەكو یەك لەهەرێم خەرجبكرێت». سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان كەهاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیە دەڵێت: «كێشەكە نەبوونی یاسای بودجەیە كە هەموو دەسەڵاتەكان لەلای سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كۆبووەتەوەو بۆ هەموو پارە خەرجكردنێك دەبێت بگەڕێتەوە لای ئەو». بەوتەی زیاد جەبار لەشوێنەكانی دیكەش وەكو هەولێرو دهۆك هاوشێوەی سلێمانی كێشە دروست دەبێت، بەڵام وەك ئەو دەڵێت «لەهەولێرو دهۆك رێگری لەناڕەزایەتییەكان دەكرێت، مەسەلەی پرۆژەكانیش كە جێبەجێ ناكرێت یان كێشەی تێدەكەوێت بەهەمانشێوە نەبوونی یاسای بودجەیە». هەر سەبارەت بەسەرهەڵدانی قەیرانەكان لەسلێمانی لەوانەش كۆنەكردنەوەی خۆڵ و خاشاك و تەواونەكردنی پرۆژەكان و نەدانی دەرماڵەی خوێندكاران و نەمانی پارە لەبانكەكان، شێركۆ جەودەت ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی پەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت:» پێم وایە ئەم سنوورە بەبەرنامە قەیران و كێشەی بۆ دروست دەكرێت». پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران یەكێكی دیكەیە لەو قەیرانانەی بەرۆكی حكومەتی هەرێمی گرتووە، بژێو ئەحمەد فەرمانبەرە لەوەزارەتی خوێندنی باڵا وەك ئەوەی بۆ هاوڵاتی باسیكرد ئەگەر پلەكەی بەرزبكرێتەوەو پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە ئەوا مووچەكەی نزیكەی 200 هەزار دینار زیاد دەكات. وتیشی: «لە2016 ەوە پلەبەرزكردنەوە وەستاوە ئەگەر دەستپێبكاتەوە گۆڕانكاری لەمووچەكەی و لەژیانیشیدا دروستدەكات». بەرهەم حەسەن كارمەندی وەزارەتی تەندروستییە، ئەویش بەهاوڵاتی وت:» بەهۆی ئەوەی دەمێكە پلەبەرزكردنەوە وەستاوە زۆرێك لەفەرمانبەران تاقەتی كاركردنیان نەماوەو من بۆخۆم بێئومێد بووم لەوەی حكومەت پلەبەرزكردنەوە بەدڵی ئەوان دەستپێبكاتەوە». وتیشی: ئەوەندە دەمێكە پلەبەرزكردنەوە راگیراوە تەنانەت تاقەتی ئەوەشی نەماوە بیر لەوە بكاتەوە كە ئەگەر دەستپێبكاتەوە چەندێك لەمووچەكەی زیاد دەكات. سامان عەلی مامۆستایە، لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی راگەیاند:» من ئێستا دەبوایە مووچە بنەڕەتیەكەم 968 هەزار بوایەو دوو پلە بەرزكردنەوەم بۆ بكرایە، بەهۆی بڕوانامەكەشمەوە زیاتر لە 300 هەزار دەچووە سەر مووچەكەم كە ئەوەش بۆ من زۆر جیاوازی دروستدەكات». وتیشی: «من كرێچیم ئەگەر پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە لانیكەم بەو پارەیەی بۆم زیاد دەكرێت دەتوانم كرێكەم بدەم، ئەو شێوازەش كە حكومەتی هەرێم دەیەوێت پلەی پێ بەرزبكاتەوە رێگایەكە جیاوازی دروستدەكات و نایانەوێت مووچەی زۆر بۆ فەرمانبەران زیاد بكەن». «لەگەڵ پارێزەر قسەمان كردووە لەچەند رۆژی داهاتوودا كۆدەبینەوەو بەڵگەنامەمان كۆكردووەتەوە تا لەدادگای فیدراڵی هاوشێوەی خانەنشینان سكاڵا لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماربكەین، لێرەش چووین لەداواكاری گشتی سكاڵا تۆمار بكەین پێیان وتین ئەگەر شتێكتان بۆ دەكرێت بۆ ئێمەشی بكەن بۆیە وازمان هێنا». سامان عەلی وادەڵێت. بەشدار حەسەن پارێزەری خۆبەخش لەوبارەیەوە بەهاوڵاتی راگەیاند:»سەبارەت بەپلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بەنیازین لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەران كۆببینەوە و سكاڵایان بۆ بنووسین، تا سەری ساڵ لەسەر حكومەتی هەرێم دەوەستین ئەگەر پلەبەرزكردنەوە دەستی پێنەكردەوە ئەوا رێكارەكانی سكاڵا تۆماركردن بۆ ئەوانیش لەدادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەستپێدەكەین». رۆژی چوارشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2022، دادگای فیدراڵیی عێراق تاووتوێی سكاڵایەكی كرد كە لەلایەن ژمارەیەك خانەنشین و بەرپرسی رێكخراوی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستانەوە لەسەر هەریەك لە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی تۆمار كرابوو، دواجار بڕیاری دا بەهەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی یەكگرتوو ژمارە 27ی ساڵی 2006و پابەندكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەجێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەمواركراوی عێراق. عوسمان سدیق وتەبێژی یەكێتی خانەنشینانی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «ئێمە دوای ئەو سكاڵایەی لەدادگای فیدراڵی عێراق یەكلاییمان كردەوە بۆ ماوەیەك تا رێوشوێنە یاساییەكانی دادگای فیدراڵی تەواو دەبن چاوەڕێ دەكەین». وتیشی: «پاش ئەو ماوەیە بەڕاوێژكردن لەگەڵ پارێزەران و یاساناسان بڕیاری خۆمان دەدەین كەئایا هەنگاوی داهاتوومان چی دەبێت، بێگومان ئەگەر وەزارەتی دارایی هەرێم بڕیارەكە جێبەجێ نەكات ئەوا جارێكی دیكە دۆسیەكە دەجوڵێنینەوەو دادگای فیدراڵی عێراقی لێ ئاگاداردەكەینەوە». بەشدار حەسەن پارێزەری خۆبەخش لەوبارەیەوە وتی: «لەڕووی یاساییەوە دەبێت لەڕێگەی دادنووسەوە هۆشدارییەك بدەینە سەرۆكی حكومەت و وەزیری دارایی كە دەبێت لەماوەی هەشت رۆژدا بڕیارەكە جێبەجێ بكەن، بەپێچەوانەوە تووشی لێپرسینەوەی سزایی دەبن بەپێی ماددەی 329 بڕگەی دوو لەیاسای سزادانی عێراقی و فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەردەچێت». لەسكاڵاكەی خانەنشینانی هەرێمی كوردستاندا داواكرابوو مووچەی خانەنشینانی هەرێمیش وەك بەغدای لێبێت كە كەمترینی بڕی 500 هەزار دینارە، بەڵام لەهەرێم 220 هەزارە. حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا دەڵێت: چاوەڕێی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان و ئەنجوومەنی وەزیرانین، دەبێت ئەوان بڕیارەكە لەهەرێمی كوردستان پەسند بكەن ئەوكات دەتوانین كاری پێبكەین. لەلایەكی ترەوە مامۆستایانی وانەبێژ چەند ساڵێكە ناڕەزایی دەردەبڕن و داوای دامەزراندن دەكەن و جارێكی تر هەڕەشەی بایكۆت و خۆپیشاندان دەكەن، ناڕەزایی مامۆستایانی وانەبێژ لەكاتێكدایە لە بەشێكی زۆری پەروەردەكان زیاتر لە سەدا 50ی مامۆستایان وانەبێژن. كاروخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بەهاوڵاتی وت:» چەندین كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەو ئەنجوومەنی راژە كردووە، بەڵام هیچ ئومێدێكمان بەدامەزراندن نەماوەو تەنیا كات بەڕێكردن بوو، بۆیە بڕیارمان داوە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن بكەین». لەهەرێمی كوردستان 32 هەزار مامۆستای وانەبێژ هەن، بەوتەی كارۆخ عەبدوڵڵا، لەو ژمارەیە نزیكەی پێنج هەزار مامۆستای وانەبێژ دادەمەزرێن، ئەوەش دیار نییە كەی، رەنگە بكەوێتە ساڵی 2023 بۆ 2024. داواكاری مامۆستایانی وانەبێژ لەكاتێكدایە، مامۆستایانی دامەزراویش لەسنوری سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین هەڕەشەی بایكۆت و خۆپیشاندان دەكەن، ئەوانیش داوای پلەبەرزكردنەوە دەكەن و پلەبەرزكردنەوەی مەرجدار رەتدەكەنەوە. رۆژی 27-11-2022 بەشێك لەمامۆستایان لەپارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانیان ئەنجامداو دەڵێن پلەبەرزكردنەوەی مەرجدار رەتدەكەنەوە، ئەوان داوایانكرد پلە بەرزكردنەوە بەشێوازێكی رەها بكرێتەوە. وەك مامۆستایان باسیانكرد مۆڵەتی مانگێك دەدەنە حكومەت بۆ راستكردنەوەی بڕیارەكەی ئەگەرنا بایكۆت و خۆپیشاندان دەستپێدەكەنەوە. بەپێی بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە لە 26-10-2022 دەرچووە، باس لەوەدەكات پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بەمەرجێك دەبێت كەڕەچاوی پێوەرو بنەماكانی دیاریكراو لەلایەن ئەنجومەنی راژەو یاسای راژەی شارستانی ژمارە 24ی ساڵی 1960ی هەمواركراو بكرێت بەناونیشانی بەرزكردنەوەی فەرمانبەر، كەئەویش بەجۆرێكە هەڵبژاردنی فەرمانبەران بۆ پلەبەرزكردنەوە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و توانا دەبێت نەك تەنها ماوەی راژە، ئەویش دوای سەلماندنی تواناو لێهاتوویی و سەركەوتنی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی ركابەری دەكەن. هەر بەپێی فەرمانەكە دەبێت ئەو فەرمانبەرە شەش مانگ بخرێتە ژێر ئەزموونەوە لەڕێكەوتی دەستبەكاربوونی لەو وەزیفەیەی بۆی بەرزكراوەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بەفەرمانی وەزیر لەهەر وەزارەتێكدا لیژنەیەك بۆ پاڵاوتنی بەرزكردنەوەی فەرمانبەران پێكدەهێنرێت. لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «بەپێی ئەو بڕیارە ئەنجومەنی راژە راسپێردراوە كە دیراسەی پلەبەرزكردنەوە بكات بەپێی بڕیاری 176ی ئەنجومەنی وەزیران لە 26-10-2022 كە ئەوەش پرۆسەیەكی ئاسان نییەو ئێستا لێكۆڵینەوە لەو پلە شاغیرانە دەكرێت كەپێویستە بەرزبكرێنەوە بەپێی شایستەیی فەرمانبەران، واتە حكومەتی هەرێم لەسەرەتای ئەم كابینەیەوە دیراسەی ئەو پرسەی كردووە بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی». وتیشی:»نزیكەی 363 هەزار فەرمانبەر پلەبەرزكردنەوە دەیانگرێتەوە جگە لەوەی زیاتر لە 10 هەزار پلەی وەزیفی زیادەیە واتە پێویستی بەپلەبەرزكردنەوە نەبووە كە لە 2016 ەوە راگیراوە، واتە لەبنەڕەتدا پلەیەكی بەرزتریان وەرگرتووە، بەڵام ئەوە ئەنجومەنی گشتی راژە یەكلایی دەكاتەوە لەكۆتاییدا، ئێستاش سەرقاڵی پێداچوونەوەیە». وەك سەرچاوەكەی ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت:» بەمنزیكانە ئەنجومەنی راژە ئەوەی كەپێویستە دەیداتە رای گشتی لەسەر پلەبەرزكردنەوە، لەهێزەكانی پێشمەرگەو ناوخۆش تەنها ساڵی 2017 پلەبەرزكردنەوە كراوە واتە دوای ئەوە نەكراوە». «حكومەت ئەوەی پێویستە بۆ باشتركردنی ئەدای فەرمانگەكان دەیكات كەئامانجیش لەپلەبەرزكردنەوە ئەوەیە، هەموو پلەبەرزكردنەوەیەكیش لەچوارچێوەی یاسای چاكسازییە و ئەنجومەنی گشتی راژەو وەزارەتی دارایی و دەستەی دەستپاكی ئەنجامی دەدەن و پرۆسەیەكی وردە». سەرچاوەكەی ئەنجومەنی وەزیران وای وت. لەئێستادا زیاتر لە 365 هەزار فەرمانبەر لەهەرێم پلەبەرزكردنەوە دەیانگرێتەوەو بەكۆی گشتی هەر فەرمانبەرێك لەنێوان 200 بۆ 300 هەزار دینار مووچەكەی زیاددەكات ئەگەر پلەبەرزكردنەوە جێبەجێبكرێت، ئەم زانیارییانە هاوڵاتی لەڕاپۆرتێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەستیكەوتووە، هەر ئەوەش وایكردووە ئەنجومەنی وەزیران پرسەكەی داوەتە دەست ئەنجومەنی راژەو پاشان بەنیازە بینێرێتە پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەندكردنی.
هاوڵاتی ئەندامی ژووری بازرگانی ئێران- عێراق قەبارەی هەناردەی ئێرانی بۆ عێراق لە ماوەی حەوت مانگی سەرەتای ساڵی دارایی ئەمساڵدا ڕاگەیاند. حەمید حوسێنی، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەزیاد بوونی بەردەوامی هەناردە کردن لە ڕێگەی دەروازە وشکانییەکان لەگەڵ عێراق دەکەن". ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "هەناردە کردنی ئێران بۆ عێراق تێکڕای مانگانەی 600 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە لە مانگی حەوتەمی ساڵی دارایی ئێستا کە لە 20ی تشرینی یەکەمی 2022 کۆتایی هاتووە و بڕی 647 ملیۆن دۆلار بووە، لەچاو ئەو ئاستەی کە لە مانگی پێشوودا بەدەستی هێنراوە کە 420 ملیۆن دۆلار بووە". ناوبراو پێشبینیی ئەوەشی کرد کە تێکڕای هەناردە کردنی مانگانە لە مانگەکانی داهاتوودا بگاتە نێوان 750 بۆ 800 ملیۆن دۆلار.
هاوڵاتی گۆڤاری نیوز360 لە زاری بەرپرسێکی عێراقییەوە نووسیویەتی، حکوومەتی نوێی عێراق بەنیازە ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی ناوەندیی وڵاتەکەی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە کەمترین ماوەدا چارەسەر بکات. بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ململانێ نەوتییەکان بەردەوام یەکێک لە ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق بووە، بەڵام ئەم ناکۆکییانە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لە مانگی شوباتی ڕابردوودا گەیشتە لووتکە، ئەو دادگایە ڕایگەیاندبوو کە چالاکییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نایاسایین. بەڵام گۆڤاری نیوز360 لە زاری بەرپرسێکی عێراقییەوە بڵاوی کردەوە، حکوومەتی محەمەد شیاع ئەلسوودانی بەنیازە بە زووترین کات ئەو ناکۆکییانە چارەسەر بکات. ئەم بەرپرسە عێراقییە ئیدیعای ئەوە دەکات کە دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و ئاماژەیش بەوە دەکا کە ئەگەری هەیە لە ماوەی شەش مانگدا کێشە نەوتییەکانی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندیی عێراق یەکلایی بکرێتەوە. ئەو بەرپرسە باس لە ئامادەیی حکوومەتی نوێی عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان و گۆڕینی شاندی دانوستانکار و هەوڵدان بۆ داڕشتنی یاسای نەوت و گاز لە ماوەی شەش مانگدا دەکات. بەڕای بەرپرسە عێراقییەکە، یاسای نەوت و گاز دەتوانێت کۆتایی بەو ململانێیانە بهێنێت.
ڕاپۆرت: عهمار عەزیز ساڵانە سەدان دۆنم زەوی لەسنوری قەزاكانی ئاكرێ و بەردەڕەش دەكرێتە برنج، برنجی ئاكرێ لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان بەناوبانگە، ئەوەش لەبەر تام و رەنگ و بۆنی، ساڵانە خەڵكی پارێزگاكانی تر روو لەئاكرێ دەكەن بۆ كڕینی برنج، لەئاكرێ چوار جۆری چەڵتوك دەچێنرێت، شەش مانگی، تەحالف، كەسنەدیتی، عەمبەر، لەهەموویان گرانتر عەمبەرە. شڤان سادق دانیشتووی گوندی دولێجانی سەر بەقەزای بەردەڕەشە، ئەمساڵ كە شەش دۆنم زەوی چەڵتوكی چاندووە بەهاوڵاتی وت:» پارساڵ 11دۆنم زەوی چەڵتوكی شەش مانگیمان چاندبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی سەرقاڵبوونمان بەچاندنی پەتاتە تەنیا شەش دۆنممان چاند، سەرووی 95 لەسەدی خەڵكی گوند ساڵانە چەڵتوك دەچێنن». «ناوبانگی برنجی ئاكرێ و بەردەڕەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەموو شتێك بەدەستی خۆمان دەكەین، هەر لەچاندنی تاكۆتاییەی، رێژەی نیشاستە لەبرنجی كوردی زۆرە بەتایبەت ئەوەی ئاكرێ، بەشێكی زۆری جوتیارانی ئەم ناوچەیە بژێوی ژیانیان لەسەر رواندنی برنجە، هەر خێزانێك ساڵانە بەلایەنی كەمی 5 تا 10ملیۆن دینار قازانج دەكات، ئەمەش بۆ خێزانێك كە لەگوند دەژێت داهاتێكی باشە، بەشێك لەبرنجەكەش بۆ خۆمان هەڵدەگرین». «چاندنی برنج كارێكی زۆر قورس نیە، خەڵك لەگوند هاوكاری یەكتر دەكەن، تەنها كەمێك دروستكردن و رێكخستنی شێوازی چاندنەكەی قورسە، سەرەتا بەتراكتور شوێنەكەی راست دەكرێت ئینجا ئاو بەردەدرێتە ناو زەویەكە، رۆژێكی پێویستە تا هەموو تەڕبێت و زەویەكە ئاو بخواتەوە ئینجا دەكرێتە ماڵك ماڵك و دواتر بنەتۆوی چەڵتوك فڕێدەدرێتە ناو زەویەكە، برنج بۆ ئەوەی جوان بێت پێویستی بەئاوێكی بەردەوام و خاكێكی بەپیت هەیە، هەروەها چاودێریكردنی بەردەوام، ئەگەر پێویستی بەدەرمان و كیمیایی هەبێت پێویستە جوتیار بەكاریبهێنێت، فەرامۆشكردنی دەبێتە هۆی ئەوەی هەم برنجەكەی باش دەرنەچێت هەروەها بەرهەمەكەشی كەمتر بێت»، شڤان سادق وای وت. فازڵ مستەفا، بەڕێوەبەری چاندن لەقەزای ئاكرێ بەهاوڵاتی راگەیاند:»لەساڵی 2021 لەسنوری قەزای ئاكرێ سێ هەزار 274 دۆنم كراوەتە مەرەزە، ئەمساڵ نۆ هەزار و 15دونم كراوەتە مەرەزە، بۆ هەر دۆنمێك بەرهەمەكەی یەك تەن و چارەکێكە، بەرهەمی ئەمساڵ دەگاتە سەرووی 10هەزار تۆن، ساڵانەش هاوكاری جوتیاران دەكەین لەدابینكردنی چەند ئامێرێكی تایبەت بەسپیكردنەوەی برنج و هەروەها كۆنكرێتكردنی چەند شوێنێك تاوەكو جوتیاران لەو شوێنانە چەڵتوكی خۆیان لەمەكینە بكەن و سپی بكەنەوە، هەروەها چەند خولێك دەكەینەوە بۆ چۆنیەتی چاندنی چەڵتوك و چاودێریكردنی تادەگاتە رۆژی دورینەوەو سپی كردنەوەی برنج، وانەكان لەلایەن جوتیارانی نموونەییەوە دەوترێتەوە». وتیشی»خاك و ئاوو هەوای قەزاكە زۆر گونجاون بۆ مەرەزە، تام و رەنگ و بۆنی برنجی ئاكرێ لەهەموو ناوچەیەكی تر باشترە، هەرئەمەش وایكردووە ساڵانە سەدان كەس لەپارێزگاکانی عێراق و هەرێمی كوردستان روو لەئاكرێ دەكەن بۆ كڕینی برنج، زۆرجار دەچێتە دەرەوەی عێراقیش، هەر خێزانێك داوای چەند كێلویەك بكات لەڕێگای جوتیارەكان و بازرگانانی كڕین و فرۆشتنی برنج بۆیان رەوانە دەكرێت، ئەوەش بەپێی داواكاری ئەو كەسانە دەمێنێتەوە، تاڕادەیەكی زۆر بۆ ئەم مەبەستەش هاوكار دەبین بۆ كارئاسانی و هەماهەنگی». ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: «ساڵانە لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 25 هەزار دۆنم زەوی دەكرێتە مەرەزە، تەنها لەسنوری قەزای ئاكرێ زیاتر لە12 هەزار دۆنم دەكرێتە مەرەزە، لەناوچەكانی تری سنوری پارێزگای دهۆك چەڵتوك دەچێنرێت بەتایبەت دەشتی ناوكۆڕ لەسنوری قەزای بەردەڕش، هەروەها لەشیلادزێ و دێرەلوك لەسنوری قەزای ئامێدی و چەند ناوچەیەك لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەڵام برنج بەگشتی بەبرنجی ئاكرێ ناودارە». لەسنوری قەزای ئاكرێ بەگشتی چوار جۆری چەڵتوك دەچێنرێت، شەش مانگی، تەحالف، كەسنەدیتی، عەمبەر، لەهەموویان گرانتر عەمبەرە ئینجا شەش مانگی دواتر كەسنەدیتی، لەهەموویان هەرزانتر تەحالفە. ئەحمەد محەمەد، خەڵكی گوندی سمێلانە سەر بەقەزای ئاكرێ، بازرگانی كڕین و فرۆشتنی برنجی كوردییە، تەنها پارساڵ 15 تۆن برنجی ئاكرێی فرۆشتووە بەكوردانی ئەمریكاو ئەڵمانیا، ئەو بەهاوڵاتی وت:»برنجی ئاكرێ ساڵانە رەوانەی چەند وڵاتێكی ئەوروپا دەكرێت بەتایبەت ئەڵمانیاو ئەمریكا، هەروەها چەند وڵاتێكی عەرەبی وەكو سعودیەو ئیمارات، لەسەر ئاستی ناوخۆش پارساڵ 20 تا 50 تۆن لەجۆری تەحالف فرۆشتووە بەسلێمانی، نرخی یەك كێلو بەم شێوەیەیە، تەحالف لە دوو هەزارەوە دەستپێدەكات تا دوو هەزارو 500 دینار، شەش مانگی سێ هەزارە، عەمبەر دەبێتە دوو جۆر عەمبەری بۆندارو سەدری چوار تا پێنج هەزارە، كەسنەدیتی دوو هەزارە». وتیشی:»لەمانگی ئایار دەست بەچاندنی دەكرێت، لەمانگی تشرینی یەكەم دەست بەدورینەوەی دەكرێت، بەداخەوە ئێستا چەند جۆرێكی برنج لەبازاڕدا دەفرۆشرێت بەناوی برنجی كوردی، بەڵام فێل لەكڕیارەكان دەكرێت و برنجی كوردی نیە، دەنكەكەی و شێوەكەی وەكو برنجی كوردییە بەڵام كوردی نیە لەدەرەوە دەهێنرێت، واباشترە ئەوەی خواستی كڕینی برنجی كوردی هەبێت لەجوتیارو بازرگانانی ئاكرێ بكڕێت، ئێمە بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە ناوبانگی خۆمان لەدەست نادەین، بەگرەنتی دەیدەینە خەڵك، هەركەسێك لای ئێمە جارێك برنجی بردبێت پەشیمان نەبووەو هەر دێتە لامان». یاسین عەبدولڕەحمان، دانیشتووی گوندی كورتكایە سەر بەناحیەی دینارتە لەسنوری قەزای ئاكرێ بۆ هاوڵاتی دواو دەڵێت: «زیاتر لە 20 ساڵە بەردەوام مەرەزە دەكەین، ئێمە زیاتر شەش مانگی و تەحالف دەچێنین، ئەمساڵ حەوت دۆنمم كردبوو، هیچ مووچەیەكم نیەو بژێوی ژیانم لەسەر چاندنی برنجە، بەلایەنی كەمی ساڵانە 10ملیۆن دینار قازانج دەكەم، خەڵك هەیە زیاتر مەرەزە دەكات، چونكە قازانجەكەی لەبەرهەمەكانی تر باشترە، تەمەنم 47 ساڵە بیرم نایەت ساڵێك مەرەزەمان نەكردبێت». وتیشی:»تائێستا حكومەت بەیەك دیناریش هاوكاری نەكردووین و هەموو شتێك لەسەر حسابی خۆمانە».
ڕاپۆرت: هێمن مهحموود نزیكەی مانگێكە بازاڕەكانی عێراق بەگشتی و بازاڕەكانی دراو بەشێوەیەكی تایبەتی جۆرە نائارامی و شڵەژانێكیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەویش بەهۆی بەرزونزمی نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكییدا كەنرخە فەرمییەكەی لەلای بانكی ناوەندی بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێك ١٤٦ هەزار دینارە، بەڵام لەبازاڕدا نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێك تا ١٤٥ هەزار دینار دابەزیوە، ئەویش لەسەروبەندی ئەو دەنگۆیانەی كە باس لەوەدەكەن گوایە حكومەتی عێراق بەنیازی بەرزكردنەوەی بەهای دینارە لەبەرامبەر دۆلاردا بۆ هەمان نرخی پێشوو كەهەر ١٠٠ دۆلارێك ١١٨ هەزار دیناربوو، هەربۆیە بازرگانان دۆلارێكی زۆریان خستووەتە بازاڕەوەو بەمشێوەیە نرخی دۆلار بەرامبەر دینار كەمتر بووەتەوە. لەتازەترین هەنگاویشدا بۆ هاوسەنگ راگرتنی نرخی دۆلارو دینار بەو مەبەستەی كەخۆی دەیەوێت، بانكی ناوەندی ئەم هەفتەیە كەمترین بڕە دۆلاری رۆژانەی خستە بازاڕەوە بەشێوەیەك كە لەماوەی دوو ساڵی رابووردوودا ئەمە یەكەمین جارە ئەم بڕە پارەیە بەكەمی دەخاتە بازاڕەوە. رۆژی یەكشەممە بڕی ١٢٦ ملیۆن و ٩١٢ هەزار دۆلار، رۆژی دووشەممە بڕی تەنیا ٧٣ ملیۆن و ٥٣٧هەزار و ٥٨٢ دۆلار و رۆژی سێشەممە ٨٦ ملیۆن و ٤١٠ هەزار دۆلاری بەنرخی ١٤٦٠ دینار بۆ هەر دۆلارێك خستە بازاڕەوە كە بڕە پارەی رۆژی دووشەممە كەمترین بڕی رۆژانەیە لەدوو ساڵی رابووردوودا كە خستبێتیە بازاڕەوە. هەرچەندە یەكێك لەهۆكارەكانی ئەم یاریكردنەی نرخی دینارو دۆلار لێدوانی سیاسییەكان بوو كەپێش هەڵبژاردنەكان باسیان لەوەدەكرد ئەگەر بێنە دەسەڵات نرخی دینار وەك خۆی لێدەكەنەوە، بەڵام دواتر لەبەڵێنەكانیان پەشیمانبوونەوەو رایانگەیاند دەستكاریكردنی نرخی دینار لەدەسەڵاتی بانكی ناوەندیدایە. هەر بۆ نموونە محەممەد شیاع سودانی پێشتر رایگەیاندبوو دەستكاری نرخی دینار دەكات، بەڵام كاتێك بوو بەسەرۆكوەزیران رایگەیاند كە گۆڕانكاری لەنرخی دیناردا لەدەسەڵاتی ئەودا نیەو لەدەسەڵاتی بانكی ناوەندیدایەو حكومەتیش پەیوەستە بەسیاسەتەكانی بانكی ناوەندییەوە، كەچی لەو نێوەندەدا تویتەكەی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا كەداوایكردبوو نرخی هەر دۆلارێك لەبری ١٤٥٠ دینار كەمبكرێتەوە بۆ ١٣٧٥ دینار، جارێكی تر ئاڵۆزی خستەوە بازاڕەكان. بانكی ناوەندی عێراقیش هاوشانی كەمكردنەوەی خستنەڕووی رۆژانەی دۆلار، لەڕاگەیەندراوەكانیشدا جەختی لەوەكردووەتەوە كە لەبەرنامەیاندا نیە بەمنزیكانە نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلاردا بەرزبكەنەوەو هەر یاریكردنێكیش بەنرخ دەرئەنجامی كوشندەی بۆ ئابووری وڵات دەبێت. ساڵی ٢٠٢٠ بانكی ناوەندی لەهەنگاوێكدا بۆ قەرەبووكردنەوەی داهاتی نەوت كە بەهۆی نزمی نرخەكەیەوە لەبودجەدا كورتهێنانی درووستكردبوو، نرخی هەر دۆلارێكی بۆ ١٤٦٠ دینار بەرزكردەوە لەكاتێكدا كە نرخە فەرمییەكەی ١١٨٢ دیناربوو، بەمەش داهاتێكی زۆری بۆ بودجە دەستەبەركردو لەئێستاشدا بەهۆی ئەو سیاسەتەو بەرزی نرخی نەوتەوە چاوەڕواندەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ یەدەگی نەختینەیی عێراق بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار. بەپێی یاسای ٢٠٠٤ی بانكی ناوەندیش دەسەڵاتی دیاریكردنی نرخ و سیاسەتی نەختینەیی تەنیا لەدەسەڵاتی بانكی ناوەندیدایەو كەس ناتوانێت دەستوەردان لەدەسەڵاتەكانیاندا بكات، هەربۆیە بەبڕوای چاودێرانی دۆخی ئابووری جارێكی تر قورسە دەستكاریكردنی نرخی دینارو دۆلار، بەتایبەت لەكاتێكدا بەپێی ئەو پلانە داراییەی كە بە (لاپەڕەی سپی) ناسراوەو وەزیری دارایی پێشوی عێراق لەسەردەمی كابینەكەی كازمیدا پێشكەشیكردووە نرخی دینار لەسێ ساڵ تا پێنج ساڵی دیكە هەر بەوجۆرە دەبێت كەدیاریكراوە. هاوكات هەندێك لەسیاسییەكانیش باس لەوەدەكەن لەپرۆژەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ دەستكاری نرخی دینار دەكرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی رەتیكردووەتەوەو بەبڕوای ئابووریناسانیش هەر دەستكاریكردنێكی بێ بەرنامەی نرخ دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووری عێراق نزیكەی ٥٢ ترلیۆن دینار زیان بكات و ناسەقامگیری دارایی درووستبكات. هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە بانكەكە رایگەیاندووە كە بەهۆی دابەزینی نرخی دینارەوە لەبەرامبەر دۆلار بەنیازە دراوی جۆری ٢٠ هەزاری دەربكات، هاوكات لەنوێترین هەنگاویشدا بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بانكەكە مامەڵە لەگەڵ چوار بانكی ئیسلامیدا راگرت و رایگەیاندووە وردبینی بۆ كارەكانیان دەكات و دۆلاریان پێنافرۆشێت، دەربارەی لابردنی سفرەكانیش بانكەكە رایگەیاندووە ئەوە پێویستی بەیاسا هەیەو كەشێكی گونجاوی ئابووری تا ئەو گۆڕانكارییەكانە هەزمبكرێت.
هاوڵاتی کۆمپانیای دانە گازرایگەیاند، بەرهەمی گازی سرووشتییان لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی 11% زیادیکردووە. رۆژی چوارشەممە 9-11-2022، کۆمپانیای دانە گاز ، راپۆرتێكی تایبەت بە کار و قازانجەکانی 9 مانگی سەرەتای ئەمساڵ بڵاوکردەوە وتێیدا هاتووە ،بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بە ڕێژەی ٪١١ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینیوە وئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان ٥٠٠ ملیۆن پێ سێجای ڕۆژانە. هەروەها کۆمپانیاکە لە سەرەتای ئەمساڵ تا مانگی نۆ توانیویەتی داهاتەکەی بگەیەنێتە ١٦١ ملیۆن دۆلارئەوەش دوای دەرکردنی باج و خەرجییەکانی دیکەی کۆمپانیاکە. ئەمەشلەکاتێكدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، قازانجیان کەمتر لە 98 ملیۆن دۆلار بووە." پاتریک ئالمان وارد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دانەگاز لەو بارەیەوە رایگەیاند، "دانەگاز توانیویەتی نۆ مانگێکی دیکەی بەهێزی دارایی دەستەبەر بکات کە ئەوەش هێمای ئەوەیە کۆمپانیاکە بەنیازە بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکاندا. بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت و گازیش پاڵپشت بوون بۆ بەرزبوونەوەی قازانجەکانی کۆمپانیاکە لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا."
عەمارعەزیز سێوی بەرواری باڵا لەسنوری بادینان لەرووی رەنگ و تامەوە بەناوبانگە، ئەمساڵ بەهۆی هاوردەكردنی سێو لەدەرەوە لەلایەك و بێ بارانی لەلایەكی تر زیانێكی زۆر بەر خاوەن باخەكانی سێو كەوتووە. هەوار سەعید، خاوەنی شەش باخی سێوە لەگوندی خشخاخا لەسنوری ناحیەی كانێ ماسێ بەهاوڵاتی وت: «ئەمساڵ لەو شەش باخەی بەرهەمەكەی نۆ تۆن بووە، تائێستا پێنج تۆنم فرۆشتووە ئەوەی تر ماوە، بەگشتی جوتیارەكان لەسەدا 50 بەرهەمی خۆیان فرۆشتووە، زۆرجار كیلۆیمان داوە بە 180 دینار، ئێمە لەو خەرجیەی دەیكەین زۆرجار زیان دەكەین، دەیان ساڵە بەرپرسان بەڵێنی بێ كردار دەدەن و دەڵێن سێوەكانی بەرواری باڵا رەوانەی دەرەوە دەكەین یاخود دەیكەین بەشەربەت و دەیان قسەی تر، بەڵام هەمووی بێسوود بووە». وتیشی: «زیاتر لە 200 جوتیار لەسنوری ناحیەكە هەن كە هەریەكێك بەلایەنی دوو تاسێ باخی سێویان هەیە، ساڵانە سەدان تۆن سێو لەبەر دارەكان رزیو دەبن و بێ ناز ماونەتەوە». هەموو ساڵێك لەكاتی پێگەیشتنی سێوەكانی ناوچەی بەرواری باڵا جوتیارەكانی گلەیی ئەوەیان دەكرد كە هیچ شوێنێكیان نیە سێوەكانیان لەڕزین بپارێزن، بۆ ئەمساڵ فەرمانگەی چاندن لەدهۆك دوو ساردكەرەوەی لەسنوری ناحیەی كانی ماسی داناوە تاجوتیارەكان سێوەكانی خۆیان لەو دوو ساردكەرەوەیە دابنێن، بەڵام جوتیارەكان دەڵێن ئەو دوو ساردكەرەوەیە بەشێ بەرهەمی دوو تا سێ جوتیار دەكات ئەی ئەوانی تر چی بكەن؟ هەوار سەعید دەڵێت: « ئەو دوو ساردكەرەوەیە تەنیا بۆ چەند جوتیارێک بووە، ئەی ئەو جوتیارانەی تر چی بكەن، ئەوەی حكومەت كردویەتی چارەسەر نیە تەنیا رازی كردنە و تا لەمیدیا بڵێن ئێمە كێشەی جوتیارەكانی سێومان چارەسەركرد». ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی چاندن لەپارێزگای دهۆك بەهاوڵاتی راگەیاند: «دوو ساردكەرەوەمان لەسنوری ناحیەی كانی ماسی لەسنوری قەزای ئامێدی جێگیركردووە، هەر ساردكەرەوەیەك 300 تۆن سێو لەخۆی دەگرێت، هەرجوتیارێك بێەوێت دەتوانێت بەبێ بەرامبەر سێوەكانی خۆی لەو ساردكەرەوانە دابنێت، لەپلانیشماندایە ژمارەی ساردكەرەوەكان زیادبكەین تاوەكو زۆرترین جوتیار سوود لێیوەربگرن» وتیشی»بەرهەمی سێو بۆ ئەمساڵ سەرووی چوار هەزار تۆن دەبێت، بەروارد بەپارساڵ زۆر زیاد بووە، پارساڵ رێژەیەكی زۆر كەممان هەبوو، بۆ فرۆشتنیان لەبازاڕەكان، باجمان لەسەر سێوی دەرەوە زیاد كردووە، بۆهەر كێلویەك بڕی 500 دینار باج زیادكراوە، هەروەها بۆ ساڵی ئایندە كارگەیەكی دروستكردنی شەربەتی سێو تەواو دەبێت، ئەمەش وادەكات چیتر سێوەكانی بەرواری باڵا بێ ناز نەمێننەوە. ئەحمەد جەمیل دەڵێت: بەنیازن بەرهەمی سێوە رەوانەی دەرەوە بكەن و لەگەڵ وەزارەت قسەمانكردوە لەڕێگای چەند كۆمپانیەك سێوەكانی سنوری پارێزگای دهۆك بازاڕێكی باشیان بۆ بكەینەوەو رەوانەی دەرەوەی بكەین، لەسەر ئاستی ناوخۆش ئەمساڵ چەند بازاڕێكی ناوخۆییمان لەچەند شوێنێكی دهۆك كردووەتەوە ئەوەش بەئامانجی قازانجكردنی جوتیارەكانمان هەروەها پاراستنی بەرهەمی خۆمان بەتایبەت سێو لەڕزین و خراببوون». هاوكات كاوار سەعید، خاوەنی سێ باخچەی سێوە لەگوندی مایێ سەر بەناحیەی كانێ ماسی بەهاوڵاتی وت:»سەرووی 500 داری سێوم هەیە، ئەمساڵ بەرهەمەكەی گەیشتووەتە 400 تۆن، هەموشی سێوی پلە یەكە، بەڵام لەبازاڕدا كێلوی بە 200 تا 500 دینارە، بەو نرخە جگە لەماندوبوون و خەرجكردنی كرێی كرێكارو كرێی گواستنەوە هیچ بۆ ئێمە نامێنێتەوە، ئەوە حاڵی هەموو جوتیارێكە،، هاوكاری جوتیار ناكرێت».
هاوڵاتی بارنبارینی پێویست لە کاتی چاندندا و نەبوونی هیچ گرفتێک لە پرۆسەی ئاودێریدا، کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی گەنمەشامی هەبووە لە پارێزگاکەدا، ههربۆیه مەزەندە دەکرێت ئەمساڵ لە دیاربەکر کە یەکێکە لە ناوەندە هەرە گرنگەکانی کشتوکاڵ لە تورکیا، ٢٥٣ هەزار تۆن گەنمەشامی بەرهەم بهێنرێت. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ و دارستانی دیاربەکرەوە دەستکەوتوون، پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا لە دیاربەکر نزیکەی ٢٥٣ هەزار تۆن لە بەروبوومی گەنمەشامی کە لەسەر رووبەری ١٧٧ هەزار و ٦٣٦ دێکار زەویدا چێنراوە، دەست بکەوێت. سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی یەنیشەهیر، سولەیمان ئیسکەندەرئۆغڵو بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، خەریکە پڕۆسەی دروێنکردنی گەنمەشامی لە قەزاکەیان تەواو دەبێت. ئیسکەندەرئۆغڵو ئاماژەی بە زیادبوونی بەروبوومی گەنمەشامی کرد لە سێ ساڵی رابردوودا و گوتی: "لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٠٦ لە قەزاکەماندا، ٩٠٠ کیلۆگرام بەرهەممان لە هەر دێکارێکدا دەستکەوتبوو، لە ساڵانی رابردوودا بە تێکڕا بەرهەمی گەنمەشامی زیادی کردووە بۆ هەزار و ٥٠٠ کیلۆگرام لە هەمان رووبەردا". سەرۆکی ژووری کشتوکاڵی یەنیشەهیر ئاشکرای کرد کە بەرهەمی گەنمەشامی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو باشترە، گوتی: " لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تێکڕای بەرهەمی گەنمەشامیمان لە دەوروبەری هەزار و ٣٠٠ کیلۆگرام بووە لە هەر دێکارێکدا، ئەمساڵ نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کیلۆگرامە. بێگومان لەگەڵ زیادبوونی بەرهەم خۆشگوزەرانی و داهاتی جووتیارانیش زیادی کردووە". ئیسکەندەرئۆغڵو ئاماژەی بەوەش کرد، لەمساڵدا رووبەری چاندنی گەنمەشامی کەمبووەتەوە و ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە جووتیاران بەهۆی ئەو داهاتە کەمەی ساڵی رابردوو بەدەستیان هێناوە روویان لە چاندنی لۆکە کردووە. ساڵح چیمەن کە جووتیارێکی دانیشتووی گەڕەکی چیمەنلەری سەربە ناوەندی قەزاکەیە، رایگەیاند کە گەنم و لۆکە و گەنمەشامی لەسەر رووبەری نزیکەی ١٦٠ دێکار چاندووە. ساڵح چیمەن بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەمساڵ لەسەر رووبەری ٦٠ دێکار گەنمەشامی چاندووە، گوتی: "لە پرۆسەی چاندندا ماندووبوونی زۆرمان چەشت، لە ئێستادا دەستمان کردووە بە دروێنە. بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەرهەمی ئەمساڵ باشترە، ساڵی رابردوو ٧٠٠ کیلۆگرام بەهەرهەممان دەستکەوت لە هەر دیکارێکدا، پێشبینی دەکەم ئەمساڵ نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کیلۆگرام بەرهەممان دەست بکەوێت". هەروەها حەسەن ئاڵپ کە یەکێکی دیکەیە لەو جووتیارانەی گەنمەشامی چاندووە، رایگەیاند کە ساڵی رابردوو لەسەر رووبەری ١٠٠ دێکار گەنمەشامی چاندووە و لە هەر دێکارێکدا هەزار کیلۆگرام بەرهەمی دەستکەوتووە. حەسەن ئاڵپ ئاماژەی بەوە دا کە ئەمساڵ لەسەر رووبەری ٣٠٠ دێکار گەنمەشامی چاندووە، گوتی: "هەزار و ٤٠٠ کیلۆگرام بەرهەممان دەست دەکەوێت لە هەر دێکارێکدا، ساڵی رابردوو زۆر رازی نەبووین لە بەرهەمەکانمان، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئەو بەرهەمەی ئەمساڵ دەستمانکەوت، وایکرد هەست بە ئاسوودەیی بکەین".
هەژار ئەنوەر لە دەوروبەری شاری هەولێر 98 پاڵاوگەی نایاسایی هەیە، زۆربەشیان كەمتر لە 20 كیلۆمەتر لە شارەوە دوورن، چەنیدینجاریش سكاڵاكراوە بەڵام حكومەت بە دەم داواكاری خەڵكەوە نەچووە، هاوكان ئەنجومەنی وەزیران 3 جار بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەكانی داوە، بەڵام هەر دانەخراون. هاوڵاتی بەدواداچوونی كردووە كە لە دەوروبەری شاری هەولێر لە چوار لایەوە پاڵاوگە هەیە، لە ڕێگای هەولێر ــ خەبات، هەولێر ــ گوێر، هەولێرــ شەمامك، قوشتەپە ــ پردێ، كە ژمارەیان زیاترە لە 98 پاڵاوگەیە و مۆڵەتیان نییە و بەجۆرێك بوونەتە مەترسییەكی گەورە بۆسەر شارەكەو چەندینجار لایەنە پەیوەندیدارەكانیش ئاگاداركراونەتەوە. لەیلا محەمەد بەرپرسی هۆشیاری و ڕاگەیاندن لە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە هاوڵاتی راگەیاند:»ئەم پاڵاوگانە كاریگەری و مەترسییەكی زۆر خراپیان لەسەر ژینگەی شاری هەولێر دروستكردووە و هۆكاری سەرەكی نەخۆشی شێرپەنجەن، بۆیە پێویستە پارێزگا و قائیمقامیەتی هەولێر هاوكاربن لەگەڵ دەستەی ژینگەی هەولێر بۆ داخستنیان». وتیشی: « پاڵاوگەكان كەمتر لە 20كم لە سەنتەری شارەوە دوورن، هاوكات بونەتەجێگای مەترسی، كاتێك گاز و بەنزین بەرهەمدێنن، ڕاستەوخۆ ئەم مەترسییانە دەگوزانەوە بۆ سەنتەری شارەكان لە ڕێگەی دابەشكردنی گازوایل بەسەر مۆلیدەی گەڕەكەكان». لەیلا محەمەد دەڵێت:» تەنها پاڵاوگەكانی لاناز و كار مۆڵەتیان هەیە ئەوانیش ڕۆژانە لەلایەن تیمەكانیاەوە چاودێری دەكرێن بۆ ئەوەی بزانن تاچەند پابەندی ڕێنماییەكانی ژینگەپارێزی دەبن، لەبەرامبەردا نزیكەی 98 پاڵاوگەی بێ مۆڵەت و نایاسایی هەیە». بەگوێرەی زانیارییەكان زیاتر لە 500 پاڵاوگە و گۆڕەپانی تێكەڵكردنی پێهكاتەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان هەیە، كە نە مۆڵەتیان هەیە و نە لەژێر چاودێریدان، كە كۆمەڵێك ماددەی كیمیاوی و نەفتا و ڕۆنی ڕەش تێكەڵ دەكەن. عەلی حەمە ساڵح سەرۆكی لێژنەی وزە و سامانە سروشتییەكان و بازرگانی و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان بە هاوڵاتی ڕاگەیاند:» وەك لێژنەكەیان چەندین یاداشتمان داوە بە حكومەت، بەڵام هیچی جێبەجێ ناكرێت»، سەبارەت بەوەی بۆچی تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان رێوشوێن بەرامبەر ئەم هەمووە پاڵاوگە نایاساییانە ناگرێتەبەر، لەوەڵامدا، عەلی حمە ساڵح دەڵێت: «ئێمەش چەندین ساڵە دەمانەوێت، وەڵامی ئەم پرسیارە وەربگرینەوە لەلایەن حكومەت، بەڵام وەڵاممان نادەنەوە». لە یاسای نەوتی و گازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی كوردستان، ئاماژە بە دامەزراندنی كۆمپانیای نیشتمانی پاڵاوتن دەكات، بەڵام ئێستا پانزە ساڵ تێدەپەڕێت ئەم كۆمپانیاییە دانەمەزراوە. ڕێبین فەتاح شارەزا لە بوارەكانی سامانە سروشتییەكان بە هاوڵاتی ڕاگەیاند: لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 200 پاڵاوگەی نایاسایی هەیە، كە بەشێكیان پێش دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەبوونەو بەشەكەی تریش دوای دامەزراندنی ئەم وەزارەتە بووە، ئەوانەی مۆڵەتیان هەیە نزیكەی پێنج پاڵاوگە دەبێت». وتیشی:» هۆكاری بوونی ئەم هەموو پاڵاوگە نایاسایانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەتی هەرێم شكستی هێناوە لە پەرەپێدانی كەرتی پاڵاوتن بەشێوەیەكی ستاندارد، ئەم پاڵاوگە نایاساییانە، سەرچاوەیەكن بۆ ساغكردنەوەی نەوتی قاچاخ و دزراو، بۆیە ئەگەر سەیر بكەین ئەو ژمارانەی لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو تاوەكو ئێستا ڕاگەیاندراوە لەبارەی داخستنی پاڵاوگەكان، ئێستا دوو هێندە زیادیكردووە». لەسەرەتای مانگی ئەیلولی ساڵی 2015، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاریدا بەداخستنی سەرجەم پاڵاوگەكان، و تەنها مۆڵەت بداتە 26 پاڵاوگە ئەوانیش دوای هەڵسەنگاندنیان، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ یەكێك لە پاڵاوگە نایاسایی و بێ مۆڵەتەكان بەردەوامم لە كاركردن، ئەگەر بۆ ماوەیەكیش داخرابن دواتر دەستیان بە كاركردن كردوەتەوە، هاوكات ئەنجومەنی وەزیران لەساڵانی 2018، 2019 ، 2020 بڕیاریداوە كەدەبێت بەیەكجاری پاڵاوگەكان دابخرێن، بەڵام بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانیش جێبەجێنەكراون و پاڵاوكەكان بەردەوامن لە كاركردن.
سەركۆ جەمال بەگوێرەی ئامارێكی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان، لەسەرەتای مانگی رابردووەوە، تاوەكو ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستان بەهۆی داربڕینەوە 121 كەس دراونەتە دادگا، چاوەڕوانیش دەكرێت بەهۆی گرانی نرخی نەوتی سپی داربڕین زیاتر ببێت. فوئاد ئەحمەد زراری، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان بەهاوڵاتی راگەیاند:»ئەوانەی داری بڕیوەو دەستگیركراون دوو جۆرن، بەشێكیان بۆ خۆیان بەكاریدەهێنن و بەشێكیان بۆ بازرگانیكردن داردەبڕنەوە». وتیشی:» لە 1-9-2022 تاوەكو 23-10-2022، لەهەرێمی كوردستان 163 تاوانی ژینگەیی ئەنجامدراون و بەهۆیانەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ 121 كەس كراوەتەوە، ئەوانەی بازرگانی بەدارەكانەوە دەكەن زۆر مەترسیدارن و دارەكان لەبنەوە دەبڕنەوە، بەڵام ئەوانەی بۆ خۆگەرمكردنەوە داردەبڕنەوە زۆرینەیان لق و پۆپی دارەكان دەبڕنەوە و وەكو بازرگانەكان دارەكە لەناو نابەن. بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەمساڵ داربڕین زۆرتربووە، بەڵام هێشتا بەبڕوای من لەوەرزی زستان واتە چەند مانگێكی دیكە داربڕینەوە زیاتر دەبێت، ئەگەرنا وەكو ئامارو بەراورد بەساڵی رابردوو تائێستا نزیكە لەیەكتر، بەڵام پێشبینی دەكرێت زیاتر ببێت». سەبارەت بەناوچەكانیش كەزۆرترین داریان تێدا بڕاوەتەوە، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی كوردستان دەڵێت: «ناتوانم بڵێم كام ناوچەی شاخاوی لەپارێزگایەكی دیاریكراو زۆرترین تاوانی ژینگەیی تێداكراوە، بەڵام دەتوانم بڵێم لەهەموو ناوچە شاخاوییەكان بەبێ جیاوازی تۆمەتبارانی بڕینەوەی دار دراونەتە دادگا». وتیشی:» سزادانی ئەو كەسانەی دار دەبڕنەوەو بۆ خۆگەرمكردنەوە بەكاریدەهێنن كەمترە لەوانەی بازرگانی پێوە دەكەن». هاوكات هێمن كەمەرخان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و پاوانی سلێمانی بەهاوڵاتی وت:»ناتوانین جارێ بەراورد بەساڵی رابردوو بكەین، بەڵام ساڵی رابردوو 138 هاووڵاتی لەسەر بڕینەوەی دار دەستگیركران، بەڵام ئەمساڵ تامانگی نۆ 93 هاووڵاتی دەستگیركراون، زۆرترین داربڕینەكانیش لەمانگی نۆوە دەستپێدەكات، واتە دەتوانین بڵێین كاتێك وەرزی سەرما دەستپێدەكات داربڕینەوەش دەستپێدەكات». وتیشی:»ئەم ئامارە تەنها لەسنوری 10 قەزاو 24 ناحیەی سنووری پارێزگای سلێمانییە، تیایدایە بۆ بازرگانی یاخود بۆ خەڵوزكردن بڕیویەتیەوە، هاووڵاتیش هەیە تەنیا بۆ خۆگەرمكردنەوە داری بڕیوەتەوە». وتەبێژی پۆلیسی دارستان و پاوانی سلێمانی دەشڵێت:»ئەو ئامارە مانگی 10 ناگرێتەوەو لەمەودوا رەنگە داربڕینەوە زیاتریش بێت». بەگوێرەی ماددەی 21 لەیاسای ژمارە 10ی ساڵی 2012ی تایبەت بەدارستان و پاوان لەهەرێمی كوردستان، سزای بڕینەوەی دار لەپێبژاردن بەسێ ملیۆن دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارەو هەندێكجاریش زیندانیكردنە كەماوەكەی لەساڵێك زیاتر تێپەڕنەبێت. بڕینەوەی دار بۆ خۆگەرمكردنەوە لەكاتێكدایە، بەرمیلێك نەوتی سپی لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 250 هەزار دینارە. هاوكات ئەو نەوتەی حكومەتی عێراق بەنیازبوو بینێرێت بەوتەی كاروان یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ :»هەر لیترێك 750 دینارەو 200 لیترەكە دەكاتە 150 هەزارو بەكرێی گواستنەوەشەوە دەگاتە 160 هەزار دینار». داربڕین زیاتر لەناوچە شاخاویەكانی هەرێمی كوردستانە بەهۆی كەشە ساردەكەیانەوە، هەفتەی رابردوو پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ دەستگیركردنی دوو كەسی راگەیاند كەیەكێكیان بەتەنها زیاتر لەهەزار داری بڕیوەتەوە، پۆلیسی دارستانی باتیڤاش لەپارێزگای دهۆك دەستگیركردنی شەش كەسی لەسەر داربڕینەوە راگەیاند.