ئارا ئیبراهیم وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردنى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى ئاشکراکرد وه‌کو حکومه‌تى هه‌رێم "دڵنیایى" ده‌ده‌ن که پابه‌ندده‌بن به‌ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق. ئاماژەی بەوەشکرد به‌ڕێککه‌وتنى هه‌رێم و عێراق (30) رۆژ جارێک موچه دابه‌شده‌کرێت و "بووژانه‌وه‌یه‌کى دارایى و ئابوورى دێته‌کایه‌وه". دانا عه‌بدولکه‌ریم، وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردنى حکومه‌تى هه‌رێم له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، وتى "به‌ڕه‌زامه‌ندى حکومه‌تى هه‌رێم پێشنیاز دراوه‌ته حکومه‌تى عێراق و ئه‌گه‌ر له‌پرۆژه بودجه‌ى 2021دا جێگیر بکرێت، وه‌ک حکومه‌تى هه‌رێم دڵنیایى ده‌ده‌ین که به‌ته‌واوى پێوه‌ى پابه‌ند ده‌بین". وتیشى "ئه‌سڵه‌ن ئێمه وه‌ک حکومه‌تى هه‌رێم ترسمان هه‌یه حکومه‌تى عێراق پێوه‌ى پابه‌ند نه‌بێت، چونکه به‌پێى هه‌ندێ راپۆرت ئه‌گه‌ر نرخى نه‌وت له‌م دۆخه‌ى ئێستا بمێنێته‌وه‌و به‌رز نه‌بێته‌وه که‌هه‌ر به‌رمیلێک له‌ده‌وروبه‌رى (50) دۆلاردایه، داهاته‌که‌ى به‌شى موچه‌ى موچه‌خۆرانى ناکات". هه‌روه‌ها دانا عه‌بدولکه‌ریم، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو که" به‌پێى ئه‌و پێشنیازه‌ى دراوه‌ته حکومه‌تى عێراق نزیکه‌ى ترلیۆنێک دینارى مانگانه بۆ حکومه‌تى هه‌رێم ره‌وانه ده‌کرێت، ئه‌م بودجه زائیده‌ن ئه‌و داهاته‌ى له‌ناوخۆدا ده‌مێنێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و چاکسازییه‌ى ده‌ستمانپێکردووه دۆخى دارایى باش ده‌بێت و (30) رۆژ جارێک موچه ده‌درێت و بووژانه‌وه‌یه‌کى ئابوورى روو له‌بازاڕه‌کانى هه‌رێم ده‌کات". حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له 5ى ئازارى 2020، سى بڕیاری بۆ چاکسازیکردن بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کان و زیادکردنى سه‌رچاوه‌کانى داهات ده‌رکردووه، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌موچه‌خۆران و ده‌رماڵه‌کانیانه‌وه هه‌یه که‌قۆناغى دووه‌مى بایۆمه‌ترى ده‌ستیپێکردووه‌و ئه‌و پرسه یه‌کلایى ده‌کاته‌وه، دانا عه‌بدولکه‌ریم پێیوابوو ئه‌و چاکسازییانه رۆڵى ده‌بێت له‌که‌مکردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌کان به‌تایبه‌ت که یه‌ک ملیۆن و (250) هه‌زار موچه‌خۆر هه‌یه له‌هه‌رێمى کوردستاندا" ئه‌و چاکسازییه‌ى ده‌ستمانپێکردووه له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ى موچه وه‌رده‌گرن و ناشایسته‌ن مانگى داهاتوو ئه‌نجامه‌که‌ى ده‌رده‌که‌وێت که‌نزیکه‌ى (100) هه‌زار که‌س ده‌بن، ئه‌وانه‌ش ئه‌وانه‌ن که‌خانه‌نشین و موسته‌حه‌ق نین یان له‌موچه‌یه‌ک زیاتریان هه‌یه، هه‌موو ئه‌وانه بارگرانى دارایى حکومه‌ت که‌مده‌کاته‌وه". "حکومه‌تى هه‌رێم کارى له‌سه‌رئه‌وه کردووه که‌سه‌رجه‌م کۆمپانیاکان به‌کۆمپانیا نه‌وتییه‌کانیشه‌وه که تائێستا باجیان نه‌داوه‌ته حکومه‌ت باج بده‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێداچوونه‌وه به‌سه‌رجه‌م گرێبه‌سته نه‌وتییه‌کاندا ده‌کرێت، له‌گه‌ڵیدا داهاتى ده‌روازه سنورییه‌کان رێکده‌خرێته‌وه‌و رێگرى له‌قاچاغچێتى ده‌کرێت، ئه‌وانه‌ش داهات بۆ خه‌زێنه‌ى گشتى زیادده‌که‌ن"، دانا عه‌بدولکه‌ریم وا ده‌ڵێت. وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق دۆخى دارایى به‌گشتى چاره‌سه‌ر ده‌کات و ئه‌و کێشه ئابوورییانه که‌ئێستا هه‌یه زۆرینه‌ى نامێنێت. ده‌رباره‌ى کۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى (پارتى، گۆڕان، یه‌کێتى) که‌بڕیاره رۆژى سێشه‌ممه ئه‌نجامبدرێت له‌سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردنى حکومه‌تى هه‌رێم وتى:" تا ئێستا ئه‌جێنداکه‌یم پێنه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام باسى گفتوگۆکانى هه‌رێم و عێراق و چاره‌سه‌رکردنى دۆخى دارایى ده‌کرێت له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه‌ى که له‌هه‌رێمى کوردستاندا هه‌یه".
سازدانى: ئارا ئیبراهیم عه‌دنان عوسمان، وته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان رایدەگەیەنێت ئەوان حزبێکن له‌پێناو چاکسازیی کۆمه‌ڵگادا کارده‌که‌ن، نەک له‌پێناوی ئه‌وه‌ى چه‌ند که‌سێک بکه‌ین به‌وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى، جەخت لەوەش دەکاتەوە کە لەحکومەت رێگە بەگۆڕان نادرێت ئه‌و هه‌نگاوانه بنێت کەپێویستن عه‌دنان عوسمان، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ هاوڵاتى باس لەوەدەکات کەئیداره‌دانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانى فراکسیۆنه‌کانیان "لاوازه‌و خراپه". سەبارەت بەھەنگاوەکانی چاکسازیی حکومەتی ھەرێمیش دەڵێت "حکومه‌تى هه‌رێم به‌دیلێکیان نیه، ته‌نیا به‌دیلیان ئه‌وه‌یه که‌قوتى خه‌ڵک ببڕن، چاره‌سه‌رى تریان نیه و ده‌سه‌ڵاتیشیان به‌سه‌ر مافیاکاندا پێ ناکرێت و ناتوانن داهاته‌کان هه‌مووى کۆبکه‌نه‌وه". ھەروەھا دەڵێت "هه‌ردوو حزبه‌که که له‌گه‌ڵیان داده‌نیشین ده‌ڵێن به‌ڵێ مافیاگه‌رێتى هه‌یه، دزى هه‌یه" لەبەشێکی قسەکانیدا رەخنە لەشاندی دانوستکاری ھەرێم دەگرێت کەدەچنە بەغداو لەو بارەیەشەوە دەڵێت "تائێستا وه‌فدى ئێمه کارى له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌کردووه، له‌چوارچێوه‌ى یاسایه‌کدا پشکى کورد له‌به‌غدا دیاری بکات، بۆیه ئه‌مه کێشه‌که‌یه، وه‌فده‌کانى ئێمه ته‌نیا بۆ پینه‌و په‌ڕۆ بووه‌و وه‌فدى لیژنه‌ى دارایى هات بۆ لاى ئێمه پێمان وت پێویسته ئه‌مه له‌چوارچێوه‌ى یاسایه‌کدا چاره‌سه‌ر بکرێت، که‌هه‌ردوولا پابه‌ندبن پێوه‌ى". ئێمه حزبێکین له‌پێناو چاکسازیی کۆمه‌ڵگادا کارده‌که‌ین، نەک له‌پێناوی ئه‌وه‌ى چه‌ند که‌سێک بکه‌ین به‌وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى هاوڵاتى: نزیکه‌ى ساڵ و نیوێکه کابینه‌ى نۆیه‌م پێکهاتووه‌و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌شدارى کردووه، ئایا ئه‌و چاکسازییه‌ى گۆڕان باسى ده‌کرد هاتووه‌ته دى له‌ناو ئه‌م کابینه‌یه‌دا؟ عه‌دنان عوسمان: بەشداریکردنمان به‌ڵێنى چاکسازییه‌کى گه‌وره بوو، به‌رنامه‌ى حکومه‌ته‌که‌ش له‌چوارچێوه‌ى چاکسازیدا بوو، بڕیار وابوو چاکسازى له‌سێکته‌رى ئابورى و په‌روه‌رده‌یى و هێزى ئه‌منى و هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا بێت که‌ئه‌مه ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر ژیان و واقعى خه‌ڵکدا بێت، له‌دواى ئه‌و به‌شداریه‌ى ئێمه ئه‌و ئاسته‌نگانه له‌گه‌ڵ به‌غدا دروستبوو، به‌رده‌وام بوون و چووه قۆناغى خراپتره‌وەو نه‌وت نرخه‌که‌ى دابه‌زى و ئه‌وه‌ش به‌هۆى ئه‌و سیاسه‌ته ئابورییه خراپه‌ى هه‌رێمى کوردستانه‌وه دۆخه‌که‌ى خراپتر کرد‌و هاتنى ڤایرۆسى کۆرۆنا دووباره ماشێنى ئابورى له‌هه‌رێمدا وه‌ستاندو ئه‌مانه واقعێک بوون، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و ئیراده‌یه‌ى که‌ئێمه چاوه‌ڕێى بووین ئیراده‌ى فیعلى چاکسازیکردن و ده‌ستبردن بۆ ئه‌وانه‌و جورئه‌تکردن له‌هه‌نگاونان بۆ چاکسازیى ئه‌و ئیراده‌یه‌مان نه‌بینى، چونکه دوو حزبى ده‌سه‌ڵات هه‌ردووکیان ئێستا ده‌ڵێن مافیا هه‌یه، گه‌نده‌ڵى هه‌یه، خروقاتى زۆر زۆر گه‌وره هه‌یه، بۆ حاڵه‌تى وا که‌سێک که له‌ده‌سه‌ڵاتدا بێت ده‌بێت ئیراده‌ى هه‌بێت بۆ چاککردنى ئه‌و دۆخه، بۆ رێگه‌گرتن له‌وه، چونکه له‌سایه‌ى تۆدا (حکومه‌ت) ئه‌گه‌ر مافیا هه‌بێت که‌واته تۆ به‌شێکى له‌مافیاکه، باڵت به‌سه‌ر مافیاکه‌دایه بۆ ئه‌وه‌ى له‌ڕووى یاساییه‌وه تووشى کێشه‌نه‌بن و له‌ژێر سێبه‌رى تۆدا (حکومه‌ت) مافیاچێتى و مافیاگه‌رى ده‌که‌ن، بۆیه ئه‌مه خۆى تاوانێکه، بۆیه هیچ دڵخۆشکه‌ر نین به‌و هه‌نگاوانه‌ى که تائێستا نراون. هاوڵاتى: گۆڕان چاوه‌ڕێى چی ده‌کات که له‌ناو حکومه‌تدا ماوه‌ته‌وه؟ ئایا بۆچوونى جیاواز له‌ناو گۆڕاندا هه‌یه له‌سه‌ر مانه‌وه یان کشانه‌وه؟ عه‌دنان عوسمان: بۆچوونى جیاواز هه‌یه به‌ڵێ، پێشتر ده‌نگێکى لاواز هه‌بوو، ئه‌وه راى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان بوو که ئێمه به‌شدارى حکومه‌ت بکه‌ین، ئه‌و کاته گۆڕان به‌به‌ڵێنى چاکسازى به‌شدارى کرد له‌حکومه‌ته‌کەداو له‌هه‌موو بواره‌کاندا چاکسازیى بکرێت، له‌بواره‌کانى ئابورى و پێشمه‌رگه و ئاسایش و قوت و ژیانى خه‌ڵک، که‌هیچ چاکسازییه‌کى تێدا نه‌کراوه‌و هه‌نگاوێکى گه‌وره‌ى بۆ نه‌نراوه، به‌ڵێنى ئێمه بۆ مانگێک و شه‌ش مانگ و حه‌وت مانگ و ساڵێک نه‌بووه و به‌رنامه‌ى حکومه‌ت بۆ چوار ساڵه، واته هه‌نگاو به‌هه‌نگاو با ساڵى یه‌که‌م با له‌سه‌دا (25)ى جێبه‌جێبکرێت و هه‌ر ساڵه‌ى رێژه‌یه‌کى جێبه‌جێبکات گرنگ ئه‌وه‌یه شاڕێیه‌کى گرنگ هه‌بێت که‌ئێمه ئێستا ئه‌و شاڕێیه‌ى چاکسازى نابینین، بۆیه له‌ناو گۆڕاندا ده‌نگێکى توند‌و به‌هێز خه‌ریکه دروست ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى چیدیکه گۆڕان به‌شێک نه‌بێت له‌م سیستمه شێواوه که‌حوکمڕانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات. هاوڵاتى: زۆرجار ده‌بینین وه‌ک خانه‌ى راپه‌ڕاندن له‌گه‌ڵ تیمى گۆڕان له‌حکومه‌ت گفتوگۆ ده‌که‌ن، ئه‌وان قسه‌یان له‌سه‌ر چاکسازى کردن چییه؟ عه‌دنان عوسمان: به‌رپرسه‌کانى ئێمه له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانن و ئه‌رکێکى دیاریکراویان هه‌یه، که‌وه‌زیرى دارایى یان کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ریه‌ک سه‌رقاڵى ئه‌رکه‌کانى خۆیه‌تى، هه‌ر ئه‌وه‌نده فریاى ئه‌وه ده‌که‌وێت، هه‌ڵبه‌ت حزبه‌که وێنه گه‌وره‌که ده‌بینێت که‌نوێنه‌راتى هه‌موو ئۆرگانه‌کان ده‌کات، هاوڕێکانمان له‌حکومه‌تى هه‌رێم ماندوون و هه‌وڵده‌ده‌ن و کارده‌که‌ن و شوێن په‌نجه‌شیان دیاره، خه‌ڵکێکى زۆر له‌ئه‌دایان رازییه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده له‌توانایاندا هه‌یه‌و بێگومان ئه‌وانیش نیگه‌رانییان هه‌یه، ئێمه هه‌وڵمانداوه له‌ڕێگه‌ى حزبه‌وه کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت، به‌ڵام مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌نیه که‌حکومه‌ت چیده‌ڵێت و تیمى حکومه‌ت چیده‌ڵێت، مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه واقع حاڵه‌که‌مان چیمان پێده‌ڵێت، بۆیه واقع حاڵه‌که‌مان پێمان ده‌ڵێت ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى پێویستن نه‌نراون بۆ چاکسازى کردن و باشترکردنى ژیانى خه‌ڵک. هاوڵاتى: زۆرجار باس له‌وه‌ده‌کرێت ئه‌و داهات و سه‌روه‌ت و سامانه‌ى که‌هه‌یه کۆنترۆڵ بکرێت ده‌کرێت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا به‌شى موچه و پێداویستى و ته‌نانه‌ت به‌شى بوارى وه‌به‌رهێنانیش بکات؟ ده‌وترێت وه‌زیرى دارایى سه‌ڵاحیاتى ته‌واوى نییه بۆ بنه‌بڕکردنى گه‌نده‌ڵییه‌کان؟ عه‌دنان عوسمان: وه‌زیرى دارایى به‌ته‌نیا نا، هه‌ردوو حزبه‌که که له‌گه‌ڵیان داده‌نیشین ده‌ڵێن به‌ڵێ مافیاگه‌رێتى هه‌یه، دزى هه‌یه، جا ئه‌وه‌ى که له‌مه‌رزه‌کان و سنوره‌کان ده‌کرێت ئاشکرایه‌و ئه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیه‌و له‌دائیره‌کان ده‌کرێت ئاشکرایه‌و شتێکى تایبه‌تى نیه له‌کۆبوونه‌وه‌ى تایبه‌تى بووترێت و له‌کۆبوونه‌وه‌ى گشتى نه‌وترێت، دووڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى ده‌ڵێت مافیا هه‌یه‌و ئێمه رێگرییان لێده‌که‌ین، مه‌سه‌له‌که له‌وه‌زیره‌که‌ى ئێمه نییه، من خۆشم دڵنیام له‌وه‌ى که سیستمێکى ئیدارى و ئابورى باش له‌کوردستاندا و ئیراده‌یه‌کى سیاسى راسته‌قینه هه‌بێت و زماندارانى وڵاته‌که خۆیان به‌شێک نه‌بن له‌گه‌نده‌ڵکاران و له‌کۆمپانیاى گه‌نده‌ڵى، پێموایه ئه‌و داهاتانه‌ى ناوخۆ له‌گه‌ڵ فرۆشى نه‌وت لانى که‌م به‌شى له‌سه‌دا 90%ی موچه‌خۆرانى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات. هاوڵاتى: پێتانوایه ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێم چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدا بکات به‌تایبه‌ت تائێستا هیچ رێکه‌وتنێک نه‌کراوه بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌ى بودجه‌و نه‌وت و دۆسییه‌کانى دیکه؟ عه‌دنان عوسمان: تا به‌شێک بین له‌عێراق و هه‌رێمێک بین له‌عێراق ده‌بێت له‌ده‌رگاى به‌غدا بده‌ینه‌وه، که ئه‌مه‌ش ده‌ستوره‌که کاتى خۆى مام جه‌لال و کاک مه‌سعود هێنایان و فه‌رزیان کرد به‌سه‌ر خه‌ڵکیداو خه‌ڵک ده‌نگى پێدا، عێراق هه‌ر یه‌ک عێراقه و چه‌ند هه‌رێمێکى تێدایه‌و تا به‌شێک بین له‌عێراق ده‌بێت له‌ده‌رگاى به‌غدا بده‌ین و ئه‌وه به‌ناچارییه و که خۆت جیاده‌که‌یته‌وه، به‌ڵام تائێستا گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ مانگێک بوون و نه‌ک ته‌نیا بۆ ساڵێکیش، بۆیه مه‌فروز وایه له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستوره‌که که قورسایت له‌به‌غدا هه‌یه، سه‌رۆک کۆمارت هه‌یه و پێویسته ئه‌مه بکرێته چوارچێوه‌ى یاسایه‌که‌وه، که سه‌رۆکوه‌زیرانیش بگۆڕێت، حکومه‌تى عێراقى پابه‌ندبێت پێیه‌وه‌و هه‌موو خه‌مى خه‌ڵکى کوردستان ئه‌وه نه‌بێت، که سه‌رکۆک وه‌زیرانێک له‌به‌غدا ده‌گۆڕێت و چ لیستێک یه‌که‌م ده‌بێت. تائێستا وه‌فدى ئێمه کارى له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌کردووه، له‌چوارچێوه‌ى یاسایه‌کدا پشکى کورد له‌به‌غدا دیاریبکات، بۆیه ئه‌مه کێشه‌که‌یه، وه‌فده‌کانى ئێمه ته‌نیا بۆ پینه‌و په‌ڕۆ بووه و وه‌فدى لیژنه‌ى دارایى هات بۆلاى، ئێمه پێمان وت پێویسته ئه‌مه له‌چوارچێوه‌ى یاسایه‌کدا چاره‌سه‌ر بکرێت، که هه‌ردوولا پابه‌ندبن پێوه‌ى. هاوڵاتى: واته هه‌رێمى کوردستان له‌هه‌موو بارێک‌دا قارانج ده‌کات که به‌شێک له‌نه‌وته‌که‌ى و داهاته فیدراڵییه‌کان راده‌ستى به‌غدا بکات، تا ئه‌و کێشانه نه‌مێنێت؟ عه‌دنان عوسمان: راى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌مه‌یه حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان چى پێویست ده‌کات بیکات بۆ ئه‌وه‌ى موچه‌ى خه‌ڵک بدرێت و ژیانى خه‌ڵک دابین بکرێت، له‌گه‌ڵ کێ پێویسته بیکات و چى پێویسته بیکات، ئه‌وه‌ى که‌ئێستا لاى گۆڕان گرنگه ژیان و که‌رامه‌تى خه‌ڵکى کوردستانه که‌خه‌ریکه پێشێلده‌کرێت، جا له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌رچۆنێک رێده‌که‌ون هه‌موو نه‌وته‌که‌ى راده‌ست ده‌که‌ن یان نیوه‌ى راده‌ست ده‌که‌ن، ده‌روازه‌کان چیده‌کرێت، به راى ئێمه سه‌روه‌رى نیشتیمانى و نه‌ته‌وه‌یى له‌که‌رامه‌تى خه‌ڵکه‌وه دێت، که‌خه‌ڵک هه‌ژاربێت و باوک به‌زه‌لیلى بچێته ناو منداڵه‌کانى و خێزانه‌که‌یه‌وه، ئه‌مه پێشێلکردنى سه‌روه‌رى و نه‌ته‌وه‌یى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستانه، نه‌ک ئه‌وه‌ى موچه‌که‌ت له‌کوێوه دێت یان نه‌وته‌که‌ت راده‌ستى کێ ده‌که‌یت. ئێمه تا 2014 هه‌موو داهاتى هه‌رێم له‌به‌غداوه ده‌هات، ئه‌وکات خۆشمان به‌کوردو کوردستانى ده‌زانى، ئه‌وکات بۆ که‌س نه‌یده‌وت ئه‌وه جاشایه‌تیه و عه‌یبه‌یه، له‌ئێستادا ئه‌م حکومه‌ته به‌رپرسه، خه‌ڵک ورده‌کارى ناوێت له‌دابینکردنى ژیانى خه‌ڵکى، حکومه‌تى هه‌رێم نایکات با بڵێت من پێم ناکرێت و یان ته‌سلیمى خه‌ڵکى دیکه‌و حزبى دیکه‌ى بکات یان هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته بکات و یان ته‌سلیمى به‌غداى بکات، واته چاره‌سه‌رى تر نیه جگه له‌وه. هاوڵاتى: ئه‌مه‌تان به‌فه‌رمى به پارتى راگه‌یاندووه که‌چاره‌سه‌درى دۆخى خه‌ڵک بکه‌ن ؟ عه‌دنان عوسمان: به‌ڵى پێمان وتوون و ئه‌گه‌ر په‌یامه‌که نه‌گه‌یشتووه ئه‌وه با ئێستا بگات، وه‌ڵامه‌که‌یان هه‌ر ئه‌وه بووه "ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا رێککه‌وتن بکه‌ین، داوامان کردووه رێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بکه‌ین"، موچه‌خۆر ده‌بێت هه‌موو مانگێک موچه وه‌ربگرێت، تۆ هه‌موو مانگێک وه‌فد ده‌نێریت بۆ به‌غدا، ئێستا ئه‌م کێشه گه‌وره‌یه‌ى که دروست بوو له‌به‌غدا، تۆ سه‌یرکه ئاماده نین وه‌فد بنێرن بۆ به‌غدا، ده‌بوو تائێستا سه‌رۆکى هه‌رێم و سه‌رۆکى حکومه‌ت و جێگره‌کانى هه‌مووى له‌به‌غدا بن، با هه‌فته‌یه‌ک له‌به‌غدا بن له‌گه‌ڵ حزبه‌کانماندا فشار بکه‌ن و له‌وێ بن تاکێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌بن نه‌یه‌نه‌وه، حکومه‌تى هه‌رێم به‌دیلێکیان نیه، ته‌نیا به‌دیلیان ئه‌وه‌یه که قووتى خه‌ڵک ببڕن، رێژه‌یه‌کى تر له‌قوتى خه‌ڵک جارێکى دیکه ببڕن، چاره‌سه‌رى تریان نیه و ده‌سه‌ڵاتیشیان به‌سه‌ر مافیاکاندا پێناکرێت و ناتوانن داهاته‌کان هه‌مووى کۆبکه‌نه‌وه‌و هه‌ر به‌ڵێن ده‌ده‌ن، ناتوانن کۆى بکه‌نه‌وه و که‌ئه‌مه‌ت پێناکرێت و ئیراده‌ت نیه قووه‌تت نیه، ناچاریت له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌رى بکه‌یت، بۆیه بڕۆ به‌قورسایى خۆته‌وه چاره‌سه‌رى بکه‌ن. هاوڵاتى: هیچ کات وه‌زیرى دارایى لاى ئێوه باسى کردووه قه‌باره‌ى ئه‌و گه‌نده‌ڵى و مافیاگه‌رییه ده‌گاته چه‌ند؟ عه‌دنان عوسمان: له‌وانه‌یه ئه‌و ورده‌کارییه نا، به‌ڵکو به‌رده‌وام له‌کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ حزبه‌کانى دیکه‌ش باسکراوه که رێژه‌که قه‌باره‌یه‌کى گه‌وره‌یه‌و زۆره‌و به‌ڵێ به‌دڵنیایه‌وه ئه‌وه بکرێته سه‌ر داهاتى ناوخۆ، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو رێکخستنێکى دیکه‌ى ئابورى هه‌رێمى کوردستان بکرێت و سیستمى ئابورى له‌کوردستان بکرێت، پێموایه زۆربه‌ى کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بوون. هاوڵاتى: شه‌ش په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى گۆڕان راگه‌یه‌ندراوێکیان بڵاوکرده‌وه‌و سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌که‌ش به‌جیا، هه‌ردوولا داواى چاره‌سه‌رى ئه‌م دۆخه ده‌که‌ن؟ ئایا ئێستا فراکسیۆنى گۆڕان دوو گرووپن؟ عه‌دنان عوسمان: دوو راگه‌یاندراو هه‌بوو، هه‌ردوو راگه‌یاندراوه‌که، یه‌ک ناوه‌رۆک بوون، چ راگه‌یاندراوى فراکسیۆنه‌که، چ راگه‌یاندراوى ئه‌و شه‌ش په‌رله‌مانتاره‌و ناوه‌رۆکى هه‌ردووکیان دروسته‌و ته‌عبیر له‌تێگه‌یشتنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌کات. ناوه‌رۆکى هه‌ردوو راگه‌یاندراوه‌که یه‌ک شته و باسى قه‌یرانه‌کان و موعاناتى خه‌ڵک ده‌کات و خۆزگه یه‌ک به‌یاننامه بوایه یه‌ک بزوتنه‌وه‌یه و ده‌بوایه یه‌ک به‌یاننمه بوایه یان فراکسیۆنه‌کانى دیکه‌ش به‌شدار بونایه له‌و به‌یاننامه‌یه، ئه‌وه‌ى که هه‌ردوولا به جیا ده‌ریان کردووه نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه که ده‌یانه‌وێت پێمان بڵێن ئێمه دوو گروپین. هاوڵاتى: به‌ڵام فراکسیۆنى گۆڕانیش له‌به‌غدا که پێنج په‌رله‌مانتارن دوورن له‌بزوتنه‌وه‌که‌وه، هۆکاره‌که‌ى چییه؟ عه‌دنان عوسمان: هۆکارى یه‌که‌مى ئه‌وه‌یه که‌هه‌ر سه‌ره‌تا بڕیارێکى گشتى نه‌بوو له‌سه‌ر به‌شداریکردنى گۆڕان له‌حکومه‌ت، دووه‌م به‌زۆرینه که ده‌نگدرا که‌کێشه‌کانى حکومه‌ت چاره‌سه‌ر نه‌بوون و هه‌نگاوى چاکسازیى نه‌نرا، که‌ئه‌مه‌ش ره‌خنه‌و بۆله‌بۆڵى له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌هێزتر کرد، سێیه‌م هه‌ست ده‌که‌ین تیمى حکومه‌تى ئێمه ناتوانن ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى که پێویسته ئێستا بنرێت و رێگه‌یان پێناده‌ن ئه‌و هه‌نگاوه گرنگانه بنێن، که‌ئه‌مه‌ش وایکردووه ره‌خنه‌کان به‌هێزتر بن، چواره‌میش په‌یوه‌سته به‌خودى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه که‌ئیداره‌دانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆ په‌یوه‌ندیه‌کانى فراکسیۆنه‌کان لاوازه‌و خراپه، له‌کاتى کاک نه‌وشیروانیشدا بۆچوونى جیاواز هه‌ر هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌و ئیداره‌یه‌کى دا له‌چوارچێوه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا، که ئێستا به‌داخه‌وه ئه‌وه ناکرێت، چونکه هه‌ر ئه‌ندامێکى ئێمه یان فراکسیۆن یان هه‌ر هه‌ڵسوڕاوێکى ئێمه ئازاده له‌وه‌ى ره‌خنه‌ى هه‌بێت و بۆچوونى جیاوازى هه‌بێت و له‌ئۆرگانه‌کانى خۆیدا بیڵێت، ئه‌مه شتێکه ئاساییه له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا و ده‌بێت مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا بکرێت. هاوڵاتى: بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌م نزیکانه کۆنفرانسى نیشتیمانى ده‌به‌ستێت؟ عه‌دنان عوسمان: ئێستا خه‌ریکى ئاماده‌کاریه‌کانین، ئێمه کاتمان دیاری نه‌کردووه، به‌ڵام به‌پێى ده‌ستوره‌که بێت ده‌بێت پێش هه‌ڵبژاردنه گشتییه‌کان گۆڕان کۆنفرانسى خۆى بکات، واته چوار ساڵ جارێک بیکات، ماوه‌که‌ى زۆر دواکه‌وتووه، به‌پێى ده‌ستوره‌که کۆمه‌ڵێک هه‌نگاوى پێویسته. یه‌کێک له‌و هه‌نگاوانه پێویسته هه‌ڵبژاردن بکرێت، ئێستا ژوورى هه‌ڵبژاردن خه‌ریکن و جارێکى دیکه به‌داتاى هه‌ڵسوڕاواندا بچنه‌وه‌و به‌م نزیکانه کۆنفرانسى قه‌زاکان ده‌که‌ین و دواتر کۆمه‌ڵێک کۆنفرانسى تایبه‌تمه‌ند ده‌که‌ین، له‌سه‌ر پرسى ده‌ستور و پرسى چاکسازیى و دواتر هه‌موو ئاماده‌کارییه‌کان فه‌راهه‌م بوو کۆنفرانسى نیشتیمانى ئه‌نجامده‌ده‌ین، که به‌نیازین له‌زووترین کاتدا بیکه‌ین. هاوڵاتى: چیتان کردووه بۆ ئاشتبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى زویر بوون له‌بزوتنه‌وه‌که که به‌هه‌ڵسوڕاوانى خوار گرده‌که ناوده‌برێن؟ عه‌دنان عوسمان: وه‌ک ئۆرگانه‌کانى بزوتنه‌وه‌که هه‌وڵى زۆر دراوه‌و کارى له‌سه‌رکراوه، چ وه‌ک شه‌خسى یان وه‌ک ئۆرگانه‌کانى بزوتنه‌وه‌که، جڤاتیش به‌مه‌به‌ستى ئه‌وه‌یه که‌موباده‌ره‌یه‌کى هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌و به‌شێکى زۆرى ناڕه‌زاییه‌کان په‌یوه‌ندى به‌وتارى بزوتنه‌وه‌که‌وه هه‌یه، خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى گشتى و نیشتیمانى بتوانن ئه‌و وتاره به‌هێزترو رۆشنتر بکه‌نه‌وه، پێموایه نیگه‌رانییه‌کان ده‌ڕه‌وێنه‌وه، بۆیه بۆ کاتى هه‌ڵبژاردنه‌کانیش ئێمه بتوانین که پلاتفۆرمێکى هاوبه‌شمان هه‌بێت له‌گه‌ڵیاندا یان به‌رنامه‌یه‌کى هاوبه‌شمان هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوڕێیانه، پێموایه هه‌نگاوێکى گه‌وره ده‌نێین. هاوڵاتى: کوڕه‌کانى نه‌وشیروان پێگه‌یان له‌ناو گۆڕاندا چییه؟ عه‌دنان عوسمان: ئه‌وان خاوه‌نى کۆمپانیاى وشه‌ن، ئێستا ئه‌و گرده هى کۆمپانیاى وشه‌یه، که بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان تێیدا ده‌ژى، هه‌موو داموده‌زگاکانى دیکه‌ش سه‌ر به‌کۆمپانیاى وشه‌ن که‌ئه‌وان خاوه‌ندارێتى ده‌که‌ن، به‌ڵام وه‌ک بزوتنه‌وه‌که ئۆرگانى خۆى هه‌یه‌و خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى هه‌یه‌و خانه‌ى راپه‌ڕاندن و جڤاتى نیشتمانى پێویسته خاوه‌نى بڕیارى خۆیان بن، بۆیه که‌خاوه‌نى بڕیارى خۆیان نه‌بن ئه‌وه لاوازى خانه‌و جڤاته‌کانه نه‌ک کوڕه‌کانى، چونکه به‌پێى بزوتنه‌وه‌که ئه‌وه‌ى بڕیار ده‌دات جڤاتى نیشتیمانییه، ژوورى دارایى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌یه‌و سه‌رپه‌رشتى ئیدارى و دارایى بزوتنه‌وه‌که ده‌کات. هاوڵاتى: ده‌وترێت لایه‌نى دارایى بزوتنه‌وه‌که کوڕانى کاک نه‌وشیروان به‌شێکى زۆرى دابین ده‌که‌ن؟ عه‌دنان عوسمان: کۆمپانیاى وشه بێگومان هه‌ندێک هاوکارى ده‌کات، به‌ڵام وه‌زعى داراییه‌که‌ى به‌و شێوه‌یه‌یه پێشتر بزوتنه‌وه‌که چۆن ژیاوه ئێستاش هه‌ر به‌و شێوه‌یه ده‌ژی و ژیانێکى بژى و مه‌مره ده‌ژی و وه‌ک شوێنه‌کانى دیکه کارمه‌نده‌کانمان که‌مترین موچه وه‌رده‌گرن و دره‌نگترین کات موچه وه‌رده‌گرن و به‌داخه‌وه له‌ژێر فشارێکى ئابورى زۆر زۆر سه‌خت و دژوارداین و توانیومانه تێچووه‌کان زۆر که‌مبکه‌ینه‌وه. هاوڵاتى: گۆڕانخوازان که‌م تا زۆر ره‌خنه‌و گله‌ییان له‌بزوتنه‌وه‌که هه‌یه، چ په‌یامێکتان هه‌یه بۆیان؟ عه‌دنان عوسمان: ئه‌وه‌ى که‌زۆر گرنکه، که گۆڕانخوازه‌کان له‌وه تێبگه‌ن که ئیراده‌یه‌کى زۆر به‌هێز هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌مان دیدگا‌و روئیا‌و په‌یامه‌کانى کاک نه‌وشیروان پیاده بکات و ئێمه هه‌موو براده‌ران ده‌مانه‌وێت به‌هه‌موو توانامانه‌وه به‌هه‌مان روئیاوه کار له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه بکه‌ین. به‌شێکى په‌یوه‌سته به‌وتارى بزوتنه‌وه‌که که‌ده‌بێت به‌هه‌مومانه‌وه کار له‌سه‌ر ئه‌وه بکه‌ین، دورکه‌وتنه‌وه و په‌راوێزخستن، سود به‌ڕه‌وتى چاکسازیى له‌کوردستاندا ناکات، چونکه ره‌وتى چاکسازى له‌ئێستادا له‌کوردستان ده‌بێت ببێته به‌ره‌یه‌کى به‌رفراوان و به‌هێز که لایه‌نه‌کان و که‌سایه‌تییه‌کان هه‌موو به‌شداربن تیایدا، ئه‌و ورد‌و خاشکردنانه‌ى به‌ره‌کان و بوونى گروپى جیاواز جیاواز‌و پێم وانیه هه‌نگاوێک بێت به‌ئاڕاسته‌ى دروست، راسته له‌وانه‌یه ره‌خنه‌کان هه‌قیقه‌تى تێدابێت و من پشتگیرى له‌به‌شێکى زۆرى ده‌که‌م، به‌ڵام ره‌خنه و وتن شتێکه و پیاده‌کردنى ئالیه‌تى جێبه‌جێکردنى ئیشه‌کان و هه‌نگاونان به‌ره‌و ئیسڵاح کارێکى تره. ئێمه حزبێکین له‌پێناو ئیسڵاحى کۆمه‌ڵگادا کارده‌که‌ین، حزبێک نین له‌پێناو ئه‌وه‌ى که چه‌ند که‌سێک بکه‌ین به‌وه‌زیر یان به به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى، ده‌بێت تێبینى و ره‌خنه‌مان هه‌بێت، ده‌بێت ئه‌و به‌ره‌یه به‌هێز بکه‌ین، چونکه گه‌ر وانه‌بێت ئه‌و به‌ره‌و لایه‌نانه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش سه‌رده‌که‌وێت و شه‌رعیه‌ت وه‌رده‌گرێت وه‌ک هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى پێشوو که‌سه‌رکه‌وت. هاوڵاتى: دوێنێ له‌گه‌ڵ یه‌کێتى کۆبوونه‌وه‌و راگه‌یه‌ندراوى هاوبه‌شتان هه‌بوو؟ چى ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ئارامى و جوڵه‌ى ئابوورى له‌سنورى سلێمانى و ئیداره‌ى گه‌رمیان و راپه‌ڕین په‌ره‌پێبده‌ن؟ عه‌دنان عوسمان: له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هه‌نگاوانه‌داین که به‌ئاراسته‌ى ئارامى و بووژاندنه‌وه‌ى بازاڕ بێت، په‌یوه‌ندیه‌کانمان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى چه‌ند به‌هێزبێت و چه‌ند باش بێت هه‌موو رێککه‌وتنه‌کانمان له‌خزمه‌تى خه‌ڵک و پرۆسه‌ى سیاسى ده‌بێت له‌هه‌رێمى کوردستاندا.
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن سه‌رۆکى ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى هه‌رێم ئه‌وه ئاشکرا ده‌کات که‌وه‌زیرو بریکارى وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌کان هه‌بووه دراونه‌تە دادگا‌و ده‌شڵێت:" سکاڵاى زۆرمان له‌سه‌ر وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌کان هه‌یه، به‌ڵام کێشه‌که ئه‌وه‌یه نه‌وت له‌هه‌رێمى کوردستاندا به‌دامه‌زراوه‌یى نه‌کراوه". حاکم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆکى ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى هه‌رێم له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ده‌شڵێت:" ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى کۆمه‌ڵێک کێشه‌ى هه‌یه، به‌رده‌وام له‌ڕاپۆرته‌کانى ساڵانى پێشوو دیاریمان کردووه‌و دامه‌زراوه‌که دامه‌زراوه‌یه‌کى بچووکه‌و نه‌توانراوه ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستى هه‌موو کوردستان کاربکات و پێویستى به‌هه‌موارى یاسایه‌که ساڵێکه له‌په‌رله‌مانه‌و داموده‌زگا ره‌سمییه‌کان وه‌کو پێویست بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى هه‌نگاویان نه‌ناوه". هاوڵاتى: نزیک ده‌بینه‌وه له‌کۆتایى ئه‌مساڵ، دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌چ ئاستێکدایه له‌هه‌رێمى کوردستاندا؟ حاکم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: دیاره به‌گشتى داتا‌کان له‌کۆتایى مانگى ساڵه‌که راده‌گه‌یه‌نرێن، که‌ئێمه له‌کۆتایى (7و8)ى مانگه‌که‌وه رایده‌گه‌یه‌نین، 9ى مانگى داهاتوو به‌هۆى رۆژى جیهانى گه‌نده‌ڵییه‌وه، له‌و رۆژه‌دا سیمینارێکمان ده‌بێت له‌سه‌ر رێنماییه‌کى تازه که‌ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى ئێستا ده‌ستیپێکردووه، رێنمایى به‌ریه‌ککه‌وتنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانه، که‌ئه‌مه ده‌بێته یه‌که‌م رێنمایى که تائێستا له‌عێراقدا ده‌رنه‌کراوه‌و رۆژى دووه‌م داتاى کۆتایى راده‌گه‌یه‌نین، به‌ڵام به‌هۆى ڤایرۆسى کۆرۆنا و که‌مى ده‌وامى فه‌رمانگه‌کان له‌وانه‌یه چالاکى له‌سه‌دا (25 بۆ 30) هه‌موو فه‌رمانگه‌کانى کوردستان بێت، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و که‌یسانه‌ى له‌ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌دادگاکان و که‌یسه جۆراوجۆره‌کان و سکاڵاى تازه راده‌گه‌یه‌نین، ئێستا له‌کۆتایی کۆکردنه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیه‌کانین و بێگومان راپۆرتێکى چاودێریمان ده‌بێت له‌سه‌ر به‌دواداچوونى یاساى چاکسازى. هاوڵاتى: ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران رایگه‌یاندووه که‌هه‌موو فه‌رمانگه‌کان له‌ناو ده‌زگاکه‌ى خۆیاندا ده‌ستکراوه بن بۆ چاکسازى، ئێوه وه‌ک خۆتان چیتان کردووه؟ ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: ده‌زگاکه‌ى ئێمه، به‌هۆى تازه‌ییه‌وه وایکردووه به‌شێکى زۆرى ئه‌و کێشانه‌ى له‌ده‌زگاکانى دیکه‌دا هه‌یه له‌ده‌زگاکه‌ى ئێمه بوونى نیه، واته نه پله‌باڵاى زۆر، نه راوێژکارو نه بابه‌تى خانه‌نشینى که تائێستا که‌س خانه‌نشین نه‌بووه، ته‌نیا ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى کۆنترن و به‌گواستنه‌وه هاتوون، ئێمه وردبینى لێده‌که‌ین و ئه‌گه‌ر که‌سێک پله‌یه‌کى زیاترى وه‌رگرتبێت به‌پێى یاساى چاکسازى به‌سه‌ریدا جێبه‌جێى ده‌که‌ین. هاوڵاتى: ده‌سته‌که‌تان چ رۆڵێکى هه‌یه له‌چاودێرى کردنى جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازى؟ به‌تایبه‌ت که‌ئێستا قۆناغى دووه‌مى بایۆمه‌ترى له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه ده‌ستیپێکردووه؟ حاکم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: ئێمه هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ یاساکه هه‌یه‌و دوو ئه‌رکمان هه‌یه، ئه‌رکێکیان سه‌ره‌کییه که‌خودى یاساى ده‌سته‌ى ده‌ستپاکییه که‌چاودێره به‌سه‌ر کۆى پرۆسه‌ى وه‌زیفه‌ى گشتى، واته هه‌ر لادانێک له‌پێوه‌ره‌کانى گشتیى و یاساکان به‌ئه‌رکى خۆمانى ده‌زانین که به‌دواداچوونى بۆ بکه‌ین، له‌هه‌ر شوێنێک به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتى هه‌بێت یان زه‌ره‌رى بۆ که‌سانى گشتى بێت ئه‌وه ئه‌رکى خۆمانه، خودى یاساکه‌ش بڕگه‌یه‌کى تێدایه‌و داوا له‌ئێمه کراوه ئه‌گه‌ر هه‌ر ئاسته‌نگێکى یاسایى هه‌بێت بۆ جێبه‌جێکردنى یاساکه، ده‌سته ده‌توانێت به‌پێى یاساکه‌ى خۆى ئیجرائات بکات، به‌هه‌موو بابه‌ته‌کانه‌وه و بابه‌تى بایۆمه‌تریش به‌هه‌مان شێوه‌یه. هاوڵاتى: له‌هه‌رێمى کوردستان چ شارێک قه‌باره‌ى گه‌نده‌ڵى زیاتره؟ حاکم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: بۆ نموونه له‌سلێمانى (100) که‌یسى گه‌نده‌ڵى تۆمارکراوه، کۆى داتاى که‌یسه‌کان به به‌هاکه‌یدا به‌خه‌مڵێنراوى دیاریده‌کات، به‌ڵام گرێبه‌ستێک بایى (100) ملیۆن دینار بێت مه‌رج نیه هه‌مووى گه‌نده‌ڵى بێت و به‌هه‌ده‌ر درابێت، له‌وانه‌یه (20) ملیۆنى لێ به‌هه‌ده‌ر درابێت، بۆیه له‌سه‌ر ئاستى کوردستان دیاریده‌که‌ین نه‌ک پارێزگاکان و به‌جیا پارێزگاکان دیارینه‌کراوه. هاوڵاتى: ده‌ستکراوه‌ن بۆ هه‌موو که‌یسێکى گه‌نده‌ڵى، ئایا رێگریتان بۆ دروستده‌کرێت؟ حاکم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: خۆى ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى کۆمه‌ڵێک کێشه‌ى هه‌یه، به‌رده‌وام له‌ڕاپۆرته‌کانى ساڵانى پێشوو دیاریمان کردووه‌و دامه‌زراوه‌که دامه‌زراوه‌یه‌کى بچووکه‌و نه‌توانراوه ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستى هه‌موو کوردستان کاربکات و پێویستى به‌هه‌موارى یاسایه‌که ساڵێکه له‌په‌رله‌مانه‌و داموده‌زگا ره‌سمییه‌کان وه‌کو پێویست بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى هه‌نگاویان نه‌ناوه. هاوڵاتى: ئه‌و که‌یسانه‌ى دراونه‌ته دادگا له‌لایه‌ن ده‌سته‌که‌تانه‌وه به‌رپرس و که‌سانى پله‌باڵاى تێدابووه که‌گه‌نده‌ڵى ئه‌نجام دابێت؟ حاکم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: به‌ڵى ئه‌و که‌یسانه‌ى گه‌یشتوونه‌تە دادگا بریکارى وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى تێدابووه‌و ئه‌و که‌یسانه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌ى تێدا ده‌کرێت و نه‌چۆته دادگا وه‌زیرى پێشووى کابینه‌ى تێدایه‌و گه‌وره ئه‌فسه‌رى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى تێدایه، واته هه‌موو ئاستێکى تێدایه، به‌ڵام وه‌زیرانى کابینه‌ى نۆیه‌مى تێدانییه. هاوڵاتى: ده‌وترێت ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى خۆى له‌که‌یسه گه‌وره‌کان وه‌ک که‌یسى نه‌وت نادات؟ بۆچى؟ حاکم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: به‌دڵنیاییه‌وه کار له‌هه‌موو دۆسیه‌کاندا ده‌که‌ین، به‌ڵام کارکردنى ده‌سته‌که وایه کاتێک راپۆرتێک ده‌بێت له‌سه‌ر به‌هه‌ده‌ردانى پاره، ئێمه له‌ڕێگه‌ى ده‌زگاکه‌ى دیکه‌مانه‌وه که‌دیوانى چاودێرییه، داوایان لێده‌که‌ین، ئه‌وان وردبینى بکه‌ن و به‌ڕاپۆرتێک ئێمه ئاگادارده‌که‌نه‌وه له‌سه‌ر هه‌ر سکاڵایه‌ک. کێشه‌ى نه‌وت په‌یوه‌ندى به‌ئه‌وه‌وه نیه ئێمه بمانه‌وێت یان نا، به‌ڵام دۆسیه‌ى نه‌وت له‌کوردستاندا به‌دامه‌زراوه‌یى نه‌کراوه، به‌ڵێ سکاڵامان زۆر هه‌بووه له‌سه‌ر بابه‌تى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتیه‌کان، کاتێک که‌داواى راپۆرت له‌دیوانى چاودێرى دارایى ده‌که‌ین، ده‌ڵێن ئێمه هیچ راپۆرتێکمان لانیه، چونکه وردبینى نه‌کراوه‌و سندوقى داهاته نه‌وتییه‌کان دانه‌مه‌زراوه‌و پرۆسه‌که ده‌بێت له‌ڕێگه‌ى چه‌ند بانکێکى ده‌ره‌کى و ناوه‌کى هه‌ژمار بکرێت، واته پرۆسه‌که به‌دامه‌زراوه‌یی نه‌کراوه، بۆیه که‌دیوان ده‌ستى به‌به‌ڵگه‌کان رانه‌گات، سکاڵاکه ته‌نیا وه‌ک سکاڵا لاى ئێمه ده‌مێنێته‌وه، چونکه بۆ هه‌ر که‌یسێک دادوه‌ر داواى به‌ڵگه ده‌کات، بۆیه بێ به‌ڵگه ته‌نیا وه‌ک هه‌واڵێک ده‌مێنێته‌وه که‌پێویستى به‌سه‌لماندنه. هاوڵاتى: عێراق به‌یه‌کێک له‌و وڵاتانه هه‌ژمار ده‌کرێت که‌زۆرترین رێژه‌ى گه‌نده‌ڵى تێدایه، ئه‌مه هه‌رێمى کوردستانیش ده‌گرێته‌وه؟ حاکم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر: رێکخراوى شه‌فافیه‌تى نێوده‌وڵه‌تى هه‌موو ساڵێک پله‌به‌ندیه‌ک بۆ ئه‌و وڵاتانه بڵاوده‌کاته‌وه به‌پێى ریزبه‌ندى زۆرترین رێژه‌ى گه‌نده‌ڵى تێدایه، به‌پێى پێوه‌ره‌کانى خۆیان، به‌ڵام ئه‌مساڵ تائێستا نه‌کراوه‌و له‌ساڵانى رابردوو عێراق له ریزبه‌ندى شه‌ش بۆ هه‌شته‌م بووه‌و ساڵى رابردوو که‌مێک چوبووه دواوه له‌پله‌ى سیانزه‌هه‌م بوو، واته به‌وپێیه عێراق له‌پانزه وڵاتى گه‌نده‌ڵى جیهاندا یه‌کێکه له‌وانه‌و بۆ هه‌رێمی کوردستانیش، چونکه ئه‌وان له‌سه‌ر ئاستى ده‌وڵه‌ت ئه‌و پۆلێنه ئه‌نجامده‌ده‌ن، ئێمه‌ش له‌ڕووى سیاسى و یاساییه‌وه به‌شێکین له‌عێراق، بۆیه له‌ده‌ره‌وه هه‌موو به‌یه‌ک چاو سه‌یرده‌کرێین.
سازدانى: نەوزاد ساڵح نوسەرو رووناک‌بیر دانا بەهادین لە چاوپێکەوتنێکی هاوڵاتى دا باسلەوەدەکات کورد هیچ پێگەیەکى سیاسى و ئابوری نییە لەناو شەپۆلەکانى جیهانگیریدا هۆکارى سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى خاوەنى دەوڵەتى سەربەخۆى خۆی نییە. دانا بەهادین پێیوایە «هەربۆیە زۆ ر گرنگە لەبرى ئەوەى فۆکەسمان چڕبکەینەوە لەسەر ئەوەى کە سنورمان کاڵ بکەینەوە و ببین بەوەرگرى هارد وێرى جیهانگیرى، پێویستە کارى سیاسى بکەین بۆ بەدەستهێنانى مافى سەربەخۆیى و وەک گەلانى پێشکەوتوى دنیا بەشداربین لەوەرگرتنى سۆفت وێرى جیهانگیرى» . لەم چاوپێکەوتنەدا دانا بەهادین وەڵامی چەند پرسیارێکی هزریی هاوڵاتى دەداتەوە. هاوڵاتى: ئایا ئارگومێنتەکانى فەیلەسوفى بوارى مێژوو (فیرنان برودێل) لەگەڵ پرس و مێژووى کورد دەگونجێن لەکاتێکدا کە لەماوەى (100) ساڵی رابردوودا کوردستان دووچارى داگیرکردن و پارچە پارچەکردن بووەتەوە؟ دانا بەهادین: مێژووناس و فەیلەسوفى گەورەى فەرەنسى (برودێل)، مێژووی رووداوەکان وەک رۆژو و ژمارە ناخاتەڕوو، بەڵکو بۆ هەموو رووداو یان کارەساتێکى سیاسى باکگراوندە سیاسى و فکریەکەى شرۆڤە دەکات، واتا پشت نابەستێت بەباسکردن و گێڕانەوەى چیرۆکى رووداوەکان بەساڵ و رۆژەوە، وەک ئەوەى مێژوونووسە کلاسیکیەکان گرنگى پێدەدەن (برۆدێل) لەیەکێک لەئارگومێنتەکانیدا پێمان دەڵێت: (زۆرجار بزووتنەوە سیاسییەکان بەهۆکارى کاریگەرى بارودۆخە سیاسییە بەهەژموونە دەرەکیەکان چەندین گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، بەشێویەک کە ئەو بزووتنەوە سیاسییانە ئێستا‌و ناوەڕاستەکانى تەمەنیان بەهیچ شێوەیەک لەسەرەتاکانى تەمەنیان ناچن)، ئەو مەبەستیەتى پێمان بڵێت بزووتنەوەیەک بەهەر هۆکارێکى سیاسى کە دروست دەبێت، چەندین گۆڕانکارى بەسەر پەیام و ئامانج و ستراتیژە فکرى و سیاسیەکانیدا دێت، ئەمەش کاتێک قۆناغەکانى تەمەنى بزووتنەوەکە بەرەو سەر هەڵدەکشێت و گوزەر دەکات بەناو رەوش و ئەزموونە سیاسییە جۆراوجۆرەکاندا. لەم ڕوەوە، ئەو مێژووى دابەشکردووە بەسەر (٣) ماوەدا وەک مێژووى ماوە ( دوور، مامناوەند، نزیک). بەپێى ئەم دابەشکاریەى (برۆدێڵ) بێت، مەرج نیە ئەو گۆڕانکاریانەی لەقۆناغەکانی دواتردا بەسەر پەیام و خەباتی سیاسیی‌دا دێت باشتر بن لەوەی لەسەرەتادا بزووتنەوەکەی بۆ دروست بوو. لەخوێندنەوەی مێژووی کورددا، (برۆدڵ) خزمەتێکی گەورەمان دەکات. بزووتنەوەى سیاسى کوردستان بەشێوەیەک گۆرانکارى بەسەرداهاتووە پەیامەکانى ئێستامان بەهیچ کلۆجێک لەپەیامى سیاسى مێژووى ماوە دوورمان ناچێت و لەپرسە سەرەکییە راستەقینەکەى خۆمان داماڵراوین کە لەمێژووى ماوە دوورى سەدساڵەدا بۆمان دروست بوو ئەویش بریتیە لە (داگیرکردن و دابەشکردن و توانەوەى نەتەوە)یمان. لەمێژووى ماوە دوورداو لەگەڵ دامەزراندنى دەوڵەتى عێراقدا، بابوباپیرانمان بەنیازبوون دەوڵەتى کوردستانیان بۆ دابمەزرێنن، بەڵام مەخابن قۆڵیان بڕین ، خەبات و تێکۆشانى سیاسى نەوەى یەکەممان بۆ سەربەخۆیی بەردەوام بوو، بەڵام لەماوە مامناوەندو نزیکدا ئەم پرۆژەیە وەرچەرخا بۆ باسى ئۆتونۆمى و سۆشیالیزم و دیموکراسى و رووبەڕووبونەوەى گەندەڵى . لەئێران بەڕێز( قاسملو) چووە شوێنى (قازى محمد)، قاسملو وەک قوربانیدەرێکى سیاسى خاوەنى مێژوویەکى پرشنگدارە، بەڵام کەموکورتى پرۆژە سیاسییەکەى ئەوەبوو گەڕایەوە بۆ پلورالیزم (فرەیی) و پێکەوەژیانى ئاشتییانە لەگەڵ دەوڵەتى ئێرانداو پشتى کردە پرۆژەى سەربەخۆیى!!. (عەبدوڵڵا ئوج ئاڵان)یش مێژوویەکى لەقوربانیدان تۆمارکردووە، بەڵام لەکوردستانى باکور بەباسى سەربەخۆیی دەستپێکردو بەزیندوکردنەوەى شارستانیەتى میزوپۆتامیاو رۆڵى کورد لەپرۆژەى ئاشتى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کوتی پێهێنا. ئەم وەرچەرخانە سیاسییە تەنانەت نەبووە هۆى ئەوەى ژیانى سیاسى لەدوژمنایەتى داگیرکەرانى کوردستان بپارێزێت، ئەوەبوو قاسملویان تیرۆر کرد و ئوج ئالان-یشیان خستە بەندیخانەوە. مەبەستم ئەوەیە بزووتنەوەی کوردی ئێستا زۆر دوورە لەو شتەی بۆی دروستبوو. هاوڵاتى: دەتەوێت پێمان بڵێیت لەئێستادا بزوتنەوە سیاسییەکانى کوردستان کار بەپرۆگرامێکى سیاسى دەکەن لەهەناوى واقیعى کێشە راستەقینەکانى کوردستانەوە هەڵنەقوڵاوە. ئەمەوێت لەسەر ئەم خاڵە روونکردنەوەی زیاتر بدەیت؟ دانا بەهادین: بەڵى کتومت دەمەوێت ئەوە بڵێم ! ئێمە وەک کوردستان دووچارى داگیرکارى بووینەتەوە، کەچى کاری جۆراوجۆر لەسەر بەرنامە فکرییەکانى وەک (لیبرالیزم و دیموکراسى و دادپەروەرى و سۆشیالیزم) دەکرێت. ئەم بەرنامانە جێگەیان بە بەرنامەى سەربەخۆیى کوردستان چۆڵکردووە! لەڕاستیدا تەنها چەمکى سەربەخۆیى چەمکێکى خۆرسکە لەڕووى سیاسییەوە بۆ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانى کوردستان کە بەداخەوە کارى لەسەر ناکەن، ئەم چەمکانەى دیکە زۆرینەیان هاوردەن و پێشتر لەلایەن بیریارانى وڵاتانى دەرەوە بەرهەمهێنراون و لێرەش بە کەموکورتیەکى زۆرەوە کاریان لەسەرکراوەو دەکرێت. زۆرینەى جاریش بوون بەهۆکارى دروستکردنى شەڕى ناوخۆ، بەنموونە: لایەنێکى سیاسى خۆی بەنوێنەری عەلمانیی دەزانێت و لایەنێکى تریش کۆنسێرڤەتیڤ (خۆپارێزو داخراوە) یان لایەنێک دیموکراتخوازەو لایەنەکەى بەرامبەرى سۆشیالیزمى رادیکاڵیە، لەماوەى زیاتر لەپەنجا ساڵ لەمەوبەر تا هەنووکەش بینیومانن کە چۆن ئەم چەمکە هاوردانە بۆ کورد بوونەتە هۆکارى شەڕى ناوخۆ و بەریەککەوتنى قورسى ئایدیۆلۆژى و توانەوەى یەکترو پاشان دیزە بەدەرخۆنەکردنى بابەتى یەکڕیزیى نیشتمانى و مەسەلەى سەربەخۆیى کوردستان. هاوڵاتى: بۆچی پێتوایە ئەو چەمکە فکرییانەی بزوتنەوە سیاسییەکانى کوردستان کە هەڵیانبژاردوون، کردویانن بەبەرنامە، بەناونیشانى پارت و بزوتنەوەکانیان و کەم و زۆر کارى لەسەر دەکەن، بابەتی نین؟ دانا بەهادین: بۆ وەڵامى ئەم پرسیارەتان، بۆچونێکى واقعى فەیلەسوف و ئابوریناسى بەڕەچەڵەک هیندى (ئەمارتیا سێن)تان، بیرهێنامەوە کە دەڵێت: ( گەلێک داگیرکراو بێت دەبێت سەربەخۆیى مەرجى یەکەمى بێت، دیموکراسییەتیش مەرجى دووهەمى بێت). واتا بۆ گەلێک گەر داگیرکراوبێت تا سەربەخۆ نەبێت زانستى نییە هەر چەمکێک لەچەمکەکانى سیستمى فکرى و سیاسى بکات بەمەرج و پەیامى یەکەمى خۆى لەکاتێکدا دەوڵەتى خۆی نیە! جا ئەگەر باسکردن لەو سیستمانە دیموکراسى بێت یان سۆشیالیزم و دادپەروەریی یان هەر چەمکێکى دیکە بێت. بەنموونە: لەسەردەمى کۆڵونیالیزمدا زۆرینەى خاکى عەرەبى داگیرکرابوو لەناویاندا (میسر و مەغریب و تونس و جەزائیر)، هەریەک لەم وڵاتانە جۆرەها لایەنى سیاسى ئۆپۆزسیۆنیان هەبوو، دابەشبوون بەسەر چەند ئاراستەیەکى فکری‌دا وەک (ئیسلامى ئسوڵى و میانڕەوەکان و پارتە کۆمۆنیستییەکان)، وێڕاى هەر ناکۆکیەکى فکرى و سیاسى لەنێوان خۆیاندا، بەڵام یەکڕیزبوون لەبەرامبەر وەدەرەنانى کۆڵونیالیستى رۆژئاوا‌و مەرجى یەکەمیان بریتى بوو لەسەربەخۆیی نیشتمانى عەرەبى. هەروەها لەدواى شۆڕشى ئۆکتۆبەر وڵاتى فینلەندا سەربەخۆیى خۆى وەرگرت، لەماوەى سەربەخۆبووندا ئەم دەوڵەتە بۆ ماوەى (6) ساڵ ناکۆکى قورس لەنێوان لایەنە سیاسییەکانى وەک چەپى رادیکاڵ و کۆنسێرڤەتیڤەکان و میانڕەوەکاندا هەبوو، بەڵام سەرئەنجام دەوڵەتەکەیان هێنایەسەر مێزى گفتوگۆ‌و پاشان توانیان دەوڵەت بکەنە بەرژەوەندى هاوبەشى نێوانیان و دواجار چەمک و پرانسیپەکانى سۆشیال دیموکراتیان کرد بەسیستمى سیاسى دەوڵەتەکەیان. بۆ هەر گەلێک ئەم ئەزموونانەى لاى سەرەوە میکانیزمێکى سیاسى راستەقینەن، بەپێچەوانەشەوە هەر گەلێکى بندەست شۆڕش و پارتە سیاسییەکانى مافى سەربەخۆیى فەرامۆش بکەن و سەرقاڵبن بەباس و خوازى یەکسانى و دیموکراسییەوە ماناى وایە کەوتوونەتەوە هەڵەیەکى زانستى سیاسییەوە، بێگومان بۆ کوردیش ئەم ئارگۆمێنتە راستە کە حاڵى حازر لەناو ئەم هەڵەیەدا ژیان بەڕێدەکات! . بەکورتی، تا سەربەخۆ نەبیت، نا‌توانیت دیموکراتخواز بیت مەگەر لەخەیاڵدا. تەنانەت سەختە بتوانیت شەفاف بیت، چونکە ترسی داگیرکەر ناهێڵێت لەکاتێکدا لای کەم نیوەی سەروەتی ماڵەکەتی بەدەستەوەیەو هەمیشە بەسەر سەرتەوەیە پشکێکی گەورە لەداهات و سەروەت بەزۆرەملێ بۆ خۆی بەرێت. هاوڵاتى: بەڕێزت ئاماژەت بەفکرو سیاسەتى هاوردە کرد! دەمەوێت ئەم بۆچوونەت زیاتر روونبکەیتەوەو ئەگەر بکرێت بە بۆچوونی فەیلەسوفان دەوڵەمەندتری بکەیت، ئایا (رانسێر) هیچ سودێکی لەم رووەوە هەیە؟ دانا بەهادین: فەیلەسوفى فەرەنسى (رانسێر) دەڵێت مامۆستایان هیچ وانەیەک بۆ خوێندکارەکانیان بەرهەم ناهێنن، بەڵکو تەنها وانەیەک دەخەنە بەردەست خوێندکاران کە پێشتر ئامادەکراوە، ئەم بۆچوونە بەسەر سیاسییەکانى ئێرەدا دەچەسپێت. لایەنە سیاسییەکانى کوردستانیش بەرهەمهێنەرى دەقى فکرى بابەتیانە نین بۆ کورد‌و تەنها بەرنامەى ئامادەکراوى پێشوەختەى دەرەوەى خۆیان دەخەنەڕوو لەناو خەڵکى کوردستاندا. لەبەر ئاڵۆزیی بابەتە فکرییەکانی، بەباشى دەزانم لەڕێگەى باسکردنى چیرۆکیکى راستەقینە کەخۆى دەیگێڕێتەوە، یەکێک لەوانەکانى بخەمەڕوو بۆ ئەوەى تێگەیشتن لەفەلسەفەى وانەکەى ئاسان بکەین. لەچیرۆکەکەیدا دەڵێت: (لەدواى جەنگى جیهانى دووەم، مامۆستایەکى فەرەنسى هەلێکى کارى بۆ هاتووەتە پێش لەوڵاتى هۆڵەندا وانە بەزمانى ئینگلیزى بڵێتەوە بە (پێنج) خوێندکارى هۆڵەندى، لەکاتێکدا نە مامۆستاکە هۆڵەندى و ئینگلیزى دەزانێت، نە خوێندکارە هۆڵەندیەکانیش فەرەنسى و ئینگلیزى دەزانن ! ئەم کارە هەم بۆ مامۆستاکە و هەم بۆ خوێندکارەکانیش دوائەندازە قورس و دژوار بوو، بەڵام مامۆستاکە بەهۆى قەیرانە داراییەکانى دواى جەنگى جیهانییەوە بەناچارى ئەم کارە سەختە قبوڵ دەکات و بەگیرفانى خاڵییەوە ملى رێگە دەگرێت و بەرەو وڵاتى هۆڵەندا دەڕوات، لە یەکەم رۆژى رووبەڕوبوونەوەى لەگەڵ خوێندکارەکانیدا فشار لەخۆى دەکات و تەنها لەماوەى چەند دەقیقەیەکدا بەزمانێکى ئینگلیزى کەم و کورت بەخوێندکارەکانى دەڵێت: وانەکەى من ئەم کتێبە ئینگلیزیەى دەستمەو رادەستان دەکەم و لەکۆتایى ساڵ دێمەوە بۆ تاقیکردنەوەى کۆتایى وانەکەتان، خوێندکارانیش کتێبەکەى لێوەردەگرن و پاشان دەستدەکەن بەهەوڵ و کۆشش لەماوەى ئەو ساڵەدا، تەنها لەبەرئەوەى نمرەى دەرچوون بەدەست بهێنن، بەڵام سەیر لەوەدایە هەر پێنج خوێندکارەکە لە مادەى ئینگلیزى مامۆستا فەرەنسیەکەیاندا نمرەى زۆر باش بەدەستدێنن بەبێ هیچ جۆرە یارمەتیدانێکى مامۆستاکەیان !. (رانسێر) لەگێڕانەوەى ئەم چیرۆکەدا مەبەستیەتى پێمان بڵێت: ئەوانەى دەیانەوێت وەک مامۆستا یان وەک سەرکردەى سیاسى خۆیان بخەنەڕوو داهێنەرى (بەرنامە و وانەکان) نین، بەڵکو تەنها بەکارهێنەرى وانەو دەقە بەرهەم هاتووەکانن، واتە ئەگەر مامۆستاش ئامادەگى نەبێت لەوانە وتنەوە، خوێندکار دەتوانێت کۆنترۆڵى وانەکانى بکات ( ئەگەرچى من تا ئاستێکى زۆر هاوڕا نیم لەگەڵ بۆچوونەکەى (رانسێر)دا سەبارەت بەکەم تەماشاکردنى رۆڵى مامۆستا لەناو کایە مەعریفیەکاندا)، بەڵام تائاستێکى باش لەڕەهەندى سیاسییەوە هاوڕاى رانسێرم، چونکە دەبینین هەرکەس و لایەنێکى سیاسى چەمکێکى فکرى و سیاسى دەکات بەناونیشانى خۆى و دەستدەکات بەخۆنمایشکردن. لەکوردستاندا لایەن هەیە چەمکى دیموکراسى کردووە بەناوى خۆیەوە، لایەنێکى تریش چەمکى سۆشیال دیموکرات و ئەوانى دیکەش سۆشیالیزم یان لیبرالێزم ناونیشانى پرۆژە سیاسییەکەیانە، لەکاتێکدا هیچ یەکێک لەسەرکردە کوردەکان داهێنەرى ئەم چەمک و ناوانە نین کە کرودیانن بەناسنامەى پارت و بزووتنەوەکانیان! بەڵکو بەئامادەکراوى لەدەرەوەى عەقڵى خۆیان هاتووەتە بەردەستیان و پاشان پەخشیان کردووەتەوە بۆ ناو خەڵکى کوردستان، هەروەک چیرۆکى پێنج خوێندکارە هۆڵەندییەکە مامۆستاکەش نەبێت خوێندکارەکان خۆیان فێردەبن و بەکۆششى خۆیان دەردەچن، واتە میللەت شتێکی نوێی لەم سەرکردانەوە وەرنەگرتووە. مەبەستم لە بیرۆکەیەکە کەڕەچەڵەکی خۆماڵیی هەبێت و ئەوان میللەتیان فێرکردبێت، بەڵکو بەهۆی (وانەکانی دیموکراسی هاوردەکراوەوە خەریکە وانە بنچینەیەکەی خۆیان لەبیر دەکەن)، خوێندکارەکان میتۆدێکیان هەبوو لەگەڵ دەزگایەکدا بۆیە فێربوون، باشە میللەتی کورد کەمیتۆدێکی راستەقینەی نیە بۆ خوێندن و دەزگای خۆی نیە، چۆن فێری دیموکراسییەت دەبێت؟ روونتر، مەبەستم لەدەزگا دەوڵەتە، لەمیتۆدیش سەربەخۆییە. کە ئەم دووانەی نەبوو، میللەت ناچێتە سەر سکەی خۆی و گەشە ناکات، بەڵکو سەروەتی بەفیڕۆ دەبات. هاوڵاتى: بەگوێرەى ناوەرۆکى هەندێک لەوەڵامەکانت، چەمکى سەربەخۆیى دەخەیتە پێش چەمکەکانى تر بۆ بارودۆخى ئێستاى کوردستان، پێدەچێت بتەوێت بەرەو ئەو ئاراستەیەمان بەریت تاسەربەخۆ نەبین ناکرێت ئێمە وەک کورد بۆمان گونجاو بێت کاربکەین لەسەر هیچ چەمکێکى وەک دادپەروەرى یان دیموکراسى ...هتد. ئایا ئەمە رەها نیە؟ دانا بەهادین: بابەتەکە رەهایی و رێژەیی نیە، لێرەدا یان با بڵێم بە رێژەیی نا‌توانیت ئەم بۆچوونە رەتبکەیتەوە، چونکە من باسی ئەزموونی مێژوویی گەشە و گەشەسەندن دەکەم، لەڕاستیدا سروشتى سیاسى دەوڵەتان ئەو راستییەى خستوەتەڕوو، گەلانى دنیا لەپاش دروستکردنى دەوڵەت توانیویانە سیستمى سیاسى بۆ خۆیان دابڕێژن، بۆ نموونە وەک چۆن دەڵێن دەوڵەتى سۆشیالستى یان دەوڵەتى دیموکراسى، یان دەوڵەتانى سۆشیال دیموکرات بەواتاى ئەوەى دەوڵەت دەبێتە خاوەنى سیستمى سیاسى نەک بەپێچەوانەوە سیستمى سیاسى ببێت بەخاوەندارێتى دەوڵەت، مەبەستمە ئەوە بڵێم ئێمە وەک کورد تا ئێستا نەگەیشتوین بەقۆناغى دەوڵەت و سەربەخۆیى تا بانگەشەى ئەوە بکەین لەسیستمە سیاسییەکەماندا دادپەروەرین یان دیموکراسین، گەر لەپێش دەوڵەت و سەربەخۆیى هەر سیستم و چەمکێک بکەین بەبەرى ژیانى سیاسییماندا بێ‌شک کەوتووینەتە هەڵەى زانستییەوە. دیموکراسی و دادپەوەریی هەر لەخۆیانەوە نابنە بەشێک لێمان، بەڵکو مەرجیان هەیە کەئەویش بوونی دەوڵەتە. بۆ پشتڕاستکردنەوەى بۆچوونەکەم بەپێویستى دەزانم بۆچوونی بیریارى گەورەى بوارى چەمکى دادپەروەرى (جۆن ڕۆڵز ) بەنموونە بهێنمەوە. ئەو دەڵێت: (هیچ گەلێک ناگات بەدادپەروەریی تا لەناو دەوڵەتێکى سەربەخۆدا نەبێت )، چونکە گەلى داگیرکراو ناسەقامگیرە لەڕووى سیاسییەوە، ئەم بۆچوونەش ئەو راستییەمان بۆ دەخاتەڕوو گەلى بندەست و داگیرکراوى وەک کورد بەهۆى ئەوەى جومگە سیاسى و ئابورییەکانمان بەدەست داگیرکەرانەوەیە، کەواتە لە سەقامگیرى سیاسیی‌دا ناژین و لەڕێگەى سەقامگیرى سیاسییشەوە دەتوانین دادپەروەرى بکەین بەسیستمى بەڕێوەبردنى دەوڵەت کە لێى بێبەشین ، کەواتە لەقۆناغى ئێستاماندا پرۆسەى چاکسازى کارگێڕى و نەهێشتنى گەندەڵى و نادادى بەئامانجى دادپەروەریی بەبێ سەربەخۆیی کوردستان کارێکى مەحاڵە، چونکە هەرکات دەوڵەتى داگیرکەر بیەوێت هەرچى نوزە و نەفەسى سیاسى هەیە دەتوانێت لێمان ببڕێت . بەنمونە: ئەگەر حکومەتى هەرێمى کوردستان بەنیاز بێت بووژاندنەوەى ئابورى لەبوارى کەرتى کشتوکاڵیدا بکات، دەوڵەتانى ئێران و تورکیا سەرچاوەکانى ئاومان لێبگرنەوەو بەنداوەکانمان بەسەردا دابخەن ئیتر بەسە بۆ ئەوەى وشکەساڵى جێگە بەپلانى چاکسازى و گەشەکردنى بوارى ئابورى کشتوکاڵیمان چۆڵ بکات. یاخود زۆرجار دەبینین حکومەتى هەرێم باس لەپلانى سەقامگیرکردنى موچەى کارمەندان و فەرمانبەران دەکات، بەڵام تەنها بڕیاردانێک لەڕاگرتنى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لەلایەن حکومەتى عێراقەوە کاریگەریی بەشێوەیەک دروستدەکات کە سەرلەبەرى پلانەکەى هەرێم قڵپ دەکاتەوە، ئاشکرایە چەندین جار ئەم حاڵەتەشمان بینیوە لەڕێگەى بڕیارە مەرکەزیەکانى عێراقەوە کەچۆن بەقووڵى دووچارى قەیرانى دارایى بووینەتەوە. خەڵکانێکى دیاریکراویش هەن لەڕێگەى دزى و چاوى تەماحکارانەوە بوون بە خاوەنى سەرمایەیەکى هێندە زۆر‌و زەوەندە لەباڵانسى عەقڵ دەرچووە، ئەم خەڵکانەش هێندە هۆکارى سەرەکى نادادى و کۆڵەوارکردنى هەرێمەکەمان نین، هێندەى دەرهاویشتەى نەبوونى سەربەخۆیى و ناسەقامگیرى سیاسین کەوەک میکرۆبێکى کوشندە تەشەنەیان کردووە لەناو زەلکاوى داگیرکراویدا. ئەمەش جۆرێکە لە باجی بندەستیمان وەک گەلى کورد، بەمانایەکى دیکە بنبڕکردنى دزى و گەندەڵیش لەڕێگەى سەقامگیرى سیاسییەوە دەکرێت کەڕەوایەتى دەگەڕێنێتەوە بۆ یاساکانى بەڕێوەبردنى وڵات. هاوڵاتى: ئایا پێویست دەکات کوردستان سنورى سەربەخۆیى هەبێت و پرانسیپى جیابوونەوە بەنموونە لەدەوڵەتى عێراقدا بکات بەستراتیژى سیاسیى خۆى لەکاتێکدا شەپۆلەکانی جیهانگیری سەرتاپای جیهانی بەیەکەوە بەستۆتەوە؟ دانا بەهادین: لەڕاستیدا هەڵوەشاندنەوەى بلۆکى شورەوى و سەرهەڵدانى نەزمى نوێى جیهان، لەسەرچاوە بەرچاوەکانى ئەم قۆناغەن کەپێى دەوترێت سەردەمى جیهانگیرى . من باوەڕم وایە لەڕووى سیاسییەوە سنورى دەوڵەتانى دنیا کاڵ نەبوونەوتەوە، وردتر بڵێم دەوڵەتان سنورەکانى خاکى خۆیان پاراستووە، تەنها یەک نموونەشمان لەسەرانسەرى دنیادا دەستناکەوێت کە گەلێک هەبێت بەهۆى پێشکەوتنەکانى سەردەمەوە دەستبەردارى دەوڵەتى خۆیان بووبێتن و پشتیان کردبێتە پاراستنى سەربەخۆیى سنورەکانیان، بگرە بەپێچەوانەوە ئەو گەلانەشى کە دەوڵەتیان نیە دەیانەوێت ئەم سەردەمەى جیهانگیرى بکەن بەهەلێکى سیاسى و دەوڵەتى سەربەخۆیى خۆیانى تێدا دابمەزرێنن. بەڵام هەروەک ( سلوتەر دایک ) دەڵێت: زۆر لەگەلانى رۆژ هەڵات (هارد وێر)ى جیهانگیرییان وەرگرتووە، نەک (سۆفت وێر)، بۆچوونەکەى (سلۆتەر دایک) بۆ کورد تاڕادەیەکى باش راستى تێدایە، چونکە کورد لەبرى ئەوەى خۆى بدۆزێتەوە لەجیهانى کراوەدا و سنورەکانى خۆى جیابکاتەوە لەگەڵ دەوڵەتانى داگیرکەردا و هەوڵبدات ببێت بەگەلێکى بەرهەمهێن و هاوتەریب بێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانى جیهاندا، کەچى پێچەوانەکەى وەرگرتووە، بەنموونە لەناو بەشێکى زۆر لە گروپە سیاسى و رۆشنبیرەکانماندا باس لە بێبایەخى سنورى سیاسى و سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و دەیانەوێت بەناوى خۆمۆدێرن کردنەوەوە مافى سەربەخۆبوون بۆ کورد تێهەڵکێشى هزرە کلاسیک و ماوە بەسەرچووەکان بکەن، بە باوەڕى من ئەمەش خۆونکردنەوە نەک خۆ دۆزینەوە . هەروەها سەرلەبەرى ئامێر و بەرهەمەکانى جیهانگیرى لەهەرێمى کوردستان بەنوێترین ڤێرژن بەکاردێنین، بەڵام ناتوانین تەنها یەک ئامێرى سادەشى لێ بەرهەمبهێنین. ئێمە وەک کورد هیچ پێگەیەکى سیاسى و ئابوریمان نیە لەناو شەپۆلەکانى جیهانگیریدا هۆکارى سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى خاوەنى دەوڵەتى سەربەخۆى خۆمان نین، هەربۆیە زۆ ر گرنگە لەبرى ئەوەى فۆکەسمان چڕبکەینەوە لەسەر ئەوەى کە سنورمان کاڵ بکەینەوە و ببین بەوەرگرى هارد وێرى جیهانگیرى، پێویستە کارى سیاسى بکەین بۆ بەدەستهێنانى مافى سەربەخۆیى و وەک گەلانى پێشکەوتوى دنیا بەشداربین لەوەرگرتنى سۆفت وێرى جیهانگیرى .
سازدانى: ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ده‌ڵێت له‌ناو کۆبوونه‌وه‌کانى سه‌رکردایه‌تى باسى کۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى نێوان (یه‌کێتى، پارتى، گۆڕان) کراوه‌و کارنامه‌ى خۆیان ئاماده‌کردووه که لامه‌رکه‌زى یه‌کێکه له‌خاڵه‌کانى گفتوگۆکانیان. زوبێر عوسمان، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ھاوڵاتی ده‌ڵێت: «بۆ پرسى لامه‌رکه‌زى سه‌قفى زه‌مه‌نیمان تاکۆتایى ساڵ داناوه‌و دواى ئه‌وه بڕیارى دیکه‌مان له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى و خۆشگوزه‌رانى خه‌ڵکدا ده‌بێت». ناوبراو ئاماژه به‌وه‌ده‌دات که« حزبه‌که‌م پلانى هه‌یه بۆ دۆخى ئێستاى هه‌رێم و ئه‌و قه‌یرانانه‌ى رووبه‌ڕوومان بوونه‌ته‌وه، چ بۆ پرسى لامه‌رکه‌زى به‌رنامه‌ى جددى و ره‌یسى و ستراتیژیمان هه‌یه، چ بۆ چاره‌سه‌رى کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا، چ بۆ ئه‌و ته‌راکوماته‌ى له‌ناوخۆى هه‌رێم دروست بووه بۆ به‌ڕێوه‌بردنى حکومڕانییه‌کى ته‌ندروست و دروست بۆ ئه‌وه‌ى لێکتێگه‌شتنى هاوبه‌ش دروست ببێت». ھاوڵاتی: کۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى نێوان یه‌کێتى و پارتى و گۆڕان له‌سه‌ر پرسى لامه‌رکه‌زى و حوکمڕانى هه‌رێم که‌ى ئه‌نجامده‌درێت؟ زوبێر عوسمان: سه‌باره‌ت به‌کات و شوێن و ماوه‌ى کۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى، من په‌یوه‌دیدار نیم به‌کاروبارى په‌یوه‌ندییه‌کان، ئه‌و پرسه په‌یوه‌سته به‌مه‌کته‌بى په‌یوه‌ندییه کوردستانییه‌کان. ھاوڵاتی: له‌ناو سه‌رکردایه‌تى گفتوگۆ کراوه له‌سه‌ر کۆبوونه‌وه‌ى سێقۆڵى؟ زوبێر عوسمان: به‌دڵنیایییه‌وه باسى ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه کراوه، بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه دراوه که‌کۆبوونه‌وه‌کان به‌رده‌وام بن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رچه‌یه‌ک بدۆزرێته‌وه بۆ ئه‌وه، یه‌کێتى هەموو هه‌وڵێک ده‌دات بۆ ئه‌و قۆناغه‌ى ئێستا تێى که‌وتووین، له‌گه‌ڵ لایه‌نه کوردستانیه‌کان به‌تایبه‌ت بۆ پرسى لامه‌رکه‌زی، به‌ڵام سه‌باره‌ت بەکات و شوێن و ورده‌کاریه‌که‌ی، زیاتر بۆ هه‌ڤاڵانى تر‌و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار، چونکه ئێمه ئێستا له‌مه‌ڵبه‌نده‌کانین ئه‌و به‌شه‌یان په‌یوه‌ندى بەبه‌شى کوردستانى و مه‌کته‌بى په‌یوه‌ندییه‌کانه‌وه هه‌یه. ھاوڵاتی: لامه‌رکه‌زى تاچه‌ند پێویسته جێبه‌جێبکرێت، له‌کاتێکدا زۆرجار کێشه دروست بووه له‌ئیداره‌ى پارێزگاکان و حکومه‌تى ناوه‌ندى له‌هه‌ولێر، ئایا سه‌قفێکى زه‌مه‌نى داده‌نرێت بۆ ئه‌مه؟ زوبێر عوسمان: به‌دڵنیاییه‌وه لایه‌نه سیاسییه‌کان که ئێستا پێکهێنه‌رى حکومه‌تن، به‌تایبه‌ت ئه‌و سێ لایه‌نه‌ى که‌باسى ده‌که‌یت، به‌و پێیه‌ى کابینه‌ى نۆ ئه‌و سێ لایه‌نه پێکیان هێناوه، بۆیه گرنگه کۆبوونه‌وه‌کان به‌رده‌وام بن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ى که هه‌یه‌و بابه‌تى گه‌رمن باس ده‌کرێن و به‌تێگه‌یشنى هاوبه‌ش و کارى پێکه‌وه‌یى و بتوانن زیاتر بۆ هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ى که‌ئێستا به‌رۆکى خه‌ڵکى گرتووه، به‌یه‌که‌وه بڕیار بده‌ن و چى له‌به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى کوردستانه ئه‌وه جێبه‌جێ بکه‌ن، یه‌کێتى کۆمه‌ڵێک به‌رنامه‌ى هه‌یه چ بۆ پرسى لامه‌رکه‌زى و چ کارنامه‌ى تر‌ى هه‌یه بۆ واقعى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌و کارنامانه لیژنه‌ى بۆ ته‌رخانکراوه‌و دواتر بۆ کۆبوونه‌وه هاوبه‌شه‌کان ئاماده ده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ى جێبه‌جێ بکرێت. ھاوڵاتی: گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتى و گۆڕانیش کراوه، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانیش لیژنه دروستبکه‌ن بۆ کارنامه؟ زوبێر عوسمان: نا مه‌رج نیه، یه‌کێتى کارنامه‌ى خۆى بۆ ئه‌و پرسه گه‌رم و گرنگانه‌ى که‌ئێستا ده‌گوزه‌رێن و یه‌کێتى کارنامه‌ى خۆى ئاماده ده‌کات و به‌ڵکو لایه‌نه‌کانى دیکه‌ش ئاماده‌یان کردبێت. ھاوڵاتی: ئه‌و ده‌رچه‌یه بۆ پرسى لامه‌رکه‌زییه یان بۆ ئه‌و پرسه که‌ڵه‌که‌بووانه‌یه که هه‌یه له‌نێوان ئه‌و سێ لایه‌نه‌دا له‌پرسى حوکمڕانى هه‌رێمدا؟ زوبێر عوسمان: ئێمه هه‌موومان ده‌زانین ڤایرۆسى کۆرۆنا جیهانییه‌و هه‌موو جیهانى تێدا زه‌ره‌رمه‌نده، جگه له‌چه‌ند ده‌وڵه‌تێک به‌نموونه چین که زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بوون، ئه‌گینا له‌ئه‌مریکاوه تا هه‌موو شوێنێک، که‌عێراق و هه‌رێمى کوردستانیش به‌و بێ پلانییه که‌هه‌یانه، بێگومان خه‌سارمه‌ندێکى گه‌وره‌ییه، له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت تۆ بۆ میلله‌ته‌که‌ت تێبکۆشیت و به‌رنامه‌ت هه‌بێت و پلان و نه‌خشه‌ڕێگات هه‌بێت، یه‌کێتى ئه‌و پلانانه‌ى هه‌یه بۆ ئێستاى هه‌رێم و ئه‌و قه‌یرانانه‌ى رووبه‌ڕوومان بوونه‌ته‌وه، چ بۆ پرسى لامه‌رکه‌زى به‌رنامه‌ى جدى و ره‌یسى و ستراتیژیمان هه‌یه، چ بۆ چاره‌سه‌رى کێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کان له‌گه‌ڵ به‌غدا، چ بۆ ئه‌و ته‌راکوماته‌ى له‌ناوخۆى هه‌رێم دروست بووه بۆ به‌ڕێوه‌بردنى حوکمڕانییه‌کى ته‌ندروست و دروست بۆ ئه‌وه‌ى لێکتێگه‌شتنى هاوبه‌ش دروست ببێت، به‌تایبه‌ت ئێمه دوو رێکه‌وتنمان هه‌یه له‌گه‌ڵ پارتى که بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین شه‌ریکى راسته‌قینه‌و هاوبه‌ش بین له‌بڕیاردان و حوکمڕانى بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین به‌ئاراسته‌یه‌کى دروست حوکمڕانى بکه‌ین. ھاوڵاتی: تاچه‌ند پێتانوایه به‌جێبه‌جێکردنى لامه‌رکه‌زى زۆر کێشه‌ى که‌ڵه‌که بوو چاره‌سه‌ر ده‌بێت، ئایا سه‌قفى زه‌مه‌نیتان داناوه وه‌ک کارنامه‌ى خۆتان؟ زوبێر عوسمان: به‌دڵنیایه‌وه سه‌قفى زه‌مه‌نى دانراوه‌و ئه‌و کارنامه‌یه‌ى دامانناوه له‌گه‌ڵ پارتى و گۆڕان باسى ده‌که‌ین که‌پێموایه زیاتر په‌یوه‌ندیداره به‌پارتى، تا کۆتایى ساڵ سه‌قفى زه‌مه‌نییه بۆ پرسى لامه‌رکه‌زى. ھاوڵاتی: واتا ده‌توانین بڵێین بۆ جێبه‌جێکردنى لامه‌رکه‌زى سه‌قفى زه‌مه‌نى تاکۆتایى ئه‌مساڵه؟ زوبێر عوسمان: به‌دڵنیاییه‌وه به‌ڵێ، له‌دواى سه‌رى ساڵ کۆبوونه‌وه‌ى دیکه‌مان ده‌بێت، به‌دیراسه کراوى چى له‌به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵک بێت بڕیارى له‌سه‌ر ده‌ده‌ین. ھاوڵاتی: یه‌کێتى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه حکومه‌تى هه‌رێم نه‌وت راده‌ست بکات؟ زوبێر عوسمان: ئه‌مه په‌یوه‌ندى به‌پارتى و یه‌کێتى و گۆڕانه‌وه نییه، تیمه‌کانمان په‌رله‌مانتاره‌کانمان له‌به‌غدا تا توانیوایه دیفاعیان کردووه له‌قوت و موچه‌ى خه‌ڵک، ئه‌مه شتێکه په‌یوه‌ندیداره به‌په‌رله‌مانى عێراقه‌وه، ئه‌مه په‌یوه‌ندى به‌ویستى پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان و لایه‌نه سیاسییه‌کانه‌وه نییه، وه‌ک یه‌کێتى پێمانوایه ده‌بێت هه‌ر تاکێکى کورد له‌هه‌موو خه‌ڵکانى سه‌ر زه‌وى زیاتر خۆشگوزه‌رانتر ژیان بکه‌ن، به‌ڵام ئایا به‌ویستى ئێمه‌یه. بۆیه یاساى کورتهێنانى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ده‌نگى له‌سه‌ر داوه‌و بووه‌ته یاسا، تازه نه به‌یه‌کێتى و پارتى و لایه‌نه سیاسییه‌کانى دیکه ناتوانین ئه‌و یاسایه هه‌موار بکه‌ینه‌وه یان بیگۆڕین. ئه‌و یاسایه هه‌موو شتێکى ره‌تنه‌کردووه‌ته‌وه بۆ کورد، کۆمه‌ڵێک بڕگه‌و مادده‌ى باشى تێدایه، وه‌ک یه‌کێتى له‌سه‌ر ئاستى هاوسه‌رۆک و مه‌کته‌بى سیاسى له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر خه‌تین، حکومه‌تى هه‌رێمیش وه‌فدى دانوسانکارى خۆى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بکرێت و ئه‌و یاسایه له‌خزمه‌تى خه‌ڵکى کوردستان به‌رجه‌سته ببێت که په‌یوه‌ندیدارن به‌داهاته‌کان، به‌غداش مه‌رج و رێکارى خۆیان هه‌یه‌و گرنگه رێککه‌وتن بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى موچه‌و مافى خه‌ڵکى کوردستان وه‌ربگرین. ئه‌گه‌ر ئێمه پاشه‌کشه بکه‌ین له‌حوکمڕانى به‌غدا رۆڵى نابێت، چونکه به‌هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کانى هه‌رێم ئه‌گه‌ر یه‌کهه‌ڵوێستیش بین له‌به‌غدا ئه‌و قه‌واره گه‌وره‌یه‌مان نییه کاریگه‌ریمان هه‌بێت له‌سه‌ر عێراق له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین باشترین یارى له‌گه‌ڵ به‌غدا بکه‌ین له‌پێناو خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان، تا به‌شێک له‌مافه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین یان هه‌موو مافه‌کانى خه‌ڵک وه‌ربگرینه‌وه. ھاوڵاتی: لاهور شێخ جه‌نگى هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى چووه به‌غداو له‌گه‌ڵ مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیران و چه‌ند به‌رپرسێکى دیکه کۆبووه‌وه، له‌کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى بابه‌تێکى باس کرد که له‌میدیا نه‌خرابێته‌ڕوو؟ زوبێر عوسمان: له‌کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى باس له‌وه‌کرا که به‌شێک له‌لێدوانه‌کانى هه‌رێم کاریگه‌رى نه‌رێنى خراپى هه‌بووه له‌سه‌ر شیعه‌و سوننه‌کان ئه‌وه کاردانه‌وه‌ى هه‌بووه له‌سه‌ر یاساکان، ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هاوسه‌رۆکى یه‌کێتى باسکراوه دڵخۆشکه‌ره‌یه، به‌غدا به‌تایبه‌ت شیعه‌کان خۆیان به‌دوژمنى خه‌ڵکى کوردستان نازانن و پێیانوایه پێویسته به‌شێوه‌یه‌کى یه‌کسان داهاتى عێراق بۆ هه‌موو عێراقییه‌کان خه‌رج بکرێت. ھاوڵاتی: ئایا کادرانى یه‌کێتى نیگه‌رانن له‌م دۆخه‌ى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌ت له‌پرسى دارایى و ئابووریدا؟ زوبێر عوسمان: کادره‌کانى ئێمه‌ش کوڕى ئه‌و خه‌ڵکه‌ن، خۆشمان کورى ئه‌و هه‌ژارانه‌ین که له‌ناو خه‌ڵکدان، رۆژانه خۆمان ده‌چینه ناو خه‌ڵک، ته‌بعه‌ن موعاناتى گه‌وره هه‌یه له‌ناو خه‌ڵکداو ئێمه جیانه‌کراوینه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا هه‌مان فیئه‌و توێژى خه‌ڵکین، ئێمه‌ش به‌موچه ده‌ژین، نه‌ک هه‌ر کادره‌کانمان خۆشمان له‌ئاستى سه‌رکردایه‌تى و مه‌ڵبه‌ند، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر کادرى یه‌کێتى کادرو هه‌موو ئه‌ندامانى لایه‌نه سیاسییه‌کانى دیکه هه‌مان گرفتیان هه‌یه. به‌شێک له‌خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان چاویان له‌سه‌رکردایه‌تى نوێى یه‌کێتییه ده‌رچه‌و چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا هه‌رێمى کوردستان بدۆزێته‌وه، ئێمه گه‌شبین و ئومێدمان هه‌یه چی به‌یه‌کێتى بکرێت ئه‌نجامى ده‌دات، ئێمه وه‌کو یه‌کێتى چاوه‌ڕێین تا کۆتایى ئه‌مساڵ به‌رنامه‌ى کارى پێکه‌وه‌یى ئه‌نجامبده‌ین له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانى دیکه، ئه‌گه‌ر کێشه‌کان چاره‌سه‌ر نه‌بن تا سه‌رى ساڵ ئه‌گه‌رو کارتى دیکه‌مان له‌پێناو خه‌ڵکى کوردستان ده‌بێت، کارته‌کانى دیکه‌مان تاقى ده‌که‌ینه‌وه، کام رێچکه باش بێت له‌پێناو خه‌ڵکدا بۆ باشتر کردنى دۆخى خه‌ڵک ئه‌وه هه‌ڵده‌بژێرین.
سازدانى: ماردین نوره‌دین به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاوى سلێمانى ده‌ڵێت:» پێویستمان به (30) ملیۆن دۆلار هه‌یه بۆ چاکسازیکردن و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى ته‌واوى هه‌ردوو خه‌تى دوکانى یه‌ک و دوو که دیزاینى بۆ کراوه، هه‌تا ئه‌وانه چاک نه‌کرێت ئاوى پێویست به سلێمانى ناگات». سه‌ربه‌ست عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئاوى سلێمانى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ده‌شڵێت:»لۆدى زۆرمان له‌سه‌ره به‌هۆى که‌مى ئاوه‌وه، چونکه ئه‌و ئاوه‌ى به‌رهه‌مده‌هێندرێت له‌سه‌دا (35) بۆ (50) به‌فیڕۆده‌چێت. هەروەها دەشڵێت: رۆژانه سلێمانى پێویستى به(٤٥٠) بۆ (٥٠٠) هه‌زار مه‌تر موکه‌عه‌ب ئاو هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى رۆژانه ئاو بده‌ین به خه‌ڵک. هاوڵاتى: له‌ئێستادا دابه‌شکردنى ئاو له‌سلێمانى چۆنه به‌گشتی؟ سه‌ربه‌ست عوسمان: دابه‌شکردنى ئاو ئێستا هه‌رسێ رۆژ جارێک دوو کاتژمێره، هه‌ندێ گه‌ڕه‌ک که تۆزێک مه‌جالى تێدایه ئه‌ویش زۆر که‌مه رێژه‌که‌ى دوو رۆژ جارێکه، به‌ڵام ماوه‌ى ئه‌وان کاتژمێرێک بۆ کاتژمێرو چاره‌کێک ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى رۆژ ناڕۆژێکه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى سێ رۆژ جارێکه دوو کاتژمێر بۆ سێ کاتژمێر ئاو ده‌ده‌ین به‌خه‌ڵک. کێشه‌مان نیه ئێمه هه‌روه‌ک یه‌ک و بەیەکسانی ئاو دابه‌شده‌که‌ین، ئێمه شتێک نیه بڵێین گه‌ڕه‌کێک له‌گه‌ڵ گه‌ڕه‌کێکی دیکه، ماڵێک، که‌سێک یان مه‌سئولێک، ئه‌و شتانه هیچ ده‌ور نابینێت. هاوڵاتى: تاچه‌ند لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ده‌م داواکانتانه‌وه دێن که داواى چاکسازیى ده‌که‌ن؟ سه‌ربه‌ست عوسمان: ئێمه ده‌زانین حکومه‌ت به بارێکى ئابوورى قورس‌دا ده‌ڕوات به‌هۆى کۆرۆناو په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌وانه کۆمڵێک فاکته‌رن حکومه‌تیش تاحه‌دێک حه‌قى خۆیه‌تى به‌ڕاستی، له‌ولاشه‌وه هاووڵاتى هاوکار نیه له‌پێدانى ئه‌و بڕه پاره‌یەى که له‌سه‌ریه‌تى له‌برى ئه‌و ئاوه‌ى که وه‌ریده‌گرێت، ئه‌مانه کۆمه‌ڵێ ئاسته‌نگن که ئێمه به‌ڕاستى ده‌سمان به‌ستراوه بۆ کۆمه‌ڵێک چاکسازی. بۆ نموونه ئێستا له 20%ی شارى سلێمانى که تۆڕى نیه، ده‌بێت تۆڕى بۆ دابنێین، وێستگه‌کانى دوکان یه‌ک و دوو پێویستى به‌چاکسازییه‌کى بنه‌ڕه‌تى هه‌یه، ئه‌مانه‌ش به‌ڕاستى پێویستى به‌پاره‌یه‌کى زۆر هه‌یه، ده‌بێت باسى حدودى (30) ملیۆن دۆلار بکه‌ین بۆ هێنانه‌وه سه‌ر ئاستى خۆى که‌دیزاینى بۆ کراوه، وێستگه‌کان چه‌ند ساڵه به‌پێى پێویست سیانه‌ى بۆ نه‌کراوه، وه‌ک لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان بۆ نموونه له‌م ماوه‌یەى پێشوو حکومه‌تى هه‌رێم چوار ملیاریان پێداین بۆ دوکانی یه‌ک، ئه‌مه چاره‌سه‌رى هه‌موو ئاوى سلێمانى ناکات، به‌ڵام چاره‌سه‌رى به‌شێکى ده‌کات، له‌به‌رئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى گشتى پاره‌ى زۆر زیاتر له‌وه‌ى ده‌وێت، بۆ نموونه پڕۆژه‌یه‌کى دیکه‌مان هه‌یه که 80%ی ته‌واو بووه، په‌ره‌پێدانى دوکانی یه‌ک بڕى چوار ملیار دینارێکى پێویستە بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌دا سه‌د پڕۆژه‌که ته‌واو بێت، که سێ هه‌زارو (200) مه‌تر سێجا له‌کاتژمێرێکدا ئاو زیادده‌کات، ئه‌مانه مشتێکن له‌خه‌روارێک. ئێمه کێشه‌ى ترمان زۆره، بۆ نموونه حه‌فاره‌و شۆفڵ و ته‌نکه‌ر زۆربه‌ى ته‌مه‌نى به‌سه‌رچووه، زۆربه‌ى مۆدێلى 2010 و 2012یه، ئه‌مانە نه‌کوژاونه‌ته‌وه‌و به‌رده‌وام ئیش ده‌که‌ن، ئێستا بڕێکى زۆر له‌ته‌نکه‌ره‌کانمان ٥٠%ـ ٦٠% که‌حدودى (70) ته‌نکه‌رمان هه‌یه که‌وتوون، ئه‌مه‌ش وایکردووه ئه‌و شوێنانه‌ى تۆڕێکیان نییه به‌ڕاستى ناتوانین ئاویان بۆ دابین بکه‌ین. هاوڵاتى: شارى سلێمانى به‌پێى رووبه‌ر بێت یا دانیشتوان بڕى چه‌ند ئاوى پێویسته؟ سه‌ربه‌ست عوسمان: سلێمانى رۆژانه پێویستى به (٤٥٠) هه‌زار بۆ (٥٠٠) هه‌زار مه‌تر موکه‌عه‌ب ئاو هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو رۆژێک ئاو بده‌ین به‌خه‌ڵک، به‌ڵام له‌م بڕه ئێمه له‌هاویندا به‌تایبه‌تى کێشه‌که گه‌وره‌تره که‌سه‌رچنار ئاو که‌متر ده‌دات، له‌به‌رئه‌وه‌ى داده‌به‌زێت ناو ده‌ریاچه‌که، ده‌چێته سنورى (150) هه‌زار بۆ (175) هه‌زار مه‌تر موکه‌عه‌ب، واتا یه‌ک له‌سه‌ر سێى ئه‌و بڕه ده‌توانین به‌رهه‌مبهێنین، له‌هه‌مان کاتدا له‌م بڕه به‌شێکى ده‌چێت بۆ ناوچه‌ى چه‌مچه‌ماڵ، ته‌یناڵ، پیره‌مه‌گرون، ئیتر له‌تاسڵوجه به‌دواوه تا ده‌گاته ئۆردوگاى شۆڕش، ئه‌وانیش بێگومان هه‌قى خۆیانه ئاویان هه‌بێت، ئه‌وانیش به‌شێک له‌م ئاوه ده‌به‌ن، زائیده‌ن به‌پێى ماسته‌ر پلان ئاوى سلێمانى 35%ـ ٥٠%ی به‌فیڕۆ ده‌چێت، واتا تۆ ده‌بێت حسابى ئه‌وه بکه‌یت ئه‌م (175)هه‌زاره نیوه‌ى به‌فیڕۆ ده‌چێت، به‌فیڕۆچوون چیه؟ ره‌نگه به‌ستنى نایاسایى خه‌ڵک بێت که به‌دزییه‌وه بۆرییان به‌ستووه‌و کێشه‌یان دروستکردووه بۆ تۆڕه‌که، بۆ نموونه نه‌به‌ستنى ته‌وافه‌و به‌فیڕۆدانى ئاوه‌کان، شوێنه نزمه‌کان که ئاویان بۆ دێته‌وه نایگرنه‌وه واى لێدێت هه‌تا ئاو ده‌بڕێت شوێنه به‌رزه‌کانى هه‌مان گه‌ڕه‌ک به‌شێویه‌کى زۆر که‌متر ئاویان بۆ ده‌چێت و کێشه‌ى که‌مى ئاویان هه‌یه، له‌سلێمانى ته‌بیعه‌تى تۆپۆگرافیاى به‌رزى و نزمییه‌کى زۆرى تێدایه، وه‌ک شارى که‌رکوک و هه‌ولێر نیه تاڕاده‌یه‌ک، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌مانه بووه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى که به‌رهه‌مهێنانه‌کان و دابه‌شکردنى یه‌کسان نییه به‌پێى پێویست. هاوڵاتى: ئاوی شارى سلێمانى پێویستى خه‌ڵک پڕ ناکاته‌وه، ئه‌م کێشه‌یه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێت؟ سه‌ربه‌ست عوسمان: به بووژاندنه‌وه‌و دوو وێستگه‌که‌ى دوکانى یه‌ک و دوو، ئێستا له‌سلێمانى شارى بیست بیست ده‌کرێت له‌قڕگه به‌ودیودا نزیکى عه‌ربه‌ت ده‌بێته‌وه، وه‌ک به من وتراوه ده‌ڵێن زۆر گه‌وره‌یه، شارى ناو قوله‌ڕه‌یسى، ئه‌و هه‌موو شاره نیشته‌جێیانه پڕ نه‌بوووەته‌وه، پڕ ببێته‌وه ئه‌مانه هه‌مووى به‌رده‌وام ئاوى زیاترت ده‌وێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ى بارودۆخێکى سیاسى ناهه‌موارو ئاواره روو بکاته ئه‌م شاره جارێکی دیکه ئه‌وانه هه‌مووى لۆدن. پاشان ئێمه بیرمان نه‌چێت سلێمانى شارێکى گه‌شتیارییه، هاوینان زیاتر گه‌شتیار رووى تێده‌کات، واتا پێویستى ئاو له‌وه زیاتره که من ئه‌ساسییه‌که‌ت پێ ده‌ڵێم، ئه‌ساسییه‌که (٤٥٠) بۆ (٥٠٠) هه‌زار مه‌تر موکه‌عه‌به، له‌هاویندا ئه‌گه‌ر له‌ڕۆژێکدا (١٠) هه‌زار گه‌شتیار بێت، ئه‌م (١٠) هه‌زاره‌ش ئاوى ده‌وێت زه‌ربى (٣٠٠) لیترى بکه، نزیکه‌ى سێ هه‌زار مه‌ترى دیکه ئاوى ده‌وێت، ئه‌مانه خۆى له‌خۆیدا پێویست به‌وه‌ده‌کات وێستگه‌یه‌کى تر‌ى ئاو له‌سلێمانى دروست کرێت له‌داهاتوویه‌کى نزیکدا. هاوڵاتى: وه‌رگرتنى پاره‌ى ئاو چۆنه؟ پێوه‌رى ئاوى ماڵان سه‌رکه‌وتو بووه؟ سه‌ربه‌ست عوسمان: پێشتر به‌پێى سیسته‌مى رووبه‌ر بوو، ئه‌وه نه‌ماوه‌و کارى پێناکرێت، ئێستا به‌پێوه‌ره تائاستێکى زۆر سه‌رکه‌وتوو بووه. هاوڵاتى: بۆچى به‌شێک لەپه‌رله‌مانتاران پێیان وایه ئه‌و پێوه‌ره سه‌رکه‌وتوو نییه؟ سه‌ربه‌ست عوسمان: لێکتێنه‌گه‌یشتنێک هه‌بوو له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاراندا که سووکه ته‌فاهومێک هه‌بوو له‌ماوه‌ى پێشوو، به‌ڕێوەبه‌رى گشتى پێشوو بانگکرایه په‌رله‌مان بۆیانى باسکردووه، بۆ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى سلێمانى، دهۆک و هه‌ولێر گه‌یشتوونه‌ته قه‌ناعه‌تێک که‌پێوه‌ر ئه‌وه نییه که‌زه‌ره‌ر له‌هاووڵاتیان بدات، به‌پێچه‌وانه‌وه پێوه‌ر حه‌که‌مه بۆ هاووڵاتیان. پێویسته به‌پێى پێویست ئاو سه‌رف بکه‌یت تاپاره‌ى که‌مترت بۆ بێته‌وه، جارى وا هه‌بووه خه‌ڵک وتوویه‌تى به‌مانگ ماڵم به‌جێهێشتووه تۆ هه‌ر پاره‌م لێده‌سه‌نى به‌پێى رووبه‌ر، ئێستا ئه‌وه‌ش نه‌ماوه، پێوه‌ره‌که هه‌یه کۆمه‌ڵێک خاڵى له‌کۆڵى ئێمه‌ش و هاووڵاتیانیش کردووەته‌وه، هاووڵاتیان ترساون له‌پێوه‌ر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ زیاده‌ڕۆى سه‌رف بکه‌یت بێگومان تۆش ده‌بێت پاره‌ى زیاد بده‌یت، بۆ نمونه ئێمه ده‌ڵێین ته‌وافه‌یه‌ک به‌هه‌زار دیناره تۆ داینانێیت، حکومه‌ت موچه نادات منیش ته‌وافه دانانێم به‌س دوایى زه‌ره‌ره‌که له‌سه‌ر خۆت ده‌که‌وێت. به‌لوعه‌که‌ت شکاوه ئاوى لێ ده‌ڕوات (24) کاتژمێر نایده‌ى قه‌یچێکه، سه‌یاره بێ مه‌عنا ده‌شۆریت، حه‌وشه‌و جاده ده‌شۆیت، ئه‌مانه هه‌مووى پاره‌یه تۆ ئاگات له‌خۆت نییه، له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت هاووڵاتیان وشیار بن له‌به‌کارهێنانى ئاودا، چونکه هه‌ر دڵۆپه ئاوێک دینارێکه له‌سه‌ر هاووڵاتیان. هاوڵاتى: پاره‌ى پێوه‌رى ئاو بۆ حکومه‌ته، به‌شێکى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌ڕێوەبه‌رایه‌تى ئاوى سلێمانی؟ سه‌ربه‌ست عوسمان: کۆمپانیا پێوه‌ر ده‌هێنێت به‌پێى گرێبه‌ستى ره‌سمى، ئێستا عه‌قد نه‌ماوه، هه‌ر کۆمپانییایه‌ک مەرجی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ئاو‌و ئاوه‌ڕۆ دایناوه جێبه‌جێ بکات، به‌مه‌رجێک کۆمه‌ڵێک خاڵى زۆر وردى تیایه بۆ نموونه شتێک هه‌یه به‌ناوى ستانداردى (دى ڤى جى ده‌بلیو) که‌سیستمێکى ئه‌ڵمانى ناسراوی جیهانییه، ده‌بێت شه‌هاده‌ى ئه‌و ئه‌ڵمانییه‌ى پێبێت ئه‌مه یه‌ک، دوو ده‌بێت شوێنى سیمکارتى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى له‌موسته‌قبه‌لدا ئه‌م کاتژمێرانه بوون به‌پێوه‌رى زیره‌ک یه‌ک سیمکارتى تێبکه‌ى یه‌کسه‌ر ده‌بێت به‌پێوه‌رى زیره‌ک، ئه‌وه‌و خاڵه‌کانى تریش، هه‌رکه‌سێک له‌هه‌ر شوێنێک بیهێنێت به‌و مه‌رجانه‌ى که‌دانراوه، له‌به‌رئه‌وه‌ى پاره‌که‌شى نزیکه‌ى (٤٠) هه‌زار دیناره حکومه‌ت مانگى دوو هه‌زارى ده‌گه‌ڕێنێتەوه بۆ هاووڵاتیان، واتا له‌ئه‌نجامدا هاووڵاتیان پاره‌ى پێوه‌ره‌که‌ش (٤٠) هه‌زارى له‌کۆڵ ده‌بێته‌وه. هاوڵاتى: له‌و بڕه پاره‌یه‌ى که‌حکومه‌ت له‌به‌رامبه‌ر پێدانى ئاو له‌هاووڵاتى وه‌ریده‌گرێت هیچى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌ڕێوەبه‌رایه‌تى ئاوى سلێمانی؟ سه‌ربه‌ست عوسمان: تائێستا نه‌خێر، به‌ڵام ئێستا پێمنه‌گه‌یشتووه، ئه‌م به‌یانییه له‌گه‌ڵ به‌ڕێز به‌ڕێوەبه‌رى گشتى له‌هه‌ولێر یه‌ک به‌ڕێوەبه‌رمان هه‌یه له‌هه‌رێم وه‌ک ئه‌وانى دیکه نییه له‌هه‌ولێره، به‌ڕێزیان وتیان له‌سه‌دا 17% ده‌رچووه بۆ به‌ڕێوه‌به‌راتییه‌کان بێت داهاته‌که‌ى، له‌وه‌زاره‌تی دارایى، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ئێمه تا جێبه‌جێى بکه‌ین. هاوڵاتى: به‌گشتى بۆ چاکسازى له‌ئاوى پارێزگاى سلێمانى چه‌ندتان بودجه پێویسته؟ سه‌ربه‌ست عوسمان: پێویستییه‌کان زۆرن، بۆ نموونه ئێستا به‌به‌های (٤٠) ملیار دینار ده‌رخسته‌ى تۆڕم هه‌یەو بودجە نییە، ئه‌م (٤٠) ملیاره هێشتا هه‌ندێک گه‌ڕه‌ک دروست ده‌بێت ئه‌مڕۆ تیاى نییه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م (٤٠) ملیاره هه‌موو پێویستى ئاوى سلێمانى پڕناکاته‌وه. هاوڵاتى: پێتانوایه له‌ئێستادا هاووڵاتیان تاڕاده‌یه‌کى باش وشیارن به‌رامبه‌ر به‌کارهێنانى ئاو؟ سه‌ربه‌ست عوسمان: باشتره له‌و کاته‌وه‌ى پێوه‌ر هه‌یه، به‌ڵام له‌ئاستى تموحى ئێمه‌دا نییه‌و وه‌ک پێویست نییه، وشیارى له‌سه‌رفکردنى ئاودا گرنگه، کۆرۆنا له‌ئارادایه، داوام ئه‌وه‌یه ئینشائه‌ڵا هاووڵاتیان خۆیان بپارێزن، ده‌ستشتنه‌که‌ش بۆ ئه‌وه نه‌بێت بۆ به‌فیڕۆدانى ئاو بێت، بیست سانییه‌ى که‌دانراوه به‌ڵام بگیرێته‌وه، له‌کاتى ددان شتن و ریش تاشین و له‌کاتى خۆشتندا. پێویسته خه‌ڵک به‌شێوه‌یه‌کى نیشتیمانپه‌روه‌رانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئاودا بکات، ده‌ست پێوه‌گرتنى زۆر گرنگه، ئێستا خه‌ڵک که رووده‌کاته بیرهه‌ڵکه‌ندن، بیر له‌مندااڵ و نه‌وه‌ى داهاتووى ناکاته‌وه، که ئێمه غه‌درێک له‌وان ده‌که‌ین، بۆچى ئاوى ژێرزه‌وییه‌که به‌جێنه‌هێڵین بۆ داهاتوو، له‌م کاته‌دا ئێمه ده‌بێت ده‌ستبگرینه‌وه به‌ئاو، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئاو قابیلى نه‌مانه، ئاوى ژێرزه‌وى سامانێکى نه‌ته‌وه‌ییه، پێویسته له‌هه‌موو شتێک زیاتر خه‌مى بخۆین و زیاد لەپێویست به‌کارى نه‌هێنین.
ئارا ئیبراهیم په‌رله‌مانتارێکى کورد له به‌غدا ئاماژه به‌وه ده‌دات ئه‌وه‌ى له یاساى قه‌رزدا هاتووه شتێکى غه‌ریب نییه‌و هه‌مان شته که له‌یاساى بودجه‌ى 2019 داهاتووه که ته‌سلیم کردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و نیوه‌ى داهاتى گومرگه‌کانه. بڕیاره سبه‌ینێ 15ى تشرینى دووه‌مى 2020، کۆبونه‌وه‌ى هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ى هه‌رێم ئه‌ندام بدرێت بۆ گفتوگۆکردن له‌سه‌ر تێپه‌راندنى یاساى قه‌رز له‌په‌رله‌مانى عێراق که داواى ته‌سلیم کردنى نه‌وت و نیوه‌ى داهاته فیدڕاڵییه‌کان له‌هه‌رێم ده‌کات ئه‌وکات بودجه ره‌وانه‌ى هه‌ولێر ده‌کرێت. به‌شێکى زۆر له ئه‌ندامانى کورد له‌به‌غدا سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى که داوه‌تى فه‌رمى کراون بۆ کۆبونه‌وه‌که، به‌ڵام رایانگه‌یاندووه که به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که ناکه‌ن و داوا ده‌که‌ن حکومه‌تى هه‌رێم راسته‌وخۆ بچێته به‌غداو کێشه‌کانى له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ى مسته‌فا کازمى چاره‌سه‌ر بکات. رێبوار که‌ریم مه‌حمود، ئه‌ندامى سه‌ربه‌خۆ له په‌رله‌مانى عێراق له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ده‌ڵێت:" هه‌ندێ هه‌واڵ بڵاوبووه‌ته‌وه که ئێمه وتومانه به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که ناکه‌ین گوایه ده‌عوه‌ت نه‌کرابین، ئه‌وه ئه‌سڵى نییه، به‌شێکمان دوو بۆ سێ‌جار داوایان لێکراوه که به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که بکه‌ن و ئێمه ره‌تمانکردووه‌ته‌وه". ناوبراو وتیشى:"بۆیه وتومانه به‌شدارى کۆبونه‌وه‌که‌ى سبه‌ینێ ناکه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ى نمایشکارانه‌یه‌و سبه‌ى فۆتۆى کۆبونه‌وه‌که ده‌به‌ن بۆ وه‌فدى به‌غداد و ده‌ڵێن ئه‌وه هه‌موو کورد یه‌کهه‌ڵوێسته که نه‌وت ته‌سلیم نه‌کرێت". رێبوار که‌ریم مه‌حمود ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که ئه‌وان وه‌ک گروپى 15 که پێکهاتووه له پێنج په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى گۆڕان و دوانى کۆمه‌ڵ و دوانى یه‌کگرتوو و سه‌ربه‌خۆکان و نه‌وه‌ى نوێ به‌شدارى کۆبونه‌وه‌ى سێ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ى هه‌رێم ناکه‌ن، وتیشى:" بیستومه که فراکسیۆنى یه‌کێتیش به‌شدارى ناکات که 34 په‌رله‌مانتارى کورد ده‌کات، که‌واته زۆرینه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم بچێت له به‌غدا له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق گفتوگۆ بکات و رێککبکه‌وێت". حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌گه‌ر 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌و نیوه‌ى داهاتى خاڵه گومرگییه فه‌رمییه‌کان ته‌سلیمى عێراق بکات مانگانه 750 ملیار دینارى بۆ ره‌وانه ده‌کرێت ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مانى عێراق وتیشى:" ئه‌وه‌ى له یاساى قه‌رزدا هاتووه شتێکى غه‌ریب و عه‌جیب نییه، هه‌مان داواکارییه که له بودجه‌ى 2019 دا هاتووه که هه‌رێم 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ته‌سلیم بکات له‌گه‌ڵ دیوه‌ى داهاتى خاڵه گومرگییه فیدڕاڵى و فه‌رمییه‌کان". رێبوار که‌ریم مه‌حمود پێشیوابوو حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌گه‌ر 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌و نیوه‌ى داهاتى خاڵه گومرگییه فه‌رمییه‌کان ته‌سلیمى عێراق بکات مانگانه 750 ملیار دینارى بۆ ره‌وانه ده‌کرێت و ئه‌وه‌ش به‌شى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌کات، وتیشى:" حکومه‌تى هه‌رێم هێشتا لانى که‌م 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ى دیکه‌ى بۆ ده‌مێنێته‌وه زائیده‌ن داهاته‌کانى ناوخۆ و نیوه‌ى داهاتى خاڵه گومرگییه‌کان". ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که له‌سه‌ر داواکارى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق جارێک له‌گه‌ڵ وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم دانیشتوون و گفتوگۆیان کردووه، وتیشى:" به‌ڵام ئه‌و به‌ڵێن و وه‌عدانه‌ى که دایان دیسان راستیان نه‌کرد له‌گه‌ڵماندا".
سازدانى: ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له په‌رله‌مانى عێراق له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ده‌ڵێت:" به‌و پێیه‌ى یاساى قه‌رز به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان تێپه‌رێندراوه، زه‌حمه‌ت و قورسه سه‌رۆک کۆمار بتوانێت ڤیتۆى بکات یا واژۆى له‌سه‌ر نه‌کات". به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 12ى تشرینى 2020 کاتژمێر پێنجى به‌یانى له به‌غدا یاساى قه‌رزى ده‌ره‌کى و ناوخۆى له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه په‌سه‌ند کراو سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌کانى کورد بایکۆتى دانیشتنه‌که‌یان کرد، چونکه به‌پێى یاساکه حکومه‌تى عێراق ئیلتزام کراوه به‌وه‌ى ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم نه‌وت راده‌ست نه‌کات هیچ بڕه پاره‌یه‌کى بۆ ره‌وانه ناکرێت. هاوڵاتى: به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق ده‌توانێت ڤیتۆ یا واژۆ له‌سه‌ر یاساى قه‌رز نه‌کان که ئه‌مڕۆ په‌سه‌ند کرا؟ نه‌ریمان نادر: سه‌رۆک کۆمار زه‌حمه‌ته‌و ناتوانێت ڤیتۆى یاساکه بکات یا واژۆى نه‌کات، چونکه په‌سه‌ندکردنى یاساکه پێچه‌وانه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى عێراق نییه، ته‌نها ئه‌وه‌یه که به‌بێ کورد تێپه‌ڕێندراوه، به‌ڵام سه‌رۆک کۆمار ده‌توانێت له‌رێگه‌ى که‌ناڵه دبلۆماسیی و سیاسییه‌کانه‌وه به گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق لێکتێگه‌یشتن دروست بکات، به‌ڵام دواجار ئه‌رکى حکومه‌تى هه‌رێمه داواکارییه‌کانى حکومه‌تى عێراق جێبه‌جێ بکات به‌پێى ئه‌و ئیلتزامه‌ى ده‌که‌وێته ئه‌ستۆى. هاوڵاتى: به‌پێى یاساکه له‌بڕگه‌یه‌کیدا هاتووه که هه‌رکاتێک حکومه‌تى هه‌رێم نه‌وتى راده‌ستى کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى کرد له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه پاره بۆ حکومه‌تى هه‌رێم بنێردرێت؟ ئه‌مه چۆن ده‌کرێت؟ نه‌ریمان نادر: ئه‌و بڕگه‌یه په‌یوه‌ندى به حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه هه‌یه، کۆمپانیاى سۆمۆى عێراقى ده‌زانێت حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رۆژانه چه‌ند هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌نێردرێته ده‌ره‌وه، حکومه‌تى عێراق هه‌موو نه‌وتى هه‌رێمى ناوێت به‌ڵکو بڕێک دیارى بکرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه حکومه‌تى عێراق بودجه‌یه‌ک بۆ هه‌رێم بنێرێت. له‌و بڕگه‌یه‌دا حسابى شایسته داراییه‌کانى کۆمپانیاکانى نه‌وت و خه‌رجییه‌کانى نه‌کراوه، بۆیه به‌شێک له‌و نه‌وته‌ى هه‌رێم ده‌هێڵدرێته‌وه بۆ دابین کردنى خه‌رجییه‌کانى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان و هه‌نارده‌کردنى. به‌پێى یاساکه ئه‌گه‌ر وه‌زیرى دارایى عێراق یان سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق له یاساى قه‌رز لابده‌ن، به‌رپرسیارێتى یاساییان ده‌که‌وێته سه‌ر، چونکه به‌پێى یاساکه پاره بۆ هه‌رێم ره‌وانه ناکرێت تا هه‌رێم نه‌وت و داهاتى نانه‌وتى راده‌ستى به‌غدا نه‌کات. هاوڵاتى: له‌سه‌ر بنه‌ماى بودجه‌ى 2019 یاساى قه‌رز ده‌رکراوه، ساڵى رابردوو نه‌وت به 56 دۆلار دانراوه، به‌ڵام ئه‌مساڵ به 40 دۆلار‌و 41 سه‌نت، ئایا ئه‌گه‌ر 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌لایه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه راده‌ست بکرێت له‌سه‌دا 12.67ى بودجه بۆ هه‌رێم ره‌وان ده‌کرێت؟ نه‌ریمان نادر: نرخى نه‌وت له 2019 دا به 56 دۆلار دانراوه و ئه‌مجاره له حدودى 40 دۆلاردایه بۆ هه‌ربه‌رمیلێک، تا ئێستا و له‌مساڵدا حکومه‌تى عێراق به‌به‌هاى 30 ملیار دۆلار نه‌وتى فرۆشتووه، واتا ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ست بکات، له‌سه‌دا 12.67ى نه‌فه‌قاتى بۆ ده‌نێردرێت پاش ده‌رکردنى خه‌رجییه‌کانى سیادى و حاکیمه. پێشتر 320 ملیار دینارى مانگانه هاتووه به حکومه‌تى هه‌رێم نازانین دواى ده‌رکردنى ئه‌م یاسایه بۆ یه‌ک جارى دیکه به‌غدا 320 ملیار دینارى دیکه ده‌نێرێت یان نا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم بڕیاربدات و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه راده‌ست بکات له‌گه‌ڵ داهاته نانه‌وتییه فیدڕاڵییه‌کان که حکومه‌تى عێراق داواى ده‌کات و په‌رله‌مانى عێراق کردوویه‌تى به‌مه‌رج بۆ ناردنى پشکى هه‌رێم، ئه‌وکات به‌غدا ئه‌و بڕى 320 ملیار دیناره‌ى که ده‌ینارد زیاترى ده‌کات، چونکه له‌سه‌ر بنه‌ماى بودجه‌ى 2019 ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم رۆژانه 250 هه‌زار به‌رمیله‌که‌ى بناردایه مانگانه 830 ملیار دینارى بۆ حکومه‌تى هه‌رێم ده‌نارد که ئه‌وکات یه‌ک به‌رمیل نه‌وت به 56 دۆلار بوو، به‌ڵام ئێستا به‌رمیلێک نه‌وت به 40 دۆلارێکه، ئه‌و بڕه که‌متر ده‌بێت به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌تێکدا له 320 ملیار دینارکه زیاتر ده‌بێت. هاوڵاتى: پێویسته له‌ئێستادا حکومه‌تى هه‌رێم چ رێگه‌یه‌ک بگرێته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌م کێشه‌یه؟ نه‌ریمان نادر: پێویسته حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌رێگه‌ى که‌ناڵه سیاسییه‌کانه‌وه گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق ده‌ستپێبکاته‌وه به مه‌به‌ستى چاره‌سه‌رکردنى دۆسیه‌ى نه‌وت و بودجه له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراقدا تا چاره‌سه‌رى پرسى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بکرێت.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم وه‌زیرى کاروکاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى ئاماژه به جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازى و ئه‌و کارانه ده‌کات که له‌وه‌زاره‌ته‌که‌یاندا ئه‌نجامیانداوه به‌تایبه‌ت له زیادکردنى ده‌سته‌به‌رى کار بۆ کرێکاران له‌که‌رتى تایبه‌تدا. کوێستان محه‌مه‌د، وه‌زیرى کاروکاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى وتى:» له‌لیستى موچه‌ى فه‌رمانبه‌راندا نادادپه‌روه‌رى و کاره‌سات هه‌یه، ده‌رماڵه‌ى ناشایسته به‌ستراوه که شایانى نین و ده‌بێت هه‌موو ئه‌وانه رێکبخرێته‌وه«. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:» تا سه‌رجه‌م داهاتى نه‌وت نه‌درێته‌وه به وه‌زاره‌تى دارایى ناتوانرێت موچه به‌ته‌واوه‌تى دابه‌ش بکرێت». هاوڵاتى: له پلانى چوار ساڵى وه‌زاره‌ته‌که‌تاندا چ خاڵێکى جه‌وهه‌رى هه‌یه جێبه‌جێتان کردبێت؟ کوێستان محه‌مه‌د: وه‌زاره‌ته‌که‌ى ئێمه دووبه‌شه به‌شى کار‌و ده‌سته‌به‌رى کۆمه‌ڵایه‌تى، ئه‌وه به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌کى گشتیه ئه‌مه په‌یوه‌ندى به‌کرێکارو بێ کاره‌وه هه‌یه و په‌یوه‌ندى به‌خاوه‌نکارو کۆمپانیاکانه‌وه‌یه بۆ ئه‌مه ده‌ستمان به‌کارى باشکردووه له‌مه‌سه‌له‌ى ده‌سته‌به‌رى کارى کۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌و کارانه‌ى کردومانه له‌ماوه‌ى ئه‌م ساڵه‌دا توانیومانه رێژه‌ى ئه‌و کرێکارانه‌ى ده‌سته‌به‌رکراون به‌رزتر بکه‌ینه‌وه، ئه‌و پاره‌یه‌ى که مانگانه کۆمانکردوه‌ته‌وه بۆ سندوقى خانه‌نشینى له حه‌وت ملیاره‌وه گه‌یاندومانه‌ته نۆ ملیار ئه‌مه‌ش ده‌ستکه‌وته. کۆمه‌ڵێک هه‌نگاومان ناوه له‌م بواره‌داو لیژنه‌کانمان چالاککردوه‌و ده‌بێ سه‌ردانى هه‌موو مۆڵ و سۆپه‌رمارکێت و هۆتیله‌کان و ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شى له‌ناو گه‌ڕه‌ک و کۆڵانه‌کانداندایه بکرێت بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو کرێکارێک ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین. ئه‌نجومه‌نى کارگێرى وه‌زاره‌تمان به‌نوسراو پێشنیارمانکردوه‌و داوامان له به‌رێز سه‌رۆکى حکومه‌ت کردووه که پاره کرێى کرێکارى ئاسایی زیادبکه‌ین، چونکه ده‌بێ به واژۆى ئه‌و بێت. له‌مه‌سه‌له‌ى کاریشدا هۆبه‌یه‌کمان هه‌یه ته‌ندروستى سه‌لامه‌تى پیشه‌ى لیژنه‌کانى ئه‌م به‌شه‌شمان زیادکردوه‌و کارامانکردون، بۆ ئه‌وه‌ى به‌دواداچوون بکه‌ن له‌هه‌ر کوێیه‌ک کرێکارێک نادادپه‌روه‌رى له‌گه‌ڵ ده‌کرێ یان ده‌چه‌وسه‌ندرێته‌وه یا کارى زۆرى پێده‌کرێت و کرێى که‌مده‌درێتێ، له‌سه‌ر ئه‌مانه چه‌ندین کۆمپانیامان سزاداوه. خه‌ڵک په‌یوه‌ندى به‌منه‌وه ده‌که‌ن لیژنه‌مان ناردوه‌ته رانیه‌و سه‌نگه‌سه‌ر لیژنه‌م ناردوه‌ته گه‌رمیان بۆ سلێمانى و هه‌ولێرو دهۆکیش به‌هه‌مانشێوه زانیومانه کرێکاره‌کان ده‌چه‌وسه‌ندرێنه‌وه‌و کارى زیاده‌یان پێده‌کرێ سه‌ره‌تا ئاگادارمان کردونه‌ته دواتر داومانن به‌دادگاو هه‌موو ئه‌و که‌یسانه‌ش وه‌ک وه‌زاره‌ت سکاڵامان هه‌بوه له‌سه‌ر کۆمپانیاکان بردومانه‌ته‌وه. کێشه‌یه‌کمان هه‌بووه به‌شێکى زۆرى کرێکاران و کۆمپانیاکان نازانن شتێک هه‌یه ناوى ده‌ستبه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تی که بچێت خۆى زه‌مان بکات، چونکه دواجار خۆى خانه‌نشین ده‌بێت له‌مه‌سه‌له‌ى ته‌ندروستى و سه‌لامه‌تیدا هۆشیارى ته‌واویان نییه، له‌م بوارده‌دا به‌چڕى کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ین. هاوڵاتى: بۆ نمونه ئه‌گه‌ر کارمه‌ندێکى که‌رتى تایبه‌ت بۆ ماوه‌ى پێنج ساڵ کارى کردبێ له‌گه‌ڵ کۆمپانیایه‌ک ئه‌و ده‌ستبه‌ریه‌ى نه‌دابێت، ده‌بێت ئه‌و پێنج ساڵه‌ى پێشوش بدات ئه‌و کاته حساب ده‌کرێ بۆ خانه‌نشینیه‌که‌ى؟ کوێستان محه‌مه‌د: له‌و رۆژه‌وه پابه‌نده که‌ده‌سته‌به‌رى کردوون، چونکه له‌و رۆژه‌وه پاره‌یداوه، به‌ڵام بڕیارێکى ئه‌نجومه‌نى کارگێرى هه‌یه هه‌ر که‌سێک یان کۆمپانیایه‌ک پێشتر نه‌هاتبێ بۆ نمونه پێنج ساڵ سزاى پاره دواکه‌تنه‌که‌ى هه‌بوو، به‌ڵام ئێمه بڕیارمانداوه هه‌ر کاتێک بێ مامه‌ڵه‌ى بۆ بکه‌ین و ده‌سته‌به‌رى بۆ بکه‌ین، چونکه ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندى کرێکاره‌که‌یه، به‌ڵام گرنگى ئه‌مه له‌چیدایه بۆ نمونه ئێمه ده‌ڵێن کرێکار له‌که‌رتى تایبه‌ت له دکتۆرێکى زانکۆوه تا پاکه‌وانێک هه‌مووى لاى ئێمه پێناسه‌که‌ى کرێکاره، که‌سێک پێنج ساڵه له‌که‌رتى تایبه‌ت ئیش ده‌کات و ده‌سته‌به‌رى بۆ کراوه، کاتێک له‌که‌رتى گشتى داده‌مه‌زرێت هه‌موو ئه‌و خزمه‌ته‌ى بۆ حسابه، جگه له‌مه ئه‌گه‌ر بچێته کۆمپانیایه‌کى که ئه‌و خزمه‌ته‌ى بۆ حسابه کرێکاران ئه‌مه نازانن و پێویسته ئه‌مانه روون بکرێنه‌وه. هاوڵاتى: بۆ کاروبارى که‌مئه‌ندامان چیتان کردووه؟ کوێستان محه‌مه‌د: ئێمه کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تیمان هه‌یه خانه‌کانه شێڵته‌ره که‌مئه‌ندامان و چاودێرى خێزان په‌یمانگاکانه، ئه‌وه‌ى ده‌ستمانپێکردوه، 13 هه‌زار که‌مئه‌ندام به ناره‌وا موچه‌کانیان بڕابوو بۆمان گه‌راندنه‌وه‌و ئێستا ژماره‌یه‌کى زۆر که‌مئه‌نداممان هه‌یه که له‌ساڵى 2013وه تۆمار نه‌کراون، داوامان له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانکردوه که تۆمارى تازه ده‌ستپێبکاته‌وه 30 هه‌زار که‌سى نوێ داواى کردوه وه‌ک که‌مئه‌ندام ده‌ستنیشان بکرێ ناو و فایلى هه‌یه، به‌ڵام مه‌رج نیه هه‌موویان که‌مئه‌ندامبن ئه‌وه‌ى سه‌رو ته‌مه‌نى 55 ساڵه نایگرێته‌وه ئه‌وه‌ى من وردبینیم تیاکردوه نزیکه‌ى 15 هه‌زاریان سه‌رو 55 ساڵن، 15 هه‌زاره‌که‌ى تر ژماره‌یه‌کیان له‌لیژنه‌ى پزیشکیدا وه‌ک که‌مئه‌ندام ده‌رناچن و رێژه‌ى ته‌واو به‌ده‌ستناهێنێت. داوامان له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کرد لیژنه‌یه‌کى باڵا پێکهێنرا له‌وه‌زیرى دارایی و ته‌ندروستى و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى و سه‌رۆکى فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگى و به‌دواداچوون چه‌ند لیژنه‌یه‌کى لاوه‌کیمان دروستکرد کۆنوس و راپۆتمان نوسى داواده‌که‌ین و پێویسته تۆمارى تازه ده‌ستپێبکه‌ین، به‌ڵام ئه‌مه سه‌ره‌تاى مانگى سێ و 10 رۆژ پێش که‌ره‌نتیه‌نه داومانه به ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئێمه زۆر جه‌ختمان نه‌کردوه‌ته‌وه که بخرێته به‌رنامه‌ى کاره‌وه، چونکه ده‌زانین پاره‌که زۆره‌و ره‌نگه بڕیاره‌که‌ى ئه‌نجومه‌ن نه‌رێنى بێ بۆیه ده‌مانه‌وێ له‌فرسه‌تێکدا بارودۆخى ئابورى باش ببێ ئه‌وکات ره‌زامه‌ندى وه‌ربگیرێت، ئێستا له وه‌زاره‌تى ئێمه زیاتر له 88 هه‌زار که‌مئه‌ندام موچه وه‌رده‌گرن، 12هه‌زارو 500 که‌سى فه‌رمانبه‌رو موچه‌یه‌کى دیکه‌شیان هه‌یه‌و ئه‌مانه سه‌د هه‌زاریان پێ ده‌درێت. چه‌ند هه‌نگاوێکى دیکه‌مان ناوه بۆ که‌مئه‌ندامان، بۆ نمونه له‌زانکۆ حکومیه‌کان وه‌ربگیرێن، خۆشبه‌ختانه وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا هاوکارمانه‌و پاره‌ى پاراێل وه‌رناگیرێت لێیان، زانکۆ ئه‌هلیه‌کانیش رێژه‌یه‌کیان بۆ که‌مده‌که‌نه‌وه، له‌وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیش هه‌مان هه‌ماهه‌نگیمان هه‌یه له‌گه‌ڵیان و هه‌ر که‌مئه‌ندامێک پێویستى به نه‌شته‌رگه‌رى و چاره‌سه‌ر بێ له نه‌خۆشخانه حکومیه‌کان به‌بێ به‌رانبه‌ر بۆى ده‌کرێت له‌وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ش به‌هه‌مانشێوه‌یه. هاوڵاتى: حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ستى کردووه به جێبه‌جێکردنى یاساى چاکسازى، ئێوه له‌وه‌زاره‌ته‌که‌ى خۆتانه‌وه چ هه‌نگاوێکتان ناوه؟ کوێستان محه‌مه‌د: ئێمه ئێستا خه‌ریکى میلاکاتین فایلى هه‌موو فه‌رمانبه‌رێک وردبینى تێداده‌کرێت بۆ ئه‌وه‌ى بزانرێت کێ به‌ناشایسته موچه‌ى زیادى بۆ به‌ستراوه، پێموایه له‌سه‌دا په‌نجاى وردبینیه‌که‌یان ته‌واوبووه. دروستکردنى سه‌نته‌رى ده‌ستنیشانکردنى په‌ککه‌وته‌یی ره‌زامه‌ندى بۆ وه‌رگیراوه‌و خه‌ریکى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى بینایه‌کین ئه‌م سه‌نته‌ره زۆر گرنگه، چونکه هه‌ر که‌مئه‌ندامێک گومانى له‌سه‌ر بێ له‌و سه‌نته‌ره پشکنینى بۆ ده‌کرێته‌وه‌و دووباره رێژه‌که‌ى دیارى ده‌کرێت. له‌هه‌موو به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌کانمان به‌دواداچوون بۆ فایلى که‌مئه‌ندامان ده‌که‌ن، چونکه به‌بڕواى ئێمه ئه‌و ژماره‌یه ئه‌گه‌ر وربینى ته‌واوى بۆ بکرێت ره‌نگه 20 هه‌زارى شایسته‌ى ئه‌وه نه‌بێت موچه‌ى که‌مئه‌ندامى بۆ بکرێت، به‌ڵام ئێمه نامانه‌وێت جارێکى تر هه‌موو که‌مئه‌ندامان بده‌ینه‌وه به‌لیژنه‌ى پزیشکى، له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه یه‌که‌م/ که‌مئه‌ندام ماندووبوه هه‌موو کابینه‌یه‌ک وه‌زیر که‌دێت ده‌یانداته‌وه به لیژنه، دووه‌م/ به‌داخه‌وه لیژنه پزیشکیه‌کان ده‌که‌ونه ژێر کاریگه‌رى سۆز‌و به‌زه‌ییه‌وه یان کۆمه‌ڵایه‌تى یان ته‌داخولى هه‌ندێک حزب و که‌سایه‌تى، وه‌ک پێویست وردبینیان نه‌کردوه، ئێمه هیچ بن دیوارێکمان نییه، به‌ڵام ره‌نگه له‌فایله‌کاندا خه‌ڵکێک هه‌بێ به‌ناشایسته موچه‌که‌ى به‌رزکرابێته‌وه، یان ده‌رماڵه‌یه‌کى بۆ به‌سترابێ شایسته‌ى نه‌بێت. مه‌سه‌له‌یه‌کى دیکه‌ى گرنگ که له‌یاساى چاکسازى هه‌یه‌و په‌یوه‌ندى به‌ئێمه‌وه هه‌یه، تۆڕى چاودێرى خێزانه پێشتر له‌هه‌رێمى کوردستان 88 هه‌زار خێزان مانگانه 150 هه‌زار دیناریان وه‌رگرتووه، حه‌وت به‌ش بوون ئه‌وانه‌ى مێردیان له‌ده‌ستداوه، ئه‌و پیاوانه‌ى ره‌به‌نن ئه‌وانه‌ى له‌چاکسازیه‌کانن ئه‌و خوێندکارانه‌ى هاوسه‌رگیریانکردوه‌و هیچ سه‌رچاوه‌یه‌کى بژێویان نیه، له ساڵى 2015وه به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه ئه‌مه بڕدراوه، به‌پێى یاسای چاکسازى ده‌بێت ئه‌م سیستمه ده‌ست پێبکه‌ینه‌وه، به‌ڵام به‌شێوازێکى نوێ دوور له‌گه‌نده‌ڵى و ده‌ستێوه‌ردانى حزبى. وه‌ک وه‌زاره‌تى کار‌و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى، سیستمێکمان ئاماده‌کردوه به‌هاوکارى وه‌زاره‌تى پلاندانان و چه‌ند رێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌وه‌ى پرۆژه‌که‌ى نوسیوه که‌سێکى فه‌ره‌نسیه‌و پێى وتین هاوشێوه‌ى وڵاتانى خۆتان سیستمێکتان بۆ ده‌نوسم، ئێستا له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌و ده‌بێت په‌سه‌ندبکرێت، دواتر ناوى خه‌ڵک تۆمار ده‌که‌ین و وردبینى ده‌که‌ین و زانیاریه‌کان پشتراستده‌که‌ینه‌وه، ئه‌وانه‌ى پێشتر به‌پێى سیستمه کۆنه‌که موچه‌یان وه‌رگرتوه‌و ئێستا بڕاوه ئیتر بۆیان ناگه‌ڕێته‌وه ده‌بێت تۆمار بکرێنه‌وه ره‌نگه شایسته بن و ره‌نگه شایسته‌ش نه‌بن. هاوڵاتى: بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ى حومکراون و له‌چاکسازیه‌کانى وه‌زاره‌ته‌که‌ى ئێوه‌ن، داواى لێبوردنى گشتى ده‌که‌ن، تیمى گۆران هیچ هه‌وڵێکیان هه‌یه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته؟ کوێستان محه‌مه‌د: شه‌ش چاکسازى لاى ئێمه‌یه، چاکسازى گه‌ورانى هه‌ولێرو سلێمانى و دهۆک، چاکسازى ژنان و منداڵان، کارى زۆر باشمان له‌م چاکسازیانه کردوه ئێستا رێژه‌ى کێشانى مادده‌ى هۆشبه‌ر له‌سلێمانى و دهۆک نزیک بۆته‌وه له‌سفر، به‌ڵام له چاکسازى گه‌ورانى هه‌ولێر چه‌ند رێکارێکمان گرتوه‌ته به‌ر بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ک دهۆک و سلێمانى لێبکه‌ین. ئه‌وانه‌ى له‌و چاکسازیانه‌دان و داواى لێبوردنى گشتى ده‌که‌ن ئه‌وانه له‌بنه‌رتدا بۆ 900 که‌س دروستکراون له‌سلێمانى زیاتر له هه‌زارو 200 که‌سى تێدایه، له‌هه‌ولێر دوو هه‌زارو 200 که‌سى تیایه، له‌دهۆکیش له‌سه‌رو دوو هه‌زار که‌سى تیایه، زیندانى چاکسازییه‌کان له‌هه‌رێمى کوردستاندا زۆر زۆر قه‌ره‌باڵخ بووه له‌رووى مافى مرۆڤه‌وه رێگه پێنه‌دراوه، له‌کاتى که‌ره‌نتیه‌وه سه‌ردانه‌کانى گشتى و تایبه‌تمان راگرتوه، مۆڵه‌تمان نه‌هێشتوه بۆ ئه‌وه‌ى کۆرۆنا نه‌گوازرێته‌وه بۆ ناو چاکسازیه‌کان، بۆیه داوامانکردوه یان لێبوردنێکى تایبه‌ت یان لێبوردنى گشتى یان مۆڵه‌تى سێ مانگ بۆیان بکرێت، له‌سه‌ر ئه‌مانه بۆچوونى خۆمان داوه به‌سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم و به‌رێز سه‌رۆکى حکومه‌ت، به‌رێز سه‌رۆکى په‌رله‌مانیش نامه‌یه‌کى بۆ ناردبووین و داواى بۆچونى ئێمه ده‌کات و ره‌ئى خۆمان وتوه که کێ و چۆن و بۆچى لێبوردنى گشتى بیگرێته‌وه، به‌ڵام دواجار ئه‌وه له‌ده‌سه‌ڵاتى په‌رله‌مانى کوردستاندایه‌و تائێستاش هیچ پرۆژه یاسایه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته له‌ئارادانیه ئه‌وه‌نده‌ى من ئاگاداربم. هاوڵاتى: چه‌ند ساڵێکه ده‌ستى کارى بیانى له‌هه‌رێمى کوردستان رێژه‌که‌ى زیادبووه، 14 هه‌زار ده‌ستى کار چونه‌ته ده‌ره‌وه... بۆچى رێگه ده‌درێت ده‌ستى کارى بیانى به‌و رێژه زۆره بێنه هه‌رێم؟ کوێستان محه‌مه‌د: کۆمه‌ڵێک هه‌نگاومان ناوه، حه‌زده‌که‌م ئه‌وه روون بێت یه‌که‌م ئه‌و کرێکاره بیانیانه‌ى دێن له‌سه‌دا 4% یان له‌رێگه‌ى وه‌زاره‌تى ئێمه‌وه‌یه، ئه‌وانى دیکه له‌رێگه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ ڤیزایان پێیان ده‌درێت، ئه‌گینا ئه‌وان لایه‌نێک نین خۆیان خه‌ڵک بهێنن، به‌داخه‌وه مافیا ده‌یانهێنێت هه‌ندێک پارێزه‌رى ناپارێزه‌ر خه‌ڵک ده‌هێنن به‌ناوى گه‌شتوگوزاره‌وه‌و ڤیزایان بۆ وه‌رده‌گرن و کاریان پێده‌که‌ن، هه‌ندێکیان به‌قاچاخ له‌به‌غداوه ده‌یانهێنن یان له‌هه‌ندێک وڵاتانى ده‌روبه‌ره‌وه دێن ئه‌مانه په‌یوه‌ندیان به‌ئێمه‌وه نییه، ته‌نها چه‌ند کۆمپانیایه‌ک په‌یوه‌ندیان به‌ئێمه‌وه هه‌یه‌و به‌شێوه‌یه‌کى یاسایی ئه‌و کرێکارانه ده‌هێنن، به‌ڵام له‌مانگى یانزه‌ى ساڵى رابردووه‌وه هێنانى کرێکارى بیانیمان راگرت تا مانگى هه‌شتى ئه‌مساڵ کردمانه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌مه‌رج و ته‌نها ژن ده‌هێنرێت بۆ کارى ناوماڵ، به‌داخه‌وه ژنى ئێره ئه‌و ئیشه ناکات. ئێستا له‌لاى ئێمه هیچ پیاوێکى ئیشه‌که‌رو کرێکارى بیانى نایه‌ت بۆ پرۆژه‌کان، ئه‌وه‌ى دێت له‌رێگه‌ى قاچاخه‌وه‌یه، بۆ خۆم چومه‌ته لاى به‌رێز وه‌زیرى ناوخۆ‌و کۆنفرانسێکمان رێکخست بۆ ئه‌وه‌ى رێنمایه‌کانمان یه‌ک بخه‌ین و یاداشتێکى لێک تێگه‌یشتن واژۆبکه‌ین بۆ که‌مکردنه‌وه‌ى هێنانى کرێکارى بیانى مه‌گه‌ر بۆ پسپۆریه‌کى تایبه‌ت بێت، ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانیش خه‌ریکى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاسایه‌کن ئێمه داوامانکردوه له‌مه‌ودوا به‌رێژه‌ى له 75% پشت ببه‌ستن به‌کرێکارى ناوخۆ بۆ پرۆژه‌کان، جگه‌له‌وه‌ش ئه‌و کرێکارانه‌ى که دێن ئه‌و پسپۆریانه بن که له‌هه‌رێم ده‌ستاکه‌ون ئه‌م تێبینیانه‌مان پێداون. هاوڵاتى: پرسى رێککه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا گه‌یشتووه به‌چى؟ کوێستان محه‌مه‌د: چه‌ندینجار وه‌فدى دانوستانکارى ئێمه به‌سه‌رۆکایه‌تى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت چونه‌ته به‌غداو دواى هاتنه‌وه‌یان راپۆرتى خۆیان بۆ ئێمه خستوه‌ته ڕوو، ئه‌گه‌ر بیکه‌ینه دوو قۆناغ له‌سه‌رده‌مى به‌رێز عادل عه‌بدولمه‌هدى گفتوگۆکان زۆر چوبونه پێشه‌وه ته‌نها واژۆى مابوو ئه‌گه‌ر ئه‌وه بکرایه مانگانه 900 ملیار دینارمان له‌به‌غداوه بۆ ده‌هات که بڕه پاره‌یه‌کى زۆر بوو به‌شى موچه‌ى ده‌کرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه خۆپیشاندان دروستبوو ئه‌ویش ده‌ستى له‌کارکێشایه‌وه‌و رێککه‌وتنه‌که واژۆ نه‌کرا. له‌قۆناغى دووه‌م که بۆ رێککه‌وتنى نوێ چه‌ند کۆبونه‌وه‌یه‌کیش کراوه، به‌ڵام ئێستا دۆخى عێراق خۆى زۆرخراپه‌و موچه‌ى فه‌رمانبه‌ره‌کانى دواده‌که‌وێت یه‌کێک له‌وهۆکارانه‌ى که رێکه‌وتنه‌که به‌ته‌واوه‌تى جێبه‌جێ نابێت په‌یوه‌ندى به‌دۆخى عێراق و کۆرۆناوه هه‌یه، عێراق داواى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه و نیوه‌ى داهاتى خاڵه سنوریه‌کان ده‌کات و حکومه‌تى هه‌رێمیش به‌وه رازى بووه. هاوڵاتى: حکومه‌تى هه‌رێم به‌چى رازى بووه ئایا 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه ده‌داته به‌غدا یان داهاته‌که‌ى ده‌دات؟ کوێستان محه‌مه‌د: من نه‌وه‌زیرى نه‌وتم نه‌وه‌زیرى دارایی له‌و شتانه‌ش زۆر نازانم ورده‌کاریه‌کانى ئه‌وه لاى من زۆر روون نیه، ئه‌گه‌ر ئێمه رێککه‌وتنێک بکه‌ین له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستور بێت و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى هاوڵاتیانى هه‌موو عێراق بێت هه‌ردولا پابه‌ندبن به‌ته‌واى رێکه‌وتنه‌که‌وه ئه‌مه واده‌کات له‌کاتى خۆیدا موچه بدرێت ده‌توانرێت پرۆژه خزمه‌تگوزاریه‌کان جێبه‌جێ بکرێت و ئه‌مه‌ش هه‌لى کارى زۆر ده‌ره‌خسێنێت ئه‌و کارنامه‌یه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم خستوویه‌ته‌روو هه‌مووى جێبه‌جێ ده‌کرێت، دواجار هه‌ر ده‌بێت له‌گه‌ڵ عێراق رێکبکه‌وین. هاوڵاتى: تیمى گۆران له کابینه‌ى نۆیه‌م چیتان کردوه بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و گه‌نده‌ڵیه‌ى که‌باسده‌کرێت له قاچاغچێتى و گه‌راندنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م داهاتى نه‌وتى هه‌رێم بۆ وه‌زاره‌تى دارایى؟ کوێستان محه‌مه‌د: ئه‌و پرسانه زۆربه‌ى په‌یوه‌ندى به‌وه‌زاره‌تى داراییه‌وه هه‌یه، وه‌زیرى دارایی سندوقى خانه‌نشینى دروستکردوه، وه‌زیرى دارایی داهاتى ناو مه‌رزه‌کانى رێکخستوه‌ته‌وه، باسى قاچاخ ناکه‌م ئه‌وه‌ى که له‌پشتى ده‌روازه‌که‌وه به‌هێزى ئه‌منى ده‌هێنرێت، ناتوانم بڵێم ئه‌وه‌ى قاچاخچیه‌تیه کۆتایی پێهاتوه، چونکه ئه‌وه ته‌نها له‌ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى داراییدا نییه ئه‌مه په‌یوه‌ندى به‌قه‌ناعه‌تێکى سیاسیه‌وه هه‌یه که ده‌بێت ئیتر واز له‌م قاچاخ چیه‌تیه بهێنێت. بۆ مه‌سه‌له‌ى موچه‌ى پله باڵاکان ئه‌وانه‌ى به پله‌ى وه‌زیرو وه‌کیل و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى نایاسایی خانه‌نشین بوون هه‌موویانى بڕیوه‌و ئێستا داهاتێکى زۆر ده‌گه‌رێته‌وه، ئه‌وه‌ى پێى ده‌وترێت دوو مووچه‌یى له‌تازه‌ترین کاردا موچه‌ى 16 هه‌زار که‌سى بڕیوه، له‌مه‌سه‌له‌ى خه‌بیره‌کان رێکخستنه‌وه‌ى موچه‌کانیان کراوه‌و هه‌نێک موچه‌ى زۆریان هه‌بوه‌و که‌مکراوه‌ته‌وه‌و مانگانه 325 ملیۆن دینارى گه‌راندووه‌ته‌وه بۆ حکومه‌ت له‌و ماوه‌یه که‌مه‌دا به‌بێده‌نگى و به‌بێ هه‌ڵاى راگه‌یاندن کۆمه‌ڵێک هه‌نگاوى زۆر باشى ناوه، به‌راستى جێى ته‌قدیره، به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه پێکه‌وه ئه‌گه‌ر داهاتى هه‌موو خاڵه سنوریه‌کان و ئه‌وقاچاخچیه بنه‌بڕ نه‌کرێت و هه‌موو داهاتى نه‌وت نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وه‌زاره‌تى دارایی وه‌زیرى دارایی ناتوانێت وه‌ک پێویست مووچه بدات، به‌ڵام هه‌وڵه‌کانى به‌رده‌وامه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى چاکسازى کارى خۆیکردوه. هاوڵاتى: له‌چاوپێکه‌وتنێکى پێشترتان له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى هاوڵاتى، باستان له‌وه‌کرد که هێزه ئه‌منیه‌کان به‌تایبه‌ت ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و ده‌زگاى ئاسایش بایۆمه‌تریان بۆ نه‌کراوه، ئێستا بایۆمه‌تریان بۆ ده‌کرێت؟ کوێستان محه‌مه‌د: لیژنه‌ى بایۆمه‌ترى که به‌رێز جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات پێشتر ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و ده‌زگاى ئاسایش بایۆمه‌تریان بۆ نه‌کرابوو، به‌ڵام ئێستا ده‌ستیان کردوه به بایۆمه‌ترى ئه‌وانیش. هاوڵاتى: زۆر جار گۆران روبه‌روى ره‌خنه ده‌بێته‌وه، ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانه‌کانى پێشوشیه‌وه ده‌ڵێن گۆران له‌حکومه‌تدایه به‌ڵام باس له‌وه‌ده‌که‌ن ئاگادارى داهاته‌کانى حکومه‌ت نین؟ کوێستان محه‌مه‌د: ئه‌و به‌رێزانه‌ى که ئه‌و قسانه ده‌که‌ن له‌کابینه‌کانى پێشوو ئه‌وکات ئه‌وان وه‌زیریان هه‌بوو ئایا ئاگایان له‌هه‌موو داهاتێک هه‌بوو، بۆیه ئه‌و ره‌خنه‌یه پێش ئه‌وه‌ى روبه‌روى گۆران ببێته‌وه پێش ئه‌وه‌ى ئێمه له‌حکومه‌ت بین ئه‌وان له‌کابینه‌کانى پێشوتریش به‌شداربوون ئاگایان له‌داهاتى نه‌وتیش نه‌بووه‌و داهاته‌که‌شى زۆر زۆر له‌ئێستاش زیاتر بووه، ئه‌ى ئه‌وکاته بۆ ره‌خنه‌یان له وه‌زیرو گروپه‌کانى خۆیان نه‌گرتووه. هاوڵاتى: ستراتیژى بزوتنه‌وه‌ى گۆران چیه له‌حکومه‌تدا به‌نیازى چین؟ کوێستان محه‌مه‌د: چاکسازیی خزمه‌تى خه‌ڵک، خۆشگوزه‌رانى پرۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى هه‌موو ئه‌وانه که ئێمه باوه‌رمان پێیه‌تى بۆ ئه‌و بابه‌تانه چووین، به‌ڵام له‌سه‌روى هه‌مویه‌وه چاکسازیه، چونکه تا چاکسازى نه‌کرێت خه‌ڵک خۆشگوزه‌ران ناکرێت، دادپه‌روه‌رى نابێت موچه له‌کاتى خۆیدا نه‌درێت بۆیه خه‌مى سه‌ره‌کى ئێمه و کارى یه‌که‌مى ئێمه چاکسازیه. ئێمه له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش ئه‌م قسه‌یه‌مانکردوه‌و که ئه‌مه یه‌کێکه له‌هه‌نگاوه‌کانى چاکسازى و له‌به‌یاننامه‌که‌ى ئه‌نجومه‌نیش دواى په‌سه‌ندکردنى یاساى چاکسازى ئه‌وه خراوه‌ته روو که‌ئه‌مه به‌شێکه له‌چاکسازى و هه‌مووى نیه، له‌دواى یاساکه چه‌ندین یاسا‌و په‌یره‌وى تر ده‌رده‌که‌ین ئه‌مه هه‌نگاوى یه‌که‌مه ده‌بێت چاکسازى له‌داهات و خه‌رجى بکرێت چاکسازى له‌هێزه‌کانى پێشمه‌رگه بکرێت له‌ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى بکرێت. هاوڵاتى: له‌ماوه‌ى ئه‌م چوارساڵه‌دا کابینه‌ى نۆیه‌م ده‌توانێت چاکسازى داهات و به‌شه‌کانى دیکه‌دا بکات؟ کوێستان محه‌مه‌د: ده‌بێت ده‌ستپێبکات ئه‌گه‌ر ده‌ستپێنه‌کات، بارودۆخى خه‌ڵک و حکومه‌تیش به‌شێوازێک ده‌بێت که‌س به‌غیلیمان پێ نابات. هاوڵاتى: له مه‌سه‌له‌ى بڕینى ده‌رماڵه‌کان حکومه‌ت و په‌رله‌مانتاره‌کانیش قسه‌ى جیاواز ده‌که‌ن کێ ده‌گرێته‌وه‌و چۆن ده‌بێ؟ کوێستان محه‌مه‌د: لیژنه‌یه‌کى باڵا بۆ رێکخستنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌کان پێکهاتووه، من تا کاتێک لیستى موچه‌ى هه‌موو فه‌رمانبه‌ره‌کانم نه‌بینى هه‌ستم به‌و نادادپه‌ره‌وه‌ریه نه‌کرد ئه‌و کارمه‌نده‌ى که ژووره‌که‌ى من پاکده‌کاته‌وه مانگى 190 هه‌زار دینارى هه‌یه پێش من دێت و له‌گه‌ڵ من ده‌رواته‌وه کارمه‌ندمان هه‌یه له‌ناو ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ى ئێمه نزیکه‌ى دوو ملیۆن دینار وه‌رده‌گرێت یه‌ک ساڵ و چه‌ند مانگه من له‌وێم یه‌ک دێرى نه‌خستوه‌ته سه‌ر کار‌و پلانى وه‌زاره‌ته‌که‌ى ئێمه له‌دواى پاکه‌وانه‌وه دێت و له‌پێش ئه‌ویشه‌وه ده‌رواته‌وه. ئه‌مه نادپه‌روه‌ریه‌وه ده‌بێت رێکبخرێته‌وه ئه‌مه له‌هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کان وایه له‌وه‌زاره‌تى واهه‌یه شۆفێره‌که‌ى به‌قه‌ده‌ر مودیرێکى لاى من پاره وه‌رده‌گرێت له‌کاتێکدا مودیره‌که‌ى من بیست ساڵه خزمه‌ت ده‌کات. لیژنه دروستکراوه بۆ ئه‌م بابه‌ته من له‌و لیژنه‌یه‌دا نیم نازانم چ ده‌رماڵه‌یه‌ک ده‌بڕدرێ نازانم کامه نایاساییه، به‌ڵام ده‌زانم نادادپه‌روه‌ری هه‌یه به‌سه‌یرکردنى لیستى موچه‌ى وه‌زاره‌ته‌که‌م ده‌زانم چ کاره‌ساتێک له‌لیستى موچه‌ى فه‌رمانبه‌راندا هه‌یه، هه‌ر له‌دیوانى وه‌زاره‌ت سێ فه‌رمانبه‌رم موچه‌که‌ى له خوار 200 هه‌زاره‌وه‌یه له 6%ى فه‌رمانبه‌رانى وه‌زاره‌که‌ته‌ى ئێمه موچه‌ى زۆر وه‌رده‌گرن که هه‌ندێکى به‌ده‌رماڵه‌ى نایاساییه، به‌ڵام هه‌مانه له‌خانه‌ى به‌ساڵاچوان ئیش ده‌کات خانه ده‌وامى 24 کاتژمێرییه له‌کاتى که‌ره‌نتینه‌دا یه‌ک رۆژ نه‌چۆته‌وه ماڵه‌وه خه‌ڵکى پیر پاکده‌کاته‌وه‌و خواردنى ده‌داتێ موچه‌که‌ى ته‌نها 400 هه‌زار دیناره له‌مانگێکدا. هاوڵاتى: له‌رێککه‌وتنه‌که‌ى ئێوه‌و پارتى چه‌ندى ماوه جێبه‌جێ بکرێ و بۆچى نه‌کراوه؟ کوێستان محه‌مه‌د: ئێمه تیمى دانوستانکارمان هه‌یه ئه‌و پرسیاره له ئه‌وان بکه، ئێمه رێککه‌وتنه‌که‌مان ته‌نها له‌سه‌ر پۆست نییه، رێککه‌وتنه‌که له‌سه‌ر چاکسازییه له‌سه‌ر یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌یه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى خۆشگوزه‌رانیه‌و دادپه‌روه‌رییه. هاوڵاتى: به‌ڵام هێشتا ئێوه یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانتان بۆ کاروبارى چاکسازى وه‌رنه‌گرتووه ؟ کوێستان محه‌مه‌د: ئێمه خیلافێکمان هه‌بوو به‌مزوانه یاساکه ده‌رده‌کرێت، تا یاساکه ده‌رنه‌کرێت یاریده‌ده‌ره‌که ده‌ستبه‌کارنابێت، دواى ده‌رکردنى یاساکه یاریده‌ده‌ر بۆ کاروبارى چاکسازى دیارى ده‌کرێت.
شاناز حه‌سه‌ن مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى کارگێرو وته‌بێژى لقى هه‌ولێرى یه‌کێتى زانایانى ئاینی رایگەیاند 191 زانای ئاینی تووشی کۆرۆنا بوون و 22 کەسیان گیانیان لەدەست داوە، راشیگەیاند کە ئەوانەی بەناوی ئاینەوە قسەیان کرد‌و وتیان وتیان موسوڵمان کۆرۆنا ناگرێ که‌سانى نابه‌رپرس بوون. ئەوەش لەکاتێکدایە لەسەرەتای دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە هەندێک مەلا وتیان کۆرۆنا غەزەبی خوایە بۆ بێباوەڕان و موسوڵمان کۆرۆنا ناگرێت. مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى کارگێرو وته‌بێژى لقى هه‌ولێرى یه‌کێتى زانایانى کوردستان له چاوپێکه‌تنێکدا له‌گه‌ڵ ھاوڵاتی باس لەوەدەکات 191 مامۆستاى ئاینى تووشی کۆرۆنا بوون 161 کەسیان چوونەتە نەخۆشخانە بەلام 31 کەسیان لە ماڵەوە ماونەتەوەو نەیانویستوە کەس بزانێ. هەروەها 22مامۆستای ئاینی گیانیان لە دەستداوە و 105 مامۆستا چاکبوونه‌ته‌وه، له‌کاتى ئێستادا 13 مامۆستاى ئاینى له نه‌خۆشخانه‌کاندا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن. ھاوڵاتی: له‌دواى بڵاوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا، چه‌ند مامۆستاى ئاینى توشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون؟ چه‌ند که‌س گیانیان سپاردووه؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: تا ئێستا ژماره‌ى مامۆستایانى ئایینى توشبووان و مردنیان به ڤایرۆسى کۆرۆنا له هه‌رێمى کوردستان 131 مامۆستاى ئاینى توشبون و 22مامۆستا مردون و له‌و ڕێژه‌یه‌ش 105 مامۆستا چاکبوونه‌ته‌وه، له‌کاتى ئێستادا 13 مامۆستاى ئاینى له نه‌خۆشخانه‌کاندا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن. جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه« زیاتر له 60 مامۆستا ى تر که نه‌یانویستوه که‌س بزانێت یان دور له ڕاگه‌یاندنه‌کان چاره‌سه‌رى وه‌رگرتوه و له‌ماڵه‌وه ماونه‌ته‌وه له‌و کاته‌ى که توشى کۆرۆنا بون». ھاوڵاتی: له‌هه‌رێمى کوردستاندا چه‌ند مامۆستاى ئاینى هه‌یه؟ واته ئه‌وانه‌ى به ڕه‌سمى مۆڵه‌تیان هه‌یه و له‌لایه‌ن ئێوه‌وه ڕێگه‌پێدراون؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: له هه‌رێمدا 2هه‌زار و 700 مامۆستاى ئاینى هه‌ن که به فه‌رمى مۆڵه‌تیان پێدراوه و موچه‌یان هه‌یه و به‌ده‌ر له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له 800 مامۆستاى ئاینى هه‌یه که له‌مزگه‌وته‌کاندا به خۆبه‌خش کارده‌که‌ن و وتارى ئاینى پێشکه‌ش ده‌که‌ن. ھاوڵاتی: چه‌ند مزگه‌وت له سنورى هه‌رێمدا هه‌ن؟ به ژماره؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: له‌هه‌رێمى کوردستاندا 5هه‌زار و 565 مزگه‌وت هه‌یه و هه‌مو ڕۆژانى هه‌ینیه‌ک له 3هه‌زار و 174 مرگه‌وتدا وتارى ئاینى پێشکه‌ش ده‌کرێت. ھاوڵاتی: ئایا مامۆستاى ئاینى هه‌یه بێ مۆڵه‌ت، له مزگه‌وته‌کاندا وتارى ئاینى بدات؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: هیچ مه‌لایه‌ک به‌بێ ره‌زامه‌ندى ئه‌وقاف ناتوانێ وتار بدات به‌هیچ جۆرێک، چونکه وتار ان پێویستى به مۆڵه‌ت وه‌رگرتن هه‌یه و پێویسته ره‌زامه‌ندى وه‌ربگرێت له ئه‌وقاف ئه‌و کات ده‌توانێت مزگه‌وته‌که دیاریبکات و وتارى خۆى بدات. ھاوڵاتی: چ مه‌رجێک بۆ وه‌رگرتنى مه‌رجى مامۆستاى ئاینى هه‌یه؟ واته چ پێوه‌رێک هه‌یه؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: ئه‌وه‌ى به‌فه‌رمى دامه‌زرابێت لاى ئێمه، ده‌بن ده‌بێ ده‌رچوى په‌یمانگاى ئیسلامى یان کۆلێژى شه‌ریعه بێت ئه‌و کات ده‌توانێت مۆڵه‌تى مامۆستاى ئاینى وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆبه‌خش بێت، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیکانى ئه‌وقاف ڕه‌وانه‌ى لقه کانى یه‌کێتى زانایانى ده‌که‌ن له‌وێش له لایه‌ن لیژنه‌یه‌کى تایبه‌ت تاقى کردنه‌وه‌ى شه‌فه‌وى ده‌کرێت بۆزانینى ئاستى زانست وئاستى ڕ‌ۆشنبیرى وشوێنى خوێندنى دواتر پشتگیرى ده‌کرێت و ره‌وانه‌ى ئه‌وقاف ده‌کرێت و له‌لایه‌ن ئه‌وقاف ڕێ‌و شوێنى یاساى له‌گه‌ڵ ده‌کرێت به‌لێن نامه‌شى لێ وه‌رده‌گیرێ پابه‌ندبن به ڕێنمایه‌کانى یه‌کێتى زانایان. ھاوڵاتی: له‌ئێستادا کۆمه‌ڵێک مامۆستاى ئاینى هه‌ن مامۆستا بوون پێشتر له خوێندنگه‌کاندا به‌ڵام ئێستا مامۆستاى ئاینین؟ ئایا ئه‌مانه زۆر هه‌ن یان که‌من؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: هه‌ندێک مامۆستا که‌پێشتر مامۆستاى قوتابخانه‌ى ئاینى بوون یان مامۆستا ى په‌یمانگا و کۆلێژى شه‌ریعه بون. هه‌ر مه‌لان بۆیه هه‌رکات بیانه‌وێ له ڕ‌وى شه‌رعیه‌وه کێشه‌ى نیه، یاخود هه‌ر له شوێنى خۆیان کارى خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و وتار خوێنى به خۆبه‌خش ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆیه ئه‌وانه‌ش ئه‌و که‌سانه‌ن و هیچ کێشه‌یان نیه که وتار خوێن بن یان مامۆستا. ھاوڵاتی: کۆرۆنا که سه‌ره‌تا بڵاوبۆوه، هه‌ندێک مامۆستاى ئایینى وتیان کۆرۆنا غەزەبی خوایە بۆ بێباوەڕان و موسوڵمان تووشی نابێ، بەڵام دەیان مامۆستای ئاینی تووشبوون و گیانیان لە دەستداوە، ڕاى ئێوه چییه وه‌ک یه‌کێتى زانایان؟ مه‌لا ڕەعد ئۆمه‌ربلى: هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى په‌یدابوونى ڤایروسى کۆرۆنا یه‌کێتى زانایان و ئه‌نجومه‌نى باڵاى فه‌توا و ڕێکارى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنایان ڕاگه‌یاند تاگه‌یشته داخستنى مزگه‌وته‌کان بۆ پاراستنى ته‌ندروستى و گیانى موسلمان و کوردستان یه‌که‌م ولات بو له سه‌ر فه‌تواى ئه‌نجومه‌نى باڵاى فه‌توا مزگه‌وته‌کان داخران، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى وا پیشانیان دا که ئه‌م ڤایرۆسه توشى موسلمانان نابێت یان ناجێته مزگه‌وته‌کان ئه‌وانه هه‌ندێک که‌سى نابه‌رپرس بون بۆ مه‌رامى سیاسى ودژایه‌تیکردنى حکومه‌ت قسه‌کانیان کرد و به‌داخه‌وه هه‌ر خۆیان له‌م ڤایرۆسه مه‌ترسیه رزگاریان نه‌بو به‌و هۆیه‌وه‌ش جه‌ندین مامۆستا وئازیزانمان له‌ده‌ستدا.
شاناز حه‌سه‌ن د.محه‌مه‌د قادر، پزیشکى ده‌روونى له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى سه‌باره‌ت به‌دیارده‌ى جنێودان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژه به‌وه ده‌کان کە حزبه سیاسییه‌کان بوونه‌ته هۆکارى دابه‌شبوونى کۆمه‌ڵگە بۆ چه‌ند لایه‌نێکى جیا‌و ناته‌باو دروستبوونی دیاردەی جنێودان. د.محه‌مه‌د قادر، هەروەها دەڵێت په‌روه‌رده‌و ژینگه‌ى گه‌وره‌بوونى مرۆڤ، دواى هۆکارى بۆماوه‌یى گه‌وره‌ترین هۆکارن بۆ دروستکردنى که‌سایه‌تى تاک و چۆنیه‌تى هه‌ڵسوکه‌وتکردنى که‌سی جنێودەر، به‌درێژایى ژیانی. هەروەها وتى «به‌هۆى زۆربوون و ئاسان به‌ریه‌ککه‌وتنى بیره جیاوازه‌کان و له‌هه‌مان کاتدا ئاسانى ده‌ستگه‌یشتن به‌تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. ئێستا هه‌موو که‌سێک به‌شاره‌زاییه‌کى که‌م و تێچوویه‌کى زۆر که‌م ده‌توانێ له‌چه‌ندین تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌شداربێت و بیروڕاى خۆى ده‌رببڕێت». هاوڵاتى: دیارده‌ى به‌رفراوانى جنێو‌و سوکایه‌تیکردن له‌م دواییانه‌دا له‌ناو سۆشیال میدیا زۆر بووه، وه‌ک پسپۆڕێکى ده‌روونى بۆچى ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟ محه‌مه‌د قادر: به‌رفراوانبوونى ئه‌م دیارده‌یه به‌م دواییانه کۆمه‌ڵێک هۆکارى له‌پشته‌و ناتوانرێت هه‌ر هه‌مووى ته‌نها به نه‌خۆشێ یان ناڕێکى ده‌روونى لێکبدرێته‌وه. به‌ڵام هیچ گومانێک له‌وه‌دانیه که ئه‌م دیارده‌یه له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتن و چالاکبوونى تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو زیادى کرد، بێگومان ئه‌مه‌ش به‌هۆى زۆربوون و ئاسان به‌ریه‌ککه‌وتنى بیره جیاوازه‌کان و له‌هه‌مان کاتدا ئاسانى ده‌ستگه‌یشتن به تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. ئێستا هه‌موو که‌سێک به‌شاره‌زاییه‌کى که‌م و تێچوویه‌کى زۆر که‌م ده‌توانێ له‌چه‌ندین تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌شداربێت و بیروڕاى خۆى ده‌رببڕێت. هاوڵاتى: ئه‌و که‌سه‌ى جنێو ده‌دات به نه‌خۆش هه‌ژمارده‌کرێت؟ محه‌مه‌د قادر: ناتوانرێت بڵێین که‌سى جنێوده‌ر نه‌خۆشیى ده‌روونى هه‌یه، بۆ ده‌ستنیشانکردنى که‌سێک به نه‌خۆشییه‌کى ده‌روونى کۆمه‌ڵیک مه‌رج و به‌دواداچوونى ورد هه‌یه، به‌ڵام له‌ڕووى ده‌روونییه‌وه ئه‌و که‌سانه‌ى ناجێگیر بن و کێشه‌یه‌کى ده‌روونى یان نه‌خۆشییه‌کیان هه‌بێت، له‌که‌سانى دیکه زیاتر تووشى هه‌ڵجوون و په‌رچه‌کردار ده‌بن، له‌وانه‌ش جنێودان. به‌مانایه‌کى دیکه، ئه‌وه‌ى جنێو بدات مه‌رج نیه نه‌خۆشیى ده‌روونى هه‌بێت، به‌ڵام هه‌ندێک حاڵه‌ت یان نه‌خۆشیى ده‌روونى واده‌که‌ن که‌سێک هه‌ڵه‌شه بێت و که‌متر کۆنترۆڵى هه‌ڵسوکه‌وته‌کانى بکات به‌جنێودانیشه‌وه. هاوڵاتى: له‌ڕووى سایکۆلۆژییه‌وه، هۆکارى جنێودان چییه؟ واته به‌کارێکى ئاسایی داده‌نرێت یان نا؟ محه‌مه‌د قادر: مرۆڤ توندوتیژ ده‌بێت کاتێک رووداوێک هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر مانه‌وه‌ى له‌ژیان یان له‌سه‌ر پێگه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تیى ئه‌و که‌سه. بێگومان ئه‌وه‌ى یه‌که‌میان پێویستى به‌کۆمه‌ڵێک میکانیزمى فیزیکى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌که‌ى له‌سه‌ر نه‌مێنێت، که ئه‌مه بابه‌ته‌که‌ى ئێمه نیه، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر پێگه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌کاتى ئێستادا زیاتر به‌هۆى زمانه‌وه یه‌کلایى ده‌کرێته‌وه، که ئه‌مه‌ش له‌ڕێى هه‌ڕه‌شه‌و جنێودانه‌وه ده‌رده‌بڕدرێت. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه جنێو‌و نووسینه هه‌ڕه‌شه ئامێزه‌کانى ناو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، به‌شى زۆرى هێرشه بۆ سه‌ر پێگه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌و که‌سه یان ئه‌و لایه‌نه که جنێوى پێدراوه. ئه‌مه‌ش له‌پێناو که‌مکردنه‌وه‌ى پێگه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌و که‌سه به‌دانه‌پاڵى کۆمه‌ڵێک کاره‌کته‌رى ناشرین به‌و که‌سه، بەبه‌کار‌هێنانى وشه‌گه‌لێک که‌جێگه‌ى شه‌رمن له‌ناو کۆمه‌ڵگه بۆ لێدان له‌پێگه‌ى ئه‌و که‌س و لایه‌نه. ئه‌م حاڵه‌تانه له‌که‌سێک بۆ که‌سێک و له‌خێزانێک بۆ خێزانێکى تر‌و ته‌نانه‌ت له‌نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کى تریش جیاوازه، کۆمه‌ڵیک هۆکار رۆڵى خۆیان ده‌بینن سه‌باره‌ت به‌وه‌ى که چۆن و چ کاتێک ئه‌و که‌سه جنێو ده‌دات یان هه‌ڕه‌شه ده‌کات. وه‌کو ته‌مه‌ن، په‌روه‌رده‌ى خێزانی، ئاستى زیره‌کى سۆزداری، پێگه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى و بارى ده‌روونى تاک، چونکه ئه‌وه‌ش ده‌بێت بزانین که هه‌مان که‌س له‌کاتێک بۆ کاتێکى دیکه‌و له‌بابه‌تێک بۆ بابه‌تێکى دیکه جیاوازه. هاوڵاتى: له‌ڕووى سایکۆلۆژییه‌وه، چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێت؟ چاره‌سه‌رى بنه‌بڕ بۆ ئه‌م بابه‌ته ئاسان نیه، چونکه ئه‌مه دیوێکى سۆسیۆلۆژیشى هه‌یه، کۆمه‌ڵگە ناتوانرێت به‌ئاسانى به‌ئاراسته‌یه‌کى دیاریکراو گۆڕ‌انى به‌سه‌ردابێت. به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستى تاک له‌ڕێى پسپۆڕى ده‌روونى و توێژه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌کرێت تاکه‌کان به‌ره‌و ئاستێکى دیکه باشتر به‌رزبکرێنه‌وه. له‌سه‌ر ئاستى کۆمه‌ڵگە ده‌بێت که‌سانى کاریگه‌ر به‌پلانى دیراسه‌کراوو درێژخایه‌ن کارى بۆ بکه‌ن. هاوڵاتى: کاریگه‌رى ئه‌مانه له‌سه‌ر سایکۆلۆژى خه‌ڵکى تر چۆنه؟ واته که‌سی تر کاریگه‌رى له‌سه‌ریان ده‌بێت، فێرى جنێو بن؟ محه‌مه‌د قادر: بێگومان کاریگه‌رى ئه‌مانه له‌سه‌ر که‌سانى دیکه‌ش زۆره به‌شێوه‌یه‌کى نه‌رێنی، هه‌ندێکجار په‌رچه‌کردار دروستده‌کات له‌لایه‌نى به‌رامبه‌ر یان لایه‌نگرانى و ئه‌مه‌ش سه‌رده‌کێشێت بۆ جه‌مسه‌رخوازى له‌ناو کۆمه‌ڵ و ده‌رئه‌نجامى نه‌خوازراوى لێده‌که‌وێته‌وه، له‌هه‌ندێ بارى دیکه‌شدا که‌سانى دیکه هانده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌مان کار دووباره بکه‌نه‌وه‌و شه‌ڕانگێزى ده‌روونییان پراکتیز بکه‌ن. هاوڵاتى: له‌هه‌فته‌ی ڕابردوودا دوو حاڵه‌ت هه‌بوو، یه‌کێکیان گیانله‌ده‌ستدانى باباشێخ رابەرێکی رۆحی یه‌زیدى و دواى ئه‌و ژنه نووسه‌رێک مهاباد قه‌ره‌داغى بوو، کاردانه‌وه‌ى زۆرى لێکه‌وته‌وه، زۆریش له‌بۆچوونه‌کان به بیانووى پاڵنه‌رى دینی، ئه‌و قسانه ده‌که‌ن، هۆکاره‌که‌ى چییه؟ هه‌موو لایه‌ک ئه‌وه ده‌زانین که‌هیچ ئاینێک هانده‌رى ئه‌و جۆره ده‌ربڕین و گوفتارانه نییه، به‌ڵکو هه‌میشه ئایینه‌کان بانگه‌شه‌ى پێچه‌وانه‌ى ئه‌و ده‌ربڕینانه‌یان کردووه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌و هۆکارانه‌ى پێشتر باسمان کرد‌و دروستبوونى ئه‌م جه‌مسه‌رگیرییه‌ى ئێستا له‌ناو تاکه‌کان ئه‌و جۆره په‌رچه‌کردارانه چاوه‌ڕوانکراوه‌و بێگومانم له‌وه‌ى له‌زۆر کۆمه‌ڵگەى دیکه‌ش ئه‌م ئاکاره ناشرینانه هه‌یه. هاوڵاتى: زیاتر کام له‌مانه کاریگه‌ریى هه‌یه، حزبه سیاسییه‌کان و په‌روه‌رده‌ى خێزان؟ محه‌مه‌د قادر: په‌روه‌رده‌و ژینگه‌ى گه‌وره‌بوونى مرۆڤ، دواى هۆکارى بۆماوه‌یى گه‌وره‌ترین هۆکارن بۆ دروستکردنى که‌سایه‌تى تاک و چۆنیه‌تى هه‌ڵسوکه‌وتکردنى ئه‌م که‌سه به‌درێژایى ژیانی، حزبه سیاسییه‌کان به‌داخه‌وه بوونه‌ته هۆکارى دابه‌شبوونى کۆمه‌ڵگە بۆ چه‌ند لایه‌نێکى جیا‌و ناته‌با، به‌ڵام ئه‌مه بیانوو نادات به‌هیچ که‌سێک که‌جنێودان به‌ئاسایى نیشان بدات. هاوڵاتى: کاریگه‌ریى ئه‌و قسه‌و کرده‌وانه بۆ سه‌ر نه‌وه‌کانى داهاتوو چى ده‌بێت؟ محه‌مه‌د قادر: ناتوانین بڵێین کاریگه‌رییه‌کانى له‌سه‌ر نه‌وه‌ى داهاتوو چۆنه، ئه‌مه کات بڕیارى لەسەر ده‌دات، له‌ڕووى ده‌روونییه‌وه کۆمه‌ڵیک که‌سایه‌تى هه‌ن له‌ئه‌نجامى به‌رکه‌وتنى به‌رده‌وامییان بۆ توندوتیژى، له‌وانه‌یه ببنه که‌سانى زه‌ره‌رمه‌ندو که‌سایه‌تى ناڕێک و زیان به‌خشییان لێ ده‌ربجێت بۆ خۆیان و ده‌وروبه‌ریان، جنێودان و هه‌ڕه‌شه به‌ئاشکرا له‌تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى له‌وانه‌یه ببێته هۆکارى زیادبوونى ئه‌م تاکانه، هه‌رچه‌نده ئه‌م بابه‌ته قووڵتره که هه‌روا به‌ئاسانى بڕیارى له‌سه‌ر بدرێت و تووێژینه‌وه‌ى زانستیى وردى پێویسته.
سازدانى: هاوڵاتى وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سیاسیى کۆمه‌ڵى ئیسلامى ده‌ڵێت:» خواستى زۆرینه‌ى ئه‌ندامان و کادیرانى کۆمه‌ڵ ئه‌وه‌یه که به‌ڕێز مامۆستا عه‌لى باپیر به‌رده‌وامبێت وه‌ک ئه‌میر، چونکه به‌ته‌واوه‌تى ده‌ستى هه‌موو ئۆرگانه جیاوازه‌کانى کردووه‌ته‌وه«. رێبوار حه‌مه‌د، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سیاسیى کۆمه‌ڵ، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ده‌شڵێت:» حکومه‌تێک که‌ناتوانێت رۆڵى خۆى ببینێت و موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى دابینبکات و نه‌توانێ گرفته‌کانى خه‌ڵک چاره‌بکات، با ئه‌و حکومه‌ته ده‌ست له‌کاربکێشێته‌وه‌و ده‌رفه‌ت بدات هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بکرێت و ده‌نگده‌ر خۆى بڕیار له‌سه‌ر داهاتووى خۆى بدات». هه‌روه‌ها ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه« کابینه‌ى نۆیه‌م حکومه‌تێکه به‌ئاراسته‌یه‌کى خراپ هه‌نگاو ده‌نێت بۆ کپکردنى ده‌نگه ناڕازییه‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌نگه جیاوازه‌کان، ئه‌رکى سه‌ره‌کى سه‌رۆکى حکومه‌ت و کابینه‌که‌یه‌تى گفتوگۆى راشکاوانه له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان بکه‌ن و نه‌ترسن له‌ره‌خنه«. هاوکات پێشیوابوو» هێزه حومکڕانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان مافى ئه‌وه‌یان نییه شانازى به‌وه‌وه بکه‌ن ده‌نگى زۆرینه‌ى هاووڵاتیانیان هێناوه، هێزى حکومڕانى کوردستان کاتێک ده‌رده‌که‌وێت که پارتى له‌سلێمانى زۆرینه بێنێت و شوێنى قه‌ڵه‌مڕه‌وى خۆى نییه، حه‌جمى راسته‌قینه‌ى پارتى له‌پارێزگاى سلێمانیه، حه‌جمى راسته‌قینه‌ى یه‌کێتى نیشتیمانى له‌پارێزگاکانى هه‌ولێرو دهۆکه«. هاوڵاتى: هه‌رێمى کوردستان له‌قه‌یرانى داراییدایه‌و کۆرۆناش هه‌یه، کۆمه‌ڵ وه‌ک پارتێکى ئۆپۆزسیۆن له‌کۆیی ئه‌م دۆخه‌دایه؟ رێبوار حه‌مه‌د: هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌نده‌ى ره‌وشه داراییه‌که‌ى و خراپى حکومڕانى حکومه‌ت ئه‌و بارگرانیه‌ى له‌سه‌رشانى هاووڵاتیانه‌و خه‌ڵکى ماندوو کردووه‌و خه‌ڵکى بێمتمانه کردووه، ئه‌وه‌نده دۆخه جیهانییه‌که که کۆرۆنا دروستیکردووه خه‌ڵکى به‌ده‌ستیه‌وه ماندوو نیه، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته به‌نه‌خۆشى کۆرۆناوه له‌تواناو هێزى که‌سماندا نییه شتێکى جیهانییه، به‌ڵام به‌داخه‌وه حوکمڕانه‌کانى هه‌رێم به‌خراپى حکومیان و به‌و گه‌نده‌ڵییه قوڵه‌ى هه‌یه‌و بارگرانکردنى خه‌ڵک له‌ڕووى بژێوى ژیانیان و موچه‌کانیان خه‌ڵکیان ته‌واو نا‌ئومێد کردووه‌و ئه‌رکى هاووڵاتیانی قورس کردووه. ئێمه هێزێکى ئۆپۆزسیۆنین هه‌موو چاودێرێک به‌وردى ده‌توانێت رۆڵى کۆمه‌ڵ ببینێت له‌په‌رله‌مانى کوردستان، هه‌موو هه‌وڵێکمان داوه حکومه‌ت رۆڵى خۆى ببیینێت و به‌ئه‌رکى سه‌رشانى خۆى هه‌ستێت، داوامانکردووه حکومه‌تێک که‌ناتوانێت رۆڵى خۆى ببینێت و موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى دابینبکات و نه‌توانێ گرفته‌کانى خه‌ڵک چاره‌بکات، با ئه‌و حکومه‌ته ده‌ست له‌کاربکێشێته‌وه‌و ده‌رفه‌ت بدات که هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بکرێت و ده‌نگده‌ر خۆى بڕیار له‌سه‌ر داهاتووى خۆى بدات. هاوڵاتى: پێتان وایه ئه‌م حکومه‌ته‌ى ئێستا به‌فیعلى ناتوانێت موچه بدات یان به‌پێى به‌دواداچوونى په‌رله‌مانتاره‌کانى خۆتان پاره هه‌یه‌و داهات زۆره گه‌نده‌ڵى تیایه‌و به‌ئه‌نقه‌ست دواده‌خرێ؟ رێبوار حه‌مه‌د: مه‌سه‌له‌ى ئه‌و بارودۆخه چه‌نده ده‌ستکرده‌و خۆکرده له‌لایه‌ن کاربه‌ده‌سته‌کانى هه‌رێمه‌وه، ئه‌وه شتێکى حاشاهه‌ڵنه‌گره، هیچ که‌س ناتوانێت نکۆڵى له‌و گه‌نده‌ڵییه قوڵه بکات که له‌هه‌رێمى کوردستان هه‌یه، هیچ که‌س ناتوانێت له‌ناشه‌فافى سه‌رچاوه‌کانى داهات له‌کوردستان نکۆڵى بکات، له نادیارى له‌داهاتى نه‌وت و له‌و گه‌نده‌ڵییه‌ى له‌خاڵه سنورییه‌کان هه‌یه‌و دزینى سامانى گشتى نکۆڵى بکات، له‌به‌رئه‌وه له‌هه‌رێم ئاشکرایه به‌شێکى گه‌وره‌ى سه‌رچاوه‌کانى دارایی نادیارن و خۆیان ده‌زانن چۆن ده‌یبه‌ن و له‌نێوان حزبه حوکمڕانه‌کانى هه‌رێم دابه‌شى ده‌که‌ن و ئه‌وان سه‌رچاوه‌ى ئه‌و نه‌هامه‌تیه‌ن. هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر رێگرى له‌گه‌نده‌ڵى بکرێ ده‌توانرێت موچه‌ى ته‌واو دابه‌ش بکرێت؟ رێبوار حه‌مه‌د: ئه‌گه‌ر ئه‌و گه‌نده‌ڵیه قوڵه‌ى که‌هه‌یه نه‌مێنێت و چاکسازى بکرێت و داهاتى خاڵه سنورییه‌کان بگه‌ڕێته‌وه بۆ حکومه‌تى هه‌رێم و داهاتى ناوخۆ‌و نه‌وت هه‌مووى وه‌ک خۆى بچێته‌وه ده‌ستى حکومه‌ت، حزب له‌جیاتى حکومه‌ت داهات نه‌بات و سامانى گشتى به‌هه‌ده‌ر نه‌دات و له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه‌کانى خۆیان به‌کارى نه‌هێنن، کاتێک هاووڵاتى بینى ئه‌مه هه‌یه، ئه‌و کاته هاووڵاتیان متمانه ده‌که‌ن ئه‌و به‌شه‌ى که‌هه‌یه پێى ئیداره ده‌کات و گوزه‌ران ده‌ڕوات. به‌ڵام بێئومێده که‌ده‌بینێت حوکمڕانه‌کانى گه‌نده‌ڵن و سامانى گشتى ده‌به‌ن و دۆخى حزب خراپ نیه‌و ده‌بینێت حزبه حوکمرانه‌کان و به‌رپرسه‌کانیان هیچ کێشه‌یه‌کی داراییان نییه، ئه‌وه هاووڵاتیه کێشه‌ى هه‌یه. نه‌ک ئێستا له‌خوله‌کانی پێشووش راپۆرتى هاوبه‌ش هه‌بووه له‌لایه‌ن حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌کانى ئه‌وکات خۆمان پرۆژه‌مان هه‌بووه له‌و رووه‌وه، ده‌یه‌ها چاودێرى سیاسى و رۆژنامه‌نووس هه‌یه چه‌ندین جار په‌رله‌مانتارانى ئێمه به‌داتا له‌و رووه‌وه قسه‌یان کردووه‌و ده‌توانین بیسه‌لمێنین که‌گه‌نده‌ڵى نه‌مێنێت و داهاتى ناوخۆ رێکبخرێت و ئه‌و هه‌مووه به‌هه‌ده‌ردانى سامانى گشتییه نه‌مێنێت و کۆى داهاته‌کان رێبکرێته‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه بارودۆخى هاووڵاتیان زۆر له‌وه باشتر ده‌بێت که‌ئێستا هه‌یه. هاوڵاتى: کابینه‌ى پێشوو بۆ ماوه‌یه‌ک موچه‌ى به‌پاشه‌که‌وته‌وه دابه‌شکرد، به‌ڵام کابینه‌ى ئێستا موچه به‌لێبڕینى له‌سه‌دا 18 و 21وه موچه به‌دوو مانگ ده‌دات له‌لاى کۆمه‌ڵ کامیان باشترن؟ رێبوار حه‌مه‌د: باوه‌ڕمان وایه واقیعى حوکمڕانى هه‌رێمى کوردستان له‌دواى راپه‌ڕینه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ درێژکراوه‌ى یه‌ک جۆر عه‌قڵیه‌ته له‌حوکمڕانى، که عه‌قڵیه‌تێکى حزبییه، قۆخکار له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى که‌سى و حزبى و سوودمه‌ندکردنى حزب و تاکه‌کانى له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیى سامانى گشتى و مافى هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان دروستکردنى گه‌نده‌ڵییه‌کى سیسته‌ماتیک و رێکخراو به‌ئامانج له‌پێناوى بێئومێدکردنى هاووڵاتیان که رێژه‌یه‌کى زۆرى هاووڵاتیان به‌گه‌نده‌ڵى له‌ڕێگه‌ى حزبه‌وه سوودمه‌ندبوون له‌سامانى گشتى، ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌یه که‌حوکمڕانى پێکراوه له‌چه‌ندساڵى رابردوو بێ رۆڵکردنى دامه‌زراوه‌کان و په‌رله‌مان و رۆڵى کادیران زیاتر به‌حزب و دامه‌زراوه حزبییه‌کان، ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌یه درێژکراوه‌ته‌وه کابینه له‌دواى کابینه دۆخه‌که خراپتر ده‌بێت، چونکه ده‌رئه‌نجامه‌کان باشتر ده‌رده‌که‌ون، ئه‌م کابینه‌یه یه‌کێکه له‌و کابینانه‌ى ده‌رهه‌ق به‌مافى هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران یه‌کێکه له‌کابینه خراپه‌کان و نه‌یتوانیوه مافى موچه‌خۆرانى دابین بکات. هاوڵاتى: پێتانوایه کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم حکومه‌تێکى پۆپۆلیستییه؟ رێبوار حه‌مه‌د: له‌و رووه‌وه ده‌بێت ئاماژه به‌چه‌ند شتێک بکه‌ین، وه‌کو کۆمه‌ڵى ئیسلامى لێره‌وه ئیدانه‌ى هه‌موو جۆره راوه‌دوونانێک، گرتنێک، فشارخستنه سه‌ر ده‌نگه ئازا‌و دلێره‌کان ده‌که‌ین، ئه‌وانه‌ى که له‌پاڵ ئێمه وه‌ک هێزه‌کانى ئۆپۆزسیۆن ئه‌و ئه‌رکه ته‌واوکاریه به‌یه‌که‌وه ته‌واوده‌که‌ین، بریتیه له‌به‌رگریکردن له‌مافه‌کانى خه‌ڵک و فه‌رمانبه‌ران و ئازادى راده‌ربڕین و ره‌خنه‌گرتن و هه‌نگاونان به‌ره‌و به‌دامه‌زراوه‌ییکردنى داموده‌زگاکانى هه‌رێم له‌پیناو به‌رژه‌وه‌ندى گشتیى و ئه‌و دۆخه‌ى له‌کوردستان دروستبووه درێژه‌ى پێنه‌درێت. به‌داخه‌وه حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و به‌دیاریکراوى له‌م کابینه‌یه‌دا، له‌و رووه‌وه نیشانه‌ى پرسیارى له‌سه‌ر دروستبووه، ده‌نگه دلێرو ئازاکان فشاریان ده‌خاته‌سه‌رو رۆژنامه‌نووسان زیندانیان ده‌کات و یاساى رۆنامه‌نووسانمان هه‌یه‌و پێویسته په‌رله‌مانى کوردستان رۆڵى خۆى ببیینێت و رێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کان و مافى مرۆڤ و هه‌موو هێزه سیاسییه‌کان به‌رگرىکارى مافى رۆژنامه‌نووسان بن و به‌رگریکارى ده‌نگى دلێرو ئازابن، به‌داخه‌وه حکومه‌تى هه‌رێم به‌بانگه‌شه‌ى خۆیان یه‌کێک له‌و شتانه‌ى شانازییان پێوه‌ده‌کرد ئازادى راده‌ربڕین و ئازادى ره‌خنه‌گرتن هه‌یه، به‌ڵام ده‌رکه‌وت ئه‌مه نییه. پێموایه ئه‌م حکومه‌ته له‌وێوه نیشانه‌ى پرسیارى له‌سه‌ر دروستبوو که نه‌ک بۆ رۆژنامه‌نووسێک مافى ره‌خنه‌گرتن و راده‌ربڕینێکى به په‌رله‌مانتارێک نه‌داوه، ئێمه وه‌کو کۆمه‌ڵى ئیسلامى قوربانى ئه‌وه‌ین و په‌رله‌مانتارێکى ئێمه پارێزبه‌ندى له‌سه‌ر هه‌ڵگیراو هه‌موو تاوانى ئه‌و په‌رله‌مانتاره ئه‌وه‌بوو ره‌خنه‌ى له‌سه‌رۆکى حکومه‌ت و کابینه‌که‌ى گرتووه، به‌داخه‌وه ئه‌وه پێشینه‌یه‌کى خراپه، به‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه ته‌ئیدى تۆ ده‌که‌م ئه‌م حکومه‌ته له‌و ره‌ووه‌وه زیاتر له‌نیشانه‌ى پرسیارێکى له‌سه‌ر دروستبووه. هاوڵاتى: یانى ده‌ته‌وێ بڵێى حکومه‌تێکى پۆپۆلیستیه؟ رێبوار حه‌مه‌د: کابینه‌ى نۆیه‌م حکومه‌تێکه به‌ئاراسته‌یه‌کى خراپ هه‌نگاو ده‌نێت بۆ کپکردنى ده‌نگه ناڕازییه‌کان و ده‌نگه دلێره‌کان و که‌مکردنه‌وه‌ی ده‌نگه جیاوازه‌کان، پێموایه ئه‌رکى سه‌ره‌کى سه‌رۆکى حکومه‌ت و کابینه‌که‌یه‌تى گفتوگۆى راشکاوانه له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان بکه‌ن و نه‌ترسن له‌ره‌خنه، نه‌ک که‌ناڵ و رۆژنامه‌نووسه‌کانى خۆیان، ئه‌وانه‌ى ره‌خنه‌یان لێده‌گرن، کاربه‌ده‌ستى ئازا ئه‌وه‌یه له‌به‌رانبه‌ر ره‌خنه‌کانى بوه‌ستێته‌وه و دابنیشێت و وه‌ڵامیان بداته‌وه. هاوڵاتى: له‌ماوه‌ى رابردوو سه‌رۆکى حکومه‌ت له‌په‌رله‌مان له‌به‌رانبه‌ر قسه‌یه‌کى سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ وتى ئێمه خه‌ڵک ده‌نگى پێداوین و ده‌نگیان به‌ئێوه نه‌داوه، فه‌رموون له‌هه‌ڵبژاردنى داهاتوو با خه‌ڵک ده‌نگتان بداتێ، ئه‌م قسه‌یه حساب نه‌کردنه بۆ ئۆپۆزسیۆن یان بێ منه‌تییه؟ رێبوار حه‌مه‌د: جارێ، یه‌که‌م هه‌موو که‌سێکى وشیار ده‌زانێت له‌کوردستان چ جۆره هه‌ڵبژاردنێک کراوه، هه‌موو که‌س ده‌زانێت رێژه‌ى ده‌نگه ته‌زویرو راسته‌کان چه‌نده، هاووڵاتى وشیار ده‌زانێت چۆن ده‌نگه‌کانى ساخته‌کارى پێکراوه‌و چۆن کڕدراوه‌و ئیراده‌ى زه‌وتکراوه، چۆن له‌ڕێگاى هێزه‌کانى ناوخۆ ساخته‌کارى گه‌وره کراوه، له‌ڕێگاى حزب و ده‌زگاکانى له‌شکرێک ده‌نگده‌ر دوو ده‌نگ و سێ ده‌نگیان داوه، هیچ که‌س ناتوانێت نکۆڵى له‌و ساخته‌کارییانه بکات، له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان له‌هه‌ڵبژاردنه یه‌ک له‌دواى یه‌که‌کان له‌سه‌ر ئاستى عێراقیش له‌دوایین هه‌ڵبژاردندا ساخته‌کارییه‌که‌ى به‌جۆرێک بووه، له‌سه‌ر ئاستى نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ئیقرارى ئه‌وه‌کرا ساخته‌کارییه‌کى یه‌کجار گه‌وره کراوه، بوو به‌بابه‌تى کۆبوونه‌وه‌کانى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى، له‌به‌رئه‌وه هه‌موو هاووڵاتییه‌کى وشیار واقیعى هه‌ڵبژاردن ده‌زانێت. هێزه حومکڕانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ئه‌گه‌ر مافیان هه‌بێت شانازى به‌هه‌رشتێکه‌وه بکه‌ن، مافى ئه‌وه‌یان نییه شانازى به‌وه‌وە بکه‌ن ده‌نگى زۆرینه‌ى هاووڵاتیانیان هێناوه، هه‌میشه وتوومانە حه‌جمى راسته‌قینه‌ى هه‌ردوو هێزى حوکمڕانى کوردستان کاتێک ده‌رده‌که‌وێت که پارتى له‌سلێمانى زۆرینه بێنێت شوێنى قه‌ڵه‌مڕه‌وى خۆى نییه، حه‌جمى راسته‌قینه‌ى پارتى له‌پارێزگاى سلێمانیه، حه‌جمى راسته‌قینه‌ى یه‌کێتى نیشتیمانى له‌پارێزگاکانى هه‌ولێرو دهۆکه، ئه‌مه واقیعێکى حاشاهه‌ڵنه‌گره، ده‌مێکه وتوومانه ئه‌م حزبانه به‌شێوه‌یه‌کى رێکخراو هه‌وڵده‌ده‌ن هاووڵاتى بێ‌ئومێد بکه‌ن له‌ده‌نگدان و په‌رله‌مان و بێ‌ئومێدى بکه‌ن له‌وه‌ى ئه‌م دامه‌زراوانه بتوانن گۆڕانکارى بکه‌ن. سه‌رۆکى حکومه‌ت و کابینه‌که‌ى له‌به‌رانبه‌ر نه‌ک چه‌ند فراکسیۆنێکى ئۆپۆزسیۆن و چه‌ند کورسیه‌کى په‌رله‌مانى، ئه‌گه‌ر ته‌نها یه‌ک کورسى په‌رله‌مانى ئۆپۆزسیۆن هه‌بێ که ره‌خنه ده‌گرێت، ده‌بێت وه‌ڵامى مه‌نتیقى بده‌نه‌وه، وه‌ڵامى مه‌نتیقیش ئه‌وه‌یه مادام تۆ زۆرینه‌ى خۆ مافى گه‌نده‌ڵیت نیه، مافى ئیحتیکارى داموده‌زگاکانى ده‌وڵه‌تت نییه، ماده‌م زۆرینه‌ى مافى ئه‌وه‌ت نیه موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم به‌ویستى خۆت له‌سه‌دا (21) ببڕیت، ده‌بێ حکومه‌تى زۆرینه بێت و فراکسیۆنى ئێمه‌و ئه‌وانه‌ى تریش ره‌خنه‌یان له‌کابینه‌و حکومه‌ته‌که‌ش، ره‌خنه‌یه له‌گه‌نده‌ڵى و مافى فه‌رمانبه‌ران و ره‌خنه‌یه له بێ موچه‌یی، خۆ ره‌خنه‌یه‌ک نیه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیى حزبی. هاوڵاتى: عه‌لى باپیر، ئه‌میرى کۆمه‌ڵ سه‌ردانى به‌غدای کرد بۆ گفتوگۆکردن بوو له‌سه‌ر په‌یوه‌ندى هه‌رێم و عێراق یا گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پێکهێنانى هاوپه‌یمانێتى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانى داهاتووى عێراق؟ رێبوار حه‌مه‌د: ئه‌م سه‌ردانه‌ى به‌ڕێز ئه‌میرى کۆمه‌ڵ درێژکراوه‌ى هه‌مان ئه‌و زنجیره سه‌ردانانه بوو که له‌ماوه‌کانى رابردوودا وه‌فدى کۆمه‌ڵ چووه‌ته به‌غدا، ئێمه هێزێکین له‌به‌غداو فراکسیۆنێکمان هه‌یه‌و کۆمه‌ڵێک په‌یوه‌ندى سیاسییمان هه‌یه له‌گه‌ڵ هێزه عێراقییه‌کان، به‌شێکى بۆ تۆکمه‌کردنى په‌یوه‌ندییه سیاسیه‌کانمان بووه، به‌شێکى دیدار بووه له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌که له‌سه‌رۆککۆمارى عێراق و سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق بووه، باس له‌ژیان و گوزه‌رانى هاووڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان کراوه به‌رئه‌نجامى ئه‌و دۆخه خراپه‌ى له‌هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌و به‌رئه‌نجامى ئه‌و قه‌یرانه داراییه‌و ئه‌و ناشه‌فافیه‌ته‌ى که له‌په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان و به‌غدا هه‌یه، به‌ر ئه‌نجامى ئه‌وه‌ى رێککه‌وتنێک نیه له‌به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان، ئه‌میرى کۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌وه‌ى به‌سه‌رۆک وه‌زیران و سه‌رۆک کۆمارى عێراق راگه‌یاندووه، به‌ر ئه‌نجامى هه‌موو ئه‌مانه هاووڵاتیان و موچه‌خۆرانى هه‌رێم زه‌ره‌رمه‌نده‌و باجى ئه‌وه‌ده‌دات له‌به‌غداوه شایسته داراییه‌کانى نایه‌ت، ویستى کۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌وه‌یه رێککه‌وتنێکى شه‌فاف هه‌بێت له‌سودى موچه‌خۆران و هاووڵاتیان بێت، موچه‌خۆر نه‌بێته ململانێى ئه‌و واقیعه سیاسییه‌ى هه‌رێم و به‌غدا. وه‌ڵامى کازمیش به‌شێکى په‌یوه‌ست بووه به‌وه‌ى ئه‌وانیش ئاگادارن له‌کوردستان چى ده‌گوزه‌رێت، پێشتریش سه‌ردانى ئێره‌ى کردووه‌و تێڕوانینى خۆى سه‌باره‌ت به‌هه‌رێم خستووه‌ته‌ڕوو، باسى ئه‌وه‌ی کردووه له‌به‌ره‌ئه‌نجامى واقیعێکى خراپى حوکمڕانى گرتووه‌ته ده‌ست له‌عێراق و نیه‌ت باشى خۆى نیشانداوه ئه‌و کێشانه چاره‌سه‌ربکات که له‌گه‌ڵ هه‌رێمى کوردستان هه‌یه. په‌یوه‌ست به‌وه‌ڵامى پرسیاره‌که‌ى تۆش، تائێستا هیچ قسه‌یه‌ک له‌و باره‌یه‌وه نه‌کراوه‌و کۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌دواى هیچ هاوپه‌یمانیه‌تیه‌کدا نه‌گه‌ڕاوه، بارودۆخى حوکمڕانى له‌کوردستان و به‌غداش به‌جۆرێکه له‌تواناى هێزێک به‌ده‌ره بتوانێت گۆڕانکارى بکات، پێمان وایه هاوپه‌یمانیکردن رێگاى ته‌ندروسته بۆ گۆڕانکارى، کۆمه‌ڵى ئیسلامى جارێ سه‌یرده‌کات و چاوه‌ڕوانه، تائێستاش له‌ناوخۆشمان گفتوگۆمان نه‌کردووه بڕیاریشمان نییه‌و له‌سه‌فه‌رى به‌غداش هیچ له‌و رووه‌وه قسه نه‌کراوه. به‌ڵام گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌که‌ین و هاوپه‌یمانیش رێگایه‌کى کراوه‌یه بۆ ئێمه، وه‌کو کۆمه‌ڵى ئیسلامى ئه‌وله‌ویه‌ت له‌گه‌ڵ هێزه کوردستانیه‌کانه‌و ئه‌و هێزانه‌ى که تێڕوانینى هاوبه‌شمان هه‌یه‌و بۆ چاکسازیى. هاوڵاتى: کۆنگره‌ى کۆمه‌ڵى ئیسلامى دواکه‌وتووه، کۆرۆنا بووەته هۆى دواخستنى؟ رێبوار حه‌مه‌د: خۆت ده‌زانیت ماوه‌یه‌کى زۆر هه‌موو جۆره کۆبوونه‌وه‌یه‌کى گشتى و چالاکییه‌ک راگیرا، ئێمه بڕیارماندا تاتێپه‌ڕاندنى ئه‌و په‌تایه‌و که‌مکردنه‌وه‌ى مه‌ترسییه‌کانى کۆنگره دوابخه‌ین و ماوەیه‌کى باشیش دوامانخست، له‌دوایین کۆبوونه‌وه‌ى سه‌رکردایه‌تى بڕیارماندا کۆنفرانسه‌کان ته‌واوبکه‌ین، له‌چه‌ند هه‌فته‌ى رابردووش کۆنفرانسه‌کانى رانیه‌و هه‌ڵه‌بجه‌و بادینانیشمان ته‌واوکرد، ئاماده‌کارییه‌کانمان ته‌واو بووه‌و سه‌رکردایه‌تى کۆده‌بێته‌وه‌و کات و شوێنى کۆنگره‌ش دیاری ده‌کات، هیچ هۆکارێک نیه بۆ ئه‌وه‌ى له‌وه زیاتر دوایبخه‌ین، به‌تایبه‌ت ئاماژه‌کانى ئه‌و په‌تایه پێمان ده‌ڵێت به‌مزووانه کۆتایی نایه‌ت، ده‌بێت به‌خۆپارێزییه‌وه کاره‌کانمان به‌رده‌وام بێ. هاوڵاتى: هۆکار چیه سه‌رکرده‌تان له‌بادینان که‌مه خۆتان ناتانه‌وێت، یان خه‌ڵکى ئه‌وێ کۆمه‌ڵى ئیسلامى ناوێ؟ رێبوار حه‌مه‌د: لاى کۆمه‌ڵى ئیسلامى ناوچه‌ى بادینان گرنگى خۆى هه‌یه، کۆنفرانسى تایبه‌تمان له‌سه‌ر چۆنیه‌تى په‌ره‌پێدانى کاروبارى کۆمه‌ڵ له‌بادینان کردووه، بڕیارمانه جیدی‌تر قسه له‌سه‌ر بادینان بکه‌ین، ئێمه پێمان خۆشده‌بوو له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و له‌په‌رله‌مانى کوردستانیش نوێنه‌رى بادینان هه‌بێت و کارى جیدیشمان بۆ کرد. هاوڵاتى: له‌عێراق و له‌کوردستانیش کاتێک حزبێک کۆنگره ده‌کات زۆربه‌ى کات هه‌ر ئه‌و که‌سه هه‌ڵده‌بژێرێته‌وه که‌پێشتر سه‌رۆک و سه‌رکردایه‌تى کردووه، ئایا حزبه‌کان ناتوانن سه‌رکرده دروستبکه‌ن، ئێوه وه‌ک کۆمه‌ڵ چیتان کردووه بۆ ئه‌مه؟ رێبوار حه‌مه‌د: له‌کۆنگره‌کانى رابردووش‌دا به‌رده‌وام به‌ڕێز ئه‌میرى کۆمه‌ڵى ئیسلامى باسى ئه‌وه‌ی کردووه‌و خستوویه‌تیه‌ته به‌رده‌م سه‌رکردایه‌تى ده‌رفه‌ت بکاته‌وه‌و که‌سێکى دیکه بێته پێشه‌وه، به‌تایبه‌تى مامۆستا عه‌لى باپیر کۆمه‌ڵێک ئیلتیزاماتى دیکه‌ى هه‌یه وه‌ک ته‌فسیرو نووسین و کۆمه‌ڵێک بوارى دیکه‌ى وه‌ک ده‌عوه‌و بانگه‌واز حه‌زى هه‌یه گرنگى به‌ئیهتیماماته‌کانى دیکه‌ى بدات، به‌ڵام ئێمه له‌ناوخۆى کۆمه‌ڵى ئیسلامى هه‌لومه‌رجى کۆمه‌ڵ و خواستى زۆرینه‌ى ئه‌ندامان و کادیرانى کۆمه‌ڵ ئه‌وه‌یه که به‌ڕێز مامۆستا عه‌لى باپیر به‌رده‌وام بێت وه‌ک ئه‌میر. تایبه‌تمه‌ندییه‌کى ئێمه جیاواز له‌هێزه‌کانى دیکه ئه‌وه‌یه، لاى ئێمه که‌سى یه‌که‌م به‌ڕێز ئه‌میرى کۆمه‌ڵ ته‌واو ده‌ستى ئۆرگانه‌کانى کردووه‌ته‌وه، ئه‌مه نه‌ک به‌وته‌ى خۆمان، غه‌یرى خۆشمان به‌باشى هه‌ست به‌وه‌ده‌کات مامۆستا عه‌لى باپیر ته‌واو ده‌ستى ئه‌نجومه‌نى سیاسى و سه‌رکردایه‌تى و ئه‌نجومه‌نى بانگه‌وازى کردووه‌ته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌کوێ پێویستمان بووبێ ئه‌میر له‌گه‌ڵمان بووه، مامۆستاش تائێستاش هیچ له‌و رووه‌وه هیچ قسه‌یه‌کى نه‌کردووه‌و له‌کۆنگره‌کانى دیکه‌ش مامۆستا به‌دواى ئه‌وه نه‌بووه‌و خوله‌کانى دیکه‌ش خواستى ئه‌وه بووه که‌سانى دیکه بێنه پێشه‌وه‌و کاره‌کان بکه‌ن، ئه‌و قسه‌یه‌کى هه‌بووه ده‌ڵێت:» نه بۆى راده‌که‌م نه لێى راده‌که‌م»، ئه‌مه قاعیده‌یه‌ک بووه په‌یڕه‌وى کردووه. هاوڵاتى: پێشنیارێک هه‌یه که ئه‌میرى کۆمه‌ڵ جێگرى هه‌بێت له‌م کۆنگره‌یه‌وه؟ رێبوار حه‌مه‌د: کۆنگره بڕیارده‌دات له‌و باره‌یه‌وه، تائێستا پێشنیارى جێگر نیه‌و له‌ڕه‌شنوسى لائیحه هه‌یه بۆ په‌یڕه‌وى ناوخۆ ئاماده‌یه، له‌و ره‌شنووسه‌ى کۆمه‌ڵى ئیسلامى جێگرى تێدانییه، به‌ڵام هه‌موو شتێک قابیلى ئه‌وه‌یه پێشنیار بکرێت بۆ کۆنگره‌و قابیلى ئه‌وه‌یه ره‌فزبکرێ یان قبوڵ بکرێ. هاوڵاتى: پاشگرى ئیسلامى لێده‌کرێته‌وه له‌م کۆنگره‌یه، چونکه عەلی باپیر خۆشى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه؟ رێبوار حه‌مه‌د: مامۆستا پێشنیارى کردووه‌و سه‌رکردایه‌تیش قسه‌ى له‌سه‌ر کردووه‌و بۆچوونى خۆى خستووه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام ماوه‌ته‌وه بۆ ناو کۆنگره، هه‌میشه مامۆستا عه‌لى باپیر ئه‌و پێشنارانه‌ى خستوویه‌تیه روو دوابڕیارى هێشتوه‌ته‌وه بۆ راى زۆرینه که چ بڕیارێکى له‌سه‌ر ده‌ده‌ن. هاوڵاتى: ئه‌ردۆغان ده‌ستى خستووەته ناو چه‌ندین وڵاته‌وه وه‌ک هێزێکى ئیسلامى ره‌فتار ده‌کات، قسه‌تان چیه له‌سه‌ر ئه‌و له‌شکرکێشیانه‌ى ده‌یکاته‌سه‌ر کوردستان؟ رێبورا حه‌مه‌د: هه‌میشه به‌ڕوونى وتوومانه هه‌موو پێشێلکردنێکى سیادى عێراق و هه‌رێمى کوردستان‌مان ره‌تکردووه‌ته‌وه، هه‌موو ته‌داخولێکى هه‌رێمى هه‌ریه‌که له‌وڵاتانى ناوچه‌که‌و ده‌وروبه‌رى بیکه‌ن لاى ئێمه ره‌فزه، سیاده‌ى هه‌رێمى کوردستان یه‌که‌م له‌ڕووى ده‌ستوورییه‌وه ئه‌رکى حکومه‌تى عێراقه خاکى هه‌رێم بپارێزێت، پاشان ئه‌رکى حکومه‌تى هه‌رێمه سیاده‌ى بپارێزێت و رێگه‌نه‌دات ته‌داخولات و له‌شکرکێشى بکرێت به‌هه‌ر بیانویه‌که‌وه داگیربکرێ، پارتى کرێکارانیش تایبه‌تمه‌ندى کوردستان بپارێزن و هه‌لومه‌رجێک نه‌ڕه‌خسێنن بیانوو بده‌نه ده‌ست نه‌یاره‌کان. هاوڵاتى: به‌س وه‌ڵامم وه‌رنه‌گرت سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ئه‌ردۆغان به‌ناوى پارتێکى ئیسلامییه‌وه ئه‌و کارانه ده‌کات؟ رێبوار حه‌مه‌د: ئه‌مانه وڵاتن، به‌پێى سیستمێک حکوم ده‌که‌ن که‌درێژکراوه‌ى (100) ساڵ زیاتره، ئه‌م وڵاته له‌ڕابردوو مێژووه‌که‌ى دیاره چى کردووه، ئه‌مه په‌یوه‌ندى به‌پارتێکى ئیسلامى و نائیسلامییه‌وه نییه، په‌یوه‌ندى به‌و سته‌مه مێژووییه‌وه هه‌یه که له‌کورد کراوه له‌هه‌ر چوار پارچه‌که‌ى کوردستان. ئه‌میرى کۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌ڕاشکاوى له‌هه‌موو کۆبوونه‌وه‌و دیداره‌کانى وتوویه‌تى ئێمه دژى هه‌موو جۆره له‌شکرکێشیه‌کین و وتوویه‌تى ئه‌گه‌ر بتانه‌وێت کێشه‌کان چاره‌سه‌ربکه‌ن ده‌بێت له‌وڵاتانى خۆتانه‌وه ده‌ستپێبکه‌ن، وه‌ڵامى ئه‌وانیش نایانه‌وێت و ئیراده‌یان نییه‌و ئه‌و ویسته‌یان نیه کێشه‌ى کورد چاره‌سه‌ر بکه‌ن. هاوڵاتى: له‌ئێستادا هه‌ست به‌ئاڵۆزییه‌ک ده‌کرێ له‌په‌یوه‌ندى نێوان کۆمه‌ڵ و پارتیدا، به‌تایبه‌تى دواى کێشه‌که‌ى سۆران عومه‌ر، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌کێتى باشه ئه‌مه ته‌کنیکه یان تاکتیکه؟ رێبوار حه‌مه‌د: ئێمه هێزێکى ئۆپۆزسیۆنین و هه‌ڵوێستمان روونه له‌سه‌ر دۆخى حوکمڕانى، ئه‌و سیستمه‌ى په‌یڕه‌وى ده‌کات، ئه‌و گه‌نده‌ڵییه قووڵه‌ى که‌هه‌یه، هه‌ڵوێسته‌کانمان له‌سه‌ر ئه‌مانه روونه، ئه‌م خوله‌و خولى پێشووتریش به‌یه‌ک ئاراسته‌و یه‌ک ئاست هه‌ڵوێستى خۆمانمان وتووه. ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ى ئێمه ئه‌گه‌ر کاریگه‌رى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانى ئێمه له‌گه‌ڵ لایه‌نێکى سیاسى دروستده‌کات، ئه‌وه ئێمه نین هێزێکى سیاسین و هه‌ڵوێسته‌کانمان روونه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نین ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌مان، په‌یوه‌ندیه‌کانمان ئاڵۆز بکات، ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ى به‌رانبه‌رمانن، پارتى دیموکراتى کوردستانه، یه‌کێتى نیشتیمانیه، هێزێک هه‌یه هه‌ڵوێسته‌کانت ته‌قه‌بول ده‌کات و ئاسایی وه‌ریده‌گرێت، هێزێکى واش هه‌یه ساردوسڕى دروستده‌کات و له‌هه‌ندێ قۆناغیش گه‌رموگوڕیى ده‌کات، ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌کان وه‌کو یه‌ک مامه‌ڵه ده‌که‌ین. هاوڵاتى: بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانیش له‌حکومه‌تى هه‌رێم به‌شداره ئایا ره‌خنه‌کانتان ئاراسته‌ى ئه‌وانیشه؟ رێبوار حه‌مه‌د: ئێمه که ره‌خنه‌مان له‌م کابینه‌یه گرتووه، به‌بێ ناوهێنان ره‌خنه‌مان گرتووه دۆخى حوکمڕانى هه‌رێمى کوردستان هه‌ردوو پارتى ده‌سه‌ڵاتدار که پارتى و یه‌کێتییه، به‌رپرسى یه‌که‌من و واقیعى هه‌رێمى کوردستان هه‌موو که‌سێکى ئاسایی ده‌زانێت، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانیش به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى که‌به‌شدارن به‌رپرسیاریه‌تیان ده‌که‌وێته سه‌رشان، ئێمه له‌کابینه‌ى پێشوو که‌به‌شداربووین له‌حکومه‌ت، که‌زانیمان ناتوانین ئه‌رکى سه‌رشانمان جێبه‌جێ بکه‌ین، کشاینه‌وه.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان ئه‌وه ئاشکرا ده‌کات به‌ده‌یان ملیار دۆلار له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستانه‌وه به‌گه‌نده‌ڵى براوه‌ته ده‌ره‌وه‌و ده‌شڵێت:» ئه‌و به‌رپرسانه‌ى پاره‌یان له‌هه‌رێم به‌گه‌نده‌ڵى بردووه‌ته ده‌ره‌وه ناوه‌کانیان ئاشکرا ده‌که‌ین و پارێزراو نابن». یوسف محه‌مه‌د، سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ھاوڵاتی، ئاماژه به‌وه‌ده‌دات ده‌نگدان له‌سه‌ر بازنه‌کانى هه‌ڵبژاردن بێ که‌موکووڕى نییه‌و کێشه گه‌وره‌که بوونى» ساخته‌کارییه« لەپرۆسەی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. سه‌رۆکى فراکسیۆنى گۆڕان جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه ته‌نها له‌وڵاتى سویسرا حه‌وت ملیار دۆلارى به‌رپرسانى هه‌رێم که به‌گه‌نده‌ڵى بردوویانه‌ته ئه‌و وڵاته بووونى هه‌یه‌و ده‌شڵێت:» به‌ڵگه‌کان له‌به‌رده‌ست دامه‌زراوه فه‌رمییه‌کانى حکومه‌تى عێراقدان.... به‌رپرسانى هه‌رێم پشکى شێریان به‌رکه‌وتووه له‌ناردنه ده‌ره‌وه‌و سپیکردنه‌وه‌ى پاره‌و هیچ که‌سێک پارێزراو نابێت و ناوه‌کانیان ئاشکرا ده‌که‌ین». ھاوڵاتی: ده‌نگ درا له‌سه‌ر بازنه‌کانى هه‌ڵبژاردن له‌په‌رله‌مانى عێراق؟ کورد به‌پێى ئه‌م یاسایه کورسییه‌کانى که‌م ده‌کات یان نا؟ یوسف محه‌مه‌د: له‌بارودۆخێکى ته‌مومژاوى به‌بێ بوونى نیساب ده‌نگدرا به‌بازنه‌کانى هه‌ڵبژاردن، له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ى کێشه‌یه بوونى ته‌زویرى فراوانه له‌هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراقدا به‌هه‌رێمى کوردستانیشه‌وه، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ى له 2018 کرا ته‌زویرێکى زۆرى تێدا کراو بووه مایه‌ى ئه‌وه‌ى خه‌ڵک هاتنه‌سه‌ر شه‌قام له‌پارێزگاکانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق و دواتر کۆمه‌ڵێک گۆڕانکارى به‌دوای خۆیدا هێنا تاهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حکومه‌تى عێراقى لێکه‌وته‌وه. راسته گرفت و کێشه له‌سیستمى هه‌ڵبژاردن و بازنه‌کانى عێراقدا هه‌یه، به‌ڵام کێشه‌ى سه‌ره‌کى مه‌سه‌له‌ى ته‌زویره له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. ئه‌و سیستمى بازنانه‌ى که به‌پێى ئه‌م یاسایه دانراون، چاکه‌و خراپه‌ى خۆیان هه‌یه‌و هیچ یاسایه‌کى هه‌ڵبژاردن نییه دادگەرى له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت، بوونى ته‌زویرو هێزى چه‌کدار له‌ده‌ره‌وه‌ى حکومه‌ت له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستان بوونى به‌رپرسى فاسیدو گه‌نده‌ڵ واى کردووه که‌ده‌رئه‌نجامه‌کانى هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌ئاقارى خۆیاندا بگۆڕین. بۆ کورد به‌گشتى کورسییه‌کانى که‌مده‌کاته‌وه‌و به‌تایبه‌ت له‌ناوچه جێناکۆکه‌کاندا به‌پێى ئه‌م شێوازه واتا مه‌رج نییه کورد کورسیه‌کانى که‌م نه‌کات له‌ناوچه جێناکۆکه‌کان، ئه‌وه‌ش به‌گشتى کورد له‌عێراقدا تووشى زه‌ره‌رمه‌ندى ده‌کات. ھاوڵاتی: پێتانوایه هه‌ڵبژاردن له‌کاتى خۆیدا ده‌کرێت له‌شه‌شى حوزه‌یرانى 2021دا که له دوو رۆژى رابردوو مسته‌فا کازمى ته‌ئکیدى کرده‌وه؟ یوسف محه‌مه‌د: ئه‌وه‌ى لێى ده‌ڕوانین به‌و ئاماده‌کارییه‌ى هه‌یه به‌ته‌واونه‌کردنى یاساى هه‌ڵبژاردن، چونکه له‌ئێستاوه کار بۆ هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌یه له سه‌رۆکایه‌تى کۆمار‌و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئه‌گه‌ر بازنه‌کانیش یه‌کلابکرێنه‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌سیستمى بایۆمه‌ترى و ژماردنى ئه‌لیکترۆنى ده‌نگه‌کانه‌وه هه‌یه ئه‌زمونێکى زۆر خراپ هه‌بووه. هه‌روه‌ها دادگاى فیدراڵى نیسابى یاسایى نییه، کۆمسیۆنی باڵاى هه‌ڵبژاردن له‌عێراقدا له‌کۆمه‌ڵێک دادوه‌رى تازه پێکهاتوون و ئه‌زمونى به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنیان نییه، له‌بوارى کارى کۆمسیۆن هه‌موو ئه‌وانه ئاسان نییه له شه‌شى حوزیران ئه‌نجامبدرێت، ره‌نگه له‌چوار مانگى کۆتایى ساڵى داهاتوو ئه‌نجامبدرێت. ھاوڵاتی: به‌ڕێزتان چه‌ند جار باستان له‌ناردنه ده‌ره‌وه‌ى ملیاران دۆلار کردووه به‌گه‌نده‌ڵى و به‌شێوه‌ى سپى کردنه‌وه‌ى پاره چووه‌ته ده‌ره‌وه له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستاندا؟ ئایا به‌ڵگه له‌به‌رده‌ستدایه؟ یوسف محه‌مه‌د: ئێمه له‌دانیشتى سه‌رکردایه‌تى عێراقدا له‌کۆبوونه‌وه‌کاندا ئه‌وه‌مان وتووه که تەئکیدمان کرده‌وه هیچ چاکسازییه‌ک ماناى نییه ئه‌گه‌ر رۆشتنى پاره بۆ ده‌ره‌وه‌ى عێراق به‌گه‌نده‌ڵى کۆنترۆڵ نه‌کرێت، ئه‌و پارانه‌ى ته‌هریب کراوه‌و نێردراوه‌ته ده‌ره‌وه له‌ڕێگه‌ى به‌رپرسه‌کانى عێراقه‌وه له‌دواى 2003وه چ له‌عێراق و هه‌رێم نه‌گه‌ڕێندرێنوه‌و نه‌کرێنه که‌ره‌ستەیەک بۆ بنیادنانى ئابوورى وڵات. ئێستا له‌سه‌ر ئاستى عێراق بابه‌تى ته‌هریبکردنى پاره له‌لایه‌ن به‌رپرسانى گه‌نده‌ڵه‌وه، بووه‌ته باسێکى گرنگ، خواستى میدیاى عێراقى و عه‌ره‌بییه، به‌ڵگه‌کان له‌به‌رده‌ستدا هه‌ن سه‌باره‌ت به‌و پارانه‌ى له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستانه‌وه نێردراوه‌ته ده‌ره‌وه، ته‌نها ته‌حقیق نه‌کراوه‌و ژماره‌ى پاره‌کان به‌ته‌واوى کۆنه‌کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌داوى گرنگ هه‌یه‌و چه‌ند به‌رپرسێکیش ده‌ستگیرکراون له‌عێراقدا. ھاوڵاتی: له‌سه‌ر ئاستى وڵاتانى ده‌ره‌وه تاچه‌ند هاوکارى حکومه‌تى عێراقن بۆ ئه‌م پرسه؟ ئایا ئه‌و وڵاتانه ئاماده‌ن پاره‌کان بده‌نه‌وه به‌لایه‌نى حکومه‌تى عێراق؟ یوسف محه‌مه‌د: له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه زه‌مینه‌ى باش کراوه که‌وڵاتانى ده‌ره‌وه هاوکارو هه‌ماهه‌نگ بن له‌م پرسه‌دا. هه‌ندێک به‌دواداچوون ده‌کرێت له‌ئه‌مریکا بۆ ئه‌و پارانه‌ى له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستان براونه‌ته ده‌ره‌وه، هه‌ندێک له‌وڵاتانى ئه‌وروپاش ده‌کرێت بۆ ئه‌م پرسى گه‌نده‌ڵییه، له‌به‌شێک له‌په‌رله‌مانى وڵاتى ئه‌وروپا یاساى بۆ ده‌رکراوه که رێگه‌خۆشکه‌رن بۆ ئه‌وه‌ى کاریان له‌سه‌ر بکرێت، ئه‌وه‌ش جێگه‌ى دڵخۆشییه. ئه‌وکاته‌ى له‌په‌رله‌مانى کوردستان بووم له‌ساڵى 2016 سه‌ردانى په‌رله‌مانى سویسرامان کرد یه‌کێک له‌و باسانه‌ى کردمان پرسى ناردنه ده‌ره‌وه‌ى پاره بووه، له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سویسرا باسمان کردووه که یاسایه‌ک له‌په‌رله‌مانى سویسرا ده‌رچووه رێگه ده‌دات به‌ده‌وڵه‌تان ئه‌و پارانه‌ى براوه‌ته سویسرا بیبه‌نه‌وه بۆ وڵاته‌کانى خۆیان و بیانگه‌ڕێننه‌وه، که سویسرا شوێنێک بووه بۆ شاردنه‌وه‌ى پاره‌و سندوقێکى ره‌ش بووه بۆ شاردنه‌وه‌ى پاره، سویسرا ئه‌و هه‌نگاوه‌ى ناوه، چه‌ند وڵاتێک سودمه‌ند بوون له‌و یاسایه‌ى سویسرا، تونس توانى پاره‌ى ده‌سه‌ڵاتى پێشوو بگه‌ڕێنێته‌وه نه‌یجیریا به‌هه‌مان شێوه، زه‌مینه‌ى له‌بار هه‌یه‌و پێویستى به‌ئیراده‌یه هه‌یه، ته‌نانه‌ت ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ى ده‌کرێت له‌عێراقدا ده‌توانرێت بکرێته کارتى فشار بۆ هێنانه‌وه‌ى ئه‌و پارانه. ھاوڵاتی: له‌هه‌رێم ئه‌و پارانه‌ى براوه‌ته ده‌ره‌وه به‌گه‌نده‌ڵى به‌خه‌مڵاندن چه‌ندە؟ ئایا له‌هیچ وڵاتێک باسى پاره‌ى به‌رپرسانى هه‌رێمیان بۆ کردوون؟ یوسف محه‌مه‌د: ئه‌وکاته‌ى له‌سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى کوردستاندابووین سه‌ردانى وڵاتانمان کردووه‌و کارمان له‌سه‌ر کردووه‌و هه‌ر بۆ زانیاریشتان له‌به‌ریتانیاو ئه‌ڵمانیاو سویسرا کارمان له‌سه‌ر کردووه، له‌سه‌رچاوه‌یه‌کى ره‌سمى به‌شێوه‌ى ناڕه‌سمى پێمان وترا که حه‌وت ملیار دۆلارى به‌رپرسانى هه‌رێم له‌و وڵاته‌یه‌و به‌گه‌نده‌ڵى و فه‌ساد براوه‌ته ئه‌و وڵاته. له‌خولى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق فراکسیۆنى گۆڕان کارى له‌سه‌ر کردووه، له‌م خوله‌دا زیاتر کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ین، چونکه هیچ ئیسڵاحێک له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستان هیچ مانایه‌کى نابێت ئه‌گه‌ر ئه‌و پارانه‌ى به‌گه‌نده‌ڵى به‌رپرسانى عێراق و هه‌رێمه‌وه نه‌گه‌ڕێندرێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ى ده‌وڵه‌ت. ھاوڵاتی: قه‌باره‌ى ناردنه ده‌ره‌وه‌و سپى کردنه‌وه‌ى پاره له‌عێراق و هه‌رێمى کوردستان به‌خه‌مڵاندن گه‌یشتووه‌ته چه‌ند؟ یوسف محه‌مه‌د: ئه‌و پارانه‌ى براونه‌ته ده‌ره‌وه ده‌یان ملیار دۆلارن، باسى (140) ملیار دۆلار ده‌کرێت که له‌دواى 2003 له‌لایه‌ن به‌رپرسانى عێراق و هه‌رێمى کوردستانه‌وه به‌گه‌نده‌ڵى براوه‌ته ده‌ره‌وه‌و پاره‌ى میلله‌ت و خه‌ڵک بووه، به‌ڵام تا ته‌حه‌قیقى دادگا نه‌کرێت ناتوانین به‌ته‌واوه‌تى حه‌جمى ئه‌و گه‌نده‌ڵییه گه‌وره‌یه بزانین. ھاوڵاتی: له 2003وه تائێستا هه‌رێم (25) ملیار دۆلاریان بردووته ده‌ره‌وه؟ یا زۆر زیاتره له‌و ژماره‌یه؟ یوسف محه‌مه‌د: به‌گه‌نده‌ڵى و سپى کردنه‌وه‌ى پاره له‌و (25) ملیار دۆلاره‌ى باسى ده‌که‌یت زۆر زیاتر براوه‌ته ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم، ته‌نها له‌نێوان کابینه‌ى شه‌شه‌م و حه‌وته‌مدا (6) ملیار دۆلارى شیرینى گرێبه‌سته نه‌وتییه‌کانى هه‌رێم له‌گه‌ڵ کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان دیارنه‌ما ، بێجگه له‌وه‌ى که‌ساڵانه له به‌غداوه له‌دواى 2003 و 2004وه پاره هاتۆته هه‌رێم له‌چوارچێوه‌ى موازه‌نه‌و پاره‌ى دیکه‌ش له‌ده‌ره‌وه‌ى موازەنه، حه‌جمى ئه‌و پارانه دیار نین زۆر گه‌وره‌ترن له‌و ژماره‌یه‌ى که باست کرد، چونکه قه‌باره‌ى گه‌نده‌ڵییه‌کان زۆر گه‌وره‌ن. ھاوڵاتی: ئێوه ده‌ڵێن به‌ڵگه‌کان له‌به‌رده‌ستن و ئاماده‌ن ته‌نها لێکۆڵینه‌وه‌ى ماوه، ئه‌گه‌ر ناوى به‌رپرسانى هه‌رێم له‌و دۆسیه‌ى ناردنه ده‌ره‌وه‌ى پاره به‌رچاوتان بکه‌وێت یان به‌ڵگه‌کانت به‌رده‌ست بکه‌وێت ئاماده‌ن بڵاویبکه‌نه‌وه بۆ راى گشتى؟ یوسف محه‌مه‌د: به‌دڵنیایى ئه‌وه ئه‌رکى سه‌رشانمانه، ئه‌وه حه‌قى هه‌موو خه‌ڵکى کوردستان و هه‌موو عێراقییه‌کانیشه کێ به‌گه‌نده‌ڵى سودمه‌ند بووه ده‌ستپارێزى له‌که‌س ناکه‌ین و ئه‌زمونمان هه‌یه‌و چاوپۆشی له اوى هیچ به‌رپرسێک ناکه‌ین و پارێزراو نابێت، به‌ڵگه‌کان له‌دامه‌زراوه فه‌رمییه‌کانى عێراقدان و ته‌نها ته‌حقیقیان ماوه تا ئاشکرایان بکه‌ین.ؤ
سازدانی: شاناز حه‌سه‌ن یاسین ئافتاو پسپۆڕى کۆمه‌ڵناسى کلتورو مامۆستاى زانکۆ لەچاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی هاوڵاتی-دا سەبارەت بەدیاردەی جنێو لەسۆشیال میدیادا، ئاماژە بەوەدەکات هه‌ر شتێک په‌یوه‌ندیى بەیەکێتی و پارتییەوە هەبێت به‌ر نه‌فره‌ت و جنێو‌و سووکایه‌تیى ده‌که‌وێت لەسۆشیال میدیا، چونکە ئەو ده‌سه‌ڵاته دووقۆڵیی تاسه‌ر ئێسک ئازارى داون. لەبەشێکی وتەکانیدا سەبارەت بەو هیرشانەی کرانەسەر دوو کەسایەتی کە لەم مانگەدا کۆچی دواییان کرد، ئەویش یەکێکیان بابه‌شێخ بوو کەکەسایەتییەکی ئاینیی ئێزیدییەکان بوو، ئەوی تریش نووسەر و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان مه‌هاباد قەرەداغی بوو کەپێشتر راوێژکاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بووە. یاسین ئافتاو وتی «بابه‌شێخ که میرى ئێزیدیانه، زۆرتر له‌لایه‌ن به‌شێک له‌مرۆڤه موسوڵمانه باوه‌ڕدارو دۆگماتیکه‌کانه‌وه په‌لامار درا -بێگومان باوه‌ڕدارانێکیش هه‌بوون دڵخۆش نه‌بوون-، به‌ڵام مه‌هاباد قه‌ره‌داغى به‌رفراوانتر په‌لامار درا، چونکه به‌بڕواى په‌لامارده‌ران؛ ئه‌م ژنه به‌رگریکار بووه له‌گه‌نده‌ڵکاران. یاسین ئافتاو بۆ سنووردارکرنی دیاردەی جنێو دەڵێت «بریتییه له‌چاککردن و گه‌شه‌پێدانى ژێرخانى کۆمه‌ڵگه، ده‌بێت خه‌ڵک له‌ڕووى داراییه‌وه باش بن، ده‌بێت رێ بگیردرێت له‌ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى ناڕه‌وا». هەروەها دەڵێت «هه‌ر رێکارێکى سزادان و چاوسوورکردنه‌وه‌و هه‌ڕه‌شه به‌یاساو کارى له‌و جۆره ده‌ره‌نجامه‌که‌ى پێچه‌وانه ده‌بێت، بگره خراپتریش ده‌بێت، چونکه ئه‌و رێکارانه به‌بێ چاککردنى ژێرخانه‌که؛ له‌دۆخى توندوتیژیى مه‌عنه‌وییه‌وه به‌ره‌و خراپترین جۆره‌کانى توندوتیژیى فیزیکیمان ده‌بات». هاوڵاتى: دیارده‌ى جنێودان و سووکایه‌تییکردن له‌ناو سۆشیال میدیادا زۆر بووه، به‌بڕواى تۆ وه‌ک شاره‌زایه‌کى رشته‌ى کۆمه‌ڵناسی هۆکاره‌کانى ئه‌م دیارده‌یه چین؟ یاسین ئافتاو: ئه‌م دیارده‌یه دیارده‌یه‌کى کۆنه‌و له‌سۆشیال میدیادا به‌به‌رگێکى تازه‌و گوڕێکى به‌هێزتره‌وه ده‌رکه‌وتۆته‌وه، سۆشیال میدیا ژینگه‌ى ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى فه‌راهه‌م کردووه، بگره له‌وه‌ش زیاتر ده‌ڕۆم و ده‌توانم بڵێم سۆشیال میدیا ناوه‌ندێکى ئێجگار نموونه‌یى و له‌بارى بۆ جنێودان خوڵقاندووه، ئه‌وه‌ى سه‌رنجى تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان «به‌تایبه‌تى فه‌یسبووک» بدات، سه‌رى له‌و هه‌موو جنێو‌و ناوزڕاندن و توندوتیژییه زاره‌کییه ده‌سووڕمێت، من داتایه‌کم له‌به‌رده‌ستدا نییه تا به‌دیاریکراوى قه‌باره‌ى ئه‌م دیارده‌یه‌ت پێ بڵێم و شیکارییه‌کى کۆمه‌ڵناسییانه‌ى شایسته‌ى له‌باره‌وه بکه‌م، به‌ڵام هه‌ر به‌سه‌رنجدانێکى سه‌رپێیى هه‌ست به‌به‌ربڵاویى دیارده‌که ده‌که‌یت. هیچ دیارده‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تى نییه زیاد له‌هۆکارێکى نه‌بێت، جنێودانیش یه‌کێکه له‌و دیاردانه‌ى که‌زیاد له‌هۆکارێکى هه‌یه؛ خۆى له‌بنه‌ڕه‌تدا جنێودان دیارده‌یه‌کى سۆسیۆسایکۆلۆجییه، واته هه‌ندێک له‌هۆکاره‌کانى کۆمه‌ڵایه‌تیى و هه‌ندێکیشیان ده‌روونین، هه‌ریه‌کێک له‌هۆکاره‌کان له‌یه‌کێک له‌م شوێنانه‌وه دێت: په‌روه‌رده‌ى خێزانی، کۆڵان، قوتابخانه، گرووپى هاوڕێیان، میدیا، به‌ڵام له‌هه‌موویان گرنگتر ژینگه‌ى ژیانى کۆمه‌ڵایه‌تییه، ئه‌م ژینگه‌یه تا چه‌ند شڵه‌قاوو بێ ناکۆکیى و نادادیى و تاوانکاریى بێت، هێنده‌ش ئه‌م دیارده‌یه به‌گوێ و توند‌وتیژتر ده‌بێت. له‌هه‌ر کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا په‌یوه‌ندییه‌کان له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزگرتنى ئه‌وی دیکه‌و پێکه‌وه‌ژیان و رێزگرتن له‌جیاوازییه‌کان دانه‌مه‌زرابێت، چوارچێوه‌یه‌کى کولتووریى و یاسایى و سیاسیى و ئه‌خلاقى بۆ په‌یوه‌ندییه‌کان و کێبڕکێ و ململانێیه‌کان دانه‌ڕێژرابێت، ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یه ژینگه‌یه‌کى له‌باره بۆ هه‌موو جۆره‌کانى توندوتیژیى و له‌ناویشیاندا جنێودان وه‌کو یه‌کێک له‌جۆره‌کانى توندوتیژیى مه‌عنه‌ویی. هاوڵاتى: گیان له‌ده‌ستدانى باباشێخ-ى میرى ئێزدییان و مه‌هاباد قه‌ره‌داغى نووسه‌رو چالاکوان؛ کاردانه‌وه‌ى زۆرى لێکه‌وته‌وه، زۆریش له‌بۆچوونه‌کان به‌بیانوى پاڵنه‌ری ئاینیى بوون هۆکارى ئه‌مه چییه؟ یاسین ئافتاو: دیسانه‌وه ئه‌مه‌ش کۆمه‌ڵێک هۆکارى له‌پشته، یه‌که‌میان په‌یوه‌سته به‌ده‌سه‌ڵاتى سیاسییه‌وه، دووه‌م به‌ئایینه‌وه‌و سێیه‌میش ئابووریى و کۆمه‌ڵایه‌تییه. له‌ڕووى سیاسییه‌وه؛ ئێستا له‌کوردستان ده‌سه‌ڵاتێکى هاوپه‌یمانى هه‌یه، به‌ڵام داینه‌مۆى سه‌ره‌کیى ده‌سه‌ڵاته‌که یه‌کێتیى نیشتیمانیى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستانن، ئه‌و دوو هێزه به‌تایبه‌تى له‌دواى ساڵى ٢٠١٣ه‌وه کوردستان له‌قه‌یرانێکه‌وه به‌ره‌و قه‌یرانێکى دیکه ده‌به‌ن، ئه‌م دوو هێزه به‌درێژایى مێژووى خۆیان له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا هێنده بێزراو‌و نه‌خوازراو نه‌بوون، هه‌رشتێک په‌یوه‌ندیى به‌و دوو هێزه‌وه هه‌بێت به‌ر نه‌فره‌ت و جنێو‌و سووکایه‌تیى ده‌که‌وێت. هه‌ر فیگه‌رێکى سیاسیی، هونه‌ری، کۆمه‌ڵایه‌تیى رۆژێک له‌ڕۆژان له‌به‌رژه‌وه‌ندیى ئه‌و دوو هێزه کارى کردبێت و لێدوانى دابێت و وه‌لائى خۆى بۆ ده‌ربڕیبن و هێشتاش به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا له‌هه‌ر دۆخێک‌دا که‌ڕووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه، جا خۆش بێت یان ناخۆش؛ به‌ر هێرشى هه‌موو ئه‌وانه ده‌که‌وێت که ده‌سه‌ڵاته دووقۆڵییه‌که‌ى یه‌کێتیى و پارتى تا سه‌ر ئێسک ئازارى داون. ئه‌م قسانه‌ى من ده‌یانکه‌م پاساوهێنانه‌وه نیین بۆ دڵخۆشبوونى زۆرێک له‌خه‌ڵک به‌مردنى ئه‌و دوو فیگه‌ره، لێشت ناشارمه‌وه که‌هیچ هه‌ستێکم بۆ مردنى ئه‌و دوو فیگه‌ره نه‌بوو، نه پێم خۆش بوو نه ناخۆش، هه‌ربۆیه ره‌نگه باشتر له‌وانى دیکه بتوانم بابه‌تییانه له‌باره‌یانه‌وه بدوێم. که‌یسى بابه‌شێخ ئایینییه‌و هى مه‌هابادیش زۆرتر سیاسییه، بابه‌شێخ که میرى ئێزیدیانه، زۆرتر له‌لایه‌ن به‌شێک له‌مرۆڤه موسوڵمانه باوه‌ڕدارو دۆگماتیکه‌کانه‌وه په‌لامار درا «بێگومان باوه‌ڕدارانێکیش هه‌بوون دڵخۆش نه‌بوون»، به‌ڵام مه‌هاباد قه‌ره‌داغى به‌رفراوانتر په‌لامار درا، چونکه به‌بڕواى په‌لامارده‌ران؛ ئه‌م ژنه به‌رگریکار بووه له‌گه‌نده‌ڵکاران، سوودمه‌ند بووه له‌ئیمتیازاتى زۆر‌و به‌شێوه‌یه‌کى ناشاییسته‌ش. ئه‌وه جگه له‌وه‌ى به‌ره‌ى په‌لامارده‌ره‌کانى مه‌هاباد ئه‌وانه‌ش له‌خۆده‌گرێت که له‌سه‌ر دیده فێمنیستیى و یه‌کسانییخوازه‌کانى په‌لاماریان دا. لێره‌دا گرنگه ئاماژه به‌یه‌کێک له‌هۆکاره هه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانى ئه‌م په‌لامارو جنێو‌و توندوتیژییانه بده‌م، ده‌سه‌ڵاتى دووله‌تى یه‌کێتیى و پارتی، دۆخێکى ئابووریى و سیاسیى و یاسایى وایان خوڵقاندووه که‌پڕه له‌هه‌ژاریى و نه‌داریی، له‌ترس و نادڵنیایی، له‌پێشێلکردن و ئازاردان، له‌دۆخێکى له‌و جۆره‌دا که‌خه‌ڵک به‌ده‌ست بێده‌سه‌ڵاتیى و په‌رته‌وازه‌یى و نه‌بوونى هێزێک که‌به‌رگرییان لێبکات؛ ده‌ناڵێنن. له‌دۆخێکى وادا به‌رگریى و هێرش بۆسه‌ر خوڵقێنه‌رانى ئه‌و دۆخه ده‌بێته‌وه به‌ئاکتێکى تاکه‌که‌سییانه، ئاکتى تاکه‌که‌سییانه‌ش هه‌میشه له‌فۆرمى له‌م جۆره‌دا به‌رجه‌سته ده‌بێت. هاوڵاتى: چى بکرێت بۆ کۆتاییهاتنى ئه‌و قسانه، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ى سۆشیال میدیا نه‌بێته شوێنى فڕێدانى جنێو‌و قسه‌ى نه‌شیاو؟ یاسین ئافتاو: بێگومان ئه‌و جۆره قسه‌کردن و جنێودانانه هه‌رگیز کۆتای‌یان نایه‌ت، هه‌تا مرۆڤ هه‌بێت قسه‌ى زبر‌و جنێو‌و تانه‌دان له‌یه‌کدى ده‌مێنن، به‌ڵام ده‌بێت قسه‌که‌مان له‌باره‌ى سنووردارکردنه‌وه بێت، ده‌بێت بڵێین چى بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و رووبه‌ره فراوانه‌ى جنێودان ته‌سک بکه‌ینه‌وه‌و ئه‌و ژماره زۆره‌ى جنێوده‌ران و زبرزمانان و لاقرته‌پێکه‌ران که‌مبکه‌ینه‌وه؟ بۆ کارێکى له‌م جۆره ده‌بێت کۆمه‌ڵگه‌یه‌کت هه‌بێت که به‌شه جیاوازه‌کانى په‌یوه‌ندییه‌کى یه‌کانگیرو هارمۆنییان پێکه‌وە هه‌بێت، ده‌بێت دامه‌زراوه کۆمه‌ڵایه‌تیى و سیاسیى و په‌روه‌رده‌یى و میدیاییه‌کان په‌یوه‌ندیى هاوکارانه‌و هه‌ره‌وه‌زکارانه له‌نێوانیاندا هه‌بێت، ده‌بێت پێکه‌وه دۆخێک بهێننه ئاراوه که‌جنێودان کارێکى قێزه‌ون و جنێوفرۆش که‌سێکى نزم و بێزراو بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش سه‌رناگرێت هه‌تا دۆخێکى ئابووریى هاوسه‌نگ، ره‌وشێکى سیاسیى ئارام و ژینگه‌یه‌کى کۆمه‌ڵایه‌تیى له‌سه‌ر رێزى به‌رانبه‌رو پێکه‌وه ژیان بونیاد نه‌نرابێت. هه‌ژارى دایک و باوکى هه‌موو جۆره‌کانى توندوتیژییه، هه‌ژارى بۆ نزمترین ئاسته‌کان داببه‌زێنه، له‌گه‌ڵیدا هه‌موو جۆره‌کانى توندوتیژیى له‌که‌میى ده‌ده‌ن، خۆ له‌خۆڕا کورد نه‌یوتووە «کاسه‌ى پێ ئاشتیى ماڵه». نایه‌کسانیى و له‌پڕبوونه‌کوێ و تاڵانیى و گه‌نده‌ڵیى و نه‌بوونى سزادان و لێپێچینه‌وه له‌وانه‌ى هه‌ر له خۆوه ده‌بنه خاوه‌نى هه‌موو شتێک؛ هۆکارێکى دیکه‌ى توندوتیژییه، له‌حاڵه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا؛ هه‌ژاریى و نایه‌کسانیى دوو پاڵنه‌رى هه‌ره سه‌ره‌کین بۆ توندوتیژیى و به‌تایبه‌تیى بۆ جنێودان. به‌ڵام ئه‌م قسانه‌ى پێشه‌وه به‌و مانایه نایه‌ن که‌ده‌بێت سه‌رچاوه‌کانى دیکه‌ى جنێودان و توندوتیژى زاره‌کیى فه‌رامۆش بکه‌ین. په‌روه‌رده‌ى خێزانیی، هى خوێندنگه‌و په‌رستگه و میدیایى کارایى گه‌وره‌یان هه‌یه له‌ته‌شه‌نه‌سه‌ندن یان که‌مبوونه‌وه‌ى ئه‌م دیارده‌یه‌دا. باشترین رێگه بۆ که‌مکردنه‌وه‌و سنووردارکردنى دیارده‌ى جنێودان بریتییه له‌چاککردن و گه‌شه‌پێدانى ژێرخانى کۆمه‌ڵگه، ده‌بێت خه‌ڵک له‌ڕووى داراییه‌وه باش بن، ده‌بێت رێ بگیردرێت له‌ده‌وڵه‌مه‌ندبوونى ناڕه‌وا، ئینجا رێکاره په‌روه‌رده‌ییه‌کان به‌پله‌ى دووه‌م دێن، پاشان رێکاره یاسایى و سزایى و لێپێچینه‌وه‌کان به‌پله‌ى سێیه‌م. به‌کورتییه‌که‌ى پێداویستیی بنه‌ڕه‌تییان بۆ خه‌ڵک دابین بکه، په‌روه‌رده‌ى دروستیان بکه، هۆشدارییان پێبده‌و بیانترسێنه، خۆبه‌خۆ ئه‌م دیارده‌یه و هه‌موو دیارده نه‌شیاوه‌کانى دیکه‌ش که‌م ده‌بنه‌وه. هاوڵاتى: کێ ده‌توانێت کاریگه‌رى هه‌بێت بۆ چاککردنى ئه‌و بارودۆخه؟ یاسین ئافتاو: به‌ر له‌هه‌مووان ده‌سه‌ڵاتى سیاسیی، ده‌بێت به‌باشیى کاره‌کانى خۆى جێبه‌جێ بکات، ده‌بێت دۆخێک بێنێته ئاراوه که‌هه‌موو ئه‌وانه‌ى ده‌توانن له‌م پرسه‌دا رۆڵیان هه‌بێت کارێک بکه‌ن، تۆ که بازاڕت خاپوور کردبێت، که‌شى سیاسییت پێ کردبێت له‌ترس و توندوتیژی، که‌مووچه نه‌ده‌یت و قوتابخانه‌کانت کردبێته که‌لاوه، تۆیه‌ک که‌ده‌رفه‌تت دابێت به‌ژماره‌یه‌کى که‌مى خه‌ڵک باشترین ژیانیان هه‌بێت و زۆرینه‌ش به‌ده‌ست نه‌بوونى و ده‌سکورتی و مه‌راق و خه‌فه‌ته‌وه وه‌خت بێ دیق بکه‌ن؛ هێشتاش چاوه‌ڕێ ده‌که‌یت جنێو نه‌ده‌ن؟! ئه‌وه نامومکینه، هه‌ر رێکارێکى سزادان و چاوسوورکردنه‌وه و هه‌ڕه‌شه به‌یاساو کارى له‌و جۆره ده‌ره‌نجامه‌که‌ى پێچه‌وانه ده‌بێت، بگره خراپتریش ده‌بێت، چونکه ئه‌و ڕێکارانه به‌بێ چاککردنى ژێرخانه‌که؛ له‌دۆخى توندوتیژیى مه‌عنه‌وییه‌وه به‌ره‌و خراپترین جۆره‌کانى توندوتیژیى فیزیکیمان ده‌بات.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم حه‌سۆ ئیبراهیم، جێگرى هاوسه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى دیموکراتى شه‌نگال رێکەوتنی حکومەتی هەرێم و عێراق لەسەر شنەنگال بە دەستی تورکیا دەزانێت و دەڵێت ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ى رێککه‌وتنه‌کەوه شه‌نگال رادەستی تورکیا بکه‌ن. حه‌سۆ ئیبراهیم، لەچاوپێکوتنێکیدا لەگەڵ ھاوڵاتی وتی «ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت هێزه‌کانى یه‌به‌شه دووربخه‌نه‌وه له‌شه‌نگال و بیانه‌وێت ئیستفزازمان بکه‌ن و شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ بکه‌ن ئاماده‌ین به‌رگرى له‌خاکى شه‌نگال و گه‌لى شه‌نگال بکه‌ین». هەروەها وتی کە رێککەوتنەکە «پیلانێکى سیاسییه دژى یه‌به‌شه که له‌ڕێگه‌ى پێشمه‌رگه‌ى پارتییه‌وه هێزى تورکیا ده‌ربازى شه‌نگال بکه‌ن و خه‌ڵکى شه‌نگال دووباره‌و جارێکى تر تووشى کۆچ و ده‌رده‌سه‌رى بکه‌ن، دیاره ئه‌و پیلانه وه‌کو پیلانه‌کانى داگیرکردنى سه‌رێکانى و گرێ سپییه‌و تورکیا ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ى پێشمه‌رگه‌وه داخڵى شه‌نگال ببێت». ھاوڵاتی: ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق کرا وه‌ک خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى شه‌نگال خوێندنه‌وه‌تان بۆى چییه؟ حه‌سۆ ئیبراهیم: ئێمه وه‌کو خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى دیموکراتى شه‌نگال هه‌ڵوێستمان دیاره، ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى نێوان حکومه‌تى عێراق و هه‌رێم ره‌تده‌که‌ینه‌وه، هیچ که‌سێکى شه‌نگالى له‌و رێککه‌وتنه‌دا ئاماده نه‌بووه‌و ئه‌وان به‌بێ خه‌ڵکى شه‌نگال ناتوانن بڕیارى له‌سه‌ر بده‌ن، قبوڵ ناکه‌ین شه‌نگال بگه‌ڕێته‌وه بۆ پێش ساڵى 2014، شه‌نگال خۆسه‌رى و دیموکراتى ده‌وێت و ئیدارەدانى شه‌نگال پێویسته خه‌ڵکى شه‌نگال به‌ڕێوه‌ى ببه‌ن و بڕیار له‌چاره‌نووسى خۆیان بده‌ن، ئه‌مریکا بێت یا عێراق و تورکیا و پارتى و حکومه‌تى هه‌رێم رێککه‌وتن بکه‌ن خه‌ڵکى شه‌نگال به‌شدار نه‌بێت تێیدا ئێمه قبوڵى ناکه‌ین. ھاوڵاتی: خۆپیشاندانى شه‌نگالییه‌کان په‌یوه‌ندى به‌ڕێککه‌وتنه‌که‌وه هه‌یه؟ حه‌سۆ ئیبراهیم: گه‌ل و خه‌ڵکى شه‌نگال قه‌بوڵ ناکه‌ن بڕیار له‌سه‌ریان بدرێت به‌بێ به‌شدارى خه‌ڵکه‌که‌ى، چونکه گه‌ڕانه‌وه‌ى ئیداره‌ى شه‌نگال به‌و شێوه‌یه‌ى باس ده‌کرێت قبوڵکراو نییه، وه‌کو ئه‌نجومه‌نى خۆسه‌رى دیموکراتى به‌شدارى ئه‌و خۆپیشاندانه ده‌که‌ین و پشتیوانى خه‌ڵکى شه‌نگال ده‌که‌ین. ھاوڵاتی: هێزه‌کانى یه‌به‌شه له‌سه‌ر سنورى سوریا‌و شه‌نگالدان، یان پۆلیسى عێراقى تێدایه؟ حه‌سۆ ئیبراهیم: وه‌کو هێزێکى عه‌سکه‌رى یه‌به‌شه زارۆکى شه‌نگالن و زارۆکى یه‌زیدیانه، ناتوانن هێزى یه‌به‌شه له‌شه‌نگال ده‌ربکه‌ن، ئه‌وانه خه‌ڵکى شه‌نگالن، هه‌تا یه‌ک ئینسان نییه باسى شتێکى وابکا، هێزى یه‌به‌شه بۆ پاراستنى شه‌نگاله، به‌شێک له‌هێزى یه‌به‌شه موچه له‌حکومه‌تى عێراق وه‌رده‌گرن، ئه‌گه‌ر داواى ئه‌وه بکه‌ن حه‌ره‌س حدود یان سوپاى عێراق بێته شه‌نگال، حه‌ره‌س حدودو پۆلیسى عێراقى له‌ناو شه‌نگالدا هه‌یه، به‌ڵام دیاره ئه‌وە پیلانێکى سیاسییه دژى یه‌به‌شه که له‌ڕێگه‌ى پێشمه‌رگه‌ى پارتییه‌وه هێزى تورکیا ده‌ربازى شه‌نگال بکه‌ن و خه‌ڵکى شه‌نگال دووباره‌و جارێکى تر تووشى کۆچ و ده‌رده‌سه‌رى بکه‌ن، دیاره ئه‌و پیلانه وه‌کو پیلانه‌کانى داگیرکردنى سه‌رێکانى و گرێ سپییه‌و تورکیا ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ى پێشمه‌رگه‌وه داخڵى شه‌نگال ببێت، وه‌کو خه‌ڵکى شه‌نگال ئه‌مه قبوڵ ناکه‌ین و چى پێویست بکات ده‌یگرینه‌به‌ر بۆ پاراستنى گه‌ل و خه‌ڵکى شه‌نگال. ھاوڵاتی: واتا پێتانوایه پارتى له‌ڕێگه‌ى ئه‌م رێککه‌وتنه‌وه ده‌یه‌وێت تورکیا بهێنێته ناو شه‌نگاله‌وه؟ حه‌سۆ ئیبراهیم: دیاره پیلانی ئه‌وان ئه‌وه‌یه له رێگه‌ى ئه‌م رێککه‌وتنه‌وه پارتى میت بهێنێته ناو شه‌نگال و ده‌وڵه‌تى تورکیا داخڵى شه‌نگال بکه‌ن و به‌بڕواى ئه‌وان وایه که‌ئێمه له‌شه‌نگال بکه‌نه ده‌ره‌وه، له‌کاتێکدا هه‌موو که‌س ده‌زانێت داعش له‌ڕێگه‌ى تورکیاوه داخڵى سوریا‌و عێراق بووه. پێشمه‌رگه به‌ناوى پێشمه‌رگه‌ى رۆژ ببه‌نه‌وه بۆ رۆئاواى کوردستان نه‌یانتوانى سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن، ئێستا ده‌یانه‌وێت له‌ڕێگه‌ى ئه‌م رێککه‌وتنه‌وه شه‌نگال ته‌سلیمى تورکیا بکه‌ن و پێشمه‌رگه‌ى رۆژ له‌ڕێگه‌ى شه‌نگاله‌وه ده‌ربازى رۆژئاوا بکه‌ن و سنورى شه‌نگال- سوریا ته‌سلیمیان بکه‌ن، خه‌ڵکى شه‌نگال ئه‌مه قبوڵ ناکه‌ن. ھاوڵاتی: هێزه‌کانى یه‌به‌شه که خه‌ڵکى یه‌زیدى و شه‌نگالین چه‌ندن له‌شه‌نگالدا؟ حه‌سۆ ئیبراهیم: ژماره‌ى یه‌به‌شه باشن، ئاسایشى یه‌زیدان یه‌به‌شه یه‌ده‌شه، ژماره‌یه‌کى ئه‌وان له‌ده‌وڵه‌تى عێراق موچه وه‌ردگرن و چه‌کى پێداون و ژماره‌ى هێزه‌کان نزیکه‌ى پێنج هه‌زار که‌سه‌و حکومه‌تى عێراق موچه‌و چه‌کى داوه‌ته هه‌زارو (500) که‌س. ھاوڵاتی: له‌سه‌ر سنورى سوریا‌و شه‌نگال که‌درێژییه‌که‌ى نزیکه‌ى 200 کیلۆمه‌تره چ هێزێکى لێیه؟ حه‌سۆ ئیبراهیم: له‌سه‌ر سنورى سوریا‌و شه‌نگال هێزى عێراقى لێیه‌و جارجار رێککه‌وتن له‌نێوان یه‌به‌شه‌و هێزى عێراقى ده‌کرێت، نوقته‌ى هاوبه‌شیان پێکه‌وه له‌سه‌ر سنور هه‌یه بۆ پاراستنى شه‌نگال. ھاوڵاتی: به‌پێى رێککه‌وتنه‌که رازى ده‌بن پێشمه‌رگه به‌ناوى پاسه‌وانى سنور بچێته سه‌ر سنورى سوریا‌و شه‌نگال؟ حه‌سۆ ئیبراهیم: ئێمه نابینه ئه‌وه‌ى که شه‌ڕ دروست ببێت و خواستى شه‌ڕ ناکه‌ین، گه‌لى یه‌زیدى و خه‌ڵکى شه‌نگال شه‌ڕ ناخوازن، وه‌کو باوه‌ڕى ئێمه ئاوه‌دانى و خۆشگوزه‌رانى خه‌ڵکى شه‌نگالمان ده‌وێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت هێزه‌کانى یه‌به‌شه دووربخه‌نه‌وه له‌شه‌نگال و بیانه‌وێت ئیستفزازمان بکه‌ن و شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ بکه‌ن ئاماده‌ین به‌رگرى له‌خاکى شه‌نگال و گه‌لى شه‌نگال بکه‌ین. ھاوڵاتی: دواى ئه‌م رێککه‌وتنه په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراقى کردووه که رۆڵى ئێوه چی ده‌بێت له‌م رێککه‌وتنه‌دا؟ حه‌سۆ ئیبراهیم: ئاسایشی نیشتیمانی بڕیاره بێته شه‌نگال و ئه‌مریکییه‌کانیش هاتوون و هێزى عێراقیش هاتوون و گفتوگۆمان کردووه‌و پێمان راگه‌یاندوون قبوڵ ناکه‌ین کێشه‌ى شه‌نگال چاره‌سه‌ر نه‌کرێت و خه‌ڵکه‌که‌ى دووباره ئاواره بکرێته‌وه، ئه‌گه‌ر حکومه‌تى باشورى کوردستان ده‌یه‌وێت دۆخى شه‌نگال ئاسایى بکاته‌وه با جارێ بێت هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌رپرسیاربوون له‌و دۆخه‌ى به‌سه‌ر شه‌نگال و گه‌لى ئێزیدیدا هاتووه مه‌حکه‌مه بکرێت و به‌سزاى خۆیان بگه‌یه‌ندرێن، ئه‌وانه‌ى خیانه‌تیان له‌گه‌ل و خه‌ڵکى شه‌نگال کرد ده‌بێت دادگایى بکرێن، ئه‌گه‌رنا ئێمه قبوڵ ناکه‌ین ئه‌و که‌سانه بهێندرێنه‌وه ناو شه‌نگال که‌گه‌لى شه‌نگالیان به‌کوشتداو به‌هه‌زاران که‌سیان ئاواره‌و بێسه‌روشوێن کردووه‌و زارۆک و ژنى شه‌نگالیان به‌کوشتدا، ئه‌وانه‌ى خیانه‌تیان کرد بۆیان نییه بێن ئیداره‌ى شه‌نگال بکه‌ن و سیاسه‌تى خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن له‌ناو شه‌نگالدا. ھاوڵاتی: ئاواره‌کانى شه‌نگال له رێککه‌وتنه‌که‌دا باس کراوه، ئایا پێشتر رێگه دراوه ئاواره‌کان بگه‌ڕێندرێنه‌وه شه‌نگال؟ حه‌سۆ ئیبراهیم: پارتى نه‌یهێشتووه ئاواره‌کان بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شه‌نگال له‌به‌رئه‌وه‌ى هێزى یه‌به‌شه‌و یه‌ده‌شه‌ى لێیه، پارتى نه‌یویستووه ئاواره‌کان بگه‌ڕێنه‌وه شه‌نگال، ئێمه وه‌ک ئه‌نجومه‌نى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى شه‌نگال چه‌ندین جار داخوازیى ئه‌وه‌مان کردووه که ئاواره‌کان بگه‌ڕێندرێنه‌وه، به‌ڵام رێگه‌یان نه‌داوه. ھاوڵاتی: ئه‌و داواکارییه چۆن ده‌خوێننه‌وه که نابێت هێزه‌کانى سه‌ر به په‌که‌که له‌شه‌نگالدا بمێنن؟ حه‌سۆ ئیبراهیم: ئه‌و داواکارییه گاڵته‌جارییه، زارۆک و خه‌ڵکى شه‌نگال له‌ناو هێزه‌کانى یه‌به‌شه‌و خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى دیموکراتى شه‌نگالدان، بۆ کوێ بچنه ده‌رێ، ئه‌وانه‌ى وا ده‌ڵێن به‌زمانى دوژمن قسه ده‌که‌ن. ھاوڵاتی: بۆ ده‌رکردنى چه‌کدارانى داعش، یه‌به‌شه چه‌ند شه‌هیدو بریندارى هه‌بووه بۆ رزگارکردنى شه‌نگال؟ حه‌سۆ ئیبراهیم: زیاتر له (309) شه‌هیدمان هه‌یه‌و برینداره‌کانى یه‌به‌شه زیاتر له‌هه‌زارو (500) بووه، یه‌به‌شه قوربانى داوه بۆ پاراستنى گه‌ل و خه‌ڵکى ئێزیدى، ئێمه شه‌نگالمان پاراست، زارۆک و ژنمان پاراست، خاک و گه‌لى شه‌نگالمان پاراست، ئێمه خیانه‌تمان له‌شه‌نگال نه‌کردووه‌و قوربانیمان داوه له‌پێناو ژیان و ئازادى شه‌نگال، ئێستا قه‌بوڵ ناکه‌ین به‌ناوى ئیداره‌دانه‌وه میتى تورکیا بهێننه ناو شه‌نگاله‌وه. ھاوڵاتی: ئایا ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ پارتى دیموکراتى کوردستاندا رێککه‌وتن بکه‌ن له‌سه‌ر ئیداره‌دانى شه‌نگال؟ حه‌سۆ ئیبراهیم: ئێمه حازرین له‌گه‌ڵ پارتى یا عێراق و ئه‌مریکاو هەر حزبێک بێت دیالۆگ له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ بکه‌ین، له‌سه‌ر مافى خه‌ڵکى ئێزدى و خه‌ڵکى شه‌نگال که له‌به‌رژه‌وه‌ندى گه‌لى ئێزدی‌دا بێت، به‌ڵام ئێمه رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا ناکه‌ین که‌ده‌ستیان به‌خوێنى ئێزدى سور بووه‌و خیانه‌تیان لێکردووه. ھاوڵاتی: پارتى له‌کوێی شه‌نگالدا هێزى سه‌ربازیى و رێکخستنى هه‌یه؟ ئایا په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه؟ حه‌سۆ ئیبراهیم: پارتى له‌ڕێگه‌ى قاسم شه‌شۆ که (100) پێشمه‌رگه‌یه‌کى له‌گه‌ڵدایه له‌مه‌زارگه‌ى شه‌ره‌فه‌دنین هه‌یه‌و پاراستنى ئه‌و مه‌زراگه‌یه ده‌که‌ن، هێزى حه‌یده‌ر شه‌شۆ که گرێدراوه به‌وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ئه‌ویش هێزى هه‌یه. په‌یوه‌ندیمان هه‌بوو، به‌ڵام پارتى چى بخوازێت ئه‌وان ئه‌وه جێبه‌جێ ده‌که‌ن، قاسم شه‌شۆ مامى حه‌یده‌ر شه‌شۆیه، قاسم شه‌شۆ چى ببێژێت، حه‌یده‌ر شه‌شۆ قسه‌ى مامى ده‌کات، ئه‌وان ره‌نگه نه‌خوازن په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت پێکه‌وه ئه‌وه‌ش پارتى بڕیارى له‌سه‌ر ده‌دات.