هاوڵاتى نوسینگه‌ى هه‌ماهه‌نگى نێوده‌وڵه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، له‌وه‌ڵامى رێکخراوێکى نێوده‌وڵه‌تیدا که داواى ئازادکردنى سزادراوانى بادینانى کردبو، ده‌ڵێت" ده‌ستگیرکراوانى بادینان پلانیان بۆ تێکدانى سه‌قامگیریى هه‌رێمى کوردستان هه‌بووه". ده‌قى راگه‌یه‌ندراوه‌که: له وه‌ڵامى لیژنه‌ى پاراستنى رۆژنامه‌نوسان، سى پى جه‌ی، تۆمه‌تباران دادگایى کراون له‌سه‌ر بنه‌ماى یاساى سزادانى عێراقى که له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه په‌سه‌ند کراوه. دادگاى تاوانى هه‌ولێر بڕیارى له‌سه‌ر سزادانى پێنج داواکراودا. بڕیاره‌که له لایه‌ن سى پى جى ره‌خنه‌ى لێ‌گیرا و داواى له دادگا کرد، بڕیاره‌کان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و سزاى سه‌ر سزادراوان به‌بێ گوێدانه به‌ڵگه و دانپێدانانه‌کان هه‌ڵبگرێت. به‌م بۆنه‌وه، نوسینگه‌ى هه‌ماهه‌نگى نێوده‌وڵه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه بڵاوده‌کاته‌وه: به‌گوێره‌ى مادده‌ى 125 له یاساى رێکاره‌کانى دادگا ژماره 23 ساڵى 1971، بڕیاره‌که مایه‌ى تانه لێدانه جا له رێگاى راسته‌وخۆ گواستنه‌وه‌ى دۆسییه له رێگاى دادوه‌ره‌وه بۆ دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه یاخود له رێگاى تانه‌ى خێزان یان پارێزه‌رى سزاداراو له ماوه‌ى سێ رۆژ دواى بڕیاره‌که. ئه‌و دادوه‌ره‌ى بڕیاره‌که‌ى داوه، دۆسییه‌که‌ى ره‌وانه‌ى دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه کردوه که دۆسییه‌که یه‌کلا ده‌کاته‌وه له رێگاى پێداچونه‌وه و دڵنیابونه‌وه له به‌ڵگه و لێدوانى تۆمه‌تباران. داواکراوان به‌گوێره‌ى مادده‌ى 165 و به‌گوێره‌ى یاساى سزادانى عێراقى ژماره 111 ساڵى 1969 که له لایه‌ن په‌رله‌مانى کوردستانه‌وه به ژماره 23 له ساڵى 2003 په‌سه‌ندکراوه، دادگایى کراون. به‌ڵگه‌کان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن، تۆمه‌تباران له رێگاى سۆشیاڵ میدیا و گروپى دانوستان، پلانیان بۆ تێکدانى سه‌قامگیریى هه‌رێمى کوردستان هه‌بوه. به‌ڵگه‌کان بریتین له گرتنى وێنه‌ى ناوچه‌ى قه‌ده‌غه‌کراوى ئه‌منى و ده‌نگه نامه که تێیدا باس له هه‌ڵگرتنى چه‌ک ده‌کرێت دژى حکومه‌ت. تۆمه‌تباران ئۆتۆمبێلى بێ به‌ڵگه‌یان به‌کارهێناوه که چوار مه‌غزه‌نى کڵاشینکۆڤ، تاپێ و دوربینى سه‌ربازیى تێدابوه. یه‌کێک له تۆمه‌تباران هه‌وڵى وه‌رگرتنى زانیارى له‌باره‌ى شوێنى بۆردومانى فڕۆکه جه‌نگییه‌کانى سه‌ر سنور و تاکتیکى سه‌ربازى پێشمه‌رگه له روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى تیرۆر داوه. هه‌روه‌ها چاودێرى چالاکییه‌کانى به‌رپرسانى سه‌ربازییان کردوه. ئه‌م زانیارییانه که له رێکخراوه ناحکومییه‌کان و هاوبه‌شه ده‌ره‌کییه‌کانیان وه‌ریانگرتوه بڵاوکردوه‌ته‌وه. ئه‌م به‌ڵگانه ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن که ئه‌و که‌سانه رۆژنامه‌نوسیان بۆ مه‌به‌ستى سیاسى خۆیان به‌کارهێناوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش، تۆمه‌تباران له سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نووسانى هه‌رێمى کوردستان ناویان تۆمار نه‌کردوه و کاریشیان بۆ هیچ دامه‌زراوه‌یه‌کى میدیایى نه‌کردوه. تایبه‌تمه‌ندى رۆژنامه‌نوسیان نییه، تا وه‌ک رۆژنامه‌نوسێک به‌رگریان لێ بکرێت. یه‌کێک له تاوانباران دانى به‌وه‌دا ناوه، له گروپێکى دانوستان ''چات'' ده‌رکراوه چونکه چالاک نه‌بوه و ئاماده نه‌بوه کاره‌کان ئه‌نجام بدات، دواتریش له دادگا دانى به هه‌ڵه‌ى خۆى بۆ چونه ناو ئه‌و گروپه ناوه. هه‌ندێک تۆمه‌تکراوه به‌وه‌ى ئه‌م که‌سانه له ژێر فشار دانیان به تاوانه‌کان ناوه، بۆ نه‌هێشتنى ئه‌م گومانه، لیژنه‌ى نێوده‌وڵه‌تى خاچى سور و یۆنامی، مافى سه‌ردانکردنى زیندانه‌کانیان هه‌بوه. پێشتر ئه‌وان رایانگه‌یاندبو، ژینگه و دۆخى ده‌ستگیرکراوان له ئاست بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه.
هاوڵاتى لەسەروبەندی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەرکەوتنی خۆی راگەیاند لەشەڕی گارە کەماوەی چوار رۆژ ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنی چڕی ئەنجامدا لەزنجیرە چیاکانی ناوچەکەدا دژی گروپەکە. پەکەکە لە راگەیەندراوێکدا سەرکەوتنی لەشەڕی گارە راگەیاند، ئەمەش دوای چوار رۆژ لەئۆپەراسیۆنێکی چڕ لەزنجیرە چیاکانی گارە لەلایەن تورکیاوە دژی پەکەکە کەئەنقەرە کۆتایی پێهێنا، لەکاتێکدا (١٠) هەزار چەکداری حەشدی شەعبی رەوانەی شەنگال کران بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەگەری هێرشی ئەنقەرە بۆ سەر قەزاکە. بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) بڵاویکردەوە «بەهۆی شکستهێنانیان، سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ناچاربووە بکشێتەوە». لەلایەکی ترەوە خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا، لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکەیان دژی پەکەکە کۆتایی هاتووە لەهەرێمی گارەو (٤٨) گەریلایان شەهید کردووە. ئاکار راشیگەیاند (١٣) «هاوڵاتى تورکی بێ‌تاوان»یان دۆزیوەتەوە لەیەکێک لەئەشکەوتەکانی گارە کە لەلایەن پەکەکەوە لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە کوژراون و (١٢) کەسیان فیشەک بەسەریانەوە نراوە، بەڵام پەکەکە پێشتر رایگەیاندبوو کەتورکیا بۆمبارانی ئەو شوێنانە دەکات کەدیلی تێدایەو دیلەکان «پۆلیس و سیخوڕی» تورکن. لە راگەیاندراوەکەی نەپەگەدا هاتووە کە «سوپای تورک هێرشی ئاسمانیی و زەمینی کردووەتەسەر کامپی دیلەکان و بووەتە هۆی کوژرانی بەشێک لەئەندامانی میت و پۆلیسی خۆی، کە لای گەریلا دیل بوون». گــــارە تورکیا لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢١ ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ-٢ی راگەیاند کە بەئامانجی پاراستنی سنور‌و رزگارکردنی چەند دیلێک بوو لەژیر دەستی پەکەکە لەزنجیرە چیاکانی گارە لەهەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا پەکەکە باس لەوەدەکات کەئۆپەراسیۆنەکە بۆ داگیرکردنی شنگال و دواتر باشوری کوردستانە. نەپەگە لەڕاگەیاندراوەکەدا باسی لەوە کردووە «هێرشی سەر کامپی دیلەکان، بەهیچ جۆرێک بۆ رزگارکردنیان نەبووە، بەڵکو ئامانج لەناوبردنیان بوو، دەوڵەتی تورک خۆی لێی بەرپرسیارە». ئۆپەراسیۆنەکە ماوەی چوار رۆژی خایاند‌و تێیدا شەڕی قورس لەنێوان هەردوولا روویداو هەر لایەکیش ئاماری جیاوازی قوربانی دەخاتەڕوو. ئاکار رایگەیاند کە لەئۆپەراسیۆنەکەدا (٥٠) پێگەی پەکەکەیان تێکشکاندووەو سێ سەربازیان کوژراوەو و دوو سەربازی تریشیان بریندارە، بەڵام پێشتر پەکەکە رایگەیاندبوو (٣٠) سەربازیی تورکیایان کوشتووە. ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ-٢ ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زەمینی بوو کە لەزنجیرە چیاکانی گارە ئەنجامدرا کەدەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی پاریزگای دهۆک و (٥٠) کیلۆمەتر لەپارێزگاکەوە دوورە. ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنقەرە دوای سەردانی وەفدەکەی تورکیا دێت بەسەرکردایەتی خلوسی ئاکار لە ١٨ی مانگی رابردوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کەتێیدا وەزیری بەرگریی تورکیا باسی لەوەکرد وڵاتەکەی دەیەوێت هێرشەکانی پەکەکە کۆتایی پێبهێنێت بۆ «زامنکردنی ئاسایشی سنوری وڵاتەکەی و ئاشتی ناوچەکە». پێشتر بڵاوکرایەوە کەپارتی دیموکراتی کوردستان لەهێرشەکانی تورکیا بەشدارەو هاوکاریی تورکیا دەکات بەبەشداریپێکردنی پێشمەرگە لەشەڕەکەدا، بەڵام دواتر پەکەکە رایگەیاند هیچ بەڵگەیەک نییە کەئەو هەواڵانە پشتڕاستبکاتەوە، هەرچەندە تورکیا بنکەکانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی. تائامادەکردنی ئەم راپۆرتە، پەکەکە قوربانییەکانی خۆی نەخستووەتەڕوو لەگەڵ هەواڵی نوێ لەسەر ژمارەی کوژراوانی سەربازانی تورکی، بەڵام لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە بەمزووانە قوربانییەکان بڵاودەکرێتەوە بۆ رای گشتی. شـــەنگــال لەسەروبەندی ئۆپەراسیۆنەکەداو پێش ئۆپەراسیۆنەکەش هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کەتورکیا بەنیازە هێرش بکاتەسەر شەنگال، کەهێزێکی سەر بەپەکەکەی لێ جێگیرە بەناوی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە). لە رۆژی شەممەی رابردوو، ١٣ی شوباتی ٢٠٢١، سێ فەیلەقی هیزەکانی حەشدی شەعبی رەوانەی شەنگاڵ کران کەژمارەیان (١٠) هەزار سەربازە، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی بەرپرسانی تورکیا کە بەنیازن هێرش بکەنەسەر قەزاکە. لەمانگی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا نیازی خۆی نەشاردەوە لەپەلاماری شەنگال و رایگەیاند «تورکیا هەمیشە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ عێراق دژی پەکەکە، رەنگە لەپڕێکدا لەشەوێکدا بگەینە ئەوێ». لەپێنجشەممەی رابردووش‌دا ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا، بەدووری نەزانی ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدرێت لەشەنگال دژی یەبەشەو راشیگەیاند ئەنقەرە بەهەماهەنگی بەغدادو هەولێر پێشتر ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی پەکەکە ئەنجامداوە. لەساڵی ٢٠١٤ پەکەکە توانی پێگەی خۆی بەهێز بکات لەشەنگال دوای چوونە ناوەوەی هێزەکانی بۆ پارێزگاریکردن لەیەزیدییەکانی ناوچەکەو شەڕکردنی دژی داعش، تائێستاش یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە) هەژموونی خۆی هەیە بەسەر قەزاکەوە. یەبەشە لەئێستادا بەسێکە لەحەشدی شەعبی. لەمانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان بەسەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنێکیان ئەنجامدا بۆ دەرکردنی هەموو هێزەکانی شەنگال و دامەزراندنی هێزێکی حکومی بۆ پاراستنی ناوچەکە، بەڵام تائێستا ئەو رێککەوتنە شکستی هێناوە، ئەمەش لەئاستی چاوەڕوانییەکانی تورکیادا نییە. لەشه‌ممەی رابردوودا 13ى شوباتى 2021، له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا، هادى عامرى سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى فه‌تح رایگه‌یاند:» زانیاریى وردى هه‌واڵگرى و پشتڕاستکراومان پێگه‌یشتووه که‌سوپاى تورکیا به‌رنامه‌ى هه‌یه هێرشبکاته سه‌ر چیاى شه‌نگال و داگیرکارى ئه‌نجامبدات». هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: »پێویسته حکومه‌تى تورکیا کۆتایى به‌و هه‌ڵسوکه‌وته دوژمنکارانه‌یه‌ى به‌رامبه‌ر خاکى عێراق بهێنێت، چونکه خزمه‌تى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى هه‌ردوو وڵات ناکه‌ن و کاریگه‌ریى خراپیان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان ده‌بێت». عەبدوڵا حەوێز، رۆژنامەنووس و تووێژەر، لەتویتەری خۆی نووسیویەتی: «دەنگۆ هەیە کەبڵاوەپێکردنە نوێیەکەی میلیشیاکانی شیعە [بۆ شەنگال] لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە فەرمانی لەسەر دراوە کەمانای ئەوەیە رێککەوتنەکەی بەغدادو هەولێر لەسەر شەنگال، کەباس لەوەدەکات میلیشیای شیعەو یەبەشە دەبێت دەربکرێن، کۆتایی پێهاتووە». حەوێز نووسیویشیەتی، ناردنی هێز «ئەوەش نیشان دەدات کە بەغداد بەتوندی دژی هەنگاوی تورکیایە لەشەنگال». بەڵام مایکڵ روبن، تووێژەر لە پەیمانگەی ئەمەریکان ئینتەرپرایس، باس لەوەدەکات سەرۆک وەزیرانی عێراق نایەوێت زۆر لەتورکیا بکات لەشەنگالدا. «مستەفا کازمی لەئێستادا زۆر کێشەی هەیە رووبەڕووی ببێتەوە وەک قەیرانی ئابوری و هەڕەشەی میلیشیاکانی سەر بەئێران، بۆیە ئامادە نییە فشاری توند لەتورکیا بکات هەرچەندە بەرگریکردن لەسەروەری عێراق پێویستی بەوەیە». روبن، کە لەچاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی هاوار نیوز قسەی کردووە، باس لەوەدەکات کە مەبەستی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال سێ هۆکاری هەیە. «هۆکاری یەکەم، بەسادەیی رەگەزپەرستییە، ئەو [ئەردۆغان] رقی لەکوردە... دووەم هۆکار ئەوەیە ئەو دەزانێت ئەو گروپانەی فەلسەفەی گشتیی عەبدوڵا ئۆجەلان پەیڕەو دەکەن، هەڕەشەن بۆ خۆی و داردەستەکانی. ئەم گروپانە زۆر ناسراون لەناو شەنگال و بەشێوەیەکی زیاد لەسەرتاسەری کوردستانی عێراق ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەوان دەیانەوێت حوکمڕانییەکی پاکترو کاریگەرتر پێشکەش بکەن بەبەراورد بەپارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا کەهەردووکیان گەندەڵن». روبن هۆکاری سێیەم بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کەتورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان هەردووکیان دەیانەوێت شکستە ئابورییەکانی خۆیان بەهۆی شەڕەوە بشارنەوە. «کۆتا هۆکار بۆ ئەوەی کەشەڕ بوونی هەیە، ئەوەی کەهەم پارتی دیموکراتی کوردستان و هەم ئەردۆغان دەیانەوێت سەرنج لەسەر ئەو راستییە لابدەن کەئابوری هەردوولایان لەقەیراندایە بەهۆی خراپ مامەڵەکردنیانەوە»، روبن وای وت
هاوڵاتى سى و یه‌ک ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان رایده‌گه‌یه‌نن، بڕیاره‌که‌ى دادگاى هه‌ولێر بۆ سزادانى ده‌ستگیرکراوانى بادینان پێچه‌وانه‌ى بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ‌و ئامانجه‌کانی ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991)ی خه‌ڵکی کوردستان بۆ ئازادی‌و ئازادی ڕاده‌ربڕین بوه و داوا له دادگای پێداچونه‌وه ده‌که‌ن "ماف بۆ مافخوراوان بگه‌ڕێنێته‌وه". ئه‌مڕۆ 17ى شوباتى 2021، سى و یه‌ک ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌راگه‌یه‌نراوێکدا ئه‌وه ده‌خه‌نه‌روو که دواى ئه‌وه‌ى دادگاى هه‌ولێر بڕیاریداوه سزای شه‌ش ساڵ زیندانی به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ک چالاکوان و رۆژنامه‌نوسدا بسه‌پێنێت و پێشتر سه‌رۆکی حکومه‌ت بڕیاری پێشوه‌خته‌ی دابوو که ئه‌م هاوڵاتیانه کاری گێره‌شێوێنیان ئه‌نجامداوه‌و هه‌وڵیانداوه ته‌قینه‌وه بکه‌ن‌و ئارامی خه‌ڵک بشێوێنن، "کاتێک بڕیارى دادگامان بینی، پێمان سه‌یربو سزاکان هاوتای بۆچونی به‌رپرسێکی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێکردنن". هه‌روه‌ها ده‌شڵێن:" هه‌ڵه‌ی یاسایی هه‌یه له تۆمه‌تبارکردنیان‌و دواجار سته‌ملێکراوی پڕۆسه‌ی دادوه‌رین، هه‌ربۆیه له‌م بواره‌دا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێست‌و بڕیار‌و کاری دادوه‌رانه‌ی ئێوه‌ی به‌ڕێزله دادگای پێداچونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ین له پێناو گێڕانه‌وه‌ی ماف بۆ مافخوراوان". ده‌قى راگه‌یه‌نراوى 31 ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان: نامه‌یه‌کی کراوه بۆ دادگای (پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان) دادوه‌رانی به‌ڕێزی دادگای پیاچونه‌وه‌ی هه‌رێم: ڕۆژی سێشه‌ممه، 16ی 2ی 2021، دادگای (تاوانه‌کانی 2ی هه‌ولێر)، له داوای ژماره (47/ج2 / 2021)، سزای شه‌ش ساڵ زیندانی به‌سه‌ر هاوڵاتیان (ئه‌یاس ئه‌کره‌م، شێروان شێروانی، شڤان سه‌عید به‌ڕۆژکی، گوهدار موحه‌ممه‌د زێباری، هاریوان عیسا) سه‌پاند، که پێشتر سه‌رۆکی حکومه‌ت بڕیاری پێشوه‌خته‌ی داب‌و که ئه‌م هاوڵاتیانه کاری گێره‌شێوێنیان ئه‌نجامداوه‌و هه‌وڵیانداوه ته‌قینه‌وه بکه‌ن‌و ئارامی خه‌ڵک بشێوێنن، کاتێک بڕیارى دادگامان بینی، پێمان سه‌یربو سزاکان هاوتای بۆچونی به‌رپرسێکی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێ به‌جێکردنن که پێشتر‌و پێش بڕیاری دادگا، بڕیاری تاوانبارییانی داب‌و! هه‌ربۆیه ئێمه که له خواره‌وه ناومان هاتوه، وه‌ک ئه‌رکێکی ئه‌خلاقی، مرۆڤانه‌و نیشتیمانیانه و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتی‌و لابردنی هه‌ستی سته‌ملێکراوى له‌سه‌ر خۆیان‌و که‌س‌و کاریان، به پێویستی ده‌زانین له‌م نامه کراوه‌یه‌دا داوا له ئێوه‌ی به‌ڕێز بکه‌ین، زۆر به هه‌ستیارییه‌وه پیاچونه‌وه به دۆسیه‌ی سزای سزادراوانی ناوهێنراودا بکه‌ن، چونکه ئه‌م سزایه له‌گه‌ڵ بنه‌ما ده‌ستورییه‌کان‌و بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ‌و ئامانجه‌کانی ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی (1991)ی خه‌ڵکی کوردستان بۆ ئازادی‌و ئازادی ڕاده‌ربڕین‌و کاری سیاسی یه‌ک ناگرێته‌وه. هه‌روه‌ها سزادراوان له پڕۆسه‌ی ڕاگرتن‌و لێکۆڵینه‌وه‌دا به سته‌م لێکراو ده‌زانین‌و ئه‌و مافانه‌یان بۆ ده‌سته‌به‌ر نه‌کرابو که هه‌ر هاوڵاتیه‌کى تۆمه‌تبار به پێی یاسا مافیه‌تی، هه‌روه‌ها پێمان وایه هه‌ڵه‌ی یاسایی هه‌یه له تۆمه‌تبارکردنیان‌و دواجار سته‌ملێکراوی پڕۆسه‌ی دادوه‌رین، هه‌ربۆیه له‌م بواره‌دا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێست‌و بڕیار‌و کاری دادوه‌رانه‌ی ئێوه‌ی به‌ڕێز ده‌که‌ین، ئه‌وه‌ش له پێناو گێڕانه‌وه‌ی ماف بۆ مافخوراوان‌و پارێزگاریکردن له پڕه‌نسیپه گشتییه‌کانی ئازادی‌و مافی مرۆڤ له کوردستان‌و به‌رپاکردنی دادگه‌ریی. له‌گه‌ڵ ڕێزدا ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی کوردستان: 1. عه‌بدولستار مه‌جید. 2. لوقمان وه‌ردی. 3. عه‌لی حه‌مه‌ساڵح. 4. د.کازم فاروق. 5. ئه‌بوبه‌کر هه‌ڵه‌دنی. 6. سه‌رکۆ ئازاد گه‌ڵاڵی. 7. هاوڕێ مه‌لا ستار. 8. د.شایان عه‌سکه‌ری. 9. عه‌باس فه‌تاح. 10. سه‌رچنار ئه‌حمه‌د. 11. شیرین ئه‌مین. 12. مژده مه‌حمود موحه‌ممه‌د. 13. عوسمان کانی کورده‌یی. 14. ڕۆژان شه‌هید حه‌مه‌ڕه‌ش. 15. کاروان گه‌زنه‌یی. 16. سه‌لمه فاتیح. 17. شیرین یونس. 18. سیپان سالم ئامێدی. 19. کاوه عه‌بدولقادر. 20. شنۆ شه‌هید ئه‌شقی. 21. هه‌ڵز ئه‌حمه‌د موحه‌ممه‌د. 22. زکری زێباری. 23. هه‌ژان شه‌هید حه‌سه‌ن کوێستانی. 24. دابان موحه‌ممه‌د. 25. ئاشنا عه‌بدوڵڵا قادر. 26. ڕووپاک ئه‌حمه‌د ڕه‌حمان. 27. موسلیم عه‌بدوڵڵا قه‌صریی. 28. د.هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی. 29. جه‌لال موحه‌ممه‌د ئه‌مین. 30. به‌دریه ئیسماعیل مه‌حمود. 31. عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی. 17ى 2ى 2021 - هه‌ولێر
هاوڵاتى فه‌رمانده‌یى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل (نه‌په‌گه) رایگه‌یاند، له ئۆپراسیۆنه‌که‌ى چیاى گاره 15 گه‌ریلا شه‌هیدبون و 37 سه‌ربازى سوپاى تورکیاش له‌و هێرشه‌دا کوژراون. ئه‌مڕۆ 17ى شوباتى 2021، فه‌رمانده‌یى بڕیارگه‌ى ناوه‌ندى پاراستنى گه‌ل (نه‌په‌گه) له‌باره‌ى ئۆپراسیۆنه‌که‌ى سوپاى تورکیا له‌چیاى گاره راگه‌یه‌نراوێکى بڵاوکرده‌وه و تێدا هاتووه:" له‌ده‌ستپێکى هێرشه‌که‌دا کامپێکى دیله‌کانى تورکیا له‌لایه‌ن سوپاى تورکیاوه به‌ئامانج گیراوه و له‌لایه‌ن هێزه‌کانیان وه‌ڵامدراونه‌ته‌وه، به‌ڵام دواتر فڕۆکه جه‌نگییه‌کانى ئه‌و وڵاته کامپه‌که‌یان بۆردومانکردوه و به‌وهۆیه‌وه 12 دیل کوژراون و 6 گه‌ریلاش شه‌هید بون که‌یه‌کێکیان فه‌رمانده‌ى پاراستنى دیله‌کان بووه". هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش هاتووه، له‌لێکۆڵینه‌وه‌کاندا ده‌رکه‌وتووه هاوکات له‌گه‌ڵ بۆردومانکردنى ناوچه‌که "چه‌کى کیمیاوییش به‌کارهێنراوه" و له ماوه‌ى ئۆپراسیۆنه‌که‌شدا ته‌رمى 37 سه‌ربازى تورکیا له‌لایه‌ن هێزه‌کانیان تۆمارکراون و ده‌یانى دیکه‌ش برینداربوون. هاوکات، نه‌په‌گه ئه‌وه‌شى خستوه‌ته‌ڕو، شه‌ش گه‌ریلا له‌کاتى بۆردومانکردنى کامپى دیله‌کان و هه‌شت گه‌ریلاش له‌ناوچه‌کانى روبه‌ڕوبونه‌وه شه‌هیدبون و دو گه‌ریلاش به‌دیل گیراون، که دواتر ناوى سه‌رجه‌میان بڵاوده‌که‌نه‌وه. بۆردومانه‌کانى تورکیا بۆسه‌ر ناوچه سنورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌کاتێکدایه 14ى ئه‌م مانگه وه‌زاره‌تى به‌رگرى تورکیا کۆتاییهاتنى ئۆپراسیۆنى "چنگى هه‌ڵۆ-2"ـى بۆکردنه ئامانجى باره‌گاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان "په‌که‌که" له‌چیاى گاره راگه‌یاند که‌ماوه‌ى چوار رۆژ به‌رده‌وام بوو.
هاوڵاتى پارێزگارى سلێمانى له‌باره‌ى سزادانى پێنج ده‌ستگیرکراوى بادینان په‌یامێکى بڵاوکرده‌وه‌و ده‌ڵێت:" ڕۆژى کۆتایهێنانه به‌و بیر‌و زمان و بڕیارى نه‌شته‌رو ته‌ورو کوته‌ک"، ده‌شڵێت:"ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریى و دامه‌زراوه ده‌ستوریه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌کى هه‌ستیارو به‌رپرسیارانه‌ى گه‌وره‌دان، ده‌خوازم سه‌رکه‌وتووانه و لۆژیکییانه‌و یاساییانه‌و ویژدانییانه ببنه قه‌ڵغان بۆ پاراستنى ئازادییه‌کان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى شکۆ بۆ هاووڵاتیانى کوردستان". ده‌قى په‌یامى هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌کر ئه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستانى کردووه به هه‌رێمێکى گه‌شه‌کردوو ئارام و سه‌قامگیر؛ ئازادییه، ئازادیى له هه‌ر شوێنێک هه‌بێت، ئارامیى و ئاسایش و دادپه‌روه‌ریى و گه‌شه‌سه‌ندن و بوژاندنه‌وه‌و داهێنان؛ له‌و شوێنه‌دا ده‌بێت. ئه‌وه‌ى ئێمه له هه‌رێم و وڵاتانى تر جیاده‌کاته‌وه؛ نه‌سوپایه، نه سیستمى دادوه‌رییه، نه ئابورییه، نه نه‌وته، به‌ڵکو زه‌مینه‌ى له‌بارى ئازادییه گشتییه‌کان و فره‌یى و ئازادیى تاک و ڕاو ڕاده‌ربڕین و مێدیایه. ئێمه که قوربانییه گه‌وره‌که‌ى مێژوو ئێستاى ده‌ستى زۆردار‌و سته‌مکارو جه‌لادین، سته‌م و ئاسته‌م و سه‌خت و ناڕه‌وایه ببینه قوربانیى ده‌ستى یه‌کترو بچینه پێست و پۆستى زۆرداره‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى مانایه‌کى ڕه‌واو ڕاست به ئازادیى ببه‌خشینه‌وه، پێویستمان به ڕێکخستن و پاراستنى ئازادییه؛ بۆ ئه‌وه‌ى بیپارێزین، نه‌ک بۆ ئه‌وه‌ى سنوردار‌و بێناوه‌ڕۆک و بێگه‌وهه‌رو بێماناى بکه‌ین، ئێستا ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریى و دامه‌زراوه ده‌ستوریه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌کى هه‌ستیارو به‌رپرسیارانه‌ى گه‌وره‌دان، ده‌خوازم سه‌رکه‌وتووانه و لۆژیکییانه‌و یاساییانه‌و ویژدانییانه ببنه قه‌ڵغان بۆ پاراستنى ئازادییه‌کان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى شکۆ بۆ هاووڵاتیانى کوردستان، ڕه‌خنه؛ هه‌واو هه‌ناسه‌ى پاک ده‌کات به گه‌روى سیستمى سیاسیى و کۆمه‌ڵایه‌تیى و حکومڕانیدا، ته‌لارى ده‌وڵه‌تداریى پته‌وو به‌هێزو جوان و ڕێک وشه‌نگ ده‌کات، به‌شداریى تاک له سیاسه‌ت و ژیانى گشتیدا ده‌سه‌لمێنێت، تیرۆر ده‌خاته چاڵ و بیر‌و باوه‌ڕو ڕه‌فتارى توندڕه‌وانه زینده‌به‌چاڵ ده‌کات. ڕۆژى ئاشتبوونه‌وه‌ى گشتیى و دروستکردنه‌وه‌ى متمانه به‌یه‌کبوون و سه‌ربه‌خۆبوونى ده‌سه‌ڵاته‌کان و لێبووردن و ڕۆژى ڕێکخستن و یه‌کخستن و پاراستنى بیر‌و باوه‌ڕو گیان و ماڵ و کیان و نیشتمانى کوردستانه؛ نه‌ک یه‌ک؛ خستن، ڕێ؛ گرتن، ڕێ؛ داخستن. ڕۆژى کۆتایهێنانه به‌و بیر‌و زمان و بڕیارانه‌ى به‌رده‌وام وه‌ک نه‌شته‌ر، وه‌ک ته‌ورو وه‌ک کوته‌ک؛ یه‌کترى پێ؛ که‌رت و په‌رت و وردوو خاش و له‌ت و په‌ت ده‌که‌ین. ڕۆژى ئازادییه، نه‌ک زه‌بوونییه.
هاوڵاتى مه‌لا به‌ختیار، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى باڵاى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى یه‌کێتى داواى ئازادکردنیان یان په‌یڕه‌وکردنى شه‌فافیه‌تى له دادگاییکردنى ئه‌و چالاکوان و رۆژنامه‌نووسانه‌دا ده‌کات که له بادینان ده‌ستگیرکراون. ئه‌مڕۆ 17ى شوبات، له په‌یجى فه‌یسبوکى خۆى له نوسینێکدا به ناونیشانى (یان ئازادکردن.. یان شه‌فافیه‌تى یاسایی) مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت "له‌م ڕۆژانه پێنج که‌س له دادگاى هه‌ولێر، له ماوه‌یه‌کى زۆر خێرادا، هاوکاتى موشه‌کبارانى هه‌ولێر، سزاى شه‌ش ساڵ زیندانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، ئه‌م که‌یسه له هه‌موو که‌یسێک زیاتر پێویستى به شه‌فافییه‌تى یاسایى هه‌یه". هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "ئه‌گه‌ر ئه‌م پێنج هاوڵاتییه، تاوانێک یان که‌تنێکى دژه نیشتیمانیان به به‌ڵگه‌وه له‌سه‌ر سه‌لماوه، هه‌ق وایه بڵاو بکرێته‌وه. ئه‌گه‌ر نا، ئازادنیان مافێکى مه‌ده‌نی_ دیموکراسییه." هاوکات باسى له‌وه‌شکردووه که" ئازاد نه‌کردنیان، بێگومان ڕه‌هه‌ندى سیاسى مه‌ترسیدار وه‌رده‌گرێ و به زیانى ئه‌زمونه‌که‌مان ده‌شکێته‌وه. نه‌خوازه‌ڵلا له‌م دۆخه مه‌ترسیداره‌شدا." دوێنێ سێشه‌ممه 16 ى شوبات دادگاى تاوانه‌کانى دووى هه‌ولێر له دووه‌م دانیشتنى دادگایکردندا بۆ ده‌ستگیرکراوانى بادینان، هه‌ریه‌که له شێروان شێروانی، شڤان سه‌عید، گوهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئه‌یاز که‌ره‌مى به شه‌ش ساڵ زیندانى حکومدا، له دوێنێشه‌وه له‌سه‌ر ئاستى تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و میدیاکان و ئاستى جه‌ماوه‌رى ئه‌م بڕیاره‌ى دادگا رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌ى زۆر بۆته‌وه‌و به دادگاییکردنێکى سیاسى له‌قه‌ڵه‌مى ده‌ده‌ن.
هاوڵاتى ره‌غد کچی سه‌دام حسێن، سه‌رۆکى رژێمى به‌عسى روخاو چیرۆکى کوشتنى حسێن کاملى هاوسه‌رى و چوونه ده‌ره‌وه‌یان له عێراق ده‌گێڕێته‌وه و رایگه‌یاند:"هه‌ندێک که‌س بڕیاره‌کانى حسێن کامل به‌شێوه‌یه‌کى خراپ لاى باوکى باسکردوه"، راشیگه‌یاند:"من پشتگیرى چوونم بۆ ئوردون کرد، ئه‌گه‌ر عێراقمان جێنه‌هێشتایه روبارێک خوێن ده‌ڕژا". ره‌غد کچه گه‌وره‌ى سه‌دام حسێن، سه‌رۆکى رژێمى به‌عسى روخاو له به‌شى دووه‌مى چاوپێکه‌وتنه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ که‌ناڵى ئه‌لعه‌ره‌بیه رایگه‌یاند: "من پشتگیرى بڕیارى جێهێشتنى عێراقم کرد بۆ ئوردن، که حسێن کامل بڕیاره‌که‌یدا، دواى دروستبونى ناکۆکى و لێکتێنه‌گه‌یشتن له نێوان سه‌دام حسێنى باوکم و حسێن کاملى هاوسه‌رم، چونکه ئه‌گه‌ر بماینایه‌ته‌وه ئه‌وه روبارێک خوێن ده‌ڕژا". هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:" نه‌مزانى له‌کۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌که‌دا له ئوردن به‌رنامه‌ى چیه و باسى چى ده‌کات، پێم سه‌یربو، که وتى ده‌بێت سیسته‌مى حکومڕانى له عێراق بگۆڕدرێت، دواى ئه‌وه‌ى که گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌وه شه‌ڕێکى توندمان کرد، راسته‌وخۆ بڕیارمدا جێى بهێڵم و بگه‌ڕێمه‌وه عێراق". هاوکات، کچه‌گه‌وره‌ى سه‌دام حوسێن وتیشى:"من پێم نه‌وت بگه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق، چونکه ویستم هه‌ندێک کات تێپه‌ڕبێت بۆ ئه‌وه‌ى راستیه‌کان ده‌رکه‌ون و ئاشکرابن، به‌ڵام که گه‌ڕاینه‌وه بۆ به‌غدا سه‌دام حسێنى باوکم پێى وتین، ده‌بێت له‌یه‌کتر جیاببنه‌وه، منیش زانیم که ئه‌وه روده‌دات". له‌باره‌ى بڕیارى کوشتنى حسێن کامل، ره‌غد سه‌دام حسێن وتی، "بڕیارى کوشتنى حسێن کامل زیاتر عه‌شایه‌رى بوو نه‌ک بڕیارێکى حکومی، به‌ڵام بڕیاره‌که له‌دواى ره‌زامه‌ندى باوکم درا و عوده‌ى رۆڵى هه‌بوو له‌و روداوه‌دا، زویربوم له باوکم و هه‌ستیپێکرد که نیگه‌رانم ویستى قه‌ره‌بوم بکاته‌وه، به‌ڵام رازینه‌بوم".
هاوڵاتى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێمى کوردستان له‌باره‌ى سزادانى ده‌ستگیرکراوانى بادینان رایگه‌یاند، پڕۆسه‌ى دادگاییکردنى چه‌ند تۆمه‌تبارێک به شێوه‌یه‌کى ئاشکرا و شه‌فاف و به ئاماده‌بونى ژماره‌یه‌کى زۆر له په‌رله‌مانتاران و نوێنه‌رى کونسوڵى وڵاتان و پارێزه‌رانى که‌یسه‌که و نوێنه‌رى رێکخراوه‌کانى مافى مرۆڤ و رۆژنامه‌نوس و ده‌زگاکانى راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چوه، "پرۆسه‌که‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماکانى دادگه‌رى بوه". ئه‌مڕۆ 17ى شوباتى 2021، ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێمى کوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه، دوێنێ سێشه‌ممه داواى ژماره (47/ج 2 / 2021) که تایبه‌ت بو به بینینى که‌یسى چه‌ند تۆمه‌تبارێک، به سه‌رۆکایه‌تى سه‌رۆکى یه‌ده‌گى دادگاى تاوانى هه‌ولێر/2 به‌ڕێوه‌چو، به‌پێى یاساش سه‌رۆکى یه‌ده‌گ له کاتى نه‌بونى سه‌رۆکى دادگا، شوێنى ده‌گرێته‌وه، چونکه سه‌رۆکى دادگا به‌هۆى تێکچونى بارى ته‌ندروستیه‌وه ئێستا له ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم چاره‌سه‌رى پزیشکى وه‌رده‌گرێت، ئه‌و که‌یسه هه‌ر له دادگاى تاوانى هه‌ولێر/ 2 به‌ڕێوه‌چوه و ره‌وانه‌ى دادگایه‌کى دیکه نه‌کراوه. هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌کراوه، "پڕۆسه‌ى دادگاییکردنه‌که‌ش به شێوه‌یه‌کى ئاشکرا و شه‌فاف و به ئاماده‌بونى ژماره‌یه‌کى زۆر له په‌رله‌مانتاران، نوێنه‌رى کونسوڵى وڵاتان، پارێزه‌رانى که‌یسه‌که و نوێنه‌رى رێکخراوه‌کانى مافى مرۆڤ و رۆژنامه‌نوس و ده‌زگاکانى راگه‌یاندن به‌ڕێوه‌چوه و له‌سه‌ر بنه‌ماکانى دادگه‌رى بووه". ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌شى روونکردووه‌ته‌وه که "ئه‌وه‌ى جێى سه‌یره له دوێنێوه هه‌ندێک داموده‌زگاى فه‌رمى و یاسایى و لایه‌نى سیاسى لێدوانى جیاجیایان له‌سه‌ر پرۆسه‌ى دادگایی‌کردن و بڕیاره‌که داوه، که ئه‌وه‌ش بێگومان ده‌چێته چوارچێوه‌ى ده‌ستێوه‌ردان له کاروبارى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ری، چونکه دادگا نوێنه‌رایه‌تى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌کات و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریش بڕواى به بنه‌ماى جیاکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان هه‌یه و نه‌ده‌بو ئه‌و لایه‌نه فه‌رمیانه پێشێلى بنه‌ماى جیاکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان بکه‌ن". هاوکات ئه‌وه‌شیان دووپاتکردووه‌ته‌وه که رێکارى یاسایی هه‌یه بۆ تانه لێدان له‌و بڕیاره‌و "بێگومان پارێزه‌رانى که‌یسه‌که تانه پیشکه‌ش به دادگاى پێداچونه‌وه ده‌که‌ن، ئیتر پێویست به‌و هه‌مو لێدوان و ده‌ستێوه‌ردانه له کاروبارى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى نه‌ده‌کرد". دوێنێ سێشه‌ممه 16ى شوبات هه‌ریه‌ک له شێروان شێروانى و پێنج که‌سى دیکه به شه‌ش ساڵ زیندانى حکومدران ئه‌وه‌ش کاردانه‌وه‌ى ناوخۆیى و رێکخراوه مه‌ده‌نییه‌کانى لێکه‌وته‌وه.
هاوڵاتى 17ى شوباتى ساڵى (2011) و رۆژانى دوایی، زنجیره‌یه‌ک خۆپیشاندانى ناڕه‌زایه‌تى له‌شارو شارۆچکه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجامدراو دوو مانگ به‌رده‌وامییان هه‌بوو، جوڵه‌یه‌کى جه‌ماوه‌ریى و سیاسى لێکه‌وته‌وه، له‌ئه‌نجامدا (10) که‌س شه‌هیدبوون‌و زیاتر له (500) که‌سیش برینداربوون، ئه‌ویش به‌هۆى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى نێوان هێزه ئه‌منییه‌کان و خۆپیشانده‌ران. دواى کۆتایى هاتنى 17ى شوبات، لیژنه‌یه‌کى په‌رله‌مانى به‌دواداچوونیان بۆ رووداوه‌کان کرد‌و بڕیارى ژماره دوویان ده‌رکرد که‌چه‌ندین خاڵى له‌خۆگرتبوو، به‌ڵام تا ێستا ئه‌و داواکارییانه جێبه‌جێنه‌کراون. که‌سوکارى یه‌کێک له‌شه‌هیده‌کانى 17ى شوبات ده‌ڵێت خۆپیشاندانه‌که خۆڕسک بووه، که‌سوکارى یه‌کێکى دیکه‌شیان ده‌ڵێت ئه‌و رۆژه ته‌نیا ئازاره‌که‌ى بۆ ئه‌وان بووه. رێزان عه‌سکه‌ر، دایکى شه‌هید گه‌رمیان، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت »که‌یسى ئێمه له‌گه‌رمیان بوو له‌که‌لار به‌ڵام گه‌ڕاندمانه‌وه بۆ چه‌مچه‌ماڵ، هه‌رچه‌نده تائێستا هه‌شت جار فه‌رمانى ده‌ستگیرکردن بۆ محه‌مه‌د که‌مال به‌رپرسى لقى (19) ده‌رچووه به‌ڵام ده‌ستگیرنه‌کراوه«. وه‌ک دایکى شه‌هید گه‌رمیان ده‌ڵێت»ئێستا گه‌نده‌ڵى و ده‌ستگیرکردن و گه‌نده‌ڵى له 17ى شوباتى 2011 زیاتره، به‌ڵام حزبه‌کانى ئۆپۆزسیۆن بێده‌نگن، 17 ى شوبات ته‌نیا ئازاره‌که‌ى بۆ ئێمه بوو کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکى کرد به‌وه‌زیرو په‌رله‌مانتار، به‌ڵام هه‌ندێک خه‌ڵکى باشیش ماون که رێزمان ده‌گرن، به‌تایبه‌ت سێ لایه‌نه‌که‌ى ئۆپۆزسیۆنى ئه‌وکات به‌ته‌واوه‌تى دۆسیه‌ى 17 ى شوباتیان پشتگوێخستووه«. زاهیر سدیق، باوکى شه‌هید سورکێو که له‌خۆپیشاندانى رۆژى 17ى شوبات گیانیله‌ده‌ستدا، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت»17 ى شوبات خۆپیشاندانێکى خۆڕسک بوو، ئه‌و رۆژه کۆمۆنیسته‌کان مۆڵه‌تى خۆیان بۆ خۆپیشاندان وه‌رگرتبوو، که کۆتایى به‌مه‌راسیمى ئه‌وان هات خه‌ڵکى سلێمانى خۆڕسکانه خۆپیشاندانیان ده‌ستپێکرد، له‌شه‌قامى مه‌وله‌وییه‌وه خه‌ڵک چووه به‌رده‌م لقى چوار». باوکى شه‌هید سورکێو ده‌ڵێت «ئه‌وه‌ى که‌ئاگادارم دۆسیه‌کانى 17ى شوبات داخراون، که‌یسى ئێمه‌ش وه‌ک خۆى ماوه‌ته‌وه‌و هیچ یه‌کێک له‌تۆمه‌تباره‌کانى ده‌ستگیرنه‌کراون و لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌کراوه«. وته‌بێژى کۆمه‌ڵ: هه‌میشه بڕوامان وابووه ده‌بێت دادگا رۆڵى خۆى ببینێت رێبوار حه‌مه‌د، وته‌بێژى کۆمه‌ڵى ئیسلامى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت»ئێمه له‌پێش 17 ى شوبات و دواى 17ى شوباتیش هه‌میشه پێمان وابووه که‌داواى ره‌واى خه‌ڵک ئه‌رکى ده‌سه‌ڵاته جێبه‌جێى بکات، هیچ کاتێک ئێمه نه‌مانبینیوه حکومه‌ت داواکارى خۆپیشانده‌ران جێبه‌جێ بکات، به‌ڵکو هه‌میشه به‌شێوه‌ى ترساندن و فشار رووبه‌ڕووى خۆپیشانده‌ران بوونه‌ته‌وه«. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد هه‌میشه ئه‌وه‌یان ره‌تکردووه‌ته‌وه‌و به‌کارێکى ناڕه‌وایان زانیوه‌و له‌گه‌ڵ بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانى خۆپیشاندان و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌کان ناگونجێت که خۆپیشانده‌ر بکوژرێت و بریندار بکرێت. وتیشى «هه‌میشه بڕوامان وابووه ئه‌وانه‌ى به‌ناحه‌ق کوژراون ده‌بێت دادگا رۆڵى خۆى ببینێت و یاسا له‌سه‌رووى هه‌مووانه‌وه بێت، هه‌ر ئه‌وکاتیش له‌په‌رله‌مانى کوردستان فشارمان کرد و بڕیارى ژماره دوو ده‌رچوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه جێبه‌جێ نه‌کرا». هاوڵاتى بۆ وه‌رگرتنى راى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان په‌یوه‌ندى کرد به‌دلێر عه‌بدولخالق وته‌بێژى گۆڕان، به‌ڵام به‌بیانووى ئه‌وه‌ى «رۆژێک پێش 17ى شوبات له‌وباره‌یه‌وه به‌یاننامه بڵاوده‌که‌نه‌وه« ئاماده‌نه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه لێدوان بدات. به‌هه‌مان شێوه هاوڵاتى بۆ وه‌رگرتنى راى هه‌ریه‌ک له‌یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان په‌یوه‌ندى به‌وته‌بێژى ئه‌و حزبه‌و چه‌ند ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تییه‌وه کرد، به‌ڵام ئه‌وانیش ئاماده‌نه‌بوون لێدوان له‌وباره‌یه‌وه بده‌ن. کارگێڕێکى لقى چوارى پارتى له‌سلێمانی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان دۆسیه‌ى 17ى شوبات یه‌کلایى بکرێته‌وه کامه‌ران غه‌ریب، کارگێڕى لقى چوارى پارتى دیموکراتى کوردستان به‌هاوڵاتى وت»کاتێک رووداوه‌کانى 17ى شوبات روویدا، بووه هۆى گیانله‌ده‌ستدانى کۆمه‌ڵێک که‌س له‌شارو شارۆچکه‌کان، کێشه‌ى ئابوورى نه‌بوو، به‌شێک له‌که‌سایه‌تییه‌کانى ئۆپۆزسیۆن به‌مه‌به‌ستى که‌سى که‌وتنه جوڵاندنى دۆخه‌که وه‌ک پشتگیرییه‌ک له‌خۆپیشاندانه‌کانى به‌هارى عه‌ره‌بى به‌و بیانووه‌وه خۆپیشاندانیان سازکرد». هه‌روه‌ها وتیشى «ئێمه له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانى ره‌واین، به‌ڵام نابێت هیچ حزبێک خه‌ڵک وه‌کو ئامرازێک به‌کاربهێنێت، ئێمه شایه‌تین له 17ى شوبات ئه‌و که‌سانه‌ى خه‌ڵکیان هان ده‌دا که‌سانێک بوون بڕوایان به‌خودى ئازادى نه‌بووه، دواجار ئه‌گه‌ر دادگا له‌سنوورى سلێمانى سه‌ربه‌خۆ بێت ده‌زانرێت کێ تاوانبارى سه‌ره‌کییه له‌و تاوانانه، ئه‌وان رووداوه‌که‌یان به‌ئاڕاسته‌ى لقى چوار گۆڕی، له‌کاتێکدا دۆخى خه‌ڵک باش بوو، به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وان بوونه هۆکارێک بۆ تێکچوونى دۆخه‌که«. ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى پێشیوابوو ده‌بێت خه‌ڵکى کوردستان ئه‌و پرسیاره له‌ئۆپۆزسیۆن بکات بۆچى که‌ئێستا دۆخى خه‌ڵک خراپه ئه‌وان هاوکارى خه‌ڵک نین بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافه‌کانیان، «ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین رێکاره یاساییه‌کانى دۆسیه‌کانى 17 ى شوبات یه‌کلایى بکرێنه‌وه، که‌مترین قوربانى له‌به‌رده‌م باره‌گاى پارتى بووه‌و ئه‌وانه‌ش که‌کوژراون به‌ته‌قه‌ى پاسه‌وانانى لقى پارتى نه‌بووه، به‌ڵکو که‌سانى دیکه ته‌قه‌یان لێکردوون، پێمخۆشه بێ ده‌ستتێوه‌ردانى حزبى ئه‌و دۆسیه‌یه دادگا یه‌کلایى بکاته‌وه«. ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى ناوخۆى په‌رله‌مانى کوردستان: په‌رله‌مان ده‌ست ناخاته ئه‌و دۆسیه‌یه‌وه باڵانبۆ محه‌مه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى ناوخۆ‌و ئاسایش و ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌کان له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت »هه‌ر که‌یسێک چووبێته دادگا په‌رله‌مان ده‌ست ناخاته کاروباره‌کانیه‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌چووایه‌ته دادگا که‌یسه‌که ئه‌وکات لیژنه‌که‌مان ده‌یتوانى به‌دواداچوون بکات».
هاوڵاتى نرخى نه‌وتى خاو له بازاڕه‌کانى جیهان به‌شێوه‌یه‌کى به‌رچاو به‌رزده‌بێته‌وه و نرخى یه‌ک به‌رمیل نه‌وتى برێنت نزیکه له 64 دۆلار. ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 17ى شوباتى 2021، نرخى به‌رمیلێک نه‌وتى برێنت به 63 دۆلار‌و 95 سه‌نت له بازاڕه‌کانى جیهان مامه‌ڵه‌ى پێوه‌کراوه. هه‌روه‌ها نرخى به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(ته‌کساس، به 60 دۆلار‌و 46 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه‌کراوه. هاوکات نرخى به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به 62 دۆلار‌و 60 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت.
هاوڵاتى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان رایگه‌یاند:"ئه‌وه‌ى سه‌باره‌ت به دادگاییکردنى ئه‌مڕۆى به‌ندکراوانى بادینان له‌په‌رله‌مانتارانى بیستوه دادگاى پێداچونه‌وه‌ى هه‌رێم ده‌خاته به‌رده‌م به‌پرسیارێتیه‌کى قورس". رێواز فایه‌ق، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان سه‌باره‌ت به سزادانى ده‌ستگیرکراوه‌کانى بادینان له‌په‌ڕه‌ى فه‌رمى خۆى له‌تویته‌ر ئاماژه‌ى به‌وه‌کردوه، "باوه‌ڕى نه‌گۆڕم به پره‌نسیپى جیاکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له په‌رله‌مانتارانم بیستوه سه‌باره‌ت به دادگاییکردنى ئه‌مڕۆى به‌ندکراوانى بادینان، دادگاى پێداچونه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌خاته به‌رده‌م به‌پرسیارێتیه‌کى قورس". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردوه، هیوادارن دادگاى پێداچونه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان "بێ متمانه‌یى به ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریى تۆختر نه‌که‌نه‌وه." ئه‌مڕۆ ئاسۆ هاشم، ئه‌ندامى تیمى پارێزه‌رانى ده‌ستگیرکراوانى هه‌ولێر و بادینان راگه‌یاند:"ئه‌مڕۆ دادگاى تاوانه‌کانى دوى هه‌ولێر بڕیاریدا به‌شه‌ش ساڵ زیندانیکردن به‌سه‌ر هه‌ریه‌ک له (شێروان شێروانی، ئه‌یاد که‌ره‌م، گوهدار محه‌مه‌د ئه‌مین، شڤان سه‌عید و هاریوان عیسا)، به‌ڵام جارێ جینایات و په‌سه‌ندکردنى بڕیاره‌که ماوه و هه‌وڵده‌درێت حوکمه‌که‌یان که‌مبکرێته‌وه".
هاوڵاتى عه‌لى حه‌مه ساڵح ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌فراکسیۆنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ناوه‌رۆکى دادگایکردنى ئه‌مڕۆى رۆژنامه‌نوس شیروان شیروان بڵاوکرده‌وه. عه‌لى حه‌مه‌ساڵح به‌مجۆره ناوه‌رۆکى دادگایکردنه‌که‌ى گێڕاوه‌ته‌وه: ئه‌مه چیرۆکى شیروان بوو کاتژمێر نزیک ده‌بوه‌و له 2:30 ، گوته‌ى داواکارى گشتى و نوێنه‌رى ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و پارێزه‌رانى به‌رگریکارو تۆمه‌تباران وه‌رگیرابوو.. چاوڕێ بوین ده‌سته‌ى دادوه‌رى بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ڕاگه‌یاندنى حوکمى دادگا. چه‌ند خوله‌کێک له‌گه‌ڵ شیروان و ئه‌و چوار که‌سه‌ى دیکه قسه‌م کرد.. من و شیروان چه‌ندین جار یه‌کمان دیوه، ھاتوه‌ته ماڵم و ڕۆشتومه‌ته ماڵی، ساڵى ٢٠١٨ که له زاخۆ په‌لاماردرام شیروانم له‌گه‌ڵ بوو.. واته دۆستایه‌تى و ناسراویمان ھه‌بوو... شیروان له قه‌فه‌زى تۆمتبوو، زۆر لاوازبوو، باسى شوێنێ زیندانى بۆ ده‌کردم که ھۆڵێکى بچوکه جێگاى ٣٠ که‌سه‌و نزیکه‌ى ١٠٠ که‌سى تێدایه!! له نێو باسى بێتاوانى خۆى له پێ وتی: عه‌لى ته‌کلیفێکم لێت ھه‌یه ده‌توانى شتێکم بۆ بکه‌یت.. وتم: چی؟ وتی: عه‌لى گرنگ نیه چه‌ند سزا ده‌درێم، به‌س تکات لێده‌که‌م ئه‌وه‌ى له دادگا بینیت وه‌ک خۆى بیگه‌یه‌نه، باخه‌ڵک وانه‌زانێ من تیرۆرستم یان سیخوڕ‌ى بۆلایه‌نێکى ده‌ره‌کى ده‌که‌م. چیت دیوه له‌م دادگا وه‌ک خۆى بیگێڕه‌وه.. وتم: بیخه‌مبه‌و ھه‌مویم نوسیوه‌و ده‌یگه‌یه‌نم.. ئه‌و به‌ڵێنه‌ى دام، لێره جێبه‌جێى ده‌که‌م.. وه‌ک خۆى چیرۆکى دادگایى کردنه‌که ده‌گێڕمه‌وه.. شیروان تۆمه‌تبارکرا به‌وه‌ى داواى زانیارى ده‌کات له‌سه‌ر به‌رپرسێکى ئه‌منى سمێل، شیروان ڕه‌تیکرده‌وه ئه‌و ده‌نگه ده‌نگى ئه‌و بێت! ئه‌و ده‌نگه ھى ھه‌ر که‌س بێت ( شیروان له‌به‌رده‌م دادوه‌ر وتى : ھى من نیه) ته‌نیا پرسیارى ئه‌وه‌ى کردبوو ئه‌و به‌رپرسه کێیه‌و چیه... ھیچ شتێکى تێدا نه‌بوو تاوانى به‌رامبه‌ر ئه‌نجام بدرێت و ڕۆژانه ڕۆژنامه‌نوس ئه‌و پرسیارانه ده‌که‌ن.. یه‌کێک له‌و تۆمه‌تانه‌ى ئاراسته‌ى شیروان کرا، وێنه‌ى باره‌گاى ده‌زگاى ئه‌منى گرتوه‌و ئه‌مه کارى سیخوڕیه... شیروان وتی: من ڕۆژنامه‌نوسم و سه‌رنوسه‌رى گۆڤارى باشوربوم، ئه‌و وێنانه‌ى گرتومه وێنه‌ى زیندانى نھێنین نه‌ک ده‌زگاى ئه‌منى و پێش ساڵى ٢٠١٥ له گۆڤارى باشور بڵاومکرده‌وه، بۆ ئێستا له‌سه‌رى دادگایى ده‌کرێم ؟ پلانى عه‌سکه‌ریم ئاشکرانه‌کردوه، شاھید قسه‌ى کردوه سجنه‌و که‌سیش سکاڵاى نه‌کرد له‌سه‌رم ئه‌وکات.. داواکارى گشتی، که زۆر توندبوو له‌سه‌ر سزادانى شیروان و وتی: تۆ ئه‌ندامى سه‌ندیکاى ڕۆژنانوسان نیت، چۆن کارى ڕۆژنامه‌وانى ده‌که‌یت! پێوابوو ئه‌مه تاوانه؟ چه‌ندین جار پێداگیرى له‌سه‌ر ئه‌مه کرد.. شیروان وتی: ئه‌و گۆڤاره‌ى من سه‌رنوسه‌رى بوم مۆڵه‌تى ھه‌بوه، ھیچ مه‌رجێکى یاسایى نیه، که ڕۆژنامه‌نوس ئه‌ندامى سه‌ندیکا بێت.. تۆمه‌تێکى دیکه ئاراسته‌ى شیروان کرا، ئه‌وه‌بوو به‌شدارى خۆپیشاندانى دھۆک له ٥ى ٢ى ٢٠٢٠ کردوه ئایا مۆڵه‌ت ى ھه‌بوو؟ شیروان وتی: به‌شدار نه‌بوم. تۆمه‌تێکى دیکه ئاراسته‌ى شیروان کرا، دروستکردنى گروپ بوه؟ وتی: ته‌نیا گروپى چاتمان ھه‌بوه‌و بۆ ئاڵوگۆڕى زانیارى و کۆکردنه‌وه‌ى زانیارى له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵى و خراپى خزمه‌تگوزاری، و به‌نیازى نوسینى په‌رتوکێک بوم له‌سه‌ر تیرۆرى سیاسى له ساڵى ١٩٩١ بۆ ٢٠٢٠، ئه‌مه‌ش پێویستى به کۆکردنه‌وه‌ى زانیارى و به‌ڵگه ھه‌بوه.. شیروان ڕه‌تیکرده‌وه له ھیچ گروپێکى چه‌کداریدا به‌شدار بوبێت، وتی: من دژى چه‌کم و دژى کوشتنم، نه‌ک چه‌کم نه‌بوه‌و له ماڵیشمدا ھیچ جۆره چه‌کو ته‌قه‌مه‌نیه‌ک نه‌گیراوه، ھه‌ر نازانم چه‌کیش به‌کاربێنم.. ھیچ به‌ڵگه‌یه‌ک نه‌خرایه‌ڕوو که شیروان به‌شێک بێت له ھیچ گروپێکى چه‌کدارى یان ھیچ چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیه‌ک له ماڵیدا گیرابێت.. شیروان، تۆمتبارکرا ئه‌ندام بوه له ڕێکخراوێک به‌ناوى ١٧ى شوبات، ئه‌م ڕێکخراوه‌ش مۆڵه‌تى نیه شیروان، وتی: له به‌لجیکا مۆڵه‌تمان ھه‌یه، ڕێکخراوه‌که‌ى ئێمه سیاسى و چه‌کدارى نیه‌و ھه‌ر کارێکم کردوه له چوارچێوه‌ى مافى مرۆڤ و کارى ڕۆژنامه‌وانى بوه. شیروان، تۆمتبارکرا به‌وه‌ى وێنه‌ى فڕۆکه‌یه‌کى له دوره‌وه له فڕۆکه‌خانه‌ى ھه‌ولێر گرتوه له کاتى ھه‌ستاندا، شیروان ڕه‌تیکرده‌وه‌و وتی: ئه‌و وێنه ھى ٢٠١٢ له‌گه‌ڵ دوو ڕۆژنامه‌نووسى فه‌ڕه‌نسى چومه سه‌رى کانى و له‌وێ وێنه‌گیراوه نه‌ک ھه‌ولێر.. له‌باره‌ى په‌یوه‌ندى به په‌که‌که‌وه، شیروان وتی: ھیچ په‌یوه‌ندیه‌کم به په‌که‌که نیه‌و خیلافیشم ھه‌یه له‌گه‌ڵیان.. تۆمه‌تبارکرا به‌وه‌ی، وێنه‌ى ھه‌ندێک ئه‌فسه‌ر له میسنجه‌ره‌که‌یدا ھه‌بوه... شیروان، وتی: ئه‌و وێنانه من بۆ که‌سم نه‌ناردوه، به‌ڵکو ئه‌و که‌سه بۆ منى ناردوه"سیخوڕ"ى به‌سه‌ره‌وه کردوم، که‌واته: ئه‌و که‌سه بۆ ده‌ستگیر نه‌کراوه‌و تاوانى من چیه؟ یه‌کێکى دیکه له‌و تۆمتانه‌ى ئاراسته‌ى شیروان کرابوو په‌یوه‌ندیه به‌لایه‌نى ده‌ره‌کى و پێدانى زانیاریه دژ به ھه‌رێمى کوردستان... داواکارى گشتى وتی: مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بوه له سومعه‌ى ھه‌رێم بده‌ن له نێوه‌نده جیھانیه‌کان.. شیروان، ره‌تیکرده‌وه‌و وتی: په‌یوه‌ندیم به ھیچ لایه‌نێکى ده‌ره‌کیه‌وه نیه له شته‌کانیان پێچه‌وانه‌ى ھه‌یه جارێک ده‌ڵێن به ئه‌مریکاوه‌و جارێک ده‌ڵێن به ئێران.. به‌ڵێ پێشتر له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى سه‌ندیکاى پارێزه‌رانى پارێزه‌رانى ئه‌مریکا دانیشتوم، ئه‌ویش دواى ده‌ستگیکردنم.. منیش چۆن گیروام پێم وتن... وتیان: ده‌توانین له‌ڕێگاى گه‌وره پارێزه‌رانى جیھانى و دۆسیه‌که‌شت ده‌نێرین بۆ به‌شى ئازادى راده‌ربڕین له نه‌ته‌وه یه‌کگرتوه‌کان.. به‌شدارى خولى ڕۆژنامه‌وانیم کردوه نه‌ک سیاسی.. به‌ھیچ شێوه‌یه‌ک مه‌به‌ستم له‌که‌دارکردنى ناوبانگى ھه‌رێم نه‌بووه، ئه‌وه ئیشى من نیه، وه‌ک ڕۆژنامه‌نوسێک زانیاریم بڵاوکردوه‌ته‌وه.. تۆمه‌تێکى دیکه ئه‌وه‌بوو.. بۆچى له فنلنداوه پاره بۆ خێزانى ته‌حویلکراوه. شیروان وتی: من یه‌که‌م جاره شتى وا ببستم . تۆمه‌تێکى دیکه ئه‌وه‌بوه داواى زانیارى کردوه له‌سه‌ر دادوه‌رێک ، شیروان ره‌تیکرده‌وه.. شیروان وتی: دوو لاپ‌تۆپ و موبایلێکم گیراوه، پاسۆردى یه‌کیانم له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا کرده‌وه‌و ئه‌وانى دیکه نازانم چۆن کراوه‌ته‌وه.. دادوه‌ر وتى دواقسه‌ت چیه.. وتی: من بۆ ئازادى ژیاوم باوه‌ڕم به توندوتیژى و کوشتن و سیخوڕ‌ى نیه... ره‌تى ده‌که‌مه‌وه‌و باوه‌رم به مرۆڤ کوشتن نیه، ئه‌گه‌ر من به‌شێکم له گروپێکى چه‌کدارى بۆچى یه‌کێک له‌و چه‌کدارانه نه‌گیراوه، ئه‌مه گرتنه‌م سیاسیه.. من چى تێگه‌شتم.. به وردى گوێم ده‌گرت و ھه‌مویم نوسی... به ویژدانه‌وه ده‌یگوازمه‌وه‌و ده‌یڵێم.. چوار په‌رله‌مانتارو چه‌ندین پارێزه‌ر شاھیدن.. ھیچ به‌ڵگه‌یه‌کم نه‌بینى شیروان به‌شێک بێت له گروپى چه‌کداری، یان ھانى که‌سێک بدات بۆ کوشتنى که‌سێکى دیکه یان پلانى کوشتن دابنێ یان جێبه‌جێى بکات، ھیچ به‌ڵگه‌یه‌کى به‌ھێزیشم نه‌دى بیسه‌لمێنێت سیخوڕ‌ى بۆ وڵاتێک کردوه.. چه‌ند جارێکیش وتی: به خێزانم ته‌ھدید کراوم و ھاوارى ده‌کرد کێ ئه‌مه قبوڵ ده‌کات... ئه‌گه‌ر شیروان وێنه‌ى زیندان یان ده‌زگاى ئه‌منى گرتووه‌و بڵاوى کردوه‌ته‌وه، ده‌بوو شه‌ش ساڵ پێش ئێستا‌و له‌سه‌ر ئه‌وه دادگاى بکرایه، نه‌ک ئێستا که گۆڤاره‌که‌ى له ٢٠١٥ه‌وه داخراوه.. تێبینی: ده‌نگێک به کۆمپیوته‌ر لێدرا، شیروان وتى ھى من نیه، دادوه‌ر وتی: دواتر له تاقیگه له‌ره‌له‌رى ئه‌م ده‌نگه به‌راورد ده‌که‌ین بزانین تۆیت.. داوه‌ر پێش ئه‌وه‌ى ئه‌مکاره بکات حوکمى شیروانیدا به‌شه‌ش ساڵ... ھیواموایه دادگاى ته‌میز باشتر له‌م دۆسیه بکۆڵێته‌وه پێش حوکمى کۆتایی... گواستنه‌وه‌ى ئه‌م ڕاستیانه‌م له دادگایه‌کى کراوه به ئه‌رکى سه‌رشانى خۆم زانی... عه‌لى حه‌مه ساڵح
سازدانى: ئارا ئیبراهیم کۆمه‌ڵى ئیسلامى بڕیاره (18)ی ئه‌م مانگه کۆنگره‌ى خۆى ئه‌نجامبدات و ئه‌ندامێکى ئه‌نجومه‌نى سیاسى کۆمه‌ڵ ده‌ڵێت:» ده‌مانه‌وێت چه‌ند هه‌نگاوێکى گرنگ بنێین که‌ڕێگه له‌به‌رده‌م فراوانبوونى پرۆژه‌که‌و گه‌وره‌بوونى مه‌وداو بازنه‌ى کارى داهاتوومان خۆشبکه‌ین و ئه‌گه‌ر هێشتا دیوارێک له‌نێوان کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگه‌دا مابێت، بیڕوخێنین». عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سیاسى کۆمه‌ڵ و سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ده‌شڵێت:» کۆمه‌ڵ خاوه‌نى ژماره‌یه‌کى زۆرى کادرى گه‌نج و خوێنه‌وار و سه‌رکرده‌ى پێگه‌یشتووه که‌پێموایه هه‌ندێکیان شیاوى ئه‌وه‌ن سه‌رکردایه‌تى ئه‌م هێزه سیاسییه بکه‌ن». هه‌روه‌ها ئاماژه به‌سه‌رچاوه‌ى دارایى کۆمه‌ڵ ده‌دات و وتى:» سه‌رچاوه‌ى دارایى ئێمه روون و موته‌وازیعه، به‌شێکى له‌هه‌ندێک پرۆژه‌ى بچووکه‌وه دێت، به‌شێکیشى له‌و پاره‌یه دابینده‌کرێت که له‌موچه‌ى په‌رله‌مانتاره‌کانمان ده‌بڕدرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دارایى گشتیی....ئه‌گه‌رنا کۆمه‌ڵ هێزێکى سه‌ربه‌خۆو خۆماڵییه‌و پێمان عه‌یبه‌یه باس له‌هاوکاریى وڵاتان بکه‌ین و خۆمان له‌و ئاسته‌دا نابینین «. هاوکات، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که «به‌هۆى ئه‌و عه‌قڵییه‌ته ئه‌منییه‌ى ئێستا هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌بات، دۆخى سیاسیى و ئابوریى و سنورى ئازادییه‌کانیشى بردووەته قۆناغێکى خه‌ته‌رناک». هاوڵاتى: ئه‌م دۆخه سیاسییه‌ى ئێستاى هه‌رێمى کوردستان چه‌قبه‌ستووه یان کرانه‌وه‌یه‌ک له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کاندا ده‌بینرێت؟ عه‌بدولستار مه‌جید: دۆخى سیاسیى هه‌رێمى کوردستان پڕه له‌ناکۆکى سیاسیى نێوان هێزه‌کان، له‌وه‌گه‌ڕێ که ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌ندییه‌کى باشیان نیه، سێ هێزه‌که‌ى ده‌سه‌ڵاتیش له‌گه‌ڵ یه‌کترو له‌ناوخۆشیاندا له‌وپه‌ڕى بێمتمانه‌یى و ناکۆکیدان و هه‌ریه‌که‌یان ئۆباڵى کێشه‌و قه‌یرانه‌کان ده‌خاته سه‌ر ئه‌وى دیکه . به‌بڕواى من به‌هۆى ئه‌و عه‌قڵییه‌ته ئه‌منییه‌ى ئێستا هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌ده‌بات، دۆخى سیاسیى و ئابوریى و سنورى ئازادییه‌کانیشى بردۆته قۆناغێکى خه‌ته‌رناک. هاوڵاتى: کۆمه‌ڵ وه‌ک پارتێکى ئۆپۆزسیۆن بۆچوونى چییه له‌سه‌ر دۆخى حوکمڕانى ئێستاى هه‌رێم؟ عه‌بدولستار مه‌جید: بۆچوون و سیاسه‌ت و ستراتیژى ئێمه له‌ئێستاو رابردووش‌دا روون و راشکاو بووه، ئێمه دژ به‌سته‌مکارى و تاکڕه‌وى و قۆرخکاریى و گه‌نده‌ڵین و پێشمانوایه ده‌سه‌ڵات جگه له‌کات کوشتن، هیچى دیکه‌ى له‌ده‌ستنایه‌ت بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م دۆخه . راسته خه‌ڵک به‌پیلان و پلان بێهیوا کراوه، به‌ڵام هێزى سیاسیى نابێت بێهیوا بێت، ئێمه خاوه‌نى پرۆژه‌ى به‌دیلین و ململانێى سیاسیى ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات کار له‌سه‌ر بێهیواکردن بکات. هاوڵاتى: پێتانوایه ئۆپۆزسیۆن رۆڵى هه‌بووه له‌کاراکردنه‌وه‌ى په‌رله‌ماندا، یا ده‌نگ و سه‌دایه‌کتان هه‌یه که‌تموحى خۆشتان نییه؟ عه‌بدولستار مه‌جید: من له‌چه‌ند شوێنێکى دیکه‌ش به‌ئاشکرا ئه‌وه‌م وتووه، زۆرینه‌یه‌کى ساخته و سه‌رۆکایه‌تییه‌کى لاواز‌و پاشکۆ، نه‌ک بۆ ئۆپۆزسیۆن ته‌نانه‌ت رۆڵ و شکۆى بۆ دامه‌زراوه‌ى په‌رله‌مانى کوردستانیش نه‌هێشتووەته‌وه . له‌دونیادا نه‌بووه که په‌رله‌مان ببێته پاشکۆ‌و سێبه‌رى حزب و ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن، به‌ڵام ئێستا له‌هه‌رێمى کوردستان حکومه‌ت وه‌ک وه‌زاره‌ت و که‌متر له‌وه‌زاره‌تێکیش له‌په‌رله‌مان ده‌ڕوانێت، وه‌ک وتم ئه‌و زۆرینه ساخته‌یه‌و ئه‌م سه‌رۆکایه‌تییه‌ى ئێستا هۆکارى ئه‌وه‌ن . هاوڵاتى: خه‌ڵک به‌گشتى بێئومێده له‌گۆڕانکارى و چاکسازیى راسته‌قینه، ئێوه‌ش هه‌مان بۆچوونتان هه‌یه؟ عه‌بدولستار مه‌جید: راسته خه‌ڵک به‌پیلان و پلان بێهیوا کراوه، به‌ڵام هێزى سیاسیى نابێت بێهیوا بێت، ئێمه خاوه‌نى پرۆژه‌ى به‌دیلین و ململانێى سیاسیى ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات کار له‌سه‌ر بێهیواکردن بکات. پێویسته ئێمه‌مانان و شه‌قام و نه‌خبه‌ى رۆشنبیر‌و سیاسیى و خوێنه‌وارى کۆمه‌ڵگه شکست به‌و پیلانه بهێنێت و نه‌هێڵێت تۆوى بێهیوایى سه‌وز ببێت . هاوڵاتى: کۆمه‌ڵ بڕیاره کۆنگره‌ى چواره‌م ئه‌نجامبدات ده‌تانه‌وێت چ شتێک بگۆڕن؟ عه‌بدولستار مه‌جید: کۆنگره یه‌کێکه له‌وێستگه‌کانى ئه‌پده‌یت بوونه‌وه‌ى هه‌ر هێزێکى سیاسیى ئه‌وه‌ى په‌یوه‌سته به‌ئێمه‌وه به‌پێى په‌یڕه‌و چوار ساڵ جارێک کۆنگره‌ى خۆمان ده‌به‌ستین. به‌کورتى ئه‌وه‌ى وه‌ک ئه‌ندامانى کۆنگره ده‌مانه‌وێت بیهێنینه‌دی، هه‌ڵبژاردنى سه‌رکردایه‌تییه‌کى به‌هێزترو به‌تواناترو لێهاتووتره تائه‌رکى حزبایه‌تى و ئاراسته‌ى سیاسیى په‌سه‌ندکراوى کۆنگره و ئیداره‌ى حزب به‌باشترین شێوه به‌ڕێوه‌به‌رێت . له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا ده‌مانه‌وێت چه‌ند هه‌نگاوێکى گرنگ بنێین که‌ڕێگه له‌به‌رده‌م فراوانبوونى پرۆژه‌که‌و گه‌وره‌بوونى مه‌وداو بازنه‌ى کارى داهاتوومان خۆشبکه‌ین و ئه‌گه‌ر هێشتا دیوارێک له‌نێوان کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگه‌دا مابێت، بیڕوخێنین و زیاتر تێکه‌ڵ بین و زیاتر کۆمه‌ڵ بکه‌ینه جێى ئومێدى خه‌ڵکى کوردستان . هاوڵاتى: ده‌وترێت له‌ناو کۆمه‌ڵدا دوو بۆچوونى جیاواز هه‌یه، یه‌کێکیان له‌گه‌ڵ کرانه‌وه‌ى زیاتردان و بۆچوونێکیان دژیه‌تى؟ ئه‌مه گرفتى بۆ دروستکردوون؟ عه‌بدولستار مه‌جید: بوونى بۆچوونى جیاواز له‌ناو کۆمه‌ڵ و له‌سه‌ر پرسێکى دیاریکراو نیشانه‌ى زیندوێتى حزب و بوونى گفتوگۆیه‌و ئه‌وه‌ش ئاساییه، گرنگ ئه‌وه‌یه دواجار ئه‌و بۆچوونانه بخرێنه خزمه‌ت ئاراسته گشتییه‌که‌ى کۆمه‌ڵ، به‌ڵام ئه‌و بۆچوونانه‌ش پێویسته له‌کۆنگره‌و پاشان له‌ئۆرگانه‌کاندا بخرێته‌ڕوو و گفتوگۆیان له‌سه‌ر بکرێت . سه‌رچاوه‌ى دارایى ئێمه روون و موته‌وازیعه، به‌شێکى له‌هه‌ندێک پرۆژه‌ى بچووکه‌وه دێت، به‌شێکیشى له‌و پاره‌یه دابینده‌کرێت که له‌موچه‌ى په‌رله‌مانتاره‌کانمان ده‌بڕدرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دارایى گشتیی، له‌گه‌ڵ هاوکاریى هه‌ندێ که‌سى خێرخواز یان دڵسۆزانى کۆمه‌ڵ هاوڵاتى: کاتى ئه‌وه نه‌هاتووه کۆمه‌ڵ ئه‌وانه‌ى خه‌ریکى بانگه‌وازى ئیسلامین جیابکاته‌وه له‌وانه‌ى که خه‌ریکى سیاسه‌تن؟ عه‌بدولستار مه‌جید: ره‌نگه هێشتا کاتى ئه‌وه نه‌هاتبێت، به‌ڵام نابێت بیرمان بچێت هێزێکى وه‌ک کۆمه‌ڵ که‌خه‌لفیه‌تێکى ئیسلامیى هه‌یه، له‌پاڵ سیاسه‌ت و ململانێى سیاسیی‌دا، ئه‌رکى په‌روه‌رده‌و بانگه‌وازیشى له‌سه‌رشانه‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ژماره‌یه‌ک ده‌زگاو رێکخراوو ناوه‌ندى په‌روه‌رده‌یى و بانگه‌وازیى هه‌یه‌و پاڵپشتییان ده‌کات . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شداو له‌ڕه‌شنوسى په‌یڕه‌وى ناوخۆدا که بۆ به‌رده‌م ئه‌ندامانى کۆنگره ئاماده‌کراوه، ئه‌نجومه‌نێکى تایبه‌ت بۆ په‌روه‌رده‌و بانگه‌واز ته‌رخانکراوه که‌پێموایه ئه‌مه هه‌نگاوێکى باشه به‌ئاراسته‌ى وه‌رگرتنى تایبه‌تمه‌ندى له‌ئۆرگانه‌کانى دواى کۆنگره . هاوڵاتى: به‌نیازن که‌ناڵى په‌یام به‌ره‌وپێشه‌وه ببه‌ن؟ یا کۆنگره بڕیارى له‌سه‌ر ده‌دات؟ عه‌بدولستار مه‌جید: که‌ناڵى په‌یام یه‌کێکه له‌و که‌ناڵه جوانانه‌ى که بووەته بڵندگۆى هه‌موو ده‌نگه ئازاکان، بووەته ده‌نگێکى کاریگه‌رى به‌گژداچوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵیى و دژایه‌تى سته‌مکاری. راسته په‌یام زمانحاڵى هێزێکى سیاسییه، به‌ڵام هه‌رگیز مۆرکى حزبایه‌تى پێوه دیار نیه‌و ئاراسته گشتییه‌که‌ى له‌خزمه‌تى ئه‌و دروشمانه‌دایه که‌ته‌عبیر له‌دژایه‌تى گه‌نده‌ڵیى و دابینکردنى ژیانێکى شه‌ره‌فمه‌ندانه بۆ کۆمه‌ڵگه‌و فراوانکردنى سنورى ئازادییه گشتییه‌کان ده‌کات . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا تموحمان زیاترەو بێگومان ئه‌وه‌نده‌ى تواناى دارایى رێگه‌بدات، هه‌وڵى به‌ره‌وپێشبردنى زیاترى ده‌ده‌ین . هاوڵاتى: کۆمه‌ڵ له‌ڕووى داراییه‌وه چۆن خۆى به‌رێوه‌ده‌بات؟ ئایا هیچ یارمه‌تییه‌کتان له‌وڵاتانه‌وه پێده‌گات بۆ کارى رێکخراوه‌یى؟ عه‌بدولستار مه‌جید: سه‌رچاوه‌ى دارایى ئێمه روون و موته‌وازیعه، به‌شێکى له‌هه‌ندێک پرۆژه‌ى بچووکه‌وه دێت، به‌شێکیشى له‌و پاره‌یه دابینده‌کرێت که له‌موچه‌ى په‌رله‌مانتاره‌کانمان ده‌بڕدرێت و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دارایى گشتیی، له‌گه‌ڵ هاوکاریى هه‌ندێ که‌سى خێرخواز یان دڵسۆزانى کۆمه‌ڵ . ئه‌گه‌رنا کۆمه‌ڵى ئیسلامیش هێزێکى سه‌ربه‌خۆو خۆماڵییه و پێمان عه‌یبه‌یه باس له‌هاوکاریى وڵاتان بکه‌ین و خۆمان له‌و ئاسته‌دا نابینین . هاوڵاتى: زۆربه‌ى لایه‌نه سیاسییه‌کان خاوه‌نى کۆمپانیاى بازرگانى و وه‌به‌رهێنانن، کۆمه‌ڵ کۆمپانیاى هه‌یه؟ عه‌بدولستار مه‌جید: نه‌خێر کۆمپانیامان نییه‌و ده‌ستمان له‌قۆرخکارى و دزینى سامانى گشتیی‌دا نیه، وه‌ک وتم جگه له‌هه‌ندێ پرۆژه‌ى بچووک و سنوردار هیچ کۆمپانیاو کارگه‌یه‌کمان نیه . هاوڵاتى: ئایا پاشگرى ئیسلامى له‌کۆمه‌ڵ لێده‌کرێته‌وه؟ یا ئه‌ندامانى کۆنگره بڕیارى له‌سه‌ر ده‌ده‌ن؟ عه‌بدولستار مه‌جید: ئه‌وه ده‌مێنێته‌وه سه‌ر قه‌ناعه‌ت و ده‌نگى ئه‌ندامانى کۆنگره که تاچه‌ند پێیان باشه کاتى هاتبێت، به‌ڵام ناو گرنگ نیه گرنگ ناوه‌ڕۆک و بناغه‌ى پته‌وه . ئه‌وه‌ى له‌ڕابردوودا هه‌بووه وازهێنان بووه نه‌ک جیابوونه‌وه، هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌شى وازیانهێناوه له‌ماڵى خۆیان دانیشتوون و پرۆژه‌ى سیاسیى دیکه‌یان نیه‌و نه‌چوونه‌ته ناو حزبى دیکه‌ش. تائێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌رگا کراوه‌یه بۆیان و ماڵى خۆیانه هه‌رکات بیانه‌وێت پێکه‌وه‌بین جارێکى دیکه هاوڵاتى: داوا له‌مامۆستا عه‌لى باپیر ده‌که‌ن خۆى کاندید بکاته‌وه یان کاتى ئه‌وه هاتووه وه‌ک رابه‌رێک بمێنێته‌وه‌و که‌سێکى دیکه ببێته ئه‌میر؟ عه‌بدولستار مه‌جید: مامۆستا عه‌لى باپیر ئه‌گه‌ر به‌ده‌ست خۆى بوایه هه‌ر له‌کۆنگره‌ى سێهه‌مه‌وه ده‌ستبه‌ردارى پۆسته‌که‌ى ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌ندامانى کۆمه‌ڵ به‌ڕه‌هایى له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى مامۆستان و بۆ ئه‌م کۆنگره‌یه‌ش کۆنگره بڕیار ده‌دات نه‌ک ویست و خواستى جه‌نابى مامۆستا عه‌لى باپیر . مامۆستاى ئه‌میر خاڵى به‌هێزه بۆ کۆمه‌ڵى ئیسلامیى به‌تایبه‌تى و پرۆژه و کارى ئیسلامیى به‌گشتیى و هه‌بوونى به‌ڕێزیان به‌زه‌روره‌ت ده‌زانین . هاوڵاتى: ئایا کۆمه‌ڵ توانیویه‌تى که‌سى سه‌رکرده دروستبکات بۆ رابه‌رایه‌تى کۆمه‌ڵ؟ عه‌بدولستار مه‌جید: کۆمه‌ڵ خاوه‌نى ژماره‌یه‌کى زۆرى کادرى گه‌نج و خوێنه‌وارو سه‌رکرده‌ى پێگه‌یشتووه که‌پێموایه هه‌ندێکیان شیاوى ئه‌وه‌ن سه‌رکردایه‌تى ئه‌م هێزه سیاسییه بکه‌ن . هاوڵاتى: ئه‌و که‌سانه‌ى جیابوونه‌وه له‌کۆمه‌ڵ که‌سیان هاتوونه‌ته‌وه ناو ریزه‌کانتان؟ عه‌بدولستار مه‌جید: ئه‌وه‌ى له‌ڕابردوودا هه‌بووه وازهێنان بووه نه‌ک جیابوونه‌وه، هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌شى وازیانهێناوه له‌ماڵى خۆیان دانیشتوون و پرۆژه‌ى سیاسیى دیکه‌یان نیه‌و نه‌چوونه‌ته ناو حزبى دیکه‌ش. تائێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌ڵام ده‌رگا کراوه‌یه بۆیان و ماڵى خۆیانه هه‌رکات بیانه‌وێت پێکه‌وه‌بین جارێکى دیکه . هاوڵاتى: په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى ته‌ندروستره وه‌ک له‌پارتى ئه‌وه‌ى له‌واقعدا ده‌بینرێت؟ عه‌بدولستار مه‌جید: خوازیارى په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌ندروست له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کانین، ئه‌و حاڵه‌ته‌شى باسى ده‌که‌یت ره‌نگه بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه که‌ئێمه هه‌ر ره‌خنه‌یه‌ک له‌حکومه‌ت ده‌گرین پارتى ده‌یباته‌وه سه‌ر خۆى، ره‌نگه یه‌کێتى که‌متر ئه‌و کاردانه‌وه‌یەى هه‌بێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌دیدى ئێمه‌دا پارتى و یه‌کێتى دوو هێزى ده‌سه‌ڵاتن و به‌رپرسى یه‌که‌م و کۆتایى ئه‌م هه‌موو شکست و هه‌ڵدێرو گه‌نده‌ڵییه‌ن که‌به‌رۆکى خه‌ڵک و خاکى هه‌رێمى کوردستانی گرتووە . هاوڵاتى: چه‌ند گیراوى کۆمه‌ڵ هه‌یه لاى یه‌کێتى تائێستا ئازاد نه‌کرابێت؟ عه‌بدولستار مه‌جید: ده‌ستگیرکراومان نیه، به‌ڵکو رفێندراومان هه‌یه که تائێستا چاره‌نووسیان دیار نیه، له‌هه‌وڵداین تا سۆراغیان بزانین، به‌ڵام تائێستا نه‌گه‌یشتووینه‌ته ئه‌نجام، هیوادارم به‌زوویى ئازاد بکرێن و هاوسه‌رۆکانى یه‌کێتى به‌و ئاراسته‌یه‌دا هه‌نگاوى دۆستانه بنێن . هاوڵاتى: چیتان کردووه بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌ندروستان له‌گه‌ڵ پارتیدا هه‌بێت؟ عه‌بدولستار مه‌جید: په‌یوه‌ندى ته‌ندروست دوو لایه‌نه‌یه، پێویسته هه‌ردوولا ئه‌و خواسته‌یان هه‌بێت، ئێمه له‌وباره‌یه‌وه کێشه‌مان نیه و ئه‌وه‌ى دیکه‌ش لاى پارتییه . ئێمه ئۆپۆزسیۆنى حکومه‌تین نه‌ک حزب، به‌ڵام رکابه‌رى سیاسیى پارتین و ئه‌وه‌ش له‌ژیانى حزبایه‌تیدا شتێکى سروشتییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندیى ئاسایى و یاسایى نێوانمانداین