هاوڵاتی/ شوان عەباس بەدری رادیۆی مۆنتی کارلۆ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مەسعود بەرزانی ، سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان سازداوە کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر هەندێک پرسی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکانیان لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بریارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە ،هەروەها تیشکیش خراوەتە سەر هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر وسەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بۆچوونی خۆی لەبارەی ئەو هێرشانەوە دەخاتە روو . لە هاوڵاتییەوە دەقی چاوپێکەوتنەکەی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی کوردستان بخوێنەرەوە: مۆنتی کارلۆ : لە دوای ساڵ و نیوێک لە پێکهێنانی حکومەتەکەی سودانی کە ئێوەش هاوبەشیتان تێدا کردووە ، چۆن کارەکانی ئەو حکومەتە و ڕۆڵی خۆتان لەناو حکومەتی فیدراڵیدا هەڵدەسەنگێنن؟ مەسعود بارزانی : ئێمە کە بەشداریمان لە حکومەتەکەی بەرێز سودانیدا کرد ، بە پێی رێکەوتنێکی سیاسی ئەو بەشدارییەمان کرد وهەر بە پێی ئەو رێکەوتنەش هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت پێکهێنرا ، پێشمان وایە کە بەرێز سودانی دەیەوێت ئەو رێکەوتنەی کە لە نێوان لایەنەکاندا بەسترا جێ بە جێ بکات ،بەڵام لە هەمان کاتدا دەبینین کە چەند بەربەستێکی راستەقینە رێی لێگرتووە، ئێمە پشتگیریمان کرد و لە پێناوی بە دی هاتنی ئەو پرسانەش کە رێکەوتووین لە سەریان بەردەوام دەبین لە پشتگیری کردنی . مۆنتی کارلۆ : ئەم ئاستەنگیانە لە کوێیوە سەرچاوە دەگرن؟ مەسعود بارزانی : ئاستەنگییەکان ئەو بەربەستانەن کە بۆی دروست دەکرێت لە پێناو جێ بە جێ کردنی ئەو رێکەوتنانەی کە لە نێوان لایەنەکاندا بەستراوە. مۆنتی کارلۆ : رێگری کردن لێی لەلایەن لایەنێکی دیاریکراو؟ واتە لایەنێکی دیاریکراو تۆمەتبار دەکەیت بۆ ئاستەنگی دروست کردن ؟ مەسعود بارزانی : من نامەوێت هیچ لایەنێک دیاری بکەم ، بەڵام لە راستیدا هەندێک لایەن هەیە کە هەوڵ دەدەن کۆسپ بۆ کارەکانی حکومەتی فیدراڵی دروست بکەن ، ئەمە شتێکی روون و ئاشکرایە . مۆنتی کارلۆ : ئایا ئێوە هەست بە دڵنەواییەک دەکەن لە کارکردنتاندا لە ناو ئەم حکومەتە؟ لە کاتێکدا هاوپەیمانییە سەرەکییەکانتان وەک رەوتی "سەدر" خۆیان سڕ کرد و هەروەها چەند لایەن و کەسێکی دیکەش دوورخرانەوە وەک بەرێز " حەلبوسی" ، لە ئێستادا ئایا ئێوە هەست بە دڵنەوایی دەکەن یان خۆد نیگەرانی؟ مەسعود بارزانی : ئێمە نیگەرانین ، لەبارودۆخەکە نیگەرانین ، دیمۆکراسی لە عیراقدا لە ژێر هەرەشەدایە ، لە ژێر هەرەشەیەکی راستەقینەشدایە . مۆنتی کارلۆ : ئەم هەرەشانە لە ناوخۆی وڵاتەوە سەرچاوە دەگرن یان خۆد لە دەرەوە؟ مەسعود بارزانی: لە ناوەوە و لە دەرەوەش . مۆنتی کارلۆ : ژمارەیەک لە راپۆرتە رۆژنامەنووسییەکان باس لەو قەیرانانە دەکەن کە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە ، بە تایبەتیش لە ئاستی پەیوەندییەکانی نیوان هەولیر و سلێمانی ، واتە لە ئاست پەیوەندییەکانی هەردوو حزبە رکابەرەکەی هەرێم ، لە رابردوودا سەرەرای کێشەکانتان بەڵام بە یەک هەڵوێست دەچوون بۆ بەغداد ، بەڵام لە ئێستادا پێچەوانە بۆتەوە ، چۆن باسی ئەم دابەشبوونەتان دەکەن لە ئێستادا؟ مەسعود بارزانی : لە راستیدا ئەم دۆخە جێگەی داخە، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێم کە ناکۆکییەکانمان لەسەر بابەت و ئامانجە ستراتیژییەکانن ، گەر ناکۆکییەکانمان لە سەر بابەتە تەکنیکییەکان بوایە ئەوا ئاسان بوو، بەڵام سەرەرای ئەمانەش هەوڵ دەدەین و هەموو توانەیەکی خۆمان بەکار دەهێنن بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشە و ناکۆکیانە و کار دەکەین بۆ یەکخستنەوەی ریزی کورد. مۆنتی كارلۆ: ئهگهر بمانهوێت قسه لهسهر پرسه ستراتیژییهكان بكهین، كاتێك دهڵێین: ستراتیژی، لهوانهیه بابهتهكه وهك بابهتێكی گشتی بێته بهرچاو.. بهڵام دیارترین ئهو كۆسپه چییه كه رووبهڕووی یهكڕیزی كورد بووهتهوه؟ مەسعود بارزانی: بۆ نموونه: ناكرێت سازش لهسهر قهوارهی ههرێم بكرێت، نابێت هاوكاری ئهو كهسانە بكهین كه بە نیازن ههرێم لهبهریهك ههڵوهشێنێتهوه، نابێت هاوپهیمانێتی لهگهڵ ئهو كهسانەدا بكهین كه بە نیازن كۆتایی به ههرێم بهێنن، ئهمهیه پرسی ستراتیژیی. مۆنتی كارلۆ: واتا به ڕای تۆ كهسانێك ههن كار بۆ ئهو ئامانجه دهكهن؟ مەسعود بارزانی: بێگومان، زۆریش روون و ئاشكرایه. مۆنتی كارلۆ: با زیاتر راشكاوانه بین، بەرێزتان له كوردستانی ئێران له دایك بوون، پهیوهندی ئێوهش لهگهڵ ئێران تاڕادهیهك باش بوو، بهڵام لەمدواییانەدا تێبینی كرا، كه داڕمانێكی گهوره له پهیوهندییەکانتان لهگهڵ ئێران روویداوه، ئهو رووداوهی بهم دواییانهش لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێرانەوە روویدا کە بووه هۆی كوژرانی ژمارهیهك كهس، ئێران بهوه تۆمهتبارتان دهكات، كه بوونهته پهناگهیهك بۆ دوژمنەکانیان، ئێوه چۆن وهڵامی ئهم تۆمهتانه دهدهنهوه؟ مەسعود بارزانی: ئهمانه تۆمهتی بێ بنهمان، بهر له ههر كهسێكیش ئێران خۆی دهزانێت كه ئهو تۆمهتانه بێ بنهمان. بهڵێ من له مهاباد له دایك بووم و رۆژێكیش له رۆژان نهمانویستووه گرژی له پهیوهندیهكانمان لهگهڵ ئیران رووبدات. ههروهها رێگهش نادهین ههرێم ببێته شوێنێك بۆ ههڕهشه بۆ سهر ئاسایشی ئێران. له ساڵی 2020 و 2021ـهوه تا ئهمڕۆ، ههولێر چ وهك شار وچ وهك پارێزگاش 143 جار بە فڕۆكهی بێ فڕۆكهوان و مووشهكی بالیستی هێرشی کراوەتە سەر ، ئەو هێرشانەس لهلایهن ئێران و لەلایەن لایەنەکانی سەر بە ئێران ئەنجام دراون، ههمیشهش پاساوی ئهوه بۆ ئهو تاوانانه دههێننهوه، کە گوایە ناوهندی ههواڵگریی نێودهوڵهتیی و بە دیاریکراویش مۆسادی لێیه، لە هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسینی کوردی ئێرانی لێیە ، ئێمه دڵنیاین كه ئهگهر بارهگایهكی مووساد له كوردستان ههبوایه، ئهوا بوێری ئهوهیان نهدەبوو لێی بدهن. ئهوان نهیانتوانی وهڵامی بههێزهكان بدهنهوه، بۆ پاساوهێنانهوهش بۆ شكستی خۆیان لە ناوخۆدا، واتە ههندێك لایهنی ناوخۆی ئێران، بۆ پاساوهێنانهوه بۆ شكستی ناوخۆیی ههولێریان بهوه تۆمهتبار كرد، كه ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی داڵده دهدات و هەندێ بابەتی دیكه، بۆردومانكردنی خێزانێكی بێتاوانی بێوەی و كوشتنی كچێكی تهمهن 11 مانگ، ئایا ئهمه تاوانێكی قیزهون نییه!! له ههمان كاتیشدا سوورن لهسهر ئهوهی كه ئهوان له ئهفسهرێكی مووسادیان داوه و كوشتوویانه، بۆیه ئهمانه تۆمهتێکن کە هیچ بنهمایهكیان نییه. سهبارهت به ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیش، ئهوا ئۆپۆزسیۆن ماوهی 50 ساڵه لێرهیه و به پێی رێككهوتنی سێقووڵیی نێوان حكومهتی فیدراڵ و حكومهتی ههرێم و ئێران، ههروهها بەدەنگەوە هاتنی ئۆپۆزسیۆنی كوردیی ئێرانی بۆ ئەو رێکەوتنە ، تهواوی هێزهكانیان له ناوچه سنوورییهكان كشاندەوە و گهڕانهوه بۆ ناوچهكانی نیشتهجێبوونی خۆیان له دهوروبهری ههولێر، ئهمهش لهسهر بنهمای رێككهوتنهكه بوو. بۆیه تۆمهتهكانی ئێران تۆمهتی بێ بنهمان و رۆژێكیش له رۆژان نهمانویستووه گرژی له پهیوهندیهكانمان لهگهڵ ئێراندا بێته ئاراوه، بهڵام بۆ من جێگهی سهرسوڕمانه کە بۆچی ئێران ئهم رێگەیەی گرتۆتەبەر؟ مۆنتی كارلۆ: ئایا حكومهتی فیدراڵ بە ئەرکی سهر شانی خۆی هەستاوە سەبارەت بەو روداوەی کە لە هەولیر روویدا؟ مەسعود بارزانی: جووڵهیهكی ههبوو، بهڵام له ئهنجامدا ئهو جووڵهكردنهیان له ئاست ئهو تاوانهدا نهبوو كه ئهنجامدرابوو. مۆنتی كارلۆ: باشه، مشتومڕەکانی ئهمڕۆی عێراق ههمووی له دهوری پرسی كشانهوهی هێزەکانیی هاوپهیمانان لە عیراق دهخولێنهوه. با راسکاوتر بم، مهبهستم كشانهوهی ئهمهریكییهكانه له عێراق، ئایا بهم بابهته کوردی نیگەران کردووە؟ مەسعود بارزانی: لهوانهیه ههمان ئهو سیناریۆیه دووباره ببێتهوه كه لهساڵی 2011 روویدا، كاتێك هێزهكانی ئهمهریكا كشانهوه، هێزی هاوپهیمانانیش لهگهڵیان كشانهوه، دوای ماوهیهك داعشمان بینی و نزیكهی سێیهكی عێراقی داگیر كرد و هاتنه ناو عێراق و خهریك بوو ههموو عێراق داگیر بكهن. ئهگهریش پاڵپشتی هاوپهیمانان نهبوایه، ئهوا دۆخهكه جیاوازتر دهبوو، لێرهدا رێككهوتنێك له نێوان حكومهتی فیدراڵ و ئهمهریكا و هاوپهیماناندا ههبوو. ئێستا 10 ساڵ بهسهر ئهو رێككهوتنهدا تێپهڕێوه و لهوانهیه ئهو رێككهوتنه پێویستی به پێداچوونهوه ههبێت، بهڵام ئهمه له چوارچێوهی ئهركی حكومهتی فیدراڵ و دهزگا پهیوهندیدارهكانه، نهك گرووپ و ملیشیاکان لەو بارەیەوە بریار بدەن ، ئهمه پرسێكی چارهنووسسازه، ئهو بابهته پهیوهندیی به تهواوی عێراقییهكانهوه ههیه و هیچ لایەنیک بۆی نییە لەبارەی ئەو پرسەوە بە تەنیا بریار بدات. مۆنتی كارلۆ: لهسهر ئاستی ناوخۆ، ههندێك قەیرانی ئابووری له ههرێمی كوردستاندا ههیه، جۆرێك له کێشە بههۆی دواكهوتنی مووچەوە رووبهڕووی فهرمانبهرانی هەرێمی كوردستان بووهتهوه، ههڵبهته ئهمهش هاوكاته لهگهڵ راگرتنی ههناردهكردنی نهوتی ههرێمی كوردستان. ئێوه چۆن له بڕیارهكانی ئهمدوایهی دادگای فیدراڵ دهڕوانن کە تایبهت به مووچه و داهاتهكانی ههرێم دەریکرد؟ مەسعود بارزانی: بهداخەوە هەموو بریارەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستانن ، بە شیوەیەکی بەرچاو دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکات . بۆ زانیاریش، ئهم دادگایه دادگایهكی دهستووری نییه. ئهو دادگایه له سهردهمی برێمهردا دامهزراوه و ئێستاش رۆڵی ههر سێ دهسهڵاتی دادوهری و دهسهڵاتی یاسادانان و دهسهڵاتی جێبەجێکردن دهگێڕێت. من پێم وایه، دادگای فیدراڵی سنووری ئهرك و دهسهڵاته سهرهكییهكانی خۆی بهزاندووه، بڕیارهكانیشی بڕیاری نادادپهروهرانهیە و بە شێوەیەکی بەرچاو له دژی ههرێمن. مۆنتی كارلۆ: رێگهم بده جهنابی سهرۆك، لهسەر خاڵێک رابمینم، كه جێگهی نیگهرانی هەندێک لە دۆسته رۆژئاواییەکانتان بێت . ئایا نەوەی سێیەمی سیاسییەکانی کوردستان لە دوای کۆچی دوایی نەوەی یەکەم و دوای ئەوانیش نهوهی دووهم کە ئێوەن و ئاشنایهتیتان لهگهڵ چهك و دانوستانیشدا ههیە، ئایا نهوهی سێیهم توانای رووبهڕووبوونهوهی ههموو ئهو ئاڵنگاریانهی ههیه كه ئهمڕۆ رووبهڕووی ههرێم دهبنهوه؟ مەسعود بارزانی: پرسیارێكی باشە، منیش ههمان ترسم ههبوو، بهڵام له جهنگی دژ به داعش، بۆ ماوهی نزیكهی دوو مانگ نههامهتیمان چهشت، بهڵام دواتر نهوهیهكی نوێ دهركهوت، كه خاوهن خۆڕاگری زیاتر و شارهزاتر و ئیرادهی بههێزتر بوو. راسته لێرهدا نهوهیهكی نوێ ههیه و ناكرێت ئێمه بڵێین نهكهوتووهته ژێر كاریگهری تهكنهلۆژیا و بهروهپێشچوونهكانی جیهان، بهڵام ئێستا نهوهیهكی راهێنراو و ئامادهكراو ههیه، له رووی چەک و له رووی هزر و ئیرادەوە ئاماده كراوه. بۆیه من بهوپهڕی راشكاوییەوە دهڵێم: ئێمه ناترسێین و سهدان ههزار گهنجیشمان ههیه، كه لهوانهیه دەسکەوتە بە دیهاتووەکانی نهوهی یهكهم و نهوهی دووهم زۆر زیاتر تێپەرێنن . مۆنتی كارلۆ: زۆر باشە.. پێنج ساڵ بهسهر ریفراندۆمه مێژووییهكهدا تێپهڕێوه، كه بۆ بهدهستهێنانی مافی چارهی خۆنووسین بۆ كورد رێكتخستبوو، ئهوهی روویدا ههڵبهته داڕمانی پهیوهندییهكان بوو لهگهڵ ناوهند، بهڵام ئایا فیدراڵیهت به بیرۆكهیهكی گونجاو دهزانیت بۆ وڵاتانی ناوچەکە؟ مەسعود بارزانی: دوای رووخانی رژێم له ساڵی 2003، پهرلهمانی كوردستان بڕیاریدا، كه لهسهر بنهمای فیدراڵیهت لهگهڵ عێراق بین و پهیوهندییهكانیشمان لهسهر ئهو بنهمایه لهگهڵ بهغدا دابنێین، دوای رووخانی رژێمیش، من بۆ ماوهیهكی زۆر له بهغدا مامهوه، له كاتی نووسینهوهی دهستووریش به جددی و ئهوپهڕی لەخۆبوردوویی كارمان كرد، بۆئهوهی عێراقێكی دیموكراتی فرهجۆر و فیدراڵی دابمهرێنین، دوای ماوهیهك تێبینیمان كرد كه كهسانێك ههن باوهڕیان به فیدراڵیهت نییه، تهنانهت لهو ستانەس پاشگەز بوونەوە کە لە دەستووردا لەسەری رێکەوتبووین ، ناوەرۆکی دهستووریش دهڵێت: پابهندبوون بهم دهستووره زامنی یهكپارچهیی عێراقە. دهستوور پێشێل كرا.. ئهگهر پابەند بوونایە بە فیدراڵیهت و دهستوور ، ئهوا پهنامان بۆ ریفراندۆم نهدهبرد، ههربۆیه جارێكی دیكهش دهیڵێمهوه، سهرتاپای دیموكراسی له عێراق لهژێر ههڕهشهدایه. ههروهها ههڕهشه لهسهر فیدراڵیهتیش ههیه، له سایهی ئهو سیستمانهش کە له ناوچهیهکەدا ههیە، لهڕاستیدا نه فیدراڵیهت و نه نافیدراڵیهتیش سوودی نییه. مۆنتی كارلۆ: چۆن دهڕوانیته ئایندهی عێراق؟ مەسعود بارزانی: یان ئهوهتا عێراق پابهندی ئهوه دهبێت كه رێككهوتنی لهسهر كراوه و دهگهڕێتهوه بۆ دیموكراتیهت و بنهما سهرهكییهكان، كه بریتین له (شهراكهت و رێکەوتن و هاوسەنگی)، ئەوا ئهو كاتە رەنگە بتوانرێت عێراق لهو قهیرانهی کە ئێستا بەرۆکی گرتووە رزگار بكرێت، بەڵام گەر بێتو لایەن یان گروپ یان پیکهاتەیەک تاکلایەنانە دەست بەسەر دەسەڵآتدا بگرن و هەموو شتێک بۆ خۆیان قۆرخ بکەن ، ئەوا عیراق بەرەو دارمان دەروات ،واتە دهبێت بگەرەینەوە بۆ دیموكراتیهت و بنهما سهرهكییهكان ، كه بریتین له (هاوبەشی و رێکەوتن و هاوسەنگی). مۆنتی كارلۆ: جهنابی سهرۆك، ئێوه گوتووتانه كه چیاکان دۆستی كوردن، ئهمڕۆ كێ دۆستی كورده؟ مەسعود بارزانی: چیاكان لهگهڵ ژمارهیهكی زۆری دۆستهكانمان له جیهان. مۆنتی كارلۆ: ئهوانە كێن؟ مەسعود بارزانی: ههڵبهته ئهوان زۆرن. مۆنتی كارلۆ: پهیوهندییهكانتان لهگهڵ وڵاتانی دراوسێ ؟ مەسعود بارزانی: بۆ نموونه پهیوهندیمان لهگهڵ وڵاتانی عهرهبی ههیه، لهگهڵ گهلانی عهرهبیدا، لهگهڵ رۆژئاوا، ئهمهریكا و لهگهڵ ههموو جیهان، ههروهها لهگهڵ رۆژههڵات، واتە سپاس بۆ خودا ئێمه دۆستی زۆرمان ههیه. مۆنتی كارلۆ: لە ئێستادا پشتگیرییهكان بۆ دۆزی كورد ههر وهك رابردوو ماون؟ مەسعود بارزانی: تێگهیشتن ههیه و پاڵپشتیش ههیه، بهڵام لهڕاستیدا لهئاستی پێویستدا نییه. هەندێک جار رووداو یان رووداوێكی دیاریكراو روودەدات ههموو رووداوهكانی دیكه دادهپۆشێت، بۆ نموونه جهنگی ئۆكرانیا، جهنگی غهزه، جا ههندێک جار گرنگیپێدانەکان لە شوێنێکەوە بۆ شوێنیکی دیکە دەگۆردرێت. مۆنتی كارلۆ: سهركردهی كورد، مهسعود بارزانی، سهرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، زۆر سوپاس بۆ جهنابت به پێدانی ئهو دهرفهته به مۆنتی كارلۆی نێودهوڵهتی و سوپاس بۆ ئهم گفتوگۆیهش، زۆر سوپاس. مەسعود بارزانی: سوپاس، سوپاس بۆ مۆنتی كارلۆ.
شوان عەباس بەدری سەپاندنی دوو سزی لەسێدارەدان لە سلێمانی خۆشحاڵی هەندێک لە چالاکوانانی ژنانی لێدەکەوێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە لە رابروودا بەشێک لە کەیسەکانی کوشتنی ژنان بە رێگەی سوڵحی عەشایەری چارەسەرکراون. دادگای تاوانەکانی سلێمانی لە مانگی شوباتدا سزای لەسێدارەدانی دەرکرد بۆ دوو کەس کە یەکێکیان ژنەکەی خۆی سوتاندوە، ئەوی تریشیان کەسێک بوو کە ئەفسەرێکی لە کاتی ئەرکی فەرمیدا کوشتوە کە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە سلێمانی کاری دەرکرد. چالاکوانێکی بواری ژنانیش پێی وایە گەرچی بریارەکەی دادگا لە کاتێکی گونجاودا دراوە بەڵام هێشتا یەکلایی کردنەوەی ئەو جۆرە کەیسانە لە ئاستی چاوەروانییەکاندا نین و دەسەڵاتی سیاسی هەرێمی کوردستانیش لە ئاست ئەنجامدانی ئەو تاوانانە بێباکن . رۆژی یەکشەممە ١٨/٢/٢٠٢٤ دادگای تاوانەکانی سلێمانی سزای لە سێدارەدانی لە دوو کەیسی جیاوازدا بە سەر دوو تاوانباری بکوژدا سەپاند، کە یەکێکیان پەیوەندی کوشتنی نەقیب موحەمەد لەتیف هەبوو کە لە بەرەنگاربوونەوەی تووندووتیژی دژ بە ژنان کاری دەکرد. ئەوی دیکەش تایبەت بوو بە سووتاندنی ژنێک بەناوی شنیار هونەر لە گەڕەکی کوردساتی سلێمانی. شنیار تەمەنی ٢١ ساڵ، خەڵکی سەیدسادق و دانیشتووی سلێمانی بوو لە ١٩ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ لەلایەن هاوسەرەکەی سوتێنرا و پاش مانەوەی بۆ چەند رۆژێک لە نەخۆشخانە و بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویەکەیەوە گیانی لەدەستدا. لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە سزای هەتاهەتایی بەسەر بکوژی شنیاردا سەپێنرا، بەڵام دوابەدوای تانە لێدان لە بڕیاری دادگا و بەرزکردنەوەی بۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، بریارەکە لە زیندانی هەتاهەتاییەوە بەرزکرایەوە بۆ سزای لە سیدارەدان. دوابەدوای دەرچوونی سزای لە سێدارەدانەکەی بکوژی شنیار هونەر، ئاودێر عومهر، پارێزەری کەیسی شنیار هونەر، لە بەردەم دادگای سلێمانیدا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕایگەیاند، لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ تاوانبارێک ژنەکەی بە ناوی (شنیار هونەر) سوتاند، پاش ئەوەی دادگای لێکۆڵینەوە ڕێکارەکانی جێبەجێکرد، هاوسەرەکەی و ژنێکی بە ڕەگەز عەرەب بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پیاوەکە و هاندانی بۆ کوشتنی شنیار دەستگیر کران. دواتر دادگای تاوانەکانی سلێمانی لە ٤/٦/٢٠٢٣ سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر (هونەر ڕەشید) هاوسەری (شنیار هونەر) سەپاند، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و ئازادکردنی ژنە بە ڕەگەز عەرەبەکەی دا. لەهەمان رۆژەدا دادگای سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی نەقیب محەمەد لەتیف ئەفسەری پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە سلێمانی دەرکرد. هەروەها دادگای سلێمانی هەر لە دانیشتنەکەیدا زیندانی هەتاهەتایشی بۆ دوو کەسی تر دەرکرد کە لەگەڵ بکوژەکەدا بوون و یارمەتی بکوژەکەیان دابوو. هانا شوان، چالاکوانی بواری ژنان ئاماژە بەوەدەکات کە ساڵانێکە ڕێکخراوەکان و چالاکوانانی تایبەت بە مافەکانی ژنان داوای سزای یاسایی دەکەن بۆ بکوژانی ژنان و ئەو کەسانەش کە تێوەگلاون لە توندوتیژیکردن و دەستدرێژیکردن بۆ سەر ژنان، بەڵام هەستیان کردوە کە «دەسەڵاتی سیاسی بێباکە بەرامبەر ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر ژنان دەکرێت». هانا شوان بە هاوڵاتی وت « ژمارەیەکی زۆری بکوژی ژنان لەدەرەوەی زیندانەکانن و بە سزا نەگەیەنراون ، لەبەر ئەوە هەموو فشار و تواناکانمان یەکخست بۆ بە سزاگەیاندنی ئەو کەسانە ، بۆیە پێموایە ئەم دوو بریارەی دادگا ، دوو بریاری زۆر باش بوون و لە کاتێکی گونجاویشدا دران ، بەڵام ئەوە هێشتا ناکاتە ئەوەی کە داواکارییەکانی ئێمە بە دی هاتووە ، چونکە ئێمە داواکاری زۆر زیاتر و گەورەتریشمان هەیە» . لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا ناوبراو جەختی لەسەر دەستگیرکردنی هەموو ئەو کەسانە کردەوە کە لە دوای راپەرینەوە تا ئێستا ژنیان کوشتووە و تا ئێستا دەستگیر نەکراون. «دۆسییەی ئەو ژنانەی کە کوژراون لە دوای راپەرینەوە لە هەرێمی کوردستان ، پێویست دەکات بکوژەکانیان دەستگیر بکرێن و ئەو کەسانەش کە پلانیان داناوە یان ئەو کەسانەی کە داڵدەی بکوژەکانیان داوە پێویست دەکات رووبەرووی یاسا بکرێنەوە لە هەر پۆستێکدا بن « هانا شوان وا دەڵێت. سەبارەت بەوەی کە ئاخۆ لە کوردستان تا چەند کەیسی کووشتنی ژنان پەردەپۆش دەکرێت و لە ڕێگەی سوڵحەوە دۆسییەکان چارەسەر دەکرێن ئەم چالاکوانە پێی وایە ئەم بابەتە شتێکی زۆر واریدە و زۆرجار لە راگەیاندنەکانیشا کەس نازانێت چەند ژن ئەکوژرێن و رێژەی تاوانەکان زۆر بەرزترە لەو ئامارانەی کە دەخرێنە روو. «پێشتر ئامارەکان دەخرانە روو بەڵام ئێستا لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گلەییەک هاتۆتە سەر حکومەتی هەرێم کە رێژەی کووشتنی ژنان زۆر بەرزە و شێلتەرەکان خزمەتگوزاری زۆر باشیان تیا نییە چەند ساڵێکە ئامارەکان وەک خۆی ناخرێنە روو و جۆرێک لە پەردەپۆش کردنی ئامارەکان هەیە بە تایبەتیش سەبارەت بە تووندوتیژییەوە « هانا شوان وا دەڵێت . سەبارەت بە رێکخراوەکانی ژنانیش کە ئاخۆ چەن سەرکەوتوو بوون لە وشیارکردنەوەی ژنان ئەم چالاکوانە بە هاوڵاتی وت «مەسەلەی وشیاردنەوە ، مەسەلەیەکی گشتگیرە ، مەسەلەیەکە گۆرانکاری بەسەردا دێت و لەگەڵ هەل و مەرجەکانی کۆمەڵگەدا ئەگۆرێت ، قەیرانی ئابووری ، قەیرانی سیاسی ، کۆمەڵێک قەیران کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی رووبەرووی ئەم هەرێمە بچووکە دەبێتەوە کاریگەری راستەخۆ و ناراستەوخۆیان هەیە لەسەر ئەوەی کە تا چەند رێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی بە گشتی ئەتوانن ئەو ئەرکەی هەیانە پێی هەستن». هەروەها وتی «نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە هەندێک بەربەست و سانسۆر و فشار هەیە لەسەر رێکخراوەکان کە لەلایەن حکومەتەوە دەکرێت، چونکە تەنها حکومەت دەسەڵاتی داخستنی رێکخراو یان خود رێگری کردن لە ڕێپێوان و خۆپیشاندانی هەیە، هەروەها حکومەتی عیراقیش نایشارێتەوە کە ئەوانیش فشارێکی زۆر دەخەنە سەر حکومەتی هەرێم و ناهێڵن رێکخراوەکان کار بکەن و ناهێڵن رێکخراوە ناوخۆییەکان لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵتییەکاندا پەیوەندییان هەبێت و ئەگەر پارەیەکیان بۆ بێت لەوێ دەستی بەسەردا دەگرن بۆ ئەوەی رێکخراوە ناوخۆییەکان نەتوانن کار بکەن و لە ئێستاشدا ژمارەیەک لە رێکخراوەکان داخراون یان خود دائەخرێن ، ئەمانەش هەمووی وایکردووە کە کارەکە وەک ئاستی پێویست نەبێت». ئەگەرچی هەندێک لە کەیسەکانی کوشتن لە رابردوودا بە سوڵحی عەشایەری چارەسەر کراون بەڵام سزادانی دوو کەس بە لەسێدارەدان لە مانگی شوباتدا کە یەکێکیان بکوژی ژنێک بووە دەگەرێنرێتەوە بۆئەوەی کە سکاڵاکارەکان توانیویانە سووربن لەسەر داواکانی خۆیان. هانای شوان وتی «پێشتر زۆربەی سکاڵاکان پەردەپۆش دەکران و لەسەر هەموو ئاستەکان لە ڕێی سوڵحی عەشایەرییەوە چارەسەر دەکرا، لە ئێستادا تۆزێک باشترە ، ئەو ئامارانەی کە لە پەیوەندییەکانی هێڵی گەرمی 119 دەکرێت و ئەو سکاڵایانەی تۆمار دەکرێت پێمان دەڵێت بارودۆخەکە تۆزێک باشترە بەڵام هێشتا لە ئاستی چاوەروانییەکاندا نییە «. شەوی ١٨ی شوباتی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی شنیار هونەری تەمەن ٢١ ساڵ لەلایەن هاوسەرەكەیەوە نەوتی پێداكرا و ئاگری تێبەردرا، دوای چوار رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا، دوای رووداوەکە هاوسەری شنیار و ژنێکی عەرەب دەستگیرکران، بەڵام دوای دادگاییکردن هەردوو تۆمەتبار بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەک ژنە عەرەبەکە ئازادکرا. شەوی شەممەش ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ لە شاری سلێمانی داواکراوێک رووبەڕووی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بووەوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێک بە ناوی (نەقیب محەمەد لەتیف) کوژرا و سێ پۆلیسی دیکەش بریندار بوون و هەر ئەوکاتیش بکوژانی هەڵاتن، دواتر لە ١٢ی نیسانی ٢٠٢٢ لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە توانرا تۆمەتباران دەستگیربکرێن.
سازگار ئەحمەد حکومەتی عێراق دەیەوێت ناوچە سنووریەکانی هەرێم لەگەڵ تورکیاو ئێران تەلبەند بکات و هێزەکانی پاسەوانی سنووریش لەو ناوچانە جێگربکات بۆ رێگەگرتن لەبۆردوومانەکانی ئەو دوو وڵاتەو رێگریکردن لەقاچاغی مادەی هۆشبەرو بەزاندنی سنوور، ئەوەش بەپێی چەند سەرچاوەیەکی سەربازیی. بەرپرسێکی باڵا لەپاسەوانی سنوور داوای کرد ناوی نەهێنرێت بەهاوڵاتی رایگەیاند «لەدوای بۆردوومانی ناوچەیەکی گەشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەساڵی ٢٠٢٢ کەژمارەیەک گەشتیاری عەرەب بوونە قوربانی، حکومەتی عێراق بڕیاریدا کەدەبێت هێزەکانی پاسەوانی سنوور بچنە ناوچە سنوورییەکان رێگە لەبۆردوومانەکانی تورکیاو ئێران بگرن». لە ٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٢ فرۆکەکانی تورکیا چەند تۆپێکیان ئاراستەی ناوچەیەکی گەشتیاریی سنووری زاخۆ کردو بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداو ٢٦ کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەو کەسانەی بوونە قوربانی، سەرجەمیان گەشتیاری عەرەب بوون و لەپارێزگاکانی عێراقەوە چووبوونە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ. بەرپرسەکەی پاسەوانی سنوور ئاماژەی بەوەشکرد «کەماوەی دوو ساڵە هەنگاوەکان بەردەوامن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەو بودجەی بۆ تەرخاندەکرێت بەتایبەت لەلیوای ٢١ی پاسەوانی سنوور لەپارێزگای هەڵەبجە کە لیوایەکی نوێیە کەدەستیانکردووە بەتەلبەنکردنی دەروازەکە بەتەلی دڕکاوی بۆ قەدەغەکردنی هاتووچۆو رێگریکردن لەبەزاندنی سنووری عێراق». وتیشی «دوورخستنەوەی هێزە دەرەکییەکانی دژ بەئێران وەک هێزەکانی دیموکرات ئاسانترە، بەڵام دوورخستنەوەی پەکەکە بەتایبەت لەلیوای یەکی دهۆک ئاڵۆزترە، چونکە پەکەکە گوێ لەحکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان ناگرێت بۆ ئەوەی سنوورەکان چۆڵ بکات، ئەمەش ئاستەنگێکە». لەبارەی جێبەجێکردنی بڕیاری کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان لەلایەن حکومەتی عێراق و کاریگەرییەکانییەوە ئەو بەرپرسە وتی «لێکترازانی کۆمەڵایەتی دروستدەکات، چونکە لەنێوان بەشێک لەگوندە سنوورییەکان و خەڵکی هەرێم ژن و ژنخوازی هەیەو تەلبەندکردنی سنوورەکان ناڕەزایی هاووڵاتییانی لێدەکەوێتەوە، هەروەها گرفتیش بۆ ئەو کۆڵبەرانە دروستدەبێت کە لەنێوان عێراق و ئێران کۆڵبەری دەکەن». لەدوای ساڵی ٢٠٠٤وە لەسەرتاسەری سنوورەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران و تورکیا هێزێکی حکومەتی فیدراڵی لێیە کەپێیان دەڵێن هێزەکانی پۆلیسی پاسەوانی سنوور. شارەزایانی سەربازیی پێیانوایە، کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هۆکارێک دەبێت بۆ ئاسایش و ئارامی و رێگریکردن لەکاری قاچاغ، بەڵام شارەزایانی سەربازی ئەوە ناشارنەوە کەکۆنترۆڵکردنی سنووری عێراق – تورکیا قورسترە لە سنووری عێراق – ئێران، ئاماژە بەوەدەکەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە پابەندی رێککەوتن و بڕیارەکان نابن. جەبار یاوەر، پسپۆڕی کاروباری سەربازی و ئەمنی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی راگەیاند «بابەتی تووندوتۆڵکردنی سنوورەکان دوای رێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران بوو، بڕیاردرا لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بودجەیەک تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی هەموو سنوورەکانی عێراق و تەنانەت ئەو سنوورانەی دەشکەونە هەرێمی کوردستانەوە تووندوتۆڵ بکرێنەوە». یەکەم هەنگاوی پرۆسەکە لەسنووری سوریاوە دەستیانپێکردو یەکەم بنکەی چاودێری سنوور لەوێ دامەزرێندرا، دوای ئەوەش رێگەیەک لەسەرتاسەری سنوورەکان لێدراوە بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکانی پۆلیسی پاسەوانی سنوور، دواتریش خاڵی چاودێری سنوورەکان دامەزرێنرا و کامێرای چاودێری لێدانرا. جەبار یاوەر وتی «لەئێستا دەستکراوە بەکۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق – ئێران و عێراق – تورکیا کە دەکەونە هەرێمی کوردستان، سەرەتاش لەسنووری عێراق – ئێران دەستیپێکردو لەئێستادا بنکەکانی چاودێری پاسەوانی سنوور زیاددەکرێن، هەروەها پێداویستییەکان و ئامێری هاتووچۆو کامێراکانی چاودێریش زیاددەکرێن، ئەمانەش هەمووی بودجەی بۆ تەرخانکراوە لەچوارچێوەی یاسای بودجەی عێراق لەساڵی ٢٠٢٣ تاوەکو ٢٠٢٥ کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکراوە». وتیشی «کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق – تورکیاو جێگیرکردنی پۆلیسی پاسەوانی سنوور لەو ناوچانە بەهۆی هەبوونی هێزەکانی تورکیاو پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە قورسترە». هێزەکانی تورکیا ٨٧ بنکەیان لەسنوورەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بەقوڵایی ١٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لەخاکی هەرێمی کوردستانن و بەردەوام شەڕو ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەئاسمان و زەوی ئەنجامدەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا هەنگاوەکانی توندوتۆڵکردنی سنوور نەوەستاون وردە وردە هێزەکانی پاسەوانی سنوور دەبرێن لەو سنوورانە جێگیر دەکرێن. جەبار یاوەر وتی «مەبەستی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان ئەوەیە کەبتوانێت سنوورەکان لەگەڵ تورکیاو ئێران بپارێزێت، چونکە ئێران و تورکیا بەردەوام عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکەن بەوەی کەئۆپۆزسیۆنی هەردوو وڵات هێزی چەکداریان هەیە لەدیوی خاکی هەرێم و عێراق». وتیشی «دوای رێککەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران زۆرێک لەهێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران زۆربەی سنوورەکانیان بەجێهێشتووە و هاتوونەتە ناوەوە و بڕیار وایە ئۆردوگای تایبەتیان بۆ دروستبکرێت، خۆشیان بڕیاریانداوە چالاکی سەربازیان راگرن بەمەبەستی رێزگرتن لەیاساکانی هەرێمی کوردستان، بۆیە دەتوانین بڵێین ئێستا سنوورەکانی عێراق – ئێران هێمن ترەو پۆلیسی پاسەوانی سنوور بەئاسانی دەتوانن بچەنە سەر هێڵی سنووری نێوان هەردوو وڵات». ئەو پسپۆڕە سەربازییەش دەڵێت «عێراق پێی وایە بەم هەنگاوانە دەتوانێت رێگری لەهێرشی چەکداری بکات لەناو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت ئێران و تورکیا، هەمیش پێی وایە بەم هەنگاوە رێگری لەکاری قاچاغ دەکرێت بەتایبەت قاچاغی ماددە هۆشبەر، هەروەها عێراق دەیەوێت هاتنەناوەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ خاکی عێراق و ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا کەمبکاتەوە و بیانووەکانی حکومەتی تورکیا نەهێڵێت، بۆ ئەوەی هێزەکانی بەرێتە سەر سنوورو رێگری بکات لەهێرشەکان پەکەکە بۆ سەر تورکیا، تاوەکو تورکیا بیانووی نەمێنێت بۆ کردنە ئامانجی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان». ئاماژەی بەوەشدا «عێراق بەنیازە رێککەوتنی ئەمنی بەهەمان شێوازی ئێران لەگەڵ تورکیا بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەکەکە پابەندی بڕیارەکان نابێت، رەنگە کارەکە قورستربێت لەو سنوورانە». «ئەگەر شەڕو ئاژاوەی سنوورەکان نەمێنێت ئەو گوندنشینانەی هەرێمی کوردستان کە گوندەکانیان چۆڵکردەوە کەزیاتر لە ٤٥٠ گوندن دەتوانن بگەڕێنەوە سنوورەکانی خۆیان، هەروەها بیانووی تورکیاو ئێران نامێنێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی مەدەنیش نابنە قوربانی»، جەبار یاوەر وای وت. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەو وڵاتانەی دراوسێی یەکترن ئەگەر کێشەیان لەنێواندا نەبێت، دەبێت هەردوولایان رێز لەسنوورەکان بگرن و ئەمنییەتی بپارێزن. جەبار یاوەر وتی «هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیاو ئێران کەخاکی هەرێم بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنەسەر تورکیا و ئێران بەهەمان شێوە بەپێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێم و عێراق و یاسای نێودەوڵەتییەکان هەژماردەکرێت». هەروەها رۆژی سێشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاریدا بە راگرتنی تەلبەندکردنی سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی. لە بارەی ئەو بڕیارەوە کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند «سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە پرۆسەی تەلبەندکردنی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران رابگرێت تا پێداچوونەوە دەکرێت بەو گلەیی و ناڕەزایەتییانەی کە خەڵکی ئەو ناوچە سنووریانە هەیانە و کێشەکانیان چارەسەردەکرێت». ئاماژەی بەوەشکرد «وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێداچوونەوە بە پرۆسەکە دەکات و چارەسەری ئەو کێشانە دەکات کە هەیە، چونکە نابێت بستێک لە خاکی هەرێم و عێراق لەم پرۆسەیە بە فیڕۆبچێت». وتیشی «ئەم راگرتنە کاتییە و پرۆسەی تەلبەندکردنی نێوان ناوچە سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە ئەمە پرۆسەیەکی گرنگە بە تایبەت کە رێگری لە قاچاغ دەکات». ئێران و تورکیا بەبیانووی هەبوونی هێزەکانی پەکەکەو دیموکراتی ئێران بەردەوام هێرش دەکەنەسەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و سەروەری خاکەکەی پێشێل دەکەن، بەهۆی ئەم هێرشە بەردەوامانەی تورکیاو ئێرانەوە ژمارەیەکی زۆر گوند لەناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان چۆڵکراون، هەروەها ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی مەدەنیش بوونەتە قوربانی هێرشەکانی ئەم دوو وڵاتە. هەرێمی کوردستان ٣٠٠ کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ وڵاتی تورکیاو هەروەها ٥١٣ کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە.
هاوڵاتی لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبوون (ستییەکان) کۆبوونەوەیەکی سازکردو تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی (2) شوبات دیاریکرد. بەڕێوەبەرایەتیی گشتى کارەباى سلێمانى ئەمڕۆ چوارشەممە 28/2/2024 رایگەیاند؛ لیژنەی باڵای دیاریکردنی نرخی کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبون (ستییەکان) کۆبونەوەیەکی سازکرد و تیایدا نرخی کیلۆواتی کارەبای موەلیدەی بۆ مانگی شوبات (2) دیاریکرد کە بریتییە لە (254) دینار بۆ هەر کیلۆواتێک. ئاماژە بۆ ئەوەکراوە کە بۆ ئەم مانگە نرخى هەر کیلۆواتێک کارەبا 254 دینار دەبێت و بەراورد بە مانگى کانونى دوەم مانگى (1) نرخەکە دابەزیوە و بۆ ئەو مانگە هەر کیلۆواتێک 270 دینار بو. هەروەک کارەباى سلێمانى جەختیکردەوە کە پێویستە سەرجەم ستیيەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی پابەندبن بەو نرخەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر زیاتر لەو نرخە وەربگرن روبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.
هاوڵاتی ئێوارەی ئەمڕۆ رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت و زیانێکی زۆریش بەر خاوەن دوکانەکانی بازاڕەکە کەوتووە. کاروان عەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بە هاوڵاتی راگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤ لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر ئاگرێک کەوتەوە دوای ئاگادارکردنەوەمان ١٨ تیمان چووینە شوێنی رووداوەکە". ئاماژەی بەوەشکرد "لە ماوەی دوو کاتژمێر و ٣٥ خولەک توانرا ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت و تەنها زیانی مادی هەبووە و زیانی گیانی لێنەکەوتووەتە، هەروەها لیژنە پێکهێنراوە بۆ دیاریکردنی زیانەکان و زانینی هۆکاری رووداوەکە و ئێستاش شەش تیمان لە شوێنی رووداوەکە ماونەتەوە". هەروەها ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند "بەهۆی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگەوە ٢٠ کەس تووشی هەناسەتووندی بوون و بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە و دۆخی تەندروستییان جێگیرە".
هاوڵاتی لەدوای سەردانەکەی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی عێراق بۆ پارێزگای سلێمانی و سەردانکردنی بۆ ژووری بازرگانی و کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و گوێگرتن لە کێشەو گرفتەکانی کەرتی تایبەت ژووری بازرگانی سلێمانی یەکێک لەو کێشانەی لەبەردەم کارگەکانی ئاسن و پۆڵادا لە سنوری پارێزگای سلێمانی هەیە ئاراستە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی عێراق کردوو ئەمڕۆ لەبەرژەوەندی ئەو کارگانە بڕیاردرا. نەوزاد غەفور،سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند "پارێزگای سلێمانی گەشەسەندنی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها ژمارەیەکی بەرچاوی کارگە دروستبووە کە بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی بازاڕی نیشتمانی دابین دەکات، بەڵام بەشێک لەو کارگانە لە ئێستادا و تادێت بە تایبەت کارگەکانی پۆڵا و ئەلەمنیۆم و مس رووبەڕووی گرفتی گەوەر دەبنەوە لە گواستنەوەی ئەو کانزا کۆکراوانە بۆ کارگەکانیان بۆ بەرکارهێنانەوەیان لەشارەکانی خوارووی عێراقەو دێت و رێگرییان لێدەکرێت". ئەمڕۆ سێشەممە لە ئاگاداریەکدا کە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی و فەرماندەیی ئۆپراسێۆنەکانی بەغدا کراوە داواکراوە "بە وەستاندنی کارکردن بە هەموو ئەو گشتاندن و رێنماییانەی کە پێشتر دەرچووبوون بۆ سنووردارکردنی گواستنەوەی پاشماوەی ئاسن و سکراب و رێگەپێدان بە گواستنەوەی ئەو کەرەستانە بەبێ هیچ رێگرو بەربەستێک لە پارێزگاکان و ناو پارێزگاکان وهەرێم". سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەرکردنی بڕیارێکی لەم شێوەیە بە گرنگ دەزانێت بۆ زیاتر بەرەپێشچەونی کاری پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان و عێراق.
هاوڵاتی رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لەناو منداڵان لە سنووری پارێزگای دهۆک بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، تەنها لە ساڵی 2023دا لەو پارێزگایە 59 منداڵ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون. تابان فازڵ، وتەبێژی تەندروستی دهۆک بە هاوڵاتی راگەیاند "لە ساڵی 2023دا لە سنووری پارێزگای دهۆک 59 منداڵ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، بە گشتی ساڵانه 50 بۆ 60 منداڵ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن". بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە لەکاتێدایە کە تائێستا هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە لە سنووری پارێزگای دهۆک نەکراوەتەوە و تەنها سەنتەری تایبەت بەو نەخۆشییە هەیە لە نەخۆشخانەی ئازادی. تابان فازڵ وتی "له 2011 تاوەکو 2023 ئەو منداڵانەی تۆوشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون لە سنووری پارێزگای دهۆک ژمارەیان 431 منداڵن، لەم ژمارەیە 241 بە تەواوی چاکبوونەتەوە و ئەوانەی تر ماون، رۆژانە چارەسەری پێویست وەردەگرن".
هاوڵاتی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی تەلبەندکردنی سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی و وەزارەتی ناوخۆی راسپارد بە پرۆسەکەدا بچنەوە. ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاریدا بە راگرتنی تەلبەندکردنی سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی. لە بارەی ئەو بڕیارەوە کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوڵاتی راگەیاند "سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە پرۆسەی تەلبەندکردنی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران رابگرێت تا پێداچوونەوە دەکرێت بەو گلەیی و ناڕەزایەتییانەی کە خەڵکی ئەو ناوچە سنووریانە هەیانە و کێشەکانیان چارەسەردەکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد "وەزارەتی ناوخۆی عێراق پێداچوونەوە بە پرۆسەکە دەکات و چارەسەری ئەو کێشانە دەکات کە هەیە، چونکە نابێت بستێک لە خاکی هەرێم و عێراق لەم پرۆسەیە بە فیڕۆبچێت". وتیشی "ئەم راگرتنە کاتییە و پرۆسەی تەلبەندکردنی نێوان ناوچە سنوورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەکرێت، چونکە ئەمە پرۆسەیەکی گرنگە بە تایبەت کە رێگری لە قاچاغ دەکات".
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دەوروبەری هەولێر سبەینێ شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی ١١ی ساڵی رابردوو دابەشدەکات. ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤ بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دەوروبەری هەولێر رایگەیاند "سبەی چوارشەممە، دەست بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو دەکرێت". ئاماژە بەوەشکراوە "بۆ ئەو مەبەستە ئاگاداری سەرجەم بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانی سنووری بەڕیوەبەرایەتیمان دەکەین سبەینێ سەردانی بەشی ژمێریاریی پەروەردەکە بکەن بەمەستی وەرگرتنی پارەی وانەبێژان". لەوبارەیەوە کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ بە هاوڵاتی راگەیاند "شایستە داراییەکانی مانگی ١١ی ساڵی رابردوو پەروەردەکانی سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە دابەشکراون و سبەینێش لە پەروەردەی دەوروبەری هەولێر دابەشدەکرێت". ئاماژەی بەوەشکرد "هەر لەم هەفتەیەدا شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژی پەروەردەکانی کۆیە و دەشتی هەولێر و ئامێدی و ئەو پەروەردانەی کە ماون دابەشدەکرێن".
هاوڵاتی قائیمقامیهتی سلێمانی بههاوكاری لایهنه پهیوهندیدارهكان رێكاری كهمكردنهوهی نرخی گۆشتی سور له بازاڕدا دهگرێتهبهر و رایدهگهیهنێت، گۆشت و ئاژهڵی زیاتر بهمهبهستی كهمكردنهوهی نرخهكهی هاورده دهكرێت. بهگوێرهی راگهیهندراوێكی قائیمقامیهتی سلێمانی، بهمهبهستی دانانی هاوسهنگی له نێوان بهروبومی ئاژهڵی و پهلهوهری له پارێزگای سلێمانی، به سهرپهرشتی ئاوات محهمهد قائیمقامی سلێمانی، لیژنهی دیاریكردنی بهروبومی ئاژهڵی و پهلهوهری و ماسی كه له فهرمانگهكانی چاودێری بازرگانی، ئاسایشی ئابوری، تهندروستی و ڤیتێرنهری و كشتوكاڵی سلێمانی پێكهاتون كۆبوهوه. له كۆبونهوهكهدا و بهمهبهستی كهمكردنهوهی نرخی گۆشتی سور له بازاڕهكانی شاری سلێمانی، باس له گرتنهبهری چهند رێكارێك كرا، كه خۆیان له هاندانی بازرگانهكان بۆ هاوردهكردنی ئاژهڵی زیندو بۆ سهربڕین، زیادكردنی بڕی گۆشتی بهستوی هاوردهكراو دهبیننهوه لهگهڵ ههناردهنهكردنی ئاژهڵی زیندو بۆ دهرهوهی ههرێم. هاوکات لەم بارەیەوە هیوا تایر گۆشتفرۆش لە ناوبازاڕی سلێمانی بە هاوڵاتی وت، لە ئێستادا گۆشتی سور لەناو بازاڕی سلێمانی بە ٢٣ هەزار دینارەو لە چاو هەفتەی ڕابردودا دابەزیوە. دوو هەفتەیە نرخی گۆشتی سور لە بازاڕەکانی هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە و تا ٢٥ هەزار دینار ڕۆشت و قایمقامیەتی سلێمانیش ڕایگەیاند هۆکارەکەی بۆ کەمی ئاژەڵ لە هەرێم و گرانبونی پێداویستی و ئالیکی ئاژەڵ دەگەڕێتەوە.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، " بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و لێدوانەکانی دوێنێی وەزیری دارایی عێراق بە نوسراوی فەرمی نەگەیشتونەتە دەست ئێمە". ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧/٢/٢٠٢٤ ، هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی لە بارەی کردنەوەی هەژمارەی بانکی بۆ فەرمانبەران ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی هیچ نوسراوێکی ڕەسمیمان بۆ نەهاتووە بۆ ناردنی لیستی مووچە و داواکارییەکانی وەزیری دارایی عێراق بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی لەو ماوە کەمادە جێی گومانە. وتیشی " حکومەتی عێراق، لە ساڵی 2016ـەوە خەریکی دروستکردنی هەژماری بانکییە؛ هەشت ساڵە 20 بانکی عێراق خەریکی ئەو پڕۆسەیەن کەچی تەواو نەبووە، چۆن دەتوانرێت لە ماوەی مانگێکدا هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستبکرێت؟. ئاماژەی بەوەشدا کە نیازی بەغدا بۆ داواکردنی دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، "تەنها کێشە دروستکردنە. ئێمە ئەزموونی چەند مانگی رابردوومان هەیە، هەمیشە ئێمە لە کێشەدا بووین، هەمیشە گەیشتووەتە کاتی ناردنی پارە، وەزارەتی دارایی عێراق چەندین بیانوو و کێشەی بۆ ناردنی پارەکە دروستکردووە. درێغییان نەکردووە لە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان. دەمەوێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت". سەبارەت بە "هەژماری من" تایبەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، " پڕۆژەی هەژماری من کێشە بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دروست ناکات چونکە ئەو بانکانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین هەموویان مۆڵەتییان لە بانکی ناوەندی عێراق وەرگرتووە". بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن، لیستی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پاک نییە و کێشەی تێدایە؛ وتەبێژی وەزارەتی دارایی لەوبارەوە ئاماژە بەوە دەدات، بەگوێرەی دوایین ئەو لیستەی مانگی 10ـی رابردوو پێشکەشی پەرلەمانی عێراقیان کردووە، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار. وێنێ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق چووە پەرلەمان و داوای کرد لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت بۆ ئەوەی بە کارت مووچەکانیان بدرێت.
هاوڵاتی ئەمڕۆ دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق کۆدەبێتەوە و چەند سکاڵایەکی تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی تاوتوێ دەکات. بە گوێرەی خشتەی دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧/٢/٢٠٢٤ دادگاکە لەسەر چەند سکاڵایەک کۆدەبێتەوە، یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن دوو پەرلەمانتارەوە لەسەر جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران تۆمارکراوە و داوا لە دادگا کراوە، بڕیار لە نادەستووریبوونى دانیشتنى رۆژى ١٣ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٤ بدات، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و سەرجەم بڕیار و رێکارەکانى هەڵبوەشێنێتەوە. بڕیاریشە رۆژى چوارشەممە، دادگاى فیدراڵى دوو سکاڵاى دیکە یەکلابکاتەوە کە لە دژى شەعلان عەبدولجەبار کرەیم، تۆمارکراون و داوا لە دادگا کراوە ئەندامێتى لە ئەنجوومەنى نوێنەران و مافى خۆبەربژێرکردنى بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆى نەبوونى مەرجە یاسایی و دەستورییەکانى ئەندامێتى. لە ڕۆژی ١٤-١١-٢٠٢٣، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە بڕیارێکدا کۆتایی بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هێنا، لەوکاتەوە ئەنجوومەنەکە بێ سەرۆکە . هاوکات هەر ئەمڕۆ سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری دژەتیرۆر لە سلێمانی تاوتوێ دەکرێت، کە لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا تانە لە یاساى ژمارە3ى ساڵى ٢٠٠٦ یاساى روبەڕووبونەوەى تیرۆر دراوە کە یاساى ژمارە ٧ساڵى ٢٠١٨ پشتیپێبەستووە و ناوبراو داوادەکات بەهۆى نادەستووریبوونى یاساکەوە ئەو بڕیارانەى کە لەدادگاى هەولێر لەدژى داواکراوان بەو یاسایە دەرکراون پوچەڵبکرێنەوە.
هاوڵاتی کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی سەید جەعفەر فەرەجی، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممە سەید جەعفەر فەرەجی، کۆڵبەری خەڵکی گوندی دەورە قەڵای شاری سەقز لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا. سەید جەعفەر فەرەجی تەمەن ٤٢ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە. بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، تەرمی ئەم کۆڵبەرە لە ئێستادا بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە شاری بانە گواستراوەتەوە. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی شاری بانە کوژراون و ١١٦ کۆڵبەریش بریندار بوون.
هاوڵاتی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "گەورەترین مەترسی بۆ سەر دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان دەسەڵاتی پەدەکەیە"، ئاماژە بەوەشدەکات "دەسەڵاتی فاشیستی تورک دەیەوێت دەستکەوتی کورد لەناوببات". لە پەیامێکدا کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە رایاگەیاند "بە پرۆسەیەکی سەختی مێژوویدا بە ناوی جەنگی جیهانی سێیەم تێدەپەڕین، لەم پرۆسەیەدا پێشهاتە گرنگەکان لە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدەن. لە کاتێکدا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەچێتە ساڵی سێیەمی خۆیەوە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بە هەموو هێزیەوە بەردەوامە، لەم دۆخەدا شەڕ لە دەریای سوور پەرە دەستێنێت و هێشتا ئەگەری تەشەنەکردنی بۆ شوێنەکانی دیکە هەیە. لەکاتێکدا ئەم شەڕانە بەهۆی ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە دروست دەبێت، بەڵام بەداخەوە گەل و ژنان باجەکەی دەدەن و زیانیان پێدەگات. دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەردۆغانی سەرۆک فاشیستی بە کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتانە شەڕ و دژایەتییانە دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ناو ببەن". دەقی پەیامەکەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە: کەجەکە: گەورەترین مەترسی بۆ سەر دەسکەوتەکانی باشور دەسەڵاتی پەدەکەیە بۆ رای گشتی "بە پرۆسەیەکی سەختی مێژوویدا بە ناوی جەنگی جیهانی سێیەم تێدەپەڕین". لەم پرۆسەیەدا پێشهاتە گرنگەکان لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن. لە کاتێکدا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەچێتە ساڵی سێیەمی خۆیەوە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بە هەموو هێزیەوە بەردەوامە. لەم دۆخەدا شەڕ لە دەریای سوور پەرە دەستێنێت و هێشتا ئەگەری تەشەنەکردنی بۆ شوێنەکانی دیکە هەیە. لەکاتێکدا ئەم شەڕانە بەهۆی ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە دروست دەبێت، بەڵام بەداخەوە گەل و ژنان باجەکەی دەدەن و زیانیان پێدەگات. دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەردۆغانی سەرۆک فاشیستی بە کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتانە شەڕ و دژایەتییانە دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ناو ببەن و بە شەڕی کۆمەڵکوژیی کە دەستی پێکردووە دەیەوێت ئەنجام وەربگرن. بۆ ئەم مەبەستەش بە بەبازرگانی کردن بە پێگەی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی خۆی و پێدانی ئیمتیاز لە گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسیدا، هەموو سامانی ژێرزەویی و سەرزەویی تورکیا دەخاتە خزمەتی ئەم شەڕە کۆمەڵکوژییەوە. لەسەر بنەمای ئەمەش دەیەوێت لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی ئێران و سوریا و عێراق دانوستانێکی چڕوپڕ دەست پێبکات و لەگەڵ خۆی لەم شەڕە کۆمەڵکوژییە هاوبەشیان بکات. لە ئەنجامدا ئامانجیان لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردە بە ئەنجامدانی هێرشی شەڕخوازانەی نوێ بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان. لە کاتێکدا دەوڵەتی فاشیستی تورک لە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی دژە کورددایە لە ناوچەکە و جیهاندا، بێ گومان ئەرکی کوردیش دروستکردنی یەکڕیزی لەنێوان خۆیاندایە و بەرەنگاری داگیرکاریی و هێرشە کۆمەڵکوژییەکانە. بە تایبەتی ئەو هێزانەی کە بە ناوی کوردەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدارن لە سیاسەتدا، لەم وەرچەرخانە مێژووییەدا، لەبەرامبەر پەرەپێدانی سیاسەت و ستراتیژی هاوبەشدا بەرپرسیارن. بەڵام بنەماڵەی بارزانی کە حوکمڕانی پەدەکە دەکەن، لەبری ئەوەی هەوڵی یەکخستنی کورد بدەن، هەوڵ دەدەن بە هاوکاری و کۆیلایەتی لەگەڵ دوژمنانی کورددا، چارەنووسی کورد بکەنە قوربانی بەرژەوەندییە تەسکی بنەماڵەیی و ئەم سیاسەتانەی کە پەدەکە پەیڕەوی کردووە، هەتا ئێستا لە مێژوودا زیانێکی زۆری بە کورد و بە تایبەتی باشووری کوردستان گەیاندووە و ئەمڕۆش مەترسیی گەورەتری لێدەکەوێتەوە. پەدەکە بە ئاشبەتاڵ (تەسلیمبوون) لە ساڵی 1975، خیانەتی لە دۆزی ئازادی باشووری کوردستان کرد. دوای ئەوە لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی براکوژی لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، درێژە بە براکوژی دەدات و لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی ١٩٩٦ سوپای سەدامی هێنایە باشور و کوشتاری گەورەی ئەنجامدا. دواتر کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا باشوری کوردستان دانی پێدانرا و بەپێی دەستوور مافەکانی کورد لە عێراق مسۆگەر کرا، دەرفەتێکی گەورە بۆ دیموکراتیک کردنی عێراق و چارەسەرکردنی پرسی کورد، هاتە ئاراوە. بەڵام دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەو بڕوایەی کە دیموکراسی و چارەسەرکردنی پرسی کورد زیان بە بەرژەوەندیی سنوورداری بنەماڵەی دەگەیەنێت، هەوڵیدا دەستووری عێراق تێکبدات و نەهێڵێت جێبەجێ بکرێ و لەلایەکی دیکەشەوە دەرفەتی ئابوری و سیاسی بۆ بەرژوەندی خۆی بەکاری دەهێنێت. سوودی لە دەرفەتەکانی کوردستان بۆ بەرژوەندی دەسەڵاتەکەی بینیوە و پێشکەشی تورکیای کردووە. قەیرانی سیاسی (پەرلەمان و حکومەتی خۆجێی هیچ کاریکگەریی نەماوە) و قەیرانی ئابووری (نەدانی مووچەی فەرمانبەران، بێکاری، گەندەڵی و هتد) کە ئەمڕۆ لە باشور هەیە، لە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی پەدەکە سەری هەڵداوە. لە کاتێکدا گەلی باشووری کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ هەژارتر دەبن و ناچارن کۆچ بکەن، بە پێچەوانەوە بنەماڵەی بارزانی کە پەدەکە بەڕێوەدەبەن، سەروەت و سامانی خۆیان زیاد دەکەن و پارەی دزراوی گەل دەگوازنەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە. لە ئەنجامی سیاسەتە گڵاوەکانی پەدەکە، گەلی عێراق و باشووری کوردستان ڕووبەڕووی مەترسیی زۆر بوونەتەوە. لە ڕابردووی زۆر دوور نە، لە کاتێکدا داعش نەک هەر بۆ کورد بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی مەترسی بوو، پەدەکە وەک دراوسێ نوێیەکەی پێناسەی کرد و شەنگالی ڕادەستی داعش کرد و گەلی ئێزیدی ئێمەی کۆمەڵکوژ کرد. وەک بڵێی ئەم کۆمەڵکوژییە بەس نەبووبێت، بە سیاسەتە گڵاوەکانی، دەستکەوتەکانی گەلەکەمانی لە باشووری کوردستان خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە. ئێستا بە ڕاکێشانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ ناو عێراق و باشووری کوردستان، دەرفەتی بۆ ئەردۆغانی فاشیست کردۆتەوە لە عێراق سیاسەت بکات. لەبری ئەوەی دەوڵەت و گەلی عێراق بکاتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و باشووری کوردستان، تەسلیمی ئەردۆغان و کۆماری تورک بووە کە ئینکاری کورد دەکەن و هەوڵی کۆمەڵکوژی دەدەن. ئەو دەسەڵاتەی کە کۆماری تورک والێدەکات گوشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، پەدەکەیە. ئەوە پەدەکەیە کە لە زاخۆوە تا سیدەکان ئاسانکاری بۆ سوپای داگیرکەر-مروڤکوژی تورک کردووە. ئەوە پەدەکەیە شەرعیەت دەدات بە هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان دژی گەلەکەمان ئەنجامی دەدات (لە کوشتنی خەڵکی سڤیلەوە تا لەناوە بردنی سروشت) و تاوانەکانی پەردەپۆش دەکات. تەنانەت دەسەڵاتدری پەدەکە خیانەتی لە میراتی تێکۆشانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی کردووە کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە لە موسڵ لەسێدارەدرا و ئەردۆغانی فاشیست کە خاوەنی عەقڵیەتی نیو عوسمانییە و بەدوای زیندوو کردنەوەی پەیمانی میساقی میللی دەگەڕێت. ئەمڕۆ پەدەکە بەرامبەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی باشووری کوردستان کە بە تێچووی گەورەوە بەدەستی هێناوە بە گەورەترین مەترسی دادەنرێت. لەکاتێکدا هەموو ئەو ڕاستیانە دیارن، نێچیرڤان بارزانی، بەناوی پارتییەوە، پەکەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی "گرفت بۆ باشور دروستدەکات و بە بێڕێزی کردن بە دامودەزگاکانی باشوور تۆمەتباری دەکات، هەربۆیە هەوڵدەدات پاساو بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عێراق و باشور بهێنێتەوە. لێدوانەکانی نێچیرڤان بارزانی نە لەگەڵ ڕاستییە مێژووییەکان دەگونجێت، نە لەگەڵ بارودۆخی سەردەمی ئەمڕۆدا، نە لەگەڵ ئەخلاقی سیاسیدا. هەمووان زۆر باش دەزانن ئەوە پەدەکە بوو کە بینای پەرلەمانی باشوری کوردستانی پێشکەش بە سەربازەکانی سەدام کرد. دوای ٢٠ ساڵ لەم ڕووداوە، ئەوە پەدەکەیە کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی لە دەروازەی هولێرەوە گەڕاندەوە دواوە و ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی بو پارلمان کرد. ئەوە خودی پەدەکەیە چەمکی "پێشمەرگە"ی لەکوردستان داماڵین و لەساڵی 1975 پێشمەرگەی بێ چەک کرد و پاشان پێشمەرگەی بەدناو کرد و کردی بە پێشەنگ و هێزی پاراستن و پاڵپشتی لۆجستیکی بۆ سوپای سەدام و سوپای داگیرکەری تورک. لە کاتێکدا پەدەکە نەیتوانی بەرگری لە خۆی و گەلەکەی بکات، لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش لە شەنگال، کەرکوک و هۆلیر هەڵهات، ئەوە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و پەکەکە بوون کە بۆ پاراستنی گەلی باشوور بەرامبەر داعش شەڕیان کرد و بەدیلی مەزنیاندا. ئێستا لە کاتێکدا کە پەدەکە دەستکەوتەکانی عێراق و باشور کوردستان ڕادەستی تورکیا دەکات و سەدان بنکە دەخاتە خزمەت سوپای داگیرکەری تورک و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی لۆجستییان بۆ دابین دەکات و ڕێگە بە تیرۆریستانی میت (دەزگای هەواڵگری تورکیا) دەدات لە باشور دژی بەرژوەندییەکانی گەل ئیشی خۆیان بکەن، ئەوە گەریلاکانی ئازادی کوردستان و پەکەکەن کە قارەمانانە لە دژی سوپای داگیرکەری تورک بۆ پاراستنی گەل و خاکی باشوور شەر دەکەن. تورکیا هەمان مەترسی داعشە بۆ باشوری کوردستان و عێراق. شەڕکردن لەگەڵ سوپای داگیرکەری تورکیا واتە شەڕکردن لەگەڵ داعش. چونکە ئەردۆغان فاشیستە و لەگەڵ داعش دوانەی یەک ئایدیۆلۆژین. ئەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەردۆغانی فاشیستە کە داعشیان کردووە بە بەڵایەک بەسەر مرۆڤایەتی و گەلی کوردەوە. تورکیا لە ڕێگەی پەدەکەوە دەستێوەردانی سەربازی، سیاسی و ئابووری لە عێراق ئەنجام دەدات. پەدەکە لەبری ئەوەی لە بەرژەوەندی گەلی باشووری کوردستان و عێراق سیاسەت بکات، بووەتە درێژکراوەی سیاسەت و پیلانەکانی دەرەوە و ئامێری هەواڵگری تورکیا. لەسەر ئەم بنەمایە دەیەوێت بە شێوەیەکی هەمەلایەنە، ژینگەی پێکهاتەیی نەتەوەیی و ئایینی، بکاتە گۆڕەپانی ململانێ وئاڵۆزییەکان. کۆماری تورکیا بۆ کەڵک وەرگرتن لە پەدەکە هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر سیاسەتی عێراق دروست بکات و تەنانەت عێراقیش بهێنێتە ناو هێڵی سیاسی دژە کوردەوە لەگەڵ خۆی. ئەمڕۆ بە هاوکاریی پەدەکە هەوەڵ دەدات تاوانبارانی ڕۆژ و زێرەوانی سەر بە پەدەکە له ژێر ئاڵای عێراقدا بهێننە هەرێمەکانی گەریلا. لە کاتێکدا گەریلاکانی ئازادی کوردستان بەردەوام گورز لە سوپای داگیرکەری تورک دەدەن، پەدەکە هەوڵی ڕزگارکردنی سەربازانی تورک دەدات. پەدەکە بە بەکارهێنانی ئاڵای عێراق لە ژێر ناوی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بۆ پەردەپۆشکردنی دۆخی هاوکاری- نۆکەری و خیانەتکارانەی خۆی و ئاسانکاری بۆ جێگیرکردنی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی کوردستاندا ئاسانکاریی دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە داوا لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەکەین بەرامبەر بە یارییەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک هەستیار بن. داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین ڕێگری بکات لە بەکارهێنانی ناسنامەی پاسەوانانی سنوور و ئاڵای عێراق بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک کە کورد ئینکار دەکات و ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەکاتەوە، پێشی لێ بگرێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری پیلانە گڵاوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئاکەپە-مەهەپەی بکوژەوە. لە بەرامبەر سیاسەتی هاوکاری، خێانەت و نۆکەری پەدەکە، کە نەک هەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکوو دەرگای کۆمەڵکوژی بە ڕووی گەلی کورددا دەکاتەوە، داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە هەر چوار پارچەی کوردستان دژی پیلانە مەترسیدارەکانی پارتی و شەڕی تایبەت هەڵوێستیان هەبێت، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکەین کە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بەجێ بێنن و لە دژی سیاسەتە هاوکاریی و خیانەتکارانەکانی پەدەکە و داگیرکاری لە باشووری کوردستان پەرە بە هەڵوێست و بەرەنگار بوونەوەیان بدەن." کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤
هاوڵاتی پارێزگای هەولێر ئاگاداری هاوڵاتییان دەکاتەوە و داوایان لێدەکات خۆیان بەدووربگرن لە لێکردنەوە گژوگیا بەهارییەکان، چونکە دەرمان رشێندراوە و زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت. ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤ پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکد ئاماژەی بەوەکرد "هاوڵاتییانی شاری هەولێری ئاگادار دەکەینەوە كه تیمەکانمان سەرقاڵی رشاندنی دەرمانی لەناوبردنی گژوگیان، ئەوەش بە مەبەستی پاراستی دارەکانه لە مەترسی زۆربوونی گژوگیا و سوتانی لە وەرزی هاویند". ئەوەشخراوەتەڕوو "اونیشتمانیانی شاری هەولێر ئاگادار دەکەیــنەوە كه خۆیــان بــەدوور بگــرن لە خـواردن و لێکردنەوە جێگهی دانیشتن لەناو کژووگیای بەهاری لە پاڕک و باخچە و دوورگە ناوەندییەکان، چونکە دەرمــانی قــڕکەری لێــدراوە زیـانی بە تەنـدروستی دەگەیهنێت".
