هاوڵاتی محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌یه‌كی هێزه‌ سیاسییه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی كرد و ماوه‌ی دو هه‌فته‌ دیاریكرا بۆئه‌وه‌ی بگه‌ن به‌ڕێكه‌وتن. به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران، محه‌مه‌د شه‌یاع سودانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆبونه‌وه‌یه‌كی كرد كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكی له‌خۆگرتبو،له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌ به‌رده‌وامی گفتوگۆكردنی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان  بۆ دیاریكردنی پارێزگارێك بۆ كه‌ركووك و گه‌یشتن به‌ كارنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش كرایه‌وه. هه‌روه‌ها دوو هه‌فته‌ش دیاریكرا بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگارێك و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا بۆ كه‌ركووك دیاریبكرێت. هاوکات لە کۆبونەوەکەدا سوودانی رایگه‌یاند، گرنگه‌ گفتوگۆی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان له‌ پێناو پاراستنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی شاری كه‌ركووك به‌رده‌وام بێت. رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک کۆبووەوە و بڕیاردرا بە پێکهێنانی هاوپەیمانى ئیدارەدانى کەرکوک کە بەشێوەیەکى راستەوخۆ لەلایەن خودى سودانییەوە چاودێرى دەکرێت.  

هاوڵاتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند لە (5)ی ئادارەوە هەر حیزب و لایەنێکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان کە دەیەوێت هاوپەیمانی دروست بکات دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن . کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئاگادارییە کدا ئەمڕۆ یەکشەممە دوای دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە هەرێم ،دەرگای بۆ تۆمارکردنی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتی کە لە رێککەوتی (5)ی ئەم مانگە تا (14)ی ئەم مانگە دەبێت و بەهیچ شێوەیەک وادەکە درێژ ناکرێتەوە. دەشڵێت: پێویستە لایەنەکان بۆ تۆمارکردنی حیزب و لیستەکانیان سەردانی بارەگای کاروباری حیزب و رێکخراوەکان بکەن لە بەغداد یاخود ئۆفیسەکانیان لە هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتیی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم فەرمانی هەرێمی بۆ دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان واژۆكردوەو لەفەرمانەكەدا،  بڕیاریداوە بەدیاریكردنی ڕۆژی 10ی 6ی 2024 بەوادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.   ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر سەرۆكی هەرێم چەندجارێك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكەی دیاریكردوە، دوایین وادەش، ڕۆژی 25ی شوباتی ڕابردوو بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق نەیتوانی لەكاتی خۆیدا، ئامادەكارییەكان بۆ هەڵبژاردنەكە تەواوبكات، كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە جارێكی دیكە دواخرا.  

هاوڵاتی لاهور شێخ جه‌نگی له‌په‌یامێكدا پێشوازی له‌دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات و به‌شدارییکردنی  كارای خه‌ڵكی كوردستان له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا،بە ده‌رفه‌تێكی زێڕین دەبینێت  بۆ" راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی حوكمڕانی له‌ كوردستاندا." لاهور شێخ جه‌نگی ئەمڕۆ یەکشەممە  له‌لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "سه‌رئه‌نجام دوای چه‌ندجارێك دواخستن، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عێراق، رۆژی 10ی (حوزه‌یران/6)ی ئه‌مساڵی وه‌كو رۆژی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكرد". راشیگه‌یاندوه‌، "له‌كاتێكدا پێشوازی له‌و بڕیاره‌ ده‌كه‌ین، هیوادارین ئه‌مه‌ دوا واده‌ بێت و له‌ژێر هیچ بیانویه‌كدا، هه‌وڵی دواخستن یان ئاسته‌نگ دروستكردن بۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئیراده‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان نه‌درێت". هاوکات باسی لەوەشکردووە، کە " بەشداریی کارای خەڵکی کوردستان لەم هەڵبژاردنانەدا، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لە کوردستاندا. هاوکات گەڕاندنەوەی شانوشکۆی هەرێمی کوردستانە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، وەک گەلێکی زیندوو کە بڕیار لە چارەنووس و ئاییندەی خۆی دەدات" دەقی پەیامەکەی لاهور شێخ جەنگی: هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان ئەم کاتەتان باش. سەرئەنجام دوای چەندجارێک دواخستن، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق، رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەمساڵی وەکو رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. لەکاتێکدا، پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین، هیوادارین ئەمە دوا وادە بێت و لەژێر هیچ بیانوویەکدا، هەوڵی دواخستن یان ئاستەنگ دروستکردن بۆ رەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکی کوردستان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان نەدرێ. لێرەدا تەئکید دەکەمەوە کە لە سۆنگەی باوەڕمان بە پرەنسیپەکانی دیموکراسییەت، مافی هەڵبژاردن و خۆهەڵبژاردن بنچینەی سیستەمە دیموکراسییەکانن و نابێ و ناکرێ کەس لێی بێبەش بکرێ. بەشداریی کارای خەڵکی کوردستان لەم هەڵبژاردنانەدا، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لە کوردستاندا. هاوکات گەڕاندنەوەی شانوشکۆی هەرێمی کوردستانە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا، وەک گەلێکی زیندوو کە بڕیار لە چارەنووس و ئاییندەی خۆی دەدات. بەم بۆنەیەوە دوبارە داواکارم کە نوێکردنەوە و دەرهێنانی کارتی دەنگدان ئیهمال نەکەن و ئەوە وەک ئەرکێکی نیشتمانی سەیر بکەن. هەر بژین لاهور شێخ جەنگی

هاوڵاتی دوای تێپەربوونی زیاتر لە دوو مانگ بەسەر راگرتنی چالاکوانێکی ناحیەی شیلادزێ، ئەمرۆ بە تۆمەتی تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە بە شەش مانگ زیندانی کردن سزادرا. شەوی ٢٣ لەسەر ٢٤ی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو عەباس ئاڤاشین، چالاکوانی دیاری ناحیەی شیلادزێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکرا، داخاز ئەڤاشین، برای عەباس ئەڤاشین بە هاوڵاتی راگەیاند "دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو مانگ لەسەر راگرتنی براکەم، ئەمرۆ یەکشەممە دادگا بۆ ماوەی شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەر عەباس-دا سەپاند". برای ئەو چالاکوانە وتیشی "براکەم لەسەر تێکدانی ئەمنییەتی ناوچەکە و کۆمەڵێک هۆکاری دیکە دادگایی کراوە ". عەباس ئاڤاشین، چالاکوانێکی شیلادزێ یە،هاوکات بۆ بژێوی ژیانی خۆی دوکانێکی فرۆشتن و دانانی تلستار لە سەنتەری شیلادزێ هەیە، دواین پۆستی عەباس ئاڤاشین لەسەر دۆخی خراپی کارەبا بووە کە بەر لەدەستگیرکردنی بە چەند رۆژێک نوسیوەتی "شەو و رۆژ نۆ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی هەیە". براکەی رەتیدەکاتەوە کە عەباس هەوڵی دابێت ئەمنییەت تێکبدات دەشڵێت "هەموو کەسێک باش براکەم دەناسن، ئەوەی ئەو کردوویەتی تەنها چەند رەخنەیەک بووە لەسەر دۆخی کارەبا، دواکەوتنی مووچە، کەمی خزمەتگۆزاری، لەکاتی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لەسەر ئەم بابەتانە باسی هیچ کەسێکی دیاریکراو نەکردووە واتە تەشهیری هیچ کەسێک نەکردووه". ئاماژەی بەوەشدا "ئەوماوەیەی عەباس راگیراوە هەمووی بۆ حساب دەکرێت، دوای تەواوکردنی حوکمەکەی ئازاد دەکرێت، لەئێستادا لە ئاسایشی گشتی گواستراوەتەوه بۆ چاکسازی زرکا لە شاری دهۆک".

هاوڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان  فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد. ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 2024/3/3  نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، فه‌رمانى هه‌رێمى بۆ دياريكردنى رۆژى هه‌ڵبژاردنى داهاتووى په‌رله‌مانى كوردستان واژۆ كرد، له‌ فه‌رمانه‌كه‌دا پاڵپشت به‌ بڕگه‌ى (دووه‌م) له‌ ماده‌ى (ده‌يه‌م) له‌ ياساى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 2005ى هه‌مواركراو، نێچيرڤان بارزانى بڕيارى داوه‌ به‌ دياريكردنى رۆژى 2024/6/10 به‌ واده‌ى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى گشتى بۆ خولى شه‌شه‌مى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان. به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م فه‌رمانه،‌ هه‌ر ئه‌مڕۆش له‌ رۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.

هاوڵاتی کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری تیکاب بە ناوی عەلی زەرغامی کە باوکی سێ منداڵە، لە کاتی کۆڵبەر و لە سنووری شاری سەقز، بە تەقەی راستەخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لەدەستداوە. رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی ئازاری ٢٠٢٤ هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری مێشاو سەر بە ناوچەی سەرشیوی سەقز تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کردووە و بەم هۆیەشەوە کۆڵبەرێک بە ناوی عەلی زەرغامی تەمەن ٥٢ ساڵ کوژراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران و پاش ئەوەی کە لاقی پێکراوە، دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە. عەلی زەرغامی، خەڵکی گوندی ساریباغی سەر بە شاری تیکاب و دانیشتووی شاری سەقز بووە، هەروەها خێزاندار و باوکی سێ منداڵ بووە.

هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکردنی تۆڕێکی گەورەی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر راگەیاند کە لە 16 کەس پێکهاتبوون. لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا هاتووە، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دوای وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاساییش، بەهەمانگی هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ، هەروەها هەماهەنگی نێوان بەڕێوەبەرایەتی مادەهۆشبەرەکانی سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، لەچەند رۆژی رابردوودا توانرا تۆڕێکی گەورەی بازرگانی کردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیربکرێن، کە پێکهاتبوون لە 16 تۆمەتبار . هەر لە چالاکییەکەدا بڕی 40 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ لە شاری بەسرە دەستی بەسەردا گیراو تۆڕە بازرگانییەکە هەڵوەشێندرایەوە، کە باندێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوون، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان راشیگەیاندووە، تۆمەتباران بەگوێرەی یاسای مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

هاوڵاتی بەهۆی باران بارین و سەرمای چەند رۆژی رابردووەوە جوتیارانی سنووری قەزای بەردەڕەش تووشی زیانبوون و بەشێکی بەرهەمەکانیان لەناوچوون. کۆسرەت فەیسەڵ، جوتیار لە گوندی دولێجانی کەتو لە سنووری قەزای بەردەڕەش بە هاوڵاتی راگەیاند "ساڵانە بەرهەمی گەنم و جۆ و پەتاتەم هەیە، ئەمساڵ بەهۆی باران بارینی زۆر و ئەو سەرمایەی چەند رۆژی رابردوو هەرێمی کوردستانی گرتەوە بەرهەمەکانم زیانیان بەرکەوتووە". ئاماژەی بەوەشکرد "بەشێکی زۆری جوتیارانی ئەو سنوورە بەرهەمی پەتاتەیان لەناوچووە، هەروەها بەگشتی لەو سنوورە نزیکەی هەشت هەزار تۆن پەتاتە لەناوچوون، ئەمەش وادەکات بەرهەمی پەتاتەی بەردەڕەش ئەمساڵ کەمتربێت بەراورد بە ساڵەکانی دیکە". لە قەزای بەردەڕەش کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆکەوە نزیکەی ٢٠ هەزار دۆنم زەوی بۆ چاندنی پەتاتە تەرخانکراوە.

هاوڵاتی لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان لە سلێمانی کۆبووەوە و نرخیان بۆ مانگی شوباتی 2024 دیاریکرد، هەروەها بڕیارە لە مانگی رەمەزاندا خشتەی کارپێکردنی پێدانی کارەبای موەلیدەکان بگۆڕێت. بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3/3/2024 لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان کۆبوونەوە و به‌پێی نرخی سوته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر كاتژمێرێك بۆ یه‌ك ئه‌مپێر (41) دینارە،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی له‌ ناو شاری سلێمانی له‌نێوان (12.000) بۆ (13.000) دیناردایه‌، بەو پێیەى موەلیدەکان لە نێوان (285 بۆ 320) کاتژمێر کاریان کردوە، به‌هۆی جیاوازی كارکردنیان، نرخی ئه‌مپێرێك كاره‌بای موه‌لیده‌ی گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت. ئاماژە بەوەکراوە، هەهەندێک شوێن بەرنامەى کارکردنى موەلیدەکانیان لە (7)ى بەیانى بۆ (1)ى شەوە، نرخى ئەمپێریان (16.000 بۆ 17.000 ) دینارە، ئەو موەلیدانەش کە کارکردنیان 24 کاتژمێرییە نرخى ئەمپێریان (20.000) دینارە. ئاماژە بەوەشکراوە، خشته‌ی كارپێكردنی موه‌لیده‌ بۆ مانگى (ئازار) تا 10/3/2024 لەنێوان 1ى پاشنیوەڕۆ تا 1ى شەو ئەگەر کارەباى نیشتمانى کوژایەوە کار دەکەن، بەیانیانیش لەکاتژمێر :6:30 تا 8:00 ى بەیانى کاردەکەن، له‌ مانگی ره‌مه‌زانی پیرۆزدا خشته‌ی كاركردنیان ده‌گۆڕێت، هەروەها رۆژانى هەینى و شەممە و پشووە فەرمییەکان بەیانیان کارناکەن لەبرى ئەوە کاتژمێر 11ى پێشنیوەڕى بۆ 1ى شەو کاردەکەن.

هاوڵاتی ئەمڕۆ جارێکی دیکە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەوە لەبارەی پرسی دانانی پارێزگارێک بۆ ئەو شارە. پەروین فاتیح، ئەندامی سەرکەوتووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە هاوڵاتی راگەیاند "دوای کۆتایی هاتنی ئەو ماوەیەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ لایەنە براوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دیاریکردبوو، ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی ئازاری ٢٠٢٣ جارێکی دیکە کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن". ئاماژەی بەوەشکرد "کۆبوونەوەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ کەسی یەکەمی حزبە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆدەبێتەو و لایەنەکان ئەو بەرنامە و بووچوونانەی ئامادەیان کردووە بۆ چارەسەری کێشەی کەرکوک و دابەشکردنی پۆستەکان پێشکەشی سەرۆک وەزیرانی دەکەن هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت". پەروین فاتیح وتی "رەنگە ئەمڕۆ لەو کۆبوونەوەیەدا لایەنەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراق رێکبکەون و دواتر وادەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دیاریبکرێت". رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک کۆبووەوە و بڕیاردرا بە پێکهێنانی هاوپەیمانى ئیدارەدانى کەرکوک کە بەشێوەیەکى راستەوخۆ لەلایەن خودى سودانییەوە چاودێرى دەکرێت.

هاوڵاتی بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئێران کورد لە شاری ورمێ زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمانی بەدەست هێنا و ژمارەیەک لە چالاکوانانی سیاسیش دەڵێن دەسەڵات دەیەویت شەڕی کورد- تورک لەو شارە دروست بکات. رۆژی هەینی ١٢ هەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئەنجومەنی ئیسلامی و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی شارەزایانی رێبەری لە ئێران بەڕێوەچوو. بە پێی ئەنجامە بەراییەکان کە حکوومەت رایگەیاندووە لە سەدا ٤٠ی  خەڵکی ئێران بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە. هاوکات زۆرترین رێژەی بەشداری کورد لە شاری ورمێ بووە. شاری ورمێ دوای کرماشان گەورەترین شاری کورد نشینە، و جگە لە کورد کەمینەیتری وەک ئەرمەنی لەم شارە نیشتەجێن.  ورمێ ٣ نوێنەری هەیە لە پەرلەمانی ئێران، ساڵانی پێشتر نوێنەرەکان هەموویان تورک ئەبوون یان ئەوەی ژمارەی نوێنەرە تورکەکان زیاتر ئەبوو لە کوردەکان، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا دوا بە دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان لە شاری ورمی، دەرکەوت لە ٣ نوێنەرەکە ٢ نوێنەری ئەو شارە کوردە و ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی کوردی شاری ورمێ بڕژێنە سەر شەقام و خۆشحاڵی خۆیان دەرببڕن. لەم بارەیەوە ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و میدیایش بە گومانەوە لەم دەرئەنجامەیان روانیوەو بۆ ئەوەیان گێڕاوەتەوە دەسەڵات دەیەویت شەڕی کورد- تورک لەو شارە دروست بکات. ئاگری ئیسماعیل نژاد رۆژنامەنووس و  چالاکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان دانیشتووی ورمێ بە گومانەوە لەم دەرئەنجامە ئەڕوانێت و نووسیویەتی :" کورد ئەبێ وریا بێت و نابێ فریوی ئەم پیلانگێڕییە بخوات". رۆژنامەنووسە تورکەکان باس لەوە ئەکەن زۆربەی تورک و ئازەرییەکانی ئەو شارە هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کردووە. رۆژنامەنووسێکی تورکی خەڵکی ورمێ و دانیشتووی ئیستانبووڵ بەناو "مەتین" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی x نووسیویەتی :" بەشی زۆری ئازەرییەکانی ورمێ ئامادە نەبوون بەشدار بن ، کوردەکان چوون دەنگیان دا. ئەو نوێنەرانە بۆ ئێوە." لەم هەڵبژاردنەدا لە پارێزگای سنە لەسەدا٢٥ی خەڵک بەشداریان کردووە، هاوکات  ئەم رێژەیە لای بەشێکی زۆر لەچاودێرانی سیاسی جێگەی گومانە و لایان وایە بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان زۆر کەمتر بووە لەوەی راگەیەندراوەو تەنانەت لە پارێزگای سنە لایان وایە بەشداری خەڵک ژیر ١٠٪ بووە.  

هاوڵآتی رێباز حه‌ملان یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایگەیاند سبەینێ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچە و داتای تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەنێرێت. رێباز حه‌ملان یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی كوردستان24 رایگه‌یاند، لیستی موچه‌ی سه‌رجه‌م موچه‌خۆرانی هه‌رێم بۆ مانگی (شوبات/2)ی 2024 ئاماده‌كراوه‌ و سبه‌ینێ وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌غدا ره‌وانه‌ی ده‌كات وبەغدا " ئه‌و بیانوه‌شیان هه‌یه‌ با نه‌مێنێت". باسی له‌وه‌شكردوە، "چاودێری دارایی عێراق و هه‌رێم به‌هاوبه‌شی شه‌ش بۆ حه‌وت مانگه‌ پێداچونه‌وه‌ به‌لیستی موچه‌خۆرانی هه‌رێم ده‌كه‌ن، هه‌ر رۆژه‌ و بیانویه‌ك ده‌دۆزنه‌وه‌ موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان دوابخه‌ن، ده‌یانه‌وێت بارێكی نائارام بخه‌نه‌ ناو خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌، ئه‌وه‌ لیستیشیان بۆ ده‌نێرین، هه‌موان به‌شایه‌د بن به‌غدا عوزرێكی دیكه‌ ده‌دۆزێته‌وه‌". لە لێدوانەکەدا باس لە قەوارەی هەرێم دەکات و دەڵێت،  بەغدا نییەتی نییە هەرێمی کوردستان بمێنێت، هەروەها نییەتی نییە مووچەی بۆ بنێرێت و هەر رۆژە و بیانوێک بەو هەرێمە دەگرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو هەینی وەزارەتی دارایی ئابوری هەرێمی کوردستان بە نوسراوێک داوای لە وەزارەتەکان کرد لیستی موچەی مانگی (شوبات/2) ئامادە بکەن، بە مەبەستی ناردنی بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەر بە وەزارەتی دارایی عێراق.  

هاوڵاتی بانکەکانی رافیدەین و رەشید رێکارەکانیان بۆ کردنەوەی لقی بانکی لە ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن بەمەبەستى دەستکردن بە کردنەوەى هەژمارى بانکیى بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان . بە گوێرەی زانیارییەکان  لە چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەچەند رۆژی رابردوودا هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید رێکارەکانی کردنەوەی لقێکی بانکەکەیان لە شاری ھەولێر دەستپێکردووە و لەئێستاشدا سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانن بۆ کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی بە میدیای یەکێتی وتووە ، بانکەکانى رەشید و رافیدەین باڵەخانەیان لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەیە، بەڵام بەهۆى ئەوەى بانکە حکومییەکان تێیاندا جێگیرکراوە ناتوانن بگەڕێنەوە ئەو بانکانە، ئەگەرچى هەردوو بانکەکە بەفەرمى داواى باڵەخانەکانیان کردووە. سەرچاوەکە وتیشى، هەردوو بانکەکە رەزامەندییان دەربڕیوە نووسینگە لە هەرێمى کوردستان بکەنەوە بۆ کردنەوەى هەژمارى بانکیى بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەڵوێستى خۆى لەوبارەیەوە دەرنەبڕیوە. ئەمەشدوای ئەوەهات لە رۆژى 21ـى شوباتى 2024، دادگاى فیدراڵى عێراق بریاریدا بە پابەندکردنى حکومەتى فیدراڵ بە دابینکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان،داواشی کرد هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بکرێت بە مەبەستی پێدانی مووچەکانیان لە لایەن عێراقەوە و ڕاشیگەیاند ئەو بنکانەی دەتوانن بەشدار بن تەنها بانکی حکومین.

هاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاسایشی هه‌ولێر ده‌ستگیركردنی دوو بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بڕی (٥) کیلۆگرام له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ری راگه‌یاند. بەڕێوەبەرايەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بازگەکانی ئاسایش رۆژی 2-3-2024 دەستیان بەسەر پێنج کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گرتووە و دوو بازرگان دەستگیرکراون. بەڕێوەبەرايەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە، ماوەیەكی زۆر بو لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە  بەدوای ئەم دو تۆمەتبارەوە بون. باسی لەوەشکردووە کە  ئەوانەی دەستگیرکراون یەکێک بوون لەو سەرچاوانەی "مادەی هۆشبەریان دەگەیاندە ناو شاری هەولێر و لەوێش ساغیان دەکردەوە و گەنج و لاوی کوردیان بەهۆیەوە بەلاڕێدا دەبرد."     

هاوڵاتی ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزى کۆڕبەندى دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بە میدیاکانی ڕاگەیاند لەگەڵ تورکیا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پڕۆسەکە لەسەر ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا وەستاوە. فەلاح مستەفا، راوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان،ئەمڕۆ شەممە  لە پەراوێزى کۆڕبەندى دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بە میدیاکانی راگەیاند، هەر کاتێک هەولێر و بەغداد گەیشتنە رێککەوتنى کۆتایی، تورکیا ئامادەیە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان". وتیشى "کۆنووسێکى هاوبەش ئامادەکراوە و لە بەغدادە، هەر کاتێک پەسەند کرا، هەناردەکردنەوەى نەوت دەستپێدەکاتەوە". بەوتەی فەلاح مستەفا لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا، ولە کۆبونەوەکەید لەگەڵ سەرۆکی تورکیا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕێککەوتون. هاوکات سەبارەت بە دەستپێکردنەوەى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى بۆ تورکیا، و سەردانکردنی ئەردۆغان بۆ عێراق ئەو ڕاوێژکارە ڕایگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنى پرسی فڕۆکەخانەکە و وتیشی، لەپاش هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات. رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، راگیرا.هاوکات رۆژی 3ـی نیسانی 2023 ، هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاینز گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی راگرت، پاشان تورکیاش بڕیاریدا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی هەر فڕۆکەیەکدا دابخات کە بیەوێت گەشت بۆ سلێمانی بکات.