هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم وەزارەت و دەستەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لەماوەی (24) كاتژمێردا، لیستی موچە ئامادەبكرێت بە مەبەستی ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق. بەپێی نووسراوێك وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان داوای لە تەواوی وەزارەت و دەستەكان كردووە لیستی مووچە بەزمانی عەرەبی ئامادە بكەن لە ماوەی 24 كاتژمێردا بگاتە وەزارەتەكە هاوکات بەپێی زانیارییەکان ئامادەكردنی ئەو لیستی مووچەیە بۆ ئەوەیە تا بەزووترین كات رەوانەی دارایی عێراق بكرێت بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگی دوو. بەپێی داواكارییەكە لیستەكە بۆ موچەی مانگی شوباتی 2024 و بۆ فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەستە، داواكراوە بە یەك (سی دی) و بنێردرێت. لە داواكارییەكەدا ئەوەش هاتووە كە سەرجەم ئەو بەشانەی كە پڕدەكرێنەوە بە زمانی عەرەبی بێت و بەتایبەت ناونیشانی وەزیفی و پوختەی گشتی لەسەرجەم ئاستی وەزارەت و دەستەكان پەسەندب بكرێت بە شێوەی هارد كۆپی بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی/ بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری. بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی مانگی دوو بە لیستی مووچە دابەشدەكرێت و لە مانگی ئادارەوە بەكارتی بانكی مووچە دابەشدەكرێت. وەزارەتی دارایی عێراقیش رایگەیاندووە تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی دووی بۆ نەناردوون .
هاوڵاتی نوێنهرى زیندانیانى بادینان ئاشكرایدهكات، حكومهتى ههرێم پێنج سكاڵاى یاساى نوێ لهسهر چالاكوانانى بادینان تۆمار کردووە و دهشڵێت: “سكاڵاكان بههۆى ئهو فشارانهیه كه لهسهر سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان ههیه له ئهمریكا له ئهنجامى سكاڵاكانى سهرى”. ئایهان سهعید، نوێنهرى زیندانیانى بادینان له بهیاننامهیهكدا ئهمشهو ههینى 1ى ئازار، رایگهیاند، “بەفەرمانی مهسرور بارزانى گەڕێکی تری سکاڵا دژبە ئازادیخوازان و چالاکوانانی بادینان بەرزکراوەتەوە، کە ئەمەش وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوە ئەنجامی دەدات. بێجگە لە سکاڵای دووەمی هەریەک لە شێروان شێروانی و گوهدار زێباری کە لەزیندان لەسەر ئەوە حوکمدراون، چەند رۆژێکە لە دادگاکانی پارتی لە دهۆک و هەولێر بەرێگای دادگای حزبی سکاڵا لەسەر پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکەی بادینان تۆمارکراوە ، کە پێشوتر ئازادکراون”. له بهشێكى ترى بهیاننامهدا ئهوهشخراوهتهڕوو، ” ئهو چالاكوانانهى بادینان كه ساڵایان لهسهر تۆماركراوه بریتین له، ئومێد بەرۆشکی بە پێ ماددەی 2ی خراپ بەکارھێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان لە یاسای ژمارە 6ی 2008. مەلا شڤان سەعید، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم بەپێ یاسای سزادانی ئێراقی ماددەی 202 لەسەر شایتحاڵی ناڕاست (شهاده الزور)ی، لەسەر بەرگریکردن لە شێروان شێروانی. دکتۆر عامر مزوری بەپێ ماددەی 1ی یاسای ژمارەی 21ی تێکدانی ئەمنی نشتیمانی ھەمواری ساڵی 2023″. ئەوەشی خستووەتەڕو، لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەی نوێ بۆ زیندانییە ئازادکراوەکانی بادینان و ئازادنەکردنی شێروان شێروانی و قارەمان شوکری و زیندانیانی دیکە، ئەوانیش لەگەڵ سزادراوەکان و تیمی پارێزەران رێگای دادگای فیدڕاڵی و دادگای دیکەی دەرەوە دەگرنەبەر . دهقى بهیاننامهكه… بۆ، رای گشتی و لایەنە سیاسیەکان – نوێنەری وڵاتان لە ھەولێر و بەغداد – یۆنامی، رێکخراوە نێوخۆیی و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ سەرباری نارازایەتیەکی زۆری نێوخۆیی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر پرۆسەی سزادانی زیندانیانی بادینان لە جیاتی بەخۆداچونەوە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ئەقلیەتێکی ئۆلیگارشی بێ حسابکردن بۆ ھیچ بنەمایەکی مافی مرۆڤی، نشتیمانی، یاسایی و دیمۆکراسی لەتۆڵەی ئەو فشارانەی لەسەرن و ھاتنە پێشی کەمپینی سکاڵاکەی دژی لە لەدادگای فیدڕاڵی واشنتۆن کە تیایدا کەسانی باڵای ئەمریکا بەشدارن وە لەنێویشیاندا ستیفن ستدیرت راوێژکاری یاسایی سێ سەرۆککۆماری ئەمریکا بەشدارە، کەیەکێک لە سکاڵا سەرەکیەکەیان تایبەتە بە پرسی دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان و گیراوانی بادینان کە دژ بە مەسرور بارزانی بەرزکراوەتەوە، بەفەرمانی خۆی، گەڕێکی تری سکاڵا دژبە ئازادیخوازان و چالاکوانانی بادینان بەرزکراوەتەوە، کە ئەمەش وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوە ئەنجامی دەدات، بێجگە لە سکاڵای دووەمی هەریەک لە شێروان شێروانی و گوهدار زێباری کە لەزیندان لەسەر ئەوە حوکمدراون، چەند رۆژێکە دادگاکانی پارتی لە دهۆک و هەولێر بەرێگای دادگای حزبی سکاڵایان لەسەر پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکەی بادینان تۆمارکراوە ، کەپێشوتر ئازادکراون ، ئەوانیش هەریەک لە: – ئومێد بەرۆشکی بە پێ ماددەی 2ی خراب بەکارھێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان لە یاسای ژمارە 6ی 2008. – مەلا شڤان سەعید، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم بەپێ یاسای سزادانی ئێراقی ماددەی 252 لەسەر شایتحالی ناراست (شهاده الزور)ی، لەسەر بەرگریکردن لە شێروان شێروانی. – دکتۆر عامر مزوری بەپێ ماددەی 1ی یاسای ژمارەی 21ی تێکدانی ئەمنی نشتیمانی ھەمواری ساڵی 2003. پێشتریش دژی هەرپێنج چالاکوانی ئازادکراوی شیلادزێ بەتۆمەتی ناوزڕاندنی ئاسایش لەناو دادگا ،سکاڵا تۆمارکرابوو لەسەر یاسا سزادان ژمارە 111ی ساڵی 1969. بەداخەوە ھەر کاتێک سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی هەستیان بەلاوازی و بێ دەسەڵاتی کرد پەلاماری چالاکوانان و ئازادیخوازان دەدەن، وە دەیانەوێت فۆبیای خۆیان بەرامبەر دوسیەی زیندانیانی بادینان بەو سکاڵایانە بشارێنەوە، لەگەل دەستپێکردنی دووبارە سزادانی زیندانیان بادینان و ئازادنەکردنی شێروان شێروانی و قارەمان شوکری زیندانیانی دیکە، ئێمەش بە ھاوبەشی لەگەڵ سزادراوەکان و تیمی پارێزەران رێگای دادگای فدڕالی بەغداد و دادگای دیکەی دەرەوە دەگرینە بەر . هەروەک پێشتریش بۆ رای گشتیمان ڕوونکردبویەوە و فشارەکان بۆ سەر چالاکوان و رۆژنامەنووسانی بادینان ئاشکرا کرد، دووبارە دروستکردنی سیناریۆ و دەستبەسەرکردنیان بەشێکە لەو پرۆسە نایاساییەی کە پارتی جێبەجێی دەکات لەبەر ترسی خەباتی مەدەنی و شکستهێنانیان لە ھەلبژادن لە دەڤەری بادینان، بۆیە ئەرکی ھەموو لایەکە خۆ بە خاوەنی ئەم دۆسیەیە بزانێت و ھەلوێستی جدی وەربگرن، چونکە ئەمە پرسێکی گشتییە.
هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا باس لە کوشتنی ئەو هاوڵاتییە کوردە دەکات کە دوێنێ ئێوارە لە بەردەم چێشتخانەکی وەستا ساڵح لە سلێمانی کوژراو دەڵێت بنەماڵەکەی ئاگادارن کە لەلایەن تورکیاوە کوژراوە. گولستان کلیچ, پەرلەمانتاری دەم پارتی لە دانیشتنێکی پەرلەمانی تورکیا لەسەر کوشتنی دکتۆر سەبری تۆپراک قسەدەکات ودەڵێت، ئەو هاوڵآتییە کوردە بەهۆی بیڕوباوەڕی جیاوازی سیاسییەوە لە تورکیاوە ڕۆیشتووەو و نزیکەی ١٢ ساڵە لە شاری سلێمانی نیشتەجێبووە و لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت کاری کردووە. ئەو پەرلەمانتارە ڕودەکاتە سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامی دیکەی پەرلەمانەکەو دەڵێت : ئێوە کەسانێک تیرۆر دەکەن کە ناتوانن لێرە بژین و ناتوانن خەریکی سیاسەت بن و تەنیا لەسەر مومارەسەی مافە دیموکراسیەکانیان زیندانی دەکرێن . بەشێک لە قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە : دکتۆر سەبری تۆپراک لە سلێمانی دەژیا نزیکەی ١٢ ساڵە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت کاری دەکرد خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی کوژرا بنەماڵەکەی تورکیا بە هۆکاری ئەم هێرشە چەکدارییە دەزانن ئەمەی لە سلێمانی ئەنجامدرا یەکەم زنجیرە کوستنی ئەو کەسانە نییە کە تورکیایان جێهێشتووە پێشتر زۆر کەسی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بەم شێوەیە کوژراون ( ناگەهان ئاکارسەر) لە ناوەندی ئەکادیمیای لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە سلێمانی کوژرا ئەوان ناتوانن لێرە (تورکیا) بژین بەهۆی ئەو پاکێجە دادوەرییانەی کە ئێوە داتانناوە ئەوان ناتوانن لێرە (تورکیا) سیاسەت بکەن و ناتوانن مافە دیموکراسییەکانیان لێرە بەدەستبهێنن، دەچن بۆ سلێمانی هەوڵدەدەن ژیانێکی نوێ لە سلێمانی بنیادبنێن و پارێزراوبن ئێوارەی دوێنێ لە شاری سلێمانی لە بەردەم چێشتخانەی وەستا حەسەن هاوڵاتییەک بەناوی "عەبدولقادر سەبری تۆپراک"ە بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا کە پیشەی پزیشکە و خەڵکی باکووری کوردستانە. هاوکات بەپێی زانیارییەکانی میدیای پارتی کرێکارانی کوردستان، عەبدولقادر خەڵکی شاری بەدلیسی باکووری کوردستانە و ئەندامی هەدەپە بووە لە باکووری کوردستان و ساڵانێكە بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە رووی لە باشووری کوردستان کردووە و لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە سلێمانی کاری کردووە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ئەوەش ئاشکرا کراوە، چەندینجار لەلایەن دەزگای میتی تورکیاوە هەڕەشەی لێکراوە و ئێوارەی ئەمڕۆ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا.
هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێت لە هەردوو پەروەردەی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە نزیکەی چوار هەزار مامۆستا سزادراون. عوسمان گوڵپی ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە نوسراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە سەبارەت بە سزادانی مامۆستایان دەڵێت، "سزادانی مامۆستایان دەریخست کە عەقڵیەتی ئیدارەدانی بەعسیانە لە فەرمانگەکاندا ماوە و بەعس کۆتایی نەهاتوە." باسی لەوەشکردووە کە تا ئێستا سزاکانی مامۆستایان هەڵنەوەشاونەتەوە و هەردوو پەروەردەی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتی سلێمانی نزیکەی چوار هەزار مامۆستایان سزاداوە، لە پەروەردەکانیتریش سزادانی مامۆستایانیان جێبەجێ کراوە. دوای ئەوەی مامۆستایان و وانەبێژانی شاری سلێمانی و قەزاو ناحییەکانی دەوروبەری بۆ زیاتر لە سێ مانگ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان هاوکات دانەمەزراندنی وانەبێژان و وەستاندنی پلەبەرزکردنە وە ،لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ فشارکردنە سەریان ژمارەیەک مامۆستا سزادران و دواتر لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە ڕاگەیەندرا کە هیچ مامۆستایەک سزا نەدراوە بەهۆی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندنەوە بە ڵام ئەندامانی ئەنجومەنی ناڕازی مامۆستایان دەڵێن نزیکەی چوار هەزار مامۆستا سزادراون.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رێكارەكانی هاوردەكردنی ئاژەڵ و گۆشتی سور بۆ بازاڕەكانی ناوخۆ ئاشكرا دەكات و پێشبینیش دەكات بۆ مانگی ڕەمەزان نرخەكان زیاتر رو لەدابەزین بكەن ڕاشیگەیاند، ئەو وڵاتانەی ئاژەڵەیان لێوە هاوردە دەکرێت دەبێت ئەندامی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بن. محەمەد خەزاعی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، کردنەوەی دەروازەکان بە روی هاوردەکردنی ئاژەڵ لە پێناو پاراستنی تەندروستی ئاژەڵەکان و تەندروستی مرۆیی مەرجدارکراوە، لە هیچ وڵاتێکەوە ئاژەڵ هاوردە ناکرێت ئەگەر وڵاتێکی هۆشدار نەبێت لە هەناردەکردنی ئاژەڵەکانی. ئەوەشی خستە روو، دوای ئەوەی رەزامەندی هاوردەکردن دەدرێت و ئاژەڵ یاخود گۆشتەکان دەگەنە سنووری عێراق، لەلایەن لیژنەی پزیشکی تایبەتمەندەوە پشکنینی ئاژەڵ و گۆشتەکان دەکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دوورن لە هەر نەخۆشییەکی پەتا. ئەوەش لەدوای ئەوە دێت، رۆژی 29ـی مانگی شوبات وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور، رەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر هاوردەکردنی 17 هەزار سەر گوێرەکە بۆ عێراق. وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق باسی لەوەشکرد، ئەو رێکارانە پێویستی بە ماوەیەکی کاتیی هەیە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر نرخی گۆشتی بازاڕەکان دروستبکات، لە ئێستاشدا نزمبونەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕەکان بەدی کراوە.
هاوڵاتی نزیكەی چوارمانگ بەرلە ئێستا كامیل حاجی عەلی لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوویەوە و دوای ماوەیەك لە ناكۆكی ناوخۆیی لەگەڵ باڵی عیرفان عبدولعزیز بڕیاری دا حزبێكی نوێ دابمەزرێنێت بەناوی پەیوەندی بزوتنەوەی ئیسلامی،بەڵام تائێستا ناکۆکییەکانی نێوانیان بەردەوامەو بە پێی نوسراوێک کە دەست هاوڵاتی کەوتووە کێشەکانیان پەلی هاویشتۆتە ژیانی پاسەوانەکانیانەوە. بە پێی سەرچاوەیەکی تایبەت لەناو بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیەوە وێنەی نوسراوێک بۆ هاوڵاتی نێردراوە کە تیایدا داواكراوە لادان و دانان بۆ چەند پاسەوانێكی بزوتنەوەی ئیسلامی بكرێت،بەهۆی ئەوەی لە لای كامیلی حاجی عەلی ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە ناو ڕیزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی. ئەو سەرچاوەیە بە پەیامنێری هاوڵاتی ڕاگەیاند: لەلایەن باڵی عیرفان عەبدولعەزیز-ەوە ئەو نوسراوە دەرکراوەو نێردراوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی دەركردنی 11 پۆلیس بە بیانوی جێبەجێ نەكردنی ئەركەكانیان و لادان و دانان لەبری ئەم یانزە پۆلیسە لەكاتێكدا هەریەك لەم پاسەوانانە لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە ئەركی خۆیاندا بوون. ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد : ئەو یانزە پاسەوانە لەبەر ئەوەی دوای فشارەکان لە لای كامیلی حاجی عەلی ماونەتەوە و نەگەڕاونەتەوە ناو ڕیزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە 24ی مانگی یەكی ئەمساڵ نوسراوێك كراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پاسەوانیەكان بۆ لادان و دان -ی ئەو 11 پاسەوانە تا لە كارەكانیان دووربخرێنەوە. سەرچاوەكە وتیشی : ئێمە وەك بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی ڕاستەخۆ داوامان كرد لە وەزارەتی ناوخۆ تا ڕێكاری یاسایی بگرێتەبەر و ئەو چەند پاسەوانە لە ئەركری خۆیان بەردەوام بن چونكە ئەوان هیچ گرفتێكی یاسایان نەبووە و لەئەركرا بوون ،بۆیە لە ئێستادا گرفتەكە چارەسەركراوە و پۆلیسەكانیش بەردەوامن لەكاری خۆیان واتە نەتوانرا كەسی تر لە شوێنیان دابنرێت. هاوڵاتی ئەوەشی زانیوە لەماوەی ڕابردوودا چەند پاسەوانێك كە لە ڕیزەكانی پەیوەندی بزوتنەوەی ئیسلامی بوون لەبەر مەترسی بڕینی مووچەكانیان و دەركردنیان لە كارەكانیان گەڕاونەتەوە ڕیزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی واتە باڵی عیرفان عەبدولعەزیز . ئەو سەرچاوەی قسەی بۆ پەیامێری هاوڵاتی كردوە باسی لەوەش كردوە : قسە لەسەر ئەوەكراوە لە هەفتەی ئایندە ڕێكارەكانی بەستنی كۆنگرە تەواو ببن بەڵام ئەگەر نەتوانرا ڕیكارەكان لە نێوخۆی حیزب جێبەجێ بكرێن بە ئەگەرێكی زۆرەوە كۆنگرەكە دەكەوێتە پاش مانگی پیرۆزی ڕەمەزان . بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی كە بڵاوكرایەوە كامیلی حاجی عەلی مۆڵەتی حیزبێكی نوێی ئیسلامی وەرگرت بە ناوی بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی كە نزیكەی چوارمانگ بەرلە ئێستا لە بزوتنەوەی ئیسلامی جیابوویەوە مۆڵەتی كاركردنەكەش لە فەرمانگەی پارتە سیاسیەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە وەرگرتوە ، بڕیاریشە لە كۆنگرەدا 1300 كەس بەشداربن
هاوڵاتی شانهی راگهیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمهرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداریی هاوڵاتییان دەکاتەوە و داوایان لێدەکات لە نزیک سەنگەرەکانی پێشمەرگە شەڕەتەقە نەکەن. لە راگەیەندراوێکدا شانهی راگهیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمهرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لهگهڵ نزیكبوونهوهی بههار و دهستپێكردنی گهشت و سهیران ههست بهوه دهكرێت خهڵكێكی زۆر روو له ناوچهكانی بناری چیای قهرهچوغ و ئهو دهڤهرانهی تر بكهن، كه نزیكن له سهنگهرهكانی پێشمهرگه". ئاماژە بەوەکراوە، بۆ پاراستنی سهلامهتی گیانی هاوڵاتییان و سهیرانكاران تكایه رهچاوی ئهو خاڵانهی خوارهوه بكهن: 1- بهههموو شێوهیهك تهقه كردن قهدهغهیه بهتایبهت لهو سنورانهی كه نزیكن له سهنگهرهكانی پێشمهرگهوه. 2- بۆ بهسهربردنی كاتێكی خۆش پێویسته سهیرانكار له سنوری سهنگهرهكانی پێشمهرگه وهێزه چهكدارهكان نزیك نهكهونهوه. 3- دهبێ ههمومان به یهكهوه پارێزگاری له ژینگه بكهین, بۆیه بڕینی دار و ڕاوكردن به ههموو شێوهیهك قهدهغهیه. 4- پێویسته هاووڵاتیان ههست به بهرپرسیارێتی ژینگهپارێزی بكهن و كهمتهرخهم نهبن لهم ئهركی نیشتیمانیهداو، شوێنی گهشت و سهیرانهكانیان خاوێن رابگرن و پاشماوهی خواردنهكانیان بهجێنههێڵن. 5- پاراستنی پاكو خاوێنی سهرچاوهكانی ئاو و ڕووبارهكان ئهركی نیشتیمانی ههموو لایهكه بۆیه دهبێ بیانپارێزین.
هاوڵاتی لە هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاردا بەهۆی یادەکانی راپەڕین و نەورۆز حکومەت شەش رۆژ پشووی فەرمی رادەگەیەنێت. له ماڵپەڕی فهرمی حكومهتی ههرێمی كوردستان، پشووه فهرمییهكانی ساڵ دیاری كراوه، بهپێی خشتەی پشووەکان بێت، له مانگی سێدا شهش رۆژی پشوو دیاری كراوه. رۆژەکانی پشوو لە مانگی 3ی 2024دا: - 5ی ئادار، پشووی یادی دهستپێكی ڕاپهڕینی بههاری 1991ه. - 11ی ئاداری ساڵڕۆژی بهیاننامهی مێژوویی 11ی ئاداری 1970ە. - 14ی ئادار ساڵڕۆژی لهدایكبوونی بارزانیی نهمره - رۆژانی 21، 22 و 23ی ئهم مانگهش، پشووی جهژنی نهتهوهیی نهورۆزه.
هاوڵاتی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکێکی قەزای کەلار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ماڵێک کرایە ئامانج و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستداوە. عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە هاوڵاتی راگەیاند "نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ لە گەڕەکی شەهیدانی قەزای کەلار بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ماڵێک کراوەتە ئامانج، بەهۆی بۆردوومانەکەوە تەنها یەک کەس گیانی لەدەستداوە". وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد "هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستی پێکردووە". بەپێی ئەو زانیارییانەی هاوڵاتی لە سەرچاوەیەکی تایبەت دەستی کەوتووە، ئەو ماڵەی کراوەتە ئامانج بنکەی تەڤگەری ئازادی بووە لە قەزای کەلار.
هاوڵاتی دوێنێ فڕۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگالیان کردە ئامانج و دوو کەس برینداربوون، بەهۆی سەختی برینەکەی یەکێک لە بریندارەکان ئەمرۆ گیانی لەدەستدا. ناتق عەلو، لە راگەیاندنی پۆلیسی شنگال بە هاوڵاتی راگەیاند "دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگالی کردە ئامانج، بەو هۆیەوە دوو کەس برینداربوون، بەهۆی سەختی برینی یەکێک لە بریندارەکان ئەمرۆ گیانی لەدەستدا". ئەو کارمەندەی راگەیاندنی پۆلیسی شنگال ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی سەعدون میرزا-یە و ئەندامی یەکینەکانی بەرخودانی شنگالە". پێشتر خودێدا چوکی، بەرێوەبەری ناحیەی سنون بە هاوڵاتی وت بوو "دوای نیوەرۆی رۆژی 29ی شۆبات فرۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال کرده ئامانج".
هاوڵاتی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ٦٧ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان کوژراون و برینداربوون و لە ٨٥٪ی ئەو کەسانەی بریندار بوون یان کوژراون، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان پێکراون. بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی هەنگاو، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە سنوورەکانی کوردستان چوار کۆڵبەر کوژراون و ٦٣ کۆڵبەری دیکەش برینداربوون، هەروەها لانیکەم ٢ منداڵی خەڵکی شارەکانی بۆکان و دیواندەرە لە کاتی کۆڵبەریدا بە تەقەی راستەوخۆی هیزە سنوورییەکان بریندار بوون. رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٨٥٪ی ئەو کەسانەی بریندار بوون یان کوژراون، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە سنوورییەکان پێکراون، هەروەها بەراورد بە مانگی رابردوو ژمارەی کوژراو و بریندارانی کۆڵبەران لە ٣٤٪ زیادی کردووە. لە راپۆرتەکەی رێکخراوی هەنگاو ئاماژە بەوەدراوە، نزیکەی لە ٥٤٪ی ئەو کۆڵبەرانەی بوونەتە قوربانی لە پارێزگای کرماشان بوون.
هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ تەرمی گەنجێک لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە کە کارمەندی یەکێک لە رێستۆرانتەکانی ئەو گەڕەکەیە. سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرانی سلێمانی بە هاوڵاتی راگەیاند "بەیانی ئەمڕۆ هەینی ١ی ئازاری ٢٠٢٤ ئاگادارکراینەوە لە بوونی تەرمێک لە گەڕەکی بەختیاری تیمەکانمان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری". بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هاوڵاتی کەوتوون، گەنجەکە تەمەنی ٢٣ ساڵە و بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە، ئەو گەنجە کارمەندی رێستۆرانتی دەنیزە لە گەڕەکی بەختیاری، پێشتریش خاوەنی ئەو رێستۆرانتە بە دەستڕێژی گولـلە لەبەردەم شوێنی کارەکەی کوژراوە.
هاوڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دەربەندیخان رایدەگەیەنێت سەرەتای هەفتەی داهاتوو تونێلەکە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر دادەخرێت، ئاماژە بەوەشدەکرێت رێگە بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر نادرێت شاخی بەرانان بەکاربهێنن. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دەربەندیخان رایگەیاند "بەهۆی ئەوەی ئاوەڕۆی ناو تونێڵ تێکچووە و جاری پێشوو کە نۆژەنکرایەوە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر تونێلەکە داخرا ئەوەش وایکرد بە باشی وشک نەبێتەوە و دووبارە تێک بچێتەوە، هەر بۆیە ئێستا داوای داخستنی تونێلیان کردووە بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر تا بەشێوەیەکی باش نۆژەن بکرێتەوە و کارەکە سەرکەوتوو بێت". ئاماژە بەوەکراوە "هەربۆیە رۆژی شەممە لە (٨:٠٠)ی بەیانییەوە تا (٨:٠٠) بەیانی رۆژی یەکشەممە تونێل بەڕووی شۆفێراندا دادەخرێت، هەروەها رێگە بە هیچ بارهەڵگرێک نادرێت شاخی بەرانان بەکاربهێنێت و ئۆتۆمبێلی بچوکیش دەتوانن لە بەنداوی دەربەندیخانەوە هاتووچۆ بکەن".
هاوڵاتی مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات بە هاوکاری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەد لە سلێمانی تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە دزی لە چەند مارکێتێک کردبوو. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "دوای ئەوەی خاوەنی چەند مارکێتێک سکاڵایان تۆمارکرد کە دزییان لێکراوەو پارەو کەلوپەلی جۆراوجۆریان لێدزراوە، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لێکۆڵینەوەکان دەستیانپێکرد و پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر و گەیشتنە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، توانرا تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات بە هاوکاری نووسینگەی ئیبراهیم ئەحمەد بدۆزرێتەوەو دەستگیربکرێت". ئاماژە بەوەکراوە "لەکاتی دەستگیرکردنیدا دەستیشگیرا بەسەر بڕێک لەو کەلوپەلانەی تۆمەتبار دزیبوی، هەروەها دەستیشگیرا بەسەر ئوتۆمبێلێکدا کە بە تۆمەتبار بووە و تاوانەکانی پێ ئەنجامداوە". لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی هاتووشە "لەئێستادا تۆمەتبار (ش، م، ع) لەدایکبووی 1989 بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 لەیاسای سزادان راگیراوە و دانی بەوەدا ناوە کە دزی زیاتر لە 10 مارکێت کردووە".
هاوڵاتی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس کۆبووەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٩ی شوباتی ٢٠٢٤ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا نانسی پیلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا و سێس مێڵتن و دۆن بەیکن و براد وێنسترەپ و ئەماتا کۆلمەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەشدابوون. لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، کۆنگرێسمان بەیکن بە ناوی ئەندامانی کۆنگرێسەوە، بەخێرهاتنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و جەختی لە گرنگیی پاراستنیی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان کردەوە. مەسرور بارزانی سوپاسی هاریکاری و پشتیوانیی ئەمەریکای کرد و ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستن و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدرالی هەرێمی کوردستان کردەوە. لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بۆ سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، وتیشی رێز و پێزانینمان بۆ ئازایەتیی و قارەمانیێتی و خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی کوردستان هەیە. گۆنگرێسمان مۆڵتن دووپاتی کردەوە کە ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ بەهێزبوونی هەرێمی کوردستانین.
