هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، " بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و لێدوانەکانی دوێنێی وەزیری دارایی عێراق بە نوسراوی فەرمی نەگەیشتونەتە دەست ئێمە". ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧/٢/٢٠٢٤ ، هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ میدیای پارتی لە بارەی کردنەوەی هەژمارەی بانکی بۆ فەرمانبەران  ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەوەی هیچ نوسراوێکی ڕەسمیمان بۆ نەهاتووە بۆ ناردنی لیستی مووچە و داواکارییەکانی وەزیری دارایی عێراق بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی لەو ماوە کەمادە جێی گومانە. وتیشی " حکومەتی عێراق، لە ساڵی 2016ـەوە خەریکی دروستکردنی هەژماری بانکییە؛ هەشت ساڵە 20 بانکی عێراق خەریکی ئەو پڕۆسەیەن کەچی تەواو نەبووە، چۆن دەتوانرێت لە ماوەی مانگێکدا هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروستبکرێت؟. ئاماژەی بەوەشدا کە  نیازی بەغدا بۆ داواکردنی دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، "تەنها کێشە دروستکردنە. ئێمە ئەزموونی چەند مانگی رابردوومان هەیە، هەمیشە ئێمە لە کێشەدا بووین، هەمیشە گەیشتووەتە کاتی ناردنی پارە، وەزارەتی دارایی عێراق چەندین بیانوو و کێشەی بۆ ناردنی پارەکە دروستکردووە. درێغییان نەکردووە لە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان. دەمەوێت هەموو کەسێک ئەمە بزانێت".   سەبارەت بە "هەژماری من" تایبەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، " پڕۆژەی هەژماری من کێشە بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دروست ناکات چونکە ئەو بانکانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین هەموویان مۆڵەتییان لە بانکی ناوەندی عێراق وەرگرتووە". بەشێک لە پەرلەمانتاران دەڵێن، لیستی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پاک نییە و کێشەی تێدایە؛ وتەبێژی وەزارەتی دارایی لەوبارەوە ئاماژە بەوە دەدات، بەگوێرەی دوایین ئەو لیستەی مانگی 10ـی رابردوو پێشکەشی پەرلەمانی عێراقیان کردووە، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار. وێنێ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق چووە پەرلەمان و داوای کرد لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت بۆ ئەوەی بە کارت مووچەکانیان بدرێت. 

هاوڵاتی ئەمڕۆ دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق کۆدەبێتەوە و چەند سکاڵایەکی تایبەت بە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران  و سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی تاوتوێ دەکات. بە گوێرەی خشتەی دانیشتنی دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ٢٧/٢/٢٠٢٤ دادگاکە لەسەر چەند سکاڵایەک کۆدەبێتەوە، یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن دوو پەرلەمانتارەوە لەسەر جێگرى یەکەمى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران تۆمارکراوە و داوا لە دادگا کراوە، بڕیار لە نادەستووریبوونى دانیشتنى رۆژى ١٣ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٤ بدات، کە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران و سەرجەم بڕیار و رێکارەکانى هەڵبوەشێنێتەوە. بڕیاریشە رۆژى چوارشەممە، دادگاى فیدراڵى دوو سکاڵاى دیکە یەکلابکاتەوە کە لە دژى شەعلان عەبدولجەبار کرەیم، تۆمارکراون و داوا لە دادگا کراوە ئەندامێتى لە ئەنجوومەنى نوێنەران و مافى خۆبەربژێرکردنى بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران هەڵبوەشێنێتەوە، بەهۆى نەبوونى مەرجە یاسایی و دەستورییەکانى ئەندامێتى. لە ڕۆژی ١٤-١١-٢٠٢٣، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لە بڕیارێکدا کۆتایی بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هێنا، لەوکاتەوە ئەنجوومەنەکە بێ سەرۆکە . هاوکات هەر ئەمڕۆ سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری دژەتیرۆر لە سلێمانی تاوتوێ دەکرێت، کە لە دژى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە و تیایدا تانە لە یاساى ژمارە3ى ساڵى ٢٠٠٦ یاساى روبەڕووبونەوەى تیرۆر دراوە کە یاساى ژمارە ٧ساڵى ٢٠١٨ پشتیپێبەستووە و ناوبراو داوادەکات بەهۆى نادەستووریبوونى یاساکەوە ئەو بڕیارانەى کە لەدادگاى هەولێر لەدژى داواکراوان بەو یاسایە دەرکراون پوچەڵبکرێنەوە.

هاوڵاتی کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە ناوی سەید جەعفەر فەرەجی، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممە سەید جەعفەر فەرەجی، کۆڵبەری خەڵکی گوندی دەورە قەڵای شاری سەقز لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری هەنگەژاڵی شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژرا. سەید جەعفەر فەرەجی تەمەن ٤٢ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بووە. بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، تەرمی ئەم کۆڵبەرە لە ئێستادا بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیووبی لە شاری بانە گواستراوەتەوە. بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا ٢٢ کۆڵبەر لە سنوورەکانی شاری بانە کوژراون و ١١٦ کۆڵبەریش بریندار بوون.

هاوڵاتی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "گەورەترین مەترسی بۆ سەر دەسکەوتەکانی باشووری کوردستان دەسەڵاتی پەدەکەیە"، ئاماژە بەوەشدەکات "دەسەڵاتی فاشیستی تورک دەیەوێت دەستکەوتی کورد لەناوببات". لە پەیامێکدا کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە رایاگەیاند "بە پرۆسەیەکی سەختی مێژوویدا بە ناوی جەنگی جیهانی سێیەم تێدەپەڕین، لەم پرۆسەیەدا پێشهاتە گرنگەکان لە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا روودەدەن. لە کاتێکدا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەچێتە ساڵی سێیەمی خۆیەوە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بە هەموو هێزیەوە بەردەوامە، لەم دۆخەدا شەڕ لە دەریای سوور پەرە دەستێنێت و هێشتا ئەگەری تەشەنەکردنی بۆ شوێنەکانی دیکە هەیە. لەکاتێکدا ئەم شەڕانە بەهۆی ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە دروست دەبێت، بەڵام بەداخەوە گەل و ژنان باجەکەی دەدەن و زیانیان پێدەگات. دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەردۆغانی سەرۆک فاشیستی بە کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتانە شەڕ و دژایەتییانە دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ناو ببەن". دەقی پەیامەکەی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە: کەجەکە: گەورەترین مەترسی بۆ سەر دەسکەوتەکانی باشور دەسەڵاتی پەدەکەیە بۆ رای گشتی "بە پرۆسەیەکی سەختی مێژوویدا بە ناوی جەنگی جیهانی سێیەم تێدەپەڕین". لەم پرۆسەیەدا پێشهاتە گرنگەکان لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن. لە کاتێکدا شەڕی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەچێتە ساڵی سێیەمی خۆیەوە، شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بە هەموو هێزیەوە بەردەوامە. لەم دۆخەدا شەڕ لە دەریای سوور پەرە دەستێنێت و هێشتا ئەگەری تەشەنەکردنی بۆ شوێنەکانی دیکە هەیە. لەکاتێکدا ئەم شەڕانە بەهۆی ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە دروست دەبێت، بەڵام بەداخەوە گەل و ژنان باجەکەی دەدەن و زیانیان پێدەگات. دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەردۆغانی سەرۆک فاشیستی بە کەڵک وەرگرتن لەم دەرفەتانە شەڕ و دژایەتییانە دەیانەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە ناو ببەن و بە شەڕی کۆمەڵکوژیی کە دەستی پێکردووە دەیەوێت ئەنجام وەربگرن. بۆ ئەم مەبەستەش بە بەبازرگانی کردن بە پێگەی جیۆستراتیژی و جیۆپۆلەتیکی خۆی و پێدانی ئیمتیاز لە گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسیدا، هەموو سامانی ژێرزەویی و سەرزەویی تورکیا دەخاتە خزمەتی ئەم شەڕە کۆمەڵکوژییەوە. لەسەر بنەمای ئەمەش دەیەوێت لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی ئێران و سوریا و عێراق دانوستانێکی چڕوپڕ دەست پێبکات و لەگەڵ خۆی لەم شەڕە کۆمەڵکوژییە هاوبەشیان بکات. لە ئەنجامدا ئامانجیان لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کوردە بە ئەنجامدانی هێرشی شەڕخوازانەی نوێ بۆ سەر ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان. لە کاتێکدا دەوڵەتی فاشیستی تورک لە هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی دژە کورددایە لە ناوچەکە و جیهاندا، بێ گومان ئەرکی کوردیش دروستکردنی یەکڕیزی لەنێوان خۆیاندایە و بەرەنگاری داگیرکاریی و هێرشە کۆمەڵکوژییەکانە. بە تایبەتی ئەو هێزانەی کە بە ناوی کوردەوە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدارن لە سیاسەتدا، لەم وەرچەرخانە مێژووییەدا، لەبەرامبەر پەرەپێدانی سیاسەت و ستراتیژی هاوبەشدا بەرپرسیارن. بەڵام بنەماڵەی بارزانی کە حوکمڕانی پەدەکە دەکەن، لەبری ئەوەی هەوڵی یەکخستنی کورد بدەن، هەوڵ دەدەن بە هاوکاری و کۆیلایەتی لەگەڵ دوژمنانی کورددا، چارەنووسی کورد بکەنە قوربانی بەرژەوەندییە تەسکی بنەماڵەیی و ئەم سیاسەتانەی کە پەدەکە پەیڕەوی کردووە، هەتا ئێستا لە مێژوودا زیانێکی زۆری بە کورد و بە تایبەتی باشووری کوردستان گەیاندووە و ئەمڕۆش مەترسیی گەورەتری لێدەکەوێتەوە. پەدەکە بە ئاشبەتاڵ (تەسلیمبوون) لە ساڵی 1975، خیانەتی لە دۆزی ئازادی باشووری کوردستان کرد. دوای ئەوە لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕی براکوژی لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان، درێژە بە براکوژی دەدات و لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی ١٩٩٦ سوپای سەدامی هێنایە باشور و کوشتاری گەورەی ئەنجامدا. دواتر کە لە ساڵی ٢٠٠٣دا باشوری کوردستان دانی پێدانرا و بەپێی دەستوور مافەکانی کورد لە عێراق مسۆگەر کرا، دەرفەتێکی گەورە بۆ دیموکراتیک کردنی عێراق و چارەسەرکردنی پرسی کورد، هاتە ئاراوە. بەڵام دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان بەو بڕوایەی کە دیموکراسی و چارەسەرکردنی پرسی کورد زیان بە بەرژەوەندیی سنوورداری بنەماڵەی دەگەیەنێت، هەوڵیدا دەستووری عێراق تێکبدات و نەهێڵێت جێبەجێ بکرێ و لەلایەکی دیکەشەوە دەرفەتی ئابوری و سیاسی بۆ بەرژوەندی خۆی بەکاری دەهێنێت. سوودی لە دەرفەتەکانی کوردستان بۆ بەرژوەندی دەسەڵاتەکەی بینیوە و پێشکەشی تورکیای کردووە. قەیرانی سیاسی (پەرلەمان و حکومەتی خۆجێی هیچ کاریکگەریی نەماوە) و قەیرانی ئابووری (نەدانی مووچەی فەرمانبەران، بێکاری، گەندەڵی و هتد) کە ئەمڕۆ لە باشور هەیە، لە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی پەدەکە سەری هەڵداوە. لە کاتێکدا گەلی باشووری کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ هەژارتر دەبن و ناچارن کۆچ بکەن، بە پێچەوانەوە بنەماڵەی بارزانی کە پەدەکە بەڕێوەدەبەن، سەروەت و سامانی خۆیان زیاد دەکەن و پارەی دزراوی گەل دەگوازنەوە بۆ وڵاتانی دەرەوە. لە ئەنجامی سیاسەتە گڵاوەکانی پەدەکە، گەلی عێراق و باشووری کوردستان ڕووبەڕووی مەترسیی زۆر بوونەتەوە. لە ڕابردووی زۆر دوور نە، لە کاتێکدا داعش نەک هەر بۆ کورد بەڵکوو بۆ هەموو مرۆڤایەتی مەترسی بوو، پەدەکە وەک دراوسێ نوێیەکەی پێناسەی کرد و شەنگالی ڕادەستی داعش کرد و گەلی ئێزیدی ئێمەی کۆمەڵکوژ کرد. وەک بڵێی ئەم کۆمەڵکوژییە بەس نەبووبێت، بە سیاسەتە گڵاوەکانی، دەستکەوتەکانی گەلەکەمانی لە باشووری کوردستان خستووەتە مەترسییەکی گەورەوە. ئێستا بە ڕاکێشانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ ناو عێراق و باشووری کوردستان، دەرفەتی بۆ ئەردۆغانی فاشیست کردۆتەوە لە عێراق سیاسەت بکات. لەبری ئەوەی دەوڵەت و گەلی عێراق بکاتە بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و باشووری کوردستان، تەسلیمی ئەردۆغان و کۆماری تورک بووە کە ئینکاری کورد دەکەن و هەوڵی کۆمەڵکوژی دەدەن. ئەو دەسەڵاتەی کە کۆماری تورک والێدەکات گوشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، پەدەکەیە. ئەوە پەدەکەیە کە لە زاخۆوە تا سیدەکان ئاسانکاری بۆ سوپای داگیرکەر-مروڤکوژی تورک کردووە. ئەوە پەدەکەیە شەرعیەت دەدات بە هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە دەوڵەتی تورک لە باشووری کوردستان دژی گەلەکەمان ئەنجامی دەدات (لە کوشتنی خەڵکی سڤیلەوە تا لەناوە بردنی سروشت) و تاوانەکانی پەردەپۆش دەکات. تەنانەت دەسەڵاتدری پەدەکە خیانەتی لە میراتی تێکۆشانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی کردووە کە لەلایەن عوسمانییەکانەوە لە موسڵ لەسێدارەدرا و ئەردۆغانی فاشیست کە خاوەنی عەقڵیەتی نیو عوسمانییە و بەدوای زیندوو کردنەوەی پەیمانی میساقی میللی دەگەڕێت. ئەمڕۆ پەدەکە بەرامبەر هەموو دەستکەوتەکانی گەلی باشووری کوردستان کە بە تێچووی گەورەوە بەدەستی هێناوە بە گەورەترین مەترسی دادەنرێت. لەکاتێکدا هەموو ئەو ڕاستیانە دیارن، نێچیرڤان بارزانی، بەناوی پارتییەوە، پەکەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی "گرفت بۆ باشور دروستدەکات و بە بێڕێزی کردن بە دامودەزگاکانی باشوور تۆمەتباری دەکات، هەربۆیە هەوڵدەدات پاساو بۆ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عێراق و باشور بهێنێتەوە. لێدوانەکانی نێچیرڤان بارزانی نە لەگەڵ ڕاستییە مێژووییەکان دەگونجێت، نە لەگەڵ بارودۆخی سەردەمی ئەمڕۆدا، نە لەگەڵ ئەخلاقی سیاسیدا. هەمووان زۆر باش دەزانن ئەوە پەدەکە بوو کە بینای پەرلەمانی باشوری کوردستانی پێشکەش بە سەربازەکانی سەدام کرد. دوای ٢٠ ساڵ لەم ڕووداوە، ئەوە پەدەکەیە کە سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی لە دەروازەی هولێرەوە گەڕاندەوە دواوە و ڕێگری لە چوونە ژوورەوەی بو پارلمان کرد. ئەوە خودی پەدەکەیە چەمکی "پێشمەرگە"ی لەکوردستان داماڵین و لەساڵی 1975 پێشمەرگەی بێ چەک کرد و پاشان پێشمەرگەی بەدناو کرد و کردی بە پێشەنگ و هێزی پاراستن و پاڵپشتی لۆجستیکی بۆ سوپای سەدام و سوپای داگیرکەری تورک. لە کاتێکدا پەدەکە نەیتوانی بەرگری لە خۆی و گەلەکەی بکات، لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش لە شەنگال، کەرکوک و هۆلیر هەڵهات، ئەوە گەریلاکانی ئازادیی کوردستان و پەکەکە بوون کە بۆ پاراستنی گەلی باشوور بەرامبەر داعش شەڕیان کرد و بەدیلی مەزنیاندا. ئێستا لە کاتێکدا کە پەدەکە دەستکەوتەکانی عێراق و باشور کوردستان ڕادەستی تورکیا دەکات و سەدان بنکە دەخاتە خزمەت سوپای داگیرکەری تورک و هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەکی لۆجستییان بۆ دابین دەکات و ڕێگە بە تیرۆریستانی میت (دەزگای هەواڵگری تورکیا) دەدات لە باشور دژی بەرژوەندییەکانی گەل ئیشی خۆیان بکەن، ئەوە گەریلاکانی ئازادی کوردستان و پەکەکەن کە قارەمانانە لە دژی سوپای داگیرکەری تورک بۆ پاراستنی گەل و خاکی باشوور شەر دەکەن. تورکیا هەمان مەترسی داعشە بۆ باشوری کوردستان و عێراق. شەڕکردن لەگەڵ سوپای داگیرکەری تورکیا واتە شەڕکردن لەگەڵ داعش. چونکە ئەردۆغان فاشیستە و لەگەڵ داعش دوانەی یەک ئایدیۆلۆژین. ئەوە دەوڵەتی داگیرکەری تورک و ئەردۆغانی فاشیستە کە داعشیان کردووە بە بەڵایەک بەسەر مرۆڤایەتی و گەلی کوردەوە. تورکیا لە ڕێگەی پەدەکەوە دەستێوەردانی سەربازی، سیاسی و ئابووری لە عێراق ئەنجام دەدات. پەدەکە لەبری ئەوەی لە بەرژەوەندی گەلی باشووری کوردستان و عێراق سیاسەت بکات، بووەتە درێژکراوەی سیاسەت و پیلانەکانی دەرەوە و ئامێری هەواڵگری تورکیا. لەسەر ئەم بنەمایە دەیەوێت بە شێوەیەکی هەمەلایەنە، ژینگەی پێکهاتەیی نەتەوەیی و ئایینی، بکاتە گۆڕەپانی ململانێ وئاڵۆزییەکان. کۆماری تورکیا بۆ کەڵک وەرگرتن لە پەدەکە هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر سیاسەتی عێراق دروست بکات و تەنانەت عێراقیش بهێنێتە ناو هێڵی سیاسی دژە کوردەوە لەگەڵ خۆی. ئەمڕۆ بە هاوکاریی پەدەکە هەوەڵ دەدات تاوانبارانی ڕۆژ و زێرەوانی سەر بە پەدەکە له ژێر ئاڵای عێراقدا بهێننە هەرێمەکانی گەریلا. لە کاتێکدا گەریلاکانی ئازادی کوردستان بەردەوام گورز لە سوپای داگیرکەری تورک دەدەن، پەدەکە هەوڵی ڕزگارکردنی سەربازانی تورک دەدات. پەدەکە بە بەکارهێنانی ئاڵای عێراق لە ژێر ناوی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق بۆ پەردەپۆشکردنی دۆخی هاوکاری- نۆکەری و خیانەتکارانەی خۆی و ئاسانکاری بۆ جێگیرکردنی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی کوردستاندا ئاسانکاریی دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە داوا لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق دەکەین بەرامبەر بە یارییەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک هەستیار بن. داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین ڕێگری بکات لە بەکارهێنانی ناسنامەی پاسەوانانی سنوور و ئاڵای عێراق بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک کە کورد ئینکار دەکات و ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەکاتەوە، پێشی لێ بگرێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەری پیلانە گڵاوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئاکەپە-مەهەپەی بکوژەوە. لە بەرامبەر سیاسەتی هاوکاری، خێانەت و نۆکەری پەدەکە، کە نەک هەر دەستکەوتەکانی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکوو دەرگای کۆمەڵکوژی بە ڕووی گەلی کورددا دەکاتەوە، داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە هەر چوار پارچەی کوردستان دژی پیلانە مەترسیدارەکانی پارتی و شەڕی تایبەت هەڵوێستیان هەبێت، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەکەین کە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان بەجێ بێنن و لە دژی سیاسەتە هاوکاریی و خیانەتکارانەکانی پەدەکە و داگیرکاری لە باشووری کوردستان پەرە بە هەڵوێست و بەرەنگار بوونەوەیان بدەن." کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤    

هاوڵاتی پارێزگای هەولێر ئاگاداری هاوڵاتییان دەکاتەوە و داوایان لێدەکات خۆیان بەدووربگرن لە لێکردنەوە گژوگیا بەهارییەکان، چونکە دەرمان رشێندراوە و زیان بە تەندروستییان دەگەیەنێت. ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤ پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکد ئاماژەی بەوەکرد "هاوڵاتییانی شاری هەولێری ئاگادار دەکەینەوە كه‌ تیمەکانمان سەرقاڵی رشاندنی دەرمانی لەناوبردنی گژوگیان، ئەوەش بە مەبەستی پاراستی دارەکانه‌ لە مەترسی زۆربوونی گژوگیا و سوتانی لە وەرزی هاویند". ئەوەشخراوەتەڕوو "اونیشتمانیانی شاری هەولێر ئاگادار دەکەیــنەوە كه‌ خۆیــان بــەدوور بگــرن لە خـواردن و لێکردنەوە جێگه‌ی دانیشتن لەناو کژووگیای بەهاری لە پاڕک و باخچە و دوورگە ناوەندییەکان، چونکە دەرمــانی قــڕکەری لێــدراوە زیـانی بە تەنـدروستی دەگەیه‌نێت".

هاوڵاتی شاهین گەلەداری، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی ئورمیە بەشێوەیەکی گوماناوی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گیانی لەدەستدا، بەرپرسانی بەندیخانە رایانگەیاندووە کە ناوبراو کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شاهین گەلەداری بەندکراوی تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی گوندی "حەکی" سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ئورمیە، کە ماوەی دوو ساڵەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە تێپەڕ دەکرد، ئێوارەی یەکشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤ بەشێوەیەکی گوماناوی لەو بەندیخانەیە گیانی لەدەستدا. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیە بە بەندکراوان و بنەماڵەی گەلەدارییان راگەیاندووە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە خۆی کوشتووە. تەرمی ناوبراو بۆ پزیشکی دادی ئورمیە گواستراوەتەوە. رێکخراوی هەنگاو دەڵێت "شاهین گەلەداری لەماوەی رابردوودا چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیەوە بانگ کراوە و هەڕەشەی لێکراوە و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە و تەنانەت سمێلیان تاشیوە". شاهین گەلەداری رۆژی پێنجشەممە ٩ی شوباتی ٢٠١٩ لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەرکرا و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا، دواتر ناوبراو لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی هەوڵدان دژ بە ئاسایشی نیشتمانی سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا لایەنی کەم ٣٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە کە ٦٠% ئەو کەسانە بەندکراوانی کورد بوون و لانی کەم ١٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئورمیە گیانیان لە دەستداوە.  

هاوڵاتی  ئێوارەی ئەمڕۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ خوێندکارێکی ئێزیدی لە بەردەم قوتابخانەیەک بە چەقۆ بریندارکرا دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. ئەمیر عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی زاخۆ تایبەت بە هاوڵاتی وت" ئێوارەی ئەمرۆ دووشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٤ دەوروبەری کاتژمێر ٥:٠٠ لە گەرەکی عەباسیکێ لەسەنتەری زاخۆ ئاوارەیەکی ئێزیدی کە خەڵکی شنگالە بەچەقۆ بریندارکرا، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە پزیشکەکان زۆر هەوڵیاندا رزگاری بکەن، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا" بەرپرسی راگەیابدنی تەندروستیی زاخۆ وتی "ئەو کەسەی کۆژراوە ناوی ئەحمەد راکان، تەمەن 16ساڵە و خەڵکی شنگالە، بە چەقۆ بریندارکراوه، ئێمە نازانین هۆکاری روداوەکە چی بووە ، پولیس دەستیان بە لێکوڵینەوە کردوە لەسەر رووداوەکە".

هاوڵاتی سۆران عومەر پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى کوردستان کە ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی لیژنەی دارایی عێراق بەشداربوو ڕایگەیاند وەزیری دارایی عێراق داوای دروستکردنی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم دەکات بە مانگێک لە کاتێکدا خۆیان بە حەوت ساڵ ئامادەیان کردووە. سۆران عومەر لە لێدوانێکدا ئەمڕۆ دووشەممە بە هاوڵاتی وت، ئەمڕۆ لەکۆبونەوەی لیژنەی دارایی تەیف سامی وەزیری دارای ڕایگەیاندووە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کێشەی نەماوە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی موچە (توطين) لەڕێی بانکەوە دەنێرین، تەنها بۆ ئەم مانگە بەلیست موچە دەدەین بەهەرێم، با زوو لیستی موچەی مانگی دوو بنێرن." سەبارەت بە مووچەی مانگەکانی دیکەش وتی، وەزیری دارایی عێراق داوای کردووە بۆ مانگی سێ  بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەڕێگەی بانکەوە موچە دەنێرن و دەبێت لە ماوەی مانگێکدا هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێم دروستبکرێت. ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی ڕونکردەوە کە بەغدا داوا لە هەرێم دەکات هەژماری بانکی بۆ بۆ ملیۆنێک و دوسەد هەزار فەرمانبەرو خانەنشین و تۆڕی کۆمەڵایەتی و شەهیدانەو کەم ئەندام دروست بکرێت لە ماوەی مانگێکدا لە کاتێکدا خۆیان بە حەوت ساڵ ئامادەیان کردووە. وتیشی حکومەتی هەریم دەبێت پەلەبکات  تا لەچوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی مووچەی مانگاکانی دیکە بێ دواکەوتن بنێردرێت. ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق لەلایەن لیژنەی دارایی عێراقەوە سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و هەمواری یاسای بودجە کۆبونەوەو ژمارەیەک بڕیار درا ئەوانیش: ناردنی مووچەی ئەم مانگە پەیوەست دەبێت بە پێشکەشکردنی لیستی ناوەکان لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان. - لە مانگی سێ پرۆسەکە دەگۆڕێت؛ دەبێت سەرجەم فەرمانبەرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە هەژماری بانکی خۆیان هەبێت، لەمەودوا دابەشکردنی مووچە بە شێوازی ئەلیکترۆنی لەڕێگەی بانکەکانی حکومەتی عێراق دەبێت. - لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا هەر  618 ملیارەکە دەنێرن، وەزیری دارایی عێراق گوتوویەتی دوای بڕیاری دادگای فیدراڵی دۆخەکە گۆڕاوە و مووچە دابین دەکەن. - بەمزووانە هەمواری یاسای بودجە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن. - مووچەی مووچەخۆرانی سەرجەم عێراق بۆ ساڵی 2024 زامن کراوە.   بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتودا وەزیریی دارای عێراق بچێتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بریارەکەی دادگای فیدڕاڵی و خەرجکردنی مووچەی  مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ، ئەمەش دوای ئەوە هات کە  رۆژی ٢١ی شوبات دادگای فیدراڵی، ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی پابەندکرد بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و دابەشکردنی مووچە لە رێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە. هاوکات دوو ڕۆژە  شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق  لە هەولێرن بۆ وردبینی لە لیستی موچەخۆران. بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی بێ، دەبێ کۆتایی ئەم مانگە بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێ، کە 618 ملیار دینارە تا ئەو کاتەی بودجە هەموار دەکرێتەوە.

هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی دارایی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، مووچەی مووچەخۆران دەکرێتە ئەلیکترۆنی و پێویستە هەرێمی کوردستان پابەندی مەرجەکان بێت. عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەدوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، " مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەم مانگە دوای ناردنی لیستی مووچە دەنێردرێت". سەبارەت بە مانگەکانی داهاتووش ڕایگەیاند. ،" دەبێت  سه‌رجه‌م موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان موچه‌كانیان به‌ ئه‌لیكترۆنی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی بانكه‌ فیدڕاڵییه‌كان موچه‌ دابین بكرێت و پشكی كورد 12.67% ده‌بێت".  ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندبێت چونكه‌ "ئێمه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دۆخێكی مرۆییداین و ده‌بێت حكومه‌ت به‌ گوێره‌ی لێكه‌وته‌كان و ستاندارده‌كان پابه‌ندی خۆی بنوێنێت". په‌یوه‌ست به‌ واده‌ی ره‌وانه‌كردنی موچه‌ی مانگی (شوبات/2)ی ئه‌مساڵ، سه‌رۆكی لیژنه‌ی له‌ دارایی په‌رله‌مانی عێراق باسی له‌وه‌كرد، "هه‌ركاتێك لیستی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌ی به‌غدا بكرێت، ئه‌وكاته‌ پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت، له‌ مانگه‌كانی داهاتوش ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ناو ئه‌و بانكانه‌دا داده‌نرێت و ئه‌و بانكانه‌ش سه‌كۆی تایبه‌ت به‌ خۆیان هه‌یه‌ و ده‌چێته‌ سه‌ر هه‌ژماری فه‌رمانبه‌ران".  

هاوڵاتی لە یەکەم لێدوانیدا دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەزیری دارایی عێراق لە کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ لیژنەی دارایی  ڕایگەیاند ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەستە بە ناردنی لیستی ناوی مووچەخۆران لە لایەن هەرێمەوە. ئەمڕۆ دووشەمە تەیف سامی وەزیری درایی عێراق لە کۆبونەوەکەیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی عێراق ڕایگەیاند، ئاردنی مووچە پەیوەستە بە ناردنی ئەو لیستەی  داوایان کردووە و دەڵێت ئەگەر ئەوە بکرێت بۆ چەند مانگی داھاتوو ھاوتەریب لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عیراق، موچەی موچەخۆرانی ھەرێمیش رەوانە دەکەن. وتیشی، لە داھاتوویەکی نزیکدا خشتەی بودجە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەن بۆ پەسەندکردنی و دواتریش رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت. بڕیارە ئەمرۆ وەزیریی دارای عێراق بچێتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بریارەکەی دادگای فیدڕاڵی و خەرجکردنی مووچەی  مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ، ئەمەش دوای ئەوە هات کە  رۆژی ٢١ی شوبات دادگای فیدراڵی، ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی پابەندکرد بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و دابەشکردنی مووچە لە رێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە. هاوکات دوو ڕۆژە  شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق  لە هەولێرن بۆ وردبینی لە لیستی موچەخۆران. بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی بێ، دەبێ کۆتایی ئەم مانگە بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێ، کە 618 ملیار دینارە تا ئەو کاتەی بودجە هەموار دەکرێتەوە.    

هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر ١٠ی بەرەبەیانی ئەمرۆ لەناحیەی گردسێن سەر بە قەزای ئاکرێ  ژنێک لە تۆڵەی باوکیدا بە چوار فیشەک هاوڵاتییەکی لە نزیک فەرمانگەیەکی حکومی بریندار کرد. ئەحمەد سلێمان، بەرێوەبەری ناحیەی گردسێن سەربەقەزای ئاکرێ بە هاوڵاتی وت" ئەمرۆ لەدەوروبەری فەرمانگەی باری شارستانی لەناوەندی گردسین، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بە چوار فیشەک پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵی  بەسەختی بریندارکرد." وتیشی، "دەستبەجێ بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانەی ئاکرێ کراوە و دوخی تەندروستی ناجێگیرە هاوکات تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە و لێکوڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت" . لەبارەی هۆکاری روداوەکەشەوە، ئەحمەد سلێمان وتی "هۆکارەکەی بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەگەرێتەوە". باسی لەوەشکرد، " لە ٢٠١٤ باوکی ئەو ژنە لەموسڵ کوژراوە، دوای ئەوەی هەوڵدراوە بە شێوەیەکی عەشایەری چارەسەر بکرێت بەڵآم سەرینەگرتووەوئەم ژنەش لە تۆڵەی باوکی کە لەلایەن ئامۆزایەکی بکوژەکەوە کوژراوە هەوڵی کوشتنی داوە".  ئەحمەد سلێمان جەختیشی لەوە کردوە کە روداوەکە لەناو حەرەمی فەرمانگەی حکومی دانەبووە ووتی" ئەمه قسەی من نیە بەڵکو پوڵیس لێکوڵینەوەیان کردوە و روداوەکە لەدەوروبەری فەرمانگەی باری شارستانی ناحیەی گردەسین رویداوە بۆ ئەمەش بەڵگەی تەواو هەیە".  

هاوڵاتی وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی کۆدەبنەوەو گونجاندنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی موچە فەرمانبەرانی ھەرێم لەگەڵ ھەمواری یاسای بودجە تاوتوێ دەکەن. به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بانگهێشتی لیژنه‌ی دارایی، ته‌یف سامی سه‌ردانی په‌رله‌مان ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ كۆده‌بێته‌وه‌، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبونه‌وه‌كه‌ش بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە ھەمواری بودجە و بریارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمە.  تائێستا پڕۆژەی ھەمواری یاسای بودجە نەگەیشتوەتە ئەنجومەنی نوێنەران،لیژنەی دارایش دەیانەوێت وەزیری دارایی رونکردنەوەیان بداتێ لەسەر ھەمواری یاساکە و چۆنیەتی گونجاندنی لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تایبەت بە جێکیرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە وادەی خۆیدا. بڕیارە ئەمرۆ وەزیریی دارای عێراق بچێتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بریارەکەی دادگای فیدڕاڵی و خەرجکردنی مووچەی  مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ، ئەمەش دوای ئەوە هات کە  رۆژی ٢١ی شوبات دادگای فیدراڵی، ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی پابەندکرد بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و دابەشکردنی مووچە لە رێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە. هاوکات دوو ڕۆژە  شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق  لە هەولێرن بۆ وردبینی لە لیستی موچەخۆران. بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی بێ، دەبێ کۆتایی ئەم مانگە بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێ، کە 618 ملیار دینارە تا ئەو کاتەی بودجە هەموار دەکرێتەوە.  

هاوڵاتی شارەزایەکی بواری کەشناسی هۆشداری لە کەشوهەوای ئەمڕۆ دووشەمەدا وڕایگەیاند خێرای با بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و پلەکانی گەرماش نزمدەبنەوە هاوکات  داوا لە هاوڵآتیان دەکات بە وریاییەوە مامەڵە بکەن . هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە:ئەمڕۆ دووشەممە 26/2/2024، لەکاتەکانی پێش نیوەڕۆ کاریگەریی بای باکووری خورهەڵات زیاتر دەبێت و پێشبینیی دەکرێت خێرایی با لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، ڕاپەڕین، سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ناوچەکانی باشووری ئیدارەی گەرمیان، تەواوی سنووری پارێزگای کەرکووک، کۆیە، تەقتەق، ئاکرێ، بەردەڕەش، چڕە و ڕوڤیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات. ئەو شارەزایە هۆشداری دەداتە هاوڵآتییان و دەڵێت، لە هەندێ ناوچە بەتایبەت ناوچەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین بەشێک لەناوچەکانی ئیدارەی سۆران خێرایی با دەگاته 50 بۆ 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا هەربۆیە داوا لە هاوڵآتیان دەکات  بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، چونکە "لە هەندێ کات مەترسیدار دەبێت و ئۆتۆمبێل لەژێر دار یا دیواری خراپ ڕانەگرن، ئەگەری هەیە دار لەناوقەدەوە یاخود لەڕەگەوە بشکێنێ، لە هەندێ شوێن ئەگەر هەیە زیانی ماددی بەدواوە بێت". سەبارەت بە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستانیش واتە  (هەولێر و ناوچەکانی ڕۆژئاوای دهۆک) بە پێی زانیارییەکانی ئەو شارەزایە خێرای با مامناوەند دەبێت لە نێوان 15 بۆ 20 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا دەبێت. سەبارەت بە ماوەی ئەو شەپۆلە ڕەشەبایە  ئەوەی خستووەتە روو کە: "کاریگەریی ئەم ڕەشەبایە تاوەکوو درەنگانی شەوی سێشەممە بەردەوام دەبێت و پێشبینیی دەکرێت کاریگەریی بای باکوور ئێوارەی پێنجشەممە لەسەر هەینی بەرەو لاوازبوون بچێت." ئاماژەشی بەوە داوە: "هاوکات لەگەڵ هاتنی بارستە هەوای ساردی وشکی جەمسەری بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی سیبیریاوە لەشەواندا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبێتەوە بۆ ژێر سفری سەدی و لە درەنگانی شەو بۆ کاتی بەرەبەیان ئەگەری دروستبوونی دیاردەی شەختە لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە."

هاوڵاتی لەسەر سکاڵای کۆمپانیایەک تاوانبارێک دەستگیرکرا کە بە بڕی  20,000$ دۆلار کەلوپەلی لە کۆمپانیایەک دزیبوو دواتر فرۆشتبویەوە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵآویکردەوە، لەسەر سکاڵای هاوڵاتیەک کە بە وتەی خۆی " لە کۆمپانیاکەی بەبڕی 20,000$ دۆلار کەلوپەل لە کۆمپانیاکەی دزراوە" دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، توانیان تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن. باسلەوەشکراوەکە، تۆمەتبارەکە دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی نا بە تاوانەکەیدا و بەوتەی خۆی " ئەو بووە کەلوپەلەکانی دزیووە و لە بازاڕ بەنرخێکی کەمتر فۆشتونیەوە ". هاوکات دوای دەستگیرکردنیشی دەستگیراوە بەسەر 2100$ دۆلار و 6 لیرەی زێڕ و لە ئێستادا  بە بڕیاری بەڕێز دادوەر و بە ماددەی 444 لە یاسایی سزادانی عیراقی تۆمەتبارەکە ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە. 

هاوڵاتی لەسەرەتای ئەم مانگەدا ڤایرۆسێکی وەرزی تایبەت بە منداڵان لەشاری دهۆک بڵاوبوویەوە کە رۆژانه 300 منداڵ لەنەخۆشخانەکان داخڵدەکران، چەند رۆژێکە ئەو ڤایرۆسە گەیشتووەتە زاخۆ و رۆژانە 50 بۆ60 منداڵ تۆش دەبن و داخڵی نەخۆشخانە دەکرێن. ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی شوباتی 2024  ئەمیر عەلی وتەبێژی تەندروستی زاخۆ  بە هاوڵاتی وت" نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسەوەیە و وەرزییە، لە زاخۆش رۆژانە 50 بۆ60 منداڵ توش دەبن و لەنەخۆشخانەی زاخۆ دەخەوێندرێن". وتیشی، ئەو ڤایرۆسە لەجۆری RSVـیە و زیاتر لە مانگی 10 تاوەکو 3 بڵاودەبێتەوە و توشی سینگی منداڵ دەبێت هاوکات بەشێکی تووشبووان پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە، چونکە بەهۆی هەوکردنی تووندی سییەکانیان دووچاری هەناسەتەنگی بوون." ئەوەشی ڕونکردەوە کە زیاتر ئەو منداڵانە توش دەبن کەتەمەنیان لەخوار دوو ساڵەوەیە بە تایبەتیش منداڵانی خوار شەش مانگ. پێشتریش ِدکتور نەزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی لەشاری دهۆک لەم بارەیەوە بە هاوڵاتی وت " یەکێک لە ڕێگەکان بۆ ئەوەی ئەم جۆرە ڤایرۆسە کاریگەری لە بەرگری منداڵەکە زۆر نەبێت ئەوەیە  دایکان زیاتر شیری خۆیان بەمنداڵەکانیان بدەن وخۆیان بەدووربگرن لەشیری قوتۆ چونکە شیری دایک بەرگری لەش لای منداڵ بەهێز دەکات". ڤایرۆسی (RSV) یەکێکە لە ڤایرۆسە باوەکانی رێڕەوی هەناسە کە منداڵ تووشی هەوکردنی بۆڕیچکەکانی هەوا دەکات کە بە عەرەبی پێی دەگوترێت ''التهاب قصبات''. بەهۆی ڤایرۆسی RSV ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار منداڵ لە جیهان گیانلەدەستدەدەن و ژمارەیەکی ئێجگار زۆریش لە نەخۆشخانەکان دەخەوێنرێن تاوەکو ئۆکسجین و چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.