هاوڵاتی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر ١٠ی بەرەبەیانی ئەمرۆ لەناحیەی گردسێن سەر بە قەزای ئاکرێ  ژنێک لە تۆڵەی باوکیدا بە چوار فیشەک هاوڵاتییەکی لە نزیک فەرمانگەیەکی حکومی بریندار کرد. ئەحمەد سلێمان، بەرێوەبەری ناحیەی گردسێن سەربەقەزای ئاکرێ بە هاوڵاتی وت" ئەمرۆ لەدەوروبەری فەرمانگەی باری شارستانی لەناوەندی گردسین، ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بە چوار فیشەک پیاوێکی تەمەن ٥٠ ساڵی  بەسەختی بریندارکرد." وتیشی، "دەستبەجێ بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانەی ئاکرێ کراوە و دوخی تەندروستی ناجێگیرە هاوکات تەقەکەرەکە دەستگیرکراوە و لێکوڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت" . لەبارەی هۆکاری روداوەکەشەوە، ئەحمەد سلێمان وتی "هۆکارەکەی بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دەگەرێتەوە". باسی لەوەشکرد، " لە ٢٠١٤ باوکی ئەو ژنە لەموسڵ کوژراوە، دوای ئەوەی هەوڵدراوە بە شێوەیەکی عەشایەری چارەسەر بکرێت بەڵآم سەرینەگرتووەوئەم ژنەش لە تۆڵەی باوکی کە لەلایەن ئامۆزایەکی بکوژەکەوە کوژراوە هەوڵی کوشتنی داوە".  ئەحمەد سلێمان جەختیشی لەوە کردوە کە روداوەکە لەناو حەرەمی فەرمانگەی حکومی دانەبووە ووتی" ئەمه قسەی من نیە بەڵکو پوڵیس لێکوڵینەوەیان کردوە و روداوەکە لەدەوروبەری فەرمانگەی باری شارستانی ناحیەی گردەسین رویداوە بۆ ئەمەش بەڵگەی تەواو هەیە".  

هاوڵاتی وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی دارایی کۆدەبنەوەو گونجاندنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی موچە فەرمانبەرانی ھەرێم لەگەڵ ھەمواری یاسای بودجە تاوتوێ دەکەن. به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان، ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر بانگهێشتی لیژنه‌ی دارایی، ته‌یف سامی سه‌ردانی په‌رله‌مان ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ كۆده‌بێته‌وه‌، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبونه‌وه‌كه‌ش بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی تایبەت بە ھەمواری بودجە و بریارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمە.  تائێستا پڕۆژەی ھەمواری یاسای بودجە نەگەیشتوەتە ئەنجومەنی نوێنەران،لیژنەی دارایش دەیانەوێت وەزیری دارایی رونکردنەوەیان بداتێ لەسەر ھەمواری یاساکە و چۆنیەتی گونجاندنی لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تایبەت بە جێکیرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە وادەی خۆیدا. بڕیارە ئەمرۆ وەزیریی دارای عێراق بچێتە پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بریارەکەی دادگای فیدڕاڵی و خەرجکردنی مووچەی  مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ، ئەمەش دوای ئەوە هات کە  رۆژی ٢١ی شوبات دادگای فیدراڵی، ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی پابەندکرد بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و دابەشکردنی مووچە لە رێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە. هاوکات دوو ڕۆژە  شاندێکی وەزارەتی دارایی عێراق  لە هەولێرن بۆ وردبینی لە لیستی موچەخۆران. بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی بێ، دەبێ کۆتایی ئەم مانگە بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێ، کە 618 ملیار دینارە تا ئەو کاتەی بودجە هەموار دەکرێتەوە.  

هاوڵاتی شارەزایەکی بواری کەشناسی هۆشداری لە کەشوهەوای ئەمڕۆ دووشەمەدا وڕایگەیاند خێرای با بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و پلەکانی گەرماش نزمدەبنەوە هاوکات  داوا لە هاوڵآتیان دەکات بە وریاییەوە مامەڵە بکەن . هەڤاڵ سەدیق گەڵۆزی، شارەزای بواری کەشناسی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە:ئەمڕۆ دووشەممە 26/2/2024، لەکاتەکانی پێش نیوەڕۆ کاریگەریی بای باکووری خورهەڵات زیاتر دەبێت و پێشبینیی دەکرێت خێرایی با لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر، ڕاپەڕین، سەرجەم ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ناوچەکانی باشووری ئیدارەی گەرمیان، تەواوی سنووری پارێزگای کەرکووک، کۆیە، تەقتەق، ئاکرێ، بەردەڕەش، چڕە و ڕوڤیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات. ئەو شارەزایە هۆشداری دەداتە هاوڵآتییان و دەڵێت، لە هەندێ ناوچە بەتایبەت ناوچەکانی ئیدارەی ڕاپەڕین بەشێک لەناوچەکانی ئیدارەی سۆران خێرایی با دەگاته 50 بۆ 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا هەربۆیە داوا لە هاوڵآتیان دەکات  بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن، چونکە "لە هەندێ کات مەترسیدار دەبێت و ئۆتۆمبێل لەژێر دار یا دیواری خراپ ڕانەگرن، ئەگەری هەیە دار لەناوقەدەوە یاخود لەڕەگەوە بشکێنێ، لە هەندێ شوێن ئەگەر هەیە زیانی ماددی بەدواوە بێت". سەبارەت بە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستانیش واتە  (هەولێر و ناوچەکانی ڕۆژئاوای دهۆک) بە پێی زانیارییەکانی ئەو شارەزایە خێرای با مامناوەند دەبێت لە نێوان 15 بۆ 20 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا دەبێت. سەبارەت بە ماوەی ئەو شەپۆلە ڕەشەبایە  ئەوەی خستووەتە روو کە: "کاریگەریی ئەم ڕەشەبایە تاوەکوو درەنگانی شەوی سێشەممە بەردەوام دەبێت و پێشبینیی دەکرێت کاریگەریی بای باکوور ئێوارەی پێنجشەممە لەسەر هەینی بەرەو لاوازبوون بچێت." ئاماژەشی بەوە داوە: "هاوکات لەگەڵ هاتنی بارستە هەوای ساردی وشکی جەمسەری بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی سیبیریاوە لەشەواندا پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبێتەوە بۆ ژێر سفری سەدی و لە درەنگانی شەو بۆ کاتی بەرەبەیان ئەگەری دروستبوونی دیاردەی شەختە لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە."

هاوڵاتی لەسەر سکاڵای کۆمپانیایەک تاوانبارێک دەستگیرکرا کە بە بڕی  20,000$ دۆلار کەلوپەلی لە کۆمپانیایەک دزیبوو دواتر فرۆشتبویەوە. بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵآویکردەوە، لەسەر سکاڵای هاوڵاتیەک کە بە وتەی خۆی " لە کۆمپانیاکەی بەبڕی 20,000$ دۆلار کەلوپەل لە کۆمپانیاکەی دزراوە" دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون، توانیان تۆمەتبارێک دەستگیر بکەن. باسلەوەشکراوەکە، تۆمەتبارەکە دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا دانی نا بە تاوانەکەیدا و بەوتەی خۆی " ئەو بووە کەلوپەلەکانی دزیووە و لە بازاڕ بەنرخێکی کەمتر فۆشتونیەوە ". هاوکات دوای دەستگیرکردنیشی دەستگیراوە بەسەر 2100$ دۆلار و 6 لیرەی زێڕ و لە ئێستادا  بە بڕیاری بەڕێز دادوەر و بە ماددەی 444 لە یاسایی سزادانی عیراقی تۆمەتبارەکە ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە. 

هاوڵاتی لەسەرەتای ئەم مانگەدا ڤایرۆسێکی وەرزی تایبەت بە منداڵان لەشاری دهۆک بڵاوبوویەوە کە رۆژانه 300 منداڵ لەنەخۆشخانەکان داخڵدەکران، چەند رۆژێکە ئەو ڤایرۆسە گەیشتووەتە زاخۆ و رۆژانە 50 بۆ60 منداڵ تۆش دەبن و داخڵی نەخۆشخانە دەکرێن. ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی شوباتی 2024  ئەمیر عەلی وتەبێژی تەندروستی زاخۆ  بە هاوڵاتی وت" نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆسەوەیە و وەرزییە، لە زاخۆش رۆژانە 50 بۆ60 منداڵ توش دەبن و لەنەخۆشخانەی زاخۆ دەخەوێندرێن". وتیشی، ئەو ڤایرۆسە لەجۆری RSVـیە و زیاتر لە مانگی 10 تاوەکو 3 بڵاودەبێتەوە و توشی سینگی منداڵ دەبێت هاوکات بەشێکی تووشبووان پێویستیان بە ئۆکسجین هەیە، چونکە بەهۆی هەوکردنی تووندی سییەکانیان دووچاری هەناسەتەنگی بوون." ئەوەشی ڕونکردەوە کە زیاتر ئەو منداڵانە توش دەبن کەتەمەنیان لەخوار دوو ساڵەوەیە بە تایبەتیش منداڵانی خوار شەش مانگ. پێشتریش ِدکتور نەزار بەکر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هێڤی لەشاری دهۆک لەم بارەیەوە بە هاوڵاتی وت " یەکێک لە ڕێگەکان بۆ ئەوەی ئەم جۆرە ڤایرۆسە کاریگەری لە بەرگری منداڵەکە زۆر نەبێت ئەوەیە  دایکان زیاتر شیری خۆیان بەمنداڵەکانیان بدەن وخۆیان بەدووربگرن لەشیری قوتۆ چونکە شیری دایک بەرگری لەش لای منداڵ بەهێز دەکات". ڤایرۆسی (RSV) یەکێکە لە ڤایرۆسە باوەکانی رێڕەوی هەناسە کە منداڵ تووشی هەوکردنی بۆڕیچکەکانی هەوا دەکات کە بە عەرەبی پێی دەگوترێت ''التهاب قصبات''. بەهۆی ڤایرۆسی RSV ساڵانە زیاتر لە 100 هەزار منداڵ لە جیهان گیانلەدەستدەدەن و ژمارەیەکی ئێجگار زۆریش لە نەخۆشخانەکان دەخەوێنرێن تاوەکو ئۆکسجین و چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.  

هاوڵاتی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی نەبونی کارەبا و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لە هاویندا ماوەی خوێندن درێژ ناکەنەوە بەڵام  پڕۆگرامی خوێندنیان کەم کردۆتەوە دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ریگەیاند: پڕۆگرامی خوێندمان کەم کردۆتەوە و تەنیا بابەتە گرنگەکانمان دیاری کردووە، تاوەکو بخوێندرێن. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر بارودۆخی حکومەت لەرووی داراییەوە باش بێت، پلانیان هەیە لە هاویندا بەکردنەوەی خولی بێبەرامبەر قەرەبووی خوێندنی قۆناغە گرنگەکان بکەنەوە . بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە نزیکەی پێنج مانگە پڕۆسەی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی دواکەوتووە، پاش چەند بەڵێنێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، لەم مانگەدا بەشێکی زۆری مامۆستایان بایکۆتیان شکاند و گەڕانەوە هۆڵەکانی خوێندن. دڵشاد عومەر دەشڵێت، تاوەکو 30 مانگی پێنج دەوام لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت. 

هاوڵاتی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوێکی تورکی، لە گوندێکی ناحیەی شه‌ران لە گونده‌واری عەفرینی رۆژئاوای كوردستان، شوێنی ئۆردوگایەکی نوێییان بۆ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان کردەوە، ئەمەش لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا دووەم ئۆردوگای تورکیایە و لە هەمان گوندیشدا سێیەم ئۆردوگایه‌. ئاژانسی هەواڵی نۆرس پرێس لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕێکخراوی ئەوقافی ئاینی تورکی ئۆردوگایەکی نوێی لە نزیک گوندی كفرۆم لە ناحییه‌ی شه‌ران دروستکردوە جگە لە دانانی بەردی بناغەیه‌كیش بۆ ئۆردوگایەکی دیكه. ئەو ئاژانسە دەڵێت،  ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ توركیا له‌و ناوچانه‌ی داگیری كردووه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان، په‌له‌ ده‌كات له‌ دروستكردنی ئۆردوگای نیشتەجێبوون له‌سه‌ر خاكی هاوڵاتییانی كورد بۆ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان. بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو ئاژانسە ئه‌و ئۆردوگایه‌ لە زیاتر لە 500 شوقە پێکدێت و ناوی" گوندی ده‌ستی هاوکاری نیشتەجێبوون”ه. شەش ساڵ بەسەر داگیرکردنی شاری عەفریندا تێدەپەڕێت، لە ١٨_٣_٢٠١٨ دەوڵەتی تورکیا دوای ٥٨ رۆژ شەڕکردن و ئاوارەبوونی بەهەزاران عەفرینی و بریندارکردن و کوشتنیان. دەستی بەسەر شارەکەدا گرت. عەفرین یەکێکە لەشارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای کانتۆنی فورات. زۆرترین دانیشتوانی ئەم ناوچەیە کوردن و هەریەکە لەعەرەب و چەرکەس و پێکهاتەکانی دیکەی تێدا دەژین. ئاینەکانی موسڵمان و مەسیحی و عەلەوی تێدا جێی خۆیان دەگرن. بەپێی ئاماری دامەزراوەی مافی مرۆڤی کانتۆنی عەفرین  لەسەرەتای داگیرکاریەکانەوە بەنزیکەی ٣٠٠هەزار خەڵکی ئەم شارە ئاوارەی ناوچەکانی دەوروبەر بوون، بەپێی دوایین ئامارەکان رێژەی کورد لەئێستادا کەمبووەتەوە بۆ ٢٥٪ لەماوەی ساڵانی ٢٠١٨_٢٠٢٤. لەجێگەی ئەوان عەرەب و تورکمانەکانی «حمس و حەماو غوتێ» بەجێکراون. رێژەی هەریەکە لەعەرەب و تورکمان لەئێستادا بەنزیکەی ٧٠٪ بەرزبۆتەوە.

هاوڵاتی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوا له‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كه‌ن، بڕیار له‌سه‌ر دابه‌شكردن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سێ موچه‌ نه‌دراوه‌كه‌ی مانگه‌كانی (تشرینی یه‌كه‌م/10، تشرینی دوه‌م/11، كانونی یه‌كه‌م/12)ی 2023ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم بدات. سۆران عومه‌ر له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی، "له‌گه‌ڵ 25 په‌رله‌مانتاری دیكه‌ داوای سێ موچه‌ نه‌دراوه‌كه‌ی ساڵی 2023ی فه‌رمانبه‌رانمان ئاراسته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كرد". ده‌شڵێت، "خه‌ڵكی كوردستان چاوه‌ڕوانی له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵییه‌ له‌گه‌ڵ داهاتی ناوخۆی هه‌رێم بڕیاری پێدانی ئه‌و سێ موچه‌یان بۆ بدرێت". لە نوسراوەكەدا هاتووە، (لەبڕیاری دادگای فیدراڵی رۆژی (21/2/2024) لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی لەناوەڕۆكی بڕیارەكەدا كە خوێندییەوە دەڵێت ( ئەگەر هەرێم پابەند نەبوو بە بڕگەكانی (أ، ب، ج، ‌و) لە بڕگەی دووەمی مادەی (12) لەیاسای بودجەی گشتی فیدراڵی، پێویستە خەڵكی كوردستان بێ بەش نەكرێت لە قوتی ڕۆژانەو سەرچاوەی بژێویی). لە بەشێكی دیكەی نوسراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە كە پاڵپشت بەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی كە مووچەی سێ مانگی مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێم ل ەساڵی 2023 نەدراوە، "داواكارین ئەو مووچە نەدراوانە بدرێتەوە بەخەڵكی كوردستان، بۆ هەرمانگێك (618 ملیار دینار لەگەڵ 320 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی هەرێم ) مووچە نەدراوەكانی بەهەردوو حكومەتی فیدراڵی و هەرێم پێ دەگەڕێنرێتەوە."  

هاوڵاتی حکومەتی عێراق بڕیاری دروستکردنی زانکۆی لە قەزای شنگال دەرکردووە و بەمنزیکانه دەست بە دروستکردنی دەکرێت.  حەسەن ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال بەشی عەرەبی به هاوڵاتی راگەیاند "بڕیاری دروستکردنی زانکۆی شنگال لەلایەن حکومەتی عێراق دەرچووە، ئەو شوێنەی هەڵبژێردراوە بۆدروستکردنی ناوی (ئادیکا)یە و دەکەوێتە سنووری ناحیەی سنون، 210 دۆنم زەوی دابینکراوە، بەمنزیکانە بەردی بناغەی بۆ دادەنرێت". ئاماژەی بەوەشکرد "بودجەیەک بۆ پرۆژەکە دابینکراوە، بەڵام بە تەواوی نازانم بڕەکەی چەندە، ئەمه یەکەمجارە زانکۆیەک بۆ شنگال دروست بکرێت، بەدڵنیایەوە خوێندنکارانمان لەجیاتی بچنە موسڵ و شارەکانی دیکە هەر لە شنگال درێژە بە خوێندنی خۆیان دەدەن".  لەئێستادا ١٠٧ خوێندنگەی عەرەبی لە ناوەندی شنگال و دەوروبەری هەن، ژمارەی خوێندکارانیش نزیکەی ٣٠ هەزار خوێندکارە.

هاوڵاتی بڕیارە رۆژى سێشەممە ئەنجومەنى وەزارەتی پەرەوەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە لەبارەی هەموارکردنەوەى ساڵنامەى خوێندن و کورتکردنەوەی پرۆگرامی  خوێندنى 12ى ئامادەیی. ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەی هەرێم لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "رۆژى سێشەممە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٤ لە ئەنجومەنى وەزارەت گفتوگۆى چەند پرسێک دەکەن کە گرنگترینیان هەموارکردنەوەى ساڵنامەى خوێندنە لە ئەگەرى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە مانگى حوزەیران کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنى تاقیکردنەوەکانى 12ى ئامادەیی". وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد "هەر لەو کۆبوونەوەیەدا کە بڕیارە رۆژى سێشەممە ئەنجام بدرێت، گفتوگۆ لەبارەی بابەتى کورتکردنەوەى پرۆگرامى خوێندنى 12ى ئامادەیی دەکرێت". ئەوەشی خستەڕوو "بەهۆى ئەوەى لە بەشێک لە ناوەندەکانى خوێندن، درەنگ دەست بە پرۆسەى خوێندن کراوە، پێدەچێت هەموارى پشووەکانى بەهار بکەن و کورتى بکەینەوە".

هاوڵاتی لەدوای بۆردوومانی ناوچەیەکی گەشتیاری قەزای زاخۆ لە ساڵی ٢٠٢٢ کە ژمارەیەک گەشتیاری عەرەب بوونە قوربانی حکومەتی عێراق بڕیاریداوە خاڵە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکانی عێراق و لەگەڵیشیدا خاڵە سنووریەکانی هەرێم هاوڵاتی بەدواداچوونی بۆ ئەم پرسە کرد و بەرپرسێکی باڵا لە پاسەوانی سنوور کە ناوەکەی لای هاوڵاتی پارێزراوە رایگەیاند "لەدوای بۆردوومانی ناوچەیەکی گەشتیاری قەزای زاخۆ لە ساڵی ٢٠٢٢ کە ژمارەیەک گەشتیاری عەرەب بوونە قوربانی، حکومەتی عێراق بڕیاریدا کە دەبێت هێزەکانی پاسەوانی سنوور بچنە خاڵە سنوورییەکان رێگە لە بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران بگرن". ئاماژەی بەوەشکرد "ماوەی دوو ساڵە هەنگاوەکان بەردەوامن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە و بودجەی بۆ تەرخاندەکرێت بە تایبەت لە لیوای ٢١ی پاسەوانی سنوور لە پارێزگای هەڵەبجە کە لیوایەکی نوێیە کە دەستیانکردووە بە تەلبەنکردنی دەروازەکە بۆ قەدەغەکردنی هاتووچۆ و رێگریکردن لە بەزاندنی سنووری عێراق". ئەو بەرپرسە ئاشکراشیکرد "هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە سستن، هەروەها دوورخستنەوەی هێزەکانی ئێران و پەکەکە لەو سنوورانە کارێکی ئاسان نییە".    

هاوڵاتی شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق بە مەبەستی وردبینیکردن لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی ڕابردوو گەیشتە هەرێمی کوردستان. ئەمڕۆ شەممە (24ـی شوباتی 2024) هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە بە میدیاى پارتى ،راگەیاند، شاندێکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و سبەی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان وردبینی لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو دەکەن. وابڕیارە شاندەکە لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەست بە وردبینی لە خەرجی و داهاتی شەش مانگی دووەمی ساڵی رابردوو بکەن، کە ئەوەش لە چوارچێوەی  رێکارێکی هونەری یاسای بودجەی عێراقە کە سێ مانگ یان شەش مانگ جارێک وردبینی لە داهات و خەرجیەکان دەکەن. هونەر جەمال، باسی لەوەشکرد، بریارە شاندەکە سەردانی هەردوو  وەزارەتی دارایی و  سامانە سروشتیەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.

هاوڵاتی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی هەمواری یاسای بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان لە یاساکەدا قسەدەکات و ئاماژە بەوەدەکات، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بە رێژەی لە ٪١٢.٦جێگیرکراوە. ئەمڕۆ شەممە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٤ عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند "بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ پابەندکردنی حکومەت بە یەکلاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بانکە عێراقییەکان هۆکارێکی بۆ نەهێشتنی ناکۆکییە سیاسی و داراییەکان لەگەڵ هەرێم". ئاماژەی بەوەشکرد "پشکی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بە رێژەی لە ٪١٢.٦ جێگیرکراوە، هەروەها چاوەڕوانی هاتنی هەمواری یاسای بودجە دەکەین لە ئەنجومەنی وەزیران هەوڵدەدەین بە زووترین کات لە پەرلەمان یاساکە تێپەڕێنین". ناوبراو لەبارەی ناردنی ٦١٨ ملیار دینارەکەی هەرێمی کوردستانەوە وتی "ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت تاوەکو هەمواری یاسای بودجە دەکرێتەوە".

هاوڵاتی هاوڵاتییەکی ناڕازیی برینداری خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی حسێن حسێنپوور کە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە رەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا چاوی راستی لەدەستداوە، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو شەش مانگی ماوەی دەستبەسەربوونی لە بەندیخانەی ٢ی شیراز تێپەڕ کردووە. بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، حسێن حسێنپوور هاوڵاتیی ناڕازیی برینداری خەڵکی شاری مەهاباد، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لەلایەن دادگای شۆڕشی شیرازەوە بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپاوە. بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، پاش سەپاندنی ئەو بڕیارەی دادگا بەسەر حسێن حسێپوور و ملکەچ بوونی ناوبراو بۆ بڕیاری دادوەر، سزاکەی بۆ ١١ مانگ بەندکردن کەم کراوەتەوە. ئەو هاوڵاتییە ناڕازییە بریندارە لە کۆتاییی مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا بۆ بەندیخانەی ژمارە ٢ی شیراز یان بەندیخانەی نیزام لە شیراز گواستراوەتەوە. رۆژی سێشەممە ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ناوبراو لە بەندینخانەی ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە پابەند و دەستبەندەوە بۆ نەخۆشخانەی "خەلیلی"ی شیراز گواسترایەوە و دیسان بۆ بەندینخانە گەڕێندرایەوە. حسێنپوور لە دبەندینخانەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمانەکانی و بەتایبەتی دەرمانی چاوی، بێبەری و بێبەش کراوە.. حسێن حوسێپوور ئێوارەیرڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی شوباتی ئەمساڵ لەسەر رێگەی نووراوا مەمسەنی بەرەو گەچساران لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و دوای ماوەیەک بۆ بەندیخانەی ناوەندیی شیراز گواستراوەتەوە. ئەم هاوڵاتییە یەکێک لە قوربانییانی تەقەی بەئەنقەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا کە چاوی ڕاستی لەدەست داوە.  

هاوڵاتی ئەندازیارى سه‌رپه‌رشتیاری شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری سلێمانی هۆکاری تەواو نەبونی پڕۆژەکە دوای چوار ساڵ  ئاشکرا دەکات و دەڵێت،  به‌هۆی نه‌بوونی نه‌ختینه‌یە له‌ بانكه‌كان. ئه‌بوبه‌كر ته‌یب، ئه‌ندازیاری سه‌رپه‌رشتیاری پرۆژه‌ی شه‌قامی ١٠٠ مەترى شاری سلێمانی ناسراو بە ئۆتۆبانی بابان، لەبارەى خاو بەڕیوەچوونى کارەکانى شەقامەکە بە ڕاگەیاندنى هاتوچۆى سلێمانى ڕاگەیەند، پرۆژه‌ی شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری به‌داهاتی سلێمانی درووست ده‌كرێت و كۆی گشتی پرۆژه‌كه‌ ٥٢% ـى ته‌واوبووه‌ و كێشه‌ی گه‌وره‌ی به‌رده‌م پرۆژه‌كه‌ نه‌بوونی نه‌ختینه‌یه‌ له ‌بانكه‌كان، چونكه‌ پرۆژه‌كه‌ به ‌داهاتی سلێمانی درووست ده‌كرێت. ئەوەشى خستوەتەڕوو، ساڵی رابردوو كۆمپانیاى جێبەجێکار به‌به‌های ٢٢ ملیار دینار كاریكردووه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌راورد بكه‌یت به ‌تێچووی پرۆژه‌كه‌، كه‌ ٤٠٠ ملیار دیناره‌ لە ئێستاشدا كۆمپانیاکە له ‌كاركردن به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام كاره‌كان به ‌ئه‌ندازه‌ی گه‌وره‌یی پرۆژه‌كه‌ نییه‌.  به‌شی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی شه‌قامی ١٠٠ مه‌تری سلێمانی ٣٤ كیلۆمه‌ترە ‌و حه‌وت یه‌كتربڕ و شه‌ش ئه‌نده‌رپاس و یه‌ك ئۆڤه‌رپاس له‌خۆده‌گرێت ئەو ئەندازیارە دەڵێت له ٧٠%ـى كاره‌كانی پرد و ئه‌نده‌رپاس و ئۆڤه‌رپاسه‌كان ته‌واوبووه ‌و حه‌وت كیلۆمه‌تر قیرتاو كراوه‌ به ‌پانی ٦٣ مه‌تر و به‌ بەرزى ٢١ سانتیمەتر و كۆتا چین قیرماوه‌، كه‌ شه‌ش سانتیمەترە و به‌ر له‌كردنه‌وه‌ی شه‌قامه‌كه‌ ده‌كرێت. پڕۆژەى شەقامى ١٠٠ مەترى سلێمانى، کە بە ئۆتۆبانى بابان ناسراوە ساڵى ٢٠٢٠ بەردى بناغەى دانرا، بڕیاربوو مانگى تەممووزى ساڵى ڕابردوو کارەکانى قۆناغى یەکەمى تەواو ببێت.