هاوڵاتی بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئێران کورد لە شاری ورمێ زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمانی بەدەست هێنا و ژمارەیەک لە چالاکوانانی سیاسیش دەڵێن دەسەڵات دەیەویت شەڕی کورد- تورک لەو شارە دروست بکات. رۆژی هەینی ١٢ هەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی ئەنجومەنی ئیسلامی و شەشەمین خولی هەڵبژاردنی مەجلیسی شارەزایانی رێبەری لە ئێران بەڕێوەچوو. بە پێی ئەنجامە بەراییەکان کە حکوومەت رایگەیاندووە لە سەدا ٤٠ی خەڵکی ئێران بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە. هاوکات زۆرترین رێژەی بەشداری کورد لە شاری ورمێ بووە. شاری ورمێ دوای کرماشان گەورەترین شاری کورد نشینە، و جگە لە کورد کەمینەیتری وەک ئەرمەنی لەم شارە نیشتەجێن. ورمێ ٣ نوێنەری هەیە لە پەرلەمانی ئێران، ساڵانی پێشتر نوێنەرەکان هەموویان تورک ئەبوون یان ئەوەی ژمارەی نوێنەرە تورکەکان زیاتر ئەبوو لە کوردەکان، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا دوا بە دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان لە شاری ورمی، دەرکەوت لە ٣ نوێنەرەکە ٢ نوێنەری ئەو شارە کوردە و ئەمە بوو بە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی کوردی شاری ورمێ بڕژێنە سەر شەقام و خۆشحاڵی خۆیان دەرببڕن. لەم بارەیەوە ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و میدیایش بە گومانەوە لەم دەرئەنجامەیان روانیوەو بۆ ئەوەیان گێڕاوەتەوە دەسەڵات دەیەویت شەڕی کورد- تورک لەو شارە دروست بکات. ئاگری ئیسماعیل نژاد رۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان دانیشتووی ورمێ بە گومانەوە لەم دەرئەنجامە ئەڕوانێت و نووسیویەتی :" کورد ئەبێ وریا بێت و نابێ فریوی ئەم پیلانگێڕییە بخوات". رۆژنامەنووسە تورکەکان باس لەوە ئەکەن زۆربەی تورک و ئازەرییەکانی ئەو شارە هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کردووە. رۆژنامەنووسێکی تورکی خەڵکی ورمێ و دانیشتووی ئیستانبووڵ بەناو "مەتین" لە تۆڕی کۆمەڵایەتی x نووسیویەتی :" بەشی زۆری ئازەرییەکانی ورمێ ئامادە نەبوون بەشدار بن ، کوردەکان چوون دەنگیان دا. ئەو نوێنەرانە بۆ ئێوە." لەم هەڵبژاردنەدا لە پارێزگای سنە لەسەدا٢٥ی خەڵک بەشداریان کردووە، هاوکات ئەم رێژەیە لای بەشێکی زۆر لەچاودێرانی سیاسی جێگەی گومانە و لایان وایە بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنەکان زۆر کەمتر بووە لەوەی راگەیەندراوەو تەنانەت لە پارێزگای سنە لایان وایە بەشداری خەڵک ژیر ١٠٪ بووە.
هاوڵآتی رێباز حهملان یاریدهدهری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان ڕایگەیاند سبەینێ وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچە و داتای تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەنێرێت. رێباز حهملان یاریدهدهری سهرۆك وهزیرانی ههرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی كوردستان24 رایگهیاند، لیستی موچهی سهرجهم موچهخۆرانی ههرێم بۆ مانگی (شوبات/2)ی 2024 ئامادهكراوه و سبهینێ وهزارهتی دارایی حكومهتی ههرێم بۆ بهغدا رهوانهی دهكات وبەغدا " ئهو بیانوهشیان ههیه با نهمێنێت". باسی لهوهشكردوە، "چاودێری دارایی عێراق و ههرێم بههاوبهشی شهش بۆ حهوت مانگه پێداچونهوه بهلیستی موچهخۆرانی ههرێم دهكهن، ههر رۆژه و بیانویهك دهدۆزنهوه موچهی خهڵكی كوردستان دوابخهن، دهیانهوێت بارێكی نائارام بخهنه ناو خهڵكی كوردستانهوه، ئهوه لیستیشیان بۆ دهنێرین، ههموان بهشایهد بن بهغدا عوزرێكی دیكه دهدۆزێتهوه". لە لێدوانەکەدا باس لە قەوارەی هەرێم دەکات و دەڵێت، بەغدا نییەتی نییە هەرێمی کوردستان بمێنێت، هەروەها نییەتی نییە مووچەی بۆ بنێرێت و هەر رۆژە و بیانوێک بەو هەرێمە دەگرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو هەینی وەزارەتی دارایی ئابوری هەرێمی کوردستان بە نوسراوێک داوای لە وەزارەتەکان کرد لیستی موچەی مانگی (شوبات/2) ئامادە بکەن، بە مەبەستی ناردنی بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێریاری سەر بە وەزارەتی دارایی عێراق.
هاوڵاتی بانکەکانی رافیدەین و رەشید رێکارەکانیان بۆ کردنەوەی لقی بانکی لە ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکەن بەمەبەستى دەستکردن بە کردنەوەى هەژمارى بانکیى بۆ فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان . بە گوێرەی زانیارییەکان لە چوارچێوەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەچەند رۆژی رابردوودا هەردوو بانکی ڕافیدەین و ڕەشید رێکارەکانی کردنەوەی لقێکی بانکەکەیان لە شاری ھەولێر دەستپێکردووە و لەئێستاشدا سەرقاڵی تەواوکردنی رێکارەکانن بۆ کردنەوەی ھەژماری بانکی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی بە میدیای یەکێتی وتووە ، بانکەکانى رەشید و رافیدەین باڵەخانەیان لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەیە، بەڵام بەهۆى ئەوەى بانکە حکومییەکان تێیاندا جێگیرکراوە ناتوانن بگەڕێنەوە ئەو بانکانە، ئەگەرچى هەردوو بانکەکە بەفەرمى داواى باڵەخانەکانیان کردووە. سەرچاوەکە وتیشى، هەردوو بانکەکە رەزامەندییان دەربڕیوە نووسینگە لە هەرێمى کوردستان بکەنەوە بۆ کردنەوەى هەژمارى بانکیى بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان، بەڵام تاوەکو ئێستا بەفەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەڵوێستى خۆى لەوبارەیەوە دەرنەبڕیوە. ئەمەشدوای ئەوەهات لە رۆژى 21ـى شوباتى 2024، دادگاى فیدراڵى عێراق بریاریدا بە پابەندکردنى حکومەتى فیدراڵ بە دابینکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان،داواشی کرد هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم دروست بکرێت بە مەبەستی پێدانی مووچەکانیان لە لایەن عێراقەوە و ڕاشیگەیاند ئەو بنکانەی دەتوانن بەشدار بن تەنها بانکی حکومین.
هاوڵاتی بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی ئاسایشی ههولێر دهستگیركردنی دوو بازرگانی ماددهی هۆشبهر و دهستبهسهرداگرتنی بڕی (٥) کیلۆگرام له ماددهی هۆشبهری راگهیاند. بەڕێوەبەرايەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی بازگەکانی ئاسایش رۆژی 2-3-2024 دەستیان بەسەر پێنج کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵدا گرتووە و دوو بازرگان دەستگیرکراون. بەڕێوەبەرايەتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە، ماوەیەكی زۆر بو لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە بەدوای ئەم دو تۆمەتبارەوە بون. باسی لەوەشکردووە کە ئەوانەی دەستگیرکراون یەکێک بوون لەو سەرچاوانەی "مادەی هۆشبەریان دەگەیاندە ناو شاری هەولێر و لەوێش ساغیان دەکردەوە و گەنج و لاوی کوردیان بەهۆیەوە بەلاڕێدا دەبرد."
هاوڵاتی ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزى کۆڕبەندى دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بە میدیاکانی ڕاگەیاند لەگەڵ تورکیا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پڕۆسەکە لەسەر ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا وەستاوە. فەلاح مستەفا، راوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان،ئەمڕۆ شەممە لە پەراوێزى کۆڕبەندى دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بە میدیاکانی راگەیاند، هەر کاتێک هەولێر و بەغداد گەیشتنە رێککەوتنى کۆتایی، تورکیا ئامادەیە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان". وتیشى "کۆنووسێکى هاوبەش ئامادەکراوە و لە بەغدادە، هەر کاتێک پەسەند کرا، هەناردەکردنەوەى نەوت دەستپێدەکاتەوە". بەوتەی فەلاح مستەفا لە سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بۆ تورکیا، ولە کۆبونەوەکەید لەگەڵ سەرۆکی تورکیا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە ڕێککەوتون. هاوکات سەبارەت بە دەستپێکردنەوەى گەشتەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى بۆ تورکیا، و سەردانکردنی ئەردۆغان بۆ عێراق ئەو ڕاوێژکارە ڕایگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنى پرسی فڕۆکەخانەکە و وتیشی، لەپاش هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات. رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دوای بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، راگیرا.هاوکات رۆژی 3ـی نیسانی 2023 ، هێڵی ئاسمانی تورکش ئێرلاینز گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی راگرت، پاشان تورکیاش بڕیاریدا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی هەر فڕۆکەیەکدا دابخات کە بیەوێت گەشت بۆ سلێمانی بکات.
هاوڵاتی ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتاییهات کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە دیاریکرا بۆ مانەوەى کەرکوک بێ پۆستى پارێزگار. رۆژی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک کۆبووەوە و بڕیاردرا بە پێکهێنانی هاوپەیمانى ئیدارەدانى کەرکوک کە بەشێوەیەکى راستەوخۆ لەلایەن خودى سودانییەوە چاودێرى دەکرێت. لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ماوەی ١٠ رۆژی بۆ لایەنەکان دیاریکرد تاوەکو پلان و نەخشەڕێگەی ئیدارەدانى کەرکوک بەپێى روئیاى خۆیان دیاریبکەن و بە نووسراو بیدەنە سەرۆک وەزیران، بەڵام ئەمڕۆ ئەو وادەیە کۆتایی هات. بڕیاریشە سبەینێ یەکشەممە ٣ی ئازاری ٢٠٢٤ دووبارە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ لایەنەکان کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی پارێزگاری کەرکوک و بڕیاردان لەسەر ئەو پرسە.
هاوڵاتی ئەمرۆ بەئامادەبوونی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی و نیشتەجێکردنی حکومەتی عیراق، نەخۆشخانەی شێرپەنجە و چاندنی مۆخی مێشک بۆ منداڵان کرایەوە. ئەم نەخۆشخانەیە لە 2019 پارەی بۆ دابینکراوە، بەهۆی کۆرۆنا و چەند پرسێکی تر دواکەوت، ئەمە دەبێتە یەکەم نەخۆشخانەی تایبەت شێرپەنجە لە شاری دهۆک، پێشتر بۆ وەرگرتنی چارەسەری و چاندنی مۆخی مێشک تووشبووان سەرەدانی شارەکانی تر هەرێم و دەرەوە یان دەکرد. تابان فازڵ، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک بە هاوڵاتی وت "ئەم نەخۆشخانەیە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی عێراق دروستکراوە، ئەمرۆ بینایەکە رادەستی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک کرا، بیناکە لە پێنج قات پێکهاتووە، چارەسەری منداڵانی توشبووی شێرپەنجە دەکرێت لەگەڵ چاندنی مۆخی مێشک". کردنەوەی ئەم نەخۆشخانەیە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئاماری تەندروستی دهۆک تەنیا لەساڵی 2023 دا 59 منداڵ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون، هاوکات ساڵانە 50 بۆ 60 منداڵ تووشی شێرپەنجە دەبن، هەروەها لە 2011 تا 2023 لە دهۆک 431 منداڵ تووشی شێرپەنجە بوون. تابان فازڵ دەشڵێت "قوناغی دووەمی نەخۆشخانەکە دابینکردنی ئامێری پێویستە بۆ نەخۆشخانەکە، هەروەها لە بەرنامەدایە ژمارەیەک پزیشکی ئێمە سەرەدانی ئیتاڵیا بکەن ئەوەش بۆ وەرگرتنی خولی تایبەت بە چاندنی مۆخی مێشک و نەخۆشی شێرپەنجە بە گشتی".
هاوڵاتی کەشناسی هەرێمی کوردستان رەوشی کەشوهەوای ٤٨ کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە سبەی پروشکە باران دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان بەفرێکی کەم دەبارێت. بە پێی راگەیاندنی کەشناسی هەرێم ئەمڕۆ شەممە ٢ی ئازاری ٢٠٢٤ کەشی ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێ پەڵە هەوری جیا جیا، پلەکانی گەرما نزیک دەبێت لە تۆمارکراوی دوێنێ و خێرای با / لەسەرخۆ دەبێت (٥ – ١٥) کم/س. بەپێی راگەیەندراوەکەی کەشناسی سبەی یەکشەممە ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ ئەگەری بارینی پروشکە باران لە هەندێ کات، لە رۆژهەڵاتی هەرێم رێژەی بارانبارین زیاترە لەگەڵ بارینی بەفرێکی کەم لە هەندێک ناوچە شاخاویە سنورییەکان. کەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەشداوە کە پلەکانی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوی ئەمرۆ و خێرای با مامناوەند دەبێت ( ١٠– ٢٠)کم/س. بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی: هەولێر: ١٧ سلێمانی : ١٥ دهۆک : ١٦ کەرکوک : ١٨ هەڵەبجە : ١٦ زاخۆ : ١٧ سۆران : ١٦ حاجی ئۆمەران : ٧ گەرمیان :٢٢
هاوڵاتی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەولێر سبەینێ دەست بە دابەشکردنی مووچەی خانەنشنی کرێکاران دەکات. لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەولێر بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران/ھەولێر، ئاگاداری کرێکارانی خانەنشینی "ناوخۆی ھەرێم" دەکاتەوە، سبەینێ یەکشەممە ٣/٣/٢٠٢٤ دەست بە دابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت. ئاماژە بەوەشکراوە، بۆ ئەم مەبەستە کرێکارانی خانەنشینکراو دەتوانن سەردانی بانکی فیدراڵ بکەن بۆ وەرگرتنی ھەردوو مووچەی مانگی (١) و (٢)ی ٢٠٢٤.
هاوڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا ئەمڕۆ هەینی لە چوارچێوەی كۆڕبەندی دیپلۆماسی لە ئەنتالیا كۆبوونەوە. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنتاڵیا کۆبوونەوە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ،له کۆبوونهوهکهدا دهربارهی برهودان به پهیوهندییهکان و هاریکاریی هاوبهشی تورکیا لهگهڵ عێراق و ههرێمی کوردستان بهتایبهتی له بواری بازرگانی و ئابووریدا، ههروهها دهربارهی دۆخی سیاسی و ئهمنیی عێراق و ههرێمی کوردستان، بیروڕایان گۆڕییهوه. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیاندا، وەکو راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدەکات، "ههردوولا باسیان له ئهگهر و لێکهوتهکانی دۆخی ئاڵۆزی ناوچهکه و پێشهاتهکانی شهڕ له غهززه کرد، ههروهها جهختیان له گرنگیی ههوڵ و هاریکاریی ههمهلایهنه بۆ چارهسهرکردنی ئاشتیانهی کێشهکان به گفتوگۆ و دهرفهت و رێگه دیپلۆماسییهکان کردهوه". راگەیەدراوەکە دەشڵێت، "مهترسییهکانی تیرۆر و چهند پرسێکی جێی بایهخی هاوبهش"، تهوهرێکی دیکهی کۆبوونهوهکه بوو. نێچیرڤان بارزانی یەکێکە لەو 19 سەرۆک و سەرۆکوەزیرانەی وڵاتانی جیهان کە میوانداری کراون بۆ کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا لە تورکیا؛ 73 وڵاتیش لە ئاستی وەزیرەکانیان بەشدارن. کۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ ئەردۆغان لە کاتێکدایە تورکیا هێرشەکانی بۆسەر سنورەکانی هەرێم بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بەردەوامە و لە ئێستادا هێزەکانی تورکیا ٨٧ بنکەیان لەسنوورەکانی هەرێمی کوردستان هەیە بەقوڵایی ١٠ بۆ ٤٠ کیلۆمەتر لەخاکی هەرێمی کوردستانن و بەردەوام شەڕو ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەئاسمان و زەوی ئەنجامدەدرێت هاوکات هەر ئەمڕۆ تورکیا، لە ڕێگەى فرۆکەى بێفڕۆکەوانەوە، بۆردوومانى ماڵێکى لە شارۆچکەى کەلارى ناوەندى ئیدارەى گەرمیان کرد و بەهۆیەوە کەسێک شەهید بوو،هەروەها، دوێنێش پزیشکێکى خەڵکى باکوورى کوردستان، لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە لە سلێمانى لە ڕێگەى چەند چەکدارێکەوە شەهیدکرا.
هاوڵاتی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم وەزارەت و دەستەكانی هەرێمی كوردستان دەكات لەماوەی (24) كاتژمێردا، لیستی موچە ئامادەبكرێت بە مەبەستی ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق. بەپێی نووسراوێك وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان داوای لە تەواوی وەزارەت و دەستەكان كردووە لیستی مووچە بەزمانی عەرەبی ئامادە بكەن لە ماوەی 24 كاتژمێردا بگاتە وەزارەتەكە هاوکات بەپێی زانیارییەکان ئامادەكردنی ئەو لیستی مووچەیە بۆ ئەوەیە تا بەزووترین كات رەوانەی دارایی عێراق بكرێت بۆ خەرجكردنی مووچەی مانگی دوو. بەپێی داواكارییەكە لیستەكە بۆ موچەی مانگی شوباتی 2024 و بۆ فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەستە، داواكراوە بە یەك (سی دی) و بنێردرێت. لە داواكارییەكەدا ئەوەش هاتووە كە سەرجەم ئەو بەشانەی كە پڕدەكرێنەوە بە زمانی عەرەبی بێت و بەتایبەت ناونیشانی وەزیفی و پوختەی گشتی لەسەرجەم ئاستی وەزارەت و دەستەكان پەسەندب بكرێت بە شێوەی هارد كۆپی بنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی/ بەرێوەبەرایەتی گشتی ژمێركاری. بەگوێرەی بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی مانگی دوو بە لیستی مووچە دابەشدەكرێت و لە مانگی ئادارەوە بەكارتی بانكی مووچە دابەشدەكرێت. وەزارەتی دارایی عێراقیش رایگەیاندووە تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی مانگی دووی بۆ نەناردوون .
هاوڵاتی نوێنهرى زیندانیانى بادینان ئاشكرایدهكات، حكومهتى ههرێم پێنج سكاڵاى یاساى نوێ لهسهر چالاكوانانى بادینان تۆمار کردووە و دهشڵێت: “سكاڵاكان بههۆى ئهو فشارانهیه كه لهسهر سهرۆكى حكومهتى ههرێمى كوردستان ههیه له ئهمریكا له ئهنجامى سكاڵاكانى سهرى”. ئایهان سهعید، نوێنهرى زیندانیانى بادینان له بهیاننامهیهكدا ئهمشهو ههینى 1ى ئازار، رایگهیاند، “بەفەرمانی مهسرور بارزانى گەڕێکی تری سکاڵا دژبە ئازادیخوازان و چالاکوانانی بادینان بەرزکراوەتەوە، کە ئەمەش وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوە ئەنجامی دەدات. بێجگە لە سکاڵای دووەمی هەریەک لە شێروان شێروانی و گوهدار زێباری کە لەزیندان لەسەر ئەوە حوکمدراون، چەند رۆژێکە لە دادگاکانی پارتی لە دهۆک و هەولێر بەرێگای دادگای حزبی سکاڵا لەسەر پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکەی بادینان تۆمارکراوە ، کە پێشوتر ئازادکراون”. له بهشێكى ترى بهیاننامهدا ئهوهشخراوهتهڕوو، ” ئهو چالاكوانانهى بادینان كه ساڵایان لهسهر تۆماركراوه بریتین له، ئومێد بەرۆشکی بە پێ ماددەی 2ی خراپ بەکارھێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان لە یاسای ژمارە 6ی 2008. مەلا شڤان سەعید، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم بەپێ یاسای سزادانی ئێراقی ماددەی 202 لەسەر شایتحاڵی ناڕاست (شهاده الزور)ی، لەسەر بەرگریکردن لە شێروان شێروانی. دکتۆر عامر مزوری بەپێ ماددەی 1ی یاسای ژمارەی 21ی تێکدانی ئەمنی نشتیمانی ھەمواری ساڵی 2023″. ئەوەشی خستووەتەڕو، لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەی نوێ بۆ زیندانییە ئازادکراوەکانی بادینان و ئازادنەکردنی شێروان شێروانی و قارەمان شوکری و زیندانیانی دیکە، ئەوانیش لەگەڵ سزادراوەکان و تیمی پارێزەران رێگای دادگای فیدڕاڵی و دادگای دیکەی دەرەوە دەگرنەبەر . دهقى بهیاننامهكه… بۆ، رای گشتی و لایەنە سیاسیەکان – نوێنەری وڵاتان لە ھەولێر و بەغداد – یۆنامی، رێکخراوە نێوخۆیی و جیھانیەکانی مافی مرۆڤ سەرباری نارازایەتیەکی زۆری نێوخۆیی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر پرۆسەی سزادانی زیندانیانی بادینان لە جیاتی بەخۆداچونەوە، پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە ئەقلیەتێکی ئۆلیگارشی بێ حسابکردن بۆ ھیچ بنەمایەکی مافی مرۆڤی، نشتیمانی، یاسایی و دیمۆکراسی لەتۆڵەی ئەو فشارانەی لەسەرن و ھاتنە پێشی کەمپینی سکاڵاکەی دژی لە لەدادگای فیدڕاڵی واشنتۆن کە تیایدا کەسانی باڵای ئەمریکا بەشدارن وە لەنێویشیاندا ستیفن ستدیرت راوێژکاری یاسایی سێ سەرۆککۆماری ئەمریکا بەشدارە، کەیەکێک لە سکاڵا سەرەکیەکەیان تایبەتە بە پرسی دەستگیرکردنی رۆژنامەوانان و گیراوانی بادینان کە دژ بە مەسرور بارزانی بەرزکراوەتەوە، بەفەرمانی خۆی، گەڕێکی تری سکاڵا دژبە ئازادیخوازان و چالاکوانانی بادینان بەرزکراوەتەوە، کە ئەمەش وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوە ئەنجامی دەدات، بێجگە لە سکاڵای دووەمی هەریەک لە شێروان شێروانی و گوهدار زێباری کە لەزیندان لەسەر ئەوە حوکمدراون، چەند رۆژێکە دادگاکانی پارتی لە دهۆک و هەولێر بەرێگای دادگای حزبی سکاڵایان لەسەر پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی دیکەی بادینان تۆمارکراوە ، کەپێشوتر ئازادکراون ، ئەوانیش هەریەک لە: – ئومێد بەرۆشکی بە پێ ماددەی 2ی خراب بەکارھێنانی ئامێرە ئەلکترۆنیەکان لە یاسای ژمارە 6ی 2008. – مەلا شڤان سەعید، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم بەپێ یاسای سزادانی ئێراقی ماددەی 252 لەسەر شایتحالی ناراست (شهاده الزور)ی، لەسەر بەرگریکردن لە شێروان شێروانی. – دکتۆر عامر مزوری بەپێ ماددەی 1ی یاسای ژمارەی 21ی تێکدانی ئەمنی نشتیمانی ھەمواری ساڵی 2003. پێشتریش دژی هەرپێنج چالاکوانی ئازادکراوی شیلادزێ بەتۆمەتی ناوزڕاندنی ئاسایش لەناو دادگا ،سکاڵا تۆمارکرابوو لەسەر یاسا سزادان ژمارە 111ی ساڵی 1969. بەداخەوە ھەر کاتێک سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی هەستیان بەلاوازی و بێ دەسەڵاتی کرد پەلاماری چالاکوانان و ئازادیخوازان دەدەن، وە دەیانەوێت فۆبیای خۆیان بەرامبەر دوسیەی زیندانیانی بادینان بەو سکاڵایانە بشارێنەوە، لەگەل دەستپێکردنی دووبارە سزادانی زیندانیان بادینان و ئازادنەکردنی شێروان شێروانی و قارەمان شوکری زیندانیانی دیکە، ئێمەش بە ھاوبەشی لەگەڵ سزادراوەکان و تیمی پارێزەران رێگای دادگای فدڕالی بەغداد و دادگای دیکەی دەرەوە دەگرینە بەر . هەروەک پێشتریش بۆ رای گشتیمان ڕوونکردبویەوە و فشارەکان بۆ سەر چالاکوان و رۆژنامەنووسانی بادینان ئاشکرا کرد، دووبارە دروستکردنی سیناریۆ و دەستبەسەرکردنیان بەشێکە لەو پرۆسە نایاساییەی کە پارتی جێبەجێی دەکات لەبەر ترسی خەباتی مەدەنی و شکستهێنانیان لە ھەلبژادن لە دەڤەری بادینان، بۆیە ئەرکی ھەموو لایەکە خۆ بە خاوەنی ئەم دۆسیەیە بزانێت و ھەلوێستی جدی وەربگرن، چونکە ئەمە پرسێکی گشتییە.
هاوڵاتی پەرلەمانتارێکی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا باس لە کوشتنی ئەو هاوڵاتییە کوردە دەکات کە دوێنێ ئێوارە لە بەردەم چێشتخانەکی وەستا ساڵح لە سلێمانی کوژراو دەڵێت بنەماڵەکەی ئاگادارن کە لەلایەن تورکیاوە کوژراوە. گولستان کلیچ, پەرلەمانتاری دەم پارتی لە دانیشتنێکی پەرلەمانی تورکیا لەسەر کوشتنی دکتۆر سەبری تۆپراک قسەدەکات ودەڵێت، ئەو هاوڵآتییە کوردە بەهۆی بیڕوباوەڕی جیاوازی سیاسییەوە لە تورکیاوە ڕۆیشتووەو و نزیکەی ١٢ ساڵە لە شاری سلێمانی نیشتەجێبووە و لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت کاری کردووە. ئەو پەرلەمانتارە ڕودەکاتە سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامی دیکەی پەرلەمانەکەو دەڵێت : ئێوە کەسانێک تیرۆر دەکەن کە ناتوانن لێرە بژین و ناتوانن خەریکی سیاسەت بن و تەنیا لەسەر مومارەسەی مافە دیموکراسیەکانیان زیندانی دەکرێن . بەشێک لە قسەکانی ئەو پەرلەمانتارە : دکتۆر سەبری تۆپراک لە سلێمانی دەژیا نزیکەی ١٢ ساڵە لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت کاری دەکرد خێزاندارە و باوکی سێ منداڵە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی کوژرا بنەماڵەکەی تورکیا بە هۆکاری ئەم هێرشە چەکدارییە دەزانن ئەمەی لە سلێمانی ئەنجامدرا یەکەم زنجیرە کوستنی ئەو کەسانە نییە کە تورکیایان جێهێشتووە پێشتر زۆر کەسی کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا بەم شێوەیە کوژراون ( ناگەهان ئاکارسەر) لە ناوەندی ئەکادیمیای لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی لە سلێمانی کوژرا ئەوان ناتوانن لێرە (تورکیا) بژین بەهۆی ئەو پاکێجە دادوەرییانەی کە ئێوە داتانناوە ئەوان ناتوانن لێرە (تورکیا) سیاسەت بکەن و ناتوانن مافە دیموکراسییەکانیان لێرە بەدەستبهێنن، دەچن بۆ سلێمانی هەوڵدەدەن ژیانێکی نوێ لە سلێمانی بنیادبنێن و پارێزراوبن ئێوارەی دوێنێ لە شاری سلێمانی لە بەردەم چێشتخانەی وەستا حەسەن هاوڵاتییەک بەناوی "عەبدولقادر سەبری تۆپراک"ە بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا کە پیشەی پزیشکە و خەڵکی باکووری کوردستانە. هاوکات بەپێی زانیارییەکانی میدیای پارتی کرێکارانی کوردستان، عەبدولقادر خەڵکی شاری بەدلیسی باکووری کوردستانە و ئەندامی هەدەپە بووە لە باکووری کوردستان و ساڵانێكە بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە رووی لە باشووری کوردستان کردووە و لە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی لە سلێمانی کاری کردووە ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. ئەوەش ئاشکرا کراوە، چەندینجار لەلایەن دەزگای میتی تورکیاوە هەڕەشەی لێکراوە و ئێوارەی ئەمڕۆ بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا.
هاوڵاتی ئەندامێکی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێت لە هەردوو پەروەردەی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتی سلێمانی بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە نزیکەی چوار هەزار مامۆستا سزادراون. عوسمان گوڵپی ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە نوسراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە سەبارەت بە سزادانی مامۆستایان دەڵێت، "سزادانی مامۆستایان دەریخست کە عەقڵیەتی ئیدارەدانی بەعسیانە لە فەرمانگەکاندا ماوە و بەعس کۆتایی نەهاتوە." باسی لەوەشکردووە کە تا ئێستا سزاکانی مامۆستایان هەڵنەوەشاونەتەوە و هەردوو پەروەردەی ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵاتی سلێمانی نزیکەی چوار هەزار مامۆستایان سزاداوە، لە پەروەردەکانیتریش سزادانی مامۆستایانیان جێبەجێ کراوە. دوای ئەوەی مامۆستایان و وانەبێژانی شاری سلێمانی و قەزاو ناحییەکانی دەوروبەری بۆ زیاتر لە سێ مانگ بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیان هاوکات دانەمەزراندنی وانەبێژان و وەستاندنی پلەبەرزکردنە وە ،لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ فشارکردنە سەریان ژمارەیەک مامۆستا سزادران و دواتر لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە ڕاگەیەندرا کە هیچ مامۆستایەک سزا نەدراوە بەهۆی بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندنەوە بە ڵام ئەندامانی ئەنجومەنی ناڕازی مامۆستایان دەڵێن نزیکەی چوار هەزار مامۆستا سزادراون.
هاوڵاتی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رێكارەكانی هاوردەكردنی ئاژەڵ و گۆشتی سور بۆ بازاڕەكانی ناوخۆ ئاشكرا دەكات و پێشبینیش دەكات بۆ مانگی ڕەمەزان نرخەكان زیاتر رو لەدابەزین بكەن ڕاشیگەیاند، ئەو وڵاتانەی ئاژەڵەیان لێوە هاوردە دەکرێت دەبێت ئەندامی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بن. محەمەد خەزاعی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، کردنەوەی دەروازەکان بە روی هاوردەکردنی ئاژەڵ لە پێناو پاراستنی تەندروستی ئاژەڵەکان و تەندروستی مرۆیی مەرجدارکراوە، لە هیچ وڵاتێکەوە ئاژەڵ هاوردە ناکرێت ئەگەر وڵاتێکی هۆشدار نەبێت لە هەناردەکردنی ئاژەڵەکانی. ئەوەشی خستە روو، دوای ئەوەی رەزامەندی هاوردەکردن دەدرێت و ئاژەڵ یاخود گۆشتەکان دەگەنە سنووری عێراق، لەلایەن لیژنەی پزیشکی تایبەتمەندەوە پشکنینی ئاژەڵ و گۆشتەکان دەکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دوورن لە هەر نەخۆشییەکی پەتا. ئەوەش لەدوای ئەوە دێت، رۆژی 29ـی مانگی شوبات وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور، رەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر هاوردەکردنی 17 هەزار سەر گوێرەکە بۆ عێراق. وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق باسی لەوەشکرد، ئەو رێکارانە پێویستی بە ماوەیەکی کاتیی هەیە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر نرخی گۆشتی بازاڕەکان دروستبکات، لە ئێستاشدا نزمبونەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕەکان بەدی کراوە.
