هاوڵاتى روونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌بنه‌ماڵه‌ى (قادرى حاجى عه‌لى و ملازم عومه‌ر)ـه‌وه له‌م رۆژانه‌دا، (رێکخه‌رى گشتیى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان) له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کى حزبیدا کۆمه‌ڵێک تۆمه‌تى خستۆته پاڵ (قادرى حاجى عه‌لى و ملازم عومه‌ر). قادرى حاجى عه‌لى کۆچى دوایى کردووه‌و ملازم عومه‌ر-یش ته‌مه‌نى هه‌ڵکشاوه‌و له‌ساڵى ٢٠٠٠-ه‌وه ده‌ستى له‌کارى حزبى و حکومى کێشاوه‌ته‌وه‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کى به‌کارى سیاسییه‌وه نه‌ماوه. ئێمه (شیلان رۆسته‌م) و (به‌یار عومه‌ر) به‌پێویستمانزانى له‌برى هه‌ردووکیان وه‌ڵامى رێکخه‌رى ئێستاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بده‌ینه‌وه، چونکه به‌ناڕه‌واو نادروست ناوى ئه‌وانى هێناوه له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کى حزبیدا له‌گردى زه‌رگه‌ته. پێده‌چێت رێکخه‌رى ئێستاى گۆڕان له‌ڕێى تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن بۆ هاوڕێکانى سه‌رده‌مى پێشمه‌رگایه‌تى بیه‌وێت له‌یه‌ک کاتدا هه‌م دڵى ده‌سه‌ڵات رازیبکات و هه‌م شه‌رعیه‌ت بدات به‌ته‌وریسى سیاسی. رێکخه‌رى ئێستاى گۆڕان ده‌ڵێت گوایه” ملازم عومه‌ر و قادرى حاجى عه‌لى داوایان له‌کاک نه‌وشیروان کردووه گردى زه‌رگه‌ته بکرێت به‌ناویانه‌وه”. راستى بابه‌ته‌که به‌م شێوه‌یه‌یه؛ مام جه‌لال گردى زه‌رگه‌ته ته‌نها ده‌دات به‌خودى کاک نه‌وشیروان، به‌ڵام کاک نه‌وشیروان پێى باش بووه‌و ویستوویه‌تى هاوڕێکانى له‌گه‌ڵدا بێت بۆ پرۆژه سیاسییه‌که‌ی. له‌سه‌ره‌تاى ساڵى ٢٠٠٧دا، دواى وازهێنانى کاک نه‌وشیروان له‌یه‌کێتی، گردى زه‌رگه‌ته له مام جه‌لال وه‌رده‌گرێت، پێشنیار ده‌کات که‌زه‌ویه‌که بکرێت به‌ناوى خۆى و محەمەد تۆفیق ره‌حیم و ملازم عومه‌ر و قادرى حاجى عه‌لى و سالار عه‌زیزه‌وه. به‌ڵام (قادرى حاجى عه‌لى و ملازم عومه‌ر) ئه‌و پێشنیاره‌یان ره‌تکردووەته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌دوو بنه‌ماڵه‌ى خانه‌دان و چاوتێره‌وه هاتوون، بێگومان هاوڕێیانى تریش هه‌ڵوێستى جوانى خۆیان نیشانداوه. (قادرى حاجى عه‌لی) وتوویه‌تى ناکرێت ئه‌و زه‌ویه بخه‌ینه‌سه‌ر خۆمان، چونکه له‌دواى مردنمان ده‌چێته سه‌ر منداڵه‌کانمان و چه‌ندین ساڵى خه‌بات و شۆڕشمان ده‌که‌وێته ژێر پرسیاره‌وه‌و ئه‌و رێز و ته‌قدیره‌ى هه‌مانه له‌ده‌ستى ده‌ده‌ین. (ملازم عومه‌ر)یش به‌کاک نه‌وشیروان ده‌ڵێت با زه‌وییه‌که به‌ناوى که‌سمانه‌وه نه‌بێت و ته‌نانه‌ت به‌ناوى جه‌نابیشته‌وه نه‌بێت و بکرێت به‌وه‌قف و بخرێته سه‌ر زانکۆى سلێمانى و یاخود بکرێت به‌موڵکى هه‌موو زانکۆکانى کوردستان. ئه‌وکات زه‌وى ناچێته سه‌ر منداڵى که‌سمان و جه‌نابیشت و هه‌موومان به‌سه‌ربه‌رزى ده‌چینه مێژووه‌وه. کاک نه‌وشیروان ئه‌وه‌ش ره‌تده‌کاته‌وه، سه‌ره‌نجام ملازم عومه‌ر زوویر ده‌بێت و به‌کاک نه‌وشیروان ده‌ڵێت کارى سیاسیتان له‌گه‌ڵ ناکه‌م و وه‌کو که‌سێکى خانه‌نشینى بێلایه‌ن ده‌مێنمه‌وه، به‌ڵام هه‌رکاتێک پێویستت به‌من بوو له‌خزمه‌تتدا ده‌بم و وه‌کو ئه‌وه‌ى له‌سه‌رده‌مى شاخ و پێشمه‌رگایه‌تى به‌رپرس و هاوڕێم بوویت، هه‌رگیز له‌وه‌ختى ته‌نگانه‌دا پشتت به‌رناده‌م، قادرى حاجى عه‌لى و ملازم عومه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌یان بۆ ژماره‌یه‌ک له‌هاوڕێکانیان باس کردووه که زۆربه‌یان له‌ژیاندا ماون. له‌دواى رووداوه‌کانى ١٧ی شوباتى ٢٠١١، له‌و کاته‌ى که پارتى ده‌یانه‌وێت په‌لامارى گردى زه‌رگه‌ته‌و کاک نه‌وشیروان بده‌ن؛ ملازم عومه‌ر سه‌ربارى ئه‌وه‌ى کارى سیاسى له‌گه‌ڵ کاک نه‌وشیرواندا ناکات، ده‌چێت بۆ لاى مام جه‌لال بۆ نێوه‌ندگیری، بۆ ئه‌وه‌ى هێزه‌کانى یه‌کێتى رێگه‌نه‌ده‌ن پارتى بێنه ناو سلێمانییه‌وه. مام جه‌لال لێیده‌پرسێت و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر پارتى په‌لامارى کاک نه‌وشیروان بده‌ن، تۆ چى ده‌که‌یت؛ ملازم عومه‌ر له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت قه‌ناسه کۆنێکى سه‌رده‌مى پێشمه‌رگایه‌تیم هه‌یه، به‌و قه‌ناسه‌وه ده‌چم به‌رگرى له‌کاک نه‌وشیروان ده‌که‌م، چونکه به‌درێژایى چه‌ندین ساڵ هه‌م به‌رپرس و هه‌م هاوڕێم بووه، دواى هه‌وڵ و ماندوبوونێکى زۆر رێگه به‌پارتى نادرێت بێنه ناو سلێمانییه‌وه. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى که‌گوایه هاوڕێکانى کاک نه‌وشیروان داواى پاره‌یان له مام جه‌لال کردبێت، قسه‌یه‌که جگه له تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن و قسه‌ى ناڕاست، هیچى تر نیه‌و هیچ قورساییه‌کى نیه. سوپاسى هه‌ر که‌سێک ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یه‌کمان بداتێ که‌هه‌ر که‌س له‌هاوڕێکانى کاک نه‌وشیروان پاره‌یان له مام جه‌لال وه‌رگرتبێت، ئه‌وه‌ى وه‌رگیراوه ته‌نها ئه‌و (١٠) ملیۆن دۆلاره‌یه، که کاک نه‌وشیروان خۆى به‌ئاشکرا له‌وتارو چاوپێکه‌وتنه‌کانیدا باسى کردووه له مام جه‌لالى وه‌رگرتووه بۆ دروستکردنى پرۆژه‌یه‌کى میدیایى و رۆشنبیرى که‌دوایى گۆڕا بۆ پرۆژه‌یه‌کى حزبى سیاسى په‌رله‌مانی. به‌داخه‌وه بۆ رازییکردنى دڵى ده‌سه‌ڵات و شه‌رعیه‌تدان به‌ته‌وریسى سیاسى و خۆئاماده‌کردن بۆ هه‌ڵمه‌تى پێشوه‌ختى هه‌ڵبژاردن، رێکخه‌رى ئێستاى گۆڕان هه‌وڵى تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن و شکاندنى هاوڕێکانى ده‌دات، ئه‌و ئازاده چۆن ده‌یه‌وێت موخاته‌به‌ى کادرانى حزبه‌که‌ى و خه‌ڵک بکات، به‌ڵام ناتوانێت مێژوو پێچه‌وانه بکاته‌وه‌و مێژووى هاوڕێکانى ناشرین بکات. شیلان رۆسته‌م و به‌یار عومه‌ر
هاوڵاتى نرخى نه‌وتى خاو له‌بازاره‌کانى جیهاندا جارێکى دیکه گه‌یشته‌وه نزیک به 70 دۆلار بۆ هه‌ر به‌رمیلێک. ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 15ى ئازارى 2021، نرخى به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى برێنت به 69 دۆلار‌و 95 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. هه‌روه‌ها نرخى نه‌وتى خاوى ئه‌مریکا(ته‌کساس) به 66 دۆلار‌و 31 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌کرێت. هاوکات، به‌رمیلێک نه‌وتى خاوى ئۆپێک پڵه‌س به 67 دۆلار‌و 39 سه‌نت مامه‌ڵه‌ى پێوه کرا.
هاوڵاتى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند، تائێستا هیچ رێککه‌وتنێکى نوێ له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نه‌کراوه که ببێته جێگره‌وه‌ى ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى له پڕۆژه‌یاساى بودجه‌دا ئاماده‌کراوه. قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به ماڵپه‌ڕى "ناوه‌ندى هه‌واڵى نیشتمانی" رایگه‌یاندوه، پێشوتر حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021 رێککه‌وتون و دواتر پرۆژه یاساکه نێردراوه بۆ په‌رله‌مان و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق تاوتوێ کراوه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردوه، تائێستا سه‌باره‌ت به پشکى هه‌رێمى کوردستان پێشنیازى جێگره‌وه نیه، به‌وپێیه‌ى هه‌ر پێشنیازێک ئاماده بکرێت پێویسته له‌لایه‌ن هه‌ردو حکومه‌تى فیدڕاڵ و حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه جێبه‌جێ بکرێت. هاوکات جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم جه‌ختده‌کاته‌وه بۆ ئاڕاسته‌کردنى بارودۆخى ئابوریى و دارایى حکومه‌تى فیدراڵ به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌کى دروست، که پێویست ده‌کات پێشنیاز و یاسایه‌ک بونى هه‌بێت که بتوانرێت جێبه‌جێ بکرێت وتیشى: "باوه‌ڕمانوایه ئه‌و برگه‌یه‌ى که حکومه‌تى عێراق ڕه‌زامه‌ندى له‌سه‌ر داوه باشترین برگه‌یه و ده‌توانرێت جێبه‌جێ بکرێت". په‌یوه‌ست به رێککه‌وتنى "50 ساڵه‌ى نه‌وت" له‌گه‌ڵ تورکیاش قوباد تاڵه‌بانى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕو، ئه‌وه‌ى له‌م باره‌یه‌وه باس ده‌کرێت راست نیه، چونکه ئه‌وه‌ى له‌و ڕێکه‌وتنه‌دا هاتوه بریتى له گواستنه‌وه و به‌بازاڕکردنى نه‌وت له ڕێگه‌ى تورکیاوه و حکومه‌تى عێراقیش هه‌مان شێوازى ڕێککه‌وتنى هه‌یه. هاوکات قوباد تاڵه‌بانى ئه‌وه‌ش روونده‌کاته‌وه که له‌کاتى گفتوگۆکانیان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى نه‌وتى عێراق، له‌کاتێکدایه بڕیاردرا نه‌وتى هه‌رێم له‌رێگه‌ى کۆمپانیایه‌کى به‌بازارکردنى نه‌وتى عێراق (سۆمۆ) بفرۆشرێت، داوایانکردوه کۆمپانیایه‌کى به‌بازارکردنى نه‌وتى نیشتمانى دروستبکرێت که نوێنه‌رایه‌تى پێکهاته‌کانى تێدابێت له‌وانه‌ش نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان.
هاوڵاتى سبه‌ینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌نگ ده‌درێت لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە تەنھا سێ مادەی ماوە دەنگی لەسەر بدرێت. دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کارنامەی دانیشتنی سبەی دوشەممەی بڵاوکردەوە، بە پێی ئەو کارنامەیە سبەی درێژه دەدرێت بە گفتوگۆگردن و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵیی کە تەنھا سێ مادەی ماوە دەنگی لەسەر بدرێت و یه‌كلاییبكرێته‌وه. بە گوێرەی کارنامەکە، له‌و دانشتنه‌دا ده‌نگ له‌سه‌ر پڕۆژەیاسای بەشداری عێراق لە یاسایی داهێنانی نێوده‌وڵه‌تی ساڵی 1970 ده‌درێت، هه‌روه‌ها گفتوگۆ دەکرێت لە بارەی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسایی ئه‌و تاوانانه‌ی كه له‌سه‌ر فڕوكه نێودەوڵەتیەکان ئه‌نجامده‌رێت. سبه‌ی كاتژمێر 11:00 ی پێش نیوه‌ڕۆ دانیشتنی ژمارەی 43 ی ئاسایی وەرزی یەکەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت. ئه‌مه له‌كاتێكدایه، کارنامەی دانیشتنەکە دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی 2021 لەخۆ ناگرێت.
هاوڵاتى پۆلیسی هەولێر رایگه‌یاند لەسبەی دوشەممەوە دەست بەجێبەجێکردنی رێکارەکان ده‌کات و بەرامبەر نەبەستنی دەمامک سزای 20000 (بیست) هەزار دینار لەهاوڵاتیان وەردەگرێت، ئەوەی پارەشی پێنەبێت دەستگیردەکرێت. هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لەکۆنگره‌یه‌کى رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ هێزەکانی پۆلیس لەناو شاری هەولێر رێنمایی هاوڵاتیانیانکرد کە پابەندی رێنماییەکان بەگشتی و بەستنی دەمامک بەتایبەتی بن، چونکە بەگوێرەی رێنماییەکان کە لەسبەی دوشەممە دەخرێنەبواری جێبەجێکردنەوە، هەر کەسێک پابەندی بەستنی دەمامک نەبێت، 20000 (بیست) هەزار دینار سزادەدرێت. بەگوێرەی رێنماییەکان کە ئەمڕۆ هێزەکانی پۆلیسی رێکاریی سەربە پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاویانکردوەتەوە، بەرامبەر نەبەستنی دەمامک سزای 20000 (بیست) هەزار دینار لەهاوڵاتیان وەردەگرێت و ئەو کەسەش کە پارەی پێنەبێت دەستگیردەکرێت و رادەستی بنکەی پۆلیس دەکرێت. موقەدەم شوان سەعدی، لە بەشی پۆلیسی رێکاریی رایگەیاند, "هەر کەسێک ماسک نەبەستێت و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نەبێت بە بڕی 20000 (بیست) هەزار دینار سزا دەدرێت، یاخود شوێنی کارەکانیان دادەخرێن."
هاوڵاتى هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنای پۆزەتیڤ بووە و تووشی ڤایرۆسەکە بووە. دەشڵێت، "تەندروستیم جێگیرە." هێمن هەورامی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە. نووسیویەتی، "دەمەوێت پێتان رابگەیێنم کە ئەمڕۆ ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنام پۆزەتیڤ بوو. باری تەندروستیم جێگیرە و بە ھیوای سەلامەتیی ھەموو لایەکتان." بڕیارە رۆژی سێشەممە، پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە، بەو پێیە بێت، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبوونەوەکە ئامادە نابێت.
هاوڵاتى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده) پێشوازى له بڕیاره‌که‌ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا ده‌کات که ده‌وڵه‌تى تورکیاى به داگیرکه‌رى ناوچه کوردییه‌کان ناوبردووه و داواى کردووه له باکوورى سوریا بکشێته‌وه. شه‌وى ڕابردوو مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده) له‌سه‌ر بڕیاره‌که‌ى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا بۆ ده‌رکردنى سوپاى تورکیا له سوریا تویتێکى بڵاوکرده‌وه. مه‌زڵوم عه‌بدى نووسیویه‌تی: "ئێمه پێشوازى له بڕیارى په‌رله‌مانى یه‌کێتى ئه‌وروپا ده‌که‌ین که داواى کشانه‌وه‌ى هێزه نایاساییه‌کانى ده‌وڵه‌تى داگیرکه‌رى تورک له باکوورى سوریا ده‌کات، ئه‌مه نیگه‌رانیه‌کانى په‌رله‌مانى یه‌کێتى ئه‌وروپا نیشانده‌دات له به‌رامبه‌ر هه‌وڵه پاکتاوکارییه نه‌ژادییه‌کان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى تورکه‌وه دژى کورد له سوریا". په‌رله‌مانى ئه‌وروپا ڕایگه‌یاندبوو تورکیا له ساڵى 2016ه‌وه ناوچه‌کانى باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتى سوریا به تایبه‌ت ناوچه کوردستانییه‌کانى داگیرکردووه و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کانى پێشل کردووه. هه‌روه‌ها داواشى له ده‌وڵه‌تى تورکیا کردووه که له‌و ناوچانه‌ى که له سوریا داگیرى کردووه بکشێته‌وه، چونکه کرده‌وه‌کانى ده‌وڵه‌تى تورک له‌م ناوچانه پاکتاوى ئه‌تنیکییه.
هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم ئامارى ٢٤ کاتژمێرى رابردووى تووشبوون و گیانله‌ده‌ستدانى به کۆرۆناى بڵاوکرده‌وه که حه‌وت که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و ٣٩٢ که‌سى دیکه تووشى ڤایرۆسه‌که بوون. ڕاگه‌یاندراوى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێم: ١. پشکنین: (٦٧٨٧ پشکنینى نوێ) • (٢٦٧٧) هه‌ولێر • (٢١١٤) سلێمانی • (١٧٥١) دهۆک • (١٩) هه‌ڵه‌بجه • (٢٢٦) گه‌رمیان • (٠) ڕاپه‌ڕین • ٢. تووشبوو: (٣٩٢ تووشبووى نوێ) • (٢٠٢) هه‌ولێر • (١٤٣) سلێمانی • (٣٤) دهۆک • (٦) هه‌ڵه‌بجه • (٧) گه‌رمیان • (٠) ڕاپه‌ڕین • ٣. چاکبوون: (١٥٥ چاکبوون) • (٧٤) هه‌ولێر • (٣٣) سلێمانی • (٣٨) دهۆک • (٠) هه‌ڵه‌بجه • (١٠) گه‌رمیان • (٠) ڕاپه‌ڕین • ٤. مردن: (٧ مردن) • (١) هه‌ولێر • (٢) سلێمانی • (٣) دهۆک • (٠) هه‌ڵه‌بجه • (١) گه‌رمیان • (٠) ڕاپه‌ڕین ئامارى گشتی: که‌ڕه‌نتین هاوڵاتى ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ ده‌رچوو) پشکنین ١٢٧٢٧٧٧ (٤٥٥٨٧٥ هه‌ولێر، ٢٦٩٥٨٥ سلێمانی، ٥٣٩٦٦٨ دهۆک، ٧٦٤٩ هه‌ڵه‌بجه) تووشبوون ١١٢٦٩٥ (٣٩٧٣٨ هه‌ولێر، ٣٢٤٩٧ سلێمانی، ٣٧٣٤٣ دهۆک، ٣١١٧ هه‌ڵه‌بجه) چاکبوون ١٠٥٤٥١ (٣٧٠٢١ هه‌ولێر، ٢٩٦٢٣ سلێمانی، ٣٥٨٤٧ دهۆک، ٢٩٦٠ هه‌ڵه‌بجه) له‌ژێر چاره‌سه‌ر ٣٦٨٠ (١٧٦٤ هه‌ولێر، ١١٥٦ سلێمانی، ٧٤٦ دهۆک، ١٤ هه‌ڵه‌بجه) مردن ٣٥٦٤ (٩٥٣ هه‌ولێر، ١٧١٨ سلێمانی، ٧٥٠ دهۆک، ١٤٣ هه‌ڵه‌بجه) بۆ زانیارى زیاتر سه‌ردانى داشبۆردى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بکه‌ن له‌م لینکه (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/). وێڕاى ده‌ستخۆشى بۆ پزیشکان و کارمه‌ندانى ته‌ندروستى و هه‌موو تیمه‌کانى پزیشکى که له ئه‌رکدان، جه‌خت ده‌که‌ینه‌وه هاووڵاتیان پابه‌ندبن به ڕێنماییه‌کانى ته‌ندروستى و دورکه‌وتنه‌وه له شوێنى قه‌ڵه‌بالغ و دانانى ماسک و ده‌ستکێش، وه له‌کاتى پێویستدا په‌یوه‌ندى بکه‌ن به هێڵى گه‌رمى ژماره (١٢٢). وه‌زاره‌تى ته‌ندروستی حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ١٤ى ئازار ٢٠٢١
سازدانى: مارین نوره‌دین سه‌رۆکى شاره‌وانى سلێمانى ئاماژه به‌وه ده‌دات هه‌موو ئه‌و خانوو زه‌ویانه‌ى فۆرمى شاره‌وانییان هه‌یه تاپۆ ده‌کرێن و خزمه‌تگوزارى ده‌گه‌یه‌ننه شوێنه‌کانیان و ده‌شڵێت: «ده‌ستده‌که‌ینه‌وه به‌نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى شه‌قامه‌کانى سلێمانى و هه‌موو چاڵه‌کان چاکده‌که‌ینه‌وه«. توانا که‌مال سه‌رۆکى شاره‌وانى سلێمانى، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ئاماژه به‌وه‌ده‌دات که له‌شه‌قامى شه‌ستى (مه‌لیک مه‌حمود) پلانیان هه‌یه شه‌ش بۆ هه‌شت یه‌کتربڕى گه‌وره جێبه‌جێ بکرێت، ده‌شڵێت:» لامه‌رکه‌زى کارگێڕى و دارایى و یاسایی ده‌سه‌ڵاتت ده‌داتێ بتوانیت بۆ شاره‌که‌ت بجوڵێیته‌وه و پرۆژه‌کان جێبه‌جێ بکه‌ین، شاره‌وانى ئه‌گه‌ر بودجه‌ى له‌به‌رده‌ستدا بێت ده‌توانێت ساڵانه (150 بۆ 200) ملیار دینار خه‌رج بکات بۆ پرۆژه‌کان و سه‌وزایى و خزمه‌تگوزارییه‌کان». هاوڵاتى: به‌شێک له‌شه‌قامه‌کانى سلێمانى بۆماوه‌یه‌ک نۆژه‌نکرایه‌وه، به‌ڵام پرۆسه‌که وه‌ستاوه‌و به‌شێک له‌شه‌قامه‌کان چاڵ و خراپ بوون؟ هۆکار چییه؟ توانا که‌مال: ئێمه ساڵانه به‌رنامه‌ى خۆمان هه‌یه، چاودێر‌و لیژنه‌و ته‌کنیکى خۆمان هه‌یه که رووپێوى ده‌کرێت بۆ ئه‌و چاڵانه، ئه‌مساڵ به‌هۆى نه‌بوون و دواکه‌وتنى بودجه ئێستا له‌سه‌ر داهاتى شاره‌وانى که‌حکومه‌ت له‌سه‌دا 15% بۆمان دیارى ده‌کرێت له‌داهاتى خۆمان که‌ئه‌ویش بڕێکى زۆر که‌مه. ئێمه ده‌رخسته‌ى خۆمان بۆ ئه‌و بابه‌ته ئاماده‌کردووه، ساڵانى پێشوو له‌زستانیشدا ده‌مانتوانى ئه‌وه بکه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ى جۆره قیرێکمان به‌کارده‌هێنا که‌پێویستى به‌گه‌رمکردنى کارگه نییه‌و خه‌رجى زۆر نییه، ئه‌مساڵ به‌هۆى که‌ره‌نتینه‌و کۆرۆنا به‌دره‌نگ به‌ده‌ستمان گه‌یشت، ئێستا به‌ده‌ستمان گه‌یشتووه‌و ده‌ستپێده‌که‌ین هه‌موو چاڵه‌کان چاک ده‌که‌ینه‌وه. چاوه‌ڕێى نه‌مانى وه‌رزى سه‌رماو بارانین، چونکه سه‌رما تێپه‌ڕێت باشه، سه‌ره‌تاش بۆ ئه‌و شوێنانه‌ى گرنگن، ئه‌وه‌شى به‌قیره تایبه‌ته‌که کراوه وازى لێناهێنین، له‌چه‌ند رۆژى داهاتووشدا هێڵى گه‌رم بۆ مه‌سه‌له‌ى زیاده‌ڕه‌وى و کێشه‌ى خزمه‌تگوزارى داده‌نێین، بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتیان په‌یوه‌ندیمان پێوه‌بکه‌ن و راسته‌وخۆ هه‌موو داواکارییه‌کان که له‌شوێنێک شه‌قامێک خراپ بووه پێمان بڵێن تا چاکى بکه‌ین. هاوڵاتى: له‌م رۆژانه‌دا وه‌زیرى شاره‌وانى وتى 10% ى کاره‌کانى شه‌قامى سه‌دمه‌ترى (شەقامی بابان) ته‌واو بووه، هیچ گرفتێکى له‌به‌رده‌مدا ماوه؟ توانا که‌مال: گرفتى نییه، به‌ڵام دوو حاڵه‌تى تێدایه، یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه ئه‌و ده‌رخسته‌و دیزاینه‌ى هه‌یه باشه، به‌ڵام هه‌ندێک ورده‌کارى تێدا نییه به‌جێهێڵراوه بۆ کاتى جێبه‌جێکردن، ئه‌مه‌ش ئه‌رکى خستۆته سه‌ر ئێمه به‌تایبه‌ت یه‌کتربڕه‌کان و ئه‌و پردانه‌ى که‌تێى ده‌که‌وێت. له‌به‌رئه‌وه هه‌م کات و ته‌رکیزو ماندووبوونى زیاتر کردووه، ئه‌مانه‌ش هه‌مووى پشکنینى ده‌وێت، ئه‌وه‌ى گرفت بێت مه‌سه‌له‌ى رێگرییه‌کانه که‌هاتووه‌ته سه‌ر رێچکه‌ى رێگاکه، ئێستا هه‌موو قه‌ره‌بووه‌کان به‌لیست ئاماده‌کراوه‌و لیژنه‌یه‌کى خه‌مڵاندن و کوژاندنه‌وه هه‌یه له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى کشتوکاڵى سلێمانى ئه‌و کاره ده‌که‌ن و هه‌موو ئه‌و رووبه‌رانه‌ى ده‌که‌ونه شه‌قامه‌که‌وه دیاری کردووه. چه‌ندین مانگه له‌لاى لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کان و لیژنه‌که ره‌زامه‌ندى کوژاندنه‌وه‌ى زه‌وییه‌کانى وه‌رگرتووه، چونکه باخ و کارگه‌و چه‌ندین پرۆژه‌ى له‌سه‌ره له‌گه‌ڵ ماڵى هاووڵاتیان، ئه‌مه‌ش ده‌بێت به‌دواداچوونى وردى بۆ بکرێت، چونکه هه‌یانه مۆڵه‌تى نییه، دواتر که لابرا مافى که‌سه‌که پارێزراو بێت، قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌که‌ش له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه ده‌بێت به‌پێى یاسا‌و رێنماییه‌کانیش به‌پارچه زه‌وى قه‌ره‌بوو ده‌کرێنه‌وه. هاوڵاتى: رۆژانى یه‌کشه‌ممان هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک راسته‌وخۆ هاووڵاتیان ده‌بینن، ئایا به‌م کاره‌تان رۆتیناتتان که‌مکردووه‌ته‌وه؟ توانا که‌مال: ده‌مێکه ده‌ستمان کردووه به‌خه‌ڵک بینین، به‌ڵام به‌هۆى ڤایرۆسى کۆرۆناو که‌ره‌نتینه‌وه رامان گرتبوو، به‌ڵام مانگێک زیاتره ده‌ستمان پێکردووه‌ته‌وه، هه‌موو یه‌کشه‌ممه‌یه‌ک، ئه‌مه‌ش کاریگه‌رى زۆرى هه‌یه، زۆر باشه‌و راسته‌وخۆ ئاگادارى کێشه‌ى هاووڵاتیان ده‌بین، هه‌روه‌ها پێگه‌یه‌کیشه بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان، چونکه لێپرسراوى به‌شه‌کانیش له‌گه‌ڵمانن. بۆئه‌وه‌ى بتوانین یه‌کسه‌ر بڕیارى بۆ بده‌ین، کاردانه‌وه‌ى خه‌ڵکیش زۆر باشه، به‌ڵام کێشه‌یه‌ک هه‌یه ئه‌ویش پێدانى زه‌وییه، که‌هیچ چاره‌سه‌رى نییه که‌ده‌بێت فه‌رمانى وه‌زاره‌ت و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌بێت، بۆ پرۆژه‌ش چه‌ند رێنماییه‌کى هه‌بێت، بۆ پرۆژه‌ى تایبه‌ت ده‌بێت مۆڵه‌تى وه‌به‌رهێنانى هه‌بێت، به‌پێى یاساى ژماره چوار ده‌توانین به‌پێى ماسته‌رپلان و ئه‌و پرۆژه‌یه‌ى پێشکه‌شى ده‌کات زه‌وى گونجاوى بۆ دابین ده‌که‌ین، ئه‌وه‌شى زۆر سه‌رقاڵى کردووین بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌یه، رۆژى ئه‌گه‌ر په‌نجا که‌س ببینین، (35) که‌سى بۆ ئه‌وه هاتووه که‌داواى زه‌وى ده‌کات بۆ پرۆژه، به‌ڵام به‌پێى دوو یاسا ده‌بێت، که یه‌کێکیان مۆڵه‌تى وه‌به‌رهێنانه‌و ئه‌وى دیکه‌شیان زیادکردنى ئاشکرایه بۆ زه‌وى تیجارى که‌هه‌موو هاووڵاتییه‌ک ده‌توانێت داواى بکات، به‌ڵام ده‌بێت یان مۆڵه‌تى وه‌به‌رهێنانى هه‌بێت یان زیادکردنى ئاشکرا ده‌بێت، پێمان خۆشه پاره خه‌رج بکرێت له‌شاره‌که، چونکه وڵات به‌وه ده‌بووژێته‌وه‌و هه‌موو که‌سێکیش مافى هه‌یه پرۆژه‌ى هه‌بێت، به‌ڵام بۆ فه‌رمانگه حکومییه‌کان جیاوازه. هاوڵاتى: ته‌ملیککردنى زه‌وییه فۆڕمه‌کان که‌بڕیارى بۆ ده‌رچووه‌و چه‌ند بڕگه‌و مادده‌یه‌کى گرنگى تێدایه، یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه که‌ده‌بێت دواى 120 رۆژ ده‌ستبکرێت به‌جێبه‌جێکردنى، ئه‌مه کاتى چه‌ندى ده‌وێت؟ توانا که‌مال: هه‌موو کاره‌کان بۆ ئه‌وه کراوه، روونکردنه‌وه‌ش درا له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته، به‌ڵام به‌پێى یاساکه، که چه‌ند جارێک هه‌موارکراوه‌ته‌وه، به‌ڕاستى له‌یاساکه زۆر شت هاتووه، به‌ڕاستى کۆمه‌لێک شتى دیکه‌ى داوا کردووه. که‌سێک فۆڕمێکى بۆ کراوه پێش به‌روارى یاساکه بووه که‌یاساى ژماره 3ى ساڵى 2018یه، به‌ڵام دواى ئه‌وه یاساکه ده‌رچووه، هه‌ژمارى بۆ ده‌کرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى یاساکه کاتى خۆى نه‌چووه‌ته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه ده‌بێت لیژنه کاره‌کان بکات که‌لیژنه‌که‌ش تاپۆو شاره‌وانى و باجى خانووبه‌ره‌و چه‌ند لایه‌نێکى دیکه‌ى تێدایه، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ش بکرێت ئێستا ساڵى 2021ه ره‌نگه خانووه‌که گۆڕانکارى تێدا کرابێت. ئێستا ئه‌و بابه‌تانه‌ى کارى دیکه‌ى تێدا کراوه ده‌بێت دیسان پێداچوونه‌وه‌ى بۆ بکرێت، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و که‌سه دۆکیۆمێنته‌کانى مابێت و خۆى پێشکه‌شى بکات، له‌پارێزگاى سلێمانى دوو لیژنه دانراوه، لیژنه‌یه‌ک تایبه‌ته به‌تاپۆکردنى خانووه زیاده‌ڕه‌وو بێتاپۆکان که له‌وێ مامه‌ڵه‌کان وه‌رده‌گیرێن، ئه‌ویش لیژنه‌یه‌کى له‌شاره‌وانى بۆ پێکهێنراوه، به‌ڵام کارێکى ئاسان نییه، به‌ڵام ئامارێکى ورد نییه. تووه‌سپى ده‌ره‌وه‌ى ماسته‌رپلانى سلێمانییه، ئه‌وان تازه‌ن و یاساکه نایانگرێته‌وه، به‌ڵام هه‌وڵ هه‌یه بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساکه، ئه‌و خانووه‌ى زیاده‌ڕه‌وى کردووه‌و له‌گه‌ڵ ماسته‌رپلاندا نیه تاپۆ ناکرێت. هاوڵاتى: دیاریکردنى بڕى پاره بۆ تاپۆکردن، بڕیارى ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى بووه که بۆ هه‌ر مه‌تر دووجایه‌ک له (15) هه‌زاره‌وه تا (30) هه‌زار دینار دیارى کراوه؟ توانا که‌مال: نه‌خێر هه‌مووى به‌پێى رێنماییه‌کان دیاریکراوه‌و نوسراوه، ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌و له‌یاساکه ئاماژه‌ى پێنه‌کراوه ده‌درێته ده‌ست ئه‌نجومه‌نى شاره‌وانى سلێمانى. هاوڵاتى: باس له‌وه ده‌کرێت 30%ى داهاتى بۆ شاره‌وانییه‌کان و 70% ى بۆ خه‌زێنه‌ى حکومه‌ته؟ توانا که‌مال: به‌پێى یاساکه ئه‌وه راسته 30%ى بۆ شاره‌وانییه‌کانه‌و بۆ ئه‌و شوێنه خه‌رجده‌کرێته‌وه که تاپۆ ده‌کرێت. هاوڵاتى: شاره‌وانى تاچه‌ند به‌لایه‌وه گرنگه ئه‌گه‌ر لامه‌رکه‌زى کارگێڕى و دارایى به‌رجه‌سته بکرێت؟ توانا که‌مال: خۆتان ده‌زانن پێویسته لامه‌رکه‌زى ئیدارى و دارایی‌ش بێت، چونکه به‌بێ ئه‌وه سودێکى ئه‌وتۆى نییه، ده‌بێت ده‌سه‌ڵاته داراییه‌کانیشى له‌گه‌ڵدا بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ت نه‌بێت ده‌سه‌ڵاتت ده‌بێت شتێک بکه‌یت، به‌ڵام پاره‌که‌ت نییه، که‌واته کێشه‌که دووباره ده‌بێته‌وه، ده‌سه‌ڵاتى کارگێڕیش هه‌یه بتوانى سودى لێوه‌ربگریت، بۆ نموونه خه‌ریکین له‌فه‌رمانگه‌کان چونکه چالاکى و پرۆژه و کاروبارى خه‌ڵک که‌مبووه‌ته‌وه، به‌ڵام بۆ شاره‌وانى کێشه‌مان زیادیکردووه، بۆ نموونه له 2015ه‌وه (500) که‌س له شاره‌وانى خانه‌نشین بووه، یه‌ک که‌س نه‌خراوه‌ته شوێنى، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکى ئیدارى هه‌بێت، ده‌توانیت له‌ڕێگه‌ى پارێزگاوه به‌نموونه ره‌زامه‌ندى هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه‌که بتوانن چه‌ند فه‌رمانبه‌رێک له‌شوێنێکه‌وه بنێرن بۆ شوێنێکى دیکه، که‌واته کارگێڕى زۆر گرنگه. گرنگترینه‌کانى ئه‌وه‌یه که‌ده‌سه‌ڵاته دارایى و یاساییه‌کانه که‌ده‌سه‌ڵاتت ده‌داتێ بتوانیت بۆ شاره‌که‌ت بجوڵێیته‌وه و پاره بۆ پرۆژه‌و سه‌وزاییه‌کان جێبه‌جێ بکه‌ین. ئێستا داهاتى شاره‌وانى 15%مان ده‌ده‌نه‌وه که به‌شى هیچ ناکات، ئه‌وه‌شى ده‌ستبه‌کاربووین کار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ین و سه‌ده‌ها موڵکمان بۆ شاره‌وانى ساغکردووه‌ته‌وه، سه‌ده‌ها موڵک هه‌بووه شاره‌وانى ئاگادارى نه‌بووه و خه‌ڵک کرێى پێوه وه‌رگرتووه، هه‌روه‌ها گرفت هه‌بووه له ئه‌ژمارکردنى کرێکاندا که له‌خه‌ڵک وه‌رگیراوه، هه‌ندێکیان زۆر ره‌مزى و که‌م بوون، ئه‌وه نییه بڵێى نرخى کرێمان له‌سه‌ر خه‌ڵک زیاد کردووه، به‌ڵکو شوێنه گرنگ و ستراتیژییه‌کانى ناو سه‌نته‌رى سلێمانى، ئێستا هه‌مووى پێداچوونه‌وه‌ى بۆکراوه. هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر لامه‌رکه‌زى ئیدارى و دارایى جێبه‌جێ بکرێت، ئه‌وله‌ویه‌تى سه‌رۆکى شاره‌وانى بۆ سلێمانى چى ده‌بێت؟ توانا که‌مال: کۆمه‌ڵێک شتى زۆر گرنگ هه‌یه، یه‌کێک له‌هه‌ره گرنگه‌کان پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌کانه که په‌یوه‌ندى به‌خودى خه‌ڵکه‌که‌وه هه‌یه، چونکه شاره‌وانى له‌و جۆره‌ى زۆر زۆره، راسته شه‌قامى سه‌دمه‌ترى بۆ شاره‌که جێبه‌جێ ده‌کرێت، ئه‌گه‌ر به‌سێ ساڵیش ته‌واوبێت ساڵى (100) ملیار دینارێکى ده‌وێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه ورد بکه‌یته‌وه بۆ پرۆژه خزمه‌تگوزارییه‌کان ئه‌وه به (100) ملیار دینارێکى یه‌کێک له‌ساڵه‌کان له‌ناو سلێمانیدا شۆڕشێکى پێبکه‌یت له رێکخستنه‌وه‌و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى شوێنه‌کان و خزمه‌تگوزارییه‌کان. شتێکى دیکه هه‌یه که‌ئه‌ویش له‌کاتى بوونى پاره له‌سه‌ر شه‌قامى بازنه‌یى مه‌لیک مه‌حمود، خۆتان ده‌زانن سلێمانى رووبه‌رى که‌مه‌و چڕه، له‌و شه‌قامه شه‌ش بۆ هه‌شت یه‌کتربڕى گه‌وره‌مان ماوه، که‌جێبه‌جێ بکرێت، یه‌کێک له‌وانه تووى مه‌لیک ده‌به‌ستێته‌وه به‌مه‌لیک مه‌حمود، له‌گۆیژه‌و چوارچرا‌و به‌کره‌جۆ و راپه‌ڕینیش هه‌مانه، له‌گه‌ڵ چه‌ند شوێنێکى دیکه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش داواى بودجه کراوه، ئێستا له‌دیزاینى ده‌رخسته‌داین و ره‌زامه‌ندیش هه‌یه، به‌ڵام پاره‌که نه‌بووه، ئه‌گه‌ر پاره‌که بێته‌ده‌ست ده‌توانین ده‌ستپێبکه‌ین، یه‌کێک له‌وانه لاى ئه‌بوسه‌نایه، ئه‌وه زۆر گرنگه و سلێمانى له‌و خنکاوییه رزگار ده‌کات، ئه‌گه‌ر سه‌دمه‌ترییه‌که‌ش ته‌واو بێت زۆر گوزه‌رانى سلێمانى ده‌گۆڕێت. هاوڵاتى: رێژه‌ى سه‌وزایى له‌سلێمانى له‌ستاندارى نێوده‌وڵه‌تى زیاتره یاخود که‌متره؟ توانا که‌مال: ده‌توانم بڵێم زیاتریشه، چونکه سلێمانى پارکى زۆرى تێداکراوه، به‌ڵام چه‌ند ساڵێکه به‌هۆى نه‌بوونى بودجه زیانى به‌رکه‌وتووه، ئه‌گه‌ر وابڕوات له‌وانه‌یه ئه‌و ستاندارده که‌مبێته‌وه، بۆ نموونه پارکى هه‌وارى شارمان هه‌یه به‌شێکى سه‌وزکراوه‌و به‌شه‌کانى دیکه‌ى ماوه، له‌ساڵى 2014ه‌وه کۆنه‌کان ته‌واو بوون، به‌ڵام تازه‌کان نه‌کراون. چه‌ندین شوێن هه‌یه بۆ باخچه‌و دارستان نه‌کراوه یان رووبه‌ڕێک کراوه‌و وه‌ستاوه، کۆنه‌کانیش به‌شێکیان وشک بوون و به‌شێکیان پێویستیان به‌بووژانه‌وه‌یه، هه‌ڵمه‌تى نه‌مام چاندنیش هه‌مووى رۆڵى هه‌یه، هیچ شتێک نییه سودى نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێستا هه‌یه مه‌ترسى له‌سه‌ره. هاوڵاتى: ساڵانه چه‌ند بودجه‌تان له‌به‌رده‌ستدا بێت ده‌توانن بڵێن شۆڕشێکى خزمه‌تگوزارى له‌سلێمانى ده‌ستپێده‌کات؟ توانا که‌مال: وه‌کو ژماره ناتوانم دیارى بکه‌م، چه‌ندین پرۆژه وه‌ستاوه، ساڵانه له‌وانه‌یه (150) ملیار دینارمان له‌بودجه‌ى خۆمان پێویست بێت بۆ ئه‌وه‌ى خه‌رجى بکه‌ین، به‌ڵام وه‌کو تر له‌مه‌ودوا ره‌نگه شاره‌وانى بتوانێت ساڵانه (150) بۆ (200) ملیاریش خه‌رج بکات بۆ پرۆژه‌و خزمه‌تگوزارییه‌کان له‌کاتى هاتنى بودجه‌که‌دا.
هاوڵاتى په‌رله‌مانى عێراق بڕگه‌ى ده‌نگدان و په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى له‌خشته‌ى کارى کۆبونه‌وه‌ى رۆژى 15ى ئه‌م مانگه لابرد و ته‌نها ده‌نگدان بۆ پرۆژه‌یاساى دادگاى فیدڕاڵى ده‌کرێت. فه‌رمانگه‌ى راگه‌یاندنى په‌رله‌مانى عێراق له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه، خشته‌ى دانیشتنه‌که‌ى رۆژى دوشه‌ممه 15ى ئازارى 2021 تایبه‌ت ده‌بێت به ده‌نگدان و ته‌واوکردنى پرۆژه‌یاساى دادگاى فیدڕاڵی. دواى کۆکردنه‌وه‌ى زیاتر له 150 واژۆ، محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق بڕیاریدا رۆژى دوشه‌ممه 15ى ئازار پرۆژه‌یاساى بودجه بخرێته به‌رنامه‌ى کاره‌وه و ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت. هاوکات ئاژانسه عێراقییه‌کان ئه‌وه‌یان بڵاوکرده‌وه که سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له په‌رله‌مانى عێراق تووشى کۆرۆنا بووه‌و چاوه‌رێ ده‌کرێت ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه بودجه دوابخرێت.
هاوڵاتى هاوپه‌یمانى سائیرون له‌په‌رله‌مانى عێراق، له‌باره‌ى ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021 بانگه‌وازێک ئاراسته‌ى فراکسیۆنه‌کان ده‌کات و داواده‌کات، سه‌رجه‌م ناکۆکیه‌کانیان وه‌لا بنێن و رۆژى 15ى ئه‌م مانگه ده‌نگى له‌سه‌ر بده‌ن. هوازن شه‌مه‌رى ئه‌ندامى هاوپه‌یمانى سائیرون له په‌رله‌مانى عێراق، له به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاند:" له‌به‌ر ڕۆشنایى ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ى ئێستا که وڵات پێیدا تێده‌په‌ڕێت و په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى به به‌ره‌نگارییه‌کانى په‌تاى کۆرونا و قه‌یرانى ئابوریه‌وه هه‌یه، بۆئه‌وه‌ى نیشتمانه‌که‌مان به سه‌لامه‌تى سه‌ربکه‌وێت به‌سه‌ر هه‌موو ئاسته‌نگ و ئاڵنگاریه‌کان که به‌هۆى دواکه‌وتنى په‌سه‌ندکردنى بودجه‌وه روبه‌ڕوى بوه‌ته‌وه". هه‌روه‌ها ئاماژه به‌وه‌کراوه که تا نه‌بێته هۆى دوباره‌بونه‌وه‌ى سیناریۆى دواکه‌وتنى دابه‌شکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان و هاوکاریه‌کانى خۆشگوزه‌رانى کۆمه‌ڵایه‌تى و گرێبه‌سته‌کان و خه‌رجى وه‌زاره‌ته‌کان، به‌تایبه‌تى گرێبه‌ست و کرێى وه‌زاره‌تى کاره‌با، داوا له‌هه‌مو په‌رله‌مانتاران ده‌نگ ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى بوجه بده‌ن. هاوکات ئه‌وه‌شى دووپاتکردووه‌ته‌وه که بۆ دانیشتنى رۆژى دوشه‌ممه که تایبه‌ته به په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021 بانگه‌واز ئاراسته‌ى سه‌رجه‌م فراکسیۆنه‌کان ده‌که‌ن، "ده‌نگ به پرۆژه‌یاساکه بده‌ن و سه‌رجه‌م جیاوازى و ناکۆکیه‌کانیان وه‌لابنێن و بیر له به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى نیشتمانى بکه‌نه‌وه". هوازن شه‌مه‌رى ئاشکراشیکرد، به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى هاوڵاتیان واده‌خوازێت، هه‌وڵه‌کان یه‌کبخرێن و ناکۆکیه سیاسییه‌کان و ئاراسته‌کان بۆ ده‌نگدان به پرۆژه‌یاساى بودجه یه‌کبخرێن. هه‌شتى ئه‌م مانگه، دواى کۆکردنه‌وه‌ى زیاتر له 150 واژۆ، محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق بڕیاریدا رۆژى دووشه‌ممه 15 ئازار 2021 پرۆژه‌یاساى بودجه بخرێته به‌رنامه‌ى کاره‌وه و ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت. پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى 2021، که له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان کراوه، هه‌رێمى کوردستان پابه‌ند ده‌کات به راده‌ستکردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى خاو به نرخى کۆمپانیاى سۆمۆ، ده‌بێت 50%ى داهاته‌فیدراڵییه‌کان راده‌ستى حکومه‌تى عێراق بکات، له به‌رامبه‌ردا رێژه‌ى 12.67%ى پشکى هه‌رێم ره‌وانه ده‌کرێت که زیاتره له 13 تریلۆن دینار له‌ماوه‌ى ئه‌مساڵدا.
هاوڵاتى به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى که له یه‌کێک له ئه‌ندامانى وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێمى وه‌رگرتووه، سبه‌ینێ یه‌کشه‌ممه به‌مه‌به‌ستى رێککه‌وتن ده‌چنه به‌غدا. یه‌کێک له ئه‌ندامانى ئه‌و وه‌فده‌ى بڕیاره سبه‌ینێ یه‌کشه‌ممه 14ى ئازار بگاته به‌غدا بۆ هاوڵاتى وتى:"ئه‌مجاره که ده‌چینه‌وه بۆ به‌غدا به مه‌به‌ستى رێککه‌وتن و جێگیرکردنى پشکى کورده‌و دوا هه‌وڵى خۆمان ده‌ده‌ین". هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که ئه‌و ده‌قه‌ى له پڕۆژه یاساى بودجه‌ى 2021 دا هاتووه که 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌و زائیده‌ن نیوه‌ى داهاته فیدراڵییه‌کانه پابه‌ندى خۆیان دووپاتده‌که‌نه‌وه"ده‌مانه‌وێت ئه‌و ده‌قه تێبپه‌رێندرێت له پرۆژه‌که‌دا و هه‌رێم ئاماده‌یه ئیلتزامى ته‌واوه‌تى پێوه بکات". رۆژى دووشه‌ممه 15ى ئازارى 2021، دانیشتنى په‌رله‌مانى عێراق بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى فیدراڵى ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌بچێت و پشکى کورد تا ئێستا یه‌کلانه‌کراوه‌ته‌وه له‌نێوان وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم و لایه‌نه شیعه‌کاندا.
هاوڵاتى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان له‌گه‌ڵ تیمى پارتى له حکومه‌ت کۆبووه‌وه و په‌یامێکى ئاراسته‌کردن و وه‌ک له راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه"ئامۆژگارى" کردوون، هه‌روه‌ها وتویه‌تى:" "رێبازى بارزانى رێبازى خزمه‌تکردنى خه‌ڵکه و پێویسته خه‌ڵکى کوردستان که‌رامه‌تى خۆى له حکومه‌ته‌که‌ى خۆیدا ببیننه‌وه." رۆژى شه‌ممه13ى ئازارى 2021، له سه‌ڵاحه‌ددین مه‌سعود بارزانى پێشوازى له تیمى پارتى له حکومه‌تى هه‌رێم کرد. به‌پێى راگه‌یه‌ندراوێکى باره‌گاى بارزانی، سه‌ره‌تاى کۆبوونه‌وه‌که مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پوخته‌یه‌کى له‌باره‌ى کار و به‌رنامه‌کانى حکومه‌ت، هه‌نگاوه‌کانى پرۆسه‌ى چاکسازى له بواره‌کانى که‌رتى نه‌وت و پێشمه‌رگه و بواره جیاجیاکانى دیکه، هه‌نگاوه‌کان بۆ زیادکردنى داهاتى حکومه‌ت و پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارى بۆ هاووڵاتیان خسته‌ڕوو. هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانى جه‌ختى له‌وه کردووه‌ته‌وه که "کابینه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وه‌ک تیمێکى هه‌ماهه‌نگ و پته‌و و به‌بێ جیاوازیى نێوان لایه‌نه پێکهێنه‌ره‌کانى کاروباره‌کانى خۆى به‌ڕێوه‌ده‌بات و هه‌وڵى ئه‌وه‌ش ده‌دات که بۆ دابینکردنى داهات و خزمه‌تکردنى خه‌ڵک پشت به خۆى و تواناکانى هه‌رێمى کوردستان ببه‌ستێت." وه‌ک له راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه"مه‌سعود بارزانى پووخته‌یه‌کى له‌باره‌ى دۆخى سیاسى و پێشهاته‌کان له ئاستى کوردستان، عێراق، ناوچه‌که و یه‌کڕیزیى لایه‌نه سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان پێشکه‌ش کرد و ئامۆژگاریى پێویستى خسته‌ڕوو". هه‌روه‌ها سه‌رۆکى پارتى رایگه‌یاندووه "پێویسته هه‌مووتان خۆتان به خزمه‌تکارى گه‌لى کوردستان بزانن و ده‌بێ له‌ناو چین و توێژه‌کانى کۆمه‌ڵگه و خه‌ڵکى هه‌ژارى وڵات‌دا بن و هه‌موو هه‌وڵه‌کان له ده‌ورى ئه‌وه‌دا چڕببێته‌وه که ده‌سه‌ڵات به دروستى و بۆ خزمه‌تى جه‌ماوه‌ر به کار بهێندرێن." هاوکات ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه که "رێبازى بارزانى رێبازى خزمه‌تکردنى خه‌ڵکه و پێویسته خه‌ڵکى کوردستان که‌رامه‌تى خۆى له حکومه‌ته‌که‌ى خۆیدا ببیننه‌وه." ده‌قى راگه‌یێندراوه‌که‌ى باره‌گاى بارزانی سه‌رۆک مه‌سعود بارزانى پێشوازى له کوتله‌ى وزاریى پارتى له حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌کات رۆژى شه‌ممه ١٣ـى ٣ـى ٢٠٢١ له سه‌لاحه‌ددین سه‌رۆک مه‌سعود بارزانى پێشوازى له سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و تیمى پارتى له حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کرد. له کۆبوونه‌که‌دا سه‌ره‌تا مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى کوردستان کورته‌یه‌کى له‌باره‌ى کار و به‌رنامه‌کانى حکومه‌ت و هه‌نگاوه‌کانى پڕۆسه‌ى چاکسازى له بوارى که‌رتى نه‌وت و پێشمه‌رگه و بواره جیاجیاکانى تر و هه‌نگاوه‌کان بۆ زیادکردنى داهاتى حکومه‌ت و پێشکه‌شکردنى خزمه‌تگوزارى بۆ هاووڵاتیان خسته‌ڕوو. هه‌روه‌ها جه‌ختیشى له‌وه کرده‌وه که کابینه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ک تیمێکى هه‌ماهه‌نگ و پته‌و و به بێ جیاوازیى نێوان لایه‌نه پێکهێنه‌ره‌کانى کاروباره‌کانى خۆى به‌ڕێوه ده‌بات و هه‌وڵى ئه‌وه‌ش ده‌دات که بۆ دابینکردنى داهات و خزمه‌تکردنى خه‌ڵک پشت به خۆى و تواناکانى هه‌رێم ببه‌ستێت. هه‌ر له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆک بارزانى گوته‌یه‌کى پێشکه‌شى ئاماده‌بووانى کۆبوونه‌وه‌که کرد و له‌باره‌ى بارودۆخى سیاسى و پێشهاته‌کان له ئاستى کوردستان و عێراق و ناوچه‌که و یه‌کڕیزیى لایه‌نه سیاسییه‌کانى هه‌رێم روونکردنه‌وه و ئامۆژگاریى پێویستى خسته‌ڕوو. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى له هه‌وڵ و ماندووبوونى تیمى پارتى له حکومه‌ت کرد و رایگه‌یاند پێویسته که هه‌مووتان خۆتان به خزمه‌تکارى گه‌لى کوردستان بزانن و ده‌بێ له‌ناو چینوتوێژه‌کانى کۆمه‌ڵگه و خه‌ڵکى هه‌ژارى وڵات‌دا بن و هه‌موو هه‌وڵه‌کان له ده‌ورى ئه‌وه‌دا چێ ببێته‌وه که ده‌سته‌ڵات به دروستى و بۆ خزمه‌تى جه‌ماوه‌ر به کار بهێندرێن. سه‌رۆک بارزانى ئاماژه‌شى به‌وه‌دا که رێبازى بارزانى رێبازى خزمه‌تکردنى خه‌ڵکه و پێویسته خه‌ڵکى کوردستان که‌رامه‌تى خۆى له له حکوومه‌ته‌که‌ى خۆیدا ببیننه‌وه. له به‌شێکى تر‌ى گوته‌کانیدا سه‌رۆک بارزانى پشتیوانیى خۆى بۆ حکومه‌تى هه‌رێم دووپات کرده‌وه و داواى کرد که حکومه‌ت به پێداگرى و هێزه‌وه له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى چاکسازى به‌رده‌وام بێت و ئاماده‌یى خۆشى راگه‌یاند که بۆ سه‌رخستنى پڕۆسه‌ى چاکسازى ئه‌وه‌ى پێویست بێت یارمه‌تیده‌رى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت.
هاوڵاتى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:" له دوێنێوه 60 تووشبوى کۆرۆنا تۆمارکران و 107 توشبوش چاکبونه‌ته‌وه و چوارى دیکه‌ش گیانیان له‌ده‌ستداوه". وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌راگه‌یه‌ندراوێکدا بڵاویکرده‌وه، له دوێنێوه سێ هه‌زارو 684 پشکنینى نوێى کۆرۆنا کراون، 60 توشبوى نوێى تۆمارکراون و دوو که‌س له‌هه‌ولێرو دوان له دهۆک گیانیان له‌ده‌ستداوه.
هاوڵاتى شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، به‌و که‌سانه ده‌ڵێت، که ڕه‌وایه‌تیى ده‌ده‌نه تورکیا بۆ هێرشکردنه سه‌ر هه‌رێمى کوردستان به به‌هانه‌ى هه‌بوونى په‌که‌که و به ته‌نزه‌وه پێیان ده‌ڵێت”ئێ خۆ نه پاپا په‌که‌که‌یه و نه دیزاینه‌رى پوله‌که جه‌میل بایکه و نه وه‌زیرى گواستنه‌وه و گه‌یاندنیش له‌پشکى په‌که‌که‌یه”. شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، کارگێڕى مه‌کته‌بى سیاسیى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان، له په‌ڕه‌ى تایبه‌تى خۆى له تۆڕى فه‌یسبووک نوسیوێتی:"زۆرجار گوێمان لێ ده‌بێت که ده‌وترێ تورکیا بۆیه هه‌رێمى کوردستان بۆردومان ده‌کات، چونکه په‌که‌که هاتووه‌ته هه‌رێمى کوردستان و بیانووى هێرشکردن ده‌داته تورکیا، ئه‌ى ئێستا چى ده‌ڵێن که تورکیا دروستکردنى پولێکى به‌نه‌خشه‌ى کوردستانه‌وه له‌شارى هه‌ولێر و له‌لایه‌ن وه‌زیرێکى حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه قبوڵ نیه و هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌پاندنى قورسترین سزا به‌سه‌ر هه‌رێمدا ده‌کات". هه‌روه‌ها ده‌شنوسێت:" ئێ خۆ نه پاپا په‌که‌که‌یه و نه دیزاینه‌رى پوله‌که جه‌میل بایکه و نه وه‌زیرى گواستنه‌وه و گه‌یاندنیش له‌پشکى په‌که‌که‌یه …؟". دواى نیشاندانى چه‌ند پولێکى ڕه‌مزى که یه‌کێکیان نه‌خشه‌ى گه‌وره‌ى کوردستان و پاپاى ڤاتیکانى له‌سه‌ره له فڕۆکه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌ولێر، تورکیا و ئێران به توندى هاتنه سه‌ر هێڵ و داواى ڕوونکردنه‌وه‌یان له حکومه‌تى هه‌رێم کرد، ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تى تورکیا تا ئاستى سوکایه‌تى به نه‌خشه‌ى کوردستان و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان کاردانه‌وه‌ى نواندووه.