سازدانى: ئارا ئیبراهیم هاوسه‌رۆکى نوێنه‌رایه‌تى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په) له‌هه‌رێمى کوردستان، ئامانجى سه‌ردانه‌که‌یان بۆ لاى لایه‌نه سیاسییه‌کان و به‌رپرسانى حکومى و حزبى ده‌خاته‌ڕوو که یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى دروست ببێته‌وه تا کورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان یه‌ک هه‌ڵوێست بێت. موزه‌یه‌ن گونه‌ش، هاوسه‌رۆکى نوێنه‌رایه‌تى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په) له‌هه‌رێمى کوردستان له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، ده‌ڵێت:» شاندى هه‌ده‌په له‌کاتى چوونیان بۆ که‌مپى مه‌خمور له‌بازگه‌ى هه‌ولێر سوکایه‌تیان پێکرا». هاوکات، جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان هاوراى بۆچونه‌کانیان بووه له‌پرسى نه‌ته‌وایه‌تیدا، به‌ڵام پێیوابوو له«ئه‌رزى واقعدا ئه‌وه نابینین». هاوڵاتى: سه‌ردانى شاندى هه‌ده‌په بۆ لاى لایه‌نه سیاسیه‌کانى هه‌رێمی کوردستان چ ئامانجێکى هه‌بوو؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: ئامانجى سه‌ردانه‌که بۆ ئه‌وه بوو له‌ئێستادا ده‌ستکه‌وته‌کانى گه‌لى کورد هێرشیان له‌سه‌ره بۆ ئه‌وه به پێویست زانرا که بۆ راگرتنى ئه‌و هێرشانه‌و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌کان و پڕۆسه‌ى چاره‌سه‌رى هه‌نگاوێک بنرێت، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ده‌په به‌باشى زانى سه‌ردانى لایه‌نه‌کانى باشورى کوردستان بکات تانزیکایهتى و به‌یه‌که‌وه کارکردنێک دروستبکات که چۆن ده‌ستکه‌وته‌کان بپارێزین و چاره‌سه‌رى بێته ئاراوه. هاوڵاتى: ته‌وه‌ره‌کانى کۆبوونه‌وه‌کان چى بوون؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: له‌کۆبونه‌وه‌کاندا سێ خاڵى زۆر سه‌ره‌کى باسکران یه‌که‌م تێکه‌ڵ بوون و به‌یه‌که‌وه کارکردنى حزب و لایه‌نى کوردان له‌چوار پارچه‌ى کوردستان، دووه‌م ئه‌و داگیرکارییه‌ى له‌باشورى کوردستان هه‌یه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى تورکه‌وه، سێیه‌مینیش گه‌مارۆى سه‌ر که‌مپى مه‌خمور بوو. هاوڵاتى: له‌سه‌ر که‌مپى مه‌خمور داواى چیتان له‌به‌رپرسانى پارتى و حکومه‌ت کرد؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: ئه‌و گه‌مارۆیه‌ى له‌سه‌ر که‌مپى مه‌خمور هه‌یه ناحه‌قییه، که‌سانێک له‌وێ که خوێندکارن و ده‌یانه‌وێت بخوێنن ناتوانن بخوێنن و بچنه شارى هه‌ولێر ئه‌وه کێشه‌ى بۆ خوێندنى ئه‌وان دروستکردوه، خه‌ڵکانێکى زۆر کار‌و کاسبیان له هه‌ولێره ناتوانن بچن، ژنى دووگیان هه‌بووه رێگه‌ى پێنه‌دراوه بیبه‌ن بۆ نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێر بەو هۆیەوە منداڵه‌که‌ى گیانى له‌ده‌ستداوه، بۆچى ئه‌وان گه‌مارۆیان له‌سه‌ر بێت، ئه‌وان خه‌ڵێکى قوربانى ده‌رن و خه‌باتکارن، ئه‌وان له هه‌موو روویه‌که‌وه له دۆخى خراپ‌دا ده‌ژین، ئێمه چووین به‌چاوى خۆمان بینیمان بووینه شاهیدى ئه‌و دۆخه خراپه‌ى له‌که‌مپى مه‌خمور هه‌یه، وه‌ک هه‌ده‌په سه‌رمانسوڕما له‌وه‌ى چۆن که‌مپى مه‌خمور به‌و جۆره سزا ده‌درێن، ئێمه وه‌ک شاندى هه‌ده‌په به‌سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانتارانى هه‌ده‌په سه‌ردانى که‌مپى مه‌خمورمان کرد، لایه‌نه ئه‌منییه‌کانى عێراق وتیان ئێوه پێشتر مۆڵه‌تتان وه‌رنه‌گرتووه، به‌ڵام له‌سه‌ر به‌رپرسیاریه‌تى خۆمان و له‌به‌رئه‌وه‌ى په‌رله‌مانتارن رێگه‌تان ده‌ده‌ین به راستى سوکایه‌تى به شاندى هه‌ده‌په کرا. هاوڵاتى له‌لایه‌ن کێوه سوکایه‌تیتان پێکرا؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: له‌بازگه‌ى پارتى سوکایه‌تى بهشاندهکهى ئێمه کرا، که چووین بۆ بازگه‌که داواى پاسپۆرتیان کرد، هه‌رسێ په‌رله‌مانتاره‌که پاسپۆرتیان دایه پێشمه‌رگه‌که ئه‌ویش قسه‌ى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ى کرد ئه‌ویش پێى وت که پاسپۆرته‌که‌یان بگره بۆ ئه‌وه‌ى نه‌توانن جارێکى تر بگه‌ڕێنه‌وه مه‌خمور، چونکه به‌نیازبووین بگه‌ڕێینه‌وه مه‌خمور بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین دۆخه‌که چاره‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام به‌هۆى په‌یوه‌ندیه‌کانمان توانیمان ئه‌وه چاره‌سه‌ر بکه‌ین و پاسپۆرته‌کان بدرێنه‌وه به په‌رله‌مانتاره‌کان، به راستى به‌ربه‌ستى زۆر دروستکرا، ئه‌مڕۆ شتێکى سه‌یره کورد به‌خۆى گه‌مارۆ له‌سه‌ر کورد دابنێت، جا ئه‌مه پرسێکى کۆبوونه‌وه‌کان بوون له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان. هاوڵاتى: ئێوه له‌گه‌ڵ بارزانى و به‌رپرسانى دیکه‌ى پارتى کۆبوونه‌وه باسى ئه‌و کێشانه‌تان نه‌کرد که ئێستا تۆ باسى ده‌که‌ى هه‌ڵوێستى ئه‌وان چى بوو؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: هه‌رسێ بابه‌تى پرۆسه‌ى ئاشتى و داگیرکارى و که‌مپى مه‌خمور گفتوگۆى له‌سه‌رکرا هه‌موو ئه‌مانه به‌وردى قسه‌یان له‌سه‌رکرا، به‌نمونه له رۆژئاوا داگیرکارى هه‌یه و گه‌لى ئێمه رووبه‌ڕووى کوشتن بوونه‌ته‌وه، له‌باکور سه‌رۆک شاره‌وانى ئێمه لادراون قه‌یوم دانراوه، له باشور دیسان داگیرکارى هه‌یه، ئێمه وتمان ئه‌مانه بابه‌تى ئاسایى نییه ئه‌گه‌ر هه‌موومان نه‌بینه یه‌ک ئه‌مانه به‌سه‌ر هه‌موو گه‌لى کورد‌و خاکى کوردستاندا ده‌سه‌پێنێت و ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ى هه‌مانه له‌ناو ده‌چن، نه‌ک بازگه له‌به‌رده‌م خه‌ڵکى مه‌خمور دابنێت. هاوڵاتى: بۆچوونى مه‌سعود بارزانى وه‌ک سه‌رۆکى پارتى چى بوو؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: ئه‌وه‌ى ئێمه وتمان ئه‌ویش به‌ڕاست ده‌یبینى و وتى چى بکه‌وێته سه‌ر شانى ئێمه ده‌که‌ین، شتێکى جیاواز نه‌بوو له‌نێوانماندا، به‌ڵام ئێمه ئه‌وه ده‌زانین که ئاوا واده‌ڵێن، به‌ڵام له ئه‌رزى واقیعدا شتێکى تر رووده‌دات، باسى ئه‌وه کرا که‌هه‌ر پارچه‌یه‌کى کوردستان تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه، پێویسته کارێک بکرێت ناکۆکى ده‌رنه‌که‌وێت له‌نێوانماندا. هاوڵاتى: دواى سه‌ردانه‌که‌ى ئێوه بۆلاى بارزانى گه‌مارۆکه‌ى سه‌ر مه‌خموور به‌رده‌وامه؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: به‌ڵێ هه‌ر به‌رده‌وامه. هاوڵاتى: هیچ به‌ڵێنێکیان نه‌دا گه‌مارۆکه لاببرێت؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: مه‌سعود بارزانى وتى به‌دواداچوونى بۆ ده‌که‌ین، نێچیرڤان بارزانیش وتى ئه‌و حاڵه‌ته بۆ ئێمه‌ش ناخۆشه، به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌ى له‌سه‌ر ده‌که‌ین و له‌به‌رچاوى ده‌گرین. هاوڵاتى: باسى باره‌گاکانى تورکیاتان کرد له‌خاکى هه‌رێم له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانیدا؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: به‌ڵێ باسمان کرد که ٣٦ بنکه‌و باره‌گاى تورکیا له‌ناو باشور هه‌یه وتمان که‌ئه‌وانه بۆ داگیرکارى هاتوون، چونکه تورکیا ئه‌گه‌ر چووه شوێنێک جارێکى تر ناگه‌ڕێنه‌وه ئه‌مه بابه‌تێک نییه ئه‌مڕۆ هاتوون و سبه‌ى ده‌گه‌ڕێنه‌وه، ئه‌مانه که روو ده‌ده‌ن سزاى تهمهلى وتى ئه‌مه هۆکاره‌که‌ى ئه‌وه‌یه که کوردان یه‌ک نین له‌ناوخۆماندا، ئه‌گه‌ر یه‌کێتیه‌کى نه‌ته‌وه‌یى دروست بێت و هه‌ڵوێستێکى یه‌کگرتوو هه‌بێت ئه‌وکاته ئه‌و فشارانه له‌سه‌ر کورد نابن و داگیرکارى به‌و جۆره نابێت،، ئێمه پێمان وتوون بانگه‌وازى ئۆجه‌لان هه‌یه بۆ ئاشتى به‌بێ ئه‌ویش ئاشتى به‌دى نایه‌ت، هه‌ندێک هه‌نگاو هه‌ن پێویسته وه‌ک کورد بیانگرینه به‌ر، ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونانه‌ى ئێمه بوون پێیانوابوو که هێنانه‌دى پرۆسه‌ى ئاشتى هه‌ندێک هه‌نگاوى پێویسته له‌هه‌موولایه‌که‌وه داوایانکرد یه‌کترى بینین و هاتووچۆى زیاتر هه‌بێت. هاوڵاتى: ئێوه داواى ئاشتى ده‌که‌ن، په‌که‌که‌و تورکیا به‌رده‌وام شه‌ڕ ده‌که‌ن ئه‌وانه چۆن به‌یه‌که‌وه هه‌لومه‌رجى ئاشتى ده‌ڕه‌خسێنن؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: تائێستا نه‌بووه ده‌وڵه‌تى تورک هه‌نگاوێکى نابێت و ده‌ستپێشخه‌رییه‌کى کردبێت که په‌که‌که‌و هه‌ده‌په ره‌تیان کردبێته‌وه، هه‌میشه به‌پێچه‌وانه‌وه بووه، به‌رده‌وام په‌که‌که و به‌رێز ئۆجه‌لان و هه‌ده‌په داواى راگرتنى شه‌ڕو ئاشتیان کردووه، هه‌ندێکجار په‌که‌که به‌بێ مه‌رج شه‌ڕى راگرتووه، به‌ڵام هه‌میشه ده‌وڵه‌تى تورک به‌شه‌ڕو گرتن و داگیرکارى وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه، به‌ڕێز ئۆجه‌ن په‌یامى ئاشتى هه‌یه، په‌که‌که و هه‌ده‌په پێچه‌وانه‌ى ئه‌و په‌یامه هه‌نگاویان نه‌ناوه‌و به‌ڵکو ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه بۆ جێبه‌جێکردنى، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و په‌یامه‌وه گرتن و ئۆپه‌راسیۆنى پێشخستووه له‌باکورو باشور‌و رۆژئاوا ده‌وڵه‌ت دژى ده‌ستکه‌وتى گه‌لى کورد کار ده‌کات. هاوڵاتى: دهتانەوێ له‌پڕۆسه‌ى ئاشتیدا چى بۆ ئێوه جێگا بگرێته‌وه؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: هه‌ده‌په ده‌یه‌وێت له تورکیادا یاسایه‌ک ده‌ربچێت که هه‌ده‌په وه‌ک پارتێک شوێنى خۆى هه‌بێت و کارى خۆى بکات، به‌ڵام تائێستا ئه‌وه ناکرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په‌ى تێدا بێت ئه‌وا هه‌موو پێکهاته‌کانى دیکه‌ش کهزوڵمیان لێ ده‌کرێت جێگه‌یان ده‌بێت، ده‌ستپێکردنى پرۆسه‌ى ئاشتى داواکارى و هه‌نگاوى یه‌که‌مینه به‌لاى هه‌ده‌په‌وه. هاوڵاتى: له‌ئێستادا چه‌ند ئه‌ندامى هه‌ده‌په له زیندانه‌کاندان؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: تائێستا پێنج هه‌زار به‌ڕێوه‌به‌رو سه‌رۆک شاره‌وانى و ئه‌ندامى شاره‌وانى و په‌رله‌مانتار له‌زیندانه‌کاندان، به‌ڵام زیاتر له 10 هه‌زار ئه‌ندامى هه‌ده‌په له زیندانه‌کانى تورکیادان. هاوڵاتى: له‌و هێرشانه‌ى ده‌کرێنه سه‌ر خاکى هه‌رێم لایه‌نه‌کانى باشور لێى به‌رپرسیارن؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: به‌ڵێ هه‌موویان به‌رپرسیارن و پێویسته هه‌ڵویستیان هه‌بێت، ئه‌وان بۆچى بێده‌نگ بن له‌ئاست داگیرکارى، ئه‌وان له په‌رله‌مان و حکومه‌تدا نوێنه‌ریان هه‌یه پێویسته هیچ کات بێده‌نگ نه‌بن له‌ئاست داگیرکارییه‌کانى تورکیا.
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن زیره‌ک میره، خاوه‌نى 10 په‌یکه‌رى گه‌وره‌یه و 120 پێشه‌نگاى هاوبه‌ش و پێنج پێشانگاى تایبه‌ت و 19 خه‌ڵاتى وه‌رگرتووه، له‌ساڵى 2015دا وه‌ک باشترین په‌یکه‌رساز هه‌ڵبژێردراوه له‌هه‌رێمى کوردستان و خه‌ڵاتى لاوى ساڵى به‌ده‌ستهێناوه. زیره‌ک میره، له‌م چاوپێکهتنهیدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه کرد، په‌یکه‌رسازى مێژووى نیشتیمانێک له‌ڕێگه‌ى شێوه‌وه ده‌نوسێته‌وه، باسى له‌وه‌شکرد هیچ سپۆنسه‌رێک و لایه‌نێک هاوکارى هونه‌رمه‌ندانى په‌یکه‌رتاش ناکات بۆ ئه‌وه‌ى کارێک دروستبکات بۆ هه‌زاره‌ها ساڵ بمێنێته‌وه، چونکه بودجه‌یه‌کى زۆرى ده‌وێت، که ئه‌وه حه‌زى هه‌موو هونه‌رمه‌ندێکى په‌یکه‌رسازه هونه‌ره‌که‌ى تاکۆتا ساڵه‌کانى ژیان بمێنێته‌وه. هاوڵاتى: پێویسته چ مه‌رجێک لهپهیکهرتاشدا هه‌بێت؟ هه‌موو ئه‌وانه‌ى کۆلێژ ده‌خوێنن ده‌بنه په‌یکه‌رتاش؟ زیره‌ک میره: مه‌رج نیه هه‌ر که‌سێک له‌به‌شێکى هونه‌رى ده‌رچوو ببێته هونه‌رمه‌ند، به فکرو به ڕ‌ۆشنبیرى به‌کاره هونه‌ریه‌کانت ده‌بێت هاوته‌ریب بیت، تاکو لهپهیمانگایت فێرخوازیت، له‌ناو دوو و سێ ساڵ جارێکدا یه‌ک که‌س ده‌بێته هونه‌رمه‌ندو دێته بواره‌که‌وه، مه‌رجیش نیه هاته بواره‌که‌وه ڕاسته‌وخۆ ببێت به‌هونه‌رمه‌ند، چونکه ناوى هونه‌رمه‌ند بون قورسه، مه‌رج نیه که دهموچاوێکت دروستکرد ببیته هونه‌رمه‌ند چونکه دروستکردنى ده‌موچاوێک له‌وانه‌یه ئه‌وه‌نده قورس نه‌بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه ده‌ته‌وێت چى له‌ڕێگه‌ى په‌یامه‌که‌وه بگه‌یێنیت، له‌خه‌مى کۆمه‌ڵگاکه‌تدا بیت، هونه‌رى جدى ده‌بێت باس له‌گرفت و کێشه‌یه‌ک بکه‌یت و په‌یامێکت هه‌بێت، که په‌یام و فه‌لسه‌فه و تیروانینیکى قوڵى له پشته‌وه نه‌بوو، بهبڕواى من هونه‌رى نیه، وروژاندنى فه‌لسه‌فه‌که له‌ڕێگه‌ى کاره هونه‌ریه‌که‌وه، ئه‌مه گرنگتره. هاوڵاتى: تائێستا چه‌ند په‌یکه‌رت دروستکردوه؟ له‌کوردستان و له‌ده‌ره‌وه‌ى کوردستان؟ زیره‌ک میره: خاوه‌نى 10 په‌یکه‌رى گه‌وره‌م به‌ناوى (پۆستاڵ- ژینگه- کیسه‌ڵ-شه‌باب- سات- خۆرى ئازادى- نوسه‌رێک له‌قه‌ڵه‌م- په‌ى که‌ر- مۆنۆمێنتى به‌رخۆدان-کلتورو خۆشه‌ویستى- 5 پێشه‌نگاى تایبه‌تم کردۆته‌وه و 120 پێشه‌نگاى هاوبه‌ش له‌کوردستان و ده‌ره‌وه‌ى کوردستان. هاوڵاتى: بۆ ته‌نیا په‌یکه‌ر بۆ مردووه‌کان دروستده‌کرێت؟ زیره‌ک میره: هه‌رگیز باوه‌ڕم به‌وه نه‌بووه پێم وانه‌بووه له‌ژیانیشدا ئه‌و کاره‌م کردبێت که په‌یکه‌ر بۆ مردوو دروستبکه‌م، په‌یکه‌رم بۆ که‌سێک که دروستکردبێت بۆ شه‌باب دروستم کردووه که لهچایخانهى شه‌عب نمایشم کرد مه‌راسیمێکى تایبه‌ت بوو، په‌یکه‌رێک کردبێتم بۆ هه‌ڵمه‌ت بووه سه‌ربه‌ره‌و خوار دامناوه له‌پشت کتێبخانه‌ى گشتى من پێم وایه په‌یکه‌ر دروستکردن نوسینه‌وه‌ى مێژووه هه‌ندێک جار په‌یکه‌رسازه‌کان یاخود ئه‌و سیسته‌مه‌ى کارى تیا ده‌کرێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان کار بۆ کاریزمایه‌ک ده‌که‌ن یان په‌یکه‌ر بۆ کاریزمایه‌ک ده‌که‌ن مرۆڤ، ئه‌کرێ هه‌ڵه بکات ئه‌کرێ مێژووه‌که‌ى هه‌موى هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه بۆیه هه‌ندێک جار ئه‌وه ڕه‌چاو کرابێت کاتێک که‌مردووه به‌جوانى مردووه به‌بینینى من ڕه‌نگه وابوبێت. هاوڵاتى: په‌یکه‌ره‌کانت هه‌میشه ده‌نگدانه‌وه‌و قسه‌ى زۆر به‌دواى خۆیاندا دێنن هۆکارى ئه‌مه چیه؟ زیره‌ک میره: من په‌یکه‌ر دروستناکه‌م به‌س ته‌نیا و تلهیهک بێ لهچیمهنتۆو له کۆنکرێت له‌سوچێکا داینێم و ته‌واو هه‌میشه کار له‌سه‌ر کێشه‌یه‌ک ده‌که‌م، زیاتر له‌دوو ساڵ کارم له‌سه‌ر کردووه، ئینجا هاتووم په‌یکه‌رێکم نه‌خشاندووه په‌یکه‌رێکى نائاسایشم نه‌خشاندووه هه‌رکاتێکیش که تۆیهیت په‌یکه‌رێکى نائاسایی و جیاوازتر له‌هه‌موو ئه‌و په‌یکه‌رانه‌ى ڕۆژانه بهریهکهوى بۆ تۆ غه‌ریب ده‌بێ، فه‌لسه‌فه‌یه‌کى جیاوازترى تیایه و ڕۆحێکى جیاوازترى تیایه ئه‌مه ئه‌بێته مایه‌ى ده‌نگۆ هه‌میشه ئه‌وه یه‌کێکه له‌شێوازى کارکردنى من هه‌ڵبه‌ته هه‌ر یه‌کێک له‌وکارانه‌ى که کردبێتم هه‌وڵم یاوه به‌وپه‌ڕى ژیرانه‌وه کارى له‌سه‌ربکه‌م به‌وپه‌ڕى مه‌عریفه‌وه کارى له‌سه‌ربکه‌م، به‌ڵام هه‌میشه خۆم پڕ مه‌عریفه کردووه دواتر هاتوم کارم له‌سه‌ر پرۆژه شێوهکارییهکهم کردووه. هاوڵاتى: یه‌کیک له‌وانه‌ى ده‌نگدانه‌وه‌ى به‌دواى خۆیدا هێنا په‌یکه‌رى (په‌ى که‌ره)ئهوپهیکهرهلابرابۆچی؟ زیره‌ک میره: په‌یکه‌رى (په‌ى که‌ره)به‌داخه‌وه تائێستا هیچ که‌س نه‌هات بڵێ ئه‌و په‌یکه‌ره بۆ؟ ئه‌و ناوه بۆ؟ (په‌ى که‌ره) یانى په‌ى پێ ده‌به‌یت که‌ره؟ په‌یکه‌رى په‌ی که‌ره لانه‌براوه تائێستا له‌شوێنى خۆی ماوه به‌س ته‌نها ئه‌وه‌یه که عه‌زیه‌ت دراوه، به‌ڵام من بڕیارم داوه چاکى نه‌که‌مه‌وه، چونکه پێم وایه په‌یکه‌ر بۆ من مێژووه مێژووى نیشتیمانێکه ووڵاتێکه ئهوپهیکهره ئه‌بێ بهشکێنراوى بمێنێته‌وه بۆئه‌وه‌ى که ئه‌گه‌ر ساڵانێک که‌سێک پرسى ئه‌م په‌یکه‌ره بۆ شکێنراوه بڵێن ئه‌م پهیکهرهمان قیوڵ نه‌بووه یان ئه‌م کۆمه‌ڵگایه ئه‌م په‌یکه‌ره‌ى قبوڵ نه‌بوووه پێم وا بێت زیاتر له هه‌شت مانگ سه‌رقاڵى ئه‌و پرۆژه‌یه بووم، یه‌کێک له‌شیعره‌کانى حه‌زره‌تى نالیم خوێنده‌وه که باس له‌وه‌سفى که‌ره‌که‌ى ئه‌کات کهشیعرهکهى ئه‌خوێنیته‌وه زۆربه‌ى کات درک به‌وه ئه‌که‌ى که له‌غیابى مرۆڤى ناڕۆشنبیر لهچواردهوریا هاناى بۆ که‌ره‌که‌ى بردووه که‌پێى وابووه له‌هه‌مویان ڕۆشنبیرترو جوانتر بووه ئه‌مه زۆر گرنگ بوو بۆ من به‌ڕاستی له‌ته‌واوى شیعرهکهیا درک به‌وه ئه‌که‌یت که له‌و سه‌رده‌مه‌ی حه‌زره‌تى نالیا له‌ناو مه‌جلیسى عورفانى و ڕ‌ۆشنبیرانى ئه‌و سه‌رده‌مه له خانه‌قاو له ته‌کیه‌کاندا ئه‌وکاته بۆخۆى زانکۆ یان خوێندنگا بووه پێى وابووه گوێدرێژه‌که‌ى ڕۆشنبیرترینیانه ئه‌گه‌ر ئه‌و شیعره‌ى حه‌زره‌تى نالى به‌جوانى بخوێنرێته‌وه درک به‌مه دهکرى من پێم وابو ئه‌م شیعره بۆ ئێستاش ئه‌بێ یانى به‌داخه‌وه‌که هه‌ندێک جار ئه‌شێت گوێدێژێک جوانتر و ڕۆشنبیر تر بێت مه‌رج نییه هه‌رچییه‌ک چاکه‌ت و پانتۆڵى له‌به‌رکرد لێى ده‌ربێت سه‌رۆک بێت ڕۆشنبیر بێت یان ئه‌بێت موسه‌قه‌ف بێت. هاوڵاتى: یه‌کیکى تر له‌په‌یکه‌ره‌کان په‌یکه‌رى کچ‌و کوڕیکه له‌سه‌ر نوکى چه‌قۆیه‌ک، گوایه ماچى یه‌کتر ده‌که‌ن، ئه‌مه له‌ڕووى کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه خوێندنه‌وه‌ى تر‌ى بۆ کرا، ئه‌و قسانه واناکه‌ن په‌شیمان ببیته‌وه له‌هه‌ندێ بیرۆکه؟ زیره‌ک میره: ئه‌مه کارێکه ده‌بێت هه‌موو ئه‌و ڕێکخراوانه‌ى که‌به‌ناوى ژنانه‌وه‌و داکۆکى کردن له‌مافى ژنان و هه‌موو ئه‌مانه نه‌هاتون به‌ئه‌ندازه‌ى ئه‌وکاره هونه‌رییه قسه‌بکه‌ن، ڕێز‌و حورهتم هه‌یه بۆ ڕێکخراوه‌کانى مافى ژنان و کچان ومافى مێینه به گشتى به‌ڵام لهڕاستیهکهى هیچیان ڕۆژێک له‌ڕۆژه‌کان شه‌قامیان به ئه‌ندازه‌ى ئه‌و په‌یکه‌ره نهشڵهقاندووه، خۆ ئه‌و کاره کارێکى ناڕۆشنبیرى نیه کارێکه باس له‌وه ئه‌کات که بۆ ئه‌بێت خۆشه‌ویستى له سایه‌ى چهقۆیا بێت بۆ ئه‌بێت له‌سه‌رووى چه‌قۆوه نه‌بێت بێگومان ئه‌و په‌رچه کردارانه‌ى که هه‌بوون به‌شى هه‌ره‌زۆریان خزمه‌تیان به‌کاره‌که کردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌شێکیا هه‌ر نیم که ناڕۆشنبیریانه قسه له‌سه‌ر کارێک ده‌که‌ن که وه‌کو به‌شى هه‌ره زۆرى تر‌ى ڕه‌خنه‌کان که گیراون ڕێزیان لێده‌گرم، کاتێک پرۆژه‌یه‌ک له‌ڕۆحى منا له‌دایک ده‌بێ دوایی ده‌چێته سه‌رجاده ئه‌وه زیره‌ک میره نیه ئه‌وه هه‌قى گشتییه قسه‌ى له‌سه‌ر بکات، ئه‌وکاره‌ى من په‌یامه خۆم دروستم نه‌کردووه ئه‌وه هه‌ڵقوڵاوه یانى ئه‌مه به‌درێژایی چه‌ندین ساڵه ئه‌وه‌نده کوشتارو ئه‌وه‌نده ئامارى کوشتنمان هه‌یه ترسناکه به‌داخه‌وه به‌شێک له میدیاکان جورئه‌تیان نییه که ئه‌و ئاماره ده‌رخه‌ن، ڕۆژ نییه چه‌ندین کچ و ژن نه‌کوژرێن له‌به‌رئه‌وه ڕه‌وانیه له‌سه‌ر دوو تانه‌و ته‌شه‌رى خه‌ڵکێکى نه‌خوێنه‌وار من په‌شیمان بم لێى. هاوڵاتى:جگهلهکۆبانێ په‌یکه‌رت له‌هیچ پارچه‌یه‌کى تر‌ى کوردستان دروستکروه؟ زیره‌ک میره: جگه له کۆبانێ که په‌یکه‌رى به‌رخودانه، به‌داخه‌وه له پارچه‌کانى تر‌ى کوردستان نیمه، به‌ڵام له‌ئاینده‌دا له به‌رنامه‌ماندایه، قسه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى شاره‌وانى کردوه که له‌ئامه‌د کارێک بکه‌ین و هیوادارم بێته به‌رهه‌م. هاوڵاتى: مه‌رجه‌کانى دروستکردنى په‌یکه‌ر چین له‌شوێنه گشته‌کان؟ زیره‌ک میره: لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار باشتر ده‌زانن، به‌ڵام من پێم وایه قه‌باره‌ى په‌یکه‌ر و کاره‌که‌ت زۆر گرنگه که به‌پێى شوێنه‌که بکرێت و ئه‌وه‌ش که به‌داخه‌وه ماسته‌ر پلانمان نیه، فلکهو شوێنه گشتیه‌کان به‌داخه‌وه زۆر دیاریکراون و دروست نین بۆ کارى هونه‌رى، ته‌نانه‌ت به‌و کارانه‌شه‌وه که خۆم دامناون و ماستهرپلانێکى تۆکمه‌ى نه‌بوه، نابێت به‌رزى لاوه بێت، کارێک بێت بۆ هه‌موو لایه‌نێک بێت، له‌ڕوى واتا و جوانیه‌وه، له‌ڕوى فکریه‌وه به‌ر زۆرینه‌ى خه‌ڵک بکه‌وێت. هاوڵاتى: به‌گشتى په‌یکه‌ر تاچه‌ند گرنگه بۆ نوسینه‌وه‌ى مێژوو؟ زیره‌ک میره: هیچ هونه‌رێک به ئه‌ندازه‌ى په‌یکه‌رسازى گرنگ نیه بۆ نوسینه‌وه‌ى مێژوو، مێژووى نیشتیمانێک له‌ڕوى شێوه‌وه ده‌گوازێته‌وه بۆ نیشتیمانه‌که‌ى و خه‌ڵکه‌که‌ى، ده‌مێنێته‌وه بۆ هه‌زاران ساڵ، پێویسته زۆر گرنگى پێبدرێت، چه‌ند گرنگى به لایه‌نه‌کانى تر ده‌درێت له بوارى ئه‌ده‌بى و هونه‌ریدا، پێم وایه ده‌بێت زیاتر و چاکتر په‌ره بههونهرهکانى په‌یکه‌رسازى بدرێت، به‌داخه‌وه لاى ئێمه فه‌رامۆش کراوه، که به ئه‌ندازه‌ى کتێبخانه‌یه‌ک گرنگتره. هاوڵاتى: کارى په‌یکه‌رسازى تێچووى دارایی زۆره؟ ئایا وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى تاچه‌ند هاوکارى هونه‌رمه‌ندانه؟ زیره‌ک میره: تێچوى زۆره کارى په‌یکه‌رتاشى، ڕه‌نگه به‌و بودجه که‌مه‌ى له‌به‌رده‌ست هونه‌رمه‌ندانى ئێمه هه‌یه، ئه‌مه هه‌میشه یه‌کێکه له ڕه‌خنه‌کان، کاره‌کان کارى باش نین و له مه‌وادى باش نین، هیچ کات ئه‌و ڕه‌خنه‌یه شمولى پهیکهرتاشهکانى ئێمه ناکات، من پێم وایه هه‌ر په‌یکه‌رتاشێکى وڵاته‌که‌م که بیه‌وێت کارێى هونه‌رى دروست بکات، حه‌ز ده‌کات بۆ هه‌زاره‌ها ساڵ بمێنێته‌وه، هه‌رگیز حه‌زناکات له مه‌وادێکى خراپ دروستى بکات، به‌ڵام ئه‌وه په‌یوه‌ندى به‌و بودجه‌یه‌وه هه‌یه که لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار یان سپۆنسه‌ره‌که پێى ده‌به‌خشێت، بۆیه پێم وایه هونه‌رمه‌ندى زۆرباش هه‌یه به‌ڵام لایه‌نه ماددیه‌که ڕێگه‌نادات کارى جوان بکرێت، پشتیوانى خراپمان هه‌یه، واته که‌س وه‌ک پێویست هاوکارى ناکات تا بتوانى کارێکى باش بکه‌یت و بمێنێته‌وه. هاوڵاتى: کار و پرۆژه‌ى نوێت چییه؟ زیره‌ک میره: ئێستا بۆ دوو پڕۆژه‌ى گه‌وره له هۆڵه‌ندام، دوێنێ شه‌ممه یه‌کێکیان نمایش کرد به‌ناوى ژن و که‌مانچه که‌پارێزگارى فریسلاند کردنه‌وه‌که‌ى ده‌کاته‌وه به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمى که دوو مه‌ترو هه‌شتا سانتیم به‌رزه، له‌مانگى داهاتوو ئه‌وه‌ى تریان نمایش ده‌که‌م به‌قه‌باره‌ى چوار مه‌تره ستایلێکى زۆر جیاوازتره له‌کاره‌کانى ترم و که ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌بینیت ئه‌و شێوه ئهندازهییهم تێدا پیشانداوه که مرۆڤ قه‌له‌ق ده‌کات لههۆڵهندا هه‌ردووکیان نمایش ده‌که‌م.
ڕاپۆرتی: گۆڤاری تایم وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا لەگەڵ ئەوەی دۆنالد ترەمپ لەم هەفتانەی دواییدا لە ئامادەکاریدا بوو بۆ بینینی دانوستانکارانی تاڵیبان لەشوێنی حەوانەوەی سەرۆکایەتی (کەمپی دەیڤد) و دواتر لەکۆتایی ئەم مانگەدا چاوی بە حەسەن ڕۆحانی بکەوێت، جۆن بۆڵتن روێژکاری ئاسایشی نیشتمانی زیاتر و زیاتر بێورە و پەست دەبوو. لە دوشەممەی رابردوودا، لەکاتی گفتوگۆیەکی نێوان بۆڵتن و سەرۆک، هەردووکیان گەشتنە بنبەست لەگەڵ یەکدیدا. لە ٥٢٠ ڕۆژەکەی وەک سێیەم راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ترەمپ، بۆڵتن کە شەڕخوازێکی دێرینە، هەوڵیداوە سەرۆکی ئەمریکا پەلکێشی سیاسەتێکی تووندی دەرەوە بکات. لەگەڵ ئەوەی ترەمپ پێشوازی لە بیرۆکەی بینینی دوو گەورە نەیاری ئەمریکا دەکرد، بۆڵتن زیاتر و زیاتر ڕاشکاوانە دژی ئەو هەنگاوە دەبوەوە، ئەمەش بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئیدارەی ترەمپ کە ئاگاداری گفتوگۆکانیان بوون. پاشان لە دووشەممەی رابردوودا، ترەمپ و بۆڵتن قسەیان لەگەڵ یەکدی کرد تاهەوڵی ئارامکردنەوەی ڕەوشەکە بدەن. بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی کە گفتوگۆی نێوانی ترەمپ و بۆڵتنی بۆ گێردراوەتەوە بە (تایم)ی راگەیاند بۆڵتن ئەوەی خستووەتەڕوو کە بانگ نەکراوە بۆ کۆبونەوەیەک لەسەر دانوستانەکانی ئەفغانستان. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە پرسیارەکانی بۆڵتن فراوانترببن دەربارەی ئامادەیی ترەمپ بۆ بینینی سەرۆکی ئێران. «وابڕیاربوو گفتوگۆکە زۆر سنوردار بێت دەربارەی ئەوەی چۆن بۆڵتن بانگ نەکراوە بۆ کۆبونەوەیەک لەسەر ئەفغانستان بەڵام دواتر گفتوگۆکە بووە بە ‹بۆچی چاوت بەڕۆحانی دەکەوێت؟»، بەرپرسە ئەمریکییەکە وای وت. هەردوولا لەدوای ئەوەوە بەجیاوازی باسی رووداوەکە دەکەن. لە سێشەممەی رابردوودا، ترەمپ لە تویتێکدا وتی لە ئێوارەی دووشەممەدا داوای لە بۆڵتن کردووە دەستلەکار بکێشێتەوە و نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بەیانی رۆژی سێشەممە پێگەشتووە. دواتر بۆڵتن لە تویتێکدا رایگەیاند کەئەوە ئەو بووە ویستویەتی لە ئێوارەی دوشەممەدا دەستلەکاربکێشێتەوە و ترەمپ بەرەبەیانی سێشەممە قبوڵی کردووە. بەهەر جۆرێکیان بێت، ڕۆشتنی بۆڵتن گوزارشتە لە خاڵێکی وەچەرخان بۆ سەرۆکایەتی ترەمپ. بۆڵتنی ڕاشکاو کە بەسیاسیەکی شەڕکەر ناسراوە، هەندێکجار سەرکەوتوو بووە لە ئاراستەکردنی ترەمپ بەرەو هێڵێکی توندتر لە چەند بەشێکی جیهاندا، لەوانە دژی ئێران. لەوکاتەوەی لە نیسانی ٢٠١٨ەوە هاتە کۆشکی سپی، بۆڵتن زۆربەی پرۆسەی گفتوگۆ تێروتەسەلەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆتایی پێهێناو ڕۆڵێکی بەرچاوی بۆخۆی پێکهێنا. هەژماری تویتەرەکەی بەکاردەهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی ئاگادارکردنەوەی تووند تا نەیارەکانی ئەمریکا لەناهاوسەنگیدا بهێڵێتەوە. لە هەندێک حاڵەتدا، بۆڵتن بە زیندانیکردن یان خراپتر هەڕەشەی لە نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دەکرد ئەگەر واز لەدەسەڵات نەهێنێت. یان بەیاننامەی نوسراوی فەرمی بڵاودەکردەوە لەسەر ئاستی سەربازی، دیارترینیان لە ٥ی ئایاردا بوو کاتێک ناردنی هێزەکانی ئەمریکای ڕاگەیاند بۆ ڕۆژهەلاتی ناوەراست «بۆ ناردنی پەیامێکی روون و بێهەڵە بۆ ڕژێمی ئێران». تەنانەت بۆڵتن کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوریشی بێزارکردبوو کاتێک لە حوزەیرانی ٢٠١٨ پێشنیاری ئەوەی کرد کە ڕژێمەکەی دەبێت پەیڕەوی لە «مۆدێلی لیبیا» بکات لە دەستبەرداربوونی لە چەکی ناو‌کی لەکاتێکدا کە دەیزانی کیم جۆنگ ئون بەو رێگەیەدا ناڕواتەوە کە قەزافی پێیدا ڕۆیشت. ئێستا کە کێشەکانی سیاسەتی دەرەوە گەرمن لەڕۆژهەڵاتی ناوەراستەوە بۆ نیمچە دورگەی کۆریا و بەرەو ئەمریکای باشور، ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک یەکێک لە یاریزانە هەرە بەهێزەکانی لەدەستداوە. «جۆن گیری خواردبوو لە نێوەندی بڕیارە جەمسەرییەکانی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک»، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی وا دەڵێت کە ئاشنایە بەپەیوەندی نێوان هەردوولا. لەلایەکەوە ئامادەیی بۆڵتن بۆ ڕەچاوکردنی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانی وەک ئێران و کۆریای باکور لەگەڵ خواستی ترەمپ یەکی دەگرتەوە کە وەک پیاوێکی توند ببینرێت، بەرپرسەکە وای وت. «بەڵام غەریزەی ڕێککەوتن ئەنجامدانی ترەمپ سەرکەوتوو بوو»، بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەدا بەڵام نەیویست ناوی بهێنرێت. هەر لەسەرەتاوە دوو پیاوەکە لەئاستی شەخسیدا نەدەگونجان، بەرپرسێکی هەواڵگری ئەمریکی وا دەڵێت کە لەو کۆبونەوانەدا ئامادەبوو کە هەردووکیانی تێدا بووە. «بۆڵتن کەسێکی ئایدیۆلۆژی بوو کە هەوڵی بەرەوپێشبردنی دیدگایەکی جیهانی دەدا لەکاتێکدا ترەمپ ترەمپییە - هەموو کاتێک شتەکان دەربارەی خۆیەتی و زۆر هەڵەشەیە. ئەوە (نێوانی ئەو دووانە) هاوسەرگیرییەک بوو کە پێش پێدانی بەڵێنەکانیان بەیەکدی نەفرەتلێکراو بوو»، دەیڤ رۆسککۆف، نوسەری پەرتوکی «بەڕێوبردنی جیهان: چیرۆکی ناوەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی و ئەندازیارانی دەسەڵاتی ئەمریکا» وا دەڵێت. ئەو راستییەی کە هەردووکیان هەرگیز نەگونجاون پێکەوە لەئاستێکی شەخسیدا کاریگەری بۆڵتنی لەماوەی کارکردنی وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی زیاتر ناوازە کردووە. بۆڵتن بەهێزترین بوو کاتێک کاری لەسەر ئەو کێشانە دەکرد کە ترەمپ وزەی خۆی تێدا سەرف نەدەکرد یان زۆر گوێی پێنەدەدا. بۆڵتن لەگەڵ ئەو هاوپەیمانانەی دروستکی کردبوو لە وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوەی ئاسایشی نیشتمانی، توانی سیاسەتی ئەمریکا بەڕێوە ببات لەسەر ڤەنزوێلا، کە سەپاندنی سزاکان و فشاری نێودەوڵەتی بوو دژی مادورۆ. بەڵام بەپێی کات ترەمپ بەرە بەرە متمانەی بە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە کرد بەسەر بۆڵتندا. «کەلێنی نێوان بۆڵتن و پۆمپیۆ بەردەامبوو لە گەشەکردن، پۆمپیۆو تیمەکەی سوودیان لەوە وەرگرت، بە پاڵپشتیکردنی ئەو راپۆرتانەی کە باسیان لەوە دەکرد ئەستێرەی بەختی بۆڵتن لە کەوتندایە»، بەرپرسە باڵاکە وای وت. «بۆڵتن پێیوابوو کاری لەیەکەمینی پۆمپیۆ ئەوەیە نەکەوێتە بەرەی دژی سەرۆک چونکە ڕەنگە ئەوە زیان بە مەرامە سیاسەیەکانی بگەیەنێت». هاوپەیمانەکانی پۆمپیۆ ئاهێکیان بەبەرهاتەوە کە بۆڵتن لەکۆشکی سپی نەما. بۆڵتن «بەبەردەوامی پێگەی سەرۆکی لەق دەکرد» لەهەردوو بابەتی گەشتنی بە کۆریای باکور و تاڵیبان، بەرپرسێکی باڵای کەمپی پۆمپیۆ وا دەڵێت. لەبەر ئەوەی دەرفەتێکی بۆ رەخسابوو بۆ وەلانانی ڕکابەرەکەی، پۆمپیۆ زیاتر و زیاتر وردەکارییەکانی دانوستانەکانی ئەفغانستانی لە بۆڵتن دەبڕی. لەهەمان کاتدا، پۆمپیۆ کاری دەکرد بۆ ڕێکخستنی هەماهەنگی فرە ئاژانسی لەگەڵ وەزیری نوێی بەرگری مارک ئێسپەر کە هاوپەیمانێکی دێرینیەتی، لەگەڵ جینا هاسپڵ بەڕێوبەری سی ئای ئەی کە پێشتر جێگری بوو، بەرپرسەکە وای وت. لەکۆتاییدا، بۆڵتن گەشتە بنبەستی خۆی. «بۆڵتن دەربارەی کۆبونەوەکەی تاڵیبان دەیقیژاند،» پسپۆرێکی ئاسایشی نیشتمانی وا دەڵێت کە پەیوەندی نزیکی هەیە لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی. بۆڵتن پێیوابوو کۆبونەوەیەک لەسەر خاکی ئەمریکا شەرعیەت دەدات بە تاڵیبان و پێی باش نەبوو کە کاتی کۆبونەوەکە نزیکی ساڵیادی رووداوی هێرشەکەی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ دانراوە. کۆبونەوەکە بیرۆکەی ترەمپ بوو و تووڕەبوو کاتێک بۆڵتن لەناخەوە دژی بوو، ئەو پسپۆرە و بەرپرسانی تر ئاماژەیان بەوە کرد. ترەمپ دەمێکەیە ماندووە لەبیرۆکە تووندەکانی بۆڵتن لەسەر ئێران و بەرەنگارییە ناخییەکەی بەرامبەر ئامادەی ترەمپ بۆ بینینی ڕۆحانی، پسپۆرەکە وا دەڵێت. لەکاتێکدا کۆبونەوەکەی تاڵیبان لەکەمپی دەیڤد هەڵوەشایەوە بەڵام ترەمپ هێشتا ئامادەیە ڕۆحانی ببینێت لە نیویۆرک لە کۆتایی ئەم مانگەدا، پلانی سەرەتایی دەستیپێکردووە لەحاڵەتێکدا ئەگەر کۆبونەوەیەکی لەو جۆرە سەربگرێت، ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری گفتوگۆکانە. دواجار، ترەمپ هەستی بەوە دەکرد کە بۆڵتن زۆر دوورە لەو هەنگاوەی ئەو دەینێت بەرەو بینینی سەرکردەکانی ئێران، بەرپرسەکە وای وت. لەناخەوە، بۆڵتن قایل بوو بە بینینەکە بەڵام سووربوو لەسەر ئەوەی سزاکان بەردەوامبن لە زیادبوون. دواین ئاماژە کە ٤ی ئەیلول بوو، بۆڵتن تویتێکی کرد دەربارەی کرداری نوێ بۆ بلۆک کردنی گواستنەوەی نەوتی ئێران کە پارە بۆ سوپای پاسداران و پشتیوانی ئێران بۆ هێزە وەکیلەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرهەمدەهێنێت. ڕەخنەگرەکانی سەر ترەمپ ئەم بەرەوپێشچوونە بە نیشانەیەکی تری شێواوی دەبینن لە ئۆپەراسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکی ئەمریکادا. «پاراستنی وڵاتەکەمان زۆر لە خۆپەسەندی و ئەوە زیاترە کە کێ بتوانێت کۆبونەوەی سەرنجڕاکیش رێکبخات»، برێت برون، بەرپرسێکی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە سەردەمی باراک ئۆبامادا وا دەڵێت. «ئێمە سەقامگیری و ستراتیجیەتمان کەمە لە ئاسایشی نیشتمانیماندا، ئەمە ترسناکە و ناسەقامگیرکەرە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانمان چونکە نەیارەکانمان دەتوانن ئەم کێشە و گێژاوە بەردەوامانەی ئەم ئیدارەیە بقۆزنەوە». برون دەشڵێت، «لەکاتێکدا ڕەنگە من لە زۆر خاڵدا هاوڕای جۆن نەبم بەڵام ئەو هەوڵیدەدا زەبتورەبت و هاوئاهەنگی بچەسپێنێت لەهەنگاوە نامۆکانی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ، ئەگەری زۆرە گەڕانەوەی دیبلۆماسییەتی سەرپێی ببینینەوە، تەنانەت بەشێوەیەکی بەرچاوتر». لەلایەکی ترەوە جۆن گەرامێندی، ئەندامی لیژنەی خزمەتی سەربازی لەکۆنگرێس پێشوازی لەڕۆشتنی جۆن بۆڵتن کرد بەڵام هۆشداری ئەوەشیدا کە ناسەقامگیری بەڕێوەیە «ئەم سەرۆکە مێشکی خۆی هەیە و زۆرجار بیر دەکەینەوە کەچی روودەدات لەمێشکیدا… پشێوی و ئاژاوە سەرمەشقی رۆژەکەن». «من جۆن بۆڵتنم بەدڵە بەڵام پەیوەندی شەخسی نێوان سەرۆک و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی گرنگە، پێموایە کە باس لەوە دەکرێت بۆڵتن هاوڕا نەبووە لەسەر کۆبونەوەکەی تاڵیبان هەنگاوێکی زیادەڕەوییە»، لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی وای وت. لەئێستادا جێگرەکەی جۆن بۆڵتن، چارلی کەپەرمان وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەوەکالەت پۆستەکەی وەرگرتووە هەتاوەکو ترەمپ لەم هەفتەیەدا کەسێک بۆ پۆستەکە رادەگەیەنێت. بەپێی وتەی لیندزی گراهام، ئەو کەسانەی کە وەک کاندید ڕەچاو کراون بۆ جێگرتنەوەی جۆن بۆڵتن ئەمانەن: ڕیکی وادێڵ جهنهڕاڵى سوپاى یه‌ده‌گى ئه‌مریکا که ماوه‌ى ساڵێک جێگرى راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى ئه‌مریکا بوو له ئیداره‌ى تره‌مپدا، برایان هووک نێرده‌ى تایبه‌تى ئه‌مریکا بۆ ئێران، کیس کێلۆگ، راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى مایک پێنس، جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا. “ئەوانە ئەو سێ ناوەن کە سەرۆک پێی وتم، کەسانی تر هەن لە لیستەکەدا بەڵام ئێمە بەدوای کێدا دەگەڕێین؟ کەسێک کە بتوانێت لەگەڵ پۆمپیۆ و وەزارەتی بەرگری کار بکات»، گراهام وای وت. ئەو بەرپرسانەی کە نەیانویست ناویان بهێنرێت و بۆ «تایم» دووان، کاتێک پرسیاری ئەوەیان لێ‌کرا سیاسەتی دەرەوە لەکوێدا خۆی دەبینێتەوە دوای ڕۆشتنی جۆن بۆڵتن؛ هەمویان هەمان وەڵامیان هەبوو کە هەر لەو شوێنەدا دەبێت کە لێی بووە، لەدەستی ترەمپدا.
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن ئاوات حوسامه‌دین، نوێنه‌رى زه‌رده‌شتیان له‌وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف له‌هه‌رێمى کوردستان لهچاوپێکهتنهکهیدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى له‌وه دوا که پله‌ى پیر له‌دینى زه‌رده‌شتى بونى نیه‌و دەڵێت «ئه‌وانه به‌ناوى دینى زه‌رده‌شتیه‌وه خه‌ڵک ده‌ڕوتێننه‌وه و پاره ده‌خۆن» مانگی رابروو پیر لوقمان کە وەکو پیری زەردەشتیەکان ناسراوە پلەی «پیر»ی بەخشیە ژنێک، بەڵام ئاوات حوسامەدین دەڵێت هیچ پلەیەک بەناوی پیرەوە لە ئاینی زەردەشتیدا نیە.. هاوڵاتى: پیر له‌ئاینى زه‌رده‌شتیدا چی دەگەیەنێت؟ ئاوات حوسامه‌دین: پیر له ئاینى زه‌رده‌شتیدا هه‌ر نیه. بە سرووشتی پیر که‌سێکه که به‌ته‌مه‌ن بوبێت و ته‌مه‌نێکى کردبێت و له‌زۆر شت‌دا قسه‌ى بڕوات و بتوانێت قسه‌ى باش بکات و قسه‌ى بڕوات و گوێى لێبگیرێت، بەڵام هیچ پله‌یه‌ک نیه له زه‌رده‌شتیدا به ناوى پیر، پیر شالیار هه‌یه پله‌ى کاکه‌ییه‌کانه و هی زه‌رده‌شتى نیه، ئه‌وانه‌ى ئێستا خۆیان کردووه به پیر زه‌رده‌شتى نین و دورن له په‌یڕه‌وانى دینى زه‌رده‌شتى وه‌ک پیر لوقمان و پیر یان هه‌ر که‌سێکى تر که خۆیان خۆیان ناو ناوه پیر. خه‌ڵکی دڵنیاده‌که‌مه‌وه هیچ که‌سێک نیه له‌دینى زه‌رده‌شتى به‌ناوى پیر و ئه‌وانه ته‌نیا بۆ به‌رژوه‌ندى خۆیان ئه‌و کاره ده‌که‌ن. هاوڵاتى: بەڵام ئەوان بە فەرمی ئەو کارە دەکەن و بەو ناوەوە ناسراون؟ ئاوات حوسامه‌دین: خه‌ڵکی دڵنیاده‌که‌مه‌وه هیچ که‌سێک نیه له‌دینى زه‌رده‌شتى به‌ناوى پیر و ئه‌وانه ته‌نیا بۆ به‌رژوه‌ندى خۆیان ئه‌و کاره ده‌که‌ن، که ئه‌وه هیچ یه‌ک ناگرێته‌وه له‌گه‌ڵ دینى زه‌رده‌شتى چونکه کردار و گوفتارى چاک بنه‌ماى ئێمه‌یه، ئه‌وه‌ش قبوڵ ناکه‌ین، چونکه ڕێگه‌ناده‌ین که‌س دینه‌که له‌که‌دار بکات و کارده‌که‌ین بۆ دیاریکردنى شوێنى ئه‌وانه‌ى که به‌ناوى زه‌رده‌شتیه‌وه کارده‌که‌ن و بنه‌ماى زه‌رده‌شتى په‌یڕه‌وناکه‌ن. هاوڵاتى: دینى زه‌رده‌شتى له‌هه‌رێمى کوردستان که‌ى سه‌رى هه‌ڵداوه؟ ئاوات حوسامه‌دین: دینى زه‌رده‌شتى هه‌ر هه‌بوه، له‌پێش زایینه‌وه هه‌بوه و زه‌رده‌شت پێغه‌مبه‌رى کورده، ڕاسته له‌ورمێ له‌دایکبوه، به‌ڵام په‌یامه‌که‌ى بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تیه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وساو ئێستاش ده‌گونجێت، په‌یامه‌که‌ى به‌نده له‌سه‌ر زانست (بیرى چاک، گوته‌ى چاک، کردارى چاک) دینه‌که هه‌ر هه‌بوه له‌ناو کوردا، به‌ڵام ڕژێمه دیکاتۆریه یه‌ک له‌دواییه‌که‌کان ته‌نیا دینى ئیسلامیان لاپه‌سه‌ندبوو، بۆیه به‌ئاشکرا بونى نه‌بوه، تا له‌ساڵى 1991 ده‌توانرا تۆزێک به‌ئازادى بوترایه من زه‌رده‌شتیم، له2014 به ئازادى توانرا زه‌رده‌شتیه‌کانیش دینى خۆیان بناسێنن. هاوڵاتى: تۆ چیت کرد بۆ نزیکبونه‌وه له زه‌رده‌شتیه‌کان و کۆکردنه‌وه‌ى زهردهشتیانى کوردستان؟ ئاوات حوسامه‌دین: من له هۆڵه‌ندا بوم، له‌وێوه ده‌ستمکرد به په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ زه‌رده‌شتیه‌کان و یه‌کتریمان دۆزییه‌وه، له2015وه هاتمه سلێمانى و حه‌زم کرد کارى سه‌ربه‌خۆ بکه‌م و له‌ڕێی کردنه‌وه‌ى کتێبخانه‌یه‌که‌وه لایه‌کى کتێبخانه‌که‌م کردبوو به کتێبى زه‌رده‌شتى و لۆگۆیه‌کى زه‌رده‌شتیم له‌مل بوو، بۆیه زۆرکه‌س ده‌هاتن و په‌یوه‌ندیان پێوه‌ده‌کردم، ورده ورده به‌و هۆیه‌وه کۆبوینه‌وه، بیرمان له‌وه کرده‌وه ڕێکخراوێک پێکبهێنین و یه‌که‌م نه‌ورۆزمان له‌ساڵى 2015دا به‌ئاشکرا کرده‌وه. پیر لوقمان له‌گه‌ڵ که‌سێک به‌ناوى نه‌ژاد له‌پشته‌وه لێیان دام و ڕێکخراوه‌که‌ى به‌ناوى خۆى و نه‌ژاده‌وه تۆمارکردو ناوى منیان ده‌رکرد هاوڵاتى: چه‌ند ڕێکخراوى تایبه‌ت به ئاینى زه‌رده‌شتى هه‌یه؟ ئاوات حوسامه‌دین: زۆر ڕێکخراو هه‌یه له‌ئێستادا، به‌ڵام من یه‌که‌م که‌س بوم که به‌هاوکارى ئه‌نداز حه‌وێزى نوێنه‌رى گشتى زه‌رده‌شتیان له‌سوید بڕیارمدا که ڕێکخراوێک بکه‌مه‌وه‌و له‌ماڵه‌که‌ى خۆمدا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک هاوڕێ کۆبوینه‌وه‌و په‌یڕه‌وو پڕۆگرامى خۆمان ده‌نوسییه‌وه‌و به‌رنامه‌مان داده‌نا تاچۆن ڕێکخراوه‌که بکه‌ینه‌وه و ته‌نیا ناو تۆمارکردنى مابوو، پیر لوقمان له‌گه‌ڵ که‌سێک به‌ناوى نه‌ژاد له‌پشته‌وه لێیان دام و ڕێکخراوه‌که‌ى به‌ناوى خۆى و نه‌ژاده‌وه تۆمارکردو ناوى منیان ده‌رکرد، به‌ناوى فه‌رهه‌نگ و فه‌لسه‌فه‌ى زه‌رده‌شتى، منیش زۆر بێتاقه‌ت بوم و دوایى ئه‌وه‌نده به دڵپاکى بیرم ده‌کرده‌وه، وتم قه‌ینا لێیان گه‌ڕێ و ڕێکخراوێکى ترم دانا و له‌گه‌ڵ دوو سێ که‌س که له‌گه‌ڵم مانه‌وه و تائێستاش به‌رده‌وامین به‌ناوى ڕێکخراوى یه‌سنا. هاوڵاتى: پشتێن به‌ستن چییه له‌دینى زه‌رده‌شتى؟ ئاوات حوسامه‌دین: پشتێن به‌ستن واته پشت به‌خۆبه‌ستن، واته متمانه بون، ئه‌و سێ گرێیهى له پشتێنه‌که ده‌درێت، واته کارى چاک، بیرى چاک و گوفتارى چاک، مه‌رج نیه هه‌موو زه‌رده‌شتییه‌ک پشتێن ببه‌ستێت، به‌ڵام زۆر که‌سیش هه‌یه که ده‌ڵێت حه‌زده‌که‌م بیبه‌ستم مه‌راسیمى بۆ سازده‌که‌ین و پشتێنى بۆ ده‌به‌ستین و زه‌رده‌شتى پشتێن به‌ستن نیه و په‌یمان ده‌ده‌ین بهئاهورا مه‌زدا که ده‌بیته خاوه‌نى قسه‌ى خۆت. هاوڵاتى: چۆن تۆ بویته نوێنه‌رى زه‌رده‌شتیان له ئه‌وقاف؟ ئاوات حوسامه‌دین: له دواى تۆمارکردنى ڕێکخراوه‌که، پێشتریش سه‌ردانى ئه‌وقافمان کردبوو، که‌ئێمه ده‌مانه‌وێت دینه‌که‌مان له ئه‌وقاف تۆمارکرێت و له‌وێوه هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که پشگیریان کردین و په‌یڕه‌وکردنى دینه جیاوازه‌کان قبوڵ کرا، دواتر داواى نوێنه‌رایه‌تیان لێ‌کردین و له‌وێوه ناوى زۆر که‌سمان نارد بۆ ئه‌وقاف، به‌ڵام که‌سیان نه‌یانوێرا بیکه‌ن چونکه له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر قورس بوو، بۆیه له‌کۆتاییدا مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندى پێشنیارى کرد خۆم بیکه‌م و ئه‌نداز حه‌وێزیش قبوڵى کرد‌و زۆر پێى باش بوو بۆیه من ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌م وه‌رگرت. هاوڵاتى: ئایا له‌لایه‌ن که‌سه‌وه دژایه‌تى نه‌کرایت که ئه‌و نوێنهرایهتیهت وه‌رگرت؟ ئاوات حوسامه‌دین: من هه‌ر پێشتر له‌لایه‌ن لوقمان و ئه‌و ڕێکخراوه‌وه دژایه‌تى ده‌کرام و زۆر تۆمه‌تى تایبه‌تیم بۆ دروستده‌کرا، هه‌رجاره‌ى که‌سێکیان بۆ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه داده‌نا و دواى پهشیماندهبونهوه واته خۆشیان له‌ناو خۆیاندا یه‌ک نه‌بون، بۆیه زۆر ڕێگریان بۆ دروستدهکرم و تۆمه‌ت و نامه‌ى زۆر تایبه‌تیان بۆ دروستدهکردم که به دوایدا ده‌چوم به‌به‌ڵگه‌وه، ئه‌و کۆمه‌ڵه بون که ڕێکخراوه‌که‌یان لێدزیم. هاوڵاتى: له‌دواى نوێنه‌رایه‌تیتان له ئه‌وقاف توانیت چى بکه‌یت بۆ زه‌رده‌شتیه‌کان؟ ئاوات حوسامه‌دین: توانیم زه‌رده‌شتیان وه‌ک دینه‌کانى تر ناویان هه‌بێت و ئازاد بن، ئێمه سه‌ر به هۆبه‌ى زهردهشتیانى کوردستانین له‌سوید، ئه‌نداز حه‌وێزى مۆبێده، بۆیه مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندى و کۆمه‌ڵێکى تر چون بۆئه‌وه‌ى ئاگادارى ئه‌وه‌بن زه‌رده‌شتى بونى هه‌یه بتوانن هاوکارمان بن، سه‌ردانى زۆر وڵاتانى جیهانیم کردووه بۆ به‌ره‌وپێشبردنى، هه‌وڵمدا کهزهردهشتیانى جیهان هه‌مووى یه‌کبگرن و به‌هه‌وڵه‌کانى من زۆر وهفدم نارد بۆ وڵاته جیاوازه‌کان بۆ به‌ره‌وپێشبردنى دینه‌که وه‌ک کالیفۆرنیا و سوید و هندستان و ئوستورالیا، ئهنجومهنم دروست کرد له ئێران و حه‌فرین و سوێد و به‌ریتانیا و یۆنان و ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا و نه‌مسا و کالیفۆرنیا و کۆبانى، زهردهشتیانى هه‌رێمی کوردستانیش بون به‌ئه‌ندام لهبۆردى زهردهشتیانى جیهان، بۆ یه‌که‌م جار توانیم مه‌عبه‌دێک بکه‌مه‌وه‌و توانیم بۆنه کورده‌واریه‌کان زیندوو بکه‌مه‌وه وه‌ک شه‌وى یهڵداو له‌به‌رنامه‌ماندایه که مه‌نهه‌جى زه‌رده‌شتیه‌ت بکه‌مه ناو وانه‌ى خوێندنگه‌کانه‌وه. ئه‌نداز حه‌وێزى پله‌ى ئاسرهوانى پێبه‌خشیوم، ئه‌و پله‌یه ئه‌وه‌یه کهئاگرهکه ده‌کاته‌وه و کاروباره‌کان ڕێکده‌خات به‌ده‌وریدا سروده‌کان ده‌ڵێته‌وه، له‌ئیسلامدا مه‌لا هه‌یه و له‌مه‌سیحیدا قه‌شه وه‌ک ئه‌وه وایه، له‌هه‌موو هه‌رێمى کوردستانیش سێ که‌س له‌و پله‌یه‌ى پێ به‌خشراوه هاوڵاتى: پله‌ى تۆ چییه له‌ناو زه‌رده‌شتی؟ ئاوات حوسامه‌دین: من ئه‌نداز حه‌وێزى پله‌ى ئاسرهوانى پێبه‌خشیوم، ئه‌و پله‌یه ئه‌وه‌یه کهئاگرهکه ده‌کاته‌وه و کاروباره‌کان ڕێکده‌خات به‌ده‌وریدا سروده‌کان ده‌ڵێته‌وه، له‌ئیسلامدا مه‌لا هه‌یه و له‌مه‌سیحیدا قه‌شه وه‌ک ئه‌وه وایه، له‌هه‌موو هه‌رێمى کوردستانیش سێ که‌س له‌و پله‌یه‌ى پێ به‌خشراوه، ئاسره‌وان قادر ئاسره‌وان عیسام، ئه‌مه‌ش پێویستى به‌خوێندنه و که‌سى زیره‌ک پێویسته ببێته ئاسره‌وان، که‌سێک ناکه‌ین به ئاسره‌وان که هیچ نه‌زانێت. هاوڵاتى: له‌ئاینى زه‌ده‌شتیدا چه‌ند پله‌ى ئاینى هه‌یه؟ ئاوات حوسامه‌دین: ئاسره‌وان یه‌که‌م پله‌یه و دواى ئه‌و مۆبێد و مۆبێدى مۆبد و مۆخ هه‌یه جگه له‌م پلانه هیچ پله‌ى تر نیه. هاوڵاتى: سروده زه‌رده‌شتیه‌کان چین؟ ئاوات حوسامه‌دین: دینى زه‌رده‌شتى به‌پێى وته‌ى گاتاکان ده‌ڕوات و زۆر گرنگى به وه‌زن و قافیه داوه و سروده‌کانى دۆزیوه‌ته‌وه و هه‌موو مانگێگ ڕۆژێک دانراوه بۆ خۆشگوزه‌رانى وه‌ک جه‌ژن وایه و واته ساڵه‌که 12ڕۆژ جه‌ژنه و ده‌یکه‌ین به ئاهه‌نگ و کۆتاى مانگه‌که‌ش پێنج ڕۆژ ده‌یکه‌ین به‌جه‌ژن، جه‌ژنى نهورۆزو چوارشه‌ممه‌ى سور کهڕۆژێکى پیرۆزه لاى ئێمه و له‌دایکبونى زه‌رده‌شت و شه‌وى یه‌ڵدا، لهجهژنهکانماندا به ئاله‌تى تهنبورو ده‌ف که‌هه‌ردوکیان تایبه‌ت به‌ئاینى زه‌رده‌شتن، نوێژ له‌دینى زه‌رده‌شتیه‌وه چۆوه بۆ دینى ئیسلام، نوێژ کۆنتاکتێکه له‌نێوان خوا‌و خۆتدا، نوێژ‌و ڕۆژو له‌دینى زه‌رده‌شتى زۆر پێویست نیه‌و ده‌توانى بیکه‌ین یان نا، نوێژه‌که‌مان وه‌ک یۆگا وایه بۆئه‌وه‌ى جوڵهنهکهیت و زیاتر له‌سروشتدا ده‌یکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى هیچ نێوه‌ندێک له‌نێوان خوا‌و تۆدا نه‌بێت. هاوڵاتى: پرسه‌ى ماته‌مینى له‌ئاینى زه‌رده‌شتى چۆنه؟ ئاوات حوسامه‌دین: پرسه‌ى ئێمه حه‌وت ڕۆژ بوه‌و به‌هۆى کلتوره جیاوازه‌کانه‌وه لێیان سهندوینهوه و خۆى ده‌بوایه تا سێ ڕۆژ ته‌رمه‌که نهدهنێژرا، ده‌یانوت زیندوو ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵک هه‌یه که‌سوکارى زه‌رده‌شتى نیه ته‌نیا خۆى زهردهشییه بۆیه زۆرجار ئه‌مه ناکرێت، زۆر که‌س هه‌یه که وه‌سێت ده‌کات به‌ڵام بۆى نابه‌نه سه‌ر به‌هۆى کلتورهکهوه وه‌ک دکتۆر محه‌مه‌د هه‌ورامانى. هاوڵاتى: ئایا ئاینى زه‌رده‌شتى ئاگر ده‌په‌رستن؟ ئاوات حوسامه‌دین: نه‌خیر وانیه و ئێمه ئاگرو ئاو‌و هه‌وا و خاک یه‌کێکه لهپیرۆزیهکانمان، به‌ڵام ته‌نیا خواى تاک و ته‌نیا هه‌یه، به‌ڵام پاکوخاوێنى و هه‌واى پاک زۆر پیرۆزه لامان و ئاژه‌ڵه‌کان زۆر گرنگن لامان، ئایا برا موسوڵمانه‌کانمان به‌رده ڕه‌شه‌که‌ى که‌عبه ده‌په‌رستن که به ده‌وریدا دهسوڕبێنهوه ئێمه‌ش ئاوا به‌ده‌ورى ئاگردا ده‌سوڕێینه‌وه به‌ڵام نایپهرستین، ته‌نیا پیرۆزه لامان و هێماى گه‌رمى و به‌رده‌وام بونه. به‌دواداچونى خۆمان زیاتر له 300 هه‌زار که‌س زه‌رده‌شتین، زۆربه‌شیان ئاینى ئیسلامن چونکه ئاینى ئیسلام له‌وڵاتدا زۆرینه‌یه‌و تاکه تاکه دینه‌کانى تریشى تێدایه هاوڵاتى: زیاتر په‌یڕه‌وانى دینى زه‌رده‌شتى ده‌که‌ونه کوێوه؟ چه‌ند په‌یڕه‌وتان هه‌یه؟ ئاوات حوسامه‌دین: له‌هەموو ناوچه‌کانى هه‌رێم زه‌رده‌شتى هه‌یه له‌دهۆک و که‌رکوک و خانه‌قین و هه‌ڵه‌بجه و هه‌ولێر و کۆیه و سلێمانى که ئه‌وانه‌ى فۆرمیان پڕکردۆته‌وه 15 هه‌زار که‌سن، ئێستا به‌پێى په‌یوه‌ندیه‌کان و به‌دواداچونى خۆمان زیاتر له 300 هه‌زار که‌س زه‌رده‌شتین، زۆربه‌شیان ئاینى ئیسلامن چونکه ئاینى ئیسلام له‌وڵاتدا زۆرینه‌یه‌و تاکه تاکه دینه‌کانى تریشى تێدایه، له‌هه‌موو جیهاندا هه‌ن، کالیفۆرنیا 10 هه‌زار هه‌یه و له‌هندستان له‌زۆر شوێن که‌من سه‌ردانم کردون به‌و پێیه تێبینى ده‌که‌ین حه‌وت ملیۆن بن. هاوڵاتى: ئایا هیچ پشگیریه‌ک له‌حکومه‌ت و لایه‌نێک وه‌رده‌گرن؟ ئاوات حوسامه‌دین: پێش کردنه‌وه‌ى ڕێکخراوه‌که بودجه‌ى ڕێکخراوه‌کان بڕاوه، تائێستا بودجه‌م له‌هیچ که‌س و لایه‌نێک وه‌رنه‌گرتووه، ته‌نیا که‌سێکى ده‌وڵه‌مه‌ند هاوکاریم ده‌کات و سپۆنسه‌ریم ده‌کات، زۆر کات له‌سه‌ر مه‌سره‌فى خۆم کاره‌کان ده‌که‌م بۆ کاروبارى تێکه‌ڵاوبونى زه‌رده‌شتیه‌کان له‌سه‌ر بودجه‌ى خۆم خه‌ڵک ده‌نێرم. هاوڵاتى: هاوسه‌رگیرى له‌دینى زه‌رده‌شتیدا چۆنه؟ ئاوات حوسامه‌دین: ژن و پیاو وه‌ک یه‌کن و جوانترین دیارى خوا ئازادیه، بۆیه مرۆڤ ئازاده چ که‌سێک هه‌ڵده‌بژێرێت که‌واته ئازادیشه چ ئاینێکه ئه‌و که‌سه خۆ تۆ له‌گه‌ڵ ئاین ناژى له‌گه‌ڵ که‌سه‌که ده‌ژى، ئاسره‌وان ئه‌و دوو که‌سه له‌یه‌ک ماره ده‌کات و ماره‌یى ئێمه‌ش ته‌نیا خۆشه‌ویستى ئه‌و دوو که‌سه‌یه و ته‌واو له‌زووه‌وه که دوو که‌س ماره ده‌کرێت شه‌رابیان داوه به یه‌کترى و دیارى ده‌گۆڕنه‌وه‌و سێ جار به‌ده‌ورى ئاگره‌که‌دا دێن و ده‌ڕۆن، هه‌ر لەکۆنیشهوه خزمى نزیک که‌پشت بن هاوسه‌رگیرى ناکه‌ین چونکه ئێستا زانست ده‌ریخستووه دوو ئامۆزا هاوسه‌رگیرى بکه‌ن منداڵى ناته‌واو ده‌خه‌نه‌وه.
ئارا ئیبراهیم به‌پێى ڕێکه‌وتنى سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ى نێوان لایه‌نه سیاسییه‌کان ڕۆژى 5/9 وه‌کو دوا واده دیاری‌کرا بۆ یهکلاکرنهوهى ناوى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا، به‌ڵام پارتى و یه‌کێتى له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێکه‌وتنه‌که یه‌کترى تۆمه‌تبار ده‌که‌ن. دواى 56 کۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه سیاسییه‌کانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه له رۆژى 1/9/2019 ڕێکه‌وتنیان ئیمزاکردو به‌پێى ڕێکه‌وتنه‌که ده‌بوو سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان تا رۆژى پێنجشه‌مه 5/9 ناوى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه ره‌وانه‌ى دیوانى پارێزگا بکه‌ن، به‌ڵام یه‌کێتى داواى به‌رکه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان له پارتى ده‌کات له پارێزگاى دهۆک و هه‌ولێر. ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌رى، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى 9ى شارهزووى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «ئێمه وه‌کو یه‌کێتى له‌سه‌ر ناوى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵەبجه هیچ کێشه‌یه‌کمان نییه‌و وتومانه ئه‌وه پاکێجێکى جیایه له پۆسته ئیدارییه‌کان». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، کوردستان یه‌ک پارچه‌یه‌و ناکرێت به جیا ببینرێت، وتیشى «وه‌کو یه‌کێتى له پارێزگاى دهۆک سێ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و له هه‌ولێر شه‌ش ئه‌ندامان هه‌یه، به‌ڵام پارتى ئاماده نییه فه‌راشێکیش به یه‌کێتى بدات، ئیتر بۆ ئێمه ئاماده‌بین له هه‌ڵه‌بجه سێ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و قایمقامیهتیان پێ بده‌ین، بۆیه ئێمه رامانگرتووه تا پارتى به‌رکه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردن له ئه‌نجومه‌نى خۆجێییه‌کان بۆ یه‌کێتى داده‌نێت». ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى پارتى له سنورى ئیداره‌ى پارێزگاى سلێمانیدا، هیچ پۆستێکى به پارتى نه‌داوه، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى 9ى یه‌کێتى له شاره‌زوور ئه‌وه‌ى خسته‌روو کاتى خۆى جێگرى پارێزگار‌و چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کى گشتى و قایمقامییهتێک و ناحییهیان بۆ پارتى دیارى کردووه، به‌ڵام خۆیان نه‌یانویستووه« ئه‌وه یه‌کێتى نییه نه‌یویستبێت پۆست نه‌دات به پارتى، به‌ڵکو پارتى تا ئێستا ئاماده نییه لهههولێرو دهۆک ئیستحقاقى یه‌کێتى بدات». به‌پێى ڕێکه‌وتنى لایه‌نه‌کان بۆ دابه‌شکردنى کورسییه‌کانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ڵبژاردنى 30/4/2014 بووه، که رۆژى 13/3/2017 لایه‌نه‌کانى پارێزگاکه ڕێکه‌وتنیان ئه‌نجامداو به‌پێى ئه‌و ڕێکه‌وتنه 6 کورسی بۆ یه‌کێتى و 5 کورسی بۆ گۆڕان، 4 کورسی بۆ یه‌کگرتوو، 3 کورسی بۆ کۆمه‌ڵ، 3 کورسی بۆ پارتى، 2 کورسی بۆ بزووتنه‌وه‌و کورسیه‌ک بۆ سۆسیالیست و کورسییه‌کیش بۆ کاکه‌ییان ده‌بێت. وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى له پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێت «مه‌له‌فى ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه له‌به‌رده‌ست مه‌کته‌بى سیاسى پارتى و یه‌کێتیدایه تا بگه‌نه رێکه‌وتن». عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى له پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵبه‌جه له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «کوردستان یەک کوردستانه‌و یه‌ک جه‌سته‌یه ئه‌مه حه‌قیقه‌ته، دانیشته‌کان که له هه‌ڵه‌بجه کرا له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردن و پۆسته‌کانى ئه‌نجومه‌ن و به‌رێوه‌بردن بووه، که له سێ ستون پێکهاتووه، ستونێکیان پۆسته سیادیه‌کان و دوانه‌که‌ى دیکه ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن و به‌رێوه‌بردنى بووه که به ئاماده‌بونى لایه‌نه سیاسیه‌کانى به‌شدار له‌هه‌ڵه‌بجه سیغه‌یه‌کى ته‌فاهوم پێکهێندرا». به‌پێى رێکه‌وتنه‌که پارتى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى به‌مۆى وه‌ردگرت تا ئه‌و کاته‌ى خورماڵ ده‌کرایه قه‌زاو دواتر پۆستى قایمقامیه‌تى خورماڵى وه‌رده‌گرت له‌گه‌ڵ سێ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌ن و سێ به‌رێوه‌به‌رایه‌تى. وته‌بێژه‌که‌ى پارتى وتى «ئه‌و لیژنه‌یه‌ى له‌هه‌ڵه‌بجه دانیشتبوون تایبه‌ت بوون به پۆسته‌کانى هه‌ڵه‌بجه، ده‌کرێت بۆ پۆسته‌کانى دهۆک و هه‌ولێر یه‌کێتى پاکێجێکى بدایه‌ته مه‌کته‌بى سیاسى پارتى تا قسه بکرایه و لیژنه له دهۆک و هه‌ولێریش پێکبهێندرایه، به‌ڵام یه‌کێتى دواى ئه‌وه‌ى واژۆى رێکه‌وتنه‌که‌یان کردبوو پاشه‌کشه‌یان کرد له رێکه‌وتنه‌ى هه‌ڵه‌بجه«. ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى پێشیوایه پۆسته‌کانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه کاتییه و مه‌به‌ست رێزلێنان بووه بۆ پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه تا کاتى هه‌ڵبژاردن ئه‌وکاته به‌پێى ده‌نگى خه‌ڵک لایه‌نه‌کانى مافى ئه‌وه‌یانه به‌شدارى ئیداره‌ى شاره‌که بکه‌ن، وتیشى» نه‌ده‌بوو به هیچ بیانویه‌ک یه‌کێتى گرفتى دروستبکردایه«. وته‌بێژى پارتى له سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که دۆسیه‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه و پۆسته‌کان دراوه‌ته مه‌کته‌بى سیاسى پارتى تا رێکه‌وتنى له‌سه‌ربکرێت. ئه‌مه له‌کاتێکدایه له‌هه‌فته‌ى رابردوودا ئازاد تۆفیق، پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه، له‌لێدوانێکیدا به هاوڵاتى ڕاگه‌یاندبوو 5ى ئه‌یلول له‌سه‌دا نه‌وه‌دى ناوه‌کان نێردران بۆ دیوانى پارێزگا، به‌ڵام تائێستا لایه‌نێک ناوى ئه‌ندامانى بۆ نه‌ناردووین. دواتر ئه‌وه‌ى راگه‌یاند که لایه‌نێکى سیاسى نیگه‌ران بووه‌و به‌و هۆیه‌وه رێکه‌وتنه‌که راگیراوه‌و ناوه‌کان نه‌نێردراون بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ.
سازدانى: ئارا ئیبراهیم وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى پۆلیسى هه‌ولێر ئاماژه به‌وه ده‌دات زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن له‌ته‌مه‌نى هه‌رزه‌کاریدان و ده‌شڵێت «له‌سه‌دا 80%ى تاوانه‌کان به‌هۆى پاککردنه‌وه‌ى ناموسه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت». رائید هۆگر عه‌زیز، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى پۆلیسى هه‌ولێر له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، جه‌ختله‌وه ده‌کاته‌وه کۆمه‌ڵگا پێویستى به‌هۆشیارکردنه‌وه هه‌یه که ناکرێت خه‌ڵک به‌هۆى پاککردنه‌وه‌ى ناموسه‌وه بکوژرێت. هه‌روه‌ها باسى ئه‌وه ده‌کات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى کۆنتڕۆڵى بازارى چه‌ک فرۆشتنیان کردووه، به‌ڵام پێشیوایه «چه‌ک هه‌ڵگرتن بۆته که‌لتور به‌هۆى ئه‌و رووداوه نه‌خوازراوانه‌ى به‌سه‌ر گه‌لى کورد دا هاتووه‌و ئاسان نییه له‌ماوه‌ى ساڵێک یان ده ساڵدا ئه‌م که‌لتوره نه‌هێڵدرێت». هاوکات، ئه‌وه‌ش حاڵه‌تێکى مه‌ترسیدار ئاشکرا ده‌کات و وتى»گروپ و باند له‌هه‌ولێر و شاره‌کانى دیکه‌ى هه‌رێمى کوردستاندا دروستبوون له‌رێگه‌ى سۆشیال میدیاوه بۆ فه‌یسبوک هاکده‌که‌ن و نهێنییه‌کانى خه‌ڵک وه‌رده‌گرن و هه‌ره‌شه‌ى بڵاوکردنه‌وه‌ى ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر له‌به‌رانبه‌ر پاره نه‌درێت». هاوڵاتى: له‌سنورى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى گشتى پۆلیسى هه‌ولێر، ئامارى رووداوه‌کان له 2018 زیاتر بووه یا 2017دا؟ ئه‌گه‌ر ئامارى ئهمساڵیشتان هه‌بێت بۆمان باس بکه‌یت؟ هۆگر عه‌زیز: ئێمه ناتوانین ئامارى 2019 باس بکه‌ین له‌به‌رئه‌وه‌ى دواى چه‌ند رۆژێک له‌کۆتایى ساڵ پۆلێن ده‌کرێت و به‌راور ده‌کرێت به‌ساڵى رابردوو ئه‌نجام بڵاوده‌کرێته‌وه ، به‌ڵام به به‌راوردى تاوانه‌کانى ساڵى 2018 و 2017دا، له‌ساڵى 2018 ئه‌نجامه‌کانى تاوانکردن که‌متر بوو که (3) هه‌زارو 653 تاوان بووه، به‌ڵام له‌ساڵى 2017 نزیکه‌ى 400 تاوان زیاتر ئه‌نجام دراوه به‌راورد به‌ساڵى 2018، جیاوازییه‌که رێژه‌یى بووه. هۆکارى کهمبوونهوهشى په‌یوه‌ندى به‌باشبوونى بارودۆخى دارایى هاوڵاتیانه‌وه هه‌یه که به‌رده‌وام بوونى موچه و نه‌مانى پاشەکهوات واى کرد رێژه‌ى تاوان که‌مببێته‌وه، واتا تاخه‌ڵک بارى گوزه‌رانى باشتر بێت و له‌خۆشگوزه‌رانیدا بژی ئاستى تاوان که‌متر ده‌بێته‌وه. ئه‌وانه‌ى تاوانه‌کانى وه‌ک قۆڵبرین و فرتوفێل و دزى ده‌ستگیرمان کردوون له‌ساڵى 2017 و 2018 و 2019 شدا زۆربه‌یان هه‌رزه‌کارن، ته‌مه‌نیان له‌نێوان 15 ساڵ بۆ 30 ساڵیدایه هاوڵاتى: ئه‌وانه‌ى تاوان ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌گشتى ته‌مه‌نیان له‌نێوان چه‌ند بۆ چه‌ند دایه؟ هۆگر عه‌زیز: زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى تاوانه‌کانى وه‌ک قۆڵبرین و فرتوفێل و دزى ده‌ستگیرمان کردوون له‌ساڵى 2017 و 2018 و 2019 شدا زۆربه‌یان هه‌رزه‌کارن، ته‌مه‌نیان له‌نێوان 15 ساڵ بۆ 30 ساڵیدایه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى تاوانه گه‌وره‌کان ئه‌نجامده‌ده‌ن زۆرجار له‌ته‌مه‌نى 40 و 45دان وه‌ک تاوانى کوشتن. هه‌ر کاتێک کورد له‌شه‌ڕو جه‌نگدا بووبێت چه‌کى به‌لاوه گرنگتر بووه له‌هه‌موو کاڵاکانى دیکه، تۆ بته‌وێت که‌لتورێک به‌ساڵێک و پێنج ساڵ و 10 ساڵ له‌ناوى ببه‌یت یا نه‌یهێڵیت بیر‌و هۆشى تاک بگۆڕیت ئه‌وه ئه‌سته‌مه هاوڵاتى: پێتوایه بوونى چه‌ک بووه‌ته کلتور لاى هاوڵاتیان؟ هۆگر عه‌زیز: چه‌ک خۆشه‌ویسترین کاڵایه له‌ناو کلتورى کوردى، چه‌ک خۆشه‌ویسترین کاڵا بووه له‌دواى خشڵ و زێڕو ئه‌سپ، زۆرجار له‌و کاڵانهش گرنگتر بووه و هه‌ندێ جار له‌مناڵ و که‌سوکاریش چه‌ک خۆشه‌ویستر بووه. ئێستاش ئه‌و که‌لتوره ماوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گۆڕ‌انى سه‌رده‌مدا کاڵبونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه بینیوه، نمونه‌ت بۆ بهێنمه‌وه ، به‌ڵام به‌یاسا رێگرى ده‌کرێت، هه‌رچه‌نده یاساکان هه‌موویان کۆنن، یاساى سزادانى عێراقى تا ده‌گاته ئێستاش له 2003 کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ین، یاساى مۆبایل ساڵى 2009 ده‌رچووه که به مۆبایل زۆرینه‌ى تاوانه‌کانى هه‌ڕه‌شه‌و ئابروچون و لهکهدارکردنن ناموس هه‌مووى له‌سۆسیال میدیاوه ده‌رده‌چێت ئه‌گه‌ر که‌سێک نیه‌تى ئه‌نجامدانى تاوانى هه‌بێت بهچهکیش نه‌بێ بهئالهتى دیکه کارى خۆى ده‌کات، نمونه‌مان هه‌یه که به تالیبهرو بلۆک و چه‌قۆ ئاله‌تى دیکه خه‌ڵک کوژراون، راسته ئه‌و تاوانى کوشتن که ده‌کرێت زۆربه‌ى به چه‌که نه‌ک ئاله‌تى دیکه هاوڵاتى: چیتان کردووه بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى چه‌کى بێ مۆڵه‌ت وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى پۆلیسى هه‌ولێر؟ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى له‌بازارى چه‌ک فرۆشان ده‌ستیان ده‌که‌وێت، ئایا کۆنتڕۆڵى بازارهکهیانتان کردووه؟ هۆگر عه‌زیز: بازاڕى چه‌ک فرۆشه‌کان زۆر له‌مێژه هه‌یه، بازاڕه‌کان دابخه‌یت چه‌ک فرۆشتن ده‌چێته نێو ماڵه‌کان، ئاسته‌نگى زیاتر دروستده‌کات، هه‌ر شتێک مه‌منوع بێت مه‌رغوبه، چاودێرى ئه‌و بازارانه ده‌کرێت له‌لایه‌ن بریارانمان له ئاسایشى هه‌ولێر ئه‌وانه‌ى چه‌ک ده‌کرن و چه‌ک ده‌فرۆشن ناویان تۆمار ده‌کرێت، به‌ڵام ئێمه وه‌ک به‌رێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى هه‌ولێر خۆتان ده‌زانن به‌رده‌وام هه‌ڵمه‌ته‌کان ده‌بینن له راگه‌یاندنه‌کان که وا چۆن پشکنینى شوێنه گشتییه‌کان ده‌که‌ین و مه‌فاریزى پۆلیس داده‌نرێت، ئێستا بچیته ناو بازارى هه‌ولێر که‌سێک نا‌بینیت چه‌کى هه‌ڵگرتبێت ئه‌گه‌ر که‌سه‌که له‌ده‌زگایه‌کى ئه‌مه‌نى کارنه‌کات و لهواجبدا نه‌بێت. توانیومانه له‌شوێنه گشتییه‌کان تاوان که‌مبکه‌ینه‌وه، به‌ڵام ئه‌و چه‌کانه‌ى هه‌یه زۆربه‌ى لهماڵهکاندایه. به‌سێ قۆناغ چه‌ک هاته ناو خه‌ڵک دواى راپه‌رینى 1991 و شه‌ڕى براکوژى و دواى 2003 چه‌کى زۆرى حکومه‌تى عێراق که‌وته‌وه ناو خه‌ڵک، چه‌ک هه‌بوو به هه‌رزانى ده‌فرۆشراو خه‌ڵک ده‌یکڕى و له‌ماڵه‌کانى خۆیاندا دایانناوه. به‌ڵام له 2003 تا 2013 گۆڕانکارى زۆر گه‌وره دروستبوو، پاره زۆر بوو، خۆشگوزه‌رانى که‌وته ناو خه‌ڵک، دائیمه لهرهفاهیهتدا خه‌ڵک بیرى توندڕه‌وى و توند ئاژۆیى و شه‌ڕکردنى نییه، به‌ڵکو چووه بیرى خوێندن و هێنانى ماسته‌رو دکتۆراو خوێندنى ئێواران، دوایى که داعش هات و نزیکبوهیهوه له‌هه‌ولێر که‌ته‌نها 35 کیلۆمه‌ترى مابوو، دووباره کۆمه‌ڵێک چه‌کى سوپاى عێراقى هاته‌وه ناو خه‌ڵک که زۆر به‌هه‌رزان له‌لایه‌ن سه‌ربازانى عێراقى ده‌فرۆشرانه‌وه خواخوایان بوو چه‌که‌کانیان بفرۆشن و پێى بگه‌ڕێنه‌وه ناو ماڵ و منداڵه‌کانیان. ئه‌مه واى کردووه کهچهکێکى زۆر له‌لاى هاوڵاتیانه‌وه هه‌بێت و له‌ماڵه‌کانیاندا هه‌ڵیبگرن. زۆرینه‌ى تاوانه‌کانى کوشتن و هه‌ڕه‌شه‌کردن و ئابڕوچون و ترساندن و تۆقاندن له رێگه‌ى ناموسه‌وه بووه هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر که‌سێک چه‌کى بێ مۆڵه‌ت بکڕێت له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا لێکۆڵینه‌وه ده‌کرێت که چه‌که‌که‌ى پێفرۆشتووه؟ هۆگر عه‌زیز: چه‌ند کۆمه‌ڵه چه‌کێک هاتووه بۆ فلم و دراما به‌کارده‌هێندرێت و کراوه‌ته چه‌ک، وه‌ک چه‌کى تورکى و حه‌شدى شه‌عبی و ئیسرائیلى، کۆمه‌ڵێک له‌و چه‌کانه زۆر هه‌رزانن و که‌سى به‌رانبه‌ر ده‌توانێت بکوژێت ئه‌گه‌ر له چه‌ند مه‌ترێک دوربێت، خه‌ڵکیش ئه‌و چه‌کانه‌ى به‌ئاسانى ده‌ستده‌که‌وت. ئه‌و که‌سانه‌ى ناونوس کراون له‌بازاڕى چه‌ک فرۆشان ئه‌گه‌ر ناوى ئه‌و که‌سه بهێنێت به‌ڵێ ئیجرائاتى له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت. به‌مه‌رجێک که‌سه‌که له‌خوار ته‌مه‌ن 18 و 20 ساڵیدا بێت، به‌ڵام چه‌ک له‌هه‌موو وڵاتێک‌دا هه‌یه، نمونه‌ت بۆ بهێننه‌وه له‌ساڵى 2013 له‌ویلایه‌تى ئۆهایۆ له کلیڤلاند بووم، چوینه نێو ئه‌و شوێنه‌ى چه‌که‌کان ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه تۆمار کراوه‌و ماوه‌ته‌وه، دانیشتوانه‌که‌ى ملیۆنێک و 200 هه‌زار بوو، چل هه‌زار پارچه چه‌ک ده‌ستى به‌سه‌رداگیرابوو که ئاربیجى و ده‌مانچه‌و تاپڕى تێدابوو، چه‌ک هۆکارێکه بۆ کوشتن، به‌ڵام زۆرجارى وا هه‌یه ئه‌گه‌ر که‌سێک نیه‌تى ئه‌نجامدانى تاوانى هه‌بێت بهچهکیش نه‌بێ بهئالهتى دیکه کارى خۆى ده‌کات، نمونه‌مان هه‌یه که به تالیبهرو بلۆک و چه‌قۆ ئاله‌تى دیکه خه‌ڵک کوژراون، راسته ئه‌و تاوانى کوشتن که ده‌کرێت زۆربه‌ى به چه‌که نه‌ک ئاله‌تى دیکه. هاوڵاتى: کوشتن به‌ناموس زۆر بووه به‌راورد به تاوانه‌کانى دیکه؟ هۆگر عه‌زیز: به راستى ده‌مه‌وێت ده‌رباره‌ى ناموس به‌ڕاشکاوى قسه‌بکه‌م لهجیههتى ئه‌منییه‌وه یه‌که‌مجاره ئه‌وه باس بکه‌م و واقعێکه نابێت بیشارینه‌وه، زۆرینه‌ى تاوانه‌کانى کوشتن و هه‌ڕه‌شه‌کردن و ئابڕوچون و ترساندن و تۆقاندن له رێگه‌ى ناموسه‌وه بووه، به‌داخه‌وه ئێستاش داواکارم هه‌ڵمه‌تێک سازبکرێت بۆ وشیارکردنه‌وه‌ى خه‌ڵک که‌وا به راستى به‌سه چیتر له‌سه‌ر پاککردنه‌وه‌ى ناموس خه‌ڵک بکوژرێت. کوشتن به‌بیانوى پاککردنه‌وه‌ى ناموسهو له‌ناو شاره‌کانى هه‌رێم و ته‌نانه‌ت له‌هه‌ولێردا له‌سه‌دا 70 و 80%ى رێژه‌ى تاوانه‌کانه. هه‌موو تاکێکى کورد پێویسته به‌شدار بێت و ئاماده‌یى تێدا بێت بۆ هۆشیارکردنه‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى گوێیان لێ ده‌گیرێت، مامۆستایانى ئاینى با له‌سه‌ر مینبه‌ره‌کان باسى بکه‌ن ئاخۆ کوشتن به‌ناوى پاککردنه‌وه‌ى ناموس تاوانه یان حه‌ڵاڵه، کوشتنى ئافره‌ت رێگه پێدراوه، به‌ڵام ئه‌و وشیارکردنه‌وه‌ى نه‌بووه. هاوڵاتى: ئه‌و پیاوه‌ى له‌به‌رده‌م دادگاى هه‌ولێر هاوسه‌ره‌که‌ى کوشت، هۆکاره‌که‌ى چى بوو؟ هۆگر عه‌زیز: ئه‌وه‌ى لێکۆڵینه‌وه‌مان کردووه کۆمه‌ڵگاکه ده‌ستى تێیدا هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و ئافره‌ته‌ى له‌دادگا کوژراوه دواى ئه‌وه‌ى تاوانباره‌که‌مان هێنا قسه‌مان له‌گه‌ڵ کرد باسى له‌وه‌کرد که« دواى ئه‌وه‌ى خێزانه‌که‌م خیانه‌تى لێکردووم و داواى یاساییم تۆمار کردووه له‌و کاته‌وه له‌ماڵه‌وه نه‌هاتومه‌ته ده‌ره‌وه، له‌به‌ر کۆمه‌ڵگاو ده‌ورو دراوسێ و خه‌ڵک و دۆست و براده‌ر، ته‌نها بیرم له‌وه کردۆته‌وه که بیکوژم»، هه‌ر تاکێک خیانه‌تى به‌رانبه‌ر ده‌کرێت له‌لایه‌ن خێزانه‌که‌یه‌وه بیر له‌جیابونه‌وه ناکاته‌وه بیر له‌کوشتن ده‌کاته‌وه، من ته‌نانه‌ت باسم له‌وه کرد له‌دادگا بوو په‌یوه‌ندى تۆ‌و خێزانه‌کان به‌ڵێننامه‌یه‌که تۆ خیانه‌ت نه‌که‌یت و ئه‌ویش نه‌یکات، که ئه‌و خیانه‌تى کردووه ئه‌و گرێبه‌سته‌ى له‌نێوانتاندا هه‌یه باتڵى ده‌که‌یت و جیاده‌بیته‌وه بۆ خۆت ده‌که‌یته بکوژ، ئه‌وه‌یش کاریگه‌رى کۆمهڵکاى له‌سه‌ر بووه بۆیه وه‌کو باسم کرد له‌بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ى ئه‌م بابه‌ته هه‌موو کۆمه‌ڵگا لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار پێویسته داخڵ بن که هه‌ڵمه‌تێکى گه‌وره‌ى هۆشیارکردنه‌وه ئه‌نجامبده‌ین تا کوشتن به بیانوى پاککردنه‌وه‌ى ناموس نه‌هێڵین. تاوانکردنى هاککردنى فه‌یسبوک هه‌یه‌و نهێنى ئه‌و که‌سه وه‌رده‌گرن، بۆیه داوا ده‌که‌م ئه‌وانه‌ى فه‌یسبوکیان له‌سه‌ر (Yahoo،Gmail) هاککرن زۆر بووه له رێگه‌ى ئیمهیلهکانهوه بیکه‌نه سه‌ر ژماره‌ى مۆبایله‌کانیان و ئیمهیل بۆ دانانى فه‌یسبوک به‌کارنه‌هێنن هاوڵاتى: هه‌ندێک ژن له‌ناو ئوتومبێلى تاکسى داواى پاره‌یان له شۆفێرى تاکسى ده‌کرد له‌ناو هه‌ولێر ئه‌گه‌ر پاره‌کانیان پێ نه‌دات خۆیان روتدهکهنهوه؟ ئه‌م حاڵه‌تانه کۆنتڕۆڵکراون؟ هۆگر عه‌زیز: چه‌ند حاڵه‌تێک هه‌بوو چه‌ند ئافره‌تێک، شۆفێرێکى تاکسى هات و وتى ئافره‌تێک هەڕهشهى لێکردووه ئه‌گه‌ر پاره‌م نه‌ده‌یتێ ده‌ڵێم ده‌ستدرێژیم کراوه‌ته‌سه‌ر، جلى خۆم داده‌ڕم، له‌به‌ر عه‌یبه‌ى خۆى هه‌ستاوه چه‌ندى پاره پێبووه پێى داوه. ئه‌وه‌مان کۆنتڕۆڵ کردووه، به‌ڵام باندو گروپ له‌هه‌ولێر و سلێمانى و دهۆک دروستبووه ئیستغلالى بابه‌تى ناموسى خه‌ڵک ده‌که‌ن، له رووى ئه‌و په‌رده‌ى ناموسه‌وه سەدانو هه‌زاران و مه‌لایین دۆلار وه‌رگیراوه، سه‌رده‌مانێک له‌ڕێگه‌ى سکایپه‌وه کچى مه‌غریبى و تونسى و لوبنانى به‌سه‌دان هه‌زار دۆلاریان بۆ چووه، ئێستا له‌هه‌رێمى کوردستان ئه‌و جۆره باندو گروپانه دروستبووه، ئافره‌تمان ده‌ستگیرکردووه چه‌ندین هاوڵاتى ناو هه‌ولێرى روتکردۆتەوهو هه‌ڕه‌شه‌ى بڵاوکردنه‌وه‌ى ڤیدیۆکانى لێکردووه، کۆنتڕۆڵهکهى وشیارکردنه‌وه‌ى کۆمه‌ڵگاى ده‌وێت. له‌ژیاندا هه‌موو مرۆڤێک نهێنى خۆى هه‌یه‌و هه‌موو مرۆڤێک نهێنییه‌کانى به‌شاراوه‌یى ده‌مێنێته‌وه، خواى گه‌وره‌ش ده‌یشارێته‌وه، به‌ڵام مرۆڤه‌کانى توشى ئیحراجى کردووه‌و به‌وهۆیه‌وه حاڵه‌تى خۆکوشتن روویداوه. هاوڵاتى: سۆسیال میدیا هۆکار بووه بۆ ئه‌و جۆره تاوانانه؟ هۆگر عه‌زیز: سۆسیال میدیا واى کردووه ئه‌و جۆره تاوانانه زیاتر بێت، لهحاڵەتهوه بووه‌ته دیارده به‌تایبه‌تى تاوانکردنى هاککردنى فه‌یسبوک هه‌یه‌و نهێنى ئه‌و که‌سه وه‌رده‌گرن، بۆیه داوا ده‌که‌م ئه‌وانه‌ى فه‌یسبوکیان له‌سه‌ر (Yahoo،Gmail) هاککرن زۆر بووه له رێگه‌ى ئیمهیلهکانهوه بیکه‌نه سه‌ر ژماره‌ى مۆبایله‌کانیان و ئیمهیل بۆ دانانى فه‌یسبوک به‌کارنه‌هێنن، چونکه به‌و هۆیه‌وه خه‌ڵک زۆربه‌ى زۆرى تووشى کێشه بۆته‌وه.
به‌دواداچوونى: پشتیوان سه‌عدوڵڵا حزبه سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له به‌ستنى کۆنگره‌دا «پێشێل»ی په‌یڕه‌وى ناوخۆییان ده‌که‌ن و به وته‌ى چاودێرانیش هۆکارى دواکه‌وتنى به‌ستنى کۆنگره‌ى حزبه‌کان بۆ ململانێ و ده‌سته‌گه‌رى ده‌گه‌ڕێته‌وه، و پێشبینی دەکرێت بەکەوتنی باڵێک و سەرخستنی باڵێکی تر کۆتای‌یان پێ بێت. له هه‌رێمى کوردستاندا ٣٨ حزبى سیاسى مۆڵه‌تیان له‌حکومه‌تى هه‌رێم وه‌رگرتووه، له‌و ژماره‌یه پێنج حزبى سه‌ره‌کى که پێکهاتوون له پارتى و یه‌کێتیى و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و کۆمه‌ڵى ئیسلامى و یه‌کگرتووى ئیسلامى خاوه‌نى زۆرترین پێگه‌ى جه‌ماوه‌رین. پارتى دیموکراتى کوردستان له‌ساڵى ١٩٤٦دا دامه‌زراوه، تائێستا ١٣ کۆنگره‌ى به‌ستووه، کۆتا کۆنگره‌ى پارتى ساڵى ٢٠١١ بووه، به پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆ ده‌بێت چوار ساڵ جارێک کۆنگره ببه‌سترێت، به‌ڵام سێ ساڵ به‌سه‌ر واده‌ى کۆنگره‌ى پارتیدا تێپه‌ڕیوه‌و تائێستا هیچ واده‌یه‌کیش دیارى نه‌کراوه بۆ به‌ستنى کۆنگره. یه‌کێتیى نیشتیمانیى کوردستان له ساڵى ١٩٧٦دا دامه‌زراوه، تا ئێستا سێ کۆنگره‌ى به‌ستووه، کۆتا کۆنگره ساڵى ٢٠١٠ بووه، به‌پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌کێتیی؛ ده‌بێت سێ ساڵ جارێک کۆنگره ببه‌سترێت، به‌ڵام زیاتر لەپێنج ساڵ به‌سه‌ر واده‌ى به‌ستنیدا تێپه‌ڕیوه، هه‌روه‌ک بڕیاره 7/12/2019 کۆنگره‌ى چواره‌م ببه‌سترێت. ئەگەرچی حزبەکان دەڵێن بەپێی پەیڕەوو پرۆگرامی ناوخۆ کۆنگرە دەبەستن، بەڵام بە بڕوای چاودێران باڵە ناکۆکەکانی حزبەکان کۆنگرە بۆ «پاکتاوکردن»ی یەکتر بەکاردێنن. له‌تیف نێروه‌یى، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندیی یه‌کێتیی نیشتمانى کوردستان، له‌وباره‌یه‌وه به هاوڵاتی ڕاگه‌یاند «کۆنگره بۆ حزب شتێکى ئیجبارى و حه‌یاتییه، ئه‌گه‌ر کۆنگره نه‌بێت نوێبوونه‌وه نابێت، گۆڕانکارى نابێت، ئه‌گه‌ر کۆنگره نه‌بێت خه‌ڵکێکى نوێ سه‌رناکه‌وێت بۆ سه‌رکردایه‌تى، ئه‌گه‌ر کۆنگره نه‌بێت ئه‌و حزبه له‌شوێنى خۆیدا ده‌مێنێته‌وه‌و ناتوانێت گه‌شه بکات». هه‌روه‌ک وتیشى «ئه‌نجامدانى کۆنگره له‌چه‌ند ڕوویه‌که‌وه گرنگى و بایه‌خى خۆى هه‌یه، مافێکى ڕه‌واى ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى ئه‌و حزبه‌یه له کاتێکى دیاریکراودا کۆنگره ئه‌نجام بدرێت بۆئه‌وه‌ى ئه‌مانه به‌شداربن له‌دیاریکردنى نه‌خشه‌ڕێگاو دیدگاى نوێى ئه‌و حزبه، چونکه باڵاترین بڕیار له‌کۆنگره ده‌درێت بۆ داڕشتنى سیاسه‌تى ئه‌و حزبه‌و سه‌رله‌نوێ دهتنیشانکردنى ئه‌ندامانى سه‌رکردایه‌تى ئه‌و حزبه«. ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌ش کرد: له هه‌مانکاتدا له‌نێوان کۆنگره‌یه‌ک بۆ کۆنگره‌یه‌کى تر کۆمه‌ڵێک گۆڕانکارى ناوخۆیی و ده‌ره‌کى دێنه پێشه‌وه، جارى واش هه‌یه هه‌ندێ ڕوداوو پێشهات ڕووده‌ده‌ن، ئه‌مه وا پێویست ده‌کات حزبه‌کان به‌پێى ڕووداو‌و پێشهاته‌کان کۆنگره ئه‌نجام بده‌ن و گۆڕانکارى له به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وو پرۆگرامیاندا ئه‌نجام بده‌ن. یان زۆر جارى وا هه‌یه «ئینشقاق»ێک دروستده‌بێت، که‌سایه‌تیه‌کى گرنگ یان سکرتێرى حزبێک کۆچی دوایی ده‌کات، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه پێویست به‌کۆنگره ده‌کات، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و بۆشاییه پڕبکرێته‌وه. لاى خۆشییه‌وه، نه‌سرین جه‌مال، ئه‌ندامى جڤاتى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، به هاوڵاتی ڕاگه‌یاند «به‌ستنى کۆنگره بۆ به‌خۆداچوونه‌وه‌و پێداچوونه‌وه به به‌رنامه‌و په‌یڕه‌وو پرۆگرامدا پێویسته‌و ئه‌گه‌ر هه‌ر حزبێک کۆنگره نه‌به‌ستێت ورده ورده ئه‌و حزبه به‌ره‌و داخوران و ململانێ ده‌چێت و له‌وانه‌یه هه‌ندێک جار کێشه‌کان له‌ده‌ست ده‌رچن، بۆیه ده‌بێت کۆنگره له‌کاتى خۆیدا ببه‌سترێت بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه ناوخۆییه‌کان». هاوکات له‌گه‌ڵ ئاماده‌کارى یه‌کێتیى بۆ کۆنگره‌ى چواره‌م و پێکهێنانى لیژنه باسى ڕێکه‌وتنى پێشوه‌خته بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى چه‌ند به‌رپرسێکى ئه‌و حزبه ده‌کرێت. به‌ڵام وته‌بێژه‌که‌ى ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندیی یه‌کێتى ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ى ڕه‌تکرده‌وه‌و وتى «ڕێکه‌وتنى پێشوه‌خته‌ى کۆنگره له‌سه‌ر دابه‌شکردنى پشکه‌کان نییه، به‌ڵام لێکتێگه‌یشتن بۆ چۆنێتى ئه‌نجامدانى کۆنگره‌و دیاریکردنى په‌یکه‌رى نوێى حزب زۆر زه‌روره، بۆئه‌وه‌ى بتوانین کۆنگره‌یه‌کى سه‌رکه‌وتوو ببه‌ستین. هه‌روه‌ک ڕاشیگه‌یاند «تائێستا له‌ناو یه‌کێتیی نیشتمانى کوردستان هه‌نگاوه‌کانى کۆنگره زۆر به شێوازێکى ته‌ندروست به‌ڕێوه‌ده‌چن، لیژنه‌یه‌کى باڵا‌و چه‌ند لیژنه‌یه‌کى فه‌رعیی دروستکراون، ئێمه وه‌کو ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندیی له‌گه‌ڵ جێگرانى سکرتێرى گشتیى و هه‌ڤاڵانى مه‌کته‌بى سیاسى کۆبوونه‌وه‌مان کردووه‌و له‌هیچ کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا باسى مه‌سه‌له‌ى پشک پکشێنه نه‌کراوه‌و له‌به‌رنامه‌شدا نییه، به‌ڵکو پشکى پارێزگا هه‌یه‌و پێوه‌ر بۆ پشکى پارێزگاش له‌سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى ڕێژه‌ى ده‌نگه‌کانى هه‌ر پارێزگایه‌که له دووا هه‌ڵبژاردندا، ئه‌گینا ئه‌وه‌ى ده‌وترێت ئه‌م پشکه بۆ فڵانه به‌رپرس، ئه‌وه ته‌نها قسه‌ى ده‌ره‌وه‌یه‌و ڕاست نییه«. هاوکات له‌میانه‌ى کۆبونه‌وه‌یه‌کیدا له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى لیژنه‌ى به‌ستنى کۆنگره‌ى یه‌کێتى پاڤێڵ تاڵه‌بانى، گوڕه گه‌وره‌ى جه‌لال تاڵه‌بانى، رایگه‌یاند «کۆنگره‌ى نوێبونه‌وه و خۆڕێکخستنه‌وه ده‌به‌ستین، کۆنگره بۆ ته‌سفیه و دابه‌شکارى و پشک پشکێنه نییه، به‌ڵکو بۆ هێنانه پێشه‌وه‌ى توانا‌و هێزى نوێیه، بۆ داڕشتنه‌وه‌ى په‌یڕه‌و پرۆگرام نوێیه، که وه‌ڵام ده‌ره‌وه‌ى گۆڕانکارییه‌کان و داخوازییه‌کانى کادران و دڵسۆزانى یه‌کێتیى بێت. کۆنگره‌ى راسته‌قینه و بێتهوافق ده‌به‌ستین و به‌ره‌و قۆناغێکى نوێى سیاسى هه‌نگاو ده‌نێین» بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ساڵى ٢٠٠٩ دامه‌زراوه، تا ئێستا یه‌ک کۆنگره‌ى به‌ستووه، به پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆى ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه دوو ساڵ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌کان و ساڵێک به‌سه‌ر به‌ستنى کۆنگره‌دا تێپه‌ڕیوه‌و تائێستاش هیچ واده‌یه‌کى دیاریکراو بۆ کۆنگره‌ى دووه‌م دیارینه‌کراوه.هه‌رچه‌ند دوێنێ 14/9 ڕێکخه‌رى گشتى و ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن هه‌ڵبژێردران. نه‌سرین جه‌مال، ئه‌ندامى جڤاتى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌وباره‌یه‌وه به هاوڵاتی ڕاگه‌یاند «هه‌رچه‌ند کۆنگره‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان که‌مێک له‌کاتى خۆی دوواکه‌وتووه، من ناڵێم گۆڕان کێشه‌ى نییه، به‌ڵام دوواکهوتنى به‌ستنى کۆنگره‌ى گۆڕان جیاوازه له حزبه‌کانى تر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه ئه‌و قۆناغه‌مان تێپهڕاندووهو توانیومانه هه‌ڵبژاردن بۆئهندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و ڕێکخه‌رى گشتى به بێ کێشه بکه‌ین». کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ساڵى ٢٠٠١دا دامه‌زراوه، تائێستا سێ کۆنگره‌ى به‌ستووه، کۆتا کۆنگره‌یان ساڵى ٢٠١٥ بووه‌و کۆنگره‌ى داهاتوویان له واده‌ى خۆی لایداوه، هه‌رچی یه‌کگرتووى ئیسلامیى کوردستانه له‌ساڵى ١٩٩٤دا دامه‌زراوه، تا ئێستا حه‌وت کۆنگره‌ى به‌ستووه، کۆتا کۆنگره‌ى ساڵ ٢٠١٥ بووه. بهبڕواى چاودێران دوواکهوتنى به‌ستنى کۆنگره‌ى پارته سیاسییه‌کان له واده‌ى خۆیدا بۆ بوونى ململانێ و ترسی بڕیاربه‌ده‌ستانى له ده‌رنه‌چوونیان ده‌گه‌ڕێته‌وه. نه‌وشیروان حه‌مه غه‌ریب، چاودێرى سیاسى، له‌وباره‌وه بۆ هاوڵاتی ده‌ڵێت «زۆربه‌ى حزبه‌کانى کوردستان به‌تایبه‌تى ئه‌و حزبانه‌ى تووشى شکست هاتوون، جه‌ماوه‌ره‌کانیان لێیان ناڕازین و بڕیاربه‌ده‌سته‌کانیان ترسیان هه‌یه جارێکى تر له کۆنگره دهرنهچنهوه، له کاتێکدا ئه‌و جۆره سه‌رکردانه ده‌بوو خۆیان ده‌ستیان لهکاربکێشایهتهوه«. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند «بڕیاربه‌ده‌ستانى حزبه‌کان کاتێک گۆنگره ده‌به‌ستن کهزهمینهسازییان کردبێت بۆ مانه‌وه‌ى خۆیان له پۆسته‌کانیان. بۆیه زۆر جار جۆره‌ها بیانوو ده‌هێننه‌وه بۆ دوواخستنى کۆنگره، تا ئه‌وکاته‌ى دڵنیاده‌بنه‌وه بۆ مانه‌وه‌ى خۆیان». هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه نازم عبداڵله، ئه‌ندامى پێشووى مه‌کته‌بى سیاسیى کۆمه‌ڵى ئیسلامى، له لێدوانێکیدا به هاوڵاتی ڕاگه‌یاند»حزب جۆرێک له قۆرخکارى به‌خۆیه‌وه بینیوه، سه‌رکرده‌کانیش کاتێک کۆنگره ده‌به‌ستن که دڵنیابن خۆیان ده‌مێننه‌وه، ئه‌گه‌ر نا نایه‌ڵن کۆنگره ببه‌ستن. هه‌روه‌ک وتیشى» کۆنگره‌ى حزبه‌کان دواده‌که‌وێت، چونکه جارى وا هه‌یه کۆنگره ئه‌و ئامانجه ناپێکێت که ئه‌و سه‌رکردایه‌تیه هه‌یه‌تى، له‌وانه‌یه جیابونه‌وه ڕوبدات، یان ته‌که‌تول و ململانێی ناوخۆیى بێته کایه‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر کۆنگره‌که مه‌به‌ست باڵێکى نوێ بێته پێشه‌وه«. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له په‌یڕه‌وى ناوخۆی حزبه‌کاندا ئامانج له‌به‌ستنى کۆنگره بریتییه له‌نوێبوونه‌وه‌و ئه‌نجامدانى ئاڵوگۆڕى نێوخۆیی، به‌ڵام بهبڕواى چاودێران، کۆنگره‌ى حزبه‌کان شوێنى ده‌سته‌گه‌رى و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ى ململانێ نێوخۆییه‌کانه. له‌وباره‌یه‌وه نه‌وشیروان حه‌مه غه‌ریب، وتى «کۆنگره‌ى حزبه‌کانى کوردستان له‌برى ئه‌وه‌ى بۆ نوێبوونه‌وه‌و گۆڕانکارى بێت، بۆ تەسفیه حساب لابردنى گروپێک یان ده‌سته‌یه‌کى تر‌ى نێو حزبه‌که‌یه که ناکۆکن له‌گه‌ڵ یه‌کتر». هاوکات نازم عه‌بدوڵڵا، وتى» پێویسته کۆنگره بۆ چاره‌سه‌رکردنى کهموکوڕتى و ئه‌و ناڕێکییانهى که له‌ڕوى سیاسى و ڕێکخستن و په‌یوه‌ندیه‌کانیان و گوتارى سیاسیى ئه‌و حزبه‌وه ه‌وه هه‌بوه ببه‌سترێت، جگه له‌وه کۆمه‌ڵێک سه‌رکرده هه‌یه و ئه‌دایان باش نه‌بوو تێبینى و ڕه‌خنه‌یان له‌سه‌ر هه‌بوه، له کۆنگره‌دا ئه‌م جۆره سه‌رکردانه لاده‌برێن و خه‌ڵکى تر دێنه شوێنیان». سه‌باره‌ت به ئامانجى کۆنگره‌ى حزبه‌کان، نازم عه‌بدوڵا، رایگه‌یاند» له کوردستاندا کۆنگره ئامانجه‌کانى خۆى نه‌پێکاوه‌و ته‌نها بۆ ئه‌وه ده‌به‌سترێت که بوترێت فڵانه حزب کۆنگره ده‌به‌ستێت». هه‌رله‌و باره‌یه‌وه، ئه‌ندامه‌که‌ى جڤاتى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، وتى»زۆربه‌ى حزبه‌کان کۆنگره‌یان بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه ناوخۆییه‌کانیان نه‌به‌ستووه، به‌ڵکو زیاتر بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ده‌سته‌گه‌رى و کوتلهبازى و شه‌خسی بووه، هۆکارى دوواکهوتنیشى بۆ بوونى ململانێى گه‌وره‌ى نێوخۆى حزبه‌کان ده‌گه‌ڕێته‌وه«.
هاوڵاتى، لاڤین مەحمود حکومەتی عێراق و هەریمی کوردستان هه‌ردوولا یه‌کتر به‌قه‌رزی زۆر تۆمه‌تبارده‌که‌ن، ئەوەش هاوکات له‌گه‌ڵ ده‌نگۆى ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى گفتوگۆکانى نێوان حکومه‌تى عێراق و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کانى نێوانیان. هەڵدانەوەی دۆسیەی قەرزە کۆنەکان هەریەکە وەکو فشاری هەرێم و بەغدا دێت بۆ سەر یەکتر. هەندیک لە نوینەرانی کوردیش لە بەغدا داوادەکەن هەرێم «پەیامێکی ئیجابی» بۆ بەغدا بنێریت بۆئەوەی مووچەی ساڵی داهاتووی فەرمانبەران زامن بکرێت. لە چوارچیوە هەڵدانەوەی دۆسیە کۆنەکانی قەرزەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە بەغدا ٨٠ ملیار دۆلاری هەرێمی کوردستان قەرزارە لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، لەبەرامبەردا حکومەتی عێراق دەڵێت هەرێم ١٠٠ ملیار قەرزارە. شیروان میرزا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له لێداوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتی « تائێستا هیج لایه‌نێک نه‌گه‌یشتونه‌ته ڕێکه‌وتن، چونکه هه‌ردوولا لایه‌که‌ى تر تاوانبار ده‌که‌ن به وهى قه‌رزارى ئه‌وه‌ى تره، هه‌رێم پێى وایه به‌غدا قه‌رزارى ئه‌وه«. له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌کان بۆ لێکنزیکبوونه‌وه‌و ده‌ستپێکردنه‌وه‌ى گفتوگۆکانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا به‌ڵام تائێستا هه‌ردوولا نه‌گه‌یشتوونه‌ته ڕێکه‌وتن له‌سه‌ر پرسه‌کانى بودجه‌و وزه‌و ناوچه جێناکۆکه‌کان و پرسه‌کانى تر. جوتیار عادل، وته‌بێژی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له 11/9/2019 له کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند «حکومه‌تی عێراق 80 ملیار دۆلار قه‌رزارى هه‌رێمی کوردستانه . هاوکات عبدالهادى سه‌عداوى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایی له ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، ڕایگه‌یاند «حکومه‌تى هه‌رێم 100 ملیار دۆلار قه‌رزارى حکومه‌تى عێراقه«. لە دوای رخانی رژێمی بەعس لە ٢٠٠٣ کورد بەشداربوو لەبنیاتنانەوەی عێراقی نوێ، بەسێک لە بودجەی عێراقی وەکو شایەتەی خۆی بەرکەوت بەڵام مووچەی پیشمەرگە لەو چوارچیوەیەدا نەدرا بەهۆی ناکۆکی هەردولا لەسەر ژمارەی هێزەکانی پیشمەرگە. شیروان میرزا وتی «حکومه‌تى عێراق له ٢٠٠٧ بودجەی پێشمه‌رگه‌و ئه‌و قه‌رزانه‌ى کردویه‌تى نه‌یداوه، له ٢٠١٤ پشکى هه‌رێمى به‌ته‌واوى بڕیوه‌و له‌و ڕووه‌وه هه‌رێم پێیوایه ٨٠ ملیار دۆلارى لاى حکومه‌تى عێراقییه، به پێچه‌وانه‌شه‌وه عێراق پێى وایه هه‌رێم داهاتى خاڵه سنوره‌کان و داهاتى ناوخۆى نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه و نه‌وتى سه‌ربه‌خۆ فرۆشتوه، ئه‌ویش پێى وایه که زیاتر له ١٠٠ ملیار قه‌رزاره« هه‌فته‌ى رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوویەوە لەگەڵ پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، لەوێدا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئو پرسە کرا. شیروان میرزا وتی «راسته هه‌رکه‌سه و قسه‌یه‌ک ده‌کات ره‌نگه ئه‌و که‌سانه‌ش هه‌ندێ داتایان لابێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه پێویسته چ وه‌زاره‌تى دارایى چ دیوانى چاودێرى دارایى دانیشن حسابات بکه‌ن که هه‌موو لایه‌ک شه‌فاف بوو له کۆتاییدا حساباته ره‌قه‌م ده‌رده‌چێت و ده‌گه‌نه رێکه‌وتن» کێشه‌کانى نێوان هه‌ردوو حکومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا تائێستا به‌رده‌وامییان هه‌یه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بڕیاره له‌کۆتایی مانگى داهاتوودا بودجه‌ى گشتیى ساڵى 2020 عێراق ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بکرێت. له‌وباره‌یه‌وه شیروان میرزا وتی «له‌سه‌روبه‌ندى ئاماده‌کردنى بودجه‌ى ٢٠٢٠داین، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێویستى به رێکه‌وتن هه‌یه له‌گه‌ل به‌غدا ئێستا له‌شه‌قامى عێراقى بۆچونێک دروستبوه، که‌هه‌رێم نه‌وت راده‌ست ناکات، گرنگه هه‌رێم ئه‌م بۆچونه بڕه‌وێنێته‌وه به‌ناردنى وه‌ڵامێکى ئیجابى و بۆ شه‌قامى عه‌ره‌بى و بۆ لایه‌نه سیاسیه‌کانى عه‌ره‌ب». هەڵدانەوەی ئەو بابەتانە لەکاتێکدایە کە پرسی بودجەو نەوت لە نیوان هەردولا بە هەڵواسراوی ماوتەوە، هەرێم تائێستا ئامادە نیە نەوت رادەستی حکومەتی فیدرالی بکات کە لەیاسای بودجەدا هاتوە، بەغداش ئامادە نیە تەواوی شایستە داراییەکانی هەریم بنێرێت جگە لە مووچەی بەشێک لەفەرمانبەران. به‌هار مه‌حمود، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایی له‌ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له لێداوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتی «گرنگترین خاڵ ئه‌وه‌یه ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئیلتیزام بکات، پێش هه‌موو شتێک به‌و بڕه نه‌وته‌ى له‌یاسای بودجه‌دا هاتوه« هەروەها وتی «هه‌رێم هیچ بژارده‌یه‌کى باشترى له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه به‌ده‌ر له‌گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا، حکومه‌تى عێراقى نیه‌تپاکى خۆی پیشانداوه، پێویسته هه‌رێمیش نیه‌تپاکى خۆى پیشانبدات». داواشی کرد کەحکومهتى هه‌رێمى کوردستان «پەیامێکی ئیجابى» بۆ شه‌قامى عه‌ره‌بى بنێرێت، بۆئەوەی له‌بودجه‌ى ٢٠٢٠ مافی مووچەخۆرانی هەریم دەستبەربکرێت. به‌هار مه‌حمود هەروەها وتی «خاڵى ئه‌رێنى ئه‌وه‌یه هه‌ردوولا ده‌یانه‌وێت ڕێبکه‌ون، حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێیوایه سته‌مى لێکراوه‌و حکومه‌تى عێراقیش پێیوایه هه‌رێمى کوردستان زوڵمى لێده‌کات، کاتى ده‌وێت کهبگهنه ڕێکه‌وتن»
سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن مۆزه‌خانه‌ى سلێمانى، له‌ساڵى2000 به‌فه‌رمى کراوه‌ته‌وه، مۆزه‌خانه به‌شێکه له‌وه‌زاره‌تى شاره‌وانى و گه‌شتوگوزار، (19) ساڵه هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا بهڕێوەبهریهتى. له‌چاوپێکه‌وتنه‌که‌ى له‌گه‌ڵ هاوڵاتى باسى له‌وه‌کرد چه‌ندین شوێنه‌وار هه‌یه، ده‌توانرێت ڕۆڵیان هه‌بێت له‌به‌ره‌وپێشبردنى که‌رتى گه‌شتوگوزارو زیادکردنى داهات و داوا ده‌کات کهدهستهیهکى سه‌ربه‌خۆبن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستکراوه‌تر بن و کارى زیاتر بکه‌ن بۆ به‌ره‌وپێشبردنى ناوچە شوێنه‌واریه‌کان و پاراستنیان. هاوڵاتى: سه‌ره‌تا کهمۆزهخانهى سلێمانى کرایه‌وه چى تێدابوو؟ توانرا پارچه‌ى هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان کۆبکرێته‌وه؟ باس له‌چى ده‌که‌ن ئه‌و پارچانه؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: چه‌ندین ساڵ پێش ساڵى2000 مۆزه‌خانه هه‌ر هه‌بوه، به‌ڵام به‌هۆى شه‌ڕه‌وه نه‌ده‌کرا به‌ئاشکرا هه‌بێت و به‌کردنه‌وه‌ى به‌پێی ئه‌و پارچانه‌ى کهههمانبون، پارچه‌ى هه‌موو سه‌رده‌مه مێژووییەکانى تێدابوو، لهچاخى به‌ردینه‌وه، تاسه‌رده‌مى مێژوویى، پارچه‌کان باسى قۆناغه مێژووییەکانى ژیانى مرۆڤایه‌تى ده‌کات، که‌مرۆڤ له‌وکاته‌دا به‌ردى به‌کارهێناوه بۆ هه‌موو شتێکى ژیانى، دواتر ورده ورده کهکۆچى کردووه‌و ئه‌شکه‌وتى به‌جێهێشتوه، له‌گونده‌کاندا ژیاون قوڕیان به‌کارهێناوه‌و دواتر مس و کانزاکانى تریان دۆزیوه‌ته‌وه. هاوڵاتى: له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادى؟ ژماره‌ى پارچه‌کانتان زیادبون بۆ؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: له‌دواى پرۆسه‌ى ئازادییه‌وه ژماره‌یه‌کى زۆر تیمى ئه‌مریکى هاتن و لهگردو ته‌پۆڵکه‌کانى سنورى پارێزگاى سلێمانى کاریان کرد‌و پارچه‌ى کوردستانى خۆمان به‌تایبه‌تى زۆرتر بون، داواکاریش زیاتر خه‌ڵک داواى پارچه‌ى کوردستان ده‌کات، بۆیه زیاتر ئه‌و پارچانهمان کۆکرده‌وه، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى پێش مێژوو زۆرن. هاوڵاتى: به‌چ ڕێگه‌یه‌ک پارچه‌کانتان ده‌ستده‌که‌وێت؟ ژماره‌ى پارچه‌کان چه‌ندن؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: پارچه‌کان زیاتر به سێ ڕێگه ده‌ستمان ده‌که‌ون، یان ئه‌وانه‌ن که‌هاوڵاتى پێشکه‌شى مۆزه‌خانه‌ى ده‌کات، یان له‌ئه‌نجامى پشکنیندا، یاخود ئه‌وانه‌ى که ده‌ستى به‌سه‌رداده‌گیرێت، وه‌ک ئه‌وانه‌ى که خه‌ڵک ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌کى نایاسایى کڕین و فرۆشتنى پێوه‌بکات، بۆیه له‌ڕێگه‌ى تیمهکانیشهوه به‌رده‌وام له‌زیادبوندان و به ده‌یان هه‌زار پارچه‌مان هه‌یه. هاوڵاتى: مۆزه‌خانه چ ڕۆڵێکى هه‌یه بۆ پێشکه‌وتنى وڵات؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: مۆزه‌خانه ناوه‌ندێکى زانستى و فکرى کۆنه‌و گه‌نجینه‌یه بۆ کۆکردنه‌وه‌ى مێژووى ناوچه‌که‌و که‌ره‌سته‌کانى و چۆنیه‌تى ژیانیان ڕونده‌کاته‌وه بۆ ئه‌و وڵاته، ئه‌سڵه‌ن له‌وڵاتان چه‌ندین مۆزه‌خانه هه‌یه، که‌ئێمه به‌هه‌موو هه‌رێم چوار مۆزه‌خانه‌مان هه‌یه، که‌ده‌توانرێت له‌ڕێگه‌یه‌وه مێژووى وڵاتێک بگێڕێته‌وه. هاوڵاتى: هۆشیارى خه‌ڵک تاچه‌ند به‌رزبۆته‌وه بۆ هاوکارى مۆزه‌خانه له‌هێنانى پارچه ئاسهواریهکان و سه‌ردانى کردنیان بۆ مۆزه‌خانه؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: هۆشیارى هاوڵاتى له‌ئه‌نجامى سه‌ردانیکردنیانه بۆ مۆزه‌خانه، که بهخۆشحاڵییەوە به‌رده‌وام ئاستى هۆشیارى له‌به‌رز بونه‌وه‌دایه، چونکه که سه‌ردانى کرد‌و بینى چه‌ند به‌نرخه ئه‌و پارچانه له‌م شوێنه‌دا بپارێزرێت و ئه‌مه شوێنى خۆیه‌تى بۆ ئه‌وه‌ى نرخه‌که‌ى ده‌رکه‌وێت، پێویسته ئه‌و پارچه‌یه له‌مۆزه‌خانه بێت، زیاتر ئه‌وانه‌ى کهسهردان ده‌که‌ن خوێندکارى بنه‌ڕه‌تین و ئه‌وانه‌ى که لهزانکۆن که‌مترین حه‌زیان هه‌یه بۆ سه‌ردانى کردن، چونکه له‌منداڵییه‌وه لایان نه‌چه‌سپێنراوه. هاوڵاتى: به‌شێکى تازه کراوه‌ته‌وه تایبه‌ته به‌به‌شى منداڵان؟ ئه‌م به‌شه بۆچى پێوسته؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: ئه‌م به‌شه هه‌فته‌یه‌که کراوه‌ته‌وه، به‌پێى زۆرى ئه‌وانه‌ى سه‌ردانمان ده‌که‌ن، بۆیه منداڵیش حه‌ز ده‌کات، زیاتر ده‌ست له‌و شتانه بدات که ده‌یبینێت بۆیه ئه‌م به‌شه‌مان کردەوهو ئه‌و پارچانهمان به‌کۆپى کراو له‌وێدا داناوه بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن ده‌ستى لێبده‌ن، پارچه قوڕێکى ده‌درێتێ بۆ ئه‌وەى ئه‌و شتانه‌مان بۆ دروستبکه‌نه‌وه و لممان داناوه بۆ ئه‌وه‌ى بزانن شت چۆن ده‌دۆزرێته‌وه‌و خۆى هه‌ڵکۆڵین بکات، ئه‌مه گرنگى له‌وه‌دایه که بیربکاته‌وه، بۆ ئه‌وەى بزانێت باوک و باپیرانى ئاوا ژیاون و له‌گرنگى پارچه‌ى مێژوویى بزانێت، بۆ ئه‌و قوتابخانانه‌ش که له‌ده‌ره‌وه‌ى شارن و لهگوندهکاندان، له‌به‌رنامه‌ماندایه، له‌ڕێگه‌ى کردنه‌وه‌ى خوله‌وه بۆ مامۆستایان تا ئه‌وانیش بتوانن پارچه کۆنه‌کان به‌کۆپى کراوى به‌رن و وانه‌ى له‌سه‌ر بخوێنن. هاوڵاتى: ئه‌و پارچه‌و شته کهلهپوریانهى که لهمۆزهخانهدایه، که‌سێک هه‌یه زانیارى وردى هه‌بێت له‌سه‌ر شته‌کان و هاوکارى ئه‌و که‌سانه بێت کهسهردانى مۆزه‌خانه ده‌که‌ن؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: شێوازى مۆزه‌خانه ئه‌وه‌یه که بێجگه له پارچه‌کان نوسراوێکیش له‌سه‌ر پارچه‌که دانراوه که‌مێژووى ڕونکردنه‌وه‌یه‌کى کورتى تێدایه سه‌باره‌ت به‌و پارچه‌یه، به‌ده‌ر له‌وه‌ش ئه‌پڵیکه‌یشنێکمان دروستکردووه، له‌ڕێگه‌ى شاشه‌یه‌که‌وه، که‌ئه‌وانه‌ى حه‌ز بکه‌ن له‌و ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانن زانیارى زیاتر له‌سه‌ر چه‌رخى مێژووى پارچه‌کان بزانن، که‌چه‌ند ڕێبه‌رێک ئه‌و شتانه ڕونده‌که‌نه‌وه به‌چه‌ند زمانێک و له‌ڕێگه‌ى ڕێبه‌ره‌که‌وه پرسیار ده‌که‌ن و وه‌ڵامده‌درێته‌وه. هاوڵاتى: پێت وانیه مۆزه‌خانه‌یه‌کى ئاوا پێویسته به‌رده‌وام کراوه بێت؟ نه‌ک ته‌نیا له‌کاتى ده‌وامى حکومی‌دا؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: به‌داخه‌وه پێویسته به‌رده‌وام بکرێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌و هاندانێک نیه بۆ ئه‌و کارمهندانهو کاره‌باو که‌ره‌سته‌ى زۆر باش، که پێویسته هه‌مووى پێکه‌وه هاوکاربن و مۆزه‌خانه هه‌موو کات کراوه‌بێت بۆ خزمه‌تى زیاترى ئه‌و که‌سانه‌ى سه‌ردان ده‌که‌ن. هاوڵاتى: تاچه‌ند گرنگى بهمۆزهخانهى سلێمانى دراوه وه‌ک شوێنى پاراستنى ئاسه‌واره‌کان کهسهروهتێکى مێژوویی سلێمانین؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: به‌داخه‌وه که مۆزه‌خانه پێویسته له‌کاره ئهولهویاتهکانى حکومه‌ت بێت، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه وایکردوه نه‌توانێت بژێویى هاوڵاتیانیش دابین بکات و مۆزه‌خانه ڕوحێکى زیندووى شارەکهیه، تۆ چۆن ڕوح ده‌که‌یته به‌رى که که‌ره‌سته‌و پێداویستیه‌کانى نه‌بێت، وه‌ک بینا، یان پارکى ئوتۆمبێل که‌هه‌ر نیه له‌م بینایهداو سه‌وزایى و پارک. هاوڵاتى: خوێندکارانی به‌شى شوێنه‌وار له‌زانکۆى سلێمانى کهتهواوى ده‌که‌ن دانامه‌زرێن، تاچه‌ند سود له‌وانه وه‌رده‌گیرێت؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: پێویسته ئه‌وانه بێن لاى ئێمه دابمه‌زرێن کهشارهزاییهکى بنه‌ڕه‌تییان له‌گه‌ڵ شوێنه‌وار هه‌یه، به‌ڵام به‌داخه‌وه که دامه‌زراندن نیه‌و ناتوانین سود لهئهوانهش وه‌ربگرین. هاوڵاتى: ئایا مۆزه‌خانه‌ى سلێمانى بودجه‌یه‌کى تایبه‌تى هه‌یه؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: به‌داخه‌وه هیچمان نیه‌و پێویسته بودجه‌ى تایبه‌تى خۆى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر ده‌ستکراوه بن له ئیشوکارهکانمانداو بخرێینه سه‌ر وه‌زاره‌تێک کهدهستکراوهبێت، به‌داخه‌وه که بودجه‌یان سفره. هاوڵاتى: چۆن ئه‌و شوێنانه دیاریده‌که‌ن کهههڵکۆڵینى تێدابکه‌ن؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: زۆربه‌ى گرده شوێنه‌واریه‌کان ڕوپێوى شوێنه‌وارى بۆکراوه‌و ده‌زانین چینه‌کانى سه‌ره‌تاى بۆ سه‌رده‌مى ئیسلامى و چینه‌کانى خواره‌وه‌ى بۆ چاخى به‌ردین ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م گردانه پێوست ده‌کات بپارێزرێن، چونکه که‌هه‌مووى هه‌ڵکۆڵین بۆ نه‌وه‌کانى داهاتومان هیچ نامێنێت که توێژینه‌وه‌ى له‌سه‌ربکه‌ن. هاوڵاتى: ئایا یاسایه‌ک هه‌یه کارى پێبکرێت وه‌ک یاساى شوێنه‌وار؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: له‌کوردستان یاسایه‌ک هه‌یه که‌سزاى سه‌رده‌مى عێراقیه‌و سزایه‌کى زۆر که‌مه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى کهدهستدرێژى ده‌که‌نه‌سه‌ر ئه‌و شوێنانه‌ى کهگرده شوێنهواریهکانن، پێویسته یاساکه له‌په‌رله‌مان هه‌مواربکرێته‌وه‌و به‌وپێیه پاڵپشتى زۆرت ده‌بێت، تابتوانرێت له‌بوارى شوێنه‌واردا په‌ره‌ى پێبدرێت و خۆى بژیه‌نێت، نه‌ک بچێته‌وه داهاتى ده‌وڵه‌ت و دیسانه‌وه له‌وێوه سهرفبکرێتهوه. هاوڵاتى: ئه‌و شتانه‌ى که له‌وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ن و ئاسه‌وارى کوردن تاچه‌ند ئێوه یان حکومه‌ت هه‌وڵتانداوه بیانهێننه‌وه مۆزه‌خانه‌کانى خۆمان؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: له‌ئێستادا زۆر گرانه چونکه له‌ڕوى یاساوه سه‌ر بهدهوڵهتى عێراقین، بۆیه پێویسته ئه‌و کاره‌بکات و ده‌سه‌ڵاتێکى یاسایى وامان نیه تابتوانێت وا له‌وڵاتان بکه‌ین بیهێننه‌وه، پێشوه‌خت پێویستمان بهیاسایە، ئه‌وکات ده‌توانین ئه‌وه بکه‌ین، له‌کۆندا زۆر شت براوه‌و له‌زۆربه‌ى مۆزه‌خانه‌کانى ئه‌وروپا، له‌ئه‌مریکاو شیکاگۆ. هاوڵاتى: ئه‌و پارچانه‌ى که له‌وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ن له‌مۆزه‌خانه‌کاندا مێژووه‌که‌ى پارێزراوه بۆ کورد یان نا؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: ئه‌و سه‌رده‌مه سنوره‌کان نه‌بون، بۆیه ئه‌وانه تایبه‌ت نین، مێژووى مرۆڤایه‌تى بوه، واته هه‌موو پارچه کانى چه‌رخى به‌ردین ته‌نیا هى کورد نین، به‌ڵکو تایبه‌تن به‌مرۆڤایه‌تى. هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر که‌سێک پارچه زه‌وییه‌کى خۆى هه‌بێت و شتێک بدۆزێته‌وه لهزهویهکهى خۆیدا به‌پاره بۆتان ده‌هێنێت یان به‌دیارى؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: یاساى شوێنه‌وار ده‌ڵێت، هه‌رچى له‌ژێر زه‌وى بوو به نه‌وت و یۆرانیۆم و ئاسن، موڵکى مرۆڤایه‌تییه، پێویسته ده‌سه‌ڵاتى شوێنه‌وار بچێت و ههڵیبکەنێت و بیپارێزێت، که که‌سه‌که خۆى بیبات بگیرێت ڕوبه‌ڕوى یاساى زۆر توندده‌بێته‌وه، ئه‌و که‌سه ته‌نیا به‌شى سه‌ره‌وه‌ى کڕیوه‌و بهکاریدەهێنێت بۆ خۆى، به‌ڵام ئێمه بۆ ئه‌وه‌ى هاندانێک بکه‌ین، که‌خۆى پێشکه‌شى بکات به‌ئێمه، خۆمان بۆمان هه‌یه پاداشتى داراییشى بکه‌ین، به‌نمونه له‌گوندى قهرهشتان به‌ردێک دۆزراوه‌ته‌وه خاوه‌نه‌که‌ى بردویه‌تى بۆ ناو ماڵه‌که‌ى خۆى و تاساڵى نهوەدهکان پێشمه‌رگه‌یه‌ک پێشکه‌شى مۆزه‌خانه‌ى کردووه‌و به‌ناوى خۆشیه‌وه تۆمارکراوه، ڕێزمان لێناوه، که‌مێژووه‌که‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوو هه‌زار ساڵ پێش زایین. هاوڵاتى: چه‌ند شوێنى ئاسه‌وارى هه‌یه کهگهشتیار ده‌توانن سه‌ردانى بکه‌ن و ببنه ناوچه‌یه‌کى گه‌شتوگوزار بۆ کوردستان؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: گردهکانمان هه‌یه که‌هیچ شوێنێکى تێدانیه خه‌ڵک بچن بۆ گه‌شتیارى، به‌ڵام ئه‌شکه‌وت و نه‌خشه ههڵکۆڵراوهکانمان هه‌یه که‌خه‌ڵک ده‌چن بۆ گه‌شتیارى بۆ سه‌ردانیان، نه‌خشى قزقاپان و دهربهنى گاور و ره‌به‌نه و میرکولیه، له‌سنورى سلێمانیدا، ناشکرێت ئه‌مانه بکرێن به‌شوێنى گه‌شتیارى چونکه کارى هه‌ڵکۆڵین ته‌واو نه‌بوه، مێژوه‌که‌ى له‌ناوده‌چێت، ته‌نیا قزقاپان له‌ئێستادا ده‌توانین بیکه‌ینه گه‌شتیارى. هاوڵاتى: تاچه‌ند ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار هاوکارتانن بۆ کردنى ئه‌و ناوچه شوێنه‌واریانه بۆ ناوچه‌ى گه‌شتیارى؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: به‌داخه‌وه هێشتا نه‌گه‌یشتوینه‌ته ئه‌و ئاسته‌ى که پشت به‌شوێنه‌وار ببه‌ستین بۆ ئه‌وه‌ى ببێته ناوچه‌یه‌کى گه‌شتیارى و سه‌رچاوه‌یه‌کى داهات، چونکه ته‌نیا هه‌ر ئه‌وه نیه شوێنه‌که بکرێته شوێنێکى گه‌شتیارى، به‌ڵکو ئه‌وه کاره‌باى پێویسته‌و ڕێگاوبان و ئوتێل و شوێنى حه‌وانه‌وە بۆ گه‌شتیاره بیانیه‌کان، به‌تایبه‌تى ئه‌وکات ده‌توانى به بلیتیش بێت بۆ چونه ژوره‌وه‌و ببێته داهاتێکى زیندوو. هاوڵاتى: پرۆژه و پلانتان چییه بۆ پێشخستنى مۆزه‌خانه و ده‌ستکه‌وتنى پارچه‌ى زۆرى ئاسه‌وارى؟ هاشم حه‌مه عه‌بدوڵڵا: ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌و ناوچه شوێنه‌واریانه بکه‌ینه هه‌م گه‌شتیارى، هه‌م سه‌رچاوه‌یه‌کى داهات و ئه‌و شوێنانه بخرێته ڕێبه‌رى گهشتوگوزارییهوهو پرۆژه‌یه‌کى تریشمان هه‌یه کهکارگهى جگه‌ره‌ى سلێمانى به‌شێکى بکرێت به‌مۆزه‌خانه، به‌ڵام بودجه‌یه‌کى زه‌به‌لاحى ده‌وێت، هیوادارم رێکخراوه ناوخۆیى و بیانیه‌کان هاوکارمان بن و پێکه‌وە ئه‌و به‌شه بکرێته‌وه، ئه‌وه خه‌ونێکى گه‌وره‌ى ئێمه‌یه، له (100) هه‌زار ساڵه‌وه تا سێ هەزارو 500 پێش زایین ژیان له‌کوردستان هه‌بوه، به‌ڵام له‌باشورى عێراقدا نه‌بوه، که‌واته پێویستت بهمۆزهخانهیهکى زۆر گه‌وره‌و مۆزه‌خانه‌ى زیاتره که‌هه‌بێت بۆ هه‌موو به‌شه جیاوازه‌کان.
هاوڵاتى کاندیدە ژنەکانی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان لە هەڵبژاردنی دوێنێ شەممەی ئەو حزبەدا کشانەوە بەهۆی «بارودۆخ»ی ناوخۆیی حزبەکەوە، ئەوەش بەپێی قسەی ژنە ئەندامیکی جڤاتی گشتی. خانەی راپەڕاندنی گۆڕان بەرزترین دەسەڵاتی کارگێڕی بزوتنەوەکەیەو هاوتای مەکتەبی سیاسی حزبەکانی ترە، ئەندامانی خانەکە لە لایەن ئەندامانی جڤاتی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێن. بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە کە دوێنێ شه‌مه بەڕێوەچوو سێ ئافرەت کاندید بوون دوانیان پاشەکشەیان کرد، بەڵام ئەوەشی مایەوە دەرنەچوو. هه‌ریه‌ک له دڵخواز کاکه‌ڕه‌ش و نه‌سرین جه‌مال، خۆیان بۆ پۆستى سه‌رۆکى جڤاتى گشتیی بزووتنه‌وه‌که کاندید کرد، به‌ڵام دواتر پاشه‌کشه‌یان کرد. له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ى دوێنێشدا مونیره عوسمان، خۆی بۆ ئه‌ندامى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن کاندیدکرد، به‌ڵام ده‌نگى پێویستی نه‌هێنا و ده‌رنه‌چوو بۆ خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن. سه‌باره‌ت به‌نه‌بوونى ئافره‌ت له خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن، گێلاس محێدین، ئه‌ندامى جڤاتى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، به هاوڵاتى وت «که‌س ڕێگرى له ژنان نه‌کرد، ڕاسته پێشووتر دوو ژن خۆیان کاندید کرد، به‌ڵام خۆیان به ئاره‌زووى خۆیان پاشه‌کشه‌یان کرد، به‌ڵام له‌به‌ر هه‌ندێ بارودۆخى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، هه‌موو حزبێک کێشه‌و ململانێى تێدایه، هه‌رچه‌ند کێشه‌کانى ناو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌وه‌نده گه‌وره نییه، وه‌کو له‌هه‌ندێک ده‌زگاى ڕاگه‌یاندن گه‌وره‌کراوه«. هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه گێلاس محێدین، ئه‌ندامى جڤاتى گشتیی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، به هاوڵاتى راگه‌یاند» هه‌ڵبژاردنه‌که به شێوازێکى مه‌ده‌نییانه‌ى مۆدێرن به‌ڕێوه‌چوو، پرۆسه‌که به‌بێ هیچ کێشه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌چوو، کاندیده‌کان زۆربوون و کێبرکێیهکى مه‌ده‌نییان کراو ئه‌وانه‌ى که ده‌رچوون هه‌م گه‌نجى تێدایه، هه‌م خه‌ڵکى به ئه‌زمون و به ته‌مه‌نى تێدایه«. لە هەڵبژاردنەکەدا عومه‌رى سه‌ید عه‌لى، به 28 ده‌نگ به ڕێکخه‌ری گشتیى هه‌ڵبژێردرایه‌وه، هه‌ریه‌ک له «جه‌لال جهوههرو برزۆ مه‌جید و عه‌دنان عوسمان و ده‌رباز محه‌مه‌دو شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا»، به ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن هه‌ڵبژێدران. هه‌روه‌ک له هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى جڤاتى گشتى که رۆژى پێنجشه‌مه‌ى ڕابردوو به‌ڕێوه‌چوو،جه‌مال محه‌مه‌د، ڕاسته‌وخۆ بووه ئه‌ندامى خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن. ئه‌نجامى ده‌نگه‌کانى ڕێکخه‌رو ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن به‌مشێوه‌یه‌یه: بۆ پۆستى ڕێکخه‌رى گشتی: عومه‌رى سه‌ید عه‌لى 28 ده‌نگ، شۆڕش حاجى: 12 ده‌نگ جه‌لال جه‌وهه‌ر: سکرتێرى فراکسیۆنه‌کان: 33 ده‌نگ، برزۆ مه‌جید: سکرتێرى کاروبارى خه‌ڵک، 23 ده‌نگ، ده‌رباز محه‌مه‌د: سکرتێرى ژوره‌کان، 24 ده‌نگ، عه‌دنان عوسمان: سکرتێرى جڤاتى نیشتمانى، 22 ده‌نگ، شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا باژێژروانهکان 22 ده‌نگ. عه‌دنان عوسمان، سکرتێرى جڤاتى نیشتمانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، رایگه‌یاند «کارى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له قۆناغى داهاتودا هه‌وڵدانه بۆ بونیاتنانه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌کانى خۆى و به‌هێزکردنى دامه‌زراوه‌کانی، به‌هێزکردنى جڤاتى نیشتیمانی، به‌هێزکردنى ژوره‌کان که بڕبڕه‌ى پشتى بزوتنه‌وى گۆڕانن، ئه‌مانه کۆمه‌ڵێک ئه‌رکى بزوتنه‌وه‌که‌یه که ده‌بێت بکرێن». هه‌روه‌ک وتیشى «ده‌بێت گۆڕان دیدێکى رۆشنى هه‌بێت بۆ سه‌رجه‌م پرسه‌کان، ده‌بێت ده‌ستوبرد و ئازابێت، خۆى به هێزێکى گه‌وره و به‌رپرسیار و کاریگه‌ر بزانێت، بزوتنه‌وه‌یه‌ک نه‌بێت بۆ خۆى بژی، به‌ڵکو بزوتنه‌وه‌یه‌ک بێت بۆ ده‌وروبه‌رو کۆمه‌ڵگه بژی، ئه‌وه‌ش پێویستى به نه‌خشه و پلانه و پێویستى به به‌شداریى که‌سایه‌تییه کاریگه‌ره‌کانى بزوتنه‌وه‌که‌یه«.
ڕاپۆرتی: بی بی سی وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا لەگەڵ ئەوەی ئەمازۆن هێشتا لەسووتاندایە بەڵام بەشەکانی تری جیهانیش لەگەڵیدا دەسوتێن، هەرچەندە بڕی سووتانەکان بەبەراورد بەڕابردوو کەمترن. لەئێستادا ناوچەیەکی زەبەلاحی دارستان لە روسیا، ئاسیا‌و ئەفریقا گڕیان گرتووە. بڕی ئاگرەکان لەسەرتاسەری جیهان پریشکی تووڕەیی دروستکردووە. بەڵام قەبارەی ئەم ئاگرانە بێهاوتان (پێشتر بوونیان نەبووە) یان لەساڵانی رابردوودا فراوانتر بوون؟ بەیارمەتی ئاماری مانگی دەستکرد چوار ناوچە تەماشاکراوە- بەڕازیل، سیبیریا، ئەندۆنیزیا، ئەفریقای ناوەڕاست، ئەنجامەی ئەوەیە کە هەرچەندە ئاگرەکانی ئەمساڵ زیانی بەرچاویان داوە لەژینگە، بەڵام ئاگرەکان لە رابردوودا خراپتربوون. ئەمازۆنی گڕگرتوو نزیکەی لەسەدا ٦٠% ی دارستانی ئەمازۆن لە بەڕازیلدایە. بەپێی ئاماری پەیمانگەی نیشتمانی بەڕازیل بۆ توێژینەوەی فەزایی، ژمارەی ئاگرەکانی نێوان کانونی دووەم و ئابی ٢٠١٩ دوو ئەوەندە زیادی کردووە بەبەراورد بەهەمان ماوە لەساڵی رابردوودا. لەسەرەتادا ژمارەیەکی پێوانە شکێنی ئاگر لەسەرتاسەری بەڕازیلدا بڵاوکرایەوە، بەڵام ئەم هەواڵە هاوپێچ نەبوو لەگەڵ هەموو ئەو داتا مێژووییانەی بەردەستن. هەرچەندە ئاگرەکانی ئەمساڵ تا ئێستا بەرزترینن لە نۆ ساڵی رابردوودا، بەڵام نزمترن لەزۆربەی بڕی ئاگرەکانی چەند ساڵانێک لەدەیەی رابردوودا لەنیوان ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٠. هەمان شێواز بەدیدەکرێت بۆ دارستانەکانی تری بەرازیل کەبەشێک نین لەدارستانی ئەمازۆن. ئەگەر سەیری وێنەکانی مانگە دەستکردەکان بکەین بۆ کۆی گشتی ئەو ناوچە دارستانیانەی سوتاون لە ئەمازۆنی بەڕازیلدا بۆ هەر ساڵێک، دووبارە ئاستی زۆر بەرزدەبینن لە سەرەتای ساڵەکانی ٢٠٠٠. لەمساڵدا، کە ئامارەکان تا کۆتایی مانگی ئابە، کۆی گشتی ئەو ناوچانەی سووتاون لەو هەشت مانگەدا ٤٥ هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. ئەم ئامارە ئاماری ساڵی ٢٠١٨ی تێپەڕاندووە، بەڵام وادیارە ناگاتە ئەو لوتکەیەی لە دەیەی رابردوودا بینراوە. ئاگر ڕووداوێکی باوە لەوەزری وشکداو دەگونجێت سروشتیانە روبدات، بەتایبەتی لەکاتی وشکەساڵیدا. بەڵام شارەزایان بڕوایانوایە زۆربەی ئەو ئاگرانەی لە بەرازیلدا هەن لەمساڵدا بەهۆی چالاکی مرۆڤەوە دروستبوون - جوتیاران، ئاژەڵداران و داربڕان ناوچەکە ساف دەکەن بۆ کشتوکاڵ و لەوەڕ، هەرچەندە ٢٠١٩ وەک ساڵانی دیکە وشک نییە. دکتۆر میشێل کەلاماندین، ژینگەزانێکی دارستانی ئەمازۆن دەڵێت «ئاگر نیشانەی کۆتایی پرۆسەی دارستان بڕینەوە (نەهێشتن)ە». «ئەو دارە زەبەلاحانەی کەزۆرجار پەیوەستیان دەکەین بە ئەمازۆنەوە دەبڕدرێن، فەرامۆش دەکرێن تا وشک دەبنەوەو پاشان ئاگر وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت بۆ پاککردنەوەو ساف‌کردنی زەوییەکە تا ئامادەبکرێ بۆ لەوەڕگا، کشتوکاڵ، یان تەنانەت کانسازی نایاسایی». ئاگرەکانی سیبیریا گروپی کەمپینی ژینگەیی «گرین پیس» ئەو ئاگرانەی سیبیریای روسیای گرتوەتەوە لەمساڵدا بەیەکێک لەخراپترین رووداوەکانی ئاگر ناوزەند کردووە لەم سەدەیەدا. ڕاپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوەدەکەن ئەو گڕو دوکەڵەی دروستبوو هەمان قەبارەی هەموو وڵاتە ئەوروپیەکانی هەبوو پێکەوە. ئاگری دارستان لەسیبیریا رووداوێکی باوە لەهاویناندا، بەڵام پلەی گەرمی پێوانە شکێن و ڕەشەبای توند بارودۆخەکەی خراپتر کردووە. بەپێی ئاماری ئاژانسی فیدڕاڵی دارستانزانی روسیا، زیاتر لە 10 ملیۆن هێکتار (١٠٠ هەزار کم چوارگۆشە) ئاگری بەرکەوتووە لەسەرەتای دەستپێکی ئەمساڵەوە، کەئەمەش بڕی گشتی ساڵی ٢٠١٨ی تێپەڕاندووە کە هەشت ملیۆن و ٦٠٠ هەزار هێکتار (٨٦ هەزار کم چوارگۆشە) بوو. ئەو ساڵە بەخراپترین ساڵ ناوزەند کرا لە سەردەمی نوێ‌دا لەلایەن میدیاکانی حکومەتی روسیاوە. بە وردبوونەوە لە ئامارەکانی ژمارەی ئاگرەکان، رووندەبێتەوە کەساڵی خراپتر هەن بەدیاریکراویش ساڵی ٢٠٠٣ کە زیاتر لە ٥٠٠ هەزار ئاگری لێکەوتوەتەوەو ساڵی ٢٠١٢ کە زیاتر بووە لە ٣٥٠ هەزار ئاگر، ئەمەش زۆرترە لەئاماری ساڵی ٢٠١٨ کە نزیکی ٢٠٠ هەزار بوو، تا ئێستاش زیاترە لە ساڵی ٢٠١٩ کە ژمارەکە تا کۆتایی مانگی ئاب نزیک دەبێتەوە لە ٣٠٠ هەزار. وەرزی ئاگری ئەندۆنیزیا لەئێستادا ئەندۆنیزیا لە لوتکەی ئەو وەرزەدایە کە پێی دەوترێت وەرزی ئاگر، کە هاوپێچیشە لەگەڵ وشکترین مانگەکانی ساڵ. ئەو ناوچە دارستانیەی ئەندۆنیزیا شوێنی هەندێک لە بەربڵاوترین فرە زیندەوەرەکانی جیهانە و دێرینتیرن دارستانی خولگەیی (گەرمەسێری)یە. بەبەکارهێنانی ئامارەکانی مانگە دەستکردەکان ئەوە ئاشکرابووە کەزیاتر لە ٢٠ هەزار ئاگر لەمساڵدا کەوتوەتەوە. بەڵام بەشێوەیەکی بەرچاو ئەمە کەمترە لەو ژمارەیەی لە ٢٠١٥دا تۆمارکراوە کە ١٨٠ هەزار ئاگر بوو. بۆ ساڵی ٢٠٠٦ ژمارەکە ١٦٠ هەزارەو ٢٠٠٢ش ١٢٠ هەزار. لە ئەندۆنیزیا زۆرجار ئاگر لە قەوزاوەکان بەردەدرێ لەلایەن کۆمپانیاکان و کۆمەڵێکی کەمی جاوتیاران بۆ پاککردنەوەی زەوییەکەی بۆ ڕۆنی خورما، تۆوی میوەو دروستکردنی کاغەز. هەندێکجار ئەم سوتانانە بڵاودەبنەوە بۆ ئەو ناوچانەی قەدەغەیە بسوتێنرێن. ئەفریقای نیمچە بیابان مانگە دەستکردەکانی ناسا هەزارەها ئاگریان بەدیکردووە لەئەنگۆلا، زامبیا، کۆنگۆ، بەڵام ئەمانە نەگەشتوون بەئاستە تۆمارکراوە بەرزترینەکان. «پێموانییە هیچ بەڵگەیەک هەبێت کە ئەو ئاگرانەی ئێستا هەن لە ئەفریقادا خراپتربن لەوانەی لەم ساڵانەی دواییدا بینیومانە»، دێنس مەکلین، لە لقی راگەیاندنی «کەمکردنەوەی مەترسی کارەساتەکان لە نەتەوەیەکگرتووەکان» بە بی بی سی وت. بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن ڕێکخراوی چاودێری دارستانی جیهانییەوە شیکراونەتەوە، ژمارەی ئاگرەکانی کۆنگۆ و زامبیا کەمێک لەسەروو تێکڕاوەن لەم وەرزەدا، بەڵام ساڵانی پێشوو بەرزتر بوون. ئاماری ساڵی ٢٠١٩ لە کانونی دووەمەوە بۆ ئاب دەریدەخات کە بڕی ئاگرەکان لەکۆنگۆ ٣٥٠ هەزارە، بەڵام ساڵی ٢٠١٥ ئەو بڕە گەشتوەتە ٤٥٠ هەزار و ساڵی ٢٠١٣ش ژمارەکە ٤٠٠ هەزارە. هەرچەندە لەئەنگۆلا راپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوە دەکەن ژمارەی ئاگرەکانی ئەمساڵ نزیکن لەئاستی تۆمارە بەرزترینەکان. هەندێک لایەن بەراوردی دۆخەکە دەکەن بەدۆخی ئەمازۆن، بەڵام ئاگرەکانی نیمچە بیابانی ئەفریقا جیاوازن. بۆ نمونە کۆنگۆ وەردەگرین - زۆربەی ئاگرەکان لەناوچە جێنیشینەکانی باشوری وڵاتەکە، دارستانە وشکترەکان، ناوچە بیابانییەکان کەوتوونەتەوە و تائێستا هیچ ئاگرێک نییە لە دارستانە باراناوییە خولگەییەکان. شارەزایان دەڵێن کە زەحمەتە بزانیت هۆکاری ئەم ئاگرانە چییە کە وەرزین. زۆربەی ئاگرەکان لە دارستانی کەم چڕ‌و ئەو بیابانانەی کۆمەڵگەی جوتیارانی هەژاری تیدا دەژی هەڵگیرساون. «ئاگر ئامرازێکی گرنگی بەڕێوبردنەو بەکاردەهێنرێت بۆ پاککردنەوەی زەوی تا دانەوێڵەی تێدا بچێنرێت»، لۆرن ویلیامز پسپۆڕ لەدارستانەکانی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریقا لەپەیمانەگەی «سەرچاوەکانی جیهان» وا دەڵێت.
ئارا ئیبراهیم سهزاى تهمهلى، هاوسه‌رۆکى پارتى دیموکراتى گه‌لان ئاماژه به‌وه ده‌دات که گه‌لى کورد له‌باکور گرێدراوه به‌دۆزى کورد له‌هه‌موو پارچه‌کانى دیکه‌ى کوردستان و ده‌شڵێت: ده‌مانه‌وێت پڕۆژه‌ى ستراتیژى ئۆجه‌لان بۆ پڕۆسه‌ى ئاشتى جێبه‌جێ بکه‌ین». ئێواره‌ى ڕۆژى دووشه‌ممه 9ى ئه‌یلولى 2019 سهزاى تهمهلى، هاوسه‌رۆکى دیموکراتى گه‌لان له هۆتێل شارى جوان له‌سلێمانى له‌گه‌ڵ سه‌رنوسه‌رو به‌رپرسانى یه‌که‌مى ده‌زگا راگه‌یاندنه‌کانى هه‌رێم و به‌شێک له‌رۆشنبیران کۆبووه‌وه. له‌و گفتوگۆ کراوه‌یه‌دا کهپرسیارى ده‌رباره‌ى پڕۆسه‌ى ئاشتى و سه‌ردانه‌که‌یان بۆ هه‌رێمى کوردستان و دۆخى سیاسى تورکیا‌و باکورى کوردستان ئاراسته کراوه وه‌ڵامى دایه‌وه. سهزاى تهمهلى له‌و گفتوگۆیه‌دا ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد کهسیاسهتهکانى ئه‌که‌په به‌سه‌رۆکایه‌تى ئه‌ردۆغان سیاسه‌تى له‌ناوبردنى گه‌لى کورده‌و له رێگه‌ى دورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کان سه‌لماندى که دیموکراسیه‌ت له‌تورکیادا نییه که به‌ده‌نگى هاوڵاتیان ئه‌و پۆستانه نوێنه‌رانى هەدهپه به‌ده‌ستیان هێناوه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد هاوپه‌یمانێتى پارتى داد‌و گه‌شه‌پێدان (ئه‌که‌په) و مه‌هه‌په به‌سه‌رۆکایه‌تى ده‌وڵه‌ت باغچهلى بۆ له‌ناوبردنى دیموکراسى بووه و دژه کورد‌و دیموکراسین، به‌ڵام هه‌ده‌په له‌گه‌ڵ دیموکراسیهتدایهو ده‌یه‌وێت پڕۆژه‌ى ستراتیژى ئۆجه‌لان بۆ پڕۆسه‌ى ئاشتى جێبه‌جێ بکات، به‌ڵام ئه‌که‌په پرۆسه‌ى ئاشتى ناوێت. هاوکات ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو ئه‌که‌په له‌ڕێگه‌ى چه‌ند دایکێکه‌وه که هێناویانه‌ته به‌رده‌م باره‌گاى هه‌ده‌په کهداواى کوڕه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه که‌ئه‌مه هیچ په‌یوه‌ندى بهپارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په)وه نییه. هاوسه‌رۆکى دیموکراتى گه‌لان باسى لهپشتیوانیهکانى هه‌ده‌په بۆ ئیمام ئۆغلو سه‌رۆکى شاره‌وانى ئاستانبوڵ کرد که سه‌ر بهپارتى (گه‌لى کۆمارى) بووه، وتى «ئێمه پشتیوانى جهههپهمان نه‌کردووه، به‌ڵکو بۆ شکاندنى هاوپه‌یمانى (ئه‌که‌په و مه‌هه‌په) داوامان له‌ئه‌ندام و لایه‌نگرانمان کردووه ده‌نگ به کاندیدى جه‌هه‌په بده‌ن نه‌ک ئه‌که‌په، به‌ڵام ئێمه پشتیوانى لهسیاسهتهکانى جه‌هه‌په ناکه‌ین». سهزاى تهمهلى ده‌رباره‌ى وازهێنان و ناکۆکییه‌کانى حزبه‌که‌ى ئه‌ردۆغان وتى «عه‌لى باباجان و داد‌و ئۆغلۆ و عه‌بدوڵا گویل له‌گه‌ڵ ئه‌که‌په په‌یوه‌ندى بهسیاستهکانى ئه‌ردۆغانه‌وه هه‌یه به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر دۆخى ئابوورى که پێمانوایه سیاسه‌تێکى هه‌ڵه‌ى گرتۆته‌به‌ر، زیاتر عه‌لى باباجان دیاره له‌و پرسه‌دا، به‌ڵام نازانین ئه‌نجامه‌که‌ى به‌چى ده‌گات». تهمهلى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که عه‌لى باباجان و داود ئۆغلۆ تائێستا باسى پرسى کوردیان نه‌کردووه‌و نازانن هه‌ڵوێستیان له‌باره‌ى کورده‌وه چییه. هه‌ر له‌و گفتوگۆ کراوه‌یه‌دا سهزاى تهمهلى، باسى سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆکى پێشووى هه‌ده‌په‌ى کرد‌و وتى «سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکى پارتى دیموکراتى گه‌لان بووه‌و یه‌کێکه له‌و که‌سانه‌ى کهئازایهو سه‌رکرده‌یه‌کى ئێمه‌یه که دادپه‌روه‌رى لهدۆسیهکهیدا نییه‌و چه‌ندین جار داواى ئازادکردنیان کردووه«. ده‌رباره‌ى ئۆجه‌لان، تهمهلى وتى «ئۆجه‌لان سه‌رکرده‌یه‌کى کورده‌و دۆخه‌که‌ى به‌و شێوه‌یه‌یه کهدهیزانن، ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین پرسى ئاشتى جارێکى دیکه ده‌ستپێبکاته‌وه‌و پڕۆژه‌که‌ى ئۆجه‌لان بۆ ئاشتى سه‌رکه‌وتوو بێت». تهمهلى، ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه که‌کورد له‌باکورى کوردستان و پارچه‌کانى دیکه به‌هێزه‌و به‌رگه‌ى ناڕهحهتییهکانى گرتووه‌و گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه کوردستانییه‌کانى باشوور کردووه‌و کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى گه‌لى کورد ده‌ستپێبکاته‌وه، چونکه یه‌کهه‌ڵوێستى گه‌لى کورد پێویسته به‌رانبه‌ر ئاڵانگارییه‌کان که‌دێنه پێشه‌وه. هاوسه‌رۆکى پارتى دیموکراتى گه‌لان، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که خه‌باتى مه‌ده‌نیان بۆ به‌ده‌ستهێنانى دیموکراسى به‌رده‌وامه‌و کۆڵناده‌ن له‌پێناو تورکیایه‌کى دیموکراسى، وتیشى» له‌په‌رله‌مانى تورکیا ته‌نها هه‌ده‌په‌یه باسى دۆزى کورد ده‌کات و هیچ فراکسیۆن و لایه‌نێکى دیکه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک قسه له‌سه‌ر کورد ناکه‌ن».
سازدانى: ئارا ئیبراهیم وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردنى حکومه‌تى هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌سه‌ڵاتى وه‌زیره‌کان سنوردار کراوه‌و زۆربه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان چووه‌ته‌وه بۆ لاى سه‌رۆکى حکومه‌ت، بۆیه قورسه به‌م ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌وه بتوانن ئه‌رکه گه‌وره‌کان جێبه‌جێ بکه‌ن. دانا عه‌بدولکه‌ریم، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى باس له‌وه‌ده‌کات، ئه‌وله‌ویه‌تى یه‌که‌مى کاره‌کانیان بۆ چوار ساڵى دیکه ته‌واوکردنى جووت سایدهکانى شاره‌کانى هه‌رێم و به‌ستنه‌وه‌یانه به‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمه‌وه. جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه نزیکه‌ى پێنج ملیار دۆلاریان پێویسته بۆ ته‌واوکردنى ئه‌و پرۆژانه‌ى دایانناوه له‌م چوار ساڵه‌دا جێبه‌جێى بکه‌ن و سکه‌ى ئاسنینیش به چه‌ند قۆناغێک جێبه‌جێ ده‌که‌ن و چه‌ند کۆمپانیایه‌ک گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا کردوون. هاوڵاتی: به‌رنامه‌ى چوار ساڵتان ئاماده‌کردووه خاڵه جه‌وهه‌رییه‌کان چین بۆ خزمه‌تکردنى هاوڵاتیان؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: به‌رنامه‌ى چوار ساڵى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه بهنزیکهیى ته‌واو بووه، هه‌فته‌ى داهاتوو به‌نوسراوى فه‌رمى ئاراسته‌ى فه‌رمانگه‌ى هه‌ماهه‌نگى و به‌دواداچوونى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى ده‌که‌ین. له‌به‌رنامه‌ى چوار ساڵه‌که‌دا گرنگیمان داوه بهتهواوکردنى هه‌موو جووت سایدهکانى شاره‌کانى هه‌رێم و به‌ستنه‌وه‌یان به‌ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم ده‌بێت له‌ماوه‌ى ئه‌و چوار ساڵه‌دا ته‌واوی بکه‌ین. دواتر گرنگیمان به ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى به‌شێک له‌گونده‌کان داوه که له‌به‌رنامه‌ى گوندى هاوجه‌رخ ئیشیان له‌سه‌ر بکه‌ین، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌چوارچێوه‌ى ئه‌م به‌رنامه‌یه‌دا ئێمه له‌ڕێگه‌ى وه‌به‌رهێنانه‌وه ئه‌گه‌ر بتوانین رێگاى-هاتوچۆى خێرا که پێى ده‌وترێت (ئێکسپرێس) ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ش دروستبکه‌ین. له‌به‌رنامه‌ماندایه له‌ماوه‌ى ئه‌م چوار ساڵه‌دا ده‌ستبکه‌ین به بابه‌تى هێنانى هێڵى ئاسن بۆ هه‌رێمى کوردستان، ئه‌مانه خاڵه سه‌ره‌کییه‌کانى به‌رنامه‌ى چوار ساڵى داهاتوون. به‌ڵام به‌شى زۆرى ئه‌م پلانه ڕێگاوبان ده‌گرێته‌وه، چونکه یه‌کێک له ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کانى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه بابه‌تى ڕێگاوبانه که به‌داخه‌وه تائێستا ڕێگاوبانه‌کانمان له‌ئاستى پێویستدا نین. هاوڵاتی: هیچ خه‌مڵاندنێک کراوه بۆ گوژمه‌ى ئه‌و پرۆژانه‌ى ده‌تانه‌وێت له‌ماوه‌ى چوار ساڵدا ئه‌نجامى بده‌ن؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: بهنزیکهیى که‌متر له پێنج ملیار دۆلارمان پێویسته. ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ى که وابڕیاره له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا بکرێت ده‌بێته پاڵپشتییه‌کى گه‌وره بۆ پڕۆژه‌کانى ئێمه‌و ئه‌م ڕێککه‌وتنه هاوسه‌نگییه‌کى ئابورى دروستده‌کات له‌هه‌رێمى کوردستان کهڕهنگدانهوهیهکى پۆزه‌تیڤانه‌ى ده‌بێت سه‌باره‌ت به دابینکردنى بودجه‌ى پڕۆژه‌کان، ئه‌وه‌ى گرنگه به‌لامانه‌وه، له‌قۆناغى یه‌که‌مدا دوو سایدهکانى نێوان شاره‌کان ده‌بێت ته‌واو بێت. هاوڵاتی: تاچه‌ند گرنگى به‌وه ده‌ده‌ن به‌کوالێتى ئه‌م کارانه بکه‌ن کهبهرگهى ئۆتومبیلى بارهه‌ڵگریش بگرێت؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: ئه‌مه پێویسته ئه‌و ڕێگایانه‌ى بارهه‌ڵگرى قورس به‌سه‌ریدا ده‌ڕوات ده‌بێت شێوازى دیزاینه‌که‌ى، شێوازى پێکهاته‌که‌ى جیاوازتر بێت له‌و ڕێگایانه‌ى تر، چونکه تۆ ڕێگا به‌پێى قورسایى ئه‌و بارهه‌ڵگرانه دیزاین دەکه‌یت، ئه‌گه‌ر به‌و تایبه‌تمه‌ندیانه بکرێت به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و حاڵه‌تانه روونادات. هاوڵاتی: چى ده‌که‌ن بۆ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى گونده‌کان؟ پێشنیارى ئه‌وه‌مان کردووه به‌رنامه‌ى گوندى هاوچه‌رخ ببوژێنینه‌وه دانا عه‌بدولکه‌ریم: پێشنیارى ئه‌وه‌مان کردووه به‌رنامه‌ى گوندى هاوچه‌رخ ببوژێنینه‌وه، ئه‌و گوندانه‌ى ژماره‌ى ماڵه‌کانیان که‌مه با له‌شوێنى خۆیان بمێننه‌وه وه‌کو گونده‌که بۆ کارى کشتوکاڵ و کارى خۆیان به‌ڵام له‌شوێنى ناوه‌ندى هه‌موویاندا (10) بۆ (12) گوند کۆبکه‌ینه‌وه‌و زه‌وییان بۆ ته‌رخان بکرێت به‌پێى ڕه‌وشه ئه‌ندازیارییه‌کان به‌سه‌ر ئه‌و خه‌ڵکانه‌ى که‌خه‌ڵکى ئه‌و گوندانه‌ن و له‌وێ خانوو دروستبکه‌ن. دروستکردنى رێگاوبانه‌کان، نه‌خۆشخانه، قوتابخانه، پێداویستیه‌کانى دیکه‌ى ژیا،ن حکومه‌ت بۆیان دابین بکات، ئه‌م پڕۆژه‌یه پێویستی به بودجه‌یه‌کى زۆر گه‌وره هه‌یه بتوانین جێبه‌جێى بکه‌ین. له‌وانەیه له‌تواناى ئه‌م چوار ساڵه‌ى کابینه‌که‌دا نه‌بێت. هاوڵاتی: سکه‌ى ئاسنین به‌جددى قسه‌تان له‌سه‌ر کردووه ده‌بێته کردار له‌ماوه‌ی ئه‌م چوار ساڵه‌دا؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: ئه‌م پڕۆژه‌یه پڕۆژه‌یه‌ک نییه ئێستا بڕیارى لهسهربدهیت و به‌یانى بچێته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه، به‌ڵکو پڕۆژه‌یه‌کى گه‌وره‌یه‌و تائێستا له‌هه‌رێمى کوردستان بوونى نه‌بووه و ژێرخانى ئه‌م پڕۆژه‌یه هه‌ر بوونى نییه. ئێمه له‌سه‌ره‌تادا به‌قۆناغى یه‌که‌م ده‌ستده‌که‌ین به‌وه‌ى له‌گه‌ڵ چه‌ند کۆمپانیایه‌کى راوێژکارى قسه بکه‌ین بۆ ئه‌وى به‌رچاومان ڕوون بکه‌نه‌وه که به‌چ شێوازیک ده‌ستپێبکه‌ین، دواتر دیزاینی پڕۆژه‌که ته‌واو بکه‌ین و پاشان بچێته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه. واته ئه‌مه به سێ قۆناغ جێبه‌جێ ده‌کرێت، هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ماوه‌ى ئه‌م چوار ساڵه‌دا پڕۆسه‌که بچێته بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه. هاوڵاتی: ناکرێت قسه له‌گه‌ڵ کۆمپانیاى بیانى بکرێت کهبودجهى بۆ ته‌رخان بکرێت؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: ئه‌وه یه‌کێکه له‌بیرۆکه‌کان کهبودجهى له‌ده‌ره‌وه بۆ دابین بکرێت و پڕۆژه‌که‌ى پێ جێبه‌جێ بکرێت، یاخود ئه‌گه‌ر کۆمپانیایه‌ک که‌تواناى دارایى به‌هێزه، دواى ئه‌وه‌ى که ئێمه دیزاینه‌که‌مان ته‌واو کرد‌و زانى که ئه‌م کاره ده‌توانرێت جێبه‌جێ بکرێت، چونکه به‌ڕاستى ئه‌مه پڕۆژه‌یه‌کى سوودبه‌خشه، پڕۆژه‌یه‌ک نییه تۆ پاره‌ی تێدا خه‌رج بکه‌یت و پاره په‌یدا نه‌کاته‌وه. چۆن هێڵه‌کانى ئینته‌رنێت و په‌یوه‌ندییه‌کان پاره په‌یدا ده‌که‌ن، هێڵى ئاسنینیش ته‌نها بۆ گواستنه‌وه‌ى هاوڵاتیان نییه، به‌ڵکو بۆ گواستنه‌وه‌ى شتومه‌ک و پێداویستییه کشتوکاڵییه‌کان و پرۆسه‌ى بازرگانى و به‌ستنه‌وه‌ى وڵاتانى دراوسێیه بهههرێمى کوردستانه‌وه‌و داهاتێکى زۆر گه‌وره‌ى ده‌بێت بۆ هه‌رێمى کوردستان به‌تایبه‌تى بۆ ئه‌و کۆمپانیایه‌ى کهجێبهجێى ده‌کات. هاوڵاتی: واته تائێستا ده‌ستپێشخه‌ریتان بۆ هیچ سه‌رمایه‌دارێک نه‌کردووه؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: نه‌خێر له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێمه ئێستا له‌قۆناغى راوێژکاریداین که چى بکه‌ین، خۆشبه‌ختانه له‌چه‌ندین شوێنه‌وه په‌یوه‌ندیمان پێوه کراوه له‌وڵاتانى ئه‌وروپاوه که‌چه‌ند کۆمپانیایه‌ک ئاماده‌ییان تێدایه بێن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته قسه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت بکه‌ن، له‌به‌رئه‌وه من ئومێدم زۆره که‌ئه‌م پلانه بخه‌ینه بوارى جێبه‌جێکردنه‌وه. هاوڵاتی: جۆرێک له به‌ریه‌ککه‌وتن هه‌یه له‌نێوان وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان، ده‌بوو هه‌موو ئه‌و یه‌که نیشتەجێبوونانهی دروستدەکرێت له‌ژێر کۆنتڕۆڵى ئێوه‌دا بێت نه‌ک ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: خۆى له بنه‌ڕه‌تدا پرۆسه‌ى نیشته‌جێکردن له‌هه‌رێمى کوردستاندا یه‌کێکه لهئهرکهکانى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه و نیشته‌جێکردن، به‌ڵام ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان گرنگه له رووى گرنگى پرۆژه‌که‌وه مۆڵه‌ت بدات به‌پرۆژه‌که، به‌ڵام بۆ بابه‌تى کۆنترۆڵکردنى دروستکردنى بیناکه‌یان به چ تایبه‌تمه‌ندییه‌ک بێت، چۆن دروستبکرێت، چه‌ندى تێده‌چێت، به‌ڕاستى ئه‌وانه ده‌بێت په‌یوه‌ندیداربن بهکۆنترۆڵى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه. ئێمه یه‌کێک له‌و ئه‌رکانه‌ى وه‌زاره‌ته‌که‌و خستومه‌ته سه‌رشانى خۆم ئه‌وه‌یه که‌ئێمه یاساى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه هه‌وڵبده‌ین له‌ساڵى داهاتوودا هه‌موارى بکه‌ینه‌وه تاپرۆسهى نیشته‌جێکردنیش کۆنترۆڵه‌که‌ى بێته‌وه ده‌ست وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن. بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین کۆنترۆڵى کوالێتى یه‌که نیشته‌جێبوونه‌کان بکه‌ین و بتوانین کۆنترۆڵى نرخهکانیشى بکه‌ین، چونکه هه‌ندێک یه‌که هه‌یه حکومه‌ت باشترین شوێنى شاره‌کانى بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران دابینکردوون و به‌نرخێکى زۆر هه‌رزان، به‌ڵام که ده‌فرۆشرێته‌وه هاوڵاتیان نرخى زه‌وییه‌که به‌بڕێکى زۆر گه‌وره داده‌نرێت له‌سه‌ریان و هاوڵاتیان باجه‌که‌ى ده‌ده‌ن. هاوڵاتی: ستافى گۆڕان له‌ناو حکومه‌تدا ده‌ستکراوه ده‌بن بۆ ئیشوکاره‌کانتان یاخود نا؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: کابینه‌ى نوێ چووه‌ته سه‌ر پاشماوه‌ى کاره‌کانى کابینه‌ى هه‌شت. کابینه‌ى هه‌شت به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه قه‌رزێکى زۆرى له‌سه‌ر کهڵهکهبووهو وه‌کو سه‌رۆکى حکومه‌تیش لهکارنامهکهى خۆیدا خوێندیه‌وه که‌ئه‌و ڕۆژه‌ى سوێندى خوارد له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا ئاماژه‌ى به‌وه‌دا که‌ئێمه قه‌رزێکى چه‌ندین ملیار دۆلاریمان بۆ به‌جێماوه. له‌و ماوه‌یه‌ى قه‌یرانى دارایی‌ش هه‌بووه‌و به‌هۆى ئه‌و دۆخه‌وه ژماره‌یه‌ک ڕێنمایى و بڕیار ده‌رکراوه که‌ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌ته‌کانى که‌مکردوه‌ته‌وه‌و زۆربه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان چووه‌ته‌وه بۆ لاى سه‌رۆکى حکومه‌ت. به‌ڕێنمایى و ئەو ده‌سه‌ڵاتانه‌ى ئێستاوه، نه‌ک ته‌نها ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ى به‌ده‌ست بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه‌یه، به‌ڵکو هه‌موو وه‌زاره‌ته‌کان، ئه‌وه‌ى پارتى بێت یان یه‌کێتى یان لایه‌نه‌کانى تریش بن، ده‌سه‌ڵاته‌کانیان سنوردار کراوه به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه. ئێمه له‌گه‌ڵ باشبوونى بارودۆخه‌که داواده‌که‌ین ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه ئاسایى بکرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌کان بتوانن به‌ئه‌رکى سه‌رشانى خۆیان هه‌ستن. له‌م حاڵهتەى ئێستا و به‌م ده‌سه‌ڵاته سنورداره‌وه قورسه تۆ بتوانى ئه‌رکه گه‌وره‌کان جێبه‌جێ بکه‌یت. تا ئه‌م ساته به‌وردى نازانین حکومه‌تى هه‌رێم چه‌ند قه‌رزاره هاوڵاتی: باس له‌وه کراوه هه‌رێمى کوردستان چه‌ند قه‌رزاره، ئێوه زۆر باس له شه‌فافیه‌ت ده‌که‌ن، باس له‌پرسى چاکسازى ده‌که‌ن؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: له‌کارنامه‌ى حکومه‌تدا ئاماژه‌ى پێدراو له‌کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیشدا باسمان کردووه، ده‌بێت بزانین حکومه‌تى هه‌رێم چه‌ند قه‌رزاره. تائێستا نازانین چه‌ند قه‌رزارین. دائیره‌یه‌ک دروستکراوه بۆ قه‌رزه‌کانى هه‌رێم که سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه، داوامان لێکردوون که راپۆرتێکمان بده‌نێ له‌سه‌ر ئه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش تائێستا ته‌واو نه‌بووه، به‌ڵام وه‌کو یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران باسمانکردووه که‌ده‌بێت ئێمه بزانین حکومه‌تى هه‌رێم چه‌ند قه‌رزاره بۆ ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌یه‌ک دابنێین له‌سه‌ر چۆنیه‌تى دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌کان و چۆنیه‌تى جێبه‌جێکردنى پڕۆژه نوێیه‌کان و به‌رنامه نوێیه‌کان. تا ئه‌م ساته به‌وردى نازانین حکومه‌تى هه‌رێم چه‌ند قه‌رزاره. هاوڵاتی: پێش سه‌رى ساڵ له‌گه‌ڵ به‌غدا رێکه‌وتن ده‌کرێت ماوه‌یه‌کى که‌مى ماوه بۆ پێشکه‌شکردنى پرۆژه بودجه‌ى 2020 به‌په‌رله‌مانى عێراق؟ دانا عه‌بدولکه‌ریم: دوو لیژنه‌ى هه‌رێم، لیژنه‌یه‌کیان په‌یوه‌ندیداره به‌بابه‌تى بوارى ئابوورى و داراییه‌وه، لیژنه‌یه‌کى تریشیان په‌یوه‌ندیداره به‌بابه‌تى (١٤٠) و ناوچه کێشه له‌سه‌ره‌کان. به‌تایبه‌تى ئه‌وه‌ى که په‌یوه‌ندیداره به‌لیژنه‌ى ئابورى و داراییه‌وه، ده‌بێت پێش پێشکه‌شکردنى بودجه‌ى ٢٠٢٠ حکومه‌تى عێراق، بگه‌ین به‌ڕێککه‌وتن بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه له‌بودجه‌ى ساڵى داهاتوودا ئه‌و رێککه‌وتنه جێى خۆى بگرێت. به‌دڵنیاییه‌وه ده‌بێت تا مانگ و نیوێکى تر بۆ دوو مانگى تر، ئێمه ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێکبکه‌وین .
ماردین نوره‌دین گۆڕان و کۆمه‌ڵى ئیسلامى دوو ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێریان له‌ده‌ستداوه، دواى ئه‌وه‌ى دوو ئه‌ندامیان ده‌ستیان لهحزبهکانیان کێشایه‌وه. له‌ماوه‌ى رابردوودا عه‌باس محه‌مه‌د، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر له‌فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ و هێڤى ههیاف ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر له‌فراکسیۆنى گۆڕان ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌یان لهحزبهکانیان راگه‌یاند، به‌ڵام وه‌کو ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌ن له‌پۆسته‌کانیان مانه‌وه. عه‌باس محه‌مه‌د، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر به هاوڵاتى ڕاگه‌یاند «من هێشتا ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پاێزگاى هه‌ولێرم، به‌پێى یاسا حزب ناتوانێت لامان ببات». وتیشى «پێشتر هۆکارى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌م له‌کۆمه‌ڵ رونکردووه‌ته‌وه که به‌هۆى کێشه‌ى ئیداریی و بێسه‌روبه‌ره‌یی و سزادانى هه‌ندێک که‌سه‌وه بووه«. به‌پێی یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان، هیچ حزبێک ناتوانێت به‌پاساوى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه لهحزبهکه ئه‌ندامه‌کانى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگا بگۆڕێت یان ده‌ربکات. ڕێبوار حه‌مه‌د، وته‌بێژى کۆمه‌ڵى ئیسلامى، له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتی: «ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێرمان ئاگادارکردۆته‌وه که‌کارى یاسایى بکه‌ن بۆ دیاریکردنى ئه‌ندامێکى ترمان بۆ سه‌رۆکى فراکسیۆنى کۆمه‌ڵ و کارى یاسایی بۆ بکه‌ن، چونکه عه‌باس محه‌مه‌د سه‌رۆکى فراکسیۆن بووه«. به‌پێی یاساى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان، ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان له‌دوو حاڵه‌تدا ئه‌ندامێتى له‌ده‌ستده‌ده‌ن، له‌کاتى ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌یان یان دورخستنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌وه. چالاک موهه‌ندیس ئه‌ندامى جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان به هاوڵاتى وت» له‌ماوه‌ى ڕابردودا یەکێک لهئهندامهکانمان له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگا به‌ناوى هێڤى ههیاف وازى لهبزوتنهوهى گۆڕان هێناوه، به‌ڵام به‌رده‌وامه له‌کاره‌که‌ى وه‌ک ئه‌ندامى ئهنجومەنى پارێزگاى هه‌ولێر». هاوڵاتى په‌یوه‌ندى به هێڤى ههیافهوه کرد، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو هیچ لێدوانێک بدات.
ئارا ئیبراهیم دواى به‌دواداچونێکى هاوڵاتى له‌باره‌ى دیارنه‌مانى 186 ملیۆن دینارى پاره‌ى که‌مئه‌ندامان، وه‌زیرى کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌ى کرد‌و پاره‌که گه‌ڕێندرایه‌وه خه‌زێنه‌ى گشتى حکومه‌تى هه‌رێم. دادگاى هه‌ڵه‌بجه رۆژى یه‌کشه‌ممه 8ى ئه‌یلولى 2019 فه‌رمانى گرتنى ده‌رکرد بۆ ژنه فه‌رمانبه‌رێک به تۆمه‌تى بردى (١٨٦) ملیۆن دینارى پاره‌ى که‌مئه‌ندامان، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ر سکاڵاى کوێستان محه‌مه‌د وه‌زیرى کار‌و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم. هه‌روه‌ها بڕى (٢٧٥) ملیۆن دینارى تر‌ى گه‌ڕانده‌وه بۆ خه‌زێنه‌ى حکومه‌ت کهگلدراوهتهوه. پاره‌که له‌مووچه‌ى ئه‌و خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌تانه کۆکراوه‌ته‌وه که له‌کاتى خۆیدا نه‌ڕۆیشتوون بۆ وه‌رگرتنى مووچه‌کانیان یان گیانیان له‌ده‌ستداوه، دواتر پاره‌که‌ش نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه بۆ خه‌زێنه، به‌هۆیه‌وه سه‌دان ملیۆن دینار دیارنه‌مابوو کهبڕى (١٨٦) ملیۆن دیناربوو، له‌لاى ژنه فه‌رمانبه‌رێک بووه. کوێستان محه‌مه‌د وه‌زیرى کار‌و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى به هاوڵاتى راگه‌یاند که له‌کاتژمێر ٨:٣٠ به‌یانى رۆژى یهکشەممهوه چۆته هه‌ڵه‌بجه بۆ به‌دواداچوونى پرسه‌که، هه‌ریه‌که له‌دادگاو پارێزگار‌و پۆلیسیش هاوکاربوون له‌گه‌ڵیدا. دواى چه‌ند کاتژمێرێک به‌دواداچوون له‌کاتژمێر سێى پاشنیوه‌ڕۆ دادوه‌ر فه‌رمانى گرتنى بۆ ژنه‌که ده‌رکرد. به‌پێى یاسا‌و رێنماییه‌کان هه‌ر فه‌رمانبه‌رێک ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگدا نه‌چێت بۆ مووچه‌که‌ى یان مردبێت ده‌بێت دواى شه‌ش مانگ فه‌رمانگه‌که‌ى پاره‌که بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ خه‌زێنه، به‌ڵام لهبهڕێوهبهرایهتى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى کۆمه‌ڵایه‌تى شاره‌زوور له‌هه‌ڵه‌بجه ئه‌و پارانه که هى که‌مئه‌ندامان بوون نه‌گه‌ڕێنراونه‌ته‌وه بۆ خه‌زێنه. وه‌زیرى کار‌و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد هه‌فته‌ى پێشوو لیژنه‌یه‌کى ناردوه بۆ هه‌ڵه‌بجه، به‌ڵام ژنه فه‌رمانبه‌ره‌که هیچ زانیارییه‌کى نه‌داوه به‌ده‌سته‌وه له‌سه‌ر پاره‌کان، بۆیه خۆى رۆیشتووه‌ته هه‌ڵه‌بجه بۆ به‌دواداچونى که‌یسه‌که. به‌پێی به‌دواداچوونى هاوڵاتى، وه‌زیرى کار‌و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى خۆى ژنه‌که‌ى بانگ کردوه‌و لێپرسنهوهى له‌گه‌ڵ کردوه له‌سه‌ر دیارنه‌مانى ئه‌و پاره‌یه، سه‌ره‌تا ژنه‌که وتویهتى پاره‌که‌ى گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ خه‌زێنه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه قسه‌کانى بسه‌لمێنێت، دواتریش وتویهتى پاره‌که‌ی داوه به‌که‌سێک و رۆیشتوه بۆ تورکیا، به‌ڵام وه‌ڵامى ته‌له‌فۆنه‌کانى ناداته‌وه. له‌دواجاردا دادوه‌ر فه‌رمانى گرتنى بۆ ژنه فه‌رمانبه‌ره‌که ده‌رکردووه. جگه له‌و (١٨٦) ملیۆن دیناره، هه‌ر رۆژى یه‌کشه‌ممه 8ى ئه‌یلول وه‌زیرى کار‌و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى بڕى (٢٧٥) ملیۆن دینارى گه‌ڕانده‌وه بۆ خه‌زێنه‌ى حکومه‌ت که له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى کۆمه‌ڵایه‌تى شاره‌زور بووه. ژنه فه‌رمانبه‌ره‌که که بڕى (١٨٦) ملیۆن دینارى مووچه‌ى که‌مئه‌ندامانى لا بووه، بڕوانامه‌ى شه‌شى بنه‌ڕه‌تى هه‌یه‌و گومان ده‌کرێت که‌سى تر‌ى له‌گه‌ڵدا بێت. کاوه مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى کۆمه‌ڵایه‌تى شاره‌زوور بۆ هاوڵاتى ئاشکرایکرد، دوێنێ سێشه‌ممه 10ى ئه‌یلول براکانى ئه‌و کچه فه‌رمانبه‌ره بڕى (186) ملیۆن دیناره‌که‌یان گه‌ڕاندۆته‌وه‌و ئێستا پاره‌که لاى پۆلیسه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ئه‌و کچه فه‌رمانبه‌ره له‌لیژنه‌ى موچه‌دا بووه‌و پاره‌که لهقاسهیهک دانراوه. وتیشى»لیژنه‌مان هه‌یه شه‌ش مانگ جارێک موچه دابه‌ش ده‌که‌ین، ده‌یده‌ین به دوو فه‌رمانبه‌ر جارى وابووه (600) ملیۆن دینار بووه هه‌ر جاره‌ى مه‌بله‌غێکى لێ دراوه به‌موچه‌و ئه‌وه‌ى تر‌ى لاى فه‌رمانبه‌ره‌که ماوه‌ته‌وه، ئه‌و کاره نایاساییه پاره لاى فه‌رمانبه‌ر بێت، هه‌موو هه‌فته‌یه‌ک پێم وتووه ئه‌و پاره‌یه بهێنێته‌وه، به‌ڵام ده‌ستى به‌ده‌ستى پێکردووم، وه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ر لێى به‌رپرسم». له‌سنورى شاره‌زوور حه‌وت هه‌زارو (100) که‌مئه‌ندام هه‌یه‌و له‌هه‌ڵه‌بجه سێ هه‌زارو (500) که‌مئه‌ندام هه‌یه، به‌رێوه‌به‌رى به‌رێوه‌به‌رایه‌تى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى شاره‌زوور هۆکارى مانه‌وه‌ى ئه‌و پارانه‌ى بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه که له 2017دا وه‌زاره‌تى کار‌و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى لیژنه‌ى پشکنینى که‌مئه‌ندامانى ده‌ستپێکردووه‌و هه‌زارو (200) که‌سیان کێشه‌ى تێدابووه‌و موچه‌کانیان هاتووه، به‌ڵام راگیرابوو. به‌پێى به‌دواداچونى هاوڵاتى، ململانێ له‌نێوان به‌ڕێوەبه‌رى چاودێرى گه‌شه‌پێدانى کۆمه‌ڵایه‌تى شاره‌زوور که سه‌ر بهیهکگرتووى ئیسلامییه‌و چه‌ند به‌رپرسى به‌شێک له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌دا هه‌یه که‌نزیکن له‌یه‌کێتى نیشتمانییه‌وه. کاوه مسته‌فا، وتى»له‌سه‌ر یه‌کگرتوو حسابم، به‌ڵام هیچ کێشه‌یه‌ک له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌دا نییه«. نوخشه ناسیح قایمقامى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه به هاوڵاتى راگه‌یاند، پرسه‌که له‌دادگایه.