ڕاپۆرتی: واشنتن پۆست   وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا زنجیرەیەک ‌هێرشی گوماناوی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەشەممەی رابردوودا کەدامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەی کردە ئامانج بووە هۆی چەندین تەقینەوە، ئەمەش بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک نیوەی هەناردەی نەوتی شانشینەکەی پەکخست. لەئێستادا پرسیار لەسەر مەوداو فراوانی زیانەکان دەکرێت لەگەڵ ئەوەی چۆن هێرشەکە ئەنجام دراوە. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە کەکێ بەرپرسیارە. حوسییەکانی یەمەن، کە سەروبەندی جەنگێکی ناوخۆییدان لەگەڵ هێزەکانی نزیک سعودییە، لێپرسراویەتی هێرشەکانیان هەڵگرتووە. لە دووشەممەی رابردوو، هەڕەشەی هێرشی دیکەیان کرد. سەرەڕای ئەمە، بەرپرسانی ڕۆژئاواو سعودیە گومانیان لەو بانگەشەیە هەیە، دەڵێن کەهێرشەکە لەیەمەنەوە ئەنجام نەدراوە. لەجیاتی ئەوە پەنجەی تۆمەت بۆ پشیتوانێکی دیاری حوسییەکان رادەکێشن: ئێران. «لەسەروبەندی هەموو ئەو بانگەشانەی بۆ هێورکردنەوە دەکرێت، لەئێستادا ئێران هێرشێکی بێهاوتای ئەنجامداوە بۆ سەر بەرهەمی وزەی جیهانی. هیچ بەڵگەیەک نییە کە هێرشەکان لە یەمەنەوە ئەنجامدرابن»، مایک پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا وای نوسی. پەیوەندی نێوان ئێران و حوسییەکان سادەو ساکار نییە، لەمێژە گومانی خراوەتە سەر بەتۆمەتبارکردن و ڕەتکردنەوە، هەروەها گەورە کراوە بەدەنگۆو پروپاگەندە لەلایەن هەموو بەرەکانەوە. حوسییەکان کێن؟ بنکەی سەرەکییان لەباکوری ڕۆژئاوای یەمەنە. بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠١٥ ناوبانگی نێودەوڵەتییان پەیداکرد کاتێک یارمەتیدەر بوون لە ڕوخانی حکومەتەکەی سەرۆکی یەمەن و هاوپەیمانە هەرێمییەکەی ئەمریکا، عەبدربە مەنسور هادی. هەرچەندە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی ١٩٩٠کان کاتێک گروپێک کە ناویان (شەباب ئەلمومینین - باوەڕادارانی گەنج) بوو کاریان دەکرد بۆ زیادکردنی هۆشیاری دەربارەی لقی «زەیدی» مەزهەبی شیعە، کە ئەم مەزهەبە ماوەی چەند سەدەیەک باڵادەستبوو لە یەمەندا بەڵام دوای شەڕی ناوخۆ لەساڵی ١٩٦٠کاندا وەلانرا. حوسەین ئەلحوسی، یەکێک لە سەرکردەکانی گروپی باوەڕادارانی گەنج، دەستیکرد بەڕێکخستنی خۆپیشاندان دژی ئەمریکا دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن هێزی هاوپەیمانانەوە بەسەرکردایەتی ئەمریکا لەساڵی ٢٠٠٣. کاتێک حوسی لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە کوژرا، لایەنگرانی ناوی گروپەکەیان گۆڕی و بەناوی ئەوەوە ناویان نا، هەروەها ڕێبازی خۆپشاندانی ئایینیان گۆڕی بۆ یاخیبوونی سەربازی. لەدوای ٢٠١٥ەوە حوسییەکان بەشدارییان کردووە لە شەڕی ناوخۆ کە یەمەنی داڕووخاندووە، بەشێوەیەکی بەرچاو رووبەڕووی لایەنگرانی هادی دەبنەوە کە ئەمانیش لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی سعودیە پشتگیریان لێدەکرێت. پەیوەندیان چییە بە ئێرانەوە؟ وادەردەکەوێت پشتگیری ئێران بەپێی کات زیاترو زیاتر بووەو دەبێت بۆ حوسییەکان، بەڵام شارەزایانی تۆڕی هێزە بریکارییەکانی ئێران دەڵێن حوسییەکان لەو جۆرانەن کە کەمترین پشتبەستنیان بە تارانە بۆ پشتیوانی دارایی و سەربازی لەگەڵ بڕیاردان. هەرچەندە حوسییەکان بەشێوەیەکی سەرەکی وەک بزوتنەوەیەکی ناوخۆیی دەستبەکاربوون، هەروەها ئایینناسی لقی زەیدی مەزهەبی شیعە بەشێوەیەکی بەرچاو جیاوازە لەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران پەیڕەوی دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا گروپەکە بەشێکە لە تۆڕێکی فراوانی لایەنە سەربازییەکانی پشتگیریکراو لەلایەن تارانەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بروسکەیەکی دیبلۆماسی ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە لە یەمەن پێچەوانەی بانگەشەی حکومەتی یەمەنی دەدوێت کە حکومەت پێیوایە گروپەکە لەلایەن ئێرانەوە پڕچەک کراون. «زۆربەی راپۆرتە شیکارییەکان باس لەوە دەکەن حوسییەکان چەکەکانیان لە بازاڕی ڕەشی یەمەنەوە وەدەست دەخەن»، هەروەها لە سوپای یەمەنەوە. لەساڵی ٢٠١٧، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەز چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسێکی ئێرانی کرد بەبێ ناوهێنانی  کە وتی سوپای پاسداران کۆبونەوەیەکیان کردووە لەسەر ئەو ڕێگایانەی کە بەردەستن بۆ «بەهێزکردنی» حوسییەکان. «لەو کۆبونەوەیەدا، ڕازیبوون لەسەر زیادکردنی بڕی یارمەتی لەڕێی ڕاهێنان، پاڵپشتی دارایی و سەربازییەوە»، بەرپرسەکە وای وت. ئێران چەندین بەیاننامەی فەرمی دەرکردووە سەبارەت بە نکۆڵیکردن لەو تۆمەتانەی باس لەوە دەکەن حوسییەکان پڕچەک دەکات، بەڵام باری چەکی دەستەبسەرداگیراو لە دەریای عەرەبی کە چەک، هەڵدەری موشەک، موشەکی ئاراستەکراوی دژە تانک، هەروەها تەقەمەنی لەخۆگرتووە دەرکەوتووە کە ڕێگای لەئێرانەوە بووە بەرەو یەمەن بۆ گروپە یاخییەکە. ئایا پێشتر حوسییەکان سعودیەیان بەئامانج گرتووە؟ بەڵێ. لەسەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانی نێو یەمەن، حوسییەکان هەوڵیانداوە سزای سعودیە بدەن بۆ ئەو ڕۆلە بەرچاوەی گێڕاویەتی بە ئەنجامدانی ‌هێرش بۆ سەر خاکەکەی. ساڵی رابردوو، بەرپرسانی سعودیە ڕایانگەیاند توانیویانە زیاتر لە ١٠٠ موشەکی بالیستی پوچەڵ بکەنەوە کە لەخاکی حوسییەکانەوە هەڵدراوە. مانگی ئایاری ئەمساڵ هێرشێکی فرۆکەی بێ فڕۆکەوان کرایە سەر وێستەگەی نەوت لەڕۆژئاوای ڕیازو زیانی جدی لێکەوتەوە لەکاتێکدا هێرشێک بۆ سەر فرۆکەخانەی ئەبها لە مانگی حوزەیران لە باشوری سعودیە ٢٦ کەسی بریندارکرد. بەڵام هێرشەکانی شەممەی رابردوو لە ناوەندی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودیەیدا، ئەمەش وایکرد ئۆپەراسیۆنەکە بەشێوەیەکی بەرچاو کارامەتر دەربکەوێت وەک لەوەی لە رابردوودا حوسییەکانی پێ ناسراوە. تەقینەوەکان لەناوچەی خورەیس و ئەبقەیق ڕوویاندا، کە زیاتر لە ٨٠٠ کم دوورن لەو ناوچانەی بەدەست حوسییەکانەوەن، هێرشی وردیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی گەورەترین زیان بدەن. ڕەنگە لەهێرشەکاندا هەردوو فرۆکەی بێفرۆکەوان و مووشەک بەکارهاتبێت. فابیان هینز، توێژەر لەناوەندی جەیمز مارتن بۆ توێژینەوەی دامرکاندنی چەکی ئەتۆمی دەڵێت کە وێنەی پاشماوەکانی یەکێک لەمووشەکەکان ئەوە دەردەخات کە چەکێک بووە ئەوەندە کارامەیە ناگونجێت لەناوخۆدا لەلایەن حوسییەکانەوە بەرهەمهێنرابێت و هەرگیز لەئێرانیش نەبینراوە. «ئایا ئێران بەنهێنی سیستەمی موشەکی دیزان دەکات، تاقی دەکاتەوە، هەروەها بەرهەمی دەهێنێت بۆ بەکارهێنانی تایبەتی لەلایەن هێزە بریکارەکانییەوە؟»، هینز بەسەرسوڕماوییەوە دەپرسێت. برایان هووک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لە دوانیوەڕۆی دووشەممەی رابردوو قسەی لەگەڵ ستافی گۆنگرێس کردووە لە لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لەسەر بارودۆخەکە. کاتێک پرسیاری لێکراوە دەربارەی کاریگەری هێرشەکە لەسەر شانشینی سعودیە، هووک بەوە وەڵامیداوەتەوە کە سعودییەکان ئەم هێرشە وەک «١١ی سێپتەمبەری خۆیان» سەیردەکەن. چی ئەگەر حوسییەکان ئەنجامیان نەدابێت؟ سروشتی پێشکەوتووی هێرشەکە سەریکێشاوە بۆ ئەو وتانەی کەدەڵێن لە یەمەنەوە ئەنجامنەدراوە، بەڵکو لەلایەن هێزە بریکارەکانی ئێرانەوە لە عێراق یان لەخودی ئێرانەوە ئەنجامدراوە. دیار نییە بۆچی حوسییەکان بەرپرسیارییەتی هێرشەکە دەگرنە ئەستۆ. ڕەنگە بەشێک بێت لە ستراتیجیەتی هەرێمیی ئێران و هاوپەیمانەکانی کە بیانەوێت تۆوی سەرگەردانی و شێواوی بچێنن، هەرچەندە زۆرێک لەشیکەروان باسیان لەوە کردووە کە لەڕابردوودا حوسییەکان بەهۆی پاڵنەری بەرژەوەندی ناوخۆییەوە سەربەخۆ لەئێران  کردەوە ئەنجامدەدەن هەرکاتێک بیانەوێت. «بیرتان بێت کاتێک ئێران فڕۆکەیەکی بێفرۆکەوانی خستە خوارەوە  کە وتیان لە «ئاسمان»ی ئەواندا بووە لەکاتێکدا کەبەڕاستی هەر نزیکیش نەبوو لەوێوە. بەجدییەوە لەسەر ئەو چیرۆکە بەردەوام بوون کەدەشیانزانی درۆیەکی گەورەیە. ئەوان ئێستا دەڵێن هیچ پەیوەندیان بە هێرشەکەی سەر سعودیەوە نەبووە، بەڵام دەیبینین»، ترەمپ لە تویتێکدا لەدووشەمەی رابردوو وای نووسی.

ڕاپۆرتی: بی بی سی  وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا «لەبەرچاوی خۆمدا بینیم دایکم دەکوژرێت، نەمتوانی بیپارێزم. دوای ئەوە دوو خوشکم هەر لەبەرچاوی خۆمدا کوژران». تەیمور عەبدوڵا ئەحمەد بیر لەئێوارەی ئایاری ١٩٨٨ دەکاتەوە کاتێک وەک ١٢ ساڵێک، ئەوو چەندەها منداڵ و ژنی دیکە ناچاردەکران بۆ نێو چاڵە بیابان و سەربازە عێراقییەکان دەستڕێژی گولەیان لێدەکردن. تاوانەکەیان - کوردبوون لەعێراقی سەددام حوسەیندا. «دڵم لەو گۆڕەدا لەگەڵ دایکم و خوشکەکانمدا مرد». «رووداوەکانی ڕابردووم وەک پاشڕوان (فلاشباک) بۆ دێتەوە. کاتێک دەخەوم بیری لێدەکەمەوە»، تەیموری ٤٣ ساڵ وادەڵێت کە بەوردی ئەو وێنانەی بیرە چۆن گولەکان دایک و دوو خوشکەکەی کوشتون. ئەو بڕوایوایە خوشکەکەی دیکەی لەچاڵێکی نزیک ئەواندا کوژراوە. لەئێستادا تەیمور بەدوای دادپەروەریدا وێڵە بۆ کەسوکارەکەی.  ئەو کوشتوبڕانە  بەشێک بوون لەکەمپینێکی سزای کۆکراوە کە بە «ئەنفال›› ناسراوە لەلایەن حکومەتی عێراقییەوە دژی گەلی کورد لەباکوری وڵاتەکە. دەسەڵاتدارانی ئەوکات بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە کۆتایی بەیاخیگەرییەک دەهێنن دوای ئەوەی هەندێک کورد لەگەڵ دوژمندا یەکیان گرتووە لەکاتی جەنگی عێراق-ئێران لە ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٨. ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ دەڵێت کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس کەزۆربەیان مەدەنی بوون لەپاکتاوی سیستیماتیکی نەژادیدا کوژراون، کە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی تێدا بووە. سەرچاوە کوردییەکان ئەو ژمارەیە بەزیاتر لە ١٨٠ هەزار دادەنێن. لەوکاتەدا تەیمور، دایک و باوکی، لەگەڵ خوشکەکانی لەکوڵەجۆ دەژیان کە گوندێکی دوورە دەست بووەو شوێنی نیشتەجێبوونی نزیکەی ١١٠ کەس بووە کەهەمویان بەشێک بوون لەخانەوادەیەکی گەورە. «دۆزینەوەی گوندەکەی ئێمە قورس بوو»، تەیمور وای وت. بەڵام ئەو دەشڵێت ئەو کوردانەی هاوکاری ڕژێمەکەی سەددامیان دەکرد هێزەکانی عێراقیان ئاراستەی ئەوێ کرد لەنیسانی ١٩٨٨. خەڵکی گوندەکە کۆکرانەوەو بران بۆ کەمپێکی سەربازی کەپیاوەکان لەژن و منداڵەکان جیاکرانەوە. ئەوە ئەوکاتە بوو کە تەیمور بۆ دواینجار باوکی بینی.  دوای مانگێک تەیمورو ئەوانی دیکە خرانە نێو بارهەڵگرەوە و بەرەو باشور بردران. «کاتێک دەرگاکان کرانەوە سێ چاڵم بینی لە تەنیشت یەکەوە. دوو سەربازی عێراقیم بینی کڵاشینکۆفیان پێبوو». ژن و منداڵەکان - کە هەندێکیان ساوا بوون لەباوەشی دایکیاندا - بەزۆر هێنرانە دەرەوەی بارهەڵگرەکان و دواتر بۆ ناو چاڵەکان. «لەپڕێکدا سەربازەکان دەستڕێژی گولەیان لێکردین».  گولەیەک بەر قۆڵی چەپی تەیمور دەکەوێت. «گولە لەتەنیشت سەرم، شانم، هەروەها قاچمەوە گیڤەی دەکرد. سەرتاسەری زەوییەکە دەلەرزی. هەموو چاڵەکە پڕبوو لە خوێن. دوو فیشەکی تریش بەر پشتم کەوت، چاوەڕێی مردنی خۆمم دەکرد». موعجیزە ئاسا تەیمور ڕزگاری بوو، خۆی کرد بەمردوو هەتا سەربازەکان ڕۆشتن. دواتر توانی لەناو لاشەکاندا خۆی بێنێتە دەرەوە و لەشەودا دەرباز ببێت. لەکۆتایدا چووە خێمەی خێزانێکی بەدەوی کە چاودێریان کردو بەخێویان کرد. بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵیان مایەوە هەتا پەیوەندی لەگەڵ چەند خزمێکی کەمی رزگاربووی خۆیدا بەست و گەڕایەوە بۆ باکور [کوردستان]. کە لەوێشدا دەبوو خۆی حەشاربدایە لەترسی دەسەڵاتداران. ساڵی ١٩٩٦ مافی پەنابەرێتی پێبەخشرا لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاو ئێستاش هەر لەوێ دەژی.  ساڵی ٢٠٠٩، دوای ڕووخانی سەددام حوسەین، تەیمور گەڕایەوە بۆ عێراق و ناوچەی کۆمەڵکوژییەکەی دۆزییەوە. «کاتێک گۆڕەکانم بینی دەلەرزیم، دەگریام»، تەیمور وا دەڵێت. «پەیوەندیم بەحکومەتی عێراقییەوە کردو پێموتن کە دەبێت ئاگاداربکرێمەوە لەهەر بڕیارێک کە لەبارەی ئەو گۆڕانەوە دەدرێت». بەڵام لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا دەستیانکرد بەهەڵکەندنی چاڵەکان بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەو. پلانیان وایە لاشەکان لە هەرێمی کوردستان بنێژنەوە. کاتێک تەیمور لەهاوڕێکانییەوە دەربارەی رووداوەکە دەبیستێت، دەستبەجێ لەئەمریکاوە دەگەڕێتەوە. تائێستا زیاتر لە ١٧٠ لاشە لە گۆڕەکاندا دەرهێنراون بەڵام تەیمور دەڵێت ئەوانەی گۆڕەکان هەڵدەکەنن ئێسک و پروسکیان بەجێهێشتووە لەگەڵ چەندین کەلوپەل.  لەئێستادا تەیمور لەکێشەدایە لەگەڵ حکومەت و سکاڵای بەرزکردوەتەوە دژیان تا ڕێگریان لێبکات لەهەڵکەندنی گۆڕەکە کەبڕوایوایە لاشەی دایکی و دوو خوشکەکەی تێدایە. ئەو دەڵێت تەنها کاتێک دەبێت گۆڕهەڵکەندنەکە بەردەوام بێت، ئەوکاتەی رازیدەبن کارەکەیان بە دروستی و «بەڕێزەوە» ئەنجامبدەن لەگەڵ فەراهەمکردنی داواکارییەکانی دیکە وەک دادگایکردنی ئەوانەی بەرپرسیار بوون لەو کۆمەڵکوژییە. هەروەها تەیمور دەشیەوێت کۆمەڵکوژییەکە بەجیهان بناسێنێت. «دەمەوێت کامێراکان زوومەکانیان نزیک بکەنەوە لەلاشەی ئەو منداڵە بێتاوانانەی کەهەڵوەدای باوەشی دایکیانە رێک پێش ئەو ساتەی تەقەیان لێدەکرێت». «تەنانەت وێنەی دایک و خوشکەکانم نییە، دەمەوێت لەگەڵ پاشماوەکانیان وێنە بگرم»، تەیمور وا دەڵێت.  بەرپرسانی عێراقی دەڵێن ئەو بابەتە دەکەوێتەوە سەر دەسەڵاتی کوردی تا پەیوەندی بەکەسوکاری قوربانییەکانیانەوە بکەن.  فواد عوسمان تەها، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەزارەتی شەهیدان دەڵێت دەبێت لەپاشماوەکان بکۆڵنەوە و نیشانەی ناسینەوەی بدۆزنەوە پێش ئەوەی پەیوەندی بەکەسوکارەکانەوە بکەن. «ئێمە بەڵگە کۆدەکەینەوە و دەینێرین بۆ دادگای تایبەتمەند کەبەرپرسە لە دادگایکردنی ئەوانەی تاوانبارن»، فواد عوسمان وای وت. تەیمور نیازیوایە لەنزیک گۆڕە بەکۆمەڵەکە بمێنێتەوە تا ئەوکاتەی داخوازییەکانی جێبەجێ دەکرێت. «هەست دەکەم خودا ویستویەتی لەبەر تاکە هۆکارێک رزگارم بێت. خودا ئەرکێکی گەورەی پێ راسپاردووم و ئەو ئەرکەش ئەوەیە باسی چیرۆکی ئەو کەسە بێتاوان و بەریئانە بکەم کە چیتر ناتوانن خۆیان بدوێن»، تەیمور وای وت.  

سازدانى: ماردین نوره‌دین ره‌مک ره‌مه‌زان قائیمقامى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ باس له‌کێشه‌و که‌موکووڕییه‌کانى شاره‌که‌ ده‌کات و ده‌شڵێت بیست ساڵه‌ له‌ئه‌رکدایه‌ نه‌یبینیوه‌ وه‌ک چه‌مچه‌ماڵ «مه‌غدور» بێت ره‌مک ره‌مه‌زان له‌چاوپێکه‌تنێکدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ئه‌و کێشانه‌ى له‌چه‌مچه‌ماڵ رووده‌ده‌ن هى چه‌مچه‌ماڵ نین، به‌ڵکو هی شوێنه‌کانى ترن. ده‌شڵێت «راگه‌یاندن وایکردوه‌ چه‌مچه‌ماڵ سیمایه‌کى شه‌ڕخوازی پێوه‌ دیاربێت» ‌هاوڵاتى: بارودۆخى ئه‌منى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ چۆنه‌؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: دۆخى ئه‌منى ناوچه‌ى چه‌مچه‌ماڵ ده‌توانم بڵێم له‌زۆر شوێن باشتره‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى چه‌مچه‌ماڵ که‌وتۆته‌ ناوجه‌رگه‌ى چوار پارێزگا، له‌ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ پارێزگاى سلێمانی، له‌ڕۆژئاوا که‌رکوک، له‌باکور هه‌ولێره‌، باشور گه‌رمیانه‌، به‌هۆى هه‌ڵکه‌وته‌ جوگرافیه‌که‌ى ناوبه‌ناو کێشه‌و گرفت هه‌ر ده‌بیت یاخود به‌هۆى زۆرى ژماره‌ى دانیشتوان به‌هۆى گرفتى ئیدارى، گرفتى کۆمه‌ڵایه‌تى و گرفتى سیاسیش وایکردوه‌ جاربه‌جار کێشه‌ دروستبێت، به‌شانازییه‌وه‌ بۆ هێزه‌ ئه‌منیه‌کان دانیشتوانه‌که‌ى مامۆستاو زانایانى ئایینى زۆر باشتره‌. ‌هاوڵاتى: ئه‌و کێشه‌و گیروگرفتانه‌ که‌ ناوبه‌ناو له‌چه‌مچه‌ماڵ هه‌یه‌ کێن ئه‌نجامى ده‌ده‌ن؟ ره‌مک ره‌مه‌زان:به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ له‌و کاته‌وه‌ى ده‌ستبه‌کاربوم وه‌ک قائیمقام که‌مترین کێشه‌کان کێشه‌ى خودى چه‌مچه‌ماڵه‌، زیاتر ئه‌و ‌هاوڵاتىانه‌ بونه‌ که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ هاتون. ‌هاوڵاتى: هۆکارى باشبوونى ئه‌منیه‌ت له‌چه‌مچه‌ماڵ چیه‌؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان هێزه‌ ئه‌منیه‌کان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان هه‌یه‌و خودى خۆشم له‌گه‌ڵ گه‌وره‌کردنى کێشه‌دا نیم، سه‌رچاوه‌ى سه‌رجه‌م کاره‌کان ئه‌منیه‌ته‌، به‌دانپێدانانى خه‌ڵک له‌ناو چه‌مچه‌ماڵ و له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌توانین بڵێین ئاشتییه‌کى ته‌واوو ته‌باییه‌کى ته‌واو له‌نێوان هه‌موو تیرو تایفه‌و هۆزه‌کان و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان له‌بۆنه‌و یاده‌کان له‌ڕۆژى دامه‌زراندنه‌کان، له‌فیستیڤاڵه‌کان هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان ئاماده‌ ده‌بن. ‌هاوڵاتى: له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ک کار ده‌که‌یت؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: له‌سه‌ر بنه‌ماى ناز، رێز، خزمه‌ت، ناوچه‌که‌ خاوه‌نى قوربانیه‌کى زۆرن، بۆیه‌ پێویستیان به‌نازه‌، ناوچه‌یه‌که‌ خاوه‌ن که‌سایه‌تی و رێزن، هه‌روه‌ها ناوچه‌یه‌کى فراوان له‌نه‌بونى خزمه‌تگوزارى پێویستیان به‌خزمه‌ته‌. ‌هاوڵاتى: ته‌قه‌کردن و کوشتنى خه‌ڵک له‌ چه‌مچه‌ماڵ ناوبه‌ناو هه‌یه‌، بۆچى نه‌توانراوه‌ کۆنترۆڵ بکرێت؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: ئه‌و کێشانه‌ى که‌ له‌چه‌مچه‌ماڵ روده‌ده‌ن هى چه‌مچه‌ماڵ نیه‌، به‌نمونه‌ ساڵى پار خاتونێک کوژرابوو لاشه‌که‌یان له‌ناوچه‌ى به‌ینى چه‌مچه‌ماڵ و ته‌کیه‌ فڕێدابوو، دواى لێکۆڵینه‌وه‌ بۆمان ده‌رکه‌وت ته‌رمه‌که‌ هى خه‌ڵکى سنوره‌که‌مان نه‌بوو ئه‌و سه‌یاره‌یه‌ى پێى هاتبوو خه‌ڵکى سنوره‌که‌ نه‌بوو، بکوژه‌که‌ خه‌ڵکی سنوره‌که‌مان نه‌بوه‌ شه‌ریکی جه‌ریمه‌که‌ش خه‌ڵکى سنوره‌که‌مان نه‌بوه‌، له‌هه‌مانکاتدا به‌سه‌ر چه‌مچه‌ماڵ شکایه‌وه‌. ‌هاوڵاتى: ئه‌و کێشانه‌ى که‌ له‌چه‌مچه‌ماڵ روده‌ده‌ن هیچیان خه‌ڵکى چه‌مچه‌ماڵ نین؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: راگه‌یاندن وایکردوه‌ که‌چه‌مچه‌ماڵ ناوێک یان سیمایه‌کى پێوه‌ بلکێت، ئه‌ویش چه‌مچه‌ماڵ دوربێت شه‌ڕخوازن یان کێشه‌و گرفتیان زۆره‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ماوه‌ى دوو ساڵى وه‌زیفیمدا جگه‌ له‌ڕێزو خۆشه‌ویستى و موحیبه‌ت هیچى ترم نه‌بینیوه‌، بۆ نمونه‌ ئه‌و کوڕه‌ى که‌ له‌ماوه‌ى رابردوو له‌چه‌مچه‌ماڵ له‌به‌نزینخانه‌که‌  کوژرا نمونه‌ى گه‌نجى چه‌مچه‌ماڵه‌ که‌کارده‌که‌ن، بکوژه‌که‌ش خه‌ڵکى چه‌مچه‌ماڵ نه‌بوو. ‌هاوڵاتى: کێن ئه‌وانه‌ى مۆڵه‌تى چه‌ک هه‌ڵگرتنیان هه‌یه‌؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: هه‌موو هێزه‌ ئه‌منیه‌کان، پۆلیس و ئاسایش و به‌رگرى فریاکه‌وتن و ده‌زگا ئه‌منیه‌کان، برا ئه‌فسه‌ره‌کانى ناو پاسه‌پۆرت و هه‌ویه‌ى ئه‌حوال مه‌ده‌نى ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌خزمه‌تکردن کارى تاوان ناکه‌ن، هه‌شه‌ بۆ که‌سابه‌ت چه‌ک ده‌کڕێت و مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێت. ‌هاوڵاتى: چیتان کردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى چه‌کى بێمۆڵه‌ت دابماڵن؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: به‌هاوکارى گه‌نجانى زانکۆو په‌یمانگه‌کان، گه‌نجان له‌سۆشیال میدیا هه‌ڵمه‌تێکمان رێکخست به‌ناوى (نا بۆ چه‌ک به‌ڵى بۆ گوڵ) من بۆ خۆشم مه‌بده‌ئێکم هه‌یه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رێحانه‌ ره‌شه‌که‌ که‌ له‌لایه‌ن باوو باپیرانمان به‌کارده‌هێنرا واز له‌کلکه‌ ره‌شه‌که‌ى ده‌مانچه‌ بێنین و بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ رێحانه‌ ره‌شه‌که‌. ‌هاوڵاتى: بۆچى زۆربه‌ى خه‌ڵک له‌چه‌مچه‌ماڵ چه‌کیان هه‌یه‌؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: ئه‌گه‌ر یاسا وه‌کو خۆى جێبه‌جێبکرێت هیچ مرۆڤێک پێویستى به‌چه‌ک نیه‌، به‌ڵام ئێمه‌ نابێت خۆمان له‌واقعى کوردستان لاده‌ین، ئه‌م چه‌ک داماڵینه‌ پێویستى به‌بڕیارێکى سیاسى لێکتێگه‌شتنى هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانه‌، به‌ڵام ئێمه‌ توانیومانه‌ ئه‌وانه‌ى له‌چه‌مچه‌ماڵ مامه‌ڵه‌ به‌چه‌ک ده‌که‌ن چوارچێوه‌یه‌کیان بۆ دابنێین، ده‌زانین کێ ده‌یکڕێت و کێ ده‌یفرۆشێت و چ جۆرێکه‌ ژماره‌و جۆرى چه‌که‌که‌، ئه‌گه‌ر کارێکى نه‌خوازراوى پێکرا بتوانین له‌ڕێگه‌ى ژماره‌ى چه‌که‌که‌ بیدۆزینه‌وه‌، وه‌ک ئامارێک لاى ئێمه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. ‌هاوڵاتى: چه‌مچه‌ماڵ وه‌ک پایته‌ختى شه‌هیدان و ئه‌نفالکراوان چى بۆ کراوه‌؟ من بیست ساڵه‌ له‌وه‌زیفه‌دام نه‌مبینیوه‌ وه‌ک چه‌مچه‌ماڵ مه‌غدورتر له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ندێک گوند تازه‌ به‌تازه‌ رێگه‌یان بۆ ده‌که‌ین، تازه‌ 26 گوند له‌ناحیه‌ى قادر که‌ره‌م و ته‌کیه‌ى جه‌بارى سێ گوند له‌ناوچه‌ى سه‌نگاو کاره‌بایان بۆ ڕاده‌کێشین، هێشتا گوندمان هه‌یه‌ نه‌ کاره‌با نه‌ رێگاى هاتوچۆى بۆ رانه‌کێشراوه‌. کارى زۆر باشمان کردوه‌ به‌نمونه‌ له‌ناوچه‌ى شۆڕش کا لانه‌ى ئه‌نفالستانه‌ توانیومانه‌ پێنج بۆ شه‌ش گه‌ڕه‌ک قیرتاو بکه‌ین که‌هه‌شت ملیۆن دۆلارى تێچوه‌، هه‌روه‌ها رێگاى بنارى گل سێ ملیۆن دۆلارى تێچوه‌، ڕێگاى ناوشوان نزیکه‌ى دوو ملیۆن دۆلارى تێچوه‌. هه‌وڵمانداوه‌ چه‌ند بیرێکى ئیرتیوازى له‌ناحیه‌ى شۆڕش لێبده‌ین، ئاوى سه‌ره‌کى له‌کانى شه‌یتانه‌وه‌ راکێشین بۆ چه‌مچه‌ماڵ و مه‌کته‌بێکى 18 پۆلى بکه‌ین، سایلۆکه‌ى چه‌مچه‌ماڵ به‌ 24ملیار دینار ته‌واو بوه‌، دوو ساڵه‌ گه‌نمى جوتیارانى لێوه‌رده‌گیرێت. هه‌وڵمانداوه‌ له‌ڕێگه‌ى که‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ کارگه‌یه‌ک بێنین که‌  35ملیار دینارى تێچوه‌ که‌ هه‌لى کار بۆ سنوره‌که‌ ده‌ڕه‌خسێنێت که‌کارگه‌ى خشتى سوره‌ به‌ناوى (کارگه‌ى خشتى ئاشوور) له‌ڕێگه‌ى که‌رتى تایبه‌ته‌وه‌ بانگێشتمان کردون و کارئاسانیمان بۆ کردوون که‌ئه‌مه‌ ده‌سکه‌وتێکى شه‌خسیه‌، بۆ من مایه‌ى شانازیه‌، بۆ ئه‌م ساڵى خوێندن توانیومانه‌ پێنج مه‌کته‌ب له‌ناوچه‌ى قادر که‌ره‌م نۆژه‌ن بکرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها مه‌ڵبه‌ندێکى ته‌ندروستى نۆژه‌ن ده‌کرێته‌وه‌. ‌هاوڵاتى: شارى پیشه‌سازى که‌بڕیار بو له‌لایه‌ن دانا غازه‌وه‌ ئه‌نجامبدرێت گه‌یشت به‌چی؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: ده‌توانم بڵێم ئه‌مه‌ ده‌نگۆى ڕۆژنامه‌گه‌رى بووه‌، ئه‌وه‌نده‌ى به‌دواداچونم کردوه‌ نه‌ له‌لایه‌ن قائیمقامى پێشوو، نه‌ له‌لایه‌ن پارێزگاى پێشوو هیچ ئه‌وه‌لیاتێک نیه‌، ده‌نگ هه‌بوه‌ گوایه‌ حکومه‌ت ویستویه‌تى بیکا له‌ڕێگه‌ى دانا غاز، به‌ڵام من به‌ڵێنێک ناده‌م نه‌توانم جێبه‌جێى بکه‌م، ئه‌م کارگه‌یه‌ له‌سه‌روو ده‌سه‌ڵاتى منه‌وه‌یه‌، ده‌کرێت له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بێته‌وه‌ به‌رباس. ‌هاوڵاتى: له‌ئێستادا چ کۆمپانیایه‌ک له‌چه‌مچه‌ماڵ خزمه‌ت ده‌کات؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: دوو کۆمپانیان، ئه‌ویش وێستگه‌ کاره‌باییه‌که‌یه‌ که‌هه‌لى کارى ره‌خساندوه‌و ناوه‌ ناوه‌ هاوکارى نه‌خۆشخانه‌و خوێندنگه‌کان ده‌کات بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌، دوه‌میان کۆمپانیاى دانا غازه‌ که‌ له‌مساڵ و ساڵانى رابردوو توانیویانه‌ خزمه‌ت پێشکه‌شبکه‌ن له‌چوارچێوه‌ى بودجه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى خۆیان، له‌وانه‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى قوتابخانه‌کان، نه‌خۆشخانه‌کان و گواستنه‌وه‌ى خوێندکاران بۆ قادر که‌ره‌م و گرێبه‌ست کردن له‌گه‌ڵ مامۆستاکان بۆ وانه‌وتنه‌وه‌. ‌هاوڵاتى: له‌ڕۆژى ده‌ستبه‌کاربوونته‌وه‌ وه‌ک قائیمقامى چه‌مچه‌ماڵ ئه‌و پڕۆژانه‌ى جێبه‌جێت کردوه‌ بڕى چه‌ند بوجه‌ى پێویست بوه‌؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: ته‌نها له‌بوجه‌ى سندوقه‌که‌مان زیاتر له‌حه‌وت ملیۆن دۆلار سه‌رف بوه‌، که‌پڕۆژه‌ى باشمان لێ جێبه‌جێکردوه‌، له‌وانه‌ ڕێگاى بنارى گل. هاوڵاتى تاچه‌ند پێت وایه‌ پارتى رێگره‌ له‌و پڕۆژانه‌ى که‌ده‌که‌وێته‌ زۆنى سه‌وزه‌وه‌؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: من لایه‌نى سیاسى به‌ڕێگر نازانم، هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان به‌تایبه‌تى پارتى دیموکراتى کوردستان هه‌میشه‌ له‌لوتکه‌ى ده‌سه‌ڵاتى حوکمه‌تدابون، بۆ نمونه‌ سه‌رۆکى هه‌رێم سه‌رۆکى پارتى بووه‌و سه‌رۆکى حکومه‌ت هه‌ر پارتى بووه‌ که‌جێگرى سه‌رۆکى پارتیه‌، پارتى دیموکراتى کوردستان گه‌ر هاوکارمان نه‌بوبێت رێگرمان نه‌بوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى سه‌رکه‌وتنى من له‌چه‌مچه‌ماڵ سه‌رکه‌وتنى هه‌موو حکومه‌تى هه‌رێمه‌، من وه‌ک قائیمقام ته‌مسیلى به‌ڕێز سه‌رۆکى هه‌رێم و سه‌رۆکى حکومه‌ت و هه‌موو حکومه‌ت ده‌که‌م . ‌هاوڵاتى:چ ده‌سکه‌وتێک بۆ ئێوه‌ مایه‌ى شانازییه‌؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: یه‌کێک له‌و ده‌سکه‌وتانه‌ پاکوخاوێنى و ژینگه‌پارێزیه‌ که‌یانزه‌ شاره‌وانى له‌خۆگرت، له‌چه‌مچه‌ماڵ به‌ردى بناغه‌ى ریسایکلین وا داده‌نرێت، که‌یه‌که‌م کارگه‌یه‌ له‌سنورى سلێمانی و هه‌ولێر زبڵ و خاشاک کۆده‌کرێته‌وه‌ که‌ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ ٥٠٠ ته‌ن زبڵ و خاشاک کۆده‌کرێته‌وه‌، باشترکردنى پێدانى کاره‌بایه‌ له‌چه‌مچه‌ماڵ بێ ئه‌وه‌ى جۆزه‌ى 18 یان 20 ئه‌مپێریمان هه‌بێت، ئێمه‌ رۆژانه‌ 18 کاتژمێر کاره‌باى نیشتیمانیمان هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ کۆمه‌ڵئک ده‌سکه‌وتن به‌هیمه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و وه‌زاره‌تى کاره‌باو وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانى شاره‌وانى به‌گشتى هاوکاربونه‌ بۆ ئه‌وه‌ى من ئه‌و به‌ڵێنه‌ى بیده‌م بیهێنمه‌دی. ‌هاوڵاتى: له‌چه‌مچه‌ماڵ کێشه‌کان به‌یاسا چاره‌سه‌رده‌کرێت یان به‌خێڵایه‌تى و عه‌شایه‌ری؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: دوو لایه‌نه‌، من هه‌وڵمداوه‌ هاوسه‌نگیه‌ک له‌نێوان گرفته‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و گرفته‌ یاساییه‌کان رابگرم، پێویسته‌ هه‌وڵبده‌ین هه‌موو خه‌ڵک بۆ گرفته‌کان په‌نا به‌رنه‌ به‌ر یاسا، بۆیه‌ له‌کاتى بونى کێشه‌دا راسته‌وخۆ لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌کان ئاگادارده‌که‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى فریاى کێشه‌کان بکه‌وین و چاره‌سه‌رى بکه‌ین، خۆشبه‌ختانه‌ توانیومانه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک که‌سایه‌تى، هه‌م له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان و ریشسپى و زانایانى ئایینى ته‌وازنێک راگرین نه‌هێڵین کێشه‌ دروست بێت و ئه‌گه‌ر کێشه‌ش دروست بوو په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر دادگا. عه‌شیره‌ته‌کان خاوه‌نى مێژوویه‌کى قوربانیدانن و خاوه‌نى رێزو دیوه‌رخانن که‌ له‌و دیوه‌خانانه‌ وانه‌ى رێزو حورمه‌ت و رێزى جیران و بێگانه‌ فێرى نه‌وه‌کانى داهاتویان ده‌که‌ن، هه‌ر له‌و دیوه‌خانانه‌ ژن و ژنخوازى ده‌کرێت و هاوکارى نه‌خۆش ده‌کرێت. ‌هاوڵاتى: له‌کۆتاییدا چیت هه‌یه‌ حه‌ز بکه‌یت بیڵێیت؟ ره‌مک ره‌مه‌زان: سوپاسى سه‌رجه‌م رۆژنامه‌ و راگه‌یاندنکاران و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان ده‌که‌م که‌ له‌هه‌ڵه‌و که‌موکوڕیه‌کانم ئاگادارم بکه‌نه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ر مرۆڤێک زۆر بجوڵێت یان زۆر بدوێت ئه‌مانه‌ موعه‌ره‌ز ئه‌بن بۆ هه‌ڵه‌.

هاوڵاتی: لایه‌نه‌ کوردییه‌کان هیوایان هه‌یه‌ کێشه‌کانیان تێپه‌ڕێنن و به‌یه‌ک لیستى هاوبه‌ش بچنه‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ترسیان هه‌یه‌ به‌هۆى یاساى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانه‌وه‌ زیان به‌ده‌نگه‌کانى کورد بکه‌وێت. بڕیاره‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکانى عێراق، جگه‌ له‌هه‌رێمى کوردستان له‌مانگى نیسانى ساڵى داهاتوودا به‌ڕێوه‌بچێت، له‌ئێستاوه‌ مشتومڕ له‌ناو پێکهاته‌کاندا ده‌ستیپێکردووه‌ به‌تایبه‌تى له‌هه‌ڵبژاردن له‌ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان. کورد که‌ له‌دواى رووداوه‌کانى 16ى ئۆکتۆبه‌رى ساڵى 2017ه‌وه‌ له‌سه‌ر ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان ناکۆکى که‌وتووه‌ته‌ ناویه‌وه‌، هه‌وڵه‌کانى چڕکردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌یه‌ک لیستى هاوبه‌ش بچێته‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ تا «به‌ره‌نگارى ئه‌و ته‌عریبه‌« ببێته‌وه‌ که‌ له‌دواى 16ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ روبه‌ڕووى ئه‌و ناوچانه‌ بووه‌ته‌وه‌. لایه‌نه‌ کوردییه‌کانى که‌رکوک چه‌ند کۆبوونه‌وه‌که‌یان کردووه‌ به‌ئامانجى دروستکردنى یه‌ک لیستى، دواجارو له‌ نۆى ئه‌م مانگه‌دا له‌دوایین کۆبونه‌وه‌یاندا رێکه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى یه‌ک لیستى هاوبه‌ش پێکبهێنن، به‌ڵام هێشتا دروستکردنى ئه‌و لیسته‌ نه‌بووه‌ته‌ بڕیارى کۆتایی و ره‌وانه‌ى سه‌رکردایه‌تى حزبه‌کان کراوه‌ بۆ په‌سه‌ندکردنى. بڕیاربوو دوێنێ سێشه‌ممه‌ لایه‌نه‌ کوردییه‌کان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ کۆببنه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى ناکۆکیی و گرژییه‌کانى پارتى و یه‌کێتىییه‌وه‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ دواخرا بۆ کاتێکى نادیار. ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌رى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک (یه‌کێتى) به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند «لایه‌نه‌ کوردییه‌کانى که‌رکوک بڕیارى پێکهێنانى یه‌ک لیستییان داوه‌و پرسه‌که‌یان ره‌وانه‌ى حزبه‌کان کردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى کورد ده‌نگه‌کانى نه‌فه‌وتێت و به‌یه‌کگرتویی به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌که‌ بکات». هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ى لایه‌نه‌کان له‌دوایین کۆبوونه‌وه‌یاندا ده‌نگیان له‌سه‌ر پێکهێنانى یه‌ک لیستی داوه‌ له‌ژێر ناوى «که‌رکوکى کوردستانیی»، به‌ڵام هێشتا به‌ته‌واوى یه‌کده‌نگ نین له‌و باره‌یه‌وه‌ و هه‌ندێ لایه‌ن هێشتا خۆى یه‌کلانه‌کردووه‌ته‌وه‌، سه‌ربارى ناکۆکییه‌کانى پارتى و یه‌کێتى که‌ پێکهێنانى لیسته‌که‌ى په‌کخستووه‌. ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌رى پێیوایه‌، مادام ئامانجه‌که‌ پێکهێنانى لیستى هاوبه‌شى کوردییه‌، ناکۆکییه‌کان تێده‌په‌ڕێنرێت و لیسته‌که‌ دروستده‌کرێت. له‌هه‌ڵبژاردنى پارێزگاکاندا زۆرترین چاوه‌کان له‌سه‌ر پارێزگاى که‌رکوکه‌، که‌ چوارده‌ ساڵه‌ هیچ هه‌ڵبژاردنێکى پارێزگاکان تێیدا ئه‌نجام نه‌دراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌بێته‌ یه‌که‌م هه‌ڵبژاردن له‌دواى ئه‌وه‌ى به‌غدا کۆنترۆڵى پارێزگاکه‌ى گرته‌وه‌ده‌ست له‌ئۆکتۆبه‌رى ساڵى 2017 و کشانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌وه‌. پارتى که‌هێشتا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ که‌رکوک و دان به‌به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و شاره‌دا نانێت پێش ئاساییکردنه‌وه‌ى دۆخه‌که‌، جه‌خت له‌یه‌ک لیستى ده‌کاته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ تانه‌ى له‌یاساى هه‌ڵبژارنه‌کان داوه‌ و چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامه‌که‌یه‌تى. محه‌مه‌د که‌مال ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک (پارتى) به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند «ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پێکهێنانى یه‌ک لیستین، بۆ ئه‌وه‌ى کورد به‌یه‌کگرتویی و سه‌نگێکى زۆره‌وه‌ به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى پارێزگاکان بکات و ده‌نگه‌کانى نه‌فه‌وتێت». پێشیوایه‌، لایه‌نه‌ کوردییه‌کان ناکۆکییه‌کانیان تێده‌په‌ڕێنن و لیستى هاوبه‌ش دروستده‌که‌ن «بۆ ئه‌وه‌ى روبه‌ڕووى ئه‌و ته‌عریبه‌ ببینه‌وه‌ که‌ راکان جبورى پارێزگارى که‌رکوک به‌وه‌کاله‌ت له‌دواى 16ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه‌ ده‌ستیداوه‌تێ». له‌گه‌ڵ جه‌ختکردنه‌وه‌ى پارتى و یه‌کێتى بۆ پێکهێنانى لیستى هاوبه‌ش، هه‌ندێکى دیکه‌ له‌لایه‌نه‌کان پێیانوایه‌ ئاسان نییه‌ لایه‌نه‌کان به‌م ناکۆکییه‌ى ئێستاوه‌ لیستى هاوبه‌ش پێکبهێنێت. به‌پێی به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى، سه‌رکردایه‌تى حزبه‌کان بڕیارى کۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ کوردییه‌کانیان له‌که‌رکوک بۆ پێکهێنانى لیستى هاوبه‌ش، وه‌کو پێشنیار سه‌یر ده‌که‌ن و بڕیارى کۆتاییان هێشتووه‌ته‌وه‌ بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌ک که‌سه‌رجه‌میان کۆبکاته‌وه‌، ناوى لیسته‌که‌ش «که‌رکوکى کوردستانیی»یه‌، هێشتا بڕیارى کۆتایی لێنه‌دراوه‌.   به‌هۆى ناکۆکییه‌کانى پارتى و یه‌کێتىییه‌وه‌ کۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ کوردییه‌کان‌ دواخراوه جوان حه‌سه‌ن ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک (یه‌کگرتوو) به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند «لایه‌نه‌کان کێشه‌و ناکۆکى زۆریان له‌نێواندایه‌، به‌شێکیان هێشتا یه‌کلانه‌بوونه‌ته‌وه‌ و هه‌ندێکیش ده‌ڵێن به‌لیستى سه‌ربه‌خۆ به‌شدار ده‌بین، پێیوایه‌ ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێت». وتیشى «به‌هۆى ناکۆکییه‌کانى پارتى و یه‌کێتىییه‌وه‌ کۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ کوردییه‌کان له‌و باره‌یه‌وه‌ دواخراوه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات که‌کێشه‌کان زۆرن، پێویسته‌ کورد کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات و بڕیارى یه‌ک لیستى بدات بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگه‌کانى مه‌ترسى نه‌که‌وێته‌ سه‌ر». هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نه‌ کوردییه‌کان به‌گشتى له‌گه‌ڵ پێکهێنانى یه‌ک لیستیدان، به‌ئامانجى رێگریکردن له‌فه‌وتانى ده‌نگه‌کانى کورد، به‌ڵام یاساى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان به‌مه‌ترسی ده‌زانن که‌ له‌چه‌ند مانگى رابردوودا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ هه‌موارکرایه‌وه‌. به‌پێی یاساکه‌، ده‌بێت وردبینى له‌ناوى ده‌نگده‌رانى پارێزگاى که‌رکوکدا بکرێت و به‌راورد بکرێن به‌ فۆرمى خۆراک و ناسنامه‌ى بارى شارستانى. به‌پێی ئاماره‌کان، لە پارێزگای کەرکوک ملیۆنێک و 100 هەزار دەنگدەر هەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کەبڕیارە لە نیسانی 2020 بەڕێوەبچێت. ئه‌حمه‌د عه‌سکه‌رى وتى «ئه‌و یاسایه‌ دژى کورده‌و مه‌ترسی هه‌یه‌ بۆ سه‌ر کورد، ئه‌گه‌ر یه‌ک لیستیش دروستبکرێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌شێک له‌ده‌نگه‌کانى کورد ده‌فه‌وتێت، به‌تایبه‌تى ئه‌و ناوچانه‌ى پێشتر له‌سه‌ر لیواى که‌رکوک حساب بوون ناتوانن ده‌نگبده‌ن». بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌و مادده‌یه‌ى یاساکه‌، حکومه‌تى عێراق لیژنه‌یه‌کى پێکهێناوه‌ که‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌کانى عه‌ره‌بن، ئه‌وه‌ش نیگه‌رانى کوردى لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌. محه‌مه‌د که‌مال ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک باسى له‌وه‌کرد، پێشتر تانه‌یان له‌و یاسایه‌ داوه‌و چاوه‌ڕوانى ئه‌نجامه‌که‌ن، ئه‌و یاسایه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى کوردا نییه‌ و مه‌ترسی هه‌یه‌ بۆ سه‌ر ده‌نگه‌کانى کورد. بەپێی یاساى هەڵبژاردنى پارێزگاکانى عێراق، دەبێت پڕۆسەى وردبینی و هاوتاکردنی تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک تاکۆتایی ساڵى داهاتوو کۆتایی بێت، بۆ ئەوەى سەرجەم ئەو ناوانەی جیاوازییان هەیە لەهەردوو تۆمارى فۆرمى خۆراک و بارى شارستانى لەتۆماری دەنگدەران لاببرێن، جگە لەو ناوانەی کە لەلیژنەی بەدواداچوونی ڕاستیەکان کێشەیان نەبووە بەپێی ماددەی ( 140)ی دەستوری عێراقی. جوان حه‌سه‌ن ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک جه‌ختیکرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر کورد بڕیارى پێکهێنانى یه‌ک لیستیش بدات، به‌هۆى ئه‌و یاسایه‌وه‌ هێشتا به‌شێک له‌ده‌نگه‌کانى له‌ده‌ستده‌چێت.

ئارا ئیبراهیم به‌رپرسانى پارتى و یه‌کێتى جه‌خت له‌هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌رى گرژییه‌کانى نێوانیان ده‌که‌نه‌وه‌، که‌ به‌هۆى رێگریکردن له‌ مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتى له‌چوونى بۆ هه‌ولێر سه‌ریهه‌ڵداوه‌و ده‌ڵێن ده‌بێت هه‌نگاو بنێن بۆ ئه‌وه‌ى متمانه‌ به‌یه‌کتر بکه‌نه‌وه‌. رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو له‌بازگه‌ى سماقوڵى رێگرى له‌ مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌ندامى مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتى کرا بچێته‌ هه‌ولێر، که‌ به‌مه‌به‌ستى به‌شداریکردن له‌کۆبوونه‌وه‌ى مه‌کته‌بی سیاسی حزبه‌که‌ى به‌ڕێوه‌بوو به‌ره‌و ئه‌و شاره‌، له‌به‌رانبه‌ریشدا له‌بازگه‌ى بانیمه‌قان له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه‌ رێگریکرا له‌و که‌سانه‌ى که‌پێناسى سه‌ربازیی پارتیان پێبووه‌و رێگه‌نه‌درا داخڵى شارۆچکه‌ى چه‌مچه‌ماڵ ببن. هه‌روه‌ها دواى ئه‌و رووداوه‌، شه‌وى پێنجشه‌ممه‌ له‌سه‌ر هه‌ینى ته‌قه‌ له‌ لقى چوارى پارتى له‌سلێمانى کراو له‌هه‌ولێریش ته‌قه‌ له‌کۆمیته‌ى چوارو پێنجى یه‌کێتى کراو به‌و هۆیه‌وه‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کى مه‌کته‌بى سیاسى پارتى و یه‌کێتى هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌. یه‌کێتى له‌ رێگه‌ى کۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگرى یه‌که‌مى سکرتێرى گشتى یه‌کێتى نامه‌یه‌کى ناڕه‌زایه‌تى ناردووه‌ بۆ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى و داواى رونکردنه‌وه‌یان کردووه‌ له‌سه‌ر رێگریکردن له‌ مه‌حمود سه‌نگاوى. عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن، وته‌بێژى سه‌رکردایه‌تى پارتى له‌پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌، له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت «هه‌موو لایه‌نه‌کان کاریگه‌رین به‌و وه‌زعه‌ى که‌ روویداوه‌ له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا وه‌زعێکى نائاسایى بوو له‌کاتێکى هه‌ستیاردا، وه‌ک شته‌که‌ بوو لێکدانه‌وه‌ى هه‌ڵه‌ى بۆکراوه‌، خاڵى پشکنین و بازگه‌ى سماقۆڵى په‌یوه‌ندى به‌حکومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ نه‌ک پارتى». دواى رێگریکردن له‌ مه‌حمود سه‌نگاوى، وته‌بێژى یه‌کێتى رایگه‌یاند، ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ی ده‌یه‌وێت کوردستان دابه‌شبکات و قۆرخی پایته‌خت بکات لای یه‌کێتی قابیلی قبوڵ نییه‌، دوو رۆژ دواتریش له‌کۆبونه‌وه‌یه‌کدا مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتى جه‌ختى له‌ پابه‌ندبوونى به‌ رێککه‌وتنه‌که‌ى له‌گه‌ڵ پارتى کرده‌وه‌. له‌به‌رانبه‌ردا وته‌بێژى سه‌رکردایه‌تى پارتى له‌پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ وتى «له‌ رونکردنه‌وه‌ى وته‌بێژى یه‌کێتى له‌سه‌ر روداوه‌که‌ ده‌بوو رووبکرێته‌ حکومه‌ت نه‌ک پارتى، چونکه‌ بازگه‌که‌ بازگه‌ى حکومه‌ته‌و  هه‌ر که‌موکورتیه‌ک هه‌بووه‌ حکومه‌ت لێى به‌رپرسیاره‌ که‌ رێگرى له‌کاک مه‌حمود سه‌نگاوى کراوه‌«. عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن پێیوایه‌، ئه‌و کێشانه‌ بوونى متمانه‌ له‌نێوان پارتى و یه‌کێتى ناهێڵێت، «ده‌بێت متمانه‌ به‌یه‌کترى بکه‌ین، له‌ئاستى حزبیشدا ململانێیه‌کى سیاسى نه‌رم بکه‌یت ده‌بێت له‌ئاستى  حکومه‌تدا هه‌موومان  هێزو تواناکان  یه‌کخه‌ین و حکومه‌ت بکه‌ینه‌ دامه‌زراوه‌یه‌کى پته‌وو  دامه‌زراوه‌ ده‌ستوریه‌کانى به‌هێزبێت، به‌داخه‌وه‌ به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان ئه‌م متمانه‌یه‌ تۆزێک که‌م بووه‌«. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى له‌سه‌ر ئاستى تاکه‌ که‌سى ناو پارتى و یه‌کێتى هه‌یه‌ بیه‌وێت ئاژاوه‌و ئاڵۆزى دروست بکات، وته‌بێژى سه‌رکردایه‌تى پارتى له‌پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ بیرکردنه‌وه‌ى جیاواز هه‌بێت و ره‌نگه‌ هه‌بێت به‌رژه‌وه‌ندى له‌ئاشته‌وایى پارتى و یه‌کێتیدا نه‌بێت. وتیشی «له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێک له‌به‌رپرسى حزبه‌کان توشى زه‌ره‌ر ببنه‌وه‌، که‌ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى له‌به‌رچاو ناگرن و ئیشى بازرگانى و نه‌وت ده‌که‌ن و دۆخى چاکسازییان پێناخۆشه‌ و بیانه‌وێت ئاڵۆزى دروست بکه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت هه‌ردوولا له‌ ئاستى به‌رپرسیارێتیه‌وه‌ بروانینه‌ رووداوه‌کان». وته‌بێژه‌که‌ى پارتى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان زۆر هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دات بزانێت ئه‌و ده‌سته‌ى هێرشى کرده‌سه‌ر لقى چوار، کێ بوون «ئێمه‌ نازانین ئه‌و که‌سانه‌ ده‌ستگیرکراون یان نا، به‌ڵام هه‌موو هێزه‌کان که‌ به‌رپرسیارن له‌ئاسایشى سلێمانى به‌دواداچون ده‌که‌ن». تا ئێستا هه‌نگاوى کرداریی بۆ هێورکردنه‌وه‌ى گرژییه‌کانى نێوان پارتى و یه‌کێتى نه‌نراوه‌، دیاریش نییه‌ که‌ى هه‌ردوو حزب کۆده‌بنه‌وه‌ و کۆتایی به‌گرژییه‌کانى نێوانیان ده‌هێنن. سه‌رهه‌ڵدانى گرژییه‌کان هاوکاتن له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى ده‌نگى ناڕه‌زایی له‌لاى به‌شێک له‌سه‌رکرده‌کانى یه‌کێتى سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێنه‌کردنى رێککه‌وتنه‌که‌یان له‌گه‌ڵ پارتى و وه‌رنه‌گرتنى ته‌واوى پشکى حزبه‌که‌ له‌حکومه‌تدا. حاجى مه‌سیفى، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى سێى یه‌کێتى له‌هه‌ولێر له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «یه‌کێتى و پارتى ده‌بێت زۆر له‌و ئاسته‌ به‌رزتر بڕوانن، که‌کێشه‌کان به‌قه‌یراناوى به‌جێبهێڵن، له‌ساحه‌ى کوردستان که‌سمان ناتوانین که‌سمان ره‌ش بکه‌ینه‌وه‌و هه‌ردوکمان پێکه‌وه‌و ته‌واوکه‌رى یه‌کترین، نه‌ پارتى و نه‌ یه‌کێتى ناتوانێت که‌ به‌ته‌نیا حکومه‌ت دروست بکات و ئه‌وه‌ ناتێگه‌یشتنه‌ له‌ راستى ئه‌مڕۆ». هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو کێشه‌و گرفت ده‌بن، به‌ڵام ده‌بوایه‌ له‌ئاستى خۆیدا چاره‌سه‌ر بکرێت، «مه‌حمود سه‌نگاوى ئه‌وه‌ نه‌بوو بگه‌ڕێنرێته‌وه‌«. ناوبراو جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ به‌رده‌وام وتوویانه‌ که‌ تائه‌و بازگانه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى حزبیدا بن کێشه‌ دروستده‌بێت و پێویسته‌ ئاسایشى گشتى که‌ سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌، ده‌بوایه‌ سه‌ر به‌وه‌زاره‌تى ناوخۆ بێت» پێمباشه‌ بازگه‌کان تێکه‌ڵ بێت و یه‌کبخرێى، نه‌ک به‌شێکى لاى یه‌کێتى و به‌شه‌که‌ى دیکه‌ى لاى پارتى بێت، چونکه‌ مێژوو ره‌حم به‌که‌س ناکات». هاوکات، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌سیماى دوو ئیداره‌یى به‌حکومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ دیاره‌، وتى «ئێمه‌ به‌رێوه‌به‌رێکى گشتیمان له‌هه‌ولێر و دهۆک نییه‌و پارتیش له‌پارێزگاى سلێمانى، ئه‌مه‌ دوو ئیداره‌ییه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا له‌حکومه‌ته‌ خۆجێییه‌کان  به‌شداربن ئه‌وکات دوو ئیداره‌یى نابێت». جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى سێى یه‌کێتى له‌پارێزگاى هه‌ولێر له‌باره‌ى ته‌قه‌کردن له‌کۆمیته‌کانى یه‌کێتى ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه‌ ئاسایشى هه‌ولێر چونه‌ته‌ کۆمیته‌کان و ئه‌وان لێى به‌رپرسن، وتیشى «خه‌ڵکى گێره‌شێوێن له‌ناو پارتى و یه‌کێتیشدا هه‌یه‌و به‌ئاشکرا نین».

سازدانی: شاناز حه‌سه‌ن د.سه‌باح به‌رزنجى، پسپۆڕی یاساو شەریعەت و فکری ئیسلامی رەخنە لە وتاری هەنێک لە وتاربێژانی ئاینی دەگرێت کە لە رەوتی زاناینی ئاینی کورد دەرچوون و دەشڵێت حوجرەکانی کوردستان جاران باشتربوون و زانای ئاینی باشتریان پیدەگەیاند.  د.سه‌باح به‌رزنجى، خاوەنی بڕوانامه‌ى دکتۆرایه‌ له‌ چه‌مک و بنه‌ماکانى یاسا، ئێستا مامۆستایه‌ له‌کۆلیژى  زانکۆى گۆیژه‌ بۆ دیراساتى دینى. لەم چاوپێکەوتنەی ‌هاوڵاتى-دا باس لە تایبەتمەندیەکانی وتاربیژی ئاینی دەکات و هەروەها رەخنە لەو وتاربێژە ئاینیانە دەگرێت کە خەلکی تەکفیر دەکەن. ئاماژه‌ى به‌وه‌شدەکات کە ئه‌و وتاربێژانه‌ى خەڵکی بە بیدعه‌چى ناودەبەن له‌ ڕوتى زاناى کورده‌کان ده‌رچون. د.سه‌باح به‌رزنجى دەڵێت «جاران حوجره‌کانى کوردستان باشتر بون، زاناى گه‌وره‌تر و کاریگه‌رتر دانیشمه‌نتر و پڕتر له‌ زانسته‌کانى ئاین په‌روه‌رده‌ ده‌کرد، به‌ڵام ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ حوجره‌کان، لاوازبون و زاناى  ئاینى گه‌وره‌ پێک ناهێنن، هه‌ندێکیان کاریگه‌ریان هه‌بوه‌ بۆ پێگه‌یاندنى مه‌لاى ئاینى زانا و زیره‌ک، به‌ڵام هه‌ندێکیشیان به‌و ئاسته‌ نه‌بون». هەروەها دەڵێت «ئه‌مه‌ حاڵه‌تێکه‌ له‌هه‌ندێک وتاربێژدا هه‌یه‌ و ده‌کرێت به‌ قسه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌م وتاربێژانه‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێن، چونکه‌ به‌ڕاستى به‌ کافرکردن، بیدعه‌چى دانان کارێکى ده‌سه‌ڵاتێکى دادوه‌ریه‌، کارى وتاربێژ نیه‌ له‌سه‌ر مینبه‌ر بۆیه‌ خه‌ڵکێکیش پێیان وایه‌ ئه‌و وتارانه‌ى که‌ ئه‌و باسانه‌ى تیایه‌ له‌ ڕه‌وتى زانا کورده‌کان ده‌رچون». ‌هاوڵاتى: پێوه‌ره‌کانى وتار چین و پێویسته‌ وتارى بانگخوازو مه‌لاکان چۆن بن؟ سه‌باح به‌رزنجى: که‌ بمانه‌وێت قسه‌ له‌سه‌ر وتار بکه‌ین، پێویسته‌ وتاربێژ ئاماده‌که‌ین، وتاربێژى سه‌رکه‌وتوو ئه‌و که‌سه‌یه‌ که‌ خاوه‌نى زانستێکى به‌رز، ڕۆشنبیریه‌کى به‌رز، روئیا و جیهان بینیه‌کى به‌رز بێت، ئه‌وسا که‌ وتاربێژى باشمان پێگه‌یاند که‌ بتوانێت وتارێکى پێشکه‌وتووى کاریگه‌رى و ئامانجدار پێشکه‌ش بکه‌ین، پێوه‌ره‌کانى وتار، پێوه‌رێکى زاتیمان هه‌یه‌، که‌ پێویسته‌ خاوه‌نى زانست و خاوه‌نى جیهانبینى، دلسۆزى ئاین و گه‌ل و خاک بێت، وه‌ پێوه‌رى بابه‌تیانه‌، پێویسته‌ ئه‌و وتاره‌ له‌ ئاستى جه‌ماوه‌ردابێت و به‌ زمانێکى پاراو له‌ده‌رگاى دڵه‌کان بدات، وه‌ کێشه‌و گرفته‌کانى خه‌ڵک به‌  دابونه‌ریتێکى جوان،  دور له‌ ناوزڕاندن پێشکه‌ش بکات. ‌هاوڵاتى: ئه‌و مه‌لاو بانخوازانه‌ى له‌ وتاره‌کانیاندا توندن یان هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر خه‌لکى و ناو زڕاندن ده‌که‌ن ده‌چنه‌ ڕێڕه‌وى وتارى ئاینى ته‌ندروسته‌وه‌؟ سه‌باح به‌رزنجى: پێویسته‌ وتاربێژ سه‌ره‌تا ئامانجى وتاره‌که‌ى دیاریبکات، که‌ ئامانجى له‌وتاردان چییه‌، له‌ئیسلامدا یه‌که‌م ڕازیکردنى خواى په‌روه‌ردگاره‌ و وشیارکردنه‌وه‌ و ئاگادارکردنه‌وه‌ى خه‌ڵکه‌، دیاریکردنى هه‌ڵوێستى شه‌رعى و دروست سه‌باره‌ت به‌ ڕوداوه‌کان و کاروبارى ڕۆژانه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى وتارێکى دروست و کورت و پوختدا بن، پێشکه‌ش بکرێت به‌دور له‌ناوزراندن و ته‌شیرکردن، باسکردنى که‌سانێکى تایبه‌ت پێشکه‌ش به‌ جه‌ماوه‌ر بکرێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌وتارى ئاینیدا نابێت ناوى که‌سێکى تایبه‌تى ببات، به‌شێوه‌یه‌ک ناوى بزرێنێت، ئابڕوى ببان و ته‌نانه‌ت که‌ کاره‌که‌شى دزێو بێت، ئه‌بێت به‌ شێوه‌ى وه‌سف خه‌ڵک ئاگادار بکاته‌وه‌ له‌ کاره‌ خراپه‌که‌ى ئه‌و که‌سه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌وتارى ته‌ندروستدا جێگه‌ى ناوزراندن و ته‌شیر نابێته‌وه‌، جێگه‌ى هێرش کردن بۆ خه‌ڵک نابێته‌وه‌. ‌هاوڵاتى: به‌راوردى مه‌لاکانى ئێستاو مه‌لاکانى ڕابردوو چون ده‌که‌ى به‌ تایبه‌ت تا پێش ڕاپه‌ڕین که‌ ڕه‌وته‌ ئیسلامیه‌کان ده‌رنه‌که‌وتبوون؟ سه‌باح به‌رزنجى: به‌ به‌راورد کردنى مه‌لاکانى ڕابردوو و ئێستا، له‌ڕاستیدا به‌راوردکردنه‌که‌ زۆر لایه‌ن ده‌گرێته‌وه‌، له‌ڕوى پێکهاته‌ و پێگه‌یاندنى مامۆستاى ئاینیه‌وه‌ جاران حوجره‌کانى کوردستان باشتر بون، زاناى گه‌وره‌تر و کاریگه‌رتر دانیشمه‌نتر و پڕتر له‌ زانسته‌کانى ئاین په‌روه‌رده‌ ده‌کرد، به‌ڵام ئێستا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ حوجره‌کان، لاوازبون و زاناى  ئاینى گه‌وره‌ پێک ناهێنن، هه‌ندێکیان کاریگه‌ریان هه‌بوه‌ بۆ پێگه‌یاندنى مه‌لاى ئاینى زانا و زیره‌ک، به‌ڵام هه‌ندێکیشیان به‌و ئاسته‌ نه‌بون. ‌هاوڵاتى: ناوه‌ڕۆکى وتارى مه‌لاکان له‌ ئێستا تاچه‌ند گونجاون و هه‌ڵقوڵاوى کلتورى کۆمه‌ڵگان؟ سه‌باح به‌رزنجى: له‌ئێستادا زۆر له‌و وتاربێژانه‌، که‌ رۆژانى هه‌ینى وتار ده‌ده‌ن یان له‌ بۆنه‌کاندا من پێم وایه‌ زۆربه‌یان شیاون و وشیارن و  وتارى گونجاویان هه‌یه‌ و ناوه‌ڕۆکه‌که‌یان په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانى ئه‌مرۆى خه‌ڵکه‌وه‌ و به‌ڵام هه‌ندێکیشیان پڕگیرن و زۆر ناچنه‌ ناو ئه‌وه‌وه‌ که‌ جه‌ماوه‌رى کوردستان ده‌یه‌وێت، که‌ ئاینێکى  بێ گرێ و گۆڵ ئاینێکى ساده‌ و ساکار، تێکه‌ڵ بوبێت به‌ ژیانى ڕۆژانه‌یان، پێویسته‌ له‌و ئاراسته‌یه‌دا بن، پێم وایه‌ هه‌ندێک وتار له‌ئاستى پێویستدا نیه‌. ‌هاوڵاتى: ئایا پێت وا نیه‌ هه‌ندێ وتارى ئاینى زیاتر له‌ وتارێکى هاورده‌ ده‌چن به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى زیاتر خه‌ڵکى ته‌کفیر ده‌که‌ن یان ده‌یانکه‌ن بیدعه‌چى؟ سه‌باح به‌رزنجى: زۆر سروشتییه‌ که‌ ببینین له‌زۆر وتاربێژدا ئه‌فکارى ئه‌ملاولا بهێنن، به‌ڵام ئه‌مه‌ حاڵه‌تێکه‌ له‌هه‌ندێک وتاربێژدا هه‌یه‌ و ده‌کرێت به‌ قسه‌کردن له‌گه‌ڵ ئه‌م وتاربێژانه‌ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێن، چونکه‌ به‌ڕاستى به‌ کافرکردن، بیدعه‌چى دانان کارێکى ده‌سه‌ڵاتێکى دادوه‌ریه‌، کارى وتاربێژ نیه‌ له‌سه‌ر مینبه‌ر بۆیه‌ خه‌ڵکێکیش پێیان وایه‌ ئه‌و وتارانه‌ى که‌ ئه‌و باسانه‌ى تیایه‌ له‌ ڕه‌وتى زانا کورده‌کان ده‌رچون به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئێمه‌ پێشینه‌یه‌کى ئاوامان نیه‌. ‌هاوڵاتى: هه‌ست ناکه‌یت دیندارى خه‌ڵکى گۆڕانى به‌سه‌ردا هاتوه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ى داهاتودا له‌ژێر سێبه‌رى هه‌ندێک له‌و مه‌لایانه‌، بۆ نمونه‌ دین له‌ ناوه‌ڕۆکه‌وه‌ بۆته‌ باسى جل و به‌رگ و ڕییش دانان له‌کاتێکدا پێشتر وا نه‌بووه‌؟ سه‌باح به‌رزنجى: دیندارى خه‌ڵک له‌ هه‌موو چه‌رخ و سه‌رده‌مێکدا و له‌هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کدا، قابیلى گۆڕانه‌ و به‌ره‌و باشتر بون ده‌ڕوات، یان به‌ره‌و لاواز بون، پێم وایه‌ له‌هه‌ندێک ڕووه‌وه‌ دیندارى خه‌ڵک باشتر بوه‌ له‌ ڕوى هۆشیاریه‌وه‌، ئاگادارى  و شاره‌زابون له‌ حوکمه‌کان و ئاگاداربون له‌ مێژووى ئاینى و مه‌لا و وتاربێژه‌کان ده‌ورى باشیان بینیوه‌ و ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاینى ئیسلام هێشتا له‌هه‌ناو و ویژدانى میلله‌تى ئێمه‌دا زیندووه‌، که‌ هه‌ندێک که‌سانیش هه‌ن که‌ بونه‌ته‌ بار به‌سه‌ر ئاینى پیرۆزى ئیسلامه‌وه‌ پێم وایه‌ که‌ گاریگه‌ریه‌کى ئه‌وتۆى نیه‌. ‌هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر بڕیاربێ خه‌ڵکى بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر دیندارى ڕاسته‌قینه‌ى خۆیان ده‌بێت چى بکرێت؟ سه‌باح به‌رزنجى: دیندارى ڕاسته‌قینه‌ پێناسه‌ى جۆراوجۆرى بۆکراوه‌ و پیناسه‌ى دروست که‌ مرۆڤ پابه‌ندبێت به‌ بنه‌ماکاى ئیسلام ئه‌وه‌ى که‌ هه‌موو زاناکان له‌سه‌رى کۆکن،  ئه‌و شتانه‌ش که‌ جیاوازى هه‌یه‌، په‌یڕه‌وى له‌ زانایه‌کى دانپێدانراوى و ناسراوى جدی متمانه‌ بکات و ئه‌وه‌ى ده‌یزانێت له‌ دیندا کارى پێبکات، و لێى لانه‌دات، پێم وایه‌ خه‌ڵک هه‌موویان پێشوازى له‌م جۆره‌ دینداریه‌ ده‌که‌ن و ئه‌مه‌ش پێویستى به‌  کارکردن و وشیارکردنه‌وه‌یه‌ و کارى میدیاى و  کارى سه‌نته‌ر و گرنگیدان به‌ خوێندنه‌ ئیسلامیه‌کان، پشگیرى ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ هه‌موو هه‌نگاوێک له‌و بواره‌دا. وتارى ئاینى بابه‌تێکى زۆر هه‌ستیاره‌ وبابه‌تێکه‌ له‌ جیهانى ئیسلامیدا  گرنگى زۆرى پێده‌درێت و کۆنفرانس و کۆبونه‌وه‌ى  جۆراوجۆرى بۆ ده‌به‌سترێت و چه‌ندیدن کتیب و دیراسه‌ى له‌سه‌ر کراوه‌ و پێم وایه‌ له‌وتاردا ڕه‌چاوى تایبه‌تمه‌ندى هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌ک بکرێت، که‌ تیایدا  وتاره‌که‌ ده‌درێت و هه‌لومه‌رجى سیاسى به‌لام به‌شێوه‌یه‌ک نه‌بێت کێشه‌ دروست بکات و فیتنه‌ بنێته‌وه‌، دنیا دابه‌ش بکات له‌نێوان که‌سانى موته‌دین و ناموته‌دین.

سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن فه‌رهه‌نگ تاهیر گۆمه‌شینى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى و لاوان سه‌باره‌ت به‌ شێوازی خه‌رجکردنى 20 ملیار دینار له‌به‌رێوه‌به‌رایه‌تى رۆشنبیری و هونه‌ری سلێمانى ده‌ڵێت به‌پێی بڕیارێک ده‌بوو  هه‌موو ساڵێک 20 ملیار دینار بۆ پایته‌ختى رۆشنبیری ته‌خانبکرێت، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ راگیراوه‌. فه‌رهه‌نگ تاهیر گۆمه‌شینى، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌ى ‌هاوڵاتىدا باسی ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانی وه‌زاره‌تى رۆشنبیری و ئه‌و ره‌خنانه‌ ده‌کات که‌ لێیان ده‌گیرێت. ‌هاوڵاتى: ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانتان چیه‌ وه‌ک وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى و لاوان؟ فه‌رهه‌نگ تاهیر: ئێمه‌ له‌چوارچێوه‌ى پلانى کاره‌کانمان وه‌ک کابینه‌ى تازه‌، به‌رنامه‌ى پێداچونه‌وه‌مان هه‌یه‌ به‌کۆى سێکته‌ره‌کانى وه‌زاره‌ت له‌کوێدا که‌موکورتى هه‌یه‌، ئه‌و به‌رنامانه‌ى نه‌توانراوه‌ ته‌واو بکرێت له‌کابینه‌که‌ى تر، یان سێکته‌رێک وه‌ک پێویست خزمه‌تى نه‌کراوه‌و په‌راوێز کراوه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ ڕێگه‌ى ڕاگه‌یاندراوێکه‌وه‌، له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئاراسته‌ى نوسه‌ران و ڕوناکبیران و ئه‌دیبان و ڕۆژنامه‌نوسان و هونه‌رمه‌ندان و وه‌زشکاران و لاوان و هه‌موو ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ستن به‌وه‌زاره‌ته‌که‌ى ئێمه‌وه‌، له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌ گشتیه‌کان هه‌مویان داوامان لێکردون به‌پێى کارو چالاکییان بۆمان به‌رزبکه‌نه‌وه‌ له‌ماوه‌ى چوار ساڵى داهاتوو چیمان پێویسته‌ که‌کۆى ڕاپۆرته‌که‌ ئاماده‌ ده‌بێت له‌چه‌ند رۆژى داهاتوودا ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانمان و بودجه‌ى ته‌رخانکراویش به‌رچاومان ڕونده‌بێت. ‌هاوڵاتى: بۆچى زۆربه‌ى هونه‌رمه‌ندان به‌ گشتى گله‌ییان له‌ وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى و لاوان هه‌یه‌؟ فه‌رهه‌نگ تاهیر: به‌پێى تایبه‌تمه‌ندى وه‌زاره‌ته‌که‌مان  پڕه‌ له‌جوڵه‌و پڕه‌ له‌هونه‌رو ئه‌و ناوه‌نده‌ ناوه‌ندێکى ناسکه‌و په‌یوه‌ندى ڕاسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌م توێژه‌ هه‌یه‌و ده‌شزانین هونه‌رمه‌ندان  دنیایه‌کى تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه‌، ئه‌مانه‌وێت ئاشتیان بکه‌ینه‌وه‌، به‌ ده‌رگاکانى وه‌زاره‌ته‌که‌مان و ئه‌رکی یه‌که‌ممان چۆنیه‌تى ڕێکخستنه‌وه‌ى خزمه‌ته‌ له‌هه‌موو بواره‌کانى هونه‌ردا. ‌هاوڵاتى: بۆچى زۆربه‌ى هونه‌رمه‌ندان گله‌یى ئه‌وه‌ ده‌که‌ن جیاوازى ده‌کرێت؟ فه‌رهه‌نگ تاهیر: کارى داهاتومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌بێت، به‌پێى کاره‌که‌ى خۆى هه‌موو هونه‌رمه‌ندێک، له‌ڕێگه‌ى به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌که‌یه‌وه‌ یان بێته‌ وه‌زاره‌ته‌که‌ى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ تیمه‌ تایبه‌ته‌کان به‌پێى پێداویستیه‌که‌ى و چۆنیه‌تى کاره‌ هونه‌ریه‌که‌ى که‌ تاچه‌ند پێویستى به‌ هاوکاری کردنه‌و چۆن هاوکارى بکرێت و به‌پێى چه‌ند خاڵێک به‌و پێیه‌ى جیاوازى نه‌کرێت له‌نێوان هونه‌رمه‌ندێک بۆ هونه‌رمه‌ندێکى ترو شانۆو کارى سینه‌مایى و کلیپ و کارى گۆرانى واته‌ جارێکى تر ڕێکده‌خرێنه‌وه‌، وابکه‌ین هونه‌رمه‌ندان به‌ هونه‌ره‌که‌ى خۆیانه‌وه‌ بژین، ئه‌رکى ئه‌وان سوکتر بکه‌ین، له‌ دونیاى ده‌ره‌وه‌دا هونه‌رمه‌ندان له‌سه‌ر هونه‌ره‌که‌ى خۆیان ده‌ژین، ده‌بێت ئێمه‌ که‌شێکى وا له‌بارو ئارامیان بۆ بڕه‌خسێنین بۆئه‌وه‌ى له‌ چوارچێوه‌ى وه‌زاره‌ته‌که‌ى ئێمه‌وه‌ بتوانن کارئاسانى بێت بۆیان، هیوامان وایه‌ له‌م کابینه‌یه‌دا بتوانین هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر هونه‌ره‌که‌ى خۆى بژێت. ‌هاوڵاتى: ئایا ڕیزبه‌ندى و پله‌به‌ندى هه‌یه‌ له‌نێوان هونه‌رمه‌ندان و گۆرانیبێژان به‌گشتى؟ فه‌رهه‌نگ تاهیر: بیگومان جیاکراونه‌ته‌وه‌و هونه‌رمه‌ندان خۆیان له‌ سه‌ندیکاش جیاکراونه‌ته‌وه‌ و به‌پێى پله‌به‌ندى ده‌کرێت و خۆى له‌ خۆیدا هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژ دوو چه‌مکى جیان و هه‌ریه‌که‌ى گرنگى تایبه‌تى خۆى و تایبه‌تمه‌ندێتى خۆى هه‌یه‌ که‌پێویسته‌ به‌پێى کاره‌که‌ى گرنگى پێبدرێت. ‌هاوڵاتى: بۆچى زۆربه‌ى هونه‌رمه‌ندان پێیان وایه‌ زیاتر هاوکارى هونه‌رمه‌نده‌ تازه‌کان ده‌کرێت؟ فه‌رهه‌نگ تاهیر: به‌ڕاى من هه‌موو هونه‌رمه‌ندێک له‌ جوڵه‌ و کاره‌کانیدا که‌ کارده‌که‌ن ئێمه‌ ڕێزیان لێده‌گرین و گله‌ییه‌کانیان وه‌رده‌گرین، دیراسه‌شمان کردووه‌و هه‌ر هونه‌رمه‌ندێک که‌سه‌ردانى کردوین، له‌ڕابردوو ئێستاش و داهاتوو ده‌رگاکانمان کراوه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ک پاڵپشتى  هونه‌رمه‌نده‌ تازه‌کان ده‌مانه‌وێت پشتگیرییان بکه‌ین، هانیان بده‌ین و ده‌ستیان بگرین، لاوان سێکته‌رێکى گه‌وره‌ى وه‌زاره‌ته‌که‌ن، به‌بڕواى من  پێویسته‌ تێکهه‌ڵکێشى بکه‌ین، هه‌م  سود له‌تواناو ئیمکانیه‌ت و ڕۆڵى هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌کان  ببینین و ده‌ستگیرۆیى هونه‌رمه‌نده‌ تازه‌کان بکه‌ین له‌پێناوى ئه‌وه‌ى خزمه‌تى هه‌مویان بکه‌ین له‌یه‌ک بوارو به‌ یه‌ک چاو.  ‌هاوڵاتى: له‌ ڕوى هاوکارییه‌کانه‌وه‌ پێتوایه‌ له‌کابینه‌کانى پێشتردا جیاوازى کراوه‌ له‌نێوان هونه‌رمه‌ندان؟ فه‌رهه‌نگ تاهیر: ڕه‌نگه‌ تۆزێک له‌ بێبه‌رنامه‌یى هه‌بوبێت، به‌ڵام ده‌رگامان به‌ڕوى هیچ که‌سێکدا دانه‌خستووه‌و دوپاتى ده‌که‌مه‌وه‌ گوێ له‌سه‌رنج و داواکاریه‌کانیان ده‌گرین، ئه‌مه‌ به‌به‌رنامه‌ و پلان نه‌کراوه‌ که‌زیاتر هاوکارى کرابێت،  بۆیه‌ گه‌نجێک هاتووه‌  به‌پێى قه‌باره‌ى کاره‌که‌ى هاوکاریمان کردووه‌. ‌هاوڵاتى: به‌پێى چ ستاندارێک بودجه‌ ته‌رخانده‌کرێت بۆ کارێکى هونه‌رى جا چ کارێکى درامى بێت یان کلیپێکى هونه‌رمه‌ندان بێت؟ فه‌رهه‌نگ تاهیر: ده‌بێت  له‌ڕێگه‌ى به‌رێوبه‌رایه‌تیه‌که‌ى شاره‌که‌ى خۆیه‌وه‌ پشگیرى ته‌واوى ده‌ق و ئاوازو به‌رهه‌مه‌که‌ بکات و به‌پێى ئه‌وه‌ ده‌رخسته‌یه‌ک ده‌کرێت و ڕه‌وانه‌ى وه‌زاره‌ت ده‌کرێت، ئێمه‌ش له‌ڕێگه‌ى لیژنه‌ى وردبینى خۆمانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بزانین ئه‌و کاره‌ له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ زۆرترى تێده‌چێت یان که‌متر، چونکه‌ ئێستا چاودێرى دارایى له‌سه‌ر خه‌ته‌و داواکارى گشتى، بۆیه‌ کاره‌کان وردتره‌و که‌س ناتوانێت جیاوازى تێدا بکات. له‌ئێستاشدا نوسراومان بۆ ده‌یان هونه‌رمه‌ند کردووه‌ بۆ وه‌زاره‌تى دارایى بۆ هاوکاریکردنیان. له‌ رێگه‌ى لیژنه‌ى وردبینى خۆمانه‌وه‌ بزانین که‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ زۆرتره‌ له‌م کاره‌ یان که‌متره‌، مه‌سه‌له‌ى داواکردنى پاره‌ زۆر ئاسان نیه‌، ئێستا چاودێرى دارایى له‌سه‌ر خه‌ته‌و داواکارى گشتى هه‌یه‌، بۆیه‌ کاره‌کان وردتره‌. ‌هاوڵاتى: باس له‌وه‌ ده‌کرێت پایته‌ختى ڕۆشنبیرى ته‌نیا ناوێکى ڕوکه‌شه‌؟ فه‌رهه‌نگ تاهیر: له‌ساڵى 2012 له‌په‌رله‌ماندا سلێمانى وه‌ک پایته‌ختى ڕۆشنبیرى ناسێندرا، له‌ئاستى گه‌وره‌یى و پێشکه‌وتوویى له‌بارى هونه‌رى و سیاسى  و کۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رهه‌نگى نازناوه‌که‌ پڕ به‌پێستیه‌تى، هه‌ر ئه‌و کاته‌ش بڕیاریدا پاره‌یه‌کى بۆ دابنێت بۆ دروستکردن و خستنه‌سه‌ر پێى ژێرخانى ڕۆشنبیرى ئه‌و شاره‌، به‌ڵام به‌هۆى شه‌ڕی داعشه‌وه‌ بودجه‌ بڕاو وه‌ک پێویست نه‌توانرا خزمه‌ت بکرێت و به‌پێى تواناش زۆرترین خزمه‌ت کراوه‌ به‌سلێمانى که‌ده‌یسه‌لمێنێت ناوه‌که‌ى هه‌ر ڕوکه‌ش نه‌بوه‌. ‌هاوڵاتى: گله‌یى زۆر هه‌یه‌ بۆ 20 ملیار دیناره‌که‌ى شارى سلێمانى؟ فه‌رهه‌نگ تاهیر: بڕیاره‌که‌ وا دانرابوو که‌هه‌موو سالێک بێت ئه‌و 20 ملیاره‌، به‌ڵام دواى تێکچونى دۆخى سیاسى و ئابورى له‌گه‌ڵ عێراق پاره‌که‌ ڕاگیرا، که‌ له‌ 2105 و 2016 بریارماندا ئه‌م پاره‌یه‌ بۆ هه‌ڵساندنه‌وه‌و بنیاتنانه‌وه‌ى ژێرخانه‌که‌ بێت، هه‌موو بابه‌کانى به‌پێى پێویستى سه‌رف کراوه‌، به‌ڵام بۆ ڕونکردنه‌وه‌ى چۆنیه‌تى سه‌رفکردنه‌که‌ى لیژنه‌ى ڕۆشنبیرى سلێمانى له‌گه‌ڵ بۆردى پایته‌خت دانیشتبون و به‌پێى جێگه‌و ڕێگه‌ى خۆى له‌ئێستادا مه‌وداى خۆى وه‌رگرتووه‌و لیژنه‌ى په‌رله‌مان که‌گه‌یشتنه‌ هه‌ر بڕیارێک ڕونکردنه‌وه‌ ده‌دات. ‌هاوڵاتى:  هۆڵى ته‌لارى هونه‌ر له‌سلێمانى، ده‌وترێت ئه‌وه‌نده‌ى چالاکى سیاسى تێدا ده‌کرێت، چالاکى هونه‌رى تێدا ناکرێت، ئایا ئه‌مه‌ هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه‌ وه‌ک هۆڵه‌که‌ یان نا؟ فه‌رهه‌نگ تاهیر: ته‌لارى هونه‌ر سه‌ر به‌به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڕۆشنبیرى سلێمانیه‌و ئێمه‌ ڕێز له‌هه‌موو که‌س ده‌گرین و ئه‌م هۆڵه‌ به‌پاره‌یه‌، هه‌ر که‌سێک بێت کۆمپانیا بێت، یان حزب بێت، یان رێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى هه‌ر لایه‌نێک بێت، چالاکى هونه‌رى بێت یان حزبى به‌پاره‌ ده‌یگرن، به‌ڵام چالاکیه‌ هونه‌رییه‌کان هه‌مووى له‌وێدا ده‌کرێت، هه‌ندێکیان ته‌نیا پاره‌ى خزمه‌تگوزارییان لێوه‌رده‌گرین، ئه‌گینا بێ پاره‌ نه‌دراوه‌ به‌که‌س، داهاته‌که‌شى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تى دارایى حکومه‌ت.

هاوڵاتى- لاڤین محمود مێردە توڕەکەی نەسرین بڕیاریدا ژنەکەی فڕێبداتە سەرجادەو چیتر دەرگای بەڕوونادا نەکاتەوە، بڕیاریشیدا چیتر رێگە نەدات هەردوو مناڵەکەی ببینێت کە ساڵانێک لە کۆشی خۆیدا گەورەی کردبوون. ئیتر لەم رۆژە بەدواوە ژیانی ئەم ژنە تەمەن ٤٧ ساڵانە بوو بە دۆزەخ، چونکە رۆژێک لەکاتی نانخواردن نەسرین وتبووی ژەهر کراوەتە خواردنەکەیەوە، بەڵام مێردکەی لەوە تێنەگەیشتبوو کە دووچاری نەخۆشی دەرونی بووەو دەتوانێت چارەسەری بکات، بەڵکو تا دەهات رقی خۆی دەباراند بە سەریدا، تا کار گەیشتە ئەوەی بیخاتە کۆڵان و بەو هۆیەشەوە رووبەڕووی دەستدریژی سێکسی بوویەوە. نەسرین تەمەنی 47ساڵەو ناویکی خوازراوە بۆ ئەو ژنە سەرگەردانە کە رۆژنامەی ‌هاوڵاتى بەکاری دێنێت، چونکە لە رووی ئیعتیباری کۆمەڵایەتیەوە قورسە بۆ ژنێک ناوی تەواوی بهێنرێت، کە ئێستا لە دەرەوەی شارەکەی خۆی لەنەخۆشخانەیەکی حکومی لە ژێر چاودێریدا ژیان بەسەردەبات. کاتێک مێردەکەی نەسرین لە شارۆچکەی خانەقین ژنەکەی خۆی فرێدایە سەر کۆڵان و دەرگای بە روویدا داخست، پیاوێک کە بە چیرۆکەی زانی، گەیاندیە نەخۆشخانە، ئەمە بۆ ئەو وەکو فڕیادرەسێک وابوو کە دوربخرێتەوەو لەدەستدریژی سێکسی و هەروەها پزیشکیش بیبینێت، بەڵام دوور لەمنداڵەکانی کە هیشتا لە رووی یاساییەوە قۆناغی منداڵیان بە جێنەهیشتبوو. بەتەنها نەسرین نیە کە لە ماڵ دەرکراوە بەهۆی نەخۆشی دەرونیەوە، بەڵکو چەندین خێزانی تریش هەن، ئەو ژنانە ناگرنە خۆ ئە دووچاری  نەخۆشی دەرونی دەبن بەتایبەتی ئەوانەیان بە هۆی قورسی نەخۆشیەکەیانەوە ماڵ بە جێدێڵن. جێهشیتنی ماڵ لە لایەن نەخۆشەوە چ پیاو بیت یان ژن لە رووی پزیشکیەوە شتیکی ئاساییەو قابیلی رودانە، بەلام لە رووە کۆمەڵایەتیەکەوە دۆزەخیکە بۆ ژنان، بەتایبەتی بۆ ئەو خیزانانەی کە ئاستی رۆشنبرییان لاوازە، یان ئەوانەی کە زیاتر دەکەونە قسەو قسەڵۆکی خەڵکەوە. بەڵام هەرچۆنیک بێت نەخۆشخانەی سۆزی دەوونی لە سلیمانی بۆتە پەناگەیەک بۆ ئەو ژنانە، لە لایەک دەتوانن چارەسەر وەرگرن لەلایەکی تریشەوە دەتوانن بمێننەوە. تا ئەوکاتەی پەیامنێری ‌هاوڵاتى سەردانی نەخۆشخانەکەی کرد، ٣٣ نەخۆشی لێ بوو، کە حەوت کەس لەوانە کەس و کارەکانیان ئامادە نەبوون وەریان بگرنەوە، ئەمانەش زیاتر ئەو ژنانەن لەکاتی دووچاربوون بە نەخۆشیەکە ماڵیان جێهێشتوە، چونکە وای دادەنێن کە دەستدریژی کرابێتە سەریان، ئەمەش وەکو عەیبەیەک سەیردەکەن. لـەگەڵ سەردانیکردنی پەیامنێری ‌هاوڵاتى بۆ نەخۆشخانەی سۆز، چوار خانمی نەخۆش لەپێش دەرگاکە بەخێرهاتنیان دەکرد، ئەگەرچی بە سەردانی هەرکەسێک بۆلایان دڵخۆش دەبن بەڵام ئەو نیگەرانیە قوڵە هەر بە دەموچاویانەوە دیارە، ئەویش دوریە لە ماڵ و منداڵ و مەحاڵیی گەڕانەوەیانە. ‎»سۆز «نەخۆشخانەیەکی دەرونیە لەساڵی 2009 دروست بووە ئەم نەخۆشخانەیە تایبەتە بەچارەسەرکردنی ئەو خانمانەی کە کێشەی دەرونیان هەیە کە دوونهۆمە و توانایی وەرگرتنی 60 نەخۆشی هەیە، لەکاتی دروستبونیەوە تائێستا زیاتر لە 300نەخۆشی لەخۆ گرتوە، ئەم نەخۆشخانەیە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و بەهاوکاری رێکخراوێکی ژنان لە سنوورەکەدا کراوەتەوە. شەمسە یەکێکی ترە لەو ژنانەو  تەمەنی ٥٩ ساڵە، بەپێی وتەی توێژەکەی لە نەخۆشخانەکە، ژنەکە خاوەنی دوو کور و کچێکە  و منداڵەکانی لە تەمەنێکی بچوکدابوون کە ئەو تووشی نەخۆشی دەروونی بووە. ئەم ژنە ماڵەوە بەجێدێڵیت و لە کەلاوەیەک ژیان بەرێ دەکات و لەلایەن خەڵکەوە هاوکاری دەکرێت. دواتر رێکخراوێک شەمسە دەدۆزێتەوە کە ناوەکەی خوازراوە،  بۆ نەخۆشخانەی سۆزی دەبات.  مونێر عەبدوڵا کە توێژەری دەرونییە لە نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەکرد کە بەپێی لێکولینەوەی رێکخراوەکە چەندین جار دەستدرێژی کراوەتە سەر شەمسە. ‎مونێر بە ‌هاوڵاتى وت «زۆربەی ئەوخانمانەی لەسەر جادە دەهێنرێن گریمانی ئەوە دادەنین کە دەستدێژی کراوەتە سەریان». لەبارەی شوێنەکەی شەمسەوە وتی «جێگەکەی، جێگای بەخێوکردنی ئاژەڵیش نەبوو، شەمسە بەئەندازەیەک بارودۆخی تێک چووبوو سەرەتا نەیزانیوە هاوسەرگیری کردوە و منداڵیشی هەیە». دوای ئەوەی چارەسەری لە نەخۆشخانەکە وەرگرتوەو باردودۆخی بەرەو باشبوونەوە رۆشیتووە و لە نەخۆشخانەکە بەدواداچوون دەکەن و بۆیان دەردەکەوێت منداڵی هەیە، تەنانەت منداڵەکانیشی وەری ناگرنەوە، چونکە ئەوکات ئەوان مندال بوون باوکیان ژنی هێناوەو لەلایەن باەژنیانەوە بەخێوکراوە. مونێر وتی «منداڵەکانیان دایکیان نەناسیوەتەوە و وتوویانە ئێمە بەتەمەنێکی منداڵیەوە لەلایەن باوەژن  بەخێوکراوین ئەو کەسێکی غەریبە بۆ ئێمە و هیچ هەست و سۆزێکمان بۆی نیە». وتیشی «منداڵەکانی نەیانزانیوە دایکیان نەخۆش بووە، بەڵام دوای ئەوە قسەمان بۆ کردن و باردۆخی دایکمان بۆباسکردن، بەڵێنیان دا کە سەردانی بکەن لە نەخۆشانە بۆئەوەی وەریبگرنەوە، بەڵام تا ئێستا وەریان نەگرتۆتەوە». هەندێک جار نەخۆشخانەکە پەنا بۆ ڕیەگی تر دەبەن بۆ ئەوەی ژنەکان وەربگیرێنەوە بەلام ئەوەش ئاسان نابێت. «ئێمە لەگەڵ کەسوکاری ئەو کەسانەی وەرناگیرێنەوە رێگەی یاسایی دەگرینە بەرو لەرێگەی پۆلیس و مەحکمە شکاتیان لێدەکەین ئەگەر پێویستیش بکات بە زۆر دەیبەینەوە «د.لاڤە دارا بەڕیوەبەری نەخۆشخانە بۆ ‌هاوڵاتى وای وت. نەخۆشخانەکە تەنها ئەو نەخۆشانە وەدەگرێ کە لە رەگەزی مێن و تەمەنیان لەنیوان 18بۆ60 ساڵاندایە. بەڵام ئەو نەخۆشانە لە خۆناگرێت کە کەسوکارەکانیان بە خەمیانەوەن، بەڵکو تەنها نەخۆشخانەی بێلانەکانە.  د. لاڤە دارا عەلی بەرێوبەری نەخۆشخانەکە باسی لەوە کرد کە ئەوان دووجۆر نەخۆش وەردەگرن، ئەویش ئەوکەسانەی کە تووشی شیزۆفرینیا و تیکچونی مەزاج بوون، کە ئەوانەش دوو جۆری قورسی نەخۆشی دەروونین، وتی کە بەدەر لەو دوو جۆرە ناتوانن هیچ جۆرێکی تر وەربگرن. دوای وەرگرتنیان لەم نەخۆشخانەیە چارەسەریان دەکەن و چەندین چالاکی جۆراوجۆریان پی ئەنجامدەدەن. د. لاڤە وتی «‎جگە لەدەرمان راهێنانی دەرونیان پئ ئەکرێت، ‎لەرێگەی جەندین کارو چالاکی وەک وەرزش و کاری دەستی و ژووری سینما و موسیقا» ‎هەندیک جار وا ریک دەکەویت نەخۆشەکە چاک دەبێتەوەو دەنێردرێتەوە بۆ ماڵەوە بەلام لەبەر ئەوەی بەباشی مامەڵە لەگەل نەخۆشەکە ناکرێت دووبارە تێکدەچێتەوە. ‎ د.لاڤە وتی «زۆرجار نەخۆشمان بووە چاک بوەتەوە بەڵام دوای گەڕاندەوە بۆ ماڵەوە زەختێکی زۆری لەسەر بووە و خزمەتێکی باش نەکراون  بۆیە دووبارە تێکچوونە» ‎ئەو باس لەوەدەکات بەهەموو شێوەیەکیش هەوڵیان داوە ئەو کێشەیە چارەسەربکەن بەسەردانی کردنی مالی نەخۆشەکە کە توێژەری دەرونی و کۆمەڵایەتی و دکتۆر دەچنە ماڵی نەخۆشەکە و جەن ئامۆژگاریەکیان دەکەن بەڵام سەرەرای ئەوەی هەندێکی جێبەجێ دەکات بەڵام بەشێکی تر جێبەجی ناکات بۆیە دووبارە بارۆدۆخی نەخۆشەکە خراپ ئەبێت. ‎شەهلا حامید کە ماستەری هەیە لە پەرستیاری دەرونی و لە نەخۆشخانەکە دەوام دەکات  ‎دەڵێت «زۆرجار زەحمەتی دەبینین بەپیدانی دەرمان بەڵام دەبێت هەوڵیان لەگەڵ بدەین هەندێ نەخۆش کەسەرەتا دێنە ئێرە تەنها بەدەرمان چارەسەر ئەکرین و لەهەمان کات هەندێک تەنها بەقسە هەوەها لێرەش ژووری جیاکاری هەیە بۆ ئەونەخۆشانەی باردۆخیان زۆر خراپە لەو ژوورە دەمێننەوە سەرەتا» ‎ بەشێکی تر لەونەخۆشانە ئەوانەن کە دوای چاکبونەوەیان لەلایەن خێزانەکانیان قبوڵ ناکرینەوە کە لەکاتی دروستبونی نەخۆشخانەکە تائێستا رێژەیان گەشتوتە 7 کەس. ‎مونیر عەبدوڵا توێژەری کۆمەڵایەتی ژوور بەژووری خەستەخانەکە دەگەرا لەوکاتەدا خانمێکی بینی کە بە پێی پەتی دەسورایەوە  پرسیاری ئەوەی لێکرد کە بۆچی هیچت لەپێنەکردوە، ئەو لەوەلامدا وتی کە نایەوێت نەعلەکانی خۆی بە هاورێیەکەی بەخشیوە بۆ ئەوەی ئەو پئ پەتی نەبێت کاتێک دەچیت بۆ سەرەی نانخواردن. ‎ مونێر سەرسورمانی خۆی بە دیمەنەکە نیشانداو وتی «هیچ شتێک ناتوانیت مهرەبانی خانم کەم بکاتەوە». ئیتر مونیر چیرۆکی ئەو ژنەی گێرانەوە کە ئەویش نەسرین بوو، ئەو ژنەی کە لە خانەقینەوە پیاوێکی گەیاندیە نەخۆشخانەی سۆز لە سلێمانی، دوای دەرکردنی لە لایەن مێردەکەیەوە. نەسرین تا نەخۆش نەکەوتبوو، بە ئاشتی و خۆشی لە ژێر سەقفێکدا لەگەڵ منداڵ و مێردەکەیدا دەژیا، بەڵام ئەم ژیانە خۆشە بەردەوام نەبوو، ئیتر هێلانەکەی بەیەکجاری تێکچوو، ئەو ئێستا دور لەماڵ و منداڵ و میردەکەی دەژیت. تەنانەت دوای ئەوەی ئەو رووداوە کوڕەکەی بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا بەڵام هێشتا هەواڵەکەیان پێنەداوە، کچەکەشی لەگەڵ باوک و باوەژنەکەیدا دەژیت. ئەم خانمە ژیانێکی سەخت و ناخۆش بەرێ دەکات و دەستدرێژی دەکرێتە سەری. ‎نەسرین کوڕەکەی رووداوی هاتوچۆ مردوە، بەڵام کچەکەی بەدزیی باوکیەوە ناو بەناو پەیوەندی بەدایکیەوە دەکات، بەڵام دواتر کە باوکی بەمە دەزانێت داوای لێ دەکات کە هەرگیز جارێکی تر پەیوەندی بەدایکیەوە نەکات، ئێستا نەسرین  باش بووەتەوە بەڵام کەسو کاری ئامادەنیە قبوڵی بکاتەوە و بە «بەرەڵا» ناوی دەبەن. دوای ئەوەی پەیامنیری ‌هاوڵاتى قسەی لەگەڵ ژمارەیەک لەو ژنانە کرد ئەوان لەگەڵیدا دەهاتن تاکو لای دەرگای حەوشەکە، دوای مالئاوایی کردن لێیان، خانمێک زیاتر بەدوای پەیامنیرەکەی ‌هاوڵاتىدا هات و دەستی کرد بەگریان. کە پەیامنێری ‌هاوڵاتى پرسیاری ئەوەی لێکرد بۆچی دەگرێت بەئاهێکی قوڵەوە وتی «بیری ماڵ و منداڵەکانم دەکەم».

ئارا ئیبراهیم راوێژکارێکى سه‌رۆک کۆمارى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌غدا بریارى داوه‌ ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم بۆ ساڵى داهاتوو نه‌وت راده‌ست نه‌کات ئاماده‌یى تێدا نییه‌ پاره‌ بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان بنێرێت ئه‌م په‌یامه‌ش به ‌روونى گه‌شتووه‌ته‌ به‌رپرسانى هه‌رێم. دوێنێ سێشه‌ممه‌ 17ى ئه‌یلولى 2019 به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق و فوئاد حوسێن جێگرى سه‌رۆک وه‌زیران بۆ کاروبارى دارایى و ئابوورى و وه‌زیرى دارایى گه‌شتنه‌ هه‌رێمى کوردستان تا زه‌مینه‌سازى بۆ گفتوگۆى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا بکه‌ن بۆ گه‌شتن به‌ رێکه‌وتنێکى کۆنکرێتى. راوێژکارێکى سه‌رۆک کۆمارى عێراق ده‌ڵێت ئه‌وه‌ یه‌کلابۆته‌وه‌ لاى حکومه‌تى عێراق که‌ ئاماده‌نییه‌ بۆ ساڵى داهاتوو پاره‌ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بنێرێت و حکومه‌تى هه‌رێمیش نه‌وت راده‌ست نه‌کات. کوردستان سێوکانى، له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت» هاتنى سه‌رۆک کۆمار بۆ هه‌رێمى کوردستان بۆ هاندانه‌ تا هه‌رێمى کوردستان وا لێبکات بگه‌نه‌ رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا، چونکه‌ نایه‌وێت ئه‌م کێشانه‌ به‌رده‌وام بێت و دۆخى خه‌ڵکى هه‌رێم باش نه‌بێت». ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ له‌دوو ساڵى رابردوو حکومه‌تى عێراق پاره‌ى بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستان ناردووه‌ به‌بێ راده‌ستکردنى نه‌وت تا هه‌رێم قه‌رزه‌کانى بداته‌وه‌.  وتیشى «به‌غدا بۆ ساڵى داهاتوو ئاماده‌نییه‌ هه‌رێم نه‌وت راده‌ست نه‌کات و به‌غداش موچه‌ى بۆ بنێرێت، چونکه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى فشارى زۆرى شه‌قامى عێراقى و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى له‌سه‌ره‌ و ده‌ڵێت ناکرێت نه‌وت راده‌ست نه‌کرێت و هه‌رێم بۆ خۆى بیفرۆشێت و پاره‌شى بۆ بروات، ئه‌مه‌ کۆتایى هات». سێوکانى پێشیوابوو که‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى عێراق (کۆمار، حکومه‌ت، په‌رله‌مان) له‌ خه‌مى دۆخه‌که‌دان و ده‌یانه‌وێت هه‌رێم و به‌غدا بگه‌نه‌ رێکه‌وتن، چونکه‌ تا مانگێکى دیکه‌ حکومه‌تى عێراق ده‌بێت پرۆژه‌ بودجه‌ى 2020 ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى عێراق بکات. ئه‌و راوێژکاره‌ى به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌ى نه‌شارده‌وه‌ که‌ قه‌یرانى گه‌وره‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌، به‌ڵام مه‌حاڵیش نییه‌ نه‌گه‌نه‌ رێکه‌وتن، «سه‌رۆک کۆمار پشتگیرى خه‌ڵکى کوردستان و حکومه‌تى هه‌رێم ده‌کات، به‌ڵام به‌ رێکارێک به‌غداش ره‌زامه‌ندى نیشان بدات تا بگه‌نه‌ رێکه‌وتنێک هه‌ردوولا پێى رازى بن». به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى ‌هاوڵاتى، هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یى نیشانداوه‌ رۆژانه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى حکومه‌تى عێراق شایسته‌ داراییه‌کانى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان دابین بکات. کوردستان سێوکانى ده‌ڵێت» هه‌رێم نه‌وت ته‌سلیم بکات و داواى شایسته‌ داراییه‌کانى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان و قه‌رزه‌کانى له‌ به‌غدا بکاته‌وه‌ که‌ باسى ملیاره‌ها دۆلاره‌ ئه‌سته‌مه‌ بگه‌نه‌ رێکه‌وتن». حکومه‌تى هه‌رێم تا ئێستا به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ له‌ گفتوگۆکانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ڕوانن و هه‌فته‌ى رابردووش مه‌رجى دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانى سه‌ر هه‌رێمیان خسته‌ ئه‌ستۆى به‌غدا. جوتیار عادل وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دوێنێ له‌ لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامه‌نوسان له‌دواى کۆبوونه‌وه‌ى وه‌زیرانى دارایی عێراق و هه‌رێم رایگه‌یاند، له‌سه‌ر داواکاریی و ئیستیحقاقه‌کانى کورد به‌ده‌مه‌وه‌هاتنێکى باش هه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ و به‌م نزیکانه‌ کۆبوونه‌وه‌کان ده‌ستپێده‌که‌نه‌وه‌. وتیشى «گفتوگۆکانى هه‌رێم و به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بن تا ده‌گه‌ین به‌ چاره‌سه‌ر و هه‌وڵه‌کان له‌و باره‌یه‌وه‌ چڕکراونه‌ته‌وه‌«. بڕیاره‌ له‌دواى سه‌ردانه‌که‌ى سه‌رۆک کۆمار و وه‌زیرى دارایی بۆ هه‌رێم، شاندێک له‌ هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ سه‌ردانى به‌غدا بکه‌ن بۆ تاوتوێکردنى پرسی بودجه‌. ڤیان سه‌برى، سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «هاتنى سه‌رۆک کۆمار و وه‌زیرى دارایى به‌رده‌وامیدانه‌ به‌ گفتوگۆکان نه‌ک ده‌ستپێکردن، چونکه‌ رۆڵى سه‌رۆک کۆمار و وه‌زیرى دارایى و سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق  گرنگه‌ بۆ گه‌شتن به‌ رێکه‌وتن  له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا». سه‌رۆکى فراکسیۆنى پارتى پێشیوابوو،  هه‌ردوولا گره‌نتیییان ده‌وێت له‌ یه‌کترى که‌ مافى هیچ لایه‌ک نه‌خورێت»گه‌شبینییه‌ک و نیه‌ت پاکییه‌ک له‌ هه‌ردوولاوه‌ هه‌یه‌ و  گه‌شبینین بگه‌نه‌ رێکه‌وتن». که‌متر له‌مانگێک له‌به‌رده‌م هه‌رێم و به‌غدا ماوه‌ تا له‌سه‌ر پرسی بودجه‌ى ساڵى داهاتوو بگه‌نه‌ رێککه‌وتن، پێش ئه‌وه‌ى حکومه‌تى عێراق ره‌شنوسى پڕۆژه‌که‌ ئاماده‌بکات و ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى بکات به‌مه‌به‌ستى په‌سه‌ندکردنى. شیروان میرزا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت»هه‌رێمى کوردستان ئاماده‌یى ده‌ربریوه‌ نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات، به‌ڵام شایسته‌ داراییه‌کانى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان بگرێته‌ ئه‌ستۆ زائیده‌ن بڕى 24 ملیار دۆلار قه‌رزى سه‌ر هه‌رێم بداته‌وه‌ به‌و پێیه‌ى به‌غدا له‌ 2014 وه‌ بودجه‌ى بۆ هه‌ولێر نه‌ناردووه‌«. ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ که‌ به‌غدا ئاماده‌نییه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک قه‌رزه‌کانى سه‌ر هه‌رێم پاکتاو بکات و بیخاته‌ ئه‌ستۆى خۆى، «دیوانى چاودێرى به‌غداو هه‌رێم  ده‌توانن دانیشتن بکه‌ن ته‌سفیه‌ى حساب بکه‌ن له‌ 2004 تا ئێستا، یان له‌ 2014 تا ئێستا ئه‌و کاته‌ ده‌توانن به‌ بریارێکى سیاسى یه‌کلایبکه‌نه‌وه‌ و حساباتى نێوانیان سفر بکه‌نه‌وه‌و لاپه‌ره‌یه‌کى نوێ هه‌ڵبده‌نه‌وه‌«. شیروان میرزا ده‌شڵێت»ده‌بێت هه‌رێم مه‌له‌فى نه‌وت راده‌ستى به‌غدا بکات که‌ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وکات هه‌رێمى کوردستان حساباتى خۆى ده‌کات ئایا به‌شى موچه‌و پرۆژه‌کانى وه‌به‌رهێنان و شایسته‌ داراییه‌کانى کۆمپانیا نه‌وتییه‌کان ده‌کات یان نا، چونکه‌ هێشتا بۆ هه‌رێم روون نه‌بۆته‌وه‌ ئه‌م پرسه‌«. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى خسته‌روو په‌رله‌مانتارانى کورد هه‌وڵى جدى ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى پشکى له‌سه‌دا 17%ى بودجه‌ بۆ کورد بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌کرا به‌ڵگه‌یه‌کى ئامارى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق هه‌یه‌ که‌ هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌دا 14ى عێراق ده‌بێت»ده‌توانین ئه‌وه‌ بچه‌سپێنین تا سه‌رژمێرى له‌ عێراقدا ده‌کرێت». ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى لیژنه‌ى دارایى ئه‌وه‌شى دووپات کرده‌وه‌ که‌ به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق و فوئاد حوسێن وه‌زیرى دارایى رۆڵیان ده‌بێت، «ئه‌مانه‌ له‌سه‌ر پشکى کورد له‌و پۆستانه‌دان له‌ به‌غدا ده‌بێت به‌ روحى هه‌موو لایه‌نه‌کان هه‌وڵى لێک نزیککردنه‌وه‌و چاره‌سه‌رى هه‌موو کێشه‌کان بده‌ن». هاوکات، ئه‌حمه‌د سه‌فار، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتى، پێیوابوو هاتنى سه‌رۆک کۆمارو وه‌زیرى دارایى ته‌نها زه‌مینه‌سازییه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا تا بگه‌نه‌ رێکه‌وتن که‌ ژینگه‌یه‌کى باشتر بۆ دانوسان له‌نێوان هه‌ردوولادا دروست بکه‌ن. سه‌فار وتیشى»هه‌وڵه‌که‌و زه‌مینه‌ سازییه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ پێش ئاماده‌کردنى  پرۆژه‌ بودجه‌ى 2020 بۆ په‌رله‌مانى عێراق رێکه‌وتن له‌نێوان هه‌ردوولا یه‌کلایبکرێته‌وه‌«. هێماى بۆ ئه‌وه‌ش کرد که‌ مه‌له‌فى بودجه‌و داهاتى نه‌وت و غاز یه‌کێکه‌ له‌ مه‌له‌فه‌ ئاڵۆزه‌کان له‌نێوان هه‌ردوولا  هه‌ر لایه‌نه‌و داواکارى و مافى خۆیى هه‌یه‌ «ده‌توانن له‌ مه‌تبه‌خى گفتوگۆکاندا کێشه‌کان  چاره‌سه‌ر بکه‌ن و بگه‌نه‌ رێکه‌وتن  که‌ ته‌نازول بکه‌ن له‌ هه‌ندێ داواکارى  تا بگه‌نه‌ رێکه‌وتن».

هاوڵاتی، لاڤین مەحمود وه‌زاره‌تى ناوخۆ جه‌خت له‌به‌رده‌وامى گۆڕانکارییه‌ ئیدارییه‌کان له‌ پارێزگاکان ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام به‌وته‌ى ئەندامێکى لیژنەیی یاسایی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی گۆڕانکارییه‌کان پارێزگاى سلێمانى ناگرێته‌وه‌و هەڤاڵ ئەبوبەکر تا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەشوێنەکەی دەمێنێتەوە. له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا گۆڕانکاریی ئیدارى له‌پارێزگاکان ده‌ستپێکردو پارێزگارى هه‌ولێر گۆڕدرا و فرسه‌ت سۆفى له‌شوێنى نه‌وزاد هادى ده‌ستبه‌کاربوو، چاوه‌ڕوانیش ده‌کرێت پارێزگارى دهۆکیش بگۆڕدرێت، به‌ڵام دیار نییه‌ گۆڕانکارییه‌کان سلێمانى ده‌گرێته‌وه‌ یان نا. ئەنوەر تاهیر ئەندامى لیژنەیی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی وتی «تا ئێستا هیچ باس و داواکارییەک بۆ ئاڵوگۆڕی پۆستە خۆجێیەکانی پارێزگاری  سلێمانی نەکراوە». وتیشى «بەپێی یاسا پارێزگاری سلێمانی دەستبەکارە تا ئەوکاتەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگا دەکرێت، هەڤال ئەبوبەکر تا هەڵبژاردنی پارێزگاکان لەشوێنەکەی دەمێنێتەوە. ئەنوەر تاهیر باسى له‌وه‌کرد، بەڵام ئەگەر ئاڵوگۆڕی سیاسی بکرێت ئه‌وه‌ شتێکى واریده‌، چونکه‌ پەرلەمانی کوردستان یاسای پارێزگاکانی هەموارکردۆتەوەو دەسەڵاتی داوە بە لایەنە سیاسیەکان لەدەرەوەی ئەندامانی ئەنجومەنیش پارێزگار هەڵبژێرن.  لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لەساڵی ٢٠١٤ هەڤاڵ ئەبوبەکر، کاندیدی گۆڕان ٢٥٠ هەزار دەنگی بەدەستهێنا کەنزیکەی دوو لەسەر سێی هەموو دەنگەکانی گۆڕان بوو لەپارێزگای سلێمانی و لیستی گۆڕانیش ١٢ کورسی بەدەستهێنا کەکورسییەک لەپێش یەکێتییەوە بوو. ئەمە نەبووە هۆی ئەوەی هەڤاڵ ئەبوبەکر بکرێتە پارێزگاری سلێمانی و کێشە کەوتە نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان. دواتر کێشەکەیان چارەسەرکرد بە دابەشکردنی پۆستی چوار ساڵی پارێزگار لەنێو هەردوو حزبەکەدا بە دوو ساڵ وەرگرتنی پۆستەکە لەلایەن کاندیدەکانیانەوە. دوو ساڵی یەکەم دکتۆر ئاسۆ فەریدون، کاندیدی یەکێتی نیشمانی کوردستان پۆستەکەی وەرگرت. هەرچەندە لەئابی ٢٠١٦دا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگیاندا بە هەڤال ئەبوبەکر وەک پارێزگاری سلێمانی، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری بە فەرمیکردنی بڕیارەکەی ڕەتکردەوە لەلایەن سەرۆکی ئەوکاتی کوردستان مەسعود بارزانی بەهۆی ئەوەی ماوەی ئاسایی بۆ درێژکرابووە و دەسەڵاتی بارزانیان بە شەرعی نەدەزانی. دواتر لە ١ی تشرینی دووەم کاتێک مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هه‌رێمى کوردستان دەستی لەکارکێشایەوەو دەسەڵاتەکانی دابەشکرا، سەرۆک وەزیرانی ئەوکات بڕیاری دەرکرد بۆ بەفەرمی ناساندنی هەڤاڵ ئەبوبەکر وەک پاریزگاری سلێمانی. پاشان لە ٤ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧ هەڤاڵ ئەبوبەکر سوێندی یاسای خواردو وەک پارێزگاری سلێمانی دەستبەکاربوو. رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆى حکومه‌تى هه‌رێم رۆژى سێشه‌ممه‌ له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا جه‌ختیکرده‌وه‌، گۆڕانکاریی ئیدارى له‌پارێزگاکان به‌رده‌وام ده‌بن، به‌مه‌به‌ستى باشتر به‌ڕێوه‌چوونى کاروباره‌کان. وتیشى «له‌هه‌ر شوێنێک پێویست بێت گۆڕانکارى ده‌کرێت، له‌سه‌ر ئاستى پارێزگاو به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌کان». له‌باره‌ى گۆڕانکاریی له‌ پۆستى پارێزگارى دهۆک، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وتى «هێشتا ئه‌وه‌ دیار نییه‌، به‌ڵام له‌هه‌ر شوێنێک پێویست بێت پۆسته‌کان ده‌گۆڕدرێن». له‌مانگى حه‌وتى ئه‌مساڵدا په‌رله‌مانى کوردستان یاساى پارێزگاکانى هه‌موارکرده‌وه‌، به‌پێی هه‌مواره‌که‌ واده‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان درێژکراوه‌ته‌وه‌ تاهه‌ڵبژاردنى خولێکى نوێى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان. هه‌ر به‌پێی هه‌مواره‌که‌، هه‌ڵبژاردنى پارێزگار له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن یان له‌ناو ئه‌نجومه‌ندا، به‌زۆرینه‌ى ره‌هاى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن ده‌بێت. مەهدی مەحمود، سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی وتی «من پێم باش بوو پارێزگار لەئەندامانى ئەنجومەن هه‌ڵبژێردرێت، نه‌ک له‌ده‌ره‌وه‌«. وتیشى «ئەگەر ده‌ڵین کەسی تیانیە بهێز بێت ببێتە پارێزگار با هەر لەسەرەتاوە خه‌ڵکى شاره‌زا بکه‌نه‌ ئه‌ندام، بۆ ئه‌وه‌ى هەر پارێزگارێک نەخۆش بکەوێت یان بمرێت کەسێکی تری شیاو بکرێته‌ پارێزگار».  

سازدانى: ئارا ئیبراهیم هاوسه‌رۆکى نوێنه‌رایه‌تى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌هه‌رێمى کوردستان، ئامانجى سه‌ردانه‌که‌یان بۆ لاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان و به‌رپرسانى حکومى و حزبى ده‌خاته‌ڕوو که‌ یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى دروست ببێته‌وه‌ تا کورد له‌هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان یه‌ک هه‌ڵوێست بێت. موزه‌یه‌ن گونه‌ش، هاوسه‌رۆکى نوێنه‌رایه‌تى پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌هه‌رێمى کوردستان له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى، ده‌ڵێت:» شاندى هه‌ده‌په‌ له‌کاتى چوونیان بۆ که‌مپى مه‌خمور له‌بازگه‌ى هه‌ولێر سوکایه‌تیان پێکرا». هاوکات، جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ مه‌سعود بارزانى سه‌رۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان هاوراى بۆچونه‌کانیان بووه‌ له‌پرسى نه‌ته‌وایه‌تیدا، به‌ڵام پێیوابوو له‌«ئه‌رزى واقعدا ئه‌وه‌ نابینین». ‌هاوڵاتى: سه‌ردانى شاندى هه‌ده‌په‌ بۆ لاى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى هه‌رێمی کوردستان چ ئامانجێکى هه‌بوو؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: ئامانجى سه‌ردانه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو له‌ئێستادا ده‌ستکه‌وته‌کانى گه‌لى کورد هێرشیان له‌سه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ به‌ پێویست زانرا که‌ بۆ راگرتنى ئه‌و هێرشانه‌و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌کان و پڕۆسه‌ى چاره‌سه‌رى هه‌نگاوێک بنرێت، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌ده‌په‌ به‌باشى زانى سه‌ردانى لایه‌نه‌کانى باشورى کوردستان بکات تانزیکایه‌تى و به‌یه‌که‌وه‌ کارکردنێک دروستبکات که‌ چۆن ده‌ستکه‌وته‌کان بپارێزین و چاره‌سه‌رى بێته‌ ئاراوه‌. ‌هاوڵاتى: ته‌وه‌ره‌کانى کۆبوونه‌وه‌کان چى بوون؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: له‌کۆبونه‌وه‌کاندا سێ خاڵى زۆر سه‌ره‌کى باسکران یه‌که‌م تێکه‌ڵ بوون و به‌یه‌که‌وه‌ کارکردنى حزب و لایه‌نى کوردان له‌چوار پارچه‌ى کوردستان، دووه‌م ئه‌و داگیرکارییه‌ى له‌باشورى کوردستان هه‌یه‌ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تى تورکه‌وه‌، سێیه‌مینیش گه‌مارۆى سه‌ر که‌مپى مه‌خمور بوو. ‌هاوڵاتى: له‌سه‌ر که‌مپى مه‌خمور داواى چیتان له‌به‌رپرسانى پارتى و حکومه‌ت کرد؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: ئه‌و گه‌مارۆیه‌ى له‌سه‌ر که‌مپى مه‌خمور هه‌یه‌ ناحه‌قییه‌، که‌سانێک له‌وێ که‌ خوێندکارن و ده‌یانه‌وێت بخوێنن ناتوانن بخوێنن و بچنه‌ شارى هه‌ولێر ئه‌وه‌ کێشه‌ى بۆ خوێندنى ئه‌وان دروستکردوه‌، خه‌ڵکانێکى زۆر کارو کاسبیان له‌ هه‌ولێره‌ ناتوانن بچن، ژنى دووگیان هه‌بووه‌ رێگه‌ى پێنه‌دراوه‌ بیبه‌ن بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ هه‌ولێر بەو هۆیەوە منداڵه‌که‌ى گیانى له‌ده‌ستداوه‌، بۆچى ئه‌وان گه‌مارۆیان له‌سه‌ر بێت، ئه‌وان خه‌ڵێکى قوربانى ده‌رن و خه‌باتکارن، ئه‌وان له‌ هه‌موو روویه‌که‌وه‌ له‌ دۆخى خراپدا ده‌ژین، ئێمه‌ چووین به‌چاوى خۆمان بینیمان بووینه‌ شاهیدى ئه‌و دۆخه‌ خراپه‌ى له‌که‌مپى مه‌خمور هه‌یه‌، وه‌ک هه‌ده‌په‌ سه‌رمانسوڕما له‌وه‌ى چۆن که‌مپى مه‌خمور به‌و جۆره‌ سزا ده‌درێن، ئێمه‌ وه‌ک شاندى هه‌ده‌په‌ به‌سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانتارانى هه‌ده‌په‌ سه‌ردانى که‌مپى مه‌خمورمان کرد، لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌کانى عێراق وتیان ئێوه‌ پێشتر مۆڵه‌تتان وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام له‌سه‌ر به‌رپرسیاریه‌تى خۆمان و له‌به‌رئه‌وه‌ى په‌رله‌مانتارن رێگه‌تان ده‌ده‌ین به‌ راستى سوکایه‌تى به‌  شاندى هه‌ده‌په‌ کرا. ‌هاوڵاتى له‌لایه‌ن کێوه‌ سوکایه‌تیتان پێکرا؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: له‌بازگه‌ى پارتى سوکایه‌تى به‌شانده‌که‌ى ئێمه‌ کرا، که‌ چووین بۆ بازگه‌که‌ داواى پاسپۆرتیان کرد، هه‌رسێ په‌رله‌مانتاره‌که‌ پاسپۆرتیان دایه‌ پێشمه‌رگه‌که‌ ئه‌ویش قسه‌ى له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌ى کرد ئه‌ویش پێى وت که‌ پاسپۆرته‌که‌یان بگره‌ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌توانن جارێکى تر بگه‌ڕێنه‌وه‌ مه‌خمور، چونکه‌ به‌نیازبووین بگه‌ڕێینه‌وه‌ مه‌خمور بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین دۆخه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام به‌هۆى په‌یوه‌ندیه‌کانمان توانیمان ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌ین و پاسپۆرته‌کان بدرێنه‌وه‌ به‌ په‌رله‌مانتاره‌کان، به‌ راستى به‌ربه‌ستى زۆر دروستکرا، ئه‌مڕۆ شتێکى سه‌یره‌ کورد به‌خۆى گه‌مارۆ له‌سه‌ر کورد دابنێت، جا ئه‌مه‌ پرسێکى کۆبوونه‌وه‌کان بوون له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کان. ‌هاوڵاتى: ئێوه‌ له‌گه‌ڵ بارزانى و به‌رپرسانى دیکه‌ى پارتى کۆبوونه‌وه‌ باسى ئه‌و کێشانه‌تان نه‌کرد که‌ ئێستا تۆ باسى ده‌که‌ى هه‌ڵوێستى ئه‌وان چى بوو؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: هه‌رسێ بابه‌تى پرۆسه‌ى ئاشتى و داگیرکارى و که‌مپى مه‌خمور گفتوگۆى له‌سه‌رکرا هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌وردى قسه‌یان له‌سه‌رکرا، به‌نمونه‌ له‌ رۆژئاوا داگیرکارى هه‌یه‌ و گه‌لى ئێمه‌ رووبه‌ڕووى کوشتن بوونه‌ته‌وه‌، له‌باکور سه‌رۆک شاره‌وانى ئێمه‌ لادراون قه‌یوم دانراوه‌، له‌ باشور دیسان داگیرکارى هه‌یه‌، ئێمه‌ وتمان ئه‌مانه‌ بابه‌تى ئاسایى نییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موومان نه‌بینه‌ یه‌ک ئه‌مانه‌ به‌سه‌ر هه‌موو گه‌لى کوردو خاکى کوردستاندا ده‌سه‌پێنێت و ئه‌و ده‌ستکه‌وتانه‌ى هه‌مانه‌ له‌ناو ده‌چن، نه‌ک بازگه‌ له‌به‌رده‌م خه‌ڵکى مه‌خمور دابنێت. ‌هاوڵاتى: بۆچوونى مه‌سعود بارزانى وه‌ک سه‌رۆکى پارتى چى بوو؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: ئه‌وه‌ى ئێمه‌ وتمان ئه‌ویش به‌ڕاست ده‌یبینى و وتى چى بکه‌وێته‌ سه‌ر شانى ئێمه‌ ده‌که‌ین، شتێکى جیاواز نه‌بوو له‌نێوانماندا، به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانین که‌ ئاوا واده‌ڵێن، به‌ڵام له ‌ئه‌رزى واقیعدا شتێکى تر رووده‌دات، باسى ئه‌وه‌ کرا که‌هه‌ر پارچه‌یه‌کى کوردستان تایبه‌تمه‌ندى خۆى هه‌یه‌، پێویسته‌ کارێک بکرێت ناکۆکى ده‌رنه‌که‌وێت له‌نێوانماندا. ‌هاوڵاتى: دواى سه‌ردانه‌که‌ى ئێوه‌ بۆلاى بارزانى گه‌مارۆکه‌ى سه‌ر مه‌خموور به‌رده‌وامه‌؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: به‌ڵێ هه‌ر به‌رده‌وامه‌. ‌هاوڵاتى: هیچ به‌ڵێنێکیان نه‌دا گه‌مارۆکه‌ لاببرێت؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: مه‌سعود بارزانى وتى به‌دواداچوونى بۆ ده‌که‌ین، نێچیرڤان بارزانیش وتى ئه‌و حاڵه‌ته‌ بۆ ئێمه‌ش ناخۆشه‌، به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌ى له‌سه‌ر ده‌که‌ین و له‌به‌رچاوى ده‌گرین. ‌هاوڵاتى: باسى باره‌گاکانى تورکیاتان کرد له‌خاکى هه‌رێم له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانیدا؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: به‌ڵێ باسمان کرد که‌ ٣٦ بنکه‌و باره‌گاى تورکیا له‌ناو باشور هه‌یه‌ وتمان که‌ئه‌وانه‌ بۆ داگیرکارى هاتوون، چونکه‌ تورکیا ئه‌گه‌ر چووه‌ شوێنێک جارێکى تر ناگه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌مه‌ بابه‌تێک نییه‌ ئه‌مڕۆ هاتوون و سبه‌ى ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌مانه‌ که‌ روو ده‌ده‌ن سزاى ته‌مه‌لى وتى ئه‌مه‌ هۆکاره‌که‌ى ئه‌وه‌یه‌ که‌ کوردان یه‌ک نین له‌ناوخۆماندا، ئه‌گه‌ر یه‌کێتیه‌کى نه‌ته‌وه‌یى دروست بێت و هه‌ڵوێستێکى یه‌کگرتوو هه‌بێت ئه‌وکاته‌ ئه‌و فشارانه‌ له‌سه‌ر کورد نابن و داگیرکارى به‌و جۆره‌ نابێت،، ئێمه‌ پێمان وتوون بانگه‌وازى ئۆجه‌لان هه‌یه‌ بۆ ئاشتى به‌بێ ئه‌ویش ئاشتى به‌دى نایه‌ت، هه‌ندێک هه‌نگاو هه‌ن پێویسته‌ وه‌ک کورد بیانگرینه‌ به‌ر، ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونانه‌ى ئێمه‌ بوون پێیانوابوو که‌ هێنانه‌دى پرۆسه‌ى ئاشتى هه‌ندێک هه‌نگاوى پێویسته‌ له‌هه‌موولایه‌که‌وه‌ داوایانکرد یه‌کترى بینین و هاتووچۆى زیاتر هه‌بێت. ‌هاوڵاتى: ئێوه‌ داواى ئاشتى ده‌که‌ن، په‌که‌که‌و تورکیا به‌رده‌وام شه‌ڕ ده‌که‌ن ئه‌وانه‌ چۆن به‌یه‌که‌وه‌ هه‌لومه‌رجى ئاشتى ده‌ڕه‌خسێنن؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: تائێستا نه‌بووه‌ ده‌وڵه‌تى تورک هه‌نگاوێکى نابێت و ده‌ستپێشخه‌رییه‌کى کردبێت که‌ په‌که‌که‌و هه‌ده‌په‌ ره‌تیان کردبێته‌وه‌، هه‌میشه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بووه‌، به‌رده‌وام په‌که‌که‌ و به‌رێز ئۆجه‌لان و هه‌ده‌په‌ داواى راگرتنى شه‌ڕو ئاشتیان کردووه‌، هه‌ندێکجار په‌که‌که‌ به‌بێ مه‌رج شه‌ڕى راگرتووه‌، به‌ڵام هه‌میشه‌ ده‌وڵه‌تى تورک به‌شه‌ڕو گرتن و داگیرکارى وه‌ڵامى داوه‌ته‌وه‌، به‌ڕێز ئۆجه‌ن په‌یامى ئاشتى هه‌یه‌، په‌که‌که‌ و هه‌ده‌په‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و په‌یامه‌ هه‌نگاویان نه‌ناوه‌و به‌ڵکو ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ بۆ جێبه‌جێکردنى، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و په‌یامه‌وه‌ گرتن و ئۆپه‌راسیۆنى پێشخستووه‌ له‌باکورو باشورو رۆژئاوا ده‌وڵه‌ت دژى ده‌ستکه‌وتى گه‌لى کورد کار ده‌کات. ‌هاوڵاتى: ده‌تانەوێ له‌پڕۆسه‌ى ئاشتیدا چى بۆ ئێوه‌ جێگا بگرێته‌وه‌؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: هه‌ده‌په‌ ده‌یه‌وێت له‌ تورکیادا یاسایه‌ک ده‌ربچێت که‌ هه‌ده‌په‌ وه‌ک پارتێک شوێنى خۆى هه‌بێت و کارى خۆى بکات، به‌ڵام تائێستا ئه‌وه‌ ناکرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ده‌په‌ى تێدا بێت ئه‌وا هه‌موو پێکهاته‌کانى دیکه‌ش که‌زوڵمیان لێ ده‌کرێت جێگه‌یان ده‌بێت، ده‌ستپێکردنى پرۆسه‌ى ئاشتى داواکارى و هه‌نگاوى یه‌که‌مینه‌ به‌لاى هه‌ده‌په‌وه‌. ‌هاوڵاتى: له‌ئێستادا چه‌ند ئه‌ندامى هه‌ده‌په‌ له‌ زیندانه‌کاندان؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: تائێستا پێنج هه‌زار به‌ڕێوه‌به‌رو سه‌رۆک شاره‌وانى و ئه‌ندامى شاره‌وانى و په‌رله‌مانتار له‌زیندانه‌کاندان، به‌ڵام زیاتر له‌ 10 هه‌زار ئه‌ندامى هه‌ده‌په‌ له‌ زیندانه‌کانى تورکیادان. ‌هاوڵاتى: له‌و هێرشانه‌ى ده‌کرێنه‌ سه‌ر خاکى هه‌رێم لایه‌نه‌کانى باشور لێى به‌رپرسیارن؟ موزه‌یه‌ن گونه‌ش: به‌ڵێ هه‌موویان به‌رپرسیارن و پێویسته‌ هه‌ڵویستیان هه‌بێت، ئه‌وان بۆچى بێده‌نگ بن له‌ئاست داگیرکارى، ئه‌وان له‌ په‌رله‌مان و حکومه‌تدا نوێنه‌ریان هه‌یه‌ پێویسته‌ هیچ کات بێده‌نگ نه‌بن له‌ئاست داگیرکارییه‌کانى تورکیا.

سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن زیره‌ک میره‌، خاوه‌نى 10 په‌یکه‌رى گه‌وره‌یه‌ و 120 پێشه‌نگاى هاوبه‌ش و پێنج پێشانگاى تایبه‌ت و 19 خه‌ڵاتى وه‌رگرتووه‌، له‌ساڵى 2015دا وه‌ک باشترین په‌یکه‌رساز هه‌ڵبژێردراوه‌ له‌هه‌رێمى کوردستان و خه‌ڵاتى لاوى  ساڵى به‌ده‌ستهێناوه‌. زیره‌ک میره‌، له‌م چاوپێکه‌تنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ کرد، په‌یکه‌رسازى مێژووى نیشتیمانێک له‌ڕێگه‌ى شێوه‌وه‌ ده‌نوسێته‌وه‌، باسى له‌وه‌شکرد هیچ سپۆنسه‌رێک و لایه‌نێک هاوکارى هونه‌رمه‌ندانى په‌یکه‌رتاش ناکات بۆ ئه‌وه‌ى کارێک دروستبکات بۆ هه‌زاره‌ها ساڵ بمێنێته‌وه‌، چونکه‌ بودجه‌یه‌کى زۆرى ده‌وێت، که‌ ئه‌وه‌ حه‌زى هه‌موو هونه‌رمه‌ندێکى په‌یکه‌رسازه‌ هونه‌ره‌که‌ى تاکۆتا ساڵه‌کانى ژیان بمێنێته‌وه‌.  ‌‌هاوڵاتى: پێویسته‌ چ مه‌رجێک له‌په‌یکه‌رتاشدا هه‌بێت؟ هه‌موو ئه‌وانه‌ى کۆلێژ ده‌خوێنن ده‌بنه ‌په‌یکه‌رتاش؟ زیره‌ک میره‌: مه‌رج نیه‌ هه‌ر که‌سێک له‌به‌شێکى هونه‌رى ده‌رچوو ببێته‌ هونه‌رمه‌ند، به‌ فکرو به‌ ڕۆشنبیرى به‌کاره‌ هونه‌ریه‌کانت ده‌بێت هاوته‌ریب بیت، تاکو له‌په‌یمانگایت فێرخوازیت، له‌ناو دوو و سێ ساڵ جارێکدا یه‌ک که‌س ده‌بێته‌ هونه‌رمه‌ندو دێته‌ بواره‌که‌وه‌، مه‌رجیش نیه‌ هاته‌ بواره‌که‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ ببێت به‌هونه‌رمه‌ند، چونکه‌ ناوى هونه‌رمه‌ند بون قورسه‌، مه‌رج نیه‌ که‌ ده‌موچاوێکت دروستکرد ببیته‌ هونه‌رمه‌ند چونکه‌ دروستکردنى ده‌موچاوێک له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ قورس نه‌بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ده‌ته‌وێت چى له‌ڕێگه‌ى په‌یامه‌که‌وه‌ بگه‌یێنیت، له‌خه‌مى کۆمه‌ڵگاکه‌تدا بیت، هونه‌رى جدى ده‌بێت باس له‌گرفت و کێشه‌یه‌ک بکه‌یت و په‌یامێکت هه‌بێت، که‌ په‌یام و فه‌لسه‌فه‌ و  تیروانینیکى قوڵى له‌ پشته‌وه‌ نه‌بوو، به‌بڕواى من هونه‌رى نیه‌، وروژاندنى فه‌لسه‌فه‌که‌ له‌ڕێگه‌ى کاره‌ هونه‌ریه‌که‌وه‌، ئه‌مه‌ گرنگتره‌. ‌هاوڵاتى: تائێستا چه‌ند په‌یکه‌رت دروستکردوه‌؟ له‌کوردستان و له‌ده‌ره‌وه‌ى کوردستان؟ زیره‌ک میره‌: خاوه‌نى 10 په‌یکه‌رى گه‌وره‌م به‌ناوى (پۆستاڵ- ژینگه‌- کیسه‌ڵ-شه‌باب- سات- خۆرى ئازادى- نوسه‌رێک له‌قه‌ڵه‌م- په‌ى که‌ر- مۆنۆمێنتى به‌رخۆدان-کلتورو خۆشه‌ویستى- 5 پێشه‌نگاى تایبه‌تم کردۆته‌وه‌ و 120 پێشه‌نگاى هاوبه‌ش له‌کوردستان و ده‌ره‌وه‌ى کوردستان. ‌هاوڵاتى: بۆ ته‌نیا په‌یکه‌ر بۆ مردووه‌کان دروستده‌کرێت؟ زیره‌ک میره‌: هه‌رگیز باوه‌ڕم به‌وه‌ نه‌بووه‌ پێم وانه‌بووه‌ له‌ژیانیشدا ئه‌و کاره‌م کردبێت که‌ په‌یکه‌ر بۆ مردوو دروستبکه‌م، په‌یکه‌رم بۆ که‌سێک که‌ دروستکردبێت بۆ شه‌باب دروستم کردووه‌ که‌ له‌چایخانه‌ى شه‌عب نمایشم کرد مه‌راسیمێکى تایبه‌ت بوو، په‌یکه‌رێک  کردبێتم بۆ هه‌ڵمه‌ت بووه‌ سه‌ربه‌ره‌و خوار دامناوه‌ له‌پشت کتێبخانه‌ى گشتى من پێم وایه‌ په‌یکه‌ر دروستکردن نوسینه‌وه‌ى مێژووه‌ هه‌ندێک جار په‌یکه‌رسازه‌کان یاخود ئه‌و سیسته‌مه‌ى کارى تیا ده‌کرێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان کار بۆ کاریزمایه‌ک ده‌که‌ن یان په‌یکه‌ر بۆ کاریزمایه‌ک ده‌که‌ن مرۆڤ، ئه‌کرێ هه‌ڵه‌ بکات ئه‌کرێ مێژووه‌که‌ى هه‌موى هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌ بۆیه‌ هه‌ندێک جار ئه‌وه‌ ڕه‌چاو کرابێت کاتێک که‌مردووه‌ به‌جوانى مردووه‌ به‌بینینى من ڕه‌نگه‌ وابوبێت. ‌هاوڵاتى: په‌یکه‌ره‌کانت هه‌میشه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و قسه‌ى زۆر به‌دواى خۆیاندا دێنن هۆکارى ئه‌مه‌ چیه‌؟ زیره‌ک میره‌: من په‌یکه‌ر دروستناکه‌م به‌س ته‌نیا و تله‌یه‌ک بێ له‌چیمه‌نتۆو له‌ کۆنکرێت له‌سوچێکا داینێم و ته‌واو هه‌میشه‌ کار له‌سه‌ر کێشه‌یه‌ک ده‌که‌م، زیاتر له‌دوو ساڵ کارم له‌سه‌ر کردووه‌، ئینجا هاتووم په‌یکه‌رێکم نه‌خشاندووه‌ په‌یکه‌رێکى نائاسایشم نه‌خشاندووه‌ هه‌رکاتێکیش که‌ تۆیه‌یت په‌یکه‌رێکى نائاسایی و جیاوازتر له‌هه‌موو ئه‌و په‌یکه‌رانه‌ى ڕۆژانه‌ به‌ریه‌که‌وى بۆ تۆ غه‌ریب ده‌بێ، فه‌لسه‌فه‌یه‌کى جیاوازترى تیایه‌ و  ڕۆحێکى جیاوازترى تیایه‌ ئه‌مه‌ ئه‌بێته‌ مایه‌ى ده‌نگۆ هه‌میشه‌ ئه‌وه ‌یه‌کێکه‌ له‌شێوازى کارکردنى من هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ر یه‌کێک له‌وکارانه‌ى که‌ کردبێتم  هه‌وڵم یاوه‌ به‌وپه‌ڕى ژیرانه‌وه‌ کارى له‌سه‌ربکه‌م به‌وپه‌ڕى مه‌عریفه‌وه‌ کارى له‌سه‌ربکه‌م، به‌ڵام هه‌میشه‌ خۆم پڕ مه‌عریفه‌ کردووه‌ دواتر هاتوم کارم له‌سه‌ر پرۆژه‌ شێوه‌کارییه‌که‌م کردووه‌. ‌هاوڵاتى: یه‌کیک له‌وانه‌ى ده‌نگدانه‌وه‌ى به‌دواى خۆیدا هێنا په‌یکه‌رى (په‌ى که‌ره‌)ئه‌وپه‌یکه‌ره‌لابرابۆچی؟ زیره‌ک میره‌: په‌یکه‌رى (په‌ى که‌ره‌)به‌داخه‌وه‌ تائێستا هیچ که‌س نه‌هات بڵێ  ئه‌و په‌یکه‌ره‌ بۆ؟ ئه‌و ناوه‌ بۆ؟ (په‌ى  که‌ره‌)  یانى په‌ى پێ ده‌به‌یت که‌ره‌؟ په‌یکه‌رى په‌ی که‌ره‌ لانه‌براوه‌ تائێستا له‌شوێنى خۆی ماوه‌ به‌س ته‌نها ئه‌وه‌یه‌ که‌ عه‌زیه‌ت دراوه‌، به‌ڵام من بڕیارم داوه‌ چاکى نه‌که‌مه‌وه‌، چونکه‌ پێم وایه‌ په‌یکه‌ر بۆ من مێژووه‌ مێژووى نیشتیمانێکه‌ ووڵاتێکه‌ ئه‌وپه‌یکه‌ره‌ ئه‌بێ به‌شکێنراوى بمێنێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى که‌ ئه‌گه‌ر ساڵانێک که‌سێک پرسى ئه‌م په‌یکه‌ره‌ بۆ شکێنراوه ‌بڵێن ئه‌م په‌یکه‌ره‌مان قیوڵ نه‌بووه‌ یان ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ ئه‌م په‌یکه‌ره‌ى قبوڵ نه‌بوووه‌ پێم وا بێت زیاتر له‌ هه‌شت مانگ سه‌رقاڵى ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بووم، یه‌کێک له‌شیعره‌کانى حه‌زره‌تى نالیم خوێنده‌وه‌ که‌ باس له‌وه‌سفى که‌ره‌که‌ى ئه‌کات که‌شیعره‌که‌ى ئه‌خوێنیته‌وه‌ زۆربه‌ى کات درک به‌وه‌ ئه‌که‌ى که‌ له‌غیابى مرۆڤى ناڕۆشنبیر له‌چوارده‌وریا هاناى بۆ که‌ره‌که‌ى بردووه‌ که‌پێى وابووه‌ له‌هه‌مویان ڕۆشنبیرترو جوانتر بووه‌ ئه‌مه‌ زۆر گرنگ بوو بۆ من به‌ڕاستی  له‌ته‌واوى شیعره‌که‌یا درک به‌وه‌ ئه‌که‌یت که‌ له‌و سه‌رده‌مه‌ی حه‌زره‌تى نالیا له‌ناو مه‌جلیسى عورفانى و ڕۆشنبیرانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ خانه‌قاو له‌ ته‌کیه‌کاندا  ئه‌وکاته‌ بۆخۆى زانکۆ یان خوێندنگا بووه‌ پێى وابووه‌ گوێدرێژه‌که‌ى ڕۆشنبیرترینیانه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و شیعره‌ى حه‌زره‌تى نالى به‌جوانى بخوێنرێته‌وه‌ درک به‌مه‌ ده‌کرى من پێم وابو ئه‌م شیعره‌ بۆ ئێستاش ئه‌بێ یانى به‌داخه‌وه‌که‌ هه‌ندێک جار ئه‌شێت گوێدێژێک جوانتر و ڕۆشنبیر تر بێت مه‌رج نییه‌ هه‌رچییه‌ک چاکه‌ت و پانتۆڵى له‌به‌رکرد لێى ده‌ربێت سه‌رۆک بێت ڕۆشنبیر بێت یان ئه‌بێت موسه‌قه‌ف بێت. ‌هاوڵاتى: یه‌کیکى تر له‌په‌یکه‌ره‌کان په‌یکه‌رى کچ‌و کوڕیکه‌ له‌سه‌ر نوکى چه‌قۆیه‌ک، گوایه‌ ماچى یه‌کتر ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ له‌ڕووى کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ى ترى بۆ کرا، ئه‌و قسانه ‌واناکه‌ن په‌شیمان ببیته‌وه‌ له‌هه‌ندێ بیرۆکه‌؟ زیره‌ک میره‌: ئه‌مه‌ کارێکه‌ ده‌بێت هه‌موو ئه‌و ڕێکخراوانه‌ى که‌به‌ناوى ژنانه‌وه‌و داکۆکى کردن له‌مافى ژنان و هه‌موو ئه‌مانه ‌نه‌هاتون به‌ئه‌ندازه‌ى ئه‌وکاره‌ هونه‌رییه‌ قسه‌بکه‌ن، ڕێزو حوره‌تم هه‌یه‌ بۆ ڕێکخراوه‌کانى مافى ژنان و کچان ومافى مێینه‌ به‌ گشتى به‌ڵام له‌ڕاستیه‌که‌ى هیچیان ڕۆژێک له‌ڕۆژه‌کان شه‌قامیان به‌ ئه‌ندازه‌ى ئه‌و په‌یکه‌ره‌ نه‌شڵه‌قاندووه،‌ خۆ ئه‌و کاره‌ کارێکى ناڕۆشنبیرى نیه‌ کارێکه‌ باس له‌وه‌ ئه‌کات که‌ بۆ ئه‌بێت خۆشه‌ویستى له‌ سایه‌ى چه‌قۆیا بێت بۆ ئه‌بێت له‌سه‌رووى چه‌قۆوه‌ نه‌بێت بێگومان ئه‌و په‌رچه‌ کردارانه‌ى که‌ هه‌بوون به‌شى هه‌ره‌زۆریان خزمه‌تیان به‌کاره‌که‌ کردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ به‌شێکیا هه‌ر نیم که‌ ناڕۆشنبیریانه‌ قسه‌ له‌سه‌ر کارێک ده‌که‌ن که‌ وه‌کو به‌شى هه‌ره‌ زۆرى ترى ڕه‌خنه‌کان که‌ گیراون ڕێزیان لێده‌گرم، کاتێک پرۆژه‌یه‌ک له‌ڕۆحى منا له‌دایک ده‌بێ دوایی ده‌چێته‌ سه‌رجاده‌ ئه‌وه‌ زیره‌ک میره‌ نیه‌ ئه‌وه‌ هه‌قى گشتییه‌  قسه‌ى له‌سه‌ر بکات، ئه‌وکاره‌ى من په‌یامه‌ خۆم دروستم نه‌کردووه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌ یانى ئه‌مه‌ به‌درێژایی چه‌ندین ساڵه‌ ئه‌وه‌نده‌ کوشتارو ئه‌وه‌نده‌ ئامارى کوشتنمان هه‌یه‌ ترسناکه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌شێک له‌ میدیاکان جورئه‌تیان نییه‌ که‌ ئه‌و ئاماره‌ ده‌رخه‌ن،  ڕۆژ نییه‌ چه‌ندین کچ و ژن نه‌کوژرێن له‌به‌رئه‌وه‌ ڕه‌وانیه‌ له‌سه‌ر دوو تانه‌و ته‌شه‌رى خه‌ڵکێکى نه‌خوێنه‌وار من په‌شیمان بم لێى. ‌هاوڵاتى:جگه‌له‌کۆبانێ په‌یکه‌رت له‌هیچ پارچه‌یه‌کى ترى کوردستان دروستکروه‌؟ زیره‌ک میره‌: جگه‌ له‌ کۆبانێ که‌ په‌یکه‌رى به‌رخودانه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ پارچه‌کانى ترى کوردستان نیمه‌، به‌ڵام له‌ئاینده‌دا له‌ به‌رنامه‌ماندایه‌، قسه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى شاره‌وانى کردوه‌  که‌ له‌ئامه‌د کارێک بکه‌ین و هیوادارم بێته‌ به‌رهه‌م. ‌هاوڵاتى: مه‌رجه‌کانى دروستکردنى په‌یکه‌ر چین له‌شوێنه‌ گشته‌کان؟ زیره‌ک میره‌: لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار باشتر ده‌زانن، به‌ڵام من پێم وایه‌ قه‌باره‌ى په‌یکه‌ر و کاره‌که‌ت زۆر گرنگه‌ که‌ به‌پێى شوێنه‌که‌ بکرێت و ئه‌وه‌ش که‌ به‌داخه‌وه‌ ماسته‌ر پلانمان نیه‌، فلکه‌و شوێنه‌ گشتیه‌کان به‌داخه‌وه‌ زۆر دیاریکراون و دروست نین بۆ کارى هونه‌رى، ته‌نانه‌ت به‌و کارانه‌شه‌وه‌ که‌ خۆم دامناون و ماسته‌رپلانێکى تۆکمه‌ى نه‌بوه‌، نابێت به‌رزى لاوه‌ بێت، کارێک بێت بۆ هه‌موو لایه‌نێک بێت، له‌ڕوى واتا و جوانیه‌وه‌، له‌ڕوى فکریه‌وه‌ به‌ر زۆرینه‌ى خه‌ڵک بکه‌وێت. ‌هاوڵاتى: به‌گشتى په‌یکه‌ر تاچه‌ند گرنگه‌ بۆ نوسینه‌وه‌ى مێژوو؟ زیره‌ک میره‌: هیچ هونه‌رێک به‌ ئه‌ندازه‌ى په‌یکه‌رسازى گرنگ نیه‌ بۆ نوسینه‌وه‌ى مێژوو، مێژووى نیشتیمانێک له‌ڕوى شێوه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ نیشتیمانه‌که‌ى و خه‌ڵکه‌که‌ى، ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ هه‌زاران ساڵ، پێویسته‌ زۆر گرنگى پێبدرێت، چه‌ند گرنگى به‌ لایه‌نه‌کانى تر ده‌درێت له‌ بوارى ئه‌ده‌بى و هونه‌ریدا، پێم وایه‌ ده‌بێت زیاتر و چاکتر په‌ره‌ به‌هونه‌ره‌کانى په‌یکه‌رسازى بدرێت، به‌داخه‌وه‌ لاى ئێمه‌ فه‌رامۆش کراوه‌، که‌ به‌ ئه‌ندازه‌ى کتێبخانه‌یه‌ک گرنگتره‌. ‌هاوڵاتى: کارى په‌یکه‌رسازى تێچووى دارایی زۆره‌؟ ئایا وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى تاچه‌ند هاوکارى هونه‌رمه‌ندانه‌؟ زیره‌ک میره‌: تێچوى زۆره‌ کارى په‌یکه‌رتاشى، ڕه‌نگه‌ به‌و بودجه‌ که‌مه‌ى له‌به‌رده‌ست هونه‌رمه‌ندانى ئێمه‌ هه‌یه‌،  ئه‌مه‌ هه‌میشه‌ یه‌کێکه‌ له‌ ڕه‌خنه‌کان، کاره‌کان کارى باش نین و له‌ مه‌وادى باش نین، هیچ کات ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ شمولى په‌یکه‌رتاشه‌کانى ئێمه‌ ناکات، من پێم وایه‌ هه‌ر په‌یکه‌رتاشێکى وڵاته‌که‌م که‌ بیه‌وێت کارێى هونه‌رى دروست بکات، حه‌ز ده‌کات بۆ هه‌زاره‌ها ساڵ بمێنێته‌وه‌، هه‌رگیز حه‌زناکات له‌ مه‌وادێکى خراپ دروستى بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌و بودجه‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار یان سپۆنسه‌ره‌که‌ پێى ده‌به‌خشێت، بۆیه‌ پێم وایه‌ هونه‌رمه‌ندى زۆرباش هه‌یه‌ به‌ڵام لایه‌نه‌ ماددیه‌که‌ ڕێگه‌نادات کارى جوان بکرێت، پشتیوانى خراپمان هه‌یه‌، واته‌ که‌س وه‌ک پێویست هاوکارى ناکات تا بتوانى کارێکى باش بکه‌یت و بمێنێته‌وه‌. ‌هاوڵاتى: کار و پرۆژه‌ى نوێت چییه‌؟  زیره‌ک میره‌: ئێستا بۆ دوو پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ له‌ هۆڵه‌ندام،  دوێنێ شه‌ممه‌ یه‌کێکیان نمایش کرد به‌ناوى ژن و که‌مانچه‌ که‌پارێزگارى فریسلاند کردنه‌وه‌که‌ى  ده‌کاته‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌کى فه‌رمى که‌ دوو مه‌ترو هه‌شتا سانتیم به‌رزه‌، له‌مانگى داهاتوو ئه‌وه‌ى تریان نمایش ده‌که‌م به‌قه‌باره‌ى چوار مه‌تره‌ ستایلێکى زۆر جیاوازتره‌ له‌کاره‌کانى ترم و که‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ده‌بینیت ئه‌و شێوه‌ ئه‌ندازه‌ییه‌م تێدا پیشانداوه‌ که‌ مرۆڤ قه‌له‌ق ده‌کات له‌هۆڵه‌ندا هه‌ردووکیان نمایش ده‌که‌م.    

  ڕاپۆرتی: گۆڤاری تایم وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا لەگەڵ ئەوەی دۆنالد ترەمپ لەم هەفتانەی دواییدا لە ئامادەکاریدا بوو بۆ بینینی دانوستانکارانی تاڵیبان لەشوێنی حەوانەوەی سەرۆکایەتی (کەمپی دەیڤد) و دواتر لەکۆتایی ئەم مانگەدا چاوی بە حەسەن ڕۆحانی بکەوێت، جۆن بۆڵتن روێژکاری ئاسایشی نیشتمانی زیاتر و زیاتر بێورە و پەست دەبوو. لە دوشەممەی رابردوودا، لەکاتی گفتوگۆیەکی نێوان بۆڵتن و سەرۆک، هەردووکیان گەشتنە بنبەست لەگەڵ یەکدیدا. لە ٥٢٠ ڕۆژەکەی وەک سێیەم راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ترەمپ، بۆڵتن کە شەڕخوازێکی دێرینە، هەوڵیداوە سەرۆکی ئەمریکا پەلکێشی سیاسەتێکی تووندی دەرەوە بکات. لەگەڵ ئەوەی ترەمپ پێشوازی لە بیرۆکەی بینینی دوو گەورە نەیاری ئەمریکا دەکرد، بۆڵتن زیاتر و زیاتر ڕاشکاوانە دژی ئەو هەنگاوە دەبوەوە، ئەمەش بەپێی وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئیدارەی ترەمپ کە ئاگاداری گفتوگۆکانیان بوون. پاشان لە دووشەممەی رابردوودا، ترەمپ و بۆڵتن قسەیان لەگەڵ یەکدی کرد تاهەوڵی ئارامکردنەوەی ڕەوشەکە بدەن. بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی کە گفتوگۆی نێوانی ترەمپ و بۆڵتنی بۆ گێردراوەتەوە بە (تایم)ی راگەیاند بۆڵتن ئەوەی خستووەتەڕوو کە بانگ نەکراوە بۆ کۆبونەوەیەک لەسەر دانوستانەکانی ئەفغانستان. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کە پرسیارەکانی بۆڵتن فراوانترببن دەربارەی ئامادەیی ترەمپ بۆ بینینی سەرۆکی ئێران. «وابڕیاربوو گفتوگۆکە زۆر سنوردار بێت دەربارەی ئەوەی چۆن بۆڵتن بانگ نەکراوە بۆ کۆبونەوەیەک لەسەر ئەفغانستان بەڵام دواتر گفتوگۆکە بووە بە ‹بۆچی  چاوت بەڕۆحانی دەکەوێت؟»، بەرپرسە ئەمریکییەکە وای وت. هەردوولا لەدوای ئەوەوە بەجیاوازی باسی رووداوەکە دەکەن. لە سێشەممەی رابردوودا، ترەمپ لە تویتێکدا  وتی لە ئێوارەی دووشەممەدا داوای لە بۆڵتن کردووە دەستلەکار بکێشێتەوە و نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بەیانی رۆژی سێشەممە پێگەشتووە. دواتر بۆڵتن لە تویتێکدا رایگەیاند کەئەوە ئەو بووە ویستویەتی لە ئێوارەی دوشەممەدا دەستلەکاربکێشێتەوە و ترەمپ بەرەبەیانی سێشەممە قبوڵی کردووە. بەهەر جۆرێکیان بێت، ڕۆشتنی بۆڵتن گوزارشتە لە خاڵێکی وەچەرخان بۆ سەرۆکایەتی ترەمپ. بۆڵتنی ڕاشکاو کە بەسیاسیەکی شەڕکەر ناسراوە، هەندێکجار سەرکەوتوو بووە لە ئاراستەکردنی ترەمپ بەرەو هێڵێکی توندتر لە چەند بەشێکی جیهاندا، لەوانە دژی ئێران. لەوکاتەوەی لە نیسانی ٢٠١٨ەوە هاتە کۆشکی سپی، بۆڵتن زۆربەی پرۆسەی گفتوگۆ تێروتەسەلەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆتایی پێهێناو ڕۆڵێکی بەرچاوی بۆخۆی پێکهێنا. هەژماری تویتەرەکەی بەکاردەهێنا بۆ بڵاوکردنەوەی ئاگادارکردنەوەی تووند تا نەیارەکانی ئەمریکا لەناهاوسەنگیدا بهێڵێتەوە. لە هەندێک حاڵەتدا، بۆڵتن بە زیندانیکردن یان خراپتر هەڕەشەی لە نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دەکرد ئەگەر واز لەدەسەڵات نەهێنێت. یان بەیاننامەی نوسراوی فەرمی بڵاودەکردەوە لەسەر ئاستی سەربازی، دیارترینیان لە ٥ی ئایاردا بوو کاتێک ناردنی هێزەکانی ئەمریکای ڕاگەیاند بۆ ڕۆژهەلاتی ناوەراست «بۆ ناردنی پەیامێکی  روون و بێهەڵە بۆ ڕژێمی ئێران». تەنانەت بۆڵتن کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوریشی بێزارکردبوو کاتێک لە حوزەیرانی ٢٠١٨ پێشنیاری ئەوەی کرد کە ڕژێمەکەی دەبێت پەیڕەوی لە «مۆدێلی لیبیا» بکات لە دەستبەرداربوونی لە چەکی ناوکی لەکاتێکدا کە دەیزانی  کیم جۆنگ ئون بەو رێگەیەدا ناڕواتەوە کە قەزافی پێیدا ڕۆیشت. ئێستا کە کێشەکانی سیاسەتی دەرەوە گەرمن لەڕۆژهەڵاتی ناوەراستەوە بۆ نیمچە دورگەی کۆریا و بەرەو ئەمریکای باشور، ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی سەرۆک یەکێک لە یاریزانە هەرە بەهێزەکانی لەدەستداوە. «جۆن گیری خواردبوو لە نێوەندی بڕیارە جەمسەرییەکانی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک»، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی وا دەڵێت کە ئاشنایە بەپەیوەندی نێوان هەردوولا. لەلایەکەوە ئامادەیی بۆڵتن بۆ ڕەچاوکردنی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکانی وەک ئێران و کۆریای باکور لەگەڵ خواستی ترەمپ یەکی دەگرتەوە کە وەک پیاوێکی توند ببینرێت، بەرپرسەکە وای وت. «بەڵام غەریزەی ڕێککەوتن ئەنجامدانی ترەمپ سەرکەوتوو بوو»، بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەدا بەڵام نەیویست ناوی بهێنرێت. هەر لەسەرەتاوە دوو پیاوەکە لەئاستی شەخسیدا نەدەگونجان، بەرپرسێکی هەواڵگری ئەمریکی وا دەڵێت کە لەو کۆبونەوانەدا ئامادەبوو کە هەردووکیانی تێدا بووە. «بۆڵتن کەسێکی ئایدیۆلۆژی بوو کە هەوڵی بەرەوپێشبردنی دیدگایەکی جیهانی دەدا لەکاتێکدا ترەمپ ترەمپییە - هەموو کاتێک شتەکان دەربارەی خۆیەتی و زۆر هەڵەشەیە. ئەوە (نێوانی ئەو دووانە) هاوسەرگیرییەک بوو کە پێش پێدانی بەڵێنەکانیان بەیەکدی نەفرەتلێکراو بوو»، دەیڤ رۆسککۆف، نوسەری پەرتوکی «بەڕێوبردنی جیهان: چیرۆکی ناوەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی و ئەندازیارانی دەسەڵاتی ئەمریکا» وا دەڵێت. ئەو راستییەی کە هەردووکیان هەرگیز نەگونجاون پێکەوە لەئاستێکی شەخسیدا کاریگەری بۆڵتنی لەماوەی کارکردنی وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی زیاتر ناوازە کردووە. بۆڵتن بەهێزترین بوو کاتێک کاری لەسەر ئەو کێشانە دەکرد کە ترەمپ وزەی خۆی تێدا سەرف نەدەکرد یان زۆر گوێی پێنەدەدا. بۆڵتن لەگەڵ ئەو هاوپەیمانانەی دروستکی کردبوو لە وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوەی ئاسایشی نیشتمانی، توانی سیاسەتی ئەمریکا بەڕێوە ببات لەسەر ڤەنزوێلا، کە سەپاندنی سزاکان و فشاری نێودەوڵەتی بوو دژی مادورۆ. بەڵام بەپێی کات ترەمپ بەرە بەرە متمانەی بە مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە کرد بەسەر بۆڵتندا. «کەلێنی نێوان بۆڵتن و پۆمپیۆ بەردەامبوو لە گەشەکردن، پۆمپیۆو تیمەکەی سوودیان لەوە وەرگرت، بە پاڵپشتیکردنی ئەو راپۆرتانەی کە باسیان لەوە دەکرد ئەستێرەی بەختی بۆڵتن لە کەوتندایە»، بەرپرسە باڵاکە وای وت. «بۆڵتن پێیوابوو کاری لەیەکەمینی پۆمپیۆ ئەوەیە نەکەوێتە بەرەی دژی سەرۆک چونکە ڕەنگە ئەوە زیان بە مەرامە سیاسەیەکانی بگەیەنێت». هاوپەیمانەکانی پۆمپیۆ ئاهێکیان بەبەرهاتەوە کە بۆڵتن لەکۆشکی سپی نەما. بۆڵتن «بەبەردەوامی پێگەی سەرۆکی لەق دەکرد» لەهەردوو بابەتی گەشتنی بە کۆریای باکور و تاڵیبان، بەرپرسێکی باڵای کەمپی پۆمپیۆ وا دەڵێت. لەبەر ئەوەی دەرفەتێکی بۆ رەخسابوو بۆ وەلانانی ڕکابەرەکەی، پۆمپیۆ زیاتر و زیاتر وردەکارییەکانی دانوستانەکانی ئەفغانستانی لە بۆڵتن دەبڕی.  لەهەمان کاتدا، پۆمپیۆ کاری دەکرد بۆ ڕێکخستنی هەماهەنگی فرە ئاژانسی لەگەڵ وەزیری نوێی بەرگری مارک ئێسپەر کە هاوپەیمانێکی دێرینیەتی، لەگەڵ جینا هاسپڵ بەڕێوبەری سی ئای ئەی کە پێشتر جێگری بوو، بەرپرسەکە وای وت. لەکۆتاییدا، بۆڵتن گەشتە بنبەستی خۆی. «بۆڵتن دەربارەی کۆبونەوەکەی تاڵیبان دەیقیژاند،» پسپۆرێکی ئاسایشی نیشتمانی وا دەڵێت کە پەیوەندی نزیکی هەیە لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی. بۆڵتن پێیوابوو کۆبونەوەیەک لەسەر خاکی ئەمریکا شەرعیەت دەدات بە تاڵیبان و پێی باش نەبوو کە کاتی کۆبونەوەکە نزیکی ساڵیادی رووداوی هێرشەکەی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ دانراوە. کۆبونەوەکە بیرۆکەی ترەمپ بوو و تووڕەبوو کاتێک بۆڵتن لەناخەوە دژی بوو، ئەو پسپۆرە و بەرپرسانی تر ئاماژەیان بەوە کرد. ترەمپ دەمێکەیە ماندووە لەبیرۆکە تووندەکانی بۆڵتن لەسەر ئێران و بەرەنگارییە ناخییەکەی بەرامبەر ئامادەی ترەمپ بۆ بینینی ڕۆحانی، پسپۆرەکە وا دەڵێت. لەکاتێکدا کۆبونەوەکەی تاڵیبان لەکەمپی دەیڤد هەڵوەشایەوە بەڵام ترەمپ هێشتا ئامادەیە ڕۆحانی ببینێت لە نیویۆرک لە کۆتایی ئەم مانگەدا، پلانی سەرەتایی دەستیپێکردووە لەحاڵەتێکدا ئەگەر کۆبونەوەیەکی لەو جۆرە سەربگرێت، ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمریکی کە ئاگاداری گفتوگۆکانە. دواجار، ترەمپ هەستی بەوە دەکرد کە بۆڵتن زۆر دوورە لەو هەنگاوەی ئەو دەینێت بەرەو بینینی سەرکردەکانی ئێران، بەرپرسەکە وای وت. لەناخەوە، بۆڵتن قایل بوو بە بینینەکە بەڵام سووربوو لەسەر ئەوەی سزاکان بەردەوامبن لە زیادبوون. دواین ئاماژە کە ٤ی ئەیلول بوو، بۆڵتن تویتێکی کرد دەربارەی کرداری نوێ بۆ بلۆک کردنی گواستنەوەی نەوتی ئێران کە پارە بۆ سوپای پاسداران و پشتیوانی ئێران بۆ هێزە وەکیلەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرهەمدەهێنێت. ڕەخنەگرەکانی سەر ترەمپ ئەم بەرەوپێشچوونە بە نیشانەیەکی تری شێواوی دەبینن لە ئۆپەراسیۆنی سیاسەتی دەرەوەی سەرۆکی ئەمریکادا. «پاراستنی وڵاتەکەمان زۆر لە خۆپەسەندی و ئەوە زیاترە کە کێ بتوانێت کۆبونەوەی سەرنجڕاکیش رێکبخات»، برێت برون، بەرپرسێکی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە سەردەمی باراک ئۆبامادا وا دەڵێت. «ئێمە سەقامگیری و ستراتیجیەتمان کەمە لە ئاسایشی نیشتمانیماندا، ئەمە ترسناکە و ناسەقامگیرکەرە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانانمان چونکە نەیارەکانمان دەتوانن ئەم کێشە و گێژاوە بەردەوامانەی ئەم ئیدارەیە بقۆزنەوە». برون دەشڵێت، «لەکاتێکدا ڕەنگە من لە زۆر خاڵدا هاوڕای جۆن نەبم بەڵام ئەو هەوڵیدەدا زەبتورەبت و هاوئاهەنگی بچەسپێنێت لەهەنگاوە نامۆکانی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ، ئەگەری زۆرە گەڕانەوەی دیبلۆماسییەتی سەرپێی ببینینەوە، تەنانەت بەشێوەیەکی بەرچاوتر». لەلایەکی ترەوە جۆن گەرامێندی، ئەندامی لیژنەی خزمەتی سەربازی لەکۆنگرێس پێشوازی لەڕۆشتنی جۆن بۆڵتن کرد بەڵام هۆشداری ئەوەشیدا کە ناسەقامگیری بەڕێوەیە «ئەم سەرۆکە مێشکی خۆی هەیە و زۆرجار بیر دەکەینەوە کەچی روودەدات لەمێشکیدا… پشێوی و ئاژاوە سەرمەشقی رۆژەکەن». «من جۆن بۆڵتنم بەدڵە بەڵام پەیوەندی شەخسی نێوان سەرۆک و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی گرنگە، پێموایە کە باس لەوە دەکرێت بۆڵتن هاوڕا نەبووە لەسەر کۆبونەوەکەی تاڵیبان هەنگاوێکی زیادەڕەوییە»، لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی وای وت. لەئێستادا جێگرەکەی جۆن بۆڵتن، چارلی کەپەرمان وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەوەکالەت پۆستەکەی وەرگرتووە هەتاوەکو ترەمپ لەم هەفتەیەدا کەسێک بۆ پۆستەکە رادەگەیەنێت. بەپێی وتەی لیندزی گراهام، ئەو کەسانەی کە وەک کاندید ڕەچاو کراون بۆ جێگرتنەوەی جۆن بۆڵتن ئەمانەن: ڕیکی وادێڵ جه‌نه‌ڕاڵى سوپاى یه‌ده‌گى ئه‌مریکا که‌ ماوه‌ى ساڵێک جێگرى راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى ئه‌مریکا بوو له‌ ئیداره‌ى تره‌مپدا، برایان هووک نێرده‌ى تایبه‌تى ئه‌مریکا بۆ ئێران، کیس کێلۆگ، راوێژکارى ئاسایشى نیشتمانى مایک پێنس، جێگرى سه‌رۆکى ئه‌مریکا. “ئەوانە ئەو سێ ناوەن کە سەرۆک پێی وتم، کەسانی تر هەن لە لیستەکەدا بەڵام ئێمە بەدوای کێدا دەگەڕێین؟ کەسێک کە بتوانێت لەگەڵ پۆمپیۆ و وەزارەتی بەرگری کار بکات»، گراهام وای وت. ئەو بەرپرسانەی کە نەیانویست ناویان بهێنرێت و بۆ «تایم» دووان، کاتێک پرسیاری ئەوەیان لێکرا سیاسەتی دەرەوە  لەکوێدا خۆی دەبینێتەوە دوای ڕۆشتنی جۆن بۆڵتن؛ هەمویان هەمان وەڵامیان هەبوو کە هەر لەو شوێنەدا دەبێت کە لێی بووە، لەدەستی ترەمپدا.

سازدانى: شاناز حه‌سه‌ن ئاوات حوسامه‌دین، نوێنه‌رى زه‌رده‌شتیان له‌وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف له‌هه‌رێمى کوردستان له‌چاوپێکه‌تنه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى له‌وه‌ دوا که‌ پله‌ى پیر له‌دینى زه‌رده‌شتى بونى نیه‌و دەڵێت «ئه‌وانه‌ به‌ناوى دینى زه‌رده‌شتیه‌وه‌ خه‌ڵک ده‌ڕوتێننه‌وه‌ و پاره‌ ده‌خۆن» مانگی رابروو پیر لوقمان کە وەکو پیری زەردەشتیەکان ناسراوە پلەی «پیر»ی بەخشیە ژنێک، بەڵام ئاوات حوسامەدین دەڵێت هیچ پلەیەک بەناوی پیرەوە لە ئاینی زەردەشتیدا نیە.. ‌هاوڵاتى: پیر له‌ئاینى زه‌رده‌شتیدا چی دەگەیەنێت؟  ئاوات حوسامه‌دین: پیر له‌ ئاینى زه‌رده‌شتیدا هه‌ر نیه‌. بە سرووشتی پیر که‌سێکه‌ که‌ به‌ته‌مه‌ن بوبێت و ته‌مه‌نێکى کردبێت و له‌زۆر شتدا قسه‌ى بڕوات و بتوانێت قسه‌ى باش بکات و قسه‌ى بڕوات و گوێى لێبگیرێت، بەڵام هیچ پله‌یه‌ک نیه‌ له‌ زه‌رده‌شتیدا به‌ ناوى پیر، پیر شالیار هه‌یه‌ پله‌ى کاکه‌ییه‌کانه‌ و هی زه‌رده‌شتى نیه‌، ئه‌وانه‌ى ئێستا خۆیان کردووه‌ به‌ پیر زه‌رده‌شتى نین و دورن له‌ په‌یڕه‌وانى دینى زه‌رده‌شتى وه‌ک پیر لوقمان و پیر یان هه‌ر که‌سێکى تر که‌ خۆیان خۆیان ناو ناوه‌ پیر. خه‌ڵکی دڵنیاده‌که‌مه‌وه‌ هیچ که‌سێک نیه‌ له‌دینى زه‌رده‌شتى به‌ناوى پیر و ئه‌وانه‌ ته‌نیا بۆ به‌رژوه‌‌ندى خۆیان ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن. ‌هاوڵاتى: بەڵام ئەوان بە فەرمی ئەو کارە دەکەن و بەو ناوەوە ناسراون؟ ئاوات حوسامه‌دین: خه‌ڵکی دڵنیاده‌که‌مه‌وه‌ هیچ که‌سێک نیه‌ له‌دینى زه‌رده‌شتى به‌ناوى پیر و ئه‌وانه‌ ته‌نیا بۆ به‌رژوه‌‌ندى خۆیان ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ن، که‌ ئه‌وه‌ هیچ یه‌ک ناگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ دینى زه‌رده‌شتى چونکه‌ کردار و گوفتارى چاک بنه‌ماى ئێمه‌یه‌، ئه‌وه‌ش قبوڵ ناکه‌ین، چونکه‌ ڕێگه‌ناده‌ین که‌س دینه‌که‌ له‌که‌دار بکات و کارده‌که‌ین بۆ دیاریکردنى شوێنى ئه‌وانه‌ى که‌ به‌ناوى زه‌رده‌شتیه‌وه‌ کارده‌که‌ن و بنه‌ماى زه‌رده‌شتى په‌یڕه‌وناکه‌ن. ‌هاوڵاتى: دینى زه‌رده‌شتى له‌هه‌رێمى کوردستان که‌ى سه‌رى هه‌ڵداوه‌؟ ئاوات حوسامه‌دین: دینى زه‌رده‌شتى هه‌ر هه‌بوه‌، له‌پێش زایینه‌وه‌ هه‌بوه‌ و زه‌رده‌شت پێغه‌مبه‌رى کورده‌، ڕاسته‌ له‌ورمێ له‌دایکبوه‌، به‌ڵام په‌یامه‌که‌ى بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تیه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وساو ئێستاش ده‌گونجێت، په‌یامه‌که‌ى به‌نده‌ له‌سه‌ر زانست (بیرى چاک، گوته‌ى چاک، کردارى چاک) دینه‌که‌ هه‌ر هه‌بوه‌ له‌ناو کوردا، به‌ڵام ڕژێمه‌ دیکاتۆریه‌ یه‌ک له‌دواییه‌که‌کان ته‌نیا دینى ئیسلامیان لاپه‌سه‌ندبوو، بۆیه‌ به‌ئاشکرا بونى نه‌بوه‌، تا له‌ساڵى 1991 ده‌توانرا تۆزێک به‌ئازادى بوترایه‌ من زه‌رده‌شتیم، له‌2014 به‌ ئازادى توانرا زه‌رده‌شتیه‌کانیش دینى خۆیان بناسێنن. ‌هاوڵاتى: تۆ چیت کرد بۆ نزیکبونه‌وه‌ له‌ زه‌رده‌شتیه‌کان و کۆکردنه‌وه‌ى زه‌رده‌شتیانى کوردستان؟ ئاوات حوسامه‌دین: من له‌ هۆڵه‌ندا بوم، له‌وێوه‌ ده‌ستمکرد به‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ زه‌رده‌شتیه‌کان و یه‌کتریمان دۆزییه‌وه‌، له‌2015وه‌ هاتمه‌ سلێمانى و حه‌زم کرد کارى سه‌ربه‌خۆ بکه‌م و له‌ڕێی کردنه‌وه‌ى کتێبخانه‌یه‌که‌وه‌ لایه‌کى کتێبخانه‌که‌م کردبوو به‌ کتێبى زه‌رده‌شتى و لۆگۆیه‌کى زه‌رده‌شتیم له‌مل بوو، بۆیه‌ زۆرکه‌س ده‌هاتن و په‌یوه‌ندیان پێوه‌ده‌کردم، ورده‌ ورده‌ به‌و هۆیه‌وه‌ کۆبوینه‌وه‌، بیرمان  له‌وه‌ کرده‌وه‌ ڕێکخراوێک پێکبهێنین و یه‌که‌م نه‌ورۆزمان له‌ساڵى 2015دا به‌ئاشکرا کرده‌وه‌. پیر لوقمان له‌گه‌ڵ که‌سێک به‌ناوى نه‌ژاد له‌پشته‌وه‌ لێیان دام و ڕێکخراوه‌که‌ى به‌ناوى خۆى و نه‌ژاده‌وه‌ تۆمارکردو ناوى منیان ده‌رکرد ‌هاوڵاتى: چه‌ند ڕێکخراوى تایبه‌ت به‌ ئاینى زه‌رده‌شتى هه‌یه‌؟ ئاوات حوسامه‌دین: زۆر ڕێکخراو هه‌یه‌ له‌ئێستادا، به‌ڵام من یه‌که‌م که‌س بوم که‌ به‌هاوکارى ئه‌نداز حه‌وێزى نوێنه‌رى گشتى زه‌رده‌شتیان له‌سوید بڕیارمدا که‌ ڕێکخراوێک بکه‌مه‌وه‌و له‌ماڵه‌که‌ى خۆمدا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک هاوڕێ کۆبوینه‌وه‌و په‌یڕه‌وو پڕۆگرامى خۆمان ده‌نوسییه‌وه‌و به‌رنامه‌مان داده‌نا تاچۆن ڕێکخراوه‌که‌ بکه‌ینه‌وه‌ و ته‌نیا ناو تۆمارکردنى مابوو، پیر لوقمان له‌گه‌ڵ که‌سێک به‌ناوى نه‌ژاد له‌پشته‌وه‌ لێیان دام و ڕێکخراوه‌که‌ى به‌ناوى خۆى و نه‌ژاده‌وه‌ تۆمارکردو ناوى منیان ده‌رکرد، به‌ناوى فه‌رهه‌نگ و فه‌لسه‌فه‌ى زه‌رده‌شتى، منیش زۆر بێتاقه‌ت بوم و دوایى ئه‌وه‌نده‌ به‌ دڵپاکى بیرم ده‌کرده‌وه‌، وتم قه‌ینا لێیان گه‌ڕێ و ڕێکخراوێکى ترم دانا و  له‌گه‌ڵ دوو سێ که‌س که‌ له‌گه‌ڵم مانه‌وه‌ و تائێستاش به‌رده‌وامین به‌ناوى ڕێکخراوى یه‌سنا. ‌هاوڵاتى: پشتێن به‌ستن چییه‌ له‌دینى زه‌رده‌شتى؟ ئاوات حوسامه‌دین: پشتێن به‌ستن واته‌ پشت به‌خۆبه‌ستن، واته‌ متمانه‌ بون، ئه‌و سێ گرێیه‌ى له‌ پشتێنه‌که‌ ده‌درێت، واته‌ کارى چاک، بیرى چاک و گوفتارى چاک، مه‌رج نیه‌ هه‌موو زه‌رده‌شتییه‌ک پشتێن ببه‌ستێت، به‌ڵام زۆر که‌سیش هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێت حه‌زده‌که‌م بیبه‌ستم مه‌راسیمى بۆ سازده‌که‌ین و پشتێنى بۆ ده‌به‌ستین و زه‌رده‌شتى پشتێن به‌ستن نیه‌ و په‌یمان ده‌ده‌ین به‌ئاهورا مه‌زدا که‌ ده‌بیته‌ خاوه‌نى قسه‌ى خۆت. ‌هاوڵاتى: چۆن تۆ بویته‌ نوێنه‌رى زه‌رده‌شتیان له‌ ئه‌وقاف؟ ئاوات حوسامه‌دین: له‌ دواى تۆمارکردنى ڕێکخراوه‌که‌، پێشتریش سه‌ردانى ئه‌وقافمان کردبوو، که‌ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت دینه‌که‌مان له‌ ئه‌وقاف تۆمارکرێت و له‌وێوه‌ هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ پشگیریان کردین و په‌یڕه‌وکردنى دینه‌ جیاوازه‌کان  قبوڵ کرا،  دواتر داواى نوێنه‌رایه‌تیان لێکردین و له‌وێوه‌ ناوى زۆر که‌سمان نارد بۆ ئه‌وقاف، به‌ڵام که‌سیان نه‌یانوێرا بیکه‌ن چونکه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر قورس بوو، بۆیه‌ له‌کۆتاییدا مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندى پێشنیارى کرد خۆم بیکه‌م و ئه‌نداز حه‌وێزیش قبوڵى کردو زۆر پێى باش بوو بۆیه‌ من ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌م وه‌رگرت. ‌هاوڵاتى: ئایا له‌لایه‌ن که‌سه‌وه‌ دژایه‌تى نه‌کرایت که‌ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌ت وه‌رگرت؟ ئاوات حوسامه‌دین: من هه‌ر پێشتر له‌لایه‌ن لوقمان و ئه‌و ڕێکخراوه‌وه‌ دژایه‌تى ده‌کرام و زۆر تۆمه‌تى تایبه‌تیم بۆ دروستده‌کرا، هه‌رجاره‌ى که‌سێکیان بۆ ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌ داده‌نا و دواى په‌شیمانده‌بونه‌وه‌ واته‌ خۆشیان له‌ناو خۆیاندا یه‌ک نه‌بون، بۆیه‌ زۆر ڕێگریان بۆ دروستده‌کرم و تۆمه‌ت و نامه‌ى زۆر تایبه‌تیان بۆ دروستده‌کردم  که‌ به‌ دوایدا ده‌چوم به‌به‌ڵگه‌وه‌، ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ بون که‌ ڕێکخراوه‌که‌یان لێدزیم. ‌هاوڵاتى: له‌دواى نوێنه‌رایه‌تیتان له‌ ئه‌وقاف توانیت چى بکه‌یت بۆ زه‌رده‌شتیه‌کان؟ ئاوات حوسامه‌دین: توانیم زه‌رده‌شتیان وه‌ک دینه‌کانى تر ناویان هه‌بێت و ئازاد بن، ئێمه‌ سه‌ر به‌ هۆبه‌ى زه‌رده‌شتیانى کوردستانین له‌سوید، ئه‌نداز حه‌وێزى مۆبێده‌، بۆیه‌ مه‌ریوان نه‌قشبه‌ندى و کۆمه‌ڵێکى تر چون بۆئه‌وه‌ى ئاگادارى ئه‌وه‌بن زه‌رده‌شتى بونى هه‌یه‌ بتوانن هاوکارمان بن، سه‌ردانى زۆر وڵاتانى جیهانیم کردووه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنى، هه‌وڵمدا که‌زه‌رده‌شتیانى جیهان هه‌مووى یه‌کبگرن و به‌هه‌وڵه‌کانى من زۆر وه‌فدم نارد بۆ وڵاته‌ جیاوازه‌کان  بۆ به‌ره‌وپێشبردنى دینه‌که‌ وه‌ک کالیفۆرنیا و سوید و هندستان و ئوستورالیا، ئه‌نجومه‌نم دروست کرد له‌ ئێران و حه‌فرین و سوێد و به‌ریتانیا و یۆنان و ئه‌ڵمانیا و هۆڵه‌ندا و نه‌مسا و کالیفۆرنیا و کۆبانى، زه‌رده‌شتیانى هه‌رێمی کوردستانیش بون به‌ئه‌ندام له‌بۆردى زه‌رده‌شتیانى جیهان، بۆ یه‌که‌م جار توانیم مه‌عبه‌دێک بکه‌مه‌وه‌و توانیم بۆنه‌ کورده‌واریه‌کان زیندوو بکه‌مه‌وه‌ وه‌ک شه‌وى یه‌ڵداو له‌به‌رنامه‌ماندایه‌ که‌ مه‌نهه‌جى زه‌رده‌شتیه‌ت بکه‌مه‌ ناو وانه‌ى خوێندنگه‌کانه‌وه‌. ئه‌نداز حه‌وێزى پله‌ى ئاسره‌وانى پێبه‌خشیوم، ئه‌و پله‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ئاگره‌که‌ ده‌کاته‌وه‌ و کاروباره‌کان ڕێکده‌خات به‌ده‌وریدا سروده‌کان ده‌ڵێته‌وه‌، له‌ئیسلامدا مه‌لا هه‌یه‌ و له‌مه‌سیحیدا قه‌شه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌، له‌هه‌موو هه‌رێمى کوردستانیش سێ که‌س له‌و پله‌یه‌ى پێ به‌خشراوه ‌هاوڵاتى: پله‌ى تۆ چییه‌ له‌ناو زه‌رده‌شتی؟ ئاوات حوسامه‌دین: من ئه‌نداز حه‌وێزى پله‌ى ئاسره‌وانى پێبه‌خشیوم، ئه‌و پله‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ئاگره‌که‌ ده‌کاته‌وه‌ و کاروباره‌کان ڕێکده‌خات به‌ده‌وریدا سروده‌کان ده‌ڵێته‌وه‌، له‌ئیسلامدا مه‌لا هه‌یه‌ و له‌مه‌سیحیدا قه‌شه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌، له‌هه‌موو هه‌رێمى کوردستانیش سێ که‌س له‌و پله‌یه‌ى پێ به‌خشراوه‌، ئاسره‌وان قادر ئاسره‌وان عیسام، ئه‌مه‌ش پێویستى به‌خوێندنه‌ و که‌سى زیره‌ک پێویسته‌ ببێته‌ ئاسره‌وان، که‌سێک ناکه‌ین به‌ ئاسره‌وان که‌ هیچ نه‌زانێت. ‌هاوڵاتى: له‌ئاینى زه‌ده‌شتیدا چه‌ند پله‌ى ئاینى هه‌یه‌؟ ئاوات حوسامه‌دین: ئاسره‌وان یه‌که‌م پله‌یه‌ و دواى ئه‌و مۆبێد و مۆبێدى مۆبد و مۆخ هه‌یه‌ جگه‌ له‌م پلانه‌ هیچ پله‌ى تر نیه‌. ‌هاوڵاتى: سروده‌ زه‌رده‌شتیه‌کان چین؟ ئاوات حوسامه‌دین: دینى زه‌رده‌شتى به‌پێى وته‌ى گاتاکان ده‌ڕوات و زۆر گرنگى به‌ وه‌زن و قافیه‌ داوه‌ و سروده‌کانى دۆزیوه‌ته‌وه‌ و هه‌موو مانگێگ ڕۆژێک دانراوه‌ بۆ خۆشگوزه‌رانى وه‌ک جه‌ژن وایه‌ و واته‌ ساڵه‌که‌ 12ڕۆژ جه‌ژنه‌ و ده‌یکه‌ین به‌ ئاهه‌نگ و کۆتاى مانگه‌که‌ش پێنج ڕۆژ ده‌یکه‌ین به‌جه‌ژن، جه‌ژنى نه‌ورۆزو چوارشه‌ممه‌ى سور که‌ڕۆژێکى پیرۆزه‌ لاى ئێمه‌ و له‌دایکبونى زه‌رده‌شت و شه‌وى یه‌ڵدا، له‌جه‌ژنه‌کانماندا به‌ ئاله‌تى ته‌نبورو ده‌ف که‌هه‌ردوکیان تایبه‌ت به‌ئاینى زه‌رده‌شتن، نوێژ له‌دینى زه‌رده‌شتیه‌وه‌ چۆوه‌ بۆ دینى ئیسلام، نوێژ کۆنتاکتێکه‌  له‌نێوان خواو خۆتدا، نوێژو ڕۆژو له‌دینى زه‌رده‌شتى زۆر پێویست نیه‌و ده‌توانى بیکه‌ین یان نا، نوێژه‌که‌مان وه‌ک یۆگا وایه‌ بۆئه‌وه‌ى جوڵه‌نه‌که‌یت و زیاتر له‌سروشتدا ده‌یکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى هیچ نێوه‌ندێک له‌نێوان خواو تۆدا نه‌بێت. ‌هاوڵاتى: پرسه‌ى ماته‌مینى له‌ئاینى زه‌رده‌شتى چۆنه‌؟ ئاوات حوسامه‌دین: پرسه‌ى ئێمه‌ حه‌وت ڕۆژ بوه‌و به‌هۆى کلتوره‌ جیاوازه‌کانه‌وه‌ لێیان سه‌ندوینه‌وه‌ و خۆى ده‌بوایه‌ تا سێ ڕۆژ ته‌رمه‌که‌ نه‌ده‌نێژرا، ده‌یانوت زیندوو ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵک هه‌یه‌ که‌سوکارى زه‌رده‌شتى نیه‌ ته‌نیا خۆى زه‌رده‌شییه‌ بۆیه‌ زۆرجار ئه‌مه‌ ناکرێت، زۆر که‌س هه‌یه‌ که‌ وه‌سێت ده‌کات به‌ڵام بۆى نابه‌نه‌ سه‌ر به‌هۆى کلتوره‌که‌وه‌ وه‌ک دکتۆر محه‌مه‌د هه‌ورامانى. ‌هاوڵاتى: ئایا ئاینى زه‌رده‌شتى ئاگر ده‌په‌رستن؟ ئاوات حوسامه‌دین: نه‌خیر وانیه‌ و ئێمه‌ ئاگرو ئاوو هه‌وا و خاک یه‌کێکه‌ له‌پیرۆزیه‌کانمان، به‌ڵام ته‌نیا خواى تاک و ته‌نیا هه‌یه‌، به‌ڵام پاکوخاوێنى و هه‌واى پاک زۆر پیرۆزه‌ لامان و ئاژه‌ڵه‌کان زۆر گرنگن لامان، ئایا برا موسوڵمانه‌کانمان به‌رده‌ ڕه‌شه‌که‌ى که‌عبه‌ ده‌په‌رستن که‌ به‌ ده‌وریدا ده‌سوڕبێنه‌وه‌ ئێمه‌ش ئاوا به‌ده‌ورى ئاگردا ده‌سوڕێینه‌وه‌ به‌ڵام نایپه‌رستین، ته‌نیا پیرۆزه‌ لامان و هێماى گه‌رمى و به‌رده‌وام بونه‌. به‌دواداچونى خۆمان زیاتر له‌ 300 هه‌زار که‌س زه‌رده‌شتین، زۆربه‌شیان ئاینى ئیسلامن چونکه‌ ئاینى ئیسلام له‌وڵاتدا زۆرینه‌یه‌و تاکه‌ تاکه‌ دینه‌کانى تریشى تێدایه ‌هاوڵاتى: زیاتر په‌یڕه‌وانى دینى زه‌رده‌شتى ده‌که‌ونه‌ کوێوه‌؟ چه‌ند په‌یڕه‌وتان هه‌یه‌؟ ئاوات حوسامه‌دین: له‌هەموو ناوچه‌کانى هه‌رێم زه‌رده‌شتى هه‌یه‌  له‌دهۆک و که‌رکوک و خانه‌قین و هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ولێر و کۆیه‌ و سلێمانى که‌ ئه‌وانه‌ى فۆرمیان پڕکردۆته‌وه‌ 15 هه‌زار که‌سن، ئێستا به‌پێى په‌یوه‌ندیه‌کان و به‌دواداچونى خۆمان زیاتر له‌ 300 هه‌زار که‌س زه‌رده‌شتین، زۆربه‌شیان ئاینى ئیسلامن چونکه‌ ئاینى ئیسلام له‌وڵاتدا زۆرینه‌یه‌و تاکه‌ تاکه‌ دینه‌کانى تریشى تێدایه‌، له‌هه‌موو جیهاندا هه‌ن،  کالیفۆرنیا 10 هه‌زار هه‌یه‌ و له‌هندستان له‌زۆر شوێن که‌من سه‌ردانم کردون به‌و پێیه‌ تێبینى ده‌که‌ین حه‌وت ملیۆن بن. ‌هاوڵاتى: ئایا هیچ پشگیریه‌ک له‌حکومه‌ت و لایه‌نێک وه‌رده‌گرن؟ ئاوات حوسامه‌دین: پێش کردنه‌وه‌ى ڕێکخراوه‌که‌ بودجه‌ى ڕێکخراوه‌کان بڕاوه‌، تائێستا بودجه‌م له‌هیچ که‌س و لایه‌نێک وه‌رنه‌گرتووه‌، ته‌نیا که‌سێکى ده‌وڵه‌مه‌ند هاوکاریم ده‌کات و سپۆنسه‌ریم ده‌کات، زۆر کات له‌سه‌ر مه‌سره‌فى خۆم کاره‌کان ده‌که‌م بۆ کاروبارى تێکه‌ڵاوبونى زه‌رده‌شتیه‌کان له‌سه‌ر بودجه‌ى خۆم خه‌ڵک ده‌نێرم. ‌هاوڵاتى: هاوسه‌رگیرى له‌دینى زه‌رده‌شتیدا چۆنه‌؟ ئاوات حوسامه‌دین: ژن و پیاو وه‌ک یه‌کن و جوانترین دیارى خوا ئازادیه‌، بۆیه‌ مرۆڤ ئازاده‌ چ که‌سێک هه‌ڵده‌بژێرێت که‌واته‌ ئازادیشه‌ چ ئاینێکه‌ ئه‌و که‌سه‌ خۆ تۆ له‌گه‌ڵ ئاین ناژى له‌گه‌ڵ که‌سه‌که‌ ده‌ژى، ئاسره‌وان ئه‌و دوو که‌سه‌ له‌یه‌ک ماره‌ ده‌کات و ماره‌یى ئێمه‌ش ته‌نیا خۆشه‌ویستى ئه‌و دوو که‌سه‌یه‌ و ته‌واو  له‌زووه‌وه‌ که‌ دوو که‌س ماره‌ ده‌کرێت شه‌رابیان داوه‌ به‌ یه‌کترى و دیارى ده‌گۆڕنه‌وه‌و سێ جار به‌ده‌ورى ئاگره‌که‌دا دێن و ده‌ڕۆن، هه‌ر لەکۆنیشه‌وه‌ خزمى نزیک که‌پشت بن هاوسه‌رگیرى ناکه‌ین چونکه‌ ئێستا زانست ده‌ریخستووه‌ دوو ئامۆزا هاوسه‌رگیرى بکه‌ن منداڵى ناته‌واو ده‌خه‌نه‌وه‌.

ئارا ئیبراهیم  به‌پێى ڕێکه‌وتنى سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ڕۆژى 5/9 وه‌کو دوا واده‌ دیاریکرا بۆ یه‌کلاکرنه‌وه‌ى ناوى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا، به‌ڵام پارتى و یه‌کێتى له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى رێکه‌وتنه‌که‌ یه‌کترى تۆمه‌تبار ده‌که‌ن. دواى 56 کۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ رۆژى 1/9/2019 ڕێکه‌وتنیان ئیمزاکردو به‌پێى ڕێکه‌وتنه‌که‌ ده‌بوو سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان تا رۆژى پێنجشه‌مه‌ 5/9 ناوى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ره‌وانه‌ى دیوانى پارێزگا بکه‌ن، به‌ڵام یه‌کێتى داواى به‌رکه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان له‌ پارتى ده‌کات له‌ پارێزگاى دهۆک و هه‌ولێر. ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌رى، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى 9ى شاره‌زووى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت «ئێمه‌ وه‌کو یه‌کێتى له‌سه‌ر ناوى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵەبجه‌ هیچ کێشه‌یه‌کمان نییه‌و وتومانه‌ ئه‌وه‌ پاکێجێکى جیایه‌ له‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌کان». ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، کوردستان یه‌ک پارچه‌یه‌و ناکرێت به‌ جیا ببینرێت، وتیشى «وه‌کو یه‌کێتى له‌ پارێزگاى دهۆک سێ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا و له‌ هه‌ولێر شه‌ش ئه‌ندامان هه‌یه‌، به‌ڵام پارتى ئاماده‌ نییه‌ فه‌راشێکیش به‌ یه‌کێتى بدات، ئیتر بۆ ئێمه‌ ئاماده‌بین له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ سێ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و قایمقامیه‌تیان پێ بده‌ین، بۆیه‌ ئێمه‌ رامانگرتووه‌ تا پارتى به‌رکه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌نجومه‌نى خۆجێییه‌کان بۆ یه‌کێتى داده‌نێت». ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى پارتى له‌ سنورى ئیداره‌ى پارێزگاى سلێمانیدا، هیچ پۆستێکى به‌ پارتى نه‌داوه‌، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى 9ى یه‌کێتى له‌ شاره‌زوور ئه‌وه‌ى خسته‌روو کاتى خۆى جێگرى پارێزگارو چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کى گشتى و قایمقامییه‌تێک و ناحییه‌یان بۆ پارتى دیارى کردووه‌، به‌ڵام خۆیان نه‌یانویستووه‌« ئه‌وه‌ یه‌کێتى نییه‌ نه‌یویستبێت پۆست نه‌دات به‌ پارتى، به‌ڵکو پارتى تا ئێستا ئاماده‌ نییه‌ له‌هه‌ولێرو دهۆک ئیستحقاقى یه‌کێتى بدات». به‌پێى ڕێکه‌وتنى لایه‌نه‌کان بۆ دابه‌شکردنى کورسییه‌کانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ڵبژاردنى 30/4/2014 بووه‌، که‌ رۆژى 13/3/2017 لایه‌نه‌کانى پارێزگاکه‌ ڕێکه‌وتنیان ئه‌نجامداو به‌پێى ئه‌و  ڕێکه‌وتنه‌ 6 کورسی بۆ یه‌کێتى و 5 کورسی بۆ گۆڕان، 4 کورسی بۆ یه‌کگرتوو، 3 کورسی بۆ کۆمه‌ڵ، 3 کورسی بۆ پارتى، 2 کورسی بۆ بزووتنه‌وه‌و کورسیه‌ک بۆ سۆسیالیست و کورسییه‌کیش بۆ کاکه‌ییان ده‌بێت. وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى له‌ پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ڵێت «مه‌له‌فى ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌به‌رده‌ست مه‌کته‌بى سیاسى پارتى و یه‌کێتیدایه‌ تا بگه‌نه‌ رێکه‌وتن». عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن،  وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سه‌رکردایه‌تى پارتى له‌ پارێزگاى سلێمانى و هه‌ڵبه‌جه‌  له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت «کوردستان یەک‌ کوردستانه‌و یه‌ک جه‌سته‌یه‌ ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌ته‌، دانیشته‌کان که‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ کرا له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردن و پۆسته‌کانى ئه‌نجومه‌ن و به‌رێوه‌بردن بووه‌، که‌ له‌ سێ ستون پێکهاتووه‌، ستونێکیان پۆسته‌ سیادیه‌کان و  دوانه‌که‌ى دیکه‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن و به‌رێوه‌بردنى بووه‌ که‌ به‌ ئاماده‌بونى لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى به‌شدار له‌هه‌ڵه‌بجه‌ سیغه‌یه‌کى ته‌فاهوم پێکهێندرا». به‌پێى رێکه‌وتنه‌که‌ پارتى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى به‌مۆى وه‌ردگرت تا ئه‌و کاته‌ى خورماڵ ده‌کرایه‌ قه‌زاو دواتر پۆستى قایمقامیه‌تى خورماڵى وه‌رده‌گرت له‌گه‌ڵ  سێ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌ن و سێ به‌رێوه‌به‌رایه‌تى. وته‌بێژه‌که‌ى پارتى وتى «ئه‌و لیژنه‌یه‌ى له‌هه‌ڵه‌بجه‌ دانیشتبوون تایبه‌ت بوون به‌ پۆسته‌کانى هه‌ڵه‌بجه‌، ده‌کرێت بۆ پۆسته‌کانى دهۆک و هه‌ولێر یه‌کێتى پاکێجێکى بدایه‌ته‌ مه‌کته‌بى سیاسى پارتى تا قسه‌ بکرایه‌ و لیژنه‌ له‌ دهۆک و هه‌ولێریش پێکبهێندرایه‌، به‌ڵام یه‌کێتى دواى ئه‌وه‌ى واژۆى رێکه‌وتنه‌که‌یان کردبوو  پاشه‌کشه‌یان کرد له‌ رێکه‌وتنه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌«. ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى پێشیوایه‌ پۆسته‌کانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ کاتییه‌ و مه‌به‌ست رێزلێنان بووه‌ بۆ پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ تا کاتى هه‌ڵبژاردن ئه‌وکاته‌ به‌پێى ده‌نگى خه‌ڵک لایه‌نه‌کانى مافى ئه‌وه‌یانه‌ به‌شدارى ئیداره‌ى شاره‌که‌ بکه‌ن، وتیشى» نه‌ده‌بوو به‌ هیچ بیانویه‌ک یه‌کێتى گرفتى دروستبکردایه‌«. وته‌بێژى پارتى له‌ سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه‌ جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ دۆسیه‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و پۆسته‌کان دراوه‌ته‌ مه‌کته‌بى سیاسى پارتى تا رێکه‌وتنى له‌سه‌ربکرێت. ئه‌مه‌ له‌کاتێکدایه‌ له‌هه‌فته‌ى رابردوودا ئازاد تۆفیق، پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌، له‌لێدوانێکیدا به‌ ‌هاوڵاتى ڕاگه‌یاندبوو 5ى ئه‌یلول له‌سه‌دا نه‌وه‌دى ناوه‌کان نێردران بۆ دیوانى پارێزگا، به‌ڵام تائێستا لایه‌نێک ناوى ئه‌ندامانى بۆ نه‌ناردووین. دواتر ئه‌وه‌ى راگه‌یاند که‌ لایه‌نێکى سیاسى نیگه‌ران بووه‌و به‌و هۆیه‌وه‌ رێکه‌وتنه‌که‌ راگیراوه‌و ناوه‌کان نه‌نێردراون بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ.