راپۆرتی: نیوز ویک   وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا سەربازانی ئەمریکی لەپێگەکانیان لە باکوری سوریا کشێنرانەوە پێش ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا بۆ ناوچەکە، ئەمەش سەربازانی ئەنقەرەی دژی کوردە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا وەستاندووەتەوە کە زۆربەی سەختی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانان دژی داعشیان کێشا لەسوریا. ماوەیەکە ترەمپ کەڵکەڵەی ئەوەی لە مێشکدابوو کە سەربازە ئەمریکییەکان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکشێنێتەوە، هەرچەندە بەئاشکرا پشتگیری خۆی دەردەبڕی بۆ دەسەڵاتی کوردی لەوێ، کەناوچەکەیان رزگارکرد لەدەستی هێزە داگیرکەرەکانی داعش. بەڵام لەیەکشەممەی رابردوودا، سەرۆکی ئەمریکا لەناکاو رایگەیاند کە سەربازانی ئەمریکی رێگە ناگرن لەپەلاماری سەربازی تورکیا دژی کوردەکان، سەرەڕای ئاماژەکانی پێشوو کە ئەمریکا ئاگاداری بەرژەوەندییەکانی کورد دەبێت. لەوکاتەی جیهان کاردانەوەی دەربڕی لەبەرامبەر فەرامۆشکردنە لەناکاوەکەی ئەمریکا لە ئاست هاوپەیمانە کاریگەرو هەرە متمانەپێکراوەکەی، تویتێکی کچەکەی ترەمپ، ئیڤانکا، هاتەوە بەرباس کە خاڵی بەرژەوەندی پەیوەندیدار دەردەخات سەبارەت بەپەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا. «سوپاس جەنابی سەرۆک وەزیران ئەردۆغان بۆ بەشداریکردنت لەگەڵمان دوێنێ بۆ کردنەوەی باڵەخانەکانی ترەمپ (ترەمپ تاوەرس) لەئیستەنبوڵ!» ساڵی ٢٠١٢ ئیڤانکا ئەمەی نووسی. باڵەخانەکان دوو باڵەخانەی پێکەوە بەستراون کە یەکێکن لەحەوت باڵەخانەکانی ترەمپ لەئێستادا. ترەمپ بەڵێنیدا کە ئیمپراتۆریەتیەتە بازرگانییەکی دابماڵێت لەخۆی ئەویش بەوەی کە کۆنترۆڵی کارەکانی بازرگانی دایە دەستی کوڕەکانی، ئیریک و دۆناڵدی بچووک، هەتا ئەو ماوەیەی کە وەک سەرۆک کار دەکات. بەڵام ترەمپ بەتەواوی خۆی دوورەپەرێز نەگرت لە ئیمپراتۆریەتەکەی ئەمەش رەخنەگرانی والێکرد بڵێن کە ئەو کارەی سەرپێچییە لە بڕگەیاسایی داهاتی دەستوور. کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەو راپۆرت باس لەوە دەکەن ترەمپ لەڕووی شەخسییەوە قازانجی کردووە لەسەرۆکایەتییەکەی، بەبەکارهێنانی پلەکەی بۆ زیادکردنی داهات لە شوێنە گەشتیارییەکانی، ئوتێلەکان و بزنسەکانی تریدا. بۆ نمونە، بەرپرسانی بیانی بڕی زەبەلاحیان خەرج کردووە لەشوێنەکانیدا لەهەوڵی ئەوەی سوودیان پێبگات لەئیدارەکەیدا. بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بەوەی بەرژوەندییە بازرگانییەکانی ترەمپ لەتورکیا لانیکەم کەم کاریگەری یان هانی بڕیارەکەی دابێت بۆ رێگەچۆڵکردن بۆ ئەردۆغان تاپەلامارە سەربازییەکەی ئەنجامبدات. رایان لیز، بەرپرسی نوسینگەی پەیامنێرانی پێگەی پۆلەتیکۆ لەواشنتن لەتویتەر روونیکردەوە کەحاڵەتی لەمجۆرەیە کە «سەرۆکەکان دەبێت خۆیان داماڵن (لەسەروەت و سامانی تایبەتی)». «شتێکی شێتانەیە کە سەرۆکێک بڕیاری ئاسایشی نیشتمانی دەدات وەک ئەوەی ئەمشەو لەکاتێکدا کەپەیوەندی بازرگانی قازانجبەخشی لەمەترسیدایە لەولاتێکدا سوودی لێ دەبینێت». جۆن سیفەر، کەماوەی ٢٨ ساڵ لە سی ئای ئەی کاریکردووە نیگەرانی خۆی لە راگەیەندراوەکەی ترەمپ دەربڕی. «لانیکەم ئیدارەی ترەمپ نەگۆڕە، ئێمە خەریکە فێڵ لەهاوپەیمان، هاوبەش، هاورێکانمان دەکەین. متمانە بە ئەمریکا مەکەن تەنانەت ئەگەر لەجێی ئەوانیش خوێنت بڕێژیت. ئەگەر بەرژەوەندی و سوودت ئەوێت ئەوا باڵەخانەیەکی ترەمپ دروستبکە». جۆن سیفەر وای وت لە تویتەر. نە ترەمپ و نە کۆمپانیاکەی خاوەنی باڵەخانەکە نین. ساڵی ٢٠١٠ ترەمپ رووخسەتی بە خاوەنە تورکییەکاندا کە ناوی بەکاربهێنن بۆ باڵەخانەکە لەبەرامبەر پێدانی باج پێی. بەڵام ئاشکرایە کە پەیوەستی ناوەکەی بە باڵەخانەکەوە بەشێکە لە براندە جیهانییەکەی. هەر لەسەرەتاوە ئیڤانکا بەشداربوو لەپڕۆژەکەی ئەستەنبوڵ. ئەو گفتوگۆی بەردەوامی سازدەدا لەگەڵ، محەمەد عەلی یالچینداغ، هاوبەشە بازرگانییەکانی کۆمپانیای ترەمپ بۆ بنیادنانی باڵەخانەکان لە ساڵی ٢٠٠٨. پێشتر باڵەخانەکان وەک خاڵێکی فشار خزمەتیان بەئەردۆغان کردووە بۆ کاریگەری خستنەسەر سیاسەتی کۆشکی سپی. دوای پێشنیارەکەی ترەمپ کە چوونی موسوڵمانە کۆچبەرەکانی بۆ نێو ئەمریکا قەدەغەکرد، ئەردۆغان داوای کرد ناوی ترەمپ لە باڵەخانەکاندا بهێنرێتە خوارەوە. بەڵام کاتێک ترەمپ پشتگیری خۆی دەربڕی بۆ پاکتاوەکەی ئەردۆغان دوای کودەتاکەی ٢٠١٦، ئەردۆغان چیتر داوای گۆڕینی ناوی باڵەخانەکانی نەکرد. ترەمپ پێشتر خۆشی دانی بەوەدا ناوە کە باڵەخانەکان تێکهەڵچوونێکی بەرژوەندی دروستدەکەن لەمامەڵەکردن لەگەڵ تورکیا. لەچاوپێکەوتنێکی ٢٠١٥دا ترەمپ دەڵێت «کەمێک تێکهەڵچوونی بەرژەوەندیم هەیە چونکە باڵەخانەیەکی گەورە گەورەم هەیە لەئەستەنبوڵ، ناوی تاوەرەکانی ترەمپە. دوو تاوەرن نەک یەک دانە، بەهۆی ئەوەوە تورکیام زۆر باش ناسیوە». راگەیەندراوەکەی ترەمپ دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفونییە بوو کە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەنجامیدا کە لەمێژە هەڕەشەی پەلاماری سەربازی دەکات بۆ نێو سوریا تاهێزە کوردییەکان وەدەربنێت کە پێیوایە هەڕەشەن بۆ سەر تورکیا. دوابەدوای ئەمە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، «هێزەکانی ئەمریکا ئەرکی خۆیان جێبەجێ نەکردو لەناوچە سنوریەکانی تورکیا کشانەوە... تورکیا ئێستا ئامادەکاری دەکات بۆ داگیرکردنی باکورو رۆهەڵاتی سوریا».

ڕاپۆرتی: VOA    وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا لەلەشکرکێشییەکەی تورکیا بۆسەر چەکدارە کوردەکان لەباکوری سوریا، سوپای تورکیا پشتی بەستووە بەچەند گروپە چەکدارێکی ئۆپۆزسیۆن کە لەلایەن خۆیانەوە راهێنانیان پێکراوە. لەشکرکێشییەکە، کەناوی نراوە «کانی ئاشتی»، ئامانجی ئەوەیە یەپەگە وەدەربنێت لەناوچەکانی نزیک سنوری تورکیا-سوریا، بەپێی وتەی بەرپرسانی تورکیا. سوپای نیشتمانی سوری، گروپێکی نەیاری پشت ئەستوور بەتورکیا، سەرەکیترین گروپە کە لە لەشکرکێشییەکەی تورکیادا بەشدارە بۆ سەر باکوری سوریا. یوسف حەموود، وتەبێژی سوپای نیشتمانی سوریا لەسەرەتای دەستپێکردنی لەشکرکێشییەکەوە بەمیدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی راگەیاند کەجەنگاوەرە ئۆپۆزسیۆنەکان نزیک ئەو ناوچانەی سوپای تورکیا دەیەوێت دەستیان بەسەردابگرێت لە لەشکرکێشیەکەیدا جێگیرکراون. سەلیم ئیدریس، فەرماندەیەکی سوپاکە لەپێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا وتی کەگروپەکەی «بەهێز و پشتگیرییەوە هاوشانی برا تورکەکانیان دەوەستن» لە هێرشەکەیان بۆ نێو سوریا. لەکاتێکدا هێزە تایبەتییەکانی تورکیا رێبەری هێرشەکە دەکەن، بەڵام نزیکەی ١٤ هەزار چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سوری پاڵپشتی دەکەن لەبەرەکانی پێشەوەو سێ بۆ چوار بەرەیان کردووە بەئامانج. ژمارەی سوپای نیشتمانی سوریا لەنێوان ٨٠ هەزار بۆ ١٠٠ هەزارە. «هەندێک چەکدار لەسەر سنوری تورکیاوە جوڵێندراون و هەندێکی تر لەسوریاوە چوونەتە بەشێکی باکوری سوریا»، ئەحمەد رەحاڵ، شیکەرەوەی سەربازی لەئەستەنبوڵ وای وت. چەکدارە نەیارەکانی وەک لیوای سوڵتان موراد، لیوای حەمزە، هەروەها یەکەی ئەحرار ئەلشەرقیە (پیاوە ئازادەکانی رۆژهەڵات) لەگەڵ چەند یەکەیەکی بچوکتری دیکەدا رۆڵێکی گەورە دەگێڕن لەگرتنی ئەو شارانەی بەدەست هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدەوە)یە، رەحال وای وت. لیوای سوڵتان موراد ساڵی ٢٠١٣ دامەزراوە. شارەزایان باس لەوە دەکەن پشتیوانی راستەوخۆی دارایی، سەربازی، لۆجیستی سوپای تورکیای پێدەگات. زۆربەی شەڕکەرەکانی لەنەژادی تورکمانن. ناوی گروپەکە بەناوی سوڵتان مورادی دووەمی سوڵتانی عوسمانییەوە ناونراوە. ئایدۆلۆجیای ئەم گروپە عوسمانیزمی نوێ و ناسیۆنالیزمی تورکییە. ژمارەیان نزیک دەبێتەوە لە دوو هەزار بۆ سێ هەزار شەڕکەر. بەشێوەیەکی بەرفراوان بنکەیان لە حەلەب بوو پێش ئەوەی رژێمی سوریا لەساڵی ٢٠١٦ شارەکە بگرێتەوە. لیوای حەمزە کە نیسانی ٢٠١٦ لەتورکیا دامەزرا یەکێک بوو لەیەکەمین گروپە نزیکەکانی تورکیا کەچوونە نێو شارۆچکەی جەرابلوسی سوریا لەساڵی ٢٠١٧ هاوشانی سوپای تورکیا. ژمارەیان لەنێوان سێ هەزار بۆ چوار هەزاردایە. ئەم لیوایە یەکیک بووە لە بەشداربوانی داگیرکردنی هەرێمی عەفرین لەساڵی ٢٠١٨ لە لەشکرکێشی سوپای تورکیادا. لیوای ئەحرار ئەلشەرقیە (پیاوە ئازادەکانی رۆژهەڵات) ساڵی ٢٠١٦ بنیادنرا لەلایەن ئەو کەسانەی دەرکراوو ئاوارەبوون لەپارێزگای دێرەزوور. ئایدۆلۆجیای گروپەکە ئیسلامی توندڕەوە لەگەڵ ناسیۆنالیزمی عەرەبی و دژە ئەمریکا.  ژمارەیان لەسەروو دوو هەزار چەکدارەوەیە. زۆربەی شەڕکەرانی ئەم گروپە ئەندامانی پێشووی بەرەی نوسرە و (ئەحرار ئەلشام)ن کەگروپێکی ئیسلامی توندڕەوی بەهێزە لەسوریادا. رەحاڵ بە دەنگی ئەمریکای وت کەتورکیا لە پلانیدایە ئەم گروپانە جێگیربکات بۆ پاسەوانی ئەو شوێنانەی لەدەست هەسەدە دەریدەهێنێت لەنزیک سنوور بەدرێژایی ١٦٠کم. لەکاتێکدا کەدیارنییە هەسەدە چەند چەکداری جوڵاندووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی سوپای تورکیاو ئەم گروپە ئۆپۆزسیۆنانە، بەڵام بەرپرسانی ئەوەیان بەدەنگی ئەمریکاى راگەیاندووە لانیکەم ٨٥ هەزار چەکداری راهێنانپێکراوی ئەمریکایان هەیە. هەسەدە ئەوەی نەخستوەتەڕوو ئاخۆ هەموو هێزەکانی بەشداریدەکەن لە بەرگریکردنی هەرێمەکە دژی لەشکرکێشیەکەی تورکیا. هەسەدەی فرەنەژاد، چەند گروپێک لەخۆدەگرێت لەوانە، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) یەکینەکانی پاراستنی ژنان  (یەپەژە)، ئەنجومەنی سەربازی سریانی (گروپێکی چەکدرای مەسیحییە)، سوپای شۆڕشگێڕانی دێرزوور، یەکەی یەپەگەی نێودەوڵەتی، یەکەی سەلجوق، یەکەی شەهیدانی تورکمان، یەکەی دژە تیرۆر، هەروەها یەکەی هێزە تایبەتییەکان. شیکەرەوان دەڵێن زۆربەی ئەو گروپە نەیارانەی سوریا کە لە لەشکرکێشییەکەی تورکیادا بەشدارن سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن بۆ جوڵاندنی پاڵپشتەکانیان و پاساو هێنانەوە بۆ هاوپەیمانیەتییەکەیان لەگەڵ سوپای تورکیا. «زۆربەیان گروپی توندڕەون کەپێشتر لەشەڕی دژی هەسەدە بەشداریانکردووە»، سەدرەدین کینۆ، توێژەری سوری لەسەر گروپە چەکدارەکانی سوریا وادەڵێت. کینۆ بە دەنگی ئەمریکای وت ئامانجی سەرەکی ئەم گروپانە ئەوەیە دڵنیاببنەوە لەوەی هێزە دیاریکراوەکانی پاڵپشت بە ئەمریکا «وەک هەسەدە هیچ رۆڵێکیان نەبێت لەداهاتووی سوریادا». سوپای نیشتمانی سوریا ئەم مانگە دامەزرا دوای تێکەڵکردنی چەند گروپێکی تر لەگەڵ سوپای سوریای ئازاد، بەپێی راپۆرتی میدیا تورکی و سورییەکان. کینۆ ئاماژەی بەوەشکرد، «تورکیا سوپای نیشتمانی سوری دامەزراند بۆ ئەوەی وەک هیزێکی بەزەبت و رەبت دەریبخات دوای ئەوەی چەندین پێشێلکارییان ئەنجامداوە لەناوچە جیاوازەکانی سوریا وەک عەفرین».

راپۆرتی: فۆرن پۆلیسی    وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا لە٢٠ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨، رۆژێک دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لەناکاو لەڕێی تویتەرەوە رایگەیاند ئەمریکا هەموو هێزەکانی لەسوریا دەکشێنێتەوە، کۆمەڵێک سەربازی ئەمریکی خەریکی دەستپێکردنی دەورییەیەکی رۆتینی بوون لە شاری مەنبج. ئەندامێکی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) چووە لای سەربازە ئەمریکییەکان و قوڵپی گریان بەرۆکی گرت، بە چاوی فرمێسکەوە سوپاسی سەربازە ئەمریکییەکانی کرد بۆ پشتیوانیەکەیان، بەپێی وتەی ئەفسەرێکی سوپا کە لەو رۆژەدا لەدەورییەیەکدا بەشداربوو، قسەی بۆ فۆرن پۆلیسی کرد بەمەرجی ئەوەی ناوی نەهێنرێت. «ئەو نیشانەی یەکەکەی لێکردەوە و بەمنیدا. ئەو ساتە سۆزەکی (عاتفی)ترین سات بوو کەهەستم پێکردبێت لەژیانمدا»، ئەفسەرەکە وای وت کەهاوشانی چەکدارانی هەسەدە لەجەنگی دژی داعش جەنگاوەو یەکێکە لەلێشاوی سەربازەکانی ئێستا و خانەنشینەکان کەدەڵێن شۆک بوون بەدوایین بڕیاری ترەمپ سەبارەت بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسنوری سوریا، ئەمەش رێگەی خۆشکرد بۆ تورکیا تا ‌هێرشێکی بەرفراوان ئەنجامبدات بۆ سەر باکوری رۆژهەڵاتی سوریا. بینینی کاردانەوەی چەکدارەکانی هەسەدە لەبەرامبەر تویتەکەی هەسەدە لەبەرەکانی پێشەوەی مەنبج «ئەوکاتەبوو کە بە راستی هەستمپێکرد بەڕێزترین کەسن تائێستا ناسیبێتمن». لەکۆتاییدا، ترەمپ بەنیوەیی لەبەڵێنەکەی کشایەوە بەوپێیەی کە تەنها نیوەی سەربازانی ئەمریکای کەمکردەوە دوای چەند مانگێک لەتویتەکەی. بەڵام بەنزیکەیی دوای ساڵێک ئەمریکا جارێکی تر هاوپەیمانەکەی بێهیوا کردەوە. هەسەدە، کە زۆربەی ناوچەکانی ژێر دەستی داعشی ئازادکرد، ئێستا لەژیر هێرشێکی بێبەزەییانەی هێزەکانی تورکیادایە دوای ئەوەی دەرکەوت ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئەنقەرە هەڵکردووە تا بەرەو باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بجوڵێت. بەپێی رێکخراوە چاودێریەکانی جەنگ، تائێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار مەدەنی ئاوارەبوون بەهۆی ئەم ململانێیەوە. ئەو ئەفسەرانەی لەلایەن فۆرن پۆلیسیەوە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، هەندێکیان لەخزمەتدان و هەندێکی تر خانەنشینن،  بەبێ ئەوەی ناویان بهێنرێت باس لەوەدەکەن کەسانی ناو هەسەدە بەئافرەت و پیاویانەوە جەنگاوەری نەترس و پەرۆشن کە هەمان بەها ئەمریکییەکانیان هەیەو بەدڵسۆزی دەمێننەوە لەگەڵ هاوبەشەکانیان تەنانەت دوای بێهیوابوونی چەند جارەکی. ئەوانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرا جەنگاوەرە کوردەکان وا پێناسە دەکەن کە مۆدێلێکی هاوبەشی سەرکەوتووبن لەهەرێمێکی بەشێوو پەرتوبڵاودا. یەکێک لەئەفسەرە خانەنشینکراوەکان  وتی ئەو گروپە یەکێکن  لەگروپە هەرە کەمە رەسەنەکان کەئەمریکا دوای ١١ی سێپتەمبەر کاری لەگەڵ کردوون و متمانەی ئەمریکایان بەدەستهێناوە. «چەندین جار زیرەکیان لەجەنگداو پابەندیان لەئەرکی لەناوبردنی داعشدا سەلماندووە بۆمان»، ئەفسەرە خانەنشینەکە وای وت. هەموو ئەوانەی چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کردن وتیان تووشی شۆک و غەمباری بوون بەهەواڵی رێ چۆڵکردنی ئەمریکا تائەوەی تورکەکان کۆمەڵکوژی سەربازە کوردەکان بکەن، هەروەها زیاتر لەیەکێکیان هەستی شەرمەزارییان دەربڕی. «هەست بەتێکچوون دەکەم لەگەڵ نیگەرانی و غەمباری سەرەڕای ئەوەی بەقوڵی شەرمەزارم کەوڵاتەکەم رێ بەچارەنوسێکی وا دەدات بەسەر هاوپەیمانە نزیکەکەماندا بێت، ئەو هاوپەیمانەی هەموو جەنگەکەیان ئەنجامدا لەبری ئێمە لەکاتێکدا دەسەڵاتی ئەوەمان هەبوو کەخۆمان کۆتایی پێ بهێنین»، سەربازێک وای وت کە ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨ لە سوریا خزمەتی کردووە. ئەنقەرە هەسەدە بە لقێکی پەکەکە دەزانێت. تورکیاو ئەمریکاش پەکەکە بەتیرۆریست لە قەڵەم دەدەن، بەڵام ئەو ئەفسەرانەی بۆ فۆرن پۆلیسی دوان ئەو وتەیەی تورکیا رەتدەکەنەوە کەهەسەدە هەڕەشەیەکی تیرۆر بێت. «شتێکی قبوڵ نەکراوە کەپشتیان لێبکەین بۆ ستەمکارێکی وەک ئەردۆغان کەهەموو کورد بەتیرۆریست دەزانێت»، ئەفسەرە خانەنشینکراوەکە وای وت. «نەوەیەکی سوپای ئەمریکا پەیدا دەبێت کەهەرگیز ئەم ناپاکیە بیر ناکەن و ناشوەستن لەپۆزش هێنانەوە بۆی». ئەو ئەفسەرەی دەورییەی مەنبجی کرد باسی لەپەیوەندی نزیکی لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە کرد لەو کاتەی لە سوریادا بوون پێکەوە. شوێنی ژیان و پشوودانیان پێکەوە بووە، سەرەڕای ئەوەی دەروییەی هاوبەشیان پێکەوە ئەنجامداوە. دوای بڕیارەکەی ترەمپ لە کانونی یەکەمی ٢٠١٨، هیزەکانی هەسەدە «بەڕوونی نیگەران بوون» بەڵام «زۆر تێگەشتوو بوون» لە پێگەی سەربازانی ئەمریکا، ئەفسەرەکە وای وت. دوای چەند هەفەتەیەک لەتویتەکەی ترەمپ، هێزە بریکارەکانی تورکیا - کە ئەفسەرەکە بە گروپێکی بێسەروبەرەی «چەتە» ناویبردن - هەڕەشەی سنور تێپەڕاندنیان دەکرد، ئەفسەرەکە وای وت. هێزەکانی ئەمریکاو هەسەدە لە ١٦ی کانونی دووەمی ئەمساڵدا تووشی زیانێکی تێکشکێنەر بوونەوە کاتێک خۆکوژێک خۆی تەقاندەوەو بازارێکی قەرەباڵغی مەنبجی کردە ئامانج کە بەوە ناسراوبوو سەربازی ئەمریکی زوو زوو سەردانیان دەکەن. هێرشەکە ١٩ کەسی کوشت کە ١٥ جەنگاوەری هەسەدەو چوار ئەمریکی بوون. «دەستبەجێ هەسەدە گەشتنە ئەوێ. ئەوان لەوێدا یارمەتیان دەداین هەرچەندە ئەو هەموو گرژییە روویدابوو»، ئەفسەرەکە وای وت. ئەفسەرێکی تر (دووەم)ی سوپا کە لەگەڵ چەندین هاوبەشدا لەساڵی ٢٠٠١ەوە کاری کردووە و خزمەتی سەربازی هەبووە لەسوریا وتی کەهەسەدە لەهەموو هاوبەشەکانی تر زەقتر دەرکەوتووەو باشتر بووە لەهەموویان. لەو چوار ساڵەی دامەزراندنیدا لەلایەن هێزەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ەو گروپە ناوخۆییەکانی تری وەک عەرەب و ئاشوریەکان، هەسەدە هێزێکی گشتگیری ١٠٠ هەزار ئەندامی پێکهێناوە، ئەفسەرەکە وای وت. هەروەها تۆڕێکی ئەنجومەنی ناوخۆیی بنیادناوە بۆ بەڕێوبردنی ئەو هەرێمانەی لەدەستی داعش ئازادکران، کە حکومەتێکن «لەدەوری جەماوەر دەخولێنەوە». کوردەکان «کارامەییەکی رێکخراوەییان هەیە کەهەرگیز پێشتر لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست نەمبینیوە»، ئەفسەرەکە وای وت. هەسەدە و پارتەکەی، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، باوەڕیان بەمافی یەکسان هەیە بۆ ئافرەتان لەگەڵ ئازادی رادەربڕین و ئایین، ئەفسەرەکە ئاماژەی بەوە کرد. گروپەکە بایەخی پەروەردەش دەزانن و سیستەمێکی دادوەریان هەیە کە «دادپەروەرانە و شەفافە». «ئەوە یەکەم دەرفەت بوو کە بەڕاستی ببینم ئامانجە کۆتاییەکانی سەربازیمان بەدەستهێناوە، چونکە ئێمە هاوبەشێکمان هەبوو کە بەنزیکەیی هەمان بەها ئەمریکییەکانیان هەیە»، ئەفسەرەکە وای وت و  بەجەختکردنەوە لەڕاگەیاندراوەکەی ٦ی تشرینی یەکەم ئاماژەی بەوەکرد: «ئێمە دواجار دۆڕاین لەکاتێکدا وادەردەکەوت بردومانەتەوە». ئەفسەرەکە باسی لەو سەختایانە کرد کەسوپای ئەمریکا رووبەڕووی بوویەوە لەئەفغانستان لەبنیادنانی هێزە ئەمنییەکاندا، بەتایبەتیتر ئاماژەی بەو هێرشە زۆرانە کرد کە بوونە هۆی کوشتنی زۆرێک لەسەربازانی ئەمریکی. بەبەراوردکردن بەمە، «دەتوانم دوو دەست کەمتر بژمێرم» لەژمارەی لەدەستچوانی هێزە هاوپەیمانەکان کە لەسوریا کوژراون لەکەمپینی پێنج ساڵەی دژی داعش. جەنگاوەرەکان خۆیان «تەواو چاونەترسن»، ئەفسەرەکە وا دەڵێت و بەشێوەیەک وەسفیان دەکات کە تەنها چەکی سووک و کڵاشینکۆفیان پێیە بەبێ بەکارهێنانی زرێپۆش (درع). «ئەوان باوەڕپێنەکراوانە دڵ سافن ... پێیان باشترە خۆیان ببنە قوربانی وەک لەوەی زیان بەمەدەنییەک بگات». دوای ئەوەی ئەمساڵ سوریای بەجێهێشت، ئەفسەری یەکەم هیوای بەوەمابوو ئەمریکا بەتەواوەتی هەسەدە فەرامۆش ناکات، بەڵام ئێستا ئەو هیوایە زەبرێکی کوشندەی بەرکەوتووە. ئەفسەرەکە باس لەوە دەکات کاتێک گوێبیستی راگەیەندراوەکەی ترەمپ بووە سەبارەت بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، «بەتەواوی لەنیگەرانیدا تێکشکاوە». ئەفسەری دووەم وتی کە «باوەڕی نەکردووە» بە بەیاننامەکەی ٦ی تشرینی یەکەمی کۆشکی سپی. «هەر کەتورکیا هێرشی دەستپێکرد نەمتوانی خۆم بگرم لەشەرمەزاریدا، یەکەم بەهۆی ئەوەی بەشێک بووم لەوەو دووەم بەهۆی ئەوەی کەئێمە ئەمریکا، بەبۆچوونی من سەرپێچیمان لەبەهاکانمان کردووە»، ئەفسەرەکە وای وت. « بەبۆچوونی من هێشتا ئەمریکا چرا رێنیشاندەرەکەیە، بەڵام لەئێستادا لەئاست ئەوەدا نین». سەبارەت بەو چەکدارانەی هەسەدە کەئەفسەری یەکەم ناسینی لەمەنبج ، جەختی لەوەکردەوە کە «نەمتوانیوە  پەیوەندی بەهیچ کامیانەوە بکەم».  

هاوڵاتى تافان حەمەخان کچێکی گەنجی دانیشتووی سلێمانیە، خاوەن کۆمپانیای خۆیەتی، لەئەکاونتەکەی خۆیەوە ڤیدیۆیەکی ٣٢ چرکەیی بڵاوکردەوەو داوای کرد خەڵکی بایکۆتی کاڵا تورکیەکان بکەن. هاوڵاتى بۆ زانینی رای خەڵکی بەرامبەر بەو پێشنیارە ڤیدیۆکەی لەپەیجی خۆی بڵاوکردەوە، لەچەند کاتژمیرێکی کەمدا دەیان هەزار کەس ڤیدیۆکانی بینی و سەدان کەسیش کۆمێنتیان نوسی و پشتگیری خۆیان بۆ بیرۆکەکە راگەیاند. ئەوەش وەکو هاوسۆزیەک بۆ رۆژائاوای کوردستان و ئیدانەکردنی دەستدرێژیەکانی تورکیا. ماوەی چەند رۆژێکە هەڵمەتێکی بایکۆتکردنی کاڵاو بەرهەمی تورکیا لەباشووری کوردستان دەستیپێکردوە، هەر لەدراماو فیلم و گەشتوگوزارو کاڵاو بەرهەمەکانی بەکاربردنی رۆژانە، ئەوەش لە دژی پەلامارەکانی ئەردۆغانی سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان و ئاوارەکردنی سەدان هەزار کەس. لە چەند رۆژی رابردوودا چه‌ند کۆمپانیایه‌کى گه‌شتیارى له‌هه‌ێمى کوردستان گه‌شته‌کانیان بۆ تورکیا وه‌ستاند، چه‌ند که‌ناڵێکیش په‌خشکردنى فیلى تورکدیان راگرت، وه‌ک ناڕه‌زاییه‌ک به‌رانبه‌ر هێرشه‌کانى تورکیا بۆ سه‌ر رۆژئاواى کوردستان، هەروەها داوای دەرکردنی کۆمپانیا تورکیەکان دەکریت لەهەریمی کوردستان. له‌ رۆژى نۆى ئه‌م مانگه‌وه‌، تورکیاو گروپه‌ چه‌کداره‌ هاوپه‌یمانه‌کانى، هێرشى به‌رفراوانیان بۆ سه‌ر رۆژئاواى کوردستان ده‌ستپێکردووه‌، دواى دوو رۆژ له‌بڕیارى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مریکا له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپه‌وه‌. هێرشه‌که‌ کاردانه‌وه‌ى زۆرى به‌دواى خۆیدا هێنا، له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمى کوردستان چه‌ندین خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوون، چه‌ند کۆمپانیایه‌کی گه‌شتیاریش گه‌شته‌کانیان بۆ تورکیا وه‌ستاند. دڵشاد ره‌شید، به‌ڕێوبه‌رى کۆمپانیاى (ده‌ى هۆڵیده‌ی) گه‌شتیارى به‌هاوڵاتى راگه‌یاند «دوابه‌دوای ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ى کرایه‌سه‌ر رۆژئاوای کوردستان که‌ رژێمى تورکیا به‌بێ گوێدانه‌ هیچ به‌هایه‌کى مرۆڤانه‌و هیچ یاسایه‌کى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ستدرێژى ئه‌کاته‌سه‌ر خاکى کوردستان، سه‌رجه‌م گه‌شته‌کانمان راگرت». وتیشى «ئه‌وه‌ بچوکترین هه‌ڵوێسته‌ که‌ئێمه‌ بیکه‌ین، کارى ئێمه‌ گه‌شتوگوزاره‌ له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ گه‌شته‌کانمان راگرتووه‌ هه‌تا ده‌ستدرێژیه‌کانى تورکیا به‌رده‌وام بێت». ئەوەش لەکاتێکدایە ساڵانە دەیان هەزار کەس لەهەریمی کوردستانەوە بۆ گەشتوگوزار دەچنە تورکیاو پارەکانیان لەوێ خەرج دەکەن. ئەوەش داهاتێکی زۆرە بۆ حکومەتەکەی پارتی دادو گەشەپیدان بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان. هاوکات کۆمپانیاى ئه‌حمه‌دى بۆ گه‌شتوگوزار به‌هه‌مانشێوه‌ بڕیارى راگرتنى گه‌شته‌کانیدا بۆ تورکیا و رایگه‌یاند، چیتر مامه‌ڵه‌ى ده‌رهێنانى ڤیزه‌ى گه‌شتیارى بۆ تورکیا ناکات. کۆمپانیاکه‌ که‌ئۆفیسى سه‌ره‌کى له‌شارى سلێماندیه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێکدا رایگه‌یاندووه‌، «وه‌ک هه‌ڵوێسته‌ وه‌رگرتنێک به‌رانبه‌ر بۆردومان و کوشتارى تورکیا هه‌موو گروپه‌ گه‌شتیارییه‌کانمان بۆ تورکیا راده‌گرین، هیچ ڤیزه‌و تکتێکى فڕۆکه‌ى تورکیا نابڕین، داواکارین کۆمپانیاکانى تریش هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌بێت تاکاتى راگرتنى شه‌ڕو بۆردومانه‌کان». ساڵانه‌ به‌هه‌زاران گه‌شتیار له‌ناوچه‌ جیاجیاکانى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ده‌چنه‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌کانى تورکیا، به‌ڵام به‌هۆى هێرشه‌کانى تورکیاوه‌ بۆ سه‌ر رۆژئاواى کوردستان پێشبینیده‌کرێت رێژه‌ى چوونى گه‌شتیار له‌هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ روو له‌که‌مبوونه‌وه‌ بکات. تورکیا به‌وه‌ناسراوه‌ که‌خاوه‌نى چه‌ندین شوێن و ناوچه‌ى گه‌شتیارى سه‌رنجڕاکێشه‌ که‌ له‌سه‌رتاسه‌رى جیهانه‌وه‌ گه‌شتیارى به‌لاى خۆیدا راکێشاوه‌، یه‌کێک له‌سه‌رچاوه‌کانى داهاتى ئه‌و وڵاته‌ش له‌سه‌ر ئه‌و که‌رته‌یه‌. سه‌ره‌ڕاى بڕیارى ئه‌و کۆمپانیا گه‌شتیارییانه‌ بۆ وه‌ستاندنى گه‌شته‌کانیان بۆ تورکیا، چه‌ند که‌ناڵێکیش په‌خشکردنى دراما تورکییه‌کانیان راگرتووه‌، به‌ڵام به‌شێک له‌که‌ناڵه‌کان به‌رده‌وامن له‌په‌خشکردنى دراماکان. عامر سه‌ڵاح، به‌ڕێوبه‌رى گشتى که‌ناڵى ڤاڵکۆن له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتی «راسته‌ پێشتر دراماى تورکیمان په‌خش ئه‌کرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ر نه‌گونجایه‌ دامان نه‌ئه‌نا, به‌ڵام له‌دواى ئه‌و له‌شکرکێشیه‌ى تورکیا بۆ سه‌ر رۆژئاواى کوردستان ڕێگه‌م به‌خۆم نه‌دا شتێک نمایشى که‌لتورى تورکى بکات په‌خش بکرێت». وتیشى»له‌م کاته‌ى من په‌خشى درامایى تورکیم راگرت، درامایه‌کى تورکیم له‌په‌خشدابوو، دوو درامای تریشم کڕیبوو به‌زیاتر له‌ پێنج ده‌فته‌ر، به‌ڵام من به‌وپه‌ڕى دڵخۆشى ئه‌و کاره‌م  کردوه‌، ئه‌رکێکى نیشتیمانیم جێبه‌جێ کردوه‌، هیوادارم ده‌زگاکانى تریش هه‌ڵوێستیان هه‌بێت». ماوه‌ى چه‌ند ساڵێکه‌ به‌شى زۆرى که‌ناڵه‌ تورکییه‌کان ده‌ستیانداوه‌ته‌ په‌خشکردنى دراما تورکییه‌کان، به‌ئامانجى کۆکردنه‌وه‌ى زۆرترین بینه‌ر له‌ده‌ورى خۆیان، به‌ره‌وامیش ره‌خنه‌ له‌و درامایانه‌ ده‌گیرا که‌ له‌گه‌ڵ کلتورى کوردیدا یه‌کناگرنه‌وه‌. مانگى رابردووش وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و کاروبارى ئاینى حکومه‌تى هه‌رێم به‌هۆکارى ئه‌وه‌ى دراما تورکییه‌کان هۆکارى زیادبوونى جیابونه‌وه‌ى هاوسه‌رانن له‌هه‌رێمى کوردستان داواى راگرتنى دراما تورکییه‌کانی له‌وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى کرد.  ئەوە یەکەم جار نیە کەبانگەشە دەکرێت بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی، بەڵام ئەمجارە بایکۆتکردنەکە لەئاستێکی بەرفراواندایە. ساڵی رابردوو لەکاتی پەلامارەکانی تورکیا بۆ داگیرکردنی عەفرین هەڵمەتێک بۆ بایکۆتکردنی کاڵای تورکی راگەیەنرا. بەڵام لەم ئاستەی ئیستادا نەبوو. بەپێی دوایین ئامار زیاتر لە ٢٠٠ هەزار خەڵکی سڤیل ئاوارەبوون و بە سەدان کوژراون و برینداربوون کە زۆرێکیان ژن و منداڵن.

ماردین نوره‌دین په‌رله‌مانى کوردستان ده‌یه‌وێت کۆبونه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجامبدات بۆ تاوتوێکردنى دۆخى رۆژئاواى کوردستان، دواى له‌شکرکێشیه‌که‌ى تورکیا، به‌ڵام هێشتا واده‌که‌ى دیاری نه‌کراوه‌. سەلمە فاتیح ئەندامى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌پەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتىراگەیاند «داوای کۆبونەوەمان کردوە سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوا، بەڵام بڕیاره‌که‌ لاى دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە بۆیە تائێستا هیچ کاتێک دیارینه‌کراوه‌«. وتیشى «ئاگادارنەکراوینەتەوە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە دەکرێت یان نا، وەک پەرلەمانتاران ئەم کۆبوونەوەیە بەزۆر زۆر زەرورو پێویست دەزانین». هەفتەى رابردوو، پەرلەمانی کوردستان لەبەیاننامەیەکدا دەربارەی لەشکرکێشیەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوا رایگەیاندبوو، بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەو دۆخە دەکات و ئامادەکاریی بۆ دانیشتنێکی تایبەت لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکات. دابان محەمەد ئەندامى فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان بە هاوڵاتىوت «داوای کۆبونەوەی نائاساییم کردووەو بە پێویستیشی دەزانین بۆ ئەو بارودۆخ و پێشهاتەی ئێستای رۆژئاوای کوردستان هەیە، بۆ تاوتوێکردنى بارودۆخی ئەو خەڵکەی کەئێستا لەژێر فشاری ئاوارەیدان، بۆ ئەوەی باشوری هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی، دارایی، سەربازی، ئیستیخباراتی، لەهەمو روویەکی ترەوە هاوکاری رۆژئاواى کوردستان بکات». وتیشی «لەخولی پێشودا ئەو ئەزموونەمان هەبوو، ئەمجارەشیان پێویستە باشوری کوردستان لەڕێگەی پەرلەمانەکەیەوە چاودێری ئەو رەوشە بکات و کۆبونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامبدات، کۆمەڵێک بڕیار لەبەرژەوەندی خەڵکی ئەوێ و لەبەرژەوەندی ئەو پڕۆسەیەو ئەو دۆزەی کە لەوێ هەیە بدات».

شاناز حه‌سه‌ن ژماره‌ى خۆپیشانده‌رانى ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان دژى هێرشه‌کانى تورکیا به‌هه‌زارانى تێپه‌ڕاندووه‌، له‌کاتێکدا له‌ خۆپیشاندانه‌کانى هه‌رێمدا ژماره‌یه‌کى که‌م به‌شدارن، که‌ رێکخه‌ره‌کانیان هۆکاره‌که‌ى بۆ حزبه‌ سیاسییه‌کان ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌. ماوه‌ى چوار ڕۆژه‌ به‌هۆى هێرشه‌کانى سوپاى تورکیاوه‌ بۆ سه‌ر ڕۆژئاواى کوردستان، له‌ زۆربه‌ى شاره‌کانى هه‌رێمى کوردستان خۆپیشاندان و ناڕه‌زایى به‌رده‌وامه‌ و ڕێکخه‌رانى خۆپیشاندانه‌که‌ش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌که‌ن، که‌ هاوڵاتیانى باشور متمانه‌یان به‌ خه‌باتى مه‌ده‌نى نه‌ماوه‌ و وه‌ک پێویست به‌شدارى ناکه‌ن. له‌ هه‌ولێر به‌رده‌وام ڕۆژانه‌ چالاکى جۆراوجۆر کراوه‌ و ڕێکخه‌رى خۆپیشاندانه‌کانیش باس له‌وه‌ ده‌کات زیاتر له‌ دوو هه‌زار که‌س به‌شداربوونه‌ تێیدا. هیوا سه‌ید سه‌لیم، ڕێکخه‌رى خۆپیشاندانه‌کانى هه‌ولێر، له‌ لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتىوتى «مه‌به‌ستى سه‌ره‌کیمان ئه‌وه‌ بووه‌، ده‌نگى ناڕه‌زایى شه‌قام بگه‌یه‌نین به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و ڕووبه‌ڕووى به‌رپرسیارێتیشى بکه‌ینه‌وه‌، ده‌کرێت ئه‌وان له‌م پرسانه‌دا ڕێگرى له‌وه‌ بکه‌ن ده‌وڵه‌تێک سنورى وڵاتێکى تر ببه‌زێنێت». جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ جه‌ماوه‌ر وه‌ک پێویست به‌ده‌م ئه‌م پرسى نه‌ته‌وه‌یى و مرۆڤایه‌تیه‌کانه‌وه‌ ناچێت «حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى هه‌رێم وایان له‌ خه‌ڵک کردووه‌، متمانه‌یان به‌ خه‌باتى مه‌ده‌نى و ئازادى نه‌مێنێت». له‌خۆپیشاندانه‌که‌ى هه‌ولێردا که‌ دوێنێ شه‌ممه‌ به‌ڕێوه‌چوو، ئاڵاى تورکیا له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ پارچه‌ پارچه‌ کرا و پاشان سوتێنرا. له‌ سلێمانیش خۆپیشانده‌ران داواى ده‌ستبه‌جێ راگرتنى هێرشه‌کانیانکرد. عه‌بدوڵڵاى مه‌لا نورى، په‌رله‌مانتارى خولى پێشووى په‌رله‌مانى کوردستان، وه‌ک هاوڵاتیه‌ک به‌شدارى له‌ خۆپیشاندانه‌که‌دا کردووه‌ له‌ لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت «به‌داخه‌وه‌ خه‌ڵک هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتى ناکات و ژماره‌ى خۆپیشانده‌ره‌کان زۆر که‌من و پێشمان وایه‌ دوژمنانیش له‌وه‌ تێگه‌یشتوون، خه‌ڵکێکن وه‌ک پێویست هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتى ناکات، داکۆکى له‌مافه‌کانى خۆى ناکات و ڕوبه‌ڕوى ئه‌و زوڵمه‌ نابنه‌وه‌ و تا حه‌دێکیش قبوڵى ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر نا پێویست بوو ڕۆژانه‌ 50 هه‌زار زیاتر خه‌ڵک ناڕه‌زایى ده‌ربڕن». وتیشى «هه‌ر جۆره‌ پشتیوانییه‌ک که‌م و زۆر کاریگه‌رى خۆى ده‌بێت، به‌ڵام پێویسته‌ کاریگه‌رتر و زۆرتر بێت». عه‌بدوڵڵاى مه‌لا نورى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌، ئه‌رکى حزبه‌کانه‌، بنکه‌ى جه‌ماوه‌رى حزبه‌کانیان بێنه‌ سه‌ر شه‌قام و ڕابه‌رایه‌تى خه‌ڵک بکه‌ن، وتى «به‌داخه‌وه‌ هه‌زاره‌ها بازرگان هه‌یه‌ ئاماده‌ نییه‌ ده‌قه‌یه‌کى ئیشه‌که‌ى بدات به‌ خۆپیشاندانێک». له‌باره‌ى کاریگه‌رى خۆپیشاندانه‌کانیشه‌وه‌ وتى «پێویسته‌ خه‌ڵکى ده‌وڵه‌مه‌ند و حکومه‌ت به‌ پاره‌ هاوکارى خه‌ڵکى ڕۆژئاوا بکه‌ن و به‌ڕاشکاوى و به‌ سوپاى تورکیا بڵێن له‌ باکور بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ و که‌ پێویست بوو بچن شانبه‌شانى شه‌ڕڤانان شه‌ڕ بکات». له‌ماوه‌ى دوو رۆژى رابردوودا له‌ سلێمانى و که‌لارو رانییه‌ و دوێنێش له‌ هه‌ولێرو دهۆک خۆپیشاندانى ناره‌زایه‌تى دژى له‌شکرکێشیه‌که‌ى تورکیا ئه‌نجامدرا. شێرکۆ حه‌مه‌ ئه‌مین، ئه‌ندامى به‌ره‌ى پشتیوانى ڕۆژئاوا له‌ سلێمانى، باس له‌وه‌ ده‌کات حزبى سیاسى  و جیاوازى حزبى له‌ هه‌رێمى کوردستان واى کردووه‌، خه‌ڵک به‌ده‌م ئه‌م پرسانه‌وه‌ نه‌یه‌ن و به‌خه‌میه‌وه‌ نه‌بن و وتى «لێى ڕازى نیم، چونکه‌ پێویسته‌ له‌ کاتێکى ئاوادا که‌ جیاوازى بیروڕاى جیاوازیشمان هه‌بێت،  بونى کورد له‌به‌رده‌م له‌ناوچوندایه‌، خه‌ڵک زۆرتر بێت به‌ده‌م ناڕه‌زایه‌تییه‌کانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌م ڕۆژئاوا وابزانێت به‌ته‌نیا نیه‌ و به‌ داگیرکه‌ره‌که‌ بڵێین ئێمه‌ یه‌ک گه‌لین و یه‌ک هه‌ڵوێستین». وتیشى «به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌وڵه‌کانمان، بێگومان ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ ڕۆڵى ده‌بێت و کاریگه‌ریى و هاوخه‌مى بۆ ڕۆژئاوا زۆر گرنگه‌، که‌ پێویسته‌ هه‌موو کوردێک ئه‌وه‌ى له‌به‌رچاو بێت». هێرشه‌که‌ى تورکیا بۆ سه‌ر رۆژئاواى کوردستان کاردانه‌وه‌ى زۆرى به‌دواى خۆیدا هێناوه‌، له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان خۆپیشاندانى به‌رفراوان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و به‌هه‌زاران که‌س دژى تورکیا رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام. خۆپیشاندانه‌کان، زیاتر له‌ 16 شارى رۆژهه‌ڵاتى کوردستانى گرتووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها کوردانى شارى تاران له‌به‌رده‌م باڵیۆزخانه‌ى تورکیا ناڕه‌زاییان ده‌ربڕى. خه‌ڵکى ئیلام به‌ ئاڵاى کوردستانه‌وه‌ دژى هێرشه‌کانى تورکیا وه‌ستانه‌وه‌و داواى ده‌ستبه‌جێ راگرتنى هێرشه‌کانیان کرد

ئارا ئیبراهیم چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌کى هه‌سه‌ده‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌که‌ن، لایه‌نگرانى ئه‌نه‌که‌سه‌ رێگه‌یان بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى چه‌ند گوندێکى رۆژئاواى کوردستان خۆشکردووه‌، به‌رپرسێکى ئه‌نه‌که‌ش ده‌ڵێت هێزى رۆژ ئاماده‌ نییه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تورکیادا بکات و ده‌یانه‌وێت به‌ رێگه‌ى دیبلۆماسى کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێت. سه‌رچاوه‌کان بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌یان به‌وه‌کرد، له‌چه‌ند گوندێکى سنورى سه‌رێکانى و گرێ سپى، ژماره‌یه‌ک لایه‌نگرى ئه‌نه‌که‌سه‌ داوایان له‌گروپه‌ چه‌کداره‌کانى سه‌ر به‌تورکیا کردووه‌ بچنه‌ گونده‌که‌یانه‌وه‌و کۆنتڕۆڵی بکه‌ن، به‌ڵام هێزه‌کانى هه‌سه‌ده‌ به‌وه‌یان زانیوه‌و 28 که‌سیان لێکوشتوون و گونده‌کانیان پاراستووه‌. ئیبراهیم برۆ، ئه‌ندامى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى کورد له‌سوریا (ئه‌نه‌که‌سه‌) له‌لێدوانێکدا بههاوڵاتى وت» ئێمه‌ دژى شه‌ڕین نه‌ک له‌به‌ر هه‌سه‌ده‌، به‌ڵکو له‌به‌ر میلله‌تى کورد به‌یاننامه‌ى خۆمان به‌توندى ده‌رکردووه‌و ئیدانه‌ى ئه‌و له‌شکرکێشیه‌ ده‌که‌ین که‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر میلله‌تى ئێمه‌ هه‌یه‌«. وتیشى «هێزى رۆژ سه‌ر به‌ ئێمه‌یه‌، هه‌تا ئێستا تکا ده‌که‌ین رۆژێک درفه‌تێک هه‌بێت به‌رگرى له‌خه‌ڵکى خۆمان بکه‌ین، په‌یه‌ده‌ قبوڵناکه‌ن، به‌ڵام هێزى رۆژ ئاماده‌ نییه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ تورکیادا بکات ئێمه‌ شه‌ڕ ناکه‌ین، کورد له‌هه‌رچوار پارچه‌ى کوردستان له‌بارى ئه‌وه‌دا نییه‌ شه‌ڕ بکات، دانوستانى سیاسى ده‌که‌ین». هێزى رۆژ که‌ ژماره‌یان زیاتر له‌هه‌شت هه‌زار سه‌ربازه‌و له‌لایه‌ن پارتى دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ مه‌شق و راهێنانیان پێکراوه‌ موچه‌ى مانگانه‌ش وه‌رده‌گرن‌و سه‌ر به‌ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى کورد له‌سوریا (ئه‌نه‌که‌سه‌)ن. ئیبراهیم برۆ پێیوایه‌ تورکیا ته‌نها شه‌ڕى په‌که‌که‌ ده‌کات و ئه‌وه‌ شه‌ڕى کورد نییه‌ «هه‌سه‌ده‌ به‌تایبه‌ت په‌یه‌ده‌ باشترین خزمه‌ت به‌تورکیا و ئه‌ردۆغان ده‌کات ده‌یه‌وێت خه‌ڵکى کوردستانى سوریا به‌کوردو عه‌ره‌ب و سریانێ شه‌ڕ بکه‌ن له‌گه‌ڵ تورکیا، بۆ ئه‌وه‌ى تورکیا بهێنێته‌ که‌رکوک و شه‌نگال و کوردستانی باشور». ئه‌وه‌شى رونکرده‌وه‌ که‌ هه‌سه‌ده‌ ناوچه‌ى شه‌ڕى له‌گه‌ڵ تورکیا فراوان کردووه‌و تورکیا شه‌ڕ له‌سه‌رێکانى و گرێ سپى ده‌کات، هه‌سه‌ده‌ بۆردومانى ئه‌و ناوچانه‌ ده‌کات که‌تورکیا شه‌ڕى تێدا ناکات. ئیبراهیم برۆ، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ ئاساییه‌ هه‌سه‌ده‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ چه‌کدارانى ئۆپۆزسیۆنى سوریا بکات، به‌ڵام خه‌ڵکى سڤیل نه‌کاته‌ قوربانى

شاناز حه‌سه‌ن لیژنه‌کانى قایمقامیه‌ت و گه‌شتوگوزار له‌ناوچه‌ جیاجیاکانى هه‌رێمى کوردستان رێوشوێنه‌کانیان توندکردووه‌ته‌وه‌ بۆ داخستنى ئه‌و سه‌نته‌ر و باڕانه‌ى کچان بۆ راکێشانى گه‌نجان به‌کارده‌هێنن، به‌ڵام ده‌ڵێن به‌هۆى زۆرى شوێنه‌کانه‌وه‌ هه‌موویان کۆنتڕۆڵ نه‌کراون. هه‌فته‌ى رابردوو لیژنه‌کانى قایمقامیه‌تى سلێمانى شوێنێکى تایبه‌ت به‌خواردن و خواردنه‌وه‌یان له‌ سلێمانى داخست، دواى ئه‌وه‌ى بۆیان ده‌رکه‌وت ژماره‌یه‌ک کچى خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ کارى مه‌ساجى تێدا ده‌که‌ن بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ روو له‌شوێنه‌که‌ ده‌که‌ن. ئێستا له‌سلێمانى سێ سه‌نته‌رى مه‌ساج هه‌یه‌ که‌مۆڵه‌تى ئوتێلیان هه‌یه‌و له‌ناو ئوتێلى چوار ئه‌ستێره‌و پێنج ئه‌ستێره‌ کراونه‌ته‌وه‌و پێشتر حه‌وت سه‌نته‌ر داخراون. ئارام شوانى، وته‌بێژى گه‌شتوگوزارى سلێمانى، له‌لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتى وتى»مه‌ساج پێویستى به‌مه‌رجى ته‌ندروستى زۆر هه‌یه‌، شوێن هه‌بووه‌ له‌ماڵێکدا له‌ژورێکدا بۆ کارى له‌شفرۆشى به‌کارهێنراوه‌ و دامانخستون». باسى له‌وه‌شکرد، ئێستا توانیویانه‌ رێگه‌ له‌وه‌بگرن، به‌ناوى مه‌ساجه‌وه‌ شتى ترى تێدابکرێت، «چونکه‌ خاوه‌ن ئوتێله‌که‌ رێگه‌نادات له‌ناو ئوتێله‌که‌یدا شتى وابکرێت کاریگه‌ریى هه‌بێت بۆسه‌ر ئوتێله‌که‌ی و له‌ڕووى ته‌ندروستیشه‌وه‌ پاکوخاوێن نه‌بێت». به‌پێی مه‌رجه‌کانى گه‌شتوگوزار، ئه‌و ئوتێلانه‌ى که‌ مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرن، ئه‌گه‌ر سه‌نته‌رێکى مه‌ساج بکه‌نه‌وه‌، ده‌بێت دووباره‌ مۆڵه‌ت بۆ سه‌نته‌ره‌که‌ وه‌ربگرنه‌وه‌. ئارام شوانى، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد زۆرینه‌ى ئه‌و کچانه‌ى له‌سه‌نته‌رى مه‌ساجه‌کاندا کارده‌که‌ن و چینى و نیپاڵین «پێویسته‌ بڕوانامه‌یان له‌وڵاتى خۆیان هه‌بێت له‌بوارى مه‌ساجداو ته‌مه‌نیان له‌سه‌روو 18 ساڵییه‌وه‌ بێت». له‌باره‌ى داخستنى خواردن و خواردنه‌وه‌ى سایه‌ گوڵى دوو، ئارام شوانى وتى «له‌و شوێنه‌ دوو ئافره‌تى تێدا بووه‌ له‌خوار هه‌ژده‌ ساڵه‌وه‌ بوون که‌ئه‌وه‌ش رێگه‌پێدراو نیه‌، هه‌ندێک مه‌رجى ته‌ندروستى تێدا نه‌بووه‌ بۆیه‌ داخراوه‌«. وتیشى»له‌و شوێنانه‌ى که‌ داخراون ئافره‌تى زۆرى تێدابووه‌ به‌تایبه‌ت بیانى که‌ کارى تێداده‌که‌ن، ئه‌وه‌ش هۆکارێکى ترى داخستنه‌که‌ى بووه‌ که‌ ئافره‌تى زۆر به‌کارهێناوه‌ بۆ راکێشانى گه‌نجه‌کان».  ئه‌و مه‌رجانه‌ى بۆ کردنه‌وه‌ى سه‌نته‌رێکى مه‌ساج پێویسته‌، بریتین له‌وه‌ى له‌ناو ئوتێلێکى 4 یان5 ئه‌ستێره‌ییدا بێت، ئه‌وانه‌ى مه‌ساجه‌که‌ ده‌که‌ن، بڕوانامه‌ى کارکردنیان هه‌بێت له‌بوارى مه‌ساجدا و شوێنه‌که‌ش له‌ 10 ژور که‌متر نه‌بێت، له‌ڕووى ته‌ندروستییه‌وه‌ کارتى ته‌ندروستیان هه‌بێت، بۆ رێگرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌ر نه‌خۆشییه‌ک. ئارام شوانى جه‌ختده‌کاته‌وه‌ ناکرێت بڵێن ده‌توانن به‌ته‌واوى سه‌نته‌رى مه‌ساج و قومارخانه‌کان کۆنتڕۆڵ بکه‌ن «که‌س هه‌یه‌ له‌ماڵه‌که‌ى خۆیدا قومارخانه‌ى داناوه‌، یان سه‌نته‌رى مه‌ساج، بۆیه‌ ناتوانین بڵێین هه‌موومان کۆنتڕۆڵ کردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بزانرێت به‌ئاشکرا سه‌نته‌رى مه‌ساج یان قومارخانه‌یه‌ک هه‌بێت، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ئێستادا نیه‌و رێگه‌پێدراو نیه‌«. باسى له‌وه‌شکرد، له‌ڕابردوودا دوو سێ شوێن هه‌بووه‌ که‌مادده‌ى هۆشبه‌ریان تێکه‌ڵ خواردنه‌وه‌ کردووه‌و بۆ راکێشانى گه‌نجه‌کان و ئه‌وانه‌ى سه‌ردان ده‌که‌ن، که‌خاوه‌نى ئه‌و شوێنانه‌ بیانى بوون، به‌ڵام له‌ئێستادا هیچ شتێکى له‌و جۆرانه‌ نیه‌و له‌ژێر کۆنتڕۆڵدایه‌. له‌گه‌ڵ زۆربوونى سه‌نته‌ره‌کانى مه‌ساجدا، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان رێوشوێنه‌کانیان بۆ چاودێریکردنى ئه‌و شوێنانه‌ چڕکردووه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌تى له‌ رووى مه‌رجه‌کانى ته‌ندروستى و قه‌ده‌غه‌کردنى کارکردنى کچانى خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ‌. گۆران قادر، سه‌رۆکى لیژنه‌ هاوبه‌شه‌کانى قایمقامیه‌تى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتىوتى «خواردن و خواردنه‌وه‌ى سایه‌ گوڵى دوو داخراوه‌، چونکه‌ پابه‌ندى مه‌رجه‌کان نه‌بووه‌ به‌ته‌ندروستى و مه‌رجه‌ گه‌شتوگوزارییه‌کان و له‌دواى ئه‌وه‌ى زیاتر له‌جارێک ئاگادارکراوه‌ته‌وه‌«. باسى له‌وه‌شکرد، ئه‌و شوێنه‌ى که‌ به‌ناوى خواردن و خواردنه‌وه‌وه‌ مۆڵه‌ت وه‌رده‌گرێت، پێویسته‌ بۆ خواردن و خواردنه‌وه‌ بێت، به‌هێزترین خاڵ که‌ بووه‌هۆى داخستنى ئه‌و شوێنه‌ ئه‌وه‌بوو که‌سانى خوار 18 ساڵ کاریان تێکردووه‌، که‌ ته‌نانه‌ت دانیشتنى کچانى خوار هه‌ژده‌ ساڵ رێگه‌پێدراو نییه‌ نه‌ک کارکردنیان. ساڵانێکه‌ سه‌نته‌ره‌کانى مه‌ساج له‌کوردستان روو له‌زیادبوونن، که‌ له‌به‌شى زۆریاندا ئافره‌تى بیانى کارى تێداده‌که‌ن و به‌وته‌ى به‌رپرسان هه‌ندێکجار کارى له‌شفرۆشییان تێداکراوه‌، ئه‌وه‌ش رووبه‌ڕووى داخستنى کردوونه‌ته‌وه‌. نه‌ریمان فازیل، به‌رپرسى راگه‌یاندنى گه‌شتوگوزارى هه‌ولێر، له‌لێدوانێکدا بههاوڵاتىوت «له‌ئێستادا سه‌نته‌رى مه‌ساج به‌دوو شێوه‌ ده‌کرێته‌وه‌، یان ده‌بێت له‌ناو ئوتێلێکى 3 یان 4 یان 5 ئه‌ستێره‌ بێت، یان به‌پێی مه‌رجه‌کان سه‌نته‌رى سه‌ربه‌خۆبن و له‌ده‌ره‌وه‌ى ئوتێله‌کان، له‌وکاته‌دا مۆڵه‌ت له‌ته‌ندروستى وه‌رده‌گرن و سه‌ربه‌خۆن». وتیشى»ئه‌و سه‌نته‌رانه‌ له‌ژێر چاودێرى وردى ته‌ندروستین و له‌و رووه‌وه‌ ئێمه‌ مۆڵه‌تیان پێده‌ده‌ین».

  وتاری  شیکاری: ستیڤن براین لەپێگەی ئاسیا تایم وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا   لەئەوروپاو ئەمریکا هەنگاوەکەی ترەمپ ئیدانە دەکرێت بەسەرکردایەتی لیندزی گراهامی سیناتۆری کۆمارییەکان و نیکی هەیڵی سیاسەتمەداری دیاری کۆمارییەکان. گراهام دەڵێت پڕۆژەیاسایەک پێشکەش دەکات لەئەنجومەنی پیران کە وادەردەکەوێت پاڵپشتییەکەی بەهێزی هەردوو پارت کۆبکاتەوە. بەڵام گرنگ نییە چونکە پرۆژەیاسای ئەنجومەنی پیران سەرۆک نابەستێتەوە. لەڕاستیدا یەکێک لەئامانجەکانی تۆمەتبارکردن (پرۆسەی تۆمەتبارکردنی بەرپرسێکی باڵا کەئەگەر تۆمەتەکان بەسەریدا ساغ بویەوە پۆستەکەی لێدەسەنرێتەوە) بۆ ئەوەیە پرۆژەیاسای لەم جۆرە باس بکرێت تێیدا بەڵام سیستەمی تۆمەتباری کەسانی باڵا لەئەمریکا بەتەواوی گرنگی دەدات بەکێشە سیاسییە ناوخۆییەکان. هەرچەندە ترەمپ لەئێستادا تۆمەتبارە بەەوەی داوای لە ئۆکرانیا کردووە تا لێکۆڵینەوە بکات لەکێشەیەک پەیوەدندیدار بەجێگری سەرۆکی پێشوو جۆ بایدن و کوڕەکەی، بەڵام ئەوە ئۆکرانیا نییە لەم بابەتەدا گرنگە، بەڵکو ئاماژە تۆمەتبارکردنە سیاسییە ناوخۆییەکانە و ئەو راستییەی کە لەلایەن دیموکراتەکانەوە پشتگیری لێدەکرێت و ترسی ئەوەیان هەیە هەڵبژاردنی داهاتوو لەبەرامبەر ترەمپ بدۆڕێنن. ئایا کشانەوەی ئەمریکا دەچێتە بازنەی سەرپێچیکردنەوە تا بەتۆمەت هەژمار بکرێت؟ لەڕووی یاساییەوە، نەخێر، لەبەرئەوەی ئەمریکا رێککەوتنی سەر کاغەزی نییە لەگەڵ کوردەکان کە بڵێت دەبێت بەرگریان لێبکات. هیچ پەیماننامەیەکی ئەمریکی-کوردستانی بوونی نییە (بەڵام نەتەوەی کورد وڵاتیان نییە بۆیە پەیماننامە ئەگەر نییە)و هیچ رێککەوتنێکی نوسراو نییە لەگەڵ سەرکردە کوردەکان. لەڕاستیدا، ئەوەی هەبووە تەنها چەند کارێک بووە ئەمریکا لە ئەستۆی گرتووە بەناوی کوردەکانەوە. بەشێوەیەکی سروشتی، ناتوانین بەڵێنی دەمی بخەینە دەرەوەی بازنەکە کە دراوە بەسەرکردە کوردەکان بەڵام بناغەی یاسایی بۆ ئەم بەڵێنانە ئەرکێکی لێپرسراویەتی یاسایی لەخۆناگرن. بەڵام ئەوە سەرپێچییەکی سیاسییە کە لێکەوتەی فراوان و گەورەی دەبێت لەسەر ئاشتی جیهانی. ترەمپ پێشتر هەوڵیدا بەنیوەیی لەڕێککەوتنەکەی بکشێتەوە تا رێ بۆ سوپای تورکیا خۆشبکات باکوری سوریا داگیربکات. دوای راگەیەندراوی سەرەتا، ترەمپ لەتویتێکدا وتی «وەک پێشتر وتومە ئەگەر تورکیا هەر شتێک بکات، کە بەلێکدانەوەی دانایانەی بێ هاوتاو مەزنی من لە سنوور دەرچوون بێت ئەوا بەتەواوی ئابوری تورکیا تێکدەشکێنم و لەناوی دەبەم». پیناچێت تورکیا هیچ رێنماییەکی تر جگە لەمە بداتە سوپاکەی، وتەکەی ترەمپ خۆشی رێککەوتنەکەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا هەڵناوەشێنێتەوە کەداگیرکردنی باکوری سوریایە یان فەرامۆشکردنی کوردەکانە. کارەکەی ترەمپ نەدەبوو بۆ کەس شۆکهێنەربایە. ئەو دەیویست لە ئەفغانستان بکشێتەوەو دەستی یارمەتیشی بۆ سعودیە درێژ نەکرد دوای ئەوەی دامەزراوە نەوتییەکانی لەلایەن ئێرانەوە هێرشیان کرایەسەر کە بەدڵی وڵاتەکە دادەنرێن. ترەمپ بێ جووڵە بووە لەکاتێکدا ئێران دەسەڵاتی فراوانکردووە لە یەمەن، عێراق، لوبنان، سوریا. هیچ شتێکی نەکردووە دەربارەی ناردنی لێشاوی هاوکاری سەربازی بۆ حزبوڵا یان رێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکە. لەکاتێکدا ترەمپ سزاکانی تووندتر دەکردەوە بۆ سەر ئێران، هەموان دەزانن کە ئەو سزایانە هەناردەی نەوتی ئێرانیان رانەگرتووە بۆ چین یان وڵاتەکانی تر، بەسوریاشەوە، هەروەها ناردنی چەکی روسی، چینی، کۆریای باکوریشیان نەوەستاندووە کە دەگاتە دەستی ئێرانییەکان. لەڕاستیدا هەندێک هۆکار هەیە تا باوەڕ بەوە بکەین وڵاتە ئەوروپییەکان بەشدارن لەفراوانخوازی سەربازی ئێران. ئەگەر کێشەکە بەدروستی لێی بکۆڵرێتەوە ئەوا رەنگە ئەوە دەرکەوێت تەکنەلۆجیای ئەتۆمی ئەوروپی بەکارهێنراوە بۆ پشتیوانیکردنی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی ئێران. (ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و نەتەوەیەکگرتووەکان پەردەیان داوە بەسەر  سەرچاوەی کەلوپەلی رۆژئاوا بۆ ئێران). ئەمریکا دەبێت ئاگاداربێت لەوەی سعودیە بڕوایوایە وەلانراوەو بەجێهێڵراوەو لەهەوڵی ئەوەدایە دانوستان لەگەڵ ئێران بکاتەوە. زۆری پێناچێت سعودیەکان رووبکەنەوە روسیا بۆ داوای یارمەتی، لەبەرئەوەی روسیەکان پردێکی سیاسین بۆ ئێرانییەکان. ڤلادمێر پوتینی سەرۆکی روسیا پێشتر بیرۆکەی فرۆشتنی سیستەمی بەرگری ئێس-٤٠٠ی پێشکەشی سعودیە کرد. دەگونجێت ئۆڤەری زیاتریان پێشکەشبکات بەئامانجی ئەوەی ئەمریکا دەربکات لەهەرێمی کەنداوی فارس. ئاماژەکانی ترەمپ روون و راشکاون لەسەر ئەم بابەتە. وەک ئەوەی بەمیدیاکانی وت دوای هێرشەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە، کە ئەمریکا سەربەخۆیە لەوزەدا. بەواتایەکی تر، هێرشەکە بۆ ئەمریکا گرنگ نییە. ئەو جەنگ بەو جۆرە نابینێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لێدان بێت لەبەرژەوەندی ئەمریکا، ئەو راستییەی کە دووپاتی کردەوە لە تویتێکیدا سەبارەت بە بڕیارەکەی لەسەر کێشەی کورد. رووسیاش سەربەخۆیە لەوزەدا بەڵام مۆسکۆ سوودی گەورەی ئابوری، سیاسی، ستراتیجی دەبینێت لە قایلکردنی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بەرەو لای ئەم بێن. نابێت هیچ گومانێک هەبێت کە ئەوەی بەرامبەر کورد کرا ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەیە بۆ حکومەتە هاوپەیمانەکان کەپشتبەستن بەدەسەڵاتی سەربازی ئەمریکا یارییەکی دۆڕاوە. لەهەنگاوێکی سەرسووڕهێنەردا، بەرپرسانی کۆریای باکور کشانەوە لە کۆبوونەوەی ستۆکهۆڵم؛ بۆچی؟ تۆ بڵێی لەبەرئەوە بێت کەدیکتاتۆری کۆریای باکور، کیم جۆنگ ئون، لێکدانەوەی ئەوەی کردبێت ترەمپ بۆ ماوەیەکی درێژ سەرۆک نابێت، بڕواکردن بەهەر بەڵێنێکی کە دەیدات هەڵەیەکی ئازاربەخش بێت؟ بەدڵنیاییەوە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ فەرامۆشکردنی کوردەکان سەردەکێشێت بۆ کوشتارییەکی زۆرو هاوسەنگی هێز دەگۆڕێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەئیسرائیل، کە لەئێستادا لە قەیرانی هەڵبژاردندایە، کشانەوەی ئەمریکا ئاماژەیەکی خراپە و کاردەکاتە سەر ئاسایشی وڵاتە جووەکە بەشێوەیەکی نەرێنیانە. پێدەچێت وا لەسەرکردەی هەموو بەرەکانی ئیسرائیل بکات کە ئەمریکا وەک «ئەمریکای لاواز ببینن» نەک «ئەمریکای بەهێز». رەنگە دەستگرتن بە دەسەڵاتەوە لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ لاوازتر بێت بەبڕیارەکانی ترەمپ لەسەر سعودیەو کوردەکان وەک لەوەی بەو تۆمەتانەی لەسەریەتی لەسەر گەندەڵی. ئەنجامەکە هەرچییەک بێت، ئیسرائیل رووبەڕووی کاتێکی سەخت دەبێتەوە. هەموو ئەمانە تۆپەکە دەخنە نیوە یاریگای روسیاوە ئەگەر پۆتین بتوانێت بیانقۆزێتەوە و لەکۆنترۆڵکردنی ئێران بەردەوام بێت. ئەمە بۆ داهاتوو دەمێنێتەوە. ئەمانە مانای ئەوەشن کە درامای تۆمەتبارکردنەکە لەئێستادا رەهەندێکی تری وەرگرتووە چونکە کۆمارییەکان کە پێشتر ریزیان بەستبوو بۆ پشتگیری کردنی ترەمپ لەئێستادا رەنگە بکشێنەوە. هەندێکیان بە بێدەنگی پێی دەڵێن رێگا «شەرەفمەندانەکە» بگرێتەبەرو دەست لەکاربکێشێتەوە. کەواتە، لەکاتێکدا پشتکردن لەکوردەکان رەنگە خۆی لەخۆیدا  سەرپێچی نەبێت  لەسیستەمی تۆمەتبارکردن، بەڵام کار دەکاتەسەر پشتگیری سیاسی ترەمپ لەگەڵ ئەوەی لێکۆڵینەوەی تۆمەتبارییەکەی لەئەنجومەنی نوێنەراندا لەکۆکردنەوەی هێزدایە. ئایا ئەمریکا پێویستی بەسەرۆکێکی بریندار هەیە کەهەڵەی زەبەلاحی تەکتیکی و ستراتیجی دەکات؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێت زۆربەی ئەندامانی کۆنگرێس لەخۆیانی بکەن.

راپۆرتی: نیوز ویک وەرگێرانی: کاکەلاو عەبدوڵا دۆناڵد ترەمپ لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە «هەڵخەلەتێنرا» لەپەیوەندییە تەلەفونییەکەدا، بەپێی وتەی سەرچاویەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کە زانیاری راستەوخۆی هەیە لەسەر پەیوەندییەکە. لەپەیوەندییەکی تەلەفونی وادە بۆدانراودا لەدوانیوەڕۆی یەکشەممەی رابردوو لەنێوان ترەمپ و ئەردۆغاندا، سەرۆکی ئەمریکا بەهاوتا تورکیەکەی وت هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا دەکشێنێتەوە. کاتی پەیوەندییە تەلەفونییەکە دوای ئەوە هات کەتورکیا رایگەیاند لەپلانیدایە باکوری سوریا داگیربکات و چەند کاتژمیرێکیش دوای ئەوەی ئەردۆغان یەکەکانی سوپای توندوتۆڵ کرد لەسەر سنوری تورکیا-سوریا و بەهێزترین هەڕەشەی کرد لە پەلاماردانێکی سەربازی، ئەمەش بەپێی وتەی بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کە بۆ «نیوز ویک»دوا بەو مەرجەی ناوی نەهێرێت. کشانەوەی ئەمریکا تۆپەکە دەخاتە یاریگای گروپی خەلافەتی ئیسلامی، دیمەشق، مۆسکۆ، لەگەڵ ئەمەشدا بەیاننامەکەی واشنتن تەنانەت وەزارەتی بەرگری ترەمپیشی تووشی «شۆکی تەواوەتی کرد»، بەرپرسەکانی پنتاگۆن وایان وت. «بەدڵنیاییەوە سەرۆک ترەمپ هەڵخەڵەتێنراو تەنها کشانەوەی سەربازەکانی پەسەندکرد بۆ ئەوەی وا دەریبخات کە ئێمە شتێک بەدەستدەهێنین، بەڵام هیچ بەدەستناهێنین»، بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی وای وت. «ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا چووەتە نێو حاڵەتێکی مەترسیداری گەوەرەوە بۆ چەند دەیەیەکی داهاتوو لەبەرئەوەی  سەرۆک بوێری نییەو ئەوەش قسەی کۆتاییە». هەمان سەرچاوە بە «نیوزویک»ی وت کەسەرسوڕهێنەر نابێت ئەگەر پەلاماری تورکیا لە ٢٤ بۆ ٩٦ کاتژمێری داهاتوو ببینین. لەمێژە تورکیا چەکدارە کوردەکانی سوریا بەتیرۆریست ناوزەند دەکات سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا هاوکاری دارایی و چەکداری پێشکەشدەکرد بۆ شەڕی دژی داعش. جەنگێک لەگەڵ سوپای تورکیا رەنگه کوردەکان ناچار بکات بچنە ئامێزی بەشار ئەسەدەوەو دواتریش هاوپەیمانی پێکبهێنن لەگەڵ روسیا و ئێران، ئەو دوو نەیارە سەرسەختانەی ئەمریکا کەهێزیان لەسوریا هەیە. کۆشکی سپی لە درەنگانی یەکشەممەی رابردوودا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند تورکیا بەمزووانە باکوری سوریا داگیردەکات، بەڵام هەم وەزارەتی بەرگری و هەم ترەمپ خۆشی لەتویتەر دووشەممەی رابردوو وتیان بەڕوونی تورکیایان ئاگادارکردووەتەوە ئۆپەراسیۆن بۆ نێو باکوری سوریا پەسەند ناکەن. «ئەگەر تورکیا هەر شتێک بکات، کە بەلێکدانەوەی دانایانەی بێ هاوتاو مەزنی من لە سنوور دەرچوون بێت ئەوا بەتەواوی ئابوری تورکیا تێکدەشکێنم و لەناویدەبەم»، لەتویتێکدا ترەمپ ئەمەی وت. «ئەوان دەبێت لەگەڵ ئەوروپاو ئەوانی دیکە چاودێری دیلە داعشەکان و خێزانەکانیان بکەن». بەپێی وتەی بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کەگوێی لە پەیوەندییە تەلەفونییەکە بووە، ترەمپ هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی تورکیای پەسەند نەکردووە دژی هێزە کوردییەکان، بەڵام هەڕەشەشی نەکردووە بە سەپاندنی سزای ئابوری لەکاتی پەیوەندییەکەدا ئەگەر تورکیا بڕیاربدات ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات. لەبەیاننامەیەکدا، ستیفانی گریشام، وتەبێژی کۆشکی سپی وتی، «هێزەکانی ئەمریکا پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکە ناکەن و بەشداریش ناکەن، هەروەها هێزەکانی ئەمریکا، بەوپێیەی خەلافەتی ئیسلامی تێکشکاوە، چیتر لەناوچەکەدا نامێنن». رۆژنامەی «نیویۆرک تایمز» لە راپۆرتێکیدا دووشەممەی رابردوو بڵاویکردەوە نزیکەی ١٠٠ بۆ ١٥٠ سەربازی ئەمریکی لەباکوری سوریا دەکشێنەوە بەڵام نەک بەتەواوی لەوڵاتەکە بڕۆن. «نیوز ویک» راپۆرتەکەی «تایمز»ی پشتڕاستکردەوە بەڵام بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایش وتی ژمارەکە نزیکە لە ٢٣٠ سەرباز کەهێزە تایبەتییەکان و یەکە هەواڵگریەکانیشی تێدایە. هەروەها «تایمز» ئەوەشی بڵاوکردەوە  چەند شایەتێک شایەتحاڵی هێزەکانی ئەمریکا بوون کشاونەتەوە لە دوو پێگەی چاودێری لەگرێ سپی و سەرێکانی لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا. دووشەممەی رابردوو «نیوزویک» ئەمەشی پشتڕاستکردەوە بەو پێیەی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری پێی راگەیاندین هێزەکانی ئەمریکا بەنزیکەیی لەسەدا ٩٠% تەواوبوون لەکشانەوەکە. یەکێک لەکێشە سەرەکییەکانی نێوان دوو سەرکردە جیهانییەکە لە پەیوەندییەکەدا دەربارەی ٢٠٠٠ سەربازی دەستبەسەرکراوی خەلافەتی ئیسلامی بوو کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ەوە راگیراون لەزینداندا. بەپێی بەیاننامەکەی کۆشکی سپی و وتەی بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، ترەمپ بە ئەردۆغانی وتووە هیچ پەیوەندی بەزیندانییەکانی داعشەوە نییەو ئەردۆغانیش پێی وتووە کەئەو زیندانییانە لەخۆدەگرێت. «هەندێک لە بەندکراوە داعشەکان دواجار لەسەروبەندی ئاژاوەکەدا ئازاددەبن و لەو ناوچەیە دەمێننەوە یان دەچنە شوێنی تر تا بەشداری بکەن لەشەڕدا»، بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایش گومانی کرد ئەوە رووبدات. بەیاننامەکەی یەکشەممەی کۆشکی سپی گلەیی و بێزاری ترەمپیشی دەربڕی سەبارەت بەوەی چۆن وڵاتەکانی تری ناتۆ مامەڵەیان لەگەڵ شەڕکەرە دیلەکانی داعش کردووە. بەیاننامەکە ناوی «فەرەنسا، ئەڵمانیاو وڵاتەکانی دیکەی ئەوروپا›› دەهێنێت «بۆ رەتکردنەوەی وەرگرتنی هاوڵاتییەکانی خۆیان کە چووبونە نێو داعشەوە». بەرپرسەکەی ئەجومەنی ئاسایش وتی ناتوانێت قسە بکات سەبارەت بەوەی فەرماندەکان و جەنەراڵەکانی ترەمپ پلانی چی دادەنێن بەڵام ئاشکرای کرد کەچاوەڕێی هیچ شتێکی بەدەر لە پێوانەی عادەتی ناکات، چونکە وەزارەتی بەرگری پەیڕەوی فەرمانەکان دەکات بەزانیاری یان بێ زانیاری گشتگیرەوە. ئەگەر ئەمریکا دەرچوونی رەتبکردایتەوە لەئاسۆی جەنگی تورکیا، ئەوا بژاردەکانی تەنها مەترسی پێکدادان نەبوو لەگەڵ سوپای وڵاتەکانی دیکە، بەڵکو فشار خستنەسەر ئابووری تورکیاش دەبوو، بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایش پێیوابوو. بەڵام ئەمریکا بڕیاریدا کە نەمێنێتەوە بۆ پاراستنی هێزە کوردییەکان دژی پەلاماری تورکیا ئەمەش وەک بەشێک لە «سیاسەتی یەکەمجار ئەمریکا»ی ترەمپ و دیدگا لەمێژینەکانی دەربارەی جەنگ کەخراپە بۆ بازرگانی، بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایش وای وت. لەیەکشەممەی رابردوودا، ئەردۆغان یەکەکانی سوپای توندوتۆڵ کرد لەسەر سنوری تورکیا-سوریا دوای چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنی بەهێزترین هەڕەشەی لە ناردنی سەربازانی تورکی بۆ سەر سنورو نێو «ناوچەی ئارام»، لەنێوان رووباری دیجلە و فورات. ناوچەی ئارام - کە هەندێک جار پێی دەوترێت رێڕەوی ئاشتی - بۆ ئەوە دامەزرا تا رێ لەتورکیا بگرێت داگیرکارییەکی دیکە ئەنجامنەدات لەباکوری سوریا. ئەمریکا لەمێژە خەریکی دامەزراندنی  ناوچەیەکی لەچەکداماڵراوی بەپێزە تەنانەت پێش رازیبونی ترەمپ بەپلانە سەربازییەکانی تورکیا. بەپێی وتەی بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایش ئەگەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ووینەدابا، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیتوانی بەردوامبایە لەبەرەوپێشبردنی ناوچە ئارامەکە لەسنوری سوریا-تورکیا. «ئەگەر راستگۆ بم لەگەڵت، باشتردەبێت بۆ ئەمریکا پاڵپشتی نەتەوەی کورد بکات لەسەرتاسەری تورکیا، سوریا، عێراق. ئەو پاڵپشتییە دەبێتە ئیسرائیلێکی دیکە لەناوچەکەدا». هەر ئەم کارەساتەی ئێستاکەی سیاسەتی دەرەوە بوو کە وای لە وەزیری پێشووی ترەمپ، جەیمس ماتیس،  کرد دەست لەکاربکێشێتەوە دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا کتوپڕ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای دەرکرد لەکانوونی یەکەمی ٢٠١٨ لە سوریا. ماتیس دواهەمینی جەنەڕالەکان بوو کە بەکەسێکی «پیگەشتوو» دادەنرا لەئیدارەکەی ترەمپدا. لەکانونی دووەمی ٢٠١٩ بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری بە «نیوزویک››ی راگەیاند هیچ لەجەنەڕاڵەکانی ئەمریکا رازینەبوون بەبڕیاری کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لەسوریا، چونکە بەرپرسانی پینتاگۆن ترسی ئەوەیان هەبووە ئەو کشانەوەیە داعش هەڵبستێنێتەوە بەهەمان شێوەی هەژموونی لەسەرخۆی تاڵیبان لەئەفغانستان. لەهەمان مانگدا  بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بە «نیوزویک»یان وت فەرمانی ترەمپ بۆ کشانەوەی لەناکاوی هێزەکان رەنگە ستراتیجیەتی هاوپەیمانی ئەمریکا لاوازبکات لەگەڵ هاوپەیمانە هەرێمییەکان، روسیاو ئێران دەستکراوەتربن بۆ دامەزراندنەوەی پێگەیەکی بەهێزی سەربازی لەناوچەکەدا، هەروەها جێهێشتنی چەکدارانی کوردی بەلاوازی تا خاپور بکرێن لەلایەن هێزی ئاسمانی تورکییەوە. کشانەوەیەکی تەواو ەنگە دەستبەرداربوونیش بێت لەپێگەیەکی هەرێمی گرنگ کەبەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە لەناوچەکەدا، لەوانە بەرژەوەندییەکانی هاوپیەیمانانی وەک ئیسرائیل و بەجۆرێک لەجۆرەکانیش، ئەردەن. بەرپرسەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی لەکۆتاییدا تورکیای بە «منداڵێکی شەڕفرۆش» ناوزەند کرد.

سازدانى: ‌هاوڵاتى ئه‌ندامێکى نوێنه‌رایه‌تى ئیداره‌ى خۆسه‌رى له‌هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، کشانه‌وه‌ى به‌شێکى بچوکى هێزه‌کانى ئه‌مریکا له‌خاڵێکى سنورى رۆژئاواى کودستان تاکتیکه‌و له‌سه‌ر ئه‌زى واقیع شتێکى ئه‌وتۆ رووینه‌داوه‌. فه‌تحوڵا حوسه‌ینى له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات، ئه‌گه‌رچى داواى رونکردنه‌وه‌یان له‌ئه‌مریکا کردووه‌ له‌باره‌ى بڕیاره‌ کتوپڕه‌که‌ى تره‌مپه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا بێئومێدنین له‌هه‌ڵوێسته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان. باس له‌وه‌ش ده‌کات، بڕیارى هه‌سه‌ده‌ روونه‌ که‌ئه‌گه‌ر تورکیا یه‌ک مه‌تر بێته‌ پێشه‌وه‌و هێرش بکاته‌سه‌ر رۆژئاوا، به‌درێژایی 500 کیلۆمه‌ترى سه‌ر سنور شه‌ڕ راده‌گه‌یه‌نن. ‌هاوڵاتى: خوێندنه‌وه‌تان چییه‌ بۆ ئه‌م ره‌وشه‌ى ئێستا دروستبووه‌؟ فه‌تحوڵا حوسه‌ینى: ئه‌مه‌ شتێکى نوێ نییه‌، نه‌ هه‌ڕه‌شه‌کانى تورکیاو نه‌ لێدوانه‌کانى ئه‌مریکا، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع ئه‌وه‌ لاى ئێمه‌ گرنگه‌ که‌هیچ گۆڕانکارییه‌ک له‌سه‌ر ئاستى سه‌ربازى نه‌کراوه‌، له‌سه‌ر ئاستى هه‌ماهه‌نگى نێوان هاوپه‌یمانان و هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات. 26 سه‌ربازى ئه‌مریکا له‌خاڵێکى سه‌رێکانى به‌ره‌و عه‌ین عیسا رۆیشتوون و له‌خاکى رۆژئاواى کوردستان ده‌رنه‌چوون و چونه‌ته‌ عه‌ین عیسا که‌باره‌گاى سه‌ره‌کى هه‌سه‌ده‌ی لێیه‌، ئه‌وه‌ ته‌کتیکێکى سه‌ربازییه‌ له‌نێوان هاوپه‌یمانان و هه‌سه‌ده‌و له‌چوارچێوه‌ى رێککه‌وتنێکه‌ له‌نێوان ئه‌مریکاو تورکیاو هه‌سه‌ده‌ نه‌ک کشانه‌وه‌ بێت، به‌ڵام لاى ئێمه‌ بڕیاره‌که‌ى کۆشکى سپى جێگه‌ى گله‌یی و گازنده‌یه‌، هه‌سه‌ده‌ داواى روونکردنه‌وه‌یه‌کى ئاشکراى له‌ئه‌مریکا کردووه‌ له‌باره‌ى ئه‌و بڕیاره‌ کتوپڕه‌وه‌، له‌کاتێکدا هه‌ماهه‌نگییمان ماوه‌ بۆ نه‌هێشتنى داعش و تیرۆرو قاعیده‌ که‌پلانێکى درێژخایه‌نه‌ له‌نێوان هه‌سه‌ده‌ و هاوپه‌یمانان. ‌هاوڵاتى: هێزه‌کانى ئه‌مریکا له‌ئێستا له‌کام لەو ناوچانه‌ى رۆژئاواى کوردستان بوونیان هه‌یه‌؟ فه‌تحوڵا حوسه‌ینى: له‌هه‌موو شوێنێک بوونیان هه‌یه‌، له‌کۆبانێ و جه‌زیره‌، بنکه‌ى سه‌ربازیان هه‌یه‌و هه‌ماهه‌نگییان هه‌یه‌، هێزى فه‌ره‌نسى و به‌ریتانى هه‌یه‌، له‌هه‌موو شوێنه‌کانى سه‌ر سنورى رۆژئاواى کوردستان بوونیان هه‌یه‌. ‌هاوڵاتى: به‌ڵام بڕیاره‌که‌ى تره‌مپ خه‌نجه‌رێک نه‌بوو که‌ له‌پشته‌وه‌ درا له‌کورد؟ فه‌تحوڵا حوسه‌ینى: ئه‌مریکا نه‌یوتووه‌ هه‌موو سه‌ربازه‌کان بکشێنه‌وه‌، شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ریش تره‌مپ بڕیارێکى هاوشێوه‌یدا، ئێمه‌ پێشبینیمان ده‌کرد دواى لێدوانه‌که‌ى کۆشکى سپى هه‌ڵوێستێکى دیکه‌ پیشان بدرێت که‌ راگه‌یه‌نرا، مانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مریکا له‌باکورو رۆژهه‌ڵاتى سوریا مانه‌وه‌یه‌کى درێژخایه‌نه‌، ئه‌مه‌ زیاتر له‌سێ ساڵه‌ چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نى و چه‌کى قورس ده‌نێردرێت، به‌ده‌یان بنکه‌ى ئه‌مریکى و به‌ریتانى و فه‌ره‌نسى دروستبووه‌. ‌هاوڵاتى: که‌واته‌ ئێوه‌ هێشتا بێئومێدنین له‌ئه‌مریکا؟ فه‌تحوڵا حوسه‌ینى: ئێمه‌ بێئومێدنین له‌خۆمان، هه‌ماهه‌نگى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا بۆ نه‌هێشتنى تیرۆرو چه‌سپاندنى چاره‌سه‌رى سیاسیه‌ له‌سوریا، له‌ساڵى 2012 ئێمه‌ شه‌ڕى به‌ره‌ى نوسره‌مان کرد، کاتێک هێرشیکرده‌سه‌ر سه‌رێکانى، ئه‌وکاته‌ ئه‌مریکا له‌هه‌رێمه‌که‌ هه‌ر نه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ماهه‌نگى ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا بۆ نه‌مانى داعش بوو، داعشیش تائێستا ته‌واونه‌بووه‌و به‌سه‌دان که‌س له‌ژێر گروپى جیاجیا سه‌ریانهه‌ڵداوه‌، چه‌ند شارێکى سوریا له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ داگیرکراون. ‌هاوڵاتى: پێشبینى ده‌که‌ن تورکیا هه‌ڕه‌شه‌کانى بکاته‌ کردارو له‌شکرکێشى بکات؟ فه‌تحوڵا حوسه‌ینى: سیاسه‌تێکى روون له‌لاى به‌رپرسانى تورکیا نییه‌، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌ستکه‌وته‌کانى کوردان و ژێرپێخستنى مافى کوردان له‌لاى ئه‌وان بنه‌مایه‌، ئێمه‌ به‌جددى سه‌یرى هه‌ڕه‌شه‌کان ده‌که‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ ئاماده‌کاریی باش کراوه‌، بڕیارى هه‌سه‌ده‌ش روونه‌ که‌ ئه‌گه‌ر تورکیا یه‌ک مه‌تر بێته‌ پێشه‌وه‌و هێرش بکاته‌سه‌ر رۆژئاوا، ئێمه‌ به‌درێژایی 500 کیلۆمه‌ترى سه‌ر سنور شه‌ڕ راده‌گه‌یه‌نین. ‌هاوڵاتى: پێتانوایه‌ ئه‌مریکا رێگه‌بدات تورکیا ئاسمانى  رۆژئاواى کوردستان ببه‌زێنێت؟  فه‌تحوڵا حوسه‌ینى: به‌پێی عورفى نێوده‌وڵه‌تى، فڕۆکه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ئاسمانى چ وڵاتێک هه‌بێت، نابێت فڕۆکه‌ى وڵاتى دیکه‌ی به‌سه‌ردا بفڕێت، ئه‌و ئاسمانه‌ کۆنتڕۆڵکراوه‌ له‌لایه‌ن فڕۆکه‌کانى ئه‌مریکاو فه‌ره‌نساو به‌ریتانیاوه‌. ‌هاوڵاتى: به‌ڵام بۆ عه‌فرینیش هه‌روا نه‌بوو؟ دواتر ئاسمانه‌که‌ بۆ تورکیا کرایه‌وه‌؟ فه‌تحوڵا حوسه‌ینى: بۆ عه‌فرین وانه‌بوو، نه‌خشه‌ى ئێستاى سوریا جیاوازه‌ له‌نه‌خشه‌ى 2011، ئێستا ناوچه‌ى هه‌ژمونى ئه‌مریکاو روسیا هه‌یه‌، عه‌فرین له‌ژێر هه‌ژمونى روسیادا بوو، دوو بنکه‌ى سه‌ربازى روسیا له‌و ناوچه‌یه‌ بوونى هه‌بوو، پێش 24 سه‌عات کشانه‌وه‌ به‌پێی رێککه‌وتنى له‌گه‌ڵ تورکیا بۆ داگیرکردنى عه‌فرین له‌لایه‌ن تورکیاوه‌، ئه‌وه‌ ئینتیقامێکى روسیى بوو له‌کورد، له‌به‌رانبه‌ر هه‌ماهه‌نگى کورد له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا، دواتر عه‌فرین ته‌نها یه‌په‌گه‌ى لێبوو، چه‌کى قورسى لێنه‌بوو، پاشان دواى 58 رۆژ به‌رخۆدانى گه‌وره‌ تورکیا توانى ئه‌و شاره‌ داگیربکات. ‌هاوڵاتى: هیواتان هه‌یه‌ وڵاتانى دیکه‌ى هاوپه‌یمانان جگه‌ له‌ئه‌مریکا هه‌ڵوێستیان هه‌بێت ئه‌گه‌ر تورکیا له‌شکرکێشى کرد؟ فه‌تحوڵا حوسه‌ینى: وڵاتانى یه‌کێتى ئه‌وروپاو فه‌ره‌نسا هه‌ڵوێستیان باشه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌، وڵاتانى هاوپه‌یمانان قبوڵى ئه‌وه‌ناکه‌ن، له‌به‌ئه‌وه‌ى سه‌ربازو چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نیان هه‌یه‌ له‌و ناوچانه‌و پڕۆژه‌یان هه‌یه‌ بۆ هه‌رێمه‌که‌. ‌هاوڵاتى: جگه‌ له‌ئه‌مریکا چه‌ند وڵاتى دیکه‌ له‌ رۆژئاواى کوردستان بوونیان هه‌یه‌؟ فه‌تحوڵا حوسه‌ینى: هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى هێزیان له‌ رۆژئاواى کوردستان هه‌یه‌، که‌زیاتر له‌ 39 وڵات تێیدا ئه‌ندامن، وڵاته‌ سه‌ره‌کییه‌کانیش که‌بوونى سه‌ربازییان هه‌یه‌ ئه‌مریکى و فه‌ره‌نسى و به‌ریتانین. ‌هاوڵاتى: هیچ به‌ڵێنێکتان له‌و وڵاتانه‌ وه‌رگرتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى رۆژئاواى کوردستان پارێزراوبێت؟ فه‌تحوڵا حوسه‌ینى: به‌ڵێن نییه‌، له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع شت هه‌یه‌، به‌ڵێنه‌کان له‌سه‌ر ئاستى سیاسی ده‌درێن، تائێستا به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خۆمان و هاوپه‌یمانان یه‌کده‌گرنه‌وه‌. تائێستا بێئومێدنین له‌هه‌ڵوێسته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، به‌ڵام هێزى خۆمان پڕۆفیشناڵه‌و ئاماده‌ین به‌ته‌واوى به‌رگرى له‌خاکى خۆمان بکه‌ین و تاکه‌ بژارده‌شمان به‌رخۆدانه‌. ‌هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر کورد به‌ته‌نها به‌جێهێڵدرا بژارده‌ى ئێوه‌ ته‌نها به‌رگریکردنه‌؟ فه‌تحوڵا حوسه‌ینى: به‌ڵێ ته‌نها به‌رگریکردنه‌، به‌ڵام کاتێک داعش ماوه‌و مه‌ترسی کۆتایی نه‌هاتووه‌، ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌مریکییه‌کان رێکبکه‌وین، چونکه‌ هه‌زاران چه‌کدارى داعش و خێزانه‌کانیان له‌که‌مپى هۆل و که‌مپه‌کانى دیکه‌دان، که‌جێگه‌ى مه‌ترسین و داواى دروستکردنى دادگایه‌کى نێوده‌وڵه‌تیمان کردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى تێیدا دادگایی بکرێن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر شتێک روویدا ئێمه‌ ئه‌و مه‌ترسییه‌ له‌سه‌رخۆمان ناهێڵین، له‌به‌رئه‌وه‌ى مه‌ترسین بۆ سه‌ر ئێمه‌.

سازدانى: ئارا ئیبراهیم ئه‌ندامێکى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات خۆپیشاندانه‌کانى عێراق ئینزارێکه‌ بۆ پارتى و یه‌کێتى و گۆڕان که‌هه‌مان داواکارى هه‌یه‌و پێویسته‌ پرۆسه‌ى چاکسازى خێراتر بکرێت. شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا، ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى ئاماژه‌ به‌دۆخى ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌دات که‌ له‌خۆڕێکخسته‌وه‌دان و له‌سێ مانگى ئاینده‌دا کۆنفرانسى نیشتمانى ده‌به‌ستن. ده‌رباره‌ى رۆڵى کوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا که‌ هه‌ندێک به‌رێکخه‌رى سێبه‌ر تۆمه‌تباریان ده‌کات،  ده‌ڵێت «تێڕوانینى جیاواز هه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌وزوعه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ کاک عومه‌رى سه‌ید عه‌لى وه‌ک رێکخه‌رى گشتى لێى به‌رپرسه‌، ئه‌گه‌ر کاک عومه‌ر رازى بێت رێکخه‌ری سێبه‌ر هه‌بێت؛ ده‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆى بکه‌یت». ‌هاوڵاتى: دۆخى گشتى گۆڕان دواى هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى خانه‌ى راپه‌ڕاندن چۆنه‌؟ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: دواى هه‌ڵبژاردنى خانه‌ى راپه‌ڕاندن ئێستا ئێمه‌ له‌خۆرێکخستنه‌وه‌داین، خۆمان ئاماده‌ده‌که‌ین بۆ کۆنفرانسى نیشتمانى و شه‌ش لیژنه‌ دانراون و شه‌ش که‌س سه‌رۆکایه‌تى ده‌کات،  که‌تایبه‌تن به‌(ژووره‌کان، ده‌ستور، به‌رنامه‌ى سیاسى، هه‌ڵسه‌نگاندن، میدیا) بۆ ئه‌وه‌ى خۆمان ئاماده‌بکه‌ین بۆ کۆنفرانسى نیشتمانى پرس و را به‌هه‌موو هه‌ڵسوڕاوان له‌مه‌کۆو بازنه‌و باژێروانه‌کان ده‌که‌ین له‌سێ مانگى داهاتوودا کۆنفرانسى نیشتمانى ببه‌ستین. له‌ئێستادا خۆمان خه‌ریکى خۆرێکخستنه‌وه‌ین له‌سه‌ر ئاستى شاره‌کان و باژێروانه‌کان و پڕکردنه‌وه‌ى شوێنه‌کان که‌ به‌تاڵه‌ زائیده‌ن پڕکردنه‌وه‌ى ژووره‌کان. بڕیارێکمان داوه‌ له‌ناو خانه‌ى راپه‌ڕاندن یه‌ک کارى پێکه‌وه‌یى بکه‌ین و به‌جۆرێک له‌هارمۆنى به‌ راوێژ پرسه‌کان یه‌کلایبکه‌ینه‌وه‌. ئێستا په‌یڕه‌وى ناوخۆى خانه‌ى راپه‌ڕاندن ئاماده‌یه‌و ئیشى له‌سه‌ر ده‌که‌ین، پلانه‌که‌مان به‌هه‌موو دامه‌زراوه‌کانى گۆران ئه‌وه‌یه‌ که‌هه‌موو ژوورێک په‌یڕه‌وى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى ناو دامه‌زراوه‌ى گۆڕان به‌هێز بکات. ‌هاوڵاتى: واتا خانه‌ى راپه‌ڕاندن په‌یڕه‌وى خۆى ده‌بێت و جڤاتى گشتى و نیشتمانى و هه‌موو ژووره‌کان؟ ئه‌مه‌ به‌ریه‌ککه‌وتن دروست ناکات؟ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: جڤاتى گشتى و نیشتمانى و هه‌موو ژووره‌کان په‌یڕه‌وى خۆیان ده‌بێت، بۆ نمونه‌ په‌یڕه‌وى خۆم ده‌بێت و ده‌بێت بزانم چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ژووره‌ جیاوازه‌کانى گۆڕاندا ده‌که‌م، سکرتێرى ژووره‌کانیش ئه‌م پێکه‌وه‌ییه‌ له‌ په‌یڕه‌وه‌که‌یاندا ده‌بێت و ئاماژه‌ى پێده‌دات، به‌بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ دکتۆر ده‌رباز که‌ ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندن و به‌رپرسه‌ له‌ژووره‌کان، ده‌توانم له‌گه‌ڵ ژووره‌کان گقتوگۆ بکه‌م. وه‌ک ئه‌ندامێکى خانه‌ى راپه‌ڕاندن تایبه‌ت به‌کاروبارى باژێروانه‌کان پلانى دوو ساڵیم ده‌بێت، حه‌قه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان لێپرسینه‌وه‌م له‌گه‌ڵ بکات بڵێت پلانێکت داناو هیچت جێبه‌جێ نه‌کردو حه‌ق نییه‌ بیرله‌وه‌ بکه‌یته‌وه‌ له‌م شوێنه‌دا بمێنیته‌وه‌، ئه‌مه‌ مه‌بده‌ئى دامه‌زراوه‌یه‌ که‌ په‌یڕه‌وو پلان و پاداشت و سزا هه‌بێت. ‌هاوڵاتى: پاداشت و سزا جێبه‌جێ ده‌که‌ن له‌ناو گۆڕاندا؟ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: جا ئه‌گه‌ر نه‌یکه‌ین گۆڕان دامه‌زراوه‌ نییه‌، له‌ماوه‌ى رابردوودا شتێکى زۆر که‌م پاداشت و سزا هه‌بووه‌و هه‌ندێکیشى به‌شێوازى دامه‌زراوه‌یى نه‌بوبێت ‌هاوڵاتى: جڤاتى نیشتمانى ماوه‌ى یاسایى به‌سه‌رچووبوو که‌ خانه‌ى راپه‌ڕاندن هه‌ڵبژاردنى بۆ کرا، ئه‌مه‌ کفرى یاسایى نه‌بووه‌ گۆڕان پێى هه‌ستاوه‌؟ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: کاک عومه‌ر سه‌ید عه‌لى له‌هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کان ئه‌وه‌ى روونکردۆته‌وه‌ که‌ راسته‌ ئێمه‌ هه‌موو دامه‌زراوه‌کانى گۆڕان شه‌رعییه‌تى نه‌مابوو، ده‌بوایه‌ هه‌ڵبژاردنى ناوخۆمان بکردایه‌و به‌رپرسى ژووره‌کانمان دابنایه‌و خه‌ڵکمان ببردایه‌ بۆ به‌رده‌م جڤاتى نیشتمانى، ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ زۆر به‌جێیه‌و ماقوله‌، به‌ڵام پێویستمان به‌وه‌بوو ده‌ستوور بگۆڕین کێشه‌و که‌موکووڕى تێدایه‌، ئه‌م خه‌له‌لانه‌ واده‌کات ئه‌م ده‌ستوره‌ى ئێستا پێویستى به‌هه‌موارکردنه‌وه‌و ده‌ستکارى کردن هه‌یه‌، تاده‌ستکارى نه‌که‌ین ناتوانین ژووره‌کان رێکبخه‌ینه‌وه‌و هه‌ڵبژاردنى جڤاتى نیشتمانى بکه‌ین، ئێمه‌ له‌ده‌مه‌ ده‌مى ئه‌وه‌داین کۆنفرانسى نیشتمانى بکه‌ین و ده‌ستوور هه‌موار بکه‌ین، ده‌بێت قیاده‌یه‌ک هه‌بێت سه‌رکردایه‌تى بکات ئه‌ویش خانه‌ى راپه‌ڕاندنه‌ بۆیه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ کرا. ‌هاوڵاتى: به‌شێک له‌یه‌کێتى گله‌یى له‌کابینه‌ى نۆیه‌م هه‌یه‌ له‌سه‌ر نه‌بوونى ده‌سه‌ڵات، ئێوه‌ش هه‌مان تێبینى و گله‌یتان هه‌یه‌ وه‌ک گۆڕان؟ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: خانه‌ى گۆڕان تازه‌یه‌و مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ وه‌زیره‌کان زۆر نییه‌، راسته‌ دێته‌وه‌ بۆ ناو خانه‌ى راپه‌ڕاندن، به‌ڵام ته‌قیم کردنى حکومه‌ت بۆ دوو مانگ زووه‌، نه‌مبیستووه‌ وه‌زیره‌کان بڵێن ده‌سه‌ڵاتمان نییه‌، وه‌زیر ده‌بێت خۆى ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت و ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌به‌رنامه‌ى چاک بسه‌پێنێت. به‌پێى ئه‌و رێکه‌وتنه‌ سیاسه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى کردومانه‌ سه‌قفى زه‌مه‌نیمان بۆ کاره‌کان داناوه‌، له‌ شه‌ش مانگ تا ساڵێک. بزانین خه‌ت و خاڵى ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ چاکسازى ده‌رده‌که‌وێت، له‌شه‌ش مانگى یه‌که‌مدا، ئه‌گه‌ر له‌ساڵێکیشدا ده‌رنه‌که‌وت ئه‌وکاته‌ ئێمه‌ هه‌ڵوێست و قسه‌مان ده‌بێت، ئه‌وکاته‌ ئه‌گه‌ر نه‌کرا پێیان ده‌ڵێین چاکسازیتان نه‌کردووه‌ و پێتان ناکرێت، قسه‌ى خۆمان نه‌بێت رێکه‌وتنه‌که‌ ده‌بێته‌ شتێکى بێمانا. بۆخۆم له‌گه‌ڵ چونه‌ ناو حکومه‌ت نه‌بووم، به‌ڵام رێزم له‌ بڕیاره‌که‌ى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان گرتووه‌، به‌ڵام ئه‌نجامه‌که‌ى خراپ بوو به‌رپرسیارێتى هه‌ڵناگرم نه‌ک من خه‌ڵدى دیکه‌ش هه‌ڵیناگرێت. له‌ماوه‌ی ساڵێکدا ئه‌گه‌ر حکومه‌ت له‌سه‌دا 20 یان 30 چاکسازى کردبوو بۆ ئه‌وه‌ى هیوایه‌کمان هه‌بێت بۆ سێ ساڵى دواى ئه‌وه‌ پشتیوانى حکومه‌ته‌که‌ ده‌که‌ین. ‌هاوڵاتى: دانانى راوێژکارو به‌رێوه‌به‌رى گشتى و چوار وه‌کیل وه‌زیرى گۆڕان که‌ ئیستحقاقى گۆڕانه‌ یه‌کلاییکراوه‌ته‌وه‌؟ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: بەنیسبه‌ت منه‌وه‌ دره‌نگه‌، چونکه‌ که‌متر له‌ مانگێکه‌ ده‌ستبه‌کاربووین، له‌شارو ژووره‌کان خه‌ڵک خۆى کاندید کردووه‌و چونه‌ته‌ ژورى حکومه‌ت و په‌رله‌مان و لیژنه‌یه‌ک دیارى کراوه‌ له‌پارتى و گۆڕان که‌ له‌سه‌دا 12ى پۆسته‌کان وه‌رده‌گرین و رێکخه‌رى گشتى گۆڕان ته‌خویل کراوه‌ بۆ ئه‌و کاره‌ له‌رێگه‌ى جڤاتى نیشتمانییه‌وه‌ و پشکى شاره‌کان دیارى کراوه‌و ته‌قیمى بۆ کراوه‌، من که‌ هاتووم ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ته‌واو بووه‌و له‌ده‌ستى من ده‌رچووه‌ و هه‌مووى رۆشتووه‌. خۆتان ده‌زانن ئه‌م وڵاته‌ چۆنه‌، خه‌ڵێکى زۆر داواى کردووه‌و خۆیان به‌ موسته‌حه‌ق ده‌زانن پۆسته‌کانیش زۆر دیارى کراون و به‌ر هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ ناکه‌وێت که‌ داوایان پێشکه‌شکردووه‌. ‌هاوڵاتى: ترس له‌خۆپشانده‌کانى به‌غدا نییه‌ بگوازرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى کوردستان که‌هه‌مان داواکارى هه‌یه‌؟ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: ئه‌وه‌ کارتێکى زۆر چاکه‌، ئه‌مه‌ پیشانى پارتى و یه‌کێتى ده‌درێت چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م داواکاریانه‌  جێبه‌جێ نه‌کرێت که‌ له‌سه‌ره‌تادا داواکان خزمه‌تگوزارى و هه‌لى کارو نانه‌، دواتر ده‌گۆڕێت به‌ داواکارى سیاسى، که‌ بوو به‌داواکارى سیاسى ئه‌مه‌ وه‌رچه‌رخانه‌که‌یه‌، له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌رى قورسدایت. پێویسته‌ پارتى و یه‌کێتى ئه‌مه‌ باش بخوێننه‌وه‌و گۆڕانیش به‌هه‌مان شێوه‌، ئه‌مه‌ جه‌ره‌سێکه‌ و له‌وانه‌یه‌ پرۆسه‌ى چاکسازى خێراتر بکات، حه‌قیشه‌ یه‌کێتى و پارتى و گۆڕانیش ده‌رسى لێوه‌ربگرن. ‌هاوڵاتى: کوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا (چیا، نما) رۆڵیان چییه‌ له‌ناو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕاندا؟ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: له‌وه‌تى بووم به‌ ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندن کوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا ته‌ده‌خولى کاره‌کانى خانه‌یان نه‌کردووه‌، ئه‌وه‌ى هه‌ستى پێده‌که‌م پشتیوانى بزوتنه‌وه‌که‌ ده‌که‌ن وه‌کو هه‌ڵسوڕاوێکى گۆڕان،  وه‌کو هه‌ر هه‌ڵسوڕاوێکى دیکه‌ مافى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ پێشنیار بکه‌ن و پڕۆژه‌یان هه‌بێت و حه‌قى ئه‌وه‌شیان هه‌یه‌ کاندیدیان هه‌بێت بۆ پۆسته‌کان، زۆر ته‌بیعییه‌ ئه‌وانه‌ هه‌ڵسوڕاون ببن به‌ به‌رپرسى ژوور ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى و ئه‌ندامى خانه‌ى راپه‌ڕاندن و رێکخه‌رى گشتى به‌پێى پله‌به‌ندى رێکخستن له‌ناو گۆڕاندا به‌م زنجیره‌یه‌ بڕۆن و بێنه‌ سه‌ره‌وه‌ ئاساییه‌. ‌هاوڵاتى: باس له‌وه‌ ده‌کرێت کوڕانى نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ک رێکخه‌رى سێبه‌ر وان به‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌که‌وه‌، ئه‌وه‌ى ئه‌وان به‌دڵنیان نه‌بێت ناکرێت؟  شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: تێڕوانینى جیاواز هه‌یه‌ بۆ ئه‌و مه‌وزوعه‌، له‌چوارچێوه‌ى بزوتتنه‌وه‌ى گۆڕان وه‌ک کارى رێکخراوه‌یى مافى خۆیانه‌و شتێکى سروشتییه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ کاک عومه‌رى سه‌ید عه‌لى وه‌ک رێکخه‌رى گشتى لێى به‌رپرسه‌، ئه‌گه‌ر کاک عومه‌ر لێى رازى بێت رێکخه‌ری سێبه‌ر هه‌بێت ده‌بێت ئه‌و پرسیاره‌ له‌خۆى بکه‌یت. ‌هاوڵاتى: واتا ئه‌گه‌ر رێکخه‌رى سێبه‌ر هه‌بێت لاوازى عومه‌ر سه‌ید عه‌لی-یه‌؟ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: کاک عومه‌ر ئه‌وه‌ قبوڵ ناکات ‌هاوڵاتى: چوار رێکه‌وتنتان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى هه‌بووه‌، چیتان کردووه‌ بۆ زیندوکردنه‌وه‌یان، ئایا موباده‌رى نوێتان هه‌یه‌ بۆیان؟ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: ده‌بێت پرسیار له‌یه‌کێتى بکه‌یت چوار ئیتفاقیه‌و رێکه‌وتنمان له‌گه‌ڵ یه‌کێتى هه‌یه‌ له‌چوار کاتى جیاوازو له‌سه‌ر چوار ئاست هیچى جێبه‌جێ نه‌بووه‌. کاک نه‌وشیروان وتى عیبره‌ت له‌جێبه‌جێکردنیدا هه‌یه‌، له‌ رێکه‌وتنى ده‌باشان و شارى جوان یه‌ک به‌ندى جێبه‌جێ نه‌کراوه‌، ئه‌و رێکه‌وتنه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ندێ بڕگه‌ى یاسایى تێبکه‌یت و هه‌ندێکى لێ لاببه‌یت وه‌ک پرۆژه‌یه‌کى گرنگ وایه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى وڵات، ئێ یه‌کێتى له‌ناو یه‌کدا ناکۆک بوون له‌سه‌ر رێکه‌وتنه‌کان، هه‌ندێکیان به‌ئاشکرا وتیان له‌گه‌ڵیدانین، به‌شێکى دیکه‌یان له‌ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا نه‌بوون و موئامه‌ره‌یان له‌سه‌ر رێکه‌وتنه‌که‌ کرد، ئێستاش کۆک نین که‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و ئه‌و رێکه‌وتنانه‌دا بکرێت. ئێمه‌ بڕیارى خانه‌ى راپه‌ڕاندنمان هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان باش ده‌که‌ینه‌وه‌، بۆچى ئێمه‌ له‌په‌رله‌مان دابنیشین و له‌حکومه‌ت پێکه‌وه‌ بین وڵات به‌ڕێوه‌ ببەین بۆ په‌یوه‌ندییه‌کان ئاسایى نه‌که‌ینه‌وه‌، بۆ یه‌کترى قبوڵ نه‌که‌ین و له‌یه‌کترى نه‌بوورین، ئه‌مه‌ چه‌مکێکى زۆر مرۆڤایه‌تییه‌. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌کێتى و پارته‌ ئیسلامییه‌کان خاڵى هاوبه‌شمان هه‌یه‌و مه‌هامى گه‌وره‌ى ئه‌مڕۆو سبه‌ینێمان هه‌یه‌، دنیابینى گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌کێتى زۆر جیاوازه‌، به‌ڵام ده‌بێت یه‌کترى قبوڵ بکه‌ین. چاره‌سه‌ره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ پێکه‌وه‌ دابنیشین و له‌یه‌کترى تێبگه‌ین و کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین، تائێستا موباده‌ره‌یه‌کى روون نییه‌، به‌ڵام موفاته‌حه‌و موبادره‌ ده‌بێت، فۆرمه‌که‌ى نازانم چۆنه‌. ‌هاوڵاتى: بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان کار له‌سه‌ر یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌که‌ن بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى که‌ هه‌ر پارێزگایه‌ک بازنه‌ى خۆى هه‌بێت؟ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: بۆچوونم وایه‌ به‌پێى گه‌وره‌یى شاره‌کان پشکى پارێزگاکان کورسییه‌کانى په‌رله‌مانى کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شبکرێت، به‌ته‌ئکید ده‌بێت هه‌وڵى بۆ بده‌ین، له‌په‌رله‌مان چۆن ده‌که‌وێته‌وه‌ نازانم. ئه‌م یاسایه‌ى ئێستا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان نادادپه‌روه‌رى تێدایه‌، ده‌نگه‌ زۆره‌کانى پارتى له‌ بادینان ته‌حه‌کوم به‌په‌رله‌مانه‌وه‌ بکات، ته‌حه‌کوم به‌ سلێمانى و هه‌ولێره‌وه‌ بکات، ده‌بێت هه‌موو حزبه‌کان گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتى بکه‌ن که‌ ئه‌م یاساى هه‌ڵبژاردنه‌ى ئێستا نادادییه‌و له‌خانه‌ى راپه‌ڕاندن ئه‌مه‌ قسه‌م ده‌بێت. ‌هاوڵاتى: محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم به‌تەواوى وازى له‌بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان هێناوه‌؟ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: ده‌ستى له‌خانه‌ى راپه‌راندن کێشاوه‌ته‌وه‌، ئه‌و خۆى هه‌ر له‌له‌نده‌ن ده‌ژى و بنه‌ى له‌سلێمانى هه‌بووه‌، ئێستا چۆته‌وه‌ بۆ ئیسراحه‌ت ؟ ‌هاوڵاتى: عوسمانى حاجى مه‌حمود و قادر حاجى عه‌لى ئاشت ده‌که‌نه‌وه‌ یان ئه‌وان وازیان هێناوه‌و نایه‌نه‌وه‌ ناو گۆڕان؟ شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: ئه‌وانه‌ هاوڕێى نزیکى ئێمه‌ن و سه‌رکرده‌ى منیش بوون، هه‌ردووکیان دوو پیاوى دڵسۆزى گۆڕان بوون و ده‌بێت گۆڕان سوپاسیان بکات که‌ئه‌و ماوه‌یه‌ ئیشیان بۆ بزووتنه‌وه‌که‌ کردووه‌، ئێستا قه‌ناعه‌تیان به‌ بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان نه‌ماوه‌و ده‌ڵێن گۆڕان نین و ده‌بێت رێز له‌و بڕیاره‌ى ئه‌وان بگرین.

هاوڵاتى بۆیەکەمجارە کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی ئەمەریکا لەسەردمی ترەمپدا یەکدەنگبوون ئەوەش دوای بڕیارەکەی تەەمپ بەکشانەوەی لە رۆژاڤای کوردستان. پاڵپشتی کۆماری و دیموکراتەکان بۆ رۆژاڤا بۆ ئەو شەڕە دەگەڕێتەوە کە لەسوریا ئەنجامیاندا بەرامبەر داعش و تێکیانشکاند. کۆمارییەکان و دیموکراتەکان زۆرجار لەتێڕوانین بۆ پرسە گرەنگەکان ناکۆکن و دژ بەیەکن، کەمجاریش هەیە بەناچاری کۆک دەبن لەسەر پرسێکی جددیی هەڵوێستبن. بەتایبەتی لەسەردەمی ترەمپدا ئەوە یەکمجارە یەکدەنگن. کاردانەوەی سیناتۆرەکانی هەردوولا ترەمپی ناچارکردوە لێدوانەکانی پاشگەزبوونەوەی پێوە دیاربێت. دوێنێ سێشه‌ممه‌ (8ی تشرینی یه‌که‌م) ترەمپ رایگه‌یاند که‌ئه‌مریکا «کورده‌کانی به‌جێنه‌هێشتووه‌«. لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاری کشانەوەکەی وا لێکدەدەرێتەوە کە به‌بڕیاره‌که‌ی که‌ پێده‌چێت گڵۆپی سه‌وزی بۆ تورکیا هەڵکردبێت بۆ هێرشکردنه‌سه‌ر شه‌ڕڤانانی کورد له‌ رۆژاڤا، بەڵام فشارو کاردانەوەکان وایانکردوە کە ترەمپ چەندین لێدوانی دژ بەیەک بدات لەوبارەیەوە. تره‌مپ له‌سه‌ر کاردانەوەکان وتی «ره‌نگه‌ ئێمه‌ له‌ پرۆسه‌ی به‌جێهێشتنی سوریادا بین، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ک کورده‌کانمان به‌جێنه‌هێشتووه‌، که‌خه‌ڵکێکی زۆر تایبه‌تن و جه‌نگاوه‌ری ئازان.» جه‌ختیشیکرده‌وه‌ که‌ واشنتۆن په‌یوه‌ندییه‌کی گرنگی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ تورکیای ئه‌ندامی ناتۆو هاوبه‌شێکی بازرگانی. دوای بڕیارەکەی ترەمپ، لەبارەی کشانەوەی هیزەکانیان لە باکوری سوریا، کاردانەوەیەکی زۆری ناوخۆیی بەدوادا هات، بەجۆرێک هەریەکە لەکۆماریەکان و دیموکراتیەکان یەکدەنگبوون، ئەوەش یەکەمجارە کە سیناتۆرە کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکا یەکدەنگ دەبن لەسەردەمی ترەمپدا. دواتر ترەمپ لەوەڵامی کاردانەوەکاندا وتی «هه‌ر شه‌ڕێکی ناپێویست که‌ به‌ناچاری نه‌بێت له‌لایه‌ن تورکیاوه‌« ئاکامی «وێرانکارانه‌ی» ده‌بێت بۆ ئابوریی وڵاته‌که‌. کاردانەوەکان بەجۆریک بوون لیندزی گراهام سیناتۆرێکی پەسەندکراوو گوێلێگیراوە لەلایەن ترەمپ، سەبارەت بەکشاندنەوەی سەربازەکانی ئەمەریکا لەسەر سنوری سوریا وتورکیا وەستایەوەو وتی لەگەڵ دیموکراتەکان بەتەماین پرۆژە بڕیارێک دەربکەین لەدوو بڕگە پێکبێت، گەرەنتی پاراستنی ئەو ستاتیۆیەی بارۆس لەهەر هێرشێکی تورکی، ئەگەر ئەوە بکات سزای قورسی بخرێتەسەرێ، دووەمیش هەڵپەساردنی تورکیا لەناتۆ. ئەم پڕۆژە پێشنیارە لەلایەن هەردوو حزبی گەورەی ئەمەریکا، کۆمارییەکان و دیموکراتەکان، پەسەندە. لەلایەکی دیکەوە کەگرنگە باسی بکەم ، سەرکردەی زۆرینەی ئەنجومەنی پیران میتش ماکونێل لێدوانێکی توندیداو وتی «هەر خۆکشاندنەوەیەکی خێرا لەسوریا، لەبەرژەوەندی روسیا، ئێران ورژێمی ئەسەد دەبێت». ئەم سیانتۆرە پشتیوانییەکی زۆری ترەمپ دەکات و بە ناڕاستەوخۆ هۆشداریدا بە ترەمپ و وتی «لەسەرەتای ئەمساڵ یاداشتێکمان نووسی کەتێیدا رەخنەی توندمان لەبڕیاری کشانەوەی خێرا لەسوریا گرت، گوتمان کاری لەو جۆرە گروپە تیرۆریستەکان وەک داعش زیندوو دەبنەوە». هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا دووشەممە (7ی تشرینی یەکەم) دەستیانکرد بەکشانەوە لەناوچە سنوورییەکانی تورکیا،‌ لەپێگە سەرەکیەکان بەدرێژایی سنووری باکوری سوریا دوای ئەوەهات کە کۆشکی سپی رایگەیاند دەکشێتەوە تا رێبدات بەئۆپەراسیۆنێکی تورکیا کەسەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان وتی ده‌شێت له‌هه‌ر ساتێکدا ئەنجامبدرێت. به‌ڵام پنتاگۆن هۆشداریی دا که‌ئه‌مریکا ئه‌و هێرشه‌ داگیرکارییه په‌سه‌ند ناکات که‌تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌نجامدانی ده‌کات له‌باکوری سوریا، چونکه‌ مه‌ترسی ناسه‌قامگیرکردنی ناوچه‌که‌ ده‌بێت. وته‌بێژی پنتاگۆن، جۆناسان هۆفمان وتی «له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانی ترمان له‌ ناتۆداو هاوبه‌شه‌کانمان له‌هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا کارده‌که‌ین بۆ دووپاتکردنه‌وه‌ له‌تورکیا لەئه‌گه‌ری هێرشێک ده‌شێت ئاکامی ناسه‌قامگیرکردنی هه‌بێت بۆ تورکیا و ناوچه‌که‌ و جێگای تریش.» هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، هاوبەشێکی سەرەکیی ئەمریکا لەشەڕی دژی رێکخراوی «دەوڵەتی ئیسلامی» (داعش)دا کەکۆنترۆڵی زۆربەی باکوری خۆرهەڵاتی سوریای کردووە، دووشەممە رایگەیاند «هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچە سنورییەکانی نزیک بەتورکیا کشانەوە». روانگەی سوری بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ پشتڕاستیکردەوە کەهێزەکانی ئەمریکا کشاونەتەوە لەپێگە سەرەکیەکانی رەئس عەین و تەل ئەبیەز. بەرپرسێکی کوردیش وتی هێزەکانی ئەمریکا دەستیانکردووە بەکشانەوە لەسنوورەکە، بۆ رێگەدان بەهێرشێکی تورکیا، کەهێشتا نازانرێت چەند گه‌وره‌ دەبێت. لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا تورکیا هێزی پشتیوانیی ناردۆتە سەر سنوورو ئەردغان دووشەممە لەوتەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی ئەو هێرشەی لەمێژە هەڕەشەی ده‌کات ده‌شێت رووبدات «له‌هه‌ر شه‌وێکدا بەبێ هۆشداریدان». کۆشکی سپی رایگەیاند»هێزەکانی ئەمریکا پشتوانی یان بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکە ناکەن و هێزەکانی ئەمریکا، کە ‹خەلافەت›ی داعشیان له‌ناوچه‌که‌ تێکشکاندووە، چیتر لەو ناوچە دیاریکراوه‌ نامێننەوە.» دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دووشەممە پاساوی بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لەسەر سنووری سوریا-تورکیا دا بەوەی کەدەبێت ناوچەکە «خۆی چارەسەرێک بدۆزێته‌وه‌« و ئەمریکا پێویستە «لەم شەڕە بێمانا بێکۆتاییە» دەربچێت. بەڵام هاوپەیمانێکی باڵای ترەمپ، سیناتۆر لیندسی گراهام، سەرۆکی لیژنەی دادوەری له‌ئەنجومەنی پیران، دووشەممە وتی داوا لەکۆنگرێس دەکات بڕیارەکەی سەرۆک پێچەوانە بکاتەوەو چاوەڕێی ئەوە دەکات ئەم هەنگاوە «پشتیوانیی بەهێزی هه‌ردوو پارته‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی ئه‌مریکا بەدەستبهێنێت». نەتەوەیەکگرتووەکان له‌پەیوەندیدایە لەگەڵ هەموو لایه‌نه‌کان ئەنقەرە دەڵێت دەیەوێت دەستبەجێ «ناوچەی ئارام» دابمەزرێنێت لەوبەری سنوورەوە، کە پلانی هەیە 3.6 ملیۆن ئاوارەی سوریا کەئێستا لەتورکیان ره‌وانه‌ی ئەو ناوچەیە بکات. بەڵام کوردەکان دەڵێن گوایە ئامانجی تورکیا لاوازکردنی بوونی کوردانە لەو ناوچەیە بەگۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە بەگەڕاندنەوەی ئاوارەکان کەزۆربەیان عەرەبی سوننەن. هەسەدە هۆشداریی دا لەو مەترسیانەی هێرشه‌که‌ی تورکیا بۆ ناوچەکە دەیانهێنێت و بەڵێنی بەرەنگاربوونەوەی هەر هێرشێکی تورکیای دا. هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان رایگەیاند «وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات، سوورین لەسەر بەرگریکردن لەخاکەکەمان، باجەکەی هەرچەندێک بێت.» لەبەیاننامەیەکی دووشەممەدا، هەسەدە رایگەیاند کەهێرشی تورکیا دەستکەوتە سەربازییەکانی دژی داعش پێچەوانە دەکاتەوە بەباجێکی مرۆیی گەورەوەو رێده‌دات بەسەرکردە زیندووەکانی گروپە توندڕەوەکان کۆتایی بەخۆشاردنەوە بهێنن. نەتەوە یەکگرتووەکان دووشەممە رایگەیاند که‌ «ئامادەکاری دەکات بۆ خراپترین دۆخ» لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا. بەڕێوبەری ناوچەیی کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان لەسوریا، پانۆس مومتزیس وتی «زۆر پرسیاری وەڵامنەدراوە» هەن دەربارەی ئاکامەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە. مومتزیس وتی نەتەوە یەکگرتووەکان «لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەموو لایه‌نه‌کان» لە ناوچەکە. یەکێتی ئەوروپاش هۆشداریی دا لەوەی ئه‌و هێرشه‌ی تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ی پێده‌کات زیاندەگەیەنێت بەمەدەنیەکان و دەبێتەهۆی «ئاوارەیی بەرفراوان»ی خەڵک

هاوڵاتى بڕیارەکەی ترەمپ سەبارەت بەکشانەوەی سەربازە ئەمریکیەکان لە باکوری سوریا کە رێگە بۆ هێرشی تورکیا خۆشدەکات رووبەڕووی رەخنەیەکی توند بوەتەوە لە ئەمەریکا و زۆر وڵاتی تری جیهان. کاردانەوەکان لەناوخۆی ئەمریکا بەجۆرێکن کە وایکرد ترەمپ چەند جار روونکردنەوە لسەر بڕیارەکەی بدات و پاڵپشتی خۆی بۆ شەڕڤانانی کورد دووپات بکاتەوە. لەماوەی ٤٨ کاژمێری رابردوودا بڕیارەکەی ترەمپ زۆترین کاردانەوەی لێکەوتۆتەوە، لەئاستە باڵاکانی ئامریکادا، ئەمەش بەشێکە لەو کاردانەوانە: سیناتۆر تێد کروز: چۆن دەبێت ئێمە دەست بەستراوبین تاکو تورکیا کوردەکان بکوژێت؟ سیناتۆری ئەمەریکی تێد کروز سەبارەت بەبڕیاری کشانەوەی ئەمریکا ئامۆژگاری ترەمپی کردو وتی «چۆن دەبێت ئێمە دەستبەستراوبین تاکو تورکیا کوردەکان بکوژێت؟». تێد کروز لەتویتێکدا نوسیویەتی «دوژمنەکانمان وەکو روسیاو ئیران و ئەوانی تر دەستبەرداری هاوپەیمانەکانیان نابن بۆچی دەبێت ئێمە دەستبەرداریان بین». دەشڵێت «کوردەکان چەند ساڵێکی خۆیان خستە مەترسییەوە لەبەر ئێمەو لەپاڵ ئێمەدا شەڕیان کرد». هەروەها دەڵێت «گەلانی بەڕێز هەرگیز دەستبەرداری هاوپەیمانەکانیان نابن» برێت مه‌کگۆرک:  ترەمپ خه‌ڵاتێکى پێشکه‌ش به‌ روسیاو ئێران و داعش کرد برێت مه‌کگۆرک له‌باره‌ى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى ئه‌مریکا له‌ رۆژئاواى کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت «ترەمپ دواى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌یه‌کى بیانی، خه‌ڵاتێکى پێشکه‌ش به‌ روسیا و ئێران و داعش کرد». له‌تویتێکدا له‌تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر برێت مه‌کگۆرگ نوێنه‌رى پێشووى ئه‌مریکا بۆ شه‌ڕى داعش ئاماژه‌ به‌وه‌ ‌ده‌کات، به‌ کورتی: ترەمپ دواى په‌یوه‌ندى ته‌له‌فۆنى له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌یه‌کى بیانی، خه‌ڵاتێکى پێشکه‌ش به‌ روسیا و ئێران و داعش کرد. ئه‌و وته‌یه‌ى بریت مه‌کگۆرک ئاماژه‌یه‌ بۆ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌ى دوێنێ شه‌وى هه‌ردوو سه‌رۆکى ئه‌مریکاو تورکیاو دواى په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌که‌ کۆشکى سپى له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاند «تورکیا به‌مزووانه‌ ده‌ست به‌ ئۆپه‌راسیۆنى ماوه‌درێژى خۆى ده‌کات له‌باکوورى سووریا، به‌ڵام ئه‌مریکا به‌شدارى و پاڵپشتى له‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ ناکات و له‌ناوچه‌که‌ ده‌کشێته‌وه‌«. برێت مه‌کگۆرک، نوێنه‌رى پێشووى تایبه‌تى ئه‌مریکا بۆ شه‌ڕى داعش پارساڵ به‌هۆى ناکۆکى له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى کۆشکى سپى له‌باره‌ى پرسى رۆژئاوا ده‌ستى له‌کارکێشایه‌وه‌. نانسی پێلۆسی: پێویستە ترەمپ لەبڕیارە مەترسیدارەکەی پاشگەزبێتەوە نانسی پێلۆسێ سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەباکوری سوریا چێگەی نیگەرانیە، داواشی کرد لەبڕیارەکەی پاشگەز بێتەوە. نانسی پێلۆسێ بڕیارەکەی ترەمپی سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەباکوری سوریا (رۆژاڤا) بە «مەترسیدار» ناوبرد و وتی پێویستە لەو بڕیارە پاشگەزبێتەوە. دوای ئەوەی ترەمپ رایگەیاند لەسوریا دەکشێنەوە، ئەمڕۆ زنجیرەیەک ناڕەزایەتی بەدوای بڕیارەکەی ترەمپدا هات لەئاستە باڵاکانی ئەمریکادا هیلاری کلینتۆن: ترەمپ خیانەتی بەرامبەر کوردە بەوەفاکان کردو دەستی لەگەڵ ستەمکاران تێکەڵ کرد هیلاری کلینتۆن رکابەری پێشووی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە تویتێکدا نوسیویەتی «با روون بین: سەرۆک لەپاڵ سەرکردە چەوسێنەرەکانی روسیاو تورکیا دژی هاوپەیمانە بەوەفاکانمان و بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی ئەمریکا». لیندزی گراهام: بڕیارەکەی خیانەتە لە کوردو ئەو سووێندەش کەخواردویەتی. لیندزی گراهام سیناتۆری ئەمریکی رایگەیاند پڕۆژەیاسایەک پێشکەش دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی ترەمپ سەبارەت بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەباکوری سوریاو بڕیارەکەشی بە «کارەسات» ناوبرد. ٢٠١٩ لیندزی گراهام، سیناتۆری پارتی کۆمارییەکان لەتویتێکدا دووشەممە ٧ی تشرینی یەکەم بڵاویکردەوە دەربارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو هێرشی تورکیا بۆسەر باکوری سوریا رایگەیاند «ئەگەر ئەو پلانە بەرەوپێشبچێت ئەوا پرۆژەیاسایەک پێشکەش دەکەم بۆ بەرپەرچدانەوەو هەڵوەشاندنەوەی، چاوەڕێی پشتگیرییەکی بەهێز دەکەم لەسیناتۆرانی هەردوو پارت». هەروەها لیندزی گراهام ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بڕیارەکەی ترەمپ «کارەساتە» و ئەنجامەکەی «زامنکردنی گەڕانەوەی داعشە، کورد ناچار دەکات لەگەڵ سوریاو ئێران یەکبگرن، پەیوەندی تورکیا لەگەڵ کۆنگرێس ناهێڵێت، دەبێتە خاڵێکی رەش بەنێوچاوی ئەمریکاوە لەبەرامبەر فەرامۆشکردنی کوردەکان». حکومەتی هەرێم: لەوانەیە ببێتەهۆی گەڕانەوەی داعش  حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی زۆری خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەناوچەی ئارامی باکووری رۆژهەڵاتی سوریاو ئەو راپۆرتانەی باس لەئەگەری هێرشی تاکلایەنەی تورکیا بۆ ئەو ناوچەیە دەکەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لەتورکیا دەکات هیچ هەنگاوێک نەهاوێژێت کاریگەری نەرێنی لەو پێشکەوتنە بکات کە لەشەڕی دژی داعش بە دیهاتووەو مەترسی لەکۆنترۆڵ دەرچوونی چەکدارە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان هەبێت «لەوانەیە دۆخێک دروستبکات ببێتە هۆی گەڕانەوەی داعش و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک، بۆیە زۆر پێویستە هەموو لایەنەکانی کێشەکە، بەهێزە کوردییەکانیشەوە، لە رێگەی گفتوگۆو دایەلۆگەوە دۆخەکە هێوربکەنەوە». حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت «بەردەوام لەنزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات، لە رێگەی چەندین کەناڵیشەوە کار لەسەر ئەو پرسە دەکات».  محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف: ئێران دژى ئۆپه‌راسیۆنى سه‌ربازیی تورکیایه‌ بۆ سه‌ر سوریا جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران راگه‌یاند، پێویسته‌ تورکیا رێز له‌یه‌کپارچه‌یى خاکى سوریا بگرێت و ده‌شڵێت تاران دژى ئۆپه‌راسیۆنى ئه‌نقه‌ره‌یه‌ بۆ سه‌ر سوریا. له‌په‌یوه‌ندییه‌کى ته‌له‌فۆنیدا محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران به‌ مه‌ولود چاوش ئۆغڵۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى تورکیاى راگه‌یاندووه‌ که‌ تاران دژى هه‌ر کرده‌یه‌کى سه‌ربازى ئه‌نقه‌ره‌یه‌ له‌باکوورى رۆژهه‌ڵاتى سوریا و پێویسته‌ تورکیا رێز له‌ سه‌روه‌ریى و یه‌کپارچه‌یى خاکى سوریا بگرێت. هه‌روه‌ها زه‌ریف به‌پێویستى ده‌زانێت تیشک بخرێته‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرو گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیریى و ئاسایش له‌سوریا. سه‌رۆک وه‌زیرانى فه‌ره‌نسا: به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌مریکاوه‌ ئێمه‌ هاوشانى کورده‌کان ده‌بین سه‌رۆک وه‌زیرانى فه‌ره‌نسا رایگه‌یاند داعش له‌سوریا کۆتایى نه‌هاتووه‌ بۆیه‌ به‌رده‌وامده‌بن له‌جه‌نگى دژى داعش هاوشانى کورده‌کان به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌مریکا که‌ ده‌ستبه‌رداریان بوون. ئیدوارد فیلیپ سه‌رۆک وه‌زیرانى فه‌ره‌نسا له‌په‌رله‌مان له‌وه‌ڵامى ره‌خنه‌کانى چه‌ند په‌رله‌مانتارێک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى بۆچى فه‌ره‌نسا به‌ئاشکرا به‌رگرى له‌کوردانى سوریا ناکات له‌سه‌روبه‌ندى ئه‌گه‌رى هێرشى تورکیا بۆ باکورى سوریا، وتى که‌ ئه‌وان به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌مریکاوه‌ له‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌یان نه‌کشاونه‌ته‌وه‌ و هاوشانى کردنى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) کارى له‌یه‌که‌مینیانه‌ دژى داعش. وتی «جه‌نگى دژى داعش ته‌واو نه‌بووه‌ و ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌هاوشانى هه‌سه‌ده‌ به‌سه‌رکردایه‌تى کورده‌کان». هه‌روه‌ها ئیدوارد فیلیپ وتیشى «وتنى شته‌کان به‌دڵسۆزانه‌ و په‌یوه‌ست بوونه‌وه‌ باشتره‌ له‌ دوودڵى ئاشکرا له‌لایه‌ن هه‌ندێک هاوپه‌یمانه‌وه‌، به‌ڕاشکاوانه‌تر هاوڕێ ئه‌مریکییه‌کانمان». هونەرمەند شێرلین سارکیسان: ترەمپ دەزانێت ئەردۆغان کوردەکان دەکوژێت شێرلین سارکیسان، هونەرمەندو ئەکتەری ئەمریکی دەربارەی بڕیارەکەی ترەمپ لەسەر کورد هاتە دەنگ و رەخنەی لە بڕیارەکە گرت. شێرلین سارکیسان لەپەڕەی تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، ترەمپ دەیەوێت بەرامبەر ئەردۆغان پاڵپشتی کوردەکان نەکات، چونکە دەزانێت کە ئەردۆغان کوردەکان دەکوژێت بۆیە ترەمپ وا دەزانێت دەتوانێت دەستی بەخوێنی کوردەکان بشوات . عەبدولفەتاح سیسی: دژی پرۆسه‌ی سه‌ربازین لەلایەن تورکیاوە عەبدولفەتاح سیسی سه‌رۆکی میسر رایگه‌یاند وڵاته‌که‌ی دابڕینی به‌شێک له‌خاکی سوریا و پرۆسه‌ی سه‌ربازی له‌باکوری ئه‌و وڵاته‌ له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ ره‌تده‌کاته‌وه‌. عه‌بدولفه‌تاح سیسی له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک له‌سه‌رۆکی قوبرس و سه‌رۆک وه‌زیرانی یۆنان، له‌قاهیره‌ی پایته‌خت وتی «زۆر پێویسته‌ لایه‌نه‌کانی سوریا گفتوگۆ ئه‌نجامبده‌ن». هه‌روه‌ها ئیدانه‌ی هه‌ر ئه‌گه‌رێکی کرد که‌ بسه‌پێنرێت به‌سه‌ر قه‌یرانی سوریادا».

شاناز حەسەن کۆژین جه‌بار خوێندکارى په‌یمانگاى ته‌کنیکى دوکان هه‌رگیز ئه‌و ساته‌ى بیرناچێته‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێکانى له‌ناو پاسى تایبه‌ت به‌گواستنه‌وه‌یاندا له‌سه‌ر رێگه‌ى دوکان سلێمانى وه‌رگه‌ڕان و به‌هۆیه‌وه‌ هاوڕێیه‌کیان گیانى له‌ده‌ستدا و زۆربه‌ى خوێندکاره‌کانى دیکه‌ش برینداربوون. کۆژینى ته‌مه‌ن 24 ساڵ، که‌ به‌هۆى رووداوه‌که‌وه‌ کۆڵه‌که‌ى لووتى شکاوه‌و ده‌ست و قاچیشى له‌جێ چووه‌، له‌به‌شى دواوه‌ى پاسه‌که‌وه‌ دانیشتبوو، کاتێک بینى شۆفێره‌که‌ کۆنتڕۆڵى له‌ده‌ستداو ئۆتۆمبیله‌که‌ ئه‌مبه‌رو ئه‌وبه‌رى ده‌کرد. «من زۆر به‌ئاگابووم و دوعام کرد هیچم لێنه‌یەت، چونکه‌ تازه‌ ده‌مزانى وه‌رده‌گه‌ڕێین». کۆژین که‌ئێستا نه‌خۆشخانه‌ى جێهێشتووه‌ باسى له‌وه‌کرد، شۆفێرى پاسه‌که‌ زۆر خێرا رۆیشتووه‌ و پێشبڕکێی کردووه‌ «هه‌ر زیڕه‌مان کردبوو، ئه‌وه‌نده‌ خێراو ته‌قه‌ڵى لێ ده‌دا که‌ده‌ڕۆیشت، شۆفێره‌که‌ زۆر منداڵه‌و وتوویانه‌ تازه‌ مۆڵه‌تى شۆفێرى وه‌رگرتووه‌«. له‌ڕووداوه‌که‌دا کچه‌ خوێندکارێک به‌ناوى چاوان هادى گیانى له‌ده‌ستداو 24ى دیکه‌ش برینداربوون، که‌ کۆژین یه‌کێکه‌ له‌برینداره‌کان. پاسه‌که‌ 25 خوێندکارى تێدابوو، برینداره‌کان له‌بنکه‌ى ته‌ندروستى پیره‌مه‌گرون چاره‌سه‌رى سه‌ره‌تاییان بۆکراوه‌و  ره‌وانه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى شارى سلێمانى کران. جه‌بار عه‌لى، باوکى کۆژین وتى «کچه‌که‌م گیانى به‌ئازاره‌، ته‌نیا دوعاى ئه‌وه‌مانه‌ که‌کچه‌که‌م ماوه‌و نه‌مردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بۆ منداڵێک که‌پاسێکى ده‌درێته‌ ده‌ست و روحى ئه‌و هه‌موو منداڵه‌ى ئه‌و خه‌ڵکه‌ى له‌ده‌ستدایه‌«. له‌کۆى ئه‌و خوێندکارانه‌ى برینداربوون، پێنج خوێندکار له‌نه‌خۆشخانه‌ ماونه‌ته‌وه‌، که‌یه‌کێکیان فه‌قه‌رافى درزى بردووه‌و سێ خوێندکاره‌که‌ى تر بارى ته‌ندروستیان جێگیره‌و ته‌نیا پێویست ده‌کات له‌ژێر چاودێریدا بن، کوڕه‌ خوێندکارێکى دیکه‌ش بارى ته‌ندروستى ناجێگیره‌و له‌حاڵه‌تى بێهۆشیدایه‌. کاوه‌ ره‌زا، راگرى په‌یمانگاى ته‌کنیکى دوکان، له‌لێدوانێکدا به‌ ‌هاوڵاتى وت «له‌گه‌ڵ خوێندکاره‌کانمدام و زۆر دڵگرانم به‌م ڕووداوه‌ دڵته‌زێنه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێگه‌ى دڵخۆشیه‌ زۆربه‌ى خوێندکاره‌کان بارى ته‌ندروستیان جێگیره‌«. ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد، یه‌کێک له‌خوێندکاره‌کان پێویستى به‌نه‌شته‌رگه‌ریى بووه‌و بۆیان کردووه‌و بارى ته‌ندروستى جێگیره‌و ئه‌وانه‌ى تر برینه‌کانیان که‌م بوون و چاره‌سه‌ریان بۆ کراوە. له‌باره‌ى پاسه‌که‌وه‌ وتى «له‌دوکاندا دوو نوسینگه‌ى پاس هه‌یه‌ که‌خوێندکاره‌کان خۆیان له‌ڕێگه‌ى ئه‌و نووسینگانه‌وه‌ پاسه‌کان ده‌گرن و ئێمه‌ ئاگادارى هیچ له‌و نووسینگانه‌ نین». پاسه‌که‌ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ى شه‌نه‌وه‌ دابینکراوه‌ بۆ خوێندکاره‌کان، به‌ڵام وه‌ک به‌رپرسانى نووسینگه‌کە باسى ده‌که‌ن ئه‌و شۆفێره‌، شۆفێرى ئه‌وان نه‌بووه‌. هه‌ڵۆ ئه‌حمه‌د، خاوه‌نى نووسینگه‌ى شه‌ن له‌دوکان، له‌لێدوانێکدا بۆ ‌هاوڵاتى وتى «نامه‌ى خوێندکارم لایه‌ که‌داوایان له‌شۆفێره‌ پاسه‌که‌ کردووه‌، خێرا بڕوات، وتویانه‌ خێرا بڕۆ یان داده‌به‌زین خۆمان به‌پێ ده‌ڕۆین». وتیشی «ئه‌مه‌ قه‌زاو قه‌ده‌ره‌، ئه‌گینا ماوه‌ى هه‌شت ساڵه‌ نووسینگه‌مان هه‌یه‌ تووشى حاڵه‌تى ئاوا نه‌بووین و خوێندکارێک گله‌یى لێمان نه‌بووه‌، ئه‌و شوێنه‌ى ئه‌و پاسه‌که‌ى لێوه‌رگه‌ڕاوه‌ جاده‌که‌ى زۆر وێرانه‌و چه‌ندین جار حاڵه‌تى وه‌رگه‌ڕانى سه‌یاره‌ى لێبووه‌«. له‌باره‌ى شۆفێرى پاسه‌که‌وه‌ وتى «ئه‌وه‌ شوفێرى ئێمه‌ نه‌بووه‌ شوفێره‌که‌ى خۆمان سه‌یاره‌که‌ى شکاوه‌و ئه‌مه‌ى به‌بێ پرسى ئێمه‌ له‌برى خۆى ناردووه‌، سێ خوێندکار چونه‌ته‌ نووسینگه‌که‌و وتویانه‌ پێمان خۆشه‌ به‌رده‌وام ئه‌م شۆفێره‌ هاتوچومان پێبکات له‌برى ئه‌وه‌ى خۆمان». دواى رووداوه‌که‌ به‌رپرسانى هاتوچۆى سلێمانى لێکۆڵینه‌وه‌یان ده‌ستپێکردووه‌و هۆکارى رووداوه‌که‌ بۆ تیژڕه‌ویی ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌. رائید کاروان حه‌مه‌سدیق، وته‌بێژى پۆلیسى هاتوچۆى پارێزگاى سلێمانى، له‌لێدوانێکدا به‌ ‌هاوڵاتى وت «ئه‌وه‌ى له‌ڕێگه‌ى پشکنینه‌وه‌ ده‌رکه‌وتووه‌ زۆر تیژڕه‌و بووه‌و کۆنتڕۆڵى له‌دەستداوه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌که‌ لایداوه‌و چۆته‌ سه‌ر گڵه‌که‌و وه‌رگه‌ڕاوه‌«.