کاکەلاو عەبدوڵا جارید کوشنەری زاوای ترەمپ بووەتە خاڵی لاوازی سەرۆکی ئەمریکاو وایکردووە کە رێ بە ئەردۆغان بدات داگیرکارییەکەی ئەنجامبدات بۆ نێو باکوری سوریا، بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری سپێکتەیتەری بەریتانی. شارەزایان پێیانوایە تورکیا  لەلایەن ئەمریکاوە  گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرسا تا لەشکرکێشییەکەی دەستپێبکات بۆ سەر باکوری سوریاو هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەو هێزەی هاوپەیمانی ئەمریکا بوو لەجەنگی دژی داعش،  بەقوڵایی ٣٠کم وەدەربنرێت بەدرێژایی سنورەکەی. کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا لە ٦ی تشرینی یەکەم رایگەیاند تورکیا بەمزووانە باکوری سوریا داگیر دەکات و « هێزەکانی ئەمریکا پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنەکە ناکەن و بەشداریش ناکەن، هەروەها هێزەکانی ئەمریکا، بەوپێیەی خەلافەتی ئیسلامی تێکشکاوە، چیتر لەناوچەکەدا نامێنن». ئەم بەیاننامەیە دوای ئەو پەیوەندییە تەلەفونییە هات کە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغاندا ئەنجامدرا. بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری «سپێکتەیتەر»، لەو پەیوەندییە تەلەفونییەدا ئەردۆغان فشاری لەدۆناڵد ترەمپ کردووە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەباکوری سوریا ئەویش بەبەکارهێنانی زانیارییەکەی هەواڵگری سەبارەت بەزاواکەی ترەمپ، جارید کوشنەر کە لەهەمان کاتیشدا راوێژکاریەتی. بەپێی زانیاری گۆڤارەکە سەرۆکی تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان جارید کوشنەرو محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەی وەک کارتی فشار بەکارهێناوە کەتێیدا کوشنەر رەزامەندی دەردەبڕێت بۆ دەستگیرکردنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی سعودی. «بەپێی قسەی سەرچاوەی یەکەم،  کوشنەر گڵۆپی سەوزی بۆ بن سەلمان هەڵکردووە تا جەمال خاشقچی رۆژنامەنووس دەستگیربکات کە دواتر کوژراو لاشەکەی پارچە پارچەکرا لەکونسوڵخانەی سعودیە لەئەستەمبوڵ».  لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا جەمال خاشقچی، کە زۆرینەی راپۆرتەکانی دژی سیستەمی فەرمانڕەوای سعودیە بوون، سەردانی کونسوڵخانەی سعودیەی کرد بۆ هەندێک کاروباری یاسایی لەگەڵ دەستگیرانە تورکەکەیدا. ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (سی ئای ئەی) و چەندین ئاژانسی هەواڵگری رۆژئاوایی بڕوایانوایە بن سەلمان فەرمانی کوشتنەکەی دەرکردبێت. لەنوێترین چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی ئەمریکی، بن سەلمان وتی کە بەرپرسیاریەتی کوشتنی خاشقچی هەڵدەگرێت چونکە «لەسەردەمی فەرمانڕەوایی مندا رووداوەکە روویداوە»، بەڵام رەتیکردەوە کەفەرمانی کوشتنی دەرکردبێت. لەڕاپۆرتی گۆڤارەکەشدا هاتووە کەکوشنەر هاوڕێیەکی نزیکی بن سەلمانە و چەندین نهێنی هەواڵگری بۆ ئاشکراکردووە. «کوشنەر وا ناسراوە کە پەیوەندییەکی نزیکی هەبێت لەگەڵ بن سەلمان. پێشتر سپێکتەیتەر لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە کوشنەر ‹زیاد لەڕادەبەدەر زانیاری بەخشەر بووە› لەئاستی بن سەلماندا. بەداخەوە دەوترێت ئەوەی کە وەک زانیاری داویەتی نهێنی ئەمریکا بووە: چەند زانیارییەک کەکوشنەر لە سی ئای ئەی داوایکردووە لە چەند پەیوەندییەکی تەلەفونی نێوان ئەندامانی شاهانەی سعودیەدا بیستراوەتەوە کە دەست سی ئای ئەو کەوتوون. سەرچاوەیەک وتی کە لەبەر ئەم هۆکارەبوو ماوەیەک کوشنەر رێی لێگیرا بۆ وەدەستخستنی زانیاری هەواڵگری.» هەر بەپێی زانیاری گۆڤارەکە هەواڵگری تورکیا پەیوەندییەکەی نێوان بن سەلمان و کوشنەری دەستکەوتووە کەدواتر ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی نێوان خۆی و ترەمپدا، کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (٦)ی تشرینی یەکەم، بەکاریهێناوە. «سەرچاوەی دووەم پێی راگەیاندین کەهەواڵگری تورکیا پەیوەندی نێوان کوشنەرو بن سەلمانی وەدەستخستووە. رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەم پەیوەندییەی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی وا لەترەمپ بکات سەربازانی ئەمریکی لەباکوری سوریا بکشێنێتەوە پێش ئەوەی دەستبکات بەداگیرکاری ناوچەکە.» هەرچەندە کۆشکی سپی ئەو راپۆرتەی گۆڤاری سپێکتەیتەری رەتکردەوەو بە «هەڵە و بێ بنەما» ناوزەندی کرد، بەڵام پێدەچێت ئەمە راپۆرتەکەی نیوزویک زیاتر بسەلمێنێت کەمانگی رابردوو دوای پەیوەندییە تەلەفونییەکەی سەرۆکی تورکیاو سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە ئەردۆغان ترەمپی «هەڵخەڵەتاند» و رازیکرد دەست بەداگیرکارییەکەی بکات بۆ نێو باکوری سوریا، بەڵام هیچ هۆکارێکی نەخستەڕوو بۆ رازیبوونی ترەمپ. ترەمپ هەڵخەڵەتێنراو تەنها کشانەوەی سەربازەکانی پەسەندکرد بۆ ئەوەی وا دەریبخات کەئێمە شتێک بەدەستدەهێنین، بەڵام هیچ بەدەستناهێنین نیوزویک بەپشتبەستن بەوتەی بەرپرسێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی نووسی، «بەدڵنیاییەوە سەرۆک ترەمپ هەڵخەڵەتێنراو تەنها کشانەوەی سەربازەکانی پەسەندکرد بۆ ئەوەی وا دەریبخات کەئێمە شتێک بەدەستدەهێنین، بەڵام هیچ بەدەستناهێنین». دوانیوەڕۆی ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، واتە نزیکەی مانگێک لەمەوبەر سوپای تورکیا دەستیکرد بەلەشکرکێشییەکەی بەناوی «ئۆپەراسیۆنی کانی ئاشتی» دژی کوردانی رۆژئاوا کە بەهۆیەوە رووبەڕووی رەخنەو سەرکۆنەی توند بووەوە لەلایەن چەندین وڵاتەوە. لەلایەکی ترەوە دۆناڵد ترەمپ هەم لەناوخۆو هەم لەدەرەوەی وڵاتەکەی سەرۆکۆنە کراو بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لەباکوری سوریا بە «ناپاکی» دژی کوردەکان ناوزەندکرا.

راپۆرتی: لۆس ئەنجلس تایمز    وەرگێڕانی: کاکەلاو عەبدوڵا کاروانی ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵات بەڕێکەوتن، ئەستێرەو هێڵەکانی ئاڵای ئەمریکا لەسەر ئۆتومبیلەکان دەشەکانەوە لەگەڵ ئەوەی بەرەو ئاراستە دیاریکراوەکەیان دەڕۆشتن - کێڵگە نەوتییەکانی رمێلان لەباکوری سوریا. لەوێ ئامێرەکانی دەرهێنانی نەوت ریزیان بەستووە لەهەردوو لاتەنیشتی  رێگاکە و هەڵبەزو دابەز دەکەن. دووکەڵ لەپاڵاوگە بچووکەکانەوە بەرەو ئاسمان هەڵدەکشێت و ئاگر لەکێڵگەکانی گازی سروشتییەوە دەردەچێت. هێڵە کارەباییەکان دیمەنەکە دەگرن و تەنکەرەکانیش بەهیواشی بەڕێگا خێرا خراپ و چاڵییەکەدا تێدەپەڕن. ئەو کێڵگانە پاشماوەی کۆنی پیشەسازی داڕوخاوی نەوتی سوریان کە بوونەتە دواهەمین پاساو بۆ سیاسەتی ترەمپ تا ئامادەیی ئەمریکا لەسوریا درێژەپێبدات لەباکوری رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا. «ئێمە دەمانەوێت سەربازەکانمان بگەڕێنینەوە نیشتمان، بەڵام چەند سەربازێکمان بەجێهێشتووە چونکە ئێمە نەوت دەپارێزین»، ترەمپ هەینی رابردوو وای وت. کێشەکە ئەوەیە، نەوتەکە ئەوەندە زۆر نییە تا بیپارێزیت پێشتریش سوریا هەر بەرهەمهێنێکی گەورەی نەوت نەبووە لەئاستی نێودەوڵەتیدا، تەنها (٣٨٥) هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوتی خاوی رۆژانەی هەبووە یاخود لەسەدا  (%٠.٥)ی بەرهەمی نەوتی جیهانی لەساڵی ٢٠١٠دا، ئەمەش بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیای نەوتی بەریتانی بۆ پیداچوونەوەی وزەی جیهان. کاتی دەرچوونی ئەو ئامارە ساڵیک پێش جەنگە ناوخۆییە رووخێنەرەکەی وڵاتەکە بوو، کەزۆربەی سەرچاوەکانی لەناوبرد لەناویشیاندا نەوت. هەرچەندە لەڕووی یەدەگەوە وڵاتەکە تارادەیەک ئاستی باشترە. بەپێی راپۆرتێکی جۆرناڵی نەوت و غاز، سوریا تا ١ی کانونی دووەمی ٢٠١٠ دوو ملیارو (٥٠٠) ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتی هەبووە. هەروەها سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ساڵی ٢٠١٠ پێشبینی ئەوەی کرد کەفرۆشتنی نەوت  سێ ملیارو (٢٠٠) ملیۆن دۆلاری بۆ حکومەتی سوریا تەرخانکردووەو لەسەدا (%٢٥)ی داهاتی وڵاتەکەی پێکدەهێنا. سەرچاوەی سەرەکی نەوتی وڵاتەکە دەکەوێتە پارێزگای دێرەزور لەڕۆژهەڵات. ئەمە ئەو شوێنەیە کەواشنتن سەربازو کاروانی ئۆتومبیلی نوێی بۆ دەنێرێت. هەروەها پاریزگای حەسەکە شوێنی چندین پێگەی بەرهەمهێنانی نەوتە کە لەنیوانیاندا رمێلان بەگەورەترینیان دادەنرێت. هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەڕێی چەند زنجیرە جەنگێکەوە کێڵگە نەوتییەکانی لەژێر دەستی داعش دەرهێنا. ئەو جەنگانە زۆربەی توانستی بەرهەمهێنانی نەوتیان وێرانکرد، بەدران چیا کورد بەرپرسێکی باڵای هەسەدە وادەڵێت. «ژیرخانەکە وێرانبووە، زیاتر لەسەدا (%٧٥)ی بیرە نەوتەکان ئامادەنین بۆ بەرهەمهێنانی رێکوپێک»، چیا کورد وای وت. ئەوەشی خستەڕوو کەدەسەڵاتدارانی ناوخۆیی شارەزاییان نییە تاهەڵمەتی چاککردنەوە ئەنجامبدەن. چیا کورد ئاشکراشی کرد کەئەوەی بەرهەمدەهێنرێت، هەرچەندە ژمارەیەکی دیاریکراوی نەدا بەدەستەوە، بەکاردەهێنرێت بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی یان فرۆشتنیان بەبازرگانان کەئەوانیش هەندێکیان دەفرۆشن بەحکومەتەکەی بەشار ئەسەد. داهاتی نەوت بووەتە کۆڵەکەی سەرەکی ئیدارەی سەربەخۆی کوردەکان لەباکوری رۆژهەڵاتی سوریا، کەبودجە تەرخاندەکات بۆ (١٤٠) هەزار شەڕکەری هەسەدەو بەخێوکردنی هەزارەها بەندی داعش لەچەندین بەندیخانەی ئیدارەکەدا. بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا دەڵێن دەیانەوێت ئەو نەوتە بپاریزن تادەرفەتێک دروستنەبێت بۆ خەلافەتی ئیسلامی تا کێڵگەکان بگرنەوەو بەکاری بهێنن بەمەبەستی تەرخانکردنی بودجە بۆ هەستناوەیان. «ئەمە بەشێکە لە ئەرکی رووبەرووبونەوەی داعش»، وتەبێژی هیزەکانی هاوپەیمانان مایڵس کاگنس وای وت. خەلافەتی ئیسلامی یان داعش لەئەوپەڕی دەسەڵاتیدا بەدرێژایی عێراق و سوریا بەرهەمی نەوتی کۆنترۆڵکردبوو تادوجار بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی هەسەدە بە سەرکردایەتی ئەمریکا تێکشکێنرا. پاساوێکی تر بۆ هەبوونی ئەمریکا لەناوچەکە ئەوەیە کەهێزەکانی سوریاو روسیا دووربخاتەوە لەدەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکان، هەفتەی رابردوو مارک ئیسپەر وەزیری بەرگری وای وت. رۆژێک دوای راگەیاندراوەکەی ترەمپ، ئۆتومبیلە زرێپۆشە دژە مینەکان بەرەو رمێلان بەڕێکەوتن و دەستیانکرد بەدەورییەی ئەو ناوچانەی باکورو رۆژهەڵات کەپیش چەند هەفتەیەک فەرمانیان پێکرابوو پشتگوێی بخەن و بەجێی بهێڵن. دواهەمین هەنگاوی ئیدارەی ترەمپ بەهەمان ئاست هاوپەیمان و نەیارەکانی سەرلێشێواو کردووە. هەرچەندە یەدەگی نەوت سنووردارە، بەڵام حکومەتەکەی ئەسەد وەک خێرو بەرەکەت تەماشای دەکات. حکومەتی سوری زیانی گەورەی پێگەیشتووە بەهۆی کەمی سووتەمەنی دوور مەداوە لەئەنجامی سزاکانی ئەمریکاو ئەوروپا لەسەر هاوردەی وزەی و پارەی نییە بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ بنیادنانەوەی وڵاتەکە. سەربازانی ئەمریکا نەک هەر لەنزیک کێڵگە نەوتییەکانەوە جێگیرکراون بەڵکو لە رێگا سەرەکییەکانیش بوونیان هەیە وەک رێگای سەرەکی ئێم (٤)، کەهێڵی سەرەکی گواستنەوەن بۆ نەوت و سووتەمەنی پاڵێوراو لەوکاتەی ترەمپ ئاراستەی گۆڕیوە، جۆرە جوڵاندنیکی سەربازی فرەیی روویداوە. سەربازانی ئەمریکا نەک هەر لەنزیک کێڵگە نەوتییەکانەوە جێگیرکراون بەڵکو لە رێگا سەرەکییەکانیش بوونیان هەیە وەک رێگای سەرەکی ئێم (٤)، کەهێڵی سەرەکی گواستنەوەن بۆ نەوت و سووتەمەنی پاڵێوراو. هەر هەوڵیک بۆ بەرهەمهێنانی نەوت مانای ئەوەیە کە دەبێت دەورییە زیاد بکرێت لەسەر ئەم رێگا سەرەکییانە، ئەمەش ئەرکێکی ئاڵۆزە لەناوچەیەکدا کەهێزی نەیاری تێدایە.  لەناوجەکە میلیشیاکانی سەر بەتورکیاش بوونیان هەیە. هەروەها ‌هێزەکانی رووسیاو سوریاش هەن کە لەوکاتەوەی رێککەوتنەکەی تورکیا -رووسیا کراوە دەورییەی هاوبەشیان زیادی کردووە. شارەزایان دەڵێن تەنانەت ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بشتوانن ناوچەکە بپارێزن، هێشتا روون نییە کەکۆمپانیاکان ئامادەبن یان بتوانن وەبەرهێنان بکەن بۆ کاراکردنەوەی کێڵگەکان. زۆربەیان بەشێوەیەکی یاسایی خاوەنداریەتیان لەژیر دەستی حکومەتی سوریادایە یان بەهاوبەشییە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا، لەوانە کۆمپانیای تۆتاڵ و شێڵ. هەر کۆمپانیایەک لەوێدا کاربکات میرگێکی یاسایی مافی خاوەندارییەتی دەکاتەوە تەنانەت ئەگەر هەوڵیش بدات خۆی لەسزاکان بدزێتەوە. هەروەها دەیڤد بەتەر، شیکەرەوە لەپەیمانگەی وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پییوایە هەر یەدەگێک کاری بۆ بکرێت تادەربهێنرێت کەمیکردووە بەهۆی جەنگەوە. بەدران چیا کورد دەڵێت کە تەنها گفتوگۆی سەرەتیی بوونی هەبووە لەگەڵ کۆمپانیاکاندا. بازرگانیکی ئیسرائیلی بەناوی مۆتی خانە بانگەشەی ئەوە دەکات کە کۆمپانیاکەی، گروپی کۆمپانیاکانی گڵۆباڵ دیڤەلۆپمێنت، بووەتە نوێنەری ئیدارە سەربەخۆی بۆ فرۆشتنی نەوت. بازرگانەکە نامەیەکی کوردەکانی لە ڕۆژنەمەی تایمزی بەریتانیدا بلاوکردوەتەوە کە دەڵێت کۆمپانیاکەی «مافی گەران بەدوای نەوت و گەشەپیدانی بەرهەمهێنانی هەیە لەو ناوچانەی لەژێر دەستی ئێمەدان». ئەو بەرپرسە کوردیانەی ئاگاداری بابەتی نەوتن رەتیانکردەوە قسە لەسەر رێککەوتنی دەرهێنان و فرۆشتن و بەبازاڕکردنی نەوتی ناوچەکە بکەن، بەڵام ئەوەیان راگەیاند کەهیچیان نەگۆڕاون لەکاتی راگەیەندراوەکەی ترەمپەوە. لەهەمانکاتدا، لێکدوانەکانی ترەمپ چەکی داوەتە دەستی ئەوانەی کەهەمیشە سیاسەتی ئەمریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بەبردنی نەوت وەسفکردووە. شەممەی رابردوو، ئەسەد بەگاڵتەجاڕییەوە ستایشی ترەمپ کردو پێی وت کە «باشترین سەرۆکی ئەمریکایە، ترەمپ بەشەفافییەوە قسە دەکات، کاتێک دەڵێت ‹ئێمە نەوتەکەمان دەوێت›. ئەمە راستی سیاسەتی ئەمریکا بووە هەر لەجەنگی جیهانی دووەمەوە، ئێمە چیترمان دەوێت لەوە زیاتر لەنەیارێکی شەفاف؟»

حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌نگاوه‌کانى بۆ ئاماده‌کردن و ناردنى پڕۆژه‌ى چاکسازیی له‌موچه‌و خانه‌نشینى بۆ په‌رله‌مانى کوردستان خێراکردووه‌، به‌ڵام هێشتا واده‌ى ناردنى بۆ په‌رله‌مان نادیاره‌. ئاماده‌کردنى پڕۆژه‌که‌ و ناردنى بۆ په‌رله‌مان، خاڵى یه‌که‌مى کارنامه‌ى کابینه‌ى نوێی حکومه‌تى هه‌رێمه‌ به‌سه‌رۆکایه‌تى مه‌سرور بارزانى که‌ چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ر پێکهێنرا، به‌ڵام هێشتا پڕۆژه‌که‌ ئاماده‌نه‌کراوه‌. بۆ ئاماده‌کردنى پڕۆژه‌که‌، پڕۆژه‌یه‌کى پێشووى چاکسازیی له‌موچه‌و خانه‌نشینى کراوه‌ته‌ بنه‌ما، که‌ له‌خولى پێشووى په‌رله‌ماندا په‌سه‌ندکراو دواتر په‌رله‌مان ره‌وانه‌ى حکومه‌تى کرده‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى گۆڕانکارییکردن تێیدا. لیژنه‌یه‌کى هاوبه‌شى په‌رله‌مان و حکومه‌ت و لیژنه‌یه‌کى بچوککراوه‌ى حکومه‌ت راسپێردراون بۆ ئاماده‌کردنى پڕۆژه‌که‌، به‌ڵام تا ئێستا کاره‌کانیان کۆتایی نه‌هاتووه‌. رۆمیۆ هه‌کارى ئه‌ندامى لیژنه‌ى هاوبه‌شى په‌رله‌مان و حکومه‌ت به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند، حکومه‌ت کۆبوونه‌وه‌یه‌کى بچوککراوه‌ى له‌وباره‌یه‌وه‌ کردووه‌، بڕیاربوو مانگێک له‌مه‌وبه‌ر لیژنه‌ هاوبه‌شه‌که‌ش له‌و باره‌یه‌وه‌ کۆبێته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا کۆبوونه‌وه‌که‌ نه‌کراوه‌. وتیشى «پێشبینى ده‌که‌م له‌چه‌ند مانگى داهاتوودا پڕۆژه‌که‌ ئاماده‌بکرێت و بنێردرێته‌ په‌رله‌مان، په‌رله‌مانیش پێویستى به‌کاته‌ بۆ ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ بۆ یاساکه‌ بکات، به‌ڵام کاتێکى دیاریکراو دیار نییه‌«. رۆمیۆ هه‌کارى جه‌ختیکرده‌وه‌، لایه‌نه‌کان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پڕۆژه‌که‌ بنێردرێته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام هێشتا کاتى ناردنى نادیاره‌. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تاچه‌ند ناکۆکییه‌کانى پارتى و یه‌کێتى کایگه‌رییان له‌سه‌ر په‌کخستنى پڕۆژه‌که‌ هه‌یه‌، رۆمیۆ هه‌کارى باسی له‌وه‌کرد، ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه‌کان له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌ ره‌زامه‌ندبن، به‌بێ ئه‌وه‌ى باسى کاریگه‌ریی ئه‌و ناکۆکییانه‌ بکات له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌. تائێستا حکومه‌تى هه‌رێم هیچ واده‌یه‌کى بۆ ناردنى پڕۆژه‌که‌ بۆ په‌رله‌مان دانه‌ناوه‌و دیار نییه‌ ئاماده‌کردن و ناردنى پڕۆژه‌که‌ ده‌که‌وێته‌ ساڵى داهاتوو یاخود نا. رۆژى سێی ئه‌م مانگه‌، مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌ت سه‌رپه‌رشتى ئه‌و لیژنه‌ بچوکراوه‌یه‌ى حکومه‌تى کرد که‌ به‌سه‌رۆکایه‌تى وه‌زیرى داد بۆ ئاماده‌کردنى پڕۆژه‌که‌ پێکهێنراوه‌و جه‌خت له‌وه‌ کرایه‌وه‌ کەپێویستە پەلە بکرێت لەئامادەکردنی پڕۆژەیاسای چاکسازی وەک یەکێک لەکارە لەپێشینەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسەندکردنی. به‌پێی راگه‌یه‌نراوێکى حکومه‌تى هه‌رێم، مه‌سرور بارزانى له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا جه‌ختیکردووه‌ته‌وه‌، چاکسازی پرۆسەیەکی زۆر گرنگەو پێویستە بەزووترین کات پڕۆژەیاساکە ئامادە بکرێت و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.  وتیشی «چاکسازی دەبێت دادپەروەریی تێدا بێت و نابێت هیچ کەسێکی شایستە مافی بفەوتێت، بەڵام لەهەمانکاتدا رێگەش بەکاری نایاسایی و ناڕەوا نادرێت». پێده‌چێت حکومه‌ت بیه‌وێت پڕۆژه‌که‌ى ئه‌مجاره‌ى هه‌مان چاره‌نووسى پڕۆژه‌که‌ى دیکه‌ى نه‌بێت که‌کۆتایی ساڵى رابردوو په‌رله‌مان په‌سه‌ندی نەکردو دواتر له‌ژێر فشارى شه‌قامدا گه‌ڕێنرایه‌وه‌. رۆژی 30-12-2017 ئەنجومەنی وەزیران پرۆژەیاسایەکی بەناوی (چاکسازی لەخانەنشینی و مووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لەهەرێمی کوردستان-عێراق) پەسەندکردو رەوانەی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ پەسەندکردنی، دواى ساڵێک و له‌ته‌مموزى 2018 یاساکه‌ په‌سه‌ندکراو دواتر له‌ژێر فشارى شه‌قامدا سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان واژۆى له‌سه‌ر نه‌کرد گێڕایانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانى کوردستان و دواتریش په‌رله‌مان ره‌وانه‌ى حکومه‌تى کرده‌وه‌. له‌پرۆژه‌که‌ى ئێستایدا حکومه‌ت ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌ر بۆ قه‌رزى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بدۆزێته‌وه‌، به‌جۆرێک ژماره‌ حسابى بۆ موچه‌خۆران بکرێته‌وه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ که‌ له‌ (20) مادده‌ پێکهاتبوو، تایبه‌ت بوو به‌پرسه‌کانى خانه‌نشینى، رێکخستنه‌وه‌ى ماف و ئیمتیازاتى که‌سوکارى شه‌هیدو ئه‌نفالکراوان، قه‌ده‌غه‌کردنى زیاتر له‌یه‌کجار سودمه‌ندبوون له‌بودجه‌ى گشتى، رێکخستنه‌وه‌ى بوارى سه‌ربازى و ئاسایشى ناوخۆ، ده‌رماڵه‌کان، هه‌ژمارکردنى خزمه‌ت. به‌پێی پڕۆژه‌که‌، خانه‌نشینى نابێت له‌ (٤٠٠) هه‌زار دینار که‌متربێت، هه‌روه‌ها یاساى خانه‌نشینى یه‌کگرتووى عێراقى جێبه‌جێبکرێت، که‌ (٥٠) ساڵ تەمەن و (١٥) ساڵ خزمەتی کردووە بەمەرج بۆ خانەنشین بوون. زیاد جه‌بار سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانى کوردستان به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند «به‌داخه‌وه‌ دواى زیاتر له‌ (100) رۆژ تائێستا پڕۆژه‌ى چاکسازى ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان نه‌کراوه‌، لیژنه‌یه‌کى بچوککراوه‌ له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران سه‌رقاڵى گه‌ڵاڵه‌کردنى پڕۆژه‌که‌ن». به‌وته‌ى زیاد جه‌بار، له‌پڕۆژه‌ نوێیه‌که‌دا که‌پڕۆژه‌که‌ى پێشوو کراوه‌ته‌ بنه‌ماى داڕشتنى، باس له‌پێداچوونه‌وه‌ به‌خه‌رجى و داهاته‌کاندا ده‌کرێت، به‌تایبه‌تى داهاتى نه‌وت و گومرگه‌کان. به‌پێی پڕۆژه‌که‌ى پێشوو، موچه‌ى خانه‌نشینى پله‌کانى وه‌زیرو بریکارى وه‌زیرو راوێژکارو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى هه‌ڵده‌وه‌شێنرێنه‌وه‌، بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى ئه‌و پۆستانه‌یان نه‌بووه‌، به‌وه‌ش پاره‌یه‌کى زۆر بۆ خه‌زێنه‌ى حکومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. چه‌ند خاڵێکى پڕۆژه‌که‌ ناڕه‌زایی گه‌وره‌یان لێکه‌وته‌وه‌، که‌ تایبه‌ت بوون به‌ماف و ئیمتیازاتى پله‌ تایبه‌ته‌کان، ئه‌وه‌ش چه‌ندین خۆپیشاندانى لێکه‌وته‌وه‌و له‌ژێر ئه‌و فشاره‌شدا په‌رله‌مان پرۆژه‌که‌ى گه‌ڕانده‌وه‌. زیاد جه‌بار وتى «پڕۆژه‌که‌ى ئێستا جیاواز ده‌بێت له‌وه‌ى پێشوو، چونکه‌ ئه‌وه‌ى پێشوو له‌کاتى قه‌یرانى دارایی و شه‌ڕى دژى داعش ئاماده‌کرابوو، ئه‌مه‌ى ئێستا له‌کاتێکدا ئاماده‌ ده‌کرێت که‌ ئه‌و دوو حاڵه‌ته‌ نه‌ماوه‌«. له‌پڕۆژه‌که‌ى ئێستایدا حکومه‌ت ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌ر بۆ قه‌رزى پاشه‌که‌وتى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بدۆزێته‌وه‌، به‌جۆرێک ژماره‌ حسابى بۆ موچه‌خۆران بکرێته‌وه‌و قه‌رزه‌که‌ى تێدا دابنرێت، موچه‌خۆر بتوانێت قه‌رزه‌کانى له‌و هه‌ژماره‌ بانکییه‌ وەربگرێتەوە. سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مانى کوردستان ئومێدى خواست حکومه‌ت به‌زوویی پڕۆژه‌که‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان و پێشبینى هیچ واده‌یه‌کى نه‌کرد له‌و باره‌یه‌وه،‌ وتى «گرنگه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ به‌زوویی بنێردرێت بۆ ئه‌وه‌ى په‌رله‌مان په‌سه‌ندى بکات». له‌باره‌ى که‌مکردنه‌وه‌ى ئیمتیازاتى پله‌ باڵاکان له‌پڕۆژه‌که‌دا، زیاد جه‌بار باسى له‌وه‌کرد، ئه‌و پرسه‌ به‌شێک ده‌بێت له‌پڕۆژه‌که‌و رێکده‌خرێته‌وه‌.

سازدانى: ئارا ئیبراهیم راوێژکارێکى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق جه‌ختله‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ لایه‌نه‌ شیعه‌کان ده‌یانه‌وێت پێگه‌ى کورد له‌به‌غدا لاوازتر بکه‌ن و سیستمى سه‌رۆکایه‌تى بچه‌سپێنن. ئه‌مین به‌کر، راوێژکارى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مانى عێراق له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات پێگه‌ى کورد له‌به‌غدا زۆر لاواز بووه‌و تادێت لایه‌نه‌ شیعه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان فراوان ده‌بێت. هه‌روه‌ها ده‌شڵێت « له‌ماوه‌ى پێنج ساڵدا نزیکه‌ى (دوو) ملیۆن موچه‌خۆر له‌عێراقدا زیادى کردووه‌، به‌ڵام کورد له‌ 2014 تائێستا (682) هه‌زار فه‌رمانبه‌رى هه‌یه‌و یه‌ک فه‌رمانبه‌رى بۆ زیاد نه‌کراوه‌«. ئه‌مین به‌کر، ئه‌وه‌ش روونده‌کاته‌وه‌ له‌ 2005 تا 2014 له‌ماوه‌ى (نۆ) ساڵى حکومڕانیدا (128) ملیار دۆلار به‌ده‌ر له‌یاساى بودجه‌ له‌عێراقدا به‌هه‌ده‌ر دراوه‌و که‌س نه‌یتوانیوه‌ چاودێرى بکات. هاوڵاتى: سه‌رۆک کۆمار له‌هه‌رێمى کوردستانه‌ دوێنێ به‌شدارى کۆبوونه‌وه‌یه‌کى فراوانى کرد له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد، تاچه‌ند ئه‌مه‌ گرنگه‌ کورد خۆى ئاماده‌ بکات؟ ئه‌مین به‌کر: گفتوگۆ له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان عێراقى و کوردستانى زۆر زۆر گرنگه‌، چونکه‌ قۆناغێکى زۆر هه‌ستیار له‌عێراقدا به‌ڕێوه‌یه‌و ده‌بێت سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد خۆى بۆ ئاماده‌ بکات، شتێکى زۆر باشه‌و ته‌ندروسته‌، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بریتى نه‌بێت له‌ئاماده‌کردنى به‌رنامه‌یه‌کى پێشوه‌خت، به‌ڵکو گوێ له‌بیروڕاى  لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بگیرێت و ره‌هه‌نده‌کانى  به‌ته‌واوى دیراسه‌ بکرێت. هاوڵاتى: هه‌موارى ده‌ستور مه‌ترسییه‌کانى چییه‌ له‌سه‌ر کورد؟ ئه‌مین به‌کر: هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستور له‌ڕووى یاسایى و سیاسییه‌وه‌ بنه‌مایه‌کى دوورى هه‌یه‌، سوننه‌کان داوایان ده‌کردو په‌رله‌مان دواى ده‌خست، دواتر شیعه‌کان داوایانکرد ئامانجه‌کانیان ئه‌وه‌بوو که‌ده‌سه‌ڵاتى عێراق راسته‌ لاى سه‌رۆک وه‌زیرانه‌، به‌ڵام سه‌رۆک کۆمار له‌پێش ئه‌وه‌وه‌یه‌، هه‌روه‌ها کێشه‌ى ترى عه‌مه‌لییان هه‌یه‌ له‌شێوازى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق که‌پێکهێنانى حکومه‌ت به‌و شێوه‌یه‌ گران ده‌وه‌ستێته‌وه‌و ته‌نازولات دروستده‌کات ئینجا حکومه‌ت پێکده‌هێندرێت. واتا شیعه‌کان ده‌یانه‌وێت سیستمى په‌رله‌مانى بگۆڕن به‌سیستمى سه‌رۆکایه‌تى له‌عێراقدا که‌قیاده‌ى عێراق سه‌رۆک کۆماره‌ شیعه‌کان وه‌ریبگرن وه‌ک ئه‌مریکاو ئێران و تورکیا په‌یڕه‌و ده‌کرێت مافى پێکهێنانى حکومه‌تى هه‌بێت سه‌رۆک وه‌زیران نه‌مێنێت، واتا ده‌سه‌ڵاتى زیاتریان هه‌بێت له‌مه‌ى ئێستا. بۆ کورد سیستمى سه‌رۆکایه‌تى مه‌ترسییه‌و سیستمى په‌رله‌مانى زه‌مانه‌تى بۆ کورد تێدایه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى کۆمه‌ڵێک نیزامى په‌رله‌مانى گونجاوتره‌ بۆ کورد که‌زه‌مانى ته‌وافوقات ده‌کات به‌تایبه‌ت له‌کاتى پێکهێنانى حکومه‌تدا، بۆیه‌ نیزامى کۆمارى هه‌میشه‌ زۆرینه‌یه‌کى شیعه‌ ده‌توانێت ساحه‌که‌ بۆ خۆى ببات و رۆڵى ئه‌وتۆ بۆ کوردو سوننه‌ به‌تایبه‌ت کورد نامێنێت، کورد ئه‌وکاته‌ رۆڵێکى په‌راوێزخراوو لاوازى ده‌بێت. هاوڵاتى: واتا لایه‌نه‌ شیعه‌کان ده‌یانه‌وێت له‌هه‌موارى ده‌ستوردا سیستمى سه‌رۆکایه‌تى بچه‌سپێنن؟ ئه‌مین به‌کر: به‌ڵێ نیه‌تى لایه‌نه‌ شیعییه‌کان به‌و شێوه‌یه‌یه‌و ئێستا کیانى هه‌رێمى کوردستان که‌وتووه‌ته‌ به‌ر هێرشى سیاسییه‌کانى عێراق. هاوڵاتى: ئایا سوننه‌کان هاوشێوه‌ى کورد به‌مه‌ترسى ده‌بینن؟ ئه‌مین به‌کر: سوننه‌کان به‌مه‌ رازى نین، به‌ڵام زۆر ره‌خنه‌یان له‌سه‌رى نییه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى سوننه‌کان ده‌سه‌ڵات له‌ رابردوودا لاى ئه‌وان بووه‌و مه‌رکه‌زى بووه‌و پێیانوابووه‌ خه‌ون به‌ده‌سه‌ڵاتى مه‌رکه‌زییه‌وه‌ ده‌بینن، وه‌ک چۆن له‌هه‌موارى ده‌ستوردا نه‌هاتنه‌ پێشه‌وه‌و دواتر به‌زه‌ره‌ر شکایه‌وه‌ به‌سه‌ریاندا، به‌ڵام به‌شێک له‌سوننه‌کان پێیانوایه‌ ده‌سه‌ڵاتى به‌هێز  له‌عێراقدا له‌زه‌ره‌رى ئه‌واندایه‌. هاوڵاتى: له‌دوو رۆژى رابردوودا خۆپیشانده‌رانى مه‌یدانى ته‌حریر له‌به‌غدا له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا داواى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى حکومه‌ت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى په‌رله‌مان و کۆمسیۆن و هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌یان کردووه‌ که‌ له‌ (72) کاتژمێردا جێبه‌جێ بکرێت، ئه‌گه‌ر نه‌کرێت دۆخه‌که‌ خراپتر ده‌بێت له‌مه‌ى ئێستا؟ ئه‌مین به‌کر: ئه‌م بابه‌ته‌ درێژه‌ ده‌کێشێت و دۆخى عێراق خراپتر ده‌بێت له‌مه‌ى ئێستا که‌ رووده‌دات، هیچ که‌سێک نه‌یتوانیوه‌ ره‌زامه‌ندى خۆپیشانده‌ران به‌ده‌ستبهێنێت، زۆرینه‌یان ئه‌و خه‌ڵکه‌ ره‌ش و رووته‌ن که‌زوڵمى (16) ساڵى رابردوو بووه‌و په‌نگیان خواردۆته‌وه‌و ئێستا ده‌ریده‌بڕن، ئه‌وه‌ى هانى خۆپیشانده‌رانى عێراق ده‌دات ته‌نها موقته‌دا سه‌دره‌، ئه‌گه‌ر زه‌مانى ئه‌و بکه‌ن و پێموانییه‌ گوێ به‌داواکارى خۆپیشانده‌ران بده‌ن له‌م قۆناغه‌دا موقته‌دا سه‌در له‌ رووى عه‌مه‌لییه‌وه‌ مه‌ترسی هه‌یه‌و ده‌توانێت گۆڕانکارى له‌ساحه‌که‌دا دروستبکات و شه‌قام بجوڵێنێت و ئه‌وانه‌شى پاڵپشتى ده‌که‌ن و به‌شدارى خۆپیشاندانه‌کان ده‌که‌ن زۆرینه‌یان هه‌ڵوێسته‌کانى سه‌در دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌ لایه‌نگرى حه‌ماسى و توندڕه‌ویان تێدایه‌، له‌حه‌قیقه‌تدا خۆپیشانده‌ران به‌پشتئه‌ستورى به‌هێزه‌که‌ى موقته‌دا خۆپیشاندان ده‌که‌ن. هاوڵاتى: واتا بێجگه‌ له‌موقته‌دا سه‌در، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانى دیکه‌ له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى حکومه‌ته‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدین؟ ئه‌مین به‌کر: عادل عه‌دبولمه‌هدى ئێستا وه‌کو ره‌مزییه‌تى قه‌زییه‌که‌ى لێهاتووه‌، چونکه‌ ئه‌گه‌ر عه‌بدولمه‌هدى ده‌ستله‌کاربکێشێته‌وه‌، ئه‌وه‌ شیعه‌کان که‌سێکى دیکه‌یان بۆ دانانرێت و ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆى که‌وتنى نیزامى سیاسى له‌عێراقدا. ئه‌گه‌رنا فرسه‌ت بده‌ن به‌شیعه‌کان له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگدا زۆر به‌ئاسانى ده‌توانن سه‌رۆک وه‌زیران بگۆڕن، له‌بنه‌مادا داواکارییه‌که‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی نییه‌، چونکه‌ عه‌بدولمه‌هدى به‌رپرسیار نییه‌ له‌گه‌نده‌ڵییه‌کانى (15) ساڵى رابردوو، عادل عه‌بدولمه‌هدى رمه‌زییه‌تى وه‌رگرتووه‌و له‌ساترى یه‌که‌مدایه‌، بۆیه‌ خۆپیشانده‌ران داواى ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى حکومه‌ت ده‌که‌ن، پێیانوایه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ستله‌کاربکێشێته‌وه‌ داواکارییه‌کانى دیکه‌یان بۆ دێته‌دى. هاوڵاتى: گه‌نده‌ڵییه‌کانى عێراق له‌چ ئاستێکدایه‌؟ ئایا زانیاریتان هه‌یه‌ گه‌نده‌ڵییه‌کان زیاتر له‌چ بوارکێدا ئه‌نجامدراوه‌؟ ئه‌مین به‌کر: له‌ساڵى 2005وه‌ تا ساڵى 2014 نزیکه‌ى (128) ملیار دۆلار به‌ده‌ر له‌یاساى بودجه‌ خه‌رجکراوه‌ که‌پاڵپشتیى یاسایى نه‌بووه‌، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ موخه‌سه‌سات و شیرینى و به‌م شێوه‌یه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تییه‌کان خه‌رج کراوه‌و بۆ که‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌کان خه‌رج کراوه‌ یان له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنه‌ره‌کاندا رێکده‌که‌وتن و به‌ناوى پڕۆژه‌ى جیاوازه‌وه‌ پاره‌کان خوراون به‌ده‌ر له‌ رێنماییه‌ داراییه‌کان و یاساى بودجه‌، به‌ڵام له‌دواى 2014وه‌ تائێستا به‌تایبه‌ت که‌ داعش دروستبوو عێراق که‌وته‌ دۆخێکى خراپى داراییه‌وه‌، فه‌تره‌ى واهه‌بووه‌ موچه‌ى به‌ئاسانى بۆ په‌یدا نه‌ده‌بوو بیداته‌ فه‌رمانبه‌ره‌کانى، عێراق ئێستا پاره‌یه‌کى ئه‌وتۆ بۆ وه‌به‌رهێنان خه‌رج ناکات، له‌سه‌رده‌مى مالکیدا پاره‌یه‌کى زۆر به‌هه‌ده‌ر درابوو له‌ده‌ره‌وه‌ى یاساى بودجه‌و گه‌نده‌ڵییه‌کان له‌و سه‌رده‌مه‌دا زۆر بووه‌و ته‌راکومى کردووه‌ بۆ ئێستا. له‌ماوه‌ى پێنج ساڵدا نزیکه‌ى دوو ملیۆن موچه‌خۆر له‌ عێراقدا زیادى کردووه‌، به‌ڵام کورد یه‌ک فه‌رمانبه‌رى بۆ زیاد نه‌کراوه‌ هاوڵاتى: ئایا له‌عێراقدا له‌ساڵى 2014 چه‌ند موچه‌خۆر هه‌بووه‌و  چه‌ند زیادى کردووه‌ له‌ماوه‌ى ئه‌م پێنج ساڵه‌دا؟ ئه‌مین به‌کر: له‌ساڵى 2014دا دوو ملیۆن و (100) هه‌زار موچه‌خۆر له‌عێراقدا هه‌بووه‌، ئێستا گه‌یشتۆته‌ نزیکه‌ى شه‌ش ملیۆن موچه‌خۆر به‌خانه‌نشینه‌وه‌، له‌ماوه‌ى پێنج ساڵدا واتا له‌نێوان 2014 بۆ 2019  نزیکه‌ى دوو ملیۆن موچه‌خۆر زیادى کردووه‌ بێجگه‌ ئه‌وانه‌ى خانه‌نشین کراون، ئه‌مه‌ش بۆ سه‌ر خه‌رجى گشتى له‌وڵاتێکى (37) ملیۆنیدا زۆره‌و بودجه‌ى داڕزاندووه‌و زۆرینه‌که‌ى بۆ موچه‌ ده‌ڕوات. هاوڵاتى: به‌ڵام بۆچى له‌ساڵى 2014 تائێستا فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌به‌غداوه‌ تائێستا هه‌ر 682 هه‌زار که‌س بووه‌ و زیاد نه‌کراوه‌ که‌هه‌رێم ده‌ڵێت یه‌ک ملیۆن و (249) هه‌زار موچه‌خۆرى هه‌یه‌، به‌ڵام له‌عێراقدا نزیکه‌ى دوو ملیۆن موچه‌خۆر زیادى کردووه‌؟ ئه‌مین به‌کر: هه‌رێمى کوردستان له‌ رووى سیاسییه‌وه‌ پێگه‌ى زۆر لاوازه‌ له‌ئاستى عێراقدا، هه‌موو لایه‌نه‌ سیایییه‌کان ئه‌جێنداکانى خۆیان ئاشکراده‌که‌ن به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى تا دوێنێ خۆیان به‌دۆستى کورد ده‌زانى و ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاته‌کانى هه‌رێمى کوردستان و نوێنه‌ره‌کانى کورد له‌عێراق پاشه‌کشه‌ پێ بکه‌ن و کورد رۆڵێکى ئه‌وتۆى له‌هاوکێشه‌ سیاسیدا نه‌مێنێت و کار له‌سه‌ر ئه‌مه‌ ده‌کرێت. پێگه‌ى کورد له‌ به‌غدا زۆر لاوازه‌ و سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد لێى به‌رپرسیاره‌ هاوڵاتى: سه‌رکردایه‌تى سیاسى کوردستان به‌رپرسیارن له‌سه‌ر لاوازبوونى پێگه‌ى کورد؟ ئه‌مین به‌کر: به‌ڵێ ئه‌مه‌ به‌شێکى به‌رپرسیارێتیه‌که‌ به‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان خۆیان ده‌که‌وێت که‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌ رێکنه‌که‌وتن و بوونى دوو ئیداره‌ى جیاوازو دوو ناوچه‌ى نفوزى جیاواز، سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد نه‌یتوانیوه‌ رۆڵى خۆى به‌هێز بکات له‌عێراقدا. هاوڵاتى: هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ چاره‌سه‌ره‌ بۆ عێراق، ئاسته‌؟؟؟؟؟ جێبه‌جێ بکرێت؟ ئه‌مین به‌کر: ئه‌گه‌ر ته‌نها داواکارى خۆپیشانده‌ران هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بێت ئاسانه‌ جێبه‌جێکردنى، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ببه‌سترێته‌وه‌ به‌گۆڕانکارى له‌سیستمه‌ سیاسییه‌که‌و خسته‌ ده‌سته‌ڵاتى حوکمى عورفى یا عه‌سکه‌رى ئه‌مه‌ زه‌حمه‌ت ده‌بێت، له‌کاتى هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ئه‌م داواکاریانه‌ هه‌بووایه‌ باشتر ده‌بوو، ئێمه‌ ده‌مانزانى ئه‌نجامى ته‌زویرى هه‌ڵبژاردن ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌ى ئێستاى ده‌بێت، چونکه‌ هیچ لایه‌نێک نکۆڵى له‌وه‌ نه‌کرد که‌ ساخته‌کارى زۆر گه‌وره‌ کراوه‌و شه‌قامیش ده‌یزانى

ئارا ئیبراهیم شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانى که‌شه‌ش ساڵ زیاتره‌ به‌ردى بناغه‌ى دانراوه‌، هێشتا چاوه‌ڕێى وه‌زاره‌تى داراییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بودجه‌ى قۆناغى یه‌که‌مى بۆ خه‌رج بکرێت. شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانى له‌ساڵى 2013 له‌لایه‌ن عیماد ئه‌حمه‌د، جێگرى سه‌رۆکى کابینه‌ى حه‌وته‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ردى بناغه‌ى دانرا، به‌ڵام له‌و کاته‌وه‌ تائێستا بودجه‌که‌ى چه‌ندین جار که‌مکراوه‌ته‌وه‌و چه‌ندین ده‌ستى کردوه‌و تائێستاش ده‌ست به‌کاره‌کانى نه‌کراوه‌. به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى ‌هاوڵاتى، قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان هه‌فته‌ى رابردوو کۆبوونه‌وه‌یه‌کى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان و که‌سانى هونه‌رى و ئه‌ندازه‌یى ئه‌نجامداوه‌و له‌ماوه‌ى هه‌فته‌ى ئاینده‌دا بڕیاره‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى نووسراو ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى دارایى بکات بۆ خه‌رجکردنى گوژمه‌ى قۆناغى یه‌که‌مى که‌ته‌نها (50) ملیار دیناره‌. سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ به هاوڵاتى وت» هه‌موو کاره‌ کارگێڕییه‌کانى شه‌قامى سه‌دمه‌ترى سلێمانى ته‌واو بووه‌و هه‌فته‌ى ئاینده‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى نووسراو ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى دارایى ده‌کات و گوژمه‌ى یه‌که‌م بۆ قۆناغى یه‌که‌م خه‌رج ده‌کرێت و ده‌ستبه‌کار ده‌بێت». هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ ده‌ستپێکردنى شه‌قامى سه‌دمه‌ترى له‌مساڵدا جێبه‌جێ ده‌کرێت، به‌ڵام وتیشى:» له‌به‌ر وه‌رزى باران بارین ناتوانرێت کاره‌کان هه‌مووى بکرێت، به‌ڵام که‌ وه‌رزى باران بارین ته‌واو بوو کاره‌کان خێراتر ده‌کرێت». شه‌قامى سه‌دمه‌ترى سلێمانى له‌نزیک گوندى ده‌مرکانه‌وه‌ له‌نێوان عه‌ربه‌ت و سلێمانى ده‌ستپێده‌کات تا تاسڵوجه‌‌و حه‌وت یه‌کتربڕو سێ پردو پێنج پردى په‌ڕینه‌وه‌و (16) قه‌نته‌ره‌ى تێدا ده‌بێت. ئازاد ره‌سوڵ، به‌ڕێوبه‌رى جێبه‌جێکارى پڕۆژه‌ى 100 مه‌ترى له‌لێدوانێکدا به‌‌ هاوڵاتى وت» چاوه‌ڕێى ئه‌نجومەنى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان ده‌که‌ین، هه‌رکات نووسراویان نارد ئێمه‌ ده‌ستپێده‌که‌ین».  

ئارا ئیبراهیم دوێنێ کۆبوونه‌وه‌یه‌کى فراوانى سیاسى له‌ئاستى باڵاى هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجامدرا تا پارێزگارى له‌سیستمى فیدڕاڵى بکه‌ن به‌هۆى مه‌ترسى گۆڕینى سیستمى سیاسى به‌ره‌و سه‌رۆکایه‌تى که‌بڕیاره‌ ده‌ستور هه‌مواربکرێته‌وه‌. دوێنێ سێشه‌ممه‌ 5ى تشرینى دووه‌مى 2019 له‌بیناى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ئاماده‌بوونى به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆک کۆمارى عێراق، کۆبوونه‌وه‌یه‌کى فراوان له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تى حکومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆک و نوێنه‌رانى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان ئه‌نجامدرا بۆ گفتوگۆکردن ده‌رباره‌ى مه‌ترسییه‌کانى بارودۆخى عێراق و کاریگه‌رییه‌کانى له‌سه‌ر پرۆسه‌ى سیاسى به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستان.  دواى ته‌واوبوونى کۆبوونه‌وه‌کان سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له‌دواى کۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رکردایه‌تى سیاسى کوردستان له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئامانج له‌هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستوورى عێراق سه‌قامگیرییه‌، ده‌بێت بزانن به‌ده‌ستبردن بۆ مافه‌کانى گه‌لى کوردستان سه‌قامگیرى نایه‌ته‌دی. به‌پێى راگه‌یەندراوى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان، هاوهه‌ڵوێستیى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌به‌شدارییه‌کى کاریگه‌ر بۆ‌ چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌کانى عێراق به‌گشتى و داکۆکیکردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و ته‌واوى پێکهاته‌کان و جه‌خت له‌هه‌وڵى لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى کوردستان بۆ هاوکاریکردنى عێراق له‌پێناو تێپه‌ڕاندنى قه‌یرانه‌کان و ده‌سته‌به‌رکردنى حوکمڕانییه‌کى دروست و هێنانه‌دى چاکسازى و ره‌چاوکردنى مافى هه‌موو پێکهاته‌کان کرایه‌وه‌. سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌: ئه‌وانه‌ى دژى کوردن پێیانوایه‌ کورد نابێت نینۆکى هه‌بێت خۆى پێ بوخرێنێت ئه‌ندامێکى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى و به‌شداربووى کۆبوونه‌وه‌که‌ بۆ هاوڵاتى جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ئه‌گه‌ر سیستم له‌عێراق بکه‌وێته‌ مه‌ترسى و گۆڕانى به‌سه‌ردابێت ده‌توانرێت داواى زه‌ماناتى زیاتر بکه‌ن. سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت «له‌بارودۆخێکى ئاڵۆز وه‌کو ئه‌وه‌ى که‌ئێستا له‌م ناوچه‌یه‌ هه‌یه‌ له‌سوریاو عێراق ناتوانرێت ئه‌و نه‌وعه‌ هه‌ڕه‌شانه‌ به‌گچکه‌ سه‌یر بکات و ناتوانرێت نادیده‌ى بگرین، بۆ هه‌رێمى کوردستان خۆ ئاماده‌کردن زه‌روریه‌ له‌ڕووى ئابوورى و به‌رگرى و سیاسییه‌وه‌ بۆ پارێزگارى له‌ده‌ستکه‌وته‌کانى میلله‌ته‌که‌مان، بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ بارودۆخى عێراق به‌لایه‌که‌وه‌ بکه‌وێت و به‌رچاومان روون بێت». ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى کورد له‌سه‌نگه‌رى به‌رگریدایه‌ بۆ سیستمى فیدڕاڵى له‌کاتێکدا له‌ساڵى 2017 ریفدراندۆم ئه‌نجامدرا بۆ سه‌ربه‌خۆیى، بۆ داواى کۆنفیدڕاڵى ناکه‌ن، سه‌عدى پیره‌ وتى:» ئه‌مه‌ مه‌وزوعێکه‌ ئه‌گه‌ر سیستم له‌عێراق بکه‌وێته‌ مه‌ترسى و گۆڕانى به‌سه‌ردا بێت ئه‌وکاته‌ ئینسان ده‌توانێت داواى زه‌ماناتى زیاتر بکات له‌چوارچێوه‌ى رێکه‌وتنى دووقۆڵى و گواستنه‌وه‌ بۆ قۆناغێکى پێشکه‌وتووتر وه‌ک ئه‌وه‌ى باست کرد له‌مافه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان» ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ ریفراندۆم به‌سه‌رکه‌وتوویى جێبه‌جێ بووه‌ سه‌رکه‌وتوو بووه‌و له‌سه‌دا %92.7ی هاوڵاتیان ده‌نگیان به‌جیابوونه‌وه‌ داوه‌، «ئه‌وانه‌ى دژى کوردن پێیانوایه‌ کورد نابێت نینۆکى هه‌بێت خۆى پێ بوخرێنێت». وته‌بێژى کۆمه‌ڵ: عێراق سیستمى فیدڕاڵى بگۆڕێت بۆ سه‌رۆکایه‌تى، کورد ده‌کرێت باسى کۆنفیدڕاڵى بکات وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سیاسى کۆمه‌ڵ ده‌ڵێت عێراق سیستمى فیدڕاڵى بگۆڕێت بۆ سه‌رۆکایه‌تى، کورد ده‌کرێت باسى کۆنفیدڕاڵى بکات. رێبوار حه‌مه‌د، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سیاسى کۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌لێدوانێکدا بههاوڵاتىوت «هێشتا زووه‌ بوترێت که‌بڵێن ئێمه‌ له‌سه‌نگه‌رى به‌رگریداین، خۆتان ده‌زانن سه‌رەڕاى هه‌موو جیاوازییه‌کان و تێبینى له‌شێوازى حوکمڕانى و بوونى گه‌نده‌ڵى ئێمه‌ که‌پرسى هه‌موارى ده‌ستورى عێراق هه‌یه‌، هاوڵاتى و هێزه‌ سیاسییه‌کان کۆکن له‌سه‌رى ئه‌ویش پاراستنى  مافه‌کانى خه‌ڵکى کوردستانه‌ که‌ئه‌م مافانه‌ مافى هاوڵاتیان و حه‌قى نه‌وه‌کانى داهاتووشه‌«. ناوبراو پێشیوابوو پێگه‌ى کورد قه‌واره‌ ده‌ستورییه‌که‌ى ده‌بێت پارێزراو بێت و هیچ که‌س و لایه‌نێک نه‌توانێت عێراق به‌ره‌و مه‌رکه‌زییه‌تێکى شمولى ببات که‌مافى کوردی تێیدا پارێزراو نه‌بێت، وتیشى « ترسى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌هه‌موارى ده‌ستورى نوێ ره‌چاوى مافه‌کانى کورد نه‌کرێت، به‌ راستى له‌هه‌رێمى کوردستان و عێراق کێشه‌ى گه‌نده‌ڵى و سیستمى فاسده‌و کێشه‌ى ده‌ستورى نییه‌، عه‌یب له‌ده‌ستور نییه‌و کێشه‌ له‌جێبه‌جێنه‌کردنیدایه‌«. وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى سیاسى کۆمه‌ڵى ئیسلامى باسى له‌وه‌شکرد، هه‌موو به‌ره‌و باشبوونێکى سیستمه‌که‌ له‌فیدڕاڵییه‌وه‌ بۆ کۆنفیدڕاڵى هه‌تا بۆ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆش به‌مافى میلله‌تى ده‌زانن، «له‌به‌ر رۆشنایى واقع مامه‌ڵه‌ بکه‌ین ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ده‌ستورییه‌و ئه‌وى دیکه‌ خواست و ته‌مه‌نایه‌، له‌سیستمى فیدراڵ هه‌رێمى فیدڕاڵ هه‌یه‌، رێگه‌نه‌دان به‌پاشه‌کشه‌ى سیستمى فیدڕاڵى ئه‌وله‌ویه‌تى ئه‌م قۆناغه‌ ده‌بێت ئینجا ده‌کرێت قسه‌ له‌سه‌ر به‌ره‌و پێشبردنى بکرێت».ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى پسپۆڕى بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستورى عێراق له‌سه‌رۆکایه‌تى کۆمار پێیوایه‌ ده‌بێت چیدیکه‌ کورد به‌شه‌رمنانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌دا نه‌کات و هه‌ڵوێستێکى روونى هه‌بێت. دکتۆر شۆڕش حه‌سه‌ن، مامۆستاى یاساو رامیارى و ئه‌ندامى لیژنه‌ى ئه‌کادیمى له‌لیژنه‌ى هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستور له‌سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق له‌لێدوانێکدا به ‌‌هاوڵاتى وت «ئێستا له‌م بارودۆخه‌دا کورد ده‌بێت سیستمى فیدڕاڵى جێگیر بکات به‌هه‌موو پره‌نسیپه‌ شه‌رعییه‌کانییه‌وه‌ به‌شێوه‌ى  روونتر له‌ده‌ستورى عێراقى نه‌ک وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌ 2005 دیارى کراوه‌، به‌ڵام کۆنفیدڕاڵى یانى مه‌سه‌له‌یه‌که‌ واقعى نییه‌ له‌ئێستادا». ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ لایه‌نه‌کانى عێراق ده‌یانه‌وێت، عێراق به‌ره‌و سیستمى سێنتڕاڵ و به‌ره‌و سه‌رۆکایه‌تى ببه‌ن که‌ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێکردن تێیدا به‌هێز بێت، «لایه‌نه‌کانى عێراق ده‌یانه‌وێت وه‌ک ساڵى 1958 عێراق به‌شێک بێت له‌ئومه‌ى عه‌ره‌بى بیهێننه‌وه‌ ناو ده‌ستورو ناسنامه‌ى پێکهاته‌کانى دیکه‌ له‌ناوببه‌ن». شۆڕش حه‌سه‌ن وتیشى «ده‌بێت کورد هه‌ڵوێستى بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌عێراق هه‌بێت و ئه‌گه‌ر لایه‌نى به‌رانبه‌ر به‌فیدڕاڵى رازیى نییه‌، کورد ده‌بێت بچێته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌عێراق و شەرمنانە مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پرسه‌ نه‌کات «.

شاناز حه‌سه‌ن حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان بڕیارى دامه‌زراندنى (386) پزیشکى ده‌رکرد، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستیش ده‌ڵێت جگه‌ له‌و پزیشکانه‌ هیچ پلانێک نییه‌ بۆ دامه‌زراندنى ده‌رچووانى به‌ش و کۆلێژه‌ پزیشکییه‌کان. محه‌مه‌د قادر، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت «ئه‌و پزیشکه‌ نوێیانه‌ پێیان ده‌وترێت پزیشکى نه‌شته‌رگه‌ریى نیشته‌جێى خولاو، له‌نه‌خۆشخانه‌ فریاکه‌وتنه‌کانى ده‌وروبه‌رى شار ده‌وام ده‌که‌ن». وتیشى «هۆکارى دامه‌زراندنى ئه‌و پزیشکانه‌ ئه‌وه‌یه‌، پێویسته‌ فریاکه‌وتنه‌کان تووشى که‌مى پزیشک نه‌بن و  به‌رده‌وام ساڵانه‌ بۆیان دابمه‌زرێنرێت». وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى باسى له‌وه‌شکرد، ساڵانه‌ پزیشکى نیشته‌جێى خولاو ده‌بێته‌ دێرین  و پزیشکه‌ دێرینه‌کانیش پسپۆرى خۆیان له‌بوارێکى نه‌خۆشیدا وه‌رده‌گرن و به‌شێوه‌ى بازنه‌یه‌ک ده‌خولێنه‌وه‌، دواتر که‌سى دیکه‌ له‌شوێنیان داده‌مه‌زرێنرێن. ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد، تائێستا هیچ پلانێک نیه‌ بۆ دامه‌زراندنى ده‌رچووانى به‌شه‌ جیاوازه‌کانى ترى پزیشکى.

شاناز حه‌سه‌ن فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى حه‌فتاى پێشمه‌رگه‌ى سه‌ر به‌یه‌کێتى رایگه‌یاند، پێویسته‌ سه‌ره‌تا پارتى و یه‌کێتى له‌سه‌ره‌وه‌ رێکبکه‌ون، پاشان پرسی یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ باس بکرێت، ئەوەش لەکاتێکدایە هێزەکانی هاوپەیمانان چەندین جار داوایان کردووە هێزەکان یەکبخرێن. پرسی یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ یه‌کێکه‌ له‌خاڵه‌کانى کارنامه‌ى کابینه‌ى نۆى حکومه‌ت و هه‌نگاوه‌کان له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌رده‌وامن، به‌ئامانجى یه‌کگرتنه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌ى له‌ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌ت ماونه‌ته‌وه‌و پێکهاتوون له‌هێزه‌کانى (70)ى یه‌کێتى و (80)ى پارتى. مسته‌فا چاوڕه‌ش، به‌رپرسی فه‌رمانده‌ى هێزه‌کانى (70)، له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى «ئێمه‌ له‌2005ەوه‌ دانیشتنى به‌رده‌واممان هه‌بووه‌ بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کان و وڵاته‌ دۆسته‌کانمان به‌رده‌وام له‌په‌یوه‌ندیدا بوون و کۆبوونه‌وه‌ى به‌رده‌واممان هه‌بووه‌«.  وتیشى»زروفه‌که‌ى ئێستا واى له‌وه‌زعه‌که‌ کردووه‌ که‌زۆر نه‌په‌رژێینه‌ سه‌ر ئه‌م کاره‌، چونکه‌ ئه‌مه‌ به‌کارى رۆژ و دوو رۆژ ناکرێت، ئه‌مه‌ چه‌کى ده‌وێت و بنکه‌ى ده‌وێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ کارى ده‌وێت به‌ساڵ و دوو ساڵ ناکرێت». به‌پێی پلانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، له‌کاتى یه‌کگرتنه‌وه‌ى هه‌ردوو هێزى (70 و 80)دا که‌ تائێستا له‌ژێر کۆنتڕۆڵى پارتى و یه‌کێتیدان، چه‌ند لیوایه‌کى دیکه‌ بۆ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ دروستده‌کرێن و به‌سه‌ر ئه‌و لیوایانه‌دا دابه‌شده‌کرێن. هه‌روه‌ها ئه‌و هێزانه‌ى زیادن ده‌کرێنه‌ هێزى یه‌ده‌گ. وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ئێستا خاوه‌نى (14) لیواى هاوبه‌شه‌، که‌پێشتر له‌چوارچێوه‌ى یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌دا دروستکراون. مسته‌فا چاوڕه‌ش وتى «هیچ دژى ئه‌و رێکخستنه‌وه‌یه‌ نین، به‌ڵام له‌سه‌روو هه‌موویه‌وه‌ پێویسته‌ یه‌کێتى و پارتى له‌سه‌ره‌وه‌ دڵى خۆیان چاکبکه‌ن بۆ ئه‌م یه‌کگرتنه‌وه‌یه‌«. ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد «کاتێک رێککه‌وتین و ئه‌و کاره‌ کرا، ئه‌وه‌ى زیادبوو له‌لیواکان خانه‌نشین ده‌کرێت و وه‌ک هێزێکى یه‌ده‌گ سودى لێوه‌رده‌گیرێت که‌پێویست بوو». پرسی یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌و چاکسازیکردن تێیدا یه‌کێکه‌ له‌دیارترین خاڵى ئه‌و لێکتێگه‌یشتنه‌ى له‌نێوان وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌و هاوپه‌یماناندا له‌ساڵانى رابردوودا واژۆکراو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌کى تایبه‌ت به‌چاکسازیش له‌ناو وه‌زاره‌ته‌که‌دا دامه‌زرێنراوه‌. یه‌که‌م هه‌نگاوى پڕۆسه‌ى یه‌کگرتنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ ناوه‌ڕاستى ساڵى 2009 له‌سه‌رده‌مى کابینه‌ى پێنجه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم و به‌فه‌رمانى سه‌رۆکى ئه‌وکاتى هه‌رێم ده‌ستیپێکرد. پرۆسه‌که‌ سه‌ره‌تا به‌خێرایی به‌ڕێوه‌چوو، له‌سه‌ره‌تای ساڵى 2010 تائێستا (14) لیوای پێشمه‌رگه‌ یه‌کخراونه‌ته‌وه‌و به‌ستراوه‌نه‌ته‌وه‌ به‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌، به‌ڵام کاتێک گه‌یشته‌ یه‌کگرتنه‌وه‌ى هێزه‌کانى (70 و 80) پڕۆسه‌که‌ وه‌ستا، به‌وپێیه‌ى پارتى و یه‌کێتى ئاماده‌نه‌بوون ده‌ستبه‌رداری ئه‌و هێزانه‌یان بن. ناوه‌ڕاستى تشرینى یه‌که‌مى ئه‌مساڵ، شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ له‌میانه‌ى به‌سه‌رکردنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، هه‌نگاوه‌کانى ئێستاى بۆ رێکخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌ به‌ «دوا ده‌رفه‌ت» ناوبردبوو، جه‌ختیشیکردبووه‌وه‌ ئیراده‌یه‌کی سیاسی به‌هێز هه‌یه‌ له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تی سیاسی هه‌رێمی کوردستان که‌ده‌بێت هێزی پێشمه‌رگه‌ رێکبخه‌ن. هاوکات له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌کان بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌، لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ى په‌رله‌مانى کوردستان چاودێرى پڕۆسه‌که‌ ده‌کات و له‌و چوارچێوه‌یه‌داو له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا سه‌ردانى هێزه‌کانى (80)ى کردو به‌نیازیشه‌ له‌هه‌فته‌ى ئاینده‌دا سه‌ردانى هێزه‌کانى (70) بکه‌ن. عوسمان که‌ریم، جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت «ئامانجى سه‌ردانه‌که‌ى ئێمه‌ بۆ دروستکردنى هه‌ماهه‌نگى بوو له‌نێوان هێزه‌کانى (80 و 70)و هێزه‌کان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت». ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد به‌پێویستى ده‌زانن له‌م بارودۆخه‌ى ئێستادا هێزه‌کان یه‌کبخرێته‌وه‌و یه‌کخستنه‌وه‌ى هێزه‌کان پێویستى به‌ئیراده‌ى سیاسى پارتى و یه‌کێتى هه‌یه‌ «پێویسته‌ زه‌مینه‌سازى بۆبکرێت له‌لایه‌ن  حزبه‌کانه‌وه‌و خاوه‌نى هێزێکى یه‌کگرتوو بین و متمانه‌ به‌یه‌کترى بکه‌ین».

ئارا ئیبراهیم فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان له‌مانگى یانزه‌دا موچه‌ى مانگى هه‌شت وه‌رده‌گرن و جیاوازى سێ مانگ هه‌یه‌و حکومه‌تى هه‌رێمیش بڕیارى نه‌داوه‌ موچه‌کان پاشه‌که‌وت ده‌کات یا به‌ یه‌ک پاکێج دابه‌شى ده‌کات. سه‌میر هه‌ورامى، وته‌بێژى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌‌هاوڵاتى وت» ئه‌و سێ موچه‌یه‌ که‌جیاوازى هه‌یه‌و هى ساڵى رابردووه‌ نه‌ک ئه‌مساڵ، نازانین کۆتایى ئه‌مساڵ ده‌توانرێت به‌ یه‌ک جار سێ موچه‌ دابه‌شبکرێت له‌م ماوه‌ کورته‌دا یان نا، ئه‌گه‌ر داهاتمان زۆر بێت، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌رێکى قورسه‌«. ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌ساڵى رابردوو چۆن مانگانه‌ موچه‌ دابه‌شده‌کرا، ئه‌مساڵیش هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ ده‌بێت، وتیشى:»به‌ڵام هیچ بڕیارێک نییه‌ ئه‌و سێ موچه‌یه‌ پاشه‌که‌وت بکرێت». دواى قه‌یرانى دارایى که‌ له‌ساڵى 2014 ده‌ستیپێکرد، حکومه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 2016 سیستمى پاشه‌که‌وتى چه‌سپاندو له‌مانگى شوباتى ئه‌مساڵ سیستمى پاشه‌که‌وتى موچه‌ به‌ته‌واوى هه‌ڵگیرا.

شاناز حه‌سه‌ن کۆمه‌ڵێک لە دادوەران و داواکارى گشتى گه‌رمیان شێشه‌ممه‌ 5ی تشرینى دووه‌مى 2019 مانیانگرت و رایانگەیاند «دەستتێوەردان» هەیەو هیچ دۆسیه‌ک نابینن تا به‌دەم داواکه‌یانه‌وه‌ نه‌چن. دادوەر بورهان ئه‌حمه‌د، داواکارى گشتى له‌گه‌رمیان، له‌لێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت: «دوامان کردووه‌ به‌شێوازێکى یاسایى مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ بکرێت، چه‌ندجارێک ده‌نگى ناڕه‌زایمان به‌رزکردەوه‌ به‌ڵام به‌ناوى به‌ژه‌وه‌ندى گشتییه‌وه‌ گوازراونه‌تەوه‌و بردویانینه‌ شوێنه‌ دوره‌ ده‌سته‌کان». وتیشى»ئێمه‌ وه‌ک داواکارى گشتى کێشه‌مان زۆره‌ که‌ده‌ستتێوه‌ردانێکى زۆر هه‌یه‌ له‌لایه‌ن دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌ى گه‌رمیان، بۆ نمونه‌ لێکۆڵینه‌ه‌ویان له‌فه‌رمانبه‌ره‌کانى ئێمه‌ ده‌کرد، که‌ئه‌وه‌ کارى ئه‌وان نیه‌و وه‌ک ئه‌مر ئه‌مریان به‌سه‌ردا ده‌کردین». ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌کرد زۆر کێشه‌ى تریان هه‌یه‌، ناکرێت بکرێته‌ به‌رده‌م راى گشتى و په‌یوه‌ندى به‌نهێنى پیشه‌که‌یانه‌وه‌ هه‌یه‌. دادوه‌ره‌کانى گه‌رمیان داوایان کردووه‌ لیژنه‌یه‌ک له‌ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و په‌رله‌مانه‌وه‌ پێکبێت و چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌کانیان بدۆزنه‌وه‌. دادوەر بورهان ئه‌حمه‌د، باسی لەوەکرد کە سێ رۆژ لەمەوبەر دادوه‌رێکیان له‌سلێمانییه‌وه‌ ناردووه‌ بۆ کەلارو «به‌تاکه‌که‌سى» لیکۆڵینه‌وه‌ى دەستپێکردووە، لەکاتێکدا پێویسته‌ لیژنه‌ له‌سێ که‌س که‌متر نه‌بێت. وتیشى «متمانه‌مان به‌ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى نه‌ماوه‌و ئه‌وان رێککه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ته‌نیا ئیمزا بکه‌ن و سزاى به‌کۆمه‌ڵى ئێمه‌ بده‌ن، ئه‌گینا هیچ ناکه‌ن له‌به‌رژه‌وه‌ندى ئێمه‌ و خه‌ڵکى گشتیدا بێت». فه‌رمانگه‌ى داواکارى گشتى گه‌رمیان، زیاتر له‌ 15 داواکارى گشتى و پێنج دادوه‌رو ژماره‌یه‌ک فه‌رمانبه‌رو پارێزه‌رى تێدایه‌، هه‌موویان مانگرتنیان راگه‌یاندووه‌  له‌دژى «گه‌نده‌ڵى»و ده‌ستتێوه‌ردانى هه‌ر که‌س و لایه‌نێک له‌کاره‌کانیدا. دادوه‌ر بورهان ئه‌وه‌شى وت «ئه‌مه‌ى به‌رامبه‌ر ئێمه‌ ده‌کرێت ترساندنه‌، چونکه‌ واى لێدێت که‌س ناوێرێت قسه‌ بکات، له‌کاتێکدا سه‌رۆکى دادگا ده‌توانێت له‌سنورى ده‌سه‌ڵاتى خۆیدا دادوه‌ر بگوازێته‌وه‌«. وتیشی «له‌ئێستاشدا هه‌ر (15) دادوه‌رو داواکاره‌ گشتیه‌که‌ سزا دراون، بۆیه‌ هه‌موومان پێکه‌وه‌ هاوهه‌ڵوێستن». نزار  حه‌سه‌ن، سه‌رۆکى داواکارى گشتى گه‌رمیان، له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى «ساڵێک زیاتره‌ کێشه‌مان هه‌یه‌، که‌ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى به‌هه‌ق و ناهه‌ق پشگیرى لێده‌کات، کۆمه‌لێک به‌ڵگه‌ له‌به‌رده‌ستماندا بوو ده‌مانویست خه‌ڵکى گه‌رمیان جارێکى تر سه‌رکوت نه‌کرێته‌وه‌ به‌یاساو به‌بڕیارو حوکمه‌ تونده‌کان، هه‌موو رێگه‌یه‌کمان گرته‌به‌ر، سه‌ردانى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و سه‌رۆکایه‌تى داواکارى گشتى و وه‌زاره‌تى دادو جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت و په‌رله‌مانتاره‌کان، به‌پێی پێگه‌و پیشه‌که‌مان ویستومانه‌ خۆمان له‌ناو خۆماندا چاره‌سه‌رى بکه‌ین». چه‌ند خاڵێکیان داوه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى بۆ ئه‌وه‌ى لیژنه‌یه‌ک ته‌شکیل بکات و گوێیان لێبگیرێت. ئاماژەی بەوەشکرد له‌به‌ر پارێزراوى مافى خه‌ڵک  ناتوانرێت خاڵه‌کان به‌وردى باس بکرێت. باسی لەگرنگترین کێشه‌کانیان کرد کەجیاوازى جێبه‌جێکردنى یاسایە له‌نێوان که‌سێک بۆ که‌سێکى تر له‌هه‌ولێر بۆ سلێمانى و له‌شارێک بۆ شارێکى تر جیاوازه‌  کەپه‌یوه‌ندى به‌کێشه‌ى خه‌ڵکه‌وه‌ هه‌یه‌. دادوه‌ر نزار باسى له‌وه‌شکرد که‌کێشه‌کەیان وه‌ک دادوه‌رو داواکاران له‌گه‌ڵ دادگاى تێهه‌ڵچونه‌وه‌یه‌و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌ریش پشتیوانى لێده‌کات،  وتى»په‌ناگه‌ى تر نه‌ماوه‌و یان ده‌بێت قبوڵى هه‌موو ناهه‌قى و ناعه‌داله‌تیه‌ک بین یان ده‌بێت بێینه‌ ده‌نگ و هیچ شێوه‌یه‌کى ترمان به‌گونجاو نه‌زانى ته‌نیا ویستمان مانبگرین و راى گشتى لێ ئاگاداربکه‌ینه‌وه‌«. دادوه‌ر نزار وتیشى «ته‌نانه‌ت  تۆمه‌تێک ئاراسته‌ى خۆشمان ده‌کرێت ئه‌وه‌نده‌ مافمان نیه‌ وه‌ڵامێک بده‌ینه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتت به‌سه‌ر پۆلیس، به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رو به‌سه‌ر هیچدا نیه‌، دادگا به‌که‌یفى خۆى کارده‌کات و ده‌ورمان زۆر لاوازو زه‌عیفه‌و یه‌کێک له‌داواکاریه‌که‌مان ئه‌وه‌یه‌ کاراکردنه‌وه‌و هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى داواکارى گشتییە» باسى له‌وڵاتانى جیهان کرد که‌داواکارى گشتى رۆڵێکى گرنگى هه‌یه‌و وتى «هاوشێوه‌ى یاساکانى وڵاتان بێت که‌داواکارى گشتى ته‌حه‌کوم به‌سیاسه‌تى وڵاتێکه‌وه‌ ده‌کات و رۆڵى له‌هیچ وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاکانى تر که‌متر نیه‌، به‌ڵام لێره‌ رۆژ له‌دوای رۆژ ده‌سته‌مۆو سه‌رکپ ده‌کرێین». سه‌رۆکى دادگاى تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ى گه‌رمیان ئاماده‌نه‌بوو هیچ لێدوانێک بدات، به‌هۆکارى ئه‌وه‌ى رێنماییان له‌ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رییه‌وه‌ بۆ هاتووه‌ رێگه‌پێدراو نیه‌ لێدوان بۆ رۆژنامه‌و که‌ناڵه‌ راگه‌یاندنه‌کان بده‌ن. بەڵام سه‌رۆکى داواکارى گشتى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر مانگرتنه‌که‌یان  تا ئه‌وکاته‌ى وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه‌.  

شاناز حەسەن ئه‌حمه‌د ره‌ووف ئه‌کته‌رى بوارى کۆمیدیا باس لەکارە هونەریەکانی دەکات و شانازى به‌هه‌موو کاره‌کانى رێزان فه‌ره‌ج-ى هاوسه‌رییه‌وه‌ ده‌کات. هونەرمەند ئه‌حمه‌د ره‌ووف له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى دەشڵێت: جگە لەکاری هونەری خولیای ئاژەڵ بەخیوکردنەو (٧٠) مریشک و  (٣٠) کۆتری هه‌بوو، ئێستاش دوو خورماخوره‌و توتیه‌کی هه‌یه‌. ئه‌حمه‌د ره‌ووف ماوه‌ى 37 ساڵە کارى نواندن ده‌کات، یه‌که‌م کارى شانۆى به‌ناوى (مانگى ئاوا بوو) بووه‌.  ‌هاوڵاتى: که‌ى ده‌ستتکرد به‌کارى هونه‌رى؟ ئه‌حمه‌د ره‌ووف: له‌ ساڵى ١٩٨٢ چوومه‌ په‌یمانگاى هونه‌ره‌ جوانه‌کان هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ بوم به‌ئه‌ندامى تیپى نواندنى سلێمانى و یه‌که‌م شانۆگه‌ریم له‌و تیپه‌وه‌ بوو که‌شانۆگه‌رى (مانگى ئاوا بوو ) بوو له‌ده‌رهێنانى جەلیل زه‌نگه‌نه‌.  ‌هاوڵاتى: سه‌ره‌تاى کارکردنت به‌کارى تراژیدیا ده‌ستتپێکرد یان کۆمیدیا؟ ئه‌حمه‌د ره‌ووف: من سه‌ره‌تاى ده‌ستپێکردنى کارى هونه‌ریم بوو ماوه‌یه‌کى زۆر کارى تراژیدیام کرد له‌ساڵى ١٩٨٢ەوه‌ تا دواى راپه‌ڕین واته‌ ١٩٩١ کارى تراژیدیم کردوه‌و له‌ ١٨ کارى شانۆیى جاد کارم کردوه‌،  به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ بڕیارمدا له‌کارى کۆمیدیا کاربکه‌م، له‌م به‌روارده‌شدا بینه‌ره‌که‌م منى وه‌ک کۆمیدیا هه‌ڵبژارد. ‌هاوڵاتى: بۆ کارى شانۆییت هه‌ڵبژارد؟ ئه‌حمه‌د ره‌ووف: کارى شانۆ کارێکى زور پیرۆزه‌ هه‌ر له‌منداڵیمه‌وه‌ سه‌رسام بووم به‌فیلمه‌ میسریه‌کان به‌تایبه‌تى عادل ئیمام و سەمیر غانم، هه‌ڵبژاردنم بوو کارى کۆمیدیا به‌ڕاستى له‌ڕێگاى کۆمیدیاوه‌ تۆ ده‌توانى ئه‌و په‌یامه‌ى ده‌ته‌وێت زۆر زووتر بگه‌یه‌نیته‌ بینه‌ره‌که‌ت له‌هه‌موو دنیاشدا وایه‌ کۆمیدیا تاکه‌ وه‌سیله‌یه‌ که‌خێراترین کات له‌ده‌رگاى هه‌موو ماڵێک ده‌دات. ‌هاوڵاتى: ئایا کارکردن له‌کارێکى کۆمیدیا قورستره‌ یان تراژیدیا؟  ئه‌حمه‌د ره‌ووف: من ئه‌وه‌نده‌ى به‌کرده‌یى کارى کۆمیدیام کردووه‌، به‌ڕاستى کۆمیدیا هونه‌ریکى قورسه‌ به‌هه‌موو ئه‌کته‌ریک ناکرێت، من له‌به‌هاى هیچ کام له‌بواره‌کانى هونه‌رکه‌م ناکه‌مه‌وه‌ هه‌مووى وه‌ک خوێن زه‌روره‌ بۆ له‌ش به‌ڵام له‌سه‌روو هه‌مویانه‌وه‌ کارى کۆمیدیا تاکه‌ وه‌سیله‌یه‌ که‌ڕاسته‌وخۆ په‌یامى خۆت ده‌گه‌یه‌نیت، به‌ڵام بیرمان نه‌چێت کۆمیدیا هه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ ده‌م و لچى خۆت خوار بکه‌یته‌وه‌ و قسه‌ى هه‌زه‌لى بکه‌یت له‌به‌رئه‌وه‌ى خه‌ڵک پێبکه‌نێت هونه‌رى کۆمیدیا میتۆدو ئسوسى خۆى هه‌یه‌و هه‌موو ئه‌کته‌ریک ده‌ره‌قه‌تى نایه‌ت.    ‌هاوڵاتى: که‌سایه‌تیه‌کى چۆنیت؟ ئه‌حمه‌د ره‌ووف: له‌ڕۆژانى ئاسایی خومدا که‌سایه‌تیه‌کى هیمن و له‌سه‌رخۆم هه‌یه‌، که‌سیکى که‌م دووم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کۆمه‌ڵایه‌تیم، که‌ له‌سه‌ر شانۆ دێمه‌خواره‌وه‌ که‌سایه‌تى خۆمم حه‌زناکه‌م هیچ له‌و دیالۆگانه‌ دووباره‌ بکه‌مه‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر شانۆ وتوومه‌، هه‌رده‌م حه‌زم کردوه‌ که‌سیک بم نه‌فعم هه‌بێت بو چوارده‌ورم، حه‌زده‌که‌م زیانم نه‌بیت بۆ هیچ که‌س. ‌هاوڵاتى: یه‌کتر ناسینتان له‌گه‌ڵ رێزان فه‌ره‌جى هاوسه‌رت چۆن بوو؟ ئه‌حمه‌د ره‌ووف: یه‌کتر ناسینمان له‌گه‌ڵ رێزان له‌په‌یمانگاى هونه‌ره‌ جوانه‌کانه‌وه‌ بوو، ئه‌و له‌به‌شى شێوه‌کارى بوو له‌به‌شى سیرامیک، منیش له‌شانۆ بوم، له‌وکاته‌وه‌ یه‌کترمان ناسى و  نسیب گرتى و هاوسه‌رگیریمان کرد. ‌هاوڵاتى: کاره‌کانى هاوسه‌ره‌که‌ت پێ چۆنه‌؟  ئه‌حمه‌د ره‌ووف: کارکردنى رێزان نه‌ڵێم هاوسه‌رى خۆمه‌، به‌ڵام یه‌کێکه‌ له‌و ئه‌کته‌ره‌ دیاره‌ سه‌رکه‌وتووانه‌ى کوردستان، که‌زۆر شانازى به‌کاره‌کانیه‌وه‌ ده‌که‌م. ‌هاوڵاتى: به‌ڕێزت خه‌ڵکى سلێمانیت؟ به‌هۆى کاره‌کانته‌وه‌ ئێستا له‌هه‌ولێر ده‌ژیت؟  ئه‌حمه‌د ره‌ووف: من خه‌ڵکى سلێمانیم شاره‌ حه‌یاته‌که،‌ به‌ڵام بۆ به‌زمى به‌زم ده‌بێت هه‌فتانه‌ دوو رۆژ بێمه‌ هه‌ولێر، ئێستا هه‌ولێریشم به‌قه‌د سلێمانى خوشده‌وێت، که‌رکوک و هه‌ڵه‌بجه‌و دهۆکیش به‌شارى خوم ده‌زانم و ده‌بم به‌قوربانى هه‌ر چوار پارچه‌ى کوردستان. ‌هاوڵاتى: نێوانت له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵدۆستى چۆنه‌؟ ئه‌حمه‌د ره‌ووف: حه‌زم له‌به‌خێوکردنى په‌له‌وه‌رو باڵنده‌یه‌ (٧٠) مریشکم هه‌بوو له‌گه‌ڵ (٣٠) کوتر، ئێستاش له‌ماڵه‌وه‌ دوو خورماخۆره‌و توتیه‌کم هه‌یه‌، هه‌موو ئاژه‌ڵێکم خۆشده‌وێت تابتوانم ده‌یانپارێزم. ‌هاوڵاتى: وێنه‌ى توتیه‌که‌ت له‌تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى زۆر داده‌نێیت؟ چیرۆکى ئه‌و توتیه‌ چییه‌؟ ئه‌حمه‌د ره‌ووف: توتیه‌که‌مم زۆر خوشده‌ویت ئێستا فێربووه‌ پێم ده‌ڵێت وه‌حشى، ماوه‌یه‌که‌ لێم عاجزه‌ به‌هۆى سه‌رقاڵیم کاتم زۆر نیه‌ یارى له‌گه‌ڵ بکه‌م هه‌ر له‌قه‌فه‌زه‌که‌ى به‌رى ده‌ده‌م ده‌فڕێته‌ سه‌رشانم و ماچم ده‌کات و له‌سه‌رشانم هه‌ڵده‌په‌ڕێت به‌ڵام ماوه‌یه‌ک ئیهمالم کردبوو رۆژێک هاته‌ سه‌رشانم وتم لاچۆ کوکو عاجزم مه‌که‌، به‌ڵام گازى له‌گوێچکه‌م گرت بۆى سمیم له‌و رۆژه‌وه‌ ناوێرم یارى له‌گه‌ڵ بکه‌م، به‌ڵام زۆر نازداره‌ لامان. ‌هاوڵاتى: بەشداریکردنت له‌به‌زمى به‌زم چۆن بوو؟ ئه‌حمه‌د ره‌ووف: به‌زمى به‌زم یه‌کێکه‌ له‌و کاره‌ جوانانه‌ى که‌ شانازى پێوه‌ده‌که‌م و من وه‌ک ئەحمەد رەووف خۆم به‌ قه‌رزارى ئه‌و پرۆگرامه‌ ده‌زانم، چونکه‌ ئه‌وه‌نده‌ى تر به‌خه‌ڵکى ناساندم و هه‌وادارم زیادى کردووه‌، کارێکى جیاوازو جوانه‌، به‌ڵام به‌ده‌ر له‌وه‌ش پێویسته‌ خه‌ڵک بڕیار بدات به‌رده‌وام بێت یاخود نا. ‌هاوڵاتى: کام کاره‌ت زۆر شانازى پێوه‌ده‌که‌یت؟ ئه‌حمه‌د ره‌ووف: من شانازى ده‌که‌م به‌هه‌موو کاره‌کانمه‌وه‌و هه‌موویانم خۆشده‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌هه‌موویان نازدارتره‌ لام شانوگه‌رى (دارستان و یاساکه‌ى) بوو له‌نووسینى دکتۆر شێرکۆ عەبدوڵا‌و خوم کارى ده‌رهێنانم بۆ کردبوو و نواندنیشم تیاده‌کرد سێ مانگ له‌سلێمانى نمایشم کردو پاشان له‌ئه‌ڵمانیا مانگێک له‌هه‌ردوو شارى مانهایم و نۆرنبیرگ نمایشمان کرد. ‌هاوڵاتى: ئاستى هونه‌ر به‌گشتى له‌ چ ئاستێکدایه‌؟ ئه‌حمه‌د ره‌ووف: ئاستى هونه‌رى کوردى له‌هه‌موو بواره‌ هونه‌ریه‌کاندا په‌یوه‌سته‌ به‌بودجه‌وه‌، بودجه‌ هه‌بێت کارى تێروته‌سه‌ل ده‌کرێت، نه‌بوو کاره‌کان کرچوکاڵ ده‌رده‌چن به‌ڵام به‌گشتى هه‌ستده‌که‌م به‌ره‌وپێش ده‌چێت و هیوادارم باشتربیت

  سازدانى: ئارا ئیبراهیم رێبوار که‌ریم مه‌حمود، ئه‌ندامى کورد له‌په‌رله‌مانى عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات ئه‌و ته‌نگه‌ژه‌ سیاسیه‌ى دروست بووه‌ ئه‌وسه‌رى دیار نییه‌ بۆ کورد که‌ئایا براوه‌ ده‌بێت یان دۆڕاو. رێبوار که‌ریم له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ ‌هاوڵاتى جه‌ختله‌وه‌ده‌کاته‌وه‌، تا ئێستا هیچ لایه‌نێکى عێراقى باسى به‌دیلى عادل عه‌بدولمه‌هدى نه‌کردووه‌، دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح وه‌ک سه‌رۆک کۆمار هیچ که‌سێکى پێشنیار نه‌کردووه‌ بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان بۆ شوێنگره‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى. ده‌شڵێت، له‌هیچ لایه‌ن و که‌سێکى قبوڵ ناکه‌ن موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان ببڕێت، ده‌بێت حکومه‌تى هه‌رێم چاوه‌ڕێى پاره‌ى موچه‌ نه‌بێت له‌به‌غداوه‌، به‌ڵکو به‌داهاتى نه‌وت و ناوخۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دابین بکات. ‌هاوڵاتى: دۆخى عێراق به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا به‌ چى گه‌شتووه‌؟ رێبوار که‌ریم مه‌حمود: خۆپیشاندانه‌کان به‌رده‌وامن، خواستى خۆپیشانده‌ران خواستى راسته‌قینه‌ى خه‌ڵکه‌و به‌شێکى گه‌وره‌ى خۆرسکانه‌یه‌ داواى خزمه‌تگوزارى و باشترکردنى ژیانیان ده‌که‌ن، له‌ 16 ساڵى رابردوودا کابینه‌ یه‌ک له‌دواى یه‌که‌کانى حکومه‌تى عێراق نه‌یانتوانیوه‌ خواسته‌کانى هاوڵاتیان به‌ده‌ستبهێنن، بۆیه‌ قابیلى ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵک لێیان هه‌ستێت و قبوڵیان نییه‌ چیتر ئه‌م حکومه‌ته‌ به‌م شێوازه‌ به‌رده‌وام بێت. له‌ 16 ساڵى رابردوودا هه‌رچى گرێبه‌سته‌ گه‌وره‌کان هه‌بووه‌ له‌ناو وه‌زاره‌ته‌کان بردویانه‌و هه‌رچى تاڵانى هه‌یه‌ له‌عێراقدا کردوویانه‌.   ‌هاوڵاتى: ده‌وترێت عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌ مه‌رجێک ده‌ستله‌کارده‌کێشێته‌وه‌ که‌ که‌سێک دابنرێت هه‌موو  لایه‌نه‌کان له‌سه‌رى کۆکبن؟ رێبوار که‌ریم مه‌حمود: له‌ راستیدا دکتۆر عادل بۆ خۆى به‌ته‌نها نییه‌ له‌م بابه‌ته‌دا هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى که‌ پاڵپشتیان کردووه‌و دایانناوه‌ ئه‌وانه‌ بڕیار ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ورده‌کارییه‌کان، به‌ڵام حه‌تمه‌ن ئه‌م کابینه‌یه‌ نه‌مێنێت ده‌بێت جێگره‌وه‌یه‌ک هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى که‌ لایه‌نه‌کان له‌سه‌رى کۆکبن، مه‌به‌ستى عه‌بدولمه‌هدى له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ بۆشایى ئیدارى دروست نه‌بێت تا نه‌بێته‌ کێشه‌و قه‌یرانى گه‌وره‌تر، دواجار هه‌ر ده‌بێت که‌سانێک هه‌بن له‌ عێراقییه‌کان رێکبکه‌ون له‌قۆناغى داهاتوودا. سه‌رۆک کۆمار پشتگیرى خواسته‌کانى خۆپیشانده‌رانى عێراقى کردووه‌و ئاماژەیه‌کیشى نیشاندا که‌ بۆ رازیبوون له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ که‌ یه‌که‌م شوێنه‌ به‌فه‌رمى ره‌زامه‌ندى خۆى نیشان بدات، ئه‌مه‌ شتێکى باشه‌. ‌هاوڵاتى: سه‌رۆک کۆمار رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردوو وتارێکیدا و به‌دوایدا مه‌رجه‌عیه‌تى شیعه‌کان قسه‌یان کرد، تا چه‌ند ره‌نگدانه‌وه‌ى ده‌بێت بۆ رێکه‌وتن و چاره‌سه‌رکردنى که‌ سه‌رۆک کۆماریش رازییه‌ به‌ ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى؟ رێبوار که‌ریم مه‌حمود: سه‌رۆک کۆمار رۆژى پێنجشه‌ممه‌ پێش مه‌رجه‌عیه‌تى باڵاى شیعى قسه‌ى کرد که‌ زۆر به‌ وازحى تێگه‌شتین له‌وه‌ى لایه‌نه‌ ناکۆکه‌کان هێشتا نه‌گه‌یشتون به‌ رێکه‌وتن، له‌ده‌ست ئه‌و لایه‌نه‌ ناکۆکانه‌یه‌ که‌ زۆرترین کورسیان له‌ په‌رله‌ماندا هه‌یه‌، ئه‌وان بڕیار ده‌ده‌ن. سه‌رۆک کۆمار پشتگیرى خواسته‌کانى خۆپیشانده‌رانى عێراقى کردووه‌و ئاماژەیه‌کیشى نیشاندا که‌ بۆ رازیبوون له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ که‌ یه‌که‌م شوێنه‌ به‌فه‌رمى ره‌زامه‌ندى خۆى نیشان بدات، ئه‌مه‌ شتێکى باشه‌. ‌هاوڵاتى: ئایا لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى عێراق رازین به‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌؟ رێبوار که‌ریم مه‌حمود: تائێستا هیچ لایه‌نێک رازى نییه‌ به‌هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌. هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ پێویستى به‌ کاته‌ ئه‌گه‌رنا ئه‌مه‌ى ئێستا دروست بووه‌، هه‌ر ئه‌م دۆخه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ کایه‌، له‌سه‌دا 20%ى به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراقیان کردووه‌ له‌ 2018دا، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت کۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردن بگۆڕدرێت و یاساى هه‌ڵبژاردن هه‌مواربکرێته‌وه‌، تاهه‌ڵبژاردنێکى نیمچه‌ پاک ئه‌نجامبدرێت، چونکه‌ هیچ کات هه‌ڵبژاردن له‌عێراقدا به‌پاکى تێپه‌ڕى نه‌کردووه‌. له‌نه‌مانى عادل عه‌بدولمه‌هدیدا له‌به‌رده‌م قۆناغێکى نادیارداین و روون نییه‌ کورد تێیدا براوه‌ ده‌بێت یان دۆڕاو، به‌ڵام به‌گشتى ئه‌م دۆخه‌ى له‌ساڵى 2019 بۆ کورد خوڵقاوه‌ دروست نابێته‌وه‌، ئه‌مه‌ وا ده‌کات هه‌وڵه‌کانى کورد بۆ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان و جێبه‌جێکردنى مافه‌ ده‌ستورییه‌کان و گفتوگۆو شه‌ڕى پرۆژه‌ یاساى نه‌وت و غازمان له‌پێشه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌رکى کورد بۆ داهاتوو قورستر ده‌کات. ‌هاوڵاتى: ئایا به‌رهه‌م ساڵح رازى بووه‌ سێ سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ى عێراق ده‌ستله‌کاربکێشنه‌وه‌؟ رێبوار که‌ریم مه‌حمود: دکتۆر به‌رهه‌م رێگر نییه‌ له‌هه‌ر چاره‌سه‌رێک که‌هێزه‌ سیاسییه‌کان له‌سه‌رى رێکبکه‌ون، به‌ڵام له‌مه‌سه‌له‌ى سه‌رۆک کۆمار دکتۆر به‌رهه‌م وه‌ڵامه‌که‌ى روونه‌ که‌ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ خواستى خه‌ڵکدا بگونجێت. ‌هاوڵاتى: کورد له‌م ته‌نگه‌ژه‌ سیاسیه‌ى عێراق براوه‌ ده‌بێت یان دۆڕاو؟ رێبوار که‌ریم مه‌حمود: ئێستا له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى لانى که‌م له‌سه‌ر مه‌له‌فى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران په‌یوه‌ندییه‌کى باش هه‌بووه‌ له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا، له‌نه‌مانى عادل عه‌بدولمه‌هدیدا له‌به‌رده‌م قۆناغێکى نادیارداین و روون نییه‌ کورد تێیدا براوه‌ ده‌بێت یان دۆڕاو، به‌ڵام به‌گشتى ئه‌م دۆخه‌ى له‌ساڵى 2019 بۆ کورد خوڵقاوه‌ دروست نابێته‌وه‌، ئه‌مه‌ وا ده‌کات هه‌وڵه‌کانى کورد بۆ ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان و جێبه‌جێکردنى مافه‌ ده‌ستورییه‌کان و گفتوگۆو شه‌ڕى پرۆژه‌ یاساى نه‌وت و غازمان له‌پێشه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ ئه‌رکى کورد بۆ داهاتوو قورستر ده‌کات. ‌هاوڵاتى: سه‌رکردایه‌تى سیاسى کورد چى بکات تا دۆڕاو نه‌بێت؟ رێبوار که‌ریم مه‌حمود: کورد به‌چه‌ند هه‌نگاوێک ده‌بێت خۆى ئاماده‌ بکات بۆ قۆناغى داهاتوو، یه‌کگرتوو یه‌ک ده‌نگ بێت، یه‌کگرتوویى به‌ماناى ئه‌وه‌ نایه‌ت هه‌ر لایه‌نه‌و دواى گروپێکى عێراقى بکه‌وێت، ده‌بێت ستراتیژێک هه‌بێت تا یه‌ک ده‌نگى هه‌بێت له‌نێوان فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان له‌به‌غداو حکومه‌تى هه‌رێمیش مولزه‌م بێت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى کورد له‌به‌غداو به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌ت بێت پێکه‌وه‌ بڕیاربده‌ن له‌سه‌ر چاره‌نووسى کورد له‌گه‌ڵ عێراق. له‌هه‌مانکاتدا به‌رنامه‌و روئیاى کورد روون بێت بۆ داهاتوو، تا ئێستا له‌به‌غدا روئیاى کورد روون نییه‌، نه‌یتوانیوه‌ کار له‌سه‌ر پرسه‌ ستراتیژییه‌کان بکات و هه‌مووى پرسى کاتى بووه‌و په‌یوه‌ندیدار بووه‌ به‌پاره‌وه‌ که‌ئه‌مه‌ شتێکى خراپ بووه‌، چونکه‌ کێشه‌کى کورد ته‌نها پاره‌ نییه‌. ‌هاوڵاتى: ئه‌گه‌ر ئه‌م حکومه‌ته‌ى عه‌بدولمه‌هدى هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، مه‌ترسى له‌سه‌ر موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دروست نابێت؟ رێبوار که‌ریم مه‌حمود: ئه‌گه‌ر ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ى عێراق نه‌بوایه‌ بڕیاربوو له‌ 15ى 10ى ئه‌مساڵ چاوه‌ڕێى هاتنى پڕۆژه‌ بودجه‌ى 2020 مان ده‌کرد بێته‌ په‌رله‌مانى عێراق و ده‌ستبکه‌ین به‌گفتوگۆکان، په‌رله‌مان بڕیاریدابوو پێش کۆتایى ئه‌مساڵ پڕۆژه‌ى بودجه‌ په‌سه‌ند بکات و کارێکى باش بوو که‌ جۆرێک رێکه‌وتن له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌هاته‌ کایه‌وه‌، به‌ڵام ئێستا هه‌موو شتێک راوه‌ستاوه‌و له‌بهر‌ده‌م قۆناغێکى نادیارداین، بۆیه‌ به‌ته‌ئکیدى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم تا 31ى 12ى 2019 هیچ کێشه‌ى نییه‌، له‌وه‌ به‌دوا نادیاره‌و هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و حکومه‌ته‌ى له‌عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌م حکومه‌ته‌ى ئێستا به‌سه‌رۆکایه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى تا ئه‌وکاته‌ى بمێنێت ده‌توانێت پڕۆژه‌ى بودجه‌ى 2020 ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى عێراق بکات. حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌و بودجه‌یه‌ى له‌به‌رده‌ستیدایه‌ به‌و مامه‌ڵه‌ نه‌وتیه‌ى ده‌یکات له‌گه‌ڵ داهاتى ناوخۆ وا بکات چاوه‌رێى هاتن و نه‌هاتنى موچه‌ نه‌بێت له‌به‌غداوه ‌هاوڵاتى: گفتوگۆى موقته‌دا سه‌درو هادى عامرى بۆ پێکهێنانى حکومه‌تێکى نوێ گه‌شتووه‌ به‌چى، پێتوایه‌ ده‌توانن ئه‌مان حکومه‌ت پێکبهێنن که‌خاوه‌نى 106 کورسى په‌رله‌مانن؟ رێبوار که‌ریم مه‌حمود: ئه‌وانه‌ هێزى گه‌وره‌ن له‌عێراقداو ده‌توانن حکومه‌ت پێکبهێنن، ئه‌وانیش هێشتا رێکنه‌که‌وتون ئه‌گه‌ر رێکبکه‌ون له‌کاتژمێرێکدا ده‌توانن که‌سێک دیارى بکه‌ن بۆ جێگه‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى. وه‌کو لایه‌نه‌ کوردییه‌کان پاڵپشتى حکومه‌ته‌که‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدیمان کردووه‌ له‌پێناو ئارامیدا، ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ سه‌ره‌کیانه‌ى حکومه‌تیان دروستکردووه‌ نه‌یانه‌وێت و بیگۆڕن لایه‌نه‌ کوردییه‌کان رێگرى ناکه‌ن. ‌هاوڵاتى: دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح هیچ که‌سێکى پێشنیار کردووه‌ بچێته‌ شوێنى عادل عه‌بدولمه‌هدى؟ رێبوار که‌ریم مه‌حمود: دکتۆر به‌رهه‌م ساڵح هیچ که‌سێکى پێشنیار نه‌کردووه‌، ئه‌سڵه‌ن دکتۆر به‌رهه‌م تا لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان رێکنه‌که‌ون هیچ هه‌نگاوێک نانێت. تائێستا باسى به‌دیلى دکتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدى نه‌کراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و لایه‌نانه‌ى حکومه‌تیان پێکهێناوه‌ مه‌به‌ستیانه‌ که‌ ئه‌م حکومه‌ته‌ بمێنێته‌وه‌و ناچن به‌لاى گفتوگۆى به‌دیلدا، ده‌یانه‌وێت عادل عه‌بدولمه‌هدى بمێنێته‌وه‌. ئێستا هاوپه‌یمانى فه‌تح به‌سه‌رۆکایه‌تى هادى عامرى که‌ ده‌وڵه‌تى قانونیان له‌گه‌ڵدایه‌ هێشتا باسى به‌دیلى عادل عه‌بدولمه‌هدیان نه‌کردووه‌. ‌هاوڵاتى: له‌م ته‌نگه‌شه‌ سیاسییه‌ى عێراق حکومه‌تى هه‌رێم چى هه‌نگاوێک بنێت باشه‌ بۆ گره‌نتیکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران؟ رێبوار که‌ریم مه‌حمود: هیوادارم حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌و بودجه‌یه‌ى له‌به‌رده‌ستیدایه‌ به‌و مامه‌ڵه‌ نه‌وتیه‌ى ده‌یکات له‌گه‌ڵ داهاتى ناوخۆ وا بکات چاوه‌رێى هاتن و نه‌هاتنى موچه‌ نه‌بێت له‌به‌غداوه‌، به‌ڵام هێشتا روون نییه‌ حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ ده‌کات، چونکه‌ داهاتووى عێراق هێشتا نادیاره‌، عادل عه‌بدلومه‌هدى بمێنێت یان نه‌مێنێت ناتوانین وه‌ک ئه‌مساڵى 2019 هه‌رێمى کوردستان پاره‌ى بۆ بێت له‌به‌غداوه‌و هیچ نه‌وت و داهاتێک ته‌سلیمى به‌غدا نه‌کرێت، پێوایه‌ ئه‌مه‌ زه‌حمه‌ته‌. ‌هاوڵاتى: نوێنه‌رى حکومه‌تى هه‌رێم باسى ئه‌وه‌ى کردووه‌ حکومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌یه‌ هه‌موو نه‌وته‌که‌ى راده‌ستى به‌غدا بکات ئه‌گه‌ر پشکى حه‌قیقى بدرێته‌ هه‌رێم؟ رێبوار که‌ریم مه‌حمود: گرنگ ئه‌وه‌یه‌ حکومه‌تى هه‌رێم نه‌بێته‌ مایه‌ى بڕینى موچه‌و قوتى هاوڵاتیانى هه‌رێم و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پاشه‌که‌وتى موچه‌، ئیتر گرنگ نییه‌ به‌شێک له‌نه‌وته‌که‌ى ده‌دات به‌به‌غدا یان هه‌مووى یان داهاتى 250 هه‌زار به‌رمیلى پێده‌دات، ئه‌وه‌ کێشه‌ى ئیداریی حکومه‌تى هه‌رێمه‌، ئێمه‌ وه‌ک نوێنه‌رانى کورد له‌به‌غدا کێشه‌ى گه‌وره‌ لاى ئێمه‌ پرسى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایانى هه‌رێمى کوردستانه‌، موچه‌ نابێت ببڕدرێت، هه‌ر لایه‌ن و که‌سێک بیه‌وێت بیبڕێت وه‌ک نوێنه‌رانى کورد له‌به‌غدا لێى قبوڵ ناکه‌ین.

کاکەلاو عەبدوڵا شارەزایانی بواری چەکی کیمیاوی لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی  فسفۆری سپی لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر باکوری سوریا فەرامۆش دەکەن بەپاساوی ئەوەی لێکۆڵینەوەکە دەکەوێتە دەرەوەی ناوچەی  کار و چالاکیان.  لێکۆڵەران لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی ڕایانگەیاند کە پشکنین لە نمونەکانی قوربانییەکانی هێرشەکەی مانگی رابردوو ناکەن لە سەرێکانی لەسەر خەڵکی سڤیل بەوپێیەی برینداربوونی فسفۆری سپی بە گەرمی دروست دەبێت نەک ماددەی کیمیاوی.  رێکخراوەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی ڕایگەیاند، "ڕێکخراوەکەمان هەڵنەستاوە بەدەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە پێشهاتە نوێکانی باکوری سوریا، بەزۆری فسفۆری سپی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بۆ دروستکردنی دووکەڵ یان رووناکی بەکاردێت، کاتێک لەبەر ئەم هۆکارانە بەکاردێت، بەکارهێنانەکەی ناچێتە بازنەی چەکی کیمیاوییەوە".  هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئامانج لە بەکارهێنانی فسفۆری سپی بۆ "گەرمییەکەی بووە نەک ماددە کیمیاوییەکان".  لەلایەکی تروە ڕۆژنامەی مۆرنینگ ستاری بەریتانی ئەوەی خستوەتەڕوو کە ئەم هەنگاوەی ڕێکخراوەکە دوای ئەو هەواڵانە دێت کە تورکیا بڕی ٣٠ هەزار یۆریۆی بەخشیوە بە پرۆگرامێکی ڕێکخراوەکە بەناوی "ناوەندی کیمیاوی و تەکنەلۆجی" کە تەنها دوای ڕۆژێک لە هێرشە ئاسمانییەکەی سەرێکانی ئەنجامدراوە و گومانکرا کە تورکیا چەکی کیمیاوی فسفۆری سپی بەکارهێنابێت.  ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕێکخراوەکە پێشتر ڕایگەیاند "ئاگاداری بابەتەکەیە و زانیاری لەسەر کۆدەکاتەوە".  هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات ( هه‌سه‌ده‌) به‌ڵگه‌ى پێویستیان خسته‌ به‌رده‌ست لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو چەکە قەدەغەکراوە لەلایەن سوپای تورکیاوە. لەناوەراستی مانگی رابردوو هەواڵی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لەلایەن تورکیاوە بڵاوبویەوە و محمەد حامیدی تەمەن سیازدە ساڵان بووە بەرباسی ڕۆژنامە جیهانییەکان کە جەستەی بەڕوونی شوێنی سووتاوی پێوە دیار بوو. چەندین  شارەزا باسیان لەوە کردووە ئەو برینانەی بە جەستەی محەمەدەوەیە بەهۆی فسفۆری سپییەوە دروست بووە.  هەیمیش دی بریتۆن، شارەزای بەریتانی لە چەکی کیمیاوی مانگی رابردوو بە ڕۆژنامەی تامیزی ڕاگەیاند کە "برینەکانی محەمەد هاوتایە لەگەڵ بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی".  فسفۆرى سپى تواناى سوتانێکى زۆر به‌هێزى هه‌یه‌ کاتێک له‌گه‌ڵ ئۆکسجین کارلێک ئه‌کات و ناوچه‌یه‌کى فراوان ده‌گرێته‌وه‌ و ده‌نوسێت به‌ هه‌موو شتێکه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌شى مرۆڤ و کوژاندنه‌وه‌ى ئه‌سته‌مه‌ تا به‌ته‌واوى نه‌یسوتێنێت. ته‌نانه‌ت کاریگه‌رى ده‌کاته‌ سه‌ر ئێسک و مۆخ دواتریش ده‌بێته‌ هۆى مردن.  به‌کارهێنانى له‌ جه‌نگدا به‌پێى یاسا نێوده‌ڵه‌تییه‌کان قه‌ده‌غه‌یه‌ ئه‌گه‌ر دژى خه‌ڵکى سڤیل به‌کاربێت. ڕێکخراوی نێودەولەتی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاوی ڕێکخراوێکی فرە حکومییە و دەکەوێتە چوارچێوەی "رێککەوتننامەی چەکی کیمیاوی"یەوە و ١٩٣ وڵات ئەندامن تێیدایە و بنکەی سەرەکی لە هۆڵەندایە.  

  هاوڵاتى رێکخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) لەگەڵ پشتڕاستکردنەوەی کوشتنی خەلەیفەکەی ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی به‌فه‌رمی؛ راشیگه‌یاند «ئه‌بوئیبراهیم هاشم قوره‌یشی» ناوی شوێنگره‌وه‌یەتی لەکاتیکدا کەسێکی نەناسراوەو پێشتر ناوی نەهاتووە. دیاریکردنی کەسێکی نەناسراو لەناو گروپەکە تەنها بۆئەوەیە ریکخراوەکە نیشانی بدات کەتوانای خۆڕێکخستنەوەی هەیە، لەکاتێکدا هەتا پێش کوشتنی بەغدادیش هەندێ راپۆرت باسیان لەدابەشبوونی قووڵ دەکرد لەناو داعشدا، بەتایبەتی لەدیاریکردنی کەسی دووەمی ناو داعش دوای بەغدادی. بەپێی به‌یاننامەیکی داعش که‌ له‌ڕێی تۆماری ده‌نگییه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئاژانسی پڕوپاگه‌نده‌ی داعشه‌وه‌ بڵاوکرایه‌وه‌ لەتویتەر، کەسێکیش بەناوی «ئه‌بو حه‌مزه‌ قوره‌یشی» خوێندیەوە. کەجێگرەوەی بەغدادیان دەستنیشان کردووە لەکاتێکدا ئەو ناوەی باسکرا لە ریزی ئەوانەدا نەبوو کەپێشتر باسدەکران. به‌یاننامه‌که‌ «ئه‌بوئیبراهیم هاشمی قوره‌یشی» وه‌ک شوێنگره‌وه‌ی به‌غدادی راگه‌یاندو کوژرانی وته‌بێژی پێشووی داعش، ئه‌بو حه‌سه‌ن موهاجیریشی پشتڕاستکرده‌وه کەدوو رۆژ دوای کوشتنی بەغدادی لەجڕابلوس کوژرا لەلایەن هیزەکانی ئەمەریکاوە بەهاوکاری هێزەکانی هەسەدە. ئه‌ندامبوون له‌هۆزی قوره‌یشدا -- هه‌مان هۆزی پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د -- وه‌ک مه‌رجێکی پێشوه‌خت داده‌نرێت بۆ بوون به‌سه‌رکرده‌ی داعش. ئەوەش لەکاتێکدایە شوێنی قورەیشیەکان سعودیەیە نەک عێراق. به‌غدادی، که‌ له‌ 2014ه‌وه‌ سه‌رکردایه‌تی داعشی ده‌کردو داواکراوترین پیاوی جیهان بوو، له‌ئۆپه‌راسیۆنێکی هێزه‌ تایبه‌ته‌کانی ئه‌مریکادا یه‌کشه‌ممه‌ خۆی ته‌قانده‌وه‌ له‌حه‌شارگه‌که‌ی له‌گوندی باریشا له‌پارێزگای ئیدلیبی سوریا. به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌ حه‌وت خوله‌کییه‌که‌، لیژنه‌ی یاسایی و راوێژکاریی گروپه‌که‌ دوای کوژرانی سه‌رکرده‌ 48 ساڵه‌که‌ی داعش کۆبوونه‌ته‌وه‌و رازیبوون جێگره‌وه‌یه‌ک دابنێن. دیاریکردنى که‌سێکى نه‌ناسراو له‌ناو گروپه‌که‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه‌ ڕێکخراوه‌که‌ نیشانى بدات که‌تواناى خۆ ڕێکخستنه‌وه‌ى هه‌یه‌   زانیارییه‌کی زۆر که‌م هه‌یه‌ ده‌رباره‌ی هاشمی، که‌ ته‌نها ناوه‌که‌ی ئاماژه‌ی پێکرا وه‌ک جێگره‌وه‌ی گونجاوی داعش له‌م چه‌ندساڵه‌ی دواییدا، ته‌نانه‌ت کاتێکیش مه‌زه‌نده‌کان له‌م چه‌ند هه‌فته‌یه‌ی رابردوودا چڕبوونه‌وه‌. هیشام هاشمی شاره‌زای بواری رێکخراو داعش بە فڕانس پرێسی وت «شتێکی ئه‌وتۆ ده‌رباره‌ی هاشمی نازانین جگه‌له‌وه‌ی حاکمێکی بڕیارده‌ری داعشه‌و سه‌رۆکایه‌تی لیژنه‌ی ‹شه‌ریعه‌‹ ده‌کات.» شاره‌زایان ده‌ڵێن پێده‌چێت ئه‌مه‌ نازناو بێت، هه‌روه‌ها ده‌شڵێن کوژرانی به‌غدادی ده‌بێته‌هۆی لێکترازانی گروپه‌که‌، سه‌رباری ناوهێنانی جێگره‌وه‌یه‌ک. دوای ئه‌وه‌ی داعش له‌مانگی ئازاردا ئه‌و ناوچه‌ که‌مه‌ی له‌ده‌ستدا که‌ له‌گوندی دووره‌ده‌ستی باغۆزی سوریا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا بوو، گروپه‌که‌ کاره‌کانی کرد به‌نهێنی و شێوازه‌که‌ی گۆڕی. شرۆڤه‌کاران ده‌ڵێن داعش په‌یکه‌ره‌یه‌کی ئاسۆیی هه‌یه‌، بۆیه‌ کاریگه‌ریی هێرشێکی به‌زه‌بر ره‌نگه‌ زیاتر سیمبۆلی بێت وه‌ک له‌پراکتیکی. یه‌حیا محه‌مه‌د عه‌لی، شاره‌زا له‌بواری گروپه‌ تیرۆریستییه‌کاندا، وتی ناونانی جێگره‌وه‌یه‌ک بۆ داعش ته‌نها «هه‌وڵێکی ناکامانه‌یه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی کاریگه‌ری دوای زنجیره‌یه‌ک له‌ده‌ستدانه‌کان که‌تووشی هات، به‌کوژرانی سه‌رکرده‌که‌شی گه‌یشته‌ ترۆپک.» راگه‌یاندنی دەستنیشانکردنی جێگرەوە؛ یه‌که‌مین راگه‌یاندنی داعشه‌ له‌دوای کوژرانی به‌غدادییه‌وه‌. عه‌لی وتی جێگره‌وه‌که‌ی به‌غدادی که‌سایه‌تییه‌کی نه‌ناسراوه‌ له‌میدیادا. وتیشی پێناچێت ئه‌مه‌ یه‌کێک بێت له‌و ناوانه‌ی له‌مه‌زه‌نده‌کردنه‌کانی ئه‌مدواییانه‌ ده‌هێنران. له‌و ناوانه‌ی پێشتر هاتوون، بریتین له‌ ئه‌بو ساڵح جه‌زراوی، ئه‌بو عوسمان تونسی و عه‌بدوڵا قه‌رداش که‌ نازناوه‌که‌ی «پڕۆفیسۆر»ه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێک راپۆرتی هه‌واڵگری ده‌ریده‌خه‌ن که‌ قه‌رداش له‌ 2017 کوژراوه‌. بەچەند هەفتەیەک پیش کوشتنی  ئه‌بوبه‌کر به‌غدادی، هه‌ندێک له‌ راپۆرت له‌سه‌ر ئینته‌رنێت بڵاوکراونه‌ته‌وه‌ کەداعش جێگرێکی بۆ ئەوبەکر بەغدادی دەستنیشیانکردوە. ئەوەش ئاماژه‌ بوو بەبوونی گێژاوو دابه‌شبوون‌ له‌ناو گروپه‌که‌دا. یه‌که‌م راپۆرت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی به‌غدادی جێگره‌وه‌ی خۆی ده‌ستنیشانکردووه‌، رۆژی 8ی ئه‌یلول له‌ڕاگه‌یندراوێکی ئاژانسی پڕوپاگه‌نده‌ی داعشدا، ئه‌عماق، باسکرا. به‌ڵام راپۆرته‌کانی دواتر گومانیان خسته‌سه‌ر راست و دروستیی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌ کردبوو که‌هه‌واڵه‌که‌ له‌و که‌ناڵه‌ میدیاییانه‌دا بڵاونه‌کراونه‌ته‌وه‌ که‌ به‌وه‌ ناسراون بابه‌ته‌کانی داعش\ئه‌عماق بڵاوده‌که‌نه‌وه‌. ئایا ده‌بێت به‌غدادی کێی هه‌ڵبژاردبێت؟ هه‌روه‌ها بۆچی ره‌نگه‌ ئه‌و بژارده‌یه‌ جێی مشتومڕ بێت؟ به‌گوێره‌ی راگه‌یاندراوه‌که‌ی یه‌که‌م، به‌غدادی هاوڵاتی عێراقی و که‌سایه‌تی باڵای داعش ئه‌بوعه‌بدوڵا قه‌ره‌داشی وه‌ک جێگره‌وه‌ی خۆی ده‌ستنیشانکردووه‌. میدیای عه‌ره‌بی و عێراقیش هه‌مان ناویان هێنابوو کاتێک له‌ راپۆرته‌کانی پێشوودا ئاماژه‌یان به‌وه‌دابوو که‌سه‌رکرده‌ی ده‌ستگیرکراوی داعش ئه‌بوزه‌ید عێراقی، ناوی قه‌رداشی وه‌ک ئه‌گه‌رێک بۆ جێگرتنه‌وه‌ی به‌غدادی هێناوه‌. ئاماژه‌دان به‌ناوی قه‌رداش لەوکاتەدا نیشانه‌ی بوونی دابه‌شبوونی قووڵی ‌ناو گروپه‌که‌ بوو. قه‌ر‌داش، که‌ بنه‌چه‌که‌ی تورکومانیه‌، جێی سه‌رسوڕمانه‌ له‌کاتێکدا گروپه‌که‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌باوانی به‌غدادی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ «قوڕه‌یشی»، نه‌وه‌کانی ئه‌و تیره‌یه‌ی که‌ ده‌چنه‌وه‌ سه‌ر‌ په‌یامبه‌ر محه‌مه‌د. چەند هەفتەیەک لەمەوبەر هه‌ندێک راپۆرت ئاماژەیان بەوکرد‌ که‌ته‌ندرووستی به‌غدادی له‌خراپبووندایه‌و شه‌ڕی ناوخۆ گێژاوی له‌ناو گرووپه‌که‌دا درووستکردووه‌، که‌ تیایدا هاوڵاتییه‌ بیانیه‌کان، به‌تایبه‌تی تونسیه‌کان، هه‌وڵی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یان داوه‌ دژی ئه‌و.

‌هاوڵاتى داواکانى گۆڕینى سیسته‌مى سیاسی له‌عێراق له‌په‌رله‌مانییه‌وه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تیی کوردى ترساندووه‌، به‌وپێیه‌ى گۆرینى ئه‌و سیسته‌مه‌ رێگه‌خۆشده‌کات بۆ «به‌ئامانج گرتنى» حکومه‌ت و قه‌واره‌ى فیدراڵى هه‌رێمى کوردستان. له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامى خۆپیشاندانه‌کانى عێراق و پێکهێنانى لیژنه‌یه‌ک له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ بۆ گۆرینى ده‌ستور، داواکان بۆ گۆڕینى سیسته‌مى سیاسی له‌زیادبووندایه‌، به‌تایبه‌تى له‌لاى به‌شێک له‌لایه‌نه‌ شیعییه‌کان و ده‌ڵێن سیسته‌مى په‌رله‌مانى شکستیهێناوه‌. سیسته‌مى په‌رله‌مانى له‌ده‌ستورى عێراقدا چه‌سپێنراوه‌ که‌ساڵى 2005 له‌ ریفراندۆمێکى گشتیدا خه‌ڵک په‌سه‌ندیکرد، به‌ڵام ئێستاو دواى 14 ساڵ له‌په‌سه‌ندکردنى ده‌ستوره‌که‌، هه‌وڵى هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستیپێکردووه‌. کورد که‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ به‌ گره‌نتى بۆخۆى و مافه‌کانى داده‌نێت له‌عێراقداو به‌شدارى کارای له‌نووسینه‌وه‌یدا کرد، هه‌ر له‌ئێستاوه‌ ده‌ستیکردووه‌ به‌هۆشداریدان له‌باره‌ى هه‌موارکردنى ده‌ستوره‌وه‌ و جه‌ختده‌کاته‌وه‌ که‌ نابێت مافه‌کانى به‌ئامانج بگیرێت. مه‌یاده‌ نه‌جاڕ په‌رله‌مانتارى فراکسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى عێراق به‌ هاوڵاتى راگه‌یاند، سیسته‌مى سه‌رۆکایه‌تى بۆ وڵاتێکى وه‌کو عێراق که‌خاوه‌نى چه‌ندین پێکهاته‌ى جیاجیایه‌ نه‌گونجاوه‌، باشترین سیسته‌م بۆ عێراق سیسته‌مى په‌رله‌مانییه‌ که‌ هه‌موو پێکهاته‌کان خۆیان تێیدا ده‌بیننه‌وه‌. وتیشى «ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه‌ بێته‌ په‌رله‌مان، تاوتوێی ده‌که‌ین، ئه‌گه‌ر بزانین له‌گه‌ڵ خواست و مافه‌کانى کورد یه‌کناگرێته‌وه‌ دژى ده‌وه‌ستینه‌وه‌و هه‌موو هه‌وڵى خۆمان ده‌ده‌ین بۆ پاراستنى مافه‌کانى کورد». مه‌یاده‌ نه‌جاڕ پێیوایه‌، داواکارى گۆڕینى سیسته‌مى په‌رله‌مانى بۆ سه‌رۆکایه‌تى داواکارى خۆپیشانده‌ران نییه‌، به‌ڵکو داواکارى به‌شێک له‌حزبه‌کانه‌، که‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان تێدا هه‌یه‌ بۆیه‌ هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌ن. تائێستا به‌شى زۆرى لایه‌نه‌ عێراقییه‌کان جگه‌ له‌چه‌ند لایه‌نێکى که‌م نه‌بێت هه‌ڵوێستى خۆیان له‌باره‌ى گۆڕینى سیسته‌مى په‌رله‌مانى بۆ سه‌رۆکایه‌تى رانه‌گه‌یاندووه‌، ئه‌و لایه‌نانه‌ى که‌ هه‌ڵوێستیان ئاشکراکردووه‌ هه‌ریه‌که‌ له‌ ره‌وتى سه‌درى موقته‌دا سه‌درو فه‌تحى هادى عامرین. هادى عامرى سه‌رۆکى هاوپه‌یمانى فه‌تحى شیعى شه‌وى هه‌ینى له‌په‌یامێکدا رایگه‌یاند، سیسته‌مى سه‌رۆکایه‌تى شکستى خۆى سه‌لماندووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ کاربکه‌ن بۆ گۆڕینى بۆ سیسته‌مێکى دیکه‌. هه‌رێمى کوردستان سووره‌ له‌سه‌ر ره‌تکردنه‌وه‌ى هه‌ر گۆڕانکارییه‌ک له‌ده‌ستوردا که‌قه‌واره‌ فیدراڵییه‌که‌ى به‌ئامانج بگرێت. حکومه‌تى هه‌رێم کۆتایی مانگى رابردوو له‌به‌یاننامه‌یه‌کدا رایگه‌یاند، رێگه‌ ناده‌ن هیچ گۆڕانکارییه‌ک له‌ده‌ستوورى عێراق رووبدات که‌دژى ماف و خواسته‌کانى خه‌ڵکى کوردستان و قه‌واره‌ى فیدراڵى هه‌رێمى کوردستان بێت. جه‌مال کۆچه‌ر ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌فراکسیۆنى یه‌کگرتوو پێیوایه‌، پرسی گۆڕینى ده‌ستورو سیسته‌مى په‌رله‌مانى سه‌رناگرێت، چونکه‌ پێکهاته‌ جیاجیاکان و لایه‌نه‌کان له‌سه‌رى رێکناکه‌ون و قورسه‌ بگه‌نه‌ ئه‌نجام له‌و باره‌یه‌وه‌. هه‌روه‌ها بۆ هاوڵاتى وتیشى «سیسته‌مى سه‌رۆکایه‌تى مه‌ترسی زۆره‌ بۆ کورد، چونکه‌ له‌سیسته‌مى سه‌رۆکایه‌تیدا حکومه‌تى فیدراڵى و هه‌رێمه‌کان بوونیان نییه‌و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ مه‌رکه‌زى ده‌بێت». باسى له‌وه‌شکرد، هه‌روه‌ها له‌و سیسته‌مه‌دا رۆڵى په‌رله‌مان که‌مده‌کرێته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاته‌کان ده‌درێنه‌ سه‌رۆک کۆمار، مه‌رجیش نییه‌ ئه‌و پۆسته‌ جارێکى تر بۆ کورد بێت. به‌وته‌ى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌، گۆڕینى سیسته‌مى سیاسی دورکه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌داواى خۆپیشانده‌ران، چونکه‌ داواکارى ئه‌وان نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵی و پشک پشکێنه‌ى حزبى و نه‌بوونى وه‌زیره‌ به‌بازرگان، نه‌ک گۆڕینى سیسته‌مى په‌رله‌مانى. جه‌ختیشیکرده‌وه‌، له‌ئه‌گه‌رێکى له‌و شێوه‌یه‌دا که‌پرسی گۆڕینى سیسته‌مى په‌رله‌مانى بۆ سه‌رۆکایه‌تى بهێنرێته‌ کایه‌وه‌، «کورد دژى ده‌وه‌ستێته‌وه‌، چونکه‌ قه‌واره‌ى هه‌رێم و حکومه‌ت ده‌کاته‌ ئامانج». پرسی گۆڕینى ده‌ستورو گۆڕینى سیسته‌مى سه‌رۆکایه‌تى بۆ په‌رله‌مانى له‌عێراق له‌کاتێکدایه‌، کورد وه‌ک ئه‌و کاته‌ به‌هێز نییه‌ که‌ده‌ستور تێیدا نووسرایه‌وه‌ به‌به‌شدارى دیارترین سه‌رکرده‌ و سیاسه‌تمه‌داره‌کانى، وه‌کو بارزانى و تاڵه‌بانى و نه‌وشیروان مسته‌فا. ده‌بێت کورد پرسى هه‌موارى ده‌ستور و گۆرینى سیستمى سه‌رۆکایه‌تى بۆ په‌رله‌مان به‌ ساده‌ نه‌گرێت و به‌وردى چاودێرى کاره‌کان بکات جه‌مال کۆچه‌ر وتى «ئه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌مه‌ترسییه‌کان، کورد ئێستا زۆر لاوازه‌ له‌به‌غدا به‌راورد به‌کاتى نوسینه‌وه‌ى ده‌ستورو په‌رتوبڵاوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌رى گۆڕانکاریی له‌قازانجى کورد ناشکێته‌وه‌«. کورد ئێستا خاوه‌نى 58 کورسییه‌ له‌په‌رله‌مانى عێراق، سه‌رۆک کۆمارو چه‌ند وه‌زیرێکیش له‌پشکى کوردن، به‌ڵام لایه‌نه‌ کوردییه‌کان تائێستا هیچ هه‌ماهه‌نگییه‌کیان نه‌بووه‌ له‌سه‌ر پرسه‌کان و بگره‌ له‌سه‌ر پۆسته‌کان ناکۆکى قوڵ که‌وتووه‌ته‌ نێوانیانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌نێوان پارتى و یه‌کێتیدا که‌خاوه‌نى دوو گه‌وره‌ترین فراکسیۆنى کوردین له‌په‌رله‌مانى عێراق. به‌ڵام پێده‌چێت پرسی هه‌موارى ده‌ستور تاڕاده‌یه‌ک فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان یه‌کبخات، به‌تایبه‌ت که‌پرسه‌که‌ په‌یوه‌ندى به‌هه‌موارى ده‌ستوره‌وه‌ هه‌یه‌ که‌هه‌موان له‌کاتى نوسینه‌وه‌یدا به‌شداربوون و پێیانوایه‌ مافه‌کانى کوردى تێدا چه‌سپێنراوه‌. به‌هار مه‌حمود ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌فراکسیۆنى گۆڕان به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند، هه‌رچه‌نده‌ تائێستا فراکسیۆنه‌ کوردییه‌کان بۆچونێکى یه‌کگرتوویان له‌و باره‌یه‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌نه‌کردووه‌، به‌ڵام پێده‌چێت له‌م پرسه‌دا هاوڕابن، به‌و پێیه‌ى په‌یوه‌ندى به‌مافه‌کانى کورده‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ده‌ستوردا. وتیشى «ده‌ستوره‌که‌ى ئێستا گره‌نتى زۆرى تێدایه‌ بۆ کورد، مه‌رجیش نییه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ى په‌رله‌مان پێکیهێناوه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بگه‌نه‌ ئه‌نجام». به‌هار مه‌حمود پێیوایه‌، پرسی گۆڕینى ده‌ستورو سیسته‌مى په‌رله‌مانى بۆ سه‌رۆکایه‌تى، له‌ به‌رژه‌وه‌ندى کورد به‌تایبه‌تى و عێراق به‌گشتى نییه‌، چونکه‌ له‌عێراق پێکهاته‌یه‌کى زۆر ده‌ژین و ئاسان نییه‌ له‌سه‌ر هه‌موارکردنه‌وه‌ى رێکبکه‌ون. باسى له‌وه‌شکرد، سیسته‌مى په‌رله‌مانى و ده‌ستورى ئێستا به‌شدارى هه‌موو پێکهاته‌کانى له‌په‌رله‌مان مسۆگه‌ر کردووه‌، به‌وه‌ش پارێزگارى له‌پێکهاته‌ جیاجیاکان کردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سیسته‌مه‌که‌ بگۆڕێت بۆ سه‌رۆکایه‌تى، به‌شدارى پێکهاته‌کان له‌پەر‌له‌مان مه‌ترسی ده‌که‌وێته‌سه‌ر. به‌هار مه‌حمود جه‌ختیکرده‌وه‌، ده‌بێت کورد پرسی هه‌موارى ده‌ستورو گۆڕینى سیسته‌مى سه‌رۆکایه‌تى بۆ په‌رله‌مان به‌ئاسان و ساده‌ نه‌گرێت و به‌وردى چاودێرى کاره‌کان بکات له‌و باره‌یه‌وه‌. ئه‌گه‌ر ده‌ستور بگۆڕدرێت، ده‌بێته‌ یه‌که‌م هه‌موارکردنه‌وه‌ى له‌دواى په‌سه‌ندکردنییه‌وه‌ له‌ساڵى 2005، به‌ڵام دیار نییه‌ پڕۆسه‌که‌ سه‌رده‌گرێت یاخود نا. بۆ هەموارکردنەوەی دەستور، سەرۆک کۆمار داوایکردووە ئەنجومەنێکی نیشتیمانی بەسەرپەرشتی خۆی پێکبهێنرێت کەنوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانی تێدابێت، هه‌روه‌ها په‌رله‌مان لیژنه‌یه‌کى له‌و باره‌یه‌وه‌ پێکهێناوه‌. دەستوری عێراق بەیەکەم بەڵگەنامەی یاسایی دادەنرێت کە لەلایەن ئەنجومەنێکی هەڵبژێردراو لەدەنگدانێکی گشتیدا پەسەندکرا لەساڵی 1924ەوە، ئەوەش بەخاڵێکی وەرچەرخان دانرا لەعێراق و گۆڕینی دەسەڵاتێکی ناوەندی، بۆ حکومەتێکی دەستوری و نوێنەرایەتی و گەڕانەوەی سەروەری بۆ ئەو وڵاتە. دەستوری عێراق کە لە 144 ماددە پێکهاتووە. لەلایەن 78%ی دەنگدەرانی عێراقەوە دەنگی پێدرا، تائێستا چەند جارێک پرسی هەموارکردنەوەی خراوەتەڕوو بەڵام هێشتا هیچ هەوڵێکیان سەرینەگرتووە.