شاناز حه‌سه‌ن چالاکوانان و رێکخراوه‌کانى ژنان ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن که‌مکردنه‌وه‌ى توندوتیژى له‌به‌رامبه‌ر ژنان کارى رێکخراوه‌کانى ژنان نییه، به‌ڵکو به‌ئه‌رکى حکومه‌تى هه‌رێمى داده‌نێن. وه‌زاره‌تى کار‌و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان رایگه‌یاند:» تائێستا له‌زۆر شوێن و بواردا ژنان سه‌رزه‌نشت و ژێرچه‌پۆک ده‌کرێن و به‌بیانوى شه‌ره‌ف و ناوزڕاندنه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌کرێت و زۆرجار وه‌ک کاڵا مامه‌ڵه‌یان پێوه ده‌کرێت». له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا، وه‌زاره‌تى کار‌و کاروبارى کۆمه‌ڵایه‌تى حکومه‌تى هه‌رێم رایگه‌یاند، زیاتر له‌سه‌ده‌یه‌که خه‌ڵکى له‌هه‌موو شوێنێکى جیهان، یادى رۆژى جیهانى ئافره‌تان ده‌که‌نه‌وه« تائێستا له‌زۆر شوێن و بواردا ژنان سه‌رزه‌نشت و ژێرچه‌پۆک ده‌کرێن و به‌بیانوى شه‌ره‌ف و ناوزڕاندنه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌کرێت و دورده‌خرێنه‌وه به‌بیانوى دابونه‌ریتى کۆمه‌ڵایه‌تى و په‌راوێزده‌خرێن، زۆرجار وه‌ک کاڵا مامه‌ڵه‌یان پێوه ده‌کرێت». وه‌زیرێکى حکومه‌تى هه‌رێم: مافى ژنان ته‌نیا به‌ده‌ستهێنانى پۆست نیه ئه‌مه‌ل جه‌لال، سه‌رۆکى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت»له‌م کابینه‌یه به‌شدارى ژن زۆر زیاتره، به‌ڵام به‌دیهێنانى مافه‌کانى ژنان ته‌نیا خۆى له‌به‌ده‌ستهێنانى پۆست و به‌شداریکردنى ژن نیه، به‌ڵکو هه‌موو ئەو به‌رنامه‌و پرۆگرامانه‌ى له‌بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن قسه‌ى له‌سه‌رده‌کرێت پێویسته به‌کردارى هه‌نگاوى بۆ بنرێت». ناوبراو باسى له‌وه‌شکرد له‌کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمدا سێ پۆستى وزارى و سێ پۆستى بریکار وه‌زیرو ژماره‌یه‌ک راوێژکار و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى به‌ر ژنان که‌وتووه. ئه‌مه‌ل جه‌لال پێشیوابوو بۆ پاراستنى ژنان و سه‌قامگیربوونى ئاسایشى کۆمه‌ڵایه‌تى و خێزانى و پاراستنى ماف و ئازادییه‌کانى ژنان پێویست ده‌کات باس له‌یه‌کسانى بکه‌ن، وتیشى:»ئه‌و ژنانه‌ى ده‌گه‌نه به‌رپرسیارێتى ده‌بێت بڕوایان به‌ئه‌وه هه‌بێت گه‌یشتنى ئه‌وان به‌رپرسیاریه‌تیه‌کە قورس‌تر ده‌کات به‌رامبه‌ر به‌پیاوان، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن گۆڕانکارى ریشه‌یى بکه‌ن و ژینگه‌ى کوردستان پاکبکرێته‌وه له‌توندوتیژى به‌رامبه‌ر ژنان». له‌په‌رله‌مانى کوردستان ژنان سه‌رۆک و جێگرى دووه‌م و له‌سه‌دا 30% زیاترى په‌رله‌مان پێکده‌هێنن، لایه‌نه‌کانیش پابه‌ندکراون که له‌هه‌ر چوار کورسى په‌رله‌مان ده‌بێت که‌سێکیان له‌ژنان بێت. شادى نه‌وزاد، ئه‌ندامى لیژنه‌ى مافى ژنان له‌په‌رله‌مانى کوردستان، له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى، ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو کۆمه‌ڵێک کێشه‌ى زۆریان هه‌یه له‌ڕووى یاساییه‌وه‌و پێوستیان به‌هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاسا‌و ده‌رچواندنى یاساى نوێ هه‌یه تا له‌و رێگه‌یه‌وه رێگرى له‌توندوتیژییه‌کان بکرێت. هه‌روه‌ها وتیشى:» له‌ناو په‌رله‌ماندا کارده‌که‌ین هه‌ر یاسایه‌ک ره‌هه‌ندێکى جێنده‌رى هه‌بێت لیژنه‌ى داکۆکى کردن له‌مافى مرۆڤ ئه‌ندام بێت تیایدا تابتوانین له‌ڕووى یاساییه‌وه بنه‌مایه‌کى پته‌و دابنێین له‌ڕووى جیاوازى جێنده‌ریه‌وه‌و یه‌کسانى جێنده‌رى بپارێزرێت». ئه‌مڕۆ دووشه‌مه 8ى ئازار/مارس، په‌رله‌مانى کوردستان دانیشتنى ئاسایى خۆى به‌ڕێوه‌ده‌بات و لیژنه‌ى مافى ئافره‌تان یاداشتێکى ده‌بێت له‌سه‌ر سه‌ردانه‌کانیان بۆ له‌نزیکه‌وه ئاگاداربوون له‌که‌یس و بارودۆخى ژنان له رێکخراوه‌کان. له‌ئێستادا له‌هه‌رێمى کوردستان زیاتر له (100) رێکخراوى داکۆکیکردن له‌ژنان بوونیان هه‌یه‌و به‌رده‌وام رێژه‌ى توندوتیژییه‌کان به‌رانبه‌ریان زیاد ده‌بێت. چالاکوانێکى رێکخراوه‌کانى ژنان و راوێژکارى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق بۆ کاروبارى ژنان ده‌ڵێت:»رێکخراوه‌کان ته‌نیا کاریان گه‌یاندنى خزمه‌تگوزارییه‌و ئه‌رکیان که‌مکردنه‌وه‌ى توندوتیژییه‌کان نییه«. خانم ره‌حیم، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:» کوردستان به‌و حوکمه‌ى که‌سایه‌تى و رێکخراوه‌کان یاسای باشمان هه‌یه، به‌ڵام له‌ده‌رچوونیه‌وه تائێستا کێشه له‌جێبه‌جێکردنیاندایه، بۆیه که‌مکردنه‌وه‌ى توندوتیژى به‌رامبه‌ر ژنان کارى رێکخراوه‌کان نیه، به‌ڵکو کارى حکومه‌ت و داموده‌زگاکانه‌و رێکخراوه‌کان ته‌نیا کارى گه‌یاندنى خزمه‌تگوزارییه«. له‌باره‌ى رۆژى 8ى مارسه‌وه، خانم ره‌حیم باسى له‌وه‌کرد هه‌موو رۆژه‌کان ته‌نیا ره‌مزین بۆ گڕوتیندان به‌و هه‌وڵانه‌ى که‌هه‌یه بۆ رێزگرتن له‌خه‌باته‌کان و په‌یمان تازه کردنه‌وه‌و وشیارکردنه‌وه‌ى خه‌ڵکانه له‌مافه‌کانى مرۆڤ و ژنان. ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که به‌شدارى ژنان، په‌یوه‌ندى به‌که‌ڵچه‌رى پیاوسالارییه‌وه هه‌یه که‌ژنان ئه‌و پێگه‌یه‌یان پێ نه‌دراوه‌و پێیانوایه زیاتر پێویسته له‌ماڵه‌وه بێت «به‌شدارى ژنان زۆر گرنگه له‌کایه سیاسییه‌کاندا، به‌ڵام ئایا ئیراده‌ى سیاسى هه‌یه که‌ژنان به‌ڕاستى کاربکه‌ن». سکرتێرى یه‌کێتى پیاوان له رۆژى 8ى مارسدا ده‌ڵێت:» توندوتیژییه‌کان به‌رامبه‌ر پیاوان به‌رده‌وام له‌زیادبووندایه بورهان عه‌لى، سکرتێرى یه‌کێتى پیاوان، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» له‌گه‌ڵ زۆربوونى داواکارى خێزان و به‌ره‌وپێشچوونى کۆمه‌ڵگه توندوتیژییه‌کان به‌رامبه‌ر پیاوان زیاده‌کات، چونکه پیاوان دووجار توندوتیژییان به‌رامبه‌ر ده‌کرێت، جارێک له‌ده‌ره‌وه له‌کاتى په‌یداکردنى بژێویى بۆ خێزانه‌که‌ى و جارێکیش له‌ماڵه‌وه«. سکرتێرى یه‌کێتى پیاوان پێشیوابوو له‌هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کدا توندوتیژى هه‌یه‌و به‌رامبه‌ر پیاوان و ژنانیش ده‌کرێت، ناڵێم سه‌د له‌سه‌د نیه‌و راست نیه، به‌ڵام له‌وانه‌یه به‌و راده‌یه نه‌بێت که باسده‌کرێت. له‌باره‌ى رێکخراوه‌کانى ژنان و کارکردنیانه‌وه سکرتێرى یه‌کێتى پیاوان وتى»هه‌ندێکیان هه‌ڵقوڵدراوى کێشه‌کانى ژنانن و کاریان کردووه، به‌ڵام هه‌ندێکیان ئه‌وه‌نده‌ى بۆ پله‌و پۆست و پاره کاریان کردووه ئه‌وه‌نده بۆ ژنان کارناکه‌ن که‌جه‌وهه‌رى ئیشه‌کانه‌و ئه‌وه‌ندەى وه‌ک نوینه‌رى حزب کارده‌که‌ن، ئه‌وه‌نده وه‌ک توێژى ژنان کارناکه‌ن».
سه‌رکۆ جه‌مال ماوه‌ى چوارساڵه هه‌وڵه‌کان به‌رده‌وامه بۆ کردنه‌وه‌ى لقى بانکى ناوه‌ندى عێراق له‌سلێمانى، به‌ڵام تائێستا شکستیان هێناوه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى بانکى ناوه‌ندى عێراق ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه لقى خۆى بکاته‌وه‌و ته‌نها داواى پارچه زه‌وییه‌کى کردووه. له‌ساڵى 2017 هه‌وڵى چه‌ند په‌رله‌مانتارێکى کورد له‌به‌غدا له‌خولى پێشووى په‌رله‌مان داوا له‌بانکى ناوه‌ندى عێراق کرا لقێکى خۆى له‌پارێزگاى سلێمانى بکاته‌وه، به‌ڵام هه‌وڵه‌کانیان بێده‌نگى لێ‌کرا. له 2019 بانکى ناوه‌ندى عێراق، بڕیاریدا لقى خۆى له‌سلێمانى بکاته‌وه، به‌ڵام به‌وته‌ى په‌رله‌مانتارێک رێگرى ده‌کرێت لقى بانکى ناوه‌ندى له‌سلێمانى بکرێته‌وه. ئه‌ندامێکى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراقیش ده‌ڵێت دواى په‌سه‌ندکردنى بودجه، کردنه‌وه‌ى ئه‌و لقه‌ى بانکى ناوه‌ندى له‌سلێمانى ده‌که‌نه ئه‌وله‌ویه‌تى کاره‌کانیان. ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى عێراق «پارتى دیموکراتى کوردستان تۆمه‌تبار ده‌کات بۆ ئه‌نجامدانى رێگرى و ره‌زامه‌ندنه‌بوون بۆ کردنه‌وه‌ى لقى بانکى ناوه‌ندى له‌سلێمانى. ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌فراکسیۆنى کۆمه‌ڵى دادگه‌رى له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:»له‌خولى پێشووى په‌رله‌مانى عێراقه‌وه سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ین که لقێکى بانکى ناوه‌ندى له‌سلێمانى بکرێته‌وه، کاتى خۆى سێ لقى هه‌بووه، به‌سڕه‌و موسڵ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌غدا، به‌ڵام هه‌ولێر و سلێمانى له‌به‌ر دووئیداره‌یى بڕیاردراوه که لقێکى دیکه‌ش بکرێته‌وه«. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد به‌پێى یاساى دارایى هه‌رێم ده‌بێت هه‌ر لقێک هه‌بێت له‌ژێر چاودێریى هه‌رێمدا بێت، وتیشى:»به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کمان ده‌ستکه‌وت که‌جێگرى سه‌رۆک وه‌زیرانى ئه‌وکاتى عێراق، که له‌پشکى پارتی بوو داواى کردبوو ته‌نها یه‌ک لقى بانکى ناوه‌ندى بکرێته‌وه ئه‌ویش له‌هه‌ولێر بێت». په‌رله‌مانتاره‌که‌ى کۆمه‌ڵ باسى له‌وه‌شکرد له 2017 ه‌وه داوایان کردووه لقى سلێمانى بانکى ناوه‌ندى بکرێته‌وه، له‌گه‌ڵ پارێزگارى پێشووى بانکى ناوه‌ندى دانیشتنیان ئه‌نجامداوه‌و پێى راگه‌یاندوون که ته‌نها ره‌زامه‌ندییه‌کى حکومه‌تى هه‌رێمى بۆ ببه‌ن، دیاربوو له‌هه‌ولێر زه‌وى بۆ ته‌رخانکرابوو، له‌سلێمانى هیچ که‌سێک ئاماده‌نه‌بوو زه‌وى بۆ ته‌رخان بکات. ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که نووسینگه‌ى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیان ئاگادار کردووه‌ته‌وه، به‌ڵام وه‌ڵامێکى ئه‌وتۆیان نه‌داونه‌ته‌وه. «پێش ئه‌وه‌ى سه‌رۆکى بانکى ناوه‌ندى لابچێت له‌گه‌ڵ چه‌ند په‌رله‌مانتارێکى دیکه نووسراومان ئاڕاسته کرد، به‌ڵام تاحکومه‌تى هه‌رێم ره‌زامه‌ندیى نیشان نه‌دات لقى ئه‌و بانکه له‌سلێمانى ناکرێته‌وه، له‌ڕێگه‌ى پۆست و نامه‌شه‌وه قوباد تاڵه‌بانى ئاگادار کرایه‌وه، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامى نه‌بوو». ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید واى وت. په‌رله‌مانتارێکى یه‌کێتى ده‌ڵێت:»یه‌که‌م کاریان دواى په‌سه‌ند کردنى بودجه کردنه‌وه‌ى لقى سلێمانى بانکى ناوه‌ندى ده‌بێت له‌سلێمانى». شیروان میرزا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت: »پێشتر چه‌ند جارێک داوامان له‌پارێزگارى بانکى ناوه‌ندى کردووه بۆ کردنه‌وه‌ى لقى بانکى ناوه‌ندى عێراق له‌سلێمانی، به‌ڵام داواى ره‌زامه‌ندى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانى ده‌کرد، به‌ڵام ئێستا پارێزگارى بانکى ناوه‌ندى گۆڕدراوه، دوایین جار داوام لێکرده‌وه، به‌نیازین دواى په‌سه‌ندکردنى بودجه‌ى عێراق له‌سه‌ر ئه‌و پرسه قسه بکه‌ینه‌وه‌و بانکى ناوه‌ندى چى بووێت کارى له‌سه‌ر ده‌که‌ین». ناوبراو ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که مه‌به‌ستیانه لقى بانکى ناوه‌ندى له‌سلێمانى بکرێته‌وه، چونکه ئه‌وه زۆر گرنگه‌و ده‌بێته هۆى گه‌رمکردنى که‌رتى بانکى له‌سلێمانی و کۆمپانیاو ئه‌و شوێنانه‌ى کاریان به بانک ده‌بێت ناچار نین بچنه هه‌ولێر یاخود به‌غدا بۆ راییکردنى کاره‌کانیان. شیروان میرزا باسى له‌وه‌شکرد دواى ئه‌وه‌ى که‌پرۆژه بودجه‌ى 2021 په‌سه‌ند کرا، یه‌کێک له‌ئه‌وله‌ویاتى کاره‌کانیان ئه‌وه ده‌بێت له‌گه‌ڵ پارێزگارى بانکى ناوه‌ندى عێراق، له‌ڕووى یاساییه‌وه چى پێویست بێت جێبه‌جێى ده‌که‌ین و هه‌وڵده‌ده‌ین ئاسته‌نگه‌کانى به‌رده‌مى نه‌هێڵین تا ئه‌و لقه له‌سلێمانى بکرێته‌وه. پرۆژه بودجه‌ى 2021ى عێراق تائێستا له‌په‌رله‌مانى عێراق گفتوگۆى له‌سه‌ر نه‌کراوه‌و چاوه‌ڕوان ده‌کرێت هه‌فته‌ى ئاینده دواى په‌سه‌ندکردنى پرۆژه یاساى دادگاى فیدراڵى که‌ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه دانیشتنى له‌سه‌ر ده‌کرێت تا په‌سه‌ند بکرێت، بودجه دواتر یه‌کلاده‌کرێته‌وه. ئه‌ندامێکى په‌رله‌مانى عێراق پێیوایه حکومه‌تى هه‌رێم نایه‌وێت لقى بانکى ناوه‌ندى له‌سلێمانى بکرێته‌وه. موسه‌ننا ئه‌مین، ئه‌ندامى کورد له‌په‌رله‌مانى عێراق، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت: »حکومه‌تى هه‌رێم ده‌یه‌وێت هه‌موو شته‌کان له‌هه‌ولێر کۆبکاته‌وه، وا خه‌ریکه فه‌رمانگه‌ى راساندنى باڵیۆزخانه‌و کونسوڵخانه‌کان که لقێکى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراقه له‌سلێمانی، ئه‌ویش ده‌مرێنێت، بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵک بۆ هه‌موو شتێک بچێته‌وه بۆ هه‌ولێر». هاوڵاتى بۆ وه‌رگرتنى راى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، په‌یوه‌ندى به جوتیار عادل وته‌بێژى حکومه‌تى هه‌رێم و ئامانج ره‌حیم سکرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌وه کرد، به‌ڵام په‌یوه‌ندییه‌که به‌رده‌ست نه‌بوو، هه‌روه‌ها بۆ وه‌رگرتنى راى پارتى دیموکراتى کوردستان په‌یوه‌ندى به مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژى ئه‌و حزبه‌وه کرد، به‌ڵام ئه‌ویش به‌رده‌ست نه‌بوو. وته‌بێژى بازاڕى دۆلاره‌که‌ى سلێمانى ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو که ئاڵوگۆڕى دراو مۆنۆپۆڵکراوه به‌هۆى نه‌بوونى لقى بانکى ناوه‌ندى له‌سلێمانى. جه‌بار گۆران وته‌بێژى بازاڕى دۆلاره‌که‌ى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:»ئه‌گه‌ر لقى بانکى ناوه‌ندى له‌سلێمانى بکرێته‌وه بۆ پاڵپشتى بازاڕ زۆر گرنگه، جموجوڵى بازاڕ دروستده‌کات، هه‌رێمى کوردستان زیاتر له‌ڕێگه‌ى ئاڕتى بانکه‌وه دۆلار ده‌خاته‌ڕوو». هه‌روه‌ها جه‌بار گۆران جه‌خت له‌وه‌ده‌کاته‌وه کردنه‌وه‌ى لقى بانکى ناوه‌ندى له‌سلێمانى جموجوڵ ده‌خاته بازاڕه‌وه، به‌ڵام باس له‌وه‌شده‌کات به‌مه‌رجێک هه‌موو کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو‌و حه‌واڵه‌کردن که نزیکى (350) کۆمپانیان، هه‌موویان له‌ڕێگه‌ى ئه‌و بانکه‌وه ته‌مویل بکرێن». وته‌بێژى بازاڕى دۆلاره‌که‌ى سلێمانى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو:»له‌کۆى (350) نووسینگه و کۆمپانیاى ئاڵوگۆڕى دراو‌و حه‌واڵه‌کردن، ته‌نها چه‌ند کۆمپانیایه‌کى دیاریکراو پشکیان هه‌یه له‌وه‌ى پاره له‌و بانکه وه‌ربگرن، که ئه‌مه‌ش مۆنۆپۆڵکردنى دراوه، هه‌روه‌ها له‌نێوانى نرخى فه‌رمى و نافه‌رمیدا هه‌میشه هه‌زار بۆ دوو هه‌زار دینارى عێراقى جیاوازى هه‌یه، له‌لایه‌ن چه‌ند کۆمپانیایه‌که‌وه قۆرغکارى تێدا کرابوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لقى بانکى ناوه‌ندى له‌سلێمانى بکرێته‌وه پێشبینى ده‌که‌ین دۆخه‌که زۆر باشتر ببێت». شاره‌زایه‌کى سیستمى بانکى ده‌ڵێت کردنه‌وه‌ى لقى سلێمانى بانکى ناوه‌ندى متمانه دروستده‌کات له‌ڕووى داراییه‌وه. بیلال ره‌ئوف، مامۆستاى زانکۆ‌و شاره‌زاى ئابووری، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:»له‌باکوورى عێراق ته‌نها له‌موسڵ و هه‌ولێر لقى بانکى ناوه‌ندى بوونى هه‌یه، ئه‌و مامه‌ڵانه‌ى پێویستیان به‌بانکى ناوه‌ندییه رۆڵێکى گرنگ ده‌بینێت، به‌تایبه‌ت له‌بوارى حه‌واڵه«. هه‌روه‌ها پێشیوابوو له‌بوارى ئه‌و پاره‌و بودجه‌یه‌ى حکومه‌تى ناوه‌ندى بۆ سلێمانى ته‌رخانى ده‌کات، بوونى لقى بانکه‌که گرنگى زۆرى ده‌بێت و پاڵپشتێکى به‌هێزه بۆ سیسته‌مى بانکى و لایه‌نى ئابوورى له‌سلێمانی، چونکه« ئه‌گه‌ر لقه‌که بکرێته‌وه که‌واته ئه‌و بانکه متمانه‌ى زۆرى به‌سلێمانى هه‌یه، له‌ڕووى جوڵه‌ى بازاڕ‌و متمانه‌وه رۆڵى زۆرى ده‌بێت». بانکى ناوه‌ندى عێراق، له‌مانگى شه‌شى 1948ه‌وه دامه‌زراوه، به‌ڵام پێشتر له 1931ه‌وه به‌ناوى ئه‌نجومه‌نى دراوى عێراق له له‌نده‌ن هه‌بووه‌و له‌لایه‌ن به‌ریتانییه‌کانه‌وه سه‌رپه‌رشتى کراوه، به‌ڵام دواى رووخانى رژێمى به‌عس له‌شه‌شى ئادارى 2004 دامه‌زراوه‌ته‌وه. یه‌کێک له‌ئامانجه‌کانى ئه‌وه‌یه بتوانێت به‌هاى دراو له‌عێراق به‌سه‌قامگیرى بهێڵێته‌وه، جگه له‌وه‌ش پاڵپشتى بۆ پرۆژه ئابوورى و کشتوکاڵى و پیشه‌سازییه‌کان دابینده‌کات، باره‌گاى سه‌ره‌کى بانکى ناوه‌ندى عێراق له‌به‌غدایه، جگه له‌به‌غدا له به‌سره‌و موسڵ و هه‌ولێر لقى هه‌یه. تائێستا بانکى ناوه‌ندى عێراق (21) پارێزگارى جیاوازى به‌خۆیه‌وه بینیوه، یه‌که‌م پارێزگارى ئه‌و بانکه سه‌ید تۆفیق سویدى بووه، که له 12/6/1948 تا 14/2/1949 له‌و پۆسته‌دا ماوه‌ته‌وه، پارێزگارى ئێستاى بانکى ناوه‌ندیش سه‌ید مسته‌فا غالب موخیف ئه‌لکتابه.
هاوڵاتى سه‌رۆکى شاره‌وانى سلێمانى رایگه‌یاند:"به‌هۆى پێشکه‌ش نه‌کردنى ده‌سته‌به‌رى بانکیه‌وه پاره‌ى کۆمپانیاکانى پاککه‌ره‌وه دواکه‌وتووه تا گرێبه‌سته‌کان نوێده‌کرێنه‌وه، تیمه‌کانى خۆمان خۆڵ و خاشاک کۆده‌که‌نه‌وه". ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 9ى ئازارى 2021، له‌کۆنگره‌یه‌کى رۆژنامه‌وانیدا، توانا که‌مال سه‌رۆکى شاره‌وانى سلێمانى رایگه‌یاند، ئاماده‌کردن و واژۆکردنى گرێبه‌ستى کۆمپانیاکانى پاککه‌ره‌وه دواکه‌وتووه، به‌ڵام خه‌تاى که‌س نه‌بووه، تا بودجه‌که دابینکراوه، پێویستمان به‌وه‌بوه سێ بۆ چوار مانگ پێویستمان به‌ئاماده‌کردنى گرێبه‌ست و ته‌نده‌ره‌کان هه‌بووه. هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند:"دابینکردنى بودجه‌که دواکه‌وت، کاتێک ته‌نده‌ر و ئیحاله‌مان کرد بۆ رۆژى دواتر به‌پێى رێنماییه‌کان کۆمپانیاکان ده‌ستیان به‌کارکردن کرد، داواى دو جۆر خیتاب زه‌مانیان لێکراوه و کۆمپانیاکانش رێنمایى ته‌نده‌ره‌کانیان بینیوه، ده‌بو زو خیتاب زه‌مانیان ئاماده‌بکردایه و پێشکه‌ش به‌وه‌زاره‌تى شاره‌وانیان بکردایه، ئێمه‌ش ده‌زانین ماندون و پاره‌یان وه‌رنه‌گرتوه که‌سیش نه‌یوتوه پاره‌یان پێ‌نادرێت". توانا که‌مال جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که مه‌رجى سه‌ره‌کى نوێکردنه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌کان و ته‌رخانکردنى پاره بۆ کۆمپانیاکان پێشکه‌شکردنى خیتاب زه‌مانه‌کانه، به‌ڵام به‌شێک له کۆمپانیاکان ئاماده نه‌بون خیتاب زه‌مانه‌که پێشکه‌ش بکه‌ن، وتیشى:" ده‌توانن ئه‌مڕۆ سه‌ردانى وه‌زاره‌ت بکه‌ن و خیتاب زه‌مان پێشکه‌ش بکه‌ن، هه‌فته‌ى داهاتو گرێبه‌سته‌که‌یان بۆ نوێده‌کرێته‌وه و پاره‌یان بۆ خه‌رجده‌کرێت و پاره‌ى پێویستیش ئاماده‌یه، هه‌ر رۆژێک دواکه‌وتن له‌کارى کۆمپانیاکان هه‌بێت، ده‌که‌ونه سزاوه و سزاى خۆى هه‌یه". سه‌رۆکى شاره‌وانى ئاشکراشیکردئه‌وه‌شى روونکرده‌وه که له‌ئه‌مڕۆه‌وه له‌ناو بازار تیم و ئامێره‌کانى خۆیان ده‌ست به‌پاککردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاک ده‌که‌ن.
هێمن حه‌سه‌ن هاوسه‌رۆکى ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ڤگه‌رى جڤاتى دیموکراتیک (ته‌ڤده‌م) ئاماژه به‌وه‌ده‌دات که‌ده‌بێت له رۆژئاڤاى کوردستان یه‌ک ئیداره‌و یه‌ک هێزى سه‌ربازیى هه‌بێت و ده‌شڵێت:» ئه‌زموونى باشورى کوردستان (هه‌رێمى کوردستان) دووباره ناکه‌ینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌مریکا پشتیوانى ئه‌و بۆچوونه‌ى کردووین». غه‌ریب حه‌سۆ هاوسه‌رۆکى ته‌ڤده‌م له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى هاوڵاتى ده‌شڵێت:» تورکیا نایه‌وێت ئه‌نه‌که‌سه له‌ناو یه‌کڕیزیى ماڵى کورددا بێت و بچێته ناو یه‌کڕیزیى کورده‌وه، چونکه به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى تورکیا به‌وه تێکده‌چێت». هه‌روه‌ها هاوسه‌رۆکى ته‌ڤده‌م جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که‌تورکیا په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ روسیا به‌هێزتر ده‌کات به‌و هیوایه‌ى که له‌ڕێى ئه‌وانه‌وه هه‌ندێک ئه‌نجامى ده‌ستبکه‌وێت له‌ناو سوریاداو پێشیوابوو» تورکیا بۆى ده‌رکه‌وتووه له‌ڕێى ئه‌مریکییه‌کانه‌وه ناتوانێت هیچى ده‌ستبکه‌وێت له‌سوریادا». هاوڵاتى: پێتانوایه هاتنى بایدن چى له‌سیاسه‌تى ئه‌و وڵاته له‌سوریا ده‌گۆڕێت؟ غه‌ریب حه‌سۆ: ره‌نگه ئه‌مریکا بگه‌ڕێته‌وه بۆ رێکه‌وتنى (٥+١) که‌تایبه‌ته به‌ڕێکه‌وتنى نه‌وه‌وى ئێران، ئه‌وه‌ش پێویستى به‌سیاسه‌تێکى نه‌رم هه‌یه، له‌و حاڵه‌ته‌شدا ئه‌مریکا پێویستییه‌کى ئه‌وتۆى به‌تورکیا نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا توندبێت به‌رامبه‌ر ئێران ئه‌وا ئه‌وکاته پێویستى به‌تورکیا هه‌یه. پێشتر تره‌مپ سیاسه‌تى به‌رامبه‌ر ئێران توندبوو، بۆ ئه‌وه‌ش پێویستى به‌تورکیا بوو، بۆیه پێیوت من هێزه‌کان له‌باکورى سوریا ده‌کشێنمه‌وه تۆ وه‌ره ناو باکورى سوریا، ئه‌م سیاسه‌ته‌ش ئه‌خلاقى تێدا نه‌مابوو، بۆ دژایه‌تیکردنى ئێران ئیراده‌و دۆستایه‌تى گه‌لى کوردى له‌باکورى سوریا بنپێ کرد. ئێستا ئیداره‌ى ئه‌مریکا چاوه‌ڕوان ده‌کرێت سیاسه‌تێکى نه‌رم به‌رامبه‌ر ئێران په‌یڕه‌وبکات، تورکیاش به‌وه ته‌نگاو بووه، ده‌بێت ئیراده‌ى گه‌لان به‌تێکۆشانى خۆیان به‌ره‌وپێشه‌وه بڕوات، ئه‌مریکا له‌ناو سوریا له‌چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیەتى بوونیان دژى داعش هه‌یه‌و بوونیان له‌سوریا ته‌نیا له‌به‌ر نه‌وت نییه وه‌ک ئه‌وه‌ى تره‌مپ به‌ئاشکرا ده‌یوت، تائێستا سیاسه‌تى ئیداره‌ى نوێى بایدن سه‌باره‌ت به‌سوریاو باکورى رۆژهه‌ڵاتى سوریا روون نییه چۆن ده‌بێت، که ئایا ده‌کشێته‌وه یان نا، ئایا مه‌به‌ستى ته‌نیا نه‌وته یان سیاسه‌تێکى فراوانتره، به‌ڵام به‌بڕواى من ته‌نیا له‌چوارچێوه‌ى نه‌وتدا نامێنێته‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه گۆڕانکارى له‌سیاسه‌تى ئه‌مریکا له‌باکورو رۆژهه‌ڵاتى سوریا ده‌گۆڕێت و به‌ره‌وپێش ده‌چێت. هاوڵاتى: له‌دوای رۆیشتنى تره‌مپ ده‌بینین هاوکارییه سه‌ربازییه‌کان بۆ رۆژئاڤا زیادى کردووه؟ غه‌ریب حه‌سۆ: تره‌مپ که‌سانێکى ئه‌زموندارو شاره‌زاو خاوه‌ن کاریگه‌رى له‌ئیداره‌که‌ى دوورخسته‌وه، له‌وانه جۆن بۆڵتن و برێت مه‌کگۆرک و جۆزیف بۆتیل و که‌سانى دیکه، له‌شوێنى ئه‌وان که‌سانێکى دانا که‌دۆستایه‌تیان له‌گه‌ڵ تورکیا هه‌بوو، ئه‌وه‌ش ده‌ستى تورکیاى ئاواڵاکرد که‌پیشتیوانى له‌تیرۆر بکات. ئێستا که‌ئه‌وانه‌ى تره‌مپ لایبردبوون جارێکى دیکه دێنه‌وه سه‌ر کار به‌تایبه‌ت برێت ماکگۆرک کە تورکیا ناڕازییه، بۆیه تورکیا زیاتر به‌ئیداره‌ى نوێى ئه‌مریکا ته‌نگاو بووه به‌وپێیه‌ى دۆسته‌کانى له‌ئیداره‌ى ئه‌مریکا دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه، له‌به‌رامبه‌ردا تورکیا په‌یوه‌ندییه‌کانى له‌گه‌ڵ رووسیا به‌هێزتر ده‌کات، به‌و هیوایه‌ى که له‌ڕێى ئه‌وانه‌وه هه‌ندێک ئه‌نجامى ده‌ستبکه‌وێت له‌ناو سوریادا، چونکه تورکیا بۆى ده‌رکه‌وتووه له‌ڕێى ئه‌مریکییه‌کانه‌وه ناتوانێت هیچى ده‌ستبکه‌وێت له‌سوریادا. هاوڵاتى: پێشتر تره‌مپ ئاماژه‌ى به‌وه‌کردبوو که‌ئێمه ته‌نیا بۆ نه‌وت له‌سوریا ماوینه‌ته‌وه، به‌ڵام ئیداره‌ى نوێ وتى ئێمه ته‌نیا بۆ نه‌وت له‌سوریا نین؟ غه‌ریب حه‌سۆ: بێگومان بوونى ئه‌مریکا له‌باکورى سوریا ته‌نیا بۆ نه‌وت نییه، به‌ڵکو سیاسه‌ت و ستراتیژى فراوانى خۆى هه‌یه، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئه‌مریکا رۆڵێکى به‌هێزترو کاریگه‌رترى هه‌بێت له‌سوریادا بۆ چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و کێشانه‌ى که‌ساڵانێکه هه‌ن، بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌یه هه‌ندێک سیاسه‌تى نوێ په‌یڕه‌و بکرێن. هاوڵاتى: له‌م ماوه‌یه‌دا ئاڵۆزییه‌ک له‌نێوان رژێمى سوریا‌و هه‌سه‌ده‌و ئاسایشی رۆژئاڤا له‌قامیشلۆ دروست بوو هۆکاره‌که‌ى چى بوو؟ غه‌ریب حه‌سۆ: ئه‌و کێشه‌یه‌ى که له‌قامیشلۆ روویدا له‌ئه‌نجامى رێککه‌وتن بوو که له‌نێوان رژێم و تورکیا هه‌یه، که له‌ساڵى ١٩٩٨ واژۆ کراوه‌و تائه‌مڕۆش جێبه‌جێ ده‌کرێت. رژێم خۆى پابه‌ندى ئه‌و رێککه‌وتنه‌یه‌و تورکیاش به‌هه‌مان شێوه به‌شێکى زۆرى خاکى سوریاى داگیرکردووه‌و کارى تیرۆرستى له‌سوریا ئه‌نجامده‌دات. رژێم له‌قامیشلۆو حه‌سه‌که ویستى هه‌ندێک ئاژاوه دروستبکات و ئارامى قامیشلۆو حه‌سه‌که تێکبدات و هاوکارى تورکیا بکات له‌بوارى سیخوڕی، بۆ پاراستنى ئه‌منیه‌تى قامیشلۆ ئاسایشى رۆژئاڤا به‌ئه‌رکى خۆى هه‌ستاو رێگرى له‌و ئاژاوه‌و ئاڵۆزییه گرت، هه‌ندێ شه‌ڕ دروست بوو له‌نێوان ئاسایش و ئه‌و سیخوڕانه‌ى که له‌سه‌ر رژێم حساب ده‌کرێن، ویستان ئارامى و ئاسایشى قامیشلۆ تێکبده‌ن، به‌ڵام ئاسایش زیانى باشى لێدان، دواتر ریشسپى و رووسییه‌کان هاتنه به‌ینه‌وه، له‌ئه‌نجامدا رێگا کرایه‌وه که نه‌وت و پێداویستییه‌کان بۆ که‌مپى شه‌هباو شێخ مه‌قسود بڕوات. ئێستا ره‌وشه‌که ئارامه‌و ژیان نۆرماڵ بووه‌ته‌وه، ئاڵۆزییه‌که دامرکاوه‌ته‌وه. هاوڵاتى: گفتوگۆکانی رژێمى سوریا‌و ئیداره‌ى خۆسه‌ر چى به‌سه‌رهات ئایا شکستیان هێناوه؟ غه‌ریب حه‌سۆ: رژێم که‌سیسته‌مى فیدراڵى قبوڵ ده‌کات یان نایکات ئه‌وه پرسێکى جیاوازه، به‌ڵام رژێم ئیراده‌ى کوردى و زمانى کوردى و که‌سایه‌تى کوردى قبوڵ ناکات، رژێم به‌فکرى به‌عسى شۆڤێنى خۆ به‌ڕێوه‌ده‌بات و هیچ میلله‌تێکى دیکه قبوڵ ناکات. راسته گفتوگۆ‌و دانیشتن هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و بیرکردنه‌وه‌ى شۆڤێنى و نه‌ته‌وه‌په‌رست رژێم باڵاده‌سته، بۆ ئه‌وه‌ش له‌ژێر فشارێکدا ژیان ده‌کات که‌ئه‌ویش فشارى ئێران و تورکیایه، ئه‌و رێککه‌وتنه‌ى که‌پێشتر حافز ئه‌سه‌د له‌گه‌ڵ تورکیا کردوویه‌تى تائه‌م ساته‌ش کارێ پێده‌کرێت، ئه‌گه‌ر تورکیا کوردان قبوڵ ناکات، رژێمى سوریاش قبوڵى ناکات، به‌وه‌ش کێشه‌کانى سوریا گه‌وره‌ترو ترسناکتر ده‌بێت. هاوڵاتى: ئێستا بۆنى مامه‌ڵه‌یه‌کى تازه دێت به عه‌ین عیساوه له‌لایه‌ن رووسیاو تورکیاوه، پێتوایه سیناریۆى عه‌فرین و سه‌رێکانى له‌وێش دووباره ببێته‌وه؟ غه‌ریب حه‌سۆ: پێموانییه ئه‌وه‌ى که له‌عه‌فرین و سه‌رێکانى روویدا له عه‌ین عیساش دووباره ببێته‌وه، ئه‌وه‌ى رووسیا له‌عه‌فرین کردی پشتى له‌سیاسه‌تى ئه‌خلاقى خۆى هه‌ڵگرتوو له‌سه‌ر حسابى خه‌ڵکى سوریا‌و گه‌لى کورد مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ تورکیا کرد، ئه‌مریکاش له‌سه‌رێکانى هه‌مان شتى کرد. ئه‌م سیاسه‌ت و تاکتیکه له‌سه‌ر ئاستى جیهان ره‌خنه‌ى توندى لێ‌گیراو سیاسه‌ت و تاکیکى ئه‌وانى له‌سوریا بۆ راى گشتى جیهانى ئاشکرا بوو، میدیاکانى جیهان ئه‌وه‌یان پیشاندا که ئه‌و دوو وڵاته خوازیارى ئاشتى و چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان نین له‌سوریادا، به‌ڵکو خوازیارى شه‌ڕن و ده‌یانه‌وێت چۆن تورکیا له‌خۆیان رازى بکه‌ن، ئه‌مه وایکردووه ئه‌وان تاڕاده‌یه‌ک به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌و نه‌هێڵن عه‌ین عیسا وه‌ک عه‌فرینى لێبێته‌وه، چونکه چوار مانگه تورکیا‌و چه‌کداره‌کانى به‌رده‌وام هێرش ده‌که‌نه‌سه‌ر عه‌ین عیسا، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى قه‌ده‌غه‌ى ئاسمانیان هه‌یه هیچ هه‌نگاوێک نه‌چوونه‌ته پێشه‌وه. هاوڵاتى: رووسیا ده‌ستى تورکیا‌و ئێرانى واڵاکردووه له‌سوریادا دژى کورد؟ غه‌ریب حه‌سۆ: رووسیا به‌رده‌وامه له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى نابه‌رپرسانه‌ى خۆی، رووسیا یارى ده‌کات، ئه‌وان له‌سه‌ر حسابى گه‌لانى سوریا، گه‌لى کورد، له‌سه‌ر حسابى رژێم و تورکیا‌و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر حسابى ئێرانیش سیاسه‌ت ده‌کات. واته رووسیا ئه‌گه‌ر ئێران به‌قسه‌ى نه‌کات، رێگه خۆشده‌کات بۆ ئه‌مریکاو ئیسرائیل هێزه‌کانى ئێران بۆردومان بکات، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تى تورکیاى به‌دڵ نه‌بێت ده‌ڵێت ده‌بێت ئیداره‌ى کوردى به‌هێز بکرێت و مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بکرێت، ئه‌گه‌ر سیاسه‌تى ئێمه‌ى به‌دڵ نه‌بێت ده‌ڵێت عین عیسا راده‌ستى تورکیا ده‌که‌ین. واته ده‌یه‌وێت فشار له‌سه‌ر ئێمه بکات، چۆن ئیراده‌ى ئێران و رژێمى ته‌سلیم بووه، ده‌یه‌وێت ئێمه‌ش ئیراده‌ى خۆمانى ته‌سلیم بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئێمه بۆ ناچێته‌سه‌ر، چونکه ئێمه سیاسه‌ت و ستراتیژى خۆمان هه‌یه، ئیراده‌ى خۆمان ته‌سلیمى رووسیا ناکه‌ین. ئه‌گه‌ر رووسیا له عه‌ین عیساش بکشێته‌وه، هێزێکى پاراستنى سه‌ربازیى و کۆمه‌ڵایه‌تى هه‌یه، ئه‌وه‌ى رووسیا سیاسه‌تێکى خراپ و نائه‌خلاقییه، ئه‌وان جارێک به رژێم و جارێک به‌تورکیا ده‌ڵێن وه‌رن عه‌ین عیسا بگرن، ئه‌مه سیاسه‌تێکى بچووک و نائه‌خلاقییه. هاوڵاتى: سه‌باره‌ت به‌گفتوگۆکانى ئه‌نه‌که‌سه‌و په‌یه‌نه‌که به‌نێوه‌ندگیرى ئه‌مریکاو جه‌نه‌راڵ مه‌زڵوم عه‌بدى گه‌یشت به‌کوێ؟ غه‌ریب حه‌سۆ: گفتوگۆى ئه‌نجومه‌نى نیشتیمانى کورد له‌سوریا (ئه‌نه‌که‌سه)و پارتى یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى کوردى له‌سوریا (په‌یه‌نه‌که) زۆر ئه‌نجامدرا، له‌سه‌ر ئاستى ئیداره‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گفتوگۆ کران، هه‌ندێک جار گفتوکان راوه‌ستان و ده‌ستیان پێده‌کرده‌وه، نوێنه‌رى ئه‌مریکاش له‌و گفتوگۆیانه‌دا هه‌بوو که‌سه‌رپه‌رشتى ده‌کرد، به‌ڵام نوێنه‌رى ئه‌مریکا گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌مریکاو مۆڵه‌ته، بڕیاره به‌منزیکانه گفتوگۆکان ده‌ستپێبکه‌نه‌وه‌و ئاماده‌کاریش بۆ ئه‌وه کراوه. مه‌زڵوم عه‌بدیش باسى له‌وه‌کرد که‌ئه‌و به‌په‌رۆشه بۆ یه‌کڕیزیى ماڵى کوردى و یه‌کێتى ماڵى کوردی، وتیشى» ئێمه سوورین له‌سه‌ر سه‌رخستنى ئه‌و پڕۆژه‌یه، له‌ڕاستیدا ئه‌مه‌ش کاتى پێویسته تاده‌گه‌ینه کۆتایی، به‌ڵام ئێمه سوورین له‌سه‌ر سه‌رخستنى گفتوگۆکان و گه‌یشتن به‌یه‌کڕیزى ماڵى کورد»، بۆیه به‌رژه‌وه‌ندى ئێمه وه‌ک ته‌ڤده‌م و وه‌ک هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان و خه‌ڵکى رۆژئاڤاى کوردستانیش له‌و یه‌کڕیزى ماڵى کوردییەدایه‌و هاوکارییشه بۆ یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى. هاوڵاتى: ئایا کاریگه‌رى تورکیا به‌سه‌ر بڕیاره‌کانى ئه‌نه‌که‌سه‌وه دیاره به‌تایبه‌ت له‌م ماوه‌یه‌ی رابردوو مه‌ولود چاوشئۆغلۆ داواى له‌ئه‌نه‌که‌سه کرد له‌گفتوگۆکان بکشێته‌وه؟ غه‌ریب حه‌سۆ: یه‌کڕیزیى ماڵى کورد بۆ ئێمه زۆر گرنگ و پێویسته، ئه‌گه‌ر ئێمه خۆ به‌خۆ رێکبکه‌وین زۆر باشه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێکى داگیرکه‌ر به‌شێک له‌کورد بۆ لاى خۆى راکێشێت ئه‌وه مه‌ترسییه‌کى گه‌وره‌یه‌و ده‌وڵه‌تانى داگیرکه‌ر به‌تایبه‌ت تورکیا له‌یه‌کڕیزى ناوماڵى کورد ده‌ترسێت، چونکه هێزێک به‌رامبه‌رى دروست ده‌بێت و سیاسه‌تى ئه‌و ده‌ڕووخێت، ئه‌وکات که‌س نابێت دواى سیاسه‌تى ئه‌و بکه‌وێت. بۆیه تورکیا نایه‌وێت ئه‌نه‌که‌سه له‌ناو یه‌کڕیزیى ماڵى کورددا رۆڵى هه‌بێت و بچێته ناو یه‌کڕیزیى کورده‌وه، چونکه به‌رژه‌وه‌ندى تورکیا به‌وه تێکده‌چێت، له‌به‌رئه‌وه تورکیا هه‌رچى پێبکرێت له‌دژى دروستبوونى یه‌کێتى ناوماڵى کورد ئه‌نجامى ده‌دات، گفتوگۆى ئه‌نه‌که‌سه‌و په‌یه‌نه‌که هیوایه‌کى داوه به‌گه‌لى کورد له رۆژئاڤاى کوردستان و کوردستانى گه‌وره به‌گشتی، بۆیه پێویسته هه‌ر هێزو لایه‌نێک هه‌وڵ بۆ یه‌کڕیزى ناو ماڵى کوردى بدات و نه‌بێته به‌شێک له‌ئه‌جێنداى داگیرکه‌ران. هاوڵاتى: له‌ماوه‌ی رابردوو هه‌م ئه‌نه‌که‌سه‌و هه‌م مه‌زڵوم کۆبانى ئه‌وه‌یان باسکردبوو که‌ته‌نیا له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه ماوه بگه‌ینه رێککه‌وتن له‌سه‌ر شته‌کانى تر چۆن رێکه‌وتوون؟ غه‌ریب حه‌سۆ: مه‌زڵوم عه‌بدى به‌رده‌وام هه‌ردوولا ده‌بینێت و گفتوگۆ به‌رده‌وامن، له‌سه‌ر ئاستى سه‌ربازیى ده‌بێت ئه‌وه بزانین که‌ئێستا هێزێک هه‌یه ناوى هێزه‌کانى سوریاى دیموکراته، یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه له‌ناو ئه‌و هێزه‌دان، نابێت هیچ هێزێکى سه‌ربازیى دیکه‌ى جیاواز له‌هه‌سه‌ده دروستبێت، به‌و مانایه نابێت له رۆژئاڤاى کوردستان دوو هێزى سه‌ربازیى هه‌بێت. نامانه‌وێت ئه‌زموونى باشورى کوردستان (هه‌رێمى کوردستان) دووباره بکه‌ینه‌وه، ئه‌وه مه‌ترسیداره، بۆ دواڕۆژ مه‌ترسیداره‌و پارچه پارچه‌بوون دروستده‌بێت، چه‌ک به‌چه‌ندین جۆر هێزه‌وه دروستده‌بێت، ئه‌وه‌ش شایه‌نى کۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه نییه. ئه‌گه‌ر دروست ببێت، ئه‌وا ده‌ستى ده‌وڵه‌تانى دیکه‌ى تێدایه، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وە روونه‌دات ده‌بێت له رۆژئاڤاى کوردستان یه‌ک سیاسه‌ت و دیبلۆماسى و هێزى سه‌ربازیى هه‌بێت، یه‌کڕیزیى ماڵى کوردى به (١٠٠) هێز دروستنابێت، بۆیه پێش ئه‌وه ده‌بێت یه‌کڕیزیى ناوماڵى کوردستان ئاوه‌دان بکه‌ینه‌وه، چونکه هێزى سه‌ربازیى پێویستى به‌هێزى یه‌کڕیزى ناوماڵى کورده. هاوڵاتى: ئه‌نه‌که‌سه ئێستاش سووره له‌سه‌ر داواکارى گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ى رۆژ ئایا ئه‌مه ترسى دووباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌زموونى باشورى کوردستانتان نییه؟ غه‌ریب حه‌سۆ: ئێستا له‌باشورى کوردستان، دوو ناوچه‌یى و دوو ئیداره‌و دوو هێزى هه‌یه، ئێمه نامانه‌وێ ئه‌و ئه‌زموونه دووباره بکه‌ینه‌وه، ئه‌مریکاش نایه‌وێت ئێمه ئه‌و ئه‌زموونه دووباره بکه‌ینه‌وه‌و راسته‌وخۆش به‌ئیداره‌ى رۆژئاڤایان وتووه که‌ئه‌زموونى باشورى کوردستان دووباره مه‌که‌نه‌وه. ئه‌و ئه‌زموونه‌ى له‌باشور هه‌یه له‌ئه‌نجامدا لاوازى ده‌کات، ده‌بینیت به‌رامبه‌ر ئێران و تورکیا بێ ئیراده‌یه، ته‌نانه‌ت به‌رامبه‌ر حکومه‌تى عێراقیش ئیراده‌یه‌کى لاوازى هه‌یه، بۆچی، چونکه دوو ئیداره‌ییه‌و دوو هێزییه‌و دوو سیاسه‌ت و دیبلۆماسییه، ئه‌وه‌ش ئه‌خلاقى ئێمه نییه که که‌موکوڕییه‌کانى باشور نه‌بینین و دووباره‌یان بکه‌ینه‌وه‌و گه‌لى ئێمه‌ش ئه‌وه قبوڵ ناکات.
کاکه‌لاو عه‌بدوڵا سه‌ردانه میژووییه‌که‌ى پاپا فرانسیس بۆ کوردستان په‌یامى ئاشتى و پێکه‌وه‌ژیانى له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناو خودى پاپا سوپاسى کوردى کرد که «وه‌ک برا پارێزگاری‌یان له‌مه‌سیحییه‌کان» کرد له‌کاتى هاتن و وێرانکارى داعشدا. له‌عێراقێکى رووخاوو ماندوو به‌وێرانکارییه‌کانى داعش، پاپا فرانسیس هیوایه‌ک بوو بۆ مه‌سیحییه‌کانى وڵاته‌که تاجارێکى تر هه‌ست به‌شوناسى خۆیان به‌که‌نه‌وه‌و هه‌وڵێکیش بوو بۆ دروستکردنى په‌یوه‌ندییه‌کى به‌هێزتر له‌نێوان مه‌سیحیه‌ت و ئایینه‌کانى تر به‌تایبه‌ت ئایینى ئیسلام. پاپا فرانسیس، پاپاى ڤاتیکان، له‌سه‌ردانه سێ رۆژییه‌که‌ى بۆ عێراق چه‌ندین ناوچه‌ى به‌سه‌رکرده‌وه‌و سه‌ردانى مه‌سیحییه‌کانى وڵاته‌که‌ى کرد که به‌هۆى وێرانکارییه‌کانى داعشه‌وه ناوچه‌کانیان خاپور بوو بوون. سه‌ردانه‌که‌ى پاپا فرانسیس له‌میدیا جیهانییه‌کاندا به‌گرنگییه‌وه باسى لێوه‌کراو جه‌خت له‌وه کرایه‌وه که‌سه‌ره‌ڕاى کیشه زۆره‌کانى وڵاته‌که، سه‌ردانه‌که‌ى پاپا گرنگى تایبه‌تى خۆى هه‌بوو. سه‌ردانه‌که‌ی بۆ هه‌رێمى کوردستان سه‌رله‌به‌یانی رۆژی یه‌کشه‌ممه ٧ی مارسی ٢٠٢١، پاپای ڤاتیکان له‌به‌غداوه گه‌یشته فڕۆکه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێرو چه‌ندین سه‌رکرده‌ى کورد پێشوازییان لێکرد. ئه‌مه یه‌که‌مجاره پاپایه‌کى کاسۆلیکی سه‌ردانی هه‌رێمى کوردستان و عێراق بکات و یه‌که‌م سه‌ردانی پاپا فرانسیس بوو له‌تشرینی دووه‌مى ٢٠١٩ه‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئیتاڵیا. چه‌ندین سه‌رکرده‌ى کورد له‌وانه نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌ت، قوباد تاڵه‌بانی، جێگرى سه‌رۆکى حکومه‌ت، هه‌روه‌ها چه‌ندین به‌رپرس و سه‌رکرده‌ی تر پێشوازییان له‌پاپا کرد. نێچیرڤان بارزانى به‌خێرهاتنى پاپا فرانسیسى کرد‌و پێى راگه‌یاند سه‌ردانى پاپا «رووداوێکی مێژوویی مه‌زنه‌و جێگه‌ی ئه‌وپه‌ڕی شانازی و خۆشحاڵییه، ئێمه به‌هه‌موو پێکهاته‌کانی کوردستانه‌وه شانازی به‌سه‌ردانه‌که‌ی ده‌که‌ین، بڕوای ته‌واومان به‌ئازادی و فره ئایینی هه‌یه«. پاپا فرانسیس سوپاسی کوردی کرد بۆ پاراستنی مه‌سیحییه‌کان له‌جه‌نگی دژی داعش و رایگه‌یاند:»ئێوه له‌کاتی هێرشه‌کانی داعش مه‌سیحییه‌کانتان پاراست، ئێوه وه‌ک برا پێشوازیشتان له‌برا مه‌سیحییه‌کان کرد». پاپا فرانسیس هه‌ولێرى هه‌ڵبژارد بۆ مه‌راسیمی ئایینی رۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی مه‌سیحییه‌کان و به‌ئاماده‌بوونى (١٠) هه‌زار که‌س مه‌راسیمه‌که له‌یاریگاى فره‌نسۆ هه‌ریرى به‌ڕێوه‌چوو. پاپا فرانسیس له‌یاریگاى فره‌نسۆ هه‌ریرى وتارێکى پێشکه‌شکردو رایگه‌یاند: جارێکی دیکه به‌پێویستی ده‌زانین جه‌خت له‌بنه‌ماکانی مه‌سیحییه‌ت بکه‌نه‌وه له‌هاوڕێیه‌تی، ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیان و ده‌بێت له‌ڕێگه‌ی کرداره‌کان هه‌ڵه‌کان راستبکه‌نه‌وه، به‌تایبه‌ت هاووڵاتیانی عێراق له‌ماوه‌ی رابردودا بوونه‌ته قوربانی توندوتیژی به‌هۆکاری جیاواز. وره دانه‌وه به‌مه‌سیحییه‌کانى عێراق یه‌کێک له‌ئاماژه‌کانى سه‌ردانه‌که‌ى پاپا فراسیس دڵدانه‌وه‌و وره دانه‌وه بوو به‌مه‌سیحییه‌کانى وڵاته‌که که به‌هۆى داگیرکارى داعشه‌وه ئازارى زۆریان جه‌شتووه. پاپا فرانسیس چه‌ندین ناوچه‌ى مه‌سیحییه‌کانى به‌سه‌ر کرده‌وه‌و سه‌ردانى شارى ئورى کرد که به‌شوێنى له‌دایکبوونى پیغه‌مبه‌ر ئیبراهیم داده‌نرێت، پاپا سه‌ردانى موسڵیشى کرد‌و له‌ناوچه وێرانکارییه‌کان به‌ده‌ستى داعش وتارى پیشکه‌ش به‌مه‌سیحییه‌کان کرد. مارک لۆون، په‌یامنێرى (بى بى سى) له رۆما له‌وتارێکى شیکاریدا باس له‌وه‌ده‌کات: «پاپا هه‌ست ده‌کات خاکى عێراق که‌ناوه‌نده بۆ مه‌سیحییه‌ت زۆر ده‌مێکه چاوه‌ڕوانى سه‌ردانێکى پاپایه‌و کۆمه‌لگه‌ى مه‌سیحى که‌ئازاریان چه‌شتووه پێویستیان به‌وه‌یه ورره‌یان بدرێتێ تا بمێننه‌وه‌و ئه‌وه‌ش که نابێ کاتى زیاتر به‌فیڕۆبدرێت بۆ هێنانى په‌یمانى ئاشتى و هیوا بۆ عێراق». هێشتا عێراق له‌کێشمه‌کیشمدایه له‌گه‌ڵ لێکه‌وته‌کانى دواى داگیرکارى عێراق له ٢٠٠٣دا، که‌وڵاته‌که‌ى به‌ره‌و ئاژاوه برد، ڤایرۆسى کۆرۆنا، که‌مى نرخى نه‌وت، هه‌روه‌ها گرژییه‌کانى ئێران و ئه‌مریکا هه‌موویان برینه‌که‌ى عێراقیان قوڵتر کردووه. «دڵم خۆشه چونکه که‌سایه‌تییه‌کى وا گرنگ سه‌ردانى عێراق ده‌کات، پیویسته ئێمه وه‌ک یه‌ک گه‌ل بژین به‌بێ گوێدانه ئه‌وه‌ى په‌یڕه‌وى له‌چ ئاینیک یان مه‌زهه‌بێک ده‌که‌ین و سه‌ردانه‌که‌ى پاپا یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ له‌به‌هێزکردنى یه‌کگرتوویى هه‌موو عێراقییه‌کان»، میقداد رازى موسوڵمانێکى شیعه واى وت. له‌یه‌که‌م رۆژى سه‌ردانه‌که‌یدا، پاپا فرانسیس سه‌ردانى به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆکى عێراقى کرد له‌ناوچه‌ى سه‌وزو رایگه‌یاند مه‌سیحییه‌کان و که‌مه نه‌تەوایه‌تى و ئاینییه‌کانى تر شایه‌نى هه‌مان ماف و پارێزگارییە که بۆ عێراقییه‌کى ئاساى فه‌راهه‌م هێنراوه. «هه‌مه‌جه‌شنى ئایینی، کلتوری، هه‌روه‌ها نه‌ژادى که‌نیشانه‌ى کۆمه‌ڵگه‌ى عێراقییه بۆ هه‌زاره‌ها ساڵه سه‌رچاوه‌یه‌کى به‌نرخه که لێى بکۆڵرێته‌وه نه‌ک به‌ربه‌ستێک بێت تاکۆتایى پێبهینرێت. له‌ئێستادا عێراق ئه‌وه‌ى چاوه‌ڕێ لێده‌کرێت که‌پیشانى هه‌موانى بدات، به‌تایبه‌تى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست که هه‌مه‌چه‌شنى له‌جیاتى ئه‌وه‌ى بیانوویه‌ک بێت بۆ ناکۆکى و جه‌نگ، ده‌بێت په‌ره‌بستێنێت بۆ هه‌ماهه‌نگى گەنجان و کۆکبوون له‌ژیانى هاووڵاتیانى عێراقدا»، پاپا واى وت. سه‌ره‌ڕاى ئه‌و ئازار‌و ناڕه‌حه‌تیانه‌ى تووشیان بووه له‌سه‌ر ده‌ستى داعش، به‌ڵام مه‌سیحییه‌کانى عێراق دڵخۆشن به‌سه‌ردانه‌که‌ى پاپاو پێیان وایه خۆشییان بۆ ده‌هێنێت. «ناتوانم وه‌سفى خۆشبه‌ختییه‌که‌ى خۆم بکه‌م، ئه‌مه رووداوێکى مێژوییه که دووباره نابێته‌وه«، یوسرا موباره‌ک ئه‌مه‌ی به‌ئاژانسى رۆیته‌رز وت که حه‌وت ساڵ له‌مەوبه‌ر ئاواره بوو دواى هاتنى داعش بۆ ناوچه‌که‌یان، ئوسرا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ى قه‌ره‌قوشى به‌جێهێشت و ئه‌وکات ماوه‌ى سێ مانگ بوو دووگیان بوو. «گه‌شتێکى زۆر سه‌ختمان به‌ڕێکرد، ئه‌وکاته‌ى رۆشتین هیچمان نه‌بردو ته‌نها جله‌کانى به‌رمان نه‌بێت.. که‌هاتینه‌وه هیچ نه‌مابوو، به‌ڵام ته‌نها خه‌ونمان ئه‌وه بوو بگه‌ڕێینه‌وه«. ‹هاوپه‌یمانى مه‌سیحی-موسوڵمان› یه‌کێکى تر له‌نیشانه‌ى سه‌ردانه‌که‌ى پاپا فرانسیس، دروستکردن و به‌هێزکردنى په‌یوه‌ندى نێوان مه‌سیحییه‌ت و ئیسلام بوو، ئه‌مه‌ش به‌سه‌ردانیکردنى بۆ لاى عه‌لى سیستانی، مه‌رجه‌عى باڵاى شیعه له‌عێراق، ده‌رکه‌وت که‌میدیا جیهانییه‌کان به‌چاوپێکه‌وتنێکى گرنگ و مه‌به‌ستدار باسى لێوه ده‌که‌ن. چه‌ندین ساڵه پاپا فرانسیس له‌هه‌وڵى په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندى مه‌سیحی-موسوڵماندایه‌و کۆبوونه‌وه‌که‌ى له‌گه‌ڵ عه‌لى سیستانى گرنگترین چاوپێکه‌وتنه له‌گه‌ڵ سه‌رکرده‌یه‌کى شیعی. پێشتریش له‌گه‌ڵ شێخ ئه‌حمه‌د ئه‌لته‌یب، ئیمامى گه‌وره‌ى ئه‌زهه‌ر، په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ موسوڵمانانى سوننه به‌هێزکرد له‌سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ قاهیره‌ى میسر له‌ساڵى ٢٠١٩. «له‌چه‌ند ساڵى رابردوودا فرانسیس سوور بووه له‌سه‌ر پێکهێنانى ئه‌وه‌ى که‌ده‌توانین ناوى بنێین هاوپه‌یمانییه‌تێکى ئایینى له‌نێوان مه‌سیحییه‌ت و ئیسلامدا»، ئۆستن لێڤری، ژیاننامه نووسێکى پاپا فرانسیس و توێژه‌ر له‌مێژووى هاوچه‌رخى که‌نیسه له‌زانکۆى ئۆکسفۆرد ئه‌مه‌ى به(ئه‌ى بى سى) نیوزى ئه‌مریکى وت. لێڤری باسى له‌وه‌ش کرد که‌وه‌ک گه‌وره قه‌شه‌ى بۆینس ئایرز فرانسیس په‌یوه‌ندى به‌هێزى دروستکردووه له‌گه‌ڵ سه‌رکرده موسوڵمانه‌کان و له‌هه‌مانکاتیشدا له‌ڤاتیکان کارى له‌سه‌ر پێکهێنانى هاوپه‌یمانى مه‌سیحی-موسوڵمان کردووه وه‌ک شێوازێک بۆ دژایه‌تى کردنى خولگه‌ى تیرۆپرزمى ئیسلامى و کاردانه‌وه‌ى پۆپۆلیستى نیشتیمانپه‌روه‌رى (ناسیۆنالیستی). به‌هه‌مان شێوه عه‌لى سیستانى ته‌مه‌ن (٩٠) ساڵ داواى پیکه‌وه‌ژیانى ئاشتییانه‌و دیالۆگى کردووه له‌نێوان ئایینه‌کاندا، ئه‌مه‌ش به‌وته‌ى حه‌یده‌ر ئه‌لخوئى به‌ڕێوەبه‌رى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه له‌په‌یمانگه‌ى ئه‌لخوئى که ئاکادیمیایه‌کى فره ئاینییه له‌نه‌جه‌ف. ئه‌لخوئی، که بۆ (ئه‌ى بى سى) نیوز قسه‌ى کردووه، وتیشى له‌کاتێکدا گروپه‌کانى سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تى ئیسلامى (داعش) شیعه، مه‌سیحی، یه‌زیدی و که‌مه ئاینییه‌کانى تریان به‌ئامانج ده‌گرت، سیستانى هه‌موو قوربانییه‌کانى له‌خۆده‌گرت به‌بێ ره‌چاوکردنى ئایینه‌کانیان. «پێموایه ئه‌وه‌ى له‌نێو (دی ئێن ئه‌ی)ى دامەزراوه ئایینیه‌که‌ى نه‌جه‌فدایه«، ئه‌لخوئى واى وت. له‌کاتێکدا له‌ئێران لەدایکبووه، سیستانى وه‌ک هاوئاستێکى ئێران سه‌یر ده‌کرێت به‌وپێیه‌ى نوێنه‌رایه‌تى ره‌وتێک ده‌کات که‌دژى فه‌رمانڕه‌وایى راسته‌وخۆیه له‌لایه‌ن پیاوانى ئاینییه‌وه وه‌ک له‌ئێراندا باوه. له‌لێدوانێکى تری‌دا بۆ (بى بى سى)، ئه‌لخوئى باس له‌وه‌ده‌کات سه‌ردانه‌که‌ى پاپا بۆ نه‌جه‌ف و بۆ لاى سیستانى «ته‌نها سه‌ردانێکی که‌سیی نییه، به‌ڵکو سه‌ردانێکه بۆ ده‌زگای نه‌جه‌ف که‌نمونه‌ی ئیسلامێکی شیعیی میانڕه‌وه، له‌به‌رامبه‌ر ئیسلامی شیعه‌ی شۆڕشدا که‌مه‌رجه‌عه‌که‌ی له‌قومی ئێرانه«. مه‌سیحییه‌کانى عێراق کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌سیحییه‌کانى عێراق پیش هاتنى داعش‌یش که له‌ساڵى ٢٠١٤دا به‌شێکى زۆرى وڵاته‌که‌ى داگیرکرد، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا بوون و ده‌کرانه ئامانج له‌سه‌رده‌مى سه‌دام حوسه‌ین، سه‌رۆکى پێشووى عێراق. له‌ژیر ده‌سه‌ڵاتى داعش، مه‌سیحییه‌کان به‌ناچارى و به‌زۆر ناوچه‌کانى خۆیانیان به‌جێهێشت، ئه‌مه‌ش بووه هۆى که‌مبوونه‌وه‌ى دانیشتوانیان له‌وڵاته‌که. له راپۆرتێکى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا که ٢٠١٩ بڵاوبووه‌ته‌وه باس له‌وه‌ده‌کات سه‌رکرده مه‌سیحییه‌کان ژماره‌ى مه‌سیحییه‌کان به‌که‌متر له (٢٥٠) هه‌زار که‌س ده‌خه‌مڵێنن، ئه‌مه‌ش به به‌راورد به (٨٠٠) هه‌زار بۆ ملیۆنێک و (٤٠٠) هه‌زار دانیشتوان له‌وڵاته‌که‌دا له‌پێش ساڵى ٢٠٠٣. به‌پێى راپۆرته‌که زۆربه‌ى مه‌سیحییه‌کانى عێراق کلدانین، که له‌سه‌دا ٦٧%ی پێکهاته‌که پێکده‌هێنن له‌عێراق و دواتر ئاسورییه‌کان دێن به له‌سه‌دا ٢٠%، دواى ئه‌وانیش ئه‌رمەنى و ئینجیلییه‌کان دێن. مه‌سیحییه‌کانى عێراق هیوایان وایه هاتنى پاپا ساڕێژى زامه‌کانیان بکات «پێموایه حکومه‌ت دواى سه‌ردانه‌که‌ى پاپا زیاتر گرنگیمان پێده‌دات»، ویسام یوسف که هاووڵاتییه‌کى مه‌سیحییه ئه‌مه‌ى به (ئه‌ى بى سى) نیوز وت، که خێزانه‌که‌ى ئاواره‌بوون له‌ساڵى ٢٠٠٨، له‌کاتێکدا میلیشیکانى قاعیده له‌به‌غداد ناوچه‌ى نیشته‌جێبوونیان گرت. یوسف له‌و مه‌سیحییانه‌یه که بڕواى وایه حکومه‌تى عێراقى زۆر که‌م یارمه‌تى مه‌سیحییه‌کانى داوه، که به‌ناچارى له‌سه‌رده‌مى داعشدا ئاواره‌بوون، هه‌رچه‌نده عێراق له‌کۆتایى ٢٠١٧دا سه‌رکه‌وتنى به‌سه‌ر داعشدا راگه‌یاند، به‌ڵام به‌شێکى مه‌سیحییه‌کان هێشتا نه‌گه‌ڕاونەته‌وه ناوچه‌ى نێشته‌جێبوونى خۆیان.
هاوڵاتى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى و پشتیوانى له بانگه‌وازه‌که‌ى مسته‌فا کازمى ده‌کات بۆ رێککه‌وتن و چاره‌سه‌رى یه‌کجارى. مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى ھه‌رێمى کوردستانده‌ڵێت:" به ناوى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه پێشوازى و پشتیوانى له بانگه‌وازى سه‌رۆک وه‌زیرانى حکومه‌تى فیدرال به‌ڕێز مسته‌فا کازمى ده‌که‌م بۆ گفتوگۆى نیشتمانیى نێوان لایه‌نه عێراقییه‌کان له پێناو چاره‌سه‌رى ڕیشه‌یى هه‌موو کێشه و ناکۆکییه‌کان". هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:" ئاماده‌یى خۆمان ده‌ر ده‌بڕین بۆ ڕێککه‌وتن و چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى و یه‌کجارى هه‌موو کێشه‌کانى نێوان حکومه‌تى فیدراڵى و هه‌رێمى کوردستان به پێى بنه‌ماکانى ده‌ستوور".
هاوڵاتى بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆکى یه‌کێتیى نیشتمانیى کوردستان په‌یامێکى به‌بۆنه‌ى 8ى مارسه‌وه بڵاوکرده‌وه و رایگه‌یاند:" خۆم به هاوکار و پشتیوانى ئێوه ده‌زانم، به هه‌مو توانایه‌کمه‌وه پاڵپشتى هه‌وڵه‌کانتان ده‌که‌م له‌پێناو داهاتویه‌کى گه‌شتر". بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆکى له‌په‌یامێکدا رایگه‌یاند:" به‌رزڕاگرتنى ڕۆژى جیهانیى ژنان، ڕێزگرتنه له خه‌بات و تێکۆشانى هه‌موو ئه‌و ژنه ماندونه‌ناسانه‌ى دژى زوڵم و سته‌م وه‌ستانه‌وه، ڕێزگرتنه له هه‌وڵى به‌رده‌وام و بێوچانى ئه‌و ژنانه‌ى هاوشانى پیاوان خه‌بات ده‌که‌ن له‌پێناو ژیانێکى باشتر و ئارامتر". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد: "مێژوى ئێمه پڕه له‌و ژنه ئازا و تێکۆشه‌رانه‌ى قوربانى گه‌وره‌یانداوه له‌پێناو خاکى کوردستان، ئه‌م ڕۆژه له سه‌رجه‌م ئه‌و دایکانه پیرۆز ده‌که‌م که ڕۆڵه‌کانیان کرده قوربانى له‌پێناو نیشتمان، پیرۆزبایى له هه‌مو ئه‌و ژنانه ده‌که‌م که هه‌وڵى بێسنوریان داوه بۆ چه‌سپاندنى یه‌کسانیى جێنده‌ریى و دادپه‌روه‌رى کۆمه‌ڵایه‌تی". هاوکات، بافڵ تاڵه‌بانى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ده‌مه‌وێت لێره‌وه به هه‌مو ژنانى کوردستان ڕابگه‌یه‌نم، که "خۆم به هاوکار و پشتیوانى ئێوه ده‌زانم، به هه‌مو توانایه‌کمه‌وه پاڵپشتى هه‌وڵه‌کانتان ده‌که‌م له‌پێناو داهاتویه‌کى گه‌شتر و کوردستانێکى خۆشگوزه‌رانتر بۆ هه‌موان".
هاوڵاتى دواى ئه‌وه‌ى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه مسته‌فا کازمى وتارێکى پێشکه‌شکردو داواى گفتوگۆى نیشتمانى کرد له نێوان هه‌رێم و عێراقدا، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت:" پشتیوانى له مسته‌فا کازمى ده‌که‌ین بۆ رێککه‌وتنى یه‌کجارى. نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان له تویتێکدا له هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له تۆرى کۆمه‌ڵایه‌تى تویته‌ر رایگه‌یاند:" پشتیوانى له بانگه‌وازى به‌رێز کازمی، سه‌رۆک وه‌زیران ده‌که‌م بۆ گفتوگۆى نیشتمانیى نێوان لایه‌نه ناکۆکه‌کانى عێراق و گفتوگۆیه‌کى نیشتمانیى راسته‌قینه‌ى قووڵ بۆ رێککه‌وتنى یه‌کجارى و چاره‌سه‌رکردنى ریشه‌یى کێشه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى فیدراڵى به‌پێى ده‌ستوور". نیوه‌رۆى ئه‌مرۆ مسته‌فا کازمی، سه‌رۆک وه‌زیرانى عیراق رایگه‌یاند" داواى گفتوگۆیه‌کى نیشتمانیانه ده‌که‌م له‌نێوان هه‌رێمى کوردستان و عێراقدا بۆ چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان". سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که وڵاته‌که‌ى سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که نابێت عێراق ببێته گۆڕه‌پانى ململانێى ده‌ره‌کییه‌کان.
هاوڵاتى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان ڕایگه‌یاند:" کۆڵ مه‌ده‌ن، ساردمه‌بنه‌وه، به‌رده‌وام و پێداگربن، چونکه له‌نێو ئه‌م دۆخه شێواوه‌ى مه‌یدانى کار و سیاسه‌ت، ژنبون بۆ خۆى ئاسان نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رۆکى یه‌کێک له دامه‌زراوه ده‌ستورییه‌کانى هه‌رێمیش بێت". ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 8ى ئازار، ڕێواز فایق، سه‌رۆکى په‌رله‌مانى کوردستان له په‌یامێکدا له رۆژى هه‌شتى مارسدا رایگه‌یاند:" له‌م ڕۆژه تایبه‌ته‌دا درود بۆ ڕۆحى پاکى هه‌موو ئه‌و ژنانه ئه‌نێرین که له‌پێناو ئازادى و یه‌کسانیدا گیانیان به‌خشی، شکۆدار بێت خه‌باتى ئه‌و ژنانه‌ى که هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ خه‌باتى پیاوان به‌شداریى کارایان له‌به‌ده‌ستهێنانى ماف و داخوازییه ڕه‌واکانى گه‌ل و کۆمه‌ڵگه‌که‌یاندا هه‌بووه، ئومێده‌وارین ژنانى کوردستان هه‌میشه له پێشه‌نگى خه‌باتى یه‌کسانخوازانه‌یاندا هه‌نگاوى ئازایانه‌و ناوازه بهاوێن له‌پێناو سه‌ندنى ته‌واوى مافه سیاسى و ئابوورى و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان". هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، پێداگرن له‌سه‌ر جێبه‌جێکردنى تێکڕاى ئه‌و یاسایانه‌ى که‌مافى ژنانى تێدا چه‌سپێندراوه، له‌وانه یاساى هه‌ڵبژاردنى ژماره (1)ى ساڵى 1992ى هه‌موارکراو، یاساى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى ژماره (8)ى ساڵى 2011، یاساى هه‌موارکردنى جێبه‌جێکردنى یاساى بارى که‌سێتى ژماره (188)ى ساڵى 1959ى هه‌موارکراو ژماره(15)ى ساڵى 2008و ھه‌ر یاسایه‌کى تر که له‌به‌رژه‌وه‌ندیى ژنان و دۆزه ڕه‌واکه‌یانه. هاوکات، سه‌رۆکى په‌رله‌مان ده‌شڵێت:" بۆ به‌ھێزکردنى پێگه‌ى ژن له‌نێو خێزان و کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بێت توانا ئابورییه‌که‌ى به‌ھێز بکرێت، بۆ ئه‌مه‌ش ئه‌رکى دامه‌زراوه‌کانى هه‌رێمه که له ئاستى که‌رتى گشتى و که‌رتى تایبه‌ت زه‌مینه‌ى ده‌رفه‌تى یه‌کسان و شایسته بۆ به‌ده‌ستھێنانى کار بۆ کچان و ژنان بڕه‌خسێنن و ڕێژه‌ى بێکاریى تاقه‌ت سووتێن له‌نێو ژناندا که‌مبکه‌نه‌وه". رێواز فایه‌ق ده‌شڵێت:" وه‌ک چۆن پێویسته په‌رله‌مان و حکومه‌ت و دادگاکان، چ به‌یاساو چ به‌وه‌رگرتنى ڕێوشوێنى توند، ژنان له‌مه‌یدانى کاردا له‌ئیستغلال و گێچه‌ڵپێکردن و به‌کاڵاکردن بپارێزین".
هاوڵاتى بە مەبەستی یەکخستنەوەی بودجەی یەکەکانی 70 و 80ی هێزەکانی پێشمەرگە و دیاریکردنی بودجەی ئەو دوو یەکەیە لە رەشنووسی یاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان، وەزیرانی دارایی و پێشمەرگە و نوێنەری هەردوو یەکەکە کۆبوونەوە و جەختیان لە یەکخستنەوەی بودجەی یەکەکانی 70 و 80 کردەوە. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 8-3-2021 کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی و پێشمەرگە بە ئامادەبوونی نوێنەری هەردوو یەکەی 70 و 80ی هێزەکانی پێشمەرگە بە مەبەستی یەکخستنەوەی بودجەی ئەو دوو یەکەیە و دەستنیشانکردنی بودجەکەیان لە رەشنووسی یاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان و خستنەوەی یەکە ژمێرییەکانیان بۆسەر یەکەی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە کۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا هەریەك لە فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە و عەبدولحەكیم خەسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیران و چەندین پلەدار و ئەفسەری هێزەكانی 70 و 80 ئامادەبوون. بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان "ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری باسی لە گرنگی پرۆژەیاسای 2021 كرد و لەو چوارچێوەیەشدا یەكخستی میلاكاتی هێزەكانی 70 و 80. هەروەها شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە هەوڵەكانی هەموولایەكی بەرز نرخاند تاوەكو لە چوارچێوەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 میلاكاتی هێزەكانی 70 و 80 دیاری بكرێت و یەكبخرێت." یەکێک لەو هۆکارانەی کە تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی نەیتوانیوە رەشنووسی یاسای بودجەی 2021ی هەرێمی کوردستان رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران بکات، دیارنەبوونی بودجەی دیاریکراوی ئەو دوو هێزە بۆ ئەوەی لە رەشنووسی یاسای بودجە جێی بۆ بکرێتەوە.
هاوڵاتى مسته‌فا کازمى، سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق، سه‌باره‌ت به رێککه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا داواى له‌لایه‌نه سیاسییه‌کان کرد گفتوگۆیه‌کى نیشتیمانى بکرێت بۆ رێککه‌وتن. مسته‌فا کازمى سه‌رۆک وه‌زیرانى عێراق، له وته‌یه‌کدا رایگه‌یاند: عێراق له‌به‌رده‌م هه‌لێکى راسته‌قینه‌دایه بۆ دووباره بنیاتنانه‌وه‌ى رۆڵه مێژووییه‌که‌ى له ناوچه‌که و جیهان. باسى له‌وه‌شکرد: سه‌ردانه‌که‌ى پاپاى ڤاتیکان مێژووییه و جه‌وهه‌رى گه‌له‌که‌مانى ده‌رخست که بڕواى به بنه‌ماکانى دادپه‌روه‌رى و ئاشتى هه‌یه. سه‌رۆکوه‌زیرانى عێراق، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا، په‌یامه‌که‌ى پاپا گه‌یشتووه‌ته جیهان و به رۆحێکى ئومێدبه‌خشانه‌وه سه‌ردانى شاره‌کانى عێراقى کرد. مسته‌فا کازمی،له‌باره‌ی گفتوگۆکانی هه‌ولێروبه‌غدا له‌باره‌ی بودجه‌ی 2021 داواشیکرد، گفتوگۆى نیشتیمانیانه بکرێت بۆ رێککه‌وتن له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
هاوڵاتى وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو کاروانێکی دیکەی پێکوتەی کۆرۆنا دەگاتە کوردستان. بە مەبەستی دڵنیاکردنەوە و هاندانی کارمەندانی تەندروستی، ئەمڕۆ دووشەممە 08-03-2021 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و دکتۆر دڵۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر لە سەنتەری پێدانی پێکوتەی کۆرۆنا لە هەولێر پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرت. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری تەندروستی رایگەیاند، بۆ بەدەستخستنی پیکوتەی زیاتری کۆرۆنا بۆ خەڵکی کوردستان، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق لەسەر هێڵین، "بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە 15ی ئەم مانگە کاروانێکی دیکەی ڤاکسینی کۆرۆنا بگاتە هەرێمی کوردستان، کە بڕەکەی 187 هەزا ژەم دەبێت". وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، کۆرۆنا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و رۆژ بە رۆژیش بەرەو زیادبوون دەچێت. دەشڵێت "لە 24 کاژێری رابردوودا 344 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە، کە زۆربەیان هەڵگری کۆرۆنای گۆڕاون." رۆژی دووشەممەی 1-3-2021 یەکەم کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنای سینۆفارم کە 50 هەزار ژەم بوو. لە چینەوە گەیشتە عێراق و لەو بڕەش پێنج هەزاری بۆ هەرێمی کوردستان نێردرا و بەپێی پلانی نیشتمانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستانیش لە قۆناخی یەکەم درایە کارمەندانی کەرتی تەندروستی و پشکی پارێزگاکان رەوانەکرا. رۆژی 03-03-2021 وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەکارهێنانی ڤاکسینە چینییەکەی دەرکرد و رۆژی 04-03-2021 بە ئامادەبوونی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و دکتۆر دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر دەستکرا بە کوتانی کارمەندانی تەندروستی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
عه‌مار عه‌زیز جێگرى میرى ئێزدییان ده‌ڵێت به‌ڵێنیان له‌کونسوڵى تورکیا هاکان جاکان وه‌رگرتووه که‌هێرشى تورکیا بۆ سه‌ر شه‌نگال هاووڵاتیانى سڤیل ده‌پارێزن. جه‌وهه‌ر عه‌لى به‌گ ، جێگرى میرى ئێزدییان بۆ کاروبارى راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌کان بۆ هاوڵاتى ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد له‌سه‌ر داواى خه‌ڵکى شەنگال داواى چاوپێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ کونسوڵى تورکیا له‌هه‌ولێر کردووه. جێگرى میرى ئێزدییان وتیشى:»له7ى شوبات کۆبوونه‌وه‌یه‌کمان ئه‌نجامدا له‌گه‌ڵ کونسوڵى تورکیا له‌هه‌ولێر هاکان جاکان و جێگره‌که‌ی، داواى خه‌ڵکى شه‌نگالمان پێشکه‌شکردن که‌ئه‌ویش پاراستنى خه‌ڵکى سڤیلە له‌کاتى هێرشکردنى تورکیا بۆ سه‌ر شه‌نگال، ئه‌وان دڵنیاییان به‌ئێمه‌دا که به‌هیج شێوه‌یه‌ک خه‌ڵکى سڤیل ناکه‌نه ئامانج، به‌ڵکو ته‌نها هێرش ده‌که‌نه‌سه‌ر شوێنه‌کانى په‌که‌که«. له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى په‌که‌که له‌شه‌نگالدا نه‌ماوه‌و یه‌به‌ژه له‌ڕووى فکرییه‌وه نزیکن له‌پارتى کرێکارانى کوردستان په‌که‌که، جه‌وهه‌ر عه‌لى به‌گ وتی»تورکیا ده‌ڵێت هێشتا باره‌گا و شوێنى په‌که‌که له‌شه‌نگال ماون، بۆیه ئه‌وانیش ده‌ڵێن بۆردومانى باره‌گاو شوێنه‌کانى په‌که‌که ده‌که‌ین». «ئێمه نازانین که‌ى هێرش ده‌که‌نه‌سه‌ر شه‌نگال، به‌ڵام تورکیا سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى باره‌گاو شوێنه‌کانى په‌که‌که بۆردوومان بکات، به‌داخه‌وه تائێستا به‌غدا رێککه‌وتنه‌که‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێم جێبه‌جێ نه‌کردووه، له‌به‌ر ئه‌مه‌ش کێشه‌کانی شه‌نگال رۆژ به‌ڕۆژ زیاتر ده‌بن، خه‌تاى به‌غدایه که تائێستا رێککه‌وتنه‌که‌ى جێبه‌جێ نه‌کردوه، داوا له‌هه‌موو لایه‌ک ده‌که‌ین شه‌نگال بپارێزن، چونکه ئێزیدییه‌کان به‌رگه‌ى کاره‌ساتێکى تر ناگرن». جێگرى ئه‌نجومه‌نى خۆسه‌رى دیموکرات سه‌ر به‌هێزه‌کانى یه‌به‌شه ده‌ڵێت:»په‌که‌که له‌شه‌نگال نه‌ماوه، ئێمه وه‌ک یه‌به‌شه له‌هه‌ڕه‌شه‌کانى تورکیا ناترسین با هه‌ر هه‌ڕه‌شه بکات، رێگا ناده‌ین ئه‌ردۆغان بگاته خه‌ونه‌که‌ى». حه‌سو ئیبراهیم، جێگرى ئه‌نجومه‌نى خۆسه‌رى دیموکرات سه‌ر به‌هێزه‌کانى یه‌به‌شه له‌شه‌نگال به هاوڵاتى وت»ده‌یان جار له‌سه‌ر ده‌زگا راگه‌یاندنه‌کان باسمان کردووه که په‌که‌که له‌شه‌نگال نه‌ماوه، به‌ڵام تورکیا هه‌ر ده‌ڵێت ماون، ئه‌وه‌ش ته‌نیا بیانوویه‌که بۆ ئه‌وه‌ى هێرش بکاته‌سه‌ر شه‌نگال». ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه که‌هێزه‌کانى په‌که‌که روڵێکى سه‌ره‌کییان هه‌بووه له‌ئازادکردنى شه‌نگال، به‌ڵام دواى کۆتایى هاتنى ئه‌رکه‌کانیان هه‌ر له 2017 کشانه‌وه‌و له‌شه‌نگال نه‌ماون. هه‌روه‌ها حه‌سو وتیشی:»هێزه‌کانى یه‌به‌شه که‌ژماره‌یان نزیکه‌ى چوار هه‌زار شه‌ڕڤانن هه‌موویان ئێزیدین و خه‌ڵکى شه‌نگالن، یه‌ک شه‌ڕڤانى په‌که‌که‌ش له‌شه‌نگال نه‌ماوه، ئێمه له‌هه‌ڕه‌شه‌کانى تورکیا ناترسین با هه‌ر هه‌ڕه‌شه بکات، رێگا ناده‌ین ئه‌ردۆغان بگاته خه‌ونه‌که‌ى خۆى که‌ئه‌ویش داگیرکردنى شەنگاله، شه‌نگال بۆ هیچ هێز و لایه‌نێک چۆڵناکه‌ین، تا له‌ژیاندا بین به‌رگرى له‌خاک و شه‌ره‌فى شه‌نگالیه‌کان ده‌که‌ین»
هاوڵاتى بریکارى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده ئاماژه به‌وه ده‌دات رۆژى چوارشه‌ممه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه بڕیار له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ى باخچه‌ى ساوایان و دایەنگه‌کان ده‌درێت. به‌هۆى بوونى ڤایرۆسى کۆرۆنا زیاتر له‌ساڵێکه باخچه‌ى ساوایان و دایەنگه‌کان داخراون، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى زیاتر له‌مانگێکه خوێندگاکان به رووى خوێندکاراندا کراونه‌ته‌وه. مامۆستایه‌کى قۆناغى سه‌ره‌تایى ده‌ڵێت به‌هۆى نه‌بوونى دایانگه‌و باخچه‌ى ساوایانه‌وه نازانێت له‌کاتى ده‌وامدا منداڵه‌کانى چى لێبکات. خێڵان عه‌بدول، مامۆستاى قۆناغى سه‌ره‌تایى، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت»دوو منداڵم هه‌یه‌و کێشه‌ى سه‌ره‌کیم نه‌بوونى دایه‌نگه‌و باخچه‌کانه، که نازانم منداڵه‌کانم له‌کوێ دابنێم تا له‌قوتابخانه ده‌گه‌ڕێمه‌وه، بۆیه کردنه‌وه‌ى دایه‌نگه‌کان زۆر پێویسته«. هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد رۆژانه خه‌مى خوێندکاره‌کانیه‌تى که نه‌توانێت بچێت و وانه‌یان پێ بڵێته‌وه‌و له‌لایه‌کیشه‌وه له‌خه‌مى منداڵه‌کانیدایه. مریه‌م به‌کر، به‌ڕێوه‌به‌رى دایه‌نگه‌ى هه‌نى، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» ساڵانه زۆربه‌ى ئه‌و منداڵانه‌ى وه‌رمده‌گرت له‌دایه‌نگه‌که‌م، دایکیان مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌رن، بۆیه ئێستا رۆژانه چه‌ندین دایک په‌یوه‌ندیم پێوه ده‌که‌ن و داواى کردنه‌وه‌ى دایه‌نگه‌که‌مان لێده‌که‌ن». ئه‌م به‌ڕێوبه‌ره ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه« له‌ناو دایه‌نگه‌کاندا ئاماده‌کاریمان بۆ هه‌موو رێکاره‌کانى خۆپارێزى له‌ڤایرۆسه‌که کردووه‌و ده‌توانین ئه‌رکى سه‌لامه‌تى گیانى منداڵه‌کان بگرینه ئه‌ستۆ». سه‌یوان عه‌لى، بریکارى وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ى حکومه‌تى هه‌رێم له لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت» له‌کۆبوونه‌وه‌ى 10ى مانگدا وه‌ک لیژنه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا به‌پێى هه‌ڵسه‌نگاندنى بارودۆخه‌که له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى ته‌ندروستییه‌وه باسى کردنه‌وه‌ى دایه‌نگه‌و باخچه‌ى ساوایان ده‌که‌ین». هه‌روه‌ها ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد زۆربه‌ى مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران له‌ئێستادا کێشه‌ى ئه‌وه‌یان هه‌یه منداڵه‌کانیان له‌کوێ دابنێن، بۆیه ئه‌وه کێشه‌ى سه‌ره‌کییانه و له‌کۆبوونه‌وى خۆیاندا کاریان له‌سه‌رکردووه، وتیشى:» ده‌بێت به‌پێى بارودۆخى هه‌ڵسانگاندنى ڤایرۆسى کۆرۆنا بڕیارى لێبده‌ین». سه‌یوان عه‌لى، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه زۆربه‌ى خاوه‌نى دایه‌نگه‌و باخچه ئه‌هلییه‌کانیش سه‌ردانیان ده‌که‌ن و داوا ده‌که‌ن بکرێنه‌وه، چونکه زیانێکى زۆرى مادییان لێکه‌وتووه.
سه‌رچین ساڵح په‌رله‌مانى کوردستان له‌وه‌رزى نوێى یاسادانانیدا سه‌رۆکى چوار ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆ ده‌گۆڕێت که‌ماوه‌ى یاساییان ته‌واو بووه، به‌ڵام تائێستا میکانیزمى گۆڕینیان یه‌کلاینه‌کراوه‌ته‌وه که به‌پێى به‌رکه‌وته‌ى حزبى ده‌بێت یا له‌سه‌ر بنه‌ماى پسپۆڕى ده‌بێت. ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ، ده‌سته‌ى ده‌ستپاکی، دیوانى چاودێرى دارایی، ئه‌نجوومه‌نى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى سه‌ر به‌په‌رله‌مانى کوردستانن، بڕیاره سه‌رۆکى هه‌ر چوار ده‌سته‌که بگۆڕێت یان ماوه‌یان بۆ درێژبکرێته‌وه. سه‌رۆکى دیوانى چاودێرى دارایی، له 10/5/2018 و سه‌رۆکى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ له 17/1/2017و سه‌رۆکى ده‌سته‌ى ده‌سپاکى له 27/5/2017 ماوه‌ى یاساییان ته‌واوبووه. هه‌روه‌ها سه‌رۆکى ئه‌نجوومه‌نى کۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردن و راپرسى له 3/12/2014 ده‌ستبه‌کار بووه، به‌پێى یاساکه، ماوه‌ى کارکردنیان پێنج ساڵى رۆژ ژمێرییه، که‌واته زیاتر له‌ساڵێکه ماوه‌یان ته‌واوبووه، به‌ڵام هێشتا له‌جێبه‌جێکردنى ئه‌رک و پۆسته‌کانیاندا به‌رده‌وامن. وه‌یسى سه‌عید ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌فراکسیۆنى پارتى به هاوڵاتى وت: «یه‌کێک له‌به‌رنامه‌کانى وه‌رزى به‌هاره‌ى یاسادانانى په‌رله‌مانى کوردستان، کارکردنه بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى سه‌رۆکى ده‌سته‌کان که راسته‌خۆ سه‌ر به‌په‌رله‌مانن و ماوه‌ى یاساییان ته‌واو بووه، به‌ڵام شێوازه‌که‌ى چۆنه ئه‌وه له‌ئاینده‌دا گفتوگۆیان له‌سه‌ر ده‌کرێته‌وه، یان ئه‌وانه متمانه‌یان پێده‌درێته‌وه یان سه‌رۆکى نوێیان بۆ ده‌ستنیشان ده‌کرێت». ناوبراو باسى له‌وه‌شکرد له‌به‌رنامه‌یاندایه یاساى به‌شێک له‌ده‌سته‌کان هه‌موار بکه‌ینه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى چه‌ندساڵ پێش ئێستا بارودۆخێک بووه‌و ئێستا قۆناغێکى تره، ئه‌وه‌ش ده‌خرێته به‌رنامه‌ى کارى په‌رله‌مان و هه‌موارى یاساى ئه‌و ده‌ستانه ده‌کرێته‌وه که‌پێویست ده‌کات. سه‌باره‌ت به‌میکانیزمى دانانى سه‌رۆکى ده‌سته‌کان، په‌رله‌مانتاره‌که‌ى پارتى ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه که تائێستا میکانیزمى دانانى سه‌رۆکى ده‌سته‌کان هیچ گفتوگۆیه‌کى له‌سه‌ر نه‌کراوه، وتیشى:» ئه‌وه‌ى بزانم سه‌رۆکى ئه‌م ده‌ستانه په‌یوه‌ندى به‌ته‌وافقى سیاسییه‌وه نیه، ئه‌و که‌سانه ده‌ستنیشان ده‌کرێن که‌پسپۆڕو شاره‌زان له‌و بواره‌دا». ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافه‌کانى، مرۆڤ زیا پتریۆس سه‌رۆکیه‌تى و له‌پێکهاته‌ى مه‌سیحییه و دیوانى چاودێرى دارایی، خالید هادى چاوشلى که به‌نزیک له‌پارتى ئه‌ژمار ده‌کرێت، سه‌رۆکى ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کى سه‌ربه‌خۆ پۆسته‌که‌ى وه‌رگرتووه، ئه‌نجومه‌نى کۆمسیارانى هه‌ڵبژاردن و راپرسى هه‌رێم له نۆ ئه‌ندام پێکدێن، سه‌رۆک و دوو ئه‌ندامى سه‌ر به‌پارتین و جێگر و ئه‌ندامێکى سه‌ر به یه‌کێتییه‌و دوو ئه‌ندامى له‌بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتووش یه‌کى ئه‌ندامێکیان له‌کۆمسیۆندا هه‌یه. جه‌لال محه‌مه‌د ئه‌ندامى په‌رله‌مانى کوردستان له‌فراکسیۆنى گۆڕان به هاوڵاتى وت: «تائێستا میکانیزمى دانانى سه‌رۆکى ده‌سته‌کان دیارنیه، ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان میکانیزمه‌که‌ى راده‌گه‌یه‌نن و به‌شێوه‌ى یاسایى پڕده‌کرێته‌وه«. هاوکات، ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆکى ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى هه‌رێمى کوردستان له‌لێدوانێکدا به هاوڵاتى وت:»ئه‌و بابه‌ته ده‌سه‌ڵاتى یاسایى په‌رله‌مانى کوردستانه، ساڵانه له‌ڕاپۆرتى خۆماندا ئاماژه‌مان به‌و کێشه یاساییه کردووه، هیوادارین له‌م وه‌رزه‌ى یاساداناندا له‌سه‌ر بنه‌ماى یاسا ئه‌و بابه‌ته یه‌کلایی بکه‌نه‌وه«. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى ماوه‌یان بۆ درێژده‌کرێته‌وه یان ده‌گۆڕدرێن، سه‌رۆکى ده‌سته‌ى ده‌ستپاکى هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌ى روونکرده‌وه که‌زانیارییان له‌سه‌ر نییه، به‌ڵام «به‌پێى یاساکه ماوه درێژکردنه‌وه نییه‌و هه‌ڵبژاردن یان هه‌ر سیغه‌یه‌کى تر په‌رله‌مان پێى باشبوو ئه‌نجامى ده‌دات».