ھاوڵاتی به‌شێک له‌وه‌زیره‌کانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان دواى ده‌ستبه‌کاربوونى بریکاره‌کانیان ده‌سه‌ڵاتی پێویستیان پێناده‌ن، وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردن ده‌ڵێت «به‌پێى یاسا وه‌زیره‌کان ده‌سه‌ڵاته‌کان دیارى ده‌که‌ن». یه‌کێک له‌بریکارى وه‌زیره‌کان که‌نه‌یویست ناوى بهێندرێت بۆ ھاوڵاتی ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد ماوه‌ى سێ هه‌فته زیاتره ده‌وام ده‌که‌ن و وه‌زیر ده‌سه‌ڵاته‌کان دیارى ناکات، وتیشى «پێنه‌دانى ده‌سه‌ڵات به‌وه‌کیل وه‌زیره‌کان پێویستى به‌کۆبوونه‌وه‌ى یه‌کێتى و پارتى و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌یه تاچاره‌سه‌ر بکرێت». له‌مباره‌یه‌وه دانا عه‌بدولکه‌ریم، وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردنى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «به‌پێى یاسا ده‌سه‌ڵات وه‌زیره‌کان ده‌یده‌نه بریکاره‌کانیان، ئیتر که‌م بێت یان زۆر لاى وه‌زیره‌کانه«. ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه بۆ خۆى دواى ده‌ستبه‌کاربوونى بریکارى وه‌زاره‌تى ئاوه‌دانکردنه‌وه ده‌سه‌ڵاتى بۆ دیارى کردووه
شاناز حه‌سه‌ن رێکخراوه‌کانى ژنان پێیانوایه له‌باربردنى منداڵ، پێویستى به‌یاسایه‌کى تایبه‌تمه‌ند هه‌یه که‌ناکرێت له‌ناو پرۆژه یاسایه‌کى دیکه‌دا مادده‌یه‌کى بۆ ته‌رخانبکرێت وەکو ئەوەی کەهەفتەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان پەسەندی کرد. یاساى ماف و ئه‌رکى نه‌خۆش له‌په‌رله‌مانى کوردستان په‌سند کرا، ژنانى دوو گیان ئه‌گه‌ر نه‌خۆشییه‌کى ترسناکیان هه‌بێت لیژنه‌ى پزیشکى ده‌توانێت بڕیار له‌سه‌ر له‌باربردنى مناڵه‌که‌یان بدات، له‌وه زیاتر به‌هیچ پاساوێک ژنان بۆیان نییه منداڵ له‌باربه‌رن. مادده‌ى حه‌وته‌مى یاساکه که‌تایبه‌ت بوو به‌له‌باربردنى منداڵ زۆرترین گفتوگۆى له‌سه‌ر کرا که‌تێیدا هاتووه «ئافره‌تى دووگیانى تووشبوو به‌نه‌خۆشییه‌کى ترسناک که‌مه‌ترسیى راسته‌قینه له‌سه‌ر ژیانى دروستبکات، ده‌کرێت دواى ره‌زامه‌ندیى نه‌خۆش و هاوژینه‌که‌ى و به‌بڕیارى لیژنه‌یه‌کى پسپۆێ که له پێنج پزیشک که‌متر نه‌بێت، به پشکنینێک که له‌که‌رتى گشتى کردبێتی، کۆرپه‌که‌ى له‌بارببرێت، جگه له‌م حاڵه‌ته له‌باربردنى منداڵ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌یه«. رێکخراوه‌کانى ژنان پێیان وایه له‌باربردنى منداڵ پێویستى به‌پرۆژه یاسایه‌کى تایبه‌تمه‌ند هه‌یه نه‌ک ته‌نیا به بڕگه‌یه‌ک له‌ناو پرۆژه یاسایه‌کدا جێى بکرێته‌وه. به‌هار مونزیر، به‌ڕێوه‌به‌رى ریکخراوى خه‌ڵک بۆ گه‌شه‌پێدان، له‌لێدوانێکدا به وت» له‌ده‌رکردنى ئه‌و بڕیار و یاسایانه‌دا ده‌بێت رێکخراوه‌کانى ژنان و شه‌ڵته‌رو ئه‌و لایه‌نانه وه‌ربگیرێت که رۆژانه به‌رکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌تانه‌دا هه‌یه‌و کارى له‌سه‌رده‌که‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو لایه‌نه سلبى و ئیجابیه‌کانى بابه‌ته‌که شیبکرێته‌وه و له‌به‌رچاو بگیرێت، بۆیه دیاره کەئه‌م پرۆژه‌یه په‌له‌په‌لى زۆرى پێوه دیاره«. جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه« له‌ئه‌وروپاش له‌باربردنى منداڵ کاتى بۆ دانراوه، ئێمه‌ش هیچ کات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نین له‌ته‌مه‌نێکى گه‌وره‌ى منداڵدا په‌نا بۆ له‌باربردن ببرێت، به‌ڵام پێویسته ئه‌وه به‌ماف به‌رجه‌سته‌بکرێت که ته‌نیا دایکه‌که ده‌توانێت بڕیار له‌سه‌ر مانه‌وه یان نه‌مانى کۆرپه‌له‌که‌ى بدات، پێویستى به‌مۆڵه‌تى باوکه‌که نه‌بێت». به‌هار مونزیر وه‌ک رێکخراوه‌کانى ژنان ئه‌وه‌شى وت»ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین که‌هۆشیارى بڵاوبکرێته‌وه، که منداڵه‌که دروست نه‌بێت، به‌ڵام که دروستبوو پێویسته به‌یاساى تایبه‌تمه‌ندو گونجاو مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ بکرێت و چاره‌سه‌رى بۆ بکرێت، چونکه به‌سه‌دان ژن له‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌کان له‌باربردن ده‌که‌ن و گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن». به‌هار مونزیر ئه‌وه‌شى ئاشکراکرد رۆژانه حاڵه‌ت هه‌یه‌و سکپڕى له‌ده‌ره‌وه‌ى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى رووده‌دات، بۆیه پێویسته ئه‌و که‌سانه‌ى له‌بواره‌که‌دا کارده‌که‌ن زۆر به جددى کار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه بکه‌ن و گرنگى پێبدرێت. وه‌ک به‌ڕێوەبه‌رى رێکخراوێک وتیشى» نابێت ته‌نیا وه‌ک مافى نه‌خۆش سه‌یرى ئه‌م که‌یسه بکرێت، به‌ڵکو پێویسته رێگه‌چاره‌یه‌کى بۆ بدۆزرێته‌وه که‌چاره‌سه‌رى کێشه‌کانى رۆژانه‌ى ناو ژیانى خه‌ڵک بکات، که ساڵانه چه‌ندین که‌س به‌و هۆکارانه کۆتایى به‌ژیانى دێت». ئه‌ڵماس سه‌میع، سکرتێرى کۆمه‌ڵه‌ى ئافره‌تانى کوردستان، له‌لێدوانێکدا به وت»وه‌ک حزبى شیوعى و بیروباوه‌ڕى تایبه‌تى خۆمان ئێمه زیاتر لایه‌نه مرۆڤایه‌تیه‌که به‌لامانه‌وه زۆر گرنگه، بۆیه تاکه‌که به‌پێى ئه‌و بارودۆخه‌ى تێیدایه بڕیار له‌سه‌رى ده‌درێت، واته به‌گشتى له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندى تاکین و ئافره‌تیش، به‌مه‌رجێک ئه‌و تاکه دەرهاویشته‌ى خراپى نه‌بێت بۆ سه‌ر کۆمه‌ڵگه«. هه‌روه‌ها وتیشى» ئه‌م بابه‌ته بابه‌تێکى ورده‌و زۆر حه‌ساسه، پێویسته زۆر به‌وردى یاساکه تایبه‌ت بێت و کارى له‌سه‌ربکرێت، چونکه به گرنگى ئافره‌ت و منداڵ ده‌بێت پرۆژه‌که ئاماده‌بکرێت، به‌و پێیه‌ى مافى ئافره‌ته‌که نه‌فه‌وتێت». ئه‌ڵماس سه‌میع، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه« پێویسته هۆکارى دروست بونى سکپریه‌که رونبکرێته‌وه و کارى له‌سه‌ربکرێت، هه‌ر ئه‌وه‌ش له‌یاساکه‌دا جێگیربکرێت بۆ ئه‌وه‌ى ببێته هاوکار بۆ ئافره‌ته‌که‌و مافى کۆرپه‌له‌کەش بپارێزرێت». هیوا که‌ریم، وته‌بێژى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى ئافره‌تان و خێزان ، له‌لێدوانێکدا به وت» له‌پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیریدا حاڵه‌ت هه‌یه که‌ده‌یانه‌وێت منداڵه‌کانیشیان له‌ناوبه‌رن، که‌ئه‌مه شتێکى ئاساییه، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى چه‌ندین حاڵه‌تمان هه‌یه، که‌ئه‌مه کێشه‌که‌یه‌و سکپڕى هه‌یه رووده‌دات و به‌رده‌وامبوونى هه‌یه«. هه‌روه‌ها وتیشى» پێویسته ئه‌مه به‌پڕۆژه یاسایه‌کى ورد دیراسه بکرێت و له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانى یاساناس و مافناس و که‌سانى پسپۆر‌و کۆمه‌ڵناس و ده‌رونناس و پزیشکه‌کان کارى بۆ بکرێت، چونکه ئه‌مه شتێکى ئه‌وه‌نده ئاسان نیه، به‌ڕزگارکردنى روحى که‌سێک، له‌لایه‌کى دیکه‌وه چه‌ندین کێشه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى دیکه سه‌رهه‌ڵبدات و کۆمه‌ڵگه وێران بکرێت واته لایه‌نى کۆمه‌ڵایه‌تى و ئاینى و دابونه‌ریت له‌به‌رچاو بگیرێت». وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى توندوتیژى دژى ژنان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شکرد»با هیچ نه‌بێت پرۆژه یاسایه‌ک ده‌ربکرێت، هه‌ر له‌کاتى ده‌رچوونیه‌وه پێویستى به‌هه‌موارکردنه‌وه نه‌بێت، که ئه‌وه له‌په‌رله‌مانى کوردستانى ئێستا چاوه‌ڕوان ناکرێت». قومریه محه‌مه‌د، سکرتێرى رێکخراوى خوشکانى ئیسلامى له‌لێدوانێکدا به وت» به‌پێى شه‌ریعه‌تى ئیسلام، منداڵ له‌دواى ئه‌وه‌ى دروستده‌بێت له‌سکى دایکیداو گیانى به‌به‌ردا ده‌کرێت، ته‌مه‌ن و قۆناغى جیاوازى هه‌یه، که‌ده‌بوایه له‌یاساکه‌دا زۆر به‌وردى ئه‌وه روونبکرایه‌ته‌وه، که نه‌کراوه‌و بۆته که‌موکوڕى یاساکه«. وتیشى»هیوادارم ئه‌م یاسایه‌و هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ش که له‌به‌رژه‌وه‌ندى تاکدایه، کارى پێبکرێت و ته‌نیا یاسا ده‌رکردن نه‌بێت و یاساکان وا باس بکرێت و تیشکى بکرێته‌سه‌ر که هیچ لایه‌نێک به‌جێنه‌هێلێت ببیته مه‌ترسى بۆ سه‌ر ژیانى که‌سێک». قومریه محه‌مه‌د، ئه‌وه‌شى باسکرد»له‌ده‌ره‌وه‌ى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى درستبوونى هه‌ر منداڵێک زینایه و ئه‌وه بڕیارێکى موتڵه‌قه، به‌ڵام له‌حاڵه‌تى تایبه‌تدا پێویسته به‌یاساکه روونبکرێته‌وه و چاره‌سه‌رى بۆ دابنرێت». سه‌یوان رۆسته‌م، وه‌ک یه‌کێتى ژنان ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ى وت» ئێمه داده‌نیشین و خاڵه به‌هێز و لاوازه‌کانى یاساکه تاووتوێده‌که‌ین و روونکردنه‌وه‌ى پێویستى له‌باره‌وه ده‌ده‌ین». وتیشى»له‌زووترین کاتدا له‌گه‌ڵ پارێزه‌رانى خۆمان و که‌سه پسپۆره‌کان کۆده‌بینه‌وه، چونکه ئه‌م بابه‌ته ورده‌و پێویستى به‌که‌سى یاسایى و پسپۆر هه‌یه«. دڵسۆز به‌کر، به‌ڕێوه‌به‌رى رێکخراوى ژیان بۆ داکۆکى له‌مافى ئافره‌ت و کێشه‌کانیان له‌لێدوانێکدا به وت» ئێمه له‌لاى خۆمانه‌وه کار بۆ پێداچوونه‌وه‌ى ئه‌و پرۆژه یاسایه ده‌که‌ین و ده‌مانه‌وێت تایبه‌تمه‌ند بکرێت، چونکه بابه‌ته‌که بۆته ئه‌مرى واقیع و رۆژانه که‌یسى له‌و جۆره زۆره«. به‌ڕێوه‌به‌رى رێکخراوى ژیان، ئه‌وه‌شى وت» له‌باربردنى منداڵ له‌هه‌موو کات و ساتێکدا له‌ده‌ره‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌کاندا هه‌بووه، بۆیه ده‌بێت پرۆژه یاساکه یان نه‌جوڵێنرێت، یاخود که‌بووه یاسا کار بەهه‌موو لایه‌نه‌کانى بکرێت».
بەرپسێکی یەرکگرتووی ئیسلامی کوردستان دووشەممە رایگەیاند رێکەوتنی حزبەکەی لەگەڵ پارتی ھەڵوەشاوەتەوە لە حکومەتی خۆجێی پاریگای دھۆک دوایئەوەی لە پەرلەمان واژۆیان کۆکردەوە بۆ بانگھێشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت بۆ لێپرسینەوە سەبارەت بە قەیرانەکانی ھەریم. سەباح باپیری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجمونی پارێزگای دھۆک رایگەیاند واژۆی پەرلەمانتارەکانیان نیگەرانی پارتی لێکەوتۆتەوە بۆیە رێکەوتنەکە ھەڵدەوەشێتەوە. یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان چەند پۆستیکی پاریزگای دھۆکی بەدەستە بریارە دوای ھەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکەوتنە پۆستەکانی لێوەربگیرێتەوە. سەباح بابیری، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە ئەنجومەنى پارێزگاى دهۆک بە میدیاى حیزبەکەى راگەیاند، "ئەو رێککەوتنەى لە نێوان پارتى و یەکگرتوودا هەبوو لەبارەى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاى دهۆک هەڵوەشایەوە و یەکگرتوو بڕیاریدا لە حکومەتى خۆجێیی پارێزگاى دهۆک بکشێتەوە،" دەشڵێت، "یەکگرتوو بڕیاریداوە سەرجەم پۆستەکان لە پاریزگاى دهۆک رادەست بکاتەوە". ئاماژەى بەوەشکردووە، "کشانەوەى یەکگرتوو لە حکومەتى خۆجێیی دهۆک بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، یەکێک لەوانە بەهۆى واژۆکردنى ئەندامانى فراکسیۆنى یەکگرتووە لە پەرلەمانى کوردستان لەبارەى بانگهێشتکردنى مەسرور بارزانى بۆ پەرلەمانى کوردستان". ئەوەشى خستووەتەڕوو، "ئەو هەنگاوەى فراکسیۆنى یەکگرتوو لە پەرلەمانى کوردستان پارتى نیگەران کردووە و بەهۆیەوە یەکگرتوو دواجار بڕیاریداوە لە حکومەتى خۆجێیى دهۆک بکشێتەوە." یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان لە پارێزگاى دهۆک خاوەنى سێ کورسى ئەنجومەنى پارێزگایە و چەند پۆستێکى ئەو سنورەى لە چوارچێوەى رێککەوتنى پارتى و لایەنەکان وەرگرتووە.
ھاوڵاتی به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئاسا لە سلێمانی کە تایبه‌ت به‌توشبوانی كۆرۆنا رایده‌گه‌یەیاند، تا ناوەڕاستی پایز ھیچ جێگەیەک نامێنێت بۆ نەخۆش، ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بڕوات. شه‌ماڵ جه‌بار یاوه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئاسای تایبه‌ت به توشبوانی كۆرۆنا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی بڵاویكرده‌وه "لە نەخۆشخانەکانی کۆڕۆنا خەریکە جێگە نامێنێت، خۆپاڕێزی تاک لەوپەڕی خراپیدایە، کە خۆت ناپارێزیت دواتر شوێنت نەبو لە نەخۆشخانە مایەی گلەییە؟". وتیشی "بەم شێوەیە بڕوات ناوەڕاستی پایز ھیچ جێگەیەک نامێنێت بۆ نەخۆش". به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، تا ئێستا 41 هه‌زار كه‌س و 732 كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون، 26 هه‌زار و 921 كه‌س چاكبوونه‌ته‌وه و 13 هه‌زار و 275 كه‌س له ژێر چاودێریدان و هه‌زار و 1536 كه‌س گیانیانله‌ده‌ستداوه.
ھاوڵاتی لایه‌نه‌كانی رۆژئاوای كوردستان دووشەممە له‌سه‌ر مه‌رجه‌عی باڵای كورد رێکەوتن كه پێکدێت له ئەنجومەنێکی 40 كه‌سی و رێکەوتنەکەش لە شه‌ش خاڵ پێکھاتوە. سه‌ما به‌كداش، وته‌بێژی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی و ئه‌ندامی كۆمیته‌ی دانوستانه‌كان رایگه‌یاند، پارتی یه‌كێتی نیشتیمانی و ئه‌نه‌كه‌سه له‌سه‌ر ناوی مه‌رجه‌عی سیاسی رێككه‌وتوون و ناوی ده‌كه‌ن به مه‌رجه‌عی باڵای كورد. راشیگه‌یاند، ئه‌وان له‌سه‌ر شه‌ش خاڵ رێككه‌وتوون، كه په‌یوه‌سته به ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و مه‌رجعه باڵایه و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی سه‌رێكانی، عه‌فرین و گرێ سپی و ھه‌روه‌ها له‌سه‌ر نوێنه‌رایه‌تییه‌كانی كورد له‌رووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه و چۆنیه‌تی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و ده‌ركردنی بڕیاره‌كان و دانانی په‌یڕه‌وێكی ناوخۆیی رێككه‌وتوون.
ھاوڵاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی روودا کۆبوونەوەکە سبەی سێشەممە 22-9-2020 بەڕێوەدەچێت. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی جەیمس جێفری بڵاوکردەوە، لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئێوارەی رۆژی یەکشەممە جەیمس جێفری گەیشتە هەولێر و لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانی عێراق، لەوانەش سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کۆدەبێتەوە. باڵیۆز جێفری باس لە لە هاوئاهەنگییە بەردەوامەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشکاندنی یەکجاریی داعش لە عێراق و سووریا و هەوڵە بەردەوامەکانی تایبەت بە سەقامگیری لە ناوچە ئازادکراوەکان لە دەستی داعش دەکات". بەپێی راگەیێندراوەکە، جێفری لە تەواوی کۆبوونەوەکانییدا جەخت لە پاڵپشتییە بەردەوامەکان بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەوانەش پێشمەرگە، لە شەڕی دژی داعش دەکاتەوە و "پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ عێراقێکی بەهێز، خاوەن سەروەری و خۆشگوزەرانی دووپاتدەکاتەوە".
بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند کتێبێکی وەڵامی مەلا بەختیار دەدەنەوە. نوسینەکەشی بە کۆمەڵێك "تۆمەت و بوختان و حیکایەتی بێ بنەما" ناوبردوە کە داویەتیە پاڵ نەوشیروان مستەفا، دامەزرێنەی کۆچکردووی بزووتنەوەکە. دەقی راگەیەندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان: رووونکردنەوەیەك لە بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ رای گشتیی کوردستان دوای بڵاوبونەوەی کتێبی (لەبری بیرەوەری) مەلا بەختیار، کە کۆمەڵێك تۆمەت و بوختان و حیکایەتی بێ بنەمای داوەتە پاڵ ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کە مێژوو سەلماندویەتی یەکێک بوە لە ڕابەرە هەرە دیار‌و کاریگەرەکانی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردستان و قەڵەمێکی بەبڕشت و ڕاستگۆی دنیای ئەدەب و فکر و رۆشنبیری و سیاسەت بووە، لەمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا خەڵکی ڕاستگۆ‌و پێشمەرگە دێرینە تێکۆشەرەکان و شاهید حاڵی ڕوداوەکان وخەڵکانی دڵسۆز و بەئەمەك، ئەم حیکایەتە ساختەی ناوەڕۆکی کتێبەکە و چاوپێکەوتنەکەی ناوبراویان لە کەناڵی روداو پێ قبوڵ نەکراو، هەر یەکە بەشێوازی تایبەتی خۆی، هەوڵی ڕاستکردنەوەیان دا. نەوشیروان مستەفا یەکێکە لە رابەر و سەرکردە گەورەکانی میلەتەکەمان و لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیدا، خەمخۆرانەو راستگۆیانەو خۆنەویستانە، کاری بۆ ئازادی و عەدالەت و رزگاری کردوە. ئەو چ لە قۆناغی شاخدا، وەک سەرکردەیەکی کارامەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆمەڵە، وەک ئەندازیار و رابەری راپەڕینی ١٩٩١، وەک پلاندانەری پرۆسەی ئاشتی و رێکەوتنەکانی نێوان دوو هێزی شەڕکەری یەکێتی و پارتی، وەک کەسایەتیەکی سەرەکی لە گفتوگۆکانی دوای راپەڕین و دوای روخانی رژێمی بەعس و نوسینەوەی دەستور و پەیکەری نوێی عێراق، وە چ لە قۆناغی دامەزراندن و بەڕێخستنی بزوتنەوەی چاکسازی و گۆڕانخوازی، بزوتنەوەی گۆڕان، هەمیشە لە خەمی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دیموکرات و مۆدێرندا بوە لەسەر بنەماکانی عەدالەت و رێز لە مافی مرۆڤ. بۆیە وەستانەوە بە ڕوی ئەو چەواشەکاری و ناڕاستی و بوختان و حیکایەت داتاشینەی مەلا بەختیار و هاوچەشنەکانی، کە دەیانەوێت لەپاڵ باسکردنی مێژوویەکی ناڕاست و خەیاڵپڵاوانەی خۆیاندا، لە پرۆژە فکری و سیاسیە گەورەکەی بدەن و پەرێزی خۆیان لە دادگای گەل و مێژوو و ویژداندا پاکبکەنەوە، بە ئەرکی هەمو مرۆڤێکی راستگۆ و بەویژدانی ئەم نیشتمانەی ئەزانین، چونکە جورئەتکردن و نەسڵەمینەوە لە هۆنینەوەی کۆمەڵێک بوختانی بێبنەماو تەشهیرکردن بەسەرکردەیەکی دەستپاک و مێژوو پاکی وەک نەوشیروان مستەفا، وە خۆنەپاراستن لە بێڕیزی کردن و ناوزڕاندنی کۆمەڵێک کاراکتەری سەربازی و سیاسی میلەتەکەمان لە قۆناغەکانی رابردودا، سەرەتایەکی مەترسیدارە گەر روبەروی نەوەستینەوە. ئێمە وەك بزوتنەوەی گۆڕان، وێڕای دەستخۆشی و پێزانینمان بۆ خەمخۆرانی نەوشیروان مستەفا و مێژووە پڕشانازیەکەی و خەباتی هاوسەنگەر و هاوڕێیانی، لەهەمانکاتدا رایدەگەیەنین کە بزوتنەوەی گۆڕان و هەموو گۆڕانخوازان و کەسانی دڵسۆز و راستگۆ‌و خەمخۆری نیشتمان، بەهەموو توانایەکەوە، ئەو هەوڵە ریسوائەکەن و بەرپەرچی ئەدەنەوە، هەم لەرێگەی خستنەروو و دەرخستنی راستیەکان و هەمیش لە رێگای ئەو هەموو بەڵگانەی لەبەردەستدا هەن و لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاوئەکرێنەوە. دواجار دەبێ ئەو راستیە بزانین، کە ئەو رقە پەنگخواردوەی مەلا بەختیار، تەنها پەیوەست نیە بە مێژووەوە، بەڵکو بەشێکە لە هەڵمەتەکانی دژ بە بزوتنەوەی چاکسازی و پرۆسەی ریفۆرم و عەدالەتخوازی. بۆیە بە ئەرکێکی سیاسی و ئەخلاقی خۆمان و هەمو دڵسۆزان و هاوڕێ و یاوەرانی کاک نەوشیروانی ئەزانین، لە دەرفەتێکی نزیکدا، کۆی چەواشەکاریەکان بۆ خەڵکی کوردستان و مێژوو رونبکەینەوەو راستی نیەتی مەلا بەختیار دەربخەین. بزوتنەوەی گۆڕان ٢١/٩/٢٠٢٠
ھاوڵاتی، ماردین نورەدین یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مل نادات بۆ خواستەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لەچوارچیوەی پڕۆژەیەکدا ئامادەی کردووە لەکەرکوک. یەکێتی پارتی تۆمەتباردەکات بەوەی لەسەر داوای تورکیا ماوەی سێ ساڵە نەگەڕاوەتەوە کەرکوک، بەڵام پارتی دەڵێت شارەکە لەلایەن حەشدی شەعبیەوە داگیرکراوەو بەبێ پڕۆژەی خۆیان ئامەدەنین بگەڕێنەوە. دوێنێ یه‌کشه‌ممه 20ى ئه‌یلول به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى که‌رکوکى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان رایگه‌یاند، کێشه‌کانى که‌رکوک په‌یوه‌ندى به‌ناکۆکى پارتى و یه‌کێتییه‌وه نییه‌و «پارتى خۆى نایه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه شاره‌که له‌به‌ر تورکیا». بەڵام پارتی دەڵێت ئەو قسانە راست نین. ئەو قسانەشی له‌باره‌گاى مه‌ڵبه‌ندى حزبەکە کرد لەکەرکوک دوای ئەوەی لایه‌نه کوردییه‌کانى شاره‌که‌ی کۆکردەوە به‌بێ ئاماده‌بوونى پارتى و تیایدا له‌باره‌ى چه‌ند پرسێکه‌وه گفتوگۆیان کرد. عەدنان کەرکوکی وتەبێژی سەرکردایەتی پارتی لەکەرکوک رایگەیاند حزبەکەی باشداری کۆبوونەوەی حزبەکان ناکات لەکەرکوک چونکە ئەو پێیوایە شارەکە «داگیرکراوە». وتیشی «قسەکانی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکوک ئەسڵ و ئەساسیان نییەو دوورن لەڕاستییەوە، هیچ قابیلی قبوڵ نییە». عەدنان کەرکوکی بە ھاوڵاتی وت «هەتا ئەو داگیرکارییە سەربازییە لەکەرکوک بێت کە هیچ کەشوهەواو بارودۆخێکی دیموکراسی و ئاشتی و ئازادی تێدا نییە، ناتوانرێت چالاکی مەدەنی یان چالاکی سیاسی تێدا ئەنجامبدرێت، بۆیە کە پارتی بەو شێوەیە ناگەڕێتەوە کەرکوک، ئەم دەسەڵاتەی کەئەمڕۆ لەکەرکوکە بەدەسەڵاتێکی شەرعی نازانین». له‌دواى کۆبوونه‌وه‌که‌ی دوێنێی پارتە کوردییەکان لەکەرکوک محه‌مه‌د دووشیوانى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى که‌رکوکى یه‌کێتى به رۆژنامه‌نوسانى راگه‌یاند، کۆبوونه‌وه‌که له‌سه‌ر کێشه‌کانى ئه‌مڕۆى که‌رکوکه به‌تایبه‌ت ته‌عریب و هێنانى عه‌ره‌ب. سەبارەت بە پرۆسەی تەعریبکردنەوەی ناوچە کوردیەکان کە بەم دواییانە دەستی پێکردووەتەوە، عەدنان کەرکوکی وتی «کاتێک کورد دەسەڵاتی هەبوو تەعریب دەسڕایەوە، پۆستی خۆی هەبوو حاکمی شار بوو، ئەمڕۆ بەسەر کەرکوک هاتووە کێ بەرپرسە لێی ئەوان (یەکێتی) بەرپرسیارن». لەگەڵ ئەوەشدا دوێنێ حزبەکان بەبێ پارتی کۆبوونەوە، محەمەد دووشیوانی وتی «کۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه کوردییه‌کان بۆ ئه‌وه‌یه که یه‌کهه‌ڵوێست و یه‌کده‌نگ بین تا به‌یه‌که‌وه بڕیار‌و سیاسه‌تێکى هاوبه‌شمان هه‌بێت». وتیشى «له راگه‌یاندنه‌کان وا پیشانده‌درێت که‌کێشه‌کانى ئه‌مڕۆى که‌رکوک په‌یوه‌ندى به ناکۆکى پارتى و یه‌کێتییه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ش دووره له‌ڕاستییه‌وه، پارتى ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه که‌رکوک با باره‌گاکان و سه‌رجه‌م پۆسته ئیدارییه‌کانى وه‌ربگرێته‌وه، به‌ڵام مه‌سه‌له‌که ئه‌وه‌یه پارتى له‌به‌ر تورکیا ناگه‌ڕێته‌وه که‌رکوک». به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى که‌رکوکى یه‌کێتى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه، بڕیاریانداوه لیژنه‌یه‌ک پێکبهێنن له لایه‌نه کوردییه‌کان له‌سه‌ر کێشه‌کانى که‌رکوک سه‌ردانى هه‌ردوو حکومه‌تى عێراق و هه‌رێم بکه‌ن. له‌دواى رووداوه‌کانى ١٦ى ئۆکتۆبه‌ره‌وه پارتى باره‌گاکانى له که‌رکوک داخستووه‌و تائیستاش نایه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه که‌رکوک به‌هۆکارى ئه‌وه‌ى دۆخى شاره‌که ئاسایى نه‌کراوه‌ته‌وه. عەدنان کەرکوکی «پارتی پڕۆژەی هەیە، پڕۆژەکەشی بۆ ئاساییکردەوەی دۆخی کەرکوکە، پڕۆژەکە هەموو لایەنەکان قبوڵیانە و گفتوگۆی لەسەرە، لەچاودێری یونامی چەندین کۆبوونەوە کراوە، بەڵام هەتا ئێستا نەگەیشتوونەتە رێکەوتنی کۆتایی، بۆیە پارتی بەو شکڵە نایەتە کەرکوک کەهیچ دەسەڵاتێکی نەبێت و هیچ کەشوهەوایەکی ئازادی نەبێت». سەبارەت بەو وتەیەی مەحەمەد عوسمان کە دەڵێت یەکێتی و پارتی هیچ کێشەیەکییان نییە، پارتی دەتوانێت بێتەوە سەر پلەو پۆستەکانی پێشوی، عەدنان کەرکوکی وتەبێژی سەرکردایەتی پارتی لەکەرکوک بە ھاوڵاتی راگەیاند «پارتی بیری لەپۆست نەکردۆتەوە لەکەرکوک بیریشی لێناکاتەوە».
ھاوڵاتی بەرپرسانی رۆژائاوای کوردستان دەستیانکردووە بەگواستنەوەی ژنانی بیانیی و منداڵەکانیان کە پەیوەستبوون بەڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە بۆ دەرەوەی کەمپێکی جەنجاڵ لەباکوری خۆرهەڵاتی سوریا تابخرێنه ژێر چاکسازیی، لەهەمانکاتدا کەسانێکی تریان لەڕێگەی پارەوە هەڵهاتوون. هەندێک لەژنانی داعش لەڕێگەی ئینتەرنێنەوە هاوسەرگیریی دەکەن و بەرەو تورکیا هەڵدێن. هەسەدە مەترسیدارەکانیان جیادەکاتەوە لەپەشیمانبووەکان، ئەوەش دوای ئەوەی بۆی دەرکەوت هەندێکیان هێشتا لەپەیوەندیدان لەگەڵ بەرپرسانی گروپەکە کەدەکرێت وەکو مەترسی سەیربکرێن. ئەوانەی کەمتر توندڕەون دەبرێنە شوێنێک بۆ چاکسازیی شێخموس ئەحمەد بەرپرسێکی رۆژاڤایە، بەئاژانسی فرانس پرێسی وت (76) خێزان لەتەمموزەوە لەکەمپی هۆلەوە بۆ رۆژ گوێزراونەتەوە، دوای داوایەک کەتیایدا پەشیمانییان دەربڕیوە لەپەیوەندییان بەو گروپە تووندڕەوەوە. بەرپرسەکە باسی لەنەتەوەکانیان نەکرد، بەڵام دەسەڵاتدارانی کورد وتیان بیانیەکانی کەمپی هۆل لە (50) وڵاتی جیاوازەوە هاتوون. دوای چەندین ساڵ پێشەنگیکردنی شەڕ دژی داعش بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێشەنگیکراو لەلایەن ئەمریکاوە، کوردەکانی سوریا هەزاران گومانلێکراوی بیانییان بەندکردووە کەپشتیوانییان لەو گروپە تیرۆریستییه کردووە. لەنێو ئەمانەدا چەکدارانی گومانلێکراوی زیندانکراو هه‌ن، بەڵام هەزاران ژن و منداڵی تریش کەپەیوەندییان پێیانەوە هەیە و لەکەمپی ئاوارەکاندان -- زۆرێکیان لەچەندین خێمەی جەنجاڵی شاری هۆلدان. گروپەکانی کۆمەک بەردەوام سکاڵایان دژی دۆخی ژیان لەو کەمپە کردووە کەتێیدا نزیکەی (70) هەزار کەسن دەبن و زیاد لەنیوەیان لەخوار تەمەنی پێنج ساڵەوەن و بەرپرسانی کوردیش یەکەمین کەیسی ڤایرۆسی کۆرۆنایان لەنێو دانیشتوانەکەیدا راگەیاند لەکۆتایی ئابدا. شێخموس ئەحمەد وتی «کەمپی رۆژ فراوانکراوە بەهەماهەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بۆ گواستنەوەی چەکدارانی بیانی داعش و ژن و منداڵەکانیان دوای ئەوەی داوای ئه‌وه‌یان کردووه که هۆل به‌جێبهێڵن.» وتی «کەمترین رادیکاڵه‌کانیان ئامادەی چاکسازین و داوای گەڕانەوەیان کردووە بۆ وڵاتەکانیان و تێکەڵبوونەوە بەکۆمەڵگاکانیان، پەشیمانیشیان نیشانداوە.» بەگشتی چاوەڕواندەکرێت نزیکەی (400) خێزان لەهۆلەوە بۆ رۆژ بگوێزرێنەوە، کە لەوێ لەخێمەی تایبەت بەخۆیاندا دەژین. وڵاتانی خۆرئاوا بەگشتی دوودڵن لەوەرگرتنەوەی ئەو هاووڵاتیانەیان کەپەیوەندییان بەداعشەوە کردووه لەباکوری خۆرهەڵاتی سوریا، هەرچەندە هەندێکیان ژن و منداڵیان وه‌رگرتۆته‌وه، بەگوێرەی که‌یس به‌که‌یس. هەوڵی هەڵاتن و هاوسەرگریکردن لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەرپرسانی رۆژاڤا وێڕای ئەوەی کەڕووبەڕووی هەڕەشەی شانە نووستووەکانی داعش دەبنەوە، تووشی چەند کێشەی دیکە دەبنەوە، وەکو هێرشی ناوەناوەی میلیشیاکانی سەر بەتورکیا، ئەمە جگەلەوەی ئەرکی چاودێری (70) هەزار خێزانی زیندانیانی داعشیان لەئەستۆیە کەزۆرێکیان بیانین و وڵاتەکانیان نایانەوێت وەریان بگرنەوە. پێشنیاری نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی گەڕاندنەوەی زیندانیانی داعش بۆ ئەو وڵاتانەی لێی هاتوون، لەوانە وڵاتانی رۆژئاوا، دەنگی نەهێنا. بەگوێرەی نووسراوێکی نەشناڵ ئینترێست، ئەو پێشنیارە لە 21ی ئاب لەلایەن ئەمریکاوە ڤێتۆ کرا تاچارەنووسی (70) هەزار زیندانی بەناڕوونی بمێنێتەوە. بەرپرسانی هەسەدە ئەم زیندانیانەیان لەدوو کەمپی هۆل و رۆژدا نیشتەجێکردووە، بەڵام زیندانییەکان لەساڵی 2018وە بەردەوام هەوڵی هەڵاتن دەدەن بەتایبەت ژنان. دکتۆر ئان سپکهارد، مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون و بەڕێوەبەری ناوەندی نێونەتەوەیی تووێژینەوەکان بۆ توندئاژۆیی پێشتر وتی «ئەو ژنانەی داعش کە لەکەمپی ئەلهول لەناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سوریا زیندانی کراون بەخەرجکردنی (10 تا 20) هەزار دۆلار دەتوانن بەشێوەی قاچاخ و بەشاراوەیی هەڵبێن». زیاتر وتی ژنانی داعش بەخەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە، بەشێوەی قاچاخ لەکەمپی هۆل کە لەژێر کونترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە، هەڵاتوون. ژمارەیەکیان چوونەتە ئیدلیبی سوریا‌و ژمارەیەکیشیان لەڕێگای ناوچە سوریایەکانی ژێر کونترۆڵی تورکیاوە خۆیان گەیاندۆتە تورکیا. ئەم بابەتە هەفتانە درێژەی هەیەو هێزەکانی سووریای دیموکرات پشتڕاستیان کردۆتەوە. پرسی هەوڵی زیندانیانی داعش بۆ هەڵاتن لەکەمپی ژێر چاودێریی هەسەدە بووەتە دیاردەیەکی جیددی و مەترسیدار. بۆیە بەرپرسانی رۆژاڤا دەستیان کردووە بەجوداکردنەوەی زیندانییە مەترسییدارەکان لەکەمپی هۆل و ژمارەیەکیان بۆ کەمپی رۆژ گواستووەتەوە. بۆ نموونە هەفتەی رابردوو ژنان و منداڵانی ئوسترالیایی لەبەشێکی کەمپی هۆلەوە کە بەشەقامی سیدنی ناوی دەرکردووە؛ بۆ کەمپی رۆژ گواسترانەوە. بەڕێوەبەری سەنتەری نێودەوڵەتیی تووێژینەوەکانی توندوتیژیی لەبارەی هۆکارەکانی یارمەتیدان بەهەڵاتنی ژنە داعشەکان دەڵێت «هۆکاری زۆر هەن بۆ یارمەتیدان بۆ هەڵاتنی ژنانی داعش لەکەمپی ژێر کونترۆڵی کوردەکان. بۆ نموونە بەهۆی نالەباربوونی دۆخی کەمپەکە وەڕەز بوون و ئەگەر بتوانن لەڕێگای ئینتەرنێتەوە هاوسەرگیریی لەگەڵ ئەوروپیەک دەکەن و پارەی پێویست بۆ هەڵاتن لەکەمپەکە فەراهەم دەکەن و کەمپەکە بەجێدێڵن. ژنانی زیندانیکراو لەهۆل لەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەکو ئینستاگرام، تێلێگرام و تۆڕی پێدانی پەی بال داوای یارمەتییان کردووە تا بەشێوەی شاراوە هەڵبێن. لەلایەکی دیکەوە، کریستۆفر میلر، بەڕێوەبەری سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەئەمریکا هۆشداری دەدات کەداعش تەرکیزی کردووە لەسەر ئەندامە زیندانییەکانی لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سوریا. مامۆستای زانکۆی جۆرج تاون ئاماژەشی دا بەپرسی نەبوونی توانای دارایی بەرپرسانی کوردی سوریا بۆ بەڕێوەبردنی کەمپەکە و هەروەها داواکردن لەوڵاتانی هەناردەکەری داعش بۆ وەرگرتنەوەی داعشەکان. هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ئیدارەدانی زیندان و زیندانییەکان و پێدانی مووچەی هێزەکانیان یارمەتیی دارایی لەهاوپەیمانان وەردەگرن، بەڵام دیارترین شتێک کەئێستا ئەو هێزانە دەیانەوێت ئەوەیە وڵاتانی جیهان هاووڵاتیانی داعشی خۆیان کەئێستا لەزیندانەکانیاندان وەربگرنەوە. گۆڤاری نەشناڵ ئینترێست هۆشداریی داوە ئەگەر وڵاتانی بیانی لەوانە ئەوروپییەکان هەوڵنەدەن بۆ گەڕاندنەوەی داعشە هاووڵاتییەکانی خۆیان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی کوردانی سوریا، ئەگەری زیاتربوونی هێرشەکانی ئەو گروپە تیرۆریستییە لەئارادایە.
ھاوڵاتی کۆمیسیۆنی لێپرسینەوەی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی جەنگی سوریاوە راپۆرتێکی ئامادەکرد. لەڕاپۆرتەکەدا کۆمەڵێک بەڵگە لەسەر تاوانەکانی تورکیا‌و میلیشیاکانی لەژێر ناوی ‹سوپای نیشتمانی سوریا› کە لەعەفرین و سەرێکانی ئەنجامیان داوەو لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە گیراون، بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو وێنانەی لەڕاپۆرتەکەدا بڵاوکراونەتەوە پەرەستگای ئاین دارا لەعەفرین کەتەمەنی (3) هەزار ساڵەو لەلایەن یونیسێفەوە دەپارێزرا، ئاشکرا دەبێت کە بەچی شێوەیەک رووخێنراوە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەتاوانەکانی جەنگی و مرۆڤایەتی تورکیا‌و گرووپەکانی لەعەفرین و سەرێکانی کرد‌و رایگەیاند، تاوانی دەستدرێژی، دزی، دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک و لەناوبردنی میراسی کەلتوری دەکرێت. راپۆرتەکە لەنێوان ٢١ی کانونی دووەم و حوزەیراندا ئامادەکراوە. لەلایەن پاولۆ پینهیرۆ سەرۆکی کۆمسیۆنی لێپرسینەوەکەوە ئاشکراکرا کە لە (٤٥)مین دانیشتنی مافەکانی مرۆڤ لەئۆفیسی جنێفی نەتەوەیەکگرتووەکاندا قسەی لەسەرکرابوو. لەڕاپۆرتەکەدا دەستنیشانکرا کەهەموو لایەنە چەکدارەکانی سوریا خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج و وتی، «لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستیش، بەڵام خەڵکی سوریا دەکوژرێن و رووبەڕووی توندوتیژی و پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانیان دەبنەوە.» لەڕاپۆرتەکەدا کە لە (٢٥) لاپەڕە پێکدێت ئاماژە بەهەموو پێشێلکارییەکان لەلایەن هێزەکانی هەرێمەکە کراوەو باسی ئەوەکراوە کەهێرشی زایەندی لەسەر ژنان و منداڵانی کچ، توندوتیژی دژی خەڵکی مەدەنی، بەزۆر دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان رۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبن. هەروەها لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەپێشێلکردنی مافەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی سوریا‌و گرووپە جیهادیەکان لەئیدلب کراوەو هەروەها باسی تاوانەکانی تورکیا لەعەفرین و سەرێکانیش کراوە. لەڕاپۆرتەکە ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە کراوە: ئەشکەنجە، دەستبەسەرداگرتن و تاڵانکردن هێزەکانی سوپای نشتیمانی سوریا، بەفشارو ئەشکەنجەو بەزۆر دەیانەوێت کورد‌و هاووڵاتیان لەهەرێمەکە دەربکەن. کەلوپەلی تایبەتی زۆر کەس تاڵانکراون و دزران. ئەو ماڵانەی کە بەزۆر دەستیان بەسەردا دەگیرێت چۆڵ دەکرێن و چەکدارەکانی سوپای نشتیمانی سوریا لەو ماڵانەدا جێگیر دەکرێن. هاووڵاتییە کوردەکان بەشێوەیەکی سیستماتیک ئەشکەنجە دەدرێن. هێزەکانی سوپای نشتیمانی سوریا لەهەرێمی عەفرینی کوردان جێگیر دەکرێن، بەزۆر دەست بەسەر موڵک و ماڵی ئەواندا دەگیرێت، هێزەکانی سولەیمان شا ماڵ بەماڵ دەگەڕێن بۆ ئەوەی ئەوانەی لەدەرەوە هاتوون لەعەفرین نیشتەجێ بکرێن، خیزانە کوردەکان کە لە سێ کەس کەمترن بەزۆر لەماڵەکانیان دەردەکرێن. هاووڵاتیە کوردەکان بۆ ئەوەی لەسەر خاک و زێدی خۆیان بژین باج دەدەن. سوپای نشتیمانی سوریا لە عەفرین ماڵ بەماڵ دەگەڕێن و داوا لەهاووڵاتیە کوردەکان دەکەن کە تاپۆی موڵک و خانووەکانیان پیشان بدەن و ئەوانەی بەڵگە و تاپۆیان نەبێت، بەزۆر لەماڵەکانیان دەردەکرێن و ئاوارە دەبن. بەزۆر ئاوارەیان دەکەن و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا دەگرن وەک عەفرین لە سەرێکانیش کە بەئۆپەڕاسیۆنی ‹کانی ئاشتی› لەتشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا هێرش کرایەسەری و هاووڵاتیە کوردەکان بەناچاری شارەکەیان بەجێهێشت، هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا دەگرن، بەو شێوەیە رێگا بەگەڕاندنەوەی هاووڵاتیان نادرێت، هێزە چەکدارەکان ماڵی کوردەکان دیاری دەکەن و مەدەنییەکان بەناچاری ئاوارە دەکەن، ئەوانەی دەشگەڕێنەوە جارێکی تر ناچاریان دەکەن کەکۆچبەر ببن. کەلوپەلی ناو خانووەکان دزراون و لەشارەکانی تر دەفرۆشرێن، گروپی سوڵتان موراد ئەو کەلوپەلانەی کەدەیاندزن لەکۆگایەکدا کۆیان دەکەنەوەو دواتر بەخاوەنەکانیان دەفرۆشنەوە، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە پێشتر سیاسەتەکە داڕێژراوە. هێزەکانی هەمزە بەزۆر دەست بەسەر ماڵی کوردەکاندا دەگرن و دواتریش ماڵەکان دەکەنە بارەگای دەزگایەکی دەوڵەتی تورک یان دەکاتە ناوەندی فێرکردنی قوڕئان، کردنەوەی ئەو ناوەندانە لەلایەن پارێزگاری روحاوە ئامادەکراون، هێزە چەکدارەکان ماڵی خەڵکی مەدەنی لەگوندی داوتیە بۆ ئامانجی سەربازیی بەکاردەهێنن، رێگا نادەن کەهاووڵاتیان بگەڕێنەوە بۆ گوندەکەیان. سوپای تورک لەمانگی نیسان و حوزەیراندا هەندێک ماڵی ئەو گوندەی سووتاند‌و هەندێکیشیانی بەمەبەستی سەربازیی بەکارهێناوە. هاووڵاتیانی عەفرین و سەرێکانی بەشێوەیەکی سیستماتیک ماڵ و موڵکیان دەدزرێن و هاووڵاتیان کاتێک سەردانی بەرپرسە پلە باڵاکانی سوپای نیشتمانی سوریا دەکەن، لەجێگەی ئەوەی هاوکارییان بکرێت، ئەشکەنجە دەدرێن و دەڕفێنرێن و دوای رفاندنیش لەبەرانبەر پارە ئازادیان دەکەن. بەرپرسە تورکەکان لێپرسینەوەو ئەشکەنجە بەکاردەهێنن بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو کەسانەی کە لەعەفرین و سەرێکانی لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە دەستگیردەکرێن و دواتر سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت و ئەشکەنجەدەدرێن بەبیانووی ئەوەی پەیوەندییان بەبەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریاوە هەیەو بەرپرسانی تورکیا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکەن. ئەو کەسانەی لەعەفرین دەستگیردەکرێن لەزیندانە ناوەندیەکانی عەفرین یان لەباڵەخانەی خوێندنگایەکی عەفرین کەوەک بارەگای پۆلیسی سەربازیی سوپای نیشتمانی سوریا بەکاردەهێنرێت لەزیندانەکانی ژێر زەویدا رادەگیرێن. چارەنووسی هەندێک کەسیش نادیارەو زانیاری بەخێزانەکانیان نادرێت. هەروەها هاووڵاتیانی بەنەژاد کورد‌و هاووڵاتیانی تر بەهۆی نەتەوەو ئایینەکەیانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و چەندین رۆژ ئەشکەنجە دەدرێن و برسی و تیبوو لەزیندانەکاندا دەهێڵرێنەوە. دوو ژن کە لەتشرینی دووەمی ٢٠١٩ دەستگیرکرابوون لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە لەسەرێکانی کاتێک لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرا هێزەکانی سوپای نشتیمانی سوریا هەڕەشەی دەستدرێژییان لێکردبوو. ئایینی ئیسلام بەزۆر بەسەر ژنانی ئێزدی‌دا دەسەپێنرێت لەسەرێکانی ژنان و زۆر کەس لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە دەستگیرکران و بەبیانووی پەیوەندییان بەتیرۆرەوە لەلایەن بەرپرسانی تورک لەهەرێمەکەوە بۆ تورکیا گواستراونەتەوەو چارەنووسیان نادیارە. ژنانی ئێزدی لەسەرێکانی و عەفرین لەلایەن سوپای نشتیمانی سوریاوە دەستگیرکراون و لەژێر کۆنتڕۆڵی بەرپرسانی تورک‌دا ئایینی ئیسلام بەسەریاندا سەپێنراوە، لەناوەڕاستی کانونی دووەمی ٢٠١٩و تەمموزی ٢٠٢٠دا لەسەرێکانی و عەفرین (٤٩) ژنی ئێزدی لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە دەستگیرکراون. دەستدرێژیکردن بۆ سەر ژن و پیاوان بەپێی راپۆرتەکە داهاتووی ژنانی کورد لەعەفرین و سەرێکانی لەمەترسیدایە، بەهۆی مەترسی هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا کە سەر بەتورکیان ژنان دەترسن لەماڵەوە بێنە دەرەوە، ژنان و منداڵە کچەکان لەلایەن هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریاوە دەستگیردەکرێن و دەستدرێژی دەکرێتە سەریان. لەزیندانەکانی عەفرین توندوتیژی لەبەرانبەر ژن و پیاوەکان ئەنجامدەدرێت، هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا پیاوێکیان ناچار کردووە کەدەستدرێژی بکاتە سەر منداڵێک و بەکۆمەڵ دەستدرێژی کراوەتە سەر منداڵان. لەمانگێکدا دەستدرێژی کراوەتەسەر (٣٠) ژن لەمانگی شوباتدا دەستدرێژی کرایەسەر (٣٠) ژن، هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا لەئەنجامی هەڵکوتانەسەر ماڵان‌دا دەستدرێژییان کردەسەر ژنان، ئەوانەی ئەو کارەش دەکەن سزا نادرێن. گروپی سوڵتان موراد ژنانی کورد دەڕفێنێت و بەناچاری وایان لێدەکات کەهاوسەرگیری بکەن. لەمانگی کانوونی دووەمدا ئەندامێکی ئەو گروپە ژنێکی رفاند و بەزۆر هاوسەرگیری لەگەڵ کرد، دوای مانگێکیش لێی جیابووەوە. میراتی کەلتوری لەناودەبرێت لەو هەرێمانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی تورکیا‌و میلیشیاکانیدایە میراتی کەلتوری لەناودەبرێت، هێزەکانی سوپای نیشتمانی سوریا لەعەفرین زۆر شوێنەواری کۆن و کەلتوری و ئایینیان لەناوبردووە، لەهەرێمی قەستەل ژیندۆ، قبار، جندرێس، شارام و زۆر گۆڕستانی کۆن و گۆڕی ئێزدییەکان دزراون و تاڵانکراون. هەموو پێشێلکاریەکان و تاوانەکانی شەڕ لەعەفرین و سەرێکانی بەئاشکرایی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤەو تورکیا بەرپرسیاری تاوانەکەیە. هێزەکانی تورکیا ئاگاداری دزینی موڵکی مەدەنییەکان و رووداوەکانن، دەستگیرکردن و ئەشکەنجەکردنی خەڵکی مەدەنی لەژێر کۆنتڕۆڵی بەرپرسانی تورک ئەنجامدەدرێت و بەرپرسانی تورک رێگرییان لێناکەن. کۆمسیۆنەکە ئاماژەی بەوەشکرد ئەوانەی لەسوریا دەستگیرکراون، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن بەشێوەیەکی نائاسایی بۆ تورکیا رەوانە دەکرێن کەئەوەش لەچوارچێوەی تاوانەکانی جەنگدا دەبینرێت. لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە «ئەم دۆخە پیشانی دەدات کەئەو تاوانانەی جەنگ کەئەو گروپانە ئەنجامیانداوە هەریەکە لەسوپای نشتیمانی سوریا‌و هێزەکانی تورکیا بەهاوبەشی ئەنجامیدەدەن».
ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود هەزاران سنەوبەری باڵابەرز لەمبەرو ئەوبەری شەقامێکی سەرەکیی دەروازەی سلێمانیدا چوون بەناخی ئاسماندا، دارەکان بەڕەنگە سەوزە تۆخەکانیان پێشوازی لەو گەشتیارانە دەکەن کە بۆ دیتنی شارەکە لەدووەرەو هاتوون. ئەو دارانە تەمەنیان زیاتر لەنیو سەدەیە، یەکەم شوێنن کەچاوی گەشتیاری دوورەڕێ بۆخۆیان رادەکێشن، هەر لەو سنەوبەرانە تێدەپەڕیت وردە وردە نزیک دەبیتەوە لەسەنتەری شار، لەوێش هەتا چاو بڕدەکات تێکەڵەیەکە لەسەوزایی و باڵەخانەی بەرز. ئەو باڵەخانانە کە لەم ساڵانەی دواییدا وەکو پرۆژەی بازرگانی و نیشتەجێبوون دروستکراون زۆرجار لەشوێنە سەوزاییەکانی شارەکەدا دروستکراون و بەبێ ئەوەی شوێنی تر لەجێگەیان سەوز بکرێت، دواترین هەوڵیش سوتاندنی هەزاران سنەوبەری دەروازەی شارەکەیە کەشوێنێکی دڵگیربوون بۆ گەشتیاران، جگە لەسودەکانی پاککردنەوەی هەوای شارەکە. لەچەندڕۆژی رابردوودا ئەو گەشتیارانەی کە لەدوورەڕێوە دەهاتن، یەکەم جار چاویان دەکەوتەسەر دیمەنی ئەو دوکەڵە رەشانەی کە لەناو دارسنەوبەری سەر شەقامەکەوە دەچوون بەناخی ئاسمانی شارەکەدا. سنەوبەرەکان بەمەبەستی کردنی بەپرۆژەی بارزگانی دەسووتێنرێن، ئەوەش نیگەرانی بەرفراوانی خەڵکی لێکەوتەوە، زۆرێک لەبەرپرسە دەستڕۆیشتووەکان لەگەڵ خەڵکیدا نیگەرانی دەردەبڕن بەبێ ئەوەی هەنگاو بۆ راگرتنی بنێن. کۆمەڵێک لەچالاکوانان سکاڵایان تۆمارکردووەو داواکاری گشتیش چاودێریی دۆخەکە دەکات. بەشێک لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم سکاڵایان دژی سوتاندنی دار سنۆبەرەکان کردووە، لیژنەیەک پێکهاتووە بۆ دەستگیرکردنی بکەرانیان، دوای ئەوەی عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، په‌رله‌مانتاری گۆڕان ئاشکرایکرد، ئه‌و به‌رپرسانه ده‌یانه‌وێت شەوانە بەدزییەوە سنەوبەرەکان بسوتێنن، پاشان نزیکەی (١٢٠) دۆنمە بیکەن بەپێشانگای ئۆتۆمبیل و (١٠٠) ملیۆن دۆلار قازانج بکەن و پلانەکەش ئەوەیە لەڕێگای شارەوانی سلێمانیەوە رێگەپێدانی بۆ وەربگرن. سەرۆکی شارەوانی سلێمانی رۆژی شەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا نەیشاردەوە ئەو زەویانەی کەدەکەونە سەر رێگای سەرەکی (راپەڕین _ تاسڵوجە) لەلایەن سەرۆکایەتی شارەوانییەوە نەخشەی سێکتەری بۆ کراوەو مۆڵەتی ئاسایی بۆ کاری بازرگانی یان وەبەرهێنان دەدرێت. بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تیایدا ئاماژەی بەوەکرد پێشتر چەندین جار هەوڵدراوە ئەم ناوچەیە بکرێت بەپڕۆژە، بەڵام وەزارەت لاری نەبوونی نەداوە بۆ ئەوەی بکرێت بەپرۆژەی بازرگانی. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان هەندێک بەرپرسی دەستڕۆیشتوو دەنگیان خستۆتەپاڵ دەنگی خەڵکەکە، بەڵام هەندێک لەهاووڵاتیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییان بەو بەرپرسانەی وت پڕۆژەکە بەئەوان نەدراوە، بۆیە دژی وەستاونەتەوە. حکومەت کەسی لەسەر ئەوە دەستگیرنەکردووە و هیچ هەڵوێستێکی فەرمیشی نیە، ئەمەش ئەو گەمانەی لای خەڵکی تۆختر کردووەتەوە کە رەزامەندی حکومەت و بەرپرسانی شارەکەی بۆ وەرگیرابێت. هاوڵاتی لە رێگەی واتس ئەپەوە پەیوەندی کرد بە هەڤاڵ ئەبوبەکر پاریزگاری سلیمانی کەئەوکات لەتورکیا بوو بۆ بەشداری لە کۆڕبەندی ئابوری عێراقی تورکی، بەڵام لەگەڵ ئەوەی نامەکانیشی بینی وەڵامی نەدایەوە. پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەڵێت سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکە سکاڵایان کردووە، بەڵام بۆیان روون نەبووەتەوە کێیە. هێمن کەمەرخان، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بەهاوڵاتی وت «ئێمە ئەوەی لەئەستۆماندایە وەک بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان کەسی سەرپێچیکار دەستگیر دەکەین و رووبەڕووی دادگای دەکەینەوە، بەڵام تاکو ئێستا بۆمان دەرنەکەوتووە بەچ هۆکارێک سوتاندویانە». داواکاری گشتی چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکە بۆئەوەی لەسەر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە رێوشوێن بگرێتەبەر، ئەوەش بەوتەی بەرپرسێکی داواکاری گشتی. بەشدار مەجید ئەندامی داواکاری گشتی و بەرپرسی راگەیاندن بە هاوڵاتی راگەیاند «هەتا ئەنجامی ئەو لیژنانە نەبێت ئێمە نازانین چی بڵێین ئەگەر ئیسپات بێت هەرکەسێک بە ئەنقەست، بەغەیری ئەنقەست یان هەر مەرامێک دژی بەرژەوەندی گشتی بێت». بڕیارە دوای ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان داواکاری گشتی راپۆرتێک بەرزبکاتەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوەی ناوچەی زیان بەرکەوتوو بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان. بەشدار مەجید وتی «بەڵام ئەو قسانەی تائێستا وتراوە کەگوایە دەستێکی لەپشتە بۆ کردنی بەپرۆژەی بازرگانی، بەڵام هەتا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوەو هەر کەسێک و لایەنێک بێت وەک داواکاری گشتی هەڵوێستی یاسایی توندمان دەبێت». وتیشی»هەتا ئێستا بەفەرمی هیچ سەرەداوێک نیە تاداواکاری گشتی رێکاری یاسایی بگرێتە بەر و دەبێت لێکۆڵینەوە بکرێت کە ئەکەو کەسە نیەتی هەبووە یان دەستێکی لەپشتە، دەبێت بەبەڵگە بسەلمێندرێت، ئێمە پشتگیری ئەوە دەکەین ناوچەی سەوزایی زیادبکرێت، نەک بسوتێندرێت». زیاتر لەنیو سەدە بەسەر چاندنی ئەم سنۆبەرانەدا تێپەڕیوە کەزیاتر لە (١٠٠) دۆنمە، بەڵام لەئێستادا بەشێکی زۆریان سوتاون و هەتا ئێستاش کەس دەستگیرنەکراوە لەسەری. هاووڵاتیان لەچەندڕۆژی رابردوودا دیمەنی ئەو دوکەڵانەیان تۆمارکردبوو کە لەسەر شەقامی سەرەکی سلێمانی - تاسڵوجە بەرزدەبووەوە، ئەو دارانە کەتەمەنیان زیاتر لەنیو سەدەیە دیمەنێکی جوانیان بەشارەکە داوە، دیمەنەکان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەستیان کردووە، هەندێ ئەوەیان بەبیر دەهێنایەوە کەچۆن دوو هەفتە لەوەوپێش لەنیوەشەوێکدا ئاگر لەسەر شاخی گۆیژە بەرز دەبووەوە، ئەو شاخەی کەدەڕوانێت بەسەر سلێمانیدا. هەندرێن شێخ راغب، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەلێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی وتی «سووتانی دارستانەکان زیانی بۆ ژینگە هەیەو تەندروستی مرۆڤ دەکەوێتە مەترسییەوە». وتیشی «لەبەرئەوەی شارەکانمان بوونەتە گەراجێکی گەورەو ئۆتۆمبێل زۆرەو گازی ژەهراوی تێکەڵاوی هەوای شارەکان دەبێت، لەبەرئەوە پێویستیمان بەپارک و رێژەی سەوزایی دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم هەوا پیسە هەڵمژن و ئۆکسجینی پاکمان بدەنێ، لەناوبردنی دارستانەکان وادەکات هاوسەنگی ژینگە تێکبچێت، ئەمەش بەبیابان بوون روودەدات ئەو خاکەی سەوزایی نەبێت». هەروەها وتی «ئێمە بەردەوام هەڵوێستمان هەبووە، نەک تەنها لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداردەکەینەوە، بەڵکو دەستەیەکی چاودێرین و بیروبۆچوونمان دەکەینە نوسراو‌و دەیدەینە دەزگا پەیوەندیدارەکان و چاو‌دێر دەبین تاکۆتایی، لەڕووی یاساییەوە تۆمەتباران رووبەڕووی دادگا دەبنەوە». لەیاسا کارپێکراوەکاندا سوتاندنی دار‌و دارستان وەکو تاوان تەماشا دەکرێت، چونکە زیانیان بۆ بەرژەوەندی گشتیی هەیە.
ھاوڵاتی عێراق هیواخوازە ریفۆرم ئەنجامبدات و ئابورییە رووخاوەکەی ببووژێنێتەوە، بەڵام بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە بەهۆی ئەو شەپۆلی تووندوتیژییەی دەخرێتە پاڵ گروپە گوماناوییەکانی سەر بەئێران، لەسەر رێڕەوی خۆی لادەبرێت. سەرەکوەزیران مستەفا کازمی کە لەئایاردا دەسەڵاتی گرتەدەست، بەڵێنیدا کۆنتڕۆڵی میلیشیا دوژمنکاره‌کان بکات، دژی گەندەڵی بوەستێتەوە و ده‌ستبکات به‌دووباره رێکخستنه‌وه‌ی داموده‌زگاکان، که‌ده‌مێکه چاوه‌ڕێده‌کرێت. شرۆڤەکاران و بەرپرسە باڵاکانی عێراق وتیان حکومەت هه‌رچەند نزیکترببێتەوە لە ئامانجەکانی، هه‌رچی زیاتر ئه‌و چەکدارانه‌ی گومانی پەیوەندییان لەگەڵ ئێران لێده‌کرێت، هێرشدەکەن. بەرپرسێکی باڵای حکومەت وتی «هه‌ر جارێک ئەو گروپانە ده‌مانبینن لەبەرژەوەندییە سەربازی و ئابورییەکانمان نزیکدەبینەوە، هەوڵدەدەن هێرشی موشەکی و هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ ساردکردنەوەمان ئەنجامبدەن.» رۆژی سێشەممە 15ی ئەیلول، ناوچەی سەوز لەبەغدا بەدوو مووشەکی جۆری کاتیۆشا کرایە ئامانج، بەڵام مووشەکەکان هەر لەئاسمان بە سیستمی سیرام کرانە ئامانج و رووداوەکە هیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە. شانەی راگەیاندنی ئەمنی لەعێراق وتی کاتژمێر یەکی بەرەبەیان ئەو دوو مووشەکە لە ناوچەی عەلی ساڵح لە بەغداوە ئاراستەی ناوچەی سەوز کران. هەفتەیەک پێشووتر لەو بەروارەو بەدیاریکراوی لە رۆژی 8ی ئەیلول، بۆمبێک کاروانێکی کردە ئامانج کە بە ئاڕاستەی بنکەیەکی عێراقی دەڕۆیشتن کەسەربازانی ئەمریکی لێ نیشتەجێن و بووە هۆی کوژرانی ئەندامێکی هێزەکانی عێراق. هەروەها لە 3ی ئەیلول، هێرشێک بنکەکانی کۆمپانیای G4Sی ئەمنیی بەریتانی-ئەمریکی لەبەغدا کردە ئامانج. ئەفسەرێکی هەواڵگری وتی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان تەقەمەنییەکی فڕێداوەتە سەر بیناکە. هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکەی نەگرتە ئەستۆ، بەڵام گروپەکانی سەر بە ئێران G4Sیان تۆمەتبارکرد بەتێوەگلانی لەهێرشەکەی کانونی دووەمی ئەمریکا کە بووە هۆی کوشتنی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران قاسم سولەیمانی. چەند رۆژێک پێشتر، کارمەندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بریندارکرا کاتێک تەقەمەنییەکی دەستکرد بەیەکێک لە کاروانە مرۆییەکاندا تەقییەوە لەباکوری شاری موسڵ. میلیشیایه‌ک کەخۆی وەک بەشێک لە «بەرگری ئیسلامی» دەناسێنێت بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی گرتە ئەستۆو لەسەر ئینتەرنێت هەڕشەی بڵاوکردەوە. «بەرگری ئیسلامی» دەربڕینێکی گشتگیرە بۆ یەکەکانی سەر بەئێران. رووپۆشی دووکەڵی ژمارەیەک میلیشیا کە پێشتر دەرنەکەوتبوون هەڕەشەی لەم جۆرەیان ئەنجامداوە لەچەند مانگی رابردوودا لەژێر ناوی «بەرگری ئیسلامی»دا، بەڵام بەرپرسان دەڵێن ئەوانه تەنها رووپۆشی دووکەڵین. ئەفسەرێکی هەواڵگریی عێراق وتی «پێنج گروپ، کە پێکدێن لە کەتایب حزبوڵا، عەسایب ئەهل حەق و گروپی دیکە، لەپشت ئەو ناسەقامگیرییەی ئەمدواییەی وڵاتەکەوه‌ن.» کەتائیب حزبوڵای عێراق، میلیشیایەکی سەر بەئێران، ماوەیەک دوای کوشتنی قاسم سلێمانی چەندین هەڕەشەی بڵاوکردۆتەوە، یەکێک لەوانە لەدژی مستەفا کازمی بوو، کەئەوکات سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق بوو. لە (2ی ئازاری ئەمساڵدا) لەتوویتێکدا، لێپرسراوی ئەمنیی کەتائیب حزبوڵا، ئەبو عەلی عەسکەری، کازمیی تۆمەتبارکرد بە «بەشداریکردن لەکوشتنی فەرماندەی هێزی قودسی سەر بەسوپای پاسداران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس». ئەو گروپە تووندڕەوانە ئەندامی حەشدی شەعبین، که تۆڕێکی پشتیوانیکراون لەلایەن دەوڵەتەوە کەمیلیشیاکانی نزیک لە ئێران تێیدا باڵاده‌ستن. بەرپرسانی ئەمریکا پێشتر تۆمەتبارکردنی هاوشێوەیان ئەنجامداوه، کە کەتایب حزبوڵا و عەسایب ئەهلی حەقیان بەئەنجامدەری راستەقینەی هێرشە موشەکییەکان له‌قه‌ڵەمداوه بۆ سەر دامەزراوه‌کانی ئەمریکا لەعێراق. هەمان دوو گروپ کازمییان تۆمەتبارکرد بەپلاندانان دژی سولەیمانی کاتێک ناوبراو ئەفسەرێکی باڵای پێشووتری دەزگای هەواڵگری بوو، زۆر تووڕە بوون کاتێک بوو بەسەرەکوەزیران. شرۆڤەکاران و بەرپرسان وتیان ئەو گروپانه لە بەڵێنەکەی کازمی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو گروپانە وەک هەوڵێک تێگەیشتوون بۆ بەستنەوەی باڵەکانیان. سەرباری زیادبوونی هێرشە موشەکییەکان، گروپەکان لەڕێی دەزگاکانی راگەیاندنیانەوە فشارەکانیان زیاترکردووە. کەناڵە بێ ناو‌و نەناسراوەکانی سەر نەرمەکاڵای تەلەگرام ئاگادارکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە نیازی چەندین هێرش بۆسەر کاروانە سەربازییەکان هەیە پێش ئەوەی ئەنجامبدرێن، ئەمەش ئه‌و هه‌سته ده‌به‌خشێت که پارێزبه‌ندییان هه‌یه‌و بەئازادانە دەسووڕێنەوە. هەمان گروپ ئەو تەلەڤیزیۆنە عێراقیانەیان کردۆتە ئەمانج کە رەخنە لەئێران دەگرن. دیجلە تیڤی دوو هەفتەی رابردوو ئاگری تێبەردرا دوای ئەوەی کەناڵەکانی تەلەگرام رووی دەمیان ئاراسته‌ی ئه‌و که‌ناڵه کرد‌و شەپۆلێکی نوێی هەڕەشەکانیش تەلەڤزیۆنی ی‌و تیڤییان کرده ئامانج، کە سوننەکان خاوەندارێتی دەکەن. هەڵمەتەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حکومەتی ئەمریکا دەستیگرت بەسەر دۆمەینی وێبسایتەکانی (ئیتیجاه)دا، که تەلەڤزیۆنێکی عێراقییه‌و سەر بە کەتایب حزبوڵایە. ‹کوژانه‌وه‌ی ئاگره‌کان› وتەبێژی کازمی ئەحمەد مولا وتی حکومەت خۆی لە رووبەڕووبوونەوەیه‌کی راستەوخۆ لاده‌دات لەگەڵ ئەو گروپانەدا. مولا وتی «لەجیاتی ئەوە، ئێمە چاومان لەوشککردنی سەرچاوە داراییەکانیانە لەڕێی بەئامانجکردنی ئەو دەروازە سنوورییانەوه« که بۆ قاچاخچێتییه‌کی پڕقازانج لەئێرانەوە بەکاردەهێنرێن. بەرپرسان دەیانزانی دەکرێت ئەمە مەترسیداربێت. کاتێک کازمی هەڵمەتی راوەستانەوەی دژی گەندەڵی راگەیاند لەسەر ئەو سنوورانەی عێراق کە کەلێنیان تێدایە، خۆیان بۆ هاتنەئارای خراپترین دۆخ ئامادەکرد. ئەفسەرێکی باڵا بەئاژانسی فرانس پرێسی وت «ئەوانه هەڕەشە لەکاربه‌ده‌ستان دەکەن، خێزانەکانیان دەترسێنن، خێڵەکان دەجوڵێنن و تەنانەت رەنگە کردەوەی تیرۆرکردنیش ئەنجامبدەن.» وەک چاوەڕواندەکرا، دوو چالاکوانی ناودار تەقەیانلێکراو کوژران، چەند هەفتەیەک دواتر له‌شاری بەسرەی باشور‌و تووندوتیژی خێڵەکیش لەباکوری بەغدا هەڵگیرسا. بەرپرسێکی دیکەی عێراق، دەربارەی هەوڵەکانی بەغدا بۆ ئەنجامدانی ریفۆرم لەدەوڵەتداو بوژاندنەوەی ئابورییەکەی کە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناو دابەزینی نرخی نەوتەوە زیانی بەرکەوتووە، وتی «ئێمە بەبەردەوامی ئاگر لەخۆمان دووردەخەینەوە، بۆیە ناتوانین بەتەواوی تەرکیز بخەینه‌سەر ستراتیجێکی گەورەتر.» بەرپرسێکی دیکەش وتی وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەلاوی، نەیتوانی سەرکەوتووبێت لەپێشکەشکردنی پلانێکی ریفۆرمی ئابوری به‌پەرلەمان لەدوا وادەیدا له 24ی ئاب، بەهۆی پشێوییەکەی ئەمدواییەوه. هەفتەی رابردوو، کازمی ئەنجومەنێکی دژەگەندەڵی پێکهێناو دەسەڵاتی دا بەسەربازانی نوخبه‌ی ئاژانسی دژەتیرۆر بۆ دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانەی لەئاستێکی زۆر باڵادان و ناتوانرێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. هێزەکەی چەند ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکنینیان لە بەسرەو بەغدا ئەنجامدا بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی نایاسایی، بەڵام ژماره‌یه‌کی که‌م دەرکەوتن. شارەزایه‌کی بواری ئەمنی له‌عێراق، فازڵ ئەبو رەغیف وتی دۆخەکە «مەترسیدارە». وتیشی «پێویستە کازمی دیالۆگێکی راستەقینە ده‌ستپێبکات لەگەڵ سەرکردە رۆحییەکانی ئەو گروپانە تا رێنه‌دات بەپێکدادان.»
سازدانی: نازەنین گۆران ئەگەر یەک پەرلەمانتاری تر بچنە پاڵ ئەو گروپە (22) کەسیەی واژۆیان کۆکردۆتەوە بۆ لێپرسینەوە لەسەرۆکی حکومەت، ئەوا بەبەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان مەسرور بارزانی بۆ پرساندن لەلایەن پەرلەمانەوە بانگدەکرێت، بەڵام تائێستا هیچ پەرلەمانتارێک لەگروپەکەی تر ئامادە نیە سەرەڕای ئەوەی رەخنەش لەحکومەت دەگرن. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، یاداشتی واژۆکردن بۆ لێپرسینەوە لەسەرۆکی حکومەت یەک لەسەر پێنچی واژۆی پەرلەمانتارانی دەوێت واتا (23) واژۆ، بەڵام تەنها (22) کەس واژۆیان کۆکردۆتەوەو بۆیان نابێت بە (23) سێ. ئەبوبەکر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەکگرتوو لەسەر ئەو پرسە دەڵێت سەرەتا ژمارەی ئەوانەی ئامادەبوون واژۆ بکەن بۆ لێپرسینەوە لەسەرۆکی حکومەت زیاتر بوون لەژمارەی پیویستی یاسایی، بەڵام بۆ دووەمجار کەواژۆکە کۆکرایەوە بوو بە (22) واژۆ. ئەبوبەکر هەڵەدنی: لەم چاوپیکەوتنەیدا لەگەڵ ھاوڵاتی، جەخت لەوەدەکاتەوە هەوڵەکانیان هەر بەردەوام دەبن بۆ کۆکردنەوەی واژۆی زیاتر. ھاوڵاتی: گرفتەکانی بەردەم هاتنی سەرۆک حکومەت بۆ پەرلەمان چین؟ ئێـوە وەک پەرلەمانتارانی یەکگرتوو هیچ کێشەیەکتان نیە لەگەڵ بانگهیشتی سەرۆک حکومەت بۆ پەرلەمان؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی: نەخێر ئێمە هەر پێنچمان واژۆمان کردووەوهیچ گرفتێکمان نیە، حەوت پەرلەمانتاری فراکسێونی کۆمەڵی ئیسلامی، چوار پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ، سێ پەرلەمانتاری سەربەخۆ، ئەوانەی لەنەوەی نوێ جیابوونەوە، پەرلەمانتارێکی حزبی شیوعی، دوو پەرلەمانتاری بزۆتنەوەی گۆڕانیش، هیچ گرفتێکمان نیەو واژۆمان کردوە. ھاوڵاتی: بەشێک لەپەرلەمانتارانی یەکێتی لەمیدیاو سۆشیال میدیا وەک ئۆپۆزسیۆن قسەدەکەن، تەنانەت پەرلەمانتاریان هەبووە دەڵێت حکومەت شکستی هێناوە، لەکاتێکدا خۆشیان لەحکومەتن پێتوایە ئەم قسانە بۆچی دەکرێت و ئێوە چۆن دەیبینن؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی: بەڕای من ئەوە ئاراستە دروستەکەیە، ئەگەر ئێمە هەر (111) پەرلەمانتارەکە، حزبەکانمان لەحکومەتدا بن، لەبنەڕەتدا ئەوە کاری راستەقینەی پەرلەمانتارە و دەبێت پەرلەمانتار ئۆپۆزسیۆنی حکومەت بێت، نەک پەرلەمانتار پاساو بۆ سیاسەتەکانی حکومەت بکات، دەبێت هەموومان چاودێریی حکومەت بکەین، بۆیە پشتگیری ئەو جۆرە لێدوانانە دەکەین. بۆ نموونە ئێمە لەخولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان، حزبەکەمان لەحکومەت بوو وەک یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، یەکەم فراکسیۆن خۆمان واژۆمان کۆکردەوە بانگهێشتی وەزیرمان کرد، زۆرترین پرسیاری توند ئێمە لێمان کرد، کە لەسەر کەموکورتییەکانی وەزارەتەکەی بوو. ھاوڵاتی: لەکۆی دوانزە پەرلەمانتاری گۆڕان (10) پەرلەمانتاری ئامادەنییە واژۆ بۆ هاتنی سەرۆک حکومەت بکات، سەردەمانێکیش ئەوان ئێوەیان تۆمەتبار دەکرد بەخۆدزینەوە لەپرسی خەڵک، ئێستا ئێوە چۆن سەیری ئەوهەڵوێستەی ئەوان دەکەن کەئامادەنین ئیمزا بکەن بۆ هاتنی سەرۆک حکومەت و باسکردنی کێشەو گرفتەکان؟ من هیچ پەرلەمانتارێک تۆمەتبار ناکەم، ئازادن لەواژۆ کردن یان واژۆ نەکردن، بەڵام دەبێت خۆیان وەڵامی خەڵک و جەماوەر بدەنەوە، کە ئایا چی پاساوێکی ئەوەندە باوەڕپێکراویان هەیە، تاوەکو باوەڕ بەجەماوەر بهێنن کەئەو ئاراستەیەی ئەوان دروستە، بەڵام من خوازیار دەبووم، چونکە ئەمە نە کودەتایە لەحکومەت، نە هیچ کەسایەتییەک بەئامانچ گیراوە، بۆیە هیچ نابێت ئەگەر سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی و جێگرەکەی بێت و ئێمە کۆمەڵی پرسیاری خەڵکیان ئاراستە بکەین. دواتر ئێمە بۆچی هەر بزوتنەوەی گۆڕان تاوانبار بکەین، بۆ کۆتاکان تاوانبار نەکەین کە یانزە کورسی پەرلەمانتاریان هەیە، بۆ پەرلەمانتارانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، واژۆ ناکەن، بۆ ئاراستەی سێیەم واژۆ ناکات، بۆچی زوومی ئێمە لەسەر گۆڕان بێت؟ هەرچەندە بزوتنەوەی گۆران خۆی ئەم جۆرە گوتارە توندەی هەبووە لەڕابردوودا، سەقفی چاوەڕوانی خەڵکیان زۆر بەرزکردۆتەوە گۆڕان، خۆی مان و بەهێزبوونی گۆڕان، بەو روحە ئۆپۆزسیۆن بوونەیەتی کەهەیەتی، ئەگەر لەناو حکومەتیش بێت ئەوان بۆ ئیسڵاح و چاکسازیی رۆیشتون، بەشێکیش لەچاکسازیی ئەوەیە، کەداهاتی هەرێم شەفاف بێت، بابەتی لێبڕینی مووچەی خەڵکی کوردستان هۆکارەکەی بزانن. ھاوڵاتی: ئەگەر رێکەوت و سەرۆکی حکومەت بانگی پەرلەمان کرا پرسیارەکانی ئێوە چۆن دەبێت، ئێوە هیچ هێزێکی سیاسییتان هەیە بۆ لێپرسینەوە لەهەندێک بابەت؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی: بەڵێ ئێمە خۆمان ئامادەکردووە لەبابەتی مووچە و لەبابەتی داهاتەکانی هەریم بەبەڵگەو دیکۆمێنت دەیخەینەڕوو کە داهاتی هەرێم بەشی پێدانی مووچە دەکات، ئەگەر بێت و حکومەتی هەریمی کوردستان یاسای چاکسازیی جێبەجێ بکات و داهاتی خاڵە سنورییەکان، داهاتی گومرگ و داهاتی ناوخۆ بەشێوەیەکی باش کۆبکاتەوە، ئێمە پێمانوایە پێویست بەلێبڕین ناکات، بۆیە هەموو ئەوانەی پەیوەستە بەلێبڕینی مووچە لای ئێمە بەبەڵگەوە ئامادەیە. ھاوڵاتی: ماوەیەک پێش ئێستا پشتگیریی هێزێکی سیاسی نوێت کرد ئەو هێزە کێیە و چییە؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی: من مەبەستم ئەوەبوو، کە سیاسەت لەکوردستاندا بە بنبەست گەیشتووە، ئەسڵ ئەوەیە کەهەتا مرۆڤ هەبێت جوڵە و سیاسەت هەیە، ئێستا ئەم دۆخەی کەحکومەتی کوردستان پێی تێپەڕ دەبێت، دۆخێکی نەخوازراوە، بۆیە نابێت رەوڕەوەی مێژوو بوەستێت، بەدڵنیایی ئێستا گفتوگۆ‌و راوێژ هەیە کە لەنێوان چالاکوانان، نوخبەی رۆشنبیری سیاسی، دەستەبژێری سیاسی، رۆشنبیری، چالاکوانی مەدەنی، مامۆستای زانکۆ کە نابێ مێژوو لێرە بوەستێت، دەبێت جوڵەیەکی تر هەبێت، چەند میکانیزمێکیش هەیە کەنابێت لێرە بوەستین و تەماشاکەربین، هەندێک پیانوایە کە جەبهەیەکی بەرفراوانی ئیسڵاحی لەهێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات دروستبکرێت، جۆرەها میکانیزم هەیە بۆ خەبات و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەڵام هەموو ئەمانە لەقاڵبی گفتوگۆ‌و راوێژدان. ھاوڵاتی: هەندێک بیروڕای وایان لا دروست بووە کە تۆ بۆیە ئەوجۆرە لێدوانەت داوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەدەتەوێت بەهێمنی لەیەکگرتوو بڕۆیت و پاڵپشتی سیاسەتێکی تازە بکەی؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی: من پاڵپشتی بژاردەیەک دەکەم بۆ دەرچوون لەم دۆخە چەقبەستوەی کوردستان، من یەکگرتوم و پێشمخۆشە حزبەکەم ئەمە بکا، واتا وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆن، خۆی هەستێت بەدەستپێشخەری، بەسەر هێزە سیاسییەکانی کوردستان بگەڕێ، لەگەڵ رۆشنبیران و چالاکوانانی مەدەنی کۆببێتەوە، کەچۆن ئێمە لەم دۆخە چەقبەستوە دەربچین. ھاوڵاتی: واتا یەکگرتو لەسەر ئەو جۆرە لێدوانەی تۆ هیچ جۆرە کاردانەوەیەکیان نەبووە؟ ئەبوبەکر هەڵەدنی: نەخێر هیچ جۆرە کاردانەوەیەکیان نەبووە، بژاردەی سەرەکی من ئەوەیە کەحزبەکەم هەستێت بەم کارە.
ئارا ئیبراهیم حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌پێى ئه‌و داهاته‌ى مانگانه کۆیده‌کاته‌وه له‌گه‌ڵ (320) ملیار دینارى به‌غداو هاوکارى ئه‌مه‌ریکا بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دابه‌شده‌کات، جێگری سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایی له‌په‌رله‌مان ده‌ڵێت:» رێکه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غدا لێبڕینى موچه کۆتایى پێدێنێت». به‌پێى به‌دواداچوونه‌کانى ھاوڵاتی که له‌دوو به‌رپرسى ناو حکومه‌تى هه‌رێم ده‌ستى که‌وتووه، لێبڕینی له‌سه‌دا 21ى موچه تا ئه‌وکاته‌ى رێکه‌وتنى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و حکومه‌تى عێراقى فیدڕاڵ له‌بودجه‌ى 2020و دیاریکردنى ئیستحقاقى هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت. یه‌کێک له‌و به‌رپرسانه جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که‌بڕیارى کۆتایى له‌سه‌ر لێبڕینى له‌سه‌دا (21)ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران تاکۆتایى ئه‌مساڵ نه‌دراوه، به‌ڵام «حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌وه‌ى به‌فه‌رمى چه‌ند جار راگه‌یاندووه که به‌پێى ئه‌و داهاته‌ى مانگانه له‌نه‌وت و داهاتى ناوخۆ کۆده‌بێته‌وه له‌گه‌ڵ (320) ملیارى عێراق چه‌ند کۆببێته‌وه له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه موچه دابه‌شده‌کات». هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد، وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێم به‌رده‌وامه له‌دانوساندنه‌کانى له‌گه‌ڵ وه‌فدى عێراق بۆ رێکه‌وتن له‌سه‌ر بودجه‌و راده‌ستکردنى (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه له‌به‌رانبه‌ر ناردنى ئیستحقاقى حکومه‌تى هه‌رێم. حکومه‌تى هه‌رێمى کورستان مانگانه پێویستى به (755) ملیۆن دۆلارى مانگانه‌یه بۆ دابه‌شکردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان که به‌دینار ده‌کاته (906) ملیار دینارى مانگانه. وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى مانگانه بڕى (280) ملیار دینار له‌داهاتى نه‌وت له‌گه‌ڵ (20) ملیار دینار هاوکارى ئه‌مه‌ریکا بۆ هێزه‌کانى پێشمه‌رگه‌و (320) ملیار دینارى له‌عێراقه‌وه بۆ ده‌نێردرێت که‌ده‌کاته (620) ملیار دینار، به داهاته‌کانى ناوخۆى هه‌رێمیش پاره بۆ موچه ده‌گه‌یه‌نێته (710) ملیار دینار. حکومه‌تى هه‌رێم موچه‌ى مانگه‌کانى شوبات و ئازارى 2020 بەلێبڕینى له‌سه‌دا (21)ى موچه‌و بۆ پله باڵاکان له‌سه‌دا (50)ى موچه‌ى بڕیوه‌و تائێستا وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى راینه‌گه‌یاندووه که‌ى موچه‌ى مانگى نیسان دابه‌شده‌کرێت. دوێنێ وه‌زاره‌تى دارایى و ئابورى سه‌رجه‌م گه‌نجینه‌کانى ئاگادار کردووه‌ته‌وه که لێبرینى له‌سه‌دا (21)ى موچه له‌سه‌ر لیستى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران لاببه‌ن و ته‌نها له‌سه‌دا (79)ى موچه دیارى بکرێت. سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى ئاماژه به‌وه‌ده‌دات سه‌دان نووسراوو یاداشت له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه ئاراسته‌ى حکومه‌ت کراوه له‌سه‌ر به«نایاسایى» بوونى لێبرینى موچه، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێکیان نه‌بووه. زیاد جه‌بار، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى و سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت» حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌نایاسایى له‌سه‌دا (21)ى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕێت، سه‌دان نووسراو و یاداشت له‌ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه ئاراسته‌ى حکومه‌ت کراوه‌و هیچ وه‌ڵامێکیان نییه، ته‌نها کۆتا جار که‌وه‌زیرى دارایى هاتووه‌ته په‌رله‌مان پێى وتووین به‌پێى داهاتى به‌رده‌ستیان موچه دابه‌شده‌که‌ن». ده‌رباره‌ى ئه‌وه‌ى وه‌ک فراکسیۆنى یه‌کێتى گفتوگۆتان له‌گه‌ڵ وه‌زیرو به‌رپرسانى دیکه‌ى حکومه‌ت کردووه له‌سه‌ر راگرتنى لێبڕینى موچه، سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى ئه‌وه‌ى دووپاتکرده‌وه که به‌رده‌وام له‌سه‌ر خه‌تن له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حکومه‌ت و ئه‌وه‌یان پێ راگه‌یاندوون لێبڕینى موچه به‌بێ ئاگادارى په‌رله‌مان و له‌ده‌ره‌وه‌ى یاسا «بڕیارێکى نایاساییه«. له‌لایه‌کى دیکه‌وه جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت «رێکه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غدا لێبڕینى موچه کۆتایى پێدێنێت». هێڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى فراکسیۆنى پارتى و جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى له‌په‌رله‌مانى کوردستان له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌فرۆشى نه‌وت دواى ده‌رکردنى شایسته داراییه‌کانى کۆمپانیاکان و خه‌رجییه‌کانى، ئه‌و بڕه‌ى لێى ده‌مێنێته‌وه ته‌سلیمى وه‌زاره‌تى دارایى ده‌کات بۆ پێدانى موچه، له‌گه‌ڵ داهاتى ناوخۆ‌و پاره‌ى به‌غدا موچه‌ى پێ دابه‌شده‌کرێت». له‌باره‌ى لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌وه، هێڤیدار ئه‌حمه‌د وتى «حکومه‌تى هه‌رێم ته‌نها داهاتى ناوێت بۆ موچه، به‌ڵکو خه‌رجى ته‌ندروستى و په‌روه‌رده‌و رێگاوبانه‌کان و پڕۆژه‌ى هه‌یه، مانگانه بڕى (82) ملیار دینار بۆ کاره‌با خه‌رج ده‌کات و ته‌نها (40) ملیار دینارى بۆ دێته‌وه، ئه‌گه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم هه‌موو خه‌رجییه‌کانى دیکه رابگرێت ده‌توانێت موچه به‌بێ لێبڕین دابه‌ش بکات، به‌ڵام ناکرێت هه‌موو کاره‌کانى دیکه‌ى رابگرێت». جێگرى سه‌رۆکى لیژنه‌ى دارایى ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، وه‌فدى ته‌کنیکى حکومه‌تى هه‌رێم دوێنێ چوونه‌ته‌وه بۆ به‌غداو دواتر وه‌فدى سیاسیش ده‌چنه‌وه بۆ عێراق، وتیشى:» له‌سه‌دا سه‌د حکومه‌تى هه‌رێم و حکومه‌تى عێراق ده‌گه‌نه رێککه‌وتن، چونکه هه‌رێم ئاماده‌یه (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ته‌سلیمى عێراق بکات و به‌غدا خه‌رجى گواستنه‌وه‌ى له‌خۆ بگرێت و هه‌رێم شایسته‌ى دارایى کۆمپانیاکان بدات». هاوکات هێڤیدار ئه‌حمه‌د باسى له‌وه‌شکرد که‌پڕۆژه بودجه‌ى 2020 گه‌یشتووه‌تە په‌رله‌مانى عێراق که بۆ مانگى (11 و 12)ى ئه‌مساڵه‌و پشکى هه‌رێم دیارى ده‌کرێت، که‌هه‌رێمى کوردستان نیوه‌ى داهاتى گومرگه‌کان ته‌سلیمى به‌غدا ده‌کات و (250) هه‌زار به‌رمیل ده‌داته به‌غداو خۆى ده‌یفرۆشێت، عێراقیش ئیستحقاقى هه‌رێم دیارى ده‌کات و بڕیاره ئه‌و دوو مانگه ئیستحقاقى پێشمه‌رگه که‌مانگانه (68) ملیار دیناره بدرێته حکومه‌تى هه‌رێم. وتیشى «ئه‌م رێککه‌وتنه له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌بێته هۆى کۆتایى هێنان به‌لێبڕینى موچه‌و پاشه‌که‌وتکردنى موچه، به‌ڵام نابێت عێراق دواى ده‌رکردنى بودجه‌ى سیادى و حاکیمه پشکى هه‌رێم دیارى بکات». وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ده‌ڵێت هه‌ر کاتێک داهاتى هه‌رێم زیادبکات کورتهێنان کۆتایى پێدێت. دانا عه‌بدولکه‌ریم، وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و نیشته‌جێکردنى حکومه‌تى هه‌رێم له‌لێدوانێکدا به‌ھاوڵاتی وت «هه‌رکات داهاته‌کان زیاد بکات کورتهێنانى موچه کۆتایى پێدێت». هه‌روها وه‌زیرى ئاوه‌دانکردنه‌وه وتیشى «بۆ دابه‌شکردنى موچه‌ى مانگى نیسان هێشتا ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کۆنه‌بووه‌ته‌وه‌و بریار له‌ناو کۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌درێت». 24ى ئابى 2020 مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له‌چاوپێکه‌وتنێکى له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ده‌زگاى راگه‌یاندن رایگه‌یاند «لێبڕینى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌هۆى ئه‌و دۆخه ئابورییه‌وه‌یه که‌دواى هاتنى ڤایرۆسى کۆرۆنا جیهان و ناوچه‌که‌ى ئێمه‌شى گرتووه‌ته‌وه‌و کاریگه‌رى له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ى داهاته‌کان کردووه«. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که لێیان دیار نییه لێبڕینى موچه چ کاتێک کۆتایى پێدێت، وتیشى «هه‌ر کات دۆخى دارایى و ئابورى هه‌رێم باش ببێت و داهاته‌کان زیادبکه‌ن موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران به‌ته‌واوه‌تى دابه‌شده‌که‌ین، به‌ڵام ناتوانین کاتى بۆ دیارى بکه‌ین». راوێژکارێکى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق جه‌خت له‌وه‌ده‌کاته‌وه حکومه‌تى هه‌رێم داهاتى (250) هه‌زار به‌رمیل و نیوه‌ى داهاتى گومرگه‌کان ته‌سلیم ده‌کات. ئه‌مین به‌کر، راوێژکارى محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ ھاوڵاتی ئاماژه‌ى به‌وه‌کرد، پڕۆژه‌ى بودجه‌ى 2020 بۆ مانگى (11 و 12)ى ئه‌مساڵ گه‌یشتووه‌ته په‌رله‌مان، بۆ دانپیادانان و رازى بوون له‌وه‌ى که له‌ڕابرددودا یه‌ک له‌سه‌ر 12ى بودجه خه‌رج کراوه، وتیشى:» پشکى هه‌رێمى کوردستان وه‌ک پێشتر تێیدا نووسراوه له راده‌ستکردنى (250) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت و راده‌ستکردنى نیوه‌ى داهاته‌کانى ده‌روازه سنورییه‌کان». ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه حکومه‌تى هه‌رێم تائێستا پێداگره له‌وه‌ى ته‌نها داهاتى (250) هه‌زار به‌رمیل و نیوه‌ى داهاتى ده‌روازه‌کان به‌ژماره‌یه‌ک به‌به‌غدا بڵێت و دواى ئه‌وه عێراق ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ى که‌وه‌ک داهاتى ئه‌و (250) هه‌زاره‌و نیوه‌ى داهاتى ده‌روازه‌کان ده‌ربکات و ته‌سلیمى حکومه‌تى هه‌رێمى بکات.
هاوڵاتى فه‌رمانده‌ى گشتى هێزه‌کانى سوریاى دیموکرات(هه‌سه‌ده)، هه‌واڵى دورخستنه‌وه‌ى دو حیزب له گفتوگۆکانى لایه‌نه‌کانى رۆژئاڤاى کوردستان له‌پێناو یه‌کڕیزی، ره‌تده‌کاته‌وه‌و ده‌شڵێت: گفتوگۆکان به‌رده‌وامن. مه‌زڵوم کۆبانی، ئه‌مڕۆ یه‌کشه‌ممه 20ى ئه‌یلول، له تویتێکدا رایگه‌یاند:" ده‌ستپێشخه‌رییه‌که‌مان له‌پێناو یه‌کڕیزى کورد له‌سه‌ر بنه‌ماى نیشتیمانى به‌رده‌وامه، ئامانجمان به‌شداریپێکردنى پێ به‌پێى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کانه له‌و پڕۆسه‌یه‌دا". هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که حزبه‌کانى وه‌ک "پێشڤه‌ڕۆ" و یه‌کێتی(ئه‌لوه‌حده) دورنه‌خراونه‌ته‌وه، زانیارییه‌کان له‌جێى خۆیاندا نین.